Draw Media

بودجه‌یه‌ك له‌ سێبه‌ردا بۆ هه‌ڵاتنی خۆری سیاسی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان

بودجه‌یه‌ك له‌ سێبه‌ردا بۆ هه‌ڵاتنی خۆری سیاسی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان

2018-05-12 08:27:27


راپۆرتی: نیاز عه‌بدوڵڵا

بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ چه‌نده‌ كه‌ له‌هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ر حیزبێكی سیاسی خه‌رجی ده‌كات؟ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ به‌ئاسانی وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ست ناكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نازاندرێت تێچووی گشتی خه‌رجییه‌ داراییه‌كانی پڕوپاگه‌نده‌كانی "به‌ڵێ" له‌ رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چه‌ند بوو.
له‌كۆی 6994 كاندیدی عێراق 677 كاندید له‌ 3 پارێزگای هه‌رێمی كوردستان (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك) له‌نێوان 25 لیست و هاوپه‌یمانێتی كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی 46 كورسی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن. به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌لیسته‌كان بڕی تێچوونی دارایی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 و هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوویان ئاشكرانه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و پاره‌یه‌یه‌‌ له‌ سێبه‌ردا ماوه‌ته‌وه‌ و دواتر مه‌ترسییه‌كانی له‌ململانێی نێوان حیزبه‌كان باس كراوه‌ته‌وه‌.
 
به‌پێی بڕگه‌كانی 5 و 6 له‌ مادده‌ی 13ی  یاسای ژماره‌ 17ی ساڵی 1993ی حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، حیزب بۆی هه‌یه‌ "پیتاك و به‌خشیش و یارمه‌تی ناوخۆیی" و "قبوڵكردنی ماڵوموڵكی عه‌ینی و كاش له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ ئاگاداری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران" وه‌ربگرێت. تائێستاش رێنمایی یاسایی له‌لا‌یه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ مادده‌ی‌ 14ی هه‌مان یاسا جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ئاگاداری خۆی له‌وه‌رگرتنی هاوكارییه‌ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كان رانه‌گه‌یاندووه‌.
ئومێد قه‌ره‌داخی نووسه‌رو مامۆستای ئابووری له‌زانكۆی سلێمانی پێیوایه‌ له‌گه‌ڵ ناشه‌فافی سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان "بوونی یاسایه‌ك كه‌ رێگا به‌وه‌رگرتنی سه‌رچاوه‌ی دارایی ده‌ره‌كی بدات یه‌كێكه‌ له‌هه‌ڵه‌ سیاسییه‌ كوشنده‌كان له‌ناو ژیانی سیاسی كوردی". ئه‌و له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و جۆره‌ له‌سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ده‌بێته‌ هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی پڕ له‌مه‌ترسی به‌سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی و ده‌ستتێوه‌ردانی زیاتر له‌ژیانی سیاسی هه‌رێم، چونكه‌ واده‌كات پێگه‌ی ئه‌و حیزبه‌ بكه‌وێته‌ ژێركاریگه‌ری ئه‌و لایه‌نه‌ی پاره‌كه‌ ده‌به‌خشێت، به‌مه‌ش ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی دروست بكه‌ن، بۆیه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وام مه‌ترسییه‌كانی ده‌ستی ده‌ره‌كی باس ده‌كرێت و به‌ڵگه‌كانیش به‌ شاراوه‌یی ده‌مێننه‌وه‌".
سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "296ملیار دیناری عێراقی ته‌رخانكراوه‌ بۆ تێچووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوینه‌ران و تائه‌م قۆناغه‌ به‌رده‌وامین له‌خه‌رجییه‌كان و كورتهێنانمان نییه‌". به‌پێی قسه‌كانی سه‌عید كاكه‌یی، هه‌رێمی كوردستان له‌نێو ئه‌و بودجه‌یه‌دا وه‌ك كۆی پارێزگاكانی عێراق ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی بۆ ده‌سته‌به‌ركراوه‌.
پاش تێپه‌ڕبوونی 21ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یاسای حیزبه‌كانی هه‌رێم ئینجا یاسای ژماره‌ 5ی ساڵی 2014ی پێدانی بودجه‌ی حیزبه‌كان له‌هه‌رێم ده‌رچوو، دوای تێپه‌ڕبوونی 4ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونیشی یاساكه‌ نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و له‌كۆی 25ساڵی یاسای حیزبه‌كانیش ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و رێژه‌یه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه‌ كه‌ حیزبه‌كان له‌بودجه‌ی گشتی وه‌ریانگرتووه‌. 

نیشتیمان كه‌مال ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و كاندید له‌هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی دادپه‌روه‌ری به‌ (دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق خه‌رجییه‌ فه‌رمییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردن راگه‌یاندووه‌ به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم‌ به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌ گشتییه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی دارایی، له‌ڕێگای چه‌ند حیزبێكه‌وه‌ ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ده‌خاته‌وه‌‌ خزمه‌ت بانگه‌شه‌ی لیسته‌كان و "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی به‌ئاشكراو ناشه‌فافیش له‌ده‌ست هه‌ندێك حیزب هه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر جۆری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كان ده‌بێت‌، بۆنموونه‌ ئێمه‌ نه‌مانتوانی وه‌ك پێویست پۆسته‌ر بڵاوبكه‌ینه‌وه‌و رێكلام بكه‌ین له‌كه‌ناڵه‌كان، به‌ڵام‌ قۆرخكاری دارایی له‌لایه‌ن چه‌ند حیزبێكه‌وه‌ كه‌ تیایاندایه‌ 7كه‌ناڵی ئاسمانی هه‌یه‌‌ به‌فراوانی بانگه‌شه‌ ده‌كات، ئێمه‌ش له‌وكاتانه‌ وه‌ك پێویست ده‌نگمان نه‌گاته‌ ده‌نگده‌ر له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی عێراق، كه‌واته‌ ده‌رفه‌تی ململانێی سیاسی دادپه‌روه‌ریش نابێت".
به‌پێی قسه‌كانی دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، به‌ته‌نیا پاره‌ی راسته‌و‌خۆ بۆبانگه‌شه‌ به‌كارنه‌هاتووه‌ به‌ڵكو له‌ئه‌گه‌ری ده‌نگنه‌دانیاندا هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی مووچه‌ "نان بڕین" له‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كراوه‌، بۆیه‌ له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كانی بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی له‌ بازیان وتی "ئه‌ڵێن هه‌ر كه‌س ده‌نگمان نه‌داتێ نان بڕوای ده‌كه‌ین، ده‌بێ به‌مۆبایل ره‌سمی ده‌نگه‌كانتان بگرن، ئه‌گه‌ر واش نه‌كه‌ن قه‌مه‌ر سناعی پێمان ده‌ڵێ كێ ده‌نگی داوه‌ به‌كێ، به‌ڕاستی عه‌یبه‌ ده‌چنه‌ گژ پیشمه‌رگه‌یه‌كی ئاسایی له‌به‌رئه‌وه‌ی پشتیوانی هاوپه‌یمانییه"‌. 

قسه‌كانی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئارام سه‌عید بۆ (دره‌و میدیا) ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كاندیده‌كانی جوڵانه‌وه‌كه‌یان رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی مووچه‌كانیان بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و نموونه‌ی به‌دكتۆر كازم فاروق هێنایه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی هیوا پزیشكه‌و وتی "كه‌ زانییان بووه‌ته‌‌ كاندیدمان بریارێكیان ده‌ركرد وتیان مووچه‌كه‌ی ده‌بڕین، دوایی بریارێكی تریان له‌هه‌مان رێككه‌وتی بریاری یه‌كه‌م ده‌ركردو وتیان مووچه‌ی یه‌ك رۆژی ده‌بڕین". ئارام سه‌عید وتیشی "به‌هه‌ندێك له‌ده‌نگده‌ره‌ تایبه‌ته‌كانیان وتووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگ بده‌ن به‌نه‌وی نوێ سزا ده‌درێن و مووچه‌كانتان ده‌بڕدرێت و ده‌رده‌كرێن".

ئاژانسی ئه‌مریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ رێبه‌ری "رۆڵی پاره‌ له‌ گه‌مه‌ی سیاسیدا" له‌ 4 خاڵدا مه‌ترسییه‌كانی سه‌رچاوه‌كانی دارایی له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان خستۆته‌ڕوو:
"یه‌كه‌م: دهر‌فه‌تی نایه‌كسان، ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌ی زۆر له‌سیاسه‌ت ده‌بێته‌هۆی پێشینه‌ی نه‌گونجاو له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی هه‌ندێكی ترو لایه‌نی ململانێ به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه‌.
دووه‌م: گه‌یشتنی نایه‌كسان و هاوسه‌نگ به‌پۆست و پێگه‌كان، مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دا خۆی ده‌بنێته‌وه‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی هه‌ژارن و خاوه‌ن پاره‌نین ناتوانن خۆیان بپاڵێون بۆ پۆستێك و بتوانن به‌ده‌ستی بهێنن.
سێیه‌م: دیاركردنی كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان، مه‌ترسی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سیاسه‌تمه‌داره‌كان له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانی به‌خشینی داراییه‌وه‌.
چواره‌م: سیاسه‌تی گه‌نده‌ڵ، مه‌ترسی بڵاوه‌كردنی پاره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ناو دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و به‌كارهێنانی به‌ناوی حوكمی یاسا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان".

هه‌ڵۆ حه‌سه‌ن جێگری پێشووی مه‌ڵبه‌ندی 6ی سۆرانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و كاندیدی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی كه‌ له‌سه‌ری ده‌وتران گوایه‌ "له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كێتی‌ ئۆتۆمبێل و پاسه‌وانه‌كانی یه‌كێتی راده‌ست كردۆته‌وه‌و مووچه‌ی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ی بڕاوه‌" به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "مووچه‌كه‌ی منیان رانه‌گرتووه‌و له‌م رۆژانه‌ وه‌رمگرتووه‌، به‌ڵام ده‌یانوت به‌پاره‌و ‌سه‌یاره‌و مه‌سئولییه‌تی یه‌كێتی ده‌تانه‌وێ یه‌كێتی بڕوخێنن، بۆیه‌ سه‌یاره‌كه‌م ته‌سلیمی ماڵی كاك كۆسره‌ت كرده‌وه‌و وتم سه‌یاره‌كه‌م ناوێت و مه‌سئولییه‌ته‌كه‌و‌ حیمایه‌كانیشم ته‌سلیمكردنه‌وه‌". سه‌باره‌ت به‌ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ی موڵكوماڵی یه‌كێتی به‌ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی، هه‌ڵۆ حه‌سه‌ن وتی "له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ختی خۆی په‌‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تیم له‌گه‌ڵ كاك كۆسره‌ت هه‌بووهو ئه‌و مه‌سئولی یه‌كه‌می حیزبه‌كه‌یه، به‌ڵام هێشتا براده‌ران له‌سه‌ركردایه‌تی موحاوه‌له‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ده‌بێت بێیته‌وه‌و ده‌ست له‌كاربكیشه‌وه‌و چیتر له‌ڕیزی هاوپه‌یمانی مه‌مێنه".
 
رۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017 رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌هه‌رێمی كوردستان كراو له‌سه‌ر خه‌رجی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان بانگهێشت و داوه‌ت به‌مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌كردن بۆ "به‌ڵێ" ئه‌نجامدرا، به‌ڵام ئه‌و خه‌رجیانه‌ی له‌ده‌ستی حكومه‌ته‌وه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ستی حیزب به‌ نادیاری ماونه‌ته‌وه‌.
شێروان زرار وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بودجه‌ی فه‌رمی به‌كارخراو بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی رێوشوێنی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كۆمسیۆن به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن خودی سه‌رۆكی هه‌رێم دابینكرا و بریتی بوو‌ له‌ 20 ملیۆن دۆلار و وترا له‌ رێگای كۆمپانیاكانه‌وه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ گۆڕدرایه‌وه‌ بۆ دیناری عێراقی و كۆمسیۆن خۆی سه‌رپه‌رشتی خه‌رجییه‌كه‌ی كرد‌، له‌ژێرچاودێری دارایی ئه‌و پارانه‌ خه‌رجكراوهو به‌شێكی پاره‌كه‌ش كه‌ نزیكه‌ی ملیارێك دیناربوو گه‌ڕێندرایه‌وه‌ شوێنی خۆی".
به‌پێی زانیارییه‌كانی شێروان زرار "به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان بوون له‌كه‌ركوك تائیستا پاره‌ی گرێبه‌سته‌كانیان بۆ خه‌رجنه‌كراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌وله‌ویانی هه‌ندێك له‌وان له‌ رووداوه‌كانی ئه‌وێ سوو‌تێندراوه‌، پێویسته‌ ئه‌وان به‌پێی گرێبه‌سته‌كانیان بڕه‌ پاره‌كه‌یان وه‌ربگرن".

سالار مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان پێشتر به‌ رایۆ نه‌وای راگه‌یاندبوو "ده‌بێ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕێژه‌ی ئه‌و پاره‌ زۆره‌و سه‌رچاوه‌كانی بكرێت كه‌ له‌ماوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم خه‌رج كراوه‌، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه‌ ناڵاندوویانه‌و حكومه‌تیش نیومووچه‌ی پێنه‌داون، بۆیه‌ پێویسته‌ كۆی خه‌رجییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی درایی بخرێنه‌ ژێر چاودێری و لێكۆڵینه‌وه‌".


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand