وردەكاری هێرشكردنە سەر رابون مەعروف لە هەولێر
2018-05-07 21:22:16
راپۆرتی: نیاز عەبدوڵڵا
ئێوارەی رۆژی 7ی ئایار بۆ دووەم جار لە ماوەی 9 رۆژدا هێرشكرایە سەر دوو سەرۆك لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی ئەو جوڵانەوەیەش رایدەگەیەنێت بە فەرمانی بنەماڵەی بارزانی ئەو هێرشانە دەكرێن و یەكێتی لە دوای هێرشەكە هاوكاری رابوون مەعروف بووە.
رۆژی 7ی ئایار لە شاری هەولێر هێرشكرایە سەر رابوون مەعروف سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولیر و بە سەختی برینداركرا، لەبارەی هێرشكردنە سەری لە رێگای ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند "گرووپێك چەتە و چەقۆكێش كە زیاتر لە ١٠ سەیارە دەبوون بە چەكی جۆراوجۆرەوە لە بەردەم گووندی ئینگلیزی لە ھەولێر و بە بەرچاوی سێكیوریتی گوندی ئینگلیزی پێشیان پێگرتین و ھێرشیان كردە سەرمان".
سەبارەت بە ناسنامەی هێرشبەرەكان وتوویەتی "من بە روون و راشكاوی، تا ناسنامەی ھێرشبەران ئاشكرا دەكرێت، پارتی بە بەرپرسی ئەو رووداوە دەزانم".
كاوە عەبدولقادر یەكێك لە كاندیدەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر كە لە دوای قۆناغی هێرشكردنە سەر سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تا تەواوكردنی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە لەگەڵیدا بووە، بە (درەو میدیا)ی وت "لە پێش زێرەڤانییەكانی ئەوێ هێرشی كراوەتەسەر، دیارە زانیارییان هەبووە كە لەو كاتە دێتە دەرەوە و خەڵكیان بۆ چاودێری هەبووە، زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل كە لەوێ وەستاون بە هەموویان هێرشیان كردۆتە سەر ئەو و ئامانج كە شوفێر بووە لەگەڵ رابوون و لە ناو ئۆتۆمبێلەكە ئەوانیان بە زۆر داگرتووە و پاشان ئەو هێرشەیان بۆسەریان ئەنجامداوە".
كاوە عەبدولقادر روونكردنەوەی لەبارەی ئەو وێنانەی رابوون دا كە لەناو بانگەشەكارانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی یەكێتی بڵاوبۆتەوه، وتی "ئەوان بۆ چوونە نەخۆشخانە رۆیشتوون، بەڵام لەبەرئەوەی شوفێرەكە كاك ئامانج ئەویش بریندار بووە و دۆخی خراپ بووە و سەیارەكەشیان زیانی زۆری پێگەیشتووه، لە پێش پاركی شانەدەر وەستاون، دیارە لەوكاتە هەڵمەتی بانگەشەی یەكێتی هەبووه ئەوانیش هەڵیانگرتووه و بردوویانە بۆ نەخۆشحانە و یارمەتیانداوە".
جوڵانەوەی نەوەی نوێ: قافڵەی بانگەشەكەی یەكێتی هاوكاری رابون مەعروفیانكردووەو ئەوانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە
9 رۆژ لەمەوبەر لە ناو بازاڕی شاری زاخۆ لە 29ی نیسان هێرشكرایە سەر دكتۆر كامەران بەرواری سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای دهۆك كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجام دەدا. دكتۆر كامەران بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وتووە "40 بۆ 50 كەس بە دار و بەرد هێرشیان كردە سەرم، ئەو كەسانە بە بەرچاوی پۆلیس و ئاسایشی زاخۆ هێرشەكەیان كرد بەڵام ئەو هێزانە هیچ كاردانەوەیەكیان نەبوو بۆیە هێزە ئەمنییەكان بە بەرپرسیار دەزانم لەم دەستدریژییە".
ئارام سەعید بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە دووەم هێرشی سەر سەرۆك لیستەكانیان بە (درەو میدیا)ی وت "پارتی تۆقیوە و ترساون لەوەی دەسەڵاتەكەیان لەرزیوە بۆیە ئەم رێگا تاوانكاریانە دەگرنەبەر".
پەیوەندیدار بە هاوكاریكردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ سەرۆك لیستەكەیان لە هەولێر وتی "دوای ئەوەی هێرشكرایە سەر كاك رابوون و كاك ئامانج كە هاوكات خزمی خۆیەتی، دواتر شوێنیان كەوتوون بەڵام قافڵەیەكی بانگەشەی یەكێتی لەوێ بووە و ئەو برادەرانە هاوكارییان كردوون ئەوانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە و هەموو چارەسەرێكی پزیشكی بۆ كراوه ئێستا سەلامەتە" و "لەبەرئەوەی ئەم هێرشانە هێرشی ناڕەوان و هێرشی پیاوی ترسنۆكە، ئەگەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئازان با بێن بە بەڵگە وەڵامی قسەكانی ئێمە بدەنەوە نەك بەو شێوەیە رەفتار بكەن، بۆیە هەوڵدەدەن دۆسیەكە ون بكەن و وەك تاوانەكانی تریان ئەو دۆسیانە لە تارمایی بهێڵنەوە".
له ههمان رۆژی ئهنجامدانی هێرشهكهدا دهستهی سهربهخۆی مافی مرۆڤ ئیدانهی هێرشكردنی سهر رابوون مهعروف-ی كرد و رایگهیاند " ئێمه له كاتێكدا ئیدانهی ئهو هێرش كردنهی سهر ناوبراو دهكهین و به دیاردهیهكی نامۆ و مهترسیدار و ناشارستانی له قهڵهم دهدهین دژ به ئازادی و دیموكراسییهو پێچهوانهی ئاكار و بنهما یاسایی و كۆمهڵایهتییهكانه". له بهیاننامهكهیاندا دهستهی سهربهخۆی مافی مرۆڤ داوایان له دهزگا ئهمنییهكان كردووه تاوانباران بدۆزنهوه و رادهستی دادگایان بكهن.