خواستی پێکهێنانی هێزی چەكدار لای گۆڕان تۆختر دەبێتەوە
2018-05-13 20:42:48
( درەو میدیا)
لەبەرامبەر پەلامارەكەی فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی بۆسەر گردی زەرگەتە، خواستی پێکهێنانی هێزی 90ی گۆڕان زیاتربووە، كە ( عەدنان عوسمان لە ساڵی 2015 بیرۆكەی پێکهێنانی ئەو هێزەی خستەروو)، دوای ئەوەی شەوی 12ی ئایار جەعفەر شێخ مستەفا بە هێزێكەوە پەلاماری گردی زەرگەتەیدا، لەلایەن هەڵسوڕاووفەرماندەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وەڵامدرایەوە و هێرشكرایە سەری و ئۆتۆمبیلەكەی چەند گولەیەكی بەركەوتووە، دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پاراستنی گردی زەرگەتە بانگەوازی كردو، پۆل پۆل لایەنگرانی بەچەكەوە بەرەو گردی زەرگەتە بەڕیكەوتن و ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریكردن لە گردی زەرگەتە دەربڕی.
ئێستا بەشێك لەو لایەنگرە چەكدارەکانی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ماونەتەوە و سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەن و دەوترێت ناونوسین دەستیپێكردووە بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانیان و چۆڵنەكردنی گردەکە، یەكێتی هەستی بەو جموجوڵەی گۆڕان كردووە، لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا دەوترێت چەند جارێك بەرپرسانی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە داوای گفتوگۆو دانیشتنیانكردووە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان سكاڵای لەسەر ئەو هێرشەی یەكێتی تۆماركردووە.
هەیكەلی بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێكە بەشێك لە فەرماندە باڵاكانی ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشێك لە پێشمەرگە دێرینەكانی شاخ هاتنە ریزی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆیە ئێستا ژمارەیەكی زۆری فەرماندەی سەربازیی و كارەكتەری سەربازی لەناو گۆڕاندان.
هەموو ئەو فشار و پەلامارانەی كە دەكرێنە سەر گردی زەرگەتە یاخود ئەو هەڕەشانەی لە بزوتنەوەکە و لایەنگرانیان دەكرێت، خواستی چەكداركردنی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر دەكات و مەیلی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو گۆڕاندا زیاتر دەكات، بەجۆرێك بەشێكی زۆری سەركردە و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە لەگەڵ دامەزراندنی هێزی چەكدارن هاوشێوەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80 ی پارتی، هێزی 90ی بزوتنەوەی گۆڕان دابمەزرێنرێت، چونكە ئەو فشارو هێرشانەی دەخرێنە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو فێڵ و ساختەكاریانەی دەكرێن بە هێزی چەكدار و پاڵپشتی هێزی چەكدار دەكرێن.
نەبونی هێزی چەكدار وایكردووە، دەستەوستانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاست ئەو ساختەكاری و فێڵانەی كە لێی دەكرێن، بە جۆرێك لە جۆرەكان لایەنگرانی گۆڕانی بێهیوا كردووە، بۆیە بەردەوام ئەم دۆخە و بێدەنگ نەبوونی فەرماندە سەربازیەكانی گۆڕان لەبەرامبەر هێرش و پەلاماری فەرماندە سەربازیەكانی هێزە باڵا دەستەكان، مەیلی پێکهێنانی هێزی چەكداری لەناو بزوتنەوەی گۆڕان زیادتر کردووە.