لە شەڕی كۆكردنەوەی دەنگەوە بۆ گەڕاندنەوەی دەنگەكان
2018-05-13 20:07:45
راپۆرتی: نیاز عەبدوڵڵا
سێ كاتژمێر دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وتی "بەخۆشحاڵیەوە، پرۆسەی ئازادانەی ھەڵبژاردن، بەبێ ھیچ چەشنە رووداوێكی نەخوازراو، كۆتایی ھات لەدوا ئەنجامدا، ئەزموونی دیموكراسی و گەلی كوردستانمان و ھەموو لایەنە سیاسیەكان سەركەوتین". بەڵام لە هەمان كاتژمێری راگەیەندراوەكەدا هەشت لایەنی سیاسی كە پێشتر لە دۆسیەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە ناتەبایی لە نێوانیاندا هەبوو ئەنجامەكەیان لە سلێمانی و كەركوك رەتكردەوە و "هاككردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن"یان لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی راگەیاند و "هێزێكی یەكێتی هێرشی چەكداری بۆسەر گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدا".
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هێرشی چەكداری حیزبەكەی و رەزامەندییان بكات لە ژماردنەوەی دەنگەكان بە رێگای دەست، ئەمڕۆ 13ی ئایار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "ھێرشی ناڕەوا بۆ سەر یەكێتی قبوڵ ناكەین و بێمەنەتیشین لە لێكۆڵینەوە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان". سەعدی پیرە پێی وابوو "ئەوە حەملەی راگەیاندنی دەزگایەكی سێبەری پارتییە لە دژی یەكێتی كە پارتی خۆی بەشداری هەڵبژاردنەكانی كەركوكی نەكردووە و هێزەكانیش كەوتوونەتە دوای پڕوپاگەندەی ئەو".
قسەكانی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دیدگای كۆمەڵی ئیسلامی وەك یەكێك لە هێزە ناڕازییەكان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و گومانەكانی گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە لایەن یەكیتییەوە نەگۆڕی، زانا رۆستایی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی لە پارێزگای هەولێر بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "ئێمە بە ئاشكرا هەست دەكەین یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە خراپترین بارودۆخی تەنزیمی نێوخۆییدایە ئەنجامی دەنگەكانی راستەقینەنین و هاوكاری كراوه بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێك، بۆیە دەیەوێت پارێزگاری لەو دەنگانە بكات بە هەر نرخێك بێت و ئامادەیی تێدا نییە وەك پارتی دیموكرات رایبگەیەنێت كە ئامادەیە ژماردنەكە بە دەست بكرێت".
لەگەڵ ئەوەشدا زانا رۆستایی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی بە "یەكلاكەرەوە" وەسف كرد و وتی "ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیار دەربكات و سوور بێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەكان، ئەوكات یەكێتی هیچ رێگایەكی لەبەردەم نامێنێت یان دەبێ ئەنجامەكانی ئەم سنوورە هەڵبووەشێندرێتەوە كە ئەوكات هەموو لا زەرە دەكەین یان دەبێ ژماردنی دەستی ئەنجامبدرێت".
تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجامەكانی پارێزگای سلێمانی ناڕازییە، بۆیە لە زاری وتەبێژ حیزبەكەی مەحمود مەحەمەد وتی "بە بەراوردكردنی دەنگی دەنگدەركەنمان، لە پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی دیكەی ئەو پارێزگایە، گومانی زۆرمان لە لا دروستبووە، كە بەشێوەیەكی رێكخراو دەستكاری دەنگی دەنگدەران كرابێت".
بۆیە مەحمود محەمەد ئامادەیی حیزبەكەی راگەیاند بەوەی وەك پارتی ئەو ئەنجامە راگەیەندراوەی پارێزگای سلێمانی قبوڵناكەن و داوادەكەن "پڕۆسەی ژماردن بە دەست ئەژماربكرێت و ئەگەر پڕۆسەی ژماردن بە دەست لە سەرتاسەری كوردستان ئەنجامبدرێ بە كارێكی باشی" دەزانن.
یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی، لە 12ی ئایار رایگەیاند "بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەنگەكانی هەژماركردووە و ئەنجامەكان پێچەوانە بوونەتەوە". لەبەرئەوە رۆژی 13ی ئایار لە بەیاننامەیەكی نویێدا جگە لە جەختكردنەوە لە ئەنجامدانی ساختەكاری و قبوڵنەكردنی ئەو ئەنجامانە لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی حیزبەكە رایگەیاند "لەسەرئاستی پارێزگاكانی هەرێم و پارێزگای كەركوك بە گشتی ئەنجامەكان رەتدەكەینەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەكە و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەین لەنزیكترین كاتدا".
لە نێو كۆی هەشت هێزە ناڕازییەكە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، حیزبی شیوعی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی) بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا حیزب بوو كە لە لایەن هێزێكی چەكداری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجامی هەڵوێستەكانی هێرشی چەكداری كرایە سەر مەكۆكەی و ماڵپەڕی سبەی و كەناڵی KNN.
محەمەد عەلی بەرپرسی ژووری تویژینەوەی سیاسی بزووتنەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "ئاراستەی تەقاندنی گولەكان بۆ ناو باڵەخانەی مەكۆ بە ئامانجی كوشتنی ئەو كەسانە بووە كە ئەو كات لەوێ بوونە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەكدارییە دوو كەسمان لە گردەكە بریندار بووە و زیانی ماددی زۆر كەوتۆتەوە".
پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان دڵشاد حوسێن سەبارەت بە فراوانی هەڕەشەكان بۆسەر بزووتنەوەكە لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكان بە (درەو میدیا)ی وت "لە دەربەندیخان هێزە چەكدارەكانی یەكێتی هاتبوونە پێش مەكۆ و تەقەیان بە ئاسماندا دەكرد و هەڕەشەیان دەكرد، تا هاووڵاتیانی گۆڕانخواز هاتن و پشتێنەی ئەمنیان دروست كرد، بەو جۆرە دەستدرێژییەكان وەستان، ئەم جۆرە رووداوە لەو شەوە لە هەڵەبجە و سەید سادق و چەند ناوچەیەكی تریش روویاندا".
لەبەرئەو رووداوانە، لە بەیاننامەكەی 13ی ئاریدا بزووتنەوەی گۆڕان وتی "شەوی رابردوو چەكدارەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەو چەكانەی كە دەبوو بەرگری لە كەركوكو ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان بكەن پەلاماری مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان-یان دا". هاوكات بزووتنەوەكە جگە لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان دەنگەكانی هەندەرانیشی رەتكردەوە و رایگەیاند لەگەڵ "كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری، یەكگرتوی ئیسلامی، حیزبی شیوعی كوردستانو بزوتنەوەی ئیسلامی رێكاری یاساییو هەوڵی سیاسی دەگرینەبەر".
جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێكی تر لەو هێزانە بوو كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی رەتكردەوە، لەو بارەیەوە كۆسرەت ئەحمەد كاندیدی تەڤگەری ئازادی لە جوڵانەوەكە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (درەو میدیا)ی وت "لە هەولێر هەمان ساختەكاری كراوە، بەڵام دیارە وەك هەمیشە پارتی بە هێمنی و ژێربەژێر كارەكانی ئەنجام دەدات، پێش هەڵبژاردن دەنگۆی هاككەری رووسی هەبوو لە هەولێر، سەردانی نێچیرڤان بارزانیش بۆ روسیا پێش هەڵبژاردن و لەم كاتی بانگەشەكان بێ بنەما نەبوو". كۆسرەت ئەحمەد وای دەبینێت "بەردەوام بوونی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان بەردەوامبوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدادی لێدەكەوێتەوه، ئەمەش قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوورییه، چونكە پەیوەندییە سیاسییەكان پەیوەندی شەخسین و لەسەر ئاستی دامەزراوەیی نین".
رۆژی 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەمان رۆژ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە هەڵبژاردنەكاندا لە سەرتاسەری عێراق 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام 10ملیۆن و 844هەزار و 989 كەس دەنگیان داوە كە كۆی گشتی بەشدارییەكە دەگاتە رێژەی 44.52% دەنگدەر".
پاش بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی هێزە سیاسییەكان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ئەو سندووقانەی كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە تاوەكو پشكنین بۆ سندوق و ئامێرەكان بكەن. وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقیش فەرمانێكی بۆ هێزە ئەمنییەكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان دەركرد بۆئەوەی "بێلایەن بن لە مامەڵەكردن لە دۆسیەی هەڵبژاردنەكان و ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن".
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەرباز محەمەد 13ی ئایار لە راگەیەنداوێكدا وتی "سێ لیژنە لە بەغدادەوە دێنە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم، بەمەبەستی پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوە لەو سكاڵایانەی كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تۆماركراون".
.