Draw Media

زانیاری ورد لەسەر ساتی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان

زانیاری ورد لەسەر ساتی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان

2018-05-09 08:52:28


به‌دواداچوون: نیاز عه‌بدوڵڵا

"یه‌كێك له‌ دكتۆره‌كان وتی براكه‌ی خۆت ده‌ناسیته‌وه‌؟ وتم به‌ڵێ، له‌ناو‌‌ هۆڵی مردووه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ نزیكه‌ی 150 پیاوی مردووی لێ بوو، كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ ئه‌و له‌ لای ده‌رگاكه‌ داندرابوو و هێنامانه‌ ده‌ره‌وه،‌ قاچ و ده‌سته‌كانی هه‌ر به‌سترابوونه‌وه‌‌ و خۆم كردیانمه‌وه‌". ‌سه‌ردار عوسمان برای چواره‌می سه‌رده‌شت كه‌ له‌ ته‌نیشت گڵكۆی براكه‌ی ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد ده‌نگی له‌ گه‌روویییه‌وه‌ نووسابوو و چاوه‌كانی پڕ له‌ فرمێسك بوون.

ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سی خانه‌واده‌كه‌یانه‌ ته‌رمی برای هه‌شته‌می بینیوه، سه‌ره‌ڕای ئاگاداركردنه‌وه‌ی زۆری له‌ مه‌ترسیداری رێگاكه‌ و ئه‌وبه‌ری شاری موسڵ كه‌ ئه‌وكات به‌ شوێنی چالاكی تیرۆریسته‌كان ناوبانگی هه‌بوو، به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی 6ی ئایاری 2010 به‌ ئۆتۆمبێلێكی ئه‌مبۆلانس له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كیان و شوفێره‌كه‌ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی پزیشكی داد رۆیشتن.

وه‌ك سه‌ردار به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئێواره‌ی 5ی ئایار له ژێرنووسێكی كوردستان تیڤی نووسرابوو، ئه‌وانه‌ی به‌شوێن كوڕه‌ رفێندراوه‌كه‌ی پێش كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ده‌گه‌ڕێن په‌یوه‌ندی به‌م ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ژماره‌یه‌كی كۆڕه‌ك تیلیكۆم بوو، ئێمه‌ له‌ رێگای هاوڕێكانی سه‌رده‌شت له‌و نووسراوه‌ بڵاوكراوه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندیم به‌و ژماره‌یه‌وه‌ كرد، كه‌سێكی كوردی زابت پۆلیس ده‌رچوو له‌ موسڵ تا هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ چه‌ند جارێك به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌مان كرد". ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیس‌ به‌ سه‌رداری وتبوو ته‌رمی سه‌رده‌شتی له‌ كاتژمێر 5:30ی ئێواره‌ له‌ گه‌ڕه‌كی وه‌حده‌‌‌ (حي الوحدة) به‌ ده‌ست و قاچ به‌ستراوی كه‌ كیسه‌یه‌كی ره‌شی خراوه‌ته‌‌ سه‌ر و گولله‌یه‌ك به‌ ده‌مییه‌وه‌ نراوه‌ و له‌سه‌رییه‌وه‌ ده‌رچووه‌، له‌سه‌ر پردی4ى موسڵ دۆزیوه‌ته‌وه‌ و داواى كردووه‌ بچن ته‌رمه‌كه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی دادوه‌ری موسڵ وه‌ربگرنه‌وه.

بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ برای چواره‌م و باوكی سه‌رده‌شت له‌گه‌ڵ هه‌شت خزم و دراوسێیه‌كیان ده‌ڕۆن بۆ موسڵ، له‌وێ له‌ رێگای په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانیان مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ موسڵ ئۆتۆمبێلی ئه‌مبۆلانسیان بۆ دابین ده‌كات تا بچن له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ته‌رمه‌كه‌ بهێننه‌وه‌، دواتر هه‌ر به‌و ئۆتۆمبێله‌ به‌ یاوه‌ره‌ی سه‌رداری برا و عوسمانی باوك تا به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌یان ته‌رمی سه‌رده‌شتی تیرۆركراو ده‌هێننه‌وه‌.

سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نووس و خوێندكاری قۆناغی چواره‌می به‌شی زمانی كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ته‌نیا دوای 8كاتژمێر و 20 خوله‌ك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر یادی‌ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، له‌پێش كۆلیژه‌كه‌ی له‌ 4ی ئایاری 2010 كاتژمێر 8:20ی به‌یانی له‌ كاتی چوونی بۆ خوێندن له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوی جلوبه‌رگ مه‌ده‌نی به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندا سپی 12 نه‌فه‌ری ژماره‌ كاتی به‌غداد رفێندرا و،‌ له‌ ئێواره‌ی دووه‌م رۆژی رفاندنه‌كه‌یدا هه‌واڵی بوونی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ شاری موسڵ‌ به‌ خێزانه‌كه‌ی راگه‌یه‌ندرا.

سه‌ردار وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یان بوو‌ ته‌رمه‌كه‌ی بینی، دوایین كه‌سیش بوو كه‌ ئه‌وی به‌ زیندوویی بینی، چونكه‌ ئه‌و رۆژی 4ی ئایار سه‌رده‌شت ده‌باته‌ زانكۆ و چه‌ند خوله‌كێك له‌ دوای جێهێشتنی ئه‌وێ رفاندنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌پێی قسه‌ی خوێندكاره‌ شایه‌تحاڵه‌كانی پێش كۆلیژی ئه‌ده‌بیات كه‌ سه‌رده‌شت له‌ سه‌یاره‌ی براكه‌ی داده‌به‌زێت "دوو پیاوی جل مه‌ده‌نی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌شت ده‌كه‌ونه‌ قسه، دیاره‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان بووه‌ بیخافڵێنن و نه‌چێته‌ ناو كۆلیژه‌كه‌ی تا سه‌ردار ده‌ڕوات، بۆیه‌ له‌ دوای رۆیشتنی چه‌ند كه‌سێكی تر له‌ناو سه‌یاره‌یه‌كی جۆری كیا-هۆندای سپی داده‌به‌زن و له‌گه‌ڵ دوو كه‌سه‌كه‌ به‌ زۆر و لێدان ده‌یخه‌نه‌ ناو سه‌یاره‌كه‌‌‌ و ده‌یڕفێنن". به‌شدار برای حه‌و‌ته‌می خێزانه‌كه‌ی به‌ گێڕانه‌وه‌ی رووداوی رفاندنه‌ بۆ (دره‌و میدیا) ده‌یویست ئه‌وه‌ش بگه‌یه‌نێت كه‌ به‌پێی شێوه‌ی رفاندنه‌كه‌ی، پێشتر چاودێری و ئاماده‌كاری ورد كراوه‌ بۆ رفاندن و كوشتنی براكه‌ی‌.

سه‌رده‌شت له‌‌ وتاری "یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێی دا" له‌باره‌ی ئه‌و رێكارانه‌ی گرتبوویه‌به‌ر بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ری، نووسیبووی "دوێنێ راگری كۆلیژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ شه‌وی رابردوو ئیهانه‌ و ته‌هدیدی كوشتنیان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه‌ كێشه‌ی پۆلیسه‌، دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌ عه‌مید عه‌بدولخالقی به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێركرد پێمی گووت له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ژماره‌ی مۆبایله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند جارێكی دیكه‌ش دووباره‌ بێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ولێر ئارامه‌ و شتی ئاوای لێ روونادات".

هه‌مان رۆژ دوای ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی به‌ رفاندنه‌كه‌ی ده‌زانن له‌ نزیكترین بنكه‌ی پۆلیسی نزیك كۆلیژه‌كه‌ی كه‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئازادییه‌ سكاڵای یاسایی تۆمارده‌كه‌ن و پۆلیس به‌ فه‌رمی له‌ رفاندنی كوڕه‌كه‌یان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌ڵام له‌ سێیه‌م رۆژی پاش‌ تۆماركردنی سكاڵاكه‌ له‌ 6ی ئایار و دوای هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ موسڵ، له‌ هه‌ولێر له‌نێو هاوار و شیوه‌ن و گریانی هاوڕێ و خوێندكاره‌كان و خزمه‌كانی، ته‌رمی سه‌رده‌شت عوسمان له‌ دواوه‌ی ئۆتۆمبێلێكی جۆری گازی سپی دوو ته‌نی داندرا و بۆ ماڵئاواییكردن برایه‌وه‌ ناو كۆلیژه‌كه‌ی و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ چیرۆكی رفاندنه‌كه‌ی لێیه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، دواتر به‌ره‌و گوندی گردعازه‌بان به‌ڕێكرا تا له‌وێ به‌خاك بسپێردرێت.

برا گه‌وره‌ی خانه‌واده‌كه‌ی سه‌رده‌شت‌، به‌كرعوسمان ناسراو به‌ ئارام عه‌لی كه‌ ته‌نیا ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یه‌ به‌هۆی نیشته‌جێبوونی له‌ وڵاتی سوید نه‌یتوانی دوایین ماڵئاوایی به‌ر له‌ به‌ خاكسپاردنی له‌ براكه‌ی بكات و هێشتا له‌گه‌ڵ ئازاری ساتی هه‌واڵی پێڕاگه‌یاندنی مه‌رگی براكه‌ی ده‌ژی، له‌باره‌ی راپۆرتی پزیشكی داده‌وری موسڵ و جیاوازی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ به‌ (دره‌و میدیا)ی وت " لەگەڵ هێنانەوەی تەرمی سەردەشت، هیچ راپۆرتێکی پزیشکی دادوه‌ری نەدرا، ئێمە پەیوەندیمان بەو نه‌خۆشخانه‌یه‌‌ کردەوە بۆ وەرگرتنی راپۆرته‌كه‌، دکتۆرێک وەڵامی دایەوە، وتی وەرن راپۆرتەکە ئامادەیە و بیبه‌ن". به‌ڵام خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت كاتێك ده‌چنه‌وه‌ هه‌مان نه‌خۆشخانه‌ پێیان راده‌گه‌یه‌نن "کە کەسی تر هاتووە و راپۆرتەکەی بردووە". ئه‌وان پرسیاری ئەو دکتۆرە ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌ به‌ڵام پێیان ده‌ڵێن "ئەو دکتۆرە لێرە نەماوە" دوای گه‌ڕان به‌دوای شوێن و كاری نوێی هیچ زانیارییه‌كیان ده‌ست ناكه‌وێت.

سه‌ركه‌وت عوسمان برای سێیه‌می سه‌رده‌شت به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "له‌ دوای هێنانه‌وه‌ی سه‌رده‌شت به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێر داوایكرد ته‌رمه‌كه‌ی ببه‌ینه‌ پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ره‌تكرده‌وه‌".

دوای تێپه‌ڕبوونی 4 هەفتە بەسه‌ر رووداوه‌كه‌ به‌ناوی پزیشكی دادوه‌ری موسڵ و به‌ رێككه‌وتی 4/5/2010 راپۆرتێك لە لایەن (لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان) بڵاوكرایه‌وه‌. ئارام عوسمان له‌ باره‌ی راستی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ وتی "ئاسایشی هەولێر لێدوانێکی تەمومژاویان دا و راپۆرتێکی پزیشیکیان بڵاوکردەوە، ئەو لێدوان و راپۆرتە راستی رووداوەکەی تیادا دەستکاری کرابوو بە سیناریۆیەکی ناڕاست رووداوه‌کەیان گێڕابووه‌وه‌، به‌شێكی پێچه‌وانه‌ی كاتی رووداوه‌كه‌یه‌ و راپۆرته‌كه‌ به‌ رێككه‌وتی 4ی ئایار رۆژی رفاندنه‌كه‌ی نووسراوه‌ له‌ كاتێكدا 5ی ئایار گه‌یه‌ندرابووه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌". ‌‌

ئه‌و سه‌رنجی زیاتری له‌سه‌ر ئاسه‌واره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێوه‌نانی فیشه‌كه‌كه‌ هه‌بوو ‌‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا به‌جۆرێكی تر نووسراوه،‌ بۆ نموونه‌ "سه‌رده‌شت فیشه‌ك به‌ ده‌مییه‌وه‌ نرابوو كه‌چی له‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌، له‌ كاتێكدا شوێنی پێوه‌نانی فیشه‌كه‌كه‌ بۆناو ده‌می ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌ و سه‌ركوتكاری نووسین و وتن و بۆئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ نووسیونی".

له‌ ژێر فشاری میدیا و چالاكوانانی مه‌ده‌نی و ناڕه‌زایی شه‌قام و خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان بریاری دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی دا به‌ ناوی (لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ كه‌ریم سنجاری، كه‌ ئه‌وكات ناوی لیژنه‌كه‌ به‌هۆی پێكهاته‌ی ئه‌ندامان و فه‌رامۆشكردنی رۆژنامه‌نووس، بوونی كه‌وته‌ به‌ر ره‌خنه‌‌ و لیژنه‌كه‌ش نه‌بووه‌ هۆی ده‌ستگیركردنی بكوژان.

رۆژی 15ی ئه‌یلولی 2010 ئاسایشی هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ ناونیشانی "ناسنامه‌ی بكوژانی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان ئاشكرا ده‌كات"  بڵاوكرده‌وه‌ به‌بێ هیچ ئاماژه‌كردنێك به‌ رفاندنه‌كه‌ی له‌نێو بازگه‌كانی ده‌زگای ئاسایش، تیایدا هاتبوو "پاش كۆكردنه‌وه‌ و تاوتوێكردن و شیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین زانیاری له‌ سه‌رچاوه‌ی جیاجیا له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌سێكی سه‌ر به‌ گرووپی ئه‌نسار ئه‌لئیسلام -انصار الاسلام به‌ ناوی هیشام مه‌حمود ئیسماعیل ته‌مه‌ن 28 ساڵ به‌ ره‌گه‌ز كورد، دانیشتووی شاری موسڵ پیشه‌ی فیته‌ره‌ له‌ پیشه‌سازی شارۆچكه‌ی بێجی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ شه‌هیدكردنی ناوبراو".

له‌ یه‌كه‌م رۆژی دادگاییكردنی تاوانباركراو له‌ لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێر، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی هیشام مه‌حمود برایه‌ به‌رده‌م دادوه‌ر عه‌بدولباست فه‌رهادی له‌ دادگای تاوانەکانی هه‌ولێر. به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌ بڵاوكراوه‌كانی رۆژنامه‌ی رووداو به‌هۆی هه‌بوونی هه‌ڵه‌ له‌ دۆسییه‌كه‌ به‌وه‌ی نووسرابوو "له‌ رۆژی 30/8/2010 ئیفاده‌ له‌ تۆمه‌تبار وه‌رگیراوه‌ به‌ڵام له‌ رۆژی 7/9/2010 ده‌ستگیركراوه‌" دادوه‌ر دانیشتنی دادگاییكردنی دۆسییه‌كه‌ی دواخست.

ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌ له‌ 14ی ئایاری 2013 بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "هیشام مه‌حمود ئه‌و كه‌سه‌ی تۆمه‌تباركرابوو به‌ كوشتنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان به‌هۆی نه‌بوونی شاهید و به‌ڵگه‌ له‌سه‌ری ئازادكراوه".

به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له‌ لایه‌ن خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان "به‌هۆی نووسینه‌كانی و ره‌خنه‌گرتن له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی دیموكرات و سیستهمی سیاسی" تیرۆركراوه‌، ئاماده‌ی هیچ یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كانی دادگاییكردنی هیشام نه‌بوون. بۆیه‌ عوسمان حه‌سه‌ن باوكی سه‌رده‌شت به‌ ماڵپه‌ڕی سبه‌ی وتبوو "هه‌ر كاتێك بكوژی راسته‌قینه‌ی كوڕه‌كه‌مان برایه‌ به‌رده‌م دادگا ئه‌و كات ئێمه‌ش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌بین".

سه‌رده‌شت له‌ 25/12/1987له‌ گه‌ڕه‌كی كرێكارانی شاری هه‌ولێر له‌‌ دایكبووه، خێزانه‌كه‌ی پێكهاتوون له‌ سێ خوشك‌ و ده‌ برا كه‌ ئه‌و هه‌شته‌مین له‌ دایكبووی كوڕیان بووه‌.

سه‌رده‌شت پێشتر له‌ وتاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كاندا ئاماژه‌ی به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌هۆی وتاره‌كانی "من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم" و "نه‌ سه‌رۆك خوایه‌ نه ‌كچه‌كه‌ی" لێی كراوه‌، وتاری یه‌كه‌می 348 وشه‌ بوو و وتاری دووه‌می 804 وشه بوو‌، به‌ڵام له‌ دوای تیرۆركردنی له‌ دوو به‌رگی كتێبدا به‌ناوی "سه‌رده‌شت عوسمان" له‌به‌رگی یه‌كه‌مدا 1049 لاپه‌ڕه‌ و له‌به‌رگی دووه‌مدا 866 لاپه‌ڕه له‌ دژی تیرۆركردن و له‌دژی بكوژانی و پاڵپشتیكردنی ئازادی نووسراوه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.‌

به‌ زمانی كوردی و زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان له‌ رێگای به‌دواداگه‌ڕانی گۆگڵه‌وه‌ چه‌ندین هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی نووسراوی له‌سه‌ر ده‌دۆزرێته‌وه‌.

به‌شدار‌ له‌گه‌ڵ برا تیرۆركراوه‌كه‌یدا ژوورێكی هاوبه‌شیان هه‌بووه‌ بۆ خوێندن و خه‌وتن له‌ ماڵه‌كه‌یاندا، ئه‌و تائێستاش ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی پاراستووه‌ كه‌ له‌ كاتی كوشتنی له‌ نێوگیرفانی دابوون و پێكهاتبوون له‌ وێنه‌یه‌كی خۆی و سێوه‌ی دایكی له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی زانكۆ و ته‌نیا 12هه‌زار دیناری عێراقی.

سێوه‌ حه‌مه‌ده‌مین كه‌ له‌ دوای تیرۆركردنی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ ته‌واوی بووه‌ته‌ دایكێكی ره‌شپۆش، زوو زوو فرمێسكی چاوه‌كانی ده‌سڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئومێدی به‌ دادگان نه‌مابێت ده‌ست بۆ ئاسمان به‌رزده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێ "حه‌قی سه‌رده‌شتم له‌و خودایه‌ ده‌وێ، ئیللا هاواری ئه‌و خودایه‌ ده‌كه‌م، نوخشه‌ی سه‌دامیان لێ بێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم".

سێوه‌ی دایك له‌سه‌ر گڵكۆی كوڕه‌كه‌ی سه‌باره‌ت هاوده‌نگی و هاوخه‌می خه‌ڵك له‌گه‌ڵیان به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ستبارییان گرتووه‌ له‌گه‌ل خه‌مه‌كانمان، ئه‌و كوڕه‌ زۆربێ گوناه بوو، ده‌چووه‌ مه‌كته‌ب و ده‌هاته‌وه". ئه‌و گێڕایه‌وه‌ رۆژێك له‌سه‌ر زۆر خوێندن گله‌یی له‌ كوڕه‌كه‌ی كردووه‌  پێی وتووه‌ "رۆژێك چاوی خۆت له‌سه‌ر ئه‌و كاغه‌زانه‌ داده‌نێی، ئه‌و وتی دایه‌ خوێندن ئه‌وهای ده‌وێ، زۆر مه‌راقی خوێندن بوو، له‌و رۆژه‌ی چووه‌ مه‌كته‌ب ساقیت نه‌بوو تا ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌وهایان لێكرد".

دوای تێپه‌ڕبوونی 8 ساڵ به‌سه‌ر كوشتنی كوڕه‌كه‌یان، خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وتاره‌كانی "من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم" و "نه‌ سه‌رۆك خوایه‌ نه‌ كچه‌كه‌ی" له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانی تری هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ رفاندن و تیرۆركردنی. بۆیه‌ به‌شدار وتی‌" ئێمە هەمان خواست و ویستی یەکەمین رۆژەکانی لەدەستدانی رۆڵەکەمان دووپات دەکەینەوە دەبێت بکوژان و نەخشەداڕێژەرانی تیرۆری سەردەشت ئاشکرا و دادگایی بکرێن چونكه‌ تیرۆری سه‌رده‌شت ته‌نیا له‌ كوشتنی فیزیكی و گوله‌ بۆ ناوده‌می كۆتایینه‌هات به‌ڵكو هه‌موو ئیمكانییه‌تێكی حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و دادگاكان خرانه‌ خزمه‌ت ونكردنی بكوژانی راسته‌قینه‌ له‌به‌رچاوی ئێمه‌ و كۆمه‌ڵگا".

له‌به‌رئه‌وه‌ "دوای 8 ساڵ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ لای ئێمه‌ و خه‌ڵكی كوردستان به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ و سه‌رده‌شت له‌وه‌ تێپه‌ڕیوه‌ به‌ته‌نیا كوڕی خانه‌واده‌یه‌ك بێت، ئه‌و ئێستا كوڕی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand