Draw Media

نێچیرڤان بارزانی نەوتی هەرێم دەباتە ناو ململانێی جیهانییەوە

نێچیرڤان بارزانی نەوتی هەرێم دەباتە ناو ململانێی جیهانییەوە

2018-05-09 18:36:42


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
بۆ جاری یەكەم روسیا بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بانگهێشتی مۆسكۆ كرد، ئەمە لە دیمەنە گەورەكەیدا نیشاندەری ئەوەیە هەولێر ئەمجارەیان ئاڕاستەی رێگەكەی بەرەو مۆسكۆ دەگۆڕێت.
نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەمڕۆ لە مۆسكۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا كۆبووەوە.
هەرچەندە بەپێی هەواڵی ئاژانسی (تاس)ی روسیا، كۆبونەوەكەی پۆتن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كورتخایەن بووە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە دیدارەكە لە میدیاكانی جیهان بایەخی پێدرا.
سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا زیاتر رەهەندێكی ئابوری هەبوو، بەتایبەتی ئەوەی كە ئەو لەسەر داوای بەڕێوەبەری كۆمپانیای (روسنەفت) لەلایەن نوسینگەی سەرۆكی روسیاوە بانگهێشتنامەی ئاڕاستە كرا بەمەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی یادی 73ساڵەی سەركەوتنی روسیا بەسەر ئەڵمانیای نازیدا.
سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێنەی دیدارە "كورتخایەن"ەكەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پۆتنی بڵاوكردەوە، بەڵام هیچ زانیارییەكی لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان ئاشكرانەكرد.
كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی لێدوانێكی سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی لەبارەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا بڵاوكردەوە، لە لێدوانەكەدا دزەیی دەڵێ: لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی باشكردنی پەیوەندییەكانی روسیا و هەرێمی كوردستان لەڕووی وزە و ئابوری و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد.
بەهۆی فشارەكانی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە ژمارەیەك لە كۆمپانیا خۆرئاواییەكان بەتایبەتی كۆمپانیا ئەمریكی و بەریتانییەكان ئاستی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان كەمكردەوە، لەبەرامبەردا كۆمپانیای روسنەفتی روسی هاتەناوەوە.


روسنەفت كۆمپانیایەكی نیشتیمانی بواری نەوتە لە روسیا، ئیگۆر سیچن سەرۆكایەتی كۆمپانیاكە دەكات كە كەسایەتییەكی نزیكە لە ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆكی روسیاوە.
ئەم كۆمپانیایە ساڵی رابردوو سەرباری ناڕەزایەتییەكانی حكومەتی ناوەندی عێراق ژمارەیەك گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە بواری كڕین و فرۆشتنی نەوت ئیمزا كرد و لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا پارەی پێشوەختی بە حكومەتی هەرێمدا.
ئێستا بەپێی گرێبەستێك كۆمپانیای روسنەفت خاوەندارێتی هێڵی گواستنەوەی سەرەكی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەكات.
حكومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت ئەو گرێبەستە رەزامەندی بەغدادی بۆ وەرنەگیراوە و بەشێوەیەكی نادەستوری كراوە، بەڵام بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز كە بەمدواییە بڵاویكردەوە، روسەكان گوێیان بە نیگەرانی حكومەتی ناوەندی عێراق نەداوە و گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە، لەمەشدا بەتەنیا ئامانجی ئابورییان نییە، بەڵكو دەیانەوێت دەستڕۆیشتویی روسیا لە ناوچەكە فراوان بكەن.
سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد" لەماوەیەكی نزیكدا كارەكانی كۆمپانیای روسنەفت لە كوردستان بەرفراوانتر دەبن".
رۆژی 24ی ئەم مانگە لە سان پترسبۆرگ لە روسیا كۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێم بەشداری لەو كۆڕبەندەدا دەكات.


پێدەچێت لەدوای ریفراندۆمەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەژمونی هەیە بەسەریدا بەتەواوەتی بێئومێد بوبێت لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە ئاڕاستەی سیاسەتەكانی بەرەو روسیا و ئێران دەڕوات.
بەمدواییە نێچیرڤان بارزانی كردنەوەی ناوچەیەكی بازرگانی ئازادی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران راگەیاند، بە چاودێری حكومەتی ناوەندی عێراق.
لە پرسی ریفراندۆمدا روسیا تاڕادەیەك خۆی پاراست لە دەربڕینی هیچ هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بە راشكاوی دژایەتی خۆیان بۆ جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق دەربڕی.
"بەپێی سەرچاوەكان هەر دوابەدوای ریفراندۆمەكە، كاربەدەستانی كورد بە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانیشەوە فڕین بەرەو مۆسكۆ بۆ بینینی بەڕێوبەری جێبەجێكاری روسنەفت و كاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا"، ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێك كە بەمدواییانە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەبارەی پەیوەندی نێوان روسیا و هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە.
سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ روسیا دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران كە بوو بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.
نێچیرڤان بارزانی كە هێشتا كێشەی نەوتی لەسەر ئاستی لۆكاڵی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق چارەسەر نەكردووە، رەنگە بیەوێت دۆسیەی نەوتی هەرێم بباتە ناو ململانێیەكی سەختترەوە كە ململانێی نێوان ئەمریكا و روسیاوە لە ناوچەكەدا، ئەمەش تونێلێكە كە ئەوسەری دیارنییە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand