Draw Media

ئێران كێكەكەی ئامادەكرد و ئەمریكا دابەشی دەكات

ئێران كێكەكەی ئامادەكرد و ئەمریكا دابەشی دەكات

2018-05-14 11:03:50


راپۆرتی شیكاری: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
"هەڵبژاردن بۆ ئێران و پێكهێنانی حكومەت بۆ ئەمریكا" ئەمە ئەو چیرۆكەیە كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە ساڵی 2003 بەردەوام لە عێراق دووبارەدەبێتەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كۆتاییهات، لایەنە نزیكەكان لە ئێران هەڵبژاردنیان بردەوە، ئێستا نۆرەی ئەمریكایە ئەركەكە تەواوبكات.
برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دوێنێ لە بەغداد دەستی بە زنجیرەیەك كۆبونەوە كرد لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق.
ئێستا برێت مەكگۆرك دوای بەغدا لە شاری هەولێرە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و  جێگری سەرۆكی پارتی كۆبوەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان هەر لە هەولێر، برێت مەكگۆرك چاوی بە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كەوتووە.
رەنگە بەرهەم ساڵح پەیامی نیگەرانی لایەنەكان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی بە مەكگۆرك گەیاندبێت. 
هاوكات ئێستا لە هەولێر هەر شەش لایەن (گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) لە كۆبونەوەدان.

مەكگۆرك لە پێكهێنانی كابینەكانی حكومەتی عێراقدا رۆڵی هەبووە ئێستاش گەیشتوەتە ناوچەكە و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكردووە.


كۆبونەوەكە بۆ بڕیاردانە لەو گومانانەی كە لەبارەی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە لە پارێزگای سلێمانی و ئەو لایەنانە داوادەكەن پرۆسەی هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە.


بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە" روخساری پێكهێنانی كوتلەیەك كە پێكهاتووە لە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەممار حەكیم و ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی و رەنگە مەسعود بارزانیش خەریكە روون دەبێتەوە، ئەمەش لەسەر حسابی مالیكی و عامری و كەربولی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان".
هەمان سەرچاوە باس لەوەدەكات، سەردانەكەی مەكگۆرك بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕژێتە بەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی نێوان عەبادی و سەدر و حەكیم و عەلاوی و نوجێفی و بارزانی و رێخۆشكەری بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە دەستیپێكردووە.

بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان لیستەكەی سەدر یەكەمە و هادی عامری دووەمە و حەیدەر عەبادی سێیەم و نوری مالیكی چوارەمە


ئەنجامەكان چی دەڵێن ؟
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، بە گوێرەی ئەنجامەكان لیستی (سائرون) بە رابەرایەتی موقتەدا سەدر لە پلەی یەكەمدایە و دوای ئەویش لیستی " الفتح" دێت كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و بە لیستی هێزەكانی حەشدی شەعبی وەسفدەكرێت.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانی " النصر" دەكات و لە هەوڵی ئەوەدایە كە بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستبێنێت، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان لە پلەی سێیەمدایە و لیستی (دەوڵەتی یاسا)ش كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات و بە ركابەری سەرەكی عەبادی دادەنرا، لە پلەی چوارەمدایە.

 ئەگەری ئەوە هەیە سەدر و عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هاوپەیمانێتی بكەن و مالیكی و عامریش بە هاوپەیمانێتییەك ركابەرێتیان دەكەن

سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت
لە رۆژانی داهاتوودا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی تەواوەتی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت، ئێستا باس و خواسی ئەوەی كێ‌ كابینەی حكومەتی نوێی عێراق پێكدەهێنێت؟ لە ناوخۆی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش بە گەرموگوڕی باسی لێوەدەكرێت.
بە گوێرەی ئەنجامەكانە بەراییەكان، هاوشێوەی خولەكانی تر لیستەكانی پێكهاتەی شیعە لە عێراقدا زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستدەهێنن، و سەرۆك وەزیران بۆ ئەوان دەبێت و بە گوێرەی دەستوریش گەورەترین كوتلە مافی ئەوەی هەیە حكومەت پێكبهێنێت.


پێكهێنانی حكومەتی نوێی و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان، جگە لەوەی پەیوەستە بە بڕیاری هێزەكانی عێراقەوە لە كاریگەری دەرەكیش بەدوور نییە، بە تایبەتی ئێران و ئەمریكا، ئەو دوو وڵاتە رۆڵی كاریگەریان هەیە لە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.
سەرچاوەكانی ناوخۆ ئاماژەوە بەوەدەدەن، پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان هاوپەیمانی (سائرون)ی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی (النصر) حەیدەر عەبادی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت زۆر نزیكە، بەڵام كێشەی سەرەكی بەردەم هاوپەیمانێتییە پۆستی سەرۆك وەزیرانە، عەبادی خوازیارە خۆی سەرۆكایەتی حكومەت بكات، سەدریش نەیشاردوەتەوە كە كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیران هەیە.
چەند سەرچاوەیەكی تر باس لە ئەگەری هاوپەیمانێتیكردنی نێوان هاوپەیمانی (فەتح)ی هادی عامری و (دەوڵەتی یاسا)ی نوری مالیكی دەكەن، كە عامری بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان پلەی دووەمی بەدەستهێنا و دەوڵەتی یاساش پلەی چوارەم.

ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكە رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا


ئەگەر ئەم دوو بەرەیە لە ناو پێكهاتەی شیعەدا پێكبێت و كێبركێ بكەن لەسەرئەوەی كامیان گەورەترین كوتلە پێبكهێنێت، ئەوكات رۆڵی لیستەكانی كورد و سوننە و لیستە بچوكەكانی تر دەردەكەوێت، چونكە هیچ كام لەبەرەی (سەدر- عەبادی) و (عامری – مالیكی) بە تەنها ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكبهێنن، هەروەها ئەو دوو بەرەیە بەر لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران  پێویستە لەگەڵ لیستەكانی تردا، پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی و سەرۆك كۆمار و جێگرەكانی چارەسەربكەن، چونكە بە گوێرەی دەستوری عێراق، سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن و پاشان سەرۆكایەتی كۆمار و ئینجا سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
پێشبینیدەكرێت پرۆسەی دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان و پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانێتی ئاڵۆزبێت و كاتی زۆر بخایەنێت، لێرەوە ئیتر رۆڵی ئەمریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئیقلیمی لە ئاڕاستەكردنی لایەنەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان دەستپێدەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand