Draw Media

كێ باجی سەركێشی بڕیارەكانی تاران دەدات ؟

كێ باجی سەركێشی بڕیارەكانی تاران دەدات ؟

2018-05-14 17:53:43


(درەو میدیا): 
چەند رۆژێكە تەواوی سەرنج و نیگای چاودێرانی سیاسی ڕوو لە ئێرانە، بەو پێیەی ئەم ناوچەیە قوڵایی ستراتیژی ئێرانە، سەركێشیكردن لە بڕیارەكانی تاران لەم دەڤەرە، وەكو هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەژماردەكرێت، بۆیە هەر سەركێشییەك بەبێ باجدان تێناپەڕێت.
هەموو لایەنە سیاسییەكان دوور و نزیك پەیوەندیان لەگەڵ تاران هەیە، ریشەی ئەم پەیوەندیانە هەندێكیان بۆ سەردەمی شاخ و شۆڕش دژی رژێمی بەعس دەگەرێنەوە، هەندێكی تریان لە سەردەمی ژیانی شاردا دروستكراون.
ئێرانییەكان ئەم دەڤەرە وەكو گۆڕەپانی پارێزگاری لە ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان تەماشادەكەن، ئەم ئاسایشەش بە پلەی یەكەم لە ڕێگەی جێگیركردنی هێزێكی سیاسی لە دەسەڵاتدا بەدی دێت، كە ئەو هێزە هەماهەنگی جدی لەگەڵ تاران هەبێت.
هەڵبژاردن شا رێگەیە بۆ ئیرانییەكان بۆ ئەوەی بەبێ بەكارهێنانی هێزی سەربازی و لە ڕێگەی هێزی دیپلۆماسییەوە كە پێی دەوترێت (هێزی نەرم) ئەو ئامانجەی خۆیان بەدی بهێنن، بۆ ئەوەش ئێرانییەكان لە هەموو هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عێراقدا وەك تەماشاكەر نەوەستاون، 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، ئێستا قاسمی سولەیمانی لە هەرێمی كوردستانە، بونی قاسمی سلێمانی لە كاتێكدایە كە ئەنجامی هەڵبژاردن لە هەرێم كێشەی گەورەی دروستكردووە، شەش لایەنی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بە دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ناڕاستەوخۆش پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران رادەكێشن كە لەم پرۆسەیەدا هاوكاری یەكێتییان كردووە.
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێناچێت ئێرانییەكان هەموو هێلكەكانی خۆیان بخەنە سەبەتەكەی یەكێتییەوە، بەو پێیەی لەئێستادا (240) سندوقی دەنگدان ئەنجامەكانیان یەكلانەكراوەتەوەو بەپێی زانیارییەكان هەر لە بنەرەتەوە یەكلانەكردنەوەی ئەنجامی ئەم سندوقانە بۆ دانوستان و رەواندنەوەی نیگەرانی لایەنەكانی تر بەجێهێلراوە، ئەوەش بۆ گۆڕانكاری لە كورسی لایەنەكان.
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، لەم هەڵبژاردنەدا ئێرانییەكان ئەنجامی هەڵبژاردنیان لە دوو ناوچە زۆر بەلاوە گرنگ بووە، یەكەم: هەڵەبجە، ئەم شارە دەكەوێتە سنوری ئێران، ئێرانییەكان وەكو ناوچەی جێ هەژمونی خۆیان تەماشای دەكەن و دەیانەوێت هێزێك لە هەڵەبجە باڵادەست بێت كە رەچاوی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بكات، لە دوای هەڵەبجە، لە پلەی دووەمدا كەركوك بۆ ئیرانییەكان جێگەی بایەخە، لەلایەك كەركوك هێڵی تەماسە لەگەڵ عەرەبە سوننەكانی عێراق و لەلایەكی تر هەندێك وای دەبینن لە كەركوك دەبوو لەم هەڵبژاردنەدا ئێرانییەكان پاداشتی یەكێتی نیشتیمانی بدەنەوە لەبەرامبەر رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.
ئێرانییەكان لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان كرد بەو پێیەی رەنگە هیچ هێزێك نەیتوانیبێت وەك یەكێتی ئەو رۆڵە بەرجەستە بكات كە ئێرانییەكان لەم قۆناغەدا دەیانەوێت، زانیارییەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، ئێرانییەكان هەر لە بنەڕەتەوە تێبینیان لەسەر چەند هێزێك هەبووە لەوانە:.
یەكەم/ ئێرانییەكان لەگەڵ دروستكردنی لیستی ئیسلامی نەبوون لە نێوان (یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی)، زانیارییەكان دەڵێن، ئێرانییەكان بەڕوونی بەسەركردایەتی ئەو سێ لایەنەیان راگەیاندووە ئەگەر ئەو لیستە دروستبكەن بەتوندی دژایەتیان دەكەن، بەڵام (یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی) لیستەكەیان دروستكردو سەركێشی بڕیاری تارانیان كردو باجەكەیاندا، كۆمەڵی ئیسلامیش كە سەركێشی بڕیارەكەی تارانی نەكرد، سەرباری تۆمەتباركردنی لەلایەن شەقامی ئیسلامییەكانی كوردستانەوە بەوەی یەكڕیزی ئیسلامی تێكداوە، بەڵام پارێزگاری لە دەنگەكانی خۆی كرد لە هەڵبژاردندا. 
دووەم/ لایەنی دووەم كە ئێرانییەكان هەر لە بنەڕەتەوە تێبینیان لەسەر دروستكردنی هەبوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە كە دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، بەپێی زانیارییەكان هەر لە سەرەتای هەوڵەكانی بەرهەم ساڵح بۆ جیابوونەوە لە یەكێتی، ئێرانییەكان هەوڵیانداوە رێگری لێبكەن و لەناو یەكێتی بیهێڵنەوە، بەڵام بەرهەم ساڵح سەركێشی بڕیارەكەی تارانی كردو لە هەڵبژاردنیشدا باجی سەركێشییەكەی وەرگرتەوە.
سەرباری ئەوەی بەرهەم ساڵح توانایەكی بەهێزی لە كاری دیپلۆماسی و پەیوەندیدا هەیە و لەگەڵ هەموو جەمسەرەكان پەیوەندی دەكات، بەڵام لەلای ئێرانییەكان وەكو پیاوێكی ئەمریكی تەماشا دەكرێت و یەكلانەبوەتەوە بۆ تاران.
سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە كێشەی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیدا هەبووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە ئێرانییەكان چەندینجار هەوڵی پەیوەندیكردنیان لەگەڵ گۆڕان داوە، بەڵام لێپرسراوانی گۆڕان ئامادەنەبوون هیچ جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ ئێران بكەن، تەنانەت ئامادە نەبوون لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وەفدێك بۆ تاران بنێرن، گۆڕان سەركێشی كرد و باجی سەركێشییەكەی لە هەڵبژاردن وەرگرتەوە.
نیگەرانی ئێرانییەكان لە بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی لە دوو هەڵوێستدا دەركەوت: 
ا: گۆڕان خواستی ئێرانییەكان و تەنانەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگوێ خست بۆ دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 19ی ئابی 2015 لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم، كە دواتر بە رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان كۆتایی هات و كوردستان كەوتە ناو قەیرانێكی سیاسییەوە.
ب: ساڵی 2017 ئێرانییەكان بەتایبەت خودی قاسمی سولەیمانی داوایان لە بزوتنەوەی گۆڕانكرد، سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی بگەڕێنێتەوە بۆ هەولێر، لەم هەڵوێستەدا ئەمریكیەكان هاوڕای ئێرانییەكان بوون، خودی برێت مەكگۆرك بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕاندا خۆی سەرۆكی پەرلەمان بباتەوە هەولێر، پارتی لەسەر ئەم داوایەی تاران و واشنتۆن رازی بوو، بەڵام گۆڕان سەركێشی بڕیاری تاران و واشنتۆنی كرد. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هۆكاری سوربونی ئێرانییەكان تەنانەت ئەمریكییەكانیش لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر، ئەنجامدانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بووە بە ئامانجی دواخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هەرچەندە دڵنیابووە لەوەی پارتی و یەكێتی چونەتە ژێر فشاری تاران و واشنتۆن بۆ دواخستنی ریفراندۆم، بەڵام سەركێشی نەكردووە بۆ ئەوەی سەركردایەتی ئەو هەنگاوە بكات، كە بۆ مێژوو وەكو پەڵەیەك لەسەر شانی دەمایەوە.
چوارەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو لایەنێكی بەهێزی هەرێمی كوردستان 25ی ئەیلول ریفراندۆمی كرد و سەركێشی بڕیارەكانی تارانی كرد، ریفراندۆم شكستیهێنا، بەڵام پارتی لەبری توندكردنەوەی سەنگەر لەدژی تاران، سەنگەری خۆی لەبری خۆرئاوا بەرەو تاران و مۆسكۆ گواستەوە، بۆیە سەرباری نیگەرانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەڵوێستەكانی ئەمدواییەی پارتی، بەڵام گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسەتی پارتی لە خۆرئاواوە بەرەو روسیا و ئێران، هەندێك دڵنیایی بۆ ئێرانییەكان گەڕاندەوە، پارتی لەم هەڵبژاردنەدا كە چاوەڕوان دەكرا گورزی ئێرانی بەركەوێت، بەڵام بەو دیپلۆماسیەتە نەرمە خۆی پاراست لە رق و توڕەیی تاران.
پێنجەم/ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە هەر لە بنەڕەتەوە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ تاران هاوسەنگ كردبوو، لە ریفراندۆمەكەی 25 ی ئەیلولدا سەركێشی بڕیاری تارانی كرد و چووە پاڵ پارتی، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی نەیانهێشت سەركێشەییەكە بەردەوام بێت، رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر بە كشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك قەرەبووی تارانی كردەوە.
هەموان چاوەڕوانی ئەوەبوون لەبەرامبەر كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك، لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی چەند كورسییەك لە كەركوك لەدەستبدات، بەڵام بەپێچەوانەی پێشبینییەكانەوە یەكێتی پارێزگاری لە قەبارەی خۆی كرد، لەمەشدا فەزڵەكە بۆ ئێرانییەكان دەگەڕێندرێتەوە.
رەنگە هۆكاری سەرەكی پشتیوانیكردنی ئێران لە سەركەوتنی یەكێتی لە كەركوك بۆ ئەوە بگەڕێتەوە لە كەركوك هیچ هێزێك هێندەی یەكێتی ناتوانێت پارێزگاری لە ستراتیژیەتی ئێران بكات.
شەشەم/ نەوەی نوێ ئەگەرچی بەهۆی ئەوەی هێزێكی نوێیە زانیاری وورد نیە لەسەر پەیوەندیەكانی، بەڵام بەهۆی دژایەتی بۆ ریفراندۆم و سەركردایەتی بەرەی نەخێر، لەگەڵ روانین و هەڵوێستەكانی ئێرانی یەكدی دەگرتەوە، بۆیە ئێرانیەكان كەمتر دژایەتی دەكەن، ئەگەرچی نەوەی نوێ خۆی بە هێزێكی نزیك لە ئەمریكاو رۆژئاوا لەقەڵەم دەدات.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand