Draw Media

(درەو میدیا): پارتی بریندارە، بەڵام هێشتا خاوەن قسەی یەكلاكەرەوەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بۆ چوار ساڵی داهاتووش ئەو بڕیاردەدات كام یاریزانە تاكۆتایی یارییەكە لە گۆڕەپانەكەدا دەبێ‌ و لەكوێدا یاریدەكات، كام هێزەش لەسەر كورسی یەدەگ دادەنیشێت، یان ڕۆڵێكی پەراوێزی پێدەدرێت.  لە دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی خواستی پارتی، لەبری یەكلاكردنەوەی بەدەنگی فراكسیۆنە كوردستانیەكان وەك ئەو دوایدەكرد، یەكلاكردنەوەی لەناو پەرلەمانی عێراق كە خواستی یەكێتی بوو و هەرواش تێپەڕی، پارتی پێیوایە یەكێتی تەوافوق و یەكڕیزی كوردی تێكداوە، لەكاردانەوەی ئەمەشدا زمانی سیاسی گۆڕیوە و  ئیتر كار بەو بنەمایە ناكات كە پێشتر كاری پێكردووە لەگەڵ یەكێتی، كە مەبەست لە دابەشكردنی پۆستەكانە لە حكومەتی داهاتوی هەرێمی كوردستان. پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو ئەمڕۆ زیاد لەبەرپرسێكی پارتی لەسەر ئەو پرسە قسەیكردوە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی داوە، كە دیارترینیان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیە و، ڕەنگە لە زۆرینەی بەرپرسانی پارتی نەرمتر دوابێت، بەڵام بەهەمان مانا و ناوەڕۆك. ئەكرێت ئەمە بەناونیشانی دیارترین پێشهاتە سیاسییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و، كاردانەوەی  یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دابنرێت لەنێوان یەكێتی پارتیدا كە ڕەنگە سەرەتای ململانێكی نوێ بێت.    ئومێد خۆشناو سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت"زەمەنی پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو"، عەلی تەتەر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە ڕاشكاوانەتر ڕوودەكاتە یەكێتی و دەڵێت"دەركەوت قەبارەی یەكێتی لەنیوەی پارتی كەمترە، لەمەودوا بەقەد قەبارەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەین". نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكێتی: وەك خۆتان مامەڵەتان دەكەین نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بەو پرسە ڕێكخستبوو، پەیامێكی ڕەسمی پارتی دا بەگوێی (یەكێتی)دا، كە ناوەرۆكەكەی ئەوەیە،" ئیتر لەمەودوا وەك خۆتان مامەڵەتان لەگەڵ دەكەین". نێچیرڤان بارزانی وتی:" ئەو هەنگاوە تاكلایەنەی یەكێتی زۆر جێگەی نیگەرانیە و دەستپێكێكی مەترسیدارە" كە مەبەستی شێوازی  هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، ڕاشیگەیاند: لەمەودوا پارتی لەسەر بنەڕەتێكی نوێ‌ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، وتیشی:" لە هەموو ئەو قۆناغانەی دەبوو پارتی بڕیاربدات بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتی بڕیاریداوە، لە كاتێكدا كورسییەكانی یەكێتی كەمتربووە، بەڵام ئێستا ئەوان بەرەو زۆرینە و كەمینە دەچن، بۆیە بەدڵنیایی پارتیش لەسەر بنەڕەتێكی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات". پارتی بێبەرامبەر موراعاتی یەكێتی نەكردووە بەڕای زۆرێك ئەو قسانەی پارتی لەبارەی موراعاتكردنی یەكێتی دەیكات ڕاستی زۆری تیادایە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی خاوەنی تەنها 18كورسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا جێگری سەرۆكی حكومەت و پێنج وەزیر و چەندین پۆستی گرنگ و هەستیاری لە حكومەت وەرگرت، بەڵام وەك دەوترێت ئەم سەخاوات و سنگفراوانییەی پارتی لە بڕوابونی بە بەشداری تەواوی لایەنەكان وەك شەریك لە ناوەندی بڕیاری سیاسی سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵكو ڕاستیەكەی ئەوەیە پارتی دەزانێت كە یەكێتی وەك هێزێكی خاوەن چەك و ئابوری كە كۆنترۆڵی نزیكەی نیوەی هەرێمی كوردستانی لەدەستدایە، پەراوێزخستنی هەروا ئاسان نیە و لە باشترین حاڵەتدا هەر حكومەتێك لە دەرەوەی ڕەزامەندی ئەو پێكبهێنرێت لە هەولێرەوە، دەسەڵاتی لە سنوری ئەو دیوی دێگەڵە زیاتر بڕناكات،  جگە لەوەش ڕاستییەكی تر هەیە كە پێویست بە بەڵگە هێناوە ناكات، ئەویش ئەوەیە، ئەوەی یەكێتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ پارتی كردووە هیچ هێزێك نە ئامادەبووە و نەتوانیویەتی بیكات، یەكێتی هەمیشە پایەكی تەواوكردنی ئەو كارانەبووە كە پارتی دەستیپێكردووە یان پێكەوە لەزۆر پرسدا یەكتریان تەواوكردووە، بۆیە وەك دەوترێت سنگفراوانییەكەی پارتی بۆ یەكێتی بێبەرامبەر نەبووە.  خۆیان لە كورسی پەرلەمان گەورەتر دەبینن دیوێكی تری ئەم مەسەلە هەستیارەی  پارتی وروژاندویەتی، وەلاخستنی پرسی تەوافوق و كاركردن بەسیستمی زۆرینە و كەمینەی پەرلەمانیی ڕەنگە  هەروا بەئاسانی بەشەریكە دێرینەكەی هەزم نەكرێت و كاردانەوەی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونكە چی پارتی و چی یەكێتیش وەك دوو هێزی چەكداری خاوەن شەرعیەتی شاخ، خۆیان لەژمارەی كورسی و دەنگی خەڵك گەورەتر و بەرزتر دەبین، بۆیە هەرگیز قەبارەی خۆیان بەكورسی و ڕێژەی دەنگی خەڵك ناپێون، هەرچەندە ئامادەشن هەموو چوارساڵ جارێك خۆیان تاقیبكەنەوە.  


راپۆرتی: درەو میدیا  لەكۆتایدا بەرهەم ساڵح یارییەكەی بردەوە و هەموو ئەو بۆمبە چێندراوانەی پارتی و شەخسی بارزانی لەلایەك و، ژمارەیەك كەسایەتی خاوەن پێگە لەناو یەكێتی و لەماڵباتی تاڵەبانی بۆیان چاندبوو، تەقاندەوەو نەیانتوانی ڕێگەی گەیشتن بەكۆشكی سەلامی لێتێك بدەن و، ئەزمونی ساڵی 2014ی، لەگەڵ دووبارە بكەنەوە، ئەمجارە ئەو لەنەیارەكانی  لێزانانەتر یاری خۆی كرد و بەو ڕێگایەدا نەڕۆیشتەوە كە پێشتر تاقیكردبوەوە. ئەو، چوار ساڵ لەمەوپێش چانسی خۆی لەناو زۆرینەی كوردا بۆ گەیشتن بە كۆشكی سەلام تاقیكردەوە، بەڵام نەیانهێشت پێی تێبخات، بۆیە لەم گەڕەدا كە بەدوا هەلی دەزانیی، بڕیاریدا بە هەر نرخێك بێت خۆی نەداتە دەست كورد و، لەڕێی زۆرینەی شیعەو سوننەوە بەختی خۆی بخوێنێتەوە. بەرهەم ساڵح بۆ گەیشتن بە كۆشكی سەلام باجێكی قورسیدا، كە ڕەنگە وەك سێبەری خۆی تا لە ژیاندابێت لێینەبێتەوە، ئەو حزبێكی دامەزراندو كەوتە ڕكابەریكردنی زۆرێك لە هاوڕێ و هاوخەباتەكانی، خۆشی لەو مێژووە دورودرێژەش بێبەری كرد كە لەگەڵیان بەسەری بردبوو، بەڵام كە گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەو ڕێگایە نایگەیەنێتە ئامانجە گەورەكەی، ئەمجارەیان بێ ئاوڕدانەوە هاوڕێ تازەكانی بەجێهێشت و بەچاوی نوقاو و گوێیەكی قورسەوە، ڕێگایەكی پڕ لەتانەو تەشەری گرتەبەر و جارێكی تر بەرەو ئامانجە لەمێژینەكەی كەوتەڕێ‌. ئەوەی بەرهەم ساڵح كردی بەهەموو پێوەریك بێ‌ پێشینەبووە، چونكە تائێستا نەبیستراوە  سەرۆكی حزبێك حزبەكەی بەجێبهێڵێت و بچێتە ناو حزبێكی ترەوە، لەكاتێكدا عورف و كلتوری سیاسی باو ئەوەیە ئەندامانی حزب بچنە ناو حزبێكی ترەوە، بەڵام ئەو ئەم عورفەی تێكشاندو مۆدلێكی نوێی لەسەنگەرگواستنەوەی سیاسی داهێنا. دواجار بەرهەم ساڵح بەئاواتەكەی گەیشت، بۆ چوارساڵی داهاتوو لەسەر ئەو كورسییە دادەنیشیت كە پێشتر تاڵەبانی لەسەر دانیشتووە، لەگەڵ ئەوەی یار و نەیار كۆكن كە بەرهەم ساڵح شایستەترین كەسە بۆ دانیشتن لەسەر ئەوكورسییە، بەوپێیەی پیاوێكی لێهاتوو و خاوەن ئەزمونێكی سیاسی باش و ناسراوە لەسەركۆی ئاستەكان و بۆ ناوبانگی كوردیش گرنگە  سیاسییەكی وەك ئەو نوێنەرایەتی كورد لەسەر ئاستی عێراق و هەم نوێنەرایەتی عێراقیش بكات لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هیچكام لەمانە شەفاعەتی ئەوەی بۆناكات چاپۆشی لەو ڕێگایە بكرێت كە بۆ گەیشتن بەكۆشكی سەلام گرتیەبەر. زۆرێك لەنەیارەكانی بەرهەم ساڵح دەڵێن، ئەو جگە لەوەی "هاوڕێی نیوە ڕێگا"و پیاوێكی بەرژوەندخواز و ساحێبی قسەو بەڵێنی خۆی نەبوو، ئاوێكی خراپیشی ڕشت و دەرگایەكی بێپێشینەی بۆ سەنگەرگواستنەوە كردەوە، پاشگەزبونەوەی لەپەیمان و بەڵێن كردە مەسەلەیەكی ئاسایی و، بەچۆڵكردنی بەرەی هێزە نەیارەكانی یەكێتی و پارتی جۆرێك لە نائومێدیشی لەناو خەڵك دروستكرد كە كاریگەریی لەسەر چەندئاست داناوە، هەر لاوازبونی متمانەی هاوڵاتیان بەسیاسییەكانەوە، تا دەگاتە نائومێدكردنیان لە سندوقەكانی دەنگدان و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان. لەمڕوەوە زۆرێك بەرهەم ساڵح بەنمونەی سیاسییەك وەسفدەكەن كە بۆ پۆست و پلەو پایەو ناوبانگ دەژی بێگوێدانە ئەو ڕێگایەی دەیەگەیەنێتە ئەو ئامانجە وەك ئەو وتە سیاسییەی كە دەڵێت" گەیشتن بەئامانج پاساوە بۆ هەر ڕێگایەك كە بگیرێتەبەر" لەكاتێكدا وەك دەوترێت، سیاسی دەبێت بۆ سیاسەت بژی و سیاسەتیش بۆ چاكەی گشتی بكات، نەك بەرژوەندی شەخسی. لەبەرامبەر ئەم ڕایەدا كە ماوەیەكی زۆر ڕەواجێكی گەورەی پێدرا، لەزۆرێك لە میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیدا، ڕایەكی تر پێیوایە، ئەوەی لەسەر بەرهەم ساڵح دەوترێت قسەكردنە لەسەر دیوێكی وێنە ڕاستەقینەكە، دیوەكەی تری ئەوەیە بەرلەوەی خەڵك لە بەرهەم ساڵح بێئومێدبێت، ئەو لەو حزبە سیاسییانە بێومێد بوو كە سیاسەتی لەگەڵ دەكردن (هێزە ناڕازییەكان)، ئەوان نەئامادەبوون لەگەڵیدا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن و، نە ئامادەشبوون بیكەنە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، نە متمانەشیان پێەدەكرد، لەكاتێكدا ئەو دەستبەرداری پۆستی جێگری سكرتێی گشتی یەكێتی و هەموو ئیمتیازاتەكانی حزبەكەی ببوو و ڕێگایەكی سەختی گرتبووە بەر.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەكو یەكەم لایەنی بەشداربووی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا كاندیدە دەرچووەكانی نەنێرێتە پەرلەمان، ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێوەی ئێستا بمێننەوە. بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، نەوەی نوێ كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، لەنێوان (8 بۆ 9) كورسی بردوەتەوە. لەدوای بڕیارەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ بایكۆتكردنی پەرلەمان، پرسیار لەسەر ئەوە دروستبووە ئەگەر نەوەی نوێ كاندیدە دەرچووەكانی نەنێرێتە پەرلەمان، شوێنەكانیان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە یاخود بە كاندیدی تر پڕ دەكرێنەوە؟ (درەو میدیا) بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992 كە حەوت جار هەمواركراوە، وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ خوێنەرەكانی رۆشن دەكاتەوە. ئەندامێتی پەرلەمان چۆن كۆتایی دێت ؟ بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێتەوە، گرنگە خوێنەر بزانێت لە بنەڕەتەوە، كاندیدی دەرچوو یاخود پەرلەمانتار چۆن ئەندامێتی لەدەستدەدات؟ بەپێی ماددەی (43)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەكێك لەم حاڵەتانەدا ئەندامێتی پەرلەمان كۆتایی دێت: 1-    كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمان یان هەڵوەشاندنەوەی. 2-    وازهێنانی ئەندام، لە رۆژی قبوڵكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە بەزۆرینەی دەنگ كاری پێدەكرێت. 3-    ئەگەر یەكێك لە مەرجەكانی پاڵاوتنی بۆ ئەندامێتی پەرلەمان تێدا نەبوو، پەرلەمانیش بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامە ئامادەبووەكانی بڕیاری لەسەر بدات. 4-    ئامادەنەبوونی ئەندام لە سێ دانیشتنی لەسەریەك بەبێ عوزری مەشروع. 5-    مردنی ئەندام پەرلەمان. ئەوەی لەم یاسایەدا كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ دەگرێتەوە خاڵی (4)ە كە دەڵێ" ئامادەنەبوونی ئەندام لە سێ دانیشتنی لەسەریەك بەبێ عوزری مەشروع" واتە بەپێی ئەم بڕگەیە ئەگەر كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ لە سێ دانیشتن ئامادە نەبن، ئەندامێتی لەدەستدەدەن. مەترسییەك لەسەر نەوەی نوێ ؟ لەبارەی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكان، یاسای هەڵبژاردنی كوردستان ئاماژەی بە چەند حاڵەتێك كردووە. ماددەی (64)ی یاسای هەڵبژاردن دەڵێ" لەحاڵەتی بەتاڵمانی هەر كورسییەك، ئەوا لەلایەن پاڵێوراوانی ئەو قەوارەیەی خاوەن كورسییەكەیە پڕدەكرێتەوە، ئەویش بەبەخشینی بەو پاڵێوراوەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، وە لە حاڵەتی یەكسانبوونی دەنگەكانی پاڵێوراواندا ئەوا پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكە بەگوێرەی ئەولەویەتی ریزبەندی ناوەكان لە لیستە بنەڕەتییەكەوە دەبێت". بەپێی ئەم یاسایە ئەگەر كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ لەسەر بڕیاری جوڵانەوەكەیان هیچ یەكێكیان ئامادە نەبوون بچنە ناو پەرلەمان و كورسییەكەیان پڕبكەنەوە، بەئەندامێكی تری لیستەكەی خۆیان پڕدەكرێتەوە. رەنگە ئەمە كێشە بۆ نەوەی نوێ دروستبكات، چونكە ئەگەر كەسێك لەو كاندیدانەی كە دەرنەچوون، بەڵام دەنگی پێویستیان هەیە پەیوەست نەبن بە بڕیاری جوڵانەوەكەیانەوە دەتوانن كورسی هاوڕێ دەرچووەكانیان لە پەرلەمان پڕبكەنەوە. كورسییەكانی نەوەی نوێ بە كێ دەدرێن ؟ لە حاڵەتێكدا ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ و ئەو كاندیدانەش كە دەرنەچوون بەڵام دەنگی پێویستیان هێناوە، ئامادەنەبوون بچنە پەرلەمان، ئەوكات بەپێی ماددەی (62)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كورسییەكانی نەوەی نوێ دەدرێت بە كاندیدی لایەنە براوەكانی تر. دەقی ماددەی (62)ی یاسای هەڵبژاردن لە بڕگەی سێیەمدا دەڵێ" ئەگەر كورسییە بەتاڵەكە هی لیستێك بوو كە پاڵێوراوی نەمابێ، ئەوا كورسییەكە بۆ پاڵێوراوێكی دیكە لە قەوارەیەكی سیاسی دیكە تەرخاندەكرێت كە كەمترین رادەی ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستهێناوە كە بۆ پڕكردنەوەی كورسییەك پێویستە، بەپێچەوانەش كورسییەكە بەبەتاڵی دەمێنێتەوە". 90 رۆژەكە پڕكردنەوەی یان نەكردنەوەی كورسییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرۆسەكەیە كە ماوەی (90) رۆژ واتە سێ مانگ دەخایەنێت، بڕگەی پێنجەمی ماددەی (62)ی یاسای هەڵبژادن دەڵێ" لەحاڵەتی سوێندنەخواردنی پاڵێوراوی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمان لەماوەی دیاریكراودا بەبێ هیچ هۆیەكی رەوا، ئەوا دوای (90) رۆژ، ناوبراو مافی ئەندامێتی نامێنێ و پاڵێوراوێكی دیكە بەپێی یاسا شوێنی دەگرێتەوە". واتە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ بایكۆتی پەرلەمان بكەن، بەپێی یاسا دەبێت سەرەتا شوێنەكانیان بە كاندید لە هەمان لیستی خۆیان پڕبكرێتەوە، ئەگەر ئەم هەنگاوە سەركەوتوو نەبوو، كورسییەكانیان دەدرێت بە كاندیدی لایەنە براوەكانی تر.


(درەو میدیا): بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو كۆمەڵی ئیسلامی دەستیكەوتووە، هەشت كاندیدی كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆرترین دەنگیان هێناوە و چانسی گەیشتنیان بە پەرلەمانی كوردستان هەیە، كە كۆمەڵی ئیسلامی 7 بۆ 8 كورسی مسۆگەر كردووە، هەندێكیشیان پێشبینی دەكەن ژمارەی كورسیەكانیان بۆ 9 بۆ 10 كورسی بەرز ببێتەوە. كاندیدەكانیش بریتین لە لەم ناوانە: 1- سۆران عومەر 2- عەبدولستار مەجید 3- روپاك ئەحمەد رەحمان 4- بەدریە ئیسماعیل مەحمود- یاخود كوردستان حەمەڕەشید رەحیم (ئەم دوو كاندیدە یەكێكیان سەردەكەون) 5- هەورامان گەچێنەیی 6-  كامەران بابان زادە 7- عومەر گوڵپی  8- عوسمان كانی كوردەیی


 (درەو میدیا): هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، (درەەو میدیا) بەپشتبەستن بە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، لەم راپۆرتەدا بەنزیكەیی بەهای هەر كورسییەكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا دەكات. لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا بەشێوەیەكی گشتی (3 ملیۆن و 85 هەزارو 641) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (174 هەزارو 148) كەسیان دەنگدەری تایبەت بوون كە رۆژی هەینی دەنگیاندا.  دەنگدەرانی گشتی ژمارەیان بەمشێوەیە ژمارەیان دابەشبووە بەسەر پارێزگاكاندا: یەكەم: پارێزگای هەولێر   (ملیۆنێك و 36 هەزارو 419) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (611 هەزارو 487) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 59%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان.   دووەم: پارێزگای سلێمانی  (ملیۆنێك و 134 هەزارو 760) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم ژمارەیە (623 هەزارو 123) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 55%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان.   سێیەم: پارێزگای دهۆك (677 هەزارو 797) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (413 هەزارو 456) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 61%ی كۆی ئەوانەی كە مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان.  چوارەم: پارێزگای هەڵەبجە (66 هەزارو 16) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (40 هەزارو 269) كەس بەشداری دەنگدانیان كرد، واتە رێژەی 60%ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان. كۆی گشتی ئاستی بەشداری هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان  (2 ملیۆن و 914 هەزارو 992) كەس لە دەنگدانی گشتیدا مافی دەنگدانیان هەبوو، لەم رێژەیە (ملیۆنێك و 688 هەزارو 335) كەس بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد. لە دەنگدانی تایبەتیشدا كە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، لە كۆی (170 هەزارو 469) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبوو، (156 هەزار 314) كەس بەشداری هەڵبژاردنیان كرد. بەلێكدانی ئاستی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت و گشتی، دەردەكەوێت لە كۆی (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە (ملیۆنێك و 709 هەزار و 472) كەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان كردووە. بەهای كورسییەك چەند دەنگە ؟ بەپێی لێكدانەوەی بەرایی (درەو میدیا) بۆ بەهای كورسی بەپێی رێژەی بەشداری، كە لە چوار پارێزگاكەی هەرێم ( 1 ملیۆن و 844 هەزارو 649 ) هەر كورسییەكی پەرلەمانی نوێی كوردستان (18 هەزارو 446) دەنگ دەبێت. ئەمانە لێكدانەوەی بەراین و بەنزیكەیی وەرگیراون، لەحاڵی جێگریبوونی ژمارەكان و ئاستی بەشداریدا، (درەو میدیا) زانیاری وردتر بڵاودەكاتەوە.   


راپۆرتی : درەو لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو گۆڕانكاری لە دەنگی هێزەكان رویداوە، هەریەك لە كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان دەنگەكانیان زۆر زیادی كردووە و یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێش دەنگەكانیان كەمیكردووە. بەڵام بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان  دەنگی گۆڕان و كۆمەڵ كەمیكردووەو دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر زیادیكردووە.  لە دەنگدانی تایبەتی 30ی ئەیلول كە رۆژی هەینی بەرێوەچوو، لە كۆی ( 170469) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، (156314 ) دەنگیداوە  و رێژەی دەنگدان گەیشت ( 91.69%) ، لەو رێژەیە تا ئێستا:  * پارتی دیموكراتی كوردستان ( 62.656 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 40%ی دەنگەكان  *یەكێتی نیشتمانی كوردستان( 44.870) دەنگی هێناوە بەرێژەی 28.7%  * بزوتنەوەی گۆڕان ( 9.303 ) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 6%)  * نەوەی نوێ (4.821) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 3%)  * كۆمەڵی ئیسلامی ( 4.095) دەنگی هێناوە بەرێژەی (2.6%)  * بەرەو ئیسڵاح(1.907) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 1.2%) * دەنگی پوچەڵ رێژەیەكی بەرزی هێناوە و دیاردەیەكی نوێیە لە هەڵبژاردندا لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی ( 3 هەزار) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەبەراورد بەم هەڵبژاردنە ئاستی دەنگەكانی بەرێژەی ( 300%) زیادیكردووە، پارتی لە هەڵبژاردنی رابردوو زیاتر لە 80 هەزار دەنگی هێنابوو ئێستا ( 62.656 ) دەنگی بەدەستهێناوە واتا بەرێژەی (25% دەنگەكانی كەمیكردووە، یەكێتی نزیكەی 70 هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو ئێستا ( 44.870) دەنگی هێناوە واتا بەرێژەی ( 30% ) دەنگەكانی كەمیكردووە.   بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 12ی ئایار گۆڕان 300% زیادیكردووە و بەراورد بە 2013 گۆڕان 60% كەمیكردووە    دەنگی تایبەت لە نێوان هەڵبژاردنی 2013 و 2018 دا  لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە كۆی(154 هەزارو 50 ) كەس  ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی  (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە: لە هەڵبژاردنی 2013 پارتی دیموكراتی كوردستان ( 59794) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 41.4%ی دەنگەكان، بەڵام لە هەڵبژاردن 2018 دا پارتی دیموكراتی كوردستان ( 62.656 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 40%ی دەنگەكان، واتا رێژەی دەنگەكانی ( 1.4%) زیادیكردووە، لە هەڵبژاردنی 2013 یەكێتی نیشتمانی كوردستان( 36349) دەنگی هێناوە بەرێژەی 25.2% ، بەڵام لە 2018 دا یەكێتی نیشتمانی كوردستان( 44.870) دەنگی هێناوە بەرێژەی 28.7%، واتا رێژەی دەنگەكانی ( 3.4%) زیادیكردووە.  لە هەڵبژاردنی 2013 بزوتنەوەی گۆڕان( 24130) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (( 16.7%)، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 دا بزووتنەوەی گۆڕان ( 9.303 ) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 6%)،واتا ئاستی دەنگەكانی بەرێژەی ( 10.7%) كەمیكردووە، وەكو ژمارەش بە نزیكەی ( 14 هەزار ) دەنگ كەمیكردووە بەرێژەی 60%. لە هەڵبژاردنی 2013 كۆمەڵی ئیسلامی ( 3990) دەنگی هێناوە بەرێژەی (2.8%) بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا  كۆمەڵی ئیسلامی ( 4.095) دەنگی هێناوە بەرێژەی (2.6%) واتا دەنگەكانی نزیكە لە یەكەوە،  لە هەڵبژاردنی 2013 یەكگرتوو (4923) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 3.4%) بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018دا بەرەو ئیسڵاح(1.907) دەنگی هێناوە بەرێژەی ( 1.2%)، واتا بەرێژەی ( 2.2%) كەیمكردووە، وەك ژمارەی دەنگ ( 3 هەزار دەنگ ) كەمیكردووە، واتا بە رێژەی 300% دەنگەكانی كەمیكردووە.  بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەنگی یەكێتی و پارتی كەمیكردووەو بەراورد بە 2013 زیادیانكردووە  بەو پێیەش لە نێوان هەڵبژاردنی 12ی ئایار و 30 ی ئەیلولدا دەنگی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی زیادیانكردووەو دەنگی یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێ كەمیانكردووە. بەڵام بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 2013 دەنگی یەكێتی و پارتی زیادیانكردووە و دەنگی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو كەمیانكردووە. بەڵام لە دەنگی تایبەتی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 هەریەك لە ( پۆلیسی هاتوچۆ، گومرگ، توندوتیژی، رەگەزنامە ، پاسپۆرت)ی تیا نیە 


راپۆرتی: درەو میدیا بارزانی دەیەوێت بەهەمان ئەو تیرەی لە ساڵی 2014دا، پارتی و بەشێك لە یەكێتی و حزبەكانی تر (بەرهەم ساڵح)یان، لە ململانێی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ (فوئاد مەعسوم)دا، گلان، بەهەمان ڕێگا و لەهەمان جێگا مێژوو دووبارەبكاتەوە و خەون و خولیاكانی بۆ گەیشتن بە كۆشكی سەلام بۆ هەمیشە بكات بەسەراب، چونكە بەفلتەری ئەودا تێنەپەڕیوە و بەموبارەكەی ئەو دانەنراوە.  لە بەیاننامەكەی بارزانیدا، كە ئێوارەی دوێنێ‌ بڵاویكردەوە، بەڕونی ئەم خواستە بەرجەستە بووە، بارزانی دەڵێت" پێمان باشە دیاریكردنی بەڕێزێك بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بۆ ڕای فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بگەڕێتەوە. هەر بەڕێزێك دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی لایەنە كوردستانییەكانی بەدەستهێنا وەك كاندیدی كوردستان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار دیاری بكرێت". وەك دەوترێت لەگەڵ ئەوەی بارزانی دڵنیانیە لە دەرچونی كاندیدەكەی، بەڵام دڵنیایە لەوەی بەرهەم ساڵح نەك هەر لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆدەنگی لەسەر نیە، بەڵكو لەناو فراكسیۆنی یەكێتیشدا كە ململانێی توندی  ناو حزبەكە ڕەنگدانەوەی قوڵی هەیە تیایدا، كۆدەنگی لەسەر نیە و كۆی پەرلەمانتارەكانی یەكێتی دەنگی پێنادەن، بۆیە بارزانی هەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانیەكانی بەلاوە پەسەندتر و زامنترە وەك لە ڕۆیشتن بۆ هەڵبژاردن لەناو پەرلەمانی عێراق، كە لە ڕوویەكیدا دەكەونە ڕكابەڕی كردن لەگەڵ شەخسێك كە لەسەر ئاستی عێراق ناسراوتر و كاریزماییترە بە بەراورد بەكاندیدەكانی ئەوان و هەم پارتیش وەك حزب لەسەر ئاستی عێراق زۆر خوازراو و خۆشەویست نیە.  بەرهەم ساڵح متمانەی بەهێزە عێراقییەكان زیاترە  بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بەرهەم ساڵح دەچێتە هەر كۆڕ و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان تەئكید لەوە دەكات، بێجگە لە فراكسیۆنی پارتی تەواوی لایەنە كوردییەكان متمانەی دەدەنێ‌ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جورئەتی ئەوەناكات بچێتەوە ململانێی هەڵبژاردنێكی تر كە فراكسیۆنە كوردییەكان ڕێكیبخەن، تەنانەت ئەگەر ڕكابەرەكەی پارتیش بێت، وەك دەوترێت بەرهەم ساڵح  پێش ئەوەی ترسی هەبێت لەلایەنەكانی تر، متمانەی بە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی خۆی نیە(یەكێتی) دەنگی پێدەن، بۆیە ئەوەی بەلاوە باشترە شەڕەكە بەرێتە ناو پەرلەمان چونكە زیاتر ئومێدی بەهێزە عێراقییەكانە دەنگی پێبدەن وەك لە هێزە كوردییەكان.  ئەم خواستەی بەرهەم ساڵح لە و بەیاننامەیەدا ڕەنگیداوەتەوە كە وەڵامێكی ڕاستەوخۆیە بۆ ڕاگەیەندراوەكەی مەسعود بارزانی، بەرهەم ساڵح لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت"یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە تەنها لە لایەن هێزە كوردستانییەكانەوە كاتێك ئەكرێت كە دۆخی سیاسی كوردستان ئاسایی بێت، كە بەداخەوە ئیستا بەشێكی گرنگی هێزە كوردستانییەكان تەنانەت ئامادەی دانیشتن نین لەگەڵ یەك، هەروەها لەم هەلبژادنەش كاندیدەكان تەنها نوینەرانی یەكێتی و پارتی نین، بەڵكو ژمارەیەك كەسایەتی تری ناحیزبی تیایە. و هەروەها ئەگەر سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق بە كوردستانیشەوە ئەكات ئەوە پێویستە پەرلەمانی عیراق بڕیاری كۆتایی لەسەر بدات بەپێی ئەمەش هەنگاوێكە بۆ شكاندنی پشك پشكێنەی حیزبی و لە ئێستادا داواكاریەكی گشتی دیموكراتیە". پارتی و یەكێتی لەیەكڕیزییەوە بۆ گرەوكردن ئەوەی ئێستا بەڕوونی لەسەر زەمین بەرجەستەبووە، درێژەكێشانی ململانێكانی نێوان یەكێتی و پارتیە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، بڵاوبوونەوەی هەردوو ڕاگەیەندراوەكەی مەسعود و بارزانی و بەرهەم ساڵح ئاماژەن بۆ سەختی گەیشتن بەڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەگەر مەحاڵ نەبێت، لێرەوە ئەگەری هەر بەهێز ئەوەیە پارتی و یەكێتی بەدوو كاندیدی جیا بچن بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەوە لە كاتێكدایە شیعەكان بەهەردوو لایان وتووە بڕۆن لەسەر كاندیدێك ڕێكبكەون بۆئەوەی ئەوان پشتیوانی بكەن، لەم حاڵەتدا ڕەنگە شیعەكان پەرلەمانتارەكانیان سەرپشكبكەن لەوەی دەنگ بەكاندیدی چ لایەنێك دەدەن، ئەوەش بەو مانایەی پارتی و یەكێتی لەیەكڕیزی و پێكەوە بوونە هاتونەتە سەر گرەوكردنێك كە دوورنیە هەردووكیان تیایدا دۆڕابن. ململانێ‌ لەسەر پۆست نەك بەرژەوەندی گەل بە رای چاودێران ململانێی توندی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە زیاتر پۆستێكی تەشریفاتییە و دەسەڵاتێكی كەم و ئیمتیازاتێكی زۆری هەیە، ئەوە دەردەخات كە ئەو دوو حزبە لە دوای 2003ەوە ئەوەندی هەوڵ و ململانێیان بۆ ئەوە بووە پۆست و ئیمتیازات بۆ حزبەكانیان بەدەستبهێنن، ئەوەندە هەوڵیان نەداوە مافە دەستورییەكانی هەرێم لە بەغدا بچەسپێنن و زۆرجاریش بۆئەوەی ئەو دەستكەوتانەیان لەدەستنەچێت لە كۆتاییدا دەگەنە رێككەوتن و پۆستەكان بەسەرخۆیاندا دابەشدەكەن.           


راپۆرتی شیكاری : محەمەد رەئوف  لە دەنگدانی تایبەتی پەرلەمانی كوردستاندا 170 هەزار و 469 كەس مافی دەنگدانیان هەیە ئەوەش بەشی ( 9 كورسی ) پەرلەمانی كوردستان دەكات و ئەگەر 90% لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بدات, ئەوا بەشی 8 كورسی دەكات كە لە هەڵبژاردنی پێشوو 2013 ئاستی دەنگدانی تایبەت 94% بووە. دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان  لە ( 99 بنكە و 471 وێستگە ) دەنگ دەدەن، بەمشێوەیە:  -    پارێزگای هەولێر:  72 هەزارو 653 دەنگدەری تایبەت لە 41 بنكە و 201 وێستگە -    پارێزگای سلێمانی: 62 هەزارو 220 دەنگدەری تایبەت لە 37 بنكەو 172 وێستگە -     پارێزگای دهۆك:   33 هەزارو 421 دەنگدەری تایبەت لە 20 بنكەو 92 وێستگە -     پارێزگای هەڵەبجە: 2 هەزارو 175 دەنگدەری تایبەت لە 1 بنكەو 6 وێستگە ئەگەرچی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان بەسەر یەكێتی نیشمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا دابەشبوون و زۆرینەی هێزەكان سەربەو دوو حزبەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا لایەنەكانی دیكەش لە هێزە ئەمنییەكاندا دەنگیان هێناوە. هێزەكانی یەكێتی و پارتی بریتین لە: -     یەكەی 80 ی پێشمەرگەی پارتی  58 هەزار پێشمەرگەیە -     یەكەی 70ی پێشمەرگەی یەكێتی : 56 هەزار پێشمەرگە، -    هێزەكانی زێرەڤانی پارتی كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە: 44 هەزار چەكدارە -    هێزی بەرگریی فریاكەوتنی یەكێتی: 22 هەزار چەكدارە -    لەگەڵ چەندین جۆری دیكەی هێزی چەكدار لە ئاسایش و پاسەوان و دژە تیرۆر و پاراستن و زانیاری كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێت و دەنگی حازری ئەو حزبانەن و چاوی سەرەكیان لەسەریەتی لەبەرئەوەی بەشی چەند كورسیەك دەنگ لە هێزی ئەمنی هەیە.  بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی 2013 وەزارەتی پێشمەرگە ( 118 هەزارو 642 ) پێشمەرگە لەو وەزارەتە هەیە،  بەڵام لەراستیدا بەهۆی كەمئەندامانی سەنگەرو پێشمەرگەی دێرین و خانەنشینانەوە زیاتر لە ( 400 هەزار ) كەس لە وەزارەتی پێشمەرگە موچە وەردەگرن، سەبارەت بە وەزارەتی ناوخۆش كە بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی 2013 وەزارەتی ناوخۆ ( 121 هەزار و 841 ) كەسە و  دەزگای ئاسایش ( 31 هەزارو 421 ) كەسە و ئەنجومەنی ئاسایش ( 6 هەزارو 476 ) كەسە. ئەگەر دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان وەربگیرێت لەناو هێزە ئەمنییەكاندا دەردەكەوێت كە لایەنەكانی تریش دەنگیان هەبووە لەناو هێزە ئەمنییەكاندا.  دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 21/9/ 2013دا  ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت كە زۆرینەی زۆری هێزی ئەمنی و سەربازییە لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە كۆی(154 هەزارو 50 ) كەس لە دەنگدانی تایبەت   ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی  (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەمشێوەیە بووە: لەگەڵ ئەوەی پێشتر ئەو دەنگدانە لە بەرژەوەندی پارتی و یەكێتی كۆتایی دەهات بەڵام لە دوای 25/7 ەوە لایەنەكانی تریش رێژەیان لەو دەنگدانە دەهێنا، بە وتەی بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 لە ( 39% ) ی هێزەكانی ناوخۆ دەنگیان بە دوو هێزەكەی دەسەڵات نەداوە و بەلایەنەكانی تریان داوە.   ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی 21/9/2013 ( 154 هەزارو 50 كەسە) لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی هەریم لە كەركوك و موسڵ و بەغداد، بەڵام تەنها لە سێ پارێزگاكەی هەرێم ( 148 هەزارو 553 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە كە ئەو دەنگانە بەشی ( 8 ) كورسی پەرلەمانی كوردستانی دەكرد، ئەویش دابەشبوو بووبەسەر وەزارەتەكاندا ، لە هێزی ئاساییش ( 16 هەزارو 869 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو كە لە هەولێر و دهۆك ( 8هەزارو 314 ) كەس و لە پارێزگای سلێمانیش 8 هەزارو 555 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، لە وەزارەتی ناوخۆ ( 44 هەزارو 666 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، لەو ژمارەیەش ( 18هەزارو 560 ) كەسیان لە هەولێر و دهۆك و ( 26 هەزارو 106 ) كەس لە پارێزگای سلێمانی مافی دەنگدانی هەبوو. سەبارەت بە وەزارەتی پێشمەرگەش ( 85 هەزارو 16 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو وەزارەتی بەرگری عێراق ( 934 ) كەس و پاسەوانی سنوور ( 6 هەزارو 328 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، وەزارەتی كاریش ( 237 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو.   لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لەكۆی(154 هەزارو 50 ) كەس  ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی  (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە:    یەكەم: پارێزگای سلێمانی لە 21/9/2013 لە دوای جیاكردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی( 56هەزار و 656 )كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە رێژەی بەشداری دەنگدان (95.6% ) زیاتر لە ( 54 هەزارو 164 ) دەنگی داوە بە جۆرێك :  1-    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 27هەزار و 335 دەنگ  2-    بزوتنەوەی گۆڕان 18هەزار و 614دەنگ  3-    یەكگرتووی ئیسلامی 2011 4-    كۆمەڵی ئیسلامی 1980 دەنگ  5-    پارتی دیموكراتی كوردستان 1665 دەنگ. 6-    لایەنەكانی تر   2 هەزار و 726  دووەم/ پارێزگای هەولێر لە 21/9/2013 ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 لە پارێزگای هەولێر كە (62 هەزار و 900 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە  زیاتر ئاستی دەنگدان (93.7% ) لە ( 58 هەزارو 938 ) كەس دەنگیاندا، بەجۆرێك : 1-    پارتی: 38 هەزار و 487 دەنگ 2-    یەكێتی: حەوت هەزار و 148 دەنگ 3-    گۆڕان: پێنج هەزار و 390 دەنگ 4-    پارتی پیشكەوتنخوازی توركمانی: سێ هەزار و 978 دەنگ 5-    كۆمەڵی ئیسلامی: هەزار و 460 دەنگ 6-    یەكگرتووی ئیسلامی: هەزار و 211 دەنگ سێیەم / پارێزگای دهۆك لە 21/9/2013 لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە سنوری پارێزگای دهۆك، لە كۆی (28 هەزار و 997 ) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، بەرێژەی (91.5% ) دەنگیانداوە   (26 هەزار و 532) كەس دەنگیانداوە، ژمارەی دەنگی لایەنەكانیش بەم شێوەیەیە:  1-    پارتی دیموكراتی كوردستان بە (19 هەزار و 642) دەنگ،   2-    لیستی‌ كلدان و ئاشوری‌ بە (2 هەزار و 377) دەنگ. 3-    یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانیش (1 هەزار و 866) دەنگی هێناوە . 4-    یەكگرتوی‌ ئیسلامی بە (1 هەزار و 452) دەنگ. 5-    بزوتنەوەی‌ گۆڕانیش بە (799) دەنگی هێناوە . 6-    كۆمەڵی‌ ئیسلامیش تەنها (126) دەنگی هێناوە .   دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا  لە هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم، ( 2 ملیۆن و 775 هەزارو 671 ) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ( 185 هەزارو 315 ) كەس لە دەنگدانی تایبەتن، بەجۆرێك لە سلێمانی (74 هەزارو 152) كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیەو لە هەوڵێر (81 هەزارو 793  ) كەس و لە دهۆكیش ( 29 هەزارو 370 ) كەس. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا ( 144 هەزار و 434 ) دەنگدەری تایبەت دەنگیاندا، لەو ژمارەیە پارتی دیموكراتی كوردستان ( 59 هەزارو 794  ) دەنگ و بەرێژەی ( 41.4% ) و یەكێتی ( 36 هەزارو 349 ) دەنگ و بەرێژەی ( 25.2% ) و گۆڕان (24 هەزارو 130 ) دەنگ و بەرێژەی ( 16.7% ) و یەكگرتوو ( 4 هەزارو 923 ) دەنگ و بەرێژەی ( 3.4% ) كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش ( 3 هەزارو 990 ) دەنگ بەرێژەی ( 2.8% ).   بەڵام بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە گۆرەپانی سیاسی كوردستان و دۆخی ناوخۆی حیزبەكاندا روویداوە، چاوەروان دەكرێت ئاستی دەنگدانی تایبەت بۆ حیزبەكان گۆڕانكاری دروست بكات.  


راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف بە درێژایی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ساختەكاری كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبووە، لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا حزبە باڵا دەستەكان بەهۆی كۆنترۆڵی دامودەزگاكانی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان و دارایی و تەواوی كایەكانی حكومەتداری لە هەرێم. بەشێك لە لایەنە سیاسی و عێراقییەكان سكاڵایان تۆماركردو تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بەوەی ساختەكاری كراوەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكان گۆڕاوە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستانیش ساختەكاری دەكرێت، بە فۆرم و شێوازی جیاوازتر. پێشتر جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانیش ساختەكاریمان لێدەكرێت" هاوكات سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئاژانسی راگەیاندووە״ زانیاریی ئەوەمان لەبەر دەستە كە پارتی خەریكی ساختەكارییەكی گەورەیە بۆ هەڵبژاردن.״ رێگاكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 وەك چۆن لە تەواوی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ساختەكاری كراوە، هەموو لایەنەكان نایشارنەوە كە لە هەڵبژاردنی داهاتووش ساختەكاری دەكرێت،  بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" یەكێتی و پارتی بڕیاریان داوە كە لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولدا دەستكاری دەنگی لایەنەكانی ( گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و یەكگرتوو) نەكەن و ئەوان دەنگی خۆیان بۆ خۆیان، بەڵام خۆیان لە رێگەی ساختەكارییەوە رێژەی دەنگدەران دەگۆڕن و ئەنجامی دەنگدان لە قازانجی خۆیان دەبێت. زانیاریەكانی " درەو میدیا" ئاماژە بەوە دەكەن  كە پارتی بڕیاریداوە لە سنوری ناوچەی خۆی نزیكەی( 200 بۆ 250 هەزار )دەنگ ساختە بکات و یەكێتیش بە هەمان شێوە ئامادەكاری گەورەی كردووە بۆ ساختەكاری بە هەمان رێژەی پارتی.  سەرچاوەیەكی باڵا بە " درەو میدیا" ی راگەیاند" ئێرانییەكان بە یەكێتی و پارتیان راگەیاندووە كە نابێت دەستكاری دەنگی لایەنەكان بكرێت و دەنگیان كەمبكرێتەوە، بەڵكو دەتوانن خۆیان دەنگ بۆخۆیان زیاد بكەن، چونكە نایانەوێت وەك پێشوو دۆخەكە بئاڵۆزێنن و پشێوی دروست بێت " بۆیە یەكێتی و پارتی هیچ دەنگێكی لایەنەكانی تر بۆخۆیان نابەن و كەمی ناكەنەوە بەڵكو دەنگ بۆخۆیان زیاد دەكەن و  ئەوەش كاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگدان دەبێت.  ئێرانییەكان بە یەكێتی و پارتیان راگەیاندووە كە نابێت دەستكاری دەنگی لایەنەكان بكرێت و دەنگیان كەمبكرێتەوە، بەڵكو دەتوانن خۆیان دەنگ بۆخۆیان زیاد بكەن، چونكە نایانەوێت وەك پێشوو دۆخەكە بئاڵۆزێنن و پشێوی دروست ببێت ئەگەر لێكدانەوەیەكی ورد بكەین، كۆی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان (  3 ملیۆن و 85 هەزارو 461 ) كەسە، خۆئەگەر كۆی گشتی دەنگدەران لە تەواوی پارێزگاكان بە تێكڕا ( 60%) بێت بەوپێیەی ( هەولێر 60% و سلێمانی 50% و دهۆك 75% و هەڵەبجە 55%) دەنگبدات،  ئەوا لەكۆی ژمارەی گشتی دەنگدەران ( 1 ملیۆن و 851 هەزار) كەس دەنگ دەدات، بەهای كورسیەكی پەرلەمانیش ( 18 هەزارو 510 ) دەنگ دەبێت، بە پێی زانیارییەكان یەكێتی و پارتی خۆیان ئامادەكردووە زیاتر لە ( 450 هەزار بۆ 500 هەزار دەنگ ) تەزویر بكەن، كە هەریەكەی زیاتر لە ( 200 هەزار دەنگ ) تەزویر دەكەن، كە ئەگەر دابەشی بەهای كورسیەكی بكەین ئەوا دەكاتە ( 25 كورسی) واتا لەسەروی دەنگی خۆیانەوە بەشی 25 كورسی ساختە دەكەن، بەو پێیەش كێبەركێكە لەسەر ( 75 كورسی) پەرلەمان دەبێت، نەك ( 100 كورسی)   بۆ ساختەكاریەكانیش یەكێتی  وپارتی ئامێری زۆر پێشكەوتوویان هێناوەو ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری بۆدەكەن و كاری بۆ دەكەن،  شێوازەكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول -    ساختەكردن و دروستكردنی رەگەزنامەی عێراقی و كارتی نیشتمانیی -    هەركەسێکیان 7 بۆ 8 كەس دەنگ بدات لە رۆژی دەنگدان  -    پڕكردنی سندوقی دەنگدان و ئاڵوگۆڕپێكردنی سندوقەكانی دەنگدان  -    دیاریكردنی بنكەی دەنگدان و بەبێ ئەوەی ناوی كەسی لێبێت و پڕكردنەوەی سندوقەكانی. -    ساختەكاركردن لەناو هێزە ئەمنییەكان و پڕكردنەوەی سندوقەكان لە دەنگدانی تایبەتدا. -   رەگەزنامەی عێراقی و كارتی نیشتمانیی ساختەكراو و دەدرێت بە هاوڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان و دێنە شارەكانی هەرێم و دەنگ دەدەن بەتایبەتیش هێزە ئەمنییەكان. -    سودوەرگرتن لە دەنگی ئاوارەكان و دەنگدانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان -    ئەمە سەرەرای فشارو سوێندان و تەڵاقدان     لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا ساختەكاری كراوەو بەڵام لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر فۆرمی ساختەكاریەكە جیاواز بووە.  كێبەركێی لایەنەكان لەسەر 75 كورسی دەبێت و بەشی 25 كورسی تەزویر دەكرێت   ساختەكاریی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 1992 دەگۆڕێت بەپێی ئەو نامە و راگەیەنراو و بەڵگەنامانەی بڵاوكراونەتەوە، لە هەڵبژاردنی 19/5/1992دا بە جۆرەها شێوە ساختەكاریی و تەزویر لەلایەن هێز و لایەنەكانەوە كراوە، لە یەكەم هەنگاودا كە بڕیاربوو هەڵبژاردن لە 17/5 بكرێت دواخرا بۆ 19/5 ، لەو كاتەدا وترا مەرەكەبی هەڵبژاردنەكان لەلایەن هێزێكەوە ساختەكراوە و مەرەكەبی خراپ هێنراوە بۆیە هەڵبژاردن دواخرا، لەگەڵ ئەوەی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لێكۆڵینەوە لەهەر بنكە و ناوەندێكی دەنگداندا دەكرێت، كە رێژەی دەنگدان تێیدا لە (85%) زیاتر بێت، بەڵام بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە راگەیەنرا، لە پارێزگای دهۆك، كە (178000) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لەو پارێزگایە (198352) دەنگیانداوە، واتا رێژەی دەنگدان (111%)، ئەم شێوازە لە ریفراندۆمدا لە پارێزگای دهۆك دووبارە بۆوە بەو پێیەی لەو پارێزگایە ( 734726 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام ( 814588) كەس دەنگیدا بەرێژەی ( 111%) ، بەوپێیەش ئەو تەزویرەیكراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی گۆڕی، چونكە لە هەڵبژاردنەكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان (437879) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (45.05%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (423833) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (43.6%) ئەگەر ئەو رێژە دەنگە زیادەیەی دهۆكی لێدەركرێت (20352) دەنگی زیاد لە (100%) ی دەنگدانە ئەوا دەنگی پارتی دەبێتە (437879 - 20352 = 417527) دەنگ بەو پێیەش كۆی گشتیی دەنگدان دەبێتە (951601) واتا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێتە هێزی یەكەم و رێژەی دەنگەكانی دەبێتە (44.5%) و پارتی دیموكراتی كوردستانیش رێژەی دەنگەكانی دەبێتە (43.9%) و هێزی دووەمی كوردستان.  لە بنكەی (17)ی دهۆك (قوتابخانەی پێشكەفتن) كە ژمارەی دەنگەكانی ئەو بنكەیە (1994) دەنگ بووە، بەڵام (7994) كەس دەنگیداوە، واتا (6000) دەنگ لەو بنكەیە زیاد ئەژماركرابوو. لە بروسكەیەكدا كە لە رۆژی 18/5/1992 بۆ ئەمیر حەوێزی سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ناردووە، جەلال تاڵەبانی، سكرتێری یەكێتی ئاماژەی بە چەندین ساختەكاریی و فێڵ كردووە، لە بروسكەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، كە پارتی 1000 كەسی خۆی هێناوەتەوە لە ئێرانەوە كەچی دەنگدان بۆ ئەوان دواخراوە بە بڕیاری سەركردایەتی، لە بەیاننامەیەكیشدا، كە لە 19 /5/1992 بڵاوكراوەتەوە، د. مەحمود عوسمان ئاماژە بەوە دەكات، كە ساختەكاریی زۆر كراوە و بەهۆی ئەوەی مەرەكەبەكە بە ئاسانی لێكراوەتەوە بەچەندین جۆری ناسنامە دەنگدراوە و كەسی وا هەبووە (10) جار دەنگیداوە، پێشیوایە ساختەكاریی زۆر كراوە. ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكانی 2005دا نەوشیروان مستەفا لە 8/7/2013 كۆمەڵێك بەڵگەنامەی بەناوی (پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم) بڵاویكردەوە، كە تیایدا هاتووە: بەهۆی تەزویرەوە لە هەڵبژاردنەكانی 2005 دا لە قەزای سۆران كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەندێك لە سندووقەكانی ئەو قەزایەی پوچەڵكردەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، لەبەرئەوەی یەكێتی (20 هەزار) دەنگی زیاتر لە پارتی هێنا، مەسعود بارزانی ئەمەی بە تەزویر لەقەڵەمدا، هەربۆیە لە نامەیەكدا بۆ جەلال تاڵەبانی، سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە رۆژی 1/2/2005 دا تیایدا ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات، لە خاڵی شەشەمدا بەروونی باسی تەزویر و خروقات دەكات و دەنو‌وسێت (هەندێك خروقات یەكجار زۆر زەقن و پینە ناكرێن وەك ژمارەی زیادی دەنگ، كە بە دەها هەزار زیاترە لەوەی كە تۆمار كراوە و مەعلوم بووە پێشتر ئەو شوێنە ژمارەی دەنگدەری چەندە). ساختەكاریی لە هەڵبژاردنی 2014 لە 30/4/2014دا، كە هەرێمی كوردستان و عێراق دوو هەڵبژاردنی بەخۆوە بینی، بەروونی ساختەكاری كراوە، بەتایبەتی لە شوێنی كۆكردنەوە و جیاكردنەوەی دەنگەكان لە ( ئەلبیسەكەی ) شاری سلێمانی، لەو كاتەدا ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، كە بەپێی ئەو بەڵگانەی لەلایەن ئەو ژوورەوە خراونەتە روو، دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەنجامی دەنگەكان و CDیەكانی كۆمیسیۆن و فۆرمی 902 كردووە، بۆی دەركەوتووە، لەو( 3 هەزار و 256 )وێستگەیەی پارێزگای سلێمانی لە 133 وێستگەدا "ساختەكاری گەورە" كراوە، بەشێوەیەك لەو وێستگانەدا زیاتر لە 14 هەزار دەنگیان كەمكراوەتەوە، هەر بەپێی بەڵگەكانی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، ( 14 هەزار و 678 )دەنگی گۆڕان براون بۆ یەكێتی و بەو دەنگانەشەوە كە لە 4 لایەنەكەی دیكەوە براون بۆ یەكێتی دەگاتە( 19 هەزار و 968 )دەنگ.دواتریش بەهۆی گۆرشانكاری گەورە لە كورسیەكانی حزبەكاندا كراو ئەنجامی هەڵبژاردنی گۆڕی.  ئێرانیەكان وتیان ( ئێمە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی پارێزگاكان گۆڕان 17 كورسی هێنابوو یەكێتی 6 كورسی، 5 كورسیمان بۆ یەكێتی زیادكرد، كردمانە 11 بەرامبەر بە 12ی گۆڕان، یەكێتی پێی وتین دەبێت ئیمە بكەنە 12 و گۆڕان بكەنە 11 وتمان ناكرێت شەر و ناكۆكی گەورەی لێدەكەوێتەوە) ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای ئێرانە، كە بەرپرسانی گۆڕانیان راگەیاندبوو، لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق لە 30ی نیسانی 2014 (نوری مالیكی و ئێرانیەكان كۆدی ئامێری دەنگدانەكەیان لە ئەڵمانیاوە كڕی و بە 2 ملیۆن دۆلار هێنایانەوەو تەزویرێكی زۆریان پێكرد بەتایبەتیش لە كەركوك و نەینەوا كە دەنگی یەكێتیشیان پێزادكرد ) ئەمەش وتەی پەرلەمانتارێكی كوردستانە.  ئەوەی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 كرا لەسەرو ساختەكاریەوە بوو چونكە گۆڕینی دەنگەكانی هەڵبژاردن بوو، بۆیە ساختەكاریەكە نە بە دەنگ و نە بە كورسی ناپێورێت.  


راپۆرتی: (درەو میدیا) سەنگەرگواستنەوە لەناو حزبەكاندا نوێی نییە و مێژوویەكی دووردرێژی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا روودەدات، هەندێك بە بەرژوەندی شەخسی ڕووت و هەوڵی بەدەستهێنانی پلە و پایەو هەندێكی تریش بۆ نائومێدبوون لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران و بێدەنگەكانی ئەمڕۆی دەگەڕێننەوە. هەركاتێك هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بێتەئاراوە، سەنگەرگواستنەوە دەبێتە بەشێك لە هەڵمەتی بانگەشە و رۆژانە دیمەنی ئەو بەرپرس و كەسانە بڵاودەبنەوە كە بە شانازییەوە باس لە سەنگەرگواستنەوەیان دەكەن و وەك پاڵەوانێك لەلایەن حزبەكانەوە نیشاندەدرێن بۆ لێدان لە حزبی بەرامبەر و بەرزكردنەوەی ئاستی جەماوەرێتی خۆیان. لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە هەڵبژاردنەكانی تر حزبەكان، هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆئەوەی بەرپرس و ئەندام و لایەنگری حزبە ركابەرەكانیان بێننە ریزەكانی خۆیانەوەو وەك كارتێكی بەهێزی بانگەشە لە میدیاكانیانەوە نمایشیان بكەن. پاڵنەرەكانی سەنگەرگواستنەوە بەشێوەیەكی گشتی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستاندا چەند پاڵنەرێكی گرنگ هەن كە رۆڵیان هەیە لەوەی ئەم دیاردەیە بە زەقی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەربكەوێتەوە ، كە گرنگترینیان ئەمانەن: 1- بەرژەوەندیی تایبەت و هەوڵی گەیشتن بە پۆست و پلە و پایە و دەستكەوتی مادی. 2- باڵكێشانی بێ‌ ئومێدی بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكدا بەهۆی پاشەكشێتی گوتاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران لەبەرامبەر دوو هێزە تەقلیدییەكەدا. 3- گومان و دڕدۆنگی گەورەی خەڵك لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار و گومانەكان لە ساختەكاریی گەورە لەو پرۆسەیەدا و تێپەڕاندنی ئەنجامەكان و بێ‌ توانایی لایەنە ناڕازییەكان لە رێگریكردن لە تێپەڕاندنی ئەنجامەكان. 4- چۆڵبوونی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم لە ژمارەیەك سیاسەتمەداری كاریزما و كاریگەری وەك نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی. 5- پاشەكشێی گوتاری سیاسی و هەندێك حزب و ناڕەزایەتی كادر و ئەندامەكانیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەكەكانيان. 6- كەمبوونەوەی جیاوازی لە بیركردنەوە و بەڕێوەبردنی حزبەكان و كورتبوونەوەی پرۆسەی سیاسی لە هەوڵدان بۆ دەستكەوتی كەسی و بنەماڵەیی. 7- بوونی هەڕەشە و ترس لە هەڵدانەوەی دۆسیەی ژیانی تایبەتی و شكاندنی كەسایەتی و پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی. 8- تێكئاڵانی كاری سیاسی و بەرژەوەندیی ئابوریی و بازرگانی و هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوریی و بازرگانییەكان لەرێگەی سەنگەرگواستنەوەوە. 9- دەستوەردانی هەندێك هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی لایەنێك و دژی لایەنێكی تر. 10- كێشە و ناكۆكی كەسیی لەنێوان بەرپرس و ئەندامانی حزبێك لەناوخۆیاندان یاخود لەگەڵ لایەنێكی دەرەوە. 11- بەكارهێنانی پارە و پۆست بۆ راكێشانی بەرپرسانی حزبەكانی تر كاریگەری راستەوخۆی هەیە لە دیاریدەی سەنگەرگواستنەوەدا. وەك دەوترێت پاڵنەرەكان ئەم شەپۆلی سەنگەرگواستنەوە نوێیە هەرچیەك بن، نە فیكر و ئایدیایە، نەبۆچونی جیاوازە لە كاری حزبایەتی، ئەوەی زیاتر ئەم بڕوایە تۆختر دەكات ئەم شەپۆلە زیاتر لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا ڕواجی هەیە و تەرویجی پێدەدرێت و كارتێكی بەهێزە بۆ دروستكردنی فشاری دەرونی لەسەر یەكتر و تەنانەت دانانی كاریگەریش لەسەر دەنگدەر. گەڕانەوە لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات گەڕانەوە بۆ ناو ڕیزی هێزە باڵادەستەكان (یەكێتی و پارتی) هەرچییەك و هەرچۆنێك بن، هیچ لەو ڕاستیيە كەمنكاتەوە كە هێزەكانی ڕكابەرییان نەیانتوانی نەك وەك بەدیل بەڵكو وەك كۆمەڵێك هێزی خاوەن ئەكت و دروستكردنی ڕوداو و سیناریۆی سیاسی خۆیان تەرح بكەن، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان كە ساڵانێكی زۆر جێگەی ئومێدی بەشێكی بەرچاو لە خەڵكی كوردستان بوو بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵك و دانانی سنورێك بۆ ئەو ناعەدالەتیيە كۆمەڵایەتی و ناشەفافی و گەندەڵییەی كۆی جومگەكانی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، لانی كەم ئەم وێنەیە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە زیهنی كۆمەڵێكی زۆر لەخەڵكی كوردستاندا چەسپی بەبەشێك لەلایەنگرانی ئەو هێزانەشەوە. حكومەت سیستمی "ڕوبعە موچە" و "نیو موچە"ی داهێنا، مانگی لە 30 ڕۆژەوە بۆ 60 ڕۆژ و بەرەو ژوور درێژكردووە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بێدەنگ بوون یان شەرمنانە لەژێر لێوەوە و لەباشترین حاڵەتدا بەیاننامەیان بڵاودەكردەوە، حزبێك و لەناوحزبێكیشدا شەخسێك تاكلایەنە بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی دا و كارەساتێكی گەورەی نەتەوەیی گەورەی لێكەوتەوە، ئەم هێزانە هەر بێدەنگ و جوڵە بوون، ڕوداوی  16ی ئۆكتۆبەری لێكەتەوەو كورد زیاتر لەسەدا 50 خاكی كوردستانی لەدەستدا بەكەركوكیشەوە، ئەم هێزانە هەر بێدەنگ و بێهەڵوێست بوون، سوپای وڵاتانی ئیقلیمی لەناو خاكی باشووری كوردستان بە ئازادی دێن و دەچن، ئەم هێزانە هەر بێدەنگن و غەیری بەیاننامە هەڵوێستێكی جدییان نیە و ئەوەش بووەتە هۆی بێئومێدبوونی چەندین كەسی ئەو حزبانە و سەنگەرگواستنەوە بۆ حزبەكانی دەسەڵات. سەنگەرگواستنەوەیەكی بێ‌ وێنە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا لە چەندین  قۆناغی گرنگدا دیاردەی سەنگەرگواستنەوە هەبووە و ئەندام و سەركردە و بەرپرسانی حزبەكان بەهۆی ناكۆكیی سیاسیی یان بەرژەوەندیی تایبەتەوە، حزبەكانی خۆیان بەجێهێشتووە و چونەتە ناو حزبێكی ترەوە، بەڵام هیچ كاتێك نەگەیشتوەتە ئاستی ئەوەی سەرۆكی حزبێك سەنگەر بگوازێتەوە و دەستبەرداری حزبەكەی بێت، هەمیشە دیاردەی سەنگەرگواستنەوە زیاتر لە ئاستی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی و بەرپرسانی تری حزبدا قەتیس بووە، بەڵام ئەمساڵ هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا روداوێكی دانسقەی تۆماركرد، بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسى و دادپەروەریی حزبەكەی بەجێهێشت و جارێكی تر گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەوە یەكەمجار بوو سەرۆكی حزبێك سەرنگەر بگوازێتەوە، ئەم رووداوە كاریگەری زۆری لەسەر لایەنگر و بەرپرسی حزبەكانی تر دروستكرد و شەرمی سەنگەرگواستنەوەی لە حزبێكەوە بۆ حزبێكى تر بەتەواوەتی  شكاند و كردییە دیاردەیەكی ئاسایی. ئێستا لە كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن نزیكدەبینەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بەر لە كۆتایی هاتنی بانگەشە، چەندین حاڵەتی تری سەنگەرگواستنەوە لە میدیای حزبەكانەوە پەخشدەكرێت بەمەبەستی كاریگەری خستنە سەر دەنگدەران، "درەو میدیا"  چەندین زانیاری لەسەر ئەو سەنگەرگواستنەوانە كە بڕیارە روبدەن لەبەردەستدایە، بەڵام وەك میدیایەكی سەربەخۆ نایەوێت بكەوێتە ناو ئەو شەڕەوە كە حزبەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر بەرپای دەكەن. مامەڵەكانی سەنگەرگواستنەوە لەبارەی سەنگەرگواستنەوەوە قسەوباسی زۆر دەكرێت، مامەڵەكانی سەنگەرگواستنەوە لەپشتی پەردەوە  بەڕێوەدەچن، بەشێوەیەكی گشتی باس لەوە دەكرێت لەبەرامبەر سەنگەرگواستنەوەدا چەندین دەستكەوت دەخرێتە بەردەم نێچیرەكان لەوانە: 1- پێدانی پۆستی باڵا لە حكومەت یان حزب 2- پێدانی پارە و ئۆتۆمبیل  3- پێدانی بەرژەوەندیی ئابوری وەك گرێبەست و تەندەری جێبەجێكردنی پرۆژە 4- دۆزینەوەی هەلی كار بۆ خزم و كەسە نزیكەكانی ئەو كەسەی سەنگەردەگوازێتەوە 5- جێبەجێكردنی پرۆژە  خزمەتگوزاریی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوانەی سەنگەردەگوازنەوە بەتایبەت لەناوچە گوندنشینەكاندا. مەرجەكانی سەنگەرگواستنەوە دیارترین مەرجی سەنگەرگواستنەوە ئەوەیە كە ئەو كەسە دەبێت لە میدیاكانەوە بە رەسمی سەنگەگواستنەوەی بەر لە هەڵبژاردن رابگەیەنێت و وەك بەشێك لە بانگەشە هۆكارەكانی كە خۆی بۆخۆی داناوە یان حزبە نوێكەی پێی دەڵێت بۆ خەڵك رابگەیەنێت و ئەو كاتەشی لەبەردەستیدا ماوە بانگەشە بكات بۆ حزبە نوێكەی و هانی كەسانی تر بدات وەك ئەم سەنگەر بگوازنەوە.


( درەو میدیا): لە گەرمەی شەڕ و ململانێكانی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و دانانی مەرج و پێشنیازی جیاواز بۆ یەكتری، دۆسیەی ڕیفراندۆم دێتەوە بەرباس و وردە وردە لایەنە ناكۆك و دژ بەیەكەكانی شیعە لەیەك سەنگەردا كۆدەكاتەوە و خەریكە لەڕێی دروستكردنی ڕای گشتی لە ناوەندە سیاسییە جیاكانی عێراق بەتایبەت لە دامەزراوەی پەرلەمان، ئەم پرسە دەكەنە قەیران و مەرج و بەربەستێكی گەورە بۆ هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتی كە هەم خۆیان و هەم حزبەكانیشیان هەڵوێستیان ڕوون و ئاشكرابووە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم. حەنین قەدۆ پەرلەمانتار هاوپەیمانی بونیاتنان كە هاوپەیمانی (مالیكی و عامری)یە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، زۆرینەیەكی پەرلەمانی هەیە دەنگ دەدەن بەكاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە بەشداری لە ڕیفراندۆمی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان نەكردبێت، تەئكیدیشیكردووە، زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگ بەكەسایەتییەكی كوردی بێلایەن دەدەن كە بەشداری لە ڕیفراندۆم نەكردبێت یان پشتیوانی نەكردبێت. لای خۆیەوە، پەرلەمانتار زیاد جەنابی لەلێدوانێكدا بۆ سۆمەریە نیوز، داوای لە مەسعود بارزانی كردووە پێش ئەوەی كاندید بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پێشكەشبكات، داوای لێبوردن لەگەلی عێراق بكات لەبەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. هەر لەو چوارچێوەیەدا مەنسور بعێجی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنان بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە، هاوپەیمانێتییەكەیان دەنگ بەهیچ كاندیدێكی پۆستی سەرۆك نادات ئەگەر پشتیوانی ڕیفراندۆمی جیابونەوەی هەرێمی كوردستانی كردبێت، داواشی  لە كورد كردووە كەسایەتییەكی نیشتمانی كاندید بكەن كە شایەنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێت.  بعێجی بەپێویستی زانیوە، سەرۆك كۆماری داهاتوو پارێزەری دەستوربێت،  نەك بۆئەوەی خۆی پێ بپارێزێت وەك سەرۆكەكانی پێشوو، بۆیە پێویستە سەرۆك كۆماری داهاتوو بەهێزبێت و توانای پاراستنی دەستور و وڵاتی هەبێت لە هەر دوژمنكارییەكی دەرەكی و ناوەكی و سەرۆكی هەموو عێراقییەكانیش بێت نەك هەرێمی كوردستان و نەتەوەكەی خۆی بەتەنیا.  پێشتریش جەواد موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەكەیان مەرجێكی نوێی داناوە بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار . ئەو پەرلەمانتارەی ڕەوتی سەدر تەئكیدی كردووە، دوور لەڕێككەوتنی كوتلە سیاسییەكان بۆ پشتیوانیكردنی كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێویستە لەسەر هەر كاندیدێك لەگەڵ باسكردنی سیڤی كەسایەتی خۆی، هەڵوێستیشی لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئاشكرابكات.   لە مادەی 67 دەستوری عێراقدا هاتووە" سەرۆكی كۆمار سەرۆكی دەوڵەت و سیمبوڵی یەكێتی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، شەونوخونی دەكات بۆ زامنكردنی پاپەندبون بەدەستور و پارێزگاریكردن لە سەربەخۆیی عێراق و سەروەری و یەكێتی و پاراستنی خاكەكەی، بەپێی ئەحكامەكانی دەستور. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، هاوپەیمانی بونیاتنان مەرجی نوێی بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار داناوە و لە دیارترین مەرجەكانیش ئەوەیە،  بەڵێنبدات هیچ ئاستەنگێك بۆ پڕۆژەیاسا و پڕۆژە بودجە دروستنەكات لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كورد. مەرجێكی تریشیان ئەوەیە سەرۆك كۆمار پشتیوانی حكومەتی داهاتوو بكات و چالاك بێت لە پۆستەكەیدا.   


راپۆرتی شیكاريى: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژ 30ی ئەم مانگە لایە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.  جوڵانەوەی نەوەی نوێ جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێكە لە نوێترین حزبەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان،   رۆژی 5/1/2018 یەكەمین كۆنگرەی خۆی بەست و لە كۆنگرەكەدا شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرا. ئەم دووەمین ئەزمونی هەڵبژاردنە كە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەدوای دروستبونییەوە بەشداری تێدا دەكات، یەكەمین بەشداریكردنیەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا. ئەم جوڵانەوەیە پشتی بە میدیا و سەرمایەی بازرگانی بەستووەو هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەكی رادیكاڵانە پەیامەكانی خستەڕوو، لە یەكەمین بەشداریكردنیدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، ئەم جوڵانەوەیە چوار كورسی پەرلەمانی بردەوە. خاڵە لاوازەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن: •    ئەم جوڵانەوەیە زیاتر لە بزوتنەوەیەكی میدیایی و تۆڕی كۆمەڵایەتی دەچێت وەك لەوەی هەڵگری روئیا و دونیابینی جیاواز بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی كە بەسەر هەرێمدا هاتووە. •    نەوەی نوێ دەیەوێت مۆدێلی فەرەنسا و ئەمریكا تاقیبكاتەوە لەسەر زەمینێكی وێرانە كە نە فەرەنسایە و نە ئەمریكا. •    ناشرینكردنی هەموان لەسەر جوانكردنی وێنای خۆی، كە دەڵێت من لەكەس ناچم ئەوان هەموویان لەیەك دەچن. •    تۆمەتبەخشینەوە بووە بەبەشێك لە گوتاری ئەم جوڵانەوەیە. •    پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوە، هەمان گوتاری پۆپۆلیستی و هێرشی سەرەتای 25ی 7ی 2009ی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێتەوە. •    نەوەی نوێ سەربە پارتی و یەكێتی نیە، بەڵام پارتی و یەكێتی دەستیان واڵاكردووە، چونكە پێیان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ نەوەی نوێ و جڵەوكردنی  ئاسانترە لە بزوتنەوە گۆڕان، بەوپێیەی گۆڕان قوڵاییەكی سەربازی هەیە و زۆربەی سەركردەكانی لەناو هێزی پێشمەرگەدا  خەڵكانی كاریگەرن. •    ئەم جوڵانەوەیە زیاتر كار لەسەر راكێشانی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، نەك پارتی و یەكێتی، ئەمەش دەبێتە هۆی سنورداركردنی ئاستی جەماوەرەكەی. •    سەرباری هەندێك جموجوڵ، بەڵام ئەم جوڵانەوەیە هاوشێوەی هێزەكانی تری سلێمانی نەوەی نوێ شەڕەكەی خستوەتە سلێمانی و گۆڕەپانی دهۆك و هەولێریان بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە. •    ئەم هێزە وا وێنا دەكات كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و لە بەغداد پشتیوانی دەكرێت، بەڵام ئاماژەیەكی روونی دەستنەكەوتووە لەو وڵاتانەوە بۆ پشتیوانی.     خاڵە بەهێزەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن:  •    سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن. •    هەڵگری گوتاری رادیكاڵانە بەرامبەر بە دەسەڵات، ئەم گوتارە سەرباری ئەوەی بەمدواییە تاڕادەیەك پاشەكشێی كرد، بەڵام گوتارێكە نزیكە لە شەقامەوە و هێشتا لای توێژێكی بەرفراوان لە دەنگدەران رەونەقی خۆی لەدەستنەداوە. •     بایەخدانی زۆری بە تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە. •    سەرۆكی جوڵانەوەكە بەبەراورد بە سەرۆكی پارتە سیاسییەكانی تر، زیاتر لەگەڵ دەنگدەران روبەڕوو دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر كێشكردنی دەنگی دەنگدەران.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف هەرێمی كوردستان لە چاوەڕەوانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندایە، بونی كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە  لەناوچەكەو هەرێمی كوردستانداو هاتنەكایەی هێزی نوێ لە چوار ساڵی رابردوودا ئەگەری گۆڕانكاری لێدەكرێت لە نەخشەی سیاسی هێزەكانی كوردستان، هەرچەندە بەپێی لێكدانەوەكان گۆڕانكاری جەوهەری رونادات كە كاریگەری هەبێت لەسەر نەخشەی سیاسی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بەو پێیەی تا ئێستا یەكێتی و پارتی وەك دوو هێزی دەسەڵاتداری كوردستان كە خاوەنی و ئابوری  وهێزی سەربازی و حوكمڕانی هەرێمن، هێشتا پێگەی خۆیان هەیەو چاوەڕەوانیش ناكرێت ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول ئەو دوو هێزە لە دەسەڵات دوور بخاتەوە. یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 21/9/2013 پرۆسەی هەڵبژاردنی 21/9/2013 لەدوای ساڵی 1992 و خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكەم خول بوو كە تەواوی هێزە سیاسیەكان هەریەكە و بە لیستی سەربەخۆ و جیا بەشداری هەڵبژاردنیانكرد، ئەمەش روونتر پێگەو سەنگی هێزەكان دەردەكەون، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 21/9/2013 بەرێوەچوو، تیایدا ( 31 ) لیست بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردوو سەرەنجام ( 17 ) لیست توانیان سەركەوتن بەدەستبهێنن.   لەو هەڵبژاردنەدا، ( 2653743 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ژمارەی دەنگدەری درووست (1978382) كەس دەنگیاندا بەرێژەی ( 74.5%) بەهای كورسیەك بەبێ دەنگی كۆتاكان (19520) دەنگ بەوپێیەی دەنگی درووست بەبێ كۆتاكان   ( 1952093 ) كەس بووە، تیایدا  هەڵبژاردنەدا ( 9 ) لیستی گشتی و ( 8 ) لیستی كۆتاكان توانیان كورسی بهێنن و بچنە پەرلەمانەوە، تیادا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (38.1% ) و ( 38 ) كورسی بەدەستهێنا و لیستی گۆڕان(476736) دەنگ و بەڕێژەی (24.4% ) و بەدەستهێنانی (24) كورسی، لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (350500) دەنگ و بەرێژەی (17.7% ) و بەدەستهێنانی ( 18 ) كورسی و   لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (186741 ) دەنگ و بەرێژەی ( 9.6%) و بەدەستهێنانی ( 10 ) كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی (118574 ) دەنگ بەرێژەی ( 6.1% ) و بەدەستهێنانی ( 6 ) كورسی و  بزووتنەوەی ئیسلامی (21834) دەنگ و بەرێژەی ( 1.1% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی و حیزبی سۆسیالیست (12501) دەنگ و بەرێژەی ( 0.6% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی و لیستی ئازادی  (12392) دەنگ و بەرێژەی ( 0.6%) و بەدەستهێنانی (1) كورسی و ئاراستەی سێیەم  (8681) دەنگ و بەرێژەی  ( 0.4% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی. سەرەڕای ئەوەش كۆتاكانیش (8) لیستیان كێبەركێیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی (11) كورسی لە پەرلەمانی كوردستان.  لە دەنگدانی تایبەتیشدا، كە دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی بەڕیوەچوو، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت ( 164956 ) كەس و دەنگدەران لە هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە ( 153739 ) كەس و ژمارەی دەنگدەرانی نەخۆشخانەو زیندانەكان (11217 ) دەنگدەر، كۆی گشتی بەشداریكردنی ئەوانەی لەدەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەبوو( 144434 ) كە دەكاتە 94% و بۆ هەر پارێزگایەكیش بەشێوەی جیاواز بووە، لە پارێزگای هەولێر ئاستی بەشداریكردن لەدەنگدانی تایبەت (93.7% ) و پارێزگای سلێمانی (95.6% ) و پارێزگای دهۆك (91.5% ) بووە. دووەم/ هەڵبژاردنی 30/9/2018  هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە  30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوە بچێت تیایدا  بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم (  3 ملیۆن و 85 هەزارو 461 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە كە ( 178 هەزارو 148 ) كەس دەنگدەری تایبەتە بە جۆرێك:  پارێزگای هەولێر:  یەك میلۆن 36 هەزارو 419 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   پارێزگای سلێمانی: یەك ملیۆن و 134 هەزارو 760 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   پارێزگای دهۆك:    677 هەزارو 797 كەس مافی دەنگدانیان هەیە   پارێزگای هەڵەبجە: 66 هەزارو 234 كەس مافی دەنگدانیان هەیە    لە ( 1260 ) بنكەدا لە چوار پارێزگاكەی هەرێم هاوڵاتیان دەنگ دەدەن. لەم هەڵبژاردنەدا ( 773 ) پاڵێوراو كێبەركێ دەكەن بۆ بردنەوەی 111 كورسی پەرلەمان كە ( 532 یان پیاو و 241 یان ژنە) لە ( 111 ) كورسی پەرلەمانی كوردستان 11 كورسی بۆ كۆتاكان دیاریكراوە، كە 5 كورسی بۆ مەسیحیەكان و 5 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ئەرمەن. هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولی 2018 گۆرانكاری لە دەنگ و كورسی هێ.ولایەنە سیاسیەكان روودەدات.


راپۆرتی: درەو میدیا ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەجۆرێك توندبوەتەوە، ئەم دوو هێزە "نەتەوەیی و عیلمانیە" لە سیاستەوە پەڕیونەتەوە بۆ جوڵاندنی سۆزی مەزهەبی و حەساسییەتە دینییەكان دژ بەیەكتر، چونكە دەزانن ناسنامەی دینی و مەزهەبی لە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگی عێراقدا، ڕەواجێكی باشی هەیە و هێز و ڕەوتە دینیە باڵا دەستەكان بەشیعە و سوننەوە بایەخێكی زۆری پێدەدەن، لەكاتێكدا ئەم مەسەلەیە بۆ بەلای كوردەوە وەك نەتەوە ئەگەر پرسێكی لاوەكی نەبێت، ئەوا حەساسیەتێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی نیە. دوای كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لە میدیا عێراقییەكاندا هەواڵ ئەوە بڵاوبوەوە كە هاوسەرەكەی جولەكەیە، ئەمەش بەلای هێزە شیعی و سوننییەكانەوە، چی وەك هێزی دینی و هەم وەك هێزی نەتەوەیش پرسێكی لەڕادەبەر هەستیارە ئەگەر هێڵی سور نەبێت، جوڵاندنی ئەم مەسەلەیە بەجۆرێك بوو فوئاد حسێنی ناچاركرد پێش خۆناساندنی و قسەكردن لەبارەی ئامانجەكانی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی تایبەت لە بەغداوە ڕێكبخات بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو دەنگۆیانە و، ڕاستەخۆش كەسێك لە بنەماڵەی تاڵەبانی تۆمەتباربكات بەفڕێدانی ئەو قسانە بۆ ناو ڕاگەیاندنە عێراقییەكان.   بارزانی جدییە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار وەك دەوترێت ئەمە هەموو وێنەكە نیە، دیوێكی نادیاری تری وێنەكە لە دیاریكردنی خودی فوئاد حسێندایە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ ئەوەی ڕایەكی بەهێز هەیە پێیوایە پارتی جدی نیە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆیە فوئاد حسێنی كاندیدكردووەو، مەبەستی زیاتر فشاركردنە لەسەر یەكێتی بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح و  دەستنیشانكردنی كاندیدێك دڵخوازی ئەو بێت یان لەم ڕێیەوە بتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەست دەربهێنێت.  لەبەرامبەردا ڕایەكی تریش هەیە دەڵێت، كاندیدكردنی فوئاد حسێن لەلایەن بارزانیەوە، پەرۆشی و جدییەتی بارزانی دەسەلمێنێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەوپێیەی دیاریكردنی فوئاد حسێن كە مسوڵمانی شیعە مەزهەبە، لەبنەڕەتدا بۆ ڕاكێشانی هەست و سۆزی مەرجەعی باڵای شیعەكان و هێزە شیعییەكانی عێراق بووە كە زۆرینەی پەرلەمانی عێراق پێكدەهێنن، بەومانایەی بارزانی بۆئەوەی زامنی ئەو پۆستە بكات، جارێك فوئاد حسێنی وەك كورد كاندیدكردووە بۆ ئەو پۆستە كە ئیستیحقاقی نەتەوەیی خۆیەتی ، جارێكیش وەك هاو مەزهەبی شیعەكان، كە مەزهەب بەلایانەوە بە بەشێكی گرنگ لەبوون و مانەوەی خۆیان دەزانن وەك "تائیفەیەكی دینی ستەملێكراو"، ئەوەش زیاتر بۆ ئەفزەلییەت و گەرەنتیكردنی دەرچون و سەركەوتنی بووە بەسەر سیاسییەكی سیكۆلاری وەك بەرهەم ساڵحدا ، كە دین و مەزهەب لە پەراوێزی بایەخەكانیایەتی.    پارتی و یەكێتی ڕێككەوتنی ژێربەژێریان هەیە هەندێكی تریش هەموو ئەو مشتومڕانە بەسیناریۆ دەزانن و پێیانوایە، ئەو ململانێیەی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار سەریهەڵداوە، ڕێككەوتنێكی ژێر بەژێری باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح لەدیمەنە سیاسیەكە و پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بەكاندیدێكی تر لە یەكێتی كە ڕەزامەندی هەردوو لای لەسەربێت. بەنگین ڕێكانی كە بەرپرسێكی پارتیە لە حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشكرایدەكات، دوو پێشنیازییان خستوەتە بەردەم یەكێتی، یەكەمیان: پێدانی هەموو ئەو پۆستانەیە كە ئیستیحقاقی كوردن لە حكومەتی فیدراڵی بە یەكێتی، دووەمیشیان: كوتلە كوردستانییەكانیەكان لەپەرلەمانی عێراق هەڵبژاردن بكەن بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.  شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا, ئاشكرایكرد، وەك پێشنیازێك پێیان باشە، تەواوی فراكسیۆنە كوردییەكان و پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا، بەر لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، كۆببنەوە و كەسێك لەناوخۆیان هەڵبژێرن بۆئەوەی ببێتە تاكە كاندیدی كورد بۆ ئەو پۆستە. پێدەچێت هەموو ڕێككەوتنەكانی پشتی پەردە بۆ ئەوە بێت پرۆسەكە  ئاڕاستەی پێشنیازی دووەمی پارتی ببرێت وەك چارەسەرێكی مامناوەند، كە ڕەنگە كەس هێندەی بەرهەم ساڵح ئەزمونی تاڵ نەبێت لەگەڵیدا و، دوای چوار ساڵ و لەسەر هەمان پرس و لە هەمان شوێن و لەلایەن هەمان كارەكتەرە سیاسییەكانەوە، جارێكی تر لە یارییەكە دووربخرێتەوە. 


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژ 30ی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان. چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست. دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە: یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی بارودۆخی دارایی دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان چوارەم: ریفراندۆم پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان. لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.  بزوتنەوەی گۆڕان  بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 وەك هێزێكی ئەكتیڤی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت، بە رێبەرایەتی (نەوشیروان مستەفا)، لە یەكەم دەركەوتنیدا 25%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا، تا كۆچی دوایی لە 19/5/2017، نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، واتە بۆ ماوەی (8) ساڵ. دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە هەڵبژێردرا و تائێستا سەرۆكایەتی بزوتنەوەكە دەكات. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی (21/9/2013) بەرێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆی (111) كورسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا و (24) كورسی بردەوە و ژمارەی دەنگدەرانی گەیشتە (476 هەزار 736) دەنگ.   خاڵە لاوازەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن: •    لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك بومەلەرزەی سیاسی گەورە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان هەژاند، بزوتنەوەی گۆڕان روئیایەكی روونی بۆ ئەو روداوەنە نەبوو.  •    شكستی گۆڕان لەڕووی بە واقیعیكردنی ئەو دروشمانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگدەرانی پێ كێشكرد. •    ئەوەی گۆڕان بۆ دەرەوەی خۆی داوای دەكرد ئێستا لەناوخۆیدا كێشەی دروستكردووە، لەوانە پرسی شەفافیەت و ئازادی بیروڕا و سازادانی كۆنگرە لە وادەی خۆی و .. چەندین پرسی تر. •    خوێندنەوەی نادروست بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت و پێشبینی نەكردنی روداوەكانی هاتنی "داعش" و داڕمانی دارایی هەرێم، لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا. •    لە پرسی ریفراندۆمدا بزوتنەوەی گۆڕان تا كۆتایی دژایەتی ریفراندۆمی كرد و بە گاڵتەجاڕ و ناشەرعی وەسفیكرد، بەڵام لەكۆتاییدا دەنگی بە پرۆسەكەدا. •    لە هێزێكی یاخی و هێرشبەرەوە بووە بەهێزێكی پاسیڤ و بێدەنگ، ئەوەی دەیڵێ هێزەكانی تریش دەیڵێن و جادوی دروشمەكان كاڵبوەتەوە. •    بەردەوامی كێشە و ململانێی ناوخۆییەكان، هەمان دەردی یەكێتییە كە روبەرووی گۆڕانیش بوەتەوە، بەمدواییانە و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناكۆكییە ناوخۆییەكان پێی نایە قۆناغێكی نوێوە كە بزوتنەوەكەی بەتەواوەتی شەكەت كردووە. •    بزوتنەوەی گۆڕان دوچاری دەردەكەی یەكگرتووی ئیسلامی بووە و لەكاتی خۆیدا بڕیار لەسەر پرسەكان نادات، كاتێكیش بڕیار دەدات، كاتەكەی تێپەڕیوە. •    خراپی ئەدای كارەكتەرەكانی بزوتنەوەكە لەناو حكومەت و پەرلەمان و حكومەتە خۆجێییەكان.  •    هەڵگری كۆمەڵێك روئیا و دونیابینی جیاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات لەبری گەورەكردنی پانتایی جیاوازییەكان لەگەڵ هێزە نەریتەوانەكان، لێكچونەكانی بەو هێزانە تۆختر كردوەتەوەو تاڕادەیەك لای دەنگدەران بووە  كۆپی ئەو هێزانەی تر.  •    پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داهاتوو كاری دەكرد، ئێستا وەك هێزەكانی دیكە لەسەر رابردوو دەژی بەتایبەتی سەركەوتن و دەستكەوتە سیاسییەكانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا. •    هەڵوەرینی بەشێك لە كادر و هەواداران و رۆشتنیان بۆ ناو هێزەكانی دیكە، نەبوونی لێپرسینەوە و بەدواداچونی جدی بۆ هۆكاری ئەو شەپۆلە لە وازهێنانی كادر و لایەنگر و هەڵسوڕاوان. •    ئاشكرابوونی وەرگرتنی پارە لە یەكێتی نشتیمانی كوردستان. •    نەبوونی جێگرەوەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا، كە لە ئاستی روئیا و بیركردنەوە و كۆنترۆڵكردن و گوتاردانی سیاسی تاڕادەیەك لە نەوشیروان مستەفاوە نزیك بێت و وەكو ئەو بتوانێت جڵەوی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە بكات. •    پاشەكشێی بزوتنەوەی گۆڕان لە پرسی كورسی سەرۆكایەتی هەرێم، لەڕێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەسەندكردنی یاسایەك بۆ هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم كە لەناو رایگشتیدا بەشێوەیەكی نەرێنی لەسەر ناوبانگی بزوتنەوەكە شكاوەتەوە.  •    هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتی لەسەر یاسای تیرۆرو پەسەندكردنی یاساكە لە پەرلەمانی كوردستان وەكو پاشەكشێی گۆڕان لە پرسی ئازادییە گشتییەكان لێكدرایەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی گۆڕان لەلای دەنگدەران دروستكرد. •    بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژارددنی 12ی ئایار، یەكێتی و پارتی تۆمەتبار كرد بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەڵێنی بە دەنگدەرەكانیدا "دەنگە دزراوەكانیان" بگەڕێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی دەنگەكانی بگەڕێنێتەوە و لەبری بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كە خۆی پێشتر ئاماژەی بۆ كردبوو، سەرباری ناڕەزایەتییەكان جارێكی تر رۆیشتەوە بۆ بەغداد.  •    شەكەتیی میدیای گۆڕان لە تەوزیفكردنی گوتارە سیاسییەكان بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەكردنەوەی میدیاكانی گۆڕان لەڕووی گوتار و فۆرمی كاركردنەوە. •    لەدەستدانی كارتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، لەدوای دروستبونییەوە هەمیشە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خاڵی هێزی بزوتنەوەی گۆڕان بووە، بەڵام ئێستا پێچەوانە بوەتەوە و گۆڕان پشتیوانی بەشێكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لەدەستداوە و ئێستا لە بری پشتیوانی، گۆڕان لەم تۆڕانەوە روبەڕووی رەخنەی توند دەكرێتەوە. •    بەشێكی زۆری دەنگدەرانی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە دروشمی "بایكۆت"یان بەرزكردوەتەوە، ئەمەش بە زیانی گەورە بۆ بزوتنەوەكە كۆتایی دێت. خاڵە بەهێزەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن: •    گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی، رەنگە لەكۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی گۆڕان بشكێتەوە. •    كێشەو گرفتی هەبووە، بەڵام هەڵەی ستراتیژی گەورەی نەكردووە، كە ببێتە هۆی عەیبداركردنی بزوتنەوەكە. •    كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر بەدیوێكدا هۆكاری لاوازبوونی بزوتنەوەكە بێت بەدیوێكی تردا، هێشتا هۆكاری سەرەكی راكێشانی هەست و سۆزی دەنگدەرانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و زۆرێك لە دەنگدەرانی بزوتنەوەكە سەرباری ئەوەی رەخنەیان لە ئەدای كارەكتەرەكانی بزوتنەوەكەیان هەیە، هێشتا باوەڕیانوایە دەبێت وەكو وەفایەك بۆ رۆحی نەوشیروان مستەفا دەنگ بۆ گۆڕان بدەن. •    تائێستا هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دروست نەبووە كە گوتارو هەنگاوەكانی گۆڕان دژ بە گەندەڵی و خراپەكاری دەسەڵاتی سیاسی تێپەڕێنێت. ............................. خاڵی  بەهێزو لاوازی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن: http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2041   خاڵی  بەهێزو لاوازی  پارتی بۆ هەڵبژاردن: http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2024



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand