سەنگەرگواستنەوە... لە نێوان ناكۆكیی فیكریی و بەرژەوەندیی تایبەتدا
2018-09-27 15:42:29
راپۆرتی: (درەو میدیا)
سەنگەرگواستنەوە لەناو حزبەكاندا نوێی نییە و مێژوویەكی دووردرێژی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا روودەدات، هەندێك بە بەرژوەندی شەخسی ڕووت و هەوڵی بەدەستهێنانی پلە و پایەو هەندێكی تریش بۆ نائومێدبوون لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران و بێدەنگەكانی ئەمڕۆی دەگەڕێننەوە.
هەركاتێك هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بێتەئاراوە، سەنگەرگواستنەوە دەبێتە بەشێك لە هەڵمەتی بانگەشە و رۆژانە دیمەنی ئەو بەرپرس و كەسانە بڵاودەبنەوە كە بە شانازییەوە باس لە سەنگەرگواستنەوەیان دەكەن و وەك پاڵەوانێك لەلایەن حزبەكانەوە نیشاندەدرێن بۆ لێدان لە حزبی بەرامبەر و بەرزكردنەوەی ئاستی جەماوەرێتی خۆیان.
لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە هەڵبژاردنەكانی تر حزبەكان، هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆئەوەی بەرپرس و ئەندام و لایەنگری حزبە ركابەرەكانیان بێننە ریزەكانی خۆیانەوەو وەك كارتێكی بەهێزی بانگەشە لە میدیاكانیانەوە نمایشیان بكەن.
پاڵنەرەكانی سەنگەرگواستنەوە
بەشێوەیەكی گشتی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستاندا چەند پاڵنەرێكی گرنگ هەن كە رۆڵیان هەیە لەوەی ئەم دیاردەیە بە زەقی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەربكەوێتەوە ، كە گرنگترینیان ئەمانەن:
1- بەرژەوەندیی تایبەت و هەوڵی گەیشتن بە پۆست و پلە و پایە و دەستكەوتی مادی.
2- باڵكێشانی بێ ئومێدی بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكدا بەهۆی پاشەكشێتی گوتاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران لەبەرامبەر دوو هێزە تەقلیدییەكەدا.
3- گومان و دڕدۆنگی گەورەی خەڵك لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار و گومانەكان لە ساختەكاریی گەورە لەو پرۆسەیەدا و تێپەڕاندنی ئەنجامەكان و بێ توانایی لایەنە ناڕازییەكان لە رێگریكردن لە تێپەڕاندنی ئەنجامەكان.
4- چۆڵبوونی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم لە ژمارەیەك سیاسەتمەداری كاریزما و كاریگەری وەك نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی.
5- پاشەكشێی گوتاری سیاسی و هەندێك حزب و ناڕەزایەتی كادر و ئەندامەكانیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەكەكانيان.
6- كەمبوونەوەی جیاوازی لە بیركردنەوە و بەڕێوەبردنی حزبەكان و كورتبوونەوەی پرۆسەی سیاسی لە هەوڵدان بۆ دەستكەوتی كەسی و بنەماڵەیی.
7- بوونی هەڕەشە و ترس لە هەڵدانەوەی دۆسیەی ژیانی تایبەتی و شكاندنی كەسایەتی و پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی.
8- تێكئاڵانی كاری سیاسی و بەرژەوەندیی ئابوریی و بازرگانی و هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوریی و بازرگانییەكان لەرێگەی سەنگەرگواستنەوەوە.
9- دەستوەردانی هەندێك هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی لایەنێك و دژی لایەنێكی تر.
10- كێشە و ناكۆكی كەسیی لەنێوان بەرپرس و ئەندامانی حزبێك لەناوخۆیاندان یاخود لەگەڵ لایەنێكی دەرەوە.
11- بەكارهێنانی پارە و پۆست بۆ راكێشانی بەرپرسانی حزبەكانی تر كاریگەری راستەوخۆی هەیە لە دیاریدەی سەنگەرگواستنەوەدا.
وەك دەوترێت پاڵنەرەكان ئەم شەپۆلی سەنگەرگواستنەوە نوێیە هەرچیەك بن، نە فیكر و ئایدیایە، نەبۆچونی جیاوازە لە كاری حزبایەتی، ئەوەی زیاتر ئەم بڕوایە تۆختر دەكات ئەم شەپۆلە زیاتر لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا ڕواجی هەیە و تەرویجی پێدەدرێت و كارتێكی بەهێزە بۆ دروستكردنی فشاری دەرونی لەسەر یەكتر و تەنانەت دانانی كاریگەریش لەسەر دەنگدەر.
گەڕانەوە لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات
گەڕانەوە بۆ ناو ڕیزی هێزە باڵادەستەكان (یەكێتی و پارتی) هەرچییەك و هەرچۆنێك بن، هیچ لەو ڕاستیيە كەمنكاتەوە كە هێزەكانی ڕكابەرییان نەیانتوانی نەك وەك بەدیل بەڵكو وەك كۆمەڵێك هێزی خاوەن ئەكت و دروستكردنی ڕوداو و سیناریۆی سیاسی خۆیان تەرح بكەن، بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان كە ساڵانێكی زۆر جێگەی ئومێدی بەشێكی بەرچاو لە خەڵكی كوردستان بوو بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵك و دانانی سنورێك بۆ ئەو ناعەدالەتیيە كۆمەڵایەتی و ناشەفافی و گەندەڵییەی كۆی جومگەكانی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، لانی كەم ئەم وێنەیە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە زیهنی كۆمەڵێكی زۆر لەخەڵكی كوردستاندا چەسپی بەبەشێك لەلایەنگرانی ئەو هێزانەشەوە.
حكومەت سیستمی "ڕوبعە موچە" و "نیو موچە"ی داهێنا، مانگی لە 30 ڕۆژەوە بۆ 60 ڕۆژ و بەرەو ژوور درێژكردووە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بێدەنگ بوون یان شەرمنانە لەژێر لێوەوە و لەباشترین حاڵەتدا بەیاننامەیان بڵاودەكردەوە، حزبێك و لەناوحزبێكیشدا شەخسێك تاكلایەنە بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی دا و كارەساتێكی گەورەی نەتەوەیی گەورەی لێكەوتەوە، ئەم هێزانە هەر بێدەنگ و جوڵە بوون، ڕوداوی 16ی ئۆكتۆبەری لێكەتەوەو كورد زیاتر لەسەدا 50 خاكی كوردستانی لەدەستدا بەكەركوكیشەوە، ئەم هێزانە هەر بێدەنگ و بێهەڵوێست بوون، سوپای وڵاتانی ئیقلیمی لەناو خاكی باشووری كوردستان بە ئازادی دێن و دەچن، ئەم هێزانە هەر بێدەنگن و غەیری بەیاننامە هەڵوێستێكی جدییان نیە و ئەوەش بووەتە هۆی بێئومێدبوونی چەندین كەسی ئەو حزبانە و سەنگەرگواستنەوە بۆ حزبەكانی دەسەڵات.
سەنگەرگواستنەوەیەكی بێ وێنە
لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا لە چەندین قۆناغی گرنگدا دیاردەی سەنگەرگواستنەوە هەبووە و ئەندام و سەركردە و بەرپرسانی حزبەكان بەهۆی ناكۆكیی سیاسیی یان بەرژەوەندیی تایبەتەوە، حزبەكانی خۆیان بەجێهێشتووە و چونەتە ناو حزبێكی ترەوە، بەڵام هیچ كاتێك نەگەیشتوەتە ئاستی ئەوەی سەرۆكی حزبێك سەنگەر بگوازێتەوە و دەستبەرداری حزبەكەی بێت، هەمیشە دیاردەی سەنگەرگواستنەوە زیاتر لە ئاستی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی و بەرپرسانی تری حزبدا قەتیس بووە، بەڵام ئەمساڵ هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا روداوێكی دانسقەی تۆماركرد، بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسى و دادپەروەریی حزبەكەی بەجێهێشت و جارێكی تر گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەوە یەكەمجار بوو سەرۆكی حزبێك سەرنگەر بگوازێتەوە، ئەم رووداوە كاریگەری زۆری لەسەر لایەنگر و بەرپرسی حزبەكانی تر دروستكرد و شەرمی سەنگەرگواستنەوەی لە حزبێكەوە بۆ حزبێكى تر بەتەواوەتی شكاند و كردییە دیاردەیەكی ئاسایی.
ئێستا لە كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن نزیكدەبینەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بەر لە كۆتایی هاتنی بانگەشە، چەندین حاڵەتی تری سەنگەرگواستنەوە لە میدیای حزبەكانەوە پەخشدەكرێت بەمەبەستی كاریگەری خستنە سەر دەنگدەران، "درەو میدیا" چەندین زانیاری لەسەر ئەو سەنگەرگواستنەوانە كە بڕیارە روبدەن لەبەردەستدایە، بەڵام وەك میدیایەكی سەربەخۆ نایەوێت بكەوێتە ناو ئەو شەڕەوە كە حزبەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر بەرپای دەكەن.
مامەڵەكانی سەنگەرگواستنەوە
لەبارەی سەنگەرگواستنەوەوە قسەوباسی زۆر دەكرێت، مامەڵەكانی سەنگەرگواستنەوە لەپشتی پەردەوە بەڕێوەدەچن، بەشێوەیەكی گشتی باس لەوە دەكرێت لەبەرامبەر سەنگەرگواستنەوەدا چەندین دەستكەوت دەخرێتە بەردەم نێچیرەكان لەوانە:
1- پێدانی پۆستی باڵا لە حكومەت یان حزب
2- پێدانی پارە و ئۆتۆمبیل
3- پێدانی بەرژەوەندیی ئابوری وەك گرێبەست و تەندەری جێبەجێكردنی پرۆژە
4- دۆزینەوەی هەلی كار بۆ خزم و كەسە نزیكەكانی ئەو كەسەی سەنگەردەگوازێتەوە
5- جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزاریی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوانەی سەنگەردەگوازنەوە بەتایبەت لەناوچە گوندنشینەكاندا.
مەرجەكانی سەنگەرگواستنەوە
دیارترین مەرجی سەنگەرگواستنەوە ئەوەیە كە ئەو كەسە دەبێت لە میدیاكانەوە بە رەسمی سەنگەگواستنەوەی بەر لە هەڵبژاردن رابگەیەنێت و وەك بەشێك لە بانگەشە هۆكارەكانی كە خۆی بۆخۆی داناوە یان حزبە نوێكەی پێی دەڵێت بۆ خەڵك رابگەیەنێت و ئەو كاتەشی لەبەردەستیدا ماوە بانگەشە بكات بۆ حزبە نوێكەی و هانی كەسانی تر بدات وەك ئەم سەنگەر بگوازنەوە.