Draw Media

ساختەكاری ئەنجامی هەڵبژاردن دەگۆڕێت 

ساختەكاری ئەنجامی هەڵبژاردن دەگۆڕێت 

2018-09-27 18:06:42


راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
بە درێژایی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ساختەكاری كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبووە، لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا حزبە باڵا دەستەكان بەهۆی كۆنترۆڵی دامودەزگاكانی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان و دارایی و تەواوی كایەكانی حكومەتداری لە هەرێم.
بەشێك لە لایەنە سیاسی و عێراقییەكان سكاڵایان تۆماركردو تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بەوەی ساختەكاری كراوەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكان گۆڕاوە، بەڵام هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستانیش ساختەكاری دەكرێت، بە فۆرم و شێوازی جیاوازتر.
پێشتر جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانیش ساختەكاریمان لێدەكرێت" هاوكات سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئاژانسی راگەیاندووە״ زانیاریی ئەوەمان لەبەر دەستە كە پارتی خەریكی ساختەكارییەكی گەورەیە بۆ هەڵبژاردن.״

رێگاكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018
وەك چۆن لە تەواوی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ساختەكاری كراوە، هەموو لایەنەكان نایشارنەوە كە لە هەڵبژاردنی داهاتووش ساختەكاری دەكرێت، 
بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" یەكێتی و پارتی بڕیاریان داوە كە لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولدا دەستكاری دەنگی لایەنەكانی ( گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ و یەكگرتوو) نەكەن و ئەوان دەنگی خۆیان بۆ خۆیان، بەڵام خۆیان لە رێگەی ساختەكارییەوە رێژەی دەنگدەران دەگۆڕن و ئەنجامی دەنگدان لە قازانجی خۆیان دەبێت.
زانیاریەكانی " درەو میدیا" ئاماژە بەوە دەكەن  كە پارتی بڕیاریداوە لە سنوری ناوچەی خۆی نزیكەی( 200 بۆ 250 هەزار )دەنگ ساختە بکات و یەكێتیش بە هەمان شێوە ئامادەكاری گەورەی كردووە بۆ ساختەكاری بە هەمان رێژەی پارتی.

 سەرچاوەیەكی باڵا بە " درەو میدیا" ی راگەیاند" ئێرانییەكان بە یەكێتی و پارتیان راگەیاندووە كە نابێت دەستكاری دەنگی لایەنەكان بكرێت و دەنگیان كەمبكرێتەوە، بەڵكو دەتوانن خۆیان دەنگ بۆخۆیان زیاد بكەن، چونكە نایانەوێت وەك پێشوو دۆخەكە بئاڵۆزێنن و پشێوی دروست بێت " بۆیە یەكێتی و پارتی هیچ دەنگێكی لایەنەكانی تر بۆخۆیان نابەن و كەمی ناكەنەوە بەڵكو دەنگ بۆخۆیان زیاد دەكەن و  ئەوەش كاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگدان دەبێت. 

ئێرانییەكان بە یەكێتی و پارتیان راگەیاندووە كە نابێت دەستكاری دەنگی لایەنەكان بكرێت و دەنگیان كەمبكرێتەوە، بەڵكو دەتوانن خۆیان دەنگ بۆخۆیان زیاد بكەن، چونكە نایانەوێت وەك پێشوو دۆخەكە بئاڵۆزێنن و پشێوی دروست ببێت


ئەگەر لێكدانەوەیەكی ورد بكەین، كۆی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان (  3 ملیۆن و 85 هەزارو 461 ) كەسە، خۆئەگەر كۆی گشتی دەنگدەران لە تەواوی پارێزگاكان بە تێكڕا ( 60%) بێت بەوپێیەی ( هەولێر 60% و سلێمانی 50% و دهۆك 75% و هەڵەبجە 55%) دەنگبدات،  ئەوا لەكۆی ژمارەی گشتی دەنگدەران ( 1 ملیۆن و 851 هەزار) كەس دەنگ دەدات، بەهای كورسیەكی پەرلەمانیش ( 18 هەزارو 510 ) دەنگ دەبێت، بە پێی زانیارییەكان یەكێتی و پارتی خۆیان ئامادەكردووە زیاتر لە ( 450 هەزار بۆ 500 هەزار دەنگ ) تەزویر بكەن، كە هەریەكەی زیاتر لە ( 200 هەزار دەنگ ) تەزویر دەكەن، كە ئەگەر دابەشی بەهای كورسیەكی بكەین ئەوا دەكاتە ( 25 كورسی) واتا لەسەروی دەنگی خۆیانەوە بەشی 25 كورسی ساختە دەكەن، بەو پێیەش كێبەركێكە لەسەر ( 75 كورسی) پەرلەمان دەبێت، نەك ( 100 كورسی) 
 بۆ ساختەكاریەكانیش یەكێتی  وپارتی ئامێری زۆر پێشكەوتوویان هێناوەو ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری بۆدەكەن و كاری بۆ دەكەن، 
شێوازەكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول
-    ساختەكردن و دروستكردنی رەگەزنامەی عێراقی و كارتی نیشتمانیی
-    هەركەسێکیان 7 بۆ 8 كەس دەنگ بدات لە رۆژی دەنگدان 
-    پڕكردنی سندوقی دەنگدان و ئاڵوگۆڕپێكردنی سندوقەكانی دەنگدان 
-    دیاریكردنی بنكەی دەنگدان و بەبێ ئەوەی ناوی كەسی لێبێت و پڕكردنەوەی سندوقەكانی.
-    ساختەكاركردن لەناو هێزە ئەمنییەكان و پڕكردنەوەی سندوقەكان لە دەنگدانی تایبەتدا.
-   رەگەزنامەی عێراقی و كارتی نیشتمانیی ساختەكراو و دەدرێت بە هاوڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان و دێنە شارەكانی هەرێم و دەنگ دەدەن بەتایبەتیش هێزە ئەمنییەكان.
-    سودوەرگرتن لە دەنگی ئاوارەكان و دەنگدانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان
-    ئەمە سەرەرای فشارو سوێندان و تەڵاقدان

   
لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا ساختەكاری كراوەو بەڵام لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر فۆرمی ساختەكاریەكە جیاواز بووە. 

كێبەركێی لایەنەكان لەسەر 75 كورسی دەبێت و بەشی 25 كورسی تەزویر دەكرێت
 

ساختەكاریی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 1992 دەگۆڕێت
بەپێی ئەو نامە و راگەیەنراو و بەڵگەنامانەی بڵاوكراونەتەوە، لە هەڵبژاردنی 19/5/1992دا بە جۆرەها شێوە ساختەكاریی و تەزویر لەلایەن هێز و لایەنەكانەوە كراوە، لە یەكەم هەنگاودا كە بڕیاربوو هەڵبژاردن لە 17/5 بكرێت دواخرا بۆ 19/5 ، لەو كاتەدا وترا مەرەكەبی هەڵبژاردنەكان لەلایەن هێزێكەوە ساختەكراوە و مەرەكەبی خراپ هێنراوە بۆیە هەڵبژاردن دواخرا،
لەگەڵ ئەوەی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لێكۆڵینەوە لەهەر بنكە و ناوەندێكی دەنگداندا دەكرێت، كە رێژەی دەنگدان تێیدا لە (85%) زیاتر بێت، بەڵام بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە راگەیەنرا، لە پارێزگای دهۆك، كە (178000) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لەو پارێزگایە (198352) دەنگیانداوە، واتا رێژەی دەنگدان (111%)، ئەم شێوازە لە ریفراندۆمدا لە پارێزگای دهۆك دووبارە بۆوە بەو پێیەی لەو پارێزگایە ( 734726 ) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام ( 814588) كەس دەنگیدا بەرێژەی ( 111%) ، بەوپێیەش ئەو تەزویرەیكراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی گۆڕی، چونكە لە هەڵبژاردنەكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان (437879) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (45.05%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (423833) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (43.6%) ئەگەر ئەو رێژە دەنگە زیادەیەی دهۆكی لێدەركرێت (20352) دەنگی زیاد لە (100%) ی دەنگدانە ئەوا دەنگی پارتی دەبێتە (437879 - 20352 = 417527) دەنگ بەو پێیەش كۆی گشتیی دەنگدان دەبێتە (951601) واتا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێتە هێزی یەكەم و رێژەی دەنگەكانی دەبێتە (44.5%) و پارتی دیموكراتی كوردستانیش رێژەی دەنگەكانی دەبێتە (43.9%) و هێزی دووەمی كوردستان. 
لە بنكەی (17)ی دهۆك (قوتابخانەی پێشكەفتن) كە ژمارەی دەنگەكانی ئەو بنكەیە (1994) دەنگ بووە، بەڵام (7994) كەس دەنگیداوە، واتا (6000) دەنگ لەو بنكەیە زیاد ئەژماركرابوو.
لە بروسكەیەكدا كە لە رۆژی 18/5/1992 بۆ ئەمیر حەوێزی سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ناردووە، جەلال تاڵەبانی، سكرتێری یەكێتی ئاماژەی بە چەندین ساختەكاریی و فێڵ كردووە، لە بروسكەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، كە پارتی 1000 كەسی خۆی هێناوەتەوە لە ئێرانەوە كەچی دەنگدان بۆ ئەوان دواخراوە بە بڕیاری سەركردایەتی، لە بەیاننامەیەكیشدا، كە لە 19 /5/1992 بڵاوكراوەتەوە، د. مەحمود عوسمان ئاماژە بەوە دەكات، كە ساختەكاریی زۆر كراوە و بەهۆی ئەوەی مەرەكەبەكە بە ئاسانی لێكراوەتەوە بەچەندین جۆری ناسنامە دەنگدراوە و كەسی وا هەبووە (10) جار دەنگیداوە، پێشیوایە ساختەكاریی زۆر كراوە.

ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكانی 2005دا
نەوشیروان مستەفا لە 8/7/2013 كۆمەڵێك بەڵگەنامەی بەناوی (پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم) بڵاویكردەوە، كە تیایدا هاتووە: بەهۆی تەزویرەوە لە هەڵبژاردنەكانی 2005 دا لە قەزای سۆران كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەندێك لە سندووقەكانی ئەو قەزایەی پوچەڵكردەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، لەبەرئەوەی یەكێتی (20 هەزار) دەنگی زیاتر لە پارتی هێنا، مەسعود بارزانی ئەمەی بە تەزویر لەقەڵەمدا، هەربۆیە لە نامەیەكدا بۆ جەلال تاڵەبانی، سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە رۆژی 1/2/2005 دا تیایدا ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات، لە خاڵی شەشەمدا بەروونی باسی تەزویر و خروقات دەكات و دەنو‌وسێت (هەندێك خروقات یەكجار زۆر زەقن و پینە ناكرێن وەك ژمارەی زیادی دەنگ، كە بە دەها هەزار زیاترە لەوەی كە تۆمار كراوە و مەعلوم بووە پێشتر ئەو شوێنە ژمارەی دەنگدەری چەندە).

ساختەكاریی لە هەڵبژاردنی 2014
لە 30/4/2014دا، كە هەرێمی كوردستان و عێراق دوو هەڵبژاردنی بەخۆوە بینی، بەروونی ساختەكاری كراوە، بەتایبەتی لە شوێنی كۆكردنەوە و جیاكردنەوەی دەنگەكان لە ( ئەلبیسەكەی ) شاری سلێمانی، لەو كاتەدا ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، كە بەپێی ئەو بەڵگانەی لەلایەن ئەو ژوورەوە خراونەتە روو، دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەنجامی دەنگەكان و CDیەكانی كۆمیسیۆن و فۆرمی 902 كردووە، بۆی دەركەوتووە، لەو( 3 هەزار و 256 )وێستگەیەی پارێزگای سلێمانی لە 133 وێستگەدا "ساختەكاری گەورە" كراوە، بەشێوەیەك لەو وێستگانەدا زیاتر لە 14 هەزار دەنگیان كەمكراوەتەوە، هەر بەپێی بەڵگەكانی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، ( 14 هەزار و 678 )دەنگی گۆڕان براون بۆ یەكێتی و بەو دەنگانەشەوە كە لە 4 لایەنەكەی دیكەوە براون بۆ یەكێتی دەگاتە( 19 هەزار و 968 )دەنگ.دواتریش بەهۆی گۆرشانكاری گەورە لە كورسیەكانی حزبەكاندا كراو ئەنجامی هەڵبژاردنی گۆڕی. 
ئێرانیەكان وتیان ( ئێمە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی پارێزگاكان گۆڕان 17 كورسی هێنابوو یەكێتی 6 كورسی، 5 كورسیمان بۆ یەكێتی زیادكرد، كردمانە 11 بەرامبەر بە 12ی گۆڕان، یەكێتی پێی وتین دەبێت ئیمە بكەنە 12 و گۆڕان بكەنە 11 وتمان ناكرێت شەر و ناكۆكی گەورەی لێدەكەوێتەوە) ئەمە وتەی بەرپرسێكی باڵای ئێرانە، كە بەرپرسانی گۆڕانیان راگەیاندبوو، لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق لە 30ی نیسانی 2014 (نوری مالیكی و ئێرانیەكان كۆدی ئامێری دەنگدانەكەیان لە ئەڵمانیاوە كڕی و بە 2 ملیۆن دۆلار هێنایانەوەو تەزویرێكی زۆریان پێكرد بەتایبەتیش لە كەركوك و نەینەوا كە دەنگی یەكێتیشیان پێزادكرد ) ئەمەش وتەی پەرلەمانتارێكی كوردستانە. 

ئەوەی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 كرا لەسەرو ساختەكاریەوە بوو چونكە گۆڕینی دەنگەكانی هەڵبژاردن بوو، بۆیە ساختەكاریەكە نە بە دەنگ و نە بە كورسی ناپێورێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand