Draw Media

پارتی لە هەرێم تۆڵەی بەغداد لە یەكێتی دەكاتەوە

پارتی لە هەرێم تۆڵەی بەغداد لە یەكێتی دەكاتەوە

2018-10-04 13:47:45


(درەو میدیا):
پارتی بریندارە، بەڵام هێشتا خاوەن قسەی یەكلاكەرەوەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بۆ چوار ساڵی داهاتووش ئەو بڕیاردەدات كام یاریزانە تاكۆتایی یارییەكە لە گۆڕەپانەكەدا دەبێ‌ و لەكوێدا یاریدەكات، كام هێزەش لەسەر كورسی یەدەگ دادەنیشێت، یان ڕۆڵێكی پەراوێزی پێدەدرێت. 
لە دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی خواستی پارتی، لەبری یەكلاكردنەوەی بەدەنگی فراكسیۆنە كوردستانیەكان وەك ئەو دوایدەكرد، یەكلاكردنەوەی لەناو پەرلەمانی عێراق كە خواستی یەكێتی بوو و هەرواش تێپەڕی، پارتی پێیوایە یەكێتی تەوافوق و یەكڕیزی كوردی تێكداوە، لەكاردانەوەی ئەمەشدا زمانی سیاسی گۆڕیوە و  ئیتر كار بەو بنەمایە ناكات كە پێشتر كاری پێكردووە لەگەڵ یەكێتی، كە مەبەست لە دابەشكردنی پۆستەكانە لە حكومەتی داهاتوی هەرێمی كوردستان.


پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو
ئەمڕۆ زیاد لەبەرپرسێكی پارتی لەسەر ئەو پرسە قسەیكردوە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی داوە، كە دیارترینیان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیە و، ڕەنگە لە زۆرینەی بەرپرسانی پارتی نەرمتر دوابێت، بەڵام بەهەمان مانا و ناوەڕۆك.
ئەكرێت ئەمە بەناونیشانی دیارترین پێشهاتە سیاسییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و، كاردانەوەی  یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دابنرێت لەنێوان یەكێتی پارتیدا كە ڕەنگە سەرەتای ململانێكی نوێ بێت.   
ئومێد خۆشناو سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت"زەمەنی پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو"، عەلی تەتەر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە ڕاشكاوانەتر ڕوودەكاتە یەكێتی و دەڵێت"دەركەوت قەبارەی یەكێتی لەنیوەی پارتی كەمترە، لەمەودوا بەقەد قەبارەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەین".

نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكێتی: وەك خۆتان مامەڵەتان دەكەین

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بەو پرسە ڕێكخستبوو، پەیامێكی ڕەسمی پارتی دا بەگوێی (یەكێتی)دا، كە ناوەرۆكەكەی ئەوەیە،" ئیتر لەمەودوا وەك خۆتان مامەڵەتان لەگەڵ دەكەین".
نێچیرڤان بارزانی وتی:" ئەو هەنگاوە تاكلایەنەی یەكێتی زۆر جێگەی نیگەرانیە و دەستپێكێكی مەترسیدارە" كە مەبەستی شێوازی  هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، ڕاشیگەیاند: لەمەودوا پارتی لەسەر بنەڕەتێكی نوێ‌ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، وتیشی:" لە هەموو ئەو قۆناغانەی دەبوو پارتی بڕیاربدات بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتی بڕیاریداوە، لە كاتێكدا كورسییەكانی یەكێتی كەمتربووە، بەڵام ئێستا ئەوان بەرەو زۆرینە و كەمینە دەچن، بۆیە بەدڵنیایی پارتیش لەسەر بنەڕەتێكی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات".

پارتی بێبەرامبەر موراعاتی یەكێتی نەكردووە

بەڕای زۆرێك ئەو قسانەی پارتی لەبارەی موراعاتكردنی یەكێتی دەیكات ڕاستی زۆری تیادایە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی خاوەنی تەنها 18كورسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا جێگری سەرۆكی حكومەت و پێنج وەزیر و چەندین پۆستی گرنگ و هەستیاری لە حكومەت وەرگرت، بەڵام وەك دەوترێت ئەم سەخاوات و سنگفراوانییەی پارتی لە بڕوابونی بە بەشداری تەواوی لایەنەكان وەك شەریك لە ناوەندی بڕیاری سیاسی سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵكو ڕاستیەكەی ئەوەیە پارتی دەزانێت كە یەكێتی وەك هێزێكی خاوەن چەك و ئابوری كە كۆنترۆڵی نزیكەی نیوەی هەرێمی كوردستانی لەدەستدایە، پەراوێزخستنی هەروا ئاسان نیە و لە باشترین حاڵەتدا هەر حكومەتێك لە دەرەوەی ڕەزامەندی ئەو پێكبهێنرێت لە هەولێرەوە، دەسەڵاتی لە سنوری ئەو دیوی دێگەڵە زیاتر بڕناكات،  جگە لەوەش ڕاستییەكی تر هەیە كە پێویست بە بەڵگە هێناوە ناكات، ئەویش ئەوەیە، ئەوەی یەكێتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ پارتی كردووە هیچ هێزێك نە ئامادەبووە و نەتوانیویەتی بیكات، یەكێتی هەمیشە پایەكی تەواوكردنی ئەو كارانەبووە كە پارتی دەستیپێكردووە یان پێكەوە لەزۆر پرسدا یەكتریان تەواوكردووە، بۆیە وەك دەوترێت سنگفراوانییەكەی پارتی بۆ یەكێتی بێبەرامبەر نەبووە. 

خۆیان لە كورسی پەرلەمان گەورەتر دەبینن
دیوێكی تری ئەم مەسەلە هەستیارەی  پارتی وروژاندویەتی، وەلاخستنی پرسی تەوافوق و كاركردن بەسیستمی زۆرینە و كەمینەی پەرلەمانیی ڕەنگە  هەروا بەئاسانی بەشەریكە دێرینەكەی هەزم نەكرێت و كاردانەوەی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونكە چی پارتی و چی یەكێتیش وەك دوو هێزی چەكداری خاوەن شەرعیەتی شاخ، خۆیان لەژمارەی كورسی و دەنگی خەڵك گەورەتر و بەرزتر دەبین، بۆیە هەرگیز قەبارەی خۆیان بەكورسی و ڕێژەی دەنگی خەڵك ناپێون، هەرچەندە ئامادەشن هەموو چوارساڵ جارێك خۆیان تاقیبكەنەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand