خاڵی بەهێز و لاوازی حزبەكان بۆ هەڵبژاردن
2018-09-26 20:45:30
راپۆرتی شیكاريى: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
رۆژ 30ی ئەم مانگە لایە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان.
چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست.
دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە:
یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی باوردۆخی دارایی
دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران
سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان
چوارەم: ریفراندۆم
پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان
شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد
حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران
هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر
لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان.
لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێكە لە نوێترین حزبەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، رۆژی 5/1/2018 یەكەمین كۆنگرەی خۆی بەست و لە كۆنگرەكەدا شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرا.
ئەم دووەمین ئەزمونی هەڵبژاردنە كە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەدوای دروستبونییەوە بەشداری تێدا دەكات، یەكەمین بەشداریكردنیەتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا.
ئەم جوڵانەوەیە پشتی بە میدیا و سەرمایەی بازرگانی بەستووەو هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەكی رادیكاڵانە پەیامەكانی خستەڕوو، لە یەكەمین بەشداریكردنیدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، ئەم جوڵانەوەیە چوار كورسی پەرلەمانی بردەوە.
خاڵە لاوازەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن:
• ئەم جوڵانەوەیە زیاتر لە بزوتنەوەیەكی میدیایی و تۆڕی كۆمەڵایەتی دەچێت وەك لەوەی هەڵگری روئیا و دونیابینی جیاواز بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی كە بەسەر هەرێمدا هاتووە.
• نەوەی نوێ دەیەوێت مۆدێلی فەرەنسا و ئەمریكا تاقیبكاتەوە لەسەر زەمینێكی وێرانە كە نە فەرەنسایە و نە ئەمریكا.
• ناشرینكردنی هەموان لەسەر جوانكردنی وێنای خۆی، كە دەڵێت من لەكەس ناچم ئەوان هەموویان لەیەك دەچن.
• تۆمەتبەخشینەوە بووە بەبەشێك لە گوتاری ئەم جوڵانەوەیە.
• پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوە، هەمان گوتاری پۆپۆلیستی و هێرشی سەرەتای 25ی 7ی 2009ی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێتەوە.
• نەوەی نوێ سەربە پارتی و یەكێتی نیە، بەڵام پارتی و یەكێتی دەستیان واڵاكردووە، چونكە پێیان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ نەوەی نوێ و جڵەوكردنی ئاسانترە لە بزوتنەوە گۆڕان، بەوپێیەی گۆڕان قوڵاییەكی سەربازی هەیە و زۆربەی سەركردەكانی لەناو هێزی پێشمەرگەدا خەڵكانی كاریگەرن.
• ئەم جوڵانەوەیە زیاتر كار لەسەر راكێشانی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، نەك پارتی و یەكێتی، ئەمەش دەبێتە هۆی سنورداركردنی ئاستی جەماوەرەكەی.
• سەرباری هەندێك جموجوڵ، بەڵام ئەم جوڵانەوەیە هاوشێوەی هێزەكانی تری سلێمانی نەوەی نوێ شەڕەكەی خستوەتە سلێمانی و گۆڕەپانی دهۆك و هەولێریان بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە.
• ئەم هێزە وا وێنا دەكات كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و لە بەغداد پشتیوانی دەكرێت، بەڵام ئاماژەیەكی روونی دەستنەكەوتووە لەو وڵاتانەوە بۆ پشتیوانی.
خاڵە بەهێزەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن:
• سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن.
• هەڵگری گوتاری رادیكاڵانە بەرامبەر بە دەسەڵات، ئەم گوتارە سەرباری ئەوەی بەمدواییە تاڕادەیەك پاشەكشێی كرد، بەڵام گوتارێكە نزیكە لە شەقامەوە و هێشتا لای توێژێكی بەرفراوان لە دەنگدەران رەونەقی خۆی لەدەستنەداوە.
• بایەخدانی زۆری بە تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە.
• سەرۆكی جوڵانەوەكە بەبەراورد بە سەرۆكی پارتە سیاسییەكانی تر، زیاتر لەگەڵ دەنگدەران روبەڕوو دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر كێشكردنی دەنگی دەنگدەران.