دەنگی لایەنەكان لە نێوان هەڵبژاردنی2013 و 2018 دا
2018-09-26 17:35:11
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
هەرێمی كوردستان لە چاوەڕەوانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندایە، بونی كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە لەناوچەكەو هەرێمی كوردستانداو هاتنەكایەی هێزی نوێ لە چوار ساڵی رابردوودا ئەگەری گۆڕانكاری لێدەكرێت لە نەخشەی سیاسی هێزەكانی كوردستان، هەرچەندە بەپێی لێكدانەوەكان گۆڕانكاری جەوهەری رونادات كە كاریگەری هەبێت لەسەر نەخشەی سیاسی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بەو پێیەی تا ئێستا یەكێتی و پارتی وەك دوو هێزی دەسەڵاتداری كوردستان كە خاوەنی و ئابوری وهێزی سەربازی و حوكمڕانی هەرێمن، هێشتا پێگەی خۆیان هەیەو چاوەڕەوانیش ناكرێت ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول ئەو دوو هێزە لە دەسەڵات دوور بخاتەوە.
یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 21/9/2013
پرۆسەی هەڵبژاردنی 21/9/2013 لەدوای ساڵی 1992 و خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكەم خول بوو كە تەواوی هێزە سیاسیەكان هەریەكە و بە لیستی سەربەخۆ و جیا بەشداری هەڵبژاردنیانكرد، ئەمەش روونتر پێگەو سەنگی هێزەكان دەردەكەون، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 21/9/2013 بەرێوەچوو، تیایدا ( 31 ) لیست بەشداریان لە پرۆسەكەدا كردوو سەرەنجام ( 17 ) لیست توانیان سەركەوتن بەدەستبهێنن.
لەو هەڵبژاردنەدا، ( 2653743 ) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، ژمارەی دەنگدەری درووست (1978382) كەس دەنگیاندا بەرێژەی ( 74.5%) بەهای كورسیەك بەبێ دەنگی كۆتاكان (19520) دەنگ بەوپێیەی دەنگی درووست بەبێ كۆتاكان ( 1952093 ) كەس بووە، تیایدا هەڵبژاردنەدا ( 9 ) لیستی گشتی و ( 8 ) لیستی كۆتاكان توانیان كورسی بهێنن و بچنە پەرلەمانەوە، تیادا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (743984 ) دەنگی بەدەستهێنا بەرێژەی (38.1% ) و ( 38 ) كورسی بەدەستهێنا و لیستی گۆڕان(476736) دەنگ و بەڕێژەی (24.4% ) و بەدەستهێنانی (24) كورسی، لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (350500) دەنگ و بەرێژەی (17.7% ) و بەدەستهێنانی ( 18 ) كورسی و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (186741 ) دەنگ و بەرێژەی ( 9.6%) و بەدەستهێنانی ( 10 ) كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی (118574 ) دەنگ بەرێژەی ( 6.1% ) و بەدەستهێنانی ( 6 ) كورسی و بزووتنەوەی ئیسلامی (21834) دەنگ و بەرێژەی ( 1.1% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی و حیزبی سۆسیالیست (12501) دەنگ و بەرێژەی ( 0.6% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی و لیستی ئازادی (12392) دەنگ و بەرێژەی ( 0.6%) و بەدەستهێنانی (1) كورسی و ئاراستەی سێیەم (8681) دەنگ و بەرێژەی ( 0.4% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی. سەرەڕای ئەوەش كۆتاكانیش (8) لیستیان كێبەركێیان كردووە بۆ بەدەستهێنانی (11) كورسی لە پەرلەمانی كوردستان.
لە دەنگدانی تایبەتیشدا، كە دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی بەڕیوەچوو، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت ( 164956 ) كەس و دەنگدەران لە هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە ( 153739 ) كەس و ژمارەی دەنگدەرانی نەخۆشخانەو زیندانەكان (11217 ) دەنگدەر، كۆی گشتی بەشداریكردنی ئەوانەی لەدەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەبوو( 144434 ) كە دەكاتە 94% و بۆ هەر پارێزگایەكیش بەشێوەی جیاواز بووە، لە پارێزگای هەولێر ئاستی بەشداریكردن لەدەنگدانی تایبەت (93.7% ) و پارێزگای سلێمانی (95.6% ) و پارێزگای دهۆك (91.5% ) بووە.
دووەم/ هەڵبژاردنی 30/9/2018
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوە بچێت تیایدا بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ( 3 ملیۆن و 85 هەزارو 461 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە كە ( 178 هەزارو 148 ) كەس دەنگدەری تایبەتە بە جۆرێك:
پارێزگای هەولێر: یەك میلۆن 36 هەزارو 419 كەس مافی دەنگدانیان هەیە
پارێزگای سلێمانی: یەك ملیۆن و 134 هەزارو 760 كەس مافی دەنگدانیان هەیە
پارێزگای دهۆك: 677 هەزارو 797 كەس مافی دەنگدانیان هەیە
پارێزگای هەڵەبجە: 66 هەزارو 234 كەس مافی دەنگدانیان هەیە
لە ( 1260 ) بنكەدا لە چوار پارێزگاكەی هەرێم هاوڵاتیان دەنگ دەدەن.
لەم هەڵبژاردنەدا ( 773 ) پاڵێوراو كێبەركێ دەكەن بۆ بردنەوەی 111 كورسی پەرلەمان كە ( 532 یان پیاو و 241 یان ژنە) لە ( 111 ) كورسی پەرلەمانی كوردستان 11 كورسی بۆ كۆتاكان دیاریكراوە، كە 5 كورسی بۆ مەسیحیەكان و 5 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ئەرمەن.
هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولی 2018 گۆرانكاری لە دەنگ و كورسی هێ.ولایەنە سیاسیەكان روودەدات.