پارتی و یەكێتی لە ململانێی سیاسییەوە بۆ شەڕی دینی
2018-09-26 12:17:50
راپۆرتی: درەو میدیا
ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەجۆرێك توندبوەتەوە، ئەم دوو هێزە "نەتەوەیی و عیلمانیە" لە سیاستەوە پەڕیونەتەوە بۆ جوڵاندنی سۆزی مەزهەبی و حەساسییەتە دینییەكان دژ بەیەكتر، چونكە دەزانن ناسنامەی دینی و مەزهەبی لە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگی عێراقدا، ڕەواجێكی باشی هەیە و هێز و ڕەوتە دینیە باڵا دەستەكان بەشیعە و سوننەوە بایەخێكی زۆری پێدەدەن، لەكاتێكدا ئەم مەسەلەیە بۆ بەلای كوردەوە وەك نەتەوە ئەگەر پرسێكی لاوەكی نەبێت، ئەوا حەساسیەتێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی نیە.
دوای كاندیدكردنی فوئاد حسێن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لە میدیا عێراقییەكاندا هەواڵ ئەوە بڵاوبوەوە كە هاوسەرەكەی جولەكەیە، ئەمەش بەلای هێزە شیعی و سوننییەكانەوە، چی وەك هێزی دینی و هەم وەك هێزی نەتەوەیش پرسێكی لەڕادەبەر هەستیارە ئەگەر هێڵی سور نەبێت، جوڵاندنی ئەم مەسەلەیە بەجۆرێك بوو فوئاد حسێنی ناچاركرد پێش خۆناساندنی و قسەكردن لەبارەی ئامانجەكانی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی تایبەت لە بەغداوە ڕێكبخات بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو دەنگۆیانە و، ڕاستەخۆش كەسێك لە بنەماڵەی تاڵەبانی تۆمەتباربكات بەفڕێدانی ئەو قسانە بۆ ناو ڕاگەیاندنە عێراقییەكان.
بارزانی جدییە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار
وەك دەوترێت ئەمە هەموو وێنەكە نیە، دیوێكی نادیاری تری وێنەكە لە دیاریكردنی خودی فوئاد حسێندایە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ ئەوەی ڕایەكی بەهێز هەیە پێیوایە پارتی جدی نیە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆیە فوئاد حسێنی كاندیدكردووەو، مەبەستی زیاتر فشاركردنە لەسەر یەكێتی بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح و دەستنیشانكردنی كاندیدێك دڵخوازی ئەو بێت یان لەم ڕێیەوە بتوانێت پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەست دەربهێنێت.
لەبەرامبەردا ڕایەكی تریش هەیە دەڵێت، كاندیدكردنی فوئاد حسێن لەلایەن بارزانیەوە، پەرۆشی و جدییەتی بارزانی دەسەلمێنێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بەوپێیەی دیاریكردنی فوئاد حسێن كە مسوڵمانی شیعە مەزهەبە، لەبنەڕەتدا بۆ ڕاكێشانی هەست و سۆزی مەرجەعی باڵای شیعەكان و هێزە شیعییەكانی عێراق بووە كە زۆرینەی پەرلەمانی عێراق پێكدەهێنن، بەومانایەی بارزانی بۆئەوەی زامنی ئەو پۆستە بكات، جارێك فوئاد حسێنی وەك كورد كاندیدكردووە بۆ ئەو پۆستە كە ئیستیحقاقی نەتەوەیی خۆیەتی ، جارێكیش وەك هاو مەزهەبی شیعەكان، كە مەزهەب بەلایانەوە بە بەشێكی گرنگ لەبوون و مانەوەی خۆیان دەزانن وەك "تائیفەیەكی دینی ستەملێكراو"، ئەوەش زیاتر بۆ ئەفزەلییەت و گەرەنتیكردنی دەرچون و سەركەوتنی بووە بەسەر سیاسییەكی سیكۆلاری وەك بەرهەم ساڵحدا ، كە دین و مەزهەب لە پەراوێزی بایەخەكانیایەتی.
پارتی و یەكێتی ڕێككەوتنی ژێربەژێریان هەیە
هەندێكی تریش هەموو ئەو مشتومڕانە بەسیناریۆ دەزانن و پێیانوایە، ئەو ململانێیەی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار سەریهەڵداوە، ڕێككەوتنێكی ژێر بەژێری باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح لەدیمەنە سیاسیەكە و پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بەكاندیدێكی تر لە یەكێتی كە ڕەزامەندی هەردوو لای لەسەربێت.
بەنگین ڕێكانی كە بەرپرسێكی پارتیە لە حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، ئاشكرایدەكات، دوو پێشنیازییان خستوەتە بەردەم یەكێتی، یەكەمیان: پێدانی هەموو ئەو پۆستانەیە كە ئیستیحقاقی كوردن لە حكومەتی فیدراڵی بە یەكێتی، دووەمیشیان: كوتلە كوردستانییەكانیەكان لەپەرلەمانی عێراق هەڵبژاردن بكەن بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.
شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا, ئاشكرایكرد، وەك پێشنیازێك پێیان باشە، تەواوی فراكسیۆنە كوردییەكان و پەرلەمانتارە كوردەكان لە بەغدا، بەر لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، كۆببنەوە و كەسێك لەناوخۆیان هەڵبژێرن بۆئەوەی ببێتە تاكە كاندیدی كورد بۆ ئەو پۆستە.
پێدەچێت هەموو ڕێككەوتنەكانی پشتی پەردە بۆ ئەوە بێت پرۆسەكە ئاڕاستەی پێشنیازی دووەمی پارتی ببرێت وەك چارەسەرێكی مامناوەند، كە ڕەنگە كەس هێندەی بەرهەم ساڵح ئەزمونی تاڵ نەبێت لەگەڵیدا و، دوای چوار ساڵ و لەسەر هەمان پرس و لە هەمان شوێن و لەلایەن هەمان كارەكتەرە سیاسییەكانەوە، جارێكی تر لە یارییەكە دووربخرێتەوە.