Draw Media

خاڵی بەهێز و لاوازی حزبەكان  بۆ هەڵبژاردن 

خاڵی بەهێز و لاوازی حزبەكان  بۆ هەڵبژاردن 

2018-09-25 19:11:31


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
رۆژ 30ی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی سیاسەتەكانی خۆیان لە چوار ساڵی رابردوودا دەچنەوە، سەرباری گومانەكان لە خراپی تۆماری دەنگدەران و ساختەكاریكردن، بەڵام هێشتا قسەی كۆتایی لای دەنگدەرانە و ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر بەروبومی چوار ساڵی رابردووی پارتە سیاسییەكان.
چوار ساڵی رابردوو، چوار ساڵی سەخت بوو بۆ هەموو پارتە سیاسییەكان، چەندین هەوراز و نشێوی سیاسی تێدا دروستبوو، كە پێویستی بەوە هەبووە هەر حزبێك بە ناچاری بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، جا ئەگەر بڕیارەكە دروست بوبێت یان نادروست.
دیارترین روداوەكانی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول كاریگەرییان لەسەر دەنگی دەنگدەران دەبێت دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە:
یەكەم: هاتنی داعش و خراپبوونی بارودۆخی دارایی
دووەم: بڕینی موچە و سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران
سێیەم: پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان
چوارەم: ریفراندۆم
پێنجەم: هاتنی حەشدی شەعبی و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان
شەشەم: شكستهێنانی ریفراندۆم و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد
حەوتەم: چاكبونەوەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەران
هەشتەم: ژمارەیەك هۆكار و پاڵنەری لاوەكی تر

لەپاڵ ئەم روداوە گرنگانەدا، چەندین روداوی تر رویانداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی حزبە سیاسییەكان كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای دەنگدەران دەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەنگدەران هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە پرۆسەكە مابێت و ئامادەبن لە رۆژی هەڵبژاردندا بچنەسەر سندوقەكان.
لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) بەشێوەیەكی بابەتیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول دیاری دەكات  و تا دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشە، هەموو رۆژێك لە راپۆرتێكدا خاڵی لاواز و بەهێزی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن بڵاودەكاتەوە. 
بزوتنەوەی گۆڕان 
بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 وەك هێزێكی ئەكتیڤی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت، بە رێبەرایەتی (نەوشیروان مستەفا)، لە یەكەم دەركەوتنیدا 25%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا، تا كۆچی دوایی لە 19/5/2017، نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، واتە بۆ ماوەی (8) ساڵ.
دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە هەڵبژێردرا و تائێستا سەرۆكایەتی بزوتنەوەكە دەكات.
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی (21/9/2013) بەرێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆی (111) كورسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا و (24) كورسی بردەوە و ژمارەی دەنگدەرانی گەیشتە (476 هەزار 736) دەنگ.  

خاڵە لاوازەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن:
•    لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك بومەلەرزەی سیاسی گەورە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان هەژاند، بزوتنەوەی گۆڕان روئیایەكی روونی بۆ ئەو روداوەنە نەبوو. 
•    شكستی گۆڕان لەڕووی بە واقیعیكردنی ئەو دروشمانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگدەرانی پێ كێشكرد.
•    ئەوەی گۆڕان بۆ دەرەوەی خۆی داوای دەكرد ئێستا لەناوخۆیدا كێشەی دروستكردووە، لەوانە پرسی شەفافیەت و ئازادی بیروڕا و سازادانی كۆنگرە لە وادەی خۆی و .. چەندین پرسی تر.
•    خوێندنەوەی نادروست بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت و پێشبینی نەكردنی روداوەكانی هاتنی "داعش" و داڕمانی دارایی هەرێم، لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا.
•    لە پرسی ریفراندۆمدا بزوتنەوەی گۆڕان تا كۆتایی دژایەتی ریفراندۆمی كرد و بە گاڵتەجاڕ و ناشەرعی وەسفیكرد، بەڵام لەكۆتاییدا دەنگی بە پرۆسەكەدا.
•    لە هێزێكی یاخی و هێرشبەرەوە بووە بەهێزێكی پاسیڤ و بێدەنگ، ئەوەی دەیڵێ هێزەكانی تریش دەیڵێن و جادوی دروشمەكان كاڵبوەتەوە.
•    بەردەوامی كێشە و ململانێی ناوخۆییەكان، هەمان دەردی یەكێتییە كە روبەرووی گۆڕانیش بوەتەوە، بەمدواییانە و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناكۆكییە ناوخۆییەكان پێی نایە قۆناغێكی نوێوە كە بزوتنەوەكەی بەتەواوەتی شەكەت كردووە.
•    بزوتنەوەی گۆڕان دوچاری دەردەكەی یەكگرتووی ئیسلامی بووە و لەكاتی خۆیدا بڕیار لەسەر پرسەكان نادات، كاتێكیش بڕیار دەدات، كاتەكەی تێپەڕیوە.
•    خراپی ئەدای كارەكتەرەكانی بزوتنەوەكە لەناو حكومەت و پەرلەمان و حكومەتە خۆجێییەكان. 
•    هەڵگری كۆمەڵێك روئیا و دونیابینی جیاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات لەبری گەورەكردنی پانتایی جیاوازییەكان لەگەڵ هێزە نەریتەوانەكان، لێكچونەكانی بەو هێزانە تۆختر كردوەتەوەو تاڕادەیەك لای دەنگدەران بووە  كۆپی ئەو هێزانەی تر. 
•    پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ داهاتوو كاری دەكرد، ئێستا وەك هێزەكانی دیكە لەسەر رابردوو دەژی بەتایبەتی سەركەوتن و دەستكەوتە سیاسییەكانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا.
•    هەڵوەرینی بەشێك لە كادر و هەواداران و رۆشتنیان بۆ ناو هێزەكانی دیكە، نەبوونی لێپرسینەوە و بەدواداچونی جدی بۆ هۆكاری ئەو شەپۆلە لە وازهێنانی كادر و لایەنگر و هەڵسوڕاوان.
•    ئاشكرابوونی وەرگرتنی پارە لە یەكێتی نشتیمانی كوردستان.
•    نەبوونی جێگرەوەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا، كە لە ئاستی روئیا و بیركردنەوە و كۆنترۆڵكردن و گوتاردانی سیاسی تاڕادەیەك لە نەوشیروان مستەفاوە نزیك بێت و وەكو ئەو بتوانێت جڵەوی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە بكات.
•    پاشەكشێی بزوتنەوەی گۆڕان لە پرسی كورسی سەرۆكایەتی هەرێم، لەڕێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەسەندكردنی یاسایەك بۆ هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم كە لەناو رایگشتیدا بەشێوەیەكی نەرێنی لەسەر ناوبانگی بزوتنەوەكە شكاوەتەوە. 
•    هەماهەنگیكردن لەگەڵ پارتی لەسەر یاسای تیرۆرو پەسەندكردنی یاساكە لە پەرلەمانی كوردستان وەكو پاشەكشێی گۆڕان لە پرسی ئازادییە گشتییەكان لێكدرایەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی گۆڕان لەلای دەنگدەران دروستكرد.
•    بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژارددنی 12ی ئایار، یەكێتی و پارتی تۆمەتبار كرد بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەڵێنی بە دەنگدەرەكانیدا "دەنگە دزراوەكانیان" بگەڕێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی دەنگەكانی بگەڕێنێتەوە و لەبری بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كە خۆی پێشتر ئاماژەی بۆ كردبوو، سەرباری ناڕەزایەتییەكان جارێكی تر رۆیشتەوە بۆ بەغداد. 
•    شەكەتیی میدیای گۆڕان لە تەوزیفكردنی گوتارە سیاسییەكان بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەكردنەوەی میدیاكانی گۆڕان لەڕووی گوتار و فۆرمی كاركردنەوە.
•    لەدەستدانی كارتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، لەدوای دروستبونییەوە هەمیشە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خاڵی هێزی بزوتنەوەی گۆڕان بووە، بەڵام ئێستا پێچەوانە بوەتەوە و گۆڕان پشتیوانی بەشێكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لەدەستداوە و ئێستا لە بری پشتیوانی، گۆڕان لەم تۆڕانەوە روبەڕووی رەخنەی توند دەكرێتەوە.
•    بەشێكی زۆری دەنگدەرانی ئەم بزوتنەوەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە دروشمی "بایكۆت"یان بەرزكردوەتەوە، ئەمەش بە زیانی گەورە بۆ بزوتنەوەكە كۆتایی دێت.

خاڵە بەهێزەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن:
•    گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی، رەنگە لەكۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی گۆڕان بشكێتەوە.
•    كێشەو گرفتی هەبووە، بەڵام هەڵەی ستراتیژی گەورەی نەكردووە، كە ببێتە هۆی عەیبداركردنی بزوتنەوەكە.
•    كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر بەدیوێكدا هۆكاری لاوازبوونی بزوتنەوەكە بێت بەدیوێكی تردا، هێشتا هۆكاری سەرەكی راكێشانی هەست و سۆزی دەنگدەرانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و زۆرێك لە دەنگدەرانی بزوتنەوەكە سەرباری ئەوەی رەخنەیان لە ئەدای كارەكتەرەكانی بزوتنەوەكەیان هەیە، هێشتا باوەڕیانوایە دەبێت وەكو وەفایەك بۆ رۆحی نەوشیروان مستەفا دەنگ بۆ گۆڕان بدەن.
•    تائێستا هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دروست نەبووە كە گوتارو هەنگاوەكانی گۆڕان دژ بە گەندەڵی و خراپەكاری دەسەڵاتی سیاسی تێپەڕێنێت.

.............................

خاڵی  بەهێزو لاوازی یەكێتی بۆ هەڵبژاردن:
http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2041

 

خاڵی  بەهێزو لاوازی  پارتی بۆ هەڵبژاردن:
http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand