بەرهەم ساڵح هەموو مینەكانی بەردەمی تەقاندەوە
2018-10-02 18:44:55
راپۆرتی: درەو میدیا
لەكۆتایدا بەرهەم ساڵح یارییەكەی بردەوە و هەموو ئەو بۆمبە چێندراوانەی پارتی و شەخسی بارزانی لەلایەك و، ژمارەیەك كەسایەتی خاوەن پێگە لەناو یەكێتی و لەماڵباتی تاڵەبانی بۆیان چاندبوو، تەقاندەوەو نەیانتوانی ڕێگەی گەیشتن بەكۆشكی سەلامی لێتێك بدەن و، ئەزمونی ساڵی 2014ی، لەگەڵ دووبارە بكەنەوە، ئەمجارە ئەو لەنەیارەكانی لێزانانەتر یاری خۆی كرد و بەو ڕێگایەدا نەڕۆیشتەوە كە پێشتر تاقیكردبوەوە.
ئەو، چوار ساڵ لەمەوپێش چانسی خۆی لەناو زۆرینەی كوردا بۆ گەیشتن بە كۆشكی سەلام تاقیكردەوە، بەڵام نەیانهێشت پێی تێبخات، بۆیە لەم گەڕەدا كە بەدوا هەلی دەزانیی، بڕیاریدا بە هەر نرخێك بێت خۆی نەداتە دەست كورد و، لەڕێی زۆرینەی شیعەو سوننەوە بەختی خۆی بخوێنێتەوە.
بەرهەم ساڵح بۆ گەیشتن بە كۆشكی سەلام باجێكی قورسیدا، كە ڕەنگە وەك سێبەری خۆی تا لە ژیاندابێت لێینەبێتەوە، ئەو حزبێكی دامەزراندو كەوتە ڕكابەریكردنی زۆرێك لە هاوڕێ و هاوخەباتەكانی، خۆشی لەو مێژووە دورودرێژەش بێبەری كرد كە لەگەڵیان بەسەری بردبوو، بەڵام كە گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەو ڕێگایە نایگەیەنێتە ئامانجە گەورەكەی، ئەمجارەیان بێ ئاوڕدانەوە هاوڕێ تازەكانی بەجێهێشت و بەچاوی نوقاو و گوێیەكی قورسەوە، ڕێگایەكی پڕ لەتانەو تەشەری گرتەبەر و جارێكی تر بەرەو ئامانجە لەمێژینەكەی كەوتەڕێ.
ئەوەی بەرهەم ساڵح كردی بەهەموو پێوەریك بێ پێشینەبووە، چونكە تائێستا نەبیستراوە سەرۆكی حزبێك حزبەكەی بەجێبهێڵێت و بچێتە ناو حزبێكی ترەوە، لەكاتێكدا عورف و كلتوری سیاسی باو ئەوەیە ئەندامانی حزب بچنە ناو حزبێكی ترەوە، بەڵام ئەو ئەم عورفەی تێكشاندو مۆدلێكی نوێی لەسەنگەرگواستنەوەی سیاسی داهێنا.
دواجار بەرهەم ساڵح بەئاواتەكەی گەیشت، بۆ چوارساڵی داهاتوو لەسەر ئەو كورسییە دادەنیشیت كە پێشتر تاڵەبانی لەسەر دانیشتووە، لەگەڵ ئەوەی یار و نەیار كۆكن كە بەرهەم ساڵح شایستەترین كەسە بۆ دانیشتن لەسەر ئەوكورسییە، بەوپێیەی پیاوێكی لێهاتوو و خاوەن ئەزمونێكی سیاسی باش و ناسراوە لەسەركۆی ئاستەكان و بۆ ناوبانگی كوردیش گرنگە سیاسییەكی وەك ئەو نوێنەرایەتی كورد لەسەر ئاستی عێراق و هەم نوێنەرایەتی عێراقیش بكات لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هیچكام لەمانە شەفاعەتی ئەوەی بۆناكات چاپۆشی لەو ڕێگایە بكرێت كە بۆ گەیشتن بەكۆشكی سەلام گرتیەبەر.
زۆرێك لەنەیارەكانی بەرهەم ساڵح دەڵێن، ئەو جگە لەوەی "هاوڕێی نیوە ڕێگا"و پیاوێكی بەرژوەندخواز و ساحێبی قسەو بەڵێنی خۆی نەبوو، ئاوێكی خراپیشی ڕشت و دەرگایەكی بێپێشینەی بۆ سەنگەرگواستنەوە كردەوە، پاشگەزبونەوەی لەپەیمان و بەڵێن كردە مەسەلەیەكی ئاسایی و، بەچۆڵكردنی بەرەی هێزە نەیارەكانی یەكێتی و پارتی جۆرێك لە نائومێدیشی لەناو خەڵك دروستكرد كە كاریگەریی لەسەر چەندئاست داناوە، هەر لاوازبونی متمانەی هاوڵاتیان بەسیاسییەكانەوە، تا دەگاتە نائومێدكردنیان لە سندوقەكانی دەنگدان و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان.
لەمڕوەوە زۆرێك بەرهەم ساڵح بەنمونەی سیاسییەك وەسفدەكەن كە بۆ پۆست و پلەو پایەو ناوبانگ دەژی بێگوێدانە ئەو ڕێگایەی دەیەگەیەنێتە ئەو ئامانجە وەك ئەو وتە سیاسییەی كە دەڵێت" گەیشتن بەئامانج پاساوە بۆ هەر ڕێگایەك كە بگیرێتەبەر" لەكاتێكدا وەك دەوترێت، سیاسی دەبێت بۆ سیاسەت بژی و سیاسەتیش بۆ چاكەی گشتی بكات، نەك بەرژوەندی شەخسی.
لەبەرامبەر ئەم ڕایەدا كە ماوەیەكی زۆر ڕەواجێكی گەورەی پێدرا، لەزۆرێك لە میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیدا، ڕایەكی تر پێیوایە، ئەوەی لەسەر بەرهەم ساڵح دەوترێت قسەكردنە لەسەر دیوێكی وێنە ڕاستەقینەكە، دیوەكەی تری ئەوەیە بەرلەوەی خەڵك لە بەرهەم ساڵح بێئومێدبێت، ئەو لەو حزبە سیاسییانە بێومێد بوو كە سیاسەتی لەگەڵ دەكردن (هێزە ناڕازییەكان)، ئەوان نەئامادەبوون لەگەڵیدا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن و، نە ئامادەشبوون بیكەنە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، نە متمانەشیان پێەدەكرد، لەكاتێكدا ئەو دەستبەرداری پۆستی جێگری سكرتێی گشتی یەكێتی و هەموو ئیمتیازاتەكانی حزبەكەی ببوو و ڕێگایەكی سەختی گرتبووە بەر.