Draw Media

ڕیفراندۆم ڕیسەكەی پارتی و یەكێتی دەكاتەوە بە خوری

ڕیفراندۆم ڕیسەكەی پارتی و یەكێتی دەكاتەوە بە خوری

2018-09-27 12:04:08


( درەو میدیا):
لە گەرمەی شەڕ و ململانێكانی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و دانانی مەرج و پێشنیازی جیاواز بۆ یەكتری، دۆسیەی ڕیفراندۆم دێتەوە بەرباس و وردە وردە لایەنە ناكۆك و دژ بەیەكەكانی شیعە لەیەك سەنگەردا كۆدەكاتەوە و خەریكە لەڕێی دروستكردنی ڕای گشتی لە ناوەندە سیاسییە جیاكانی عێراق بەتایبەت لە دامەزراوەی پەرلەمان، ئەم پرسە دەكەنە قەیران و مەرج و بەربەستێكی گەورە بۆ هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتی كە هەم خۆیان و هەم حزبەكانیشیان هەڵوێستیان ڕوون و ئاشكرابووە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.
حەنین قەدۆ پەرلەمانتار هاوپەیمانی بونیاتنان كە هاوپەیمانی (مالیكی و عامری)یە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، زۆرینەیەكی پەرلەمانی هەیە دەنگ دەدەن بەكاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە بەشداری لە ڕیفراندۆمی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان نەكردبێت، تەئكیدیشیكردووە، زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگ بەكەسایەتییەكی كوردی بێلایەن دەدەن كە بەشداری لە ڕیفراندۆم نەكردبێت یان پشتیوانی نەكردبێت.
لای خۆیەوە، پەرلەمانتار زیاد جەنابی لەلێدوانێكدا بۆ سۆمەریە نیوز، داوای لە مەسعود بارزانی كردووە پێش ئەوەی كاندید بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پێشكەشبكات، داوای لێبوردن لەگەلی عێراق بكات لەبەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
هەر لەو چوارچێوەیەدا مەنسور بعێجی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنان بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە، هاوپەیمانێتییەكەیان دەنگ بەهیچ كاندیدێكی پۆستی سەرۆك نادات ئەگەر پشتیوانی ڕیفراندۆمی جیابونەوەی هەرێمی كوردستانی كردبێت، داواشی  لە كورد كردووە كەسایەتییەكی نیشتمانی كاندید بكەن كە شایەنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێت.
 بعێجی بەپێویستی زانیوە، سەرۆك كۆماری داهاتوو پارێزەری دەستوربێت،  نەك بۆئەوەی خۆی پێ بپارێزێت وەك سەرۆكەكانی پێشوو، بۆیە پێویستە سەرۆك كۆماری داهاتوو بەهێزبێت و توانای پاراستنی دەستور و وڵاتی هەبێت لە هەر دوژمنكارییەكی دەرەكی و ناوەكی و سەرۆكی هەموو عێراقییەكانیش بێت نەك هەرێمی كوردستان و نەتەوەكەی خۆی بەتەنیا. 
پێشتریش جەواد موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هاوپەیمانێتییەكەیان مەرجێكی نوێی داناوە بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار .
ئەو پەرلەمانتارەی ڕەوتی سەدر تەئكیدی كردووە، دوور لەڕێككەوتنی كوتلە سیاسییەكان بۆ پشتیوانیكردنی كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پێویستە لەسەر هەر كاندیدێك لەگەڵ باسكردنی سیڤی كەسایەتی خۆی، هەڵوێستیشی لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئاشكرابكات.  
لە مادەی 67 دەستوری عێراقدا هاتووە" سەرۆكی كۆمار سەرۆكی دەوڵەت و سیمبوڵی یەكێتی نیشتمان و سەروەری وڵاتە، شەونوخونی دەكات بۆ زامنكردنی پاپەندبون بەدەستور و پارێزگاریكردن لە سەربەخۆیی عێراق و سەروەری و یەكێتی و پاراستنی خاكەكەی، بەپێی ئەحكامەكانی دەستور.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، هاوپەیمانی بونیاتنان مەرجی نوێی بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار داناوە و لە دیارترین مەرجەكانیش ئەوەیە،  بەڵێنبدات هیچ ئاستەنگێك بۆ پڕۆژەیاسا و پڕۆژە بودجە دروستنەكات لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كورد.
مەرجێكی تریشیان ئەوەیە سەرۆك كۆمار پشتیوانی حكومەتی داهاتوو بكات و چالاك بێت لە پۆستەكەیدا. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand