Draw Media

بارزانی و بەرهەم ساڵح یەكتری بانگهێشتی گۆڕەپانی ململانێ‌ دەكەن

بارزانی و بەرهەم ساڵح یەكتری بانگهێشتی گۆڕەپانی ململانێ‌ دەكەن

2018-09-29 09:55:54


راپۆرتی: درەو میدیا
بارزانی دەیەوێت بەهەمان ئەو تیرەی لە ساڵی 2014دا، پارتی و بەشێك لە یەكێتی و حزبەكانی تر (بەرهەم ساڵح)یان، لە ململانێی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ (فوئاد مەعسوم)دا، گلان، بەهەمان ڕێگا و لەهەمان جێگا مێژوو دووبارەبكاتەوە و خەون و خولیاكانی بۆ گەیشتن بە كۆشكی سەلام بۆ هەمیشە بكات بەسەراب، چونكە بەفلتەری ئەودا تێنەپەڕیوە و بەموبارەكەی ئەو دانەنراوە. 
لە بەیاننامەكەی بارزانیدا، كە ئێوارەی دوێنێ‌ بڵاویكردەوە، بەڕونی ئەم خواستە بەرجەستە بووە، بارزانی دەڵێت" پێمان باشە دیاریكردنی بەڕێزێك بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بۆ ڕای فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بگەڕێتەوە. هەر بەڕێزێك دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی لایەنە كوردستانییەكانی بەدەستهێنا وەك كاندیدی كوردستان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار دیاری بكرێت".
وەك دەوترێت لەگەڵ ئەوەی بارزانی دڵنیانیە لە دەرچونی كاندیدەكەی، بەڵام دڵنیایە لەوەی بەرهەم ساڵح نەك هەر لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆدەنگی لەسەر نیە، بەڵكو لەناو فراكسیۆنی یەكێتیشدا كە ململانێی توندی  ناو حزبەكە ڕەنگدانەوەی قوڵی هەیە تیایدا، كۆدەنگی لەسەر نیە و كۆی پەرلەمانتارەكانی یەكێتی دەنگی پێنادەن، بۆیە بارزانی هەڵبژاردنی ناو فراكسیۆنە كوردستانیەكانی بەلاوە پەسەندتر و زامنترە وەك لە ڕۆیشتن بۆ هەڵبژاردن لەناو پەرلەمانی عێراق، كە لە ڕوویەكیدا دەكەونە ڕكابەڕی كردن لەگەڵ شەخسێك كە لەسەر ئاستی عێراق ناسراوتر و كاریزماییترە بە بەراورد بەكاندیدەكانی ئەوان و هەم پارتیش وەك حزب لەسەر ئاستی عێراق زۆر خوازراو و خۆشەویست نیە. 

بەرهەم ساڵح متمانەی بەهێزە عێراقییەكان زیاترە 
بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" بەرهەم ساڵح دەچێتە هەر كۆڕ و كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان تەئكید لەوە دەكات، بێجگە لە فراكسیۆنی پارتی تەواوی لایەنە كوردییەكان متمانەی دەدەنێ‌ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جورئەتی ئەوەناكات بچێتەوە ململانێی هەڵبژاردنێكی تر كە فراكسیۆنە كوردییەكان ڕێكیبخەن، تەنانەت ئەگەر ڕكابەرەكەی پارتیش بێت، وەك دەوترێت بەرهەم ساڵح  پێش ئەوەی ترسی هەبێت لەلایەنەكانی تر، متمانەی بە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی خۆی نیە(یەكێتی) دەنگی پێدەن، بۆیە ئەوەی بەلاوە باشترە شەڕەكە بەرێتە ناو پەرلەمان چونكە زیاتر ئومێدی بەهێزە عێراقییەكانە دەنگی پێبدەن وەك لە هێزە كوردییەكان. 
ئەم خواستەی بەرهەم ساڵح لە و بەیاننامەیەدا ڕەنگیداوەتەوە كە وەڵامێكی ڕاستەوخۆیە بۆ ڕاگەیەندراوەكەی مەسعود بارزانی، بەرهەم ساڵح لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت"یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە تەنها لە لایەن هێزە كوردستانییەكانەوە كاتێك ئەكرێت كە دۆخی سیاسی كوردستان ئاسایی بێت، كە بەداخەوە ئیستا بەشێكی گرنگی هێزە كوردستانییەكان تەنانەت ئامادەی دانیشتن نین لەگەڵ یەك، هەروەها لەم هەلبژادنەش كاندیدەكان تەنها نوینەرانی یەكێتی و پارتی نین، بەڵكو ژمارەیەك كەسایەتی تری ناحیزبی تیایە. و هەروەها ئەگەر سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق بە كوردستانیشەوە ئەكات ئەوە پێویستە پەرلەمانی عیراق بڕیاری كۆتایی لەسەر بدات بەپێی ئەمەش هەنگاوێكە بۆ شكاندنی پشك پشكێنەی حیزبی و لە ئێستادا داواكاریەكی گشتی دیموكراتیە".

پارتی و یەكێتی لەیەكڕیزییەوە بۆ گرەوكردن

ئەوەی ئێستا بەڕوونی لەسەر زەمین بەرجەستەبووە، درێژەكێشانی ململانێكانی نێوان یەكێتی و پارتیە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، بڵاوبوونەوەی هەردوو ڕاگەیەندراوەكەی مەسعود و بارزانی و بەرهەم ساڵح ئاماژەن بۆ سەختی گەیشتن بەڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەگەر مەحاڵ نەبێت، لێرەوە ئەگەری هەر بەهێز ئەوەیە پارتی و یەكێتی بەدوو كاندیدی جیا بچن بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەوە لە كاتێكدایە شیعەكان بەهەردوو لایان وتووە بڕۆن لەسەر كاندیدێك ڕێكبكەون بۆئەوەی ئەوان پشتیوانی بكەن، لەم حاڵەتدا ڕەنگە شیعەكان پەرلەمانتارەكانیان سەرپشكبكەن لەوەی دەنگ بەكاندیدی چ لایەنێك دەدەن، ئەوەش بەو مانایەی پارتی و یەكێتی لەیەكڕیزی و پێكەوە بوونە هاتونەتە سەر گرەوكردنێك كە دوورنیە هەردووكیان تیایدا دۆڕابن.


ململانێ‌ لەسەر پۆست نەك بەرژەوەندی گەل
بە رای چاودێران ململانێی توندی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە زیاتر پۆستێكی تەشریفاتییە و دەسەڵاتێكی كەم و ئیمتیازاتێكی زۆری هەیە، ئەوە دەردەخات كە ئەو دوو حزبە لە دوای 2003ەوە ئەوەندی هەوڵ و ململانێیان بۆ ئەوە بووە پۆست و ئیمتیازات بۆ حزبەكانیان بەدەستبهێنن، ئەوەندە هەوڵیان نەداوە مافە دەستورییەكانی هەرێم لە بەغدا بچەسپێنن و زۆرجاریش بۆئەوەی ئەو دەستكەوتانەیان لەدەستنەچێت لە كۆتاییدا دەگەنە رێككەوتن و پۆستەكان بەسەرخۆیاندا دابەشدەكەن.
  
  
    

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand