چارەنوسی كورسییەكانی نەوەی نوێ چۆن یەكلادەكرێتەوە؟
2018-10-01 22:08:53
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەكو یەكەم لایەنی بەشداربووی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا كاندیدە دەرچووەكانی نەنێرێتە پەرلەمان، ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەشێوەی ئێستا بمێننەوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، نەوەی نوێ كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، لەنێوان (8 بۆ 9) كورسی بردوەتەوە.
لەدوای بڕیارەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ بایكۆتكردنی پەرلەمان، پرسیار لەسەر ئەوە دروستبووە ئەگەر نەوەی نوێ كاندیدە دەرچووەكانی نەنێرێتە پەرلەمان، شوێنەكانیان بە بەتاڵی دەمێنێتەوە یاخود بە كاندیدی تر پڕ دەكرێنەوە؟
(درەو میدیا) بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992 كە حەوت جار هەمواركراوە، وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ خوێنەرەكانی رۆشن دەكاتەوە.
ئەندامێتی پەرلەمان چۆن كۆتایی دێت ؟
بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێتەوە، گرنگە خوێنەر بزانێت لە بنەڕەتەوە، كاندیدی دەرچوو یاخود پەرلەمانتار چۆن ئەندامێتی لەدەستدەدات؟
بەپێی ماددەی (43)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەكێك لەم حاڵەتانەدا ئەندامێتی پەرلەمان كۆتایی دێت:
1- كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمان یان هەڵوەشاندنەوەی.
2- وازهێنانی ئەندام، لە رۆژی قبوڵكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە بەزۆرینەی دەنگ كاری پێدەكرێت.
3- ئەگەر یەكێك لە مەرجەكانی پاڵاوتنی بۆ ئەندامێتی پەرلەمان تێدا نەبوو، پەرلەمانیش بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامە ئامادەبووەكانی بڕیاری لەسەر بدات.
4- ئامادەنەبوونی ئەندام لە سێ دانیشتنی لەسەریەك بەبێ عوزری مەشروع.
5- مردنی ئەندام پەرلەمان.
ئەوەی لەم یاسایەدا كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ دەگرێتەوە خاڵی (4)ە كە دەڵێ" ئامادەنەبوونی ئەندام لە سێ دانیشتنی لەسەریەك بەبێ عوزری مەشروع" واتە بەپێی ئەم بڕگەیە ئەگەر كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ لە سێ دانیشتن ئامادە نەبن، ئەندامێتی لەدەستدەدەن.
مەترسییەك لەسەر نەوەی نوێ ؟
لەبارەی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكان، یاسای هەڵبژاردنی كوردستان ئاماژەی بە چەند حاڵەتێك كردووە.
ماددەی (64)ی یاسای هەڵبژاردن دەڵێ" لەحاڵەتی بەتاڵمانی هەر كورسییەك، ئەوا لەلایەن پاڵێوراوانی ئەو قەوارەیەی خاوەن كورسییەكەیە پڕدەكرێتەوە، ئەویش بەبەخشینی بەو پاڵێوراوەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، وە لە حاڵەتی یەكسانبوونی دەنگەكانی پاڵێوراواندا ئەوا پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكە بەگوێرەی ئەولەویەتی ریزبەندی ناوەكان لە لیستە بنەڕەتییەكەوە دەبێت".
بەپێی ئەم یاسایە ئەگەر كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ لەسەر بڕیاری جوڵانەوەكەیان هیچ یەكێكیان ئامادە نەبوون بچنە ناو پەرلەمان و كورسییەكەیان پڕبكەنەوە، بەئەندامێكی تری لیستەكەی خۆیان پڕدەكرێتەوە.
رەنگە ئەمە كێشە بۆ نەوەی نوێ دروستبكات، چونكە ئەگەر كەسێك لەو كاندیدانەی كە دەرنەچوون، بەڵام دەنگی پێویستیان هەیە پەیوەست نەبن بە بڕیاری جوڵانەوەكەیانەوە دەتوانن كورسی هاوڕێ دەرچووەكانیان لە پەرلەمان پڕبكەنەوە.
كورسییەكانی نەوەی نوێ بە كێ دەدرێن ؟
لە حاڵەتێكدا ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ و ئەو كاندیدانەش كە دەرنەچوون بەڵام دەنگی پێویستیان هێناوە، ئامادەنەبوون بچنە پەرلەمان، ئەوكات بەپێی ماددەی (62)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كورسییەكانی نەوەی نوێ دەدرێت بە كاندیدی لایەنە براوەكانی تر.
دەقی ماددەی (62)ی یاسای هەڵبژاردن لە بڕگەی سێیەمدا دەڵێ" ئەگەر كورسییە بەتاڵەكە هی لیستێك بوو كە پاڵێوراوی نەمابێ، ئەوا كورسییەكە بۆ پاڵێوراوێكی دیكە لە قەوارەیەكی سیاسی دیكە تەرخاندەكرێت كە كەمترین رادەی ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستهێناوە كە بۆ پڕكردنەوەی كورسییەك پێویستە، بەپێچەوانەش كورسییەكە بەبەتاڵی دەمێنێتەوە".
90 رۆژەكە
پڕكردنەوەی یان نەكردنەوەی كورسییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرۆسەكەیە كە ماوەی (90) رۆژ واتە سێ مانگ دەخایەنێت، بڕگەی پێنجەمی ماددەی (62)ی یاسای هەڵبژادن دەڵێ" لەحاڵەتی سوێندنەخواردنی پاڵێوراوی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمان لەماوەی دیاریكراودا بەبێ هیچ هۆیەكی رەوا، ئەوا دوای (90) رۆژ، ناوبراو مافی ئەندامێتی نامێنێ و پاڵێوراوێكی دیكە بەپێی یاسا شوێنی دەگرێتەوە".
واتە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر كاندیدە دەرچووەكانی نەوەی نوێ بایكۆتی پەرلەمان بكەن، بەپێی یاسا دەبێت سەرەتا شوێنەكانیان بە كاندید لە هەمان لیستی خۆیان پڕبكرێتەوە، ئەگەر ئەم هەنگاوە سەركەوتوو نەبوو، كورسییەكانیان دەدرێت بە كاندیدی لایەنە براوەكانی تر.