راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی گەورەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، بەڵام پلانەكانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت وەكو ئەوەی خۆی دەیەوێت، بەڕێوەناچێت. هێنانەپێشەوەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، رەوتی دانوستانەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان دوچاری گرێوگۆڵ كردووە. نێچیرڤان بارزانی كە دوای 17 ساڵ كورسی سەرۆك وەزیرانی بۆ ئامۆزەكەی (مەسرور بارزانی) چۆڵكرد، بە وردی چاودێری دانوستانەكانی وەفدی پارتی دەكات لەگەڵ گۆڕانو یەكێتی، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكرێتەوە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەو سەرۆكایەتی ئەو دامەزراوەیە دەكات. نێچیرڤان بارزانی بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخەكە، كەسانی نزیكی خۆی لە ناو وەفدی دانوستانكاری پارتی داناوە. كێشە گەورەكەی پارتی ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، گەورەترین ئاستەنگ كە ئێستا روبەڕووی وەفدی دانوستانكاری پارتی بووەتەوە ئەوەیە، دانوستانەكان لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هاوتەریبی یەكتر ناڕۆن. یەكێتی نیشتمانی وەكو شەریكێكی سەرەكی ئامادەی بەشداریكردنە لە كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی، بەڵام لەسەر پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم تێبینی هەیە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پارتی پێشوەختە بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی یەكێتی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێناوەتە پێشەوە. (درەو میدیا) پێشتر لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد كە یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی گرتووەو ئێستا كار لەسەر دوو خاڵی سەرەكی دەكات: یەكەم: پارتی دەیەوێت كابینەی نوێی حكومەت بەشێوەیەكی خێرا پێكبهێنێتو مەسرور بارزانی شەرمەزار نەكات، یەكێتی لەم بابەتە تێگەیشتووە، بۆیە هەوڵدەدات پرۆسەی دانوستانەكان درێژبكاتەوە تاوەكو پارتی ناچار بكات مل بە خواستەكانی بدات. دووەم: پارتی بۆ راگرتنی پارسەنگی ناو بنەماڵەی بارزانی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێناوەتە پێشو لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، دەبێت نێچیرڤان بارزانیش پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، یەكێتی لەم ناكۆكییە بنەماڵەییە تێگەیشتووە، بۆیە بەئاسانی مل نادات بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم. نێچیرڤان بارزانی چی دەوێت؟ خواستنی نێچیرڤان بارزانی لە وەفدی دانوستانكاری پارتی تەنیا لەوەدا كورت نەبووەتەوە كە زامنی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكەن، بەڵكو دەیەوێت زامنی ئەوەش بكەن سەرۆكی داهاتووی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی ) كە بۆ (یەك خول) لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێتو لەو پرۆسەیەدا كەسایەتی نەشكێندرێت. پارتی داوای كۆبونەوە دەكات بڕیاربوو ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ جەژنی سەری ساڵەوە گەیشتی دەرەوەی وڵاتیان كرد، كۆبونەوەكە نەكرا. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان داوای كردووە پێش جەژنی سەری ساڵ، كۆبونەوەیەكی خێراو بەپەلە لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتیو گۆڕان بكات، یەكێتی تائێستا وەڵامی پارتی نەداوەتەوەو پێناچێت بیەوێت پێش سەری ساڵ هیچ كۆبونەوەیەك لەگەڵ پارتی بكات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیی خۆی بۆ سازدانی كۆبونەوەكە دەربڕیوە. رەنگە پارتی بۆ راگرتنی پێگەی داهاتووی دوو ئامۆزاكە (نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی) شتی زۆر ببەخشێت، ئەمەش رێك پێچەوانەی پێشبینی پارتییەكان بوو دوای هەڵبژاردن، كە پێیانوابوو بەو سەركەوتنە گەورەیەی بەدەستیهێناوە، پارتی بۆ چوار ساڵی ئایندە چیتر پێویستی بە ركابەرە سیاسییەكانی نابێتو دەتوانێت بەو زۆرینەیەی كە لە پەرلەمان هەیەتی جڵەوی كوردستان لەدەستی خۆیدا توند بكات.
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێ" مێردمنداڵان كە تۆمەتباركراون بە ئەندامێتی داعشو لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان سزای خۆیان وەرگرتووە، دوای ئازادكردنیان جارێكی تر لەسەر هەمان تاوان لە دادگاكانی عێراق سزا دەدرێنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان هیچ نوسراوێكی یاساییان پێنادات كە بیسەلمێنێت سزای تاوانەكانیان وەرگرتووە"، حكومەتی هەرێمیش راستی ئەم قسانە رەتدەكاتەوە. رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كە رێكخراوێكی بواری بەرگریكردنە لە مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ راپۆرتێكی نوێی لەبارەی دۆخی زیندانیان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە. "مەترسییەكی دووسەرە بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ داعشدا" ئەمە ناونیشانی راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ-ە، تێدا باسلەوەكراوە" مێردمنداڵانی سەربە پێكهاتەی عەرەبی سوننە كە بەهۆی پەیوەندییان بە رێكخراوە داعشەوە دەستگیركراون، كاتێك ماوەی حوكمەكانیان لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان تەواو دەكەنو ئازاد دەكرێن، جارێكی تر روبەڕووی مەترسی دەستگیركردن دەبنەوە". راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات" ئەو مێردمنداڵانە دوای ئەوەی لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان ئازاد دەكرێنو دەگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەكانیان لە ناوچەكانی خۆیان كە ئێستا ئەو ناوچانە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی بەغداددان، جارێكی تر لەلایەن دەزگای دادوەری عێراقەوە روبەڕووی مەترسی دەستگیركردن دەبنەوە بەهۆی ئەوەی هیچ جۆرە هەماهەنگییەك لەنێوان سیستمی دادوەری عێراقو هەرێمی كوردستاندا نییە". رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا وێنەی گەنجێكی بڵاوكردوەتەوە بە ناوی كەریم كە تەمەنی (18) ساڵەو لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركراوەو بەپێی راپۆرتەكە ئەشكەنجەدراوەو جگەرە لەسەر دەستو قۆڵەكانی كوژێندراوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئازادكراوەو گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ، جارێكی تر لەلایەن دەسەڵاتدارانی سەربە حكومەتی بەغدادەوە دەستگیركراوەتەوەو ئەشكەنجەدراوەو بۆ ماوەی چەند مانگێك دەستبەسەركراوە. ئازادبونێكی مەترسیدار بەگوێرەی راپۆرتەكە، نزیكەی (20) منداڵ هەن كە دوای زیندانكردنیان بەتۆمەتی تیرۆر، ئێستا ئازادكراونو بەمنزیكانە دەیانو سەدان گەنجی تازەپێگەیشتووی تر لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان ئازاد دەكرێن، ئەمەش بەواتای مەترسی دوبارە دەستگیركردنەوەیان دێت، بۆیە ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان بۆ ئەوەی جارێكی تر ئاوێتە ببنەوە بە كۆمەڵگە، چونكە رەنگە گەڕانەوەیان ببێتەهۆی ئەوەی جارێكی تر بخرێنە ناو زیندانەكانی عێراقەوە. تاوانێكو دوو سزا لەمما فەقێ جێگری بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێ:" نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان دوو سیستمی دادوەری جیاواز لە عێراق، بوەتە هۆی مەترسی دووبارەكردنەوەی لێپێچینەوەی یاسایی لەسەر هەمان تاوان، ئێستا ئەم مەترسییە روبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە كە ماوەیەكی كورتی سزاكانیان بەسەربردووە، بەڵام لەگەڵ ئازادكردنی ئەوانەی كە ماوەی حوكمەكانیان تەواوكردەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە، روبەڕووی هەمان كێشە دەبنەوە". راپۆرتەكە نوسیویەتی: هەردوو سیستمی دادوەری عێراقو هەرێمی كوردستان یاسای تایبەتی خۆیان هەیە بۆ روبەڕووبونەوەی تیرۆر كە لە دادگاكانیاندا پەیڕەوی دەكەن، حوكمەكانی بۆ تۆمەتی تیرۆر لە دادگاكانی كوردستان زۆر كەمترە. لەڕووی مێژووییەوە (عێراقو كوردستان) سیستمێكیان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی، بەڵام دادوەرانی هەردوولا بە هیومان رایتس وۆچ-یان رایگەیاندووە، ئەو سیستمە لەم ساڵانەی دوایدا كەمتر كارایە، بەتایبەتیش لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەی "ئەنجومەنی باڵای دادوەری" عێراق كە لە رۆژی 17ی كانونی یەكەمدا بڵاوكراوەتەوە جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگییەكی باشتر دەكاتو باسلەوەدەكات، مانكی تشرینی دووەم فەرماندراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ چاككردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو دەسەڵاتە دادوەرییەكە، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە تائێستا ئەو لیژنەیە دەستی بەكاركردن نەكردووە. خەڵك چۆن دەستگیر دەكرێن؟ وەكو بەشێك لە هەڵمەتی لەناوبردنی "داعش" هێزە ئەمنییەكانی عێراقو هەرێمی كوردستان وردبینی ئەمنی بۆ هەموو ئەو كەسانە دەكەن كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بەجێدەهێڵن، بۆ ئەمەش هێزە ئەمنییەكان پشت بە لیستێك دەبەستن كە نوێنەرانی هەردوولا لە ساڵی 2014وە ئامادەیان كردووە، سەرباری ئەمە لە چەند سەرچاوەیەكی جۆراوجۆرەوە لیستی ناوی ئەو كەسانە كۆدەكەنەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ "داعش" هەبووە، لەوانە وەرگرتنی زانیاری گشتی لەبارەی ئەندامانی "داعش" یاخود ئەو ناوانەی كە "داعش" خۆی بڵاویكردونەتەوە، یاخود ناوی كەسانی گومانلێكراو كە لەو كەسانە وەریانگرتووە كە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی "داعش" هەڵاتوون. راپۆرتەكە لەزاری ژمارەیەك خێزانەوە كە بەتۆمەتی ئەندامێتی "داعش" دەستبەسەركراون دەڵێ: " دراوسێ یاخود كەسانی تر زانیارییان داوە لەبارەی یەكێك لە ئەندامانی ئەو خێزانانەو تۆمەتباریان كردوون بە ئەندامێتی داعش، ئەمەش تەنیا بەهۆی ناكۆكی خێڵەكی یاخود تایبەتی یاخود ناكۆكی لەسەر زەویو زار". دەستوری عێراقو سزاكان لەبارەی مەترسی دووبارە دادگایكردنەوەی ئەو كەسانەی كە لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان ئازاد دەكرێن راپۆرتەكە دەڵێ بەپێی دەستوری عێراق " تۆمەتبار دوای ئازادكردنی لەسەر هەمان تۆمەت دادگایی ناكرێتەوە، مەگەر بەڵگەی نوێ دەركەوێت". دوو پسپۆڕی یاسایی لە هەرێمی كوردستانو عێراق بە رێكخراوەكەیان وتووە" ئەگەر كەسێك لە یەكێك لە سیستمە دادوەرییەكاندا تۆمەتباركرا بە تاوانێكو ماوەی سزاكەی تەواو كرد، ناكرێت جارێكی تر لەسەر هەمان سەرپێچی دادگایی بكرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بەڵگەی نوێش دەركەوت، بەڵام بەهۆی نەبوونی هەماهەنگییەوە، سەختە داواكار لە یەكێك لەو دوو سیستمە دادوەرییەدا بزانێت ئاخۆ ئەو بەڵگەیەی دۆزراوەتەوە بەڵگەی نوێیە یاخود نا، تەنانەت نازانرێت ئایا ئەو كەسە لە سیستمە دادوەرییەكەی تردا سزاكەی وەرگرتووە یاخود نا. ژمارەیەك پسپۆڕ كە چاودێری دۆخی ئەو مێردمنداڵانە دەكەن بە رێكخراوەكەیان وتووە: ئەوان 5 نەوجەوان دەناسن كە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیانو دەستگیركراونەتەوە، بەڵام وردەكاری ئەوە نازانن كە چییان بەسەر هاتووە، بەپێی قسەی ئەوان ئاسایش نوسراوی دادگایان بەو نەوجەوانانە نەداوە كە لە زیندانی چاكسازی هەولێر ئازادیان كردوون، ئازادكراوەكان بۆ ئەوەی ئەو نوسراوەیان دەستكەوێت دەبێت بۆ ماوەیەكی درێژ پشت بە پارێزەرەكان ببەستن. هیومان رایتس وۆچ باس لە نامەیەكی ئەلیكترۆنی (ئیمێڵ)ێكی دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونو وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەم بۆ رێكخراوەكەی ناردووەو لە وەڵامی مەترسی نەبووی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو سیستمە دادوەرییەكە دەڵێ:" هەماهەنگی هەبووەو بەهۆی ئەو هەماهەنگییەوە 6 كەس لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستانەوە حەواڵەی زیندانەكانی عێراق كراون، بەڵام وەڵامی ئەو پرسیاری رێكخراوەكەی نەداوەتەوە لەبارەی نوسراوی ئەستۆپاكی كە دەبێت بە ئازادكراوەكان بدرێت. وەڵامی هەرێمی كوردستان! هەر دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە، دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ- ی دایەوە. دیندار زێباری دەڵێ: هەر كەسێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت بە تۆمەتی تیرۆر، دوای ئەوەی بە بەڵگەوە تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوەو ددان دەنێت بە پەیوەندیكردنی بە داعشەوە، ئینجا دەستگیر دەكرێت، واتە لە دەستگیركردن تەنیا پشت بە ددانپێدانانی گومانلێكراوان نابەسترێت، هەروەها دوای دەستگیركردنیان كەسوكاریان ئاگاداردەكرێنەوە لە شوێنی دەستگیركردنیانو مافی هەبوونی پارێزەرو سكاڵا تۆماركردنیشیان هەیە لە دادگا دژی هێزە ئەمنییەكان". لەبارەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری زێباری ئاماژە بەوەدەكات" حكومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ پڕۆسەیەكیان دەستپێكردووە بۆ رادەستكردنەوەی ئەو دەستگیركراوانەو حكومەتی هەرێم ئاسانكاریی زۆری كردووە بۆ رادەستكردنەوەی ئەم دەستگیركراوانەو تائێستا بەپێی بەرنامەیەك بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی، بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ، زیاتر لە (هەزارو 400) دەستگیركراوی داعش رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی كراون، كە زوربەیان خەڵكی ناوچەكانی ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالەو حەویجە بوونو لەژێر لێكۆڵینەوەدا بوون، واتە سزایان بۆ دەرنەچوو بوو لەلایەن دادگاكانی هەرێمی كوردستانەوە". لەبارەی ئەو دەستگیركراوانەی كە لە هەرێم سزایان بۆ دەردەچێت یان بە بڕیاری دادگا ئازاد دەكرێن، زێباری رایگەیاند " هەر كەسێك بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابێتو حوكم درابێ، تۆمەتو سزاكەی دەخرێتە نێو پەڕاوەكەیو لە كاتی پێویستدا دەتوانرێت لەڕێگای پارێزەرەوە ئەو زانیاریانە دەستبكەوێت".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە، بەڵام بڕیاری نەدا لەسەر ئەوەی ئایا بزوتنەوەكە بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكات یاخود نا، جڤاتی نیشتمانی كە ژمارەی ئەندامەكانی زیاتر لە (50) كەسە، بڕیاری خۆی دایە دەست لیژنەیەكی (5) كەسی كە دیاریكراون بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی، (درەو میدیا) هۆكاری بڕیارنەدانی جڤاتی نیشتمانی ئاشكرا دەكات. ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەیدا، كۆبوەوە. كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی دوو پرسی سەرەكی بوو: یەكەم: بەشداربوون یان نەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دووەم: كۆنفرانسو هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە لەبارەی بەشداری لە حكومەت بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا بڕیار نەدراوە لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام زۆرینەی بەشداربووانی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە قسەكانیاندا پاڵپشتییان لە بەشداری بزوتنەوەكەیان لە حكومەت كردووە، جگە لە چەند دەنگێكی كەم كە باسی ئەگەری ئۆپۆزسیۆنبوونیان كردووە. جڤاتی نیشتمانی كە بڕیاربوو ئەمڕۆ بڕیار لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان بدات لە حكومەت، لە كۆبونەوەكەدا هیچ بڕیارێكی نەداو لیژنەی دانوستانكاری راسپارد بەردەوام بێت لەسەر دانوستانەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت. بۆچی جڤات بڕیاری نەدا؟ سەرباری ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی پشتیوانی بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان بوون لە حكومەت، بەڵام جڤات هیچ بڕیارێكی نەداو پرسەكە نەخرایە دەنگدانەوە، پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا بۆچی جڤات بڕیاری نەدا؟ بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی بڕیاری نەداوە لەبارەی بەشداریكردنی بزوتنەوەكە لە حكومەت یاخود نا: هۆكاری یەكەم: ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیاری بدایە لەسەر بەشداربوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، پارتی پێشوەختە لە نیازی بەشداربوونی گۆڕان دڵنیا دەبێتو ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر رەوتی دانوستانەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی سەبارەت بە پشكەكانی گۆڕان لە كابینەی نوێدا، واتە سەركردەكانی گۆڕان دەیانەوێت ئەگەرى بەشدارنەبوون لە كابینەی نوێ وەك ئەگەرێكی كراوە بهێڵنەوەو وەكو كارتی فشار لەسەر مێزی گفتوگۆكان بەكاری بهێنن، لەلایەكی تریش ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن ئەگەری پەیوەندیكردن بە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە كارێكی سەخت نەبێت. هۆكاری دووەم: ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیاری بدایە لەسەر بەشدارنەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، پرسی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت كۆتایی دەهات، چونكە جڤاتی نیشتمانی بەرزترین ئاستی بڕیاردانە لەناو گۆڕان، واتا چیتر بابەتێك بۆ گفتوگۆو كارتی فشار نامێنێتەوە. گۆڕانو پەیوەندییەكانی ! لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیدا لەبارەی پەیوەندییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ كرا. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا باس لەو هەوڵانە كراوە كە بەمدواییە یەكێتی نیشتمانی خستویەتیەگەڕ بۆ كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆبونەوەكەدا جەخت كراوە لەسەر ئەوەی كە كۆبونەوەی "كۆمەڵایەتی" لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كراوە، بەڵام هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی نەكراوە. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی وتووە:" هیچ كۆبونەوەیەك لەگەڵ یەكێتی ناكەین، چونكە یەكێتی نە رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ گۆڕان، نە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، جێبەجێ نەكردووە". رێكخەری گشتی گۆڕان وتویەتی:" بە بەرپرسانی یەكێتییان وتووە، تا ئەو رێككەوتنانە جێبەجێ نەكەن، كۆبونەوەتان لەگەڵدا ناكەین". لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، گفتوگۆ كراوە، باسلەوە كراوە كە بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشداریكردندا لە كابینەی نوێی حكومەت كۆمەڵی ئیسلامی بەجێنەهێڵێت، بەڵام لەبەرامبەردا بۆچونێكی تریش هەبووە كە باسی لەوە كردووە كۆمەڵ لە ماوەی رابردوودا لە چەند وێستگەیەكدا بزوتنەوەی گۆڕان بە جێهێشتووە، لەوانە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری سلێمانی كە كۆمەڵی ئیسلامی لیستی "خزمەت"ی لەناو ئەنجومەنی پارێزگا دروستكردو پشتیوانی گۆڕانی نەكرد، لە وێستگەیەكی تریشدا كە بزوتنەوەی لە حكومەت دەركرا، كۆمەڵ لە حكومەت نەكشاوەتەوە تاوەكو دواین ساتەكان ماوەتەوە، دواینجاریش كە بزوتنەوەی گۆڕان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد، كۆمەڵی ئیسلامی بۆچونی پێچەوانەی هەبووە. لەبارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانەوە تەوەرێكی تری كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی تایبەت بوو بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، جڤات لیژنەكانی راسپاردووە دەست بە كاركردنی خۆیان بكەن.
نوسینی: گونای یەڵدز/ بی بی سی وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان- وەرگێڕ)، چەندین پرسیاری لێكەوتوەتەوە دەربارەی ئەوەی چی بەسەر كورددا دێت كە هاوپەیمانی سەرەكی ئەمریكایە لە زومین هەروەها پرسیاری ئەوەش هاتوەتەگۆڕێ كە ئایا توركیا چ پێشنیارێكی بۆ ترەمپ خستوەتەڕوو لەبەرامبەر كشانەوەی لە سوریا؟ بڕیارەكەی 19ی ئەم مانگەی ترەمپ بۆ كشاندنەوەی 2000 سەربازی ئەمریكی لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، دیارییەكە بۆ هەریەك لە توركیاو بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا. ئەمریكا لەڕێگەی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ نیوەی سەرچاوە ستراتیژییەكانی سوریای كۆنترۆاڵكردبوو، لەوانەش چەندین بەنداو و كێڵگەی نەوتو زۆرینەی زەوییە كشتوكاڵییە بەپیتەكانی ناوچەكە، جگە لە زیادبوونی رۆڵو هەژمونی لە گفتوگۆو دانوستانەكان دەبارەی حكومەتەكەی ئەسەدو هاوپەیمانەكانی "روسیاو ئێران" دەربارەی داهاتووی ئەو وڵاتە. بەڵام ئێستا هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستی گەل "یەپەگە" زۆرینەی پێكدەهێنن لەبەردەم دوو بژاردەی چاوەڕوانكراودایە. ئەنكەرە دەڵێت یەكینەكانی پاراستی گەل "یەپەگە" درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"یەو رێكخراوێكی "تیرۆریستی"یەو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هەفتەیەك پێش بڕیارەكەی ترەمپ رایگەیاند، سوپای توركیا لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆسەر خۆرهەڵاتی فورات كە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە. پێنتاگۆن لەكاردانەوەیدا لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی ئەردۆغان، هۆشداریدایە ئەنكەرە لە هەر هەنگاوێكی تاكلایەنەوەو جەختیكردەوە كە مایەی قبوڵكردن نییە، پاشان ئەردۆغان رایگەیاند لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پلانەكەی لەگەڵ ترەمپ تاوتوێكردووەو هەڵوێستی ئیجابی بووە. كاتێك سەرەتای 2018 سوپای توركیاو گروپە چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی هێرشیانكردە سەر كانتۆنی عەفرین، یەكینەكانی پاراستی گەل بۆ ماوەی دوو مانگ بەرگرییانكرد، پاشان بڕیاریاندا بكشێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە هێزەكانی ئەمریكای لێیە، بەڵام ئەمجارە ئەگەر توركیا هێرشبكاتەوە، هیچ شوێنێكی تر نییە پەنای بۆ ببەن. هێزەكانی سوریای دیموكرات 30%ی رووبەری سوریایان بەدەستەوەیەو زیاتر لە 60 هەزار شەڕڤانی هەیە، بەڵام لەگەڵ نەمانی هەڕەشەی ئەمریكا بۆسەر ئەنكەرە، ئەردۆغان متمانەی بۆ شەڕكردن لە دژی هێزەكانی سوریای دیموكراتو دوورخستنەوەیان لە سنورەكان زیاتر دەبێت. هێزی ئاسمانی توركیا خاڵی كاریگەری سوپای توركیایە لە هەر شەڕێكدا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، وەك ئەوەی لە عەفرین روویدا، هەروەها لانیكەم 15 هەزار چەكداری گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریاشی لە بەردەستدایە كە لە خۆرئاوای فورات لە عەفرینو چەند شارێكی سنوریی جێگیربوون. ئەردۆغان باوەڕی وایە دەتوانێت چەكدارە عەرەبەكانی ناو هێزەكانی سوریای دیموكرات قایل بكات بەشداری شەڕو ململانێی كوردو توركیا نەكەنو دەستبەرداری "هەسەدە" بن. سیناریۆی دووەم ئەوەیە كە پێشبینی دەكرێت هێزەكانی سوریا دیموكرات هەوڵی رێككەوتنێك بدات لەگەڵ حكومەتی سوریاو ئەگەری ئەوەش هەیە ئەسەد لە كۆتاییدا قایل ببێت بە هەماهەنگیو هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەكانی سوریا دیموكرات، لەبەرئەوەی ئەوان كەمتر لە بوونی توركیا لە باكوری سوریا مەترسیدارن، هەروەها لەبەرئەوەی سوپای سوریا ژمارە زیاتری چەكدارو هێزی سەربازیی پێویستی نیە كە بتوانێت بەتەنها ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵ بكات. هێزەكانی سوریا دیموكرات لە رابردوودا هەمیشە ئامادەبووە دانوستان لەگەڵ حكومەت سوریادا بكات، نوێنەرانی فەرمیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەمساڵ دووجار لەگەڵ نوێنەرانی دیمەشق كۆبوونەوە، هەرچەندە ئەو دانوستانە هیچ ئەنجامێكی گرنگی لێنەكەوتەوە. هەروەها پێشبیندەكرێت گۆڕانكاری لە هەڵوێستی حكومەتی سوریادا روبدات لەگەڵ داڕمانی پەیوەندییەكانی روسیاو ئێرانو توركیا كە بەیەكەوە كاریانكردووە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە سوریاو دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە، چونكە كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا مەیلی روسیاو ئێران بۆ پەسەندكردنی پلانەكانی توركیا لاوازدەكات. هەڵوێستی مۆسكۆ لە رابردوودا بۆ پشتیوانیكردنی روسیاو دژایەتیكردنی كورد تائاستێكی زۆر پەیوەست بوو بە هەوڵەكانی بۆ بێبەشكردنی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێوخۆییو درزخستنە نێوان هێزەكانی ناتۆو چاندنی جۆرێك لە ناكۆكی لە نێویاندا. هەروەك چۆن پشتیوانی ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێزە كوردییەكانی كرد بە هێزێكی سەرەكی لە سوریا، بەڵام بۆ چەند دوژمنێكی بەهێزیش جێیاندەهێڵێت. راگەیاندنی واشنتۆن لە كانونی یەكەمی 2017 بۆ پێكهێنانی هێزێكی پاسەوانی سنوری 30 هەزار چەكداری لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، كە كۆڵەكەی بچنینەیی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەبن، بووە هۆكاری ئەوەی توركیا هێرشبكاتە سەر عەفرین، لەو ماوەیەی دوایشدا لێدوانە دووبارەكانی ئیدارەی ترەمپ دربارەی مانەوەی ئەمریكا لە سوریا هەتها چونە دەرەوەی هێزەكانی ئێران، هانی وەزیری دەرەوەی روسیا " سێرگی لاڤرۆڤ"ی دا كوردەكانو هاوپەیمانەكانیان بە جوداخواز تۆمەتباربكات. رەنگە مۆسكۆ هەست بەوە نەكات كە پێویستی بە لە قاڵبدانی هەژمونی كورد دەبێت لە خۆرهەڵاتی سوریا، ئەگەر ئەمریكا لە دەرەوەی گۆڕەپانەكە بێت، رەنگیشە ببێتە پرسێك ئەگەر توركیا لە بەرامبەر كشانەوەی ئەمریكا شتێكی پێشكەشكردبێت كە پەیوەندی بە هەڵوێستی داهاتووی روسیاوە هەبێت. بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و دەربڕینی رەزامەندی بۆ فرۆشتنی سیستمی بەرگری دژە موشەكی " پاتریۆت" بە توركیا كە هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری كشانەوە لە سوریا ئاماژەیەكە بۆ ئەگەری بوونی جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان واشنتۆن و ئەنكەرە. لە هەموو حاڵەتەكاندا بە دووردەزانرێن كە ئەردۆغان لە داهاتوویەكی نزیكدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا ببڕێت بۆئەوەی لەگەڵ سیاسەتەكانی ترەمپ دژ بە ئێران یەكبگرێتەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دوێنێ لە ئەنكەرەی پایتەختی وڵاتەكەی میوانداری حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێرانی كرد. دیداری ئەو دوو سەرۆكە دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان (سوریا). پەیوەندی ئابوریو هەڵگرتنی ئەو بەربەستانەی كە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران لە پەیوەندی هەردوو وڵاتدا دروستبووە، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەی نێوان ئەردۆغانو رۆحانی بوو. سەرۆكی هەردوو وڵات رێككەوتنیان كرد لەبارەی بەردەوامیدان بە هەماهەنگی نێوانیان لە سوریاو كاركردنی هاوبەش لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و پارتی ژیانی ئازاد (پژاك). هەردوو وڵات لە بەیاننامەی هاوبەشی خۆیاندا دوای كۆبونەوەی ئەردۆغانو رۆحانی رایانگەیاند" سود لەو پەیوەندییەی نێوانیان وەردەگرن بۆ روبەڕووبونەوەی گروپە چەكدارەكانی كورد (پەكەكەو پژاك)". میدیاكانی ئێران پێشوازییەكەی ئەردۆغانیان لە حەسەن رۆحانی بە پێشوازییەكی "گەرمو دۆستانە" ناوبرد. هەماهەنگی لە زەمەنی سزاكاندا ئەردۆغانو رۆحانی دوای كۆبونەوەی دوو قۆڵی نێوانیان بەشدارییان لە پێنجەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتیژییەكانیان نێوان توركیاو ئێران كرد. ئەو ئەنجومەنە لەسەردەمی ویلایەتی یەكەمی دەسەڵاتی حەسەن رۆحانیدا دروستكراو ئامانج لێی فراوانكردنی پەیوەندی ئابوری نێوان هەردوو وڵات بۆ نزیكەی (30) ملیار دۆلار. دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتیژییەكان، هەردوو وڵات بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تێیدا جەختیان كرد لەسەر " پاراستنی رێككەوتنی ئەتۆمیو هاوكاری دولایەنەو هەماهەنگی هەرێمایەتی". لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی ئەنجومەن، ئەردۆغان وتی: ئەنكەرەو تاران سورن لەسەر زیادكردنی هاوكارییەكانی نێوانیان"، رۆحانیش رایگەیاند" لەگەڵ ئەردۆغان رێككەوتوین لەسەر پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانمان بەتایبەتی لەناوچەی ترانزێت". وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەمریكا، رۆحانی وتی" هیچ وڵاتێكی سێیەم ناتوانێت پەیوەندی هاوسێیەتیو برایەتیو دۆستایەتی نێوان ئێرانو توركیا تێكبدات"، پاڵپشتی هەڵوێستی ئەردۆغانیشی كرد لەبارەی سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران. توركیا یەكێكە لە هاوبەشە سەرەكییەكانی ئابوری ئێران، رۆژی 6ی نۆڤێمبەری رابردوو واتە رۆژێك دوای گەڕانەوەی تەواوەتی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران، ئەردۆغان سزاكانی ئەمریكای بە كارێكی "هەڵە" ناوبردو وتی:" توركیا پابەەند نابێت بەو سزایانەوە". توركیا زیاتر لە نیوەی پێداویستی نەوتی خاوی خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات. رۆحانی هەر لە سەردانەكەیدا بۆ توركیا، لەبارەی سزا ئابورییەكانی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەكرد" هەنگاوەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران سەد لە سەد تیرۆرستییە، چونكە بە ترساندن وا لە كۆمپانیاكان دەكات بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئێران نەكەن". لەم سەردانەدا بۆ ئەنكەرە، ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی ئێرانی هاوڕێیەتی رۆحانیان دەكرد، لەوانە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە، بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوت، رەزا رەحمانی وەزیری پیشەسازی، مەحمود واعیزی بەرپرسی نوسینگەی سەرۆك كۆمار، فەرهاد دژپەسەند وەزیری ئابوری، رەزا ئەردكانیان وەزیری وزە. هاوكاری سێ قۆڵی ئەردۆغانو رۆحانی لەبارەی كێشەكانی ناوچەكەوە جەختیان كرد لەسەر بەردەوامیدان بە هاوكاری نێوان توركیاو ئێرانو روسیا لە سوریا. كۆبونەوەكەی نێوان ئەردۆغانو رۆحانی دوای دوو رۆژ هات لە گفتوگۆی وەزیرانی دەرەوەی ئێرانو توركیاو روسیا بەمەبەستی دروستكردنی كۆمیتەیەك بۆ نوسینەوەی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بۆ سوریا، بەڵام كۆبونەوەكەیان بەبێ ئەنجام كۆتایی هات. لە قەیرانی سوریادا، ئێرانو روسیا پشتیوانی رژێمی دەسەڵاتداری سوریا (بەشار ئەسەد) دەكەن، توركیاش پشتیوانی نەیارەكانی ئەسەد دەكات، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبارەی سوریاوە پێكەوە هەماهەنگی دەكەن.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دوێنێ لە ئەنكەرەی پایتەختی وڵاتەكەی میوانداری حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێرانی كرد. دیداری ئەو دوو سەرۆكە دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڕیاری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان (سوریا). پەیوەندی ئابوریو هەڵگرتنی ئەو بەربەستانەی كە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران لە پەیوەندی هەردوو وڵاتدا دروستبووە، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەی نێوان ئەردۆغانو رۆحانی بوو. سەرۆكی هەردوو وڵات رێككەوتنیان كرد لەبارەی بەردەوامیدان بە هەماهەنگی نێوانیان لە سوریاو كاركردنی هاوبەش لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و پارتی ژیانی ئازاد (پژاك). هەردوو وڵات لە بەیاننامەی هاوبەشی خۆیاندا دوای كۆبونەوەی ئەردۆغانو رۆحانی رایانگەیاند" سود لەو پەیوەندییەی نێوانیان وەردەگرن بۆ روبەڕووبونەوەی گروپە چەكدارەكانی كورد (پەكەكەو پژاك)". میدیاكانی ئێران پێشوازییەكەی ئەردۆغانیان لە حەسەن رۆحانی بە پێشوازییەكی "گەرمو دۆستانە" ناوبرد. هەماهەنگی لە زەمەنی سزاكاندا ئەردۆغانو رۆحانی دوای كۆبونەوەی دوو قۆڵی نێوانیان بەشدارییان لە پێنجەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتیژییەكانیان نێوان توركیاو ئێران كرد. ئەو ئەنجومەنە لەسەردەمی ویلایەتی یەكەمی دەسەڵاتی حەسەن رۆحانیدا دروستكراو ئامانج لێی فراوانكردنی پەیوەندی ئابوری نێوان هەردوو وڵات بۆ نزیكەی (30) ملیار دۆلار. دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای پەیوەندییە ستراتیژییەكان، هەردوو وڵات بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تێیدا جەختیان كرد لەسەر " پاراستنی رێككەوتنی ئەتۆمیو هاوكاری دولایەنەو هەماهەنگی هەرێمایەتی". لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی ئەنجومەن، ئەردۆغان وتی: ئەنكەرەو تاران سورن لەسەر زیادكردنی هاوكارییەكانی نێوانیان"، رۆحانیش رایگەیاند" لەگەڵ ئەردۆغان رێككەوتوین لەسەر پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانمان بەتایبەتی لەناوچەی ترانزێت". وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەمریكا، رۆحانی وتی" هیچ وڵاتێكی سێیەم ناتوانێت پەیوەندی هاوسێیەتیو برایەتیو دۆستایەتی نێوان ئێرانو توركیا تێكبدات"، پاڵپشتی هەڵوێستی ئەردۆغانیشی كرد لەبارەی سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران. توركیا یەكێكە لە هاوبەشە سەرەكییەكانی ئابوری ئێران، رۆژی 6ی نۆڤێمبەری رابردوو واتە رۆژێك دوای گەڕانەوەی تەواوەتی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران، ئەردۆغان سزاكانی ئەمریكای بە كارێكی "هەڵە" ناوبردو وتی:" توركیا پابەەند نابێت بەو سزایانەوە". توركیا زیاتر لە نیوەی پێداویستی نەوتی خاوی خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات. رۆحانی هەر لە سەردانەكەیدا بۆ توركیا، لەبارەی سزا ئابورییەكانی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەكرد" هەنگاوەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران سەد لە سەد تیرۆرستییە، چونكە بە ترساندن وا لە كۆمپانیاكان دەكات بازرگانی ئازاد لەگەڵ ئێران نەكەن". لەم سەردانەدا بۆ ئەنكەرە، ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی ئێرانی هاوڕێیەتی رۆحانیان دەكرد، لەوانە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە، بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوت، رەزا رەحمانی وەزیری پیشەسازی، مەحمود واعیزی بەرپرسی نوسینگەی سەرۆك كۆمار، فەرهاد دژپەسەند وەزیری ئابوری، رەزا ئەردكانیان وەزیری وزە. هاوكاری سێ قۆڵی ئەردۆغانو رۆحانی لەبارەی كێشەكانی ناوچەكەوە جەختیان كرد لەسەر بەردەوامیدان بە هاوكاری نێوان توركیاو ئێرانو روسیا لە سوریا. كۆبونەوەكەی نێوان ئەردۆغانو رۆحانی دوای دوو رۆژ هات لە گفتوگۆی وەزیرانی دەرەوەی ئێرانو توركیاو روسیا بەمەبەستی دروستكردنی كۆمیتەیەك بۆ نوسینەوەی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بۆ سوریا، بەڵام كۆبونەوەكەیان بەبێ ئەنجام كۆتایی هات. لە قەیرانی سوریادا، ئێرانو روسیا پشتیوانی رژێمی دەسەڵاتداری سوریا (بەشار ئەسەد) دەكەن، توركیاش پشتیوانی نەیارەكانی ئەسەد دەكات، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبارەی سوریاوە پێكەوە هەماهەنگی دەكەن.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ دوای دوو رۆژ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بە كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای کوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەو بڕیارەی ترەمپ بە ناپاكی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت:" ئەوە خەنجەر دانە لە پشتی ئێمە"، روسیاش خۆشحاڵە بەو بڕیارە. لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی رووبەرێكی بەرفراوان لە خاكی عێراق و سوریا لەلایەن داعشەوە، ئەمریكا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بەو رێكخراوە تیرۆریستییە پێكهێنا و بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی سوریا دیموكرات، لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و خۆرهەڵاتی سوریا، هێزی سەربازی رەوانەی سوریا و رۆژئاوای كوردستان كرد و لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی سوریای دیموكرات شارۆچكەی "هەجین" یان لە پارێزگای دێرزور كۆنترۆڵكرد كە دوا پێگەی چەكدارەكانی داعش بوو لە سوریا. دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، گریمانەی مانەوەی درێژخایەنی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا كۆتایی پێهێنا و بڕیاریدا سەرجەم هێزەكانی لە سوریا پاشەكشێ پێ بكات. ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە تویتێكدا دەڵێت:" شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی - داعش- تاكە هۆكاری بوونی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە سوریا و ئێستا داعش شكستپێهێنراوە". ترەمپ مانگی ئازاری رابردوو بەڵینیدا بوو بە كشانەوەی زۆر خێرای هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و پێدەچێت ئیتر هەنگاوی پراكتیكی بۆ ئەو پرۆسەیە دەستپێبكات، هەرچەندە برێت مەكگۆك نوێنەری ترەمپ لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" چەند رۆژێك لەمەوبەر وتی:" كەس ناڵێت چەكدارەكانی داعش دیارنامێنن، هیچ كەسێك نییە ئەوەنە سانابێت، لەبەرئەوە دەمانەوێت بمێنینەوە، تاوەکو گرەنتی بەردەوامی سەقامگیری بكەین لەو ناوچانەدا". قۆناغێكی نوێ دوابەدوای تویتەكەی ترەمپ، سارە ساندەرز وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستیكردووە بە گەڕاندنەوەی هێزەكانی لە سوریاوە بۆ نیشتمان و هەڵمەتی دژ بە رێكخراوی داعش دەچێتە قۆناغێكی نوێوە. ساندەرز لە بەیاننامەیەكدا وتیشی:" ئەو سەركەوتنانەی لە سوریا بەسەر داعشدا بەدەستهاتوون، ئاماژەنادەن بە كۆتایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەڵمەتەكەی، دەستمان كردووە بە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ نیشتمان و دەچینە قۆناغی دواتری هەڵمەتەكە. " پرۆسەی كشانەوە دەستیپێكردووە" وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند، پرۆسەی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەستیپێكردووەو ئەمریكا لە هەڵمەتیدا دژ بە داعش دەچێتە قۆناغێكی نوێوە. دانا وایت، وتەبێژ بە ناوی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەكدا وتی:" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەو شوێنانەی ئازادكرد كە داعش كۆنترۆڵی كردبوون، بەڵام هەڵمەتەكە كۆتایی نەهاتووە و پرۆسەی گەڕاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكامان بۆ نیشتمان دەستپێكردووە لەگەڵ چوونە ناو قۆناغی دواتری هەڵمەتەكە". وتەبێژەكەی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشدا كە لە پێناوی پاراستنی هێزەكان و بەهۆكاری تایبەت بە ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەكان، هیچ وردەكارییەكی تر ئاشكراناكەن و لەكاركردن لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەكانیان بەردەوام دەبن بۆ شكستپێهێنانی "داعش" لە هەر شوێنێك كە چالاك بێت. پرۆسەكە چەند دەخایەنێت؟ ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە رایگەیاند لە چوارچێوەی خشتەیەكی زەمەنیدا هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی ( 60 بۆ 100 رۆژ) لە سوریا دەكشێنەوە. ئەو بەرپرسەی ئەمریكا راشیگەیاندووە لە دوای تەواوبوونی قۆناغی كۆتایی ئۆپەراسیۆنی دژ بە "داعش" سەرجەم هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێنەوە و لە ماوەی 24 كاتژمێریدا سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سوریا بەجێدەهێڵن بە وتەی بەرپرسەی ئەمریكا بڕیاری كشانەوە لە سوریا دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا توركییەكەی درا و وتی:" هەموو شتێك دوای ئەوە روویدا، ئەوە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتەندایە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا كراوە". هێزەكانی ئەمریكا ژمارەیان چەندە و لە كوێن؟ بە گوێرەی نوێترین زانیاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا، ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا نزیكەی " 2 هەزار" سەربازە و لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان و باكور و خۆرهەڵاتی سوریا جێگیركراون و زۆرینەیان لە ناوچەی " مەبروكە"ی باكوری خۆرئاوای شاری حەسەكەن، ئەمەش گرنگترین بنكە سەربازییەكانی ئەمریكایە لە سوریا: • بنكەی رمێلان: دەكەوێتە فڕۆكەخانەی رمێلان لە خۆرهەڵاتی قامیشلۆی نزیك سنوری عێراق و تشرینی یەكەمی 2015 بونیادنراوە و یەكەمین بنكەی سەربازی ئەمریكایە لە سوریا. • بنكەی مەبروكە: لە خۆرئاوای شاری قامیشلۆ. • بنكەی مەنبەج. • بنكەی خەراب عشق: لە شاری عەین عیسا. • بنكەی عەین عیسا: بە گەورەترین بنكە سەربازی سوپای ئەمریكا لە سوریا دادەنرێت لەڕووی رووبەرەوە. • بنكەی عەین عەرەب: لە ریفی باكوری حەڵەب. • بنكەی تەل بیدەر: لە باكوری پارێزگای حەسەكە و قامیشلۆ، و شارۆچكەیەكی سنورییە. • بنكەی گرێ سپی: لەسەر سنوری سوریا- توركیا. • بنكە تەنەف: لە نزیك سنوری عێراق- ئوردن • بنكەی زەكف: دەكەوێتە 70 كیلۆمەتری باكوری خۆرهەڵاتی تەنەف، حوەزیرانی 2017 ئەم بنكەیە چۆڵكرا و بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی ئۆپۆزسیۆن ئەمریكا بە رێككەوتن لەگەڵ روسیا ئەم بنكەیەی چۆڵكردووە. هەسەدە ئەمریكا بە خیانەتكار ناودەبات هێزەكانی سوریای دیموكرات كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا. بەخیانەتكردن لە خوێنی هەزاران جەنگاوەری دادەنێت و دەڵێت:" ئەمریكا خەنجەری لەپشتەوە لێداون". هێزەكانی سوریای دیموكرات راشیانگەیاندووە: ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە. ئەوا خەنجەر لێدانە لە پشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل. كە رۆڵی كاریگەرو كارایان بینیوە لە شەڕی تێكشكاندنی چەكدارانی رێكخراوی "داعش". " ترەمپ سیاسەتی ئۆباما پەیڕەودەكات" بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، كاردانەوە و ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" هەوڵدەدەن ترەمپ لەو بڕیارە پاشگەزبكەنەوە، هەتاوەکو جارێكی تر چەكدارە توندڕەوەكان نەتوانن خۆیان كۆبكەنەوە و بێنەوە. ئەو بەرپرسانە دەڵێن:" كشاندنەوەی سەربازانی ئەمریكا لە سوریا سازشكردن و چۆکدادانی تەواوەتییە بۆ هەژموونی روسیا و ئێران و هاوپەیمانەكانی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا. هاوكات لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماریی ناڕەزایەتی خۆی بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا راگەیاندو وتی:" ئەو بڕیارەی ترەمپ هەڵەیەكی گەورەیە و هاوشێوەی سیاسەتەكانی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمریكایە". گراهام لە بەیاننامەیەكدا باس لەوەدەکات" پاشەكشێی ئەمریكا لەم كاتەدا، سەركەوتنێكی گەورە دەبێت بۆ داعش و ئێران و بەشار ئەسەد و روسیا، دەترسم ئەوە ئەنجامی وێرانكەری بۆسەر نەتەوەكەمان و ناوچەكە و هەموو جیهانی لێبكەوێتەوە". ئەو سیناتۆرە كۆمارییە كە بەوە ناسراوە بەردەوام بەرگری لە ترەمپ دەكات وتیشی:" ئەو بڕیارە پشتبەستن بە هاوبەشەكانمان لە داهاتوودا قورس دەكات بۆ روبەڕوبونەوەی ئیسلامی رادیكاڵ و ئێران و لایەنە شەڕەنگێزەكانی تر، ئەوە وەك بەڵگەی لاوازی ئەمریكا دادەنرێت لە هەوڵەكانیدا بۆ سنورداركردن و نەهێشتنی هەژمونی ئێران". "هەڵەیەكی مەترسیدارە" هاوكات ماركۆ رۆبیۆ، سیناتۆری كۆمارییەكان رایگەیاند بەخێرایی كشانەوە لە سوریا دەبێتە هۆی ئەوەی كورد و هێزەكانی سوریای دیموكرات شەڕ دژی داعش كۆتایی پێبهێنن و سوریا بدەنە دەست گەورەترین دوژمنی ئیسرائیل". رۆبیۆ بڕیارەكە بە "هەڵەیەكی مەترسیدار" وەسفدەكات و دەڵێت "ئەنجام و كاردانەوەی خراپی بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل دەبێت. تەنیا داعش، ئێران و حیزبوڵا قازانج دەكەن". "ترەمپ هەڵەیە" تۆبیاس ئیلوود وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەمریكا رایگەیاند ترەمپ هەڵەیە لەو قسەیەدا كە دەڵێت داعش لە سوریا شكستپێهێنراوە. ئیلوود لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:" زۆر لەگەڵ ترەمپدا جیاوازم، داعش خۆی گۆڕیوە بۆ جۆرێكی تر لە توندڕەویی و هەڕەشەكەی بەوپەڕی بەهێزییەوە بەردەوامە". روسیا خۆشحاڵە وەزارەتی دەرەوەی روسیاش پێشوازی لەو بڕیارەی ئەمریكا كرد و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەو بڕیارە ئاسۆی چارەسەری سیاسی بۆ كێشەی سوریا دەكاتەوە. وەزارەتی دەرەوەی روسیا راشیگەیاند بە باوەڕی مۆسكۆ ئەو بڕیارەی ئەمریكا كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر پێكهێنانی لیژنەی دەستوری سوریا و دۆخی ناوچەی تەنەفی نێوان سوریا و ئوردن. ئاماژەیبەوەشدا ویلایەتە یەكگرتووەكان دركی بەوە كردووە دژایەتیكردنی ئەو هەوڵانەی لە پرۆسەی ئەستانە لە نێوان روسیا و توركیا و ئێران دەربارەی سوریا دەدرێن، زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەگەیەنن.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی گرتووەو دەیەوێت لەو رێگەیەوە لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا چۆك بە پارتی دابدات، لەناوخۆی یەكێتیش ماڵباتی تاڵەبانی هەوڵی گەڕاندنەوەی مەلا بەختیار دەدەن بۆ ناو یارییەكە. پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم هەنگاوی كردەیی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هەڵگرت، وەفدی دانوستانكاری پارتی لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ یەكێتی، وەفدی دانوستانكاری پارتی سەركردەكانی یەكێتیی ئاگاداركردووە لەوەی سێ پۆستی باڵا لە هەرێم بە یەكێتی دەدرێت كە ئەم پۆستانەن: • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان • جێگری سەرۆك وەزیران • جێگری سەرۆكی هەرێم لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە، وەفدەكەی پارتی ئاماژەی بەوەكردووە، جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیاد دەكرێتو دەدرێت بە مەسیحییەكان، جێگری یەكەمی سەرۆك وەزیرانیش بۆ یەكێتی دەبێت. لەبەرامبەردا هەر لە كۆبونەوەكەدا وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بە وەفدەكەی پارتییان وتووە" لەمەودوا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا نییە، چونكە پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبووەو كاندیدەكەی دەرنەچووە"، واتا یەكێتی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت چیتر وەكو پێشتر پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی بەجێناهێڵێت. یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا داوای لە وەفدی دانوستانكاری پارتی كردووە، بەر لە دابەشكردنی پۆستەكان، رێككەوتنێك لە نێوان هەردوولا ئیمزا بكرێت. خاڵی لاوازی پارتی! تاوەكو جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی لە ژیاندا بوو، پارتی هەمیشە لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتدا لە هەرێمی كوردستان خاڵی لاوازی یەكێتی بە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەگرت، وەكو نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەكانی خۆیدا باسی دەكات، پارتی لە حەزی لەڕادەبەدەری تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار تێگەیشتبوو، بۆیە لە بەرامبەر پێدانی ئەو پۆستە بە تاڵەبانی، داوای پۆستی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتی دەكرد بەیەكەوە، ئێستا ئیتر تاڵەبانی باوك لە ژیاندا نەماوە، یەكێتیش بەبێ دانوستانو رێككەوتنی پێشوەختە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بردەوە (بەرهەم ساڵح)، بۆیە هاوكێشەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. گەڕی یەكەمی دانوستانەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی دەریخست، ئەمجارە یەكێتی خاڵە لاوازی پارتی گرتووەو دەیەوێت لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێدا كاری لەسەر بكاتو لەڕێگەیەوە پشكی خۆی لە كێكی دەسەڵات زیاتر بكات. یەكێتی دوو خاڵی لاوازی پارتی دۆزیوەتەوەو ئەگەر تا كۆتایی كاریان لەسەر بكات، رەنگە دواجار لەسەر مێزی دانوستانەكان پارتی بە چۆكدا بهێنێت. یەكەم خاڵی لاوازی پارتی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دیارترین خاڵی لاوازی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەسەر مێزی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت. پارتی لە پڕێكدا پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێنایەپێش كە هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پێشبینی ئەوەی نەكردبوو. دوای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە یاسا لە ناو پەرلەماندا، پێشبینی دەكرا پارتی لە دەستوردا چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بكاتو هەر لەڕێگەی دەستوری هەرێمەوە ئەو دامەزراوەیە كارابكاتەوە، بەڵام كشانەوەی مەسعود بارزانی بۆ مەسرور بارزانی كوڕی، پرۆسەكەی ئاڵۆز كرد، مەسعود بارزانی بەبێدەنگی لە دەسەڵات كشایە دواوەو مەسرور بارزانی كوڕی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت كاندیدكردو كۆتایی بە (17) ساڵ تەمەنی نێچیرڤان بارزانی برازای هێنا لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، بارزانی دەبوو هاوكات كارێكیش بۆ نێچیرڤان بارزانی برازای بكات كە رێگری بكات لە تێكچوونی شیرازەی بنەماڵەكەی، بۆ ئەوەش هیچ ئۆفەرێكی لەبەردەستدا نەبوو، جگە لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. یەكێتی بە باشی لە هەوڵی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پارتییەوە تێگەیشتووەو دەزانێت ئەمە خاڵی راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەی بارزانییە، بۆیە دەیەوێت كاری لەسەر بكاتو رەنگە ئەمەش هۆكارەكە بوبێت كە وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بە پارتییان وتووە" چیتر پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا نییە". دووەم خاڵی لاوازی پارتی "كات" بووە بە خاڵێكی لاوازی تری پارتی لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارتییەكان دەیانەوێت لەماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا كابینەی نوێ پێكبهێنرێت، بۆ ئەوەی نیشانەی پرسیار نەخرێتەسەر تواناكانی مەسرور بارزانی كە یەكەمین ئەزمونی كاركردنیەتی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا. یەكێتی لە هەستیاری پارتی لە پرسی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت تێگەیشتووە، بۆیە پەلەی نییەو دەیەوێت بە كاتكوشتن پارتی ناچاربكات مل بە خواستەكانی بدات. مەلا بەختیار دەگەڕێتەوە ! لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، مەلا بەختیار كە بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسییە، لە یەكێتی زویر بووە، ئەو ماوەیەك چووە دەرەوەی وڵاتو ئێستا گەڕاوەتەوە، بەڵام لە ماڵەوە دانیشتووەو بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسیو ئەنجومەنی سەركردایەتی ناكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی كارەكتەری ژمارەی یەكی ماڵباتی تاڵەبانی (هاوكات زاوای مەلا بەختیارە) سەردانی مەلا بەختیار كردووە لە ماڵەكەی خۆی لە گردی عەلی ناجی لە شاری سلێمانی. پێشتریش شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی كە یەكێكی ترە لە كارەكتەرە كاریگەرەكانی ماڵبات، سەردانی مەلا بەختیاری كرد. پێدەچێت ماڵباتی تاڵەبانی هەستیان بە مەترسی گەورەبوونی هەژمونی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كردبێت، بەتایبەتی لەسەروبەندی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو دابەشكردنی پۆستەكاندا. پێشتر كۆسرەت رەسوڵ لە زۆر پرسدا لەگەڵ مەلا بەختیار هاوڕابوو، بەتایبەتی لە پرسی ریفراندۆمو گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتیو هەندێك لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، بەڵام لە پرسی هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماردا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی پشتی مەلا بەختیار بەردا، ئەمە جۆرێك لە ساردوسڕی لەنێوان هەردووكیان دروستكرد، دوای گەڕانەوەی بۆ كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ سەردانی مەلا بەختیاری كرد بەهیوای چاككردنەوەی پەیوەندییەكانیان، بەڵام پێناچێت جارێكی تر جۆگەلەكان بچنەوە سەر رێڕەوی خۆیان، مەلا بەختیار دەگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانە سیاسییەكە، بەڵام بەشێوازێكی جیاوازتر.
راپۆرت: محەمەد رەئوف ئەمڕۆ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا سەردانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد لە سلێمانی. پارتی چەندجارێك جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە دابەشكردنەكە بەپێی "ئیستحقاقی هەڵبژاردن" دەبێتو "فیفتی بە فیتفی" نابێتو "گفتوگۆی هەر سێ سەرۆكایەتیيەكەی هەرێم پێكەوە دەكرێت"، لەبەرامبەردا یەكێتی داوای "شەراكەتی راستەقینە" دەكاتو دەیەوێت "پێش پێكهێنانی حكومەت" رێككەوتنی سیاسی بكرێت. پۆستەكانی پارتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە (45) كورسی پەرلەمانی هەیە، دەیەوێت بەشی زۆری پۆستەكان بۆ خۆی ببات، بەر لە گفتوگۆی لایەنەكان پۆستی سەرۆكی هەرێمو حكومەتی بۆخۆی یەكلاكردوەتەوەو كاندیدیشی بۆیان دیاریكردووە، پارتی دەیەوێت ئەم پۆستانە ببات بۆ خۆی: • سەرۆكی هەرێمی كوردستان • سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان • جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان • وەزیرە سیادیيەكان، لەوانە (سامانە سروشتیيەكان)و (ناوخۆ)و (دارایی) •11 وەزارەتو دەستە پۆستەكانی یەكێتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە (21) كورسی پەرلەمانی هەیە، دەیەوێت شەریكی راستەقینەی حكومەتبێتو چاوی لە كۆمەڵێ پۆستی باڵایە، لەوانە: • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان • جێگری سەرۆك وەزیران • جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان • وەزیری پێشمەرگە • 7 وەزارەتو دەستە پۆستەكانی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان كە خاوەنی (12) كورسیيە لە پەرلەمانی كوردستان مەیلی بەلای بەشداریكردنی حكومەتەو چاوی لە كۆمەڵێك پۆستە، لەوانە: • جێگری دووەمی سەرۆكی حكومەت (ئەگەر جێگرێك بۆ حكومەت زیاد بكرێت) • جێگری سەرۆكی هەرێم (ئەگەر جێگرێك بۆ حكومەت زیاد نەكرا) • جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان • وەزارەتێكی سیادی • 3 وەزارەتو دەستە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە پێش سەری ساڵ رێككەوتن بكرێتو سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دواتر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوەو لە پەرلەمانەوە نێچیرڤان بارزانی سوێندی یاسایی بخوات، پاشان مەسرور بارزانی رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام یەكێتی لەگەڵ ئەوەیە پێشتر رێككەوتنێك بكرێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەسەر تەواوی پرسەكانو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، هەروەها دوای 40%ی پۆستەكان دەكات دوای ئەوەی بۆی رونبووەوە پارتی بە "فیفتی بە فیفتی" رازی نابێت، بەڵام بەپێی زانیاریيەكان، پارتی رەزامەندی رێژەی 30%ى پۆستەكان بۆ یەكێتی داوە، ئەوەش لەدوای پێدانی پۆستەكان بە هێزەكانی دیكە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت حەمە - محەمەد رەئوف چوار ساڵ لەمەوپێش كاتێك ناكۆكی كەوتە نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پارتییەكان دەیانوت "گۆڕان هیچ كارێكی بەوە نییە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یاخود نا، تەنیا بۆ دەستشكاندنەوەی پارتی ئەو بابەتەی قوتكردوەتەوە"، ئێستا پارتی قایل بووە بە خواستى گۆڕان (هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە)، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان دواجار یارییەكەی لە پارتی بردەوەو "دەستی پارتی شكاندەوە"؟ پارتی بڕیاریداوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە بە جۆرێك سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، ئەمە ئەو پرسە هەستیارە بوو كە پارتی دوو ساڵ پەرلەمانی كوردستانی بەهۆیەوە پەكخستو بزووتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت وەدەرنا. پارتی چۆن رازی بووە بەوەی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێتو سیستمی حوكمڕانیش لە هەرێم بكرێت بە سیستمێكی پەرلەمانی كە چوار ساڵی رابردوو شەڕی گەورە لەدژكردووە؟ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان دواجار دەستی پارتی شكاندەوەو ناچاری كرد بە ملدان بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە لەبری هەڵبژاردنی لەناو خەڵكەوە؟ ئەمە دوو پرسیاری گرنگە كە روبەرووی پارتی دەبێتەوە، دەكرێت هەر لە ئێستاشەوە وەڵامی هەردوو پرسیارەكە بدرێتەوە. پارتی چۆن سەرۆكایەتی هەرێم كارا دەكاتەوە؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمدواییەی مەكتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان، وەفدی پارتی بەڕوونو راشكاوی بە وەفدی یەكێتیو گۆڕانی وتووە كە "ئەوان دەیانەوێت پێش پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە". وەفدی پارتی وەكو موجامەلەیەك بە وەفدی هەردوو حزبیان راگەیاندووە كە ئەوان دەیانەوێت سەرۆكی هەرێم (بۆ ئەم خولە) لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، واتا بەوشێوازەی كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانیو لایەنەكانی تر داكۆكیان لێدەكرد. وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ئایا پارتی چۆن رازی بووە بەوەی كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت نەك لەناو خەڵكەوە، راستەوخۆ پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە لەوانە: • دوای كشانەوەی مەسعود بارزانی بۆ كوڕەكەی (مەسرور بارزانی)، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بۆ مەسرور بارزانی جێهێشتو خۆی بێ پۆست مایەوە، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هێندەی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی بنەماڵەی بارزانیو دۆزینەوەی كارە بۆ نێچیرڤان بارزانی، هێندە لە روانگەی بەگرنگ تەماشاكردنی دەزگاكەوە نیە. • هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە بەوشێوازەی كە پێشتر پارتی داوای دەكرد لە ئێستادا كارێكی ئاسان نیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی نەتوانرا لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بكرێت. • پارتی وەك ئەوەی باسی كردووە تەنها بۆ ئەم خولە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، واتا بابەتەكە لای پارتی ئەوەندەی تەكتیكە، ئەوەندە ستراتیژ نیە، چەند بەرپرسێكی پارتی بەمدواییە بە ئاشكرا ئەوەیان راگەیاند كە لە دەستوری هەرێمدا سیستمی حوكمرانی دەكەن بە سیستمێكی "سەرۆكایەتی". پارتیو گۆڕان.. سیستمی حوكمڕانی پارتی لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا دەیەوێت پاسێك بە بزوتنەوەی گۆڕان بداتو وای نیشان بدات كە لەسەر داوای گۆڕان سەرۆك لە ناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت، گۆڕانیش لە قۆناغێكی دیاریكراودا دەتوانێت ئەمە وەك دەستكەوتێك بۆ خۆی لێكبداتەوە، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە لە دوور مەودادا (دوای ئەم خولە) پارتی دەگەڕێتەوە سەر بەزمەكەی جارانی خۆیو سیستمی حوكمڕانی بەوشێوەیە لێدەكات سەرۆك بەشێوەی راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێرێتو پەرلەمان مافی لێپرسینەوەی نەبێت لێی. وا دەردەكەوێت هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەم چیرۆكە بێ ئاگا نەبن، چونكە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ "هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم" لە پەرلەمانی كوردستان، هەرزوو ئەو گومانەی دروستكرد كە گۆڕانو پارتی رێككەوتنی پێشوەختەیان كردووە لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە. رەنگە چیرۆكی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەمانەوە هیچ نەبێت جگە لە دەرمانێكی بێهۆشكەری كاتی كە پارتی دەرخواردی گۆڕانی دەداتو بۆ ماوەیەكی كاتيی وای لێ دەكات هەست بە سەركەوتنو شكاندنەوەی دەستی پارتی بكات. دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم! هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە، پێویستی بە دەركردنی یاسای نوێو هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، ئەو یاسایەی كە لە چوارساڵی رابردوودا خاڵی سەرەكی ناكۆكی نێوان لایەنەكان بوو. خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە تائێستا دانیشتنێكی كردووەو ئەو دانیشتنەشی بەكراوەیی بەجێی هێشتووە، پێویستە لەسەری بە یاسایەك كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم رابگەیەنێت، كارەكە لێرەدا تەواو نابێت، پەرلەمان دەبێت هاوكات كاركردن بە یاسای "دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم"یش رابگرێت، دوای ئەمەش هێشتا كارەكە ماویەتیو دەبێت یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی پەرلەمانی كوردستان هەموار بكاتەوە، بەتایبەتی ماددەی (دووەم)ی یاسای سەرۆكایەتی كە دەڵێت" سەرۆكی هەرێم بە دەنگدانی گشتیو نهێنیو راستەوخۆ هەڵدەبژێردریت" دەبێت هەموارەكە بە جۆرێك بێت كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا بۆ (یەك خولی داهاتوو) هەڵدەبژێردرێت. سەربای ئەمە ئەوانەی كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبن بە شەریكی پارتی لە دەسەڵات، دەبێت لە پەرلەمانی كوردستان ملكەچی خواستەكانی پارتی بن لەبارەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمو بەپێی خواستەكانی پارتی هەندێك لە دەسەڵاتەكان بگەڕێننەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی، ئەوەی تائێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە ئەوەیە ئایا پارتی هەموو دەسەڵاتەكانی پێشتری مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم دەگەڕێنێتەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە هەمان پۆستدا، یاخود بەشێكی زۆری ئەو دەسەڵاتانە ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت هەر لەلای سەرۆك وەزیران (مەسرور بارزانی) دەهێڵێتەوە؟
راپۆرتی: درەو میدیا رۆژی 17ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكراوە و پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 ی رۆژی 19/6/2004 ئەو رۆژەی دیاریكردووە و ساڵی 1999ش یاسای ژمارە 4 بۆ ئاڵای كوردستان پەسەندكراوە و پێكهاتەی ئاڵای كوردستان رونكراوەتەوە. شێوەی ئاڵای كوردستان گۆڕاوە لە یاسای ژمارە ( 14 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە، ئاماژە بەوە كراوە ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان " سەركردەی نەمر قازی محەمەد بەر لە شەهیدبوونی ئەو ئاڵایەی تەسلیم بەسەركردەی روحی هەمیشە زیندووی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی كردووە" بەڵام كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، چونكە ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لە ئاڵاكەی قازی محەمەد كە لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد لە 16/12/1945 هەڵكراوە و لە بری خۆرەكەی ئێستا دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێكی تیایە و بەدەستكاریەكی كەمەوە لە ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران وەرگیراوە و قازی محەمەد تەنها شێرو خورشیدەكەی ناوی گۆڕیوە بۆ دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێك، ئەگەرنا تەختی ئاڵاكەو رەنگەكانی هەمان ئاڵایە، بەڵام ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لەو ئاڵایەی قازی محەمەد. هەژاری موكریانی ( 1921 – 1991 ) لە شیعری ئاڵای كوردستاندا كە لە ژمارەی یەكی رۆژنامەی كوردستاندا لە 11/1/1946 بڵاوكراوەتەوە لە وەسفی ئاڵای كوردستاندا دەڵێت: بێ ببینێ ئەو كەسەی پێی وایە كورد سەرناكەوێ كێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەتی لەسەرمان ناڕەوێ داری ئاڵاكەم وەكو چقڵێكە بۆ چاوی عەدوو هەر دڵێ خۆشی نەوێ رەبی وەبەر خەنجەر كەوێ پارچەكەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ رەنگی سور دەڵێ تا تنۆكێ خوێنی كورد مابێ قەدی من نانەوێ سپییەكەی مژدەی بەیانی بەختی كورد كرد بەیان رۆژی بەختی كوردی پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت بێ خۆت كە برسی بوو چی دوژمن پێی بژین لێرەو لەوێ پێو دەڵێ نوكی قەڵەم گەر ژینی خۆش و پێی دەوێ غەیری من دەست ناكەوێ بورجی تەرەقی پێش رەوێ رەنگی سەوزی یانی دایكی ( نیشتمان) لەو رۆكەوە جوان و سەرسەوزە وەرگیری كەوتەوە عومری نوێ لاوەكان ناموسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایەمان گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو ناموسەتان لەمنوكەوێ بە هەموو پێوەرێك ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان، تەواو جیاوازە لەو ئاڵایەی سەردەمی قازی محەمەد لە ساڵی 1946 كە لە كۆماری كوردستان لە مهاباد هەڵكراوە، بۆیە ئێستا پرسیارەكە لەسەر ئەوەیە كە ئایا ئەو ئاڵایە ئەگەر ئاڵاكەی سەردەمی قازی محەمەدە بۆچی دەستكاری كراوە، كێ دەستكاری كردووە، " ئەگەر قازی محەمەد بە ئەمانەت داویەتیە دەست مستەفا بارزانی" بۆچی ئەو ئاڵایەی ئێستا نیە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەكان لەسەردەمی كۆتایی كۆماری كوردستان و دەستگیركردنی قازی محەمەد هیچ جۆرە بینینێك لە نێوان مستەفا بارزانی و قازی محەمەد روینەداوە و قازی محەمەد لە 23/12/1946 دەستگیركراوەو دوای زیاتر لە سێ مانگ لە 31/3/1947 لە سێدارە دراوە، لەو كاتانەشدا مستەفا بارزانی و بارزانییەكان لە مهاباد نەبوون لە شنۆ و نەغەدە نیشتەجێبوون، تەنانەت ( عەقید بەكر حەوێزی) كە ئەفسەر بووە لە سوپای كۆماری كوردستان و خەڵكی كۆیەیە لە كتێبەكەیدا بەناوی ( گەشتێك بە كۆماری مهاباددا) ئاماژە بەوە دەكات كە دواینجار كە پێكەوە لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی محەمەدیان بینیوە، هیچ ئەمانەتێكی نەداوە بە مەلا مستەفا تەنها بە منی ئەوی وتوە " ماشێنەكەی من بەرن و سودی لێ وەربگرن، منیش وتومە چاوم بەرایی نادات ماشێنی تۆ بەكاربهێنم و بۆ خۆت بیسوتێنە" بۆیە گەڕاندنەوەی ئەم ئاڵایەی ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵاكەی سەردەمی كۆماری كوردستان گومان و پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت. ئاڵای كوردستان لە هەرێمی كوردستان ئاڵای كوردستان لەهەرێمی كوردستانن ساڵی 1999 لەلاین پەرلەمانەوە كە ئەو كات تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەماندا بوو بە یاسایی كرا. بەپێی یاسای ژمارە ( 4 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە لە پەرلەمانی كوردستان دەركراوە، لە مادەی یەكەمی یاساكەدا ئاماژە بەوە پێكهاتەی ئاڵای كوردستان كراوە كە : هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی دەبێت بە شێوەی لاكێشەیی كە پانیەكەی دوو لەسەر سێی درێژیەكەی دەبێت و دابەشكراوە بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی و پانیدا و پێكهاتەكەی بەم شێوەیە دەبێت: 1- لاكێشەی سەرەوە رەنگی سورە هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردە. 2- لاكێشەی ناوەرسات رەنگی سپی دەبێت هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و لێبوردنە كە خەڵكی كوردستان ئاواتە خوازیەتی. 3- خۆرێكی زەرد دەكەوێتە ناوەراستی لاكێشە سپییەكەوە چەقەكەی خاڵی یەكتربڕینی تیرەی لاكێشە سپیەكە دەبێت و تیرەی خۆرەكە ئەوەندەی پانایی لاكێشە سپیەكە دەبێت و ( 21 ) تیشكی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێ گۆشەی دولای یەكسان، خۆرە زەردەكە هێمای بەردەوام بونی ژیان و زانست و هێواو ئومێدەو 21 تیشكەكەشیش هێمای جەژنی نەورۆزە. 4- لاكێشەی خوارەوە سەوز دەبێت و هێمای كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستانە. لە مادەی سێیەمیشدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەڵكردنی ئاڵاكە لە كاتی خۆرهەڵاتندا دەبێت و هاتنە خوارەوەشی لەكاتی خۆرئاوابووندا دەبێت. جیاوازی لەسەر ئاڵای كوردستان ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان ئەم ئاڵایەی ئێستا بە یاسایی كراوەو لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەو ئاڵایە لە رۆژئاوا و باكوری كوردستان بەكارناهێنرێت و لەوێ زیاتر ئاڵای سەردەمی ماد بەكاردەهێنن كە سێ رەنگە ( زەرد و سور و سەوز) بەو پێیەش كورد لە چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر شێوازی ئاڵایەك رێكنەكەوتوون و جیاوازیان هەیە. پۆلێن كردنی مێژووی ئاڵای كورد: 1- ئاڵای كورد لە سەردەمی دەوڵەتی ماد (700 ساڵ پێش زایین): لە سێ رەنگ پێكهاتووە (زەرد و سور و سەوز) 2- ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914 ئاڵایەكی هەبوو بە قوماشێكی زێڕین دروستكرابوو ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو. 3- ئاڵای سەردەمی شێخ مەحمود لە ساڵی 1919 لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسی بەریتانیا هەڵكرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سور و ڕووبەرێكی سەوز. 4- ئاڵای سەردەمی شۆڕشەكەی سمكۆی شكاك لە ساڵی 1922 هەڵكرا تیایدا نوسرا بوو كوردستانی ئازاد . 5- شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ئاڵایەكی هەبوو ڕەنگی سەوز بوو ڕۆژێك لە ناوەڕاستیدا بوو. 6- ئاڵای كورد لە كۆماری ئارارات 1927 – 1930: لە سێ رەنگی ( سور و سەوز و سپی و ناوەڕاستەكەشی بازنەیەكی زەردو و شاخێكی تیایە). 7- لەسەردەم كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 ئاڵایەكیان هەبوو، ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە بە قورئان و خەنجەر و ئاڵا دەبوو سوێندبخۆن. 8- حزبی ئازادی كوردستان لە ساڵی 1938 دەمەزرا، ئاڵایەكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سێ ئەستێرە. 9- بۆ یەكەمجار لەسەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا لە مهاباد لە رۆژی 16/12/1945 لە گۆڕەپانی چوارچرا یەكەمین ئاڵا هەڵكرا تاوەكو ئێستا وەك ئاڵای كورد ماوەتەوە. 10- ئێستاش ئاڵای كوردستان بەرەسمی لە پەرلەمانی كوردستان بە یاساییكراوەو لە رەنگەكانی ( سور و سپی و سەوز ) پێكهاتووەو ناوەڕاستەكەشی خۆرێكی تیایە. ئاڵای كوردستان لە شیعری كوردیدا ئاڵا یەكێكە لەو هێما نەتەوەییانەی كە شاعیرانی كورد بایەخێكی فراوانیان پێداوە و لەروانگەی جیاوازەوە لە شیعرەكانیاندا بەرجەستەیان كردووە. لێرەدا بە كورتی و چەند نمونەیەك ئاماژە پێدەدەین: عەلی هەریری (1530 – 1600): سەبیدی حەق نەزەر ڤێرا د ئیقلیمان عەلەم گیرا ئەحمەدی خانی (1650– 1707: من دی عەلەما كەلامێ مەوزون عالی بكرا ل بانی گەردوون مەلای جزیری (1567 -1640): رایەتا فەتحی بە نەسرا (لم یرل) مەنشوور بوو شەهسواری فەردێ سوبحانی عەلەمدارێ تەبی (مستەفا بەگی كوردی 1809 – 1849) دڵ بوو؟ بردی ، عەقڵ ودین و ئابڕوو بوو ؟ لێی سەندم بۆیە، نابووت، تەپڵی، تەپڵی سەر، لە دەس ئاڵا دەكا خانای قوبادی (1704 – 1778): مەهدی لە مەككەیێ دەردێ ئاڵای تەبیبی لە بۆدێ نالی (1797 – 1855): وا چاكە خەیاڵت لەگەڵ ئەسراری هودابێ نەك بەحسی سروور و عەلەمی بادی هەوا بێ حاجی قادری كوێی (1815 -1897): بەشیر و خامە دەوڵەت پایەدارە ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە نە بەیداغی هەیە نە تەپڵ و كورسی ئەمەندەی پێ كرا بێ چارەنووسی ئاڵا لە شیعری نوێی كوردیدا: شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦- ١٩٥٨) لەشیعری (شیوەنی شێخ مەحمودی سەرۆك)دا دەڵێ: هەزاران روحی جۆشانی وەتەن خواهانی كوردستان لەسەر تابووتەكەی وەستاوە بۆ تەشیعی جوسمانی بەسەر سەیارەوە بەیداخی رەش ئەشنێتەوە دایم جلی ڕەش بوەتە مۆدە بۆ هەموو خەڵقی سلێمانی كانی (١٧٩٧- ١٩٧٥): بەشەر ئیللا بە كۆشش بەرز ئەكا بەیداغ و رەمزی خۆی موحەققەق تەمبەڵی و سستی پەشیمانی لەگەڵ دایە قانیع (١٨٩٩- ١٩٦٥)، لە ساڵی ١٩٤٦ و لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای كۆماری كوردستان، نامە شیعرێك دەهۆنێتەوە و بۆ(بێكەس)ی شاعیری دەنێرێت، كە تیایدا دەڵێت: ئەلحەمدولیلا ئاڵا هەڵكرا ماوەی ئەهلی دڵ ئەمڕۆكە درا هەركەس لەهەرلا وڕ و سەرسامە راكا ئەم ئاڵا كۆگای مەرامە جگەر خوێن (١٩٠٣- ١٩٨٤): وەرە خوشكێ تو زوو ڕابە دشەڕدا رەنگێ شێرابە بەری ئاڵا مەیە رەنگن ل سەر شاخان تە هلدا بی دڵداری شاعیر (1918 -1948) كە خاوەنی سرودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)ە و هەر لەنێو ئەو سرودەدا باس لە ئاڵای كوردستان) دەكات و دەڵێت: كەس نەڵێ كورد مردووە كورد زیندووە زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان سەید كامیلی ئیمامی " ئاوات " (1903 – 1989) لە شیعرێكدا بەناوی (ئاڵا) دەڵێ: لەو پارچە سێ ڕەنگەی وەك باڵی هومای ئاڵا هەودایەكی لێ بووە، فەوری لە ملم ئاڵا تەعریفی نییە ئاڵا، ئاڵایەكی ڕەنگینە سوور و سپی و سەوزە، ڕۆح حازرە بەسەودا كامەران موكری (1929 – 1986) لە شیعرێكیدا بە نێوی (بۆ قازی محەمەد) دوای لەسێدارەدانی پێشەوا بە حوزنێكی قوڵەوە لەو كارەساتە دەدوێت و ئاوا باس لە(ئاڵا) دەكات: ئاڵای كورد لە دڵ و چاوا لە كەژا جۆگەی خوێناوا بۆ ئەم گەلەی هی تۆ و منە وردە وردە كەوتە شنە عەبدوڵڵا پەشێو لە (دوازدە وانە بۆ منداڵان)دا، وانەی یازدەمی تایبەت كردووە بەئاڵا و دەڵێت: مناڵەكان! ئەی بێلانە ژین تاڵەكان، شەو لە خەوما ڕێبوارێك بووم بۆ بارەگای (یوتان) دەچووم كە دەروازەكەی قووتی دام ڕەشم بینی ـ ئاڵای هەبوو، سپیم بینی ـ ئاڵای هەبوو، هەرچیم بینی ـ ئاڵای هەبوو، قیژاندییان: “ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە! ئەی بێ ئاڵا، بۆ دەرەوە!” منیش گوتم: “مەقیژێنن! كە دەچمەوە، ئەم چیرۆكە بۆ منداڵان دەگێڕمەوە!
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی دەیەوێت پێگەی ماڵباتی تاڵەبانی لە حكومەتی داهاتوو لاواز بكات، یەكێتیش دەیەوێت بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت، رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان بكاتو لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێك كۆبوونەوە لەنێوان سەركردەكانی یەكێتیو گۆڕاندا كراوە. زیاتر لە دوو مانگو نیو تێپەڕێوە بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بەجددی لەگەڵ لایەنەكان باسی لە چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو دابەشكردنی پۆستەكان نەكردووە. پارتی یاری بە كاتو كارتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە دەكات بۆ پەرتكردنی دۆخی ناوخۆیی لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەریو شەكەتكردنیان لەسەر مێزی دانوستانەكان. وا دەردەكەوێت لە یاریكردن بە كارتی كاتەوە، پارتی بە پلەی یەكەم ئامانجی ماندووكردنی یەكێتی بێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا سەركردەكانی پارتی بەڕوونی دابەشبوونی ناوخۆیی یەكێتیو شەڕكردنیان لەسەر بەشە كێكی حكومەتی داهاتوو دەبینن. یارییەكەی پارتی لەگەڵ یەكێتی! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت لە كابینەی داهاتوودا رێژەی (40%)ی پۆستەكانی پێبدرێتو لەبەرامبەردا پارتی وەكو براوەی یەكەم رێژەی (60%)ی پۆستەكان ببات، ئەمەش دوای دەركردنی پشكی ئەو لایەنانەی تر لە بەشداری لە حكومەت دەكەن (بزوتنەوەی گۆڕان). لەبەرامبەردا پارتی دەیەوێت دوای دەركردنی پشكی لایەنەكانی تر (بزوتنەوەی گۆڕان)، رێژەی (30%)ی پۆستەكان بە یەكێتی بداتو رێژەی (70%)ی پۆستەكان بۆخۆی ببات. ئەمەش لەكاتێكدایە پارتی بەبێ هیچ دانوستانێك لەگەڵ یەكێتیو لایەنەكانی تر، پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێناوەتە پێشەوەو لە كۆی سێ پۆستی سەرۆكایەتی، دوو پۆستی سەرۆكایەتی بۆ خۆی یەكلاكردوەتەوە (سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەت). ماڵباتی تاڵەبانی پەراوێز دەخات! بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتدا پێگەی ماڵباتی جەلال تاڵەبانیو ئیبراهیم ئەحمەد لاواز بكات. رۆژی 11ی ئەم مانگە لە هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كۆبوونەوە، ئەو كۆبوونەوەیە لەسەر داوای یەكێتی بوو، بڕیار بوو لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر كۆبوونەوەكە برایە ماڵی نێچیرڤان بارزانی. بەپێی زانیارییەكان هۆكاری گواستنەوەی شوێنی كۆبوونەوەكە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە بۆ ماڵی نێچیرڤان بارزانی، رێگریكردن بووە لە بەشداریكردن ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا، بەڵام بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی ریسەكەی لێكردن بە خوریو دواجار خۆی كرد بە كۆبوونەوەكەی ماڵی نێچیرڤان بارزانیدا، ئەوەش لەكاتێكدایە بافڵ تاڵەبانی هیچ پۆستێكی فەرمی لەناو یەكێتیدا نییە. دیمەنی سڵاوكردنی بافڵ تاڵەبانی لە ئەندامانی وەفدی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، ئەو راستییەی ئاشكراكرد، كە وەفدەكەی یەكێتی بەبێ هەماهەنگی چونەتە ناو كۆبوونەوەكەوە. رۆژی هەینی قوباد تاڵەبانی كوڕە بچوكی جەلال تاڵەبانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی كردو تێدا نوسی "ئەگەر كەتنێكی گەورە نەكەین، دۆخی ئابوری كوردستان باشتر دەبێت"، پارتییەكان وا لێكیاندایەوە مەبەست لە وشەی "كەتن" ریفراندۆمەكەی ساڵی رابردوو بێت كە مەسعود بارزانی سەرۆكاتی كردو هەرێمی روبەڕووی گەمارۆی ئابوریو سیاسی كردەوە، بەوهۆیەشەوە پارتی لەسەر ئاستی سەركردەكانی بە زمانێكی توند وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە. ئەم شەڕە قسەیەی سەركردەكانی پارتی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لەسەروبەندی دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، مانای سیاسی خۆی هەیە، بەتایبەتی بەرامبەر بە قوباد تاڵەبانی كە تاكە نوێنەری ماڵبانی تاڵەبانی دەبێت لە كابینەی نوێداو بڕیارە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتیو یەكێتی زانیویەتی، پارتی دەیەوێت لەكابینەی نوێدا یەكێتی لە ماڵباتی تاڵەبانی جیابكاتەوەو ئەندامانی ماڵبات لە حكومەت دوربخاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو بێ متمانەییە كە لە دوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"ەوە لەنێوان هەردوو ماڵباتی بارزانیو تاڵەبانیدا دروستبووە. بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت شوێنی ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی لە كابینەی نوێدا بە كەسانی سەربە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیو مەلا بەختیار ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پڕبكاتەوە. گۆڕان .. خاڵی پارسەنگ بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای كۆچی دوایی رێكخەرەكەی (نەوشیروان مستەفا) ژمارەی دەنگەكانی بەرێژەی (61%) كەمیكرد، بەڵام قوڵبونەوەی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی، پێگەی سیاسی گۆڕانی بەهێزكردووە. پێگەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا بەهێزترە لەو كاتەی كە كابینەی هەشتەمی حكومەت لە 2014دا پێكهێنراو هێشتا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بووەتە خاڵی پارسەنگی ململانێكانی پارتیو یەكێتی، رەنگە جیاوازییەكە ئەوەبێت، نەوشیروان مستەفا وەكو سیاسییەكی قاڵبوو لە گۆڕەپانی دانوستاندا رێگەی نەدەدا هیچ یەكێك لە پارتیو یەكێتی خۆیو بزوتنەوەكەی لەدژی یەكتر بەكاربهێنن، بەڵام سەركردەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بوون بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە، ئەمەش گوڕێكی بە بزوتنەوەكە داوە لە زەمەنی داكشانی دەنگەكانیدا. پارتی ئامانجی سەرەكی لە راكێشانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حكومەت ئەوەیە، كۆتایی بهێنێت بە هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ یەكێتی بەشێوەی (50+50)، چونكە ئەگەر گۆڕان بەشدار بێت، پشكی یەكێتی دەبات، بەپێچەوانەوە ئەگەر گۆڕان بەشدار نەبێ لە حكومەت، مۆركی دوو ئیدارەیی بەسەر كابینەی نوێی حكومەتەوە دیار دەبێتو هاوشێوەی رۆژانی دوو ئیدارەیی، یەكێتی لە سنوری قەڵەمڕەوی خۆی باڵادەست دەبێتو پارتیش لە قەڵەمڕەویی خۆی. یەكێتی لە یارییەكە تێگەیشتووە؟ هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی بەڕوونی لە گەمەكەی پارتی بۆ بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت تێگەیشتوون، بۆیە دەیانەوێت بە هەر بەهایەك بێت بەر لە دەستپێكردنی دانوستانەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، گۆڕان لەژێر باڵی پارتی بهێننە دەرەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی پرۆژەیەكی داوەتە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی یەكێتیو كوردستان، یەكێك لە خاڵەكانی ئەو پرۆژەیە تایبەتە بە لێكنزیككردنەوەی یەكێتیو گۆڕانو زیندووكردنەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوانیان. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەر بنەمای ئەو پرۆژەیەی بەرهەم ساڵح، یەكێتی دەیەوێت رێخۆشكەری بكات بۆ سازدانی گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر ئاستی كەسیی هەندێك دیدار لەنێوان سەركردەكانی هەردوولا هەبووە. یەكێتی بەپلەی یەكەم ئامانجی لەم نزیكبونەوەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، پارتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا بەشداری گۆڕان بۆ لێدان لە پێگەی یەكێتی بەكارنەهێنێتو هەردوولا وەكو دوو هێزی ناوچەی سلێمانی پێكەوە لەبەرامبەر پارتی بوەستنەوە. بەڵام پێناچێت بزوتنەوەی گۆڕان پێش پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئامادەی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی بێت لەگەڵ یەكێتی، چونكە ئەمە بەتەواوەتی كارتی گۆڕان لای پارتی دەسوتێنێت، سەرباری ئەمە هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی رابردوودا ئەوەیان ئەزمون كردووە، یەكێتی جددی نییە لە رێككەوتن لەگەڵ گۆڕانو هەرجارێك هەوڵی گفتوگۆی دابێت، بۆ ئەوە بووە گۆڕان لە پارتی دوربخاتەوە.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دوا كۆبوونەوەیاندا ئاماژەیان بە رەوینەوەی گرژییەكانی نێوانیاندا كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروست ببوو، بەڵام شەڕی میدیای و لێدوانی ئاگرینی نێوانیان بەردەوامە، تویتێكی قوباد تاڵەبانی پشكۆی ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو حزبە دەگەشێنێتەوە، ئەم دوو هێزە ئەگەرچی لە راگەیاندنەكانەوە باس لە باشبونی پەیوەندییەكانیان دەكەن، بەڵام لە جەوهەردا ئەم دوو هێزە ناكۆكی قوڵیان هەیە. قوباد تاڵەبانی كەتنی نایەوە هەفتەی رابردوو وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش سەعدی پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوەكەی بە ئیجابی وەسفكرد و رایگەیاند" سەرەتایەك بوو بۆ گەرمكردنەوەی پەیوەندییەكان" ی ئەو دوو حزبەی كە لە سەرجەم كابینەكانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوپەیمان و پشتیوانی یەكتربوون. دوای ئەو هەنگاوەی یەكێتی و پارتی بۆ گەرمكردنەوە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، تویتێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم، نیگەرانی و كاردانەوەی پارتی لێكەوتەوە و جارێكی تر شەڕە لێدوان لە نێوان بەرپرسانی ئەو دوو حزبەدا دەستیپێكردەوە. قوباد تاڵەبانی لە تویتەكەیدا دەڵێت:" پێم وایە كە ئەگەر بەردەوام بین لەسەر چاكسازییەكانمان، رێکكەوتنمان لەگەڵ بەغداد تێك نەچێت، نرخی نەوت زۆر دانەبەزێت و كەتنێكی گەورە نەكەین پێشبینی دەكەم دۆخی ئابووری كوردستان باشتر ببێت" هەرچەندە تاڵەبانی كوڕ لە تویتەكەیدا روونی نەكردوەتەوە مەبەستی لە كەتنی گەورە چییە، بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی پارتی بە ئیزتفزاز لێكیاندایەوەو پێیان وابوو " كەتنە گەورەكە"ی قوباد تاڵەبانی مەبەستی " ریفراندۆمە" كە پارتی بە موڵكی خۆی دەزانێت، عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە پۆستێكیدا زۆر بە رەقی وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە و دەڵێت:" كەتنی هەرە گەورەی بەناو كورد كردبێتی, خیانەتی شانزەی ئۆكتۆبەر بوو, ئەم خیانەتە بووە هۆی ئەوەی نیوەی كوردستان رادەستی حەشد و عەرەبی داگیركەر بكرێت، كاك قوباد راست دەكات, ئەگەر براكەی و دایكی و پوری و ئامۆزاكانی هیچ كەتنێكی دیكەی گەورە نەكەن, بارودۆخمان زۆر باش باش دەبێت." دوای بڵاوبوونەوەی ئەم لێدوانە توندەی عەلی عەونی جارێكی تر قوباد تاڵەبانی تویتێكی كردووە و دەڵێت :" رەحمەت لە پێشینانمان كە وتوویانە: "دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە" نەبوونی متمانە ئەگەرچی ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستاندان، بەڵام نەبوونی متمانە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا وایکردووە كە نەتوانن پەیوەندیەكانیان درێژە پێبدەن هەموو رووداوو گۆڕانكارییەك پەیوەندیەكانیان نێوانیان ئاڵۆز دەكات. ئەم دوو هێزە تا ئێستاش لەسەر زۆربەی پرسەكان ناكۆكن، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاندوە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە پێكهێنای حكومەتی هەرێمی كوردستان دوا دەكەوێت، دەشڵێت ” ئەو ماوەیەی ئەم كابینەی تێیدا پێكدەهێنرێت، رەنگە درێژترین ماوە بێت لە مێژووی هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێم”. راشیدەگەیەنێت چەند بابەتێك دانوساندنەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئاڵۆزكردوەو پێشی وایە بەشی زۆریشی پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە، دەشڵێت ” ئەو حزبە لەپڕێكداو بەبێئەوەی پرس بەهیچ لایەنێك بكات، مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمی هێنایە ئاراوەو كاندیدەكەی خۆیشی دیاریكرد، ئەمەش مانای تایبەتی خۆی هەیە”. تا ئێستاش ئەو دوو خزبە ناكۆكن لەسەر: - پارتی و یەكێتی ناكۆكن لەسەر شێوازی حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان - یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و شێوازی دابەشكردنیان - یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر پۆستەكانی بەغداو بەتایبەتیش دانانی سەرۆك كۆمار - یەكێتی و پارتی ناكۆن لەسەر پرسی كەركوك و پارێزگاری كەركوك - یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر پەیوەندی هەرێمایەتی بەتایبەت توركیا و ئێران - یەكێتی و پارتی لەسەر مامەڵە و لێدوانی كارەكتەرەكانی نێوانیان ناكۆكن - یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەسەر دابەشكاری پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەت سەرەرای هەموو ناكۆكییەكان ئەم دوو هێزە ناتوانن بەبێ یەك حكومەت و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان درێژە پێبدەن، چونكە تا ئەمڕۆش بە دیفاكتۆ هەرێمی كوردستان ( دوو ئیدارە)یە و دوو زۆنی جیاوازە ( سەوز و زەرد )، بۆیە سەرەرای ناكۆكییەكانیان بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوری و حزبیەكانیان ناچاریان دەكات ناكۆكییەكانیان وەلا بنین و بەناچاری پێكەوە شان بدەنە بەر پێكهێنانی حكومەت. رێكەوتن و پەیوەندیەكی لەرزۆك بە درێژایی ئەو هاوپەیمانێتی و رێكکەوتنانەی كە یەكێتی و پارتی پێكەوەبوون، هەمیشە پەیوەندیەكانیان بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوەو لێدوانی ئاگرینیان بەرامبەر یەكتر داوە، بەڵام دواتر بەناچاری چونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆو پەیوەندییەكانیان ئاساییكردوەتەوە بۆ ماوەیەك، ناكۆكی و لێدوانی نێوان ئەو دوو هێزە مێژوویەوە لەرابردووشدا لێدوانە ئاگرینەكانیانی نێوانیان شەڕی براكوژی لێكەوتوەتەوە. رەنگە ئێستا لێدوانەكەی قوباد تاڵەبانی بە توندترین لێدوان دابنرێت بۆسەر پارتی چونكە پارتی بە پیشاندانی كێكی حكومەت زۆرێك لە حزبەكانی ناچاركردووە كە بێدەنگی هەڵبژێرین و بەشێك لە كارەكتەرە توندەكانی بەرامبەریشی ناچاركردووە لەم دۆخەدا بێدەنگی هەڵبژێرن. ئەگەرچی قوباد تاڵەبانی بە لایەنگری پێكەوەبوون لەگەڵ پارتی و كارەكتەری لێكنزیکبوونەوەی نێوان ئەو دوو هێزەدادەنرێت، بەو پێیەی خۆی لە دابەشكردنی كێكی حكومەتدا ئەگەری پێدانی پۆستی باڵای هەیە، بەڵام تویتەكەی بە تویتێكی تر پینەدەكات و لە دوایین تویتیدا دەنوسێت" هەركاتێك پێكەوە دیالۆگ لەسەر كێشەكان یان بابەتێك بكەین، دێنە سەر هێڵ و لەسەر وشەیەك دەیكەن بەهەرا، دەزانن بۆ ؟ چونكە دەیانەوێت پردی نێوانمان بڕوخێنن و لەیەك دوورمانبخەنەوە" ئەگەرچی كێكی حكومەت لە توێتەكەی قوباد تاڵەبانی شیرینترە و پێكەوە كێكەكە لەتدەكەن، بەڵام ناكۆكیە قوڵەكانی نێوانیان بە ئاسانی سارێژنابێت.
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ زۆربەی داهاتی خێزانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ خۆراك دەڕوات و دوای ئەویش خەرجی سوتەمەنی و نیشتەجێبوون لە پلەی دووەمدا دێت، ئەوەش بە گوێرەی روپێوییەك كە وەزارەتی پلاندانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێم و بانكی نێودەوڵەتی ئەنجامی داوە. هەر بە گوێرەی ئەو روپێوییە، (72%)ی خێزانەكانی عێراق و هەرێم واتە لە كۆی چوار خێزان، سێ خێزانیان خانوی خۆیان هەیەو كرێچی نین. وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمو بانكی نێودەوڵەتی روپێوییەكیان بۆ ئاستی هەژاری لە عێراق بۆ ساڵی 2018 بڵاوكردەوە. وەكو خۆی دەڵێت، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەم روپێوییە بەمەبەستی گەیشتن بە ئاماژە كۆمەڵایەتیو ئابورییە نوێیەكانی كۆمەڵگەی عێراقی كردووە. بۆ ئەم روپێوییە، (8 هەزارو 640) خێزان وەكو سامپڵ لە هەموو پارێزگاكانی عێراق وەرگیراون، واتە لە هەر پارێزگایەك (360) خێزان، جگە لە بەغدادو هەرێمی كوردستان كە ژمارەی سامپلەكان گەیشتوەتە (900) خێزان. ئاماژەكانی روپێوییەكە: خەرجی ئەنجامی روپێوییەكە دەریخستووە پەیكەری خەرجی خێزان بۆ كڕینی كاڵاو خزمەتگوزاری بەكاربردن بە بەراورد بە ساڵانی 2012 بۆ 2014، لە ساڵانی 2017و 2018دا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. كاڵاو خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان خەرجی خێزانی عێراقی لە ساڵی 2017 بۆ 2018 بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پێداویستییەكاندا: • ماددە خۆراكییەكان لە پلەی یەكەمدانو رێژەی (32%) خەرجی خێزانیان بردووە. • سوتەمەنیو نیشتەجێبوونو روناككردنەوە لە پلەی دووەمدایەو رێژەی (24%)ی خەرجی خێزانیان بردووە. • گواستنەوە لە پلەی سێیەمدایەو رێژەی (12.1%) خەرجی خێزانیان بردووە. • جلوبەرگو پێڵاو لە پلەی چوارەمدایەو رێژەی (6.4%) خەرجی خێزانەكانیان بردووە. • كەلوپەلو پێداویستییەكانی ناوماڵ لە پلەی پێنجەمدایەو رێژەی (5.2%)ی خەرجی خێزانەكانیان بردووە. تێكڕای خەرجی خێزان بەپێی روپێوییەكە، تێكڕای خەرجی هەر خێزانێكی عێراقی لە مانگێكدا (ملیۆنێكو 276) هەزار دینارە، دینارە بە نرخی بازاڕ (ملیۆنێكو 503) هەزار. تێكڕای گشتی خەرجییەكانی خێزانەكان بەپێی روپێوییەكە تێكڕای خەرجی خێزان بەمشێوەیە بەسەر خێزانی عێراقیدا دابەشبووە: * رێژەی (31%)ی خێزانەكان مانگانە كەمتر لە (یەك ملیۆن) دینار خەرج دەكەن * رێژەی (48.2%)ی خێزانەكان مانگانە لەنێوان (ملیۆن)ێك بۆ كەمتر لە (دوو ملیۆن) دینار خەرج دەكەن * رێژەی (14.6%)ی خێزانەكان مانگانە لەنێوان (دوو ملیۆن) بۆ كەمتر لە (سێ ملیۆن) دینار خەرج دەكەن * رێژەی (5.7%)ی خێزانەكان مانگانە (سێ ملیۆن) دینارو زیاتر خەرج دەكەن روپێوییەكە ناوەندی خەرجی مانگانەی هەر خێزانێكی عێراقی بە نرخی بازار ئەژماركردووە، ئەمەش دوای خەمڵاندنی ماددەكانی ناو كۆبونی خۆراك بە نرخەكانیان لە بازاڕە بازرگانییەكاندا، هەروەها خەمڵاندنی بەكرێگرتنی هەموو جۆرەكانی شوێنی نیشتەجێبوون بەپێی نرخی بەكرێگرتنی بەربڵاو لە شوێنە بەرچاوەكاندا. تێكڕای خەرجی تاك بەگوێرەی روپێوییەكە، تێكڕای خەرجی مانگانەی تاك لە عێراق گەیشتوەتە (212.6) هەزار دینار، بە نرخی بازاڕیش خەرجی هەر تاكێك (253.3) هەزار دینارە. ئەنجامی روپێوییەكە لەبارەی خەرجی تاكەوە دەریخستووە: * رێژەی (45.7%)ی تاكەكان مانگانە كەمتر لە (200) هەزار دینار خەرجدەكەن. * رێژەی (26%)ی تاكەكان مانگانە لەنێوان (200 هەزار) دینار بۆ كەمتر لە (300 هەزار) دینار خەرجدەكەن. * رێژەی (14%)ی تاكەكان مانگانە لەنێوان (300 هەزار) دینار بۆ كەمتر لە (400 هەزار) دینار خەرجدەكەن. * رێژەی (13.3%)ی تاكەكان مانگانە رێژەی (400 هەزار) دینارو زیاتر خەرجدەكات. ئاماژە دیمۆگرافییەكان روپێوییەكە لەبارەی خێزانی عێراقییەوە چەند ئاماژەیەكی نوێی ئاشكراكردووە، لەوانە: • ناوەندی ژمارەی ئەندامانی خێزان لە عێراق (6) كەسەو زۆرینەی خێزانەكان گوندنشینن. • دابەشبوونی تەمەنی تاكەكان لە كۆمەڵگەی بەپێی روپێوییەكە، دەریدەخات كۆمەڵگەی عێراقی هێشتا كۆمەڵگەیەكی گەنجە، بەجۆرێك رێژەی (38.9%) تاكەكانی كۆمەڵگەی عێراقی تەمەنیان لە خواروو (15) ساڵییەوەو رێژەی نێر زیاترە لە مێ. • ناوەندی تێكڕای خێزانداری لە عێراق (74%)ە، ئەم رێژەیەش لە ناوچە گوندنشینەكاندا بەرزترە لە شارەكان، لە گوندەكاندا (84%)ە لە شارەكان (71%)ە نیشتەجێبوون ئەنجامی روپێوییەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەریخستووە، رێژەی (72%)ی خێزانەكانی عێراق واتە لە كۆی چوار خێزان، سێ خێزانیان خانوی خۆیان هەیەو كرێچی نین. خۆڵ و خاشاك روپێوییەكە بەشێكی تەرخانكراوە بۆ خزمەتگوزاری پاككردنەوەی خۆڵو خاشاكی خێزانەكان. بەگوێرەی روپێوییەكە، رێژەی (53%)ی خۆڵو خاشاكی ماڵان لە عێراق لەلایەن شارەوانییەكانەوە كۆدەكرێتەوە، رێژەی (25%)ی خۆڵو خاشاك فڕێدەدرێتە دەرەوەی ناوچەكانی نیشتەجێبوون، رێژەی (8%)ی خۆڵو خاشاك دەخرێتە ناو حاویە تایبەتەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە رێژەی (13%)ی ئەو خۆڵو خاشاكانە دەسوتێندرێن. بەكارهێنانەكانی ناو ماڵ روپێوییەكە دەریخستووە رێژەی (98%)ی خێزانەكانی عێراق لە پرۆسەی چێشتلێناندا غازی شل بەكاردەهێنن. كارەبا بەپێی روپێوییەكە، ئاستی پێدانی كارەبا لە تۆڕە گشتییەكانەوە رۆژانە دەگاتە (17) كاتژمێر، بەڵام پێدانی كارەبا لە موەلیدە ئەهلییەكانەوە (6) كاتژمێرە لە رۆژێكدا. ئاو رێژەی (92%)ی كۆی خێزانەكان لە عێراقدا ماڵەكانیان بەستراوەتەوە بە تۆڕی ئاوی گشتییەوە، بەڵام رێژەی (11%)ی خێزانەكان لە ناوچە گوندنشینەكاندا ئاوی (رووبار- چەم- كانی- هتد) بەكاردەهێنن. لە عێراق رێژەی (69%)ی خێزانەكان ئاوی پێویست بە ماڵەكانیان دەگات، ئەوەی كە دەمێنێتەوە بەدەست نەبوونی ئاوی پێویستەوە دەناڵێنێت، بەوهۆیەشەوە رێژەی (97%)ی خێزانەكان تانكی ئەمباركردنی ئاو لە ماڵەكانیاندا بەكاردەهێنن. ئاوەڕۆ رێژەی (35%)ی خێزانەكانی عێراق ئاوەڕۆی ماڵەكانیان بەستراوەتەوە بۆ تۆڕی گشتی ئاوەڕۆوە، بەڵام رێژەی (58%)ی ئاوەڕۆی ماڵەكان بیری زێرابەو تەنیا رێژەی (4%)ی ماڵەكان ئاوەڕۆی سەرداپۆشراویان هەیە. كەلوپەلەكانی تر روپێوییەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژە بە چەند زانیارییەك دەكات لەبارەی دۆخی ئابوری خێزانی عێراقی. • رێژەی (41.7%)ی خێزانەكان ئۆتۆمبیلیان هەیە • رێژەی (15.9)ی خێزانەكان ئامێری لاپتۆپیان هەیە • رێژەی (10.9%)ی خێزانەكان ئامێری (ئایپاد) یان هەیە • رێژەی (78.5%) موبایلی زیرەكیان هەیە رۆشنبیریو فێركردن روپێوییەكە ئاماژە بەوەدەكات، رێژەی (87%)ی تاكەكانی كۆمەڵگەی عێراقی لەوانەی كە تەمەنیان لە سەرو (10) ساڵییەوەیە، خوێندنەوەو نوسین دەزانن، ئەمانە رێژەی (91.9%)یان نێرینەو (82.1%) مێینەن. تێكڕای ئاستی پەیوەندیكردنی منداڵان بە قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوە (92.5%)ە، رێژەی پەیوەندیكردن بە خوێندن لە قۆناغی ناوەندی (56%)ە، بۆ قۆناغی ئامادەییش (29.6%)ە. روپێوییەكە دەریخستووە، هۆكاری سەرەكی ئەوانەی كە نەچونەتە بەر خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی لە نزیك شوێنی نیشتەجێبونیان بە رێژەی (30.3%)، سەبارەت بە نەچوونی كچانیش بۆ خوێندن هۆكاری كۆمەڵایەتی تایبەت هەیە بەرێژەی (11.2%). هێزی كار • تێكڕای چالاكی ئابوری ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە (15 ساڵ) زیاترە، گەیشتوەتە (42.8%)، ئەمە لەگەڵ بوونی جیاوازی لەنێوان رێژەی پیاوان (72.7%)و ژنان (13%) • تێكڕای بێكاری بۆ ئەوانەی تەمەنیان (15 ساڵ)و زیاترە، گەیشتوەتە (13.8%) • تێكڕای بێكاری بۆ چینی تەمەن (15- 24) ساڵ بەرزبوەتەوەو گەیشتوەتە (27.5 %) • نیوەی كرێكارانی پیاو لە كەرتی حكومیدا كاردەكەن، بەڵام ژنان رێژەی (90%)یان لە كەرتی حكومیدا كاردەكەن دیاریو هاوكارییەكان • رێژەی (25.4%)ی خێزانەكان موچەی خانەنشینیان هەیە، رێژەی (95%)ی خێزانەكان بەشەخۆراكی مانگانەیان وەرگرتووەو رێژەی (7.5%)ی خێزانەكان هاوكاری داراییان بە نەخت لە حكومەت وەرگرتووە • رێژەی (4%)ی خێزانەكان دیاریو هاوكارییان لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی وەرگرتووە • رێژەی (98%) ی خێزانەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، بەشەخۆراكی مانگانەی بەلایانەوە زۆر گرنگە "شۆك" ئەنجامی روپێوییەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژە بە باری دەرونی خێزانی عێراقی دەكانو دەڵێ خێزانەكان بەهۆی یەكێك لەم پاڵنەرانەوە دوچاری "شۆك" بوون: • توندوتیژی: 17.2% • نەبوونی ئاسایش: 16.9% • مردن: 16.4% • نەخۆشی: 15.9% • توشبونی ئەندامێكی خێزان: 15.5% • لەدەستدانی بەشە خۆراكی مانگانە: 13.7% • كۆچكردنی زۆرەملێ: 10.2% باری كەسێتی باری ئابوری ئێستای خێزانەكان بەپێی روپێوییەكە: • (13%) خێزانەكان باری ئابورییان باشە • (56%)ی خێزانەكان باری ئابورییان ئاساییە • (31%)ی خێزانەكان باری ئابورییان خراپە باری ئابوری ئێستای خێزانەكان بەبەراورد بە كانونی دووەمی ساڵی 2014: • خراپ: ( 44%) • (40%): هاوشێوەی پێش 2014 بوون • (16%): باشتربوون چەند زانیارییەكی تر • رێژەی ئەو خێزانانەی كە دووچاری شۆك نەبوون، گەیشتوەتە (63.7%). • باری ئابوری ژیانی خێزانەكان لە دوو ساڵی داهاتوودا: - خراپ: (17%) - (34%): وەك خۆی دەبێتو ناگۆڕێت - (17%): باشتر دەبێت - (32%): ناڕوونە
راپۆرتی: محەمەد رەئوف شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەنگال و مەخموریان بۆردومانكردو بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی مەندەنی شەهید بوون, كە سێ ژن و منداڵێكی كچ-ن، و سیانیان ئەندامی یەك خێزانن ئەوانیش ( ئاسیا عەلی محەمەد – ٧٣ ساڵ، نارنج فەرهان قاسم – ٢٦ ساڵ (كچی ئاسیا عەلی)، ئەڤین كاوە مەحمود - ١٤ ساڵ ( نەوەی ئاسیا عەلی)، ئەیلەم محەمەد عەمەر – ٢٣ ساڵ ). بە وتەی خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا " پێگەكانی پەكەكەیان لە شەنگال و چیای قەرەچوغ" بۆردومانكردووە، دەشڵێت "لە چوارچێوەی هێرشەكەدا كە لەشێوەی هەڵكوتانەسەر ئەنجامدرا، زیاتر لە 30 پێگە خاپووركران، ناوچەی چیای قەرەچووخ بۆ یەكەمجار كرایە ئامانج. لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە باكوری عێراق، زیاتر لە 20 فڕۆكەی جەنگی هەروەها ژمارەیەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی گواستنەوەی سووتەمەنیش تێیدا بەشدارییان كردووە" توركیا هەر كات ویستبێتی هێرش و پەلاماری سەربازی بۆسەر باشوری كوردستان ئەنجامداوە بەبێ گوێدانە بڕیارە نێودەوڵەتییەكان و هەڵوێستی حكومەت و سەروەری خاكی عێراق، تەنانەت هێرشەكانی بەجۆرێك ئەنجام ئەدات وەك ئەوەی باشوری كوردستان ویلایەتێكی توركیا بێت، بەو پێیەی لە دواین ئۆپەراسیۆنی فرۆەكانیدا خاكی باشوری كوردستان و عێراقی بە قوڵایی زیاتر لە 300كم بەزاندووە، كە ئەمەش پێشێلكاری سەروەری خاكی عێراق و هەرێمە. توركیا خۆی بە خاوەن ماڵ دەزانێت توركیا هەر كات ویستبێتی بە بەبێ گوێدانە هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێم و عێراق ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوەو خاكی عێراقی بەكار هێناوە بۆ هێرش و پەلامار( لەشكركێشی سەربازی ، هێرشی فڕۆكە، سنوربەزاندن ، دانانی بنكەی سەربازی) ئێستا سوپای توركیا لە باشوری كوردستان زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی هەیە بەسەدان تانك و زرێ پۆش و چەكی قورس و فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە، بۆیە توركیا باشوری كوردستانی وەك ویلایەتێكی سەربە توركیا بینیوەو مامەڵەی كردووە، هەر كات ویستبێتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و لەشكركێشی و هێرشی فرۆكەی سەربازی بەكار هێناوە، كە بەپێی هەموو یاسایەكی نێودەوڵەتی ئەمە پێشێلكاری نێودەوڵەتیە، بێدەنگی بڕیاربەدەستان و ناوەندە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق تەواو رێگەی خۆشكردووە بۆ تروكیا هەر كات بیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات. ویلایەتی باشور توركیای سەردەمی ئەردۆغان چاوی بڕیوەتە باشوری كوردستان و زۆرجار وەك ویلایەتێكی توركیا مامەڵەی لەگەڵ كردووە. پێی وایە لە سەردەمانێكدا سەربە ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بووە(ویلایەتی موسڵ یەكێكە لە ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی 1879 دامەزراو هەریەك لە سلێمانی و هەولێر و كەركوكی لەخۆدەگرت و روبەرەكەی ( 75700 كم2 ) بووەو روبەرەكەی لە ساڵی 1885 دا ( 300280 ) كەس بووە). ئێستا توركیا وێرای بونی زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان و لەروی ئابوریشەوە ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا زیاتر لە 10 ملیار دۆلارەو نزیكەی 3 هەزار كۆمپانیای توركیا لە هەرێم كاردەكەن و رۆژانە نزیكەی 350 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە توركیادا تێپەردەبێت بۆ جیهان بۆیە توركیا لەرووی ئابوری و سەربازی و تەنانەت سیاسیشەوە هەرێمی كوردستانی كۆنترۆڵكردووە و خەریكە دەبێتە بەشێك لە توركیا. رێكکەوتنی توركیا و عێراق بۆ بەزاندنی سنور رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق نوێ نیە و مێژووەكە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێكەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن 20 كیلۆمەتر سنوری خاكی یەكدی ببڕن بەتایبەتیش دژ بە گروپە چەكداریەكانی نەیاریان بەتایبەتیش پەكەكە، ئەم رێكەوتنەی 1982 لە ساڵی 2007 لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە بەڵام بەزاندنی سنوری یەكتریان لە 20 كیلۆمەتر زیادكرد بۆ 25 كم، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت. بەڵام حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لە دۆستایەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتیش لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، ئەوەبوو لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی ( PMF ) هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، لە دوای روداوەكانی 31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بنكە سەربازیەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی داعشەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە، كە ئێستا نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری توركیا لە هەرێمی كوردستاندان. ئەو سنوربەزاندنە سەربازیانەی توركیا بەتەواوی پێشێلكاریە خۆ ئەگەر رێكەوتنەكەیان بۆ 25 كم بێت بەڵام هێرشەكەی شەوی رابردووی فرۆكەكانی توركیا بۆ سەر مەخمور بە قوڵایی زیاتر لە 300 كم بوو. بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان لە باشوری كوردستان نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، نوێترنیان سنوربەزاندنەكانی ناوچەی ئامێدی و گوندی بەرمیزە بوو كە لەو ناوچەیە زیاتر لە 12 بنكەیان دامەزراندووە، بەڵام زۆرترین هێنانی هێزی سەربازی توركیا بۆ باشیك بوو لە ساڵی 2016 بەبیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردۆتەوە، كە 1200 سەرباز، 50 تانك، 50 هەمەر، 15 تۆپی دوورهاوێژ و ، 50 هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكو 70 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیركراون، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015، ژمارەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (٣٢٣٥) ئەفسەر و سەرباز و ژەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپو (٢٦) ھاوەن، (١٧) ئاڕبیجیو (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی. بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریان تێدایە. 1.گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەرباز و (٩١) ئەفسەر و (٢٤٠) جەندرمە و (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە. 2.گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن. 3.سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. 4.بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە. 5.سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە. 6.سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە. 7.سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. 8.سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی . 9.سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 10.سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 11.سەربازگەی (سەری زیری) (٦٠) سەربازی جێگیركردووە. 12.سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە. 13.سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون. 14. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە. 15. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. 16.بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. 17.بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. 18. بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لە كاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری داعش بدات..