موبارەك وەك شایەدحاڵ چووە بەردەم دادگا
2018-12-26 14:38:09
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
لە دیمەنێكی دەگمەنی گۆڕەپانی سیاسی میسردا، دوو سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە لەناو هۆڵی دادگادا رووبەڕووی یەكتر بوونەوە و حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشووتری میسر لە كەیسی هەڵكوتانە سەر گرتووخانەكان و شكاندنیان لەمیانی شۆڕی ینایری" كانونی دووەم"ی 2011دا، شایەدیدا كە محەمەد مورسی سەرۆكی پێشوو و چەند سەركردەیەكی ئیخوان موسلمین تێیدا تۆمەتبارن.
مورسی لەكاتی شۆڕشەكەدا لە یەكێك لەو گرتوخانانەدا زیندانی بوو, بەڵام بەهۆی شۆڕشی گەلی میسرەوە لەدژی دەسەڵاتی حوسنی موبارەك لە ساڵی 2011 لە زیندان هەڵات و دواتر بە هەڵبژاردن بووە سەرۆكی میسر، بەڵام زۆری نەخایاند جارێكی تر بەهۆی خۆپیشاندان و كودەتای سپی سوپاوە لە پۆستەكەی داماڵرا و خرایەوە كونجی زیندان و ئێستا لە چەند كەیسێكدا تۆمەتبارە كە یەكێكیان شكاندنی گرتوخانەكاندا لەكاتی شۆڕشی میسر لە بەهاری عەرەبیدا.
لە دانیشتنەكەی دادگادا كاتێك پرسیاری ئەوە لە موبارەك كرا كە ئایا ئەندامەكانی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لەرێگەی تونێلەوە دزەیانكردوەتە ناو میسر و دەوڵەتیش ئاگاداری ئەو تونێلانەبووە؟ موبارەك لە رەتیكردەوە هیچ قسەیەك لە بارەیەوە بكات و رایگەیاند وتەكانی زانیاری نهێنی تایبەت بە ئاسایشیان تێدایە و داوای لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی ئێستای میسر كرد مۆڵەتی پێدات بە رەزامەندی سوپا چەند زانیارییەكی پەیوەست بەو كەیسە ئاشكرابكات.
پرۆسەی دادگاییكردنی محەمەد مورسی و چەند سەركردەیەكی باڵای ئیخوان موسلمین لەسەر كەیسی شكاندنی چەند گرتووخانەیەك و هەڵاتنی چەند زیندانییەك لە رێگەی سنورەوە لەگەڵ غەززە راستەوخۆ لە كەناڵی " صدی البلد" ی میسرەوە راستەوخۆ پەخشدەكرێت.
موبارەك لە دانیشتەنەكانی تری دادگا ئامادەنەبوو، هەرچەندە چاوەڕواندەكرا لە دادگای تاوانەكانی قاهیرە ئامادەبێت و وتەی لێوەربگیرێت و پارێزەرەكەی فەرید دیب رایگەیاند موبارەك هێشتا پلەی فەریقی فڕۆكەوانی هەیە لە هێزە ئاسمانییەكاندا و ئەگەر دادگا بخوازێت بانگهێشتی بكات بۆ شایەدی، پێویستە بە گوێرەی یاسا كارپێكراوەكان رەزامەندی هێزە چەكدارەكان وەربگرێت".
بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە داواكاری گشتی لەسەرەتای دانیشتەكەی دادگادا رایگەیاند لە كەرتی ئاسایشی نیشتمانیەوە ئاگادارییەكی پێگەیشتووە و دەڵێت كە " موبارەك هاوڵاتییەكی مەدەنییە و هیچ سیفەتێكی سەربازیی نییە".
دەقی قسەكانی موبارەك
پرسیار: زانیاریت هەیە لەسەر سنوربەزاندنی وڵات لە بەری خۆرهەڵاتەوە لە دوای 25ی كانونی دووەمی 2011ەوە؟
موبارەك: لیوا عومەر سولەیمان بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی لەو كارە ئاگاداریكردمەوە.
پرسیار: ناوەرۆكی ئەو ئاگاداركردنەوە چی بوو؟
موبارەك: سولەیمان پێی وتم كە لەوێ هێزی چەكدار سنوریان بەزاندووە و ژمارەیان زۆرەو دەگاتە 800 كەس.
پرسیار: دەربارەی رەگەزنامەی ئەو كەسانی هەواڵی پێدایت؟
موبارەك: نەخێر، هەواڵی پێنەدام، پێی وتم تەنها دزەكردن هەیە و دەربارەی رەگەزنامەكانیانی هیچی پێ نەوتم.
پرسیار:داوای رونكردنەوەت لێكردت دەربارەی چۆنیەتی هاتنە ناوەوەی ئەو كەسانە بۆناو سنورەكانەی میسر؟
موبارەك: لە تونێلەكانەوە هاتبوون، پێی نەوتم كە ئایا بەپێ هاتوون، بەڵام ئۆتۆمبیل و چەك هەبوون لەوێ.
پرسیار: هۆكاری هاتنەناوەی ئەو كەسانەی بۆ ناو سنوری میسر پێگەیاندی؟
موبارەك: نەخێر پێی نەوتم، تەنها لە دزەكردنیان ئاگاداریكردم.
پرسیار: كەی ئاگاداری ئەوەی كردیت؟
موبارەك: بەیانی رۆژی 29ی كانونی دووەم.
پرسیار: لەو شوێنە ئاگاداریكردیتەوە كە دوای هاتنە ناوەوە روویان تێكرد؟
موبارەك: نەخێر، ئەوان هاتنە ناوەوە و لە چەند شوێنێكی جیاواز بڵاوبونەوە.
پرسیار: ئەو كەسانە هیچ كردەوەیەكیان ئەنجامدا كە زیان لە ئاسایشی وڵات و ئازادیی بگەیەنێت؟
موبارەك: بەدڵنیاییەوە، زیانگەیاندن بە سەلامەتی وڵات هەبوو، چەند كارێكیان كرد ناتوانم ئاشكرای بكەم.
پرسیار: بۆچی؟
موبارەك: لەبەرئەوەی پەیوەندی بە ئاسایشی وڵاتەوە هەیە.
پرسیار: ناسنامەی ئەو كەسانەی پێ وتیت كە دزیان كردە میسرەوە؟
موبارەك: نەخێر پێی نەوتم, بەڵام من دەزانم لە كوێەوە هاتن.
پرسیار: لە كوێوە؟
موبارەك: من دەزانم لە غەززەوە هاتن و لە حەماس بوون.
پرسیار: دەتوانیت ناوی ئەو كەسانە بە دیاریكراوی بڵێت كە بەرپرس بوون لەو دزەپێكردنە؟
موبارەك: ئەوان هاتنە ناوەوە، كەسێك نییە بەرپرس بێت، بەڵام خەڵكانێك هەن كە ئاسانكارییان بۆ كردون.
پرسیار: ئەو كەسانە كێ بوون كە كارەكەیان بۆ ئاسانكردوون؟
موبارەك: خەڵكانێك بوون لە باكوری سینا، ناسنامەكانیان نازانم.
پرسیار: مەبەستیان لە دزەكردە ناو سنوری میسر چی بوو؟ چ ئامانجێكیان هەبوو؟
موبارەك: دەیانویست پشێوی لە وڵاتدا بنێنەوە.. لەگەڵ گروپی ئیخواندا مامەڵەیانكرد.
پرسیار: پشێوییەكە كەی دەستیپێكرد؟
موبارەك: رۆژی 25ی كانونی دووەم
پرسیار: كەی زانیت كە هاتنەناوەوەكە بە ئامانجی هاوكاریكردنی ئیخوانە؟
موبارەك: ئەمە بابەتێكی قورسە كە وەڵامی بدەمەوە، پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن هەیە، چونكە ئەگەر قسەبكەن پێشێلكارییەكی تر دەكەم.
پرسیار: دەتوانیت رۆڵی ئیخوان موسلمین لەو دزەكردنەدا دیاریبكەیت؟
موبارەك: قورسە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، سەرەڕای ئەوەی كە رۆڵەكە ناسراوە.
پرسیار: ئەمە واتای چی دەگەیەنێت؟
موبارەك: مانای ئەوە دەگەیەنێت كە روودای تر لە پێشوودا هەبوون و هەروەها ئەوانیش پێویستیان بە مۆڵەت وەرگرتن هەیە.
پرسیار: زانیاریت لایە دەربارەی كە ئایا ئەو كەسانەی لە رێگەی تونێلەكانەوە بە شێوازێكی ناشەرعی هاتنە ناوەوە، چەكیان بەكارهێنابێت و تەقەی زۆریان لە ناوچە سنورییەكاندا كردبێت لەبەری خۆرهەڵاتی هاوسنور لەگەڵ غەززە؟
موبارەك: ئەوان چەكیان بەكارهێنا و بنكەكانی پۆلیسیان تێكدا و پاشان دابەشبوون و هاتنە ناوچە جیاوازەكانی وڵاتەوە.
پرسیار: بۆ نمونە؟
موبارەك: گرتوخانەكان و قاهیرە و گۆڕەپانەكان بە دیاریكراوی گۆڕەپانی تەحریر.
پرسیار: بۆچی ئەو شوێنانە بڵاوبونەوە؟
موبارەك: بۆئەوەی زیندانییەكانی سەر بە حزبوڵا و حەماس و ئیخوان بێننە دەرەوە.
پرسیار: ئەی سەبارەت بە گۆڕەپانەكان؟
موبارەك: لەوێ لەسەر باڵاخانەكانەوە تەقەیان دەكرد.
پرسیار: زانیاریت هەیە دەربارەی كە ئایا توانیان زنجیرەی سنور كۆنترۆڵبكەن؟
موبارەك: لە باكوری سیناوە هاتن و هێرشیانكردە سەر پۆلیس و نەوەستان و بەردەوام بوون لە كارەكەیان.
پرسیار: زانیاریت هەیە دەربارەی ئەو دامەزراوە حكومیانەی كە وێرانیانكردن؟
موبارەك: نیمە دەستم نەكەوتووە.
پرسیار: زانیاریە هەیە كە ئەو كەسانە سێ ئەفسەری پۆلیس و ئەمیندارێكیان رفاندبێت؟
موبارەك: زانیاریم نیە.
پرسیار: دەتوانین ئەو گرتوخانانە دیاریبكەت كە بۆ ئازادكردنی زیندانییەكانی هێرشیانكرایەسەر؟
موبارەك: بەدیاریكراوی وادی نەترون، چونكە خەڵكانی چەند گروپێكی جیاواز تێیدا زیندانیكرابوون.
پرسیار: لە ئەنجامی ئەو كارانەدا هیچ روداوێكی كوشتن یانە دەستكردن بە كوشتنی لێكەوتەوە؟
موبارەك: زانیاریم نیە.
پرسیار: زانیاریت دەربارەی كاری تێكدەرانە هەیە كە ئەو كەسانە ئەنجامیاندابێت؟
موبارەك: زانیاریم نیە.
پرسیار: زانیاریت هەیە كە ئەو كەسانە دەستدرێژیان كردبێتە سەر ئەو كەسانەی حوكمەكانی یاسا جێبەجێدەكەن كە پیاوانی پۆلیسن؟
موبارەك: لە عەریش و شێخ زوید و رەفەح پەلاماری پۆلیسیاندا و بنكەكانی پۆلیسیان هەمووی تێكدا و چەند پۆلیسێكیان كوشت.
پرسیار: بۆری غازیان تەقاندەوە؟
موبارەك: زانیاریم نیە.
پرسیار: رۆڵی ئیخوان موسلیمین لەم رووداوانەدا چی بوو؟
موبارەك: ناتوانم وەڵام بدەمەوە، پێویستم بە وەرگرتنی رەزامەندی هەیە.
پرسیار: دەتوانیت ئەو كەسانە دیاریبكەیت، كە ئەو كەسانە لە زیندانەكاندا دەربازیان كردن؟
موبارەك: ناوەكانم لا نیە، بەڵام دەزانم كە سەربە حەماس و حزبوڵا و ئیخوان بوون.
پرسیار: ئەگەر ناوی ئەو تۆمەتبارانەی لێرەن پێت بڵێم، بۆئەوەی رۆڵیان لەو رووداوانەدا دیاریبكەیت، ئەمەش پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندی هەیە؟
موبارەك: بەڵێ، پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندییە.
پرسیار: تۆ سەرۆكی میسر بووت، نەتدەزانی كە چی لە دەوڵەتدا دەگوزەرێت؟
موبارەك: رووداوەكان دەزانم، بەڵام وردەكارییەكان و كەسەكان نازانم.
پرسیار: لیوا محەمەد نەجیب وتی كە چەند تونێلێك هەیە لە غەزەوە لەژێر زەویدا دێتە ناو وڵاتەوە و فەلەستیینەكان هەڵیانكەندون و بەكاریدەهێنن بۆئەوەی بە شێوەیەكی ناشەرعی دزەبكەن و بێنە ناو میسرەوە، بەڕێوەبەرێتییەكی فەلەستینی لە غەززە ئەو تونێلانە بەڕێوەدەبات، و رۆژی 25ی كانونی دووەم ژمارەیەكی زۆر لە فەلەستینییەكان و بیانی لە رێگەی ئەو تونێلانەوە هاتونەتە ناوەوە و چەندین كردەوەی وەك كوشتن و تۆقاندنیان ئەنجامداوە و چەند ئەندامێكی حزبوڵاش هاتونەتە ناو وڵاتەوە, ئایا ئەم قسەیە راستە؟
موبارەك: پێَشتر وتم كە 800 كەسی خاوەن رەگەزنامەی جۆراوجۆر لە حزبوڵا و حەماس هاتون، بەڵام ئەو وردەكارییەی كە لیوا نەجیب باسی كردووە نازانم.
پرسیار: ئەی قسەت چیە بۆ ئەو وتەیەی لیوا عەبدوللەتیف عامر كە دەڵێت گروپی ئیخوان هەماهەنگی كردووە لەگەڵ رێكخستنە نێودەوڵەتییەكەی و ئێران و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و حزبوڵای لوبنانی و ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی كە بریتیە لە پشێوی نانەوە و ناسەقامگیركردنی میسر بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا و دەوڵەتی توركیاش بەشداری ئەو پلانەی كردووە؟
موبارەك: هەرگیز دەربارەی ئەو پلانە هیچم نەبیستووە، من جەخت لەسەر زانینی وردەكارییەكان ناكەمەوە، تەنها كارە گشتییەكان دەزانم، وەك هێرشكردنە سەر پۆلیس و چونە ناو عەریش و تێكدانی بنكە ئەمنییەكان و دەستدرێژیكردنە سەر بنكەكانی پۆلیس، پلانی زۆر هەبوون، بەڵام پێش وەرگرتنی رەزامەندی ناتوانم قسەیان لەسەر بكەم.
تۆمەتبارەكان كێن و تۆمەتەكانیان چیە؟
لەم كەیسەدا مورسی و 28 سەركردەی ئیخوانین موسلیمین دادگایی دەكرێن و پرۆژەی دادگاییكردنەكە دووبارەدەكرێتەوە، دوای ئەوەی دادگای تەمییز تشرینی 2016 حوكمی سەپێندراوی بەسەریاندا هەڵوەشاندەوە كە بریتی بوو لە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی توند.
پێشتریش دادگای تاوانەكانی قاهیرە ساڵی 2015 سزای لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر هەریەك لە محەمەد مورسی و رابەری گشتی ئیخوان محەمەد بەدیع و رەشاد بەیومی جێگری رابەر و موحیی حامد ئەندامی مەكتەبی ئیرشاد و محەمەد سەعد كەتاتنی سەرۆكی ئەنجومەنی گەلی هەڵوەشاوە و عسام عریان سەركردەی ئیخوان و سزای زیندانیكردنی هەمیشەیشی بەسەر ئەوانی تردا سەپاند.
داواكاری گشتی لەو كەیسەدا تۆمەتی " سنورشكاندنی خۆرهەڵاتی وڵات و دەستدرێژیكردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەكان و كوشتنی ئەفسەرێكی پۆلسی لە كات شۆڕشی 2011 بە رێككەوتن لەگەڵ حزبوڵای لوبنا و بە هاوكاری چەند ئەندامێكی سوپای پاسدارانی ئێرانی" ئاراسەی تۆمەتبارەكان كردووە.
هەروەها تۆمەتی كوشتنی 32 زیندانیی و ئەندامی هێزەكانی پاسەوانی گرتوخانەی "ئەبوزعبل " و 15 زیندانیی گرتوخانەی " وادی نەترون" وگرتوخانەی " مەرەج" و هەڵاتن و دەربازكردنی 20 هەزار زیندانی ئەو سێ گرتوخانەیەی ئاراستەكردوون.