Draw Media

لە ئێران "كەربەلای 4" مشتومڕی دروستكردووە

لە ئێران "كەربەلای 4" مشتومڕی دروستكردووە

2018-12-31 11:18:42


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
قسەیەكی موحسین رەزایی فەرماندەی سوپای پاسداران لەبارەی جەنگی عێراق- ئێران، چەند رۆژێكە لەناو شەقام‌و لەسەر ئاستی بەرپرسان لە ئێران كاردانەوە‌و مشتومڕی دروستكردووە.
لە 32 هەمین ساڵڕۆژی ئۆپەراسیۆنی "كەربەلای 4"، موحسین رەزایی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" بە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای چوار وامان لە دوژمن كرد وابزانێت ئۆپەراسیۆنی ساڵانەی ئێمە تەنیا ئەو ئۆپەراسیۆنە بووە.. ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 بۆ هەڵخەڵەتاندنی دوژمن بوو".
ئەم قسانەی موحسین رەزایی هەرزوو لە سەر ئاشتی شەقام كاردانەوەی لێكەوتەوە، زۆرێك لەوانەی كە كەسوكاریان لەو ئۆپەراسیۆنەدا كوژاوە، رەخنەی توندیان لە فەرماندەی سوپای پاسداران گرت‌و پرسیاری ئەوەیان كرد" ئایا كەسوكاری ئەوان كە لە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4دا كوژراون، تەنیا لەپێناو هەڵخەڵەتاندنی دوژمن بەكوشتدراون ؟".
كاردانەوەكان تەنیا لەسەر ئاستی خەڵك‌و شەقام نەمایەوە، ژمارەیەك بەرپرسانی باڵای وڵاتیش وەڵامی قسەكانی موحسین رەزاییان دایەوە، لەوانە وەزیری تەكنەلۆژیا.
كاردانەوە توندەكان دوای سێ رۆژ لە نوسینی تویتەكە، موحسین رەزایی ناچاركرد رونكردنەوەی زیاتر بدات، ئەو بەشداری لە بەرنامەیەكی بەیانیانی تەلەفزیۆنیدا كرد بەناوی "حالا خورشید"، لەو بەرنامەیەدا باسی لەوەكرد، قسەكانی سەبارەت بە "كەربەلای 4 تەنیا شیكاری بووە".
رەزایی وتی:" هەموو جەنگەكانی جیهان بەشێكیان جەنگی فریودانن، كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێك نەبوو بۆ فریودان، بەڵام دواتر وای لێكرا وا دەربكەوێت كە ئۆپۆراسیۆنێك بووە بۆ فریودان".


قاسم سلێمانی قسەی خۆی كرد
لەهەمان بەرنامەدا قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس‌و یەكێك لە گەورە فەرماندەكانی سوپای پاسداران لە جەنگی عێراق- ئێران بەتەلەفۆن قسەی كرد، ئەو 20 ساڵ دوای ئەو جەنگە ئێستا كەسێكی كاریگەرو دەستڕۆشتووی ئێرانە لەناو عێراقدا.
لەبەرنامەكەدا قاسم سلێمانی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەڵامی موحسین رەزایی دایەوە‌و ئاماژەی بەوەكرد" كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنی سەرەكی ئێران بوو لە ساڵی 1987، بەڵام سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5 وایكرد عێراق گومان بكات كە كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێكی لاوەكی بووە".
قاسم سلێمانی كە لە هەردوو ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 و 5دا فەرماندەی لەشكری "سارەڵڵا كرمان" بووە‌و لەشكرە فەرماندەی هەردوو ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە باسی لەوەكرد" چەندین مانگ بوو كە كار لەسەر ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 دەكرا، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەش هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی تری وەكو رەمەزان‌و فەجر بەو ئەنجامانە نەگەیشت كە بۆی دانرابوو".
بەپێی قسەی قاسم سلێمانی، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5 لە ماوەی 15 رۆژ دوای شكستهێنانی كەربەلای 4 وایكردووە عێراق غافڵگیر ببێت، بەوپێیەی كەربەلای 4 ئۆپەراسیۆنێكی ئاڵۆزتر بووە‌و "گەورەترین سەركەوتنی بەدیهێناوە".
قاسم سلێمانی وتی" سەرباری ناڕەزایەتی زۆرینەی فەرماندەكانی سوپا لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5، بەڵام سوربوونی عەلی ئەكبەری هاشمی رەفسنجانی فەرماندەی جەنگەكە، وایكرد ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجام بدرێت‌و "بڕیارێكی دروستیش بوو".
هەم موحسین رەزایی‌و هەم قاسم سلێمانی جەختیان لەسەر ئەوەكرد كە ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 بەتەنیا ئۆپەراسیۆنێك نەبووە بۆ فریودانی سوپای عێراق، بەڵكو جۆرێك لە مەترسی‌و سەرچڵیشی تێدایە.

موحسین رەزایی‌و قاسم سلێمانی لە رۆژانی جەنگی عێراق- ئێران


كەربەلای 4 چی بوو؟
ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 4 لە رۆژی 5ی مانگی كانونی دووەمی 1987 ئەنجامدرا بە ئامانجی دەستگرتن بەسەر بەسرەدا. ئەم ئۆپەراسیۆنە لەژێر ناوی "محمد رسول اللە" لە میحوەری "ابوالخصیب"وە دەستیپێكرد، بەڵام هێرشەكە شكستیهێنا‌و هێزەكانی ئێران ناچار بە پاشەكشێ كران.
لەم هێرشە شكستخواردووەدا، سوپای پاسداران گەورەترین زیانی بەركەوت‌و (هەزار) سەربازی كوژرا‌و (11) هەزاری برینداربوون، (3 هەزارو 900)یش سەرباز بێسەروشوێن بوون.

كۆچكردوو رەفسنجانی لەگەڵ ئایەتوڵا خومەینی 


رەفسنجانی چی دەڵێ ؟
مشتومڕ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كەربەلای چوار نوێ نییە، ساڵی رابردوو كاتێك تەرمی ژمارەیەك لە ژێرئاوگەڕەكانی سوپای پاسداران لەو جەنگە گەڕێندرایەوە بۆ ئێران، جارێكی تر پرسیار لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە سەریهەڵدا، ساڵانە لە یادی ئەو شكستەدا قسەوباسی جیاواز دەكرێت، قسەكانی ئەمساڵی موحسین رەزایی كەسوكاری كوژراوەكانی ئەو شەڕەی بەتەواوی توڕەكرد، تا ئەو رادەیەی هەڕەشەیان كرد لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر رەزایی تۆمار بكەن.
قسەكانی موحسین رەزایی لەبارەی ئامانجی كەربەلای 4 كە بەوتەی ئەو " بۆ فریودانی دوژمن" بووە، شتێكی نوێ نەبوو، چونكە كۆچكردوو عەلی ئەكبەر رەفسنجانی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم كە هاوكات فەرماندەی هەشت ساڵی جەنگی ئێران بووە لەگەڵ عێراق، ساڵی 2006 لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی "ئیسنا" لەبارەی كەربەلای 4وە وتبووی" دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەكە شكستیهێنا، بۆ ئەوەی ورەی سەربازان نەڕوخێت وتمان ئەوە تەنیا ئۆپەراسیۆنێك بووە بۆ فریودان، بە بڵاوكردنەوەی ئەو قسەیە سەرمان لە دوژمنیش شێواند".


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand