Draw Media

دۆستەكانیش بەسەردانەكەی ترەمپیان نەزانی

دۆستەكانیش بەسەردانەكەی ترەمپیان نەزانی

2018-12-27 13:41:48


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی نهێنی گەیشتە عێراق‌و بەبۆنەی كرسمس‌و هاتنی ساڵی نوێوە لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی كۆبوەوە.
هاتنی ترەمپ بەمشێوەیە‌و بەبێ ئاگاداركردنی پێشوەختەی بەرپرسانی بەغداد، لە شەقام‌و ناوەندی سیاسی عێراقی كاردانەوەی لێكەوتەوە. 
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق‌و سەرۆكی ئیئتیلافی نەسر سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپی بەوشێوە نهێنییە رەتكردەوە.
عەبادی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ئەو شێوازە سەردانكردنەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ نەریتە دیپلۆماسییەكاندا ناگونجێت.. مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق‌و سەروەرییەكەی بەوشێوەیە، زیان بە پەیوەندییەكانی عێراق‌و ئەمریكا دەگەیەنێت".
سەردانی ترەمپ بۆ عێراق هێندە نهێنی بوو، نەك نەیارەكان، بەڵكو دۆستەكانی ئەمریكاش نەیانزانی، بەدیاریكراویش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق. 
تەنانەت ترەمپ خۆشی نیگەران بوو لەوەی بەو جۆرە سەردانی عێراقی كرد، دوای گەڕانەوەی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" زۆر مایەی نیگەرانییە كاتێك حەوت ترلیۆن دۆلار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرج دەكەیت، بەڵام رۆشتن بۆ ئەو ناوچەیە ئەو هەموو نهێنییەی دەوێت‌و پێویستی بەوە هەیە ژمارەیەكی زۆر فڕۆكە‌و ئامێر لە دەوروبەرت بن‌و هەموو شتێك بكەیت لە پێناو ئەوەی بەسەلامەتی بگەیتە ناوچەكە". 


كشانەوە لە سوریا
ترەمپ لە دیداریدا سەربازانی وڵاتەكەی، جارێكی تر بەرگری لە بڕیارەكەی كرد بۆ كشاندنەوەی هێزی سەربازی ئەمریكا لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان)‌و وتی:" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناتوانێت بەتەنیا رۆڵی پۆلیسی جیهان بگێڕێت".
ئەم سەردانە سێ كاتژمێرییەی ترەمپ بۆ عێراق، كە لەژێر رێوشوێنێكی ئەمنی توندوتۆڵدا بەڕێوەچوو، دوای هەفتەیەك دێت لە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بڕیارێك كە رەخنەی زۆری لێگیرا‌و بەهۆیەوە دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپ (برێت مەكگۆرك‌و جیمس ماتێس) دەستیان لەكاركێشایەوە.
ترەمپ لەبەردەم نزیكەی 100 كەس لە سەربازانی وڵاتەكەی لەبارەی بڕیاری كشانەوە لە سوریا وتی:" زۆر كەسی تر بەو ئەنجامە دەگەن كە من پێیگەیشتووم.. چەندجارێك لەسەر داوای ژەنەڕاڵەكان وادەی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانم درێژكردەوە، ئەوان دووبارە جارێكی تر وتیان ئایا دەكرێت مۆڵەتێكی تر بە ئێمە بدرێت، وتم. نەخێر ناكرێت مۆڵەتی تر بە ئێوە بدرێت، بەئاستی پێویست مۆڵەتتان پێدراوە".


ئەمریكا لە عێراق دەمێنێتەوە؟
ترەمپ لە بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی كۆبوەوە، ئەو لە دیدارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد بەنیاز نین هێزەكانیان لە عێراق بكێشنەوە.
ترەمپ وتی:" ئەگەر پێویستی كرد لە سوریا كارێك بكەین دەتوانین سود لە بنكەكانمان لە عێراق وەرگرین".
لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" نزیكەی (5 هەزار) سەربازی ئەمریكی یارمەتی هێزە عێراقییەكانیاندا.
لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆك، ئەمە یەكەمجارە دۆناڵد ترەمپ سەردانی هێزی سەربازی وڵاتەكەی بكات لە ناوچەیەكی جەنگی، رەتكردنەوەی سەردانكردنی هێزە سەربازییەكان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا رەخنەی زۆری روبەڕووی ترەمپ كردوەتەوە.
دیدار لەگەڵ عەبدولمەهدی
سارا ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، دیداری نێوان ترەمپ‌و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هۆكاری ئەمنیەتی‌و لۆجستی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بەتەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەكتر كردووە.
بەپێی قسەی خاتوو ساندەرز، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ترەمپ دوای لە عەبدولمەهدی كردووە سەردانی واشنتۆن بكات‌و عەبدولمەهدی بانگهێشتەكەی قبوڵ كردووە.
ترەمپ كە لەگەڵ میلانیای هاوسەری سەردانی عێراقی كرد، لەرێگەی گەڕانەوەیدا بۆ ئەمریكا، سەردانی ئەڵمانیای كرد‌و لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی لەوێ كۆبوەوە.


ئەو شوێنەی ترەمپ سەردانی كرد؟
بنكەی (عەین ئەسەد) كە ترەمپ سەردانی كرد، دەكەوێتە دوری 108 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای شاری رومادی، بەر لە ساڵی 2003 ناوی بنكەی ئاسمانی "قادسیە" بووە.
ئەم بنكەیە دووەم گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە عێراق‌و نەخشەكەی بە كۆپییەكی سەربازی نەخشەی ناوچەی سەوزی بەغداد دادەنرێت. 
ساڵی 1975 پلانی دروستكردنی ئەم بنكەیە دانراوە‌و پلانەكە ناوی (SUPER BASES) بووە، ئامانج لە  دروستكردنی بنكەكە سودوەرگرتن بووە لە وانەكانی نسكۆكەی ساڵی 1967.
ساڵی 1980 دەستكراوە بە دروستكردنی ئەم بنكەیە‌و ساڵی 1987 تەواوكراوە، گروپێك كۆمپانیای یۆگۆسلاڤی بە تێچووی 280 ملیۆن دۆلار بنكەكەیان دروستكردووە، ئەم بنكەیە (5 هەزار) سەرباز دەكرێت، سەرباری ئەمە چەندین بینای سەربازی پێویستی تێدایە كە دەكرێت لەكاتی تەنگژەدا وەكو پەناگە سودیان لێوەربگیرێت، ئەمبار‌و رەبیە‌و یاریگا‌و خانووی خزمەتگوزاری تێدایە.
لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا ئەم بنكەیە بارەگای سەرەكی هیلیكۆپتەر‌و فڕۆكەی جۆری ئێس 25ی هێزی ئاسمانی عێراق بووە، ساڵی 1991 لە جەنگی كەنداودا روبەڕووی بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان بووەتەوە بە بۆمبی لەیزەر.
ساڵی 2003 هێزەكانی مارێنزی ئەمریكا دەستیان بەسەر ئەم بنكەیەدا گرت‌و تاوەكو ساڵی 2011 تێیدا مانەوە، لە كۆتایی ساڵی 2014وە (300) سەرباز‌و راهێنەری ئەمریكی‌و فڕۆكەی هاوپەیمانان لەم بنكەیەدا نیشتەجێ بوون، ساڵی 2015 رێكخراوی "داعش" تەواوی شارۆچكەی (بەغدادی)ی گرت كە دەكەوێتە نزیك بنكەی (عەین ئەسەد)، بەڵام نەیتوانی بنكە ئاسمانییەكە بگرێت، زانیاری هەیە لەوكاتەدا هەشت خۆكوژی "داعش" توانیویانە بچنە ناو بنكەكەوە، بەڵام كوژراون‌و نەیانتوانیوە بنكەكە كۆنترۆڵ بكەن.
ساڵی 2007 جۆرج بوشی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق‌و نوری مالیكی سەرۆك وەزیران سەردانی ئەم بنكەیەی كرد، دواتریش هەریەكە لە كۆندا لیزا رایس وەزیری دەرەوە‌و رۆبەرت گیتس وەزیری بەرگری ئەمریكا سەردانیان كرد.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand