Draw Media

راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت  مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی ژێربەژێری لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە بارزانی زامنی بڕە پارەیەكی مانگانەی بۆ ئەو حكومەتە كردووە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو مەسرور بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی دەكات. كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراقی كرد، لە دوای ریفراندۆمەكەی 2017وە ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغداد بكات. بارزانی لەو سەردانەدا بناغەی قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دانا، بەتایبەتی چارەسەركردنی پرسی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەولێرو بەغداد. بەپێی نوێترین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئێستا رێككەوتنێكی ژێربەژێر لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە لەبارەی پرسی نەوت‌و بودجەی هەرێمی كوردستانەوە. رێككەوتنێكی یەكساڵە ! (درەو میدیا) زانیویەتی، دوای گەڕانەوەی بارزانی لە بەغداد، پەیوەندی تەلەفۆنی گەرموگوڕ لەنێوان بەرپرسانی هەرێم (پارتی)‌و دەسەڵاتدارانی بەغداد دەستیپێكردووە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی بودجە‌و نەوتی هەرێم. لەدواین قۆناغدا بەرپرسانی هەولێرو بەغداد رێككەوتوون لەسەر ئەوەی " بۆ ماوەی یەك ساڵ 2019 " بەغداد مانگانە بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، تاوەكو لەماوەی ئەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان بە فرۆشی نەوتی خۆی كێشەی قەرزەكانی لەگەڵ كۆمپانیاكان چارەسەر بكات، واتە لەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد نەكات‌و بڕێك پارەش لە بەغداد وەرگرێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ بارزانی لەپای نیشاندانی نیازپاكیی بارزانی بۆ بەغداد كردووە، هاوكات عەبدولمەهدی‌و بەشێك لە سەركردە سیاسییەكانی بەغداد دەیانەوێت كێشە‌و ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبهێنن، بەتایبەتی دوای شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ ناو چوارچێوە عێراقییەكە.   وەفدەكەی پارتی لە بەغداد ! ئێستا كە پەرلەمانی عێراق لەسەروبەندی پەسەندكردنی پرۆژەی بودجەی ساڵی 2019دایە، وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتووە لە هەریەكە لە (ئومێد سەباح)‌و (مەسعود حەیدەر) لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەند كۆبونەوەیەكیان كردووە بۆئەوەی رێگەخۆشكەری بكەن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان بارزانی‌و عەبدولمەهدی. چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنەكە سەربكەوێت، بەوپێیەی مەسعود بارزانی بەجدی كاری لەسەر دەكات‌و دەیەوێت چوار ساڵی داهاتوو مەسرور بارزانی كوڕی كە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم دەكات، روبەڕووی قەیرانی دارایی نەبێتەوە. پارەكەی بەغداد چەندە؟ ریبَوار كەریم مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی كە بڕیارە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەشێوەی مانگانە بەغداد بە هەرێمی كوردستانی بدات (522 ملیار) دینارە، (454 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانە‌و (68 ملیار) دیناریشی بۆ موچەی پێشمەرگەیە. رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بڕە پارەیەی كە چاوەڕوان دەكرێت دوای پەسەندكردنی بودجەی 2019, بەغداد مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت (200 ملیار) دیناری لەو بڕە پارەیە زیاترە كە ئێستا بۆ هەرێمی دەنێرێت، ئەم پارەیەش بەشی موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم دەكات‌و ئەگەر حكومەت پاشەكەوتی موچە هەڵنەگرێت، جارێكی موچەی موچەخۆران تاڵان دەكات. ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی عێراق پێشبینیكرد (بڕگەی ج- ماددەی 10) لە پرۆژە یاسای بودجەدا پەسەندبكرێت كە بەپێی ئەو بڕگەیە هەرێمی كوردستان ئەگەر نەوتەكەشی رادەستی بەغداد نەكات، بەغداد مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت. ئەوەی وادەكات پێشبینی بكرێت (بڕگەی ج) لە پرۆژە یاسای بودجە پەسەندبرێت ئەوەیە، ئێستا ئەو بڕگەیە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە، كە ئەو لیژنەیە كۆكراوەی تەواوی فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی عێراقە. داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم لە خاڵی جێبەجێبوونی رێككەوتنە ژێربەژێرەكەی نێوان مەسعود بارزانی‌و عادل عەدبولمەهدیدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەكساڵ داهاتی مانگانەی بەمجۆرە دەبێت: •    522 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت. •    378 ملیار دیناری مانگانە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە. •    120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە. •    30 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لەحاڵەتی ناردنی پارەكەی بەغداددا، دەگاتە (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار بۆ هەر مانگێك، كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە (897 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵبگرێت‌و سەرباری ئەوەش مانگانە بڕی زیاتر لە (150 ملیار) دیناری بۆ بمێنێتەوە.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ  دەشت و دۆڵ و گرد و چیا بەپیتەكانی عەفرین، لە سوریا باشترین جۆری زەیتی زەیتون بەرهەمدەهێنن، و ئەوەش داهاتی 70%ی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن. بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، دارە زەیتونەكانی عەفرین كە ژمارەیان 18 ملیۆن دارە، بوونەتە سەرچاوەی داهات بۆ گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و توركیا لەدوای داگیركردنییەوە ساڵێك لەمەوبەر . توركیا 20ی كانونی دووەمی 2018  بە هاوكاری گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەناوی " چەڵە زەیتون" بۆ داگیركردنی عەفرین دەستپێكرد و  جگە لە دانیشتوانەكەی، دارە زەیتونەكانی ناوچەكە بوونە گەورەترین قوربانی داگیركاری توركیا و گروپە چەكدارەكانی لە ناوچەكەدا.                                                           گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا لە عەفرین چەكدارەكانی ئەو گروپانە بە زەبری هێز دەستیانگرت بەسەر بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتوندا و بە بازرگانەكانی توركیایان فرۆشتەوە و هێزەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانیش رێگەیان نەدا زەیتی زەیتونی ناوچەكە هەناردەی دەرەوە بكرێت و بەوەش نرخەكەی زۆر دابەزی و نرخی یەك دەبە " 16لیتر" زەیتی زەیتون گەیشتە 14 هەزار لیرەی سوری " نزیكەی 30 دۆلار" لە كاتێكدا نرخی ئەوە لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریادایە دەگاتە دوو هێندە. " دزی" رۆژنامەی دەیلی تەلیگرافی بەریتانیی لەسەر زاری  بێرنادر هۆگڵ پەرلەمانتاری سویسراوە بڵاویكردەوە كە توركیا زەیتی زەیتونی عەفرینی دزیوە و لە بازاڕەكانی ئەوروپا وەك بەرهەمی توركیا فرۆشتویەتییەوە. بێرنادر هۆگڵ دەڵێت: " لە عەفرین لەژێر داگیركاری توركیادایە باخەكانی زەیتون وێراندەكرێت لەلایەن سوپای توركیا و میلیشیاكانییەوە و ئەو زەیتەشی كە دزیویانە بە ئیسپانیا فرۆشراوەو پرۆسەی فرۆشتن بەردەوامە". بە گوێرەی سایتی رۆژنامەی پاپلیكۆی ئیسپانیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، حكومەتی توكیا چەند كۆمپانیایەك بەكاردەهێنێت بۆ هەناردەكردنی ئەو زەیتەی كە لە جوتیارە كوردەكانی دەسەنن بۆ ئیسپانیا. چەند سەرچاوەیەكی ناوچەكە كە قسەیان بۆ سایتەكە كردووە دەڵێن: زەیتە تاڵانكراوەكە تێكەڵاوی زەیتی توركی دەكرێت و پاشان بەناوی وەهمییەوە هەناردەدەكرێت. سایتەكە بەهای ئەو زەیتەی لە عەفرین دەدزرێت بە نزیكەی 70 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە و چارەكی ئەو بڕە پارەیەش بۆ ئەو گروپە چەكدارانەیە كە لە عەفریندا جێگیركراون.                                                                      جوتیارێکی کورد لە عەفرین مانگی تشرینی دووەمی 2018 وەزیری كشتوكاڵی توركیا دانینا بە دەستگرتن بەسەر زەیتی زەیتونی توركیا و فرۆشتتنی و ئەو دانپێدانانەش وەڵامێك بوو بۆ تۆمەتباركردنی توركیا بۆ بەتاڵانبردنی زەیتی زەیتونی عەفرین لەلایەن هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" وە. وەزیری كشتوكاڵی توركیا لە دانیشتنێكی پەرلەماندا دەربارەی بودجەی 2019 وتی:" دەمانەوێت دەست بەسەر سەرچاوەكانی داهاتی عەفریندا بگرین بە جۆرێك لە جۆرەكان، بۆئەوەی ئەو سەرچاوانە نەكەونە دەست پارتی كرێكارانی كوردستان". فەهیم تاشتكینی رۆژنامەنوسیش لەسەر زاری پەرلەمانتارێكی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنەوە رایگەیاند كە 50 هەزار تۆن زەیتی زەیتونی عەفرین رەوانەی توركیا كراوە. هاوكات نورەدین ماچین، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند" گروپە چەكدارەكان تەنها بە بردنی 50 هەزار تۆن زەیتی زەیتونی عەفرینەوە نەوەستاون، بەڵك كێڵگە و باخە زەیتونەكانیانیشان وێرانكردووە". چەلەنگ عومەر، پسپۆری بواری ئابوریی كە خەڵكی عەفرینە، رونیكردەوە ناوچەكە ئەمساڵ 270 هەزار تۆن زەیتونی بەرهەمهێناوە و ئەوەش 30%ی كۆی بەرهەمی سوریایە و بەهای ئەو بڕەش لە بەرهەمی زەیتون نزیكەی 150 ملیۆن دۆلارە و جوتیارەكان تەنها یەك لەسەر سێی ئەو بڕە پارەیەیان دەستكەوتووە. چەلەنگ عومەر ئاشكراشیكرد, ئەو بازرگانانەی زەیتی زەیتون لە جوتیارە كوردەكان دەكڕن لەژێر چاودێری ئەو گروپە چەكدارەكاندا كاردەكەن كە لە عەفرین جێگیركراون، و زەیتی زەیتون بە نیوەی ئەو نرخە دەكڕن كە لە ناوچەكانی دەرەوەی عەفرین دەفرۆشرێت و پاشان راستەوخۆ زەیتەكە رەوانەی توركیا دەكەن و بەشێك لەو زەیتە لە رێگەی دەروازە سنورییەكانی توركیاوە، دەبرێتە ئەو ناوچانەی تری سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندان. پرۆسەی تاڵانكردنی زەیتی زەیتونی عەفرین  بۆ توركیا، نرخی ئەو بەرهەمەی لە بازاڕەكانی توركیا دابەزاندووە و رۆژنامەی " نۆرجاڵ بایساڵ"ی توركی رایگەیاند توشی شۆك بووە بە دابەزینی نرخی زەیتون لە شاری ئامەد و دوای پرسیاركردن لە یەكێك لە فرۆشیارەكان دەربارەی دابەزینی نرخی زەیتون لە 15 لیرەی توركییەوە بۆ 5 لیرە، فرۆشیارەكە رایگەیاندووە سەرچاوەی ئەو زەیتونە عەفرینە و لەوێ‌ بازرگانەكانی توركیا بە نرخی هەرزان بە دوكاندارەكانی دەفرۆشن.                                                          ئاوارەکانی عەفرین " تاڵانكردنێكی رێكخراو" ئەو ئیدارەیەی توركیا لە عەفرین و گوند و شارۆچكەكانی دەوروبەری دایناوە، رێژەی 10% بۆ 20%ی ئەو زەیتە لە جوتیارەكانی عەفرین وەردەگرن لەبەرامبەر ئەوەی رێگەیان پێداون بەرهەمی باخەكانیان كۆبكەنەوە، بەڵام گروپە چەكدارەكانی كە لە ناوچەكەدا بڵاوبونەتەوە بە خواست و ئارەزووی خۆیان چیان بوێت ئەوە دەسەپێنن و هەندێك كاتیش بە زەبری چەك بەرهەمی زەیتی زەیتون لە جوتیارەكان دەدزن، دوای وەرگرتنی ئەوەشی كە سەپاندویانە. مستەفا ئەبو شەمس لە راپۆرتێكیدا لە سایتی جمهوریەتی ئۆپۆزسیۆن كە كۆتایی ساڵی رابردوو بڵاویكردەوە دەربارەی وەرزی زەیتون لە عەفرین رایگەیاندووە" هەر گروپێك دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتووە كە لەژێر كۆنترۆڵیدایە و پاشان لە رێگەی نوسینگەی ئابوریی گروپەكان و موختاری گوندەكانەوە ئەو باخ و درەختانەیان سەرژمێركردووە كە خاوەنەكانیان سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی " پەیەدە"ن و لەگەڵ پێگەیشتنی زەیتوندا  گروپە چەكدارەكان كرێكاریان بۆ كۆكردنەوەی بەرهەمی زەیتون بەكرێ گرتووە و پاشان زەیتیان لێ بەرهەمهێناوە و لە بازاڕدا بۆ خۆیانیان فرۆشتوە. ژمارەی ئەوانەی كە لەدوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە ناوچەكەیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون، كەمتر نیە لە نیوەی دانیشتوانی ناوچەكە و هەرچی هەیان بووە لەسەر هەموشیانەوە باخ و كێڵگەكانی زەیتون بوونەتە موڵكی گروپە چەكدارەكان. گروپە چەكدارەكان تەنها بەوەوە نەوەستاون كە بەرهەمی باخەكانیان لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكەدا دابەشكردووە، بەڵكو جوتیارەكانیشیان ناچاركردووە كە بەشە بەرهەمی خۆشیان لە زەیتی زەیتون پێ بفرۆشن بەو نرخەی كە چەكدارەكان سەپاندویانە.                                                                  کۆکردنەوەی بەر‌هەمی زەیتون لە عەفرین بۆ نمونە گروپی " جەیشولئیسلام" كە لە غۆتەی خۆرهەڵاتەوە هاتون، 100 هەزار دەبە زەیتی زەیتونی 16 لیتری " 1600 تۆن" یان لە شارۆچكەی مەعبەتلی لە عەفرین كڕیوە بە نیوەی ئەو نرخەی لە بازەڕادا هەیە، ئەوەش بە گوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ. گروپە چەكدارەكان تەنها بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتونی ئەمساڵیان دەستبەسەردا نەگرتوون، بەڵكو بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی نزیك لە چەند سەرچاوەیەكی ئۆپۆزسیۆن چەكدارەكان هەزاران درەختی زەیتونیان بڕیوە و بۆ بەدەستهێنانی بڕێك پارە دارەكانیان بە توركیا فرۆشتووە. سایتی " زمان الوصل" ی ئۆپۆزسیۆن دووی تشرینی دووەمی 2018 رایگەیاند ژمارەیەكی زۆر درەختی زەیتون لە عەفرین بڕدراونەتەوە و كراون بەداری وشك و لە ناو توركیا فرۆشراوە، ئەوەش تاوانێكە هاوشێوەی كوشتنی مرۆڤە، چونكە ئەو زەیتونە بۆ خۆراكی مرۆڤە و بڕینەوەی سەرچاوەی بژێوی خاوەنەكانی ناهێڵێت هەڕەشە لە ژیانیان دەكات. سەرچاوە: بی بی سی 


راپۆرت: نامیق رەسوڵ لە دوای سەردانە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق، داواكاری چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەرزبوەتەوە، ئێستا چەند هێزێكی سیاسی جموجوڵیان دەستپێكردووە بۆئەوەی لەڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو هەنگاوە بنرێت‌و بە یاسا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكرێنە دەرەوە. سەدرو مالیكی پشتیوانی دەكەن ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایدەكات" پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی". لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەری ئەو پەرلەمانتارە كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە دەڵێت" زیاتر لە كوتلەیەك پشتیوانی لە پرۆژە یاساكە دەكەن، دیارترینیان كوتلەی بونیادنانە كە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو گروپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، هەروەها هاوپەیمانی سائرون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكات، پشتگیری لە پرۆژە یاساكە دەكات". بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، هەماهەنگی لەنێوان لیژنەكانی پەرلەماندا هەیە لەپێناو سەرخستنی پرۆژەكە، بۆئەوەی رێگەی بۆ خۆشبكرێت لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت‌و پێشبینیشدەكات پرۆژەكە زۆرینەی پەرلەمان دەنگی بۆ بدات. چاوەڕوانی وەڵامی عەبدولمەهدی دەكرێت پێش پێشكەشكردنی پرۆژە یاساكە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، هەوڵیدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بهێنێتە ناو پرسەكەو چەند پرسیارێكی دەربارەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هۆكارەكانی مانەوەیانی ئاڕاستەكرد. محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنان رایگەیاند، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق وەستاوەتەوە لەسەر وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدی بۆ ئەو پرسیارانەی كە لەلایەن لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانەوە ئاراستەی كراون. ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: لیژنەكە پشتی بە چوارچێوە دەستوری‌و یاساییەكان بەستووە، پێش ئەوەی دەستبكرێت بە هەمواركردنەوەی رێككەوتنە ستراتیژی كە لەنێوان بەغدادو واشنتۆن ئیمزاكراوە، یان دەركردنی پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، لە نێویاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژی بەوەدا، لەماوەی دوای وەڵامدانەوەكانی عەبدولمەهدی، هەمواركردنەوەی رێككەوتنەكەی نێوان بەغدادو واشنتۆن یان پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئەنجامدەدرێت، هەموو ئەمانە وەستاونەتەوە سەر جۆری وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدی. یاساكە ئامادەكراوە ! بەپێی قسەی سەعران ئەعاجیبی، ئەندامی لیژنە ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانی عێراق، یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی‌و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەخرێتەڕوو. ئەعاجیبی كە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرونە، پێشبینیدەكات بەمزوانە پرۆژە یاساكە بخرێتە دەنگدانەوە، لە كاتێكدا خواستێكی پەرلەمانیی هەیە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بە تایبەتی دوای جموجوڵەكانی ئەمدواییەی هێزەكانی ئەمریكا لە چەند ناوچەیەكی عێراق. رۆڵی ئێران لە یارییەكەدا هەوڵدان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەزۆری ئەو لایانانەی لە پشتەوەن كە لە ئێرانەوە نزیكن. هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لایەنە شیعەكان لەلایەن ئێرانەوە ئامۆژگاری كراون، لەڕێگەی پەرلەمانەوە فشاربكەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ئەم هەوڵەی كوتلەكانی پەرلەمانی عێراقی نزیك لە ئێران، لە كاتێكدایە بەگوێرەی قسەی چەند میدیایەكی ئیسرائیل‌و وڵاتانی كەنداو، ئەمریكا داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە "چەند گروپێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی چەك بكات". میدیاكانی ئیسرائیل، لەسەر زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقەوە بڵاویانكردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ، بە عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە" واشنتۆن رێگە لە ئیسرائیل ناگرێت، ئەگەر ئەو وڵاتە پێگەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بۆردومان بكات". سەرچاوەكە ئاشكراشیكردووە، عەبدولمەهدی لە ئەگەری هێرشكردنە سەر بنكەو بارەگاكانی حەشدی شەعبیی نیگەران بووەو هۆشداریی داوەتە پۆمپیۆ لەوەی ئەو هەنگاوە لێكەوتنەی مەترسیداری لە ناوچەكەدا دەبێت. چارەنوسی رێككەوتنی ستراتیژی عێراق‌و ئەمریكا لەسەردەمی كابینەی نوری مالیكیدا رێككەوتنی ستراتیژی سیاسی‌و سەربازییان ئیمزاكرد، بەڕای چاودێران عێراق دەبێت پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت‌و ناتوانرێت بە یاسایەك ئەو رێككەوتنە هەڵبوەشنێرێتەوە. لەگەڵ دەستپێكردنی هەوڵەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵیدا خۆی لەو پرسە بەدووربگرێت، ئەمەش بە رەچاوكردنی ئەوەی، ئەو رێككەوتنە لەسەردەمی نوری مالیكیدا ئیمزاكراوەو حكومەتی حەیدەر عەبادیش دوای ئەو، پابەندبوونی خۆی پێوە راگەیاندووە.  


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ  نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە سەربە دیموكراتەكانە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای بەوە تۆمەتباركرد، هێزەكانی ئەمریكاو ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی لە ئەفغاستانن خستوەتە مەترسییەوە، لە رێگەی ئاشكراكردنی سەردانی وەفدێكی كۆنگرێس بۆ ئەو وڵاتە و كۆشکی سپیش ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە. سەرەتا كێشەی ترەمپ و پیلۆسی سەرەتای ئەم مانگەو دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی كۆنگرێسی ئەمریكا، دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنایەوە و نانسی پیلۆسی بە سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەڵبژێدرایەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ دابینكردنی بودجەی دیواری نێوان ئەمریكا و مەكسیك كە یەكێكە لە بەڵێنەكانی كاتی هەڵبژاردنی، لەگەڵ نانسی پیلۆسی و سەركردەی دیموكراتەكان كۆبوەوە. لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ترەمپ داوای لە پیلۆسی كرد بودجەی دیوارەكە دابینبكەن، بەڵام پیلۆسی رەتیكردەوە و ترەمپیش بە توڕەییەوە كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و لەوكاتەوە داخستنی كاتی حكومەت دەستیپێكردووە و فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكان موچەكانیان دواكەوتووە. رێگەگرتن لە گەشتی پیلۆسی بڕیاربوو وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی نانسی پیلۆسی سەردانی ئەفغانستان بكات، بەڵام ترەمپ  رێگەی لە سەردانەكە گرت و رێگەی نەدا لەماوەی داخستنی حكومەتدا ئەو وەفدە بە فڕۆكەی كۆنگرێس یان حكومەت یان فڕۆكەی سەربازی گەشتەكەیان بكەن. سارە ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات پیلۆسی لە ئەمریكا بمێنێتەوە، بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە پرسی داخستنی حكومەت دانوستان و گفتوگۆ بكرێت. ساندەرز لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" ئەگەر پیلۆسی وڵات بەجێبهێڵێت، ئەوا سەرەتای ئەم هەفتەیە دانوستان بەڕێوەناچێت و ئەوە بەواتای ئەوە دێت كە 800 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی موچەكانیان بەدەستانهێنن، چونكە ئەو لێرە نابێت بۆئەوەی بەشداریبكات لە گەیشتن بە رێككەوتنێك". ساندەرز راشیگەیاند مایەی شەرمەزارییە كە پیلۆسی، ترەمپی تۆمەتباركردووە بەوەی كە ژیانی خستوەتە مەترسییەوە. بە پێچەوانەی وتەبێژەكەی كۆشكی سپییەوەن درو هامیل، وتەبێژی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند " هیچ داواكارییەكیان لە كۆشكی سپییەوە بۆ كۆبوونەوە پێ‌ نەگەیشتووە". " ترەمپ لە پرۆتۆكۆڵ تێنگەیشتووە" نوسینگەی پیلۆسی لە ئامادەكاریدا بوو كە بە فڕۆكەیەكی بازرگانی سەردانی ئەفغانستان بكات، ئەو بیرۆكەیەش لەلایەن خودی ترەمپەوە خرابووەڕوو، بەڵام بەیانی رۆژی هەینی سەردانەكە دواخرا، چونكە ئیدارەی ئەمریكا وردەكاری سەردانەكەی ئاشكراكرد و بەوەش وەفدەكە و ئەو هێزانەشی كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەنیاز بوو سەردانیان بكات دەخستە بەردەم مەترسییەوە، بەڵام بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەوەی رەتكردەوە. پیلۆسی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە بارەگای كۆنگرێس وتی:" لە ئەفغانستانەوە راپۆرتێكمان پێگەیشت.. كە سەرۆك بە ئاشكراكردنی سەردانەكەمان دۆخی ئەفغانستانی زۆر مەترسیدار كردووە و چونكە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ هەموو لایەنە خراپەكان كە ئێمە بەڕێوەین". پیلۆسی وتیشی:" ئێمە پێشوەخت رایناگەیەنین كە دەچین بۆ ناوچەكانی شەڕ، هەرگیز ئەوە ناكەین، رەنگە كەم شارەزایی سەرۆك لەپشتی تێنەگەیشتن لەو پرۆتۆكۆڵەوە بێت، پێویست بوو ئەوانەی لە چواردەورین بزانن كە ئەوە زۆر مەترسیدارە". كۆشكی سپی رەتیدەكاتەوە بەرپرسێكی كۆشكی سپی كە قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز كردووە، رەتیكردەوە كە ئیدارەی ئەمریكا پلانی سەردانەكەی پیلۆسی ئاشكراكردبێت و وتی" كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و 20 كەسی تر لە كۆنگرێس بڕیاریاندا بە گەشتێكی فڕۆكەی بازرگانی بچنە ئەفغانستان، ئەوا هەموو جیهان دەزانێت". مشتومڕی كۆشكی سپی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی هەینی گەیشتە لوتكە، كاتێك نوسینگەی كارگێڕی و بودجە رایگەیاند گەشتی ئەندامانی كۆنگرێس قەدەغەیە ئەگەر رەزامەندی كۆشكی سپی وەرنەگرن یان خۆیان خەرجییەكەی دابین نەكەن".  


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ هەڕەشەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە توركیا بۆ سەپاندنی " ناوچەی ئارام" لە سوریا، ئەگەر ئەنكەرە هێرشبكاتە سەر كوردەكان لە رۆژئاوای كوردستان، جارێكی تر دامەزراندنی "ناوچەی ئارام" ی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هێنایەوە بەرباس. تائێستا نازانرێت ئەمریكا و توركیا لە دامەزراندنی ناوچەی ئارام هاوڕان یاخود نا؟، چونكە ترەمپ بە مەبەستی پاراستنی كورد ئەو پرسەی هێنایە گۆڕێ‌ و ئەنكەرەش روونە مەبەستی شكستپێهێنانی حكومی خۆبەڕێوەبەری كوردە لەو پارچەیەی كوردستان. توركیا دەیەوێت چی بكات؟ توركیا زۆر بە گەرمی لەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سوریا هاتوەتە سەرخەت و بە گوێرەی روپێوییەكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەو ناوچەیەی توركیا دەیەوێت بیكاتە ناوچەی ئارام بە شێوەیەیە: * ناوچەی ئارام بە قوڵایی 20 میل و درێژایی 460 كیلۆمەتر لەسەر سنوری توركیا- سوریا دادەمەزرێنرێت. *  ناوچەی ئارام لە رووباری ساجور لە خۆرئاوای سوریاوە درێژدەبێتەوە بۆ شاری مالیكە لە خۆرهەڵاتی سوریا. * ناوچەی ئارام شاری كۆبانێ‌، گرێ‌ سپی و هەشت قەزای هەردوو پارێزگای حەسەكە و رەققە دەگرێتەوە. * مەنبەج دەكەوێتە دەرەوەی ناوچەی ئارامەوە و توركیا دەیەوێتی نەخشەرێگەی تایبەت بەو شارۆچكەیە جێبەجێ بكات كە لەگەڵ ئەمریكا لەسەری رێككەوتون. ناوچەی ئارام لە ژێر كۆنترۆڵی توركیادا قبوڵ ناكەین ئاڵدار خەلیل بەرپرسی كۆمیتەی دیپلۆماسیی بزوتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (تەڤدەم) لەبارەی بابەتەكانی پەیوەندیدار بە 'ناوچەی ئارام' لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز وتی:" ئێمەش پرسیارەكەمان ئەوەیە كێ دەپارێزن؟ یەپەگە و یەپەژە یان داعش؟ ئەگەر ئەوە نزیكایەتیی ئەوان بێت لە دژی داعش خۆی لە خۆیدا داعش نەماوە. لە دژی رژێم بێت، خۆی لە خۆیدا رژێم لەم ناوچەیەدا كاریگەریی نییە، بەڵام ئەگەر لە دژی یەپەگە و یەپەژەیە، ئەوا دەبێت بابەتەكە روون بكرێتەوە. ناتوانن بڵێن 'ئێمە ئەم ناوچەیە لە توركیا دەپارێزین' چونكە توركیا گروپێكی چەكداری ئاسایی نییە. دەكرێت لە دژی گروپە چەكدارەكان رێوشوێنی كردەیی بگیرێنە بەر، بەڵام ئەگەر دەیانەوێت باكوری سوریا لە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بپارێزرێت، ئەوە دەتوانن ئەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان بە بڕیاری ناتۆ ئەنجامی بدەن. ئاڵدار خەلیل راشیگەیاند "ئەگەر بیانوتایە 'ئێمە ناوچەی دژە فڕین دروست دەكەین' ئێمە لێی  تێدەگەیشتین، چونكە یەپەگە و یەپەژە فڕۆكەیان نییە. لەو كاتەدا دەیتوانی بڵێت، كە لە دژی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتەكان رێوشوێنی پێویست بگیریتە بەر. بەڵام شێوەی لێكدانەوەی بابەتەكە گومانی دروستكردووە و ترامپ و ئەردۆغان لەسەر رۆژئاوا، باكووری سوریا و رۆژهەڵاتی فورات رێككەوتون و دەیانەوێت پلانەكەی خۆیان لەلایەن توركیاوە جێبەجێ بكەن و توركیا لە هەرێمەكەدا بكەنە باڵادەست. بە هیچ شێوەیەك نابێت و ئەستەمە ئێمە لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا 'ناوچەی ئارام'، یان 'پشتوێنەی ئەمنی' لە ژێر كۆنترۆڵی توركیادا قبوڵ بكەین". روسیا: پێشوازی لە دانوستانی کورد و دیمەشق دەکەین سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند بە بۆچوونی مۆسكۆ باشترین چارەسەر بۆ دۆخی خۆرهەڵاتی فورات " رۆژئاوای كوردستان" ئەوەیە بخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشق. لاڤرۆڤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" ئەمریكا 20 بنكەی سەربازی لە خۆرهەڵاتی فورات دامەزراندووە و  و ئەوەش بە سروشتی حاڵ مایەی نیگەرانی توركیایە". لاڤرۆڤ راشیگەیاتد پێشوازی لە پەیوەندییەكانی نێوان نوێنەرانی كورد و دەسەڵاتدارانی سوریا دەكەن بە ئامانجی رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی ژیان لەناو یەك دەوڵەتدا بەبێ‌ دەستێوەردانی دەرەكی". هەسەدە مەرجی هەیە هێزەكانی سوریای دیموكراتیش لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی خۆی دەربارەی " ناوچەی ئارام" ئاشكراكرد و رایگەیاند لە دامەزراندنی ئەو ناوچەیەدا كە سەرۆكی ئەمریكا باسی لێوەكرد هاوكاری دەكەن، بەڵام بەو مەرجەی گرەنتی نێودەوڵەتی هەبێت و بەبێ‌ دەستوەردانی دەرەكی بێت.  


 راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمە رەفعەت  پارتی بە وەفدێكی باڵاوە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، بەڵام ئەنجامی دیدارەكە لەئاستی قەبارەی وەفدەكەدا نەبوو، مەسعود بارزانی پێشنیازێكی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نارد، بەڵام پێشنیازەكەی رەتكرایەوە، ئەمریكا‌و ئێران لەسەر هەموو شتێك ناكۆكن، بەڵام لەسەر هەرێمی كوردستان كۆكن، ئەمانە نوێترین پەرەسەندنەكانی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانن.  پارتی دیموكراتی كوردستان بە وەفدێكی باڵا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە شاری سلێمانی، ئەوەی رویدا هێندەی نمایشێكی سیاسی بوو بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی گفتوگۆ، هێندە گفتوگۆی جدی نەبوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا، وەفدی پارتی هیچ قسەیەكی نوێیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان پێنەبووە، پارتی بەم سەردانە‌و بەو وەفدە باڵایەوە تەنیا نمایشێَكی سیاسی كرد‌و ویستی ئەو پەیامە بە یەكێتی نیشتمانی بدات كە "ئەگەر نەیەتە پێشەوە‌و گرفت بۆ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروست بكات، ئەوا بەدیل ئامادەیە"، واتە پارتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان وەكو كارتی فشار لەسەر یەكێتی بەكاربهێنێت.  ئایا پارتی گۆڕانی مەبەستە ؟ بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لە هەموو ئەو كۆبونەوانەی كە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە لەنێوان پارتی‌و گۆڕاندا كراون، وەفدی پارتی زیاد لە پێویست موجامەلەی گۆڕانیان كردووە‌و جەختیان لەسەر بەشداریكردنی گۆڕان كردووە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا. یەكێك لەو رەهەندانەی كە وایكردووە پارتی دەرگای حكومەت لەسەر گۆڕان بكاتەوە ئەوەیە، پارتی پێیوایە ئەگەر گۆڕان بەشداری كابینەی نوێ نەكات، ئەوا ناچار دەبێت بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" حكومەت لەگەڵ یەكێتیدا پێكبهێنێ، واتە پۆستەكان لەگەڵ یەكێتی بەشێوەی (50+50) دابەش بكات، ئەوەش وادەكات بگەڕێنەوە بۆ شێوازی حوكمڕانییەكەی پێشوو (تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەیی)‌و ئەوە كابینەی داهاتووی حكومەت لاواز دەكات كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌و پارتییەكان هەوڵی سەركەوتنی دەدەن. پارتی یەكلابوەتەوە لەسەر ئەوەی گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، بەڵام هێشتا خەریكی یاریكردنە لەگەڵ گۆڕان‌و دەیەوێت كاری بەشداریكردنی گۆڕان لە چەند رەهەندێكی تریشەوە بەكاربهێنێت، بە تایبەتی بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی دانوستانەكان‌و پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینە نوێیەكە، سەرای ئەوەش دەیەوێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەراكێشانی گۆڕان بۆناو حكومەت لاواز بكات. رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە وەفدی پارتی قایل بوو بە داواكاری بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە دروستكردنی لیژنە‌و یەكخستنی روانگەی هەردوو حزب لەسەر حكومەتە نوێیەكە. گۆڕان چی لە پارتی دەوێت؟ چۆن پارتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان بەكاربهێنێت، سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەیانەوێت ئەوەندەی دەتوانن پارتی بەكاربهێنن، بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەیەكدا كە پارتی دروستی دەكات بەتایبەتی دوای ئەو هەموو ناكۆكییە سیاسییانەی كە لە خولی پێشوو لەنێوان هەردوو حزبدا رویدا، كارێكی لە خۆڕا نییە. زۆرێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو "كەشتیی نەجات" تەماشای حكومەت دەكەن، ئەوان پێیانوایە گۆڕان لەدواین هەڵبژاردندا نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە، ئەگەر بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بێت، بەتەواوەتی ژمارەی دەنگەكانی پاشەكشێ دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هێزی سیاسی نوێ لەسەر گۆڕەپانی هەرێم دەركەوتووە‌و ئومێدیش دەكرێت چوار ساڵی داهاتوو دۆخی حكومەت لەڕووی داراییەوە باشتر ببێت، بەشێوەیەكی رونتر چۆن پارتی گۆڕان وەكو كارتی فشار لەسەر یەكێتی بەكاردەهێنێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش دەیەوێت باری لاری پاشەكشێی دەنگەكانی لەسەر شانی پارتی‌و لەڕێگەی بەشداریكردن لە حكومەتەوە راستبكاتەوە. هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە موجامەلە زیاد لە پێویستەكانی وەفدی پارتی تێگەیشتوون، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندیدارە بە فشارخستنەسەر یەكێتی، بۆیە دەیانەوێت سود لەو دۆخەی پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و پارتی وەربگرن‌و هەندێك لە مەرجەكانی خۆیان بەسەر وەفدی پارتیدا بسەپێنن، بەتایبەتیش لە پرسی "بەرنامەی حكومەت"‌و "بەركەوتەی گۆڕان لە كێكی حكومەت"دا. گۆڕان‌و پارتی هاوهەڵوێستن؟ تائێستا پارتی بە زۆرینەی مەرجەكانی گۆڕان رازییە، چونكە زۆرینەی ئەو داواكارییانەی كە گۆڕان خستویەتییەڕوو لە بەرنامە‌و تێڕوانینی پارتییەوە نزیكە، بۆ نمونە: •     خواستنی گۆڕان بۆ پەلەكردن لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، هەمان ئەو خواستەیە كە پارتی هەیەتی. •    گۆڕان داوای "شەراكەتی راستەقینە" دەكات لە حكومەتدا، پارتی هەمان مەبەستی هەیە‌و دەیەوێت گۆڕان شەریكی راستەقینە بێت نەك "پێیەكی لە حكومەت‌و پێیەكەی تری لە ئۆپۆزسیۆن" بێت. •    گۆڕان دەیەوێت حكومەت بەرنامەی چاكسازی‌و رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی هەبێت، پارتی پێشتر جەختی لەسەر ئەو پرسە كردووە‌و باسی لەوە كردووە" كابینەی داهاتوو كابینەی چاكسازی‌و رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەبێت". •    گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت‌و  سیستم پەرلەمانی بێت، پارتی لەبەرئەوەی زۆرینەیە لە پەرلەمان‌و لەم قۆناغەدا ناتوانێت سەرۆك لەناو خەڵكدا هەڵبژێرێت هەروەها لەبەر راگرتنی پارسەنگی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی خێرا هەرچۆنێك بووە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بۆیە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ خواستەكانی گۆڕاندا نییە، بەڵام تەنیا بۆ ئەم قۆناغە.  ئەم هۆكارانە وایكردووە سپەیسی نێوان گۆڕان‌و پارتی كەمتر ببێتەوە بەپێچەوانەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی كە لەدوای ریفراند‌وم‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تادێت خراپتر دەبێت. گۆڕان‌و چیرۆكی پاكێجەكان بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای دروستبوونیەوە (2009) ژمارەیەكی زۆر پاكێجی پێشكەشكردووە لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وەزارەت‌و كەرتەكان، سەرباری ئەو رەخنە زۆرانەی كە لێی دەگیرێت بەوەی نەیتوانیوە هیچ یەكێك لە پاكێجە زۆرو زەوەندەكانی جێبەجێ بكات، بەڵام هێشتا دەستی لەو نەریتە سیاسییەی خۆی هەڵنەگرتووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان دوو پاكێچی ئامادەكردووە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت: •    پاكێجی یەكەم: تایبەتە بە بەرنامەی حكومەت •    پاكێجی دووەم: تایبەتە بە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا لەسەر داوای وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان،  لێژنەیەك لە پارتی‌و گۆڕان پێكهاتووەو ئەو لیژنەیە لە زووترین كاتدا دەستبەكاردەبێت، ئەركی لیژنەكە دانانی (كارنامەی حكومەت‌و دانانی پێوەرو بنەماكانی وەرگرتنی پۆستەكانە). گۆڕان چەند پۆستی دەوێت؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان تەواوی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانی لە پاكێجێكدا وردكردوەتەوەو دەیەوێت رێژەی 12%ی پۆستەكانی كابینەی نوێ وەربگرێت، واتە رێژەی 12%ی پۆستەكانی (وەزیر- دەستەكان- بەڕێوەبەرە گشتییەكان- بریكارەكانی وەزیر- راوێژكارەكان-نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە). بەپێی ئەو پێوەرانە، بزوتنەوەی گۆڕان بە نزیكەیی ئەم پۆستانەی بەردەكەوێت: •    4 وەزیر‌و سەرۆكایەتی دەستە •    3 راوێژكار •    4 بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەكان •    3 نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە •    2 بریكاری وەزیر   كۆبونەوەكەی سەعدی پیرە‌و بارزانی هەرچەندە كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بە كۆبونەوەیەكی ئەرێنی لەقەڵەمدرا، بەڵام هێشتا یەكێتی پەڵپ لە پارتی دەگرێت‌و مەرجی خۆی هەیە بۆ بەشداریكردن لە‌و حكومەتەی كە پارتی دەیەوێت دروستی بكات، پارتی نایەوێت مەسرور بارزانی لە یەكەم ئەزمونیدا تێكبشكێت، بۆیە دەیەوێت كابینەی نوێی حكومەت بەزویی پێكبهێنرێت، بەڵام یەكێتی هیچ پەلەی نییە.  سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پیرمام چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كەوتووە. بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لە دیدارەكەدا مەسعود بارزانی بە سەعدی پیرەی راگەیاندووە" ئەوان پەلەیانە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت"، سەعدی پیرە پێی وتووە" یەكێتی هیچ پەلەی نیەو دەیەوێت بەرچاوی روون بێت". پیرە ئەوەشی بە بارزانی وتووە" پەلەی تۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت لەبەر مەسروری كوڕتە". خاڵی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەئێستادا پەلەكردنی پارتی‌و لەسەرخۆیی یەكێتییە لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی دۆزیوەتەوە، سەركردەكانی یەكێتی دەزانن پارتی لەبەر مەسرور بارزانی دەیەوێت حكومەت بەخێرایی پێكبێت، لەبەر نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەخێرایی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە. یەكێتی دەیەوێت پارتی ماندوو بكات‌و ناچاری بكات مل بە خواستەكانی بدات، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەمدواییە لەناو بنەماڵەی بارزانی رویدا‌و مەسعود بارزانی بۆ مەسروری كوڕی كشایە دواوە‌و نێچیرڤان بارزانیش دوای 17 ساڵ دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵگرت. مەلا بەختیار‌و پەیامەكەی بارزانی! لەلایەكی ترەوە هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەردانەكەی ئەمدواییەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵدا بۆ لای مەسعود بارزانی، بارزانی پێشنیازێكی لەڕێگەی دەرباز كۆسرەتەوە رەوانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە. بارزانی پێشنیازی كردووە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی كە ئێستا زویرە‌و بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ناكات، ببێت بە ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و بەشداری دانوستانەكانی پرسی پێكهێنانی حكومەت بكات لەگەڵ پارتی. دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پێشنیازەكەی بارزانی گەیاندوەتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی پێشنیازەكەی بارزانیان رەتكردوەتەوە، هەربۆیە بڕیاربوو لەسەردانیدا بۆ سلێمانی نێچیرڤان بارزانی سەردانی مەلا بەختیار بكات و پێشتر بە تەلەفۆن پێی راگەیاندبوو، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی پێیان باش نەبووەو نێچیرڤان بارزانیش سەردانەكەی بۆلای مەلا بەختیار هەڵوەشاندۆتەوە.  ئەمریكاو ئێران چی دەڵێن؟  ئەمریكا‌و ئێران كە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان وەكو دوو نەیاری سەرسەختی یەكتر دەردەكەون‌و لەسەر هەموو شتێك ناكۆكن، بەڵام لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كۆك‌و تەبان. ئەمریكا‌و ئێران هەردووكیان پشتیوانی ئەوە دەكەن كابینەی نوێی حكومەت لە زوترین كاتدا پێكبهێنرێت. هەفتەی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی كرد، بەپێی زانیارییەكان پۆمپیۆ هانی داون پەلە بكەن لە پێكهێنانی كابینەی نوێ، چونكە "رەنگە گۆڕانكاری لەناوچەكەدا رووبدات". رۆژی دوو شەممەش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمان شێوەی پۆمپیۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی كۆبوەوە، زەریف هاوشێوەی پۆمپیۆ داوای لە هەرسێ بارزانییەكە كردووە " بچن یەكێتی رازی بكەن، بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت".   


 راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمە رەفعەت  پارتی بە وەفدێكی باڵاوە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، بەڵام ئەنجامی دیدارەكە لەئاستی قەبارەی وەفدەكەدا نەبوو، مەسعود بارزانی پێشنیازێكی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نارد، بەڵام پێشنیازەكەی رەتكرایەوە، ئەمریكا‌و ئێران لەسەر هەموو شتێك ناكۆكن، بەڵام لەسەر هەرێمی كوردستان كۆكن، ئەمانە نوێترین پەرەسەندنەكانی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانن.  پارتی دیموكراتی كوردستان بە وەفدێكی باڵا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە شاری سلێمانی، ئەوەی رویدا هێندەی نمایشێكی سیاسی بوو بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی گفتوگۆ، هێندە گفتوگۆی جدی نەبوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا، وەفدی پارتی هیچ قسەیەكی نوێیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان پێنەبووە، پارتی بەم سەردانە‌و بەو وەفدە باڵایەوە تەنیا نمایشێَكی سیاسی كرد‌و ویستی ئەو پەیامە بە یەكێتی نیشتمانی بدات كە "ئەگەر نەیەتە پێشەوە‌و گرفت بۆ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروست بكات، ئەوا بەدیل ئامادەیە"، واتە پارتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان وەكو كارتی فشار لەسەر یەكێتی بەكاربهێنێت.  ئایا پارتی گۆڕانی مەبەستە ؟ بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لە هەموو ئەو كۆبونەوانەی كە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە لەنێوان پارتی‌و گۆڕاندا كراون، وەفدی پارتی زیاد لە پێویست موجامەلەی گۆڕانیان كردووە‌و جەختیان لەسەر بەشداریكردنی گۆڕان كردووە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا. یەكێك لەو رەهەندانەی كە وایكردووە پارتی دەرگای حكومەت لەسەر گۆڕان بكاتەوە ئەوەیە، پارتی پێیوایە ئەگەر گۆڕان بەشداری كابینەی نوێ نەكات، ئەوا ناچار دەبێت بەشێوەی "فیفتی بە فیفتی" حكومەت لەگەڵ یەكێتیدا پێكبهێنێ، واتە پۆستەكان لەگەڵ یەكێتی بەشێوەی (50+50) دابەش بكات، ئەوەش وادەكات بگەڕێنەوە بۆ شێوازی حوكمڕانییەكەی پێشوو (تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەیی)‌و ئەوە كابینەی داهاتووی حكومەت لاواز دەكات كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌و پارتییەكان هەوڵی سەركەوتنی دەدەن. پارتی یەكلابوەتەوە لەسەر ئەوەی گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، بەڵام هێشتا خەریكی یاریكردنە لەگەڵ گۆڕان‌و دەیەوێت كاری بەشداریكردنی گۆڕان لە چەند رەهەندێكی تریشەوە بەكاربهێنێت، بە تایبەتی بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی دانوستانەكان‌و پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینە نوێیەكە، سەرای ئەوەش دەیەوێت بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەراكێشانی گۆڕان بۆناو حكومەت لاواز بكات. رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە وەفدی پارتی قایل بوو بە داواكاری بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە دروستكردنی لیژنە‌و یەكخستنی روانگەی هەردوو حزب لەسەر حكومەتە نوێیەكە. گۆڕان چی لە پارتی دەوێت؟ چۆن پارتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان بەكاربهێنێت، سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەیانەوێت ئەوەندەی دەتوانن پارتی بەكاربهێنن، بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەیەكدا كە پارتی دروستی دەكات بەتایبەتی دوای ئەو هەموو ناكۆكییە سیاسییانەی كە لە خولی پێشوو لەنێوان هەردوو حزبدا رویدا، كارێكی لە خۆڕا نییە. زۆرێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو "كەشتیی نەجات" تەماشای حكومەت دەكەن، ئەوان پێیانوایە گۆڕان لەدواین هەڵبژاردندا نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە، ئەگەر بۆ چوار ساڵی داهاتوو لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بێت، بەتەواوەتی ژمارەی دەنگەكانی پاشەكشێ دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هێزی سیاسی نوێ لەسەر گۆڕەپانی هەرێم دەركەوتووە‌و ئومێدیش دەكرێت چوار ساڵی داهاتوو دۆخی حكومەت لەڕووی داراییەوە باشتر ببێت، بەشێوەیەكی رونتر چۆن پارتی گۆڕان وەكو كارتی فشار لەسەر یەكێتی بەكاردەهێنێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش دەیەوێت باری لاری پاشەكشێی دەنگەكانی لەسەر شانی پارتی‌و لەڕێگەی بەشداریكردن لە حكومەتەوە راستبكاتەوە. هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە موجامەلە زیاد لە پێویستەكانی وەفدی پارتی تێگەیشتوون، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندیدارە بە فشارخستنەسەر یەكێتی، بۆیە دەیانەوێت سود لەو دۆخەی پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و پارتی وەربگرن‌و هەندێك لە مەرجەكانی خۆیان بەسەر وەفدی پارتیدا بسەپێنن، بەتایبەتیش لە پرسی "بەرنامەی حكومەت"‌و "بەركەوتەی گۆڕان لە كێكی حكومەت"دا. گۆڕان‌و پارتی هاوهەڵوێستن؟ تائێستا پارتی بە زۆرینەی مەرجەكانی گۆڕان رازییە، چونكە زۆرینەی ئەو داواكارییانەی كە گۆڕان خستویەتییەڕوو لە بەرنامە‌و تێڕوانینی پارتییەوە نزیكە، بۆ نمونە: •     خواستنی گۆڕان بۆ پەلەكردن لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، هەمان ئەو خواستەیە كە پارتی هەیەتی. •    گۆڕان داوای "شەراكەتی راستەقینە" دەكات لە حكومەتدا، پارتی هەمان مەبەستی هەیە‌و دەیەوێت گۆڕان شەریكی راستەقینە بێت نەك "پێیەكی لە حكومەت‌و پێیەكەی تری لە ئۆپۆزسیۆن" بێت. •    گۆڕان دەیەوێت حكومەت بەرنامەی چاكسازی‌و رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی هەبێت، پارتی پێشتر جەختی لەسەر ئەو پرسە كردووە‌و باسی لەوە كردووە" كابینەی داهاتوو كابینەی چاكسازی‌و رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەبێت". •    گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت‌و  سیستم پەرلەمانی بێت، پارتی لەبەرئەوەی زۆرینەیە لە پەرلەمان‌و لەم قۆناغەدا ناتوانێت سەرۆك لەناو خەڵكدا هەڵبژێرێت هەروەها لەبەر راگرتنی پارسەنگی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی خێرا هەرچۆنێك بووە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بۆیە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ خواستەكانی گۆڕاندا نییە، بەڵام تەنیا بۆ ئەم قۆناغە.  ئەم هۆكارانە وایكردووە سپەیسی نێوان گۆڕان‌و پارتی كەمتر ببێتەوە بەپێچەوانەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی كە لەدوای ریفراند‌وم‌و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تادێت خراپتر دەبێت. گۆڕان‌و چیرۆكی پاكێجەكان بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای دروستبوونیەوە (2009) ژمارەیەكی زۆر پاكێجی پێشكەشكردووە لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وەزارەت‌و كەرتەكان، سەرباری ئەو رەخنە زۆرانەی كە لێی دەگیرێت بەوەی نەیتوانیوە هیچ یەكێك لە پاكێجە زۆرو زەوەندەكانی جێبەجێ بكات، بەڵام هێشتا دەستی لەو نەریتە سیاسییەی خۆی هەڵنەگرتووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان دوو پاكێچی ئامادەكردووە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت: •    پاكێجی یەكەم: تایبەتە بە بەرنامەی حكومەت •    پاكێجی دووەم: تایبەتە بە چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا لەسەر داوای وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان،  لێژنەیەك لە پارتی‌و گۆڕان پێكهاتووەو ئەو لیژنەیە لە زووترین كاتدا دەستبەكاردەبێت، ئەركی لیژنەكە دانانی (كارنامەی حكومەت‌و دانانی پێوەرو بنەماكانی وەرگرتنی پۆستەكانە). گۆڕان چەند پۆستی دەوێت؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان تەواوی پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستانی لە پاكێجێكدا وردكردوەتەوەو دەیەوێت رێژەی 12%ی پۆستەكانی كابینەی نوێ وەربگرێت، واتە رێژەی 12%ی پۆستەكانی (وەزیر- دەستەكان- بەڕێوەبەرە گشتییەكان- بریكارەكانی وەزیر- راوێژكارەكان-نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە). بەپێی ئەو پێوەرانە، بزوتنەوەی گۆڕان بە نزیكەیی ئەم پۆستانەی بەردەكەوێت: •    4 وەزیر‌و سەرۆكایەتی دەستە •    3 راوێژكار •    4 بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەكان •    3 نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوە •    2 بریكاری وەزیر   كۆبونەوەكەی سەعدی پیرە‌و بارزانی هەرچەندە كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی نێوان پارتی‌و یەكێتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بە كۆبونەوەیەكی ئەرێنی لەقەڵەمدرا، بەڵام هێشتا یەكێتی پەڵپ لە پارتی دەگرێت‌و مەرجی خۆی هەیە بۆ بەشداریكردن لە‌و حكومەتەی كە پارتی دەیەوێت دروستی بكات، پارتی نایەوێت مەسرور بارزانی لە یەكەم ئەزمونیدا تێكبشكێت، بۆیە دەیەوێت كابینەی نوێی حكومەت بەزویی پێكبهێنرێت، بەڵام یەكێتی هیچ پەلەی نییە.  سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پیرمام چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كەوتووە. بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لە دیدارەكەدا مەسعود بارزانی بە سەعدی پیرەی راگەیاندووە" ئەوان پەلەیانە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت"، سەعدی پیرە پێی وتووە" یەكێتی هیچ پەلەی نیەو دەیەوێت بەرچاوی روون بێت". پیرە ئەوەشی بە بارزانی وتووە" پەلەی تۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت لەبەر مەسروری كوڕتە". خاڵی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەئێستادا پەلەكردنی پارتی‌و لەسەرخۆیی یەكێتییە لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتی خاڵی لاوازی پارتی دۆزیوەتەوە، سەركردەكانی یەكێتی دەزانن پارتی لەبەر مەسرور بارزانی دەیەوێت حكومەت بەخێرایی پێكبێت، لەبەر نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بەخێرایی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە. یەكێتی دەیەوێت پارتی ماندوو بكات‌و ناچاری بكات مل بە خواستەكانی بدات، بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەمدواییە لەناو بنەماڵەی بارزانی رویدا‌و مەسعود بارزانی بۆ مەسروری كوڕی كشایە دواوە‌و نێچیرڤان بارزانیش دوای 17 ساڵ دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵگرت. مەلا بەختیار‌و پەیامەكەی بارزانی! لەلایەكی ترەوە هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەردانەكەی ئەمدواییەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵدا بۆ لای مەسعود بارزانی، بارزانی پێشنیازێكی لەڕێگەی دەرباز كۆسرەتەوە رەوانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە. بارزانی پێشنیازی كردووە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی كە ئێستا زویرە‌و بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ناكات، ببێت بە ئەندامی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و بەشداری دانوستانەكانی پرسی پێكهێنانی حكومەت بكات لەگەڵ پارتی. دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پێشنیازەكەی بارزانی گەیاندوەتە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی پێشنیازەكەی بارزانیان رەتكردوەتەوە، هەربۆیە بڕیاربوو لەسەردانیدا بۆ سلێمانی نێچیرڤان بارزانی سەردانی مەلا بەختیار بكات و پێشتر بە تەلەفۆن پێی راگەیاندبوو، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی پێیان باش نەبووەو نێچیرڤان بارزانیش سەردانەكەی بۆلای مەلا بەختیار هەڵوەشاندۆتەوە.  ئەمریكاو ئێران چی دەڵێن؟  ئەمریكا‌و ئێران كە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان وەكو دوو نەیاری سەرسەختی یەكتر دەردەكەون‌و لەسەر هەموو شتێك ناكۆكن، بەڵام لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كۆك‌و تەبان. ئەمریكا‌و ئێران هەردووكیان پشتیوانی ئەوە دەكەن كابینەی نوێی حكومەت لە زوترین كاتدا پێكبهێنرێت. هەفتەی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی كرد، بەپێی زانیارییەكان پۆمپیۆ هانی داون پەلە بكەن لە پێكهێنانی كابینەی نوێ، چونكە "رەنگە گۆڕانكاری لەناوچەكەدا رووبدات". رۆژی دوو شەممەش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمان شێوەی پۆمپیۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی كۆبوەوە، زەریف هاوشێوەی پۆمپیۆ داوای لە هەرسێ بارزانییەكە كردووە " بچن یەكێتی رازی بكەن، بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت".   


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەسەر دەستی پەرلەمانی وڵاتەكەی روبەڕووی شكستێكی مێژوویی بووەوە. پەرلەمان بەزۆرینەی رەهای دەنگ ئەو رێككەوتنەی رەتكردەوە كە مەی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كردویەتی بۆ چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتییەكە "برێگزت"، لە مێژووی بەریتانیادا ئەمە گەورەترین شكستی پەرلەمانییە كە دووچاری حكومەت بوبێتەوە. (432) ئەندام لەدژی رێككەوتنەكە دەنگیاندا، لەبەرامبەردا (202) ئەندام پشتیوانی رێككەوتنەكەیان كرد، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت ئەو رێككەوتنە جێبەجێ ناكرێت كە ئامادەكراوە بۆ چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا لە رۆژی 29ی ئازاری داهاتوودا. ئەم ئەنجامە وایكرد، جێریمی كۆربین رێبەری پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن داوا بكات دەنگدان بكرێت بۆ سەندنەوەی متمانە لەو حكومەتەی كە پارێزگاران سەرۆكایەتی دەكەن، پاشان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتدا. ئەمە گورزێكی بەهێز بوو كە بەر خاتوو تێریزا مەی سەرۆك وەزیران كەوت كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سەرقاڵی دانوستانە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا. ئامانج لە رێككەوتنەكە ئەوەبوو بەریتانیا بەشێوەیەكی سیستماتیك لە یەكێتی ئەوروپا بكشێتەوە‌و ماوەیەكی راگوزەر دیاری بكرێت كە (21 مانگ) بخایەنێت بەمەبەستی دانوستانكردن لەبارەی گرێبەستی بازرگانی ئازاد. سەرباری ئەوەی پەرلەمان رێككەوتنەكەی رەتكردەوە، وادەی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا كە رۆژی 29ی ئازارە، هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام گومانێك دروستبووە لەبارەی میكانیزم‌و وادەی چونەدەرەوەكە. تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا سیناریۆكانی دوای شكست ! دوای ئەو شكستەی لە پەرلەمان دوچاری بوو، ئێستا چەند سیناریۆیەك لەبەردەم خاتوو تیریزا مەی دایە، لە گرنگترین ئەو سیناریۆیانە: •    سیناریۆی یەكەم: هەمواركردنەوەی رێككەوتنی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا •    سیناریۆی دووەم: پێشنیازكردنی وادەیەكی نوێ بۆ چونەدەرەوە •    سیناریۆی سێیەم: سازدانی ریفراندۆمێكی تر لەبارەی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا •    سیناریۆی چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە بەشێوەیەكی یەكجارەكی ئەوەی تائێستا هەیە ئەوەیە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دووبارەكردنەوەی دانوستان لەگەڵ بەریتانیا رەتدەكەنەوە، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت سیناریۆی یەكەم سودی نابێت‌و خاتوو مەی ناتوانێت رێككەوتنەكە هەموار بكات بەوجۆرەی پەرلەمانی وڵاتەكەی دەیەوێت. سیناریۆی دووەمیش كە دیاریكردنی وادەیەكی نوێیە بۆ چونەدەرەوە، ئەگەری جێبەجێبوونی زۆر سەختە، چونكە مانگی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی یەكێتی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت‌و یەكێتییەكە بەبێ بەریتانیا پلانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەی ئامادەكردووە. ئەی چارەسەر چییە ؟ گریمانەیەكی تر هەیە كە ئێستا خۆی نمایش دەكات، ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكایەتی جێریمی كۆربین باس لەم گریمانەیە دەكات، گریمانەكە لەسەر ئەوە بنیادنراوە كە ئەگەر هیچ یەكێك لەو سیناریۆیانە جێبەجێ نەبوو، بەریتانیا بەشێوەی "تاكلایەنە" لە یەكێتی ئەوروپا بكشێتەوە، ئۆپۆزسیۆن دان بەوەدا دەنێت كشانەوە بەشێوەی تاكلایەنە كارێكی ئەستەمە، بەڵام بەبڕوای ئەوان لەمە ئاستەمتر ئەوەیە بەریتانیا بۆ ماوەیەكی زیاتر بەمشێوەیە لە یەكێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە. جێریمی كۆربین رێبەری پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن چارەنوسی خاتوو مەی ! ئەگەر پارتی پارێزگاران‌و پارتی كرێكاران بگەنە رێككەوتن، خاتوو تیریزا مەی سەرۆك وەزیران دەبێت بە ناچاری دەستلەكاربكێشێتەوە، كە پێشتر هۆشداریدا لە هەڵوەشانەوەی بەریتانیا ئەگەر پەرلەمان لەدژی رێككەوتنەكە دەنگ بدات. نزیكەی (118) كەس لە ئەندامانی پارتی پارێزگاران لە پەرلەمان دژی رێككەوتنەكەی تیریزا مەی كە سەربە پارتەكەی خۆیانە دەنگیاندا، ئەوانە بەرەی پارتەكەی خۆیان جێهێشت‌و چونەپاڵ ئۆپۆزسیۆن، بەپێچەوانەوە سێ كەس لە ئەندامانی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن پاڵپشتی رێككەوتنەكەی حكومەتیان كرد. پێشبینی دەكرا هەر دوای دەنگدانەكە، خاتوو مەی دەستلە پۆستی سەرۆك وەزیران بكێشێتەوە، بەڵام وای نەكرد‌و لە بەیاننامەیەكی بەپەلەدا ئاماژەی ئەوەیدا كە لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنی پێشوەخت بەپێی یاسای 2011 ی تایبەت بەو پەرلەمانانەی كە ماوەیان دیاریكراوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بەریتانیا پێنج ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت‌و هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەوێتە ساڵی 2022. بەڵام ئەگەر وەكو ئەوەی ئۆپۆزسیۆن داوای دەكات، پەرلەمان دەنگ بدات لەسەر سەندنەوەی متمانە لە خاتوو تیریزا مەی، ئەوا پەرلەمانتاران دەسەڵاتی ئەوەیان دەبێت بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی ئاخۆ دەیانەوێت حكومەتی ئێستا بەردەوام بێت لەسەر كارەكەی، ئەگەر متمانەیان لە حكومەت وەرگرتەوە، دەبێت لەماوەی 14 رۆژدا بڕیار لەسەر كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵات بدەن. ئەگەر لەماوەی ئەو 14 رۆژەدا حكومەتی ئێستا یاخود هەر حكومەتێكی بەدیل نەیانتوانی متمانەی پەرلەمان وەربگرێ، ئەوا بڕیار لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدرێت.


راپۆرتی: درەو میدیا  دوای كۆبونەوەی دوێنێی نێوان یەكێتی و پارتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر، ئەمرۆ لەماڵی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی  شاری سلێمانی وەفدی باڵای پارتی و گۆڕان كۆبونەوە، بەبێ ئامادەبوونی عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كە لە ئێستادا لەدەرەوەی وڵاتە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پارتی و گۆڕان لە زۆربەی پرسەكاندا لێكنزیك بوونەوەو دەشیانەوێیت "روانگەی خۆیان یەكبخەن" وەك لە راگەیەنراوەكەی نێوانیاندا هاتووە. لە راگەیەنراوی كۆتایی كۆبونەوەكەی نێوانیاندا پارتی و گۆڕان ئاماژەیان بەوەكردووە" هەردوولا، كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان ‌و بۆ ئەو مەبەستەش بریاردراوە هەردوولا دوو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكومەت ‌و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت" بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، پارتی و گۆڕان لەسەر زۆربەی پرسەكان كۆكبوون، بەتایبەتیش پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت، شەراكەتی راستەقینە لە حكومەت و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، پێكەوە بەرنامەی حكومەت دابڕێژن ، كە بنەماكەی لەسەر چاكسازی روبەرووبونەوەی گەندەڵی و شەفافیەت داڕێژرابێت، كە وەفدی پارتی بە وەفدی گۆڕانیان راگەیاندووە ئەو بەرنامەو پرۆگرامانەی ئێوە داوای دەكەن دەتوانن لە بەرنامەی حكومەتدا بیچەسپێنن و خۆتان بەشێك بن لە داڕشتنی ئەو بەرنامەیە. ئەگەرچی لە كۆبونەوەكانی رابردوودا وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان هەستیان بە موجامەلەی زۆر كردووە لەلایەن پارتیەوە، هەروەك بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە درەو میدیای راگەیاند: كە وەفدی پارتی لە كۆبونەوەكانیاندا لەگەڵ گۆڕان هێندەی موجامەلەی گۆڕانیانكردووە، هێندە قسەی جدییان نەبووە لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان، كە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بەروونی بە پارتیان وتووە دەمانەوێت بەرنامەی حكومەت و شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان بزانین. لە كۆبونەوەی ئەمرۆدا هەردوو وەفدی پارتی و گۆڕان جەختیان لەسەر  ئەوە كردۆتەوە كە دەبێت قۆناغی موجامەلەو قسەكردن تەواو بێت و بچنە بواری جێبەجێكردن و هەنگاوی پراكتیكی بنرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە ئەمەش بەلای وەفدی پارتیەوە گرنگ بووەو بۆیە بڕیاریان داوە دوو لیژنە پێكبهێنن، بۆ یەكلاكردنەوەی بەرنامەی كاری كابینەی نوێی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان، كە بڕیارە لە زوترین كاتدا ئەو دوولیژنەیە پێكبهێنرێت و دەستبەكارەكانیان بكەن.    دەقی راگەیەندراوە هاوبەشەكە:   بەلاغی كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان لە درێژەی بەڕێوەچوونی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و خێراتركردنی گفتوگۆكان لەسەر بەرنامەی كابینەی نۆیەم ‌و پێكهاتەكەی، رۆژی 15ی1ی 2019، شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە. كۆبونەوەكە لە كەشێكی بەرپرسیارانە‌و بە گیانی كاری هاوبەش ‌و پێكەوەیی لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی تەواو ‌و وەك، هەردوولا لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری چاكسازی بنەڕەتی ‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی، بەڕێوەچوو. هەردوولا، كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان ‌و بۆ ئەو مەبەستەش بریاردراوە هەردوولا دوو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكومەت ‌و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت. هەردوولا جەختیان كردەوە لەوەی، دەبێت پەلە بكرێت ‌و چیدی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ‌و رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران دوا نەخرێت. بزوتنەوەی گۆڕان              پارتی دیموكراتی كوردستان  


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم ئەمڕۆ وەفدی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بەڕێوەچوو، كۆبونەكە لەلایەن  نێچیرڤان بارزانی ئامادەكاری بۆكرابوو، هەردوولا بە كۆبوونەوەیەكی ئیجابی و باش دەیدەنە قەڵەم و چەند ئەنجامێكی لێكەوتوەتەوە، بەتایبەتیش دروستكردنی لیژنەیەكی شەش كەسی بە مەبەستی نوسینەوەی رەشنوسی رێكکەوتنێكی هەمەلایەن لەنێوان هەردوولادا. ئەنجامەكانی كۆبونەوەكە بەپێی زانیاریەكان جیا لە كۆبوونەوەكانی چەند مانگی ڕابردووی پارتی و یەكێتی، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی هیچ بڕیارێكی تیادا نەدراوە، بەڵام چەند دەرەنجامێكی لێكەوتوەتەوە كە پێشبینیدەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامەكەی بەشێوەی پراكتیکی ببینرێت. ئەنجامی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ لە چەند خاڵێكدا: •     كەشوهەواری كۆبونەوەكە بەجۆرێك لە جۆرەكان گەڕانەوەی متمانەو نەهێشتنی ئەو بەربەستە دەروونییانەبوو، كە لە نێوانی هەردوولا لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروستببوو. •     ئەم كۆبونەوەی ئەو مەرجە پێشوەختانەی هەڵگرت كە پێشتر لە لایەن هەردوولاوە ئاماژەی پێدەكرا.  *  لە كۆبونەوەكەدا بەڵێن بەیەكدی درا كە چیدیكە لە پشتی یەكدیەوە لە دژی یەكدی كارنەكەن.  * لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بە دروستکردنی لیژنەیەكی شەش كەسی لە نێوان هەردوولا، بە مەبەستی نووسینی رێككەوتنێكی دوو قۆڵی نێوانیان ،كە دەبێت  لەماوەی 48 كاتژمێردا لیژنەكە دەستبەكارەكانی بكات و ( دوای گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی ڕێككەوتنەكە دووبارە شاندی باڵای هەردوولا كۆدەبنەوە). * كردنەوەی دەرگا بە ڕووی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی زیاتر، لەسەر ئاستی لیژنەكان و خێراكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت. * چارەسەركردنی كێشەی  دیلەكانی نێوانیان و كۆتاییهێنان بەو گرژیەی لە نێوان مەسرور بارزانی و لاهور تاڵەبانی هەبوو، بەتایبەتیش لەم كۆبونەوەیەدا بەشێكی زۆری ئەو سەركردانەی یەكێتی بەشداربوون كە پێشتر دەوترا پارتی هێڵی سوری لەسەریان هەیە بۆ كۆبونەوە.  پێكهێنانی حكومەت لەو كۆبوونەوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی دا هەرچەند بە دیاریكراوی هیچ كاتێك دانەنراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام جەختیان لەوەكردوەتەوە ناكرێ  بەم شێوەیە بەردەوامبن و كات بكوژن، بۆیە پێشبینیدەكرێت تاوەكو سەرەتای مانگی داهاتوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دواتر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵببژێردریت و سەرۆكی حكومەت رابسپێردریت لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەتەكەی ئامادە بكات. كەركوك و بەغداد لەبارەی پرسی كەركوك پارتی لەو كۆبوونەوەیەدا گەرەنتی داوەتە یەكێتیی كە ئەوانیش لەگەڵ ئەوەدان پارێزگاری كەركوك لە لایەن یەكێتیەوە دیاریبكرێت، بەڵام ئەمەیان پەیوەستە بەكات و گفتوگۆی زیاتر، بۆیە دەبێت یەكێتیی لەوەدا هاوكاربێت لەگەڵ پارتی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا . لەسەر پرسی بەغداو سەرۆك كۆمار، شاندی پارتی بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بەوەكردوە: هەموو ئەو كێشانەی لەسەر ئەو مەسەلەیە هەیەو لەگەڵ مەسەلەی مامەڵەكردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، دەكرێت لە داهاتوودا لە چوارچێوەی كێشەكانی دیكە چارەسەربكرێت بە ئاسانی. لەو كۆبوونەوەیەدا پارتی یەكێتیی لەوە دڵنیاكردوەتەوە، نە بەشداریكردنی ئەوان لەسەر حسابی گۆڕان دەبێت، نە بەژداریكردنی گۆڕان لە حكومەت لەسەر حسابی یەكێتی دەبێت.  دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕەزامەندی بارزانی و مەكتەبی سیاسی  وەرگرت، لەسەر ئەوەی كە پێویستە مەرجەكان هەڵبگیرێن بۆ دانیشتن لەگەڵ یەكێتیی، ئێستا ناوبراو سەرپشککراوە، تاوەكو لەماوەیەكی كورتدا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت بباتە پێشەوە.


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمە رەفعەت گرنتی بەردەوامی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدادەوە، پەسەندكردنی بڕگەی (ج)ە لە مادەی (10)ی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق 2019. بڕگەی (ج) لە ماددەی ( 10 )ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بەروونی دەڵێ: " ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە  فیدراڵییەكانی و رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد نەكرد،  وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەران‌و موچەی پێشمەرگە". لەم بڕگەیەدا، بەبێ پەیوەستكردنی حكومەتی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت، حكومەتی ناوەند پابەندكراوە بەوەی موچەی مانگانەی فەرمانبەران‌و هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێم بنێرێت بەمشێوەیە: •    موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە لە بەغدادەوە دابین دەكرێت، بەپێی پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق مانگانە دەگاتە (454 ملیار) دینار. •    موچەی پێشمەرگەش، كە هەر بەپێی ئەو بڕگەیە دەبێت حكومەتی بەغداد بینرێت، مانگانە دەگاتە (67 ملیار) دینار. ئەگەر ئەم بڕگەیە لە پرۆژە یاسای بودجە وەكو خۆی پەسەندبكرێت لە پەرلەمانی عێراق، حكومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت رادەستی بەغداد نەكات‌و موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگەشی هەرێمشی لێوەربگرێت. بە نادرنی ئەو پارەیە لە بەغدادەوە لەگەڵ داهاتەكانی نەوت‌و ناوخۆ، حكومەتی داهاتووی هەرێم بەئاسانی دەتوانێت مانگانە زیاتر لە (یەك ترلیۆن) داهات دەستبخات، بەوەش بودجەی پێویستی دەستدەكەوێت، واتە كابینەی نوێی حكومەت دەتوانێت قەیرانی دارایی‌و موچەی فەرمانبەران تێپەرێنێت. یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی پەسەندكردنی بڕگەی (ج) ئەوەیە، موچەی موچەخۆران‌و پێشمەرگەی هەرێم پارێزراو دەبێت تەنانەت لە حاڵێكیشدا ئەگەر حكومەتی هەرێم‌و بەغداد لەسەر پرسی نەوت‌و داهاتە فیدراڵییەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، واتە لەم بڕگەیەدا خەڵكی هەرێم (موچەخۆران) جیاكراوەتەوە لە سیستمی سیاسی‌و دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و نەكراوە بەبەشێك لەو شەڕو ململانێیەی كە لەنێوان هەردوولادا هەیە. موچەخۆرانی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیدا لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقدا، بڕی (5 ترلیۆن‌و 448 ملیار) دینار دانراوە بۆ هەر سااڵێكی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە دابەش بكرێت بەسەر 12 مانگەكەی ساڵدا، ئەوا دەبێت بەغداد مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم بنیرێت. ساڵی رابردوو لە بودجەی عێراقدا بڕی (3 ترلیۆن‌و 700 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دانرابوو، بەپێی ئەو بڕە پارەیە، بەغداد مانگانە (317 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆرانی هەرێم دەنارد. ئەگەر بڕگەی (ج) پەسەندبكرێت، حكومەتی هەرێم ئەگەر نەوتەكەشی رادەست نەكات، بەموچەی موچەخۆران‌و موچەی پێشمەرگەوە، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (521 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت. هەرێم لەبەردەم چەند بژاردەیەكدا ! ئەگەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق بەوشێوەیە كە ئێستا لەبەردەستدایە پەسەندبكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بەردەم چەند بژاردەیەك.  بژاردەی یەكەم: ئەگەر حكومەتی هەرێم پەیوەست نەبوو بە یاسای بودجەی عێراق‌و ئامادەنەبوو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەوا مانگانە لە حكومەتی عێراقەوە بڕێك پارەی دیاریكراوی بۆ دێت (بەپێی بڕگەی ج)، ئەوكات كۆی داهاتی حكومەتی هەرێم لە مانگێكدا بەمشێوەیە دەبێت:  •    بڕی (521 ملیار)دیناری لە بەغدادەوە بۆ دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەخۆران دەبێت‌و بڕی (67 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت، بەڵام بەغداد هەموو خەرجییە داراییەكانی تری هەرێم رادەگرێت. •    سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرز‌و خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (450 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات. •    داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت. •    ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات‌و ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت. بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 49 ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكات‌و سەرباری ئەوەش (152 ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. بژاردەی دووەم ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە یاسای بودجەی 2019ی عێراقەوە، دەبێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، پشكی هەرێم لە پرۆژە بودجەی 2019 ی عێراقدا بەرێژەی (12.67%) دیاریكراوە، كە بە پارە دەكاتە (8 ترلیۆن ‌و 741 ملیار  ) دینار.  ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغدداد بكات، داهاتی مانگانەی بەمشێوەیە دەبێت: •    پشكی بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، بە پوختی مانگانە نزیكەی (600 ملیار) دینارە. •    حكومەتی هەرێم جگە لە رادەستكردنی نەوت بە بەغداد كە رۆژانە ( 250 هەزار ) بەرمیلە، دەتوانێت خۆشی رۆژانە نزیكەی (180 هەزار) بەرمیل نەوت بفرۆشێت، ئەمەش دەبێت بە سەرچاوەیەكی تری داهات بۆی‌و لەم سەرچاوەیەشەوە دەتوانێت مانگانە بڕی (250 ملیار) دینار پەیدا بكات. •    جگە لە داهاتی نەوت، حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (120 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی دەستدەكەوێت. •    تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار یارمەتی‌و كۆمەكی ئەمریكا وەردەگرێت.  بەگوێرەی ئەم بژاردەیەش، حكومەتی هەرێم بەكۆی گشتی مانگانە (یەك ترلیۆن) دینار داهاتی دەستدەكەوێت‌و بەو داهاتەش دەتوانێت موچەی موچەخۆران بدات‌و سەرباری ئەوەش بڕێك پارەی بۆ بمێنێتەوە. ماددەی 10 چی دەڵێ ؟ لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقدا ماددەیەك تەرخانكراوە بۆ كێشە داراییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد‌و چارەسەركردنی دۆسیەی نەوت، ماددەكە دابەشكراوە بەسەر دوو بڕگەدا، بڕگەی دووەمیش لە چوار خاڵ پێكدێت، دیار نییە ئاخۆ دەقی ئەم ماددە یاساییە وەكو خۆی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت، یاخود هەموار دەكرێت‌و گۆڕانكاری بەسەردا دێت. دەقی مادەی 10ی پرۆژە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019  ماددەی 10 یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2014وە بۆ 2018 پاكتاو دەكرێت، ئەمەش دوای وردبینیكردن تێیدا لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ، ئەوەش بە ئەژماركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی خەرجییە فیعلییەكان بۆ ساڵانی پێشوو، كە ژمێرەی كۆتایی پەسەندكراوی چاودێری دارایی فیدراڵی نیشانی دەدات. دووەم:  (ا) حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەناردەكردنی بڕی لانی كەمی (250000) بەرمیل (دوو سەد‌و پەنجا هەزار بەرمیل) نەوتی خاو لە رۆژێكدا لەو نەوتە خاوەی كە لە كێڵگەكانیدا بەرهەم دەهێنرێت، بۆ فرۆشتنی لەڕێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ)، بۆ ئەوەی داهاتی نەوت بەتەنیا رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكرێت. (ب) تەرخانكردنی رێژەیەك لە بودجەی هێزە فیدراڵییەكانی سوپای عێراق بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەو هێزانەی كە وەكو بەشێك لە سیستمی ئەمنی عێراق دیاریكراون. (ج) ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە فیدراڵییەكانی رادەستی خەزێنەی گشتی فیدراڵی نەكرد یاخود حوكمەكانی هەردوو بڕگەی (ا، ب)ی ئەم مادەیەی جێبەجێ نەكرد، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی خەرجییەكانی هەرێم كە لەناو بودجەی عێراقدا دانراون، جگە لە موچەی فەرمانبەران‌و موچەی پێشمەرگە. (د) حكومەتی فیدراڵی‌و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پابەندن بەوەی ئەگەر زیادە هەبوو لە بڕی هەناردەكراو كە لە ماددەی (1- یەكەم- ب)ی یاسای بودجەدا ئاماژەی بۆ كراوە، داهاتە بەدەستهاتووەكان رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت بكەن.  


( درەو میدیا): شەوی رابردوو مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە سەرجەم بارەگاكانی ئاڵای كوردستانى هەڵكرد،ئەوەش لەبەرامبەر رێككەوتنێكی نێوان عێراق و ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستانە كە مەبەست لێی گەڕانەوەی پارتیە بۆ كەركوك. بنەمای رێككەوتنەكەی پارتی و ئێران و عێراق چەند رۆژێكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئێران و حكومەتی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆ و رێككەوتنە، بۆئەوەی بگەڕێتەوە بۆكەركوك. سەرچاوەكی ئاگادار بۆ " درەو میدیا"  ئاماژەی بەوەكرد مەرجی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ كەركوك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و دەرچونی هێزەكانی حەشدی شەعبیە لەو شارەو بڕیاردراوە هەردوو مەرجەكەی پارتی جێبەجێبكرێن، هەربۆیە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریداوە رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بدات لە كەركوك . هاوكات هێزەكانی حەشدی شەعبیش بەمزوانە لە كەركوك  دەچنەدەرەوە و ئەو پارێزگایە بەجێدەهێڵن و لە تكریت جێگیردەكرێن،ڕۆژی دووشەممە 7/ 1/ 2019 فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە سەڵاحەدین سەردانی مەسعود بارزانی كردووەو دڵنیایی كردوەتەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی كەركوك بەجێدەهێڵن. سەرچاوەیە هۆكاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگاكانی یەكێتی بۆ ئەوە گەڕاندەوە, یەكێتی بەو هەنگاوەی كارتەكەی دەستی پارتی  دەسوتێنێت، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە مەراسیم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە كەركوك. چارەنوسی پۆستەكانی كورد لە كەركوك سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی كەركوك بەتایبەتی پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرچاوەكەی " درەو میدیاگ  ئاماژەی بەوەكردووە رێبوار تاڵەبانی دەگەڕێتەوە كەركوك و لە جێگەی خۆی وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت دەستبەكار دەبێت و بەپێی رێككەوتنێكیش پارێزگارێكی تەوافوقی لە نێوان یەكێتی و پارتی دادەنرێت كە كەسێكی یەكێتی دەبێت یاخود نزیك دەبێت لە یەكێتیەوە. راگەیەندراوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە راگەیەنراوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق  بە داگرتنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانی یەكێتی لە كەركوك، ئەو سەرچاوەیەی "درەو میدیا " ئاشكرایكرد عەبدولمەهدی ئەو هەنگاوەی لە پێناو رەوینەوەی نیگەرانی لایەنە عەرەبی و توركمانەكان و بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی عێراق ناوەو ئاگاداری رێككەوتنەكەیەو دەیەوێت رەوشی كەركوك ئاسایی بكاتەوەو دۆخەكە كۆتایی پێبێت.   جموجوڵەكانی ئەمریكا لەم كاتەدا هەست بە جموجوڵی زۆری هێزەكانی ئەمریكا لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە دەكرێت،  ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد كە واشنتۆن بڕیاریداوە هەموو هێزەكانی خۆی لە سوریا بكشێنێتەوەو لە ناوچە سوننەنشینەكان جێگیریان بكات و بەشی زۆری لە پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای عێراق جێگیردەكرێن و بەشێكیشی دەهێنرێنە پارێزگای كەركوك و چەند بنكەیەكیشی دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان.   


راپۆرتی: درەو میدیا لەدوای دیل بەدیلی دوو دەستگیركراوی یەكتری و هەڵوەشانەوەی كۆبونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستا یەكێتی ئەنجامدانی هەر كۆبونەوەیەكی بەستوەتەوە بە ئازادكردنی شەش ئەندامی دەستگیركراوی لای پارتی و  پارتیش دەڵێت ئەگەر ئەو دەستگیركراوانە ئازادبكرێن دەبێت تەواوی زیندانیانی هەرێمی كوردستان ئازادبكرێن، ئەم بارودۆخە لە كاتێكدایە كە ناڕەزایی لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی درووست بووە لەسەر بێدەنگی قوباد تاڵەبانی لە ئاستی ئەو رووداوانەی روودەدەن. "پارتی پەیوەست نەبوو بە رێكەوتنی دیل بەدیلەوە" رۆژی 6ی ئەم مانگە لەدوای هەوڵێكی زۆر پارتی دیموكراتی كوردستان (پێشڕەو وەیسی) كادیری یەكێتی نیشتمانیی كوردستانی لە هەولێر ئازادكردو لەبەرامبەریشدا یەكێتی (سەرخێڵ ئەكبەر رۆستەم) كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سلێمانی ئازادكرد، بەڵام رێکكەوتنەكە بەشێوەیەك بوو كە تەواوی دەستگیركراوانی یەكتری ئازادبكەن، بەڵام پارتی ئێستا رازی نیە بە ئازادكردنی ئەو دەستگیركراوانەی دیكەی یەكێتی. "درەو میدیا" بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی باڵا زانیویەتی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی نیگەران بووە لەوەی پارتی پەیوەست نەبووە بە رێكەوتنی " دیل بەدیل"وەو پەیامێکی توندی ئاراستەی مەكتەبی سیاسی پارتی  كردووەو تیایدا داوای ئازادكردنی شەش كادری دیكەی یەكێتی كردووە كە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە لای پارتی دەستگیركراون. "درەو میدیا" زانیویەتی لەدوای بەدواداچوونی بەرپرسانی پارتی بۆ ئەو دەستگیركراوانە، بەرپرسانی ئەمنی رایانگەیاندووە كە ناتوانن ئەو كەسانە ئازاد بكەن چونكە هەندێكیان فایلی هەستیاریان هەیە، بەتایبەتیش لە بازرگانی لەگەڵ داعش، بۆیە مەكتەبی سیاسی پارتی وەڵامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان داوەتەوە كە ئەگەر ئەو شەش كادرەیان ئازاد بكەن دەبێت تەواوی زیندانیانی كوردستان ئازادبكەن، چونكە هەندێكیان فایلی مەترسیداریان هەیە.  بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری داوەتە پارتی ئەگەر ئەو ئەندامانەیان ئازاد نەكرێن ئەوا ئامادەی هیچ كۆبونەوەیەك نین لەگەڵ پارتی چی وەفدی دانوستان و چی وەفدی باڵای پارتی.   هەر ئەمرۆش ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نوسراوێكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كردووەو داوایان كردووە كە تا كادرەكانیان ئازاد نەكرێن، هیچ جۆرە كۆبونەوەك لەگەڵ پارتی نەكەن.  نیگەرانیەكان روو لە قوباد تاڵەبانیە بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا"، ئەمڕۆ لە كۆبونەوەیەكی نافەرمیدا گلەیی و گازەندە ئاراستەی  دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كراوە كە بە چی سیفەتێك لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە و مامەڵە  لەگەڵ بەپرسانی پارتی دەكات، لەبەرامبەردا بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی وتویانە ئەی قوباد تاڵەبانی بۆ دەنگی نیە لەكاتێكدا لە هەولێر دانیشتووەو بەبەرچاویەوە كادرانی یەكێتی دەستگیردەكرێن و نە دەنگی هەیەو نە هەڵوێست، لە كاتێكدا تا ئێستاش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتەو وەزیفەی خۆیەتی كە بەدواداچوون بكات، هەندێكیشیان ئەوەیان بیر هێناوەتەوە كە دروشمی سەرەكی قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردنەكاندا ( ئارامی و هەلی كار)بووە ئەی بۆچی ئێستا لە ئاست ئەو نائارامیەی هەیە هەڵوێستی نیە.  بەشێك لە ئامادەبوانی كۆبونەوەكە ئاماژەیان بەوەكردوە، كە بێدەنگی قوباد تاڵەبانی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە نایەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی تێك بدات و بەو پێیەی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە.    


(درەو میدیا): بەهۆی تەواونەبوونی رێژەیی یاساییەوە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی‌و دانانی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەن شكستیهێنا. بڕیاربوو بەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ سازدانی كۆبونەوەكە تەواونەكرا. هەفتەی رابردوو (21) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستەكانی (یەكێتی)‌و (توركمان)‌و (عەرەب)ەكان ئیمزایان كۆكردەوە بۆ سازدانی كۆبونەوەكە، ئامانجی ئەو سێ لایەنە بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی ئەوەبوو لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن‌و سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت لابدات‌و لەشوێنی ئەو (جەمال مەولود) دابنێت كە بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنە‌و پێشتر سەربە حزبی شیوعی بووە‌و ئێستا چووەتە ناو كوتلەی یەكێتییەوە. سۆسیالست كورسییەك دەباتەوە! لەلایەكی ترەوە حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان دەبێت بە خاوەنی كورسییەك لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. سەرچاوەیەكی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، (حەسیب ئەحمەد) كە كاندیدی حزبی سۆسیالست بووە لە ناو لیستی برایەتی كورد لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2005، بەپێی ریزبەندی دەنگی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەچێتە شوێنی (ئەڵماس فازل) كە ئەندامی یەكێتییە لە ئەنجومەن‌و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەركەوت بۆ پەرلەمان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" بەپێی ریزبەندی لیستی برایەتی كەركوك، لەدوای (ئەڵماس فازڵ) كاندیدی ژمارە (28) دێت كە كەسێكە ناوی (كەنز)ەو ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە‌و داوای بەخشینی كردووە (اعفا)ی نوسیوە لە ئەنجومەن، دوای (كەنز) كاندیدێكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە بەناوی (حەسیب ئەحمەد ئیسماعیل)و كاندیدی ژمارە 29ی لیستی برایەتییەو دەچێتە شوێنی (ئەڵماس فازڵ). یەكێتی دەتوانێت گۆڕانكاری بكات؟ ئەوەی بڕیار لەسەر گۆڕانكاری دەدات لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ژمارەیە، واتە كێ زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لایە. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە ساڵی 2005 هەڵبژێردراوە‌و سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە، لە (41) ئەندام پێكهاتووە، بەپێی بەزۆرینەی دەنگی (50+1)ی ئەنجومەن دەتوانرێت رێبوار تاڵەبانی لابدرێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام دەبێت (21) ئەندام دەنگ بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی بدەن. دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبوون: •    پێكهاتەی عەرەب: 6 •    پێكهاتەی توركمان: 9 •    لیستی برایەتی كورد:  26 ئەندام لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەب‌و توركمانێك‌و مەسیحییەك.  


راپۆرت: درەو میدیا لە 24ی كاتژمێری رابردووەوە بارودۆخی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جۆرێك لە شڵەژانی تێكەوتووە، بەهۆی ئەو شڵەژانەوە، كۆبونەوەی نێوان وەفدی باڵای یەكێتی‌و پارتی بۆ كاتێكی نادیار دواخرا. بڕیار بوو كاتژمێر 10:00 بەیانی ئەمڕۆ لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، كۆبونەوە لەنێوان وەفدی باڵای یەكێتی‌و پارتی بەسەرپەرەشتی مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆبونەوەكە نەكرا. بۆچی كۆبونەوەكە نەكرا؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەبەر دوو هۆكار ئەو كۆبونەوەیە دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار: هۆكاری یەكەم: رۆژی شەممەی رابردوو كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی وادەی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دانا، بەڵام بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە، كۆسرەت رەسوڵ نەچووە شوێنی دیدارەكە‌و لەبری خۆی (دەرباز)ی كوڕی نارد بۆ كۆبونەوە لەگەڵ بارزانی. (درەو میدیا) زانیویەتی، دیداری دەرباز كۆسرەت لەگەڵ مەسعود بارزانی بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی باڵەكانی تری یەكێتی بەڕێوەچووە، ئەوەش نیگەرانی دروستكردووە، بەتایبەتی لەلای بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی. ئێستا ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی گومانیان هەیە لەوەی كۆسرەت رەسوڵ بەنهێنی رێككەوتنی لەگەڵ بارزانی كردبێت سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەجۆرێك كۆسرەت رەسوڵ پشكەكانی یەكێتی لە كابینەی نوێ بۆ كەسانی نزیك لە خۆی یەكلاكردبێتەوە، لەوانە: •     زامنكردنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ (دەرباز)ی كوڕی •    زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كەسایەتییەكی نزیك لە خۆی هۆكاری دووەم: لە چەند رۆژی رابردوودا كێشەی قوڵ لەناوخۆی یەكێتی دروستبووە لەسەر پرسی دارایی، بەتایبەتیش دارایی ئیدارەی گشتی حزب‌و ئەوەش وایكردووە كارەكتەرەكانی حزب بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا دابەش ببن. كێشەی سەردانەكەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بۆ لای بارزانی‌و كێشەی دارایی یەكێتی وایكرد مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە كە دوێنێ كۆبونەوەی كرد، لەبارەی كۆبونەوە لەگەڵ پارتی‌و پرسی پێكهێنانی حكومەت هیچ بڕیارێك نەدا. پارتی مەرجی تەوەرێكی سەرەكی كۆبونەوەكەی دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی دیاریكردنی ئەندامانی وەفدی دانوستانكار بووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی سەبارەت بە حكومەت. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەهۆی ئەوەی پارتی مەرجی هەیە‌و نایەوێت ژمارەیەك كارەكتەر لەناو وەفدی دانوستانكاری یەكێتیدا بن، مەكتەبی سیاسی نەیتوانیوە ناوی ئەندامانی وەفدەكە یەكلابكاتەوە. پارتی تێبینی هەیە لەسەر ئەو كارەكتەرە سیاسییانەی یەكێتی كە بەوتەی خۆی لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، نایەوێت ئەو كەسانە لەناو وەفدی دانوستانكاردا بن.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand