Draw Media

(درەو میدیا): كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 18ی شوبات لە هەولێر بكرێت، كۆبونەوەی لیستی برایەتیە نەك ئەنجومەنی پارێزگا. بەپێی رێكکەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت لە 18ی شوباتی داهاتوو هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بەرێوەبچێت و رێوشوێنەكانی دانانی پارێزگای كەركوك بگێرێتە بەر. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هەولێر دەكرێت و بەسەرپەرشتی رێبوار تاڵەبانی دەبێت، ئەو كۆبونەوەیە زیاتر كۆبونەوەیەكی راوێژكاری دەبێت و تایبەتە بە لیستی برایەتی كەركوك، چونكە لایەنە عەرەبی و توركمانیەكان ئامادەی كۆبونەوەكە نابن. "درەو میدیا" زانیویەتی كە رێكکەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتی، ناڕەزایی بەشێک لە سەركردەكانی پارتی و بەتایبەت كەركوكییەكانی لێكەوتوەتەوە بەو پێیەی ئەنجامی كۆبونەوەكە زۆرینەی جێبەجێكردنی داواكاریەكانی یەكێتیەو لە قازانجی یەكێتیدایە، هەربۆیە وتەبێژی پارتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شوێنی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی دیاریكرد كە لە هەولێر دەبێت، ئەمەش بۆ ئەندامانی وەفدی یەكێتی شۆك بوو، چونكە لە كۆبونەوەكەدا باسی شوێنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەكرابوو.  ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە نوسینێكیدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی“باشتروایە كۆبونەوەكەی 18ی شوبات ناوبنرێت كۆبونەوەی لیستی برایەتی بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆبونەوەیەكی سەركەوتوی ئەنجومەن لە كەركوك، بۆئەوەی ھیچ بیانویەك نەمێنێت بۆ بەشدارینەكردنی ھیچ لایەنێك”. هاوکات، محەمەد عوسمان ئەندامی خولی پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند ئەو کۆبونەوەیەی دەکرێت کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نییە، بەڵکو کۆبونەوەی ڕاوێژی لایەنە کوردییەکانی کەرکوکە" وتیشی:" کۆبونەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەبێت لە شاری کەرکوک بکرێت هەرکۆبونەوەیەکیش لە دەرەوەی ئەو شارە بکرێت نابێتە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هیچ فەرمیەتێکی نییە  و ناتوانێت هیچ بریارێک  دەربارەی کەرکوک بدات. هەرچەندە بەرلە كۆبونەوەكەی 18ی شوبات رێكکەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتی دەكرێت لەسەر تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، پێشتریش بەرپرسێكی یەكێتی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند، پۆستی پارێزگای كەركوك لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمە، ئەگەر پارتی رێگری بكات لەوەی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت، یەكێتیش ئامادەنیە دەنگ بەسەرۆكی هەرێم بدات. ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردراوی هەڵبژاردنی 2005 و لیستی برایەتی لەو هەڵبژاردنەدا 26 كورسی بەدەستهێنا كە ئێستا ئەندامانی ئەو لیستە كوردیە دابەشبوون بەسەر حزبەكاندا( پارتی 12 ئەندام، یەكێتی 6 ئەندام، یەكگرتوو 3 ئەندام، 2 ئەندامی شیوعی كە ئێستا لەناو یەكێتیدان، یەك زەحمەتكێشان، عەرەبێك و توركمانێك و مەسیحیەك). ئێستا كەركوك پارێزگاری نیەو پارێزگارێكی بەوەكالەتی هەیەو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرو  سكرتێری ئەنجومەنی نیە.    


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف یۆبیلی زیوینی تەمەنی لەدوای كارەساتی داڕمانی دەنگەكانی لە هەڵبژاردن بەڕێدەكات، مانگی 11ی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستێت، كۆنگرەیەك بۆ هەستانەوە لەدوای شكست یاخود درێژەدان بە واقیعی باو، ئەمە چیرۆكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە.  25 ساڵ لەمەوبەر لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی كوردستاندا حزبێكی سیاسی نوێ لە دایكبوو، لەناو بۆنی باروتی شەڕدا سیاسەتكردنی بەچەك رەتكردەوە، بۆ ئەو كات ئەم بیرۆكەیە جێگای گاڵتەجاڕی بوو، ئەو حزبە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو. قەیرانی ناسنامە ئەمڕۆ 25 ساڵ تێپەڕی بەسەر راگەیاندنی یەكگرتوو وەكو حزبێكی سیاسی، حزبێك كە تاوەكو 10 ساڵی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواوكرد كێشەی هەرەگەورەی ناسنامەكەی بوو، لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەری وەكو حزبێكی نوێ ناویان دەهێنا، كە بەشداری خەباتی چەكدارانەی لە دژی رژێمی بەعس نەكردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر یەكگرتوو وەكو حزبێكی گەنج مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت. رزگاربوون لە لیستی رەشی تیرۆر یەكگرتوو كە هێشتا رزگاری نەبوو لە تۆمەتی نوێبوون‌و بەشدارینەكردن لە خەباتی چەكداری، لەدوای ساڵی 2000وە روبەڕووی قەیرانێكی تر بووەوە، هەڵمەتێكی گەورەی جیهانی لەژێر ناوی "شەڕی دژ بەتیرۆر" دەستیپێكرد، نەیارە سیاسییەكانی یەكگرتوو هەوڵیاندا بەهۆی ناو و پاشخانە ئیسلامییەكەیەوە ئەم حزبە بخەنە لیستی تیرۆری جیهانییەوە، بەڵام سەركردەكانی یەكگرتوو توانیان حزبەكەیان لەو لیستە رەشە رزگار بكەن، بەڵام ئەمە بەبێ باج كۆتایی نەهات. سەردەمی گەشانەوە ساڵی 2003و روخانی رژێمی سەددام لەسەر دەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، سەرەتای سەردەمێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، ئەم حزبە كە پێشترو بەرلە روخانی سەددام بەشداری كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیی كرد لەژێر چاودێری وڵاتانی خۆرئاوا، دوای روخانی رژێم پێگەی بەهێزی (لەئاست قەبارەی خۆیدا) لە عێراقی نوێدا زامن كرد، سەلاحەدین بەهادین ئەمنیداری حزبەكە، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمی عێراق‌و یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق. بەرەو ژیانی پەرلەمانیی تاوەكو ساڵی 2005 كە تەمەنی ئەوكات 11 ساڵ بوو، یەكگرتوو هیچ نوێنەرایەتییەكی لە پەرلەمانی كوردستان نەبوو، بەڵام لەو ساڵەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردستانییەكاندا بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "  لیستی نیشتیمانی كوردستان" بوو، جگە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەموو لایەنەكانی تر لەو لیستەدا كۆبونەوە، یەكگرتوو كە لە یەكەم ئەزمونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا شەریكایەتی لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی كرد (9 كورسی) پەرلەمانی بردەوە. 11 مانگ دوای هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بەپێچەوانەی كوردستانەوە لەسەر ئاستی عێراق بە لیستی جیا لە یەكێتی‌و پارتی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، ئەمە شەپۆلێك توڕەیی یەكێتی‌و پارتی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ناوچەی بادینان پەلاماری بارەگاكانی یەكگرتوو درا، ئەندامێكی سەركردایەتی‌و (4) كادری یەكگرتوو كوژران، لە سلێمانیش هەوڵێك هەبوو بۆ پەلاماردانیان، بەڵام دواتر كۆنترۆڵكرا، لەم پرۆسەیەدا دەنگی راستەقینەی یەكگرتوو دەركەوت، لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەكگرتوو (133 هەزارو 206) دەنگی بەدەستهێناو 4 كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.  لە دووەم ئەزمونی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ساڵی 2009 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو شێوازێكی نوێی بەشداری تاقیكردەوە، ئەمجارە بە لیستی هاوبەشی لەگەڵ (كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان، حزبی سۆسیالیست) بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "خزمەتگوزاری‌و چاكسازی" بوو، بە هەرچوار حزبەكەوە (13) كورسییان بەدەستهێنا، ئەم پرۆژەیەش شكستی هێنا، یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا (6) كورسی بەركەوت، هەندێك هۆكاری پاشەكشەی ئەو لیستەیان بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی رادیكاڵی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە یەكێتی‌و پارتی‌و هەندێكی تر هاودەنگی یەكگرتوویان لەگەڵ حزبە نائیسلامی‌و چەپەكان گەڕاندەوە. 2010 ساڵێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا یەكگرتوو بە لیستی سەربەخۆ بەشداریكرد، بۆ یەكەمجار دەنگەكانی هەڵكشا، (214 هەزارو 222) دەنگی بەدەستهێناو، 4 كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.  لە ساڵی 2013ەوە سەردەمی پاشەكشەی یەكگرتوو دەستیپێكرد، لە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكگرتوو كورسییەكانی زیادی كرد (10  كورسی)، بەڵام دەنگەكانی پاشەكشەی كرد، لەو هەڵبژاردنە دەنگەكانی یەكگرتوو بۆ (186 هەزارو 741) دەنگ دابەزی. ئەم پاشەكشەیە بەردەوام بوو، ساڵی 2014 ژمارەی دەنگەكانی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ (155 هەزارو 92) دەنگ دابەزی. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداریكرد، لەم هەڵبژاردنەدا پرسی یەك لیستیی ئیسلامییەكان شكستیهێنا‌و یەكگرتوو بەتەواوەتی بووە هێزێكی بچوك، ژمارەی دەنگەكانی ئەم حزبە بۆ (79 هەزارو 913) دەنگی دابەزی، بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، رێژەی دەنگەكانی یەكگرتوو (120%) دابەزی، كورسییەكانیش بەڕێژەی (50%). پاشەكشە بۆچی؟ لەدوای هەڵبژاردنی ئەیلولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، سەركردایەتی یەكگرتوو بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، بەفەرمی دانی بەوەدانا شكستیهێناوەو بەرپرسیارێتییەكە دەگرێتەئەستۆ، ئەمە هەنگاوێكی دروست بوو، دوبارەكردنەوەی نەریتی پارتە سیاسییەكانی خۆرئاوا بوو دوای هەڵبژاردن‌و شكست. (درەو میدیا) لە یادی دامەزراندنی یەكگرتوودا بەدواداچوونی بۆ هۆكارەكانی پاشەكشەی ئەو حزبە لە هەڵبژاردندا كرد، بەپێی زانیارییەكان سەركردایەتی یەكگرتوو تەنیا وەكو نیشاندانی فەزیلەتێك دانیانیان بە كەموكورتی خۆیان وەكو هۆكاری شكستی هەڵبژاردندا ناوە، بەشێوەی كرداری هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆ نەنراوە بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی پاشەكشێكردن‌و تائێستا روئیایەكی رون نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی ئەو حزبە پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت هۆكاری پاشەكشەی دەنگەكانی یەكگرتوو لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە: • دواكەوتن لە بڕیاردن لەسەر وەختی رودانی روداوە سیاسییەكان‌و لە هەندێك باردا ناڕوونی هەڵوێستی یەكگرتوو لەسەر پێشهاتەكان (ئەمە بوەتە كێشەیەكی ئەزەلی بۆ یەكگرتوو، دەربازبون لێی بوەتە كارێكی ئەستەم). • سەركردەكانی ئەم حزبە هەمیشە چارەنووسی حزبەكەی خۆیان خستۆتە گرەوی پاراستنی یەكڕیزی (بەتایبەتیش یەكڕیزی یەكێتی‌و پارتی)، هەمیشە پێگەی سیاسی حزبەكەیان كردوەتە قوربانی ترسی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆو ململانێی چەكداری دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە. • هەنگاونەنان پێ بە پێی گەشەی فكری كادیرانی حزب‌و ئیدارەنەدانی توانای لاوان، كە بنچینەو كۆڵەكەی سەرەكی حزبەكە بوون لەسەرەتاوە تائێستا، بەجۆرێك وای لێهاتووە یەكگرتوو وەكو كارگەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری حزبی بۆ پارتە سیاسییەكانی تر تەماشادەكرێت.   • دروستبوونی جیاوازی چینایەتی لەنێوان توێژی سەرەوەی بەرپرسانی یەكگرتوو و كادیرانی خوارەوە، یەكگرتووەكان هەمیشە لە خوارەوە قوربانیان داوە‌و توێژەكەی سەرەوە بەروبومەكەیان چنیوەتەوە، زۆرێك لەو بەرپرسانەی یەكگرتوو كە پۆستی حكومی و پەرلەمانیان وەرگرتووە، دوای تەواو بوونی كارەكانیان و زامنكردنی سەرچاوەی بژێوی باش، لە كاری حزبی كشاونەتەوە خەریكی بازرگانین، یاخود وازیان لە حزب هێناوەو چونەتە ناو حزبی ترەوە.  • یەكلاینەكردنەوەی هێڵی كاركردنی حزب لەنێوان كاری بانگخوازيی‌و كاری سیاسیدا، یاخود نەتوانراوە هەردوو بوارەكە وا لێبكرێت لەیەك بازنەو لەچوارچێوەی بەرژەوەندی حزبەكەدا بسوڕێنەوە، وەك ئەمە نەكراوە، نەتوانراوە ئەو دوو كایەیە بەتەواوەتی لەیەكتری جیابكرێتەوە. • یەكێك لە روخسارە گەشەكانی یەكگرتوو هاوسەنگی بنكەی جەماوەریەتی لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد (بادینان)، یەكگرتوو لەپێناو پاراستنی ئەم هاوسەنگییەدا قوربانی زۆری داوە، بەڵام بە قەبارەی قوربانییەكانی، دەستكەوتی سیاسی نەچینوەتەوە، سەركردەكانی ئەو حزبە نەیانتوانیوە وەك پێویست سود لەم خاڵی هێزە وەربگرن. • لاوازی بنكەی جەماوەری یەكگرتوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەمە لە حاڵێكدایە تەواوی سەنگی سەركردایەتی یەكگرتوو و راگەیاندنەكەی لەو شارەدایە. • لاوازی گوتاری ئیعلامی یەكگرتوو ئیسلامی، ئەمە لە حاڵێكدایە كە زۆرینەی ئەو میدیاكارانەی ئێستا میدیای لایەنە سیاسییەكانی تر بەرێوەدەبەن، لە كارگەكەی یەكگرتووەوە بەرهەمهێنراون. • یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خاوەنی تۆڕێكی رێكخستنی بەهێز بوو كە كاری لەسەر خێزان دەكرد، ئەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەشدا پاشەكشەی كردووە. • لەڕووی ئابوری‌و سەرچاوەی داراییەوە دوای 25 ساڵ تەمەن، هێشتا نەیتوانیوە ئابورییەكی خۆبەڕێوەبەر دروستبكات، لەسەرەتای درووستبونییەوە یەكگرتوو سودی لە كۆمەكی رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرت، لەدوای راگەیاندنی جیهانی "شەری تیرۆر"ەوە، زۆرێك لەو سەرچاوە داراییانەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی سەختی حەواڵەی دارایی رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، كۆكردنەوەی ئابونەوە لە كادرانی حزب، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی یەكگرتوو بووە، ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لاواز بووە. • یەكلانەبوونەوەی سیاسەتی یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتدار، نەبوونی میكانیزمێكی روون بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵی‌و پرسی چاكسازیكردن، بەجۆرێك وای لێهاتووە ئێستا خەڵك‌و دەنگدەر چاوەڕێی هیچ موفاجەئەیەكی سیاسی لە یەكگرتوو ناكات. • پێشكەشنەكردنی نمونەیەكی جیاواز لە كاری پەرلەمانی‌و حكومیدا. • سیاسەتی یەكگرتوو لەدوای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنەوە، جۆرێك لە سەرلێشێوانی پێوە دیارە، ئەم حزبە پێگەی خۆی لەناو گەمە سیاسییەكاندا نادۆزێتەوە، هەمیشە چاوەڕێی تەواوبونی یاری ئەوانی تر دەكات، لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار لەسەر رۆڵی خۆی دەدات. • یەكگرتوو لەسەرەتای دروستبوونییەوە وەكو درێژكراوەی رەوتی ئیخوان (اخوان المسلمین) نماییشكرد، بەمدواییانە لەم پرسەشدا دووچاری گێرمەو كێشە بووە، هەندێك داوای كۆتاییهێنان بەو ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیخوان دەكەن، هەندێكی تر هێشتنەوەی پەیوەندی بە پێویست دەزانن، پابەندبوونی یەكگرتوو بە خەتی ئیخوانەوە لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەو حزبەی كۆت‌و بەند كردووە. • نەبوونی بەرچاوڕونی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكەوە. كۆنگرە‌و یەكگرتوو خاڵی سەركەوتن‌و گەشانەوەی یەكگرتوو لە كۆنگرە حزبیەكانیدایە، ئەم حزبە لەدوای راگەیاندنییەوە لە 6/2/1999وە تاوەكو ئێستا بەردەوام بەبێ دواكەوتنێكی زۆرو بەپێچەوانەی حزبەكانی ترەوە هەموو كۆنگرەكانی لەوادەی خۆیدا كردووە. لە كۆنگرەی شەشەمدا كە لە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو داهێنانێكی نوێی كرد، تەواوی كۆنگرەكەی بە پرۆسەی دەنگدانیشەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ خەڵكی كوردستان پەخشكرد، ئەوە یەكەمجاربوو لە هەرێمی كوردستان حزبێك بەوشێوەیە ناكۆكی‌و بۆچونە جیاوازەكانی ناو كۆنگرەكەی بۆ خەڵك پەخشبكات.  تا ئێستا یەكگرتوو (7) كۆنگرەی كردووە،  ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ گۆنگرەی هەشتەم، كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، كۆنگرەیەك كە پێشبینی دەكرێت پڕكێشمەكێش بێت، بەتایبەتیش دوای ئەو شكستە گەورەیەی بەمدواییە لە هەڵبژاردندا بەسەر ئەو حزبەدا هات. تائێستا یەكلانەبوەتەوە ئاخۆ سەلاحەدین محەمەد بەهادین جارێكی تر خۆی بۆ ئەمیندارێتی یەكگرتوو كاندید دەكاتەوە یاخود نا، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، ئەبوبەكر عەلی (كاروانی) ركابەری سەرسەختی سەلاحەدین محەمەد بەهادین دەبێت لە كۆنگرەی داهاتوودا، ناڕازییەكانی ناو یەكگرتوو بە پێچەوانەی كۆنگرەی پێشوو، لە كۆنگرەی ئەمجارەدا بەهانەی پێویستیان بەدەستەوەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە پەیكەری حزب‌و سیاسەتەكانیدا، بەتایبەتیش دوای داڕمانی دەنگەكانی حزب لە دواین هەڵبژاردندا. ناكۆكیەكانی ناو یەكگرتوو بەشێوەیەكی كەم دەكەونە بەردەست میدیاكان، پتەویی رێكخستن‌و پەیكەری رێكخراوەیی یەكگرتوو وایكردووە ناڕازییەكان، نەتوانن بە ئاشكرا بۆ میدیاكان باس لە ووردەكاری بۆچوونە جیاوازەكان‌و كێشەو گرفتەكانی حزبەكەیان بكەن، رەنگە پابەندبوونی ئایینی‌و پەروەردەیی ئەو حزبە، پاڵنەری سەرەكی بێت لەم بوارەدا. هەر پرسی كۆنگرەدا یەكگرتوو لە كۆنگرەی شەشەمی خۆیدا رەچەشكێنیەكی تری كرد، كاتێك بۆ یەكەمجار لە دوای راگەیاندنییەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادینی لە ئەمیندارێتی حزب لابرد، بەڵام لەم رەچەشكێنیەدا شكستی هێنا‌و دوای چوار ساڵ جارێكی تر سەلاحەدین بەهادین گەڕایەوە بۆ ترۆپكی حزب، لەماوەی (25) ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا (21) ساڵی سەلاحەدین بەهادین ئەمیندار بووە‌و تەنیا بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو پۆستەی جێهێشتووە كە (محەمەد فەرەج) ئەو چوار ساڵەی بەڕێوەبردووە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف -نامیق رەسوڵ دواجار وادەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاریكرا، دوو ژن لەسەر كورسی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ململانێدان، یەكێكیان لەچكەكەی سەری، ئەوی تریان پاشناوەكەی (تاڵەبانی) بووەتە خاڵی لاواز بۆی. بەپێی ئەو رێككەوتنەی ئەمڕۆ لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كرا، دوای سێ مانگ راوەستان، رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی دووەم دەكات، كە بەپێی یاسا دانیشتنەكە درێژكراوەی دانیشتنی یەكەمە‌و تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی، بە سەرۆكایەتی (رێڤینگ هروری) بەتەمەنترین ئەندامی خولی پێنجەم، یەكەم كۆبونەوەی خۆی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا تەنیا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد‌و بەهۆی ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان لایەنەكان نەكرابوو، دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردرا‌و كۆبونەوەكە بەكراوەیی هێڵرایەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێش كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێككەوتنێكی سیاسیدا كاندیدی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلادەكەنەوە. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی كراوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ پێكهاتەكان دەبێت. كێ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان؟ یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوو كاندیدی هەیە كە هەردوكیان ژنن‌و ئەندامی سەركردایەتی حزبن.  (بێگەرد تاڵەبانی)  ئەم ژنە كە لە خولی پێشوودا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی‌و لە كۆتایی خولەكەشدا ماوەیەك سكرتێری پەرلەمان بووە، خاڵی لاوازی بێگەرد تاڵەبانی ئەوەیە لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا پێگەی لاوازە، ئەنجومەنێك كە بڕیارە كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان یەكلابكاتەوە. بێگەرد تاڵەبانی هاوكات لەناو فراكسیۆنی یەكێتیشدا لە پەرلەمانی كوردستان كە بەخۆیەوە ژمارەیان (21) ئەندامە پێگەی لاوازە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) تەنیا (5) ئەندام پشتیوانی دەكەن بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان. (درەو میدیا) زانیویەتی، رەنگە دواجار بێگەرد تاڵەبانی لە ململانێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكشێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدەكان یەكلابكرێتەوە، لە حاڵی كشانەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، لە پەرلەمانی كوردستان نامێنێت‌و چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی وزارییە.  بەڵام خاڵی بەهێزی بێگەرد تاڵەبانی ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی دەكات لەناو یەكێتیدا ئەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، بەوپێیەی ئەو لە خولی پێشوودا سەرسەختانە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد كە مەسعود بارزانی رێبەرایەتی دەكرد، هاوكات بەبێ رەزامەندی فراكسیۆنەكەی خۆی، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی لەناو پەرلەمان تێپەڕاند كە بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی بە هاوبەشی پرۆژە یاساكەیان ئامادەكردبوو.  بێگەرد تاڵەبانی خاڵی بەهێزی تریشی هەیە، لەوانە سەربە بنەماڵەی تاڵەبانییە كە ئێستا ئەو بنەماڵەیە خاوەنی دەسەڵاتی گەورەن لەناو یەكێتیدا، بەڵام وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت لەلایەن تاڵەبانییەكی ترەوە كە (قوباد تاڵەبانی)یە، رەنگە ببێت بە خاڵی لاواز بۆ بێگەرد تاڵەبانی، چونكە ئەگەر بنەماڵەی تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت ببەن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ باڵێكی تری یەكێتی دەبێت. (رێواس فایەق) ئەم ژنە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەوە پشتیوانی دەكرێت، لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا پاڵپشتی گەورەی هەیە، زیاتر لە (20) ئەندامی سەركردایەتی پاڵپشتی دەكەن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت. یەكێكی تر لە خاڵە بە هێزەكانی رێواس فایەق، وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، چونكە ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆسرەت رەسوڵ دەمێنێتەوە. هاوكات لەناو فراكسیۆنی یەكێتیدا رێواس فایەق پشتیوانی زۆری هەیە‌و زیاتر لە (15) ئەندام پاڵپشتی دەكەن. لەبەرامبەردا رێواس فایەق لای پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی نییە، ئەمە لەلایەك بووە بە خاڵی هێز بۆی، لەلایەكی تر خاڵی لاواز، لێدوانەكانی ئەم ژنە بەرامبەر بە پارتی وایكردووە لای پارتییەكان دڵگیر نەبێت، ڤیتۆی پارتی لەسەر رێواس فایەق رەنگە دواجار بە سود بۆ ئەو كۆتایی بێت، چونكە ئێستا لەناو یەكێتی رەوتێك دروستبووە كە پشتیوانی ئەو كەسانە دەكەن كە پارتی ڤیتۆی لەسەریان هەیە، هاوشێوەی ئەوەی لەناوی ئەندامانی وەفدی دانوستاكاری یەكێتیدا لەگەڵ پارتی رویداو دواجار یەكێتی ڤیتۆكەی پارتی شكاند. رێواس فایەق ژنێكی باڵاپۆشە، رەنگە لەچكەكەی سەری كاریگەری هەبێت لەسەر دانانی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا، پارتی‌و هەندێك لە كەسایەتییەكانی ناو یەكێتی پشتیوانی ئەوە ناكەن كەسێك لە پۆستێكی باڵای هەرێمی كوردستاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە لەچكەوە دەركەوێت. دوو جێگرەكە لە كۆتایی خولی چوارەمدا، پەرلەمانی كوردستان پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، لەو پیڕەوەدا پۆستی سكرتێری پەرلەمان لابراو لەبری ئەو پۆستی (جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) دانرا. بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ پارتی دەبێت، كاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە مشتومڕی لەسەر نییە‌و (هێمن هەورامی) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییە، پارتی بە دانانی هێمن هەورامی دەیەوێت پاڵپشتێكی بەهێز بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا جێگیر بكات. پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دانراوە بۆ پێكهاتەكان‌و پارتی سورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە بدرێت بە پێكهاتەكان‌و لەماوەی دوو ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمدا دەدرێت بە كەسایەتییەكی توركمانی كە پێی زانیارییەكان (ئایدن مەعروف) پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی پۆستەكە وەردەگرێت، بۆ دوو ساڵەكەی تریش دەدرێت بە پەرلەمانتارێكی مەسیحی.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت  لە یەك رۆژدا سەرۆكی هەرێم‌و پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێردرێت، ئەمە كرۆكی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستاتن‌و یەكێتی نیشتمانییە،  لەم رێككەوتنەدا بزوتنەوەی گۆڕان (ستاند بای) كرا، (درەو میدیا) وردەكاری رێككەوتنەكە ئاشكرادەكات. ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی  لە هەولێر كۆبونەوە. كۆبونەوەكە بڕیاری كرداری تێدا درا سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، پارتی‌و یەكێتی بەر لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، رێككەوتنێكی سیاسی ئیمزا دەكەن. لەو رێككەوتنە سیاسییەدا، تەواوی پرسەكانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك‌و پۆستی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق یەكلادەكرێتەوە. رێككەوتنە سیاسییەكە ! (درەو میدیا) زانیویەتی، هەفتەی داهاتوو، لیژنەیەكی هاوبەش، دەقی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی ئامادە دەكات، واتا بەر لە رۆژی 18ی مانگ كە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، لە رێككەوتنەكەدا ناوی كاندیدەكانی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و كاندیدی پۆستی وەزیری دادی عێراق یەكلادەكرێتەوە. هەر لەو رەشنوسەدا كە ئامادە دەكرێت بۆ رێككەوتنە سیاسییەكە، جگە لە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، بەرنامەی حكومەت‌و چۆنیەتی شەراكەتی نێوان پارتی‌و یەكێتی یەكلادەكرێتەوە. پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە؟ بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە ئەمڕۆ لەنێوان پارتی‌و یەكێتی كرا، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی 18ی مانگ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، لە هەولێر كۆدەبێتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، گواستنەوەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەولێر، وەكو دڵنەواییەكی یەكێتی بووە بۆ پارتی‌و بەشداربوونی ئەندامەكانی پارتیش لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ شكاندنی مەرجەكەی یەكێتییە كە وتویەتی بەبێ چارەسەركردنی پرسی پارێزگاری كەركوك بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا ناكات. بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەو رێككەوتنەی كە بڕیارە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی ئیمزا بكرێت، یەكێتی چارەنوسی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەستوەتەوە بە چارەنوسی پارێزگاری كەركوكەوە، واتا تاوەكو پارتی پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك نەكات، نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی پارتییە، ناتوانێت ببێت بە سەرۆكی هەرێم. پێشتر لە رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح لەدرەوەی رێككەوتنی سیاسی وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشایەوە.   رێككەوتنەكە چۆن جێبەجێ دەكرێت؟ بەر لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی ئیمزا دەكرێت، رۆژی 18ی مانگ لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا یەكەمین هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەنرێت، هەنگاوی دووەمی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگ‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان كۆبونەوەیەكی تایبەت دەكات بەمەبەستی هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە دابەشكراوەكان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هاوكات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك، ئەم هاوكاتبوونە بەهۆی ئەوەیە یەكێتی‌و پارتی هێشتا متمانەی تەواوەتییان بە یەكتر نییە، واتا ئەگەر لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارتی دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار نەدات، یەكێتیش لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بۆ نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نادات.   پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان  بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشدەكرێن: •    پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی •    پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی •    پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەكان   سەرۆكایەتی حكومەت پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە پارتییە یەكلابوەتەوە‌و مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەت دەكات، پارتی كە پێشتر وەكو گوشارێك بۆسەر یەكێتی باسی لەوە دەكرد جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیاد بكرێت، ئێستا یەكلابوەتەوە كە سەرۆك وەزیران یەك جێگری هەبێت‌و ئەو پۆستەش بۆ یەكێتی دەبێت (قوباد تاڵەبانی).   پۆستە وزارییەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان، هێشتا پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتوەنەتە رێككەوتنی كۆتایی، پارتی پۆستەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و وەزارەتی ناوخۆی بۆخۆی داناوە، پێدەچێت (ئاشتی هەورامی) بۆ ماوەی یەك ساڵ لە شوێنی خۆی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بمێنێتەوە، چونكە كێشەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بەستراوەتەوە بە پرۆسەی نەوتەوە، سەرباری ئەوەش ئەو رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەبارەی نەوت‌و بودجەوە بۆ ماوەی یەك ساڵە‌و تەنیا ئاشتی هەورامی دەتوانێت ئیدارەی ئەو دۆسیەیە بدات كە خۆی پێشتر ئەندازیاری بووە. یەكێتی سەرەنجی لەسەر وەگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆیە، ئەگەر پارتی دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ ببیت، پۆستەكە لە یەكێتی دەدرێت بە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)، بەڵام پێناچێت پارتی وەزارەتی ناوخۆ بۆ یەكێتی بەجێبهێڵێت. پۆستی وەزارەتی داراییش یەكێكە لەو پۆستە وزارییانەی كە پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێدا لە دەستی خۆیدا بێت، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر پارتی ئەو پۆستە زامن بكات، بۆ ماوەی یەك ساڵی تەمەنی وەزارەتەكە (رێباز حەملان) لە پۆستەكەیدا دەهێڵێتەوە، ئەمەش بەهەمان هۆكاری مانەوەی ئاشتی هەورامی.   پشكی گۆڕان لە حكومەت بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێكی لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا پێنادرێت. لە حكومەت، بزوتنەوەی گۆڕان پۆستێكی سیادی‌و دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری وەردەكرێت لەنێوان دوان لەم سێ پۆستە وەزارییەدا: •    وەزارەتی شارەوانییەكان •    وەزارەتی پەروەردە •    دەستەی وەبەرهێنان لە وەزارەتە سیادییەكەدا، یەكلانەبوەتەوە ئاخۆ وەزارەتی پێشمەرگە یان وەزارتی دارایی بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدرێت، ئەگەر وەزارەتی دارایی بەر گۆڕان بكەوێت‌و پارتی لێی بكشێتەوە، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە بریتی دەبێت لە هەریەكە لە (ئاوات شێخ جەناب) لێپرسراوی ژوری كارگێڕی‌و دارایی بزوتنەوەی گۆڕان‌و (هاوار شێخ رەئوف) بەڕێوەبەری پێشووی بانكە بازرگانییەكان لەسەر پشكی گۆڕان. سەرباری ئەمانە، بڕیارە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەم خولە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی چاودێری دارایی مانگانە بڕی (405 ملیۆن) دیناری بۆ دابینكراوە، كاندیدی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (مستەفا سەید قادر)ە وەزیری پێشووی وەزیری پێشمەرگەیە.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ   نەجیب بوكیلە، كە بە زمانی ئیسپانیی بە " ناییب بوكیلی" ناودەبرێت، و بەرەگەز فەلەستینییە، سەركەوتنی خۆی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆر راگەیاند، دوای جیاكردنەوەی زۆرینەی دەنگەكان. بوكیلە كە پێشتر سەرۆكی شارەوانی "سان سلڤادۆر"ی پایتەخت بوو بەڵێنیدا  بە نەهێشتنی گەندەڵی و مافیاكانی تاوان لە وڵاتێكدا زۆترین رێژەی تاوانی كوشتنی تێدا تۆماركراوە. بوكیلە پێش راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردن لە وتەیەكیدا بۆ لایەنگرانی وتی:" ئێمە ئێستا مێژوو دروست دەكەین، دەتوانین بەوپەڕی متمانەوە سەركەوتنمان بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی كۆمار رابگەیەنین". لە بەیت لەحمەوە بۆ سلڤادۆر نەجیب بوكیلەی تەمەن 37 ساڵ لە باوكێكی فەلەستینی و دایكێكی سلڤادۆری لە دایكبووە و ئەحمەد بوكیلەی باوكی لە شاری بەیت لەحم لە كەرتی خۆرئاوای فەلەستین كۆچی كردووە بۆ سلڤادۆر كە دەكەوێتە نێوان هەردوو وڵاتی گواتیمالا و هندۆراسەوە لە ئەمریكای ناوەڕاست. ئەحمەد بوكلیە وەك سەرمایەدارێكی بەناوبانگ لە نێوان رەوەندی فەلەستینیدا بەوە بەناوبانگ بووە كە كاری كردووە بۆ پرسی فەلەستین لە سلڤادۆر و پشتیوانی گەلەكەی بووە و مزگەوتێكیشی لە سان سلڤادۆر بونیادناوە و دواتر نازناوی " ئیمامی سلڤادۆر"ی پێدراوە.                                               بوكیلە لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لایەنگرانی وێنەی سێڵفی دەگرێت " مایەی مشتومڕ" نەجیب بوكیلە جگە لەزمانەكانی عەرەبی و ئیسپانیی، زمانی ئینگلیزیش دەزانێت و ساڵی رابردوو وەك سەرۆكی شارەوانی سان سلڤادۆر لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بە رەسمی سەردانی ئیسرائیلی كرد و ئەوەش توڕەییو نیگەرانی فەلەستینییەكانی لێكەوتەوە. بە گوێرەی فەرمانگەی كاروباری ئاوارەكانی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی، سەردانەكەی بوكیلە ناڕەزایەتی توندی فەلەستینییەكانی وڵات و تاراوگەی لێكەوتوەتەوە، چونكە ناوبراو كوڕی پیاوێكە كە كاری زۆری لە پێناوی پرسی گەلی فەلەستیندا كردووە، بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی كە بەشداری مەراسیمی ئاینی جولەكەكان دەكات لە دیواری بوراق و مۆنۆمێنی هۆڵۆكۆست لە شاخی هێرتزل لە قودس. فەلەستینییەكان باوەڕیان وایە كە ئەو رەفتاری بوكیلە دانپێدانانە بە مافی ئیسرائیل بەسەر شوێنە پیرۆزەكانەوە و هەروەها رەخنەی ئەوەشیان لێگرت كە لە لەبەردەم مۆنۆمێنی هۆڵۆكۆستدا گریاوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە نەهامەتی فەلەستینییە مەسیحیی و موسوڵمانەكان بدات.                                                                 لایەنگرانی بوكیلە ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن " بردنەوەیەكی مێژوویی" نەجیب بوكیلە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆردا، سەركەوتنیێکی مێژوویی بەسەر دوو حزبە تەقلیدییەكەی ئەو وڵاتەدا تۆماركرد، كە لە ساڵی 1992 ەوە و دوای كۆتایی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە نۆرە دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست. حزبەكەی نەجیب كە بە هاوپەیمانی نیشتمانی گەورە " گانا" ناودەبرێت،  لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا بەسەر هەریەك لە پارتی" بەرەی فارابۆندۆ مارتی" چەپڕەو و پارتی " هاوپەیمانی نیشتمانی كۆماری" كۆنسێرڤاتیڤدا سەركەوت و گەڕەی دووەمیش ئازاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت. ساڵی 2015 بۆ 2018 بوكیلە وەك نوێنەری بەرەی فارابۆندۆ مارتی بۆ رزگاریی نیشمانی سەرۆكی شارەوانی سان سلڤادۆری پایتەخت بوو، بەڵام دواتر لەو حزبە دەركرا و هاوپەیمانێكی نوێی بەناوی "بیری نوێ" پێكهێنا كە پارتێكی راستڕەوە و 11 كورسی پەرلەمانی هەیە. ئەگەر بوكیلە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتەی سلڤادۆر بباتەوە، ئەوا دەبێتە شەشەم سەرۆكی ئەو وڵاتە لە دوای كۆتاییهانی شەڕی ناوخۆوە. بوكیلە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا كە وەبەرهێنانی زیاتر بكات لە كەرتی پەروەردە و فێركردن و نەهێشتنی گەندەڵی و بەهێزكردنی ئاسایشی وڵات، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە بەدەست زۆری مافیاكانی تاوانكارییەوە دەناڵێنێت. بوكیلە خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە بە تایبەتی نەوەی نوێی سلڤادۆر كە دەخوازن وڵاتەكەیان گرنگی بە كەرتی فێركردن و سەقامگیركردنی ئاسایش بدات. رێژەی بەرزی تاوان لە گرنگترین ئەو ئاڵنگاریانەی كە رووبەڕووی بوكیلە دەبێتەوە، سنوردانان و كەمكردنەوەی باند و مافیاكانە كە بەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بڵاوبونەتەوە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر تاوانی جۆراوجۆ بە تایبەتی كوشتن تۆماردەكرێت. وڵاتی سلڤادۆر، یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین توندوتیژی و هەڕەشە و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان و كوشتنی تێدایە و ساڵانە هەزاران كەس لە دانیشتوانەكەی كە ژمارەیان شەش ملیۆن كەسە بەرەو ئەمریكا كۆچدەكەن بەهۆی بڵابوونەوەی هەژاری و تاوانانەوە. مانگی تشرینی یەكەم و دووەمی 2018 كاروانێكی سێ‌ هەزار كەسی لە خەڵكی سلڤادۆر گەیشتە ئەمریكا و ئەوەش توڕەیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە. سەرچاوە: بی بی سی


راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف  لە فەرهەنگی كۆمپیوتەردا (ستاند بای- Stand by) بەو پرۆسەیە دەوترێت كە كۆمپیوتەر دەخرێتە حاڵەتێكەوە كە (نە راوەستاوە‌و نە كاردەكات)، بەواتایەكی تر ئامێرەكە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی هەر فەرمانێك، بەڵام بەكاربەر ئاماژەی ئەوەی پێداوە كە جارێ‌ نایەوێت كاری پێبكات، ئەمە لە دۆخی سیاسی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی دەچێت لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان. زیاتر لە (4) مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، وەكو ئەوەی لە رۆژانی دوای هەڵبژاردن‌و سەركەوتنە گەورەكەی چاوەڕوانی دەكرد، نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت بەئاسانی پێكبهێنێت. رەنگە پارتی پێشبینی ئەو بارودۆخەی كردبێت كە ئێستا لەگەڵ یەكێتی تێیكەوتووە، بۆیە هەر لە سەرەتاوەی دەرگای حكومەتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان واڵا كرد. یەكێتی‌و پارتی لەماوەی كەمتر لە (10) رۆژدا دووجار وادەی كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی هەڵوەشاوەتەوە، كۆبونەوەیەك كە بەپێی زانیارییەكان بڕیارە تێیدا خاڵ بخرێتەسەر پیتەكان‌و بەڕاشكاوی هەردولا پرسی پشك‌و پۆستەكان یەكلابكەنەوە. بڕیارە سبەینێ كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەڕێوەبچێت، یەكێتی داوای رێككەوتنێكی سیاسی پێشوەختە دەكات لەگەڵ پارتی پێش ئەوەی رێككەوتن لەسەر كابینەی نوێی حكومەت بكرێت، پارتیش داوا دەكات رێككەوتنی سێقۆڵی بكرێت واتە رێككەوتنێك لە نێوان (پارتی- یەكێتی- گۆڕان). سەرباری ئەمانە یەكێتی دەیەوێت بە كلیلێك تەواوی دەرگا داخراوەكان بكاتەوە، بۆ ئەوەش داوا دەكات كەیسی كەركوك و بەغداد تێكەڵ بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بكات، لە كەركوك یەكێتی دەیەوێت پۆستی پارێزگار بۆ خۆی یەكلا بكاتەوە، لە بەغدادیش پۆستی وەزارەتی داد هێشتا لەسەر مێزی دانوستانەكانەو یەكێتی چاوی لەسەریەتی. بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا) تا ئەم ساتەش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی كەیسی كەركوك‌و بەغداد لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم چارەسەربكات بەیەك پاكێج، بەڵام ئەگەر پارتی مل بەخواستەكانی نەدات، رەنگە یەكێتی بەبێ كەیسی كەركوك‌و بەغدادش لەگەڵ پارتی رێككەوتن لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەت بكات‌و ئەوكات هاوشێوەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستەكانی پارێزگاری كەركوك‌و وەزارەتی دادی عێراق یەكلابكاتەوە، واتا بەبێ رێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ پارتی.  پارتی‌و گۆڕان دواین كۆبونەوەی نێوان پارتی‌و گۆڕان رۆژی 22ی مانگی رابردوو لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆبونەوەیەدا بۆ یەكەمجار هەردوولا لەبارەی پشك‌و پۆستەكان لەكابینەی نوێ قسەیان كرد. وەفدی گۆڕان لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانەوە داوایكرد، لە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا پۆستی پێبدرێت، بەشێوەیەك لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتییەوە تا دەگاتە پۆستی وەزارەت پێكەوە‌و لەیەككاتدا بدرێت بە گۆڕان، بەڵام وەفدی پارتی ئەم خواستەی گۆڕانی قبوڵ نەكرد. پارتی كە لەسەرەتاوە بە موجامەلەیەكی گەرموگوڕ لەگەڵ گۆڕان دەستیپێكرد، بۆیە یەكەمجار لە كۆبونەوەی 22ی مانگی رابردوودا بە راشكاوانە گفتوگۆی لەگەڵ وەفدی گۆڕانكردو بەڵێی بۆ هەموو خواستەكانی گۆڕان نەكرد، پارتی بەم هەنگاوە گۆڕانی (ستاند بای) كرد، رەنگە بەپلەی یەكەم هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە پارتی تا لەگەڵ یەكێتی پشكەكان یەكلانەكاتەوە، نەیەوێت هیچ بەڵێنێك لەبارەی پۆستەكان بە گۆڕان بدات. بزوتنەوەی گۆڕان بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات، پۆستێك كە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەدەست قوباد تاڵەبانییەوە بووەو ئێستاش یەكێتیەكان چاویان لەسەریەتی. بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆكانیدا بە وەفدی پارتی وتووە، لە خولی پێشوودا یەكێتی هێزی سێیەم بووە لە هەڵبژاردندا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە، ئێستا گۆڕان هێزی سێیەمەو داوای هەمان پۆست دەكات، یاخود لانی كەم بەپێی هەمان لۆژێك هێزی سێیەم دەبێت جێگری یەكێك لە سێ سەرۆكایەتییەكەی بەركەوێت.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی بەنیازە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بدات بە گۆڕان، سوربونی گۆڕان لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت رەنگە بەشێكی وەك كارتی فشار بێت بەمەبەستی زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەتایبەتی لە كاتێكدا یەكێتی چاوی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیشە، بەو پێیەی ئەو كەسەی لەسەر ئەو كورسییە دادەنیشێت دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و سەرۆكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی یەكێتی.   پارتی‌و كۆمەڵ  دوای چاوەڕوانییەكی زۆری كۆمەڵی ئیسلامی، دواجار كۆتایی مانگی رابردوو وەفدێكی مەكتەبی سیاسی سەردانی مەكتەبی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی كرد لە هەولێر. (درەو میدیا) رۆژی سەردانەكە، ئاشكرایكرد، وەفدی پارتی لەسەر دەستپێشخەرییەكی فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان سەردانی كۆمەڵیان كردووە، بەمەبەستی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب، كە لە چوار ساڵی رابردوودا تاڕادەیەك بەقۆناغێكی ئاڵۆزدا تێپەڕی. لەو كۆبونەوەیەدا باسی پرسی بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەت نەكرا، هەرچەندە تائێستا كۆمەڵ خۆی یەكلانەكردوەتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن. كاراكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان پارتی‌و كۆمەڵ لەم كاتەدا وەكو كارتێكی تری فشاری پارتییە بۆسەر یەكێتی، پارتییەكان بەوە پەیامێكیان بە یەكێتی دا، ئەگەر بەزویی بەدەم پرسی پێكهێنانی حكومەتەوە نەیەن، هێزی تر هەن دەتوانن پۆستەكانتان لە حكومەت پڕبكەنەوە، هاوشێوەی ئەوەی لە خولی پێشووی پەرلەماندا رویدا، كاتێك یەكێتی درەنگ دەستی بە شەمەندەفەری حكومەتەوە گرت، پارتی بەشێوەی كاتی پۆستی سكرتێری پەرلەمانی دا بە كۆمەڵی ئیسلامی (فەخرەدین قادر)‌و دواجاریش فەخرەدین قادر بۆ یەكێتی نەكشایەوە‌و تا ئەوكاتەی خۆی دەستی لەكاركێشایەوە لە پۆستەكەیدا مایەوە. یەكێتی لە پەیامەكەی پارتی تێگەیشت كە كۆمەڵی ئیسلامی (ستاند بای) كردووە بۆ بەشداریپێكردنی لە حكومەت، رەنگە ئەمە هۆكارەكەبێت بەمدواییە ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی هەوڵێكیان دەستپێكردووە بەمەبەستی ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ كۆمەڵ، یەكێتی دەیەوێت بەو رێككەوتنە كارتی كۆمەڵ لە دەستی پارتیدا بسوتێنێت. پارتی‌و یەكگرتوو پارتی بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت‌و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، جارجارە دێوەزمەی یەكگرتووی ئیسلامیش پیشانی یەكێتی دەدات. دەروازەی چونەناوەوە لە دەرگاكەی یەكگرتووەوە سەرەتا لە كەیسی كەركوكەوە دەستیپێكرد، كۆتایی مانگی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی بانگهێشتی هاوینەهەواری پیرمام كرد. (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، بارزانی‌و سەلاحەدین بەهادین لەو كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگار لە كەركوك قسەیان كردووە، رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت سەربە یەكگرتووە، تاڵەبانی ئێستا كلیلی چارەسەری یاسایی پۆستی پارێزگاری كەركوكە، رێبوار تاڵەبانی كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە هەولێر دەژی، ئەگەر سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، بەشێك لە بەربەستەكانی بەردەم یەكێتی لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ چارەسەردەكات. لەسەر كەركوك، پارتی‌و یەكێتی بەمدواییە ئاڕاستەی جموجوڵە سیاسییەكانیان كردوەتە یەكگرتووی ئیسلامی، سەرباری ئەوەی یەكگرتوو پێشوەختە بڕیاریداوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو بەشداری حكومەت نەكات‌و ئۆپۆزسیۆن بێت، بەڵام لەڕێگەی كەیسی كەركوكەوە پارتی‌و یەكێتی هەردوكیان خەریكە رایدەكێشنەوە بۆناو گەمە سیاسییەكەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم. 


( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت دەیانەوێت هێزەكانیان لە عێراق بۆ چاودێریكردنی ئێران بهێڵنەوە و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی ترەمپ دەكات و رایدەگەیەنێت لە پەرلەمانەوە كۆتایی بە بوونی هێزە بیانییەكان و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەهێنن. " پارەی زۆمان خەرجكردووە" ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " سی بی ئێس" ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند: ویلایەتە یەكگرتووەكان پارەیەكی زۆری لە بونیادنانی بنكەیەکی سەربازیدا لە عێراقدا خەرجكردووە و  بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق گرنگە بۆئەوەی بتوانرێت چاودێری ئێران بكرێت". ترەمپ جەختیشكردەوە، ئارەزوی ئەو بۆ هێشتنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئەوەیە دەیەوێت چاودێری ئێران بكرێت، چونكە ئەو وڵاتە كێشەیەكی راستەقینەیە و وتی:" هەموو ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە بتوانین چاودێری بكەین، بنكەیەكی سەربازیی گرنگ و پڕ خەرجییمان لە عێراق دامەزراندووە، پێگەیەکی نمونەییە بۆ چاودێریكردنی هەموو ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆز ئەوەش باشترە لە پاشەكشێكردن". دەربارەی سوریاش ترەمپ لەو چاوپێكەوتنەدا بەڵێنیدا جارێكی تر هێزەكانی ئەمریكا بگەڕێنەوە بۆ سوریا، ئەگەر داعش ناوچەكانی كە پێشتر داگیری كردبوون كۆنترۆڵبكاتەوە و ئاماژەیبەوەشدا " واشنتۆن فڕۆكەی خێرای هەیە و دەتوانێت بەزووترین كات بگەڕێتەوە سوریا". ئاشكراشیكرد بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بنكە سەربازییەی عێراق و هەندێكیشیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریكا. "بە یاسا هێزەكانی ئەمریكا دەكەینە دەرەوە" وتەكانی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی مانەوەیان سوپای ئەمریكا لە عێراق، هاوشێوەی سەردانە كتوپڕەكەی بۆ بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە سەرەتای ئەمساڵدا بەبێ‌ بینینی هیچ بەرپرسێكی عێراقی، كاردانەوە لێكەوتەوە. لە یەكەم كاردانەوەدا حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتەكانی ترەمپی ئیدانەكرد و رایگەیاند وتەكانی ترەمپ " پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری و ویستی نیشتمانی و دەستوری عێراقە كە جەختدەكاتەوە نابێت عێراق ببێتە بنكەیەك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هیچ دەوڵەتێك". كەعبی كە سەر بەرەوتی سەدرە لە بەیاننامەیەكدا وتی:" جارێكی تر ترەمپ یاسا و دەستوری دەوڵەتی عێراقیی پێشێلكرد دوای سەردانەكەی پێشووی بۆ بنكەی عەین ئەسەد". جەختیشیكردەوە كە لەسەر هەموو لایەك پێویستە بە پەلە بكەونە جموجوڵ بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی ئەمریكا و رێگەنەدان كە عێراق بكرێتە بنكەیەك بۆ بەرپاكردنی شەڕ یان چاودێریكردنی دەوڵەتێك. لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكراشیكرد " پەرلەمان لە میانی وەرزی یاسادانانی داهاتوودا كاردەكات بۆ پەسەندكردنی یاسایەك كە كاركردن بە رێككەوتننامەی ئەمنیی لەگەڵ ئەمریكا كۆتایی پێدەهێنێت لەگەڵ كۆتاییهێنان بە بوونی راوێژكار و راهێنەرە سەربازییەكانی ئەمریكا و بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق. "پێویستە عەبدولمەهدی و بەرهەم ساڵح بێنە دەنگ" هاوكات پەرلەمانتار سەباح ساعدی، سەرۆكی كوتلەی چاكسازی و بونیاتنان داوای لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كرد كە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ترەمپ و پاراستنی سەروەریی عێراق . ساعدی لە بەیاننامەیەكدا داواشی لە عادل عەبدولمەهدی كرد هەتا ئەو كاتەی پەرلەمان پرۆژە یاسایەك بۆ كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پەسەنددەكات، رێوشوێنی پێویست بۆ سنورداركردنی جموجوڵی هێزەكانی ئەمریكا و هێزە بیانییەكان لە عێراق بگرێتەبەر.  


راپۆرتی: درەو میدیا    هەڵاوسانی ئابوری و بڕینی بەردەوامی وزەی كارەبا و كەمی خۆراك و دەرمان، قەیرانێكی سیاسی مەترسیداری لە ڤەنزوێلا دروستكردووە. بەهۆی ئەو قەیرانەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرفراوان ئەو وڵاتەی گرتەوە و خوان گوایدۆ، سەركردەی ئۆپۆزسیۆن خۆی وەك سەرۆكی كاتی و نەیاری سەرەكی نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی سۆسیالیستی وڵات راگەیاند و قەیرانە سیاسییەكە ئێستا قوڵتربوەتەوە. باسلەوەدەكرێت كە لە دەستپێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانەوە لە 21ی كانونی دووەمەوە تائێستا لانیكەم 40 كەس كوژراون و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هۆشداریدا لەوەی كە دۆخەكە خراپتر دەبێت و لە كۆنترۆڵ دەردەچێت ئەگەر چارەسەری پێویستی بۆ نەدۆزرێتەوە. بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییە سەختەی چەند ساڵێكە ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە زیاتر لە سێ‌ ملیۆن كەس بەهۆی برسیەتی و نەبوونی چاودێری تەندروستی و بێكاری و بڵاوبوونەوەی تاوانەوە ڤەنزوێلایان بەجێهێشتووە. با لە رێگەی چەند داتایەكەوە بڕواینە دۆخەكە لەو وڵاتەدا: 1-هەڵاوسانی ئابوریی گەیشتوەتە قۆناغێكی تۆقێنەر: گەورەترین كێشە كە هاوڵاتیان ڤەنزوێلا لە ژیانی رۆژانەیاندا رووبەڕووی دەبنەوە خۆی لەو هەڵاوسانە زەبەلاحەدا دەبینێتەوە كە ئابوری ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە. رێژەی هەڵاوسانی ئابوری لەدوای هەڵبژاردنی نیكۆلاس مادۆرۆوە بەشێوەیەكی خێرا و زۆر گەورە بەرزبووەتەوە، بە گوێرەی توێژینەوەیەك كە ئەنجومەنی نیشتمانی ئامادەیكردووە و ئۆپۆزسیۆن تێیدا باڵادەستە، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتوەتە لە سەدا 1300000و لەو 12 مانگەی پێش تشرینی دووەمی 2018 و بە هاتنی كۆتایی ساڵی رابردوو نرخی شمەك و كەلوپەل رۆژانە 19 جار زیادبووە، ئەوەش وایكرد ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا تەنها عەوداڵی ئەوەبن پێداویستییە بنەڕەتییەكانی وەك خۆراك و دەرمان و چارەسەریان دەستبکەوێت. هەروەها بەهای دراوی نیشتمانی " پۆلیڤار" بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی بە شێوەیەكی لە رادەبەدەر دابەزینی بەخۆیەوە بینی. 2- بەرهەمی ناوخۆ لە داڕماندایە: ڤەنزەوێلا یەكێك بوو لە دەوڵەمەندترین ئابوری لە ئەمریكای لاتینی بەهۆی یەدەگی نەوتەوە كە دەوترێت گەورەترین یەدەگە لە جیهاندا، بەڵام لە سایەی حكومی سەرۆكی كۆچكردووو هۆگۆ چاڤێز - ساڵی 2013 كۆچی دواییكرد- پاشان نیكۆلاس مادۆرۆ جێگەی گرتەوە، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و قەرزی زۆر بوونە هۆی داڕمانی ئابوری وڵات. هۆگۆ چاڤێز، سەرۆكی كۆچكردوو، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لە ساڵەكانی هەزارەی دووەمدا قۆزتەوە بۆئەوەی قەرزێكی زۆر بكات، هەروەها خەرجی حكومەتیش بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكرد و دوای ئەوەش لەمیانی خولی یەكەمی سەرۆكایەتی مادۆرۆدا، ئابوری ڤەنزوێلا داتەپی. خەڵكانێكی زۆر لۆمەی مادۆرۆ و حكومەتە سۆسیالیستییەكەی دەكەن و بەرپرسیارێتی خراپی دۆخی وڵاتەی دەخنە ئەستۆ، بەڵام مادۆرۆ دەیخاتە ئەستۆی وڵاتە ئیمپریالیستەكانی وەك ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و تۆمەتباریان دەكات بەوەی جەنگێكی ئابورییان دژی ڤەنزوێلا بەرپاكردووە، بەهۆی ئەوەی سزایان بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومەتەكەیدا سەپاندووە. هەروەها دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2016 دا رۆڵی هەبوو لە گەورەتربوونی قەیرانی ڤەنزوێلا، بە تایبەتی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. 3- دانیشتوان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن: هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و لە راپرسییەكی ساڵانەدا بۆ دۆخی گوزەران (Enconvi 2017) لە كۆی 10 كەس كە رایان وەرگیراوە، 8 كەسیان دەڵێن كە بەهۆی نەبوونی خۆراكەوە بڕێكی زۆر كەم خۆراك دەخۆن، هەروەها لە كۆی 10 كەس، شەیان دەڵێن كە بەهۆی بەئەوەی توانای كڕینی خۆراكیان نییە بە سكی خاڵی و برسیەوە دەخەون‌و رۆژدەكەنەوە. بێگومان كەمی خۆراكیش ئەنجامی نەرێنی لە رووی تەندروستی گشتییەوە لێدەكەوێتەوە و زۆرینەی هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا ( 64.3% ) دەڵێن كێشی لەشیان لە ساڵی 2017دا بە تێكڕای 11.3 كیلۆگرام كەمیكردووە، چینە هەژارەكانیش زۆرترین قورسایی ئەو دۆخە ناخۆشەیان كەوتوەتە سەرشان. هەروەها توێژینەوەی ( Econvi 2017)  ئەمانەی لەخۆگرتووە: * خۆراكی سەرەکی لەڕووی بڕ و جۆرەوە كەمدەبێتەوە. * لە كۆی 10 كەس 9 كەس لە دانیشتوان ناتوان رۆژانە ئەوەی پێویستیانە بیكڕن. * 8.2 ملیۆن هاوڵاتی ڤەنزوێلا لە رۆژێكدا تەنها دەتوانن دوو ژەم یان كەمتر نان بخۆن. *  ئەو خۆراكەی كە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا دەیخۆن ئاسن و ڤیتامینەكان و مادە سەرەكییەكانی تێدا نییە. لەئەنجامی ئەوە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا پەنا بۆخواردنی سەوزەكەنی و خۆراكی لەبیركراو بەرن كە لە رابردوودا بە " خۆراكی هەژارەكان" ناسرابوون و بەرهەمی رووەكی " ئەلیوكا"ی نرخ هەرزان، جێگەی پەتاتەی گرتوەتەوە و دەكرێت ئەلیوكا بكوڵێندرێت یان سوربكرێتەوە، و كۆمپانیای ماكدۆناڵدزیش ساڵی 2015 لە ڤەنزوێلا پەنای بۆ ئەوە برد كاتێك ئەلیوكا جێگەی پەتاتەی گرتەوە. 4- كەمی دەرمان: ڤەنزوێلا لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست بڵاوبوونەوەی زۆری نەخۆشی مەلاریاوە دەیناڵاند، لە كاتێكدا ئەو نەخۆشییە لە زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێیدا بەرەو نەمان دەچێت.ڤەنزوێلا ساڵی 1961 یەكەمین وڵات بێت كە نەمانی نەخۆشی مەلاریا رابگەیەنێت، بەڵام ئێستا لانیكەم لە 24 ویلایەتەكەی لە 10 ویلایەتی توشبوون بەو نەخۆشییە تۆماردەكرێت و رێكخراوی كەنەدی ناحكومی " ICASA " دەڵێت بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی دزەپێكراوی حكومەت ئاشكرایكردووە كە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە جۆری " پلازمۆدیۆن ڤیڤاكس"  لەخۆدەگرێت كە چارەسەری گران و قورسە. هەروەها رەوانگەی چاودێری تەندروستی ڤەنزوێلاش دەڵێت كە دەرمان و چارەسەری نەخۆشی مەلاریا بە هەموو جۆرەكانییەوە زۆر كەمبوەتەوە. خۆسێ‌ فیلیكس ئۆلیستا، پزیشكی پسۆری نەخۆشییە گوازراوەكان و وەزیری پێشووی تەندروستی دەڵێت پێشبینیدەكرێت كە ژمارەی توشبوان بە مەلاریا ساڵی 2018 بگاتە دوو هێندەی ژمارەی توشبوانی ساڵی 2017. ئەو وەزیرەی پێشوو دەڵێت:" ئەگەر حاڵەتەكە وەك ئەوەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت، ئەوا ژمارەی توشبوان لە ساڵێكدا دەبێتە بە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس، ئەو ژمارەیەش ئەوەیە كە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستدا لە ڤەنزوێلا هەبوو، بڵاوبوونەوەی مەلاریا لە ڤەنزوێلا لە كۆنترۆڵ دەرچووە". 5- دابەزینی نرخی نەوت: ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، و نەوت گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتەیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2003ەوە دوای راگەیاندنی مانگرتنی گگشتی هەتا 2008 ئاستی پارێزگاری لە ئاستی خۆی كردبوو، كاتێك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە ئەوپەڕی. ئامارەكانی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت " ئۆپیك" ئاماژە بەوەدەدەن كە ڤەنزوێی لەو ساڵەوە 60 ملیار دۆلار قەرزیكردووە. بەڵامم دابەزینی نرخی نەوت لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014- ساڵێك دوای مردنی هۆگۆ چاڤێز بە نەخۆشی شێرپەنجە-  گورزێكی جەرگبڕی لە دەستكەوتەكانی ئابوری وڵات وەشاند كە لە بنچینەدا پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت. بەهۆی ئەوەوە قەیرانێكی زۆر مەترسیدار ئەو وڵاتەی گرتەوە و كۆی بەرهەمی خۆماڵی بەرێژەی لەسەدا شەش كەمبوەوە و رێژەی هەڵاوسان بە شێوەیەكی گەورە بەرزبووە و لەو كاتەوە بەرهەمێنانی نەوت لە ڤەنزوێلا كەمبوەتەوە. ڤەنزوێلا بۆ هەناردەكردنی نەوت پشت بە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبەستێت و 41%ی كۆی بەرهەمی بۆ ئەو وڵاتە هەناردە دەكرد و لە 29ی كانونی دووەمی رابردوەوە، ئەمریكا سزای بەسەر كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ڤەنزوێلا " PDVSA " دا سەپاند و رایگەیاند داهاتی فرۆشی نەوتی ڤەنزوێی لە داهاتوودا بلۆكدەكرێت و رێگە نادرێت بگاتە دەست حكومەتی سەرۆك مادۆرۆ، بەڵاك وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ستیڤن مەنوچین وتی كە كۆمپانیاكە دەتوانێت خۆی لە سزاكان رزگاربكات كە ئەگەر دان بە سەرۆكایەتی خوان گوایدۆی سەركردەی ئۆپۆزسیۆندا بنێت. 6- ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان وڵات بەجێدەهێڵن: ریكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت لە ساڵی 2014ەوە نزیكەی سێ‌ ملیۆن لە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە و ژمارەیەكی زۆریان روویان لە كۆڵۆمبیای دراوسێ كردووە و بەشێكیشیان چونەتە ئیكوادۆر، پیرۆ‌و چیلی و ژمارەیەكیشیان چونەتە بەرازیل. بەڵام دیلسی رۆدریگز، جێگری سەرۆكی ڤەنزوێلا تانە لەو داتایەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەدات و دەڵێت ئەو ژمارانە زیادەڕەوییان تێداكراوە لەلایەن" وڵاتێكی نەیارەوە" زیادكراوە كە هەوڵدەدات بۆ دەستوەردانی سەربازی دژی ڤەنزوێلا پاساو بهێنێتەوە. 7- وڵاتانی جیهان دەربارەی ڤەنزوێلا دابەشبوون: هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و زیاتر لە 10 وڵاتی ئەمریكای لاتینی و كەنەدا پشتیوانی خۆیان بۆ سەركردەی ئۆپۆزسیۆن " خوان گوایدۆ" سەرۆكی هەڵبژێدراوی ئەنجومەنی نیشتمانی ڤەنزوێلا راگەیاندووە و ئەوەش  كێشەی بۆ دەسەڵاتی سەرۆك مادۆرۆ دروستكردووە كە كەمتر لە مانگێكە خولی دووەمی سەرۆكایەتی دەستپێكردوووە. هەریەك لە ئیسپانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا هەفتەی رابردوو رایانگەیاند دان بە سەرۆكایەتی  گوایدۆدا دەنێن ئەكەر لە ماوەی هەشت رۆژدا بانگەواز بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ نەكرێت. بەڵام روسیا پشتیوانی دەرەكی بۆ گوایدۆ ئیدانەكرد و رایگەیاند ئەو كارە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییەو رێگایەكی راستەوخۆیە بۆ خوێنڕشتن، هەروەها هەریەك لە چین و مەكسیك و توركیا و ئێران پشتیوانی لە نیكۆلاس مادۆرۆ دەكەن.   سەرچاوە:  Bbc arabic


( درەو میدیا): كاتێك دەڕوانیتە وێنەی روحوڵا خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئێران دوای بەسەربردنی 15 ساڵ لە تاراوگە، دەبینیت بە ژمارەیەك لە نزیكترین هاوپەیمان و دۆستەكانی دەورەدراوە، ئێستا ئەو كەسانە لە كوێن و چیان بەسەرهاتووە؟ كاتێك دەگەڕێیت بە دوای چارەنوسی ئەو كەسانەدا, دەردەكەوێت كە زۆرینەیان ساڵانی دوای گەڕانەوەیان مردون، یان كوژراون. ئەو كەسانە لە ساتی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا ساڵی 1979 لە سەركەوتووەكان بوون، بەڵام وەك دەوترێت هەمیشە شۆڕشەكان سەری رۆڵەكانیان دەخۆن، ژمارەیەكی زۆر لەوانە بە ماوەیەكی كورت دوای گۆڕانكارییەكانی شۆڕشەكە لە شانۆی سیاسی دووركەوتنەوە و دیارنەمان و تەنها یەكێكیان مایەوە. لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدەین چارەنوسی ئەو كەسانە بخەینەڕوو كە 40 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خومەینیدا گەڕانەوە بۆ ئێران. 1- مورتەزا موتتەهری:  موتتەهری كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئایدیۆلۆژی كۆماری ئیسلامی هەبوو، یەكێك بوو لە تیۆرسێنەكانی شۆڕشەكە و یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی شورای شۆڕشی ئیسلامی پێش روخانی رژێمی شا،  بەڵام یەكی ئایاری 1979 لە تاران تیرۆركرا، و گروپێكی ئیسلامیی بەناوی " فرقان" بەرپرسیارێتی خۆیان لە تیرۆركردنی راگەیاند، ئەم گروپە دژی گروپی كۆماری ئیسلامیی بوون و لێكدانەوەیەكی تریان بۆ ئیسلام هەبوو، كە هەندێك بە زۆر توندڕەو وەسفیدەكەن. 2- حەسەن لاهوتی ئەشكوری: ئەشكوری هاوپەیمانێكی نزیكی ئایەتوڵا خومەینی بوو، بەڵام دوای شۆڕش راستەوخۆ نزیك بوەوە لە ئەبولحەسەن بەنی سەدر سەرۆك كۆماری ئێران، ناكۆكی لەگەڵ خومەینیدا هەبوو كە ببوە فەرماندەی باڵای كۆماری ئیسلامیی، دوو ساڵ دواتر ئەشكوری رەوانەی كونجی زیندان كراو دوای چەند رۆژێك تێیدا گیانی لەدەستدا و خێزانەكەی دەڵێن كە ژەهرخوارد كراوە. 3- ئەحمەد خومەینی: كوڕی ئایەتوڵا خومەینی بوو، بە دەستەڕاستی دادەنرا, ئازاری 1995 بەهۆی نەخۆشی دڵەوە كۆچی دواییكرد، باوەڕوایە كە خێزانەكەی خومەینی لە رووی سیاسییەوە لە باڵی ریفۆرمخوازەكانەوە نزیكن. 4- سادق قوتبزادە: وەزیری دەرەوەی ئێران بوو دوای شۆڕش هەتا ئابی 1980،دوای تۆمەتباركردنی بە پیلانگێڕی بۆ تیرۆركردنی ئایەتوڵا خومەینی و نەهێشتنی كۆماری ئیسلامی ئەیلولی 1982 لەسێدارەدرا. 5- ئەبولحەسەن بەنی سەدر: یەكەم سەرۆك كۆمار دوای شۆڕشی ئیسلامی، لە ئێران هەڵات و ئێستا لە تاراوگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەژی، پەرلەمانی ئێران رۆژی 21ی حوەزیرانی 1981 بەبێ‌ ئامادەبوونی خۆی متمانەی لە بەنی سەدر سەندەوە و لە پۆستەكەی دووریخستەوە، بە تۆمەتی نزیكبوونەوە لە گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی. 6- سادق تەباتەبائی: زاوای ئەحمەد خومەینی بوو, دوای شۆڕشی ئیسلامیی چەند پۆستێكی حكومی گرتەدەست، لەوانە جێگری سەرۆك وەزیران لە حكومەتەكەی مەهدی بازرگان، بەڵام دواتر خۆی لە سیاسەت بەدوورگرت و شوباتی 2015 بە شێرپەنجەی سییەكان لە ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد كە لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا نیشتەجێی ببوو. 7- داریوش فروهەر: دەوترێت ئەویش لە وێنەكەدایە‌و ئەو كەسەی كە لە دواوە بەشێكی سەری دەركەوتووە، فروهەرە، دژی پێكهێنانی حكومەت بوو لە پیاوانی ئاینی و ساڵی 1998 خۆی و هاوسەرەكەی لەلایەن چەند كەسێكەوە تیرۆركران كە وەزارەتی ئیتیڵاعاتی ئێران بە " كەسانی هەڵگەڕاوە" وەسفكران. زۆرینەی ئەوانەی لەسەرەوە باسمانكردن, نزیك و هاوڕێی خومەینی بوون و لەو فڕۆكەیەدا بوون كە یەكی شوباتی 1979 خومەینی لە پاریسەوە گەیاندەوە تارانی پایتەختی ئێران, ئەو كەسانە بوونە قوربانی پێشهاتە سیاسییەكانی دواتر، دوانیان تیرۆركران و یەكێكیان لە سێدارەدرا و یەكێكی تریان لە بارودۆخێكی تەمومژاویدا كوژرا و یەكێكیشیان ئێستا لە تاراوگە دەژی. ئەوەی مایەی سەرنجە زۆرینەی ئەوانە لە نێویشیاندا خانەوادەكەی خومەینی دواتر خۆیان لەدەستەبژێری فەرمانڕەوای ئێران بەدوورگرت و ئێستا ئێران لەلایەن گروپێكی جیاوازەوە بەڕێوەدەبرێت كە هیچ كامیان نزیك نین لە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری ئێستای ئێران كە ئەویش لە وێنەكەدایە لەگەڵ خومەینی. سەرچاوە: بی بی سی 


راپۆرتی: نیاز عەبدوڵا هەڕەشەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 26ی كانوونی دووەم بەوەی "دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوە دەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزا دەدەرێن" بووە هۆكار بۆ دەستگیركردنی زیاتر لە 30 رۆژنامەوان و چالاكوانی مەدەنی لە دهۆك و دەستگیركردنی دەیان خۆپیشاندەری تر لە شێلادزێ و كۆمەڵگەی سیرێ. یەكێك لەو دەستگیركراوانە بەدەل بەرواری چالاكوانی مەدەنی و كارمەندی رێكخراوی فریاكەوتنی میللییە لە دهۆك. ئاری كوڕی بەدەل بەرواری چیرۆكی دەستگیركردنی باوكی گێڕایەوە و بە (درەو میدیا)ی وت "ئەوان نزیكەی 10 كەسی سەر بە دەزگای ئاسایش بوون، بە ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی مەدەنییەوە هاتنە بەردەرگامان و باوكمیان لەگەڵ خۆیان برد بەبی ئەوەی فەرمانی دادوەری پیشانبدەن یان پێشتر ئاگاداركردنەوەی لە پۆلیسەوە بۆ هاتبێت". ئاری تەمەن 26 ساڵ لەگەڵ گێڕانەوەی چۆنییەتی چیرۆكی دەستگیركردنی باوكی زوو زوو نیگەرانییەكانی دایكی و خێزانەكەی تێكەڵ بە قسەكانی دەكرد و دەیوت "دایكم زۆر نیگەرانە، چونكە ئاسایش ناهێڵێت بۆ یەك دەقیقە باوكم بیبینین یان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بكەین" و وتیشی "من باوكی خۆم دەناسم بەهیچ شێوەیەك تەنازوول بۆ شتی غەڵەت ناكات، بەڵام لەبەرئەوەی باوكم كەسێكی سەربەخۆیە لەگەڵ كەسە دەستگیركراوە سەربەخۆكانی تر كەس لە حیزبەكان بەرگری لە ئازادكردنیان ناكەن". ئاری كوڕی بەدەل بەرواری: لەبەرئەوەی باوكم كەسێكی سەربەخۆیە لەگەڵ كەسە دەستگیركراوە سەربەخۆكانی تر كەس لە حیزبەكان بەرگری لە ئازادكردنیان ناكەن بەپێی قسەكانی كوڕەكەی بەدەلی باوك دوای خۆیشاندانەكەی شێلادزێ و لێكەوتنەوەی شەهیدێك و 10 بریندار، لە دهۆكەوە چووە بۆ شێلادزێ بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی حوسێن رێكانی تەمەن 12ساڵ كە بە گوللەی هێزەكانی سوپای توركەكان شەهید كرا. بەڵام دوای ئەوەی لە هەژماری فەیسبوكی خۆی نووسیبووی "گروپێ خۆبەخشێن كوردستانێ دگەل گروپێ ماف ل رۆژا دووشەمبی 28-1 ل دەمژمێر 4ی ئیڤارێ ل نیڤا بازاڕێ دهۆك پاركا نەورۆز... خرڤەبوونەكێ دژی بۆمبارانكرنا خەڵكێ سڤیل ژ بالفرۆكێن توركی" ئەنجامدەدەن، خۆی و ئەو هاوڕێیانەی دەیانویست بەشداری بكەن‌ بەر لە دەستپێكردنی گردبوونەوەكە لە شوێنی جیاوازی دهۆك دەستگیركران و لە شوێنی جیاوازی زیندانەكانی ئاسایش لە دهۆك دەستگیركراون. شێروان شێروانی رۆژنامەنووس لەگەڵ هەریەك لە هاوڕێیانی چالاكوانی رێكان بەرواری و تاكوور بە مەبەستی بەشداریكردن لە گردبوونەوەكەی پاركی نەورۆز بەڕێوە بوون، بەڵام پێش گەیشتنە شاری دهۆك لە بازگەكەی دهۆك دەستگیركران و ئێستا لە زیندانی ئاسایشی زرگا زیندانیكراون. رووگەش عیزەدین جەباری هاوژینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، شێروان بەرلەوەی بڕوات پێیوتووە "من ئەڕۆم لەوانەیە دەستگیریشم بكەن و نەگەڕێمەوە"، رووگەشی خێزانی پێوتووە "كەواتە بۆ ئەڕۆی ئەی منداڵەكانمان؟" ئەویش وتوویەتی "ئەزانم دەمێكە چاوەڕوانی دەرفەتێكن تا بمگرن بەڵام ئەو خەڵگە غەدری لێكراوە ئەگەر بێدەنگبین ئەو خراپەیە ئەچێتە سەر". رووگەش عیزەدین جەباری هاوژینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی:  شێروان بەرلەوەی بڕوات پێیوتم ئەزانم دەمێكە چاوەڕوانی دەرفەتێكن تا بمگرن بەڵام ئەو خەڵگە غەدری لێكراوە ئەگەر بێدەنگبین ئەو خراپەیە ئەچێتە سەر لەناو دەستگیركراوەكانی شێلادزێ و دهۆك، مەلا ئەمین ئورەماری و ئەیاز كەرەم و كاوە و رێكان رەشید و سەفەر شاخی و چەندین كەس هەن كە پێشتر بەشێوەی جۆراو جۆر بە ئامانج كراون لەلایەن پارتی دیموكرات و سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە.  ویداد رەشید هاوژینی دلۆڤان زێباری دەستگیركراو كە لەشاری دهۆك نیشتەجێن، مەترسییەكانی خۆی بۆ (درەو میدیا) خستەڕوو و رایگەیاند "ئەمڕۆ لێكۆلینەوە لەگەڵ دلۆڤان و هاوڕێكانی دەستیپێكردووە و بڕیارە رۆژی یەك شەممە دادگایی بكرێن، بەڵام مەترسی و نیگەرانییەكان ئەوەن ئەوان بە رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی شێلادزێ و تێكدانی وڵات تاوانباركراون، لەكاتێك ئەو هیچ پەیوەندی بەو خۆپیشاندانانەوە نەبووە و خەمی ئەو باشی وڵاتە نەك تێكدانی". دوای بەدواداچوونەكانی بۆ رەوشی دەستگیركراوانی بادینان سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری كوردستان رایگەیاند "زیاتر لە ١٠٠ كەس داواكراو بوون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە و بەشێكیشیان ئازادكراون بەشێكی دیكەش لە دەستگیركراوان مانیان لەخواردن گرتووە كە رەنگە راگرتنی زیاتری ئەوان لە زیندان مەترسی لەسەر رەوشی تەندروستییان دروستبكات". لەناو دەستگیركراوەكانی شێلادزێ و دهۆك، مەلا ئەمین ئورەماری و ئەیاز كەرەم و كاوە و رێكان رەشید و سەفەر شاخی و چەندین كەس هەن  سیپان ئامێدی ئەو ماددە یاساییەی كە دەستگیركراوان پێی تۆمەتباركراون روونكردۆتەوە و وتوویەتی "ئەو كەسانەی دەستگیركراون بەپێی ماددەی ١٥٦ بووە لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە ئاسایشی نەتەوەیی و لە سێدارەدانی تێدایە، ئەوەش ماددەیەكی زۆر قورسە، چونكە ئەوان داوای مافێكی رەوای خۆیانیان كردووە و، داوا دەكەین پێداچوونەوە بەو ماددەیەدا بكرێت".  


راپۆرتی: درەو میدیا  بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی ئاسایشی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان چونەسەر ماڵی بەرپرسێكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارۆچكەی كۆڕێی سەربە مەسیف سەڵاحەدین. ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە هێزەكەی ئاسایش چونەتەسەر ماڵەكەی ناوی (هونەر عومەر كۆڕێ)یە‌و بەرپرسی بازنەی مەسیف- كۆڕێی بزوتنەوەی گۆڕانە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، هونەر عومەر وتی:" هێزەكەی ئاسایش چونەتە سەر ماڵی باوكم‌و سوكایەتی زۆریان بە دایكم كردووە‌و ماڵەكەیان پشكنیوە، هێزەكە بۆ دەستگیركردنی من هاتبوون، بەڵام من لەوێ نەبووم". لە كۆبونەوەكەی مەسیفدا باسكرا ! هونەر عومەر ماوەی چەند رۆژێكە گەڕاوەتەوە بۆ شارۆچكەكەی، وەكو خۆی دەڵێ، پێشتر‌و لە ساڵی 2013دا ئاسایشی ناوچەكە دەستگیریان كردووە‌و بۆ ماوەی 42 رۆژ زیندانیان كردووە، دوای ئازادكردنی ناچاریان كردووە لە كۆڕێ دانەنیشێت. بەپێی زانیارییەكان لە دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەبارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە مەسیف سەلاحەدین بەڕێوەچوو، باسی سزای سیاسی كراوە، لەوچوارچێوەیەدا وەفدی دانوسانكاری بزوتنەوەی گۆڕان داوایان لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە رێگە بە (هونەر عومەر) بەرپرسی بازنەی مەسیف- كۆڕێی بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت بگەڕێتەوە بۆ شارۆچكەكەی‌و كاری سیاسی خۆی بكات. لەسەر داوای وەفدەكەی گۆڕان، هونەر عومەر سەردانی فازل میرانی كردووە‌و میرانی لەگەڵیدا دانیشووە‌و ژمارەی تەلەفۆنی خۆی پێداوە بۆئەوەی ئاگاداری بكات لە هەر كێشەیەك كە دووچاری دەبێت، هاوكات فازل میرانی هێزە ئەمنییەكانی مەسیفی ئاگاداركردووە لەوەی كێشە بۆ هونەر عومەر دروست نەكەن‌و رێگری نەكەن لە گەڕانەوەی بۆ شارۆچكەكەی. فازل میرانی وەڵامی تەلەفۆن ناداتەوە دوای هەفتەیەك لەو بەڵێنە، هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە جارێكی تر چونەتەوە سەر ماڵی باوكی ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان. لەدوای روداوەكەی ئەمڕۆوە، لەسەر ئەو بەڵێنەی كە پێی دراوە، هونەر عومەر چەندجارێك پەیوەندی بە فازل میرانییەوە كردووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بكاتەوە لە رووداوی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵی باوكی، بەڵام میرانی وەڵامی پەیوەندییەكەی نەداوەتەوە. هونەر عومەر بە (درەو میدیا)ی وت:" دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیانییەوە چەندجارێك لەسەر دۆسیەكەی پەیوەندییان بە فازل میرانییەوە كردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەنەتەوە". ئەو بەرپرسەی گۆڕان پێیوایە، هۆكاری هێرشكردنەسەر ماڵەكەی‌و وەڵامنەدانەوەی فازل میرانی بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان، پەیوەندی بە ململانێی ناوخۆیی پارتییەوە هەیە، بەوپێیەی "فازل میرانی سەربە نێچیرڤان بارزانییە‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوچەكەش لەژێر كۆنترۆڵی مەسرور بارزانیدان". هونەر عومەر لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا كە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بووە. پارتی‌و گۆڕان لە مانگی هەنگوینیدا لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی ئاسایشی پارتی ژمارەیەك هەڵسوڕاوی تری بزوتنەوەی گۆڕانیان لە سنوری پارێزگای دهۆك دەستگیركرد، ئەم روداوانە لەكاتێكدان ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی بە قۆناغی "مانگی هەنگوینی"دا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، هەردوولا بۆچونەكانیان لە یەكتر نزیكە. لە چوار ساڵی رابردوودا، پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی لە خراپترین دۆخدا بوو، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوانیانەوە، پارتی وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد‌و رێگری كرد لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو.    


لەدوای ئەو قەیرانە داراییەی كە ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان سەریهەڵدا، جارێكی تر هاوشێوەی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو شەپۆلی كۆچكردن بۆ دەرەوە دەستیپێكردەوە، هەزاران كەس رێگای هات‌و نەهاتیان تاقیكردەوە‌و بە كەناری مەرگدا تێپەڕین تا لە مەرگەساتی موچە‌و سیستمی "پاشەكەوتنی موچە" لە كوردستان رزگاریان ببێت. لەناو ئەوانەی لەم ساڵانەی دوایدا كوردستانیان بەجێهێشت ژمارەیەكی زۆر رۆژنامەنوس هەبوون، هەندێك لەوانە دوای گەیشتنیان لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە چیرۆكی گەشتكردنی خۆیان بە ناو ترسی دەریا‌و پۆلیسدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گێڕایەوە، هێمن مەحمودی رۆژنامەنوس دواین كەسە كە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرگوزشتەی خۆی بڵاوكردەوە، (درەو میدیا) دەقی چیرۆكی گەشتەكەی ئەو گەنجە كوردە وەكو خۆی بڵاودەكاتەوە كە ئێستا لە كەمپێكدا لە ئەڵمانیا دەژی.   نوسینی: هێمن مەحمود بەشی (1) زرم... دەنگی پیاكێشانی مۆری چونەدەرەوەكەی ئیبراهیم خەلیل لەسەر پاسپۆرتەكەم خەیاڵەكانی تێكدام و ئەفسەرەكە بە زەردەخەنەیەكەوە لەژێر پەنجەرەكەوە پاسپۆرتەكەی دا بەدەستمەوەو وتی بەخێرچیت سەیدا..! هۆڵەكە پێچەوانەی جارێ پێشوتر چۆڵبوو، گەرماكەشی شكابوو، كە لەهۆڵەكە دەهاتیتە دەر، هەوایەكی ساردی پایزەی سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەر دەیكێشا بەناوچاوتا.. خۆریش خەریكبوو وردە وردە ئاوا دەبوو. جاری پێشوترو دوو مانگێك بەرلەوساتە، خێزانيی و لەگەڵ ماڵی هاوڕێیەكمدا لەهەمان شوێندا بووین. ماوەیەكی زۆر دەمویست بەماڵ و مناڵەوە بڕۆم، بڕۆم و هێندە دووربكەومەوە بەڵكو ئەگەر نەگەمە ئەوسەری دنیاش، لەناوەڕاستی دنیا بدەم لە ئەرز..دەمویست هەم مێشكم لەدەست هەواڵ و سیاسەت و هاتونەهاتی موچەو داعش و حەشدی شەعبی رزگاری بێت و هەم ژیانێكی هێمن و جێگریش بۆ مناڵەكانم دابین بكەم بۆ ئەوەی ڕۆژێك لەڕۆژان نەبنە خۆراكی سیاسەت و جەنگ و شتە بێ ماناو پڕوپوچەكانی ئەو وڵاتە.. ئەوەی دۆخی 2015و 2016و 2017ی ئەو وڵاتەی دیبێ و تیایا ژیابێ لەوە تێدەگا من باسی چیدەكەم، بەشێك لەو كەسانەشی لەدوورەوە تەماشای كردبین و خۆی ئیشی هەبووبێ و موچەی نەهاتبێتە چارەك و شەست رۆژ جارێك وەرینەگرتبێ، وەك ئەوەیە ئێستا گوێزی بۆ بژمێرم و بەلایەوە سەیردەبێ وڵات لەبەر ئەوشتانە جێبهێڵدرێت. ئیبراهیم خەلیل ئەو دەروازەیەی سەدان كوڕی گەنجی لەپێناو پارەكەیدا درا بەكوشت، ناوێكە بیرەوەری خۆشی لای كەسمان نیە و حەز بە بیستنی ناكەین. جارێ پێشووتر هاوین بوو، هۆڵەكە جمەی دەهات لەخەڵك، چی بەرووی ئەوانەی لە باكورەوە دەهاتن و چی بەرووی ئەوانەی لەباشورەوە دەڕۆشتن، گەرمایەكی ناخۆشی هەبوو. چەند ئەفسەرێك لەو دیو پەنجەرەكانەوە دانیشتبون و هەوای ساردی سپلیتەكەیان ئارامی كردبوونەوەو لەگەڵ سوڕانەوەی هەواكەشدا و لاپەڕەكانی بەردەستیان بەرز دەبوویەوە، كەچی خەڵكەكەی ئەم دیوی پەنجەرەكان لەگەرما خەریكبوو دەبورانەوە، پۆلیسەكان هەر لەداخا هەوای سپلیتەكانیان بۆ ئەو خەڵكە پێ نەدەكرد..لەدڵی خۆما وتم داهاتی ئەم ئیبراهیم خەلیلە بدە سوریا و ئوردون فەلەستین پێكەوە پێی دەژین، كەچی جادەو شوستەو هوڵەكانی خۆی پێچاكناكرێت.. ئەوجارە ڕۆشتین و بەهۆی درۆی قاچاخچی و ئەمڕۆ نا بەیانیەكەیانەوە پانزە ڕۆژێك لە ئەستەنبوڵ ماینەوەو دواتر بەدەستی خاڵی گەڕاینەوە. دووبارەو دوای مانگ و نیوێكی تر جارێكی تر ڕۆشتمەوە.. زرم.. جەندرمەكە مۆری چونە ناوەوەی توركیای دا لەە پاسپۆرتەكەم و بەتوركی وتی خۆش هاتن..ئیتر چوینە توركیاو دوای ئەوەی لەگومرگەكە تێپەڕین، شۆفێری پاسەكەی ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی سەربكەوین و دوانەكەوین هۆڕینێكی سەركەوتنی بۆ لێداین .. هێشتا دنیا تەواو تاریك نەبوبوو، هەواكەی ساردتری كردبوو.. پێش ئەوەی سواری پاسەكە ببم، بۆ دواین جار تەماشایەكی كوردستانم كردو لەدڵی خۆما دێڕە شیعرەكەی شێركۆم بیركەوتەوە كە دەڵێت من چیم دەویست لەنیشتیمان..! هەر بە ڕاست ئێمە چیمان نەدەویست لە نیشتیمان...؟   بەشی (2) - بخۆ كوڕم.. خۆی مۆن كردۆتەوەو قسەلەگەڵ كەس ناكات... باوكەكە دەیەوێت هەرچۆنێك بێت كێك و شەربەتێك بداتە مناڵەكەی بیخوات، بەڵام ئەو چووەتە ڕق و لەپەنجەرەكەوە تەماشای دەرەوە دەكات و بەبێ ئەوەی لابكاتەوە بە لایاندا دەست ڕادەوەشێنێ كە هیچ ناخوات. لەوەتەی لەسلێمانی دەرچووین ئەو مناڵە بێتاقەتە. كاك سیروان خۆی و خێزانی و ئەو مناڵە دەساڵانە بۆ ئەستەنبوڵ دێن. دوای ئەوەی لەئیبراهیم خەلیل دەرچوین ئیتر شەومان بەسەردا هات و دوای یەكجار وەستان ئیتر پاسەكە تا بەیانی نەوەستا. ڕێگای سلێمانی- ئەستەنبوڵ بەپاس نزیكەی 38 كاتژمێرە، ڕێگایەكی دوورو درێژو تاقەت پڕوكێنە. پاسەكە تا دەگاتە ئەستەنبوڵ لەچەندین شوێن لادەدات، هاوكات كارمەندەكانی ناو پاسەكە هەر چەند سەعات جارێك بەعەرەبانەیەكەوە خواردن و ساردەمەنی دەگێڕن. بەیانیەكەی بە كاك سیروان دەڵێم ئەوە بۆ ئەو مناڵە هیچ ناخوات، دەڵێت ئەوە بێتاقەتی ئەوەیە لەمەكتەب دەرمانكردووەو ئەمانەوێت لەئەستەنبوڵ بژین. سیروان پیاوێكی پەنجا ساڵە دەبێت، خێزانەكەشی شتێك لەخۆی بچوكتر دیارە، وەك خۆی بۆی گێڕامەوە ساڵانێك پێشتر لە ئەستەنبوڵ كاری كردووە، دواتر گەڕاوەتە كوردستان و ماڵ و مناڵی پێكەوەناوە، بەڵام ئێستا دەوامی خێزانەكەی كردووە بە مۆڵەت و مناڵەكەی لەمەكتەب دەرهێناوە و بەنیازە بگەڕێتەوە بۆ توركیا، لەوێ دەستبكاتەوە بەئیش. پاسەكە هەر دەڕوات و ڕێگایەش هەر تەواو نابێ. لەدڵی خۆما دەڵێم باشە ئەم دایك و باوكە تاوانبارن ئەم مناڵە ئاوا تەنیا دەكەن و لە مەكتەب و ناو هاوڕێكانی دەریدەكەن..؟ خەتای ئەوانە یان خەتای نیشتیمان كە ناتوانێت ئەو خێزانە بگرێتەوە باوەش و ئاوا دڵیان نەشكێنێ..؟ لەخۆم دەپرسمەوە ئەی باشە بەیانی ئەو مناڵە ناڵێت هەموو دنیا گەشتنە خاریج ئەم باوكەی منە بۆ ئێمەی لەم دۆزەخە بەتەنیا جێهێشت..! لەدڵی خۆما دەڵێم بیهێنە پێش چاوی خۆت سی ساڵی تر هاوڕێ مناڵەكانی ئەم مناڵە بەشێكی زۆریان لەخاریج دێنەوەو دنیا گەڕاون، ئەمیش تازە بەدوای ئەم مەسئول و ئەو مەسئولەدا راكە راكەیەتی لەشوێنێك بیكەن بە حیمایەك یان بەردەستییەك یان شتێكی لەو بابەتە..! مناڵەكە سەرخەوێكی بۆ دەشكێنێت و ئێمەش هەر لەناو پاسەكەداین.. هەزار خەیاڵ بەمێشكمدا دێت و دەچن..لەلایەك سەرزەنشتی خۆم دەكەم و لەلایەكی تریش ئەو ئامانجەی بۆی هاتوم زۆر بە گەورەی دەزانم..قوربانی تەنهایی و بێتاقەتی و ئازار و خەم و خەفەتی دەوێ.. پاسەكە هەردەڕوات و من بەجەستە تیایدام..دڵم لەشوێنێكی تره..لەدەرەوە نمەنمە بارانی پایزە دەبارێ، هەمووی چەند كاتژمێرێكی ماوە بگەین، توركیاو ئەستەنبوڵ بوونەتە ئەو چاڵە قوڵەی لەبنەوە تەماشای ئاسمانی پێدەكەم و هیچ كوێم لێوە دیار نیە، ناشزانم كوێم لێوە دیار دەبێ.. دواتر كە دەبینم مناڵەكە شت دەخوات..ئیسراحەت دەكەم..سەر دەنێم بەجامی پاسەكەوەو تەماشای دەرەوە دەكەم و زۆر لە دوور دەڕوانم... لەدڵی خۆمدا دەڵێم ئێرە بۆ ماڵەوە چەنێك دووربێ..! ئاخر بەڕاست ئێمە چیمان دەویست لەنیشتیمان..؟   بەشی (3) -اللە اكبر...اللە اكبر... مەلای مزگەوتەكەی ئەكسەرای، ئەوەی بەرامبەر پاركی سورییەكانە بانگی عیشای دەدا كاتێك ئێمە لەپاسەكە دادەبەزین و گەیشتینە ئەستەنبوڵ. پاركەكانی ئەكسەرای بە شەوان بەتایبەت كەهێشتا سەرماكەی توندی نەكردووە جمەی دەهات لەخەڵك، شوێنی كۆبوونەوەی پەنابەرو ئەوانەی بەتەمای ڕۆشتنن بۆ ئەوروپا تۆ ئەگەر سوڕێك بخۆی بێتاقەتی لەو ناوەدا هەر بەدەم رۆشتنەوە گوێت لەدەمەتەقێ ی دەیان خێزانی كورد دەبێت كەلەو پاركانەدا دانیشتون و شەوگار بەسەردەبەن. جیا لەوەی چەندین چێشتخانەی عێراقی و سوری لەو نێوەندەدا هەیە وهێندەی تر ئەكسەرایان قەرەباڵغكردووە، دەیان هۆتێلی هەرزان بایش لەو ناوەدا هەیە كە بووەتە شوێن و پەناگەی پەنابەران یاخود ئەوانەی بەنیازی ڕۆشتنن بۆ ئەوروپا، ئەمە جگە لەوەی ئەكسەرای شوێنی دەیان قاچاخچیە و بەئاسانی دەتوانی قاچاخچیەكت دەستبكەوێت و كوێت بوێ بتنێرن. پێش روداوەكانی ساڵی 2011ی سوریا بەتاك و تەرا دوكانی عەرەب و سوری لە ئەكسەرایدا هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ناوە یەكپارچە بووەتە شوێنی عەرەب و بەئاستەم هاونیشتیمانیەكی تورك یاخود كوردێكت دەستدەكەوێت دوكانێكی هەبێت . ئێمە هاوین نزیكەی 16 شەو لەوێ بووین هەموو شەوێك لەگەڵ ماڵ ئەرسەلانی هاوڕێم لەو پاركانەدا لەچاوەڕوانی دەرچون و بەڵێنی قاچاخچیدا دادەنیشتین، دەیان خێزانی كوردمان دەبینی كە هەریەكەو چیرۆكێكی تراژیدیان هەبوو، هەبوو گیرابوو، هەبوو هێندە مابویەوە پارەی پێنەمابوو، هەشبوو هەرچی هەبوو لەكوردستان فرۆشتبووی نەیدەتوانی بگەڕێتەوەو لێرەش درۆیان لەگەڵ كردبوو، وەكچۆن درۆیان كرد لەگەڵ ئێمەداو بەناچاری دوای 16 رۆژ گەڕاینەوە. كە لەپاسەكە دابەزین زۆرماندوو بووم، كوڕە پورێكم لەكافتریایەك ئیشی دەكرد لەو ناوەدا سەرێكم لێداو دواتر نانێكم خواردو ڕۆشتم لە هوتێلكی هەرزان بایی ژورێكم گرت و تابەیانی لێی خەوتم. دوو رۆژ لەئەستەنبوڵ مامەوە، لەڕێگای هاوڕێیەكمەوە بە 2000 دۆلار ڕێكەوتین بمانبەن بۆ یۆنان. من و كوڕە پورەكەم چوینە وەجبەیەكەوەو بڕیاربوو ئێوارەی چواردەی مانگی ئۆكتۆبەر دەربچین، بەو مەرجەی ئەوەی نە لەتوركیا بگیرێین و نە لە یۆنانیش سنورداشی توركیا بكرێینەوە چونكە وتیان بەڕێككەوتن لەگەڵ پۆلیس توركی و یۆنانیدا دەتانێرین و ڕێگاكە گرەنتییە. ئێوارەی چواردەی ئۆكتۆبەر تەلەفونێكیان بۆ كردین وتیان حازربن. لەپاركێكەوە بەپێ بردینیان بۆ شوقەیەكی ئەو نزیكانە، دوو دەربەنی (حاجی و هاوبیر) و خێزانێكی كفری و دوو برادەری سلێمانی لێ بوو، دوای چەند كاتژمێرێك دانیشتن لەشوقەكەدا بۆ ئەوەی كەشف نەبین وپۆلیس نەمانگرێت، جارێكی تر بردینیانەوە بۆ پاركێكی نزیك ئەكسەرای. دواتر لەگەراجێكی پشت هۆتێلێك، نزیكەی كاتژمێر 8ی شەو، نزیكەی پانزە كەس دەبووین كردینیانە سەیارەیەكی دۆڵمشەوە بەرەو ئەدرنە و لەوێشەوە بۆ یۆنان. دواوەی دۆڵمش پڕكرا لە نەفەر، جێگای من نەمایەوە، بۆیە لەپێشەوە لەنێوان شۆفێرەكەو ڕێبەرەكەدا دانیشتم. ئەستەنبوڵ بۆ ئەدرنە كە سەرسنورەو نزیكی یۆنانە و شوێنی پەڕینەوەی نەفەرە، ڕەنگە بەڕۆشتنی ئاسایی پێنج سەعاتێك ببێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەقاچاخ ئەو دۆڵمشانە لێدەخوڕن، ڕەنگە چوارسەعاتێك بخایەنێت. ڕێبەرەكە كوڕێكی گەنجی هەڵەبجەیی تەمەن 32 ساڵان بوو، تا حەزبكەی گەنجێكی بەحورمەت و بەڕێزبوو. وتم : خێزانداریت..؟ - جارێ ژنم بۆچیە..ئیشەكەم؟  پرسیم :چەند ساڵە ئەم ئیشە دەكەیت..؟ -4 ساڵە خەریكی ئەم ئیشەم..ماوەیەك گیرام و دواتر بەربووم.. - ناڕۆیتەوە..؟ - بۆ كوێ بڕۆمەوە...؟ چیم هەیە تا لەپێناویدا بڕۆمەوە..؟ خەریكبوو بڵێم نیشتیمان...تەریقبوومەوە..! نەموت..ئەی خۆم چی..!!  وتم ڕێگاكە قورسە..؟ وتی نا خەمتنەبێ ..ئیتیفاقیەیە..ئیشاڵا سبەی لەیۆنانن.. شۆفێرەكە لەسەدو شەست ، سەدو هەشتا لێی دەخوڕی.. دۆڵمشەكە باڵیگرتبوویەوە...بەدەم تەلەفونكردنەوە بتڵێك بیرەی دەرهێناو هێندەی تر خێراییەكەی زیاتركرد. نەفەرەكانی دواوە هەمویان كپ و بێدەنگ وهەریەكەو كەوتبونە خەیاڵێك ...هەرچەندە جێگاشیان ناخۆشبو بەڵام بەهۆی ترس و نیگەرانی و نەزانینی چارەنوس، كەس دەنگی لێوە نەدەهات.. منیش تەماشای بەرزی گێچی ئۆتۆمبیلەكە هەموو شتێكی بیربردبومەوە و تەنها لەدڵی خۆمدا دوعام دەكرد هەر ئەم شۆفێرە و ئەم دۆڵمەشە نەعلەتیە كەهەردەتوت میزەڵدانە فووی تێكراوە هیچمان لێ نەكات ئیتر قەینا چی ترمان لێ دێت. ویستم بە ڕێبەرە گەنجەكە بڵێم بەشۆفێرەكە بڵێت هێندە خێرا لێ نەخوڕێ توشی شتێكمان دەكات و لەم ڕێگایەدا دەمانكوژێت كەچی ڕێبەرەكە لەماندوێتیدا سەری خستبوە سەر شانم و خەوی لێكەوتبوو..!!دڵم نەهات خەبەری كەمەوە ناچار خۆمان دایە دەست چارەنوسی خۆمان و بتڵە بیرەكەو سوكانی سەیارەكە...! مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت ئەو شەوەمان چۆن لێ ڕۆشت..! بەشی (4) -سەری خۆ كزكە.. كڕبن...زارۆكان دەگرین ئەی گەوران لۆ قسان دەكەن..ئەخی بكوژێنە..ئیتفی سیغارە.. شتششش ..شششش...!. شەش ڕێبەرە كوردەكە بەردەوام بۆ ماوەی ئەو دوو شەو ڕۆژەی كە پێكەوەبوین لەڕێگاو بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بمانگەیەننە یۆنان، بەو قسانەی سەرەوە ڕێنمایی 150 نەفەری كوردو عەرەب و فارسیان دەكرد، دواتر لەزیندانەكەی یۆنان تا ماوەیەكی زۆر ئێمەش لەبەرخۆمانەوە بۆ خۆشی وسوعبەت بەیەكتریمان دەوتەوە و دووبارەمان دەكردەوە. كاتێك لەئەستەنبوڵ سەركەوتین، نزیكەی چوار كاتژمێری پێچوو تا هاتینە ئەدرنە و سەر سنور. شۆفێرەكە دوای ئەوەی بەسەلامەتی گەیاندینی بەپەلە لەسەر رێگایەكی خۆڵ دایبەزاندین. ڕێبەرێك و چەند نەفەرێكی تر لەسەر رێگاكە چاوەڕێمان بوون. نیو كاتژمێری تر بەپێ ڕۆشتین، ڕێبەرێكی ترو وەجبەیەكی تر لەتاریكیدا چاوەڕوانمان بون كە لەلابەلایەكی كراوەدا كە بۆ كەشفبوون زۆر ئاسانبوو دایاننیشاندین. هەرچەندە ئاسمان ساماڵ و سایەقە بوو، بەڵام هەوایەكی سارد ساردی دەهات، لەو تاریكییەدا كەس كەسی نەدەناسی. رێبەرێكیان وتی تاسەعات دوانزە چاوەڕێ دەكەین وەجبەیەكی تر ماون با بگەن پێكەوە دەڕۆین تا ئەو كاتە كڕ بن. ئەو شەوە ئەوانەی نەبێت كە خەڵكی یەكشاربوین و بەیەكەوە هاتبوین، كەسمان نەدەناسی، دەموچاوەكان هەمویان لە تاریكیدا زیاتر نامۆتر دەردەكەوتن، بیرم لەوەدەكردەوە دەبێت ئەمانە كێبن واچارەنوسمان پێكەوەیە؟ لەكوێوە هاتبن و چی خەیاڵێك سەری پێهەڵگرتبن..؟ گریانی مناڵە ساواكان بەقەترەی خەو كپ دەكران، ئەوەی سەیربوو خێزانێكی فارس لەتەنیشت مندابوون، پیاوێك و ژنێك و دوو منداڵ، منداڵێكی ساواو یەكێكی حەوت هەشت ساڵ، پیاوەكە قاچی پلاتینی تیادابوو، بە دوو وەلەكی دەستیەوە، ترسام دەرنەچێ، كەچی ئەو پیاوە هەمیشە لەپێشەوە بەو دوو وەلەكەی دەستی پێشی هەموانی دەدایەوەو لەو سەرەوە چاوەڕێی دەكردین. گڵوپی سەر ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی توركیا دەسوڕانەوەو هەمووی چەند سەد مەترێك دووربون لێمانەوە و هاتوچۆیان بوو. بە قسەی ڕێبەرەكان هەموویان كڕدرابوون، هەربۆیە حسابی نەبویان بۆ ئێمە لەو شوێنەدا دەكرد و ئێمەش حسابی نەبونمان بۆ ئەوان دەكرد. وەجبەكەی تر گەیشتن و ژمارەمان چەن قات زیادیكرد كە دەیان خێزانی تیدابوو، بەشێكی زۆری ئەو خێزانانە وەك دواتر زانیمان خەڵكی شەنگال بوون كە دیاربوو یەكێك بە بەرنامە هێناونی و دەریاندەكات، بەپێ بەناو زەوییە كشتوكاڵیەكاندا چەند كاتژمێرێك تێپەڕین سنورمان لێوەدیارنەبوو.  رێبەرەكان لەپێشەوەو ناوەڕاست دواوە دابەشبووبن، بۆ ئەوەی نەكەس جێ بمێنێت و نەكەسیش ون ببێت بەو تاریكە، ئینجا هەر كەسیش پەكی بكەوێت هەڵیگرن، هەرواشبو خەڵك جێما دۆزیانەوەو پیرەژنێكیش پەكی كەوت هەڵیانگرت. هەواكە ساردتر بوو، بۆنی تەڕایی دەهات، هەستمكرد گەیشتوینەتە سەر سنور، ڕێبەرەك وتی: ئەوە ئاوەكەیە ،لێرە لەبن ئەو دارانەدا دەمێننەوە تا ڕۆژ دەبێتەوە دوایی دەتانپەڕێنینەوە بۆ ئەو بەر. كاتژمێر چوارونیوی بەیانی بوو، دەبوو تا ڕۆژ دەبێتەوە لەنزیك دواین گوندی توركیاو لەبن كۆمەڵە دارێك دانیشین، بەشێكی زۆر لەماندوێتیدا خەوتن، لەبەر سەرماو لەبەر دڵەڕاوكێ تا ڕۆژ بویەوە خەوم لێ نەكەوت..بیرم دەكردەوە ئەرێ بەڕاست ئەم خەڵكە بۆ كوێ سەری خۆی هەڵدەگرێت؟ ئێمە بەدوای چی كەوتوین..؟. ئەم مناڵانە چاوەڕوانی چی دەكەن لەداهاتویان..؟ ئەم میللەتە بۆ ڕەو دەكا؟ ئەم شەنگالیانە بۆ ناگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.. پاڵمدا بەكۆڵە پشتەكەمەوەو لەچاوەڕوانی ڕۆژبوونەوەدا كه شەوگار نەیدەهێشت بەزوویی بێت لەسەرما كڵاوەكەم كردە دەموچاوم و ڕووبەروی یۆنان لێی دانیشتم. - الصلاە خیر من النوم مەلای گوندە توركیەكە كە هەموی سێ سەد چوار سەد مەترێك لێمانەوە دووربوو بانگی بەیانی داو دەیوت نوێژكردن خێرترە لە خەوتن .. مەلاكەی گوندەكە نەیدەزانی میللەتێكی سەر هەڵگرتوو... میللەتێكی نەگبەت نیشتیمانیان جێهشتووەو هەر ئێستا لە لەتەنیشتیدان ولەشەوەوە تا بەیانی نەخەوتون. اللە اكبر.. اللە اكبر   بەشی (5) - ئەگەر چوپەكە بەر درەختەكانی ناو ئاوەكە بكەوێ مەترسی خنكانی نەفەرەكان زۆرە. وردە وردە ڕۆژ بویەوە، ڕێبەرەكانیش شەش كەس ، شەش كەس و لەسەرەتادا خێزانەكانیان بە دوو چوپ لە ئاوەكەی نێوان توركیا و یۆنان پەڕاندەوە. ئەو ڕێبەرە هەڵەبجەیەیی لەناو دۆڵمەشەكەدا پێكەوەبوین وتی پەلەمەكە خۆمان ئاخیر چوپ دەڕۆین، كاتێكیش لێمپرسی ئاوەكەی ترسناكە، وتی نا بەڵام ئەگەر چوپەكە بەر پارچە داری ناو ئاوەكە بكەوێ مەترسی زۆرە. ئەو ئاوە هەر بەقەدەر روباری (سیروان)دەبێت ئەگەر یەكێك ئەو روبارەی دیبێت، رێبەرەكان پەتێك لەمبەرەوە تا ئەوبەر دەبەستن و دواتر بۆ ئەوەی ئاوەكە چوپەكان نەبا دەستی پێوەدەگرن و نەفەرەكان دەپەڕێننەوە، لەناو ئاوەكەشدا لەكاتی كەمبونەوەو زیادبونی ئاوەكە پارچە درەخت دەردەكەون و زۆجار چوپەكان كون دەكەن یاخود هەڵی دەگەڕێننەوەو نەفەرەكان دەخەنە ناو ئاوەكەوە، ئەوەی مەلە نەزانێ زەحمەتە رزگاری بێت، ئاوێكی هێندە ئاسان نیەو تا ئێستا چەندین نەفەریش بەو جۆرە لەو ئاوەدا خنكاون. كاتێك دەگەی بەدیوی یۆنان ئیتر دەچیتە ناو چڕە دارستانێكەوە كە كورد پێی دەڵێت جەنگەڵ كە هێندە چڕەو بەیەكدا چوە خۆشاردنەوە تیایدا ئاسانە. ئێمەیان زۆر دوورنەخستەوە، هەر لەودیوی ئاوەكەوە وتیان تاشەو لێرە دەبین تا ئەو وەجبەیەێ تر دەگات و دواتر پێكەوە دەڕۆین. ئێمە 6 دەربەنی بووین، دوو پارچە نایلۆنی كۆنەمان دۆزیەوە كە پێشوتر نەفەر لەو شوێنەدا بەكاریانهێنابوو، یەكێكمان راخست و یەكێكیشمان دا بەسەری خۆماندا، وردە باران و سەرمایەكی توندبوو، تەنها ئاوو خورما و نانمان پێبوو، بەوریاییەوە بۆ ئەوەی بەشی هەمومان و ڕێگاكە بكا كەم كەم لێمان دەخوارد. لەو جەنگەڵە خێزانە شەنگالیەكان بەشێكی زۆریان هیچیان پێنەبوو، مناڵی زۆریان پێبوو ، گریانی مناڵ و تینوێتی و برسێتی ناڕەحەتی كردبوون، جیا لەوەی رێبەرەكانیش توڕەدەبون بۆ ئەوەی دەنگیان نەڕوات و كەشف نەبن..دەتوت جارێكی تر ئەنفالی داعش كراونەتەوەو لەدەستی كوشتن و بەكۆیلەكردن هەڵدێن. سەرماكەی تادەهات زیاتر دەبوو، بارانیش هەردەباری، ئێمەش لە ژێر نایلۆنەكانەوە پاڵكەوتبوین، كاتێك هاتین نزیكەی حەوتی بەیانی بوو، دەبوو تا یانزەی شەو لەو شوێنەدابین. ئەوەی سەرنجی منی راكێشا شوێنەكە بوو كە دڵنیام ئەوەی یەكەمجار دۆزیویەتیەوە كورد بووە، چونكە لەچاڵێكدا بوو مەگەر بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كەشفببوایە، لەدڵی خۆما دەموت تۆ بڵێی چەندین هەزار كورد لەو شوێنەدا ئیسراحەتی كردبێ و دواتر گەیشتبێتە دەرەوە. یانزەی شەو جوڵەمان كرد، بەپێی قسەی ڕێبەرەكان وەجبەكەی تر بەڕێگاوەن و لەسەر سكەی قیتارەكە پێك دەگەین، هەر وەك كۆڕەكەو بەئیسراحەت و بەبێ ترس بەناو باخ و رەزی یۆنانیەكاندا سێ سەعاتێكی تر بەپێی ئەو حەشاماتە رێمانكرد تا گەیشتینە سەر سكەی قیتارەكە ، یەكسەر ئەوەم بیركەوتەوە ئەوەی كوردبێ و بەپێ ڕۆشتبێ بۆ دەرەوە ئەو سكەی قیتارەی دیوەو باسیكردووە. لەناو چڕە دارستانەكەی تەنیشت سكەی قیتارەكە دایانناین، چاو چاوی نەدەبینی، بەلایتی مۆبایلی ڕێبەرەكان جێگایەكیان دۆزیەوەو دایانناین دوای نیوسەعاتێك وەجبەكەی تر هاتن وەك دواتر لەبنكەی پۆلیس بۆمان دەركەوت ژمارەمان بو بە 150 كەس. - زۆرمان نەماوە، ئەوە گڵوپەكانە، گەشتینە ئەوێ تەواو. ڕێبەرەكە كاتێك كەوتینە رێ و لە دارستانەكە دەرچوین وای وت. نیوسەعاتی تر رێمانكرد، گەشتینە لابەلایەك لەتەنیشت ڕێگایەكی دوو سایدی سەرەكی، لادێیەكیش چەن سەد مەترێك دووربوو لێمانەوە. ئێمە بەو بەرزیەوە زۆر بەئاسانی ئۆتومبیلەكانمان دەبینی كە هاتوچۆیان دەكرد ئەوان ئێمەیان نەدەبینی، رێبەرەكان وتیان لێرە دانیشن، ئیتیفاقیەكەمان وەهایە كە بوو بە سەعات شەش دەڕۆنە سەر ئەو ڕێگا سەرەكیەو دەیگرن، تا پۆلیس دێت دەتانبەن بۆ كەمپ ئیتر سنور داشی توركیا ناكرێنەوە، بەڵام هەتا پێتان دەكرێ بەتەلەفون داوای هاوكاری لە هێڵی فریاكەوتن بكەن و لایڤ بكەنەوە با دنیا بزانێ. كاتژمێر شەشی رێك رۆشتینە سەڕ رێگا سەرەكیەكەو هەر دوو سایدەكەمان گرت. بەڵام ئەوەی بەئێمە وتراو دڵنیایمان پێ درا نەك هەر وا دەرنەچوو، بەڵكو خەریكبوو ژیانیشمان دانێین و تیابچین، ئەگەر رەحمی ژنەحاكمێك نەبوایە. بەشی (كۆتایی) حاكمە ژنە یۆنانیەكە كە رەسمێكی مەسیح بەپشت سەریەوە هەڵواسرابوو چەكوشەكەی دەستی دا بەمێزەكەداو وتی:ٚ ئێوە ڕێگای سەرەكیتان گرتووە و زیانتان لەموڵكی گشتی داوەو دەوامی فەرمانبەرانتان دواخستووە، بۆیە یان دەبێت غەرامە بدەن یان ساڵێك زیندانی بكرێن..! ئەو بەیانیەی كە ڕێگاكەمان گرت، هەڵایەكی گەورە دروستبوو، هەندێك یۆنانی كە بۆ كاردەچوون لەناو ئۆتۆمبیلەكانیانەوە دەستیانكرد بەجنێودان، ئێمەش نەماندەویست كەس بڕوات، بەشێكی زۆر لەئێمە بەمۆبایلەكانی دەستیانەوە لایڤیان كردبویەوەو تەلەفونیان بۆ هێڵی فریاكەوتن دەكرد، پۆلیس هاتن و نەیانهێشت كەس پەلامارمان بدات. دواتر دوو ئۆتۆمبیلی گەورەیان هێناو هەموو نەفەرەكانیان باركرد بۆ بنكەی پۆلیس. 16ی ئۆكتۆبەر... پۆلیسەكە لەتەنیشتی ناوەكە بەرواری دەستگیركردنەكەی نوسین..ئیتر بەبۆنەی 16ی ئۆكتۆبەرەكەوە هەمومان مێژووی ئەو ڕۆژەی بنكەی پۆلیسمان لەبیرمابو. نزیك كاتژمێر هەشتی بەیانی هێنایناین، نەماندەزانی ئایا قاچاخچیەكان راستیانكرد، یاخود نا درۆیانكرد ودەماندەنەوە توركیا..پۆلیسەكان بە ئیسراحەت یەكە یەكە 230 كەسیان ناونوسكرد و پەنجەمۆریان پێكردین، ئەم پرۆسەیە تا 2ی شەوی خایاند. دواتر گواستینیانەوە بۆ زیندانێك و نەیانداینەوە توركیا..بۆ یەكەمجار قاچاخچی راستیكرد. زیندانەكە چەند هۆڵێكی گەورەبوو، هەر هۆڵەو 70 تا 80 كەسیان بەتێكەڵاوی تێدەكرد فەرقی ژن و پیاو و خێزان و؟سەڵت نەبو، هەموی پێكەوە دەخەوت وعاشقە شەنگاڵی و ژن پیاوەكانیشیان پەردەیان لەقەرەوێڵەكاندەدا و پێكەوە دەخەوتن. هۆڵەكەی ئێمە نزیكەی 75 كەسی تیابوو، سێ تەوالێت و دوو حەمامی پیسیشی تیابوو، ڕۆژانە دوو ژنە یۆنانی دەهاتن كەمێك خاوێنیان دەكردەوەو دەڕۆشتن.سێ ژەمەش پۆلیسەكان بە كارتۆن خواردنیان دەهێناو لەشیشەكانەوە دەیانخستە ئەو دیو بۆمان، گەنجەكانیش لەمدیوەوە تەوزیعیان دەكرد بەسەرمانا. ئەو زیندانە كە حەوت شەو و ڕۆژ تیایدا بووین، هەرچەنە ناخۆشبوو، نەیاندەكردینە دەرەوەو مۆبایلمان پێ نەبوو ،ئاگاشمان لەكەس نەبوو، بەڵام دواتر هەموو شتەكانی ناوی بونە بیرەوەری خۆش بۆمان. لەزیندانەكە شتی سەیر هەبوو، كوڕێكی سۆماڵی هەبوو ناومان نابو بلاك بۆی، برادەران بانگیان دەكرد بە جگەرەیەك لاسایی چی باڵندەبوو دەیكردەوە، ژنێكی سۆماڵیش هەبوو لەڕێگا پێڵاوەكانی دڕابوو، ئیتر ئەو هەموو ڕێگایەی بەپێی پەتی بڕیبوو لەوێش پێڵاو نەبوو بیكاتە پێی، لەهەمووشی ناخۆشتر ئەوەبوو كەس هیچی پێ نەدەوتین چیمان لێ دەكەن. لەدیواری زیندانەكە كەناوی (ئۆرستیادە)بوو زیندانیانی پێشوتر بیرەوەرییان نوسیبوو، هەموجار بەبرادەرەكانم دەوت بێ ئەمەل نەبن ئەوانەی لێرە زیندانی بوون هەمویان بەربوون بۆیە بیرەوەرییەكانیان ماوە. دوای حەوت ڕۆژ بەیانیەك زوو ئازادیانكردین و خستینیانە كەمپەوە، لە كەمپەكە زانیمان بەهۆی ئەوەی رەنگە هەمومان پارەمان پێ نەبێ، حاكمە ژنەكە سزای زیندانی ساڵێك (بەبێ جێبەجێكردن)ی داوین و ئەگەر تاوانی دووەم ئەنجامبدەین ئەوا سزای ساڵەكەشمان بەسەردا دەسەپێنن. ئێوارەیەكیش لەكەمپا بووین و بەیانی دواتر وەرەقەیان بۆ كردین و لەسەر حسابی خۆمان ڕۆشتین بۆ ئەسینا. پێش ئەوەی ئازادمانبكەن ڕۆژێك لەزیندانیەكە بردینیان بۆ لای ژنە حاكمێك، لەبەیانیەوە لە حەوشەی دادگاكە بەبێ ئەوەی قەترەیەك ئاو یان پارچە سەمونێك بدەن بەو خەڵكە تا ئێوارە دایناین، دەیان مناڵ سەرماو تینوو برسیان بوو دەگریان یەك پۆلیس، یەك كارمەندی یۆنانی كە ئێمە واماندانابوو ئەوانە مرۆڤی ئەوروپین و جیاوازن هەستیان نەدەجوڵا، بگرە زۆرجاریش قسەیان پێ دەوتین، كەچی لەولاوە دوو سێ ژنی بەتەمەن كە ئەو حەشاماتەیان بینی بەوسەرما و بەبێ نان و ئاو رۆژێكە وەستێنراون هەستیان جوڵاو رۆشتن یەك دوو دەبە ئاو و هەندێك خواردنیان بۆ مناڵەكان هێنا. لەبەردەمی ژنە حاكمەكەدا وەجبە وەجبە ریزیان كردین، یەك پرسیاری دەكرد، بۆ ڕێگاكەتان گرت..؟ هەمومان یەك وەڵاممان هەبوو، بۆئەوەی فریامان بكەون.. وێنە و خاچەكەی مەسیح لەهۆڵەكەدا سامێكی تایبەتی هەبوو. خۆمانمان وەك تاوانبارێكی گەورە دەهاتە پێشچاو كە رەنگە لەشەڕی سەلیبەكانەوە بەدیل گیرابین و هاكا سزای ملپەڕاندنیان بۆ دەركردین، دادگای ئەوروپا و وێنەی مەسیح ...! دوو دڵبووم وتم رەنگە مەسیح فریامان بكەوێت، بەڵام كاتێك ئەو ژنە سۆماڵیەم بینی بەپێی پەتی هێنایانە ژوور و ژنە حاكمەكە هیچ هەستێكی بەرامبەری نەجوڵا و هەروا بەپێی پەتی بەڕێیكردەوە بۆ زیندانەكە، بۆم دەركەوت مەسیح لە مێژە لەجیهاندا مردووە..! تێ بینی:  - هەندێك بەشی مابوو تا ئەڵمانیا، بەڵام بۆ ئێستا هەر ئەوەندەم بە باشزانی، رەنگە لەداهاتوویەكی دوور بیكەمە كتێبێك یاخود هەر لێرەوە بڵاویبكەمەوە. - ئەو ناوانەی لێرە دێن ناوی ڕاستەقینەی كەسەكان نیە


 (درەو میدیا): ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەرێگەی باڵیۆزخانەكەیەوە لە بەغداد، یەكەم هەنگاوی كردەیی وەكو نێوەندگیر بۆ چارەسەری دۆخی كەركوك هەڵگرت.  بەپێی هەواڵێك كە سایتی رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی قەتەری بڵاویكردوەتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كۆبونەوەیەكی هاوبەشی بۆ نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە (كوردو عەرەب‌و توركمان) رێكخستووە، لە كۆبونەوەكەدا باسی كێشەكانی پارێزگاكە كراوە لە ڕووی سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنییەوە. رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی سیاسی ئاگادارەوە ئاشكرایكردووە، لە كۆبونەوەكەدا باس لەم تەوەرانە كراوە: •    پرسی ئیدارەی هاوبەش لە پارێزگای كەركوك‌و ئەگەری جێبەجێكردنی وەكو چارەسەرێكی ناوەندی بۆ دابەشكردنی دەسەڵات. •    تەرخانكردنی بەشێك لە داهاتی كەركوك بۆ پارێزگاكە خۆی. •    دۆسیەی ئەمنی لە دەستی حكومەتی فیدراڵیدا بمێنێتەوە. ئەمریكییەكان جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەیان وەكو بنەڕەتێك باسكردووە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەركوك وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغداددا. گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك ! هەمان سەرچاوە بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە" كورد داوادەكەن بە رێككەوتن بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ كەركوك، بەڵام عەرەب‌و توركمان رەتیانكردوەتەوە". نێوەندگیرییەكەی ئەمریكا بەردەوامە‌و پێشبینی دەكرێت كۆبونەوەكان لەبارەی دۆخی كەركوك بەردەوام بن بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن. مەحمود جبوری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی عەرەبی بە رۆژنامەكەی وتووە:" ناكرێت گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك قبوڵ بكرێت، فشاركردن بەو ئاڕاستەیە، رەوتی دیالۆگەكە تێكدەدات‌و دەرفەتی گەیشتن بە رێككەوتن كەمدەكاتەوە، دەبێت كورد درك بەوە بكەن". ئیدارەی هاوبەش جبوری ئاماژە بەوەدەكات، پرسی ئیدارەی هاوبەش لە كەركوك لەلایەن عەرەب‌و توركمانەوە قبوڵكراوە، سەرباری ئەوەی هەندێك ناكۆكی بچوك هەیە، بەڵام كورد سورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار‌و بە پشكی خۆیانی دەزانن". رێككەوتنی بارزانی-  عەبدولمەهدی - ئەمریكا ! مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئێستا هەوڵێكی نوێی دەستپێكردووە بۆ "ئاسایكردنەوەی" دۆخی كەركوك‌و گەڕانەوەی پارتییەكان بۆ ئەو شارە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بارزانی لەگەڵ ئەمریكییەكان‌و عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە گفتوگۆی كردووە‌و دەیەوێت هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە دوركەونەوە‌و رێگە بە كورد بدرێت بە ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆ شارەكە، بارزانی دەیەوێت ئەمریكییەكان هێزێكی سەربازی خۆیان لەو ناوچەیە جێگیر بكەن.  هەفتەی رابردوو هەمان رۆژنامەی قەتەری، لە زاری بەرپرسێكی پارتییەوە ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بەمدواییەی سەردانی هەولێری كرد، گفتوگۆی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە كردووە. ئەو سەركردەیەی پارتی كە رۆژنامەكە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، پۆمپیۆ بەڵێنی بە بارزانی داوە ئەمریكا نێوەندگیرییەك دەكات بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخی كەركوك‌و ئەنجامی نێوەندگیرییەكەش بەمنزیكانە دەردەكەوێت. بەپێی قسەی بەرپرسەكەی پارتی" پۆمپیۆ داوای لە بارزانی كردووە ئەم ماوەیە دان بەخۆدابگرێت‌و لەبارەی كەركوكیشەوە پۆمپیۆ پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووە‌و ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانن لەگەڵ عەبدولمەهدی".  


راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی دركی بە پەلهاویشتن‌و كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی خاكی جێنفوزی خۆی كردووە لەلایەن پارتی كریكارانی كوردستانەوە (پەكەكە). پەكەكە سەرەڕای باكوری كوردستان كە پێگەی بەهێزو شوێنی سەرەكی ئامانجەكانیەتی، تەواوی ناوچەی ئازادكراوەكانی رۆژئاوای كوردستانیشی خستوەتە ژێر كۆنترۆڵی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) كە سەربە خۆیەتی، لە باشوری كوردستانیش دەیان پێگەو ناوچەی بەرفراوانی لەبەردەستدایە، كە رەنگە لە داهاتوودا كاریگەری گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و یەكلاكردنەوەی ململانێكانی لەگەڵ هێزەكانی باشوری كوردستان هەبێت، بەتایبەتیش كە لە ئێستادا شەڕی ساردو ململانێی توندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندایە. ئێستا زۆرینەی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی پارتی لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، ئەو هێزە حوكمرانی ئەو ناوچانە دەكات. ئەگەر پارتی كارتی توركیا بەرامبەر بە پەكەكە بەكاربهێنێت، ئەوا پەكەكە كارتی فراوانبوونی سنوری جوگرافیای پەڵەمڕەوییەكەی لە هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەتیش لە ناوچەی جێنفوزی پارتی بەكاردەهێنێت. پەكەكەو باشوری كوردستان  پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە. لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی براكوژییەوە لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە لە باشوری كوردستان، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوە‌و پەكەكە لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا. ئێستا بنكەو بارەگاكانی پەكەكە تەواوی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی رۆژهەڵات‌و باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوەو ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان جموجوڵی سیاسی‌و مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە. لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێران، ناوچەیەكی فراوان‌و ناوەندی دەسەڵاتی پەكەكەی لێیە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری ناوچەكانی قەزای قەڵادزێ، قەزای رانیە، قەزای چۆمان، قەزای رەواندوز، قەزای سۆران، پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتی‌و سیدەكان‌و حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا زیاتر لە (50) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی پەكەكەدایە.  بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایەو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. زۆرترین سنوری دەسەڵاتی پەكەكە لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا تەواو لەبەرمەترسی هەژموونی پەكەكەیە، چونكە زۆرینەی خاكی ئەو قەزایە لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، بەو پێیەی لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو پارێزگایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی پەكەكەدایە، واتە 35% خاكی ئەو قەزایە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی ئەو قەزایەش لەژێر دەستی پەكەكەدایە. بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك بەوپێیە هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، پەكەكە پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێ، واتا تەواوی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە. لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی بارزان‌و پیران‌و شیروان دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی پەكەكەی لێیە. لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوان‌و دەیان گوندو بەرزایی بەدەست پەكەكەوەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، كە ئەتوانرێت بوترێت پەكەكە بەتەواوی  پارتی گەمارۆداوە. هەژمونی پەكەكە بەسەر پارتییەوە پارتی بەتەواوی دركی بەو مەترسییەی هەژمونی پەكەكە كردووە لەسەر ناوچەی جێنفوزی، لەبەرامبەر ئەو هەژمونەی پەكەكە، پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بەهێز كردووە، رەنگە بەتەواوی پشتی بە هێزی توركیا ببەستبێت بۆ سنورداركردنی هەژموونی پەكەكە.  •    جگە لە شارو رێگەی ئۆتۆمبیلی حاجی ئۆمەران بەرەو ئێران، تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ ئێران بەدەستی پەكەكەوەیە، تەواوی سنورو شاخەكانی چۆمان، سۆران، سیدەكان‌و باڵەكایەتی‌و زۆرینەی ناوچەكانی ئامێدی‌و سنوری پارتی لەگەڵ ئێران لەدەستی پەكەكەدایە. •     لە سنوری پارێزگای دهۆك‌و توركیاش، جگە لە رێگەی ئۆتۆمبیل، زۆرینەی شاخ‌و سنورەكانی ئەو ناوچەیە لە دەستی پەكەكەدایە. •     لە رۆژئاوای دهۆكیشەوە لە خاپورەوە تا سنوری شەنگال پارتی هاوسنورە لەگەڵ یەپەگەدا (یەكینەكانی پاراستنی گەل) لە رۆژئاوای كوردستان. •    رۆژئاوای كوردستان‌و زۆرینەی گوندەكانی رۆژئاوای شەنگالیش لەدەستی پەكەكەدایە. پەكەكە كاتژمێرێك لە زێدی بارزانییەوە دورە مەترسییەكانی پارتی لە پەكەكە تەواو لە جێگەی خۆیدایە، چونكە پەكەكە بەتەواوی گەمارۆی ناوچەكانی پارتی داوە، بە وتەی بەرپرسێكی پەكەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت" پەكەكە تەنها كاتژمێرێك لە گوندی بارزانی زێدی بارزانییەوە دوورە"، زۆر نزیكن لە بنكەی سەربازی بامەڕنێ‌و كانی ماسی‌و دێرەلوك. رەنگە لە داهاتوودا بەهێزبوونی پێگەی پەكەكە لە ناوچەكەدا، مەترسی گەورە لەسەر پێگەو ناوچەی جێنفوزی پارتی دروستبكات، چونكە تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ ئێران لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، تەواوی سنوری پارتی لەگەڵ توركیا لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە، تەواوی ناوچەی جێنفوزی پارتی لە رۆژئاوای هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی یەپەگەو پەكەكەدایە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا بەتەواوی سنوری جوگرافی پارتی بكەوێتە ژێر هەژمونی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە.  


راپۆرت: BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی 26ی كانونی دووەم، خۆپیشاندەرانی كورد لە پارێزگای دهۆك لە كوردستان، دوو تانك‌و كەلوپەلی سەربازی تریان سوتاند، كاتێك وەكو ناڕەزایەتی لەدژی كوژرانی چوار كەس لە خەڵكی ناوچەكە لە هێرشێكی ئاسمانی توركیا لە 20 ئەم مانگەدا، هەڵیانكوتایەسەر بنكەیەكی سەربازی توركیا. كاتێك خۆپیشاندەران چونەناو بنكەی سەربازی "شیلادزێ" لە پارێزگای دهۆك، بەهۆی تەقەی سەربازانی توركەوە، دوو خۆپیشاندەر كوژران‌و دەیانی تر برینداربوون. توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك هێرشی ئاسمانی دەكاتەسەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە چیاكانی قەندیلیان كردووە بە بارەگای خۆیان‌و لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە لە ململانێی چەكداریدان لەدژی حكومەتی توركیا. جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە كوردستان رۆژی 27ی ئەم مانگە وتی:" ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی هەرێم لەماوەی چوار ساڵدا گەیشتووەتە 398 هێرش، ئەمە سەرباری 425 هێرش لەڕێگەی بۆردومانی تۆپخانەكانەوە، زیاتر لە 20 كەسی مەدەنی كوژراون، هێرشەكان بونەتەهۆی وێرانبوونی گوندە سنورییەكان‌و نەخۆشخانە‌و رێگا‌و پرد خوێندنگەكان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم كە لە ساڵی 2007وە دەستیپێكردووە، تائێستا كۆتایی نەهاتووە". سەربازانی توركیا لە بنكەی سەربازی هەكاری- 20ی كانونی دووەمی 2019 زیادبونێكی زۆر كوردەكان دەڵێن زیاتر لە 27 بنكەی سەربازی لەنێویاندا بنكەی راهێنانی سەربازانی تورك لە هەرێمی كوردستاندا هەن، ئەمە لەكاتێكدایە بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد لە حوزەیرانی 2018دا دانی بەوەدا نا 11 بنكەی سەربازی هەن، وتی:" 11 بنكەی سەربازیمان دروستكردووە‌و ژمارەی سەربازو هێزەكانمان لەو بنكانە زیادكردووە بەمەبەستی راوەدونانی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەر لەوەی بێنە ناو سنورەكەمانەوە". لەناوچەكانی (بامەڕنێ، شیلادزێ، باتۆفان، كانی ماسی، كیریبی، سینكی، زیری، كوبكی، قومری، كوخی سپی، سەری زیری، دۆڵی زاخۆۆ ئامێدی) بنكەی سەربازی توركیا هەیە. لە سەرەتای دەركەوتنی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ساڵی 2014دا، توركیا بنكەی تری لە بەعشیقە‌و سۆران‌و قەڵاچۆلان دروستكرد‌و بارەگای سەربازی لە ناوچەی "حەریر"ی نزیك هەولێر كرد بە بنكەی سەربازی، ئەمە لەپاڵ كەمپی "زوممار" بۆ راهێنان بە سەربازەكانی.   ناوچەی بڵابونەوەی بنكەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەدرێژایی سنور لە "رێڕەوی خاپور"ەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەی "سۆران". هەروەها توركیا هەستاوە بە دروستكردنی "بنكەی سیدەكان"‌و چەند بارەگایەكی سەربازی لە هەردوو ناوچەی "دیانا‌و چۆمان"ی نزیك لە چیاكانی قەندیل، ئەمەش لەپێناو كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی "خنێر‌و خواكورك‌و كێلاشین". گەریلاكانی پەكەكە لە شوێنی ئاسەواری یەكێك لە هێرشەكانی توركیا لە چیای قەندیل- تەموزی 2015 ئامانجەكانی ئامانجی راستەوخۆی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش بە باتۆفان‌و بامەڕنی‌و ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "حەفتانین‌و مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە جەنگاوەرانی كورد. هەروەك توركیا بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەی "دێرەلوك‌و شیلادزێ" زیادكردووە بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی ناوچە شاخاوییە سەختەكانی زاب‌و زاگرۆس كە جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستانیان تێدا بڵاوبوەتەوە. بارەگا سەربازییەكەی "دێرەلوك"یش ئامانج لێی كۆنترۆڵكردنی رێگای نێوان ناوچەكانی زاب‌و هەكاری-یە بۆ گەمارۆدانی گەریلایكانی پارتی كرێكارانی كوردستان. توركیا لەسەر سنورەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەناوچەی زاب، بنكەی سەربازی (49)ی دروستكردووە، كە بنكە سەربازییەكانی ناوچەكانی "ئیلیا جیلی و كری ‌و شیكیر و سیفری تەپە و سەری سیفە و كەتیبەی هێرشی موشەكی و سریەكانی دەوروبەری بیلیجانۆخان تەپە ‌و ئارتوش"ی پێوە بەستراوەتەوە. توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری توركیا‌و لە دەرەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان. لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراق‌و هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان تێدا كرد. لە تشرینی یەكەمی 1984 و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری كرد، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی كرێكاران. دوای ماوەیەك بێدەنگی، ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگا‌و بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد. لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا تورگوت ئۆزال نامەیەكی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار. لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كرد‌و 15 هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانك‌و تۆپهاوێژی قورس‌و فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای 20 رۆژ لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە. دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993 و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری "پارتی دیموكراتی كوردستان" 30 هەزار سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی 45 رۆژی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی حەفتانین، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگ‌و نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە. لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە 24 ئۆپراسیۆن، لە ساڵەكانی 2000 و 2007 و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد. توركیا بەهانەی بۆ بوونی سەربازی چڕی خۆی لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەوە دەهێنێتەوە كە ئامانج لێی راوەدونانی جەنگاوەرانی كوردە، ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1984وە لە ململانێی چەكداریدان لەگەڵ دەوڵەتی توركیا لەپێناو ئەوەی كوردەكان مافەكانیان لە توركیا بەدەستبهێنن كە ژمارەیان لە 20 ملیۆن كەس زیاترە، لە نمونەی مافەكانی خوێندن بە زمانی كوردی‌و خۆبەڕێوەبەریی.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand