شاهرودی.. عێراقییەكی ئێرانی
2018-12-25 12:52:08
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
دوای ململانێیەكی دوورودرێژ لەگەڵ نەخۆشی، ئایەتوڵا مەحمود هاشمی شاهرودی، یەكێك لە مەرجەعەكانی شیعەو كەسایەتی دیاری عێراقو ئێران لە تەمەنی 70 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
پێش مردنی، شاهرودی سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێران بوو، كە دەستەیەكی تایبەتە بە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان پەرلەمانو ئەنجومەنی پاراستنی دەستور.
شاهرودیو دەسەڵاتی دادوەریی
شاهرودی تا ساڵی 2009 سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بوو، لەو ماوەیەشدا چەند چاكسازییەكی كرد، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان لەرێگەی بەردبارانكردنەوە، كە ئەو دەیویت زیان بە وێنەو باوبانگی ئێران دەگەیەنێت.
بەڵام چالاكانی مافەكانی مرۆڤ رەخنەی ئەوەی لێدەگرن لەو ماوەیەدا نەیتوانیوە سنورێك بۆ پرۆسەی دەستگیركردنی هەڕەمەكی چالاكانو سیاسییەكان دابنێتو لەماوەی دەستبەكاربوونی لەو پۆستەدا ئەشكەنجەدانی زیندانییەكان بەردەوام بووە.
كانونی دووەمی رابردوو، شاهرودی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی چووە ئەڵمانیا، بەڵام ناچاركرا زوو سەردانەكەی كۆتایی پێبهێنێتو بگەڕێتەوە ئێران، ئەوەش دوای ئەوای چالاكانی مافەكانی مرۆڤ داوایان لە داواكاری گشتی ئەڵمانیا كرد دەستگیری بكەن، بەتۆمەتی سەپاندنی سزای لە سێدارەدان كە دەگاتە سنوری تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی.
شاهرودیو سیستانیی
شاهرودی 15ی ئابی 1948 لەدایكو باوكێكی ئێرانی لە شاری نەجەف لە عێراق لە دایكبووە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە حەوزەی عیلمی نەجەف لەلای مەرجەعەكانی وەك " خومەینی، محەمەد باقر سەدر، ئەبوقاسم خوئی" خوێندویەتی، لە تەمەنی 30 ساڵیدا پلەی ئیجتیهادی لە حەوزەی نەجەف لەلایەن مامۆستاكەی (محەمەد باقر سەدر) وەرگرتووە.
لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بەهۆی چالاكییەوە دژی رژێمی سەدام حسێن دەستگیركراوەو ئەشكەنجەدراوە، ساڵی 1979 دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی چوەتە ئێران، سەرەتای هەشتەكانی سەدەی رابردوو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراق بووە كە ئێستا بە ناوی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی لە عێراقدا كاردەكات.
لەم چەند ساڵەی دواییدا، وەك جێگرەوەی عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعەكان ناوی شاهرودی دەخرایەِروو، چەندجارێكیش بۆئەو مەبەستە سەردانی عێراقو بەتایبەتی نەجەفی كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەكی توندوتۆڵی بە سیستمی ویلایەتی فەقیهەوە لە ئێران هەبوو، قبوڵنەكراو بەشێكی زۆری مەرجەعەكانی شیعە لە نەجەفو عێراق لەسەر پرسی ویلایەتی فەقێ لەگەڵ مەرجەكانی قوم ناكۆكن.
شاهرودیو جێگرتنەوەی خامنەیی
دوای ئەوەی عەلی خامنەیی بووە رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، رۆڵی شاهرودی دەركەوت، ئەو بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێكی سیاسیی هەبێت، ساڵی 1995 وەك ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان (خوبرەگان) هەڵبژێردرا، ساڵی 1999 بوو بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەوەش پۆستێك بوو گرنگییەكەی هاوتای پۆستی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمان بوو.
شاهرودی بەوە ناسرابوو مەیلی بەلای باڵی ئوسوڵیو توندڕەوەكانی ئێرانەوە هەیە، بەبێ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ریفۆرمخوازەكانیشدا بپچڕێنێت، لەماوەی رابردوودا چەندجارێك ناوی وەك جێگرەوەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران خرایەڕوو، بەڵام بەهۆی سەركردایەتیكردنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پێش محەمەد باقر حەكیم، زیاتر ناسنامەی عێراقیبوونی بەسەردا چەسپا، ئەوەش مەترسی ئەوەی لێدەكرا كە لەلایەن شەقامی ئێرانەوە قبوڵنەكرێت.