Draw Media

پێشبینییەكان بۆ ساڵی 2019ی هەرێمی كوردستان

پێشبینییەكان بۆ ساڵی 2019ی هەرێمی كوردستان

2019-01-01 14:23:31


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
پاشەكەوتی موچە هەڵدەگیرێت ؟ پێكهێنانی كابینەی حكومەت چەند دەخایەنێت؟ پارێزگاری كەركوك دیاری دەكرێت؟ دەستوری هەرێم چۆن چارەسەر دەكرێت ؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە لە ساڵی نوێدا بۆ ساڵی نوێ لە هرزی هەر تاكێكی هەرێمدایە‌و (درەو میدیا) لەم راپۆرتەكان پێشبینییەكانی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەخاتەڕوو.

ئاڵنگارییە پێشبینیكراوەكانی 2019
ساڵی نوێی 2019 بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، ساڵێكی جیاوازو پڕ لە ئاڵنگاری سیاسی‌و ئابوری دەبێت، لە ساڵی نوێدا یەكەمین كابینەی حكومەت لەدوای شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، پێكدێت.
ئەم كابینەیە لەهەناوی خۆیدا ژمارەیەكی زۆری ئاڵنگاری شاراوەی هەڵگرتووە، كە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت.

ئاڵنگاری یەكەم/ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت
زیاتر لە سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر بەرنامەی حكومەت‌و چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان، پێكهێنانی كابینەی حكومەت لە ساڵی 2018 ەوە دواخرا بۆ ساڵی 2019.
سەرەتای ئەمساڵ هەرێم روبەڕووی یەكەمین ئاڵنگاری سیاسی دەبێتەوە، كە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتە، كابینەیەك كە دیارنییە پێكهاتەكەی چۆن دەبێت‌و چەندێك دەستكراوە دەبێت.
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارتی جارێكی وەفدی دانوستانكاری خۆی رەوانەی سلێمانی بكات، بۆ دانوستان لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان، رەنگە كۆمەڵی ئیسلامیش.
وەفدی پارتی لە سەردانی ئەمجارەیدا بۆ سلێمانی وەڵامی فەرمی پێیە بۆ داواكارییەكانی یەكێتی‌و گۆڕان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە خولی پێشووی دانوستانەكاندا، پارتی سێ سەرۆك سەرۆكایەتییەكەی (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) كردبوو بە یەك پاكێج، بزوتنەوەی گۆڕان داوایكردووە هەموو پۆستەكان بكرێن بە پاكێجێك، یەكێتیش بۆ هەر دابەشكارییەكی پۆستەكان، داوای رێككەوتنی پێشوەختەی سیاسی لەگەڵ پارتی ئەكات.
(درەو میدیا) زانیویەتی بەمدواییە پێشنیازێكی نوێ هاتوەتەئاراوە بۆ ئەوەی لەبری رێككەوتنی دوو قۆڵی، رێكەوتنێكی سێ قۆڵی لەنێوان (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بكرێت وەك سێ لایەنی پێكهێنەری حكومەتی داهاتوو، رێككەوتنێك كە تا ئاستی پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبەش لە پەرلەمان سەربكێشێت.
هەموو ئەو ئاڵۆزییەی كە لە هاوكێشەی پێكهێنانی كابینەی نوێدا دروستبووە، وایكردووە پێشبینی بكرێت پێكهێنانی ئەم كابینەیە كاتێكی زیاتر بخایەنێت، هەرچەندە پارتی، بە دیاریكراوی مەسرور بارزانی سورە لەسەر ئەوەی لەماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا حكومەتی نوێ دەستبەكاربێت.
پارتی لەم چوارچێوەیەدا پلانی (B) ئامادەكردووە‌و لەحاڵی نەهاتنەپێشەوەی یەكێتی، رەنگە پارتی هاوشێوەی كابینەی پێشوو حكومەت پێكبهێنێت‌و پۆستەكانی یەكێتی بە بەتاڵی بهێڵێتەوە، تا ئەوكاتەی یەكێتی خۆی بەناچاری پەیوەندی بە حكومەتە نوێیەكەوە دەكات. 

ئاڵنگاری دووەم/ دۆخی ئابوری
بەهەمان شێوەی دۆخە سیاسییەكە، ساڵی 2019 هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابورییەوە جیاواز دەبێت، دوای شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، خەڵكی پێشبینی دەكەن دۆخی دارایی حكومەت كەمێك سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا هیواو ئومێدە، ئەوەی بەكردەوە ئەم بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتەئەستۆ حكومەتی داهاتووە، كابینەی نوێ چەند پرسیارێكی چارەنوسسازی روبەڕوو دەبێتەوە:
•    ئایا كابینەكەی مەسرور بارزانی دەتوانێت لە ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراودا، كێشە هەڵپەسێردراوەكان (نەوت‌و بودجە) لەگەڵ حكومەتی ناوەند چارەسەر بكات؟ بەتایبەت لە كاتێكدا كە پارتی (فوئاد حسێن) یەكێك لە كەسە نزیكەكانی مەسعود بارزانی‌و مەسرور بارزانی لە پۆستی وەزارەتی دارایی بەغداد جێگیركردووە؟
•    ئایا حكومەتەكەی مەسرور بارزانی ئامادەیە دەست لە بیرۆكەی ئابوری سەربەخۆ بەیەكجاری هەڵگرێت‌و نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكات، بەوشێوەیەی كە پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە، یاخود لە چوارچێوەی هەر رێككەوتنێكی تردا كە لە داهاتوودا بكرێت.
•    ئایا كابینەی نوێ ئامادەیە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بەتەواوی هەڵوەشێنێتـەوە ؟ 
•    ئایا كابینەی نوێ ئامادەیە بازاڕەكانی هەرێم ببوژێنێتەوەو ئاستی خزمەتگوزارییەكانیش كە چەند ساڵێكە پاشەكشەی كردووە بەرەوپێش ببات؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەی سەرەوە چەند پێشبینییەك هەیە: 


پێشبینی یەكەم:
ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند بێت بە یاسای بودجەی 2019ی عێراقەوە، دەبێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە بنێت لەبەرامبەردا مانگانە بڕی نزیكەی (500 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت. سەرباری پارەكەی بەغداد، حكومەتی هەرێم مانگانە هەندێك داهاتی تری دەستدەكەوێت كە ئەمانەن:
•    حكومەتی هەرێم جگە لە رادەستكردنی نەوت بە بەغداد دەتوانێت خۆی رۆژانە نزیكەی (200 هەزار) بەرمیل نەوت بفرۆشێت، داهاتی ئەم نەوتەش دەگاتە نزیكەی (300 ملیار) دینار.
•    جگە لە داهاتی نەوت، حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (120 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی دەستدەكەوێت.
•    تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (30 ملیار) دینار یارمەتی‌و كۆمەكی ئەمریكا وەردەگرێت.
بە پارەكەی بەغداد‌و كۆی داهاتەكانی ترەوە حكومەتی هەرێم لە ساڵی نوێدا دەتوانێت مانگانە نزیكەی (یەك ترلیۆن) دینار داهات كۆبكاتەوە، ئەگەر بەشێك لە موچەخۆران (زیندانیانی سیاسی- كەمئەندامانی سەنگەر) موچەكانیان بخرێنەسەر بەغداد، ئەوكات حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی هەموو موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (800 ملیار) دینار دەبێت، لەم حاڵەدا حكومەتی داهاتوو دەتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵگرێت‌و سەرباری ئەوەش مانگانە بڕی (200 ملیار) دیناری بۆ بمێنێتەوە بۆ خەرجییەكانی تری بواری وەبەرهێنان.
ئەگەر ئەم پێشبینییە سەركەوتوو بێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت كێشەی موچەی فەرمانبەران‌و بوژاندنەوەی بازاڕو دۆخی خزمەتگوزارییەكان تاڕادەیەك چاك بكات. 

پێشبینی دووەم:
ئەگەر حكومەتی هەرێم پەیوەست نەبوو بە بودجەی عێراق‌و ئامادەنەبوو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەوا كابینەی نوێ دەكەوێتە بەردەم دوو ئەگەر:
•    ئەگەر بەغداد بەردەوام بوو لەسەر ناردنی (317 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم، كابینەی نوێ لەگەڵ داهاتی نەوتدا مانگانە بڕی زیاتر لە (500 ملیار) دیناری دەستدەكەوێت‌و ئەوكات لەگەڵ (120 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆو (30 ملیار) دیناری ئەمریكیەكان، مانگانە كابینەی نوێ بەهەمان شێوەی پێشبینی یەكەم مانگانە بڕی (یەك ترلیۆن) دیناری دەستدەكەوێت.
•    ئەگەر بەغداد (317 ملیار) دینارەكە نەنێرێت، داهاتی هەرێم نزیكدەبێتەوە لە (700 ملیار) دینارو تەنها بەشی پێدانی موچە دەكات بەشێوازی ئێستا، واتا ئەوكات حكومەت ناتوانێت پاشەكەوتی موچە هەڵگرێت.

ئاڵنگاری سێیەم/ كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان
نزیكترین روداوی سیاسی لەبارەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە لە ساڵی نوێدا رەنگە دانانی پارێزگارێكی نوێ بێت بۆ كەركوك، پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن پرسی زیندووكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی بەستوەتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە، یەكێتی نیشتمانیش دەیەوێت پرسی دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك ببەستێتەوە بە كابینەی نوێی حكومەتەوە.
ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە، یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری داهاتوو كەسێك بێت لەخۆی، پارتیش دەیەوێت كەسێكی بێلایەن دابنێت، بەڵام بێلایەنێكی نزیك لە خۆی.
ئەگەر پرسی دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك لە دانوستانەكانی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا یەكلاكرایەوە، رەنگە كێشەكە بەزوویی بەرەو چارەسەر بڕوات، بەڵام ئەگەر بەشێوەی دابڕاو مامەڵەی لەگەڵدا كرا، رەنگە دۆخی ئەو پارێزگایە لە ساڵی نوێدا تا رادەیەك وەك خۆی بمێنێتەوە. 
جگە لە كەركوك، كۆی ناوچە جێناكۆكەكانی تر لەدوای ریفراندۆمەوە تاڕادەیەك لە ژێر كۆنترۆڵی كورددا نەماون، یەكێك لەو ئەركانەی كە دەكەوێتە ئەستۆی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، یەكلایكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەیە، بەتایبەت لەڕووی ئیدارییەوە.

ئاڵنگاری چوارەم/ دەستوری هەرێم
پارتی دەیەوێت لەم خولەی نوێی دەسەڵاتدا، دەستوری هەرێم تێپەڕێنێت، دەستورێك كە لەماوەی 27 ساڵی رابروودا پرسێكی جیگەی مشتومڕ بووە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا.
پارتی ئەمجارە بەسودوەرگرتن لەو زۆرینەیەی كە پێكیهێناوە دەیەوێت دەستور تێپەڕێنێت، رەنگە لەدوای پێكهێنانی كابینەی حكومەتەوە، پارتی بەنەرمی دەستبكات بە كاركردن لەسەر دەستورە نوێیەكە.
پارتی كە هێشتا كابینەی نوێیەكەی پێكنەهێناوە، هەندێك لە بەرپرسەكانی بە ئاشكرا باس لەوە دەكەن دەستوری نوێ وا دادەڕێژن سیستمی حوكمڕانی "سەرۆكایەتی" بێت، ئەگەر پارتی رێككەوتنی پێشوەختە لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان نەكردبێت، رەنگە ساڵی نوێ خەڵكی هەرێم شایەتحاڵی گەڕێكی نوێی ململانێی نێوان پارتی‌و لایەنەكان بن لەبارەی پرسی سیستمی حوكمڕانییەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا یەكێتی‌و گۆڕان داوای ئەوە دەكەن سیستمەكە "پەرلەمانی"ی بێت.
پارتی دەیەوێت تەنها بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت، (درەو میدیا) زانیویەتی، لە دانوستانەكانی ئەمدواییەدا زانیویەتی گۆڕان‌و یەكێتی بە پارتیان راگەیاندووە "دەبێت پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە لەناو دەستوردا بچەسپێنرێت". 

ئاڵنگاری چوارەم/ لێكەوتە دەرەكییەكان 
جگە لە ئاڵنگارییە ناوخۆییەكان، هەندێك روداوی دەرەكی‌و هەرێمایەتی هەن رەنگە ساڵی نوێدا پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە ببینن‌و كاریگەریی لەسەر دۆخی هەرێم بەجێبهێڵن، لەوانە:
•    سزا ئابورییەكانی سەر ئێران
•    شەڕو ناكۆكی نێوان توركیاو پەكەكە
•    دۆخی رۆژئاوای كوردستان (ئەگەری رودانی شەپۆلێكی نوێی ئاوارەبوون)
•    بەرزو نزمی نرخی نەوت
•    پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد 

ئاڵنگاری پێنجەم/ پێشبینی نەكراوەكان  
جگە لەو ئاڵنگارییە ناوخۆی‌و دەرەكییانە، رەنگە هەرێمی كوردستان لە ساڵی نوێدا روبەڕووی هەندێك ئاڵنگاری پێشبینی نەكراو ببێتەوە، لە نمونەی كارەساتە سروشتییەكان یاخود هەر روداوێكی تر كە كابینەی نوێی خۆی بۆ رودانی ئامادە نەكردبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand