Draw Media

زیندانییەك لەناو كۆشكەكەیدا  

زیندانییەك لەناو كۆشكەكەیدا  

2018-12-30 13:55:24


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
هاوینی ساڵی 2006 یەكەی 515ی سەر بە پۆلیسی سەربازی ئەمریكی لە عێراق جگە لە پاسەوانیكردن لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ناوچەی سەوز یان جارجار هاوڕێیەتیكردنی كاروانێك هیچ ئەركێكی تری نەبوو، بەڵام لە كۆتایی ئەو ساڵەدا ئەركی ئەو یەكەكە وەرچەرخانێكی گرنگی بەخۆیەوە بینی و ئەركی پاراستی " زیندانێكی زۆر گرنگی" خرایە ئەستۆ،  ئەوەش ئەو زیندانە بوو كە سەددام حسێن سەرۆكی پێشووتری عێراقی تێدابوو.
ئەفسەرێكی سوپای ئەمریكی بەناوی " ویڵ پاردنوێربەر"  لە كتێبەكەیدا  بەناوی " سەددام حسێن و پاسەوانە ئەمریكییەكانی، زیندانییەك لەناو كۆشكەكەیدا". بەمشێوەیە باس لە پەیوەندیی نێوان سەددام حسێن و ئەو 12 پاسەوانە دەكات كە لەو زیندانەدا لەگەڵیدا ژیاون.
" دیداری سیمبوڵی خراپەكاری"
یەكێك لە پاسەوانەكان  بۆ یەكەمجار كە رووبەڕوو بینی، لە دەموچاوی سەددام حسێن وردەبووە لە كاتێكدا ئەو لە خەوێكی قوڵدا بوو، هەرچەندە ئەو بەتەواوەتی سەدامی دەناسی بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە لە هەواڵ و وێنەكەی كە لە لاپەڕەكانی رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاودەكرایەوە.
لەو ماوەیەدا كە دادگاییكردنی سەددام حسێن لە دادگایەكی عێراقی كە ئەمریكا دایمەزراندبوو بەڕێوەدەچوو، لە زیندانییەكەوە كە لە یەكێك لە كۆشكەكانی سەر رووباری دیجلە بوو دەگوازرایەوە بۆ دادگا و یەكەی 515 بەرپرس بوو لە پاراستنی ژیانی و گەرەنتیكردنی سەلامەتی.
ئەو گروپەی كە پاسەوانی سەددامیان دەكرد ناوی " سۆپەر 12" یان لە خۆیان نابوو، ئەركەكەیان بریتی بوو لە شەونخونیكردن بۆ سەلامەتی " سیبموڵی جەمسەری خراپەكاریی" بە گوێرەی پۆلێنكردنی ئەمریكا لەو كاتەدا، واشنتۆن زۆر بە پەرۆش بوو كە گیانی سەددام بپارێزێت و گەرەنتی دادگاییكردنی بكات، چونكە ئەوە نیشانی دەدا كە پەرۆشە بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەریی نەك تۆڵەكردنەوە.
لە رۆژەكانی سەرەتای دەستگیركردنیدا كە هێشتا دانیشنی دادگاییكردن دەستی پێنەكردبوو، كات زۆر بە هیواشی تێدەپەڕین چونكە هیچی ئەوتۆ نەبوو كە لەو كاتەدا ئەنجامی بدات.
لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا هەندێك پەیوەندی و هۆگری لە نێوان سەددام و پاسەوانەكاندا دروست بوو كە هیچ نیشانەیەكی " خراپەكاری" تێدا دیارنەبوو، ئەوەش بە گوێرەی یەكێك لە پاسەوانەكان و پاشان لەماوەیەكی كورتدا پەیوەندیی لە نێوان هەندێك لە پاسەوانەكان و سەددام حسێندا بۆ جۆرێك لە هاوڕێیەتی بەرەوپێشچوو.
پاسەوانەكان سەریانسوڕمابوو كە سەدام حسێن لە جیاتی ژیانی نێو كۆشكە خۆشە زۆرەكان بە دۆخی دەستگیركردنی لە زیندانێكی بچوكدا قایل بوو، زۆر چێژی وەردەگرت بە دانیشتن لەسەر كورسییەكی بچوكە كە دەرەوەی زیندانەكە لەبەردەم مێزێكی بچوكدا بۆی دانرابوو، ئاڵایەكی بچوكی عێراقیشی لەسەربوو، لەسەر مێزەكە دەینوسی، جگەرەی كوهیبای كوبی گرانبەهای دەكێشا كە زۆر بە پەرۆش بوو بۆ هەڵگرتنی لە قوتوی تایبەتدا بۆئەوەی شێدارییەكەی بپارێزێت.

                                                                   ئەو ژوورەی سەددام تێیدا زیندانی كرابوو
" بكرێوە سمسم"
سەددام زۆر بایەخی بە خواردنەكانی دەدات، بە چەند قۆناغێك خواردنی دەخوارد، سەرەتا بە خواردنی هێلكەورۆن دەستی پێدەكرد و پاشان پارچەیەك شیرینی و لە كۆتاییشدا میوەی دەخوارد، ئەگەر هێلكەورۆنەكەوی بەدڵ نەبوایە رەتیدەكردەوە.
زۆر گوێی لە رادیۆ دەگرت و كاتێك گوێبیستی دەنگی كچە گۆرانیبێژی ئەمریكی " ماری بلیچ" بوایە لە گەڕان بە دوای ئیزگەكاندا دەوەستا،  هەروەها حەزی لە سواری پایسكیل بوو كە ناوی ناوبوو" جوانووە ئەسپ" و شۆخی لەگەڵ پاسەوانەكاندا دەكرد و دەیوت ئەو ئاسكە و لە رێگەی وەرزشكردنەوە  ئێسكەكانی بەهێزدەكات, بۆئەوەی دواتر بتوانێت بەسەر دیواری زیندانەكەدا بازبدات.
جارێكیان سەددام حسێن پێكەنی كاتێك گوێی لە پاسەوانەكان بوو كە هاوڕێیەكی خۆیان بە كەسایەتی "دراكۆلا" دەچوان لە زنجیرە كارتۆنی " بكرێوە سمسم" دا.
هەروەها بایەخی زۆری بە ژیانی تایبەتی پاسەوانەكان دەدات ودەربارەی خێزانەكانیان پرسیاری لێدەكردن هەتا ئەو رادەیەی هۆنراوەیەكی بۆ هاوسەری یەكێكیان نوسی و ژمارەیەكی زۆر لە پاسەوانەكان ژن و منداڵیان هەبوو، گفتوگۆی لەگەڵدا دەكردن دەربارەی ئەو كێشانەی وەك باوكێك لەگەڵ منداڵەكانیاندا رووبەڕووی دەبنەوە و چەند روداێكی سەرنجڕاكێشی ژیانی خۆی بۆ دەگێڕانەوە.

                                                    ئەو كۆشكەی كە سەددام لەكاتی دادگاییكردنیدا تێیدا زیندانی كرابوو
توڕەبوونێكی زۆر
سەددام باسی لەوەكرد كە عودەی كوڕی تەقەی لەسەردانكەرانی یەكێك لە یانە شەوانەكانی بەغدا كردووە و كەسێكی كوشتووە و دەیانی برینداركردووە و پاسەوانەكان دەگێڕنەوە كە سەددام وتویەتی بەو رووداوە" زۆر توڕە بووەو ئاگری لە هەموو ئۆتۆمبیلەكانی عودەی بەرداوە" و عودەی خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبیلی گرانبەهای وەك رۆڵز رۆیس و فیراری و پۆرش بوو.
پاسەوانێكی تر وتی سەددام باشترین پەیوەندی هەبوو لە گەڵماندا و گەیشتبوینە ئەو باوەڕەی ئەگەر لایەنگرانی بیگەنێ‌ بۆ ئازادكردنی، ئەوا هیچ ئازارێكیان بە ئێمە نەدەگەیاند، چونكە پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵیدا هەبوو.
سەددام  لە میانی دانیشتنەكانی دادگادا كەسایەتییەكی تر بوو، زۆر بەتەنگ بەرگریكردن بە خۆی نەبوو، بەڵكو وا قسەی دەكرد كە قسەكانی ئاراستەی ئەو كەسە بكات كە دواتر مێژوو دەنوسێتەوە و تیشك دەخاتە سەر ئەو میراتەی بەجێهێشتووە.
ئەنجامی دادگاییكردنەكە نیمچە یەكلاییكراوەبوو، هەمووان ئەو راستییەیان دەزانی كە رووبەڕوووی مردن دەبێتەوە، بەڵام كاتێك لە دانیشتنەكانی دادگا دەگەڕایەوە دەبووە بە كەسایەتییەكەی پێشووی و بەشێوەیەك رەفتاری دەكرد، وەك ئەوەی باپیری پاسەوانەكان بێت.


ساتێكی دژوار
نوسەری كتێبەكە " ویڵ پاردنۆربەر" دەڵێت هەر 12 پاسەوانەكە زۆر پیشەیی و مرۆڤانە ئەركەكانیان جێبەجێدەكرد، سەرەڕای ئەو دۆخە خراپ و دژوارەی لەو كاتەدا باڵی كێشابوو ،"  هەرچەندە ئەو گەنجانە هیچ مەشق و راهێنانێكیان دەربارەی مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانییەكی لەو جۆرەدا نەكردبوو، بەڵكو هاوشێوەی ئەندامانی هێزی پۆلیسی سەربازی مەشقیانكردبوو لەسەر شێوازەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانییە سەربازەكان نەك سەرۆكی پێشووی دەوڵەتێك".
نوسەرە ئەمریكییەكە روونیدەكاتەوە كە ئاڵنگاریی و كێشەكان كە رووبەڕووی ئەو پاسەوانانە بوونەوە هەرچییەك بوون ناگەنە ئەو ساتە دژوارەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەیان،  هەستكردن بەوەی كە رۆڵێكت بینیوە لە مردنی كەسێك كە ناسیوتە و بۆماوەیەك لەگەڵیدا ژیاویت زۆر كاریگەرترە لە تەقەكردن لە مەودایەكی دوورەوە لە كەسێك كە نایناسیت، ناڵێم كە تەقەكردن لە كەسێك كارێكی ئاسانە، بەڵام زۆر جیاوازە لەگەڵ ژیان لەگەڵ كەسێكدا بە درێژایی چەندین كاتژمێر وەك ئەو پاسەوانانە كە لە كۆتاییدا رادەستی كەسانی تریان كرد بۆئەوەی بیكوژن".
دوا ساتەكانی سەددام حسێن لەگەڵ پاسەوانەكانیدا ئەو رۆژە بوو كە سزای لە سێدارەدانی بەسەر جێبەجێكران سەددام باوەشی بەو پاسەوانانەدا كرد كە رادەستی ئەو كەسانەیان كرد كە ئەركی جێبەجێكردنی لە سێدارەدانەكەیان لە ئەستۆدا بوو، لە كۆتاییدا ئەوە پرسێكی ناوخۆیی عێراقە، نوسەرەكەی وادەڵێت، پاسەوانەكان پرۆسەی لەسێدارەدانەكەیان نەبینی، بەڵام تاریكاییەكەیان بینی و گوێیان لە دەنگی كردنەوەی ئەو دەرگایە بوو كە سەددام لەسەری وەستابوو، لەگەڵ بەربوونەوەی  و دەنگی شكانی گەردنی. 
بچوكترین پاسەوان  سەربازێك بوو بەناوی ئادەم رۆجەرسۆن، تەمەنی 22 ساڵ بوو، رۆجەرسۆن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵیدا سەرەتای 2018 باس لە ساتەكانی كۆتایی پێش لەسێدارەدانی سەددام دەككات و دەڵێت:" رۆژێكی زۆر غەمناك بوو، دوای نەمانی دەنگە دەنگ و قەرەباڵغی زانیمان ئێمە لە ناوچەیەكی پارێزراو سەلامەتین و ئیتر هیچ كەس نایات بۆئەوەی سەددام بەرێت.
هەروەها پێش ئەوەی بچێتە ژووری لەسێدارەدان روویكردە ئێمە و ماڵئاوایی لێكردین و وتی: هەمووتان وەك  هاوڕێم وابوون، هەندێم لە پاسەوانەكان گریان و منیش زۆر غەمباربووم، چەند ساتێكی زۆر ناخۆش بوون لەگەڵ كەسانی تردا شەڕم كردن لە چەندین بۆمبی چێندراو رزگاربووم، بەڵام هەرگیز ئامادەنەبووك بۆ رووبەڕوبونەوەی دۆخێكی لەو شێوەیە".


                   سەددام لەرێگەی رادیۆوە گوێی لە دەنگی كچە گۆرانیبێژی ئەمریكی ماری پلیچ دەگرت

چەند ساتێكی بارگاوی
وتیشی :"دوای چوونە ژوورەوەمان، گوێبیستی هەندێك دەنگە دەنگ بووین و پاشان گوێمان لەدەنگی هاوار و كەوتنی شتێك لەسەر زەوی بوو، دوای ئەوە بینیمان لەسەرشان هەڵیانگرت، هەروەها هەندێك تفیان تێكرد و شەقیان تێهەڵدا و گوێشمان لە دەنگی تەقەبوو، چەند ساتێكی زۆر بارگاویی بوو، ئەركی ئێمە پارێزگاریكردن بوو لە كەسێك و مەشقمان لەسەر ئەوە پێكرابوو، پاسان ئەو كەسەی كە پارێزگاری لێدەكەیت رادەستی كەسانی تری دەكەین بۆئەوەی بیكوژن و دوای مردنی هەندێك شەقی تێهەڵدەن و تفی لێبكەن،  هەستم بەرێز كرد بەرامبەری دوای مردنی".
راشیگەیاند دادگاییكردنی سەددام لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیدابوون بەڕێوەچوون حكومی بەسەردا درا و هیچ دژایەتییەك بۆئەوە نییە و ناڵێم كە شایانی ئەو حكومە نەبوو، بەڵام كارەكە ئاسان نییە بەلای كەسێكەوە كە تەنها لە تەمەنی 22 ساڵیدا بێت، رەنگە من بۆ ئەوە ئامادەنەبووبم، هەچەندە من ئەو كەسە نەبووم كە تەرمەكەی كەوتە سەر زەویی، بەڵام هەندێكجار و هەتا ئێستا هەستدەكەم لە هەمان ئەزموندا دەژیم.
سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand