Draw Media

ئایا دۆناڵد ترەمپ لە 2019 لەكاردەخرێت؟

ئایا دۆناڵد ترەمپ لە 2019 لەكاردەخرێت؟

2018-12-27 15:23:42


نوسینی: حوسام ئیبراهیم/ سایتی: ناوەندی توێژینەی موستەقبەلی ئیماراتی    
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ      
پرسی لەسەركارلابردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستەكەی لە ماوەی رابردوو نێوندە نێوخۆییەكانی ئەو وڵاتەی سەرقاڵكردووە، هەرچەندە پرسەكە ماوەیەكە وروژێنراوە، بەڵام مشتومڕ دەربارەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە كورسی سەرۆكایەتی لە سایەی پێشهاتەكانی ئەمدواییەدا بایەخی زیاتری وەرگرت، بە تایبەتی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی " مۆلەر" و سەركەوتنی دیموكراتەكان بە كۆنترۆڵكردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی ئەنجومەندا كە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو بەڕێوەچوو.
ئەم بەرەوپێشچوونانە رەنگە ببنە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی یاسایی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی لە ساڵی 2019دا، سەرەڕای ئەوەی ئەم رێوشوێنانە بە فیعلی نابنە هۆی لەسەركارلابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی، چونكە سیناریۆ چاوەڕوەنكراوەنی دوورخستنەوەی ترەمپ لەو هەوڵانە ناچێتەدەر كە بۆ لەسەركارلابردنی سێ‌ سەرۆكی ئەمریكا لە رابردوودا دراون، " ئەندرۆ جۆنسۆن" ساڵی 1868، " ریچارد نیكسۆن" ساڵی 1974 ، " بیڵ كلینتۆن" لە ساڵی 1998. 
رووداوەكانی ساڵی 2018
چەند روودا و گۆڕانكارییەك لە ساڵی 2018دا روویاندا, بە تایبەتی لە مانگەكانی كۆتاییدا كە رەنگە ببنە خاڵی دەستپێكی پرۆسەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی لە ساڵی 2019دا، ئەو رووداوانەش بریتی بوون لە:
1- لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەی مۆلەر: لە 17ی ئایاری 2017 وەزارەتی دادی ئەمریكا لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2016 پێكهێنا كە ترەمپی گەیاندە كۆشی سپی و ئەو لیژنەیە كە بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەڵبژاردنەكە دەكات تا سەرەتای ساڵی 2019 زیاتر لە ساڵ و نیوێك بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەشدا  لیژنەكە چەندین لێكۆڵینەوەی كردووە و بووەتە هۆی تاوانباركردنی چەندین كەسی تیمی هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆكایەتی ترەمپ و دواهەمین گۆڕانكاری لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەش كە لە نیوەی یەكەمی مانگی دیسەمبەری 2018 رویدا تاوانباركردنی پارێزەكەی ترەمپ و بەڕێوەبەری هەڵمەتەكەی بوو بە تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكان, پاشان لیژنەكە دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە دەربارەی كارەكانی لیژنەی رێوڕەسمی دانانی " ترەمپ" لە پۆستی سەرۆكایەتی و پرسیاری ئەوە دروست بووە چۆن ئەو لیژنەیە پارەی كۆكردوەتەوە و بودجەی رێورەسمی دەستبەكاربوونی ترەمپی پێ دابینكراوە؟, هەروەها لێكۆڵینەوە دەكات لە چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە و ئەگەری بوونی پێشێلكاری یاسایی تێیدا.
2- ئەنجامی هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی كۆنگرێس: ئەم هەڵبژاردنە مانگی نۆڤبەری 2018 بەڕێوەچوو، تێیدا دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا كۆمارییەكانی ( پارتەكەی سەرۆك) زۆرینەی خۆیان لە ئەنجومەنی پیران پاراست و لەگەڵ دەستپێكردنی خولی نوێی یاسادانانی كۆنگرێسی ئەمریكا لە 3ی كانونی دووەمی 2019، ئیتر دیموكراتەكان دەتوانن جموجوڵ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكانی بۆ لەسەركارلابردنی سەرۆك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبكەن و گەرەنتی ئەوە بكەن كە سەركەوتووبن لە بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ ئاراستەكردنی تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكان و دەستور.
3- هەڵوێستی ناوخۆیی دەربارەی لەسەركارلابردنی ترەمپ: سەرەڕای ئەو جەماوەرێتییەی ترەمپ لە چەند ناوەندێكی ئەمریكی هەیەتی، بەڵام هەڵوێستی دەستەبژێری رۆشنبیر و میدیاكان رەهەندێكی گرنگی مشتومڕی دوورخستنەوەی ترەمپ پێكدەهێنن، میدیای ئەمریكی بەشێوەیەكی بەردەوام كاردەكات بۆ دەرخستنی نەرێنییەكانی ترەمپ و هەوڵدەدات رای گشتی لە دژی هانبدات و بابەتی لەسەركارلابردنی ترەمپ بووەتە بەشێكی سەرەكی ئەو پرسانەی كە میدیای ئەمریكی گفتوگۆیان لە بارەیەوە دەكات و دەیانوروژێنێت، جگە لەوەش جوڵەیەكی جەماوەریی سنوردار هەیە بۆئەوەی هانی كۆنگرێس بدات سەرۆك لە پۆستەكەی لابدات ئەم جوڵەیەش خۆی لە بزوتنەوەی " Need to Impeach " دا دەبینێتەوە كە لە ئۆكتۆبەری 2017 دامەزرێنرا و هەوڵدەدات هاوڵاتیانی ئەمریكا هانبدات، تا گوشار بخەنە سەر نوێنەرەكانیان لە كۆنگرێس بۆئەوەی رێوشوێنی لەسەركارلابردنی ترەمپ دەستپێبكەن و ئەو بزوتنەوەیە یاداشتێكی داواكاری بۆ لەسەركارلابردنی ترەمپ لەسەر سایتی ئەلیكترۆنیی خۆی داناوە و تائێستا زیاتر لە شەش ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی ئیمزایان كردووە.
رێوشوێنە یاساییەكانی پرۆسەی لەسەركارلابردن
چەمكی " Impeachment " لە رۆشنبیری سیاسی ئەمریكیدا ئاماژە بۆ چەند رێوشوێنێك دەكات كە لە رێگەیانەوە سەرۆك لە پۆستەكەی لادەبرێت، ئەوەش پرۆسەیەكی دوورودرێژەو لەناو كۆنگرێسدا بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی چەند هەنگاوێك دەكرێت كە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەوەش واتای ئەوە ناگەیەنێت كە بە جێبەجێكردنی ئەو رێوشوێنانە سەرۆك لە پۆستەكەی لادەبرێت, دەكرێت رێوشوێنەكان جێبەجێبكرێن، بەڵام ئەنجامی كۆتایی نەگاتە بڕیاری لەسەركارلابردنی سەرۆك و دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی.
دەستوری ئەمریكا چوارچێوە گشتییەكانی رێوشوێنەكانی لەسەركارلابردنی سەرۆكی دیاریكردووە و ئەوەش لە مادەی یەكەمیدا كە دەچێتە دەسەڵاتەكانی كۆنگرێس و لە مادەی دووەمیشدا كە باس لە سەرۆك و دەسەڵاتەكانی دەكات و بە پشت بەستن بەو دوو مادەیە رێوشوێنەكانی لابردنی سەرۆك لە پۆستەكەی بە دوو قۆناغ دەبێت بەمشێوەی خوارەوە:
1- قۆناغی یەكەم: ئەم قۆناغە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنەكە دەستدەكات بە رێوشوێنی لێكۆڵینەوە و تۆمەتباركردنی سەرۆك بە ئەنجامدانی ئەو كاراتەی كە پێویست دەكات لە پۆستەكەی لاببرێت، دەستور ئەو كارانەی دیاریكردووە كە لابردنی سەرۆك پێویست دەكەن, بریتین لە: خیانەت، وەرگرتنی بەرتیل، ئەنجامدانی تاوان یان پێشێلكردنی ئاكاریی كە لەو جۆرە بێت مەترسی لێبكەوێتەوە.
 دوای رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوە دەنگ لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك دەدرێت و ئەم تۆمەتباركردنەش پێویستی بە زۆرینەی سادەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پاشان پرۆسەكە دەچێتە قۆناغی دووەم.
2- قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە لەناو ئەنجومەنی پیراندا بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنەكە بە رەسمی سەرۆك دادگاییدەكات، و ئەندامانی ئەنجومەن رۆڵی دەستەی دادوەریی دەگێڕن و سەرۆكی دادوەرانی دادگای باڵای دەستوری سەرپەرشتی پرۆسەی دادگاییكردنی سەرۆك دەكات هەتا ئەو كاتەی بەفیعلی لەسەر كارلادەبرێت، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران راستی و دروستی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەرۆك كراون پەسەند بكەن، لە كاتێ:دا ئەگەر رەزامەندی دوولەسەر سێی ئەندامەكان بەدەستنەهات، ئەوا بەواتای ئەوە دێت كە سازان " تەوافق" نیە لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك بەو كارانەی كە پێویستن بۆ لابردنی و بەوەش سەرۆك لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت بەبێ‌ رەچاوكردنی هەموو ئەو رێوشوێنانەی بۆ لەسەركارلابردنی گیراونەتەبەر.
سێ‌ سیناریۆ بۆ لابردنی ترەمپ:
لە ئەگەری ئەوەی كە لیژنەكەی مۆلەر لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2019 كارەكانی تەواودەكات و لە راپۆرتی كۆتاییدا جەختدەكاتەوە كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ یان خودی خۆی پێشێلكاریی كردووە و لەگەڵ ئەگەری جوڵەی دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی لەسەركارلابردنی سەرۆك، ئەوا رێوشوێنەكانی پرۆسەی لەسەركارلابردنەكە بە فیعلی دەستپێدەكات و لە سێ‌ سیناریۆی دوورخستنەوەی سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا دەرناچێت كە بەمشێوەیە بوو:
1- سیناریۆی " ئەندرۆ جۆنسۆن": رێوشوێنەكانی لەسەركارلابردنی سەرۆك ئەندرۆ جۆنسۆن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە مارسی 1868 دەستیپێكرد, كاتێك ئەنجومەنەكە لیستێكی تۆمەتی 11 مادەیی دژی جۆنسۆن پەسەندكرد و كە دامەزراندنی نادەستوریی و خراپ بەكارهێنانی دارایی فیدراڵی  و پێشێلكردنی یاسای فیدراڵی و كەمكردنەوەی رێزی كۆنگرێسی لەخۆگرتبوو، بەڵام ئەنجومەنەكە لیستەكەی پەسەندنەكرد و ئەنجامی دەنگدان بەمشێوەیە بوو: 35 سیناتۆر دەنگیان بۆدا و 19 سیناتۆریش دژی بوون و ئەنجامەكەش دەنگێكی كەمتر بوو لە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، ئەگەری ئەوە هەیە كە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران لیستێك بۆ تۆمەتباركردنی ترەمپ پێشكەشبكەن و پێشبینیدەكرێت كە لیستی تۆمەتەكان نزیك بن لە پرۆژە بڕیاری 621 كە سیناتۆر " سیتڤ كوهین" رۆژی 15ی نۆڤەمبەری 2017 پێشكەششی ئەنجومەنی نویچنەرانی كردن كە پرۆژە بڕیاری ژمارە H.Res.621 بوو بۆ لەسەركارلابردنی ترەمپ بە تۆمەتی ئەنجامدانی  تاوانی گەورە و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، ئەو برشیارە تائێستا لە لیژنەی دادوەریی ئەنجومەنی نوێنەران نەهاتوەتە دەرەوە، لە پرۆژە بڕیارەكەدا كە پێشبینیدەكرێت بكرێتە لیستی تۆمەتباركردنی ترەمپ، تۆمەتی تەگەرەخستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی كەسیی، ئەنجامدانی پێشێلكاریی یاسایی, پێشێلكردنی دەستوری ئەمریكی لەخۆگرتووە، بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە پێشبینی ناكرێت ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكان پەسەندبكات.
2- سیناریۆی "ریچارد نیكسۆن": ئەنجومەنی نوێنەران یۆلیۆی 1975 دەستیكرد بە رێوشوێنەكانی تۆمەتباركردنی سەرۆك بەهۆی كەیسی وۆتەرگەیتەوە و سێ‌ بەندی لەخۆگرتووە: تەگەرەخستەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریین خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بێ رێزیكردن بە كۆنگرێس، بەڵام سەرۆك نیكسۆن بڕیاریدا دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە و بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، رەنگە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران جوڵەیكرد لەدژی، ترەمپ خۆی بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە بدات.
3- سیناریۆی "بیڵ كلینتۆن": رێوشوێنەكانی پرۆسەی لەسەركابردنی سەرۆك كلینتۆن بە تەواوی جێبەجێكران، ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكانی دژ بە كلینتۆنی پەسەندكرد كە سوێندشكاندن و تەگەرە خستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری لە خۆگرتبوو، ئەوەش لە چوارشێوەی كەیسی " مۆنیكا لوینسكیدا" بوو، دوای ئەوە رێوشوێنی دادگاییكردنی لە ئەنجومەنی پیران لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستیپێكرد، بەڵام بۆ دەنگدان لەسەری نیسابی یاسایی بەدەستنەهات كە بریتییە لە دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن و ئەنجامی دەنگدان لەسەر سوێندشكاندن 45 دەنگ بەرامبەر بە 55 دەنگی دژ بوو، بۆ پەسەندكردنی پێویستی بە 67 دەنگ بوو، بەڵام ئەنجامی دەنگدان لەسەر تۆمەتی تەگەرەخستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی 50 بە 50 بوو.
بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجومەنی نوێنەران كە دیموكراتەكان زۆرینەن تێیدا لیستی تۆمەت دژی ترەمپ پێشكەش بكات و پەسەندیشی بكات و پاشان دەچێتە ئەنجومەنی پیران كە كۆمارییەكان زۆرینەن تێیدا، لەم حاڵەتدا پێشبیندەكرێت تۆمەتباركردنی ترەمپ دەنگ نەهێنێت، چونكە تۆمەتباركردنەكە پێویستی بە دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران دەبێت.
بە كورتی پێدەچێت ساڵی 2019 رێوشوێنە یاساییەكانی لەسەركارلابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی ئەنجامبدرێن، بەڵام ئەو رێوشوێنانە ئەگەر بە فیعلی دەستپێبكەن، پێشبینی ناكرێت ببنە هۆی دوورخستنەوەی ترەمپ، چونكە لە حاڵەتێكدا ئەگەر دیموكراتەكان هەنگاوی تۆمەتباركردنی ترەمپ بنێن، ئەنجومەنەكە پەسەندیدەكات، بەڵام كاتێك دەچێتە ئەنجومەنی پیران، ئەوا رەتدەكرێتەوە، وەك ئەوەی لە رێوشوێنەكانی دوورخستتنەوەی كلینتۆندا روویدا و سەرەڕای رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی پیران تۆمەتباركردنی سەرۆكی رەتكردەوە و بەوەش رێوشوێنە یاساییەكانی لابردنی سەرۆك شكستیهێنا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand