Draw Media

راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت بەر لە راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتی‌و پارتی دواین كۆبونەوە دەكەن، پارتی ئامادەیە لە هەولێر فەڕشی سور بۆ بەرهەم ساڵح رابخات، بەڵام چارەنوسی كەركوك هێشتا یەكلانەبووەتەوە.  (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی‌و مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بڵاودەكاتەوە. تەنیا رۆژێك ماوە بۆ وادەی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری بۆ سازدانی مەراسیمێكی گەورە كردووە. پارتی‌و نێچیرڤان بارزانی دەیانەوێت بەرلە بەڕێوەچونی مەراسیمە گەورەكە، دواین هەوڵی خۆیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بخەنەگەڕ. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)،  وەفدێكی یەكێتی كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بافڵ تاڵەبانی، ئەرسەلان بایز) لە هەولێرن بۆ كۆبونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی ، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە یەكلانەبۆتەوە كە كۆبونەوەی سبەینێ دەكرێت یان نا چونكە تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی دەرنەبڕێوە بۆ كۆبونەوە بە بیانوی ئامادەكاری بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم . پۆستی پارێزگاری كەركوك سەرچاوەی سەرەكی كێشە‌و ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییە، ئەمە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوانیانە كە بەردەوام لە رێگەی تەلەفۆنەوە سەركردەكانی هەردولا قسەی لەسەر دەكەن، (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، یەكێتی دوو كاندیدی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئامادەكردووە، كاندیدەكان بریتین لە هەریەكە لە (لیوا جەمال تاهیر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی كەركوك)‌و (دكتۆر عومەر ئینجە جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك)، ئەمە جگە لە (خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی) كە ئەویش ناوی لەناو كاندیدەكانی پۆستی پارێزگاری كەركوكدایە‌و یەكێتی دەیەوێت وەك كاندیدی بەهێز رەزامەندی پارتی بۆ وەربگرێت.  (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی دەیەوێت بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، جۆرێك لە رەزامەندی لە پارتی وەربگرێت سەبارەت بە كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەمە بەپلەی یەكەم بۆ ئەوەیە ئەگەر یەكێتی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی كرد، لەبەردەم جەماوەری خۆی‌و رایگشتیدا دوچاری شەرمەزاری نەبێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی (درەو میدیا)دان، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017وە، یەكێتی نیشتمانی ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشی پارتی كردووە‌و هەموو ئەو كاندیدانە بە بەهانەی ئەوەی پشتیوانی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە، لەلایەن پارتییەوە رەتكراونەتەوە، پارتییەكان نازناوی "ئۆكتۆبەرچی"یان لە هەموو ئەو كەسانە ناوە. چارەنوسی رێككەوتنەكە ! رۆژی 28ی ئایار پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیی وەكو سەرۆكی هەرێم هەڵبژارد، فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد‌و دەنگیشی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، یەكێتی ئەم هەنگاوەی بەستەوە بەوەی پارتی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە‌و هێشتا كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلانەكردوەتەوە. دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، پارتی نیگەران كرد، پارتی دەقی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، ئێستا هەردوولا یەكتری تۆمەتباردەكەن بەوەی رێككەوتنەكەیان پێشێلكردووە. مەسعود بارزانی بۆ شەرمەزاركردنی یەكێتی كە دەنگیان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەداوە، یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پارێزگاری كەركوكی رادەستی نێچیرڤان بارزانی كردووە‌و خۆی لێی كشاوەتەوە، ئەمە دوو لێكدانەوەی بۆ دەكرێت: لێكدانەوەی یەكەم: مەسعود بارزانی بەكشانەوەی لە دۆسیەی كەركوك، دەیەوێت رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بكرێت، بارزانی بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی‌و چیتر شەڕی دانەنانی "ئۆكتۆبەرچی"یەكان ناكات. لێكدانەوەی دووەم: مەسعود بارزانی بەكشانەوەی لە دۆسیەی كەركوك، دەیەوێت یەكێتی روبەڕووی توڕەیی نێچیرڤان بارزانی برازای بكاتەوە (یەكێتی دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك هەرێم نەدا)، واتە بارزانی نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی نایەوێت هیچ رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ یەكێتی واژۆ بكات، پارتی دەیەوێت هەمان رێككەوتن بەو پاشكۆیەشەوە كە تایبەتە بە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئەگەری نوسینەوەی رێككەوتنی نوێ لەنێوان هەردوولا دورە‌و ئەوەی هەیە تەنیا رێككەوتنی هەردوولایە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.   رێككەوتن یان...؟ پارتی‌و یەكێتی هیچ دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەماوە بۆ كات كوشتن‌و بەكارهێنانی كارتی فشار لەدژی یەكتری، چونكە رۆژی دووشەممە هاوكات لەگەڵ سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی ئامۆزای وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رادەسپێرێت‌و پەرلەمان دەنگی لەسەردەدات، بەشدارنەبوونی فراكسیۆنی  یەكێتی بە راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەواتای بەشدارنەبوونی یەكێتی دێت لە حكومەت. بەپێی رێوشوێنە یاساییەكان، دوای راسپاردنی، مەسرور بارزانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ رادەستكردنی پێكهاتەی كابینەكەی بە پەرلەمانی كوردستان. هەندێك زانیاری هەن لەبارەی ئەوەی ئەگەر یەكێتی‌و پارتی لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن، مەسرور بارزانی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت بە بەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەردەبن. ئەگەر هیچ یەكێك لەم رێگەچارانە نەگەیشتنە ئەنجام، ئیتر هیچ رێگایەك لەبەردەم یەكێتی‌و پارتیدا نامێنێتەوە جگە لە جیابونەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، بەمدواییە سەركردەكانی یەكێتی گفتوگۆیان كردووە لەبارەی ئەگەری رێكنەكەوتن لەگەڵ پارتی، بەتایبەتی بژاردەی لامەركەزی ئیداری‌و هەرێمی سەربەخۆ. مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك  رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمێكی گەورەدا لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) لە شاری هەولێر وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات. مەراسیمەكەی هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانە‌و نێچیرڤان بارزانیش لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات، گواستنەوەی مەراسیمی سوێندخواردنەكە لەناو بینای پەرلەمانەوە بۆ هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) بەپێی قسەی بەرپرسانی پارتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، بەهۆی ئەوەیە هۆڵی پەرلەمان شوێنی میوانە زۆرەكانی مەراسیمەكەی تێدا نابێتەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە پرۆتۆكۆڵی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی یەكەمین وتاری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم دەخوێنێتەوە، لەدوای ئەو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وتار دەخوێنێتەوە (ئەگەر بەشداری بكات)، پاشان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتاری دەبێت.  بەرهەم ساڵح بەشدار دەبێت ؟ بەشداربوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا تاڕادەیەك پەیوەستە بە یەكلابوونەوەی كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی. پارتی‌و بەرپرسەكانی كە پێشتر بەهۆی ناكۆكییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵحیان بایكۆتكرد‌و ئامادەنەبوون وەكو سەرۆك كۆمار لە هەولێر پێشوازی لێبكەن، ئێستا بەفەرمی بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی كردووە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بكات، رەنگە ئەم پاشەكشێیەی پارتی لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح پەیوەندی بەدوو هۆكارەوە هەبێت: •    پارتی سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی، بەڵام لە شكۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەكو پۆستێكی باڵا تێگەیشتووە‌و پێیوایە بەشداربوونی سەرۆك كۆمار بایەخێكی زیاتر بە مەراسیمی دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆك هەرێم دەدات، بەتایبەتی لە ناوەندی سیاسی عێراقیدا. •    دوای هەشت مانگ دانوستان‌و رێككەوتن‌و پاشان پاشگەزبونەوە، پارتی بۆی دەركەوتووە بەبێ ئاساییكردنەوە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی سەخت دەبێت، بەوپێیەی ئەو ئاڕاستەیەی كە ئێستا لەناو یەكێتی بەرامبەر بە پارتی راوەستاون، لە دۆستە نزیكەكانی بەرهەم ساڵحن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر لەزاری بەرپرسێكییەوە رایگەیاند" هەرگیز فەرشی سور لە هەولێر بۆ بەرهەم ساڵح راناخرێت"، پارتی دەیەوێت بە مەراسیمی فەرمی‌و فەرشی سورەوە پێشوازی لە هاتنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بكات بۆ بەشداربون لە مەراسیمی سوێندنخواردن‌و خودی نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە بەرهەم ساڵح دەكات. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ترەوە زانیاری دەستكەوتووە، تیمی پێشوازی پارتی لە میوانەكانی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بریتین لە هەریەكە لە ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، ئەگەر رێوشوێنەكانی پێشوازی بەمشێوەیە بەڕێوەبچن، رەنگە بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمەكە نەكات.  


 (درەو میدیا): 23ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ، پایتەختی بازرگانی‌و گەشتیاری توركیا بەڕێوەدەچێت‌و پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا " ئاكەپە" هەوڵدەدات دەنگی كورد لەو شارە مسۆگەربكات‌و لە رێگەی دەنگی كوردەوە رێگەی سەركەوتن لە كاندیدەكەی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە " بگرێت. یەڵدریم دەگاتە ئامەد بۆ بەدەستهێنانی دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ، بن عەلی یەڵدریم كاندیدی ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی گەیشتە ئامەدی پایتەختی باكوری كوردستان، بەڵام لەبری راكێشانی سۆزی كورد بەلای خۆیدا بە بەكارهێنانی " كوردستان" كوردی توڕەو نیگەران كرد. سەرەڕای ئەوەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو كەسانەی وشەی كوردستان بەكاردەهێنن بە پشتیوانیكردن لە تیرۆر تۆمەتباریان، بەڵام یەڵدریم لە وتەیەكیدا كە لە ئامەد پێشكەشیكرد رایگەیاند كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری نوێی توركیا لەكاتی كردنەوەی یەكەمجاری ئەنجومەنی گەلی توركیا  چەند نوێنەرێكی " كوردستان"ی بانگهێشتكردووە. " نیفاق‌و دووڕووییە" بەكارهێنانی وشەی كوردستان لەلایەن بن عەلی یەڵدریمەوە كاردانەوەی سیاسەتمەدارانی كوردی لە باكور لێكەوتەوە، زیا پیر پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بن عەلی یەڵدریمی بە دووڕوویی و نیفاق تۆمەتباركرد. پیر لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە یەڵدریم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" ئەوە نیفاقە، بازرگانییەكی قێزەونیی دەنگە، كاتێك ئێمە وشەی كوردستان بەكاردەهێنیین دەمانگرن‌و لە پەرلەمان دەرمان دەكەن، بەڵام ئەوان كاتێك دەچن بۆ ئامەد لە پێناوی كۆكردنەوەی دەنگی كورددا ئەو وشەیە بەكاردەهێنن". ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەدەپە رووی قسەكانی دەكاتە یەڵدریم‌و دەڵێت:" چاوەڕوان مەبە، كورد دەنگت پێ نادەن، بچۆرە بەردەم دەرگایەكی تر". كۆتایی ئازاری رابردوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بەڕێوەچوو، پارتی داد‌وگەشەپێدانی دەسەڵاتدار گورزی كوشندەی بەركەوت‌و سەرۆكایەتی شارەوانەی شارە گەورەكانی وەك ئەنكەرەی پایتەخت‌و ئیستانبوڵ‌و ئیزمیری لەدەستدا. لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵدا ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو كاندیدی جەهەپە بە جیاوازییەكی كەم سەرۆكایەتی شارەوانی بەدەستهێنا، بەڵام لەسەر داوای ئاكەپە لیژنەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكەو دووبارەكردنەوەی لە 23ی حوەزیراندا. ئێستا ئاكەپە هەرچی توانای خۆی هەیە خستویەتییەگەڕ بۆئەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ لەدەستنەداوە‌و بۆ یەكلاكردنەوەی لایەنی براوەش دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ سەنگی مەحەكە‌و لە هەڵبژاردنی ئازاردا كورد دەنگی بە كاندیدی ئاكەپە نەداوە‌و 23ی حوەزیرانیش ئاشكرادەبێت ئەمجارە كورد لەو شارە كورسی سەرۆكایەتی شارەوانی پێشكەشی جەهەپە دەكات یان ئاكەپە.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ئەنكەرە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاودەنێت‌و ئەمریكا گوشاری زیاتر دەخاتەسەر توركیا بۆئەوەی دەستبەرداری كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی ( ئێس - 400)ی روسی ببێت‌و تا كۆتایی مانگی داهاتوو مۆڵەتی پێدەدات. پاتریك شاناهان، هەڵسوڕێنەری كاروباری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ هاوتا توركییەكەی خوڵوسی ئاكار، جەختدەكاتەوە لەوەی دەستبەجێ‌ مەشق‌و راهێنانی سەرباز‌و ئەفسەرانی توركیا لەسەر فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف - 35) رادەگیرێت. ئێستا واشنتۆن تا كۆتایی مانگی تەمموزی داهاتووی دیاریكردووە بۆئەوەی ئەنكەرە دەستبەرداری كڕینی سیستمی دژە موشەكی ( ئێس- 400)ی روسی ببێت‌و باوەڕی وایە ئەو سیستمە بەرگرییە روسییە هەڕەشەیە بۆسەر فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری ( ئێف – 35) كە توركیا بەنیازە بیكڕێتو نابێت ئەنكەرە لە یەك كاتدا هەردوو سیستمەكە بەدەستبهێنێت. ئەلین لۆرد، بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئەگەر توركیا بەهاتنی 31ی تەمموزی داهاتوو ئەمریكا لە پاشگەزبوونەوە لە كڕینی سیستمە روسییەكە ئاگادارنەكاتەوە، ئەوا مەشق‌و راهێنانی فڕۆكەوانە توركییەكان لەسەر فڕۆكەی ئێف – 35 لە ئەمریكا رادەگیرێت، هەروەها هەموو رێككەوتنەكان لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكانی تایبەت بە دروستكردنی پارچەكانی فڕۆكەی ئێف 35 هەڵدەوەشنێنرێنەوە". ئەم ئاگاداركردنەوەی ئەمریكا بۆ توركیای هاوپەیمانی لە ناتۆ دوای ئەوەدێت كە ئەنكەرە چەند كەسێكی بۆ مەشقكردن لەسەر سیستمی دژە موشەكی ئێس- 400 رەوانەی روسیا كردووە‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش سێشەممەی رابردوو جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە گرێبەستەكەی لەگەڵ روسیاو دەستبەرداری كڕینی سیستمی ئێس- 400 نابێت. ئەردۆغان جەختیشیكردەوە كە ئەمریكای ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەنكەرە هەنگاو بۆ كڕینی سیستمی دژە موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی دەنێت ئەگەر مەرجەكانی واشنتۆن لەو بارەیەوە وەك مەرجەكانی مۆسكۆ ئاسان بن. "گۆڕینی ئاراستە" فڕۆكەی جەنگی ( ئێف- 35) بە شێوازێك دروستكراوە كە بگونجێت لەگەڵ سیستمە سەربازییەكانی پەیمانی ناتۆ بە تایبەتی سیستمی بەرگری دژە موشەكی، و ئەمریكا ترسی لەوە هەیە كە روسیا لەرێگەی دەستكەوتنی زانیاری لە توركیا پەرە بەە سیستمی دژە موشەكی ئێس- 400 بدات دژی هاوپەیمانی ناتۆ. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا حوزەیرانی 2018 چوار فڕۆكەی جۆری ئێف – 35 بە توركیا فرۆشت، بەڵام بۆ مەشقپێكردنی فڕۆكەوانەكانی توركیا فڕۆكەكانی لە ئەمریكا هێشتوەتەوەو ئەگەر توركیا تا 31ی تەمموز دەستبەرداری گرێبەستكەی لەگەڵ روسیا نەبێت ئەوا كۆمپانیا توركییەكان كە 937 پارچەی جیاوازی فڕۆكەی ئێف- 35 دروستدەكەن هیچ گرێبەستێكی تریان پێ نادرێت‌و بەوتەی ئەلین لۆد بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا گرێبەستەكان  دەدرێنە كۆمپانیای تر. لۆرد رایگەیاند كۆمپانیا لۆكهید مارتنی تایبەت بە فڕۆكەوانی‌و  كۆمپانیای برات ئەند ویتنی، كۆمپانیای دروستكردنی بزوێنەری فڕۆكە بەجدی دەگەڕێن بە دوای كۆمپانیای تردا بۆ دروستكردنی ئەو پارچانەی كە ئێستا لە توركیا دروستدەكرێن. بەوتەی ئەلین بەشداری كۆمپانیا توركییەكان لەو پرۆژەیەدا هەتا سەرەتای ساڵی 2020 یەوە دەڵێت:" بەڵام هێشتا كات لە بەردەم توركیادا ماوە بۆئەوەی ئاراستەی بگۆڕێت". پرۆگرامی فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف- 35) كە نەوەدەكانی سەدەی رابردو دەستیپێكردووە، بەبەهاترین پرۆگرام دادەنرێت لە مێژووی سوپای ئەمریكادا و پێنتاگۆن تێچوو‌و خەرجی پرۆگرامەكەی بە 400 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، ئەوەش بە ئامانجی دروستكردنی نزیكەی 2500 فڕۆكە لە چەند ساڵی داهاتوودا. سەرچاوە: بی بی سی   


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم به‌شێكی زۆری ئه‌و زانیاری و هه‌واڵانه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری ڕابردوو، له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتیی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ڕاست نین، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌. له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مه‌سعود بارزانی ته‌له‌فۆنی بۆ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌باره‌ی پرسی كه‌ركوك به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی كردووه‌و بارزانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، جارێكی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتووگۆ ناكات، یه‌كێتیی ده‌توانێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و نێچیرڤان بارزانی گفتووگۆبكات. ئه‌م وه‌ڵامه‌ی بارزانی بۆ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ناڕوونه‌، چونكه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی بارزانی ئاماژه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ی، كه‌ ناوبراو له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و مه‌كته‌بی سیاسی تووڕه‌یه‌ و پێیوایه‌ ئه‌وان له‌ به‌ڵێنه‌كه‌یان له‌باره‌ی دانانی "فه‌ره‌یدوون عبدالقادر" بۆ پارێزگاری كه‌ركوك پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌. به‌شێكی دیكه‌ خوێندنه‌وه‌ی دیكه‌ی بۆده‌كه‌ن و به‌شێوه‌یه‌ك پێیانوایه‌: بارزانی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ پۆسته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێـت و كێشه‌ی نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌، كێشه‌ی كه‌ركوكی خستۆته‌ به‌رده‌م نێچیرڤان بارزانی و مه‌كته‌ب سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردن، تاوه‌كو خۆی له‌م دۆخه‌ ده‌رباز بكات، كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا پێداگری زۆری له‌سه‌ر كردوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی پارێزگار. شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوو، به‌ په‌له‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌وه‌ هاتنه‌ هه‌ولێر، به‌ڵام ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ هیچ وه‌ڵامێكیان له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌و تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، شه‌ممه‌،8ی ئایار، چاوه‌ڕێده‌كه‌ن و له‌ هه‌وڵێر ده‌مێننه‌وه‌. تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك له‌ پارتیه‌وه‌ نییه‌، بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك، پارتی قسه‌كردنی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ خسۆته‌ دوای مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم. نێچیرڤان بارزانیش به‌هۆی سه‌رقاڵی به‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنه‌كه‌ی و خۆ دوورگرتن له‌وه‌ی هیچ ڕێككه‌وتنێك به‌ر له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی بكات، له‌ ئێستادا هیچ ئاماده‌ییه‌كی نیشان نه‌داوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی. به‌رهه‌م ساڵحیش وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق، داوای مه‌ڕاسیمێكی شایسته‌ی پێشوازی كردووه‌و پارتیش ڕازیبووه‌، تاوه‌كو ئێستاش بڕیار ئه‌وه‌یه‌ ناوبراو به‌شداربێت له‌ مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی. به‌رهه‌م ساڵح و نزیكه‌كانی بۆ خۆده‌ربازكردن له‌ ئیحراجبوونیان له‌ كاتی به‌شداریكردن مه‌رٍاسیمی سوێندخواردن، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ده‌ره‌چه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی شكلی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی به‌ر له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌، ئه‌م هه‌وڵه‌ش بۆئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح به‌شداربێت و هێرشی میدیایی نه‌كرێته‌ سه‌رو ئیحراج نه‌بێت. بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو چاوه‌ڕێكردنی پارتیه‌ له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فه‌رمی هه‌موویان بانگهێشتكراون. مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نییه‌ هیچ كه‌سێكی یه‌كێتیی به‌بێ پرس به‌شداری ئه‌و مه‌ڕاسیمه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌وكات ده‌بێته‌ نوێنه‌ری یه‌كێتیی، ئه‌گه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌ش كه‌سێك بیه‌وێ به‌شداربێت، بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیش له‌ په‌رله‌مان به‌شداریبكات. فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مان هیچ بڕیارێكیان بۆ به‌شداریكردن نه‌داوه‌، ئه‌گه‌ر تاوه‌كو ڕۆژێك به‌ر له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی بڕیارنه‌دات، ئه‌وكات خۆیان بڕیارده‌ن. كه‌واته‌... تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی دوو ڕۆژی داهاتووی پارتی و یه‌كێتیی و پرسی رێككه‌وتن له‌سه‌ر پارێزگاری كه‌ركوك له‌ ئارادا نییه‌، ئه‌و ناوانه‌ی باسیشده‌كرێن ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی گفتووگۆ نێوخۆییه‌كان و قسه‌ی و باسی شه‌خسی و هه‌واڵی میدیاین.


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەڕەفعەت  دوای مانگێك بەرۆژووبوون، ئەمڕۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆرینەی موسوڵمانانی جیهان جەژنیان كرد، رۆژێك پێش جەژن كڕیاران باڕازەكانیان چنییەوە،  تا پشووی جەژن تەواو دەبێت خەڵك ئازوقەی پێویستیان خستووە. لە رۆژانی پشووی جەژندا كاریگەری زۆرخۆری لەسەر خەڵك دەردەكەوێت، نەخۆشخانەكان ژمارەیەكی زیاتر نەخۆش سەردانیان دەكەن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا بە داتا‌و ژمارە دیاردەی زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات. زۆرخۆریی‌و خراپی كوالێتی خۆراك لە هەرێمی كوردستان، تێكڕای ستاندارە جیهانییەكانی تێپەراندووە، بەپێی ئامارەكان هەرێمی كوردستان لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان زۆرخۆرترە، ئەمەش بوەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی مردن‌و نەخۆشییە درێژخایەنەكان. لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان دەریانخستووە، زۆرخۆریی‌و خراپی كوالێتی خۆراك‌و وەرزش نەكردن، تێكڕای تەمەنی لەنێوان (10 بۆ 15) ساڵ كەمكردوەتەوە. چەند داتایەك لەبارەی هەرێمەوە ! چەند داتایەك لەبارەی زۆرخۆریی، دەریدەخەن هەر كەسێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە ئەم خۆراكانە بەم بڕانەی خوارەوە دەخوات:  •     (46) كیلۆگرام برنج •    (54) كیلۆگرام گۆشت •    (211) هێلكە لە ماوەی یەكساڵدا (876 هەزار) سەر مەڕو بزن‌و (131 هەزار) سەر رەشەوڵاخ لە هەرێمی كوردستان سەربڕدراون، ئەمە لەكاتێكدایە لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە خواردنی گۆشتی سور نەخۆشی شێرپەنجە بەرێژەی (22%)و نەخۆشییەكانی دڵ بەرێژەی (27%) زیاد دەكات.  زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی كوالێتی‌و جۆری خۆراك لە هەرێمی كوردستان باش نیە، بەڵام دیاردەی زۆرخۆریی لە هەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە، بەتایبەتیش خواردنی گۆشتی سور. بەپێی ئاماری كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵی 2018 تێكڕای گۆشتی بەرهەمهێنراو (234 هەزارو 500 )تۆن بووە. •     ساڵی رابردوو تەنیا لە هەولێر 25,500 تۆن گۆشت بەرهەم هاتووە. •    لە سلێمانی 27,625 تۆن •    لە دهۆك 20,570 تۆن •    لە گەرمیان 11,305 تۆن •    لە هەڵەبجە 1,252 تۆن ئەمە جگەلەوەی هاوكات لەگەڵ بەرهەمهێنانی گۆشت لەناوخۆ، نزیكەی 3,500 تۆن گۆشتی سوری بەستوو لەدەرەوە هاوردەكراوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان (278 ملیۆن) كیلۆ گۆشت خوراوە، بەمشێوەیە: •    گۆشتی سور: 100 ملیۆن كیلۆگرام •    گۆشتی مریشك: 165 ملیۆن كیلۆگرام •    گۆشتی ماسی: 13 ملیۆن كیلۆگرام ئەمە بەبێ ئەژماركردنی گۆشتی لەقوتوكراو لەبازاڕەكاندا. واتا هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (54 كیلۆ) گۆشت دەخوات، بەمشێوەیەی خوارەوە: •    گۆشتی سور: 20 كیلۆگرام •    گۆشتی مریشك: 23 كیلۆگرام •    گۆشتی ماسی: 11 كیلۆگرام ئەمە رێژەیە لە خواردنی گۆشت بە هەموو جۆرەكانییەوە، ستانداردی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە. بەپێی ستانداردی جیهانی، ساڵانە بەتێكرا هەر تاكێك پێویستی بەخواردنی (41.2 كیلۆگرام) گۆشت هەیە، لەم بڕەش پێویستە: •    (14.4 كیلۆگرام)ی گۆشتی سور بێت •    (3 كیلۆگرام)ی گۆشتی ماسی بێت •    (23.8 كیلۆگرام)ی گۆشتی مریشك بێت هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (54 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات، واتە هەر كەسێك لە هەرێم ساڵانە نزیكەی (13 كیلۆگرام) زیاتر لە لە ستانداردی جیهانی گۆشت دەخوات، ئەم زیادەخۆرییەش لە خواردنی گۆشتی سورو گۆشتی مریشكدایە، خەڵكی هەرێمی كوردستان لەخواردنی گۆشتی ماسیدا بەپێی ستانداردی جیهانی كورتهێنانیان هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە لەڕووی تەندروستییەوە گۆشتی ماسی بەسودترە. بەراوردكارییەك ! بەبەراوردكردنی داتاكانی دەردەكەوێت، هەر هاوڵاتییەكی هەرێمی كوردستان ساڵانە خۆراكی زیاتر دەخوات بەبەراورد بە تاكێك لە ئێران‌و توركیا‌و سوریا. •    لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا، هەر تاكێك ساڵانە (38 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات •    بەڵام لە وڵاتێكی وەكو كوەیت، هەرتاكێك (97 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات •    لە ئیماراتی عەرەبی هەر تاكێك (68 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات بەوپێیەی لە هەرێمی كوردستان (165 ملیۆن كیلۆگرام) گۆشتی مریشك دەخۆریت، ئەگەر هەر مریشكێك كێشەكەی بە (3 كیلۆگرام) بخەمڵێندرێت، دەردەكەوێت لەماوەی ساڵێكدا (55 ملیۆن) مریشك لە هەرێمدا خوراوە، واتا هەر تاكیكی هەرێمی كوردستان ساڵانە (10) مریشكی (3 كیلۆیی) دەخوات. ئەمە زۆرخۆرییە لە گۆشتدا بەتایبەتیش گۆشتی سور، شارەزایانی تەندروستی نیگەران كردووە. هەولێر یەكەمی ئاسیایە ! لە زۆری گۆشتخواردندا پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا لە پلەی یەكەمدایە. تەنیا لەماوەی (9) مانگدا لە ساڵی 2012دا ئاماری پارێزگاری هەولێر بەمجۆرە بووە: •    (141 هەزار) ئاژەڵ لە سەربڕخانەكان سەربڕدراون •    (3 ملیۆن‌و 500 هەزار) مریشك لە بازاڕەكاندا فرۆشراون •    (61 ملیۆن كیلۆگرام) گۆشتی ئاژەڵ‌و ماسی‌و مریشك لە دەرەوە هاوردە كراوە ژمارەی دانیشتووانی هەولێر نزیكەی (2 ملیۆن) كەس دەبێت، لە (348 هەزارو 555) خێزان پێكدەهێنن، بەپێی ئامارەكەی ساڵی 2012، لەو ماوەی ئەو (9) مانگەدا، هەر خێزانێكی دانیشتووی هەولێر (104 مریشك)و (175 كیلۆگرام) گۆشتی ئاژەڵ‌و ماسی‌و مریشكی هاوردەكراوی خواردووە. لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا، لە زۆری رێژەی گۆشتخواردندا هەولێر پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، بەپێی ئامارەكان لە كیشوەری ئاسیا هەر تاكێك ساڵانە (26 كیلۆگرام) گۆشت دەخوات. برنج.. خواردنە سەرەكییەكە  برنج لەپاڵ گۆشتدا، لەسەر خوانی كوردەواریی خواردنێكی ژمارە یەكە، خەڵكی هەرێمی كوردستان بەتێكڕا مانگانە (20 هەزار) تەن برنج  دەخۆن، واتە ساڵانە (240 هەزار) تەن، ئەم رێژەیە بە كیلۆگرام دەكاتە (250 ملیۆن) كیلۆگرام برنج. هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان ساڵانە (46 كیلۆگرام) برنج دەخوات. ملیارێك هێلكە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ، ساڵانە هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی پێویستی بە (ملیارێك‌و 100 ملیۆن) هێلكە هەیە، واتە هەر تاكێك لە هەرێم ساڵانە  پێداویستی ناوخۆی هەرێم پڕدەكاتەوە، كە هەرتاكیكێ هەرێم ساڵانە (211 هێلكە) دەخوات.  گۆشتی سور لە هەڵكشاندایە بەپێی ئاماری كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵانە زیاتر لە (750 هەزار) سەر ئاژەڵ لە هەرێم دەخورێت، جگە لەو گۆشتەی كە هاوردە دەكرێت. •    تەنیا لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا (ملیۆنێك‌و 128 هەزار) سەر مەڕو بزن سەربڕدراون •    (240 هەزار 124) سەر رەشەوڵاخ سەربڕاون •    زیاتر لە (435 هەزار) تۆن گۆشتی سور هاوردەكراوە  ساڵی 2016دا لە كوشتارگەكانی هەرێمی كوردستان (742 هەزار) سەر مەڕو بزن‌و (116 هەزار) رەشەوڵاخ سەربڕاون، ساڵی 2018 رێژەكە بەرزبوەتەوە بۆ (876 هەزارو 396 هەزار) سەر مەڕ و بزن‌و (131 هەزارو 13) سەر ڕەشەوڵاخ، لەم بڕە رێژەی (70%)ی بەرهەمی ناوخۆ بووە، هەمان ساڵ بڕی (876) تۆن گۆشتی سورو (71 هەزار) تۆن  گۆشتی سپی‌و (13 هەزار) تۆن گۆشتی ماسی هاوردە كراوە.  بەوپێیەش لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018، لە هەرێمی كوردستان (105 هەزار) سەر مەڕو بزن‌و (22 هەزار) سەر رەشە وڵاخی زیاتر سەربردراون، واتا سەربڕینی مەڕو بزن بەرێژەی (12%) زیادیكردووە، رەشە وڵاخیش بەرێژەی لە (17%) زیادیكردووە.   دۆخی تەندروستی گشتی ئێستا ئامارە تەندروستییەكان لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بە زۆربوونی رێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان دەكەن، كە هۆكاری سەرەكی ئەو نەخۆشییانە، زۆر خۆریی، خواردنی خراپ‌و گۆشتی سورە، دەشوترێت خواردنی گۆشت بەتایبەتی گۆشتی سور، هۆكارە بۆ: •    نەخۆشییەكانی دڵ، •    جەڵتە •    فشاری ‏خوێن •    شێرپەنجە •    بەرزبوونەوەی چەوری •    ‌شەكرە •    قەڵەویی ئێستا ئەم نەخۆشییانە بە بەراورد بە رابردوو، لە هەرێمی كوردستان زیادیان كردووە،‏ پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە، خواردنی‌ گۆشتی‌ سور بەبەردەوامیی،‌ ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ‌و خانەكانی خوێن زیاد دەكات‌و هۆكارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەو جەڵتەی دڵ.   توێژینەوەیەكی زانكۆی (هارڤارد)ی ئەمریكا دەریخستووە، زۆر خواردنی گۆشتی سور ئەگەرەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن زیاد دەكات، ئەمە جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ كورتبونەوەی تەمەن‌و مردنی لەناكاو. بەپێی توێژینەوەكە، ئەگەری مردنی‌ لەناكاوی كەسانی‌ تەمەن 60 ساڵ‌ بەرێژەی‌ 50% بێت، بەخواردنی‌ رۆژانەی‌ ژەمێك گۆشتی‌ سور رێژەكە زیاد دەكات بۆ 57%، هەروەها ئەگەر ڕۆژانە دوو ژەم گۆشتی سور بخورێت، رێژەكە دەبێت بە 63%.   لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی "National Institutes of Health" كە بە بەشداری 545 هەزار ئەمەریكی لە تەمەنی نێوان 50 بۆ 71 ساڵ ئەنجامدراوە‌و لەماوەی 10 ساڵدا پرسیاریان ئاڕاستەكراوە، باسلەوەدەكات، ئەوانەی بڕێكی زۆر لە گۆشتی سوریان خواردووە، ئەگەری مانەوەیان لەژیاندا زۆر كەمتر بووە. لێكۆڵینەوەكە دەریخستووە، ئەو پیاوانەی ڕۆژانە نزیكەی 250 گرام لە گۆشتی سوریان خواردووە، ئەگەرەكانی تووشبوونیان بە شێرپەنجە بەڕێژەی (22%)و تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ بە‌ڕێژەی (27%) تێدا بەرزبوەتەوە، ئەوەش بە بەراوردكردن لەگەڵ ئەوانەی كە رۆژانە زیاتر لە 150 گرام گۆشتی سوریان خواردووە. ئەو ئافرەتانەی ڕۆژانە 250 گرام لە گۆشتی سوریان خواردبوو، بەڕێژەی لە 20% دووچاری شێرپەنجە هاتبوون، لەكاتێكدا تووشبوونیان بە نۆبەی دڵ بەهۆی خواردنی گۆشتی سورەوە گەیشتبووە 50%. توێژەرانی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان بۆیان دەركەوتووە، ئەوانەی بەتەنها ماسی، گۆشتی مریشك‌و قەلیان خواردووە، كەمتر دووچاری نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو دڵ بوون.  لەماوەی رابردوودا نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو جەڵتە بەشێوەیەكی بەرچاو لە هەرێمی كوردستان زیادیانكردووە، بە جۆرێك ساڵی (2007) كە نەخۆشخانەی (هیوا) بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە سلێمانی دامەزراوە تاوەكو ساڵی 2012، (8500) نەخۆشی شێرپەنجە تۆماركراوە، ئەمە لەكاتیكدایە دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 ئاماژە بەوەدەكات (5658) حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆماركراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی 2017، (4991) حاڵەت تۆماركراوە، واتا ساڵی رابردوو (667) حاڵەت زیادیكردووە، كە بەرێژەی سەدی دەكاتە ( 12%)ی ئاستی زیادبوون.  تەمەنی كورد بەگوێرەی تویژێژینەوە پزیشكییەكان، زۆرخۆریی  لە هەرێمی كوردستان تێكڕای تەمەنی تاكی كوردی لە (10 بۆ 15) ساڵ دابەزاندووە. لێكۆڵینەوەیەكی زانستی كە دكتۆر كەریم جەلال پسپۆڕی بۆماوەزانی‌و مامۆستا لە كۆلێژی زانستی زانكۆی سەلاحەدین ئامادەی كردووە، باسلەوەدەكات پیسبوونی ژینگەو هاوردەكردنی دەرمان‌و خۆراكی خراپ، كەمی جوڵەو زۆرخۆریی، تێكچوونی باری دەروونی خەڵك،  بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان نەخۆشی كوشندە لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش وایكردووە لە 10 ساڵی رابردوودا تێكڕای تەمەنی تاكی كورد لە ( 75 ـ 80) ساڵەوە بۆ (65 ـ 70) ساڵ داببەزێت.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەی كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان تێی كەوتووە، سەڵاحەدین بەهادین هەوڵی نێودەندگیری دەدات لەنێوان هەردوولادا. پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ دەقی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی بڵاوكردەوە كە رۆژی 4ی ئازاری ئەمساڵ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزای كرد. بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، بەواتای كۆتایهاتنی كاركردن بوو بەو رێككەوتنە، بڕگەی 18ی رێككەوتنەكە هەردوولا وابەستە دەكات بەوەی رێككەوتنەكە بەهەموو بڕگەكانییەوە جێبەجێبكرێت، یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) نەدا، پارتی ئەمە وەكو پێشێلكردنی رێككەوتنەكە لەقەڵەم دەدات. دوای بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا نەماوە، رۆژی 10ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاردەبێت‌و بەپێی یاسا مەسرور بارزانی ئامۆزای وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت، لەوكاتەوەش مەسرور بارزانی بەپێی یاسا تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی بەبەردەمدایە پێكهاتەی كابینەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمانی كوردستانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. ئەگەر لەماوەی ئەو مانگەدا پارتی‌و یەكێتی هەوڵی رێككەوتن بدەن، دەبێت كار لەسەر رەشنوسێكی نوێ بكەن، چونكە رەشنوسی رێككەوتنەكەی ئێستا لەلایەن هەردوولاوە كۆتایی هاتووە، بەتایبەتیش پاشكۆی رێككەوتنەكە كە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ كەركوك. پارتی چی دەوێت ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، پارتی بەنیازە كابینەی حكومەت لە وادەی یاسایی خۆیدا رابگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر لەو ماوەیەدا لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن.  پارتی نایەوێت پرسی كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لەگەڵ یەكێتی یەكلابكاتەوە‌و دەیەوێت كەركوك بكەوێتە دوای پێكهێنانی حكومەتەوە، ئەگەر پارتی تاكۆتایی لەسەر ئەم هەڵوێستەی سوربێت، ئەوا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەبێ بەشداری یەكێتی لەدایك دەبێت‌و فراكسیۆنی یەكێتی چۆن دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) نەدا، بەوشێوەیەش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی (مەسرور بارزانی) وەكو سەرۆكی حكومەت نادات‌و پارتی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تائەوكاتەی كێشەی كەركوك چارەسەر دەكرێت‌و یەكێتی پەیوەندی بە حكومەتەوە دەكات.  یەكێتی چی دەوێت ؟ بەپێی زانارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی دەیەوێت هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ناوی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەسەندبكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، دوای زیاتر لە 20 ساڵ، بۆیەكەمجار لە یەكتری جیادەبنەوە.  پارتی تا ئەم ساتە سورە لەسەر ئەوەی هیچ كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەسەندناكات كە لەرووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا تێوەگلابن، پارتی ناوی "ئۆكتۆبەرچی" لەو كەسانە ناوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، یەكێتی ناوی (39) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتی‌و هەموو ناوەكان رەتكراوەتەوە، تاكە كاندیدێك كە پارتی پەسەندی كرد (فەرەیدون عەبدولقادر) بوو، ئەویش كێشەی تێكەوت. نێوەندگیرییەكی نوێ لەئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئێستا تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ پارتی یان جیابونەوە: بژاردەی یەكەم: دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نوێ لەگەڵ پارتی بە نێوەندگیری (سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی)، یەكێتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەوڵەوە پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵبژێرێت كە پارێزگارەكە كاندیدی یەكێتی بێت‌و پارتیش رەزامەندی بدات لەسەری، لەم حاڵەتەدا یەكێتی بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكات‌و دەنگ بە مەسرور بارزانی دەدات. ئەمڕۆ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەبۆنەی نزیكبونەوەی كۆتایی مانگی رەمەزان راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەوە‌و تێیدا بەناڕاستەوخۆ ئاماژە بە رۆڵی نێوەندگیری خۆی دەكات‌و چوار خاڵی پێشنیاز دەخاتە بەردەم پارتی‌و یەكێتی كە ئەمانەن: 1-    بارودۆخی هەستیارو ئاڵۆزی ناوچەكەو عێراق‌و مەترسی‌و هەرەشەكانمان هەمیشە لەبیر بێ. 2-    راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرەكانی گرژی‌و شەڕی راگەیاندن. 3-    رێگرتن لە لێدوانی دژ بە یەكی سەركردەكانی هەردوولا. 4-    كۆبونەوەیەكی خێرای لوتكەی هەردوولا بە گیانێكی لێ بوردەیی‌و بە ئیرادەی چارەسەر. بژاردەی دووەم: پۆستەكان بە بەتاڵی بەجێبهێڵدرێت تا ئەوكاتەی كێشەیی پارێزگاری  كەركوك چارەسەر دەكرێت، رەنگە ئەمەش ئەگەری جیابونەوەی پارتی‌و یەكێتی دوربخاتەوە لەم قۆناغەدا. بژاردەی سێیەم:  یەكێتی بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوەو مومارەسەی كاری ئۆپۆزسیۆنی بكات، ئەمە بژاردەیەكی لاوازە‌و یەكێتی كە ناوچەیەكی قەڵەمڕەویی بەدەستەوەیە، ناتوانێت دەسەڵات رادەستی ئەوانە بكات كە لەناو حكومەتدان.  بژاردەی چوارەم: بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەپاڵ تاوتوێكردنی بژاردەكانی تردا، ئێستا لەناو یەكێتی گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی ئەگەری جیابونەوە لەگەڵ پارتی، ئەگەر هەردوولا لە كۆتایدا نەگەیشتنە رێككەوتن.  گفتوگۆكان لەسەر ئەوە چڕبونەتەوە یەكێتی چۆن دەتوانێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە ئیدارەی خۆی لە پارتی جیابكاتەوە، عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە قایل بكات، هەندێك لە یاساناسانی یەكێتی لەمبارەیەوە گفتوگۆ‌و راوێژیان لەگەڵدا كراوە.  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ  روداوی هاتوچۆ و ناجێگیری باری تەندروستی (چراخان رەفیق)، ژنە سەرمایەدارو هاوسەری پێشووی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو كەیسێكی ئاڵۆزو فرە جەمسەرە، ( درەو میدیا) لە بەدواداچونێكی وورددا راستی روداوەكەو ئەو پرسیارو گومانانەی لەسەر كەیسەكەیە دەخاتەروو.  لە 28/5/2019 لە هەواڵێكدا كە لە پەیجی رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بڵاویكردوەتەوە چاراخان رەفیق رایگەیاند، توشی روداوی هاتوچۆ بووە. پەیجە رەسمیەكەی خۆی  لە هەواڵێكی بەپەلەدا دەڵێت:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا چراخان رەفیق توشی روداوێكی هاتووچۆ بووەو یەكێك لە پاسەوانەكانی گیانی لە دەستدا‌و دوانی دیكەیان برینداربوون‌و وەزعی تەندروستی چراخان زۆر ناجێگیرە و لەژێر چاودێریەكی سەختدایە". (درەو میدیا) بەدواداچونی وردی كرد بۆ ئەو روداوە هاتوچۆیانەی كە رۆژی 28/5/2019 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رویانداوە، لەو رۆژەدا هیچ جۆرە روداوێكی لەو شێوەیە لە ڕاگەیاندنەكانی پاریسدا دەستنەكەوت سەبارەت بە چراخان رەفیق كە توشی روداوی هاتوچۆ بوبێت. بە گوێرەی بەدواداچوونەكە لە ماوەی 24 كاتژمێری ئەو شە‌و‌و رۆژەدا " تەنها حەوت ڕوداوی هاتوچۆ لە سنوری پاریسدا تۆماركراون، لە روداوێكیاندا دوو ماتۆڕ سوار مردون، تەنها یەك ڕوداویان كەسێكی ڕەگەزی مێی تێدابووە، ئەویش بەسوكی بریندار بووەو  كچێكی تەمەن سێ ساڵە‌و بەڕەچەڵەك فەڕەنسییە". لە ماوەی ئەو شەو‌و رۆژەی كە چراخان رەفیق ئاماژەی پێكردووە كە توشی روداوی هاتوچۆ بووە، هیچ روداوێكی هاتوچۆ لە پاریس‌و كەسێك گیانی لەدەستدابێت‌و چراخان بە قورسی بریندار بوبێت‌و دوو پاسەوانیشی برینداربوبن تۆمارنەكراوە. بڵاوكردنەوەی وێنەی ناڕاست چراخان رەفیق لە پەیجە رەسمییەكەی خۆیدا وێنەی روداوەكەو ئۆتۆمبیلەكەی بڵاوكردوەتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا) ئەو وێنەیە روداوێكی هاتوچۆیە لە ڤێتنام كە 5/3/2017 رویداوە. روداوەكە بەم شێوەیەیە: "ئۆتۆمبێلێكی جۆری ( رانجرۆڤەر) لە شاری ( هۆشی منە)ی ڤێتنام لە بەیانی رۆژی 5/3/2017  بەهۆی تیژڕەویەوە خۆی كێشاوە بە ( حاویەكی خۆڵ و خاشاك)دا و بەهۆیەوە شۆفێرەكەی و كچێكی سەرنشین گیانیان لەدەستداوەو سەرنشینێكی تر برینداربووە"، بۆیە ئەو وێنەیەی چراخان رەفیق بڵاویكردوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەبەوبەرو لە فەرەنساش نەبووەو لە ڤێتنام بووە. بەرەو ئەمریكا دوو رۆژ دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی روداوە هاتوچۆكە جارێكی تر چراخان رەفیق لە پەیجەكەیەوە ئاگاداری سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی خۆی بڵاوكردوەتەوە كە دۆخی تەندروستی ناجێگیرەو بۆ چارەسەر بەرەو ئەمریكا دەبرێت و لە ئاگادارییەكدا دەڵێت: "سەبارەت بە باری تەندروستی چراخان رەفیق بەداخەوە تاكو ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە و تیمی پزیشكی سەرپەرشتیاری حاڵەتەكەی بڕیاریاندا رەوانەی ئەمریكای بكەن بۆ چارەسەركردن ئەوە دوای ئەوەی چەند رۆژێك لە فەرەنسا چارەسەری وەردەگرت ". بەپێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) زۆر بەدەگمەن حاڵەتی وا رودەدات كە كەسێك بەهۆی خراپی باری تەندروستیەوە لە فەرەنساوە بگوازرێتەوە بۆ ئەمریكا، لە كاتێكدا نەخۆشخانەكانی فەرەنسا زۆر پێشكەوتوون و هیچیان كەمترنیە لە ئەمریكا لەرووی خزمەتگوازریی تەندروستییەوە.  تۆماركردنی سكاڵا رۆژی 10/5/2019 چراخان رەفیق لە پەیجی رەسمی خۆیەوە بڵاویكردەوە كە لە دادگاكانی بەریتانیا سكاڵای لە دژی ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، بە تۆمەتی گەندەڵی. چراخان رەفیق لە رونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە"هەروەك لێرەو لەوێ ئاشتی هەورامی بە ڕێگای جیاجیا پەیام و هەڕەشەی كوشتن و گرتنەبەری ڕێگای دادگاكانی كوردستان دەكات ئەوا من ڕایدەگەیەنم كە دۆسیەم لە دژی ئەو لە دادگاكانی بەریتانیا تۆماركردوەو بەمزوانە یەك لایی دەبێتەوە ".  چراخان رەفیق ئاماژە بەوەشدەكات كە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە"من چۆن بە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی كوشتنم و تەهدید دەكرێم كە هیچ نەدركێنم سەبارەت بە ئاشتی هەورامی ئێستا من بڕیارمدا مردن هەڵبژێرم نەك بێ دەنگی". بەپێی ئەو رونكردنەوەیەی چراخان رەفیق بێت، هەڕەشەی كوشتنی لەسەرەو دەیەوێت كێشەكەی لەرێگەی دادگاوە یەكلابكاتەوەو دەنگی خۆی بگەیەنێتە، خەڵكی. دواتر لە رۆژی 25/5/2019 نامەیەكی كراوە بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت‌و دەڵێت" جەنابی سەرۆك بارزانی، مەبەستمە بە جەنابیشت بڵێم هەروەك چۆن غەدر لە میللەت كراوە بە هەمان شێوە غەدر لە جەنابیشت كراوەو دەیان بابەتی گرنگ‌و پەیوەست بە ژیانی خەڵكیان لە جەنابیشت شاردراوەتەوە" هەر لەو نامەیەدا چراخان رەفیق بەروونی باس لە ئاشكراكردنی بەڵگەكان دەكات لە دژی ئاشتی هەورامی‌و دەڵێت: "هەر بۆیە بڕیارمدا من لە ئێستاوە سەرجەم نهێنییەكانی ئاشتی هەورامی‌و باندە مافیایەكەی بڵاوبكەمەوە بە بەڵگەو موستەمسەكات‌و ناوەكانیان و مەلەفە ئیمزا كراوەكانیان بڵاوبكەمەوەو ئەوەی چەندین ساڵە ترسی كوشتنم هەبوو لێی بڵاوی بكەمەوە‌و بیخەمەڕوو، لەهەمان كاتدا كەسانێك دوای نەمانی خۆم شتەكان بڵاوبكەنەوەو لە كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی جیهان، وە دەریخەم كە ئاشتی هەورامی پەڵەیەكی رەشە بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە". سیناریۆ یان حەقیقەت؟ -    بە خوێندنەوەی وردی  نوسین و رونكردنەوەكانی چراخان رەفیق، دەردەكەوێت كە لەژێر فشارو هەڕەشەی توندا بووەو بۆ دەربازبوون لەو هەڕەشانە پەنای بردووە، بۆ دادگاكان. -    لەدوای بڵاوكردنەوەی ئەو رونكردنەوانە، راستەوخۆ باس لە روداوی هاتوچۆكەی دەكات، بەو واتایەی كە روداوی هاتوچۆكە پەیوەستە بەو هەڕەشەو فشارو تۆماركردنی سكاڵایانەی كە لە دژی ئاشتی هەورامی تۆماریكردووە. -    هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا هەوڵدەدرێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ئاشتی هەورامی بكرێتەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان و باڵێكی ناو پارتی دژایەتی دەكەن، بەتایبەتیش لە رێگەی چراخان رەفیق هاوسەری پێشویەوە دەیانەوێت بەربەستی بۆ دروست بكەن‌و ئەو هەنگاوانەی چراخان رەفیق دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.   -    ئەوەی كە گومان لەسەر ئەو روداوە دروست دەكات سێ خاڵە كە بریتین لە: 1-   بێدەنگی و نەبوونی هیچ جۆرە رونكردنەوەیەك لەلایەن كەسوكارو كەسە نزیكەكانی چراخانەوە بڵاونەكراوەتەوە یاخود رەتنەكراوەتەوە. 2-    ئەو رۆژەی چراخان رەفیق ئاماژەی بۆ كردووە كە روداوی هاتوچۆكەی تیایدا رویداوە، لە ماوەی ئەو 24 كاتژمێرەدا هیچ روداوێكی لەو شێوەیە لە پاریس روینەداوە، چونكە لەوێ هەموو روداوەكان تۆماردەكرێن‌و هەركەس بیەوێت دەتوانێت سێرچبكات‌و هەموو روداوەكان بدۆزێتەوە. 3-    خاڵی هەرە گوماناوی لەو روداوە بڵاوكردنەوەی وێنەی  ئۆتۆمبیلەی خۆیەتی لە پەیجە رەسمییەكەی خۆیەوە كاتێك توشی روداوی هاتوچۆ بوە، بەڵام وێنەكە دەگەڕێتەوە بۆ روداوێكی ساڵی 2017‌و لە ڤێتنام رویداوەو ناوو و ناونیشانی سەرنشینەكانیش بڵاوكراونەتەوە كە هاوڵاتی ڤێتنامین. بازرگانی نەوت  روداوەكە سیناریۆ بێت یان حەقیقەت، هیچ لەو راستیە كەمناكاتەوە، كە چراخان رەفیق پێشتر بە دەست تێكەڵكردنی‌و بازرگانی نەوت لەگەڵ ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكرا. لە رۆژی 17/5/2016 ماڵپەری رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان (kdp.info) بڵاویكردوەتەوە" مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ( چراخان رەفیق) گەورە بازرگانی بواری نەوتی هەرێمی كوردستان دەركرد، كە ماوەیەكە هەرێمی كوردستانی جێهێشتووەو لە دەرەوەی وڵاتە". میدیاكانی پارتی راستەوخۆ چراخان رەفیقیان تۆمەتباركرد بەوەی بەشێوەی نایاسایی بازرگانی نەوتی كردووە، رۆژنامەی وشەی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بە مانشێتی سەرەكی لە 2016 دا نوسیبوی" چراخان رەفیق عومەر بە شێوەی نایاسایی بازرگانی بە نەوت كردووەو لە چەند گەندەڵییەكدا تێوەگلاوە، بۆیە ئێستا دەست بەسەر 276 ملیار دیناری ئەو بازرگانەدا گیراوە. ئەو بڕە پارەیە، لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانە"، بەڵام دواتر چراخان رەفیق گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و دەستی بەكاری خێرخوازی كرد. هاوسەرگیریەكەی چراخان رەفیق لەگەڵ ئاشتی هەورامی و دواتر جیابونەوەی لە ئاشتی هەورامی‌و  بازرگانیەكەی و كارە خێرخوازییەكانی هەموو بەشێوەیەكی ئاڵۆز و ناڕون بووە.  چراخان رەفیق كێیە؟ چراخان رەفیق خەڵكی شاری سلێمانیەو لە منداڵیەوە لەگەڵ خانەوادەكەی چوەتە ئەڵمانیا، لەوێ‌ كۆلێژی یاسای تەواوكردووە. چراخان ساڵی 2011 هاوسەرگیری لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا كردووە لە 2015 جیابونەتەوە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ روداو 2015 دەڵێت:" زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و ئەڵمانی بە باشی دەزانم, 10 ساڵ لە ئەڵمانیا كاری بزنسم كردووە، باوكی رەحمەتیم خاوەنی سێ‌ كۆمپانیا بوو، لە ساڵی 2007 ئەو سەرمایەی لە باوكم بۆم بەجێمابوو، كە 50 ملیۆن دۆلار بوو هێنامەوە كوردستان و بەگەڕمخست. لێرە گروپی كۆمپانیاكانی چراخان رەفیقم هەیە كە پێكدێت لە كۆمپانیای بیناسازی، هاوردە و پاككردنەوە. من پێشتر لە ئێران بەنزینم بۆ سلێمانی هاوردە دەكرد. بەڵام هەموو ئەوانەی باسیان دەكەم بەر لە شووكردنم بە ئاشتی هەورامی بووە".  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەدەچێت‌و راناوەستێت، ئەمە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا باسی كاندیدەكەی یەكێتیش كرا بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە لە پیرمام كۆبووەوە. تەلەفزیۆنی كوردستان زمانحاڵی فەرمی پارتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە ئاشكرایكرد، سێ تەوەری سەرەكی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت: •    تەوەری یەكەم: پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت •    بارودۆخی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی تر •    رێوشوێنەكانی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم راگەیەندراوی فەرمی كۆبونەوەكە بەهیچ جۆرێك بە وردی باسی هەڵوێستی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسەر ئەو تەوەرانە باسنەكردووە، بەڵام مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكییەكانەوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند" یەكێتی پابەندی رێككەوتنەكەی نەبوو لەگەڵ پارتی، لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا دەقی رێككەوتنەكە بڵاودەكەینەوە، لە رێككەوتنەكەدا مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركوك دراوەتە دەست كاك مەسعودو كاك كۆسرەت، ئەوانیش لەسەر كاندیدێك رێككەوتوون (فەرەیدون عەبدولقادر). لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەبچێت، واتە نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10 ئەم مانگە سوێندی یاسایی دەخوات‌و پاشان وەكو سەرۆكی هەرێم مەسرور بارزانی ئامۆزای رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی یاسا، مەسرور بارزانی تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پێكهاتەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. واتە ئەگەر یەكێتی لەماوەی ئەو مانگەدا كێشەكانی لەگەڵ پارتی لەبارەی پرسی كەركوك بەلایەكدا نەخات، پارتی بەبێ یەكێتی كابینەی نوێی حكومەت دەخاتە بەردەم پەرلەمان‌و متمانەی بۆ وەدەگرێت‌و حكومەت دەستبەكاردەبێت. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو پارتی زانیویەتی، پارتی دەیەوێت كێشەكانی لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەبوو، بەبێ یەكێتی حكومەت پێكدەهێنێت‌و هاوشێوەی ئەم كابینەی ئێستا، شوێنی پۆستەكانی یەكێتی بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەر دەكرێن، واتە یەكێتی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم جارێكی تر دووبارە دەكاتەوە‌و لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا یەكێتی بەجێدەهێڵێت، ئەگەر تائەوكات لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن. لەبارەی كەركوكەوە تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، باسكردنی بارودۆخی كەركوك بوو. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی كێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە لەگەڵ یەكێتی، مەسعود بارزانی وتویەتی" خۆیان ناوی فەرەیدون عەبدولقادریان هێناوە‌و وتویانە ئەمە كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئێمەش وتومانە زۆرباشە ئێمەش پشتیوانی دەكەین، بەڵام دواتر پەشیمان بونەتەوە‌و تەلەفۆنیان بۆ مەسرور بارزانی كردووە كە فەرەیدون عەبدولقادر كاندید ناكەن". سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی تایبەت بوو بە پرسی سوێندخواردن‌و دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان. مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10ی ئەم مانگە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، پارتی هەوڵدەدات لەم مەراسیمەدا دەرگایەكی نوێ بەڕووی یەكێتیدا بكاتەوە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی بانگهێشتكردووە بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم. پارتی تێگەیشتووە لەوەی ئێستا بەرهەم ساڵح لە هەموو كەسێك زیاتر كاریگەری لەسەر ئەو باڵەی یەكێتی هەیە كە لە مەسەلەی كەركودا بەرامبەر بە پارتی وەستاونەتەوە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی بێت كە لە دەرگای بەرهەم ساڵحیان داوە. ئەگەر بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكات، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە وەكو سەرۆك كۆمار، یەكەمجارە سەردانی هەولێر بكات، هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی وایكرد پارتی‌و بەرهەم ساڵح بكەنەوە ناو ناكۆكییەكی قوڵەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئامادە نییە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكات‌و مەرجی هەیە، مەرجەكەشی ئەوەیە، بەر لە پرۆسەی سوێندخواردن، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بكات لە بەغداد‌و ئاڵۆزییەكان یەكلابكەنەوە. 


راپۆرتی: محەمەد رەئوف كەركوك لەناو ئاگرو تەقینەوەدا دەكوڵێت، ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای كەركوك ئاگر لە دەغڵ و دانی جوتیارە كوردەكان بەردراو بە هەزاران دۆنم زەویان سوتا، شەوی رابردوش زنجیرەیەك تەقینەوە ئارامی كەركوكی تێكدا و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەكەركوك و پەیوەندییە شاراوەكانی ئەو دوو هێزە بەجیا لەگەڵ كارەكتەرە سەرەكیەكانی ئێستای پارێزگای كەركوك هەڵگری دەیان پرسیاری جدیە، كە بۆچی لەگەڵ توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، گرژی و كێشەو تەقینەوەكان لەوپارێزگایە زیاد دەبن؟  گرژیەكان پرسیار دروستدەكەن لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەسەر پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك گەیشتە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڕەشەی بایكۆتی تەواوەتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، گرژیەكان و سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد لە پارێزگای كەركوك زیاتر بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ دوای بایكۆتەكەی یەكێتی لە 30/5/2019 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" چیتر سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد و ئەو بارودۆخەی ناوچەكانی مادەی 140 جێگەی قبوڵكردن نیە". چەند كاتژمێرێك لەدوای بەیاننامەكەی بارزانی زنجیرەیەك تەقینەوە شاری كەركەكیان هەژاند، بەپێی بەیاننامەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی" شەش بۆمبی چێنراو لە شەقامەكانی قودس و پارێزگا و رێگای بەغدا لە كەركوك تەقیونەتەوە، دوو بۆمبی دیكەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پوچەڵكرانەوە، بەهۆیانەوە 3 كوژراو 18 برینداری لێكەوتۆتەوە". هێشتا ئاگری تەقینەوەكانی ناو شاری كەركوك كپ نەبونەوە، بەیانی رۆژی 31/5/2019 ئاگر لە زۆربەی دەغڵودانی جوتیارانی كورد بەردران، لە رۆژهەڵاتی كەركوك لە گوندی مەنسوری ناوچەی حەوتەغاری سەربەقەزای داقوق، ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوەو وەك جوتیاران ئاماژەی بۆ دەكەن نزیكەی 10 هەزار دۆنم زەوی سوتاون، لە هەمان كاتدا لە رۆژئاوای كەركوك لە گوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەرانی قەزای دبس ئاگر لە دەغڵ ودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوە بە هەزار دۆنم سوتان.  زۆرێك لە جوتیاران لەكاتی سوتانی دەغڵو دانەكەیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوە دەستی داعشی تێدا نیەو لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە ئەو كارانە دەكرێت، تەنانەت تەقینەوەكانی شەوی رابردووش گومانی لای لایەنە ئەمنیەكان دروستكردووە كە شێوازی دانانی بۆمبەكان و تەقینەوەیان جیاوازە لە شێوازی تەقینەوەكانی داعش و گومانی دەستی ناوخۆیی دەكەن لەو كارە.  ناكۆكیەكان لەسەر چین ؟ لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كورد دەسەڵاتی لەو شارە لێسەنرایەوە، بە جۆرێك تا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو شارە بە داگیركراو دەزانێت، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش ئەگەرچی خاوەنی ( 6 ) كورسی ئەو شارەیە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی نیە لەو شارە. بەپێی لێدوانی زۆرێك لەسەركردەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دابنرێت كە بەشداری لە روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەردا كردبێت و دەیەوێت ئەو روداوە وەك" خیانەتێك لەسەر بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیدا بچەسپێنێت" ، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریكرد لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەواو لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەكانی حەشدی شەعبی مامەڵەی ئاسایی دەكات، بەڵام كەركوك بە داگیركراو لەقەڵەم دەدات.  هەرچی یەكێتی نێشتیمانی كوردستانیشە سورە لەسەر ئەوەی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دیاری بكات، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی ئەندامەكانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببات، یەكێتی لەلایەك پۆستی پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت كە زۆرینەی دەنگەكانی كەركوكی بەدەستهێناوە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 لەو پارێزگایە، لەلایەكی تریشەوە دەیەوێت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر وەك روداوێكی ئاسایی تێپەڕێنێت. گرێكوێرەكەی پارێزگاری كەركوك  لەدوای ساڵی 2005 ەوە لە پارێزگای كەركوك تەنها یەك هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكراوە تا ئێستاش ئەنجومەنەكە لەكاردایە، ئەو یاسایەش كە ئەنجومەنی پارێزگای ئێستای كەركوكی پێ هەڵبژێردراوە، لە نیسانی 2004 و لەلایەن پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی عێراقەوە دانراوە. بەپێی ئەو یاسایە پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە متمانەی پێدەدرێت، لە بڕگەی پێنجەمی بەشی دووەمی یاسای ژمارە 71ی ساڵی 2004ی عیراق هاتووە" ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی دیاریكردن و دامەزراندنی پارێزگار و بریكارەكانیانی هەیە و دەتوانێت لەسەر كاریان لاببات، ئەگەر پۆستەكەش‌ چۆڵبوو، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بە زۆرینەی دەنگ پارێزگارێكی تر بۆ پۆستەكە هەڵبژێرنەوە". ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت ( 26 ئەندامی لیستی برایەتی، 9 ئەندامی پێكهاتەی توركمان، 6 ئەندام لە پێكهاتەی عەرەب) لە لیستی برایەتی  ( 11 ئەندامی پارتی، 8 ئەندامی یەكێتی، 3 ئەندامی یەكگرتوو، 1 سەربەخۆ، 1 توركمان، 1 عەرەب، 1 مەسیحی)، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبێ ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت، رێژەی یاسایی كۆبكەنەوەو پارێزگار هەڵبژێرن، هەربۆیە بەپلەی یەكەم كێشەی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیەوە هەیە، بەو پێیەی ئەوان دەتوانن بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی پێكهاتەكانی دیكە رێژەی یاسایی تەواو بكەن و پارێزگار هەڵبژێرن، كە رەنگە بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بەشێك لە ناكۆكیەكان چارەسەر ببێت،  بەتایبەتیش لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە، ئەگەرچی پێكهاتەكانی دیكەش ترسی خۆیان ناشارنەوە لە ئەزمونی 14 ساڵی رابردووی پارێزگاری كورد لەو شارە كە مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ نەكردون و ترسیان هەیە لە دووبارە بوونەوەی ئەو رۆژگارانەی كە پارێزگارە كوردەكان، نەیتوانیوە هاوسەنگی بپارێزن لە نێوان پێكهاتەكاندا، بۆیە كردنەوەی گرێكوێرەی پارێزگاری كەركوك لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هێندەی تر قورستربووە. ناكۆكیەكان بەكوێ دەگەن؟  ناكۆكی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی كەركوك گەیشتۆتە ئاستێك كە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستانیش پەكخستووەو دوایین هەڵوێست بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كە پێشتر رێككەوتنیان كردبوو لەسەری، بۆیە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەریەكێكیان بۆخۆی هەوڵی پچڕاندنی پۆست و پشك دەدات لە پارێزگای كەركوك. -    پارتی دیموكراتی كوردستان جموجوڵی سیاسی لە سەر ئاستی كەركوك و بەغداد دەستپێكردووە، بۆ دەستگەیشتنەوە بەكەركوك، كە لە ئێستادا هیچ بارەگایەكی لەو پارێزگایە نیە،  زانیاریەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا پارتی چاوی لە پارێزگاری كەركوكەو بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئاستی كەركوك و بەغدادیش كاری بۆ كردووە، لەسەر ئاستی كەركوك لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی هۆزە عەرەبیەكان و كوتلە عەرەبیەكانی ئەو پارێزگایە كۆبۆتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، بەرەزامەندی خۆی، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ كوتلە عەرەبیەكان كرد، لەسەر ئاستی بەغداش لەگەل حزبە سیاسیەكان گفتوگۆی كردووە، بەتایبەتیش فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و بەشیكی تر لەلایەن شیعەكان بۆ پرسی كەركوك. -    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دوای ئەوەی بەتەواوی لە نیەتی پارتی تێگەیشت كە نایەوێت یەكێتیەك ببێتە پارێزگاری كەركوك، ئەمەش دوای ئەوەی ناوی سێ كەسی دایە خودی مەسعود بارزانی تا رەزامەندی لەسەر یەكێكیان بدات بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام بارزانی رەتیكردنەوە، بۆیە یەكێتی ئێستادا لە هەوڵ و جموجوڵی دیكەدایەو دو سیناریۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بەبێ پەنابردن بۆ پارتی: •    پەنا بردن بۆ كوتلەی عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوای نائومێدبونی تەواوەتی لە ئەندامانی پارتی لەو ئەنجومەنە، هەرچی كوتلەی عەرەبیە ئاسان نیە لەبەر ئەوەی چەند كوتلەو پارتێكن، خاوەنی ئەجێنداو سیاسیەتی خۆیانن، بەڵام بۆ ئەندامە توركمانەكان كە لەكۆی 9 ئەندام 7 یان لەبەرەی توركمانین و لەژێر كاریگەری توركیادان و دەتوانرێت لە رێگەی سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ ئەو مەبەستە كار بكرێت و لە رێگەی توركیاوە فشار بكرێت بۆ ئەوەی دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن بۆ پارێزگاری كەركوك. •    لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە كار بكرێت بۆ سڕكردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەلایەك گەیشتونەتە بنبەست و ناتوانن كۆببنەوەو لەلایەكیش ماوەی 10 ساڵە تەمەنیان كۆتایی هاتووە، لەدوای سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەو كات دەتوانرێت لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بە هەوڵی سەرۆك كۆمار، پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنرێت، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.  ئێستا ناكۆكیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر پارێزگاری كەركوك، گەیشتۆتە بنبەست، هەردولایان بە جیا پەنا بۆ پێكهاتەو كارەكتەرە سیاسیەكانی دیكە دەبەن، كە رەنگە ناكۆكیەكانی ئەو دوو هێزە لەسەر پارێزگاری كەركوك دواجار ئەو پارێزگارە لەدەستی هەردوكیان دەربچێت و بۆ چارەسەری مامناوەند كەسێكی دیكە لە پێكهاتەكانی تری پارێزگاری كەركوك بكرێتە پارێزگار، یاخود تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان، راكان جبوری وەك پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان جارێكی تر سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوبارە بكەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری بەغداد، روداوەكان لە كەركوك دەبن، یەكێتی دەیەوێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ كاندیدی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلابكرێتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكانی هەڵوێست‌و پلانی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بڵاودەكاتەوە. دوێنێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، كۆبونەوەكە دوای ئەوەهات فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان كوردستان بایكۆتی كردووە‌و دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی نەدات بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە پلەی یەكەم بۆ پەسەندكردنی بڕیاری رۆژی پێشتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو سەبارەت بە دەنگنەدانی فراكسیۆنی یەكێتی بە نێچیرڤان بارزانی.   كۆسرەت رەسوڵ‌و ترسی لێكترازان بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە خۆی سەرپەرشتی كردووە، باسی لە هۆكاری بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە سەبارەت بە دەنگنەدان بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی نوێی هەرێم. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەبارەی بڕیاری دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتویەتی "ئەو بڕیارە یەكگرتوویی ناو یەكێتی پاراستووە"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هەڕەشەی گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، كە رۆژی پێشتر وتبویان، ئەگەر یەكێتی لە سەر پۆستی پارێزگاری كەركوك سازش بۆ پارتی بكات، ئەوان لە یەكێتی دەستلەكاردەكێشنەوە. ئەمە هۆكارەكە بوو كە یەكێتی دەنگنەدانی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بەستەوە بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك. دوای رونكردنەوەی هۆكارەكان، كۆسرەت رەسوڵ داوای لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی بۆ دەنگنەدان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی پەسەندبكەن.  پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە ؟ پرسی كەركوك‌و هەڵبژاردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە باڵی بەسەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كێشا، زۆرینە پشتیوانی بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسییان كرد، هیچ دەنگێكی ناڕەزایەتی نەبیسترا كە بەئاشكرا دژی سیاسەتی ئێستای یەكێتی بێت بەرامبەر بە پارتی، رەنگە ئەمە بەهۆی ترسیی پشتیوانی بنكەی جەماوەریی یەكێتییەوە بووبێت لە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی. هەر لەبەر رۆشنایی ئەو پشتیوانییەی جەماوەریی یەكێتیدا بوو، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا هەر بەرپرسێكی یەكێتی دژی سیاسەتی ئێستا حزب قسە بكات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای كۆبونەوەكە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی ناڕەزایەتییان دەربڕیووە سەبارەت بە سیاسەتی ئێستای یەكێتی‌و باسیان لەوەكردووە یەكێتی دەتوانێت بەشێوازی تر كێشەی كەركوك چارەسەربكات‌و دابڕانی تەواوەتی لەگەڵ پارتی بەزیانی یەكێتی كۆتایی دێت، چونكە یەكێتی كارتی بەهێزی بەدەستەوە نییە پارتی ناچار بە سازش بكات.  یەك پۆست‌و دوو رێگای جیاواز  (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی ئەوەكراوە پارتی ژێربەژێر لە هەوڵی دانانی پارێزگارێكی دڵخوازی خۆیەتی لە كەركوك‌و بۆ ئەو مەبەستە كۆبونەوەی لەگەڵ بەشێك لە عەرەب‌و توركمان‌و تەنانەت راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كردووە. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبەر رۆشنایی هەڵوێستەكانی پارتیدا لە پرسی پارێزگاری كەركوك، بڕیاریدا ئاڕاستەیەكی جیاوازتر لە رابردوو بگرێتەبەر‌و چیتر یەكێتی داوا لە پارتی نەكات پارێزگاری كەركوكی بۆ یەكلابكاتەوە‌و لەبری ئەوە پەنا بۆ رێگای تر ببرێت. واتە ئێستا یەكێتی‌و پارتی بەتەواوەتی لە پرسی پارێزگاری كەركوك لێكترازاون‌و هەر لایەك دەیەوێت بەرێگای خۆی ئەو پۆستە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، پێدەچێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆكی كۆمار، لایەنە عێراقی‌و دەرەكییەكان پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا یەكلابكەنەوە. لەبارەی فەرەیدون عەبدولقادرەوە پرسی كاندیبوونی (فەرەیدون عەبدولقادر) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتییەوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بوو، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی لەوبارەیەوە داوای رونكردنەوەیان لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە. لە وەڵامدا، كۆسرەت رەسوڵ رەتیكردوەتەوە ئەو بەرەسمی فەرەیدون عەبدولقادری كاندیدكردبێت، باسی لەوەكردووە، تەنیا لە كۆبونەوەیەكی كۆمەڵایەتیدا كە فەرەیدون عەبدولقادر خۆشی تێیدا بەشداربووە، چەند كەسێك پێشنیازیان كردووە كاندید بكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەویش تەنیا وتویەتی" كاك فەرەیدون كەسێكی شۆڕشگێر بووەو پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە"، بەڵام رەزامەندی نەنواندووە، رەنگە قسەكەی وەك رەزامەندبوون لێكدرابێتەوە. لە قوباد تاڵەبانی نیگەرانن ! هەرچەندە یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەرزوو لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم لە نێچیرڤان بارزانی كرد، ئەم هەڵوێستەی قوباد تاڵەبانی فڕین بوو لە دەرەوەی پۆل‌و هەندێك لە یەكێتییەكانی نیگەران كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی داوای سزادانی قوباد تاڵەبانییان كردووە، بەڵام ئەوەی نیگەرانییەكانی كەمێك رەواندەوەتەوە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی بووە، كە رەخنەی لە پیرۆزباییەكەی قوباد تاڵەبانی برای گرتووە، تائەو ئاستەی وتویەتی" پیرۆزباییەكەی خاڵی رەشی هەڵوێستە جوانەكەی یەكێتی بوو". یەكێتی تا كوێ دەڕوات ؟ لە كۆبونەوەكەدا زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی لەگەڵ پارتی گفتوگۆو رێككەوتنی تر نەكات، تاوەكو پارتی بەتەواوی رێككەوتنەكەی ئێستا جێبەجێ نەكات. ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، یەكێتی لەسەر سیاسەتی ئێستا بەرامبەر پارتی بەردەوام بێت‌و ئەگەر پارتی رازی نەبێت بەدانانی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا هەمان هەڵوێستی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی هەبێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، دەبێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی یەكێتییە لەگەڵ كاندیدی پۆست‌و وەزارەتەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەلایەن پارتییەوە پەسەندبكرێت، بەبێ ئەمە، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات‌و كابینەی نوێ بە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەسپێرێت.  هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا لەناو یەكێتی جارێكی تر گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری دوو ئیدارەیی، دوو هەرێمیی، لامەركەزی ئیداریی دەستیپێكردوەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە پارتی لە زاری هۆشیار زێباریەوە تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەردەوام دەبێت و ناوەستێت. ئایا یەكێتی لەسەر هەڵوێستەكەی سور دەبێت و تا كۆتایی دەڕوات یاخود پارتی پاشەكشە دەكات و بە كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل دەبێت؟ بەتایبەتیش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پەیوەستە بە چارەنوسی مەسرور بارزانیەوە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسوڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان دوای چوار رێككەوتن‌و دواخستنی پێكهێنانی حكومەت بۆ ماوەی (8 مانگ)، جارێكی تر گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر، (درەو میدیا) وردەكاری ئاڵۆزبونەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی لەم راپۆرتەدا بڵاودەكاتەوە.  پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان هەڵبژارد، ئەوەی پێشبینی دەكرا، روینەدا، نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی (68) پەرلەمانتار هەڵبژێردرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو پێشتر بەرپرسانی پارتی باسیان لەوەدەكرد، لەكۆی 111 پەرلەمانتار 91 ئەندام دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی دەدەن. یەكێتی نیشتمانی، كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزاكرد، ئەمڕۆ دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا. پارتی‌و یەكێتی كە پێشتر چارەنوسی كەركوكیان وەكو دۆسیەیەكی كێشەلەسەر دایە دەست كۆسرەت رەسوڵ عەلی‌و مەسعود بارزانی، ئەو دوو كەسەش چارەنوسی كەركوك‌و پەیوەندییەكانی هەردوو حزبیان دایە دەست نادیار.  بۆچی یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا ؟ ئایا یەكێتی دەنگ بە بە هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی دەدات وەكو كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ؟ پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەكوێ دەگات ؟ ئەمانە پرسیاری سەرەكی ئەم رۆژانەی چاودێرانی سیاسی دۆخی هەرێمن. چی رویدا ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی‌و پارتی دەستیكەوتووە، دوێنێ شەو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەخەوتوون‌و لە كۆبونەوەی چڕدا بوون. گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی، فشاری توندیان خستەسەر حزبەكەیان بۆ ئەوەی یەكێك لە گروپەكەی ئەوان بكرێت بە پارێزگاری كەركوك، ئەمانە تاوەكو ئاستی دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ هەڕەشە‌و فشاریان كرد. ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاویەكی جیاوازە زانیویەتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە هاوكات جێگری دوەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەو ئێستا بەرسەردانێك لە توركیایە پێی وابووە" كە پێویستە رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و هەموو دۆسیەكانی كەركوك و هەرێم و بەغداد یەك پاكێج بێت ، بەبێ ئەوە خراپە بەشداریكردن" هەرچی قوباد تاڵەبانیە "نیگەران" بوە لەو هەڵوێستەی یەكێتی و هەرزو نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ زۆر توند بونە كە بەبێ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكرێت، كۆسرەت رەسوڵ ئەگەرچی لەگەڵ بەشداریكردن و پەیوەست بون بوە بە رێككەوتنەكانەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام لەدوای رەتكردنەوەی تەواوی ئەو كاندیدانەی كە یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك پێشكەشی بارزانی كردوە، ئەویش لەگەڵ بەشداریكردن نەبوە.  لە كۆتایدا لەناو مەكتەبی سیاسی كۆدەنگییەك دروستبوو لەسەر ئەوەی، یەكێتی بەبێ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات‌و دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نادات، بەیانی ئەمڕۆ ئەو بیرۆكەیە بوو بە بڕیارو فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی نەكرد.  39 كاندید بۆ یەك پۆست ! (درەو میدیا) زانیویەتی، بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی لیستێكی نوێی ناوی كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم پارتی‌و بەدیاریكراوی مەسعود بارزانی. یەكێتی سێ ناوی خستەبەردەم بارزانی بۆ ئەوەی یەكێكیان هەڵبژێرێت وەكو پارێزگاری نوێی كەركوك، ناوەكان ئەمانەبوون: •    رەوەند مەلا مەحمود (جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك) •    ئەحمەد عەسكەری (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی) •    بابەكر سدیق (كاكەڕەش سدیق)، (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی) بارزانی هەرسێ كاندیدەكەی یەكێتی رەتكردەوە، بەبیانوی ئەوەی هەرسێكیان "ئۆكتۆبەرچین"، بەواتای ئەوەی لەو یەكێتییانەن كە پشتیوانیان لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كردووە لە كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو دوێنێ، یەكێتی لەكات‌و ساتی جیاوازدا ناوی (39) كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم بارزانی‌و هەموو ئەو ناوانە رەتكراونەتەوە. یەكێتی بۆ رایگشتی تەنیا یەك كاندیدی هەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، كاندیدەكەش (رزگار عەلی)یە، بەڵام لە پشتی پەرەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی بەردەوام ناوی كاندیدی تری پێشكەشی بارزانی كردووە. بارزانی تەنیا كەسێكی لەناو یەكێتی بەدڵە ببێت بە پارێزگاری كەركوك، ئەو كەسەش (فەرەیدون عەبدولقادر)ە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە فەرەیدون عەبدولقادر لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەو پۆستە كاندید نەكراوە. سەرچاوەیەك لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەهیچ جۆرێك لە هەڵوێستی خۆی پاشەكشێی ناكات‌و هیچ كەسێك لەوانەی پشتیوانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە، وەكو كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات. نێچیرڤان بارزانی چی وت ؟ سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەدواین ساتەكان‌و بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە نێچیرڤان بارزانییەوە كردووە‌و نیگەرانی خۆیان پێگەیاندووە سەبارەت بەوەی پارتی پابەند نییە بە رێككەوتنی نێوانیانەوە، بەدیاریكراوە لە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی بە دێڕێك‌و بە كورتی وەڵامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوەتەوە‌و وتویەتی:" داوای دەنگتان لێ ناكەم"، نێچیرڤان بارزانی بێئومێدبووە لەوەی بتوانێت چارەسەرێك لەنێوان مەسعود بارزانی مامی‌و یەكێتیدا بدۆزێتەوە لەبارەی پرسی كەركوكەوە، بۆیە بەمجۆرە وەڵامی یەكێتی داوەتەوە‌و دەستبەرداری دەنگی فراكسیۆنی یەكێتی بووە لەناو پەرلەمان. پەیوەندی پارتی‌و یەكێتی بەرەو كوێ ؟ لە یەكەم كاردانەوەدا دژ بە دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم، پارتی لەسەر زاری ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان وتی:" بە رێككەوتنەكەماندا دەچینەوە لەگەڵ یەكێتی"، ئەمە قسەی پارتییە لەبەردەم رایگشتیدا، بەڵام لە پشتی پەردە پارتی بە پێچەوانەوە بە ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكەدا دەكات‌و دەیەوێت بگاتە چارەسەر. سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی، یەكێتی لەبەیاننامەی فەرمی خۆیدا ئەمڕۆ رایگەیاند، پارتی پابەند نییە بە رێككەوتنەكەوە‌و كێشە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك دروستدەكات، ئێستا هەموو باڵەكانی یەكێتی كۆدەنگن لەسەر ئەوەی دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدا پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت، بەڵام دیارنییە ئاخۆ یەكێتییەكان تا دواین سات بە یەكگرتووی دەمێننەوە یاخود لەبەرامبەر ئۆفەری تری پارتیدا دەستبەرداری بۆچونی خۆیان دەبین لەبارەی كەركوكەوە. ئێستا دوو پۆست هەن كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا جێناكۆكن‌و یەكلانەبونەتەوە، ئەو دوو پۆستەش بریتین: •    پۆستی پارێزگاری كەركوك •    پۆستی وەزارەتی دادی عێراق  پێشتر پارتی ئەم دوو پۆستەی لەچوارچێوەی رێككەوتندا بۆ یەكێتی یەكلاكردەوە، بەڵام ئێستا چاوی لە یەكێك لەو دوو پۆستەیە.  یەكێتی‌و پارتی دوای هەشت مانگ دانوستان‌و دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمڕۆ گەیشتنەوە خاڵی سفر، یەكێتی جارێكی تر پرسی كەركوكی خستنەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، ئەو پرسەی لەسەرەتاوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی ئیفلیج كرد. ئەگەر نەگەنە رێككەوتنێك، پێدەچێت یەكێتی خۆی لە دەنگدان بۆ راسپاردنی مەسرور بارزانی وەكو كاندیدەی سەرۆكی حكومەت بەدوربگرێت، ئەمەش ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە. دیار نییە یەكێتی لەسەر پرسی كەركوك تا چ ئاستێك بەرگە دەگرێت، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی هەڕەشەی ئەوە دەكەن تا حاڵەتی دەستبەرداربوون لە بەشداریكردن لە حكومەت ئامادەنین دەستبەرداری كەركوك ببن. لەبەرامبەردا لای پارتیشەوە ئەوە روون نییە ئاخۆ ئەو سەرچڵییەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی بە پێگەی نێچیرڤان بارزانی برازایەوە كردی لەبەرامبەر یەكێتی، بۆ مەسرور بارزانی كوڕیشی هەمان سەرچڵی دەكات‌و ئامادەیە دەستبەرداری پشتیوانی یەكێتی ببێت بۆ ئەو حكومەتەوە كە لە داهاتوودا كوڕەكەی سەرۆكایەتی دەكات؟   


درەو میدیا:  لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كە 81 ئەندام ئامادەبوو، نێچیرڤان بارزانی بەدەنگی 68 ئەندامی فراكسیۆنەكانی( پارتی و گۆڕان و پێكهاتەكان و سۆسیالیست) بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردراو ( یەكگرتوو ، كۆمەڵ ، شیوعی) كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون، دەنگیان نەدا، یەكێتی و نەوەی نوێ بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد. لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كە 81 ئەندام ئامادەبوون بریتی بوون لە:  - پارتی دیموكراتی كوردستان: 45 ئەندام - بزوتنەوەی گۆڕان: 11 ئەندام (شیرین ئەمین) ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوو. - پێكهاتەكان: 11 ئەندام  - حزبی سۆسیالیست: 1 ئەندام  - یەكگرتووی ئیسلامی: 5 ئەندام  - كۆمەڵی ئیسلامی: 7 ئەندام  - حزبی شیوعی: 1 ئەندام  لەو ژمارە ئەندامەی ئامادەبوان ئەوانەی دەنگیاندا بە كاندیدی پارتی دیموركاتی كوردستان( نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی):. -    فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان: 45 ئەندام -    فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان: 11 ئەندام ( شیرین ئەمین ) ئامادەی كۆبونەوەكە نەبوو -    پێكهاتەكان: 11 ئەندام  -    سۆسیالیست: 1 ئەندام ئەوانەی دەنگیان نەدا -    فراكسیۆنی كۆمەڵ: 7 ئەندام  -    فراكسیۆنی یەكگرتوو: 5 ئەندام  -    فراكسیۆنی شیوعی: 1 ئەندام لە كۆی ئامادەبوونی 81 ئەندامی پەرلەمان ( 68 ) ئەندام دەنگی بە كاندیدەكەی پارتی داو ( 13 ) ئەندامی ئامادەبوو دەنگی نەدا.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسوڵ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە بەخشی ناڕازییەكان لە بزوتنەوەكە دەربكات، رێكخەری گشتی هەڕەشە دەكات‌و دەڵێ "حكومەت دەڵەمەیە‌و نابێ رەخنەی لێبگرێت".  ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی، ئەم جڤاتە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، دوای كۆبونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە دێت، كە ئەو، بەپێچەوانەی جڤاتی نیشتمانییەوە، ئەنجومەنێكی راوێژكارییە‌و دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە. گۆڕان‌و شەڕی ئەمریكا‌و ئێران ! بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو جڤاتەكە  دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەفەرمی  كۆبونەوەكانی دوێنێی‌و ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دوو تەوەری سەرەكی بووە: •    ئەگەری رودانی شەڕ لەنێوان ئەمریكا‌و ئێران لەناوچەكە‌و دۆخی كورد لەو ململانێیانەدا •    بارودۆخی ناوچە كوردستانییە كێشەلەسەرەكان لەبارەی ئەم دوو تەوەرەوە بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە‌و تێیدا داوای سازدانی كۆبونەوەیەكی "لوتكە"دەكات لەنێوان سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخەكە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەڵبژاردنی ئەم دوو تەوەرە بۆ گفتوگۆكردن لە هەردوو جڤاتی گشتی‌و نیشتمانیدا گرفتی دروستكردووە‌و زۆرێك لە ئەندامان ئامانجی كۆبونەوەكەیان لا روون نەبووە، هەندێكیش پێیانوا بووە، بزوتنەوەی گۆڕان ئەو هێزە گەورە نییە قسە لەسەر ناكۆكییەكانی ئەمریكا‌و ئێران بكات لە ناوچەكەدا. خانە ناڕازییەكان دەردەكات بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ جۆرێك باسی لە تەوەرەكانی تری كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەی راپەڕاندن بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، گرنگترین بڕیاری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ، ئەوە بووە "جڤاتی نیشتمانی دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندن داوە، ئەوانەی لە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكە ناڕازین، دوربخاتەوە". رێكخەر هەڕەشە دەكات (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتی‌و كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی كردووە" هەر كەسێك لە سیاسەت‌و هێڵی كاركردنی ئێستای بزوتنەوەكە‌و دیسپلینی حیزبی دەربچێت، لە بزوتنەوەكە دەردەكرێت". ئەم هەڕەشەیەی رێكخەر لە كۆبونەوەی هەردوو جڤاتدا كاردانەوەی لێكەوتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا هەندێك لە ئەندامان داوایان كردووە شێوازی سزادان رێكبخرێت‌و پلەبەند بكرێت بە چەند قۆناغێك، نەك دەركردنی راستەوخۆ. هەڕەشەكانی رێكخەری گشتی هاوكاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی كە لەناو بەشێكی زۆری "هەڵسوڕاوەكانی" ئەو بزوتنەوەیە سەبارەت بە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی‌و كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە دروستبووە. حكومەتی دەڵەمە ! لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جڤاتی نیشتمانی باسی لە قسەو لێدوانە توندەكانی (غالب محەمەد) پەرلەمانتاری بزوتنەوەكە كردوە لە پەرلەمانی عێراق دژ بە سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە وتویەتی "نابێت بە هیچ جۆرێك رەخنە لە حكومەت بگیرێت، چونكە حكومەتەكە دەڵەمەیە‌و هێشتا پێنەگەیشتووە". كۆنفرانس‌و هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كە هێزێكی نوێیە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ئێستا دامەزراوە ناوخۆییەكان وادەیان بەسەرچووە، هەردوو جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2016وە وادەی یاساییان تەواوبووە، خانەی راپەڕاندنیش كە دەسەڵاتی جێبەجێكاری بزوتنەوەكەیە رۆژی 25ی تەموزی داهاتوو تەمەنی یاسایی كۆتایی دێت، كە بۆ ماوەی دوو ساڵە. ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا مشتومڕی كۆنفرانس‌و هەڵبژاردنی ناوخۆیی گەرمە، لە كۆبونەوەی دوێنێی‌و ئەمڕۆی هەردوو جڤاتەكەدا باسی خۆرێكخستنەوە كراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بڕیاربەدەستانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان نایانەوێت بەمزوانە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێت. سەرچاوەیەك لە جڤاتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، خانەی راپەڕاندن نایەوێت هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێت‌و دەڵێ ئێستا گۆڕان بەرگەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی ناگرێت‌و دەبێت ئەو پرسە دوابخرێت بۆ دوای پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت‌و كۆتایهێنان بە دۆسییەی ناڕەزاییەكان لەناوخۆی بزوتنەوەكەدا. وتەبێژی حیزب لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی دانانی وتەبێژێكی فەرمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆكرا، هەندێك ناوی (وشیار عەلی عومەر)یان هێنا، بەڵام جڤات دەنگی لەسەر نەدا‌و پرسی وتەبێژ یەكلانەكرایەوە. تاوەكو هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن لە 27ی تەموزی 2017 شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بو، بەڵام دوای هەڵبژاردنی وەكو ئەندامی خانە، لەو پۆستەدا نەما‌و لەوكاتەوە گۆڕان وتەبێژی فەرمی نییە. پەنجەكان یەكتری دەشكێنن ؟ دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانییەوە پێی نایە قۆناغێكی نوێوە، كە دەتوانرێت ناوی كتێبە بەناوبانگەكەی نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی لێبنرێت، قۆناغی "پەنجەكان یەكتری دەشكێنن". (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، لەناو ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا كۆدەنگییەك دروستبووە لەسەر ئەوەی "بزوتنەوەی گۆڕان لە ناڕەزایەتی پاكبكرێتەوە". ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا خانەی راپەڕاندن ئەو دەسەڵاتەی پێدرا پەنجەی هەموو ئەوانە بشكێنێت كە ناویان لێنراوە "ناڕازییەكان"، پێشبینی دەكرێت بەر لە هەر جوڵەیەكی سیاسی ناڕازییەكان، باڵی رازیی‌و بەدیاریكراوی خانەی راپەڕاندن دەستی خۆی بوەشێنێت‌و بە فەرمی كۆتایی بە ئەندامێتی ئەوانە لەناو بزوتنەوەكەدا بهێنێت كە دژی سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكە قسە دەكەن. ئەمە لەكاتێكدایە ئەوانەی ناویان لێنراوە "ناڕازیی" لەبنەڕەتەوە بەشێك لە كەسایەتییە كاریگەرەكانیان پێشوەختە دەستیان لە كاركردن لە بزوتنەوەكە كێشاوەتەوە‌و ئامادەی گەڕانەوە نین چ بۆ ناو بزوتنەوەكە چ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر بزوتنەوەكە كەوتوون‌و خۆیان بە گۆڕان نازانن. لەبەرامبەر توندكردنەوەی رێوشوێنەكان لەناو گردی زەرگەتەوە، لە دەرەوەی گردەكەش ناڕازییەكان خەریكی خۆكۆكردنەوەی بۆ گەڕێكی نوێی روبەڕووبونەوە، ئێستا ئاڕاستەیەك لەناو ناڕازییەكان دروستبووە كە داوای هەڵوێستی جدی‌و یەكلاكەرەوە دەكات بەر لەوەی نەیارەكانیان بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر بدەن.    كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، ناڕازییەكان بەسەر سێ گروپدا دابەشكردووە: گروپی یەكەم: پرۆگۆڕان، كە لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە لە وڵاتانی ئەوروپا پێكدێت، باسی لەوەكراوە ئەم گروپە وەكو حزبێك مامەڵە دەكات، هەندێك داوایان كردووە لە گۆڕان دەربكرێن. گروپی دووەم: ئەو هەڵسوڕاوانەی دژی بزوتنەوەكە قسە دەكەن، بڕیاردراوە ئەمانە بەفەرمی لە بزوتنەوەكە دەربكرێن. گروپی سێیەم: ئەوانەی ناڕازین‌و دانیشتوون، بەڵام قسە لەسەر بزوتنەوەكە ناكەن، ئەمانە هیچ رێوشوێنێكیان لەدژ ناگیرێتەبەر. لیژنەی كاندیدەكان بڕیاربوو ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە حكومییەكان كۆببێتەوە‌و دواین لیستی كوتكراوەی كاندیدی پۆستەكان رادەستی جڤاتی نیشتمانی بكات، بەڵام لیژنەكە كۆنەبووەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دژی ئەوەبوون كۆنە وەزیرو پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و ئەندامانی خانە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید بكرێن. ئێستا لەبارەی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكانەوە بیروڕای جیاواز لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دابەشبوون بەسەر دوو بۆچوندا: •    بۆچونی یەكەم: ئەو ئەندامانەی خانە كە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید كردووە، داوا دەكەن یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان نەخرێتە ناو جڤاتی نیشتمانییەوە، واتە جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە دەنگیان لەسەر نەدات. •    بۆچونی دووەم: چەند كەسێكی تر لەناو خانە كە كاندید نین، دەیانەوێت جڤات بە دەنگدان كاندیدەكان یەكلابكاتەوە. لەنێوان هەردوو بۆچونەكەدا، كوڕەكان نەوشیروان مستەفا كە دەوترێت بڕیاری كۆتایی لای ئەوانە، لەگەڵ ئەوەدان لە دەرەوەی جڤات كاندیدی پۆستەكان یەكلابكرێتەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە لیژنەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، خانەی راپەڕاندن دەیەوێت كارەكانی لیژنەكە پەكبخات تا دواین ساتەكان‌و وادەی نزیكبونەوەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە مەسرور بارزانی، ئەوكاتە بەبەهانەی نەبوونی كاتی گونجاوەوە خۆی بڕیاری كۆتایی لەسەر ناوی كاندیدەكان بدات.  


راپۆرتی: درەو میدیا   بەیانی رۆژی 26/5/2019 لە دادگای سلێمانی و لەبەردەم دادوەردا روبەروبونەوە لە نێوان شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و 10 ئەندامی ئەو جوڵانەوەیەو 5 رۆژنامەنوسی سكاڵاكارو دوو پارێزەری شاسوار عەبدولواحید رویدا. روبەروبونەوەی شاسوار و ئەندامانی نەوەی نوێ بە جلوبەرگی ئاسایی خۆیانەوە ئەو 10 ئەندامەی جوڵانەوەی نەوەی نوێی و شاسوار عەبدولواحید كاتژمێر 12ی نێوەڕۆی 26/5/2019 هێنرانە هۆڵی دادگاییكردنەكە لە دادگای سلێمانی، كە پرۆسەی دادگاییەكە بە سەرپەرشتی دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند بە كەیسی ئاسایش بەڕێوەچوو. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دادگا وردەكاری بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی دادگا دەستكەوتووە، ئەو ئەندامانەی نەوەی نوێ كە وەك ئەدمینی پەیجەكان ناودەبڕێن و پێشتر دەستگیركرابوون، بە روونی دانیان بەوەدا نا ئەم پەیجانەیان بەرێوەبردووە (فایلی نهێنی، داهاتویەكی نوێ‌، رۆژگوڵ، پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو..)و لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە سەرپەرشتی و ئاراستە و سپۆنسەر كراون. لەبەرامبەردا شاسوارعەبدولواحید كە بە دەموچاوێكی كەمێك غەمگین و بێدەنگیكی قوڵەوە لەناو هۆڵی دادگاییكردنەكەدا دانیشتبوو" هەموو ئەو تۆمەتانە كە روبەروی دەكرایەوە رەتی دەكردەوە، تەنانەت كە دادوەر پرسیاری لێدەكرد دەیوت" هەتا ئازادنەكرێم، لەسەر ئەو پرسانە قسە ناكەم".   تەنانەت ئەو ئەدیمینانە دانیان بەوەداناوە كە ئەوان موچەیان هەبوو و یەكێك لەوان لە ناو دادگاكەدا رایگەیاند " هەشت سەعات دەوامم كردووە بە 350 هەزار دینار ئەو كارەم كردووە" كەسێكی تریان وتی" مانگانە 650 هەزار دینارم هەبووە".   ئەوان بەروونی وتیان "تەنانەت بە ڤیزاكارتی خودی شاسوار عەبدولواحید سپۆنسەری ئەو بابەتانە كراوە" لەبەرامبەردا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندووە" بەڵی ئەو بابەتانە بە ڤیزاكارتی من سپۆنسەركراون،  بەڵام من پێم وتوون بۆ بابەتی بەسود سپۆنسەری بكەن، نەك جنیۆدان و تەشهیركردن بە خەڵكی". رۆژنامەنوسە سكاڵاكارەكان پێنج رۆژنامەنووس كە سكاڵایان لەسەر خودی شاسوار عەبدولواحید تۆماركردووە، ئامادەی دانیشتنی دادگا بوون كە ئەوانیش:  كەمال رەئوف: سەرنووسەری ماڵپەری شار نیاز سەعید: نووسەرو سیاسیی تاریق فاتیح: سەرنووسەری هاوڵاتی محەمەد هەورامی: رۆژنامەنووس سیروان رەشید: رۆژنامەنووس ئەوان لە دانیشتنەكەدا ئیفادی خۆیانداو بەڵگەی خۆیان لەسەر ئەو تەشهیرو ناوزراندنانەی پێیانكراوە خستۆتەروو، كە دواتر راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو ئاماژەیان بەوەكردووە" لە رووبەروبونەوەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید؛ لەبەردەم رۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەری بەرێزدا؛ دانیان بەوەدا نا، كە فرمان و رێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی كە بۆ ناوزڕاندنی ئێمەو ئەوانی تریش لەماڵپەڕی (ڕۆژنامە)و پەیجە بندیوارو نهێنییەكانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان كردۆتەوەو ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەكانی داڕشتووەو بۆی ناردوون بۆ بڵاوكردنەوەو بەڤیزا كارتی ناوبراو ؛ ئەو ماڵپەڕو پەیجانە سپۆنسەر كراون و بەرێوەبراون ، ئەو كارانەش لەرێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە سكرتێرەكانی شاسوار عەبدولواحیدو لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) سەرپەرشتییانكردووە". لە دانیشتنەكەدا لەلایەن رۆژنامەنوسە سكاڵاكەرەكانەوە چەندین بەڵگە لەسەر درووستكردنی سایتی ( رۆژنامە) خراوتەوە رایانگەیاندووە كە لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە دروستكراوەو پارەی بۆ خەرجكراوە، تەنانەت وەسڵی دروستكردنی سایتەكەش خراوەتەروو كە بڕی (600 دۆلار)ی تێچووەو لەلایەن سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحیدەوە بۆی خەرجكراوەو كاتێك دادوەر رودەكاتە سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید و پێی دەڵێت" ئێوە ئەو بڕە پارەیەتان خەرجكردووە ؟"، ئەویش دەڵێت" بەڵێ، بەڵام بە فەرمانی شاسوار عەبدولواحید".  ئەو رۆژنامەنوسانە سورن لەسەر سكاڵاكانیان و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوەی لە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكەن. تەنانەت لە كۆتایی دانیشتنەكەدا شاسوار عەبدولواحید رودەكاتە سەرنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی و پێی دەڵێت "كەس نا تۆ سكاڵام لەسەر تۆمار بكەیت !؟" ئەویش دەڵێت " كەس نا تۆ ئەوا تەشهیرمان پێبكەیت!؟".  رێگەیان گەڕانەوەیان پێنەدرا لە دانیشتكەدا هەردوو پارێزەری شاسوار عەبدولواحید و كۆمپانیای نالیا (عوسمان شێخ سدیق و رێباز محەمەد) ئامادەبوونو ئەوان تەواوی تۆمەتەكانیان رەتكردەوە كە روبەرووی شاسوار عەبدولواحید كرایەوە.   پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید ئەوەشیان وت كە" ئەو تۆمەتانەی روبەروی شاسوار عەبدولواحید دەكرێتەوە تەنها قەسەیەو تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك نیە كە شاسوار عەبدواحید ئاراستەی كردبێتن و پێی وتبن تەشهیر بكەن".  دانیشتنەكە زیاتر لە 4 كاتژمێری خایاندووە، لەدوای هاتوچۆ و چونەدەرەوەیان، رێگە بە پارێزەرەكانی شاسوار عەبدولواحید نەدرا بگەڕێنەوە بۆ ناو دانیشتنەكەی دادگاو ئیمزا لەسەر كۆتایی دانیشتنەكە بكەن، ئەمە بەپێی قسەی پارێزەرەكان خۆیان. داوای ئازادكردن لە كۆتایی دانیشتنەكەدا ئەو 10 ئەندامەی نەوی نوێ داوایان لە دادوەركردووە لەم سەروبەندی جەژنە ئازادیان بكەن و دادوەریش پێی وتون "ئیشاڵڵا"،  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێشبینی دەكرێت پێش جەژنی رەمەزان شاسوار عەبدولواحید و ئەو ئەندامانەی نەوێ نوێ بە (كەفالەت) ئازادبكرێن،چونكە ئەو مادەیەی پێی دادگایی دەكرێن(مادەی ( 2 )ە لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن)ە، رێگە دەدات ئەوان بە كەفالەت ئازادبكرێن. دادگاییكردنی ئەو كەیسە بەردەوام دەبێت و شاهید و سكاڵاكاری تر لە دانیشتینی داهاتوو كە چاوەڕەوان دەكرێت یەكشەممەی داهاتوو بەرێوە بچی بەشدار دەبن، بەو پێیەی ئەوەی ئێستا بەرێوە دەچێت تەنها لێكۆڵینەوەیە( تەحقیقە) دادگاییكردنەكەشیان بەردەوام دەبێت.  لە دانیشتنەكەدا دادوەری دادگاییەكە بە نوێنەری ئاسایشی سلێمانی دەڵێت" كە دەبێت پارێزەر و هەر كەسێكی دیكە بیەوێت ئەمانە بیبینێت رێگریان لێنەكرێت و بیانبینێت" 


د. شێركۆ كرمانج  ٤-٤ لە سێ بەشی پێشوتری ئەم زنجیرە وتارە قسەوباسمان لەسەر سیستمی پەرلەمانیی‌و سیستمی سەرۆکایەتیی کرد. ئارگیومێنتی سەرەکی لەو سێ بەشەدا ئەوەبوو کە سیستمی پەرلەمانی گونجاوترە لە سیستمی سەرۆکایەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە تازەبەدیموکراسی گەیشتوون. لەم بەشەدا دوای قسەکردن لەسەر ئەو تەنگژە سیاسیانەی کە ڕووبەڕووی ئەم دوو جۆرە سیستمە سیاسییە دەبنەوە هەوڵدەدەین باس لە گونجاوی‌و نەگونجاوی هەر یەکێک لەو دوو سیستمە سیاسییە بۆ هەرێمی کوردستان بکەین. تەنگژەی سیاسیی لە سیستمی سەرۆکایەتیی تەواو پێچەوانەی سیستمە پەرلەمانییەکان، سیستمە سەرۆکایەتییەکان تەواو تەنگژەئامێزن‌، وەک ئەو کێشە بەردەوامانەی ئۆباما لەگەڵ کۆنگرێس (پەرلەمان)دا هەیبوو یان ئەوەی ئێستا ترەمپ لەگەڵ کۆنگرێسدا هەیەتی. کێشەکانی نێوان سەرۆک لەگەڵ پەرلەماندا سەرچاوەکەی لەوەگرتوە کە هەردوولایان بە جیاو راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن‌. ئەوەی کێشەکان زیاتر قوڵدەکاتەوە ئەوەیە کە هەردوولا، سەرۆک‌و پەرلەمان/کۆنگرێس، بەرنامەو پلان‌و سیاسات‌و مانداتای (mandates) جیاو زۆرجار ناکۆک بەیەکیان پێیە. بۆیە سەرۆک زۆرجار بێئومێدو بێزاردەبێت لە پرۆسەی سیاسی‌. دیسانەوە وەک ئەو کێشانەی کە ئۆباما لە پرسی بیمەی تەندروستی‌و یاساکانی چەکداماڵین هاتە پێشی‌و ئەوانەش کە ترمپ لە دروستکردنی دیواری نێوان ئەمریکاو مەکسیک هاتۆتەپێشی نمونەی پشتڕاستکەرەوەن. ئا لەوکاتانە سەرۆک لەوانەیە بێگوێدانە پەرلەمان بڕیاری وا بدات کە هێزی یاسایان هەبێت، وەک ئەوەی لە ئینگلیزی پێیدەگوترێت (rule by decree-law). لادانی سەرۆک لە سیستمی سەرۆکایەتیی نزیک بە نەکردەیە، تەنانەت ئەگەر سەرۆک دوای هەڵبژاردنەکان هیچ پشتیوانییەکی جەماوەری یان پەرلەمانی نەبێت یان ئەوەتا کارێکی نادەستوری ئەنجامبدات، چونکە سەرۆک شەرعیەتی لە خەڵک وەرگرتوە بۆیە پەرلەمان ناتوانێت لەسەر کار لایدات یان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات، وەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد مەگەر لە حالەتی تانەلێدان (impeachment). ئەویش زۆرینەیەکی ڕەهای دەوێت بۆیە تاوانبارکردنی سەرۆک یان متمانە لێسەندنەوەی نزیک بە نەکردەیە، وەک لە کەیسی بیل کلینتن‌و مۆنیکا دیمان کە سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی تەواو بەدەستەوەبوو کە کلینتن لەگەڵ مۆنیکا لەناو کۆشکی سپی کاری سێکسی ئەنجامدابوو کەچی کۆنگرێس نەیتوانی متمانەی لێبستێنێتەوە. ئەمە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پەرلەمان‌و سەرۆک لە سیستمە سەرۆکایەتییەکەیاندا ئاوا سەخت بێت دەبێت لە وڵاتێکی/هەرێمێکی وەک کوردستان ئەم کێشەیە چەند ئاستەم بێت. لەگەڵ قوڵبونەوەی کێشەکان‌و گەیشتنیان بە ئاستی تەنگژە، وەک ئاماژەی پێکرا، ئیدی ئەگەری ئەوە هەیە کە هەم سەرۆک یان ئۆپۆزسیۆن پەنا بۆ هێزە سەربازییەکان ببەن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، یان هێزە سەربازییەکان خۆیان لە پرسەکە هەڵقورتێنن‌و سەرۆک لابدەن‌و پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە. بەبنەما لەسەر ئەو لۆجیکەی کە سیستمە سەرۆکایەتییەکانی لەسەر دامەزراوە بەگشتی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو ماوەیەکی دیارکراویان هەیە. بۆیە لۆجیکی سەرۆکایەتی مەیلی بەوەدایە کە سەرۆکێک بەرهەمبێنێت کە بەردەوام لەگەڵ پەرلەمان‌و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەو بەگژیەکداچوونەوەن، وەک ترەمپ و کۆنگرێس لەلایەک‌و ترەمپ‌و کۆمەلگەی مەدەنی‌و میدیا لەلایەکی دیکە. بەگشتیش هەردولا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان شەرعییەتییان لە خەڵک وەرگرتووە بۆیە ئامادەنین گوێڕایەڵی لە گروپ‌و رێکخراوە بەرگریکەرەکان لە مافەکانی کەمینەکان، چ کەمینەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی بن یان کەمینەی نەتەوەیی‌و ئایینی. ئەم دیاردەیە بە زەقی لە کوردستان لەسەروبەندی ناڕەزاییەکان لەسەر پرۆژەی دەستورو یاسای خۆپیشاندان بەدیدەکران. تەنگژەی سیاسی لە سیستمی پەرلەمانی ئەم کێشانەی لەسەرەوە لە پەیوەند بە سیستمی سەرۆکایەتی باسیلێکرا زۆر کەمتر ڕووبەرڕووی سەرۆکی حکومەت‌و پەرلەمان لە سیستمە پەرلەمانییەکان دەبنەوە. ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سیستمی پەرلەمانی سەرۆک وەزیران نوێنەرایەتی ئەو حیزبە یان ئەو ئیئتیلافە دەکات کە زۆرینەی پەرلەمانی پێکدێنن بۆیە بۆ تێپەڕکردنی بڕیارو یاساکان ململانێکان ئەگەر دروستیشبن ناگەن بە بنبەست. پوختەی هەر چوار بەشی ئەم زنجیرە وتارە بەبنەما لەسەر ئەم شیکردنەوانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە هەڵبژاردنی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ ئەو وڵات‌و گەلانەی کە لە سیستمێکی پاشایەتیی-سوڵتانیی یان تۆتالیتێری/دکتاتۆریی تازە رزگاریان بووەو دەیانەویت بەرەو دیموکراسی بچن ئەوا هەڵبژارندن‌و پەیڕەوکردنی سیستمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوەی فەزاکانی ئازادی کەمدەکاتەوەو سیستەمێکی کێشەئامێزەو تەگەرە لەپێش کۆمەڵگەی مەدەنی دروستدەکات‌و تەنگ بە فرەحیزبی هەڵدەچنێت‌و ئەگەری کودەتا زیاددەکات‌ هەڵەیەکی کوشندەیە. جۆرجیاو بولگاریا دوو نمونەی دیارن لەم پەیوەندەدا، جۆرجیا دوای رزگاربوون لە دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت سیستمی سەرۆکایەتی هەڵبژارد ئەمەش بۆ ئەو دەوڵەتە بوو بە یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەنەکردنی کۆمەڵگای مەدەنی‌و رۆیشتنی ئەم وڵاتە بۆ ئاقارەکانی تاکڕەوی. هاوکات بولگاریا دوای رزگاربوونی لە سیستمە تۆتالیتارییە کۆمۆنیستەکە سیستمی پەرلەمانی هەڵبژارد ئەمەش گەشەیەی کۆمەڵگای مەدەنی‌و دیموکرسی لێکەوتەوە بەتایبەت ئەگەر بەراوردبکرێت بە جۆرجیا، ئەمە ئەگەر قسە لەسەر ئەو شەڕە ناوخۆیی‌و ئاژاوەو ناسەقامگیریانە نەکەین کە ساڵانێک دوای رزگاربوون جۆرجیا پێیداتێپەڕی.   بەشی ( 3-4 ) http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3852 بەشی ( 2-4 )  http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3784&fbclid=IwAR3nv1RpR04pPORK7OqAQT1ZNFYQxD8gKyJhtVZPGbPQQLtGBb5_f2zq9lk بەشی ( 1-4 ) http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3762&fbclid=IwAR1dCsvvcoH8W67gMmM9aYh63-ZqMVC16qTsU2DhH3n3lwBzhm60NIsfpkw 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand