چوار كاتژمێر لەدادگا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید
2019-05-27 09:53:19
راپۆرتی: درەو میدیا
بەیانی رۆژی 26/5/2019 لە دادگای سلێمانی و لەبەردەم دادوەردا روبەروبونەوە لە نێوان شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و 10 ئەندامی ئەو جوڵانەوەیەو 5 رۆژنامەنوسی سكاڵاكارو دوو پارێزەری شاسوار عەبدولواحید رویدا.
روبەروبونەوەی شاسوار و ئەندامانی نەوەی نوێ
بە جلوبەرگی ئاسایی خۆیانەوە ئەو 10 ئەندامەی جوڵانەوەی نەوەی نوێی و شاسوار عەبدولواحید كاتژمێر 12ی نێوەڕۆی 26/5/2019 هێنرانە هۆڵی دادگاییكردنەكە لە دادگای سلێمانی، كە پرۆسەی دادگاییەكە بە سەرپەرشتی دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند بە كەیسی ئاسایش بەڕێوەچوو.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دادگا وردەكاری بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی دادگا دەستكەوتووە، ئەو ئەندامانەی نەوەی نوێ كە وەك ئەدمینی پەیجەكان ناودەبڕێن و پێشتر دەستگیركرابوون، بە روونی دانیان بەوەدا نا ئەم پەیجانەیان بەرێوەبردووە (فایلی نهێنی، داهاتویەكی نوێ، رۆژگوڵ، پەیج و ماڵپەری رۆژنامەو..)و لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە سەرپەرشتی و ئاراستە و سپۆنسەر كراون.
لەبەرامبەردا شاسوارعەبدولواحید كە بە دەموچاوێكی كەمێك غەمگین و بێدەنگیكی قوڵەوە لەناو هۆڵی دادگاییكردنەكەدا دانیشتبوو" هەموو ئەو تۆمەتانە كە روبەروی دەكرایەوە رەتی دەكردەوە، تەنانەت كە دادوەر پرسیاری لێدەكرد دەیوت" هەتا ئازادنەكرێم، لەسەر ئەو پرسانە قسە ناكەم".
تەنانەت ئەو ئەدیمینانە دانیان بەوەداناوە كە ئەوان موچەیان هەبوو و یەكێك لەوان لە ناو دادگاكەدا رایگەیاند " هەشت سەعات دەوامم كردووە بە 350 هەزار دینار ئەو كارەم كردووە" كەسێكی تریان وتی" مانگانە 650 هەزار دینارم هەبووە".
ئەوان بەروونی وتیان "تەنانەت بە ڤیزاكارتی خودی شاسوار عەبدولواحید سپۆنسەری ئەو بابەتانە كراوە" لەبەرامبەردا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندووە" بەڵی ئەو بابەتانە بە ڤیزاكارتی من سپۆنسەركراون، بەڵام من پێم وتوون بۆ بابەتی بەسود سپۆنسەری بكەن، نەك جنیۆدان و تەشهیركردن بە خەڵكی".
رۆژنامەنوسە سكاڵاكارەكان
پێنج رۆژنامەنووس كە سكاڵایان لەسەر خودی شاسوار عەبدولواحید تۆماركردووە، ئامادەی دانیشتنی دادگا بوون كە ئەوانیش:
كەمال رەئوف: سەرنووسەری ماڵپەری شار
نیاز سەعید: نووسەرو سیاسیی
تاریق فاتیح: سەرنووسەری هاوڵاتی
محەمەد هەورامی: رۆژنامەنووس
سیروان رەشید: رۆژنامەنووس
ئەوان لە دانیشتنەكەدا ئیفادی خۆیانداو بەڵگەی خۆیان لەسەر ئەو تەشهیرو ناوزراندنانەی پێیانكراوە خستۆتەروو، كە دواتر راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو ئاماژەیان بەوەكردووە" لە رووبەروبونەوەكەدا هەردوو سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید؛ لەبەردەم رۆژنامەنووس و نووسەران و دادوەری بەرێزدا؛ دانیان بەوەدا نا، كە فرمان و رێنماییان لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە وەرگرتووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمەت و بووختانە داتاشراوە جۆراوجۆرانەی كە بۆ ناوزڕاندنی ئێمەو ئەوانی تریش لەماڵپەڕی (ڕۆژنامە)و پەیجە بندیوارو نهێنییەكانی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ)دا بڵاویان كردۆتەوەو ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید خۆی دەقی بووختان داتاشین و تۆمەت هەڵبەستنەكانی داڕشتووەو بۆی ناردوون بۆ بڵاوكردنەوەو بەڤیزا كارتی ناوبراو ؛ ئەو ماڵپەڕو پەیجانە سپۆنسەر كراون و بەرێوەبراون ، ئەو كارانەش لەرێگەی گرووپ چاتێكەوە كراوە كە سكرتێرەكانی شاسوار عەبدولواحیدو لێپرسراوی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) سەرپەرشتییانكردووە".
لە دانیشتنەكەدا لەلایەن رۆژنامەنوسە سكاڵاكەرەكانەوە چەندین بەڵگە لەسەر درووستكردنی سایتی ( رۆژنامە) خراوتەوە رایانگەیاندووە كە لەلایەن خودی شاسوار عەبدولواحیدەوە دروستكراوەو پارەی بۆ خەرجكراوە، تەنانەت وەسڵی دروستكردنی سایتەكەش خراوەتەروو كە بڕی (600 دۆلار)ی تێچووەو لەلایەن سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحیدەوە بۆی خەرجكراوەو كاتێك دادوەر رودەكاتە سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید و پێی دەڵێت" ئێوە ئەو بڕە پارەیەتان خەرجكردووە ؟"، ئەویش دەڵێت" بەڵێ، بەڵام بە فەرمانی شاسوار عەبدولواحید".
ئەو رۆژنامەنوسانە سورن لەسەر سكاڵاكانیان و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوەی لە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكەن. تەنانەت لە كۆتایی دانیشتنەكەدا شاسوار عەبدولواحید رودەكاتە سەرنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی و پێی دەڵێت "كەس نا تۆ سكاڵام لەسەر تۆمار بكەیت !؟" ئەویش دەڵێت " كەس نا تۆ ئەوا تەشهیرمان پێبكەیت!؟".
رێگەیان گەڕانەوەیان پێنەدرا
لە دانیشتكەدا هەردوو پارێزەری شاسوار عەبدولواحید و كۆمپانیای نالیا (عوسمان شێخ سدیق و رێباز محەمەد) ئامادەبوونو ئەوان تەواوی تۆمەتەكانیان رەتكردەوە كە روبەرووی شاسوار عەبدولواحید كرایەوە.
پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید ئەوەشیان وت كە" ئەو تۆمەتانەی روبەروی شاسوار عەبدولواحید دەكرێتەوە تەنها قەسەیەو تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك نیە كە شاسوار عەبدواحید ئاراستەی كردبێتن و پێی وتبن تەشهیر بكەن".
دانیشتنەكە زیاتر لە 4 كاتژمێری خایاندووە، لەدوای هاتوچۆ و چونەدەرەوەیان، رێگە بە پارێزەرەكانی شاسوار عەبدولواحید نەدرا بگەڕێنەوە بۆ ناو دانیشتنەكەی دادگاو ئیمزا لەسەر كۆتایی دانیشتنەكە بكەن، ئەمە بەپێی قسەی پارێزەرەكان خۆیان.
داوای ئازادكردن
لە كۆتایی دانیشتنەكەدا ئەو 10 ئەندامەی نەوی نوێ داوایان لە دادوەركردووە لەم سەروبەندی جەژنە ئازادیان بكەن و دادوەریش پێی وتون "ئیشاڵڵا"، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێشبینی دەكرێت پێش جەژنی رەمەزان شاسوار عەبدولواحید و ئەو ئەندامانەی نەوێ نوێ بە (كەفالەت) ئازادبكرێن،چونكە ئەو مادەیەی پێی دادگایی دەكرێن(مادەی ( 2 )ە لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن)ە، رێگە دەدات ئەوان بە كەفالەت ئازادبكرێن.
دادگاییكردنی ئەو كەیسە بەردەوام دەبێت و شاهید و سكاڵاكاری تر لە دانیشتینی داهاتوو كە چاوەڕەوان دەكرێت یەكشەممەی داهاتوو بەرێوە بچی بەشدار دەبن، بەو پێیەی ئەوەی ئێستا بەرێوە دەچێت تەنها لێكۆڵینەوەیە( تەحقیقە) دادگاییكردنەكەشیان بەردەوام دەبێت.
لە دانیشتنەكەدا دادوەری دادگاییەكە بە نوێنەری ئاسایشی سلێمانی دەڵێت" كە دەبێت پارێزەر و هەر كەسێكی دیكە بیەوێت ئەمانە بیبینێت رێگریان لێنەكرێت و بیانبینێت"