Draw Media

 چراخان رەفیق چی دەوێت؟ 

 چراخان رەفیق چی دەوێت؟ 

2019-06-01 21:55:53


راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ 
روداوی هاتوچۆ و ناجێگیری باری تەندروستی (چراخان رەفیق)، ژنە سەرمایەدارو هاوسەری پێشووی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو كەیسێكی ئاڵۆزو فرە جەمسەرە، ( درەو میدیا) لە بەدواداچونێكی وورددا راستی روداوەكەو ئەو پرسیارو گومانانەی لەسەر كەیسەكەیە دەخاتەروو.
 لە 28/5/2019 لە هەواڵێكدا كە لە پەیجی رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بڵاویكردوەتەوە چاراخان رەفیق رایگەیاند، توشی روداوی هاتوچۆ بووە.
پەیجە رەسمیەكەی خۆی  لە هەواڵێكی بەپەلەدا دەڵێت:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا چراخان رەفیق توشی روداوێكی هاتووچۆ بووەو یەكێك لە پاسەوانەكانی گیانی لە دەستدا‌و دوانی دیكەیان برینداربوون‌و وەزعی تەندروستی چراخان زۆر ناجێگیرە و لەژێر چاودێریەكی سەختدایە".
(درەو میدیا) بەدواداچونی وردی كرد بۆ ئەو روداوە هاتوچۆیانەی كە رۆژی 28/5/2019 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رویانداوە، لەو رۆژەدا هیچ جۆرە روداوێكی لەو شێوەیە لە ڕاگەیاندنەكانی پاریسدا دەستنەكەوت سەبارەت بە چراخان رەفیق كە توشی روداوی هاتوچۆ بوبێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونەكە لە ماوەی 24 كاتژمێری ئەو شە‌و‌و رۆژەدا " تەنها حەوت ڕوداوی هاتوچۆ لە سنوری پاریسدا تۆماركراون، لە روداوێكیاندا دوو ماتۆڕ سوار مردون، تەنها یەك ڕوداویان كەسێكی ڕەگەزی مێی تێدابووە، ئەویش بەسوكی بریندار بووەو  كچێكی تەمەن سێ ساڵە‌و بەڕەچەڵەك فەڕەنسییە".
لە ماوەی ئەو شەو‌و رۆژەی كە چراخان رەفیق ئاماژەی پێكردووە كە توشی روداوی هاتوچۆ بووە، هیچ روداوێكی هاتوچۆ لە پاریس‌و كەسێك گیانی لەدەستدابێت‌و چراخان بە قورسی بریندار بوبێت‌و دوو پاسەوانیشی برینداربوبن تۆمارنەكراوە.


بڵاوكردنەوەی وێنەی ناڕاست
چراخان رەفیق لە پەیجە رەسمییەكەی خۆیدا وێنەی روداوەكەو ئۆتۆمبیلەكەی بڵاوكردوەتەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا) ئەو وێنەیە روداوێكی هاتوچۆیە لە ڤێتنام كە 5/3/2017 رویداوە.
روداوەكە بەم شێوەیەیە: "ئۆتۆمبێلێكی جۆری ( رانجرۆڤەر) لە شاری ( هۆشی منە)ی ڤێتنام لە بەیانی رۆژی 5/3/2017  بەهۆی تیژڕەویەوە خۆی كێشاوە بە ( حاویەكی خۆڵ و خاشاك)دا و بەهۆیەوە شۆفێرەكەی و كچێكی سەرنشین گیانیان لەدەستداوەو سەرنشینێكی تر برینداربووە"، بۆیە ئەو وێنەیەی چراخان رەفیق بڵاویكردوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەبەوبەرو لە فەرەنساش نەبووەو لە ڤێتنام بووە.

بەرەو ئەمریكا

دوو رۆژ دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی روداوە هاتوچۆكە جارێكی تر چراخان رەفیق لە پەیجەكەیەوە ئاگاداری سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی خۆی بڵاوكردوەتەوە كە دۆخی تەندروستی ناجێگیرەو بۆ چارەسەر بەرەو ئەمریكا دەبرێت و لە ئاگادارییەكدا دەڵێت: "سەبارەت بە باری تەندروستی چراخان رەفیق بەداخەوە تاكو ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە و تیمی پزیشكی سەرپەرشتیاری حاڵەتەكەی بڕیاریاندا رەوانەی ئەمریكای بكەن بۆ چارەسەركردن ئەوە دوای ئەوەی چەند رۆژێك لە فەرەنسا چارەسەری وەردەگرت ".
بەپێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) زۆر بەدەگمەن حاڵەتی وا رودەدات كە كەسێك بەهۆی خراپی باری تەندروستیەوە لە فەرەنساوە بگوازرێتەوە بۆ ئەمریكا، لە كاتێكدا نەخۆشخانەكانی فەرەنسا زۆر پێشكەوتوون و هیچیان كەمترنیە لە ئەمریكا لەرووی خزمەتگوازریی تەندروستییەوە. 


تۆماركردنی سكاڵا

رۆژی 10/5/2019 چراخان رەفیق لە پەیجی رەسمی خۆیەوە بڵاویكردەوە كە لە دادگاكانی بەریتانیا سكاڵای لە دژی ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، بە تۆمەتی گەندەڵی.
چراخان رەفیق لە رونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە"هەروەك لێرەو لەوێ ئاشتی هەورامی بە ڕێگای جیاجیا پەیام و هەڕەشەی كوشتن و گرتنەبەری ڕێگای دادگاكانی كوردستان دەكات ئەوا من ڕایدەگەیەنم كە دۆسیەم لە دژی ئەو لە دادگاكانی بەریتانیا تۆماركردوەو بەمزوانە یەك لایی دەبێتەوە ".
 چراخان رەفیق ئاماژە بەوەشدەكات كە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە"من چۆن بە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی كوشتنم و تەهدید دەكرێم كە هیچ نەدركێنم سەبارەت بە ئاشتی هەورامی ئێستا من بڕیارمدا مردن هەڵبژێرم نەك بێ دەنگی".
بەپێی ئەو رونكردنەوەیەی چراخان رەفیق بێت، هەڕەشەی كوشتنی لەسەرەو دەیەوێت كێشەكەی لەرێگەی دادگاوە یەكلابكاتەوەو دەنگی خۆی بگەیەنێتە، خەڵكی.
دواتر لە رۆژی 25/5/2019 نامەیەكی كراوە بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت‌و دەڵێت" جەنابی سەرۆك بارزانی، مەبەستمە بە جەنابیشت بڵێم هەروەك چۆن غەدر لە میللەت كراوە بە هەمان شێوە غەدر لە جەنابیشت كراوەو دەیان بابەتی گرنگ‌و پەیوەست بە ژیانی خەڵكیان لە جەنابیشت شاردراوەتەوە"
هەر لەو نامەیەدا چراخان رەفیق بەروونی باس لە ئاشكراكردنی بەڵگەكان دەكات لە دژی ئاشتی هەورامی‌و دەڵێت: "هەر بۆیە بڕیارمدا من لە ئێستاوە سەرجەم نهێنییەكانی ئاشتی هەورامی‌و باندە مافیایەكەی بڵاوبكەمەوە بە بەڵگەو موستەمسەكات‌و ناوەكانیان و مەلەفە ئیمزا كراوەكانیان بڵاوبكەمەوەو ئەوەی چەندین ساڵە ترسی كوشتنم هەبوو لێی بڵاوی بكەمەوە‌و بیخەمەڕوو، لەهەمان كاتدا كەسانێك دوای نەمانی خۆم شتەكان بڵاوبكەنەوەو لە كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی جیهان، وە دەریخەم كە ئاشتی هەورامی پەڵەیەكی رەشە بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە".

سیناریۆ یان حەقیقەت؟
-    بە خوێندنەوەی وردی  نوسین و رونكردنەوەكانی چراخان رەفیق، دەردەكەوێت كە لەژێر فشارو هەڕەشەی توندا بووەو بۆ دەربازبوون لەو هەڕەشانە پەنای بردووە، بۆ دادگاكان.
-    لەدوای بڵاوكردنەوەی ئەو رونكردنەوانە، راستەوخۆ باس لە روداوی هاتوچۆكەی دەكات، بەو واتایەی كە روداوی هاتوچۆكە پەیوەستە بەو هەڕەشەو فشارو تۆماركردنی سكاڵایانەی كە لە دژی ئاشتی هەورامی تۆماریكردووە.
-    هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا هەوڵدەدرێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ئاشتی هەورامی بكرێتەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان و باڵێكی ناو پارتی دژایەتی دەكەن، بەتایبەتیش لە رێگەی چراخان رەفیق هاوسەری پێشویەوە دەیانەوێت بەربەستی بۆ دروست بكەن‌و ئەو هەنگاوانەی چراخان رەفیق دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.  
-    ئەوەی كە گومان لەسەر ئەو روداوە دروست دەكات سێ خاڵە كە بریتین لە:
1-   بێدەنگی و نەبوونی هیچ جۆرە رونكردنەوەیەك لەلایەن كەسوكارو كەسە نزیكەكانی چراخانەوە بڵاونەكراوەتەوە یاخود رەتنەكراوەتەوە.
2-    ئەو رۆژەی چراخان رەفیق ئاماژەی بۆ كردووە كە روداوی هاتوچۆكەی تیایدا رویداوە، لە ماوەی ئەو 24 كاتژمێرەدا هیچ روداوێكی لەو شێوەیە لە پاریس روینەداوە، چونكە لەوێ هەموو روداوەكان تۆماردەكرێن‌و هەركەس بیەوێت دەتوانێت سێرچبكات‌و هەموو روداوەكان بدۆزێتەوە.
3-    خاڵی هەرە گوماناوی لەو روداوە بڵاوكردنەوەی وێنەی  ئۆتۆمبیلەی خۆیەتی لە پەیجە رەسمییەكەی خۆیەوە كاتێك توشی روداوی هاتوچۆ بوە، بەڵام وێنەكە دەگەڕێتەوە بۆ روداوێكی ساڵی 2017‌و لە ڤێتنام رویداوەو ناوو و ناونیشانی سەرنشینەكانیش بڵاوكراونەتەوە كە هاوڵاتی ڤێتنامین.

بازرگانی نەوت 

روداوەكە سیناریۆ بێت یان حەقیقەت، هیچ لەو راستیە كەمناكاتەوە، كە چراخان رەفیق پێشتر بە دەست تێكەڵكردنی‌و بازرگانی نەوت لەگەڵ ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكرا.
لە رۆژی 17/5/2016 ماڵپەری رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان (kdp.info) بڵاویكردوەتەوە" مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ( چراخان رەفیق) گەورە بازرگانی بواری نەوتی هەرێمی كوردستان دەركرد، كە ماوەیەكە هەرێمی كوردستانی جێهێشتووەو لە دەرەوەی وڵاتە".
میدیاكانی پارتی راستەوخۆ چراخان رەفیقیان تۆمەتباركرد بەوەی بەشێوەی نایاسایی بازرگانی نەوتی كردووە، رۆژنامەی وشەی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بە مانشێتی سەرەكی لە 2016 دا نوسیبوی" چراخان رەفیق عومەر بە شێوەی نایاسایی بازرگانی بە نەوت كردووەو لە چەند گەندەڵییەكدا تێوەگلاوە، بۆیە ئێستا دەست بەسەر 276 ملیار دیناری ئەو بازرگانەدا گیراوە. ئەو بڕە پارەیە، لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانە"، بەڵام دواتر چراخان رەفیق گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و دەستی بەكاری خێرخوازی كرد.
هاوسەرگیریەكەی چراخان رەفیق لەگەڵ ئاشتی هەورامی و دواتر جیابونەوەی لە ئاشتی هەورامی‌و  بازرگانیەكەی و كارە خێرخوازییەكانی هەموو بەشێوەیەكی ئاڵۆز و ناڕون بووە. 


چراخان رەفیق كێیە؟
چراخان رەفیق خەڵكی شاری سلێمانیەو لە منداڵیەوە لەگەڵ خانەوادەكەی چوەتە ئەڵمانیا، لەوێ‌ كۆلێژی یاسای تەواوكردووە.
چراخان ساڵی 2011 هاوسەرگیری لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا كردووە لە 2015 جیابونەتەوە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ روداو 2015 دەڵێت:" زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و ئەڵمانی بە باشی دەزانم, 10 ساڵ لە ئەڵمانیا كاری بزنسم كردووە، باوكی رەحمەتیم خاوەنی سێ‌ كۆمپانیا بوو، لە ساڵی 2007 ئەو سەرمایەی لە باوكم بۆم بەجێمابوو، كە 50 ملیۆن دۆلار بوو هێنامەوە كوردستان و بەگەڕمخست. لێرە گروپی كۆمپانیاكانی چراخان رەفیقم هەیە كە پێكدێت لە كۆمپانیای بیناسازی، هاوردە و پاككردنەوە. من پێشتر لە ئێران بەنزینم بۆ سلێمانی هاوردە دەكرد. بەڵام هەموو ئەوانەی باسیان دەكەم بەر لە شووكردنم بە ئاشتی هەورامی بووە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand