Draw Media

پارتی فەڕشی سور بۆ بەرهەم ساڵح رادەخات ؟

پارتی فەڕشی سور بۆ بەرهەم ساڵح رادەخات ؟

2019-06-08 14:42:56


راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
بەر لە راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، یەكێتی‌و پارتی دواین كۆبونەوە دەكەن، پارتی ئامادەیە لە هەولێر فەڕشی سور بۆ بەرهەم ساڵح رابخات، بەڵام چارەنوسی كەركوك هێشتا یەكلانەبووەتەوە.
 (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا دواین زانیارییەكان لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی‌و مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بڵاودەكاتەوە.
تەنیا رۆژێك ماوە بۆ وادەی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری بۆ سازدانی مەراسیمێكی گەورە كردووە.
پارتی‌و نێچیرڤان بارزانی دەیانەوێت بەرلە بەڕێوەچونی مەراسیمە گەورەكە، دواین هەوڵی خۆیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بخەنەگەڕ.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)،  وەفدێكی یەكێتی كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بافڵ تاڵەبانی، ئەرسەلان بایز) لە هەولێرن بۆ كۆبونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی ، بەڵام تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە یەكلانەبۆتەوە كە كۆبونەوەی سبەینێ دەكرێت یان نا چونكە تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی دەرنەبڕێوە بۆ كۆبونەوە بە بیانوی ئامادەكاری بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم .
پۆستی پارێزگاری كەركوك سەرچاوەی سەرەكی كێشە‌و ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتییە، ئەمە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوانیانە كە بەردەوام لە رێگەی تەلەفۆنەوە سەركردەكانی هەردولا قسەی لەسەر دەكەن، (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، یەكێتی دوو كاندیدی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك ئامادەكردووە، كاندیدەكان بریتین لە هەریەكە لە (لیوا جەمال تاهیر بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی كەركوك)‌و (دكتۆر عومەر ئینجە جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك)، ئەمە جگە لە (خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی) كە ئەویش ناوی لەناو كاندیدەكانی پۆستی پارێزگاری كەركوكدایە‌و یەكێتی دەیەوێت وەك كاندیدی بەهێز رەزامەندی پارتی بۆ وەربگرێت. 
(درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی دەیەوێت بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، جۆرێك لە رەزامەندی لە پارتی وەربگرێت سەبارەت بە كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەمە بەپلەی یەكەم بۆ ئەوەیە ئەگەر یەكێتی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی كرد، لەبەردەم جەماوەری خۆی‌و رایگشتیدا دوچاری شەرمەزاری نەبێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی (درەو میدیا)دان، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017وە، یەكێتی نیشتمانی ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشی پارتی كردووە‌و هەموو ئەو كاندیدانە بە بەهانەی ئەوەی پشتیوانی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە، لەلایەن پارتییەوە رەتكراونەتەوە، پارتییەكان نازناوی "ئۆكتۆبەرچی"یان لە هەموو ئەو كەسانە ناوە.


چارەنوسی رێككەوتنەكە !
رۆژی 28ی ئایار پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیی وەكو سەرۆكی هەرێم هەڵبژارد، فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد‌و دەنگیشی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، یەكێتی ئەم هەنگاوەی بەستەوە بەوەی پارتی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە‌و هێشتا كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلانەكردوەتەوە.
دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، پارتی نیگەران كرد، پارتی دەقی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، ئێستا هەردوولا یەكتری تۆمەتباردەكەن بەوەی رێككەوتنەكەیان پێشێلكردووە.
مەسعود بارزانی بۆ شەرمەزاركردنی یەكێتی كە دەنگیان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەداوە، یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پارێزگاری كەركوكی رادەستی نێچیرڤان بارزانی كردووە‌و خۆی لێی كشاوەتەوە، ئەمە دوو لێكدانەوەی بۆ دەكرێت:
لێكدانەوەی یەكەم: مەسعود بارزانی بەكشانەوەی لە دۆسیەی كەركوك، دەیەوێت رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بكرێت، بارزانی بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی‌و چیتر شەڕی دانەنانی "ئۆكتۆبەرچی"یەكان ناكات.
لێكدانەوەی دووەم: مەسعود بارزانی بەكشانەوەی لە دۆسیەی كەركوك، دەیەوێت یەكێتی روبەڕووی توڕەیی نێچیرڤان بارزانی برازای بكاتەوە (یەكێتی دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك هەرێم نەدا)، واتە بارزانی نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی نایەوێت هیچ رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ یەكێتی واژۆ بكات، پارتی دەیەوێت هەمان رێككەوتن بەو پاشكۆیەشەوە كە تایبەتە بە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئەگەری نوسینەوەی رێككەوتنی نوێ لەنێوان هەردوولا دورە‌و ئەوەی هەیە تەنیا رێككەوتنی هەردوولایە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.  

رێككەوتن یان...؟
پارتی‌و یەكێتی هیچ دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەماوە بۆ كات كوشتن‌و بەكارهێنانی كارتی فشار لەدژی یەكتری، چونكە رۆژی دووشەممە هاوكات لەگەڵ سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی ئامۆزای وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رادەسپێرێت‌و پەرلەمان دەنگی لەسەردەدات، بەشدارنەبوونی فراكسیۆنی  یەكێتی بە راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەواتای بەشدارنەبوونی یەكێتی دێت لە حكومەت.
بەپێی رێوشوێنە یاساییەكان، دوای راسپاردنی، مەسرور بارزانی ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ رادەستكردنی پێكهاتەی كابینەكەی بە پەرلەمانی كوردستان.
هەندێك زانیاری هەن لەبارەی ئەوەی ئەگەر یەكێتی‌و پارتی لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن، مەسرور بارزانی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت بە بەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەردەبن.
ئەگەر هیچ یەكێك لەم رێگەچارانە نەگەیشتنە ئەنجام، ئیتر هیچ رێگایەك لەبەردەم یەكێتی‌و پارتیدا نامێنێتەوە جگە لە جیابونەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، بەمدواییە سەركردەكانی یەكێتی گفتوگۆیان كردووە لەبارەی ئەگەری رێكنەكەوتن لەگەڵ پارتی، بەتایبەتی بژاردەی لامەركەزی ئیداری‌و هەرێمی سەربەخۆ.

مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك 
رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمێكی گەورەدا لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) لە شاری هەولێر وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات.
مەراسیمەكەی هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانە‌و نێچیرڤان بارزانیش لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات، گواستنەوەی مەراسیمی سوێندخواردنەكە لەناو بینای پەرلەمانەوە بۆ هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) بەپێی قسەی بەرپرسانی پارتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، بەهۆی ئەوەیە هۆڵی پەرلەمان شوێنی میوانە زۆرەكانی مەراسیمەكەی تێدا نابێتەوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە پرۆتۆكۆڵی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی یەكەمین وتاری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم دەخوێنێتەوە، لەدوای ئەو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق وتار دەخوێنێتەوە (ئەگەر بەشداری بكات)، پاشان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وتاری دەبێت. 


بەرهەم ساڵح بەشدار دەبێت ؟
بەشداربوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا تاڕادەیەك پەیوەستە بە یەكلابوونەوەی كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی.
پارتی‌و بەرپرسەكانی كە پێشتر بەهۆی ناكۆكییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵحیان بایكۆتكرد‌و ئامادەنەبوون وەكو سەرۆك كۆمار لە هەولێر پێشوازی لێبكەن، ئێستا بەفەرمی بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی كردووە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم بكات، رەنگە ئەم پاشەكشێیەی پارتی لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح پەیوەندی بەدوو هۆكارەوە هەبێت:
•    پارتی سەرەڕای ناڕەزایەتییەكانی لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی، بەڵام لە شكۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەكو پۆستێكی باڵا تێگەیشتووە‌و پێیوایە بەشداربوونی سەرۆك كۆمار بایەخێكی زیاتر بە مەراسیمی دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆك هەرێم دەدات، بەتایبەتی لە ناوەندی سیاسی عێراقیدا.
•    دوای هەشت مانگ دانوستان‌و رێككەوتن‌و پاشان پاشگەزبونەوە، پارتی بۆی دەركەوتووە بەبێ ئاساییكردنەوە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی سەخت دەبێت، بەوپێیەی ئەو ئاڕاستەیەی كە ئێستا لەناو یەكێتی بەرامبەر بە پارتی راوەستاون، لە دۆستە نزیكەكانی بەرهەم ساڵحن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر لەزاری بەرپرسێكییەوە رایگەیاند" هەرگیز فەرشی سور لە هەولێر بۆ بەرهەم ساڵح راناخرێت"، پارتی دەیەوێت بە مەراسیمی فەرمی‌و فەرشی سورەوە پێشوازی لە هاتنی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بكات بۆ بەشداربون لە مەراسیمی سوێندنخواردن‌و خودی نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە بەرهەم ساڵح دەكات.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ترەوە زانیاری دەستكەوتووە، تیمی پێشوازی پارتی لە میوانەكانی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بریتین لە هەریەكە لە ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، ئەگەر رێوشوێنەكانی پێشوازی بەمشێوەیە بەڕێوەبچن، رەنگە بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمەكە نەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand