پارتیو یەكێتی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوبارەدەكەنەوە ؟
2019-05-30 13:18:42
راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان جارێكی تر سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوبارە بكەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری بەغداد، روداوەكان لە كەركوك دەبن، یەكێتی دەیەوێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ كاندیدی پۆستەكانی حكومەتی هەرێم یەكلابكرێتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكانی هەڵوێستو پلانی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بڵاودەكاتەوە.
دوێنێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، كۆبونەوەكە دوای ئەوەهات فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان كوردستان بایكۆتی كردووەو دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی نەدات بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.
كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە پلەی یەكەم بۆ پەسەندكردنی بڕیاری رۆژی پێشتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو سەبارەت بە دەنگنەدانی فراكسیۆنی یەكێتی بە نێچیرڤان بارزانی.
كۆسرەت رەسوڵو ترسی لێكترازان
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە خۆی سەرپەرشتی كردووە، باسی لە هۆكاری بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە سەبارەت بە دەنگنەدان بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی نوێی هەرێم.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەبارەی بڕیاری دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتویەتی "ئەو بڕیارە یەكگرتوویی ناو یەكێتی پاراستووە"، ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ هەڕەشەی گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی، كە رۆژی پێشتر وتبویان، ئەگەر یەكێتی لە سەر پۆستی پارێزگاری كەركوك سازش بۆ پارتی بكات، ئەوان لە یەكێتی دەستلەكاردەكێشنەوە.
ئەمە هۆكارەكە بوو كە یەكێتی دەنگنەدانی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم بەستەوە بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك.
دوای رونكردنەوەی هۆكارەكان، كۆسرەت رەسوڵ داوای لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی بۆ دەنگنەدان بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی پەسەندبكەن.
پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە ؟
پرسی كەركوكو هەڵبژاردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە باڵی بەسەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كێشا، زۆرینە پشتیوانی بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسییان كرد، هیچ دەنگێكی ناڕەزایەتی نەبیسترا كە بەئاشكرا دژی سیاسەتی ئێستای یەكێتی بێت بەرامبەر بە پارتی، رەنگە ئەمە بەهۆی ترسیی پشتیوانی بنكەی جەماوەریی یەكێتییەوە بووبێت لە بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی.
هەر لەبەر رۆشنایی ئەو پشتیوانییەی جەماوەریی یەكێتیدا بوو، كە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا هەر بەرپرسێكی یەكێتی دژی سیاسەتی ئێستا حزب قسە بكات، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای كۆبونەوەكە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی ناڕەزایەتییان دەربڕیووە سەبارەت بە سیاسەتی ئێستای یەكێتیو باسیان لەوەكردووە یەكێتی دەتوانێت بەشێوازی تر كێشەی كەركوك چارەسەربكاتو دابڕانی تەواوەتی لەگەڵ پارتی بەزیانی یەكێتی كۆتایی دێت، چونكە یەكێتی كارتی بەهێزی بەدەستەوە نییە پارتی ناچار بە سازش بكات.
یەك پۆستو دوو رێگای جیاواز
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی ئەوەكراوە پارتی ژێربەژێر لە هەوڵی دانانی پارێزگارێكی دڵخوازی خۆیەتی لە كەركوكو بۆ ئەو مەبەستە كۆبونەوەی لەگەڵ بەشێك لە عەرەبو توركمانو تەنانەت راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كردووە.
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبەر رۆشنایی هەڵوێستەكانی پارتیدا لە پرسی پارێزگاری كەركوك، بڕیاریدا ئاڕاستەیەكی جیاوازتر لە رابردوو بگرێتەبەرو چیتر یەكێتی داوا لە پارتی نەكات پارێزگاری كەركوكی بۆ یەكلابكاتەوەو لەبری ئەوە پەنا بۆ رێگای تر ببرێت.
واتە ئێستا یەكێتیو پارتی بەتەواوەتی لە پرسی پارێزگاری كەركوك لێكترازاونو هەر لایەك دەیەوێت بەرێگای خۆی ئەو پۆستە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، پێدەچێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆكی كۆمار، لایەنە عێراقیو دەرەكییەكان پۆستی پارێزگاری كەركوك لەنێوان پارتیو یەكێتیدا یەكلابكەنەوە.
لەبارەی فەرەیدون عەبدولقادرەوە
پرسی كاندیبوونی (فەرەیدون عەبدولقادر) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتییەوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بوو، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی لەوبارەیەوە داوای رونكردنەوەیان لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە.
لە وەڵامدا، كۆسرەت رەسوڵ رەتیكردوەتەوە ئەو بەرەسمی فەرەیدون عەبدولقادری كاندیدكردبێت، باسی لەوەكردووە، تەنیا لە كۆبونەوەیەكی كۆمەڵایەتیدا كە فەرەیدون عەبدولقادر خۆشی تێیدا بەشداربووە، چەند كەسێك پێشنیازیان كردووە كاندید بكرێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەویش تەنیا وتویەتی" كاك فەرەیدون كەسێكی شۆڕشگێر بووەو پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە"، بەڵام رەزامەندی نەنواندووە، رەنگە قسەكەی وەك رەزامەندبوون لێكدرابێتەوە.
لە قوباد تاڵەبانی نیگەرانن !
هەرچەندە یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا، بەڵام قوباد تاڵەبانی هەرزوو لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی هەرێم لە نێچیرڤان بارزانی كرد، ئەم هەڵوێستەی قوباد تاڵەبانی فڕین بوو لە دەرەوەی پۆلو هەندێك لە یەكێتییەكانی نیگەران كرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی داوای سزادانی قوباد تاڵەبانییان كردووە، بەڵام ئەوەی نیگەرانییەكانی كەمێك رەواندەوەتەوە قسەكانی بافڵ تاڵەبانی بووە، كە رەخنەی لە پیرۆزباییەكەی قوباد تاڵەبانی برای گرتووە، تائەو ئاستەی وتویەتی" پیرۆزباییەكەی خاڵی رەشی هەڵوێستە جوانەكەی یەكێتی بوو".
یەكێتی تا كوێ دەڕوات ؟
لە كۆبونەوەكەدا زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی لەگەڵ پارتی گفتوگۆو رێككەوتنی تر نەكات، تاوەكو پارتی بەتەواوی رێككەوتنەكەی ئێستا جێبەجێ نەكات.
ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، یەكێتی لەسەر سیاسەتی ئێستا بەرامبەر پارتی بەردەوام بێتو ئەگەر پارتی رازی نەبێت بەدانانی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا هەمان هەڵوێستی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی هەبێت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریداوە، دەبێت كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوكو وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی یەكێتییە لەگەڵ كاندیدی پۆستو وەزارەتەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەلایەن پارتییەوە پەسەندبكرێت، بەبێ ئەمە، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكاتو كابینەی نوێ بە پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان دەسپێرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا لەناو یەكێتی جارێكی تر گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری دوو ئیدارەیی، دوو هەرێمیی، لامەركەزی ئیداریی دەستیپێكردوەتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە پارتی لە زاری هۆشیار زێباریەوە تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەردەوام دەبێت و ناوەستێت.
ئایا یەكێتی لەسەر هەڵوێستەكەی سور دەبێت و تا كۆتایی دەڕوات یاخود پارتی پاشەكشە دەكات و بە كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل دەبێت؟ بەتایبەتیش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پەیوەستە بە چارەنوسی مەسرور بارزانیەوە.