یەڵدریم دەیەوێت لە ئامەدەوە شارەوانی ئیستانبوڵ بەدەستبهێنێت
2019-06-08 14:25:11
(درەو میدیا):
23ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ، پایتەختی بازرگانیو گەشتیاری توركیا بەڕێوەدەچێتو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا " ئاكەپە" هەوڵدەدات دەنگی كورد لەو شارە مسۆگەربكاتو لە رێگەی دەنگی كوردەوە رێگەی سەركەوتن لە كاندیدەكەی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە " بگرێت.
یەڵدریم دەگاتە ئامەد
بۆ بەدەستهێنانی دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ، بن عەلی یەڵدریم كاندیدی ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی گەیشتە ئامەدی پایتەختی باكوری كوردستان، بەڵام لەبری راكێشانی سۆزی كورد بەلای خۆیدا بە بەكارهێنانی " كوردستان" كوردی توڕەو نیگەران كرد.
سەرەڕای ئەوەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو كەسانەی وشەی كوردستان بەكاردەهێنن بە پشتیوانیكردن لە تیرۆر تۆمەتباریان، بەڵام یەڵدریم لە وتەیەكیدا كە لە ئامەد پێشكەشیكرد رایگەیاند كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری نوێی توركیا لەكاتی كردنەوەی یەكەمجاری ئەنجومەنی گەلی توركیا چەند نوێنەرێكی " كوردستان"ی بانگهێشتكردووە.
" نیفاقو دووڕووییە"
بەكارهێنانی وشەی كوردستان لەلایەن بن عەلی یەڵدریمەوە كاردانەوەی سیاسەتمەدارانی كوردی لە باكور لێكەوتەوە، زیا پیر پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بن عەلی یەڵدریمی بە دووڕوویی و نیفاق تۆمەتباركرد.
پیر لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە یەڵدریم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:" ئەوە نیفاقە، بازرگانییەكی قێزەونیی دەنگە، كاتێك ئێمە وشەی كوردستان بەكاردەهێنیین دەمانگرنو لە پەرلەمان دەرمان دەكەن، بەڵام ئەوان كاتێك دەچن بۆ ئامەد لە پێناوی كۆكردنەوەی دەنگی كورددا ئەو وشەیە بەكاردەهێنن".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی هەدەپە رووی قسەكانی دەكاتە یەڵدریمو دەڵێت:" چاوەڕوان مەبە، كورد دەنگت پێ نادەن، بچۆرە بەردەم دەرگایەكی تر".
كۆتایی ئازاری رابردوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بەڕێوەچوو، پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار گورزی كوشندەی بەركەوتو سەرۆكایەتی شارەوانەی شارە گەورەكانی وەك ئەنكەرەی پایتەختو ئیستانبوڵو ئیزمیری لەدەستدا.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵدا ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو كاندیدی جەهەپە بە جیاوازییەكی كەم سەرۆكایەتی شارەوانی بەدەستهێنا، بەڵام لەسەر داوای ئاكەپە لیژنەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكەو دووبارەكردنەوەی لە 23ی حوەزیراندا.
ئێستا ئاكەپە هەرچی توانای خۆی هەیە خستویەتییەگەڕ بۆئەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ لەدەستنەداوەو بۆ یەكلاكردنەوەی لایەنی براوەش دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ سەنگی مەحەكەو لە هەڵبژاردنی ئازاردا كورد دەنگی بە كاندیدی ئاكەپە نەداوەو 23ی حوەزیرانیش ئاشكرادەبێت ئەمجارە كورد لەو شارە كورسی سەرۆكایەتی شارەوانی پێشكەشی جەهەپە دەكات یان ئاكەپە.