پارتی پۆستەكان بەبەتاڵی بۆ یەكێتی بەجێدەهێڵێت
2019-06-01 15:06:19
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەدەچێتو راناوەستێت، ئەمە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا باسی كاندیدەكەی یەكێتیش كرا بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە لە پیرمام كۆبووەوە.
تەلەفزیۆنی كوردستان زمانحاڵی فەرمی پارتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكە ئاشكرایكرد، سێ تەوەری سەرەكی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت:
• تەوەری یەكەم: پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت
• بارودۆخی كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكانی تر
• رێوشوێنەكانی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم
راگەیەندراوی فەرمی كۆبونەوەكە بەهیچ جۆرێك بە وردی باسی هەڵوێستی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسەر ئەو تەوەرانە باسنەكردووە، بەڵام مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ناكۆكییەكانەوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند" یەكێتی پابەندی رێككەوتنەكەی نەبوو لەگەڵ پارتی، لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا دەقی رێككەوتنەكە بڵاودەكەینەوە، لە رێككەوتنەكەدا مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركوك دراوەتە دەست كاك مەسعودو كاك كۆسرەت، ئەوانیش لەسەر كاندیدێك رێككەوتوون (فەرەیدون عەبدولقادر).
لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەپێی رێوشوێنە یاساییەكانی خۆی بەڕێوەبچێت، واتە نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10 ئەم مانگە سوێندی یاسایی دەخواتو پاشان وەكو سەرۆكی هەرێم مەسرور بارزانی ئامۆزای رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی یاسا، مەسرور بارزانی تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پێكهاتەی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە.
واتە ئەگەر یەكێتی لەماوەی ئەو مانگەدا كێشەكانی لەگەڵ پارتی لەبارەی پرسی كەركوك بەلایەكدا نەخات، پارتی بەبێ یەكێتی كابینەی نوێی حكومەت دەخاتە بەردەم پەرلەمانو متمانەی بۆ وەدەگرێتو حكومەت دەستبەكاردەبێت.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو پارتی زانیویەتی، پارتی دەیەوێت كێشەكانی لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەبوو، بەبێ یەكێتی حكومەت پێكدەهێنێتو هاوشێوەی ئەم كابینەی ئێستا، شوێنی پۆستەكانی یەكێتی بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی كێشەكان چارەسەر دەكرێن، واتە یەكێتی سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم جارێكی تر دووبارە دەكاتەوەو لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا یەكێتی بەجێدەهێڵێت، ئەگەر تائەوكات لەسەر پرسی كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن.
لەبارەی كەركوكەوە
تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، باسكردنی بارودۆخی كەركوك بوو.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی كێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە لەگەڵ یەكێتی، مەسعود بارزانی وتویەتی" خۆیان ناوی فەرەیدون عەبدولقادریان هێناوەو وتویانە ئەمە كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئێمەش وتومانە زۆرباشە ئێمەش پشتیوانی دەكەین، بەڵام دواتر پەشیمان بونەتەوەو تەلەفۆنیان بۆ مەسرور بارزانی كردووە كە فەرەیدون عەبدولقادر كاندید ناكەن".
سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی
تەوەرێكی تری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی تایبەت بوو بە پرسی سوێندخواردنو دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان.
مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10ی ئەم مانگە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، پارتی هەوڵدەدات لەم مەراسیمەدا دەرگایەكی نوێ بەڕووی یەكێتیدا بكاتەوە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی بانگهێشتكردووە بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم.
پارتی تێگەیشتووە لەوەی ئێستا بەرهەم ساڵح لە هەموو كەسێك زیاتر كاریگەری لەسەر ئەو باڵەی یەكێتی هەیە كە لە مەسەلەی كەركودا بەرامبەر بە پارتی وەستاونەتەوە، رەنگە ئەمە هۆكاری سەرەكی بێت كە لە دەرگای بەرهەم ساڵحیان داوە.
ئەگەر بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكات، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە وەكو سەرۆك كۆمار، یەكەمجارە سەردانی هەولێر بكات، هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی وایكرد پارتیو بەرهەم ساڵح بكەنەوە ناو ناكۆكییەكی قوڵەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح ئامادە نییە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بكاتو مەرجی هەیە، مەرجەكەشی ئەوەیە، بەر لە پرۆسەی سوێندخواردن، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بكات لە بەغدادو ئاڵۆزییەكان یەكلابكەنەوە.