Draw Media

ئەمریكا بەشداری كۆمپانیا توركییەكان لە پرۆژەی (F-35) رادەگرێت

ئەمریكا بەشداری كۆمپانیا توركییەكان لە پرۆژەی (F-35) رادەگرێت

2019-06-08 13:06:17


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ئەنكەرە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاودەنێت‌و ئەمریكا گوشاری زیاتر دەخاتەسەر توركیا بۆئەوەی دەستبەرداری كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی ( ئێس - 400)ی روسی ببێت‌و تا كۆتایی مانگی داهاتوو مۆڵەتی پێدەدات.
پاتریك شاناهان، هەڵسوڕێنەری كاروباری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ هاوتا توركییەكەی خوڵوسی ئاكار، جەختدەكاتەوە لەوەی دەستبەجێ‌ مەشق‌و راهێنانی سەرباز‌و ئەفسەرانی توركیا لەسەر فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف - 35) رادەگیرێت.
ئێستا واشنتۆن تا كۆتایی مانگی تەمموزی داهاتووی دیاریكردووە بۆئەوەی ئەنكەرە دەستبەرداری كڕینی سیستمی دژە موشەكی ( ئێس- 400)ی روسی ببێت‌و باوەڕی وایە ئەو سیستمە بەرگرییە روسییە هەڕەشەیە بۆسەر فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری ( ئێف – 35) كە توركیا بەنیازە بیكڕێتو نابێت ئەنكەرە لە یەك كاتدا هەردوو سیستمەكە بەدەستبهێنێت.
ئەلین لۆرد، بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەو بارەیەوە دەڵێت:" ئەگەر توركیا بەهاتنی 31ی تەمموزی داهاتوو ئەمریكا لە پاشگەزبوونەوە لە كڕینی سیستمە روسییەكە ئاگادارنەكاتەوە، ئەوا مەشق‌و راهێنانی فڕۆكەوانە توركییەكان لەسەر فڕۆكەی ئێف – 35 لە ئەمریكا رادەگیرێت، هەروەها هەموو رێككەوتنەكان لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكانی تایبەت بە دروستكردنی پارچەكانی فڕۆكەی ئێف 35 هەڵدەوەشنێنرێنەوە".
ئەم ئاگاداركردنەوەی ئەمریكا بۆ توركیای هاوپەیمانی لە ناتۆ دوای ئەوەدێت كە ئەنكەرە چەند كەسێكی بۆ مەشقكردن لەسەر سیستمی دژە موشەكی ئێس- 400 رەوانەی روسیا كردووە‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش سێشەممەی رابردوو جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە گرێبەستەكەی لەگەڵ روسیاو دەستبەرداری كڕینی سیستمی ئێس- 400 نابێت.
ئەردۆغان جەختیشیكردەوە كە ئەمریكای ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ئەنكەرە هەنگاو بۆ كڕینی سیستمی دژە موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی دەنێت ئەگەر مەرجەكانی واشنتۆن لەو بارەیەوە وەك مەرجەكانی مۆسكۆ ئاسان بن.
"گۆڕینی ئاراستە"
فڕۆكەی جەنگی ( ئێف- 35) بە شێوازێك دروستكراوە كە بگونجێت لەگەڵ سیستمە سەربازییەكانی پەیمانی ناتۆ بە تایبەتی سیستمی بەرگری دژە موشەكی، و ئەمریكا ترسی لەوە هەیە كە روسیا لەرێگەی دەستكەوتنی زانیاری لە توركیا پەرە بەە سیستمی دژە موشەكی ئێس- 400 بدات دژی هاوپەیمانی ناتۆ.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا حوزەیرانی 2018 چوار فڕۆكەی جۆری ئێف – 35 بە توركیا فرۆشت، بەڵام بۆ مەشقپێكردنی فڕۆكەوانەكانی توركیا فڕۆكەكانی لە ئەمریكا هێشتوەتەوەو ئەگەر توركیا تا 31ی تەمموز دەستبەرداری گرێبەستكەی لەگەڵ روسیا نەبێت ئەوا كۆمپانیا توركییەكان كە 937 پارچەی جیاوازی فڕۆكەی ئێف- 35 دروستدەكەن هیچ گرێبەستێكی تریان پێ نادرێت‌و بەوتەی ئەلین لۆد بریكاری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا گرێبەستەكان  دەدرێنە كۆمپانیای تر.
لۆرد رایگەیاند كۆمپانیا لۆكهید مارتنی تایبەت بە فڕۆكەوانی‌و  كۆمپانیای برات ئەند ویتنی، كۆمپانیای دروستكردنی بزوێنەری فڕۆكە بەجدی دەگەڕێن بە دوای كۆمپانیای تردا بۆ دروستكردنی ئەو پارچانەی كە ئێستا لە توركیا دروستدەكرێن.
بەوتەی ئەلین بەشداری كۆمپانیا توركییەكان لەو پرۆژەیەدا هەتا سەرەتای ساڵی 2020 یەوە دەڵێت:" بەڵام هێشتا كات لە بەردەم توركیادا ماوە بۆئەوەی ئاراستەی بگۆڕێت".
پرۆگرامی فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف- 35) كە نەوەدەكانی سەدەی رابردو دەستیپێكردووە، بەبەهاترین پرۆگرام دادەنرێت لە مێژووی سوپای ئەمریكادا و پێنتاگۆن تێچوو‌و خەرجی پرۆگرامەكەی بە 400 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، ئەوەش بە ئامانجی دروستكردنی نزیكەی 2500 فڕۆكە لە چەند ساڵی داهاتوودا.
سەرچاوە: بی بی سی 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand