Draw Media

راپۆرت: درەو میدیا ڕەنگە جەنگێكی كاولكەر بە "ڕێكەوت" لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگیرسێت، ئەمە ئەو مەترسیەیە كە نوسەری ئەمریكی (دەیڤد گادرنەر) هۆشداریداوە لەباریەوە، ئەو نوسەرە لە وتارێكدا كە لە ڕۆژنامەی (فاینەنشال تایمز)ی بەریتانیدا بڵاویكردوتەوە، دەڵێت:" ئامادەبونی دەیان كاراكتەری "چالاكی مەترسیدار"  كە بڕوایان بەكاری مەیدانی هەیە، هاوشێوەی (جۆن بۆڵتۆن) ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاو (مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوە و (بنیامین نەتانیاهۆ) سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆكی روسیا و(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆكی توركیاو ژەنەڕاڵ (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، لەگەڵ كابرایەكی "ڕەفتار نامۆ"ی وەك (دۆناڵد ترەمپ)سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئینسان هەر ئەبێ‌ چاوەڕێی "كارەسات" لە تاقمێكی سیاسی لەمشێوەیە بكات، بەتایبەت هەندێك جەنگ بە "ڕێكەوت" هەڵدەگیرسێت". هۆشداری ئەم نوسەرە ئەمریكییە هاوكاتە لەگەڵ ڕودانی پێشهاتێكی نوێ و تەمومژاویی لەناوچەكە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دەڵێت، چوار كەشتی بازرگانی وڵاتان لەئاوە نێودەوڵەتیەكانی وڵاتەكەی و لە نزیك ئێران ڕوبەڕوی كاری تێكدەرانە بونەتەوە، بێئەوەی وردەكارییەكەی ئاشكرا بكات، بەدوایدا وەزیری وزەو سەرچاوە كانزاییەكانی سعودییە ڕایگەیاند، دوو كەشتی وڵاتەكەی ڕوبەڕوی هێرشی تێكدەرانە بونەتەوە. ئیمارات لەسەر هێرشەكە داوا لە كۆمەڵەی نێودەوڵەتی دەكات بەرپرسیارێتییەكانی ئەستۆی جێبەجێبكات و ڕێگە لەهەر لایەنێك بگرێت كە هەوڵی دەستبردن بۆ ئاسایش و سەقامگیری جوڵەی كەشتیوانی دەدات لەناوچەكە.  ئامانجەكە تارانە وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەر زوو هاتە سەرخەت و نیگەرانی خۆی لە ڕوداوەكە دەربڕی و داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی كرد لە هێرشەكە، هۆشداریشدا لە "سەركێشی یاریزانە دەرەكییان" لە  دورستكردنی كێشە بۆ جوڵەی كەشتیوانی. بەڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخەكە، گەرچی ڕوداوەكە لە كەشێكی تەموژاویدا بووەو زانیارییەكی ئەوتۆ لەبارەیەوە بەردەست نییە، تەقینەوەو چەكی تیادا بەكارنەهاتووەو هیچ قوربانییەكیش نییە، یەكێك لە ئەگەرەكان بۆ تێوەگلانی ئێران و تیژكردنی واشنتۆنە دژی تارانە، هاوكات ڕایەكی تریش هەیە بە دووری نازانێت ئەم كارە پەیامێكی تاران بێت بۆ ئیمارات و پیبڵێت گەر وڵاتەكەی ڕوبەروی هێرشی ئەمریكا بێتەوە، ئەوا پریشكی ئاگرەكە دەپەڕیتەوە بۆ ئیمارات و تەواوی ناوچەكە، هاوكات ئەگەرێكی چاوەڕوانكراویش ئەوەیە حكومەتی ئیمارات بە هاوكاری ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو ڕێوشوێنی ئەمنی توندتر لە ئاوەكانی كەنداو بگرنەبەر بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی جوڵەی كەشتیوانی و، بەوەش گەمارۆكانی سەر ئێران توندتر بكەن و جوڵە كەشتیەوانییەكانی بەتەواوی پەكبخەن.  هەر لەچوارچێوەی گرژییەكانی ئەو دۆسیەیەدا، لە چەند كاتژمێری ڕابردودا ئەمریكا هاوڵاتیانی لە گەشتكردن بۆ عێراق ئاگاداركردەوە، بە هۆكاری توندبونەوەی گرژییەكان لە ناوچەكە و داواشی لە هاوڵاتیانی نیشتەجێی عێراق كرد چاوكراوەبن‌و لە قەرەباڵغی شوێنە گشتییەكان دوربكەونەوە. بەقسەی بەرپرسانی ئەمریكا، تاران داوای لە گروپە چەكدارەكانی كردووە لەوپەڕی ئامادە باشیدابن ‌و ئەم پرسە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە بەجدی وەرگیراوەو ئەو ڕێوشوێنەش بەشێكە لەم پرۆسەیە. یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ دانوستانە لە گەرمەی  ئامادەكارییەكانی واشنتۆن و تاران دژ بەیەك، (فیدریكا مۆگرینی) بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا پێش كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا فەرەنسا و ئەڵمانیا، وڵاتی بەشدار لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی تەواوەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەكات لەگەڵ تاران، دەشیەوێت هێزە ڕكابەرەكان خۆیان بەدور بگرن لەهەر ئاڵۆزییەكی زیاتر سەبارەت بەم پرسە.  


راپۆرت: نامیق رەسوڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێی بۆ نەینەوا راگرت، كە بڕیاربوو سبەی دووشەممە ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامیبدات‌و دۆسیەكەشی رادەستی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی  گەندەڵی كرد بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوەش بەهۆی بەرتیلدان بۆ سەرخستنی ( مەنسور مەرعید) بۆ پارێزگاری نەینەوا كە لەلایەن مەسعود بارزانی‌و فالح فەیازەوە پشتیوانی لێدەكرێت. ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە ئاگادارییەكدا داوای لە ئەندامانی كرد سبەی دووشەممە ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەن بن، بە مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ‌ بۆ نەینەوا بۆئەوەی جێگەی ( نەوفەل عاكوب ) پارێزگاری پێشوو بگرێتەوە، كە دوای رووداوی نقومبوونی كەڵەكێك لە پاركێكی شارەكە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە. بەرتیل بۆ سەرخستنی كاندیدێك دراوە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند 50 كەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا كاندیدكردووە‌و هەوڵ و دانوستان هەیە بۆئەوەی رێككەوتن بكرێت لەسەر كاندیدێك، ئاشكراشیكرد دیارترین ئەو كاندیدانەی كێبركێی بەدەستهێنانی پۆستەكە دەكەن بریتین لە: * موزاحم ئەلخەیات * حسامەدین عەبار * مەنسور مەرعید دوابەدوای ئاگاداریەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، چەند پەرلەمانتارێك بە نوسراوی فەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان ئاگاداركردەوە بە بەخشینەوەی پارە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگادا بۆئەوەی دەنگ بە كاندیدێكی دیاریكراو بدەن. بە گوێرەی میدیاكانی عێراق بەرتیل دراوە بە زیاتر لە 20 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆئەوەی لە كۆبوونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاردا دەنگ بدەن بە ( مەنسور مەرعید). میدیاكانی عێراق نوسراوێكیشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا 20 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پشتیوانی خۆیان بۆ (مەنسور مەرعید) راگەیاندووە‌و ئاشکرایانکردووە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی پێدەدەن بۆئەوەی ببێتە پارێزگاری نەینەوا. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەوە، محەمەد حەلبوسیک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە نوسراوی رەسمی‌و بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە بوونی گەندەڵی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا، دۆسیەكەی ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی كرد بۆئەوەی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر. ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت‌و هەفتانە بۆ لێكۆڵینەوە‌و تاوتوێكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی كۆدەبێتەوە. پرۆسەكە راگیرا هاوكات پەرلەمانی عێراق بە نوسراوی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ‌ رابگرێت، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نوسراوێكی كە سیفەتی "زۆر بەپەلە"ی داوەتێ‌ داوا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەكات پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار‌و دوو جێگرەكەی رابگرێت، تا ئەو كاتەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ئاگاداردەكرێنەوە. نەوفەل عاكوب لە كوێیە؟ 24ی ئازاری رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بۆ دوورخستنەوەی نەوفەا عاكوب ، پارێزگاری نەینەوا‌و دوو جێگرەكەی ئەوەش دوای روودانی نقومبونی كەڵەكێك لە ناوچەی غابات و گیان لەدەستدانی دەیان كەس. دوای لەسەركارلابردنی، دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەوفەل عاكوب دەركرد ‌و بەو هۆیەی كە شوێنی دانیشتنی پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە، لایەنە پەیوەندیدارەكان داوایان لە هەرێمی كوردستان كرد عاكوب دەستگیربكات، بەڵام ناوبراو تائێستا دەستگیرنەكراوە. ئەو لایەنانەی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار دەدەن بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار چەند سەركردەیەكی سیاسی عێراق كێبركێ دەكەن بۆئەوەی كاندیدەكەیان پۆستی پارێزگاری نەینەوا بەدەستبهێنێت، ئەوانیش بریتین لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، خەمیس خەنجەرن پەرلەمانتار ئەحمەد جبوری( ئەبومازن)، فالح فەیاز راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی هاوپەیمانێتی قەرار. ئەو سەرچاوانە كە قسەیان بۆ میدیاكانی عێراق كردووە ئاشكرایانكردووە كە حەلبوسی خەنجەر پشتیوانی ئەوە دەكەن كە ئەحمەد عەبدوڵا  جبوری، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمرود ببێتە پارێزگاری نەینەوا، فالح فەیاز‌و مەسعود بارزانیش پشتیوانی لە مەنسور مەرعید دەكەن، ئوسامە نوجێفیش پشتیوانی لە موزاحم خەیات دەكات كە سەرۆكی زانكۆی موسڵەو دوای دوورخستنەوەی پارێزگای نەینەوا كراوەتە سەرۆكی ئەو لیژنەیەی كە كاروبارەكانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەبات.      


د. شێركۆ كرمانج   ( ٢ - ٤ )      لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە وتارەدا بەراوردێکی خێرای سیستمی پەرلەمانیی‌و سیستمی سەرۆکایەتییمان کرد. لەم بەشدا بە گەڕانەوە بۆ ئەزمونی گەلان‌و توێژینەوە بەراوردکارییەکان قسەوباسێک لەسەر گونجاوی‌و نەگونجاوی ئەم دوو مۆدێلەی حوکمڕانی دەکەین. سیستمی سیاسیی‌و فرەحیزبی لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٩ تەنیا ٤٣ وڵاتی دیموکراسی لە جیهاندا هەبوون. سویسراو فینلەندی لێدەرچێت کە سیستمەکانیان تێکەڵەیەکە لە سیستمە باوەکان، ئەوە لەو ٤٣ وڵاتە ٣٤ وڵاتیان سیستەمی سیاسییان پەرلەمانی دیموکراسی‌و دووانیان نیمچە-سەرۆکایەتی‌ دیموکراسی بوون‌و ٥ وڵاتیشیان تەواو سەرۆکایەتی دیموکراسی بوون. لە ٣٤ وڵاتە پەرلەمانییە دیموکراسییەکەدا ١١ وڵاتیان لەنێوان ٣ تا ١١ حیزبی سیاسیی چالاکانە کاری سیاسییان ئەنجامدەدا. لە دوو وڵاتە نیمچە-سەرۆکایەتییە دیموکراسییەکەدا تەنیا ٣ تا ٤ حیزبی سیاسیی لە کۆمەڵگەکانیاندا چالاکبوون. کەچی لە وڵاتە تەواو سەرۆکایەتییەکاندا تەنیا ٢ یان ٣ حیزبی سیاسی لە پێشبڕکێدابوون لە کایە سیاسییەکان. ئەم زانیاریانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستمی پەرلەمانیی دیموکراسی جێکەوتە زۆر زیاتر لە سیستمە سەرۆکایەتییەکان‌و، تا ڕادەیەکیش لە سیستمە نیمچە-سەرۆکایەتیەکان، فرەحیزبی بەرهەمدێنن. هاوکات ئەمە ئەوەشی لێدەکەوێتە کە لە سیستمە پەرلەمانییەکان شانسی حیزبە بچوکەکان زیاترە لە بەشداریکردن لە پەرلەمان‌و نوێنەرایەتیکردنی گروپە کۆمەڵایەتییە بچوکەکان. بە واتایەکی دیکە، سیستمە پەرلەمانییەکان چاکتر نوێنەرایەتی گروپە جیاجیاکان دەکات بە زۆرینەو کەمینەوە. لە سیستمە پەرلەمانییەکان شانسی پێکهێنانی حکومەتی ئیئتیلافی زیاترە چونکە زۆربوونی حیزبەکان بەگشتی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە حیزبێک نەتوانێت زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەربکات. بۆ کوردستان ئەمە بەو مانایە دێتەوە کە حیزبە بچوک‌و گروپە نەتەوەیی‌و ئایینییە بچوکەکان ناکەونە ژێرپێی هێزە گەورەکان‌. بەگشتیش ئەم داتایانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی فرەرەنگی‌ زیاتر قەبوڵدەکات ئەمەش بۆ کۆمەڵگەیەکی فرەکلتور‌و فرەنەتەوەو فرەئاراستە گونجاوترە لە سیستمی سەرۆکایەتی یان نیمچە-سەرۆکایەتی کە زیاتر حیزبە گەورەکان جێگەیان دەبێتەوە. لەپاڵ ئەمانەدا توێژینەوەکانی ستێپان‌و سکاچ ئەوەش دەردەخەن کە شانسی ژێر-کورتهێنانی (underachiever) سیستمە سەرۆکایەتییەکان لە گەیشتن بە دیموکراسی ٣.٤ جار زیاترە لە سیستمە پەرلەمانییەکان. هاوکات، شانسی بان-سەرکەوتنی (overachiever) سیستمە پەرلەمانییەکان لە گەیشتن بە دیموکراسی ١.٨ جار زیاترە لە سیستمە سەرۆکایەتییەکان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر کوردستانیان مۆدێلی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن ئەوا شانسیان لەگەیشتن بە دیموکراسی ٣.٤ کەمدەبێتەوەو ئەگەریش سیستمی پەرلەمانی هەڵبژێرن ١.٨ شانسیان زیاددەکات. دیارە ئەم ژمارانە نابێت بە رەهایی وەربگیرێن چونکە گۆڕاوەکان (variables) لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێن بەڵام دەکرێت وەک نیشاندەرێک وەربگیردرێن. سیستمی سیاسیی‌و بەدیموکراسی مانەوە ئەوەی لەسەرەوە لە پەیوەند بە پرسی فرەحیزبی‌و سیستمی حوکم قسەی لەسەر کرا زیاتر ئەو ٢٤ وڵاتە دەگرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٣ ئەندام بوون لە رێکخراوی هاوکاریی‌و گەشەی ئابوری (OECD) کە وڵاتەکانیان ناسراون بە سەقامگیریی سیاسی‌و گەشەی ئابوری‌و تەمەنی دیموکراسیی‌ تێیاندا درێژەو نەرێت‌و کلتوری دیموکراسیش لەوێدا جێکەوتووە. بۆیە بۆئەوەی داتاکان‌و ئەنجامەکان نزیکبن لە بارودۆخی وڵاتانی تازەگەیشتو بە دیموکراسی، ئەوا ستێپان‌و سکاچ هەڵسەنگاندنێکیان بۆ رێژەو رادەی گەشەی ئابوری‌و سەقامگیری سیاسی بۆ ئەو وڵاتانەکرد کە تەمەنی بەدیموکراسیبوونیان کەمترە لە وڵاتانی (OECD). لەنێوان ساڵانی ١٩٧٣ تا ١٩٨٩ بەدەر لە وڵاتانی (OECD) ئەوە ٥٣ وڵاتی دیکە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەزمونی دیموکراسییان بەخۆیانەوە بینیبوو. لەو ٥٣ وڵاتە ٢٨ وڵاتیان سیستمی پەرلەمانییان هەڵبژاردبووو ٢٨ وڵاتیشیان سیستمی سەرۆکایەتیی‌و هیچیان نیمچە-سەرۆکایەتییان هەڵنەبژاردبوو. لەو وڵاتانەی کە سیستمی سەرۆکایەتییان هەڵبژاردبوو تەنیا ٥ وڵاتیان، واتە ٢٠%، توانیان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەدوای یەک بە دیموکراسی بمێننەوە. مەبەست لەم دە ساڵە لە کاتی پەیڕەوکردنی سیستمەکەیە تا ساڵی ١٩٨٩ کە ستیپان‌و سکاچ چاودێری وڵاتەکانیان لەم ماوەیەدا کردبوو لە پەیڕەوکردن یان هەڵگەڕانەوە لە دیموکراسی. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لەو وڵاتانەی سیستمی پەرلەمانییان وەک مۆدێلێک بۆ خۆبەڕێوەبردن هەڵبژاردبووو ئەوا ٢٨ وڵاتیان، واتە ٦١%، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە دوای یەک بە دیموکراسی مابوونەوە. بەپێی ئەم داتایانەش رێژەی بەردەوامبوون‌ لە پەیڕەوکردنی دیموکراسییەت لە سیستمە پەرلەمانییەکان ٣ جار زیاترە لە سیستمە سەرۆکایەتییەکان. سیستمی سیاسیی‌و دیموکراسییە ساواکان بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئەو وڵاتانە کراوە، کە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥ تا ١٩٧٩ لەژێر نیری کۆلۆنیالیزم رزگاریانبووە، ئەوا دوای سەربەخۆییان ٤١ وڵاتیان پەیڕەویان لە سیستمی پەرلەمانیی کردوەو ٣٦ وڵات سیستمی سەرۆکایەتی‌و ٣ وڵات نیمچە-سەرۆکایەتی‌و ١٣ وڵاتیش وەک پاشایەتی بەڕێوەدەچوون. جێگای سەرنجە تا نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو لەو ٥٢ وڵاتەی کە سیستمی سەرۆکایەتی یان نیمچە-سەرۆکایەتی یان پاشایەتیان هەڵبژاردبوو تەنانەت یەک وڵاتیشیان دوای سەربەخۆیی نەبوون بە وڵاتی دیموکراسی. کەچی لەبەرابەر ئەمەدا لەو ٤١ وڵاتەی کە سیستمی پەرلەمانییان هەڵبژارد ئەوا ١٥ وڵاتیان، واتە ٣٦%، لە سەرەتای نەوەتەکانەوە بە فعلی بوون بە وڵاتی دیموکراسی‌و لە دوای ڕزگارییەوە پەیڕەو و پراکتیزی دیموکرسی دەکەن‌. لە پەیوەند بە هەمان پرس‌و بارودۆخ خاڵێکی دیکە گرنگ‌و جێگای هەڵوەستەیە. ئەویش ئەوەیە، لەو ٩٣ وڵاتەی کە لە ژێردەستی هێزە کۆلۆنیالەکان ڕزگاریانبوو ٥٠ وڵاتیان کۆلۆنی، واتە ژێردەستی، بەریتانیا بوون. لەو ٥٠ وڵاتە، دوای رزگاری، ٣٤ وڵاتیان سیستمی پەرلەمانیان هەڵبژارد. لەو ٣٤ وڵاتە ١٣ وڵاتیان، واتە ٣٤%، بوون بە وڵاتی دیموکراسی سەقامگیر. هاوکات، لە ٥٠ کۆلۆنییەکەی بەریتانیا دوای سەربەخۆی ٥ وڵاتیان سیستمی سەرۆکایەتیان هەڵبژاردو ١١ وڵاتیشیان پەیڕەویان لە سیستمی پاشایەتی کرد، لەم ١٦ وڵاتەی سیستمی سەرۆکایەتیی یان پاشایەتییان هەڵبژارد تاقە یەک وڵاتیشیان لە نەوەتەکان نەبوون بە وڵاتێکی دیموکراسی! لەمەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەزموونی وڵاتانی پۆست-کۆلۆنیال بە زەقی‌و بە رونی پێماندەڵێت کە سیستمی پەرلەمانی مەرج نیە بۆ هەنگاونان یان بوون بە دیموکراسی بەڵام بە بەراورد لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتی ئەگەرو شانسی گەشەکردنی سیستمە پەرلەمانییەکان بەرەو دیموکراسی ئێجگار زیاترە لە باقی سیستمەکانی دیکە بەتایبەتی سیستمی سەرۆکایەتی. سیستمی سیاسیی‌و کودەتای سەربازی هەر بەپێی توێژینەوەکانی ستیپان‌و سکاچ ئەگەری کودەتای سەربازی لەو وڵاتانەی کە سیستمی سەرۆکایەتییان هەڵبژاردبوو ٢ بار زیاتر بوو لەو وڵاتانەی سیستمی پەرلەمانیان پەیڕەودەکرد. لە سیستمە پەرلەمانییەکان کودەتا دەبێت لە دژی پەرلەمان بکرێت چونکە پەرلەمان گەورەترین دەزگایە لەو جۆرە سیستمانە، ئەمەش ئەگەری سەرکەوتنی کودەتا یان جورئەتی کودەتاکردن کەمدەکاتەوە. بەڵام لە سیستمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوەی دەسەڵاتەکان زۆربەی لە سەرۆک کۆکراوەتەوە بۆیە ئەگەرو شانسی سەرکەوتنی کودەتا بە کوشتنی یان ولانانی سەرۆک زۆر زیاترە لە سیستمی پەرلەمانی ئەمەش جورئەتی کودەتاچییەکان زیاتردەکات. هۆیەکی دیکەش هەیە کە ئەگەرەکانی کودەتا لە سیستمە پەرلەمانییەکان کەمتردەکات ئەویش ئەوەیە لە سیستمە پەرلەمانییەکان میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر)‌‌ لەگەڵ پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان) چاکترەو پێشئەوەی بگاتە بنبەست دەکرێت یەکلایبکرێنەوە. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ: یەکەم، لە سیستمی پەرلەمانی حکومەت ناکرێت پێکبهێنرێت تاوەکو پشتیوانی زۆرینە لە پەرلەمان مسۆگەرنەکات؛ دووەم، ئەو حکومەتەی کە متمانەی پەرلەمان لەدەستدەدات دەکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە لە ڕێگەی دەنگدانەوە لە پەرلەمان. ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان ڕوودەدات لە قەبەکردنی دەزگا ئەمنی‌و سەربازییەکان لە سیستمە سەرۆکایەتییەکەیدا لەگەڵ بەرزکردنەوەی مەقامی کەسە سەربازییەکان لە هەردوو حیزبی دەسەڵات ترس‌و ئەگەری کودەتای سەربازی لە کوردستانیش زیاددەکات. سیستمی سیاسیی‌و پێکدادانی دەسەڵاتەکان کێشەیەک هەیە زیاتر رووبەرڕووی سیستمە نیمچە-سەرۆکایەتییەکان، وەک ئەوەی لە کوردستان خەریکە بچەسپێت، دەبێتەوە، ئەویش کێشەی پێکدادانی دەسەڵاتەکانی سەرۆک‌و سەرۆک وەزیرانە، ئەو کێشەیە پێیدەگوترێت (cohabitation). کێشەکە کاتێک دێتەپێش کە لە هەڵبژاردنەکان سەرۆکێک هەڵببژێردرێت‌ لە حیزبێک/لایەنێک بێت کە زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستنەهێنابێت. وەک ئەوەی لە کوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆکی هەرێم بباتەوەو زۆرینەی پەرلەمانیش گۆڕان بیباتەوە. ئەوکات بە حوکمی ئەوەی گۆڕان زۆرینەی پەرلەمانی هەیە ئەوە گۆڕان مافی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی دەبێت. لەم حالەتەدا سەرۆک هەر بڕیارێک بدات لەوانەیە سەرۆک وەزیران وەک بەرپرسی یەکەم لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان ئەوا بڕیارەکە جێبەجێنەکات، چونکە لەوانەیە پێچەوانەی سیاسات‌و تێگەیشتنەکانی گۆڕان بێت. لە هەمانکاتدا دەکرێت پەرلەمان یاسایەک دەربکات کە لەگەڵ سیاسەتەکانی گۆڕان بێتەوە بەڵام سەرۆک ڤیتۆی بکات. ئا ئەم پێکدادانەی دەسەڵاتەکان لە سیستمە نیمچە-سەرۆکایەتییەکان دێتەپێش تەنگژەئامێزەو پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا زۆرجار بەچەقبەستویی دەگەیەنێت. دیارە ئەم دیاردەیە لە سیستمە سەرۆکایەتییەکانیش دێتە پێش وەک ئەوەی ئێستا لە ئەمریکا هەیە کە سەرۆک لە کۆمارییەکانە بەڵام دیموکراتەکان زۆرینەن لە کۆنگرێس. ئەم کێشانە لە سیستمە پەرلەمانییەکان زۆر کەمتر دێنەپێش مەگەر زۆرینەی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی سێنەتەکان جیابێت، واتە لە ئەنجومەنی نوێنەران حیزبێک زۆرینە بێت‌و لە ئەنجومەنی سێنەتیش حیزبێکی دیکە. ئەم حالەتە دەگمەن نییە بەڵام کەمتر دێتەپێش. بۆیە بۆ وڵاتێکی وەک کوردستان کە تواناکانی دانوسان‌و پێکەوژیانی حیزبی لەسەرەتاکانییەتی خۆوەدورگرتن لە سیستمە کێشەئامێزەکان کارێکی حەکیمانەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە چەند خۆ لە سیستمی سەرۆکایەتی‌و نیمچە-سەرۆکایەتی وەدوربگرین ئەوەندە کێشەکان‌و پێکدادانی دەسەڵاتەکان کەمتر دەبنەوەو کارەکانی حکومەت ئاسانتر مەیسەردەبن. ئەمەش لە قازانجی هاوڵاتیانە. لە بەشی داهاتووی ئەم زنجیرە وتارە قسە لەسەر شوێنی ئۆپۆزسیۆن لە سیستمی پەرلەمانیی‌و سەرۆکایەتیی دەکەین. بەگوێرەی ئەو سیستمانەی کە ئێستا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە پەیڕەودەکرێت هەوڵدەدەین بزانین کامە سیستم باوەشی ئاواڵاترە بۆ ئۆپۆزسیۆن. بۆ شەیرو بڵاوکردنەوەیە بۆ بەشی یەکەمی ئەم بابەتە تەماشای ئەکاونتی من بکە.


راپۆرت: بی بی سی فارسی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت عەبدوڵا گویل‌و ئەحمەد داودئۆغلۆ كە رۆژگارێك هەردوكیان لە روخسارە دیارەكانی پارتی دەسەڵاتداربوون، رەخنەیان لە بڕیارەكەی دەستەی باڵای هەڵبژاردن گرت سەبارەت بە دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی لە ئیستانبوڵ. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا دوای چەندین هەفتە، بڕیاریداوە جارێكی تر هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێتەوە، هەڵبژاردنێك كە كاندیدی نەیارانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا تێیدا سەركەوتوو بووە. عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا‌و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدانە، ئەحمەد داودئۆغلۆ-یش سەرۆك وەزیران‌و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەكەی بەڕێز ئەردۆغان بووە. بەڕێز گویل رۆژی 7 ئایار لە تویتەری خۆی نوسی:" دوێنێ كە هەواڵی بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانم بیست، هەمان ئەو هەستەم بۆ دروستبوو كە ساڵی 2007 دوای بڕیارە نادادپەروەرانەكەی دادگای دەستوری لەدژم بۆم دروستبوو. جێگەی داخە پێشنەكەوتوین". بەڕێز گویل باس لەو بڕیارەی دادگای دەستوری توركیا دەكات كە خەریك بوو ببێت بە رێگر لەبەردەمیدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار. ئەحمەد داودئۆغلۆ-ش ناڕەزایەتییەكانی لەچوارچێوەی چەند تویتێكدا بڵاوكردەوە‌و نوسی:" گەورەترین شكست بۆ هەر بزوتنەوەیەكی سیاسی، دۆڕاندنی هەڵبژاردن نییە، لەدەستدانی زیاتری ئەخلاقییە لە ویژدانی گشتیدا". بۆچی دۆستەكانی ئەردۆغان كەوتنە قسە ؟ ساڵی 2001 كە پارتی دادو گەشەپێدان دامەزرا، زیاتر لە بزوتنەوەیەكی سیاسی دەچوو وەك پارتێكی سیاسی. رێبەری ئەو بزوتنەوە سیاسییە رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو، بەڵام سیاسەتمەدارانی بەهەژمون‌و بەناوبانگی تر لە تەنیشت ئەو بوون، رەخساری وەكو عەبدوڵا گویل، بوڵنت ئارینچ، عەبدوللەتیف شنر، عەلی باباجان، ئەحمەد دادودئۆغلۆ‌و یاشار یاكیش. لەماوەی ئەو 17 ساڵەدا كە پارتی دادو گەشەپێدان دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە، ئەمانە هەمویان لە لوتكەی دەسەڵاتی حكومەتدا بوون، عەبدوڵا گویل لەماوەی ساڵانی 2007 بۆ 2014 سەرۆك كۆماری توركیا بووە. ئەحمەد داودئۆغلۆ تاوەكو ساڵی 2016 وەزیری دەرەوە‌و سەرۆك وەزیران بوو، باباجان زیاتر لە 12 ساڵ یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بوو بۆ كاروباری ئابوری، بوڵنت ئارینچ سەرۆكی پەرلەمان بوو. ئەم گروپە چەند كەسییە رۆڵی جۆربەجۆریان هەبووە لە سیاسەتەكانی پارتی دادو گەشەپێدان لە دەیەی یەكەمی دەسەڵاتدارێتی ئەو پارتەدا، سەردەمێك كە بە باوەڕی زۆر كەس سەركەوتوترین سەردەمی حكومەتی بەڕێز ئەردۆغان بووە لەڕووی ئابورییەوە، هاوكات لەڕووی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپا‌و پێگەی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بەڕێز ئەردۆغان بە ئاڕاستەی دەسەڵاتخوازی رۆیشتووە‌و دۆستەكانی دوێنێی یەك لەدوای یەك لە بازنەی دەسەڵات كردوەتە دەرەوە. لەبارەی خاڵی ناكۆكی نێوان بەڕێز ئەردۆغان‌و دۆستەكانی دەتوانرێت ئاماژە بەم بابەتانە بكرێت:  •    پشتگوێخستنی پرۆسەی چاكسازی ئابوری‌و دیموكراتی •    لاوازبوونی پەیوەندییە گرنگەكانی توركیا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەكاندا •    جەمسەرگیركردنی كەشوهەوای سیاسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتی دادو گەشەپێدانەوە •    دواخستنی رێوشوێنەكانی چاككردنی پەیكەری ئابوری ناكۆكی نێوان ئەردۆغان‌و دۆستەكانی پێشتری، دوای گۆڕینی سیستمی سیاسی توركیا بۆ سیستمێكی كۆماری، توندتر بووەوە، زۆرێك لە نەیارانی دەوڵەتی بەڕێز ئەردۆغان باوەڕیانوایە ئەم گۆڕانكارییە بنەماكانی دیموكراسی- لە نمونەی سەروەری یاسا‌و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی لەیەكتری، خستوەتە مەترسییەوە. عەبدوڵا گویل‌و ئەحمەد داودئۆغلۆ بەمدواییانە توندتر بوون لە رەخنەگرتن لە سیاسەتەكانی بەڕێز ئەردۆغان، دواین نمونە كاردانەوەیان بوو بەرامبەر بە پوچەڵكردنەوەی هەڵبژاردنی خۆجێی ئیستانبوڵ، كە بە بڕوای ئەوان یەك هەنگاو توركیای لە دیكتاتۆریەتەوە نزیكتر كردوەتەوە. ئەم رەخنەگرانە چی دەڵێن ؟ عەبدوڵا گویل ساڵی 2014 كە خولی سەرۆكایەتییەكەی تەواو بوو، زۆر بەهۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەیارێتیكردنی بەڕێز ئەردۆغاندا دەكرد، بەڵام ساڵی 2018 گەیشتە ئاستێك كە دەیویست لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا بەرامبەر بە بەڕێز ئەردۆغان راوەستێت، بە مەرجێك هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پشتیوانی لێبكەن. بەڕێز گویل لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە گەیشتوەتە ئاستێكی توندتر‌و هەڵوێستەكانی لەڕێگەی ئەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر (كە زیاتر لە هەشت ملیۆن فۆڵۆی هەیە) بڵاودەكاتەوە. دواین تویتی ئەو (تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە) تایبەت بوو بە بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كە هەڵبژاردنی خۆجێی ئیستانبوڵی هەڵوەشاندەوە، هەڵبژاردنێك كە تێیدا كاندیدی نەیاری بەڕێز ئەردۆغان سەركەوت‌و كۆتایی هێنا بە 25 ساڵ دەسەڵاتی پارتی دادو گەشەپێدان لە گەورەترین شاری توركیا. ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوو لە عەبدوڵا گویل چالاكترەوە‌و لەسەر ئاستی گشتی ئامادەگییەكی زیاتری هەیە، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەكەی 31ی مارس كە بە شكستی پارتی دادو گەشەپێدان لە هەموو شارە گەورەكان كۆتایی هات، بەڕێز داودئۆغلۆ مەنیفێستێكی 15 لاپەڕەیی بڵاوكردەوە‌و تێیدا هۆشداری دا بە دۆستە حزبییەكانی پێشتری. ئەو داوای لە ئەندامانی پارتەكەی كرد لەزوترین كاتدا سیستمی سیاسی بكەنەوە بە پەرلەمانی‌و سەربەخۆیی‌و بێلایەنی بگێڕنەوە بۆ دەزگای دادوەری‌و پێداچونەوە بكەن بە سیاسەتی دەرەوەدا.  ناڕازییەكانی دەتوانن پارتێكی نوێ دروستبكەن ؟ هەواڵی نافەرمی زۆر بڵاوبونەتەوە لەبارەی ئەوەی كە هەندێك لە ئەندامانی پێشووی پارتی دادو گەشەپێدان دەیانەوێت پارتێكی سیاسی نوێ دروستبكەن، پێدەچێت لەئێستادا تەنیا دوو ئاڕاستە لەم بارودۆخەدا كارا بن، یەكەمیان ئاڕاستەی عەلی باباجان یاریدەدەری پێشووی سەرۆك وەزیران‌و ئەندازیاری گەشەكردنی ئابوری توركیا لەژێر چاودێری عەبدوڵا گویلدا، ئەوی تر ئاڕاستەی ئەحمەد داودئۆغلۆیە كە بەپێی هەندێك دەنگۆ دەیەوێت بچێتە پاڵ عەلی باباجان، بەڵام روبەڕووی ناڕەزایەتی عەبدوڵا گویل بوەتەوە. دەوترێت پارتێكی نوێ لەسەر رێگایە‌و پێدەچێت راگەیاندنی پارتەكە بكەوێتە كاتێكەوە كە بە تێڕوانینی دامەزرێنەرەكانی، بارودۆخی سیاسی یارمەتیدەر بێت بۆ دروستكردنی پارتێكی نوێ. كاردانەوەی پارتی دادو گەشەپێدان چییە ؟ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدان بە وردی چاودێری جموجوڵی دۆستەكانی پێشتری دەكات، ئەو بەمدواییە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی خۆی تۆمەتباركرد بەوەی خیانەتی لە ئامانجەكانی پارتی دادو گەشەپێدان كردووە، بەڵام ناوی ئەو كەسەی ئاشكرانەكرد. هەندێك لە بەرپرسی پلە مامناوەندی پارتی دادو گەشەپێدان‌و هەندێك لە میدیاكانی سەربە دەوڵەت، بەجۆرێك رەخنە لە عەبدوڵا گویل‌و عەلی باباجان‌و ئەحمەد داودئۆغلۆ دەگرن، گومانی تێدا نییە ئەگەر ئەو كەسانە پارتێكی نوێ دروستبكەن، هەڵمەتی میدیا‌و دەسەڵاتدارانی پارتی دادو گەشەپێدان بۆسەریان توندتر دەبێتەوە. پارتی نوێ چ گۆڕانكارییەك لە شانۆی سیاسیدا دەكات ؟ هیچ راپرسییەكی باوەڕپێكراو لەبەردەستدا نییە‌و نازانرێت خەڵك تا چ ئاستێك پشتیوانی پارتی سیاسی نوێ دەكەن، بەتایبەتیش كەسانێك كە ساڵانێكە دەنگ بۆ پارتی دادو گەشەپێدان دەدەن. لەدواین هەڵبژاردنی خۆجێیدا، پارتی دادو گەشەپێدان 44%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، سەرباری ئەو پاشەكشێ كەمەی كە لەدەنگەكانیدا رویدا، بەڵام هێشتا پارتی یەكەمە لە توركیا. ئیئتیلافەكەی بەڕێز ئەردۆغان لەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست هێشتا بەهێزە، ئیئتیلافێك كە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری 2018دا زیاتر لە نیوەی دەنگەكانی بەدەستهێنا. هەندێك لە چاودێران لەو بڕوایەدان پارتێك كە عەلی باباجان‌و عەبدوڵا گویل دروستی بكەن، پێدەچێت هەندێك لە پەرلەمانتارەكانی پارتی دادو گەشەپێدان لە پەرلەمان بەلای خۆیدا كێش بكات، ئەمەش زۆرینەی پارتی دەسەڵاتدار لە پەرلەمان دەخات مەترسییەوە. بەڵام وا دێتە پێش چاو ئامانجی سەرەكی باباجان‌و گویل، هەڵبژاردنی پەرلەمانی‌و سەرۆكایەتی كۆماری داهاتووە، كە ئەگەر بەشێوەی پێشوەخت بەڕێوەنەچێت، دەكەوێتە یۆنیۆی 2023ەوە.


درەو میدیا:  پەرلەمانی كوردستان لە پەسەندكردنی یەكەمین یاسادا لەم خولەیدا كە (یاسای كاركراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك) بوو چەندین پێشێلكاریی ئەنجامدا‌و لە دانیشتنەكەدا چەندین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی پەرلەمانیان لەو پێشێلكارییانە ئاگاداركردەوە، بەڵام سەرۆكایەتی گوێی پێنەدان‌و پرۆسەكەی جێبەجێكرد. بەپێی راپۆرتێكی (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان) دوای (183) رۆژ لە سوێندخواردنی ئەندامان و (220) رۆژ لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و واژۆكردنی چەندین رێككەوتنامەی سیاسی لە نێوان (پارتی، گۆران، یەكێتی) رۆژی هەشتی ئایار پەرلەمان دانیشتی ژمارە (5)ی ئەنجامدا, ئەوەش یەكەم كاری بوو لە بواری یاسادانان، وێڕای ئەوەی دەیان سەرنجی سیاسی و یاسایی لەسەر دانیشتنەكە دروست بووە، وەك راگەیەندرا دەبوو ئەو دانیشتنە لە رۆژی (10/4/2019) ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی رازینەبوونی (پارتی و گۆران) بە داوای (یەكێتی) بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم دانیشتنەكە دواخرا، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ماڵپەری فەرمی پەرلەمان، بەناوی پێدانی كاتی زیاتر بە لیژنەی یاسایی دانیشتنەكەیان دواخست، تا رۆژی (5/5/2019) رێككەوتنی (پارتی و یەكێتی) لەسەر شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان واژۆكرا، ئەوكاتەش دانیشتنی پەرلەمان سازكرا. دانیشتنەكەدا بە ئامادەبوونی (110) پەرلەمانتار سازكرا، بۆ پەسەندكردنی ( پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان- عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسندكردنی دەستوور) بوو، یاساكە لە هەشت ماددەو هۆیەكانی دەرچواندنی پێكهاتووە، پەسەندكردنی كۆی یاساكە بەدەنگی (89) بەڵێ لەبەرامبەر (12) نەخێردا بوو، ئەمە جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە پێش كۆتایی، دانیشتنەكەیان بایكۆت كرد، ئەندامانی فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆران، هاوپەیمانی سەردەم، ئازادی) و (كەمینە ئاین و نەتەوەییەكان) دەنگیان بەیاساكەدا كە ژمارەیان (91) ئەندامە لەپەرلەمانی كوردستان، لە بەرامبەردا فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، بەرەی ئیسڵاح) دەنگیان نەخێر بوو كە ژمارەیان (20) ئەندامە .  پێشێلكارییەكانی پەیڕەوی ناوخۆ لە دانیشتنەكەدا:  1-بەپێی ماددەی (86) و بڕگەی دووەم لە مادەی (90)لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوو راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەبەردەستی سەرجەم ئەندامان بێت، بەڵام تەنها لای لیژنەی یاسایی و سەرۆكایەتی هەبوو. 2-بەپێی ماددەی (90)لە پەیرەوی ناوخۆ پەرلەمان، دەبێت دانیشتنی دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسا لە ماوەی یەك هەفتە لەدوای خوێندنەوەی دووەمی ئەنجام بدرێت، خوێندنەوەی دووەمی یاساكە لە دانیشتنی ژمارە(4) لە رۆژی (03/04/2019) ئەنجام درا واتە دەبوو دانیشتنی ژمارە (5) لە (04تا10/04/2019) ئەنجام بدرێت، بەڵام دانیشتنەكە (34) رۆژ دواتر ئەنجام درا، ئەمەش پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆیە. 3-دەستەی سەرۆكایەتی و لێژنەی یاسایی، تەنها ئەو پێشنیازەیان خستە بەرنامەی كار كە لە (28/3/2019) بە ئیمزای (68) ئەندام پەرلەمان پێشكەش كرابوو، لە كاتێكدا پێشنیازەكانی تر لە (26/3/2019) پێشكەش كرابوون، نەخرانە بەرنامەی كار، چەندین ئەندامی پەرلەمانیش، لە خاڵی پەیرەویدا نارەزایەتیان دەربری لەسەر دانەنانی پێشنیازەكانیان لە راپۆرتی لیژنەی یاساییدا، بەڵام وەڵامەكان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی یاساییەوە نا پەیڕەوی بوو، وە هەردوو سەرۆك و سەۆركی لیژنە باسیان لەوەكرد "هەر پێشنیازێك دژی نیزامی سیاسی یان دژی مەبادئی عام بێت نەمانكردۆتەوە ناو راپۆرتەكە "،  ئەم دەستەواژەیە لەچوارچێوەی كاری پەرلەمانیدا جێگەی نیە و لەگەڵا دامەزراوەیی یاساداناندا ناگونێت! 4-ماددەی (91) برگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆ، دەڵێت: لەكاتی بوونی زیاتر لە یەك پێشنیازدا هەموو پێشنیازەكان دەخرێتە دەنگدانەوە كامیان دەنگی زۆرینەی هێنا بە پەسەندكراو هەژمار دەكرێت، بۆیە پێوستی بەوەنەدەكرد دەنگی دژ وەربگیرێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان هەموو پێشنیارەكانی بەدوو جار خستە دەنگدانەوە و گوێی لە دوو پەرلەمانتار نەگرت كە لەوبارەیەوە خاڵی پەیڕەویان پێشكەشكرد. 5-سەرۆكایەتی پەرلەمان گوێی لەو هەموو داوایەی ئەندامان نەگرت كە بە (نقگە نڤام) دەریان بڕی سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی دانیشتنەكە. 6- لیژنەی یاسایی بێ ئەزموونی و نەشارەزایی بە كارەكانیانەوە دیار بوو هەر لە نوسینەوەی راپۆرتەوە تا داڕشتنەوەی پێشنیازی یاساكەو راجیاوازەكان و پرۆسەی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە. سەرنجە سیاسی و یاساییەكان سەر دانیشتنەكە :  1.لە خاڵی (5)ی ماددەی چوارەمی پێشنیازەكە هاتووە "سەرۆكی هەرێم لە دەنگدانێكی ئاشكراو و بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان، هەڵدەبژێردرێت".، ئەمەش پێچەوانەی بنەما سەرەكیەكانی هەڵبژاردنی پاك و بێگەردە، كە جەخت لەسەر دەنگدانی نهێنی دەكاتەوە، پێچەوانەی ڕێككەوتنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەكانە كە جەخت لەسەر نهێنی دەنگدان دەكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدا عێراقیش لەو وڵاتانەیە كە ئەو ڕێككەوتنامەی پەسندكردووە، بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستانیش پێوەیەوە پابەند بێت. 2.سەبارەت بە ڕێژەی پێویستی دەنگدان، لە دەقی یاساكەدا هاتووە: "بەزۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان، سەرۆك هەڵدەبژێردرێت"، بەهۆی پێگەی سەرۆكی هەرێم لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان بەو پێیەی سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، پێویست بوو ڕێژەیەكی دەنگی زیاتر دیاری بكرایە لە پێشنیازەكە، بۆ نمونە ڕێژەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامان، ئەگەر لە خولی یەكەم هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو ڕێژەیە بە دەست بهێنێ ئەوا لە خولی دووەم پەنا بۆ زۆرینەی ڕەها ببردرێت بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پۆستە، جگە لەوەش لە خاڵی (3)ی ماددە شازدەهەمی یاسای سەرۆكایەتی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی هەرێم هاتووە " بەلای كەمەوە (3/4)ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان- عێراق، لە دەنگدانێكی نهێنیدا، لە متمانەی بخەن"، باشە چۆن دەكرێت متمانە بە زۆرینەی ئەندامان وەربگرێت، كەچی وەرگرتنەوەی متمانە بە ڕێژەی (3/4) بێت، ئەوە ناكۆكە لەگەڵا بنەمای شێوە هاوتاكانی یاسایی. 3.ماوەی (3) رۆژ دانراوە بۆ خۆپالاوتن و پێشكەشكردنی سیڤی، ئەو ماوەیەش زۆر كەمەو دەرفەتی یەكسان لەبەردەم هەموو ئەو كەسانەدا نارەخسێنێت كە خوازیارن داوا پێشكەش بكەن، ئەمە لەكاتێكدا لە عیراق (30) رۆژە.  4.یاساكە بەناو پەرلەمانیە، كەچی هیچ كام لە دەسەلاتەكانی سەرۆك دەسكاری نەكراوەو كەم نەكراوەتەوە هەمان دەسەڵاتی سەرۆكە كە لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت، كەچی سەرۆك لەبەرامبەر پەرلەماندا بەرپرس نیە. ئەمە لەكاتێكدایە لەهەرێم دەسەڵاتی فیعلی و لە بەغدا تەشریفاتیە. 5.دەبوایە یاساكە ناوی (هەمواری یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم)بێت، بەڵام ناوێكی تری بۆ دانراوەو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە یاساكە لە ناوەرۆكدا نەبووە بە پەرلەمانی. 6.مەرجی بڕوانامە دانەنراوە بۆ ئەو كەسەی خوازیارە داواكاری بۆ ئەم پۆستە پێشكەش بكات، لەكاتێكدا لە بەغدا مەرجی بوونی بڕوانامەی بەكالۆریۆس دانراوە. ئەمەی لەپەسەندكردنی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا گوزەرا، دەستپێكێكی مەترسیدار بوو لە كاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە زۆرترین پێشێلكاری بەیەكەم كاری ئەم خولەوە بینرا. بەو هیوایەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان ئەو پێشێلكاریانەی بوەستێنن و پەرلەمان بگێڕنەوە سەر رێچكەی یاسایی خۆی. 


د. شێركۆ كرمانج   ( ١-٤ )      سەرەتایەك  لە رۆژی ٢٢-٨-٢٠٠٦ یەكەمین رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان خرایەبەردەستی هاوڵاتیان بۆ سەرنج‌و تێبینی‌ نوسین بەمەبەستی دەوڵەمەنتركردنی. دیارە بێجگە لە سەرنج‌و تێبینی، رەشنوسەكە رەخنەیەكی زۆریشی لەلایەن سیاسەتوانان‌و پارێزەران‌و پسپۆران‌و ئەكادیمان‌و رۆژنامەوانان لێگیرا. رەخنە زۆرەكان مانای ئەوە نەبوون كە دەستورەكە هیچ خاڵی باشی تێدا نییە بەڵام رەشنوكە هەندێك ماددەو بڕگەو چەمك‌و پەیامی لەخۆگرتبوو كە جێگای هەڵوەستەكردن بوون‌و نەدەكرا بەسەریاندا تێپەڕین. سەرەڕای ئەمە، دەستورە رەشنوسەكە بە دەستكارییەكی زۆر كەمەوە لە هاوینی ٢٠٠٩ لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەردراو تێپەڕێندراو بوو بە پڕۆژە دەستور. بەپێی بڕیارو پێكهاتنەكانی پەرلەمان دەبوایە پڕۆژە دەستوركە لەلایەن خەڵكی هەرێمەوە دەنگی لەسەر بدرایە بۆئەوەی ببێت بە دەستورێكی هەمیشەیی. ئەوە بۆ سێزدە ساڵ دەچێت كەچی پرۆژە دەستورەكە هەروا لە چاوەڕوانی ئەوەدایە بخرێتە دەنگدانەوە. دیارە بێجگە لە رەخنەكانی خەڵكی كوردستان پرۆژەكە رەخنەی لایەنە عێراقییەكانیشی لێكەوتەوەو ئەمریكاش وەدەنگ هات، واپێدەچێت ئەمانە هەموو هۆكار بووبن بۆ راگرتنی دەستورەكەو نەناردنی بۆ دەنگدان. لە دوای خۆپیشاندانەكانی ٢٠١١ رەخنەكان لەسەر پرۆژەكە چڕتربوونەوەو پەرلەمانی كوردستان بڕیارێكی دەركرد بە كۆی دەنگ بۆ گێڕانەوەی پرۆژەكە بۆ پەرلەمان. ئەم بڕیارە دیزە بە دەرخۆنەی پێكرا. بەڵام دوای ئەوەی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق‌و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا ئەمین، رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەیەكیان لە ٢٤ ئەیلولی ٢٠١٢ كرد، هەردوولا لە بەیاننامەیەكدا هاوڕایخۆیان دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەو هەمواركردنی پرۆژە دەستورەكە "بەشێوەیەك كە تەوافوقی هەمولایەنەكانی لەسەر بێت‌و سیستمی سیاسی كوردستان لەگەڵ بنەمای سیستمی سیاسی عیراق، كە لە دەستوری عێراقدا پەسەندكراوە بگونجێنرێت‌و بكرێت بە سیستمی پەرلەمانی" (ماڵپەڕی سبەی ٢٤ ئەیلولی ٢٠١٢). یەكێك لەو ماددە سەرەكییانەی كە پێش كۆبوونەوەكەی گۆڕان‌و یەكێتی‌و دواتریش مشتومڕێكی زۆری لەسەر كرا سیستمی سیاسی/حوكمڕانی هەرێم بوو وەك ئەوەی لە دەستورەكە پێناسەی بۆ كراوە كە مەبەست لێی ئەوەیە بكرێت بە سیستمی پەیڕەوكراو لە كوردستان لە دواڕۆژ، ئەمە ئەگەر نەڵێین كە هەر ئێستاكانی پێش دەنگ لەسەردانیش پەیڕەو لە سیستمی سەرۆكایەتی دەكرێت. بەپێی پرۆژە دەستورییەكە كوردستان هەرێمێكە لەناو دەوڵەتی فیدرالی عێراق كە "سیستمە سیاسییەكەی پەرلەمانی، كۆماری، دیموكراتییە". دیارە ئەوەی لە واقعدا ئێستا پراكتیز دەكریت یەكناگرێتەوە لەگەڵ پێناسەكە چونكە سیستمی كۆماری/سەرۆكایەتی نەك پەرلەمانی لە كوردستان پەیڕەودەكرێت. هاوكات ئەوەی كە پێناسەش كراوە هەر هەڵەیە چونكە ئەو سیستمەی كە مەبەستە لە پێناسەكە سیستمی پەرلەمانی كۆماری نییە بەڵكو سیستمی نیمچە-سەرۆكایەتییە/كۆماریییە، وەك لە ماددەكانی دیكەی دەستورەكە دەردەكەوێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردو جارێكی دیكە پرسی جۆری سیستەمی سیاسی لە هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ كرا. ئەمجارە نەك لە چوارچێوەی دەستوری هەرێم بەڵكو لە میانی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان. یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەناڕاستەخۆ سیستەمی سەرۆكایەتی لە هەرێمی كوردستان، لانیكەم تا پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، دەسەپێنێت. بۆ بەچاكی دەزانین جارێكی دیكە ئاوڕ لەو بابەتە بدەینەوە.  وتارو باسی دیكە زۆر نوسراوە لەسەر ئەم بابەتەو زۆربەیان كۆكن لەسەر ئەوەی كە سیستمی سەرۆكایەتی بەكەڵكی كۆمەڵگای كوردستانیی نایەت‌و پێشنیازی سیستمی پەرلەمانی دەستوری دەكەن. ئەم بابەتە كە بە چوار بەش بڵاودەكرێتەوە هەوڵدەدات بە گەڕانەوە بۆ ئەو لێكۆڵینەوە زانستییانەی لەسەر ئەزموونی گەلان‌و وڵاتانی دیكە ئەنجامدراون پەنجە لەسەر چەند بابەتێك دانێت. لەوانە، یەكەم، ناساندن‌و پێناسەی هەردوو مۆدێلە سیاسییەكە، پەرلەمانی و سەرۆكایەتی‌، ئاوڕێكیش لە نیمچە سەرۆكایەتی دەداتەوە. دووەم، خاڵە بەهێزو لاوازەكانی هەردوو مۆدێلەكە‌. سێیەم، هەر بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوەكان هەوڵدەدات كە پێشنیازی ئەو مۆدێلە بكات كە بە گونجاوتر دەزانرێت بۆ ئەو وڵاتانەی وەك كوردستان لەسەرەتاكانی گەشەی دیموكراسیدان. ناساندن‌و پێناسەی سیستمی پەرلەمانی‌و سەرۆكایەتی چەندین سیستمی سیاسی بۆ حوكمڕانی لە جیهاندا هەیە، بەڵام مەبەستی ئەم بابەتە قسەكردنە تەنها لەسەر دوو مۆدێل: پەرلەمانی (وەك بەریتانیا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا) لەگەڵ سەرۆكایەتی (وەك ئەمریكا). كە باس لە سەرۆكایەتی دەكەین مەبەستمان سیستمە نیمچە-سەرۆكایەتییەكانیشە (وەك فەرەنسا)، كە تێیاندا هەم سەرۆكێكی راستەخۆ هەڵبژێردراو هەیەو هەم سەرۆك وەزیرانێكی كاندیدكراو لەلایەن سەرۆك‌و دەنگپێدراو لەلایەن پەرلەمان. باس لە سیستمی دیموكراسی تەوافیقی‌ ناكەین (وەك سویسرا). سیستمە نادیموكراسییەكانیش لە باسەكە وەلانراون چونكە خەمی ئێمە ڕزگاربوون‌ یان ڕێگریكردنە لەم ئەزمونانە نەك كۆپیكردن‌و لاسایكردنەویان. سیستمی پەرلەمانتاری مۆدێلێكی دیموكراسی حوكمكردنە كە تێیدا حكومەت (دەسەڵاتی جێبەجێكەر/كابینە) شەرعیەت لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان/تەشریعی) وەردەگرێت‌و بەرپرسیشە لە بەرابەری، واتە پەرلەمان وەك دەزگایەك كە نوێنەرایەتی گەل دەكات چاودێری‌و لێپێچینەوە لە حكومەت دەكات. لەم حاڵەتە حكومەت‌و پەرلەمان تێكئاڵاون‌و تەواوكەری یەكدین. لە سیستمی پەرلەمانی دیموكراسی سەرۆكی دەوڵەت (head of state) كەسێكی جیایە لە سەرۆكی حكومەت (prime minister). لەم جۆرە سیستمەدا دەكرێت پاشا/ئیمپراتۆر یان حاكمێك ببێت بە سەرۆكی دەوڵەت/هەرێم‌و رۆڵێكی تەشریفاتی وەربگرێت (وەك بەریتانیا، سوید، یابان)، یان كەسێكی هەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە ببێت بە سەرۆك‌و ڕۆڵە تەشریفاتییەكە بگێڕێت (وەك ئێرلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا)، سەرۆك وەزیرانیش دەبێت بە سەرۆكی حكومەت. هەرچۆنێك بێت، لە سیستمی پەرلەمانیدا حكومەت‌و پەرلەمان پشتبەیەكدی دەبەستن چونكە حكومەت دەبێت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە پشتیوانیلێبكرێت‌و دەشڕوخێت ئەگەر متمانەی لێوەربگرێتەوە، هاوكات حكومەت، زۆرجار بە هاوكاری لەگەڵ سەرۆكی دەوڵەت دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە‌و دەتوانێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات. بەپێچەوانەی سیستمی پەرلەمانی، سیستمی سەرۆكایەتی مۆدێلێكە لە حوكمڕانی كە تێیدا حكومەت (دەسەڵاتی جێبەجێكەر) لەلایەن كەسێكەوە بەڕێوەدەچێت كە پێیدەگوترێت سەرۆك، ئەو كەسە هاوكات هەم سەرۆكی دەوڵەتە (head of state) هەم سەرۆكی حكومەت (president). سەرۆك بەگشتی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. لە سیستمی سەرۆكایەتیدا دەسەڵاتی جێبەجێكەر دەسەڵاتێكی جیایە لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان)‌. لەم سیستمەدا پەرلەمان توانای چاودێری هەیە بەسەر سەرۆك بەڵام دەسەڵاتی لێپێچینەوەی نییە لە سەرۆك لە حالەتی زۆر دەگمەن نەبێت، وەك ئەوەی لە ئەمریكا پێیدەگوترێت تانەلێدان (impeachment)، وەك لێپێچینەوەكەی كۆنگرێسی ئەمریكی لە بیل كلینتن لەسەر بوونی پەیوەندی سێكسی سەرۆك لەگەڵ مۆنیكا لویسكی. لە سیستمی سەرۆكایەتیدا سەرۆك‌و پەرلەمان هەر دەزگایەی لە ئاستی خۆی سەربەخۆیی خۆی هەیە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەم پەرلەمانتاران هەم سەرۆك راستەوخۆو بە جیا هەڵدەبژێردرێن، بۆیە هەردوولا شەرعیەتی خۆیان لە گەل وەرگرتووەو ئەمەش سەرچاوەی دەسەڵاتی هەردوولایەو هەرلایەنەش بەرنامەو مانداتی (mandate) خۆی هەیە. مەبەستی ئەم بابەتە ئەوەندەی قسەكردنە لەسەر گونجاوی‌و نەگونجاوی ئەم دوو مۆدێلەی حكومڕانی ئەوەندە قسەكردن نییە لەسەر بەراوردكردنی ئەم دوو سیستمە بۆیە زیاتر قسە لەسەر جیاوازییەكان ناكەین‌‌و گرنگی بە ئەزمونی گەلانی دنیا دەدەین لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی سیستمەكەو كاریگەرییەكانی لەسەر گەشەی دیموكراسی هەم لەو وڵاتانەی ساڵانێكە پەیڕەو لە یەكێك لەو دوو مۆدێلە دەكەن هەم ئەو وڵاتانەش كە تازە چەند ساڵێكە یەكێك لەو سیستمانەیان هەڵبژاردوە. یەكێك لە سەرچاوەكانی ئەم بابەتە توێژینەوەیەكە كە لەلایەن پرۆفیسۆر ئەلفرێد ستێپان (Alfred Stepan) كە پسپۆری بواری دیموكراتیزەكردنە لە زانكۆی كۆلۆمبیاو پرۆفیسۆر سیندی سكاچ (Cindy Skach) كە پسپۆرە لە بواری بەرواردكاریی دەستوریی لە زانكۆی هارڤەرد، ئەنجامدراوەو لە جۆرناڵی (World Politics) بڵاوكراوەتەوە. دوابەدوای روخانی بلۆكی رۆژهەڵات‌و رزگاربوونی كۆمەڵێك گەلانی ئەوروپای رۆژهەڵات لەژێر دەسەڵاتی سیستمە تۆتالیتارییەكان‌و دروستبوونی كۆمەڵێك دەوڵەتی نوێ، ئەم دوو پسپۆرە بەبنەما لەسەر ئەزمونی وڵاتانی دنیا بەراوردێكیان لەنێوان سیستمی پەرلەمانتاریی‌و سەرۆكایەتیی ئەنجامدا. مەبەست لە توێژینەوەكەیان ڕێنمایكردنی ئەو وڵاتە تازەڕزگاربوو و تازەبەدیموكراسیبووانە بوو تاوەكو ئامۆژگاری نوخبەی سیاسی ئەو وڵاتانە بكەن داخۆ پەیڕەوكردنی كامە مۆدێل لەم دوو مۆدێلە زیاتر خزمەت بە گەلانی ئەو وڵاتانە دەكات‌و دەكرێت ببێت بە نمونە‌و مۆدێل بۆ گەلانی دیكە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان. بۆیە نرخی ئەم لێكۆڵینەوەیە بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتی‌و نوخبەی سیاسی كوردستان بەتایبەتی، كە ئێستا لەسەروبەندی نوسینی دەستورن‌و لە خەمی هەڵبژرادن‌و دیاریكردنی سیستمی حكومڕانین، بایەخێكی بێپایانی هەیە. لە سێ بەشی داهاتووی ئەم زنجیرە وتارە ئەو داتایانە دەخەینەڕوو كە چەندین توێژەرو ئەكادیمی پێیگەیشتوون، لەژێر رۆشنایی ئەنجامەكانی توێژینەوەكان‌و ئەزمونی گەلانی دنیا هەوڵدەدەین پەیوەستیان بكەین بە بارودۆخی كوردستان ئەنجامگیریان لێبكەین.  


راپۆرتی: بی بی سی وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ چەند ساڵێك لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی ئەوەی ئیستانبوڵ كۆنترۆڵ بكات، حكومڕانی توركیا دەكاتن لێرەوە دەكرێت تێبگەین كە بۆچی ئەردۆغان لەدەستدانی سەرۆكایەتی  ئەو شارەی قبوڵنەكرد‌و رازی نەبوو بكەوێتە دەست نەیارەكەی. هەروەك چۆن ئیستانبوڵ ئەو گۆڕەپانەیە كە بۆ یەكەمجار ئەردۆغان تێیدا دەستی بە كاری سیاسی كردو ساڵی 1994 سەرۆكایەتی شارەوانی شارەكەی بردەوە. لەگەڵ دەركەوتنی ئاماژەكانی سەركەوتنی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە"لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئیستانبوڵدا، ئەردۆغان گومانی خۆی بەرامبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە دەربڕی‌و باسی لە پێشێلكاریی و ساختەكاری كرد كە بەوتەی ئەو لەو پرۆسەیەدا روویداوە. ئەردۆغان، 8ی نیسانی رابردوو رایگەیاند هەڵبژاردنەكان لە ئیستانبوڵ " پێشێلكاریی" بەرفراوانی تێدا كراوە بە شێوەیەكی " رێكخراو"، وتیشی:" هەر تەنها پێشێكاری نەكراوە بەڵكو سەرتاپای پرۆسەكە ساختەكاری و فیڵی تێداكراوە". هاوكات لەگەڵ ئەوەدا ئەردۆغان داوایكرد جارێكی تر دەنگەكان ئەژماربكرێنەوەو لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانیش داواكارییەكەیان جێبەجێكرد، بەڵاك دوای دووبارە جیاكردنەوە‌و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئەنجامەكان لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی ئەردۆغان( بن عەلی یەڵدرم) گۆڕانكارییان بەسەردا نەهات‌و دوای 17 رۆژ لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن 31ی ئازاری رابردوو سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ رادەستی كاندیدەكەی جەهەپە ( ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو) كرا. " بەدەستهێنانی كاتی زیاتر" ئیمام ئۆغڵو، حزبەكەی ئەردۆغانی بەوە تۆمەتباركرد، كە هەوڵدەدات لە رێگەی زیادكردنی تانەكانەوە كاتی زیاتر بەدەستبهێنێت بۆ سڕینەوەی ئەو پێشێلكارییانەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا كراون، پارتەكەی ئەردۆغانیش پارتی داد‌و گەشەپێدان ( ئاكەپە) بەتوندی ئەوەی رەتكردەوە‌و عومەر چەلیك وتەبێژی ئەو حزبە ئەو تۆمەتانەی كاندیدەكەی جەهەپەی بە بانگەشەی بەتاڵ‌و ناڕاست وەسفكردو جەختیكردەوە كە حزبەكەی دوای دووبارە جیاكردنەوە‌و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەگرێت، ئەگەر لە بەرژەوەندیشی نەبێت. بەڵام ئەوەی كە خاوەنی قسەی كۆتاییە لە توركیا ئەردۆغانەوە كەسی تر نیە، چاودێران‌و شەقامی توركیاش دەزانن ئەردۆغان سیاسەتمەدارێكی زیرەكەو بە ئاسانی ناگەڕێتە دواوە‌و نەفەسێكی دوورودرێژی هەیە‌و دوودڵ نابێت لە رووبەڕووبونەوەی نەیارەكانی و وا بە سانایی شكست‌و دۆڕان قبوڵ ناكات، لەبەرئەوەی لە ساڵی 2002ەوە كە حزبەكەی هاتوەتە سەر دەسەڵات ئەوە بەخۆیەوە نەبینیوە. دوای ئەوەی ئیمام ئۆغڵۆ پۆستی سەرۆكایەتی شارەوانی وەرگرت، ئەردۆغان وتارێكی ئاشتیانەی گرتەبەرو داوای لە لایەنگرانی كرد قبوڵی بكەن‌و بۆ پێشەوە بڕوانن، بەڵام دواتر لەوە پاشگەزبوەوە و پەنای بۆ وروژاندنی دۆخەكە بردو ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیستانبوڵی رەتكردەوە‌و چەندجارێك داوایكرد دووبارە بكرێتەوەو لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی خستە دۆخێكی قورسەوەو لەسەری پێویست بوو كە وەڵامی خواست‌و داواكارییەكەی ئەردۆغان ببێت‌و بڕیار لەسەر دووباركردنەوەی هەڵبژاردنەكە بدات، كەواتە بۆچی ئەردۆغان سورە لەسەر لەدەستنەدانی ئیستانبوڵ؟. سەرچاوەی سامان‌و داهات لەو كاتەوەی لە ساڵی 1994 ئەردۆغان سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵی بەدەستهێنا، ئەو شارە كەوتە دەست ئیسلامییە موحافیزكارەكان‌و لەدەستدانی زیانێكی زۆری هەیە، چونكە ئەو شارە پێگەیەكی ئابوریی‌و سیاسیی‌و مێژووییی هەیە لەلایە ئەردۆغان‌و لایەنگرانی. لە رووی ئابورییەوە ئیستانبوڵ لە دڵی توركیا‌و بزوێنەری ئابوریی دادەنرێت‌و 31.2%ی كۆی داهاتی نەتەوەیی توركیا بەدەستدەهێنێت كە یەكسانە بە 851 ملیار دۆلار، بە گوێرەی داتاكانی  ساڵی 2017ی سەنتەری ئاماری توركیا و ژمارەی دانیشتوانەكەشی زیاتر لە 16 ملیۆن كەسە، بەڵام ئەنكەرەی پایتەخت تەنها 9%ی كۆی داهاتی نەتەوەیی بەرهەمدەهێنێت‌و تێكڕی داهاتی تاك لە ئیستانبوڵ بە هەمووو شارەكانی تر بەرزترەو دەگات زیاتر لە 65 هەزار لیرەی توركی بە گوێرەی ئاماری 2017، لە كاتێكدا تێكڕای داهاتی تاك لە ناوچەكانی باكوری كوردستان ( باشوووری خۆرهەڵاتی توركیا) لە 14 هەزار تێناپەڕێت. هەروەها ئیستانبوڵ بە دڵی پیشەسازی لە توركیا دادەنرێت و 29%ی كۆی بەرهەمی پیشەسازی وڵات لەو شارە بەرهەمدەهێنرێت‌و بودجەی شارەوانی شارەكە ساڵی 2018 گەیشتە نزیكەی 10 ملیار دۆلار، بەو بڕە پارەیەش هاوتای بودجەی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری توركیایە. گرێبەستی قازانج بەخش لەو كاتەوەی پارتی داد‌و گەشەپێدان( ئاكەپە) كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات ئیستانبوڵی كۆنترۆڵكردووە، گرێبەستە گەورە‌و پڕ قازانجەكان دەدرێت بەو كۆمپانیا‌و سەرمایەدارانەی كە لە حكومەتەوە نزیكن، بەوەش هەزاران لایەنگر‌و ئەندامی ئەو حزبە لەو كۆمپانیایانەدا كاریان بۆ رەخسێندرا، لەسەر ئەوەش رۆژنامەكانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام ئاكەپە تۆمەتباردەكەن بە وەرگرتنی بەرتیل لە بەخشینی ئەو گرێبەستانەدا، مەولود ئویساڵ سەرۆكی پێشووی شارەوانی ناوەڕاستی ساڵی رابردوو رایگەیاند كە شارەوانی ئیستانبوڵ‌و لقەكانی 80 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنن. هەروەها بە گوێرەی  كەشفی دارایی خۆی ، شارەوانی ئیستانبوڵ هەتا ساڵی 2018 150 ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بە رێكخراو‌و دامەزراوەكانی نزیك لە ئاكەپەو خانەوادەی ئەردۆغان و پرۆژە زەبەلاحەكانی ئیستانبوڵ كە بەهاكانیان چەندان ملیار دۆلارە، وەك فڕۆكەخانەی نوێی ئیستانبوڵ، پردی سێیەمی شارەكە دراون بە ئەو كۆمپانیایانەی كە لە ئەردۆغانەوە نزیكن، وەك كۆمپانیاكانی كالیۆن‌و كۆلین و لیماك، ئەوەش بەوتەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی. ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێت شاری ئیستانبوڵ هەمیشە بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ پارتەكەی ئەردۆغان‌و بەشێك لە بودجەكەشی دەڕوات بۆ ئەو كۆمپانیایانەی كە سەر بە ئەردۆغانن، پرۆژە زەبەلاحەكانیش دەدرێن بە كەسانی نزیك لە ئەردۆغان.


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت نێچیرڤان بارزانی بە هەمان دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی مامییەوە دەبێت بە سەرۆكی هەرێم‌و بڕوانامەی زانستی هیچ كێشەیەك لەبەردەم دانیشتنی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بۆ دروستناكات‌و پەرلەمانی كوردستانیش مافی ئەوەی نابێت لێپرسینەوەیەكی لەگەڵدا بكات. پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی پێشنیازی "هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكرد. یارو نەیارەكانی پرۆژەكە ! لە كۆی (111) پەرلەمانتار، 89 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، پێكهاتەكان، سۆسالیست) بە "بەڵێ" دەنگیان بە كۆی هەمواری یاساكەدا. لەبەرامبەردا تەنیا (12) پەرلەمانتار لەدژی هەموارەكە دەنگیاندا، ئەوانەی دژی هەموارەكە بوون، بریتی بوون لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی (یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی). فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە (8) پەرلەمانتاری هەیە، كۆبونەوەكەیان جێهێشت و  بەشداری دەنگدانی نەكرد. پەرلەمانیی یان سەرۆكایەتیی ؟ بەپێی ئەو پرۆژەیەی كە ئەمڕۆ پەسەندكرا، پەرلەمانی كوردستان توانای لێپرسینەوەی لە سەرۆكی داهاتووی هەرێم نابێت، ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆكی داهاتوو بەدەنگی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت نەك دەنگی خەڵك. پێشنیازێك خرایە بەردەم لیژنەی یاسایی پەرلەمان، كە داوای دەكرد لە هەموارە نوێیەكەدا ئەو بڕگەیە بچەسپێندرێت كە "پەرلەمان دەسەڵاتی لێپرسینەوەی لە سەرۆكی هەرێم هەبێت"، ئەمە لەبەر ئەوەی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت. بەڵام ئەو پێشنیازە رەتكرایەوە‌و لە پاساوی رەتكردنەوەیدا، ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند" لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆكی وڵات یان سەرۆكی هەرێم لەڕووی سیاسییەوە لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرس نابێت، بۆیە ئەو پێشنیازە رەتكراوەتەوە". دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەدەنگی (86) پەرلەمانتار، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەكو خۆی هێڵدرایەوە تا ئەو كاتەی دەستورێك بۆ هەرێم پەسەند دەكرێت، پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەنگیان بۆ ئەم بڕگەیە دا، لەبەرامبەردا تەنیا (21) پەرلەمانتار دژی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەنگیاندا. بەپێی پرۆژە پێشنیازە پەسەندكراوەكە، سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) هەمان دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) دەبێت، كە ئەم دەسەڵاتانە پێشتر ناڕەزایەتی‌و قەیرانی سیاسی لێكەوتەوە. بەپێی ئەو رێككەوتنەكەی كە لەنێوان سێ لایەنی سەرەكی بەشدار لە دەسەڵاتدا كراوە (پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی)، پرسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە دەستوری هەرێمدا چارەسەردەكرێت. دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كە بەپێی پرۆژە پەسەندكراوەكەی ئەمڕۆ وەكو خۆی دەمێنێتەوە، زیاتر لە (20) دەسەڵاتە‌و بریتین لەم دەسەڵاتانەی خوارەوە: • سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی راپەڕاندنە • فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە • ئەگەر پەرلەمان نەتوانێ كۆببێتەوە، سەرۆكی هەرێم بە راوێژ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت هەندێك بڕیار دەربكات‌و بڕیارەكانیشی حوكمی یاسایان دەبێت • لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات، هەماهەنگی دەكات لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكان‌و دەسەڵاتەكانی هەرێمدا  • ئەو یاسایانەی (پەرلەمان) دایاندەنێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی دانانیەوە دەریان دەچووێنێت‌و مافی ئەوەشی هەیە تانە لە كۆی یاساكە یان بەشێكی بدات‌و رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە تا چاوی پێدابخشێنێتەوە • لە حاڵەتێكدا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكەی كۆتایی هاتبێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی دەردەچوێنێت • سەرۆكی هەرێم لەماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەوە، فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ خولی یەكەمی كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن دەردەچوێنێت • سەرۆكی هەرێم لەچەند حاڵەتێكدا بە فەرمانێك پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە • سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی لێبوردنی گشتی هەیە  • سەرۆكی هەرێم دەتوانێت حوكمی لە سێدارەدان پەسەند بكات، یان سزاكە بۆ بەندكردنی هەتاهەتایی سوك بكات • سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی جاڕدانی باری نایاسایی هەیە • سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لە كاتی پێویستدا بانگهێشتی پەرلەمان بكات بۆ كۆبوونەوەیەكی ناچاریی، سەرۆكی هەرێم هاوكات سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكەش دەكات • دەسەڵاتی هەیە رێگەبدات بە هێزە چەكدارەكانی فیدڕاڵ بێنە ناو هەرێمەوە، بەڵام لێرەدا دەبێ رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت  • سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە بە رەزامەندی  پەرلەمان هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت • دوای ناونانی سەرۆك وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆكی هەرێم داوای لێدەكات لە ماوەی 30 رۆژدا كابینەكەی پێكبهێنێت • كاتێك پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر لە متماتە دەخات، سەرۆكی هەرێم فەرمانی قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیان دەردەچوێنێت • دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەكان لەسەر پێشنیازی وەزیری پەیوەندیدارو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران • سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەران‌و سەرۆك‌و ئەندامانی داواكاری گشتی هەیە، دوای پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە • دەسەڵاتی بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو دەركردن‌و خانەنشینیان بەپێی یاسا رەچاوكراوەكان • بەخشینی نیشان‌و مەدالیا سەرۆكێكی بێ بڕوانامە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پێشنیازكرا یەكێك لە مەرجەكان بۆ ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی هەرێم ئەوە بێت "نابێت لە بڕوانامەی بەكالۆریۆس كەمتری هەبێت"، 69 پەرلەمانتار لەدژی ئەم پێشنیازە دەنگیاندا، واتە رەتیانكردەوە مەرجی بڕوانامە بۆ سەرۆكی هەرێم دابنرێت، پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لەوانەبوون كە دژی پێشنیازەكە دەنگیاندا، ئەمە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی لێكەوتەوە، بەوپێیەی لەماوەی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەدیاریكراویش (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە وتارێكدا لە دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی وەكو ئاماژەیەك بۆ بنەماڵەی بارزانی وتی:" حوكمڕانی بە كەسانی نەخوێندەوار ناكرێت". بەگوێرەی ئەو ژیاننامەیەی كە لە سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڵاوكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی بەهێزی پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستانە، هیچ بڕوانامەیەكی نییە، بەڵام میدیاكانی پارتی ئاماژە بەوە دەكەن، ناوبراو دەرچووی "بەشی زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی تاران" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بە وردەكاری‌و ساڵی دەرچونەكەی بكەن. سەرۆكی هەرێم یان حزب ؟ یەكێكی تر لەو پێشنیازانەی كە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان رەتیكردەوە، ئەو پێشنیازە بوو كە داوا دەكات" سەرۆكی هەرێم لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا واز لە پۆستە حیزبییەكەی بهێنێت‌و دەست لەكاربكێشێتەوە". بەهەمان شێوەی مەرجی بڕوانامە، ئەم پێشنیازەش بەدەنگی 69 پەرلەمانتار رەتكرایەوە، لێرەشدا زۆرینەی پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەنگیاندا بۆ رەتكردنەوەی پێشنیازەكە. نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئێستا جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە‌و هەندێك زانیاریش هەن باس لەوە دەكەن لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، دەبێت بە سەرۆكی پارتی‌و مەسعود بارزانی مامی وەكو مەرجەعێكی سیاسی دەمێنێتەوە‌و دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پارتی دەبێت.


درەو میدیا: وتەبێژی دادگای سلێمانی  رایدەگەیەنێت لەسەر دۆسیەكەی شادی نەوزاد "« تائێستا دادگا نەگەیشتووەتە ئەو بڕیارەی شاسوار عەبدولواحید لەهەڕەشەكاندا دەستی هەبووبێت، تا ئێستاش 10 كەس دەستگیركراون و چواركەسیش فەرمانی گرتنی هەیە كەتائێستا دەستگیر نەكراون و هێزە ئەمنییەكان بەدوایاندا دەگەڕێن و ». حاكم عومەر ئەحمەد بە رۆژنامەی ‌ھاوڵاتی وتووە" «دەستگیركردنەكان لەسەر بنەمای دوو  سكاڵا بووە، یەكێكیان فەرمانگەی داواكاری گشتی جوڵاندویەتی و ئەوی تریان شادی نەوزاد تۆماریكردووە بەرامبەر هێڵێكی تەلەفۆن  كە لەرێگەیەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لێكراوە" حاكم عومەر رونیكردەوە «دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، فەرمانی گرتنی دەركردووە بۆ خاوەنی ئەو هێڵە، لەرێگەی ئای تی و كەسانی شارەزاوە لەبواری پەیوەندیكردن كە دادگا هەموو كات پەنایان بۆ ئەبات، هەوڵیداوە بگاتە خاوەنی ئەو هێڵە خاوەن هێڵەكەش دۆزراوەتەوە، كە یەكێكە لەو تۆمەتبارانەی دەستگیركراوە». باسی لەوەشكرد، هەموو بڕیارەكان لەلایەن دادگاوە دەرچوەو لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە جێبەجێكراوە، ئەوانەی دەستگیركراون فەرمانی گرتنیان هەیە بەپێی مادەی 2 لەیاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، جگە لەوەش  فەرمانی پشكنین هەیە بۆ ئەوشوێنانەی كە گومان ئەكرێت ئەو كەسانەی لێ بێت». به ‌وتەی حاكم عومەر، لەكاتی پشكنینەكاندا چەند مۆبایل و كۆمپیتەرێك دەستی بەسەردا گیراوە كە «گومانی لێدەكرێت لەرێگەی ئەوانەوە هەڕەشەكە كرابێت». « وتەبێژی دادگای سلێمانی  ئەوەش دەخاتە روو"«ئەم كەیسە كەیسی شاسوار عەبدولواحید نییە، نە كەیسی نەوەی نوێشە، پەیوەندی بە تۆمەتبارێكەوەیە كە پێدەچێت لەم حزبە خۆی حەشاردابێت، مەرج نیە ئەمە تەوجیهی سیاسی ئەو حزبە بێت، بەڵام هەركەسێكیش بێت دادگا دەستی  ئەیگاتێ و لەژێر باڵی هەر كەسێك بێت دەری هێناوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كردووە وەكو هاوڵاتییەك" ئەوەش دەخاتەروو" تاوەكو ئێستا شاسوار عەبدولواحید نەناوی لە كەیسەكەدا هەیە و نە رێكخراوەكەشی ناوی هەیە" سەبارەت بەوەی كە شادی نەوزاد سكاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماركردووە؟، وتەبێژی دادگا دەڵێت «ئەو كە سكاڵاكەی كردەووە، دەڵێ من لەم رێكخراوە جیابومەتەوە سكاڵاكەشم لە شاسوار عەبدولواحید و ئەوكەسانەشە كە ئەو هەڕەشەیەیان ئاڕاستەی من كردووە، بەڵام تائێستا دادگا نەگەیشتووەتە ئەو بڕیارەی كە ئەوكەسە دەستی تیاهەبێت و بانگی بكات  تەنانەت پێویستمان بەروونكردنەوەی ئەویش نەبووە


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ هەرچەندە رۆژووگرتن یەكێكە لە پێنج بنەما سەرەكییەكەی ئاینی ئیسلام، بەڵام مێژوویەكی زۆر كۆنی هەیە‌و دەگەڕێتەوە  بۆ هەزاران ساڵ پێش دەركەوتنی ئیسلام‌و رۆژووگرتن لە زۆربەی ئاینەكانی تریشدا هەیە. رۆژووگرتن بە ئامانجی نزیكبوونەوە لە خودا‌و بەدەستهێنانی رەزامەندی، لەلای فیرعەونەكان‌و گریكەكان‌و زەردەشتییەكان‌و ئاینی جولەكە‌و مەسیحیش پەیڕەوكراوە. فیرعەونەكان( میسرییە كۆنەكان) میسرییە كۆنەكان چەندین سروت‌و مەراسیمی ئاینییان ئەنجامداوە, بە ئامانجی نزیكبونەوە لە خوداوەند‌و بەدەستهێنانی رەزامەندیی، چەندین جەژنیشیان هەبووە وەك جەژنی بەهار، جەژنی دروێنە‌و جەژنی وەفاداری بۆ نیل و ئامانج لەم جەژنانەش پاكبوونەوەی دەرونیان بووە لە‌و تاوان‌و هەڵانەی كە رەنگە  توڕەیی خوداوەندی لێكەوتبێتەوە و بەوەش لەسەریان پێویست بووە داوای لێخۆشبوون لە خوداوەند بكەن بۆئەوەی بە نیعمەت‌و بەرەكاتەكانی شادببن. رۆژووگرتن لەلای فیرعەونەكان لە هەڵهاتنی خۆرەوە دەستیپێكردووە تا خۆرئاوابوون، ماوەی رۆژووگرتنیان لە سێ‌ رۆژەوە تا 70 رۆژ بووەو تێیدا خۆیان لە خواردن‌و خواردنەوە‌و جوتبوون گرتوەتەوە. ئەو كەسەشی ویستبێتی ببێتە خزمەتگوزاری پەرستگایەك لەسەری پێویست بووە حەوت رۆژ لەسەر یەك بەبێ‌ خواردنەوەی ئاو بەرۆژووبێت، جۆرێكی تریش لە رۆژووگرتن هەبووە كە ماوەكەی 70 رۆژ بووە‌و تێیدا رێگە بە خواردنی هیچ خۆراكێك نەدراوە جگە لە سەوزە‌و ئاو. یەكێك لە جەژنەكانی فیرعەونەكان، جەژنی ( وەفاداری بۆ نیل)ە، كە دەكەوتە ئەو كاتەی بارانێكی زۆر دەباری‌و ئاوی رووباری نیل  بەرزدەبوەوە كە ئەو ئاوە سەرچاوەی ژیانی خۆیان‌و گیاندارەكانیان و كشتوكاڵیان بووە‌و  لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا بەرهەم دەهاتن، هەروەها جەژنی رۆژوو هەبووە كە تایبەتكرابوو بە رازیكردنی رۆحی ئەو مردوانەیان كە بێبەشببوون لە خواردن. ئاینی زەدەشتی‌و ئێزدیی ئاینی زەردەشتی زیاتر لە سێ‌ هەزار ساڵ لە وڵاتی فارس‌و دەوروبەری بەربڵاوبووە، بەڵام ئێستا پەیڕەوكارانی ئەو ئاینە لە هەرێمی كوردستان، عێراق، سوریا، توركیا، ئێران، هیندستان، ئەفغانستان، ئازەربایجان‌و چەند ناوچەیەكی تر نیشتەجێن. رۆژووگرتن لە ئاینی زەردەشتیدا حەرامبووە، چونكە وزەی مرۆڤ بۆ كاركردن كەمدەكاتەوە، هەروەها لەبەر مەترسی توشبووون بە نەخۆشی‌و كاریگەری نەرێنی بۆسەر كۆمەڵگە. بە پێچەوانەی ئاینی زەردەشتییەوە، رۆژووگرتن لە ئاینی ئێزدییدا پیرۆزە‌و ماوەكەی سێ‌ رۆژە‌و رۆژی سێشەممە دەستپێدەكات‌و رۆژی پێنج شەممە كۆتایی دێت بە گوێرەی رۆژژمێری خۆیان، رۆژژمێری ئێزدیی 13 رۆژ لە دوای رۆژژمێری زاینی خۆرئاواییەوەیە. رۆژووگرتن لە ئاینی ئێزدییدا بە خۆگرتنەوە لە خواردن لە هەڵهاتنی خۆرەوە دەستپێدەكات‌و دوای خۆرئاوابوون رۆژوو دەشكێنن، بەڵام پیاوە ئاینییە كۆنەكانیان بۆ ماوەی سێ‌ رۆژی لەسەر یەك بەرۆژوو دەبوون و رۆژوەكەیان نەدەشكاند هەتا رۆژی جەژن كە بە " جەژنی ئیزی" ناودەبرێت. رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دوو جۆرە، رۆژووی خەڵكی گشتی‌و رۆژووی دەستەبژێر( پیاوانی ئاینی) و منداڵان‌و نەخۆش‌و ئەو كەسانەی كە عەقڵیان تەواونییە لە رۆژووگرتن بەخشراون. رۆژووی دەستەبژێر، كە پیاوانی ئاینی‌و هەندێك لە چینی فەقیر كە نەزریان كردووە پێوەی پابەند دەبن و بەزۆری شەش رۆژی ساڵ دەخایەنێت‌و هەردوو چلەی زستان‌و هاوین لەخۆدەگرێت‌و ئارەزوو مەندانەیە‌و خەڵكی گشتی پێوەی پابەند نابن تەنها ئەوانە نەبێت كە دەیانەوێت بە خودا پەرستی زیاتر خۆیان لە خوا نزیكبكەنەوە. هەروەها جۆرێكی تر لە رۆژووگرتن هەیە كە پێی دەوترێت " رۆژووی خودان" ئەوەش تایبەت بە ئەولیاكان و پیاوچاكان‌و هەركەسێك لە خەڵكی گشتی كە خۆی بیەوێت. رۆژووگرتن لە ئاینی جولەكەدا هەرچەندە كە ئاین‌و بیروباوەڕە ئاینییەكان بۆ هەزاران ساڵ پێش زایین دەگەڕێنەوە، بەڵام زۆرینەی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دان بە سێ‌ ئاینی سەرەكیدا دەنێن كە بە " ئاینە ئاسمانییەكان یان ئیبراهیمییەكان" ناسراون. ئاینی جولەكە بە یەكەمینی ئاینی ئاینە ئیبراهیمییەكان دادەنرێت، بە گوێرەی كتێبی ئاسمانی ئەو ئاینە كە " تەورات"ە پێویستە تەنها لە رۆژی كیپور ( تەوبەكردن) دا رۆژوو بگیرێت، ئەو رۆژەكەی كە پێغەمبەر موسا بەخۆی‌و پەڕاوەكانی شەریعەتەوە بۆ دووەمجار لە سینا دابەزی‌و رایگەیاند كە خودا لە هەڵەی جولەكەكان ( پەرستنی گوێرەكەی ئاڵتونی) خۆشبووە.  رۆژی كیپور 26 كاتژمێر دەخایەنێت‌و بە پیرۆزترین رۆژی جەژن‌و مەراسیمە ئاینییەكانی جولەكە دادەنرێت‌و لەم رۆژەدا لە ئیسرائیل رادیۆ تەلەفزیۆنەكان پەخشیان رادەگرن، هەروەها جوڵەی ئۆتۆمبیل رادەگیرێت‌و ژنان واز لە چێشتلێنان و هەموو كارێكی ناوماڵ دەهێنن. هەروەها لەم رۆژەدا جولەكەكان لە هەموو خۆشییەكانی ژیان‌و كارەكانی دنیا دووردەكەونەوە‌و خۆیان بۆ پەرستن‌و لێپرسینەوە لە خود تەرخاندەكەن‌و خەڵك لەگەڵ خۆرئاوابووندا بەڕۆژوودەبن هەتا هاتنی تاریكی رۆژی دواتر، بۆئەوەی لە خودا نزیك ببنەوە‌و لە هەڵەو تاوانەكانیان خۆشببێت. بەشێك لەو جولەكانەی كە زۆر ئیماندارن پێش دەستپێكردنی رۆژووگرتن, دەچن بۆ دیواری بوراق لە باشووری مزگەوتی ئەقسا بۆ نوێژكردن, هەروەها جولەكەكان چەند بنەمایەكی تریش پەیڕەودەكەن، لەوانە رۆژوونەگرتن لە رۆژانی شەممە یان لە رۆژانی فێستیڤاڵ‌و مەراسیمە ئاینییەكاندا، بەڵام رۆژی كیپۆر بەدەركراوە لەم بنەمایانە، هەروەها جولەكەكان لە مانگی نیسانیشدا رۆژوو ناگرن‌و نەخۆش‌و ئافرەتانی سكپڕیش لە رۆژووگرتن بەخشراون. بە گوێرەی لێكدانەوەی نوێ بۆ ئاینی جولەكە، حاخامەكان، مامۆستایان، كارمەندانی ئاسایش‌و لێپرسراوان‌و بڕیاربەدەستدان نابێت بەرۆژووبن بۆئەوەی كاریگەری بۆسەر ئەركەكانیان نەبێت. هەروەها جۆرێكی تر رۆژووگرتن هەیە لە ئاینی جولەكەدا كە ئەمەیان ئارەزوومەندانەیە‌و ئەو كەسانە بەرۆژوودەبن كە دەیانەوێت بە ئامانجێك بگەن، یان دەخوازن خودا لە تاوانەكانیان خۆشببێت, یان وەك سوپاسگوزارییەك لەبەرامبەر ئەو نیعمەتانەی خودا پێی بەخشیون. رۆژوو لە ئاینی مەسیحییدا رۆژووگرتن لە ئاینی مەسیحیدا هاوشێوەی ئاینەكانی پێشووی، ئامانج لێی نزیكبوونەوەیە لە خودا‌و داواكردنی لێخۆشبوون‌و بۆ بەدیهێنانی ئاوات‌و ئامانجەكان و باوەڕبوونە بە رۆژی لێپرسینەوە. بە گوێرەی كتێبی دانیال:" كەسی مەسیحیی  بەرۆژوودەبێت لەبەر خۆشەویستی خودا‌و ئارەزوو بۆ نزیكبوونەوە لێی‌و ملكەچی و گوێڕایەڵی بۆی". رۆژووگرتن لەلای مەسیحییەكان پێگەیەی گەورەی هەیە، چونكە پەیوەستە بە رۆحی خودا‌و پابەندبوون بە رێنماییەكانی مەسیح لە رۆژی دروستبووونیەوە تا دەركەوتنەوەی دووەمی وەك بەڵگەیەك بۆ باوەڕ پێی. ئینجیل كاتێك یان مانگێكی دیاریكراوی بۆ رۆژووگرتن دیارینەكردووە، بەڵكو هەموو تایەفەیەك یان كڵێسایەك وادەیەك بۆ پەیڕەوكارانی دیاریدەكات بۆئەوەی تێیدا بەڕۆژووبن، شێوازێك یان كاتێكی دیاریكراو نیە كە مەسیحییەكانی جیهان لە رۆژووگرتندا پابەندی بن، بەڵكو جیاوازی زۆر لە نێوان مەسیحییەكاندا هەیە لەو بوارەدا، كڵێساكان 40 رۆژ پێش جەژنی هەساتانەوە ( قیامە) وادەی رۆژووگرتن دیاریدەكەن بە گوێرەی نەریتەكانی هەر كڵێسایەك. مەسیحییەكان لەكاتی رۆژووگرتندا لە رۆژێكدا لانی كەم بۆماوەی 12 كاتژمێر خۆیان لە خواردن دەگرنەوە‌و هەمیشە لە سەرەتای رۆژدا دەستپێدەكات هەتا ئەو 12 كاتژمێرە تەواودەبێت، ئەمەش بنەمایەكی جێگیر نییە‌و مەسیحیی هەیە كاتێكی درێژتر بەڕۆژوودەبێت. رۆژووگرتن لە ئیسلامدا رۆژووگرتن لە ئیسلامدا فەرزە‌و یەكێكە لە پێنج بنەما سەرەكییەكەی ئاینی ئیسلام، دەكەوێتە مانگی رەمەزانی هەموو ساڵێكەوە. رۆژووگرتن لە ئیسلامدا بریتیە لە خۆگرتنەوە لە خواردن‌وخواردنەوە‌و هەموو كردوەیەكی خراپ بۆ خودی كەسەكەو كەسانی تر، ئەوەش بە ئامانجی نزیكبوونەوە لە خودا‌و بەدەستهێنانی چاكە‌و حەسەنات‌و پاككردنەوەی دروون لە تاوان. مانگی رەمەزان لای موسوڵمانان، مانگی خوداپەرستی‌و نوێژ‌و دوعاو خوێندنی قورئانە، موسڵمانان دوای بینینی مانگی رەمەزان دەستدەكەن بە رۆژووگرتن ‌و بەزۆری 30 رۆژ دەخایەنێت‌و پاشان جەژنی رەمەزان دێت كە سێ‌ رۆژە‌و رۆژووگرتن تێیدا حەرامە، ئەو موسوڵمانانەشی كە بەهۆكاری تەندروستی رێگەپێدراو نەیانتوانیوە هەموو مانگەكە  بەرۆژووبن, دەتوانن دوای جەژنی رەمەزان قەرەبووی بكەنەوە لە هەر رۆژێكدا كە بۆیان دەگونجێت, جگە لە مانگی رەمەزان موسوڵمانان لە چەندین بۆنەی تریشدا بەڕۆژوودەبن. لە جەژنی رەمەزانیشدا موسوڵمانان سەردانی یەكتر دەكەن‌و پیرۆزبایی لە یەكتردەكەن‌و ئەو كەسانەشی كە لە یەكتر نیگەران بووبن ئاشتدەبنەوە‌و لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوانیان هەڵدەدەنەوە. راپۆرتی: بی بی سی 


راپۆرت: محەمەد رەئوف، نامیق رەسوڵ   ئەمڕۆ گەرمترین ‌و سەختترین گفتوگۆی نێوان ( یەكێتی  نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەڕێوەچوو، گۆڕان و یەكێتی داوای جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیان دەكرد، نێچیرڤان بارزانیش بە جێگری بێ ناونیشان هەردووكیانی رازیكرد و سوپاسێكی گەرمی بزوتنەوەی گۆڕانیشی كرد. پارتی لە سلێمانی یەكلایكردەوە پێش هاتنی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی‌و كاندیدی ئەو حزبە بۆ سەرۆكی هەرێم سەركردایەتی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداردەكاتەوە رۆژی یەكشەممە سەردانیان دەكات لە سلێمانی و داوای دوایین رەشنوسی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستی كەوتووە، شەوی شەممە عیماد ئەحمەد وەك سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی رەشنوسی رێككەوتنەكەی داوەتە كەمال كەركوكی سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری پارتی، بەڵام لە رەشنوسەكەدا هەندێك گۆڕانكاری تێدا دەبێت كە بە دڵی پارتی نابێت و پێشتر لە رێككەوتنی زارەكی نێوان یەكێتی و پارتی باس نەكراوە، بۆیە گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان وەفدی پارتی و یەكێتی دەستپێدەكاتەوەو ناگەنە ئەنجام، دوای گەیشتنی وەفدی پارتی بە سلێمانی و كۆبوونەوەیان لەگەلًَ بزوتنەوەی گۆڕان ناكۆكییەكانیان لەگەڵ یەكێتی بەردەوام دەبێت‌و دەگاتە ئاستی بە بنبەست گەیشتن و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی نێوانیان. جێگری بێ ناونیشان  بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، رەزامەند دەبن بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم، بە مەرجێك جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بدرێتە كاندیدەكەی گۆڕان، بەڵام وەفدی پارتی رایدەگەیەنن یەكێتی بەو پێشنیازە رازی نیە، بۆیە لەوێدا وەفدی پارتی پێشنیازی جێگری یەكەم و دووەم دەخاتە بەردەم گۆڕان و بەتەلەفۆنیش لەگەڵ وەفدی یەكێتی، بەڵام یەكێتی ئەو پێشنیازەش رەتدەكاتەوە، یەكێتی سور دەبێت لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، بەهەمان شێوەش بزوتنەوەی گۆڕان، تەنانەت گۆڕان بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە، بۆ ئیحراج نەبوون لەبەردەم جەماوەرەكەیان‌و رازی بونیان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم بەبێ وەرگرتنی هیچ پۆستێكی دیكە لەبری، بۆیە پێویستە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بدرێتە گۆڕان، بەڵام یەكێتی بەتەواوەی رەتیکردوەتەوە. لەبارەی هۆكاری رازی نەبوونی یەكێتی بەو پێشنیازە سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئەوان لەبەر دوو هۆكار ئەو پێشنیازی پێدانی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە بزوتنەوەی گۆڕان رەتدەكەنەوە کە بریتین لە: -    یەكێتی خاوەنی هێزی سەربازییەو گۆڕان هیچ هێزێكی سەربازیان نیە, بۆیە لە حاڵەتی وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن گۆڕانەوە، هێزەكانی یەكێتی بەهیچ شێوەیەك پەیوەست نابن بەو بڕیارەوە. -    پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی ( 70) و ( 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە لەبەرامبەر رازی بوونیان بە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم، بەرپرسانی یەكێتی بەتەواوی توڕەكردووەو ئەوان وەك ( ئیستفزازكردن) لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكێتی لێی دەڕەوانن‌و بەهیچ شێوەیەك لەم قۆناغەدا رازی نابن بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانەو رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كە ئێستا بە هەوڵی هێزەكانی هاوپەیمانان دەستیپێكردووە، بۆیە سوربوونی یەكێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشنیازەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوایین كۆبونەوەیدا كردی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و 80 ی پارتی. هەر بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) نێچیرڤان بارزانی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە" با جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم هیچ ناونیشانێكی دیاریكراویان نەبێت (نە جێگری یەكەم و دووەم، نە جێگری سەربازی و ئیداری)، تەنانەت بە بەرپرسانی یەكێتی راگەیاندووە، لەكاتی چۆڵ بوون یاخود چونە دەرەوەی سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی شوێنی ناگرێتەوە، بەڵكو جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سیاسی‌و ئیداری جێگەی دەگرێتەوە، بۆیە لە كاتی چوڵبونی پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆئەوەی جێگرەكەی یەكێتی شوێنی بگرێتەوە، پێویستە جێگرەكان ناونیشانیان نەبێت، تەنانەت پێشی وتوون بە پێی ئەمری واقیع جێگرەكەی یەكێتی دەسەڵاتی تەواوی سەربازی‌و ئیداری پیادە دەكات، ئیتر بۆچی جێگرەكەی خۆتان تەنها لە كاروباری سەربازیدا قەتیس دەكەن، بەم پێشنیازە یەكێتی رازی دەكات، كە جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم هیچ ناونیشانێكیان نەبێت. ئەم پێشنیازە تا ئاستێك بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانیش رازی دەكات و لەبەرامبەر رازی بونیشیان وەفدی باڵای پارتی سوپاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن لەبەرامبەر نەرمی نواندنیان و رازی بوونیان هەروەك چۆن شۆڕش حاجی، وتەبێژی گۆڕان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا رایگەیاند" برایانی پارتی هاتبون ستاییش و پێزانین بەرامبەر گۆڕان دەرببڕن"، وتەبێژی پارتیش دەڵێت " ئەمڕۆ بۆیە هاتوین بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان تا سوپاسیان بكەین لە ئاسانكاریكردن و رازیبونیان بۆ پێكهێنانی حكومەت" دۆخێكی هەستیار سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند"لە ساتی كۆبونەوەی وەفدی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، بەبەردەوامی وەفدی پارتی لەگەڵ وەفدی یەكێتی لە گفتوگۆدا بوون لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوانیان، سەرەرای كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری پارتی كێشەیان دەبێت لەسەر چەند بڕگەیەكی دیكەی رێككەوتنەكەی نێوانیان بەتایبەتیش لەسەر جێگری وەزیرەكان. وەفدی یەكێتی داوایانكردووە ئەو جێگرانەی كە بەر یەكێتی دەكەون دەبێت لەسەرو ئەو جێگرانەوە بن كە ئێستا لای یەكێتین و بەردەوامن لە كاركردن، بەڵام وەفدی پارتی بەتەواوی ئەمەیان رەتكردوەتەوەو پێیان راگەیاندوون كە جێگرو ئەو پشكانەی بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەون بەوانەشەوەیە كە ئێستا لای یەكێتین، ئەم ناكۆكیە وا دەكات بارودۆخێكی ئاڵۆز دروست ببێت و گفتوگۆكان دەگەنە ئاستی بنبەست، بەتایبەتیش ئەم كێشانە تێكەڵ بە كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم دەبن و یەكێتی هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی نێوانیان دەكات، پاشان لەدوای چارەسەركردنی كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم كێشەی پۆستەكانی دیكەش چارەسەر ەبن بەڵام وەك سەرچاوەكەی (درەو میدیا) ئاماژەی بۆ دەكات " بە نابەدڵی".   بەركەوتەی یەكێتی  •    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان •    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم   •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی خوێندنی باڵا •    وەزارەتی كشتوكاڵ •    وەزارەتی رۆشنبیری •    وەزارەتی پێشمەرگە •    وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد •    دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم •    دەستەی گەشتوگوزار •    دەستەی مین •    ژمارەیەك جێگر وەزیرو راوێژكارو نوێنەرایەتی دەرەوە   


به‌دواداچوون: نیاز عه‌بدوڵڵا "یه‌كێك له‌ دكتۆره‌كان وتی براكه‌ی خۆت ده‌ناسیته‌وه‌؟ وتم به‌ڵێ، له‌ناو‌‌ هۆڵی مردووه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ نزیكه‌ی 150 پیاوی مردووی لێ بوو، كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ ئه‌و له‌ لای ده‌رگاكه‌ داندرابوو و هێنامانه‌ ده‌ره‌وه،‌ قاچ و ده‌سته‌كانی هه‌ر به‌سترابوونه‌وه‌‌ و خۆم كردیانمه‌وه‌". ‌سه‌ردار عوسمان برای چواره‌می سه‌رده‌شت كه‌ له‌ ته‌نیشت گڵكۆی براكه‌ی ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد ده‌نگی له‌ گه‌روویییه‌وه‌ نووسابوو و چاوه‌كانی پڕ له‌ فرمێسك بوون. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سی خانه‌واده‌كه‌یانه‌ ته‌رمی برای هه‌شته‌می بینیوه، سه‌ره‌ڕای ئاگاداركردنه‌وه‌ی زۆری له‌ مه‌ترسیداری رێگاكه‌ و ئه‌وبه‌ری شاری موسڵ كه‌ ئه‌وكات به‌ شوێنی چالاكی تیرۆریسته‌كان ناوبانگی هه‌بوو، به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی 6ی ئایاری 2010 به‌ ئۆتۆمبێلێكی ئه‌مبۆلانس له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كیان و شوفێره‌كه‌ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی پزیشكی داد رۆیشتن. وه‌ك سه‌ردار به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئێواره‌ی 5ی ئایار له ژێرنووسێكی كوردستان تیڤی نووسرابوو، ئه‌وانه‌ی به‌شوێن كوڕه‌ رفێندراوه‌كه‌ی پێش كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ده‌گه‌ڕێن په‌یوه‌ندی به‌م ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ژماره‌یه‌كی كۆڕه‌ك تیلیكۆم بوو، ئێمه‌ له‌ رێگای هاوڕێكانی سه‌رده‌شت له‌و نووسراوه‌ بڵاوكراوه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندیم به‌و ژماره‌یه‌وه‌ كرد، كه‌سێكی كوردی زابت پۆلیس ده‌رچوو له‌ موسڵ تا هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ چه‌ند جارێك به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌مان كرد". ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیس‌ به‌ سه‌رداری وتبوو ته‌رمی سه‌رده‌شتی له‌ كاتژمێر 5:30ی ئێواره‌ له‌ گه‌ڕه‌كی وه‌حده‌‌‌ (حی الوحدە) به‌ ده‌ست و قاچ به‌ستراوی كه‌ كیسه‌یه‌كی ره‌شی خراوه‌ته‌‌ سه‌ر و گولله‌یه‌ك به‌ ده‌مییه‌وه‌ نراوه‌ و له‌سه‌رییه‌وه‌ ده‌رچووه‌، له‌سه‌ر پردی4ی موسڵ دۆزیوه‌ته‌وه‌ و داوای كردووه‌ بچن ته‌رمه‌كه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی دادوه‌ری موسڵ وه‌ربگرنه‌وه. بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ برای چواره‌م و باوكی سه‌رده‌شت له‌گه‌ڵ هه‌شت خزم و دراوسێیه‌كیان ده‌ڕۆن بۆ موسڵ، له‌وێ له‌ رێگای په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانیان مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ موسڵ ئۆتۆمبێلی ئه‌مبۆلانسیان بۆ دابین ده‌كات تا بچن له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ته‌رمه‌كه‌ بهێننه‌وه‌، دواتر هه‌ر به‌و ئۆتۆمبێله‌ به‌ یاوه‌ره‌ی سه‌رداری برا و عوسمانی باوك تا به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌یان ته‌رمی سه‌رده‌شتی تیرۆركراو ده‌هێننه‌وه‌. سه‌رده‌شت عوسمان رۆژنامه‌نووس و خوێندكاری قۆناغی چواره‌می به‌شی زمانی كۆلیژی ئه‌ده‌بیات ته‌نیا دوای 8كاتژمێر و 20 خوله‌ك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر یادی‌ رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، له‌پێش كۆلیژه‌كه‌ی له‌ 4ی ئایاری 2010 كاتژمێر 8:20ی به‌یانی له‌ كاتی چوونی بۆ خوێندن له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوی جلوبه‌رگ مه‌ده‌نی به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندا سپی 12 نه‌فه‌ری ژماره‌ كاتی به‌غداد رفێندرا و،‌ له‌ ئێواره‌ی دووه‌م رۆژی رفاندنه‌كه‌یدا هه‌واڵی بوونی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ شاری موسڵ‌ به‌ خێزانه‌كه‌ی راگه‌یه‌ندرا. سه‌ردار وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یان بوو‌ ته‌رمه‌كه‌ی بینی، دوایین كه‌سیش بوو كه‌ ئه‌وی به‌ زیندوویی بینی، چونكه‌ ئه‌و رۆژی 4ی ئایار سه‌رده‌شت ده‌باته‌ زانكۆ و چه‌ند خوله‌كێك له‌ دوای جێهێشتنی ئه‌وێ رفاندنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. به‌پێی قسه‌ی خوێندكاره‌ شایه‌تحاڵه‌كانی پێش كۆلیژی ئه‌ده‌بیات كه‌ سه‌رده‌شت له‌ سه‌یاره‌ی براكه‌ی داده‌به‌زێت "دوو پیاوی جل مه‌ده‌نی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌شت ده‌كه‌ونه‌ قسه، دیاره‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان بووه‌ بیخافڵێنن و نه‌چێته‌ ناو كۆلیژه‌كه‌ی تا سه‌ردار ده‌ڕوات، بۆیه‌ له‌ دوای رۆیشتنی چه‌ند كه‌سێكی تر له‌ناو سه‌یاره‌یه‌كی جۆری كیا-هۆندای سپی داده‌به‌زن و له‌گه‌ڵ دوو كه‌سه‌كه‌ به‌ زۆر و لێدان ده‌یخه‌نه‌ ناو سه‌یاره‌كه‌‌‌ و ده‌یڕفێنن". به‌شدار برای حه‌و‌ته‌می خێزانه‌كه‌ی به‌ گێڕانه‌وه‌ی رووداوی رفاندنه‌ بۆ (دره‌و میدیا) ده‌یویست ئه‌وه‌ش بگه‌یه‌نێت كه‌ به‌پێی شێوه‌ی رفاندنه‌كه‌ی، پێشتر چاودێری و ئاماده‌كاری ورد كراوه‌ بۆ رفاندن و كوشتنی براكه‌ی‌. سه‌رده‌شت له‌‌ وتاری "یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێی دا" له‌باره‌ی ئه‌و رێكارانه‌ی گرتبوویه‌به‌ر بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ری، نووسیبووی "دوێنێ راگری كۆلیژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ شه‌وی رابردوو ئیهانه‌ و ته‌هدیدی كوشتنیان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه‌ كێشه‌ی پۆلیسه‌، دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌ عه‌مید عه‌بدولخالقی به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێركرد پێمی گووت له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ژماره‌ی مۆبایله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند جارێكی دیكه‌ش دووباره‌ بێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ولێر ئارامه‌ و شتی ئاوای لێ روونادات". هه‌مان رۆژ دوای ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی به‌ رفاندنه‌كه‌ی ده‌زانن له‌ نزیكترین بنكه‌ی پۆلیسی نزیك كۆلیژه‌كه‌ی كه‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئازادییه‌ سكاڵای یاسایی تۆمارده‌كه‌ن و پۆلیس به‌ فه‌رمی له‌ رفاندنی كوڕه‌كه‌یان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام له‌ سێیه‌م رۆژی پاش‌ تۆماركردنی سكاڵاكه‌ له‌ 6ی ئایار و دوای هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ موسڵ، له‌ هه‌ولێر له‌نێو هاوار و شیوه‌ن و گریانی هاوڕێ و خوێندكاره‌كان و خزمه‌كانی، ته‌رمی سه‌رده‌شت عوسمان له‌ دواوه‌ی ئۆتۆمبێلێكی جۆری گازی سپی دوو ته‌نی داندرا و بۆ ماڵئاواییكردن برایه‌وه‌ ناو كۆلیژه‌كه‌ی و ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ چیرۆكی رفاندنه‌كه‌ی لێیه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، دواتر به‌ره‌و گوندی گردعازه‌بان به‌ڕێكرا تا له‌وێ به‌خاك بسپێردرێت.   برا گه‌وره‌ی خانه‌واده‌كه‌ی سه‌رده‌شت‌، به‌كرعوسمان ناسراو به‌ ئارام عه‌لی كه‌ ته‌نیا ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌یه‌ به‌هۆی نیشته‌جێبوونی له‌ وڵاتی سوید نه‌یتوانی دوایین ماڵئاوایی به‌ر له‌ به‌ خاكسپاردنی له‌ براكه‌ی بكات و هێشتا له‌گه‌ڵ ئازاری ساتی هه‌واڵی پێڕاگه‌یاندنی مه‌رگی براكه‌ی ده‌ژی، له‌باره‌ی راپۆرتی پزیشكی داده‌وری موسڵ و جیاوازی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ به‌ (دره‌و میدیا)ی وت " لەگەڵ هێنانەوەی تەرمی سەردەشت، هیچ راپۆرتێکی پزیشکی دادوه‌ری نەدرا، ئێمە پەیوەندیمان بەو نه‌خۆشخانه‌یه‌‌ کردەوە بۆ وەرگرتنی راپۆرته‌كه‌، دکتۆرێک وەڵامی دایەوە، وتی وەرن راپۆرتەکە ئامادەیە و بیبه‌ن". به‌ڵام خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت كاتێك ده‌چنه‌وه‌ هه‌مان نه‌خۆشخانه‌ پێیان راده‌گه‌یه‌نن "کە کەسی تر هاتووە و راپۆرتەکەی بردووە". ئه‌وان پرسیاری ئەو دکتۆرە ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌ به‌ڵام پێیان ده‌ڵێن "ئەو دکتۆرە لێرە نەماوە" دوای گه‌ڕان به‌دوای شوێن و كاری نوێی هیچ زانیارییه‌كیان ده‌ست ناكه‌وێت. سه‌ركه‌وت عوسمان برای سێیه‌می سه‌رده‌شت به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "له‌ دوای هێنانه‌وه‌ی سه‌رده‌شت به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێر داوایكرد ته‌رمه‌كه‌ی ببه‌ینه‌ پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ره‌تكرده‌وه‌". دوای تێپه‌ڕبوونی 4 هەفتە بەسه‌ر رووداوه‌كه‌ به‌ناوی پزیشكی دادوه‌ری موسڵ و به‌ رێككه‌وتی 4/5/2010 راپۆرتێك لە لایەن (لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان) بڵاوكرایه‌وه‌. ئارام عوسمان له‌ باره‌ی راستی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌ وتی "ئاسایشی هەولێر لێدوانێکی تەمومژاویان دا و راپۆرتێکی پزیشیکیان بڵاوکردەوە، ئەو لێدوان و راپۆرتە راستی رووداوەکەی تیادا دەستکاری کرابوو بە سیناریۆیەکی ناڕاست رووداوه‌کەیان گێڕابووه‌وه‌، به‌شێكی پێچه‌وانه‌ی كاتی رووداوه‌كه‌یه‌ و راپۆرته‌كه‌ به‌ رێككه‌وتی 4ی ئایار رۆژی رفاندنه‌كه‌ی نووسراوه‌ له‌ كاتێكدا 5ی ئایار گه‌یه‌ندرابووه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌". ‌‌ ئه‌و سه‌رنجی زیاتری له‌سه‌ر ئاسه‌واره‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێوه‌نانی فیشه‌كه‌كه‌ هه‌بوو ‌‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا به‌جۆرێكی تر نووسراوه،‌ بۆ نموونه‌ "سه‌رده‌شت فیشه‌ك به‌ ده‌مییه‌وه‌ نرابوو كه‌چی له‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌، له‌ كاتێكدا شوێنی پێوه‌نانی فیشه‌كه‌كه‌ بۆناو ده‌می ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌ و سه‌ركوتكاری نووسین و وتن و بۆئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ نووسیونی". له‌ ژێر فشاری میدیا و چالاكوانانی مه‌ده‌نی و ناڕه‌زایی شه‌قام و خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان بریاری دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی دا به‌ ناوی (لیژنه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان) به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ كه‌ریم سنجاری، كه‌ ئه‌وكات ناوی لیژنه‌كه‌ به‌هۆی پێكهاته‌ی ئه‌ندامان و فه‌رامۆشكردنی رۆژنامه‌نووس، بوونی كه‌وته‌ به‌ر ره‌خنه‌‌ و لیژنه‌كه‌ش نه‌بووه‌ هۆی ده‌ستگیركردنی بكوژان. رۆژی 15ی ئه‌یلولی 2010 ئاسایشی هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ ناونیشانی "ناسنامه‌ی بكوژانی قوتابی سه‌رده‌شت عوسمان ئاشكرا ده‌كات"  بڵاوكرده‌وه‌ به‌بێ هیچ ئاماژه‌كردنێك به‌ رفاندنه‌كه‌ی له‌نێو بازگه‌كانی ده‌زگای ئاسایش، تیایدا هاتبوو "پاش كۆكردنه‌وه‌ و تاوتوێكردن و شیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین زانیاری له‌ سه‌رچاوه‌ی جیاجیا له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌سێكی سه‌ر به‌ گرووپی ئه‌نسار ئه‌لئیسلام -انصار الاسلام به‌ ناوی هیشام مه‌حمود ئیسماعیل ته‌مه‌ن 28 ساڵ به‌ ره‌گه‌ز كورد، دانیشتووی شاری موسڵ پیشه‌ی فیته‌ره‌ له‌ پیشه‌سازی شارۆچكه‌ی بێجی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ شه‌هیدكردنی ناوبراو". له‌ یه‌كه‌م رۆژی دادگاییكردنی تاوانباركراو له‌ لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێر، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی هیشام مه‌حمود برایه‌ به‌رده‌م دادوه‌ر عه‌بدولباست فه‌رهادی له‌ دادگای تاوانەکانی هه‌ولێر. به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌ بڵاوكراوه‌كانی رۆژنامه‌ی رووداو به‌هۆی هه‌بوونی هه‌ڵه‌ له‌ دۆسییه‌كه‌ به‌وه‌ی نووسرابوو "له‌ رۆژی 30/8/2010 ئیفاده‌ له‌ تۆمه‌تبار وه‌رگیراوه‌ به‌ڵام له‌ رۆژی 7/9/2010 ده‌ستگیركراوه‌" دادوه‌ر دانیشتنی دادگاییكردنی دۆسییه‌كه‌ی دواخست. ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌ له‌ 14ی ئایاری 2013 بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "هیشام مه‌حمود ئه‌و كه‌سه‌ی تۆمه‌تباركرابوو به‌ كوشتنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان به‌هۆی نه‌بوونی شاهید و به‌ڵگه‌ له‌سه‌ری ئازادكراوه". به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له‌ لایه‌ن خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان "به‌هۆی نووسینه‌كانی و ره‌خنه‌گرتن له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی دیموكرات و سیستهمی سیاسی" تیرۆركراوه‌، ئاماده‌ی هیچ یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كانی دادگاییكردنی هیشام نه‌بوون. بۆیه‌ عوسمان حه‌سه‌ن باوكی سه‌رده‌شت به‌ ماڵپه‌ڕی سبه‌ی وتبوو "هه‌ر كاتێك بكوژی راسته‌قینه‌ی كوڕه‌كه‌مان برایه‌ به‌رده‌م دادگا ئه‌و كات ئێمه‌ش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌بین". سه‌رده‌شت له‌ 25/12/1987له‌ گه‌ڕه‌كی كرێكارانی شاری هه‌ولێر له‌‌ دایكبووه، خێزانه‌كه‌ی پێكهاتوون له‌ سێ خوشك‌ و ده‌ برا كه‌ ئه‌و هه‌شته‌مین له‌ دایكبووی كوڕیان بووه‌. سه‌رده‌شت پێشتر له‌ وتاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كاندا ئاماژه‌ی به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌هۆی وتاره‌كانی "من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم" و "نه‌ سه‌رۆك خوایه‌ نه ‌كچه‌كه‌ی" لێی كراوه‌، وتاری یه‌كه‌می 348 وشه‌ بوو و وتاری دووه‌می 804 وشه بوو‌، به‌ڵام له‌ دوای تیرۆركردنی له‌ دوو به‌رگی كتێبدا به‌ناوی "سه‌رده‌شت عوسمان" له‌به‌رگی یه‌كه‌مدا 1049 لاپه‌ڕه‌ و له‌به‌رگی دووه‌مدا 866 لاپه‌ڕه له‌ دژی تیرۆركردن و له‌دژی بكوژانی و پاڵپشتیكردنی ئازادی نووسراوه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.‌ به‌ زمانی كوردی و زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان له‌ رێگای به‌دواداگه‌ڕانی گۆگڵه‌وه‌ چه‌ندین هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی نووسراوی له‌سه‌ر ده‌دۆزرێته‌وه‌. به‌شدار‌ له‌گه‌ڵ برا تیرۆركراوه‌كه‌یدا ژوورێكی هاوبه‌شیان هه‌بووه‌ بۆ خوێندن و خه‌وتن له‌ ماڵه‌كه‌یاندا، ئه‌و تائێستاش ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی پاراستووه‌ كه‌ له‌ كاتی كوشتنی له‌ نێوگیرفانی دابوون و پێكهاتبوون له‌ وێنه‌یه‌كی خۆی و سێوه‌ی دایكی له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی زانكۆ و ته‌نیا 12هه‌زار دیناری عێراقی. سێوه‌ حه‌مه‌ده‌مین كه‌ له‌ دوای تیرۆركردنی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ ته‌واوی بووه‌ته‌ دایكێكی ره‌شپۆش، زوو زوو فرمێسكی چاوه‌كانی ده‌سڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئومێدی به‌ دادگان نه‌مابێت ده‌ست بۆ ئاسمان به‌رزده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێ "حه‌قی سه‌رده‌شتم له‌و خودایه‌ ده‌وێ، ئیللا هاواری ئه‌و خودایه‌ ده‌كه‌م، نوخشه‌ی سه‌دامیان لێ بێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم". سێوه‌ی دایك له‌سه‌ر گڵكۆی كوڕه‌كه‌ی سه‌باره‌ت هاوده‌نگی و هاوخه‌می خه‌ڵك له‌گه‌ڵیان به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌ستبارییان گرتووه‌ له‌گه‌ل خه‌مه‌كانمان، ئه‌و كوڕه‌ زۆربێ گوناه بوو، ده‌چووه‌ مه‌كته‌ب و ده‌هاته‌وه". ئه‌و گێڕایه‌وه‌ رۆژێك له‌سه‌ر زۆر خوێندن گله‌یی له‌ كوڕه‌كه‌ی كردووه‌  پێی وتووه‌ "رۆژێك چاوی خۆت له‌سه‌ر ئه‌و كاغه‌زانه‌ داده‌نێی، ئه‌و وتی دایه‌ خوێندن ئه‌وهای ده‌وێ، زۆر مه‌راقی خوێندن بوو، له‌و رۆژه‌ی چووه‌ مه‌كته‌ب ساقیت نه‌بوو تا ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌وهایان لێكرد". دوای تێپه‌ڕبوونی 8 ساڵ به‌سه‌ر كوشتنی كوڕه‌كه‌یان، خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وتاره‌كانی "من عاشقی كچه‌كه‌ی بارزانیم" و "نه‌ سه‌رۆك خوایه‌ نه‌ كچه‌كه‌ی" له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانی تری هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ رفاندن و تیرۆركردنی. بۆیه‌ به‌شدار وتی‌" ئێمە هەمان خواست و ویستی یەکەمین رۆژەکانی لەدەستدانی رۆڵەکەمان دووپات دەکەینەوە دەبێت بکوژان و نەخشەداڕێژەرانی تیرۆری سەردەشت ئاشکرا و دادگایی بکرێن چونكه‌ تیرۆری سه‌رده‌شت ته‌نیا له‌ كوشتنی فیزیكی و گوله‌ بۆ ناوده‌می كۆتایینه‌هات به‌ڵكو هه‌موو ئیمكانییه‌تێكی حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و دادگاكان خرانه‌ خزمه‌ت ونكردنی بكوژانی راسته‌قینه‌ له‌به‌رچاوی ئێمه‌ و كۆمه‌ڵگا". له‌به‌رئه‌وه‌ "دوای 8 ساڵ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ لای ئێمه‌ و خه‌ڵكی كوردستان به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ و سه‌رده‌شت له‌وه‌ تێپه‌ڕیوه‌ به‌ته‌نیا كوڕی خانه‌واده‌یه‌ك بێت، ئه‌و ئێستا كوڕی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌".    


راپۆرتی:  محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ  مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەیەوێت لەگەڵ خۆی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەرێت‌و نێچیرڤان بارزانیش دەیەوێت ئەو دامەزراوەیە وەك چۆن پێشتر سەربە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە هەروا بمێنێتەوە، ئەمەش بەشێك لە ناكۆكییەكان بووە كە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی دواخستووە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا گۆڕانكاری لە پۆستەكانیدا دەكرێت‌و بزوتنەوەی گۆڕانیش بە پێی رێككەوتنی چونە حكومەت پشكی دەبێت لەو دامەزراوەیەدا.  ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان, بەپێی یاسای ژمارە ( 4)ی ساڵی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق پێكهاتووەو راوێژكارەكەی تائێستا مەسرور بارزانییە. ئەم دامەزراوەیە لە دامەزراندنیەوە بەستراوەتەوە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوەو راوێژكارەكەی پلەی وەزیری هەیە, هەروەك لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمی ژمارە ( 4)ی سالی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراقدا هاتووە" ئەنجومەنێك بەناوی ( ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) دادەمەزرێت‌و بەسەرۆكی هەرێمەوە گرێدەدرێت". هۆكاری بەستنەوەی ئەو دامەزراوەیە بە سەرۆكی هەرێمەوە، پەیوەست بوو بە خودی مەسرور بارزانییەوە كە رازی نەبوو دامەزراوەكەی بچێتە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەربۆیە لە  بڕگەی یەكەمی مادەی چوارەمدا هاتووە" ئەنجومەنی ئاسایش راوێژكارێكی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێنرێت"   پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمی یاسای ژمارە ( 4)ی ساڵی 2011 ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا ئەنجومەنەكە پێكدێت لە: -     دەزگای ئاسایشی هەرێم -    بەرێوەبەری هەواڵگری سەربازی  -    ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری بەهۆی دابەشبوونی دەزگاو هێزە ئەمنییەكان بەسەر یەكێتی‌و پارتیدا, هەر یەك لەو دامەزراوانە دوو ئەندامیان هەبووە یەكێكیان یەكێتی و ئەویتریان پارتی، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێكهاتوون لە : -    راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان / مەسرور بارزانی  -    سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان / د. خەسرەو گوڵ محەمەد -    سەرۆكی دەزگای پاراستن‌و زانیاری- زانیاری / لاهور شێخ جەنگی  -    سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری- پاراستن/ نەزهەت حالی  -    سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی یەكێتی  -    سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 80ی پارتی  لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا ئەم ئەنجومەنە بەهۆی ناكۆكیەكانیەوە كۆنەبوەتەوەو هەماهەنگی تەواوەتی لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا نیە.  ئەنجومەنی ئاسایش بە ژمارە بەپێی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان، ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ( 6 هەزار و 476 ) كارمەندەو بودجەكەشی ( 344 ملیارو 630 ملیۆن ) دینارە. هەربە بەپێی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەی كارمەندانی ( 31 هەزارو 421 ) و بودجەكەشی ( 487 ملیارو 443 ملیۆن ) دینار بووە. بەڵام لەدوای ساڵی 2013 ەوە تا ئێستا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نازانرێت بودجەی ئەو دەزگایانە چەندەو چۆن خەرجدەكرێت.  چارەنووسی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئێستاو لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چارەنووسی ئەنجومەنی ئاسایش ناڕوونە‌و نازانرێت مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆی دامەزراوەكەش دەباتە ناو حكومەتی هەرێمەوە یاخود وەك خۆی دەمێنێتەوەو دەكەوێتە ژێر دەستی نێچرڤان بارزانی؟. بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا دەستیپێكرد، مەسرور بارزانی كە دەبێتە سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، شوێنەكەی خۆی وەكو (راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) چۆڵ دەكات، پڕكردنەوەی ئەم پۆستەش كێشەیەكی تر بۆ پارتی دروستدەكات. بەپێی زانیارییەكان بڕیارە (وەیسی مەسعود بارزانی) بكرێت بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەپێی یاسا، ئەم پۆستە پلەكەی وەزیرە‌و سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، مەسرور بارزانی كە خۆی كەسایەتی ئەمنیی ژمارەیەكی پارتی بووە، نایەوێت لەداهاتوودا جڵەوی ئەو دۆسیەیە لەرێگەی یاساوە بكەوێتە دەستی نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم، بۆیە تا ئێستا روون نیە كە ئایا مەسرور بارزانی رازی بووە لەبەرامبەر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەو دەزگا ئەمنییە هەستیارە رادەستی نێچیرڤان بارزانی بكات، یاخود فێڵێكی یاسایی بۆ دەدۆزێتەوە بۆئەوەی جڵەوی سەرۆكایەتیەكەی هەر لای خۆی بمێنێتەوە، چونكە ئەو دامەزراوەیە لە داهاتوودا گۆڕانكاری تیادا دەكرێت و پۆستەكانی ناو ئەو دامەزراوەیە دابەشدەكرێنەوەو بزوتنەوەی گۆڕانیش پشكی دەبێت لەناو ئەو دامەزراوەیەدا، كە دەوترێت بەشێك لە ناكۆكییەكانی دواكەوتنی حكومەت بۆ رێكنەكەوتنی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دامەزراوەیە.  


وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ جارێكی تر سەرلەنوێ‌ بیرۆكەی پۆلێنكردنیرێكخراوی ئیخوان موسلمین وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لە لایەن ئەمریكاوە سەریهەڵدایەوە، ئەوەش دوای لێدوانەكانی سارە ساندەرز, وتەبێژی كۆشكی سپی كە رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئەو پرسە تاوتوێدەكات. ساندەرز ئاشكراشیكرد، ترەمپ ئەو پرسە لە نێو تیمەكەی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تاوتوێدەكات، هەروەك چۆن لەگەڵ سەركردەی ئەو وڵاتانەشدا گفتوگۆی لە بارەیەوە كردووە كە هەمان نیگەرانی ئەویان بەرامبەر ئیخوان موسلمین هەیە. رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز" یەكەمین میدیابوو كە ئەو هەواڵەی گواستەوە, رۆژنامەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەداوە ئیدارەی ترەمپ, جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی‌و ژمارەیەك دیپلۆماتكارێكی تری راسپاردووە چەند رێگایەك پێشنیازبكەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو رێكخراوەدا. ئەم پەرەسەندنە لە دوای كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ‌و عەبدولفەتاح سیسی هات كە نۆی ئەم مانگە ئەنجامدرا، بەڵام گفتوگۆ دەربارەی پۆلێنكردنی ئیخوان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، بابەتێكی نوێ نیە، ترەمپ ساڵی 2016 لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا خستیەڕوو، هەروەها جارێكی تر لە دوای هەڵبژاردنەكان‌و لە ساڵی 2017 گفتوگۆی لێكرایەوە, لەلایەن چەند ئەندامێكی حكومەتەكەی ترەمپەوە، ئەوەش بەوتەی وەلید فارس راوێژكاری پێشووی كەمپەینی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ كە قسەی بۆ كەناڵی " ئەلحوڕە " كردووە. ئیدارەی ترەمپ ئیخوان دەخاتە لیستی رێكخراوی تیرۆریستییەكانەوە؟ وەلید فارس, راوێژكاری پێشووی كەمپەینی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی جۆن بۆڵتۆن، هەروەها مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئیخوان بخرێتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە. بەڵام بە باوەڕی وەلید فارس، ناساندنی ئیخوان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی رووبەڕووی دژایەتی دەبێتەوە لەلایەن " بەشێك لە بیرۆكراتی" نێو ئیدارەكەی ترەمپەوە لەبەر چەند هۆكارێكی جیاواز، لەوانە زەحمەتی پۆلێنكردنی ئەو رێكخراوە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی, چونكە رێكخراوێكی بەرفراوان‌و نێودەوڵەتییە‌و" بەشێك لەو رێكخراوە تێوەگلاوە لە كارو رێكخراوی جیهادییە, دەكرێت بسەلمێندرێت، بەڵام بەشێكی تریش لە كەسایەتییەكانی ئەندامن لە حزبە سیاسییەكاندا". ئەو راوێژكارەی پێشووی كەمپەینی ترەمپ ئاماژە بۆئەوەشدەكات كە " پاشماوەی ئۆباما" ش لە ئیدارەی ئەمریكیدا دژایەتی دەكەن‌و ئەوان بیروبۆچونیان بەجۆرێكە كە دەتوانرێت ئیخوان لەدژی ئیسلامییە زیاتر توندڕەوەكاندا بەكاربهێنرێت، بەڵام ئەو دید‌و بۆچوونەوە لەگەڵ كاتدا نەماوەو وەلید فارس جەختدەكاتەوە بڕیارەكە ئەگەر بدرێت لەناو چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا دەدرێت. بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوان چی دەگەیەنێت؟ لە كاتێكدا ئەگەر واشنتۆن ئیخوانی خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە, ئەوا دەستبەجێ‌ دەبێتە ئامانجی سزا‌و كۆت‌و بەندەكانی ئەمریكا لە ناویشیاندا قەدەغەكردنی گەشت‌و كۆت‌و بەندەكانی سەر چالاكی ئابوریی. هەروەها ئەو بڕیارە هاوكاریكردنی مادی رێكخراوەكە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بە تاوان دادەنێت‌و هەموو مامەڵكردنێكی بانكی‌و دارایی لەگەڵ ئەو رێكخراوەدا قەدەغەدەكات، جگە لەوەی رێگە بەو كەسانە نادرێت بێنە ئەمریكاوە كە پەیوەندیان لەگەڵ ئیخواندا هەیە‌و ئاسانكاریش دەكات بۆ دیپۆرتكردنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە كار بۆ ئیخوان‌و بەرژەوەندی ئەو رێكخراوە دەكەن. رێكخراوی ئیخوان موسلمین كە ساڵی 1928 لەلایەن حەسەن بەنناوە لە میسر دامەزرێندراوە، دەوڵەتانی وەك روسیا‌و میسر و ئیمارات بە رێكخراوێكی تیرۆیستیان داناوەو مامەڵەكردنیان لەگەڵیدا بە تاوان داناوە. تۆم حەرب، ئەندامی گروپی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی پاڵپشتی دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی كەناڵی " ئەلحوڕە" دەڵێت ئەگەر بڕیارەكە بدرێت، ئەوا گورزێكی كوشندە دەبێت نەك بۆ ئیخوان بە تەنها بەڵكو بۆ هەموو جوڵانەوە‌و دامەزراوەكانی سەر بەو رێكخراوە. حەرب باوەڕیشی وایە كە بڕیاری پۆلێنكردنی ئیخوان موسلمین وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی چالاكی‌و رۆڵی ئابوریی ئەو رێكخراوە ناهێڵێت. بڕیارەكە چی لێدەكەوێتەوە؟ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردووەپێشنیازێك لە نێو ئیدارەی ئەمریكادا كراوە بۆئەوەی تەنها لقی میسری  ئیخوان موسلمین بخرێتە لیستی تیرۆرەوە، بۆئەوەی ئەمریكا خۆی بەدووربگرێت لە روودانی كێشەی دیپلۆماتی لەگەڵ وڵاتی تردا كە ئەو رێكخراوە بە تیرۆریست دانانێن. بەڵام كیلیان كونوای راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ئیدارەی ئەمریكا هیچ مەترسییەكی دەربارەی  كێشەی دیپلۆماتی‌و سیاسی نیە كە لە ئەنجامی بە تیرۆریست ناساندنی ئیخوانەوە سەرهەڵبدات. هەروەها تۆنی بەدران، توێژەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان لە واشنتۆن دەڵێت:" ئەگەر بڕیارەكە بەشێوەیەكی گشتگیر بەسەر ئیخوان موسلمین یان لقێكی دیاریكراویدا پیادەبكرێت، ئەوا كێشە‌و ئاستەنگی لێدەكەوێتەوە". بەدران دەشڵێت:" جیاوازی هەیە لە نێوان لقەكانی رێكخراوی ئیخوان موسلمین لە جیهاندا، لە غەززە گروپگەلێكی تیرۆریستی هەن پەیوەندییان بە پارەداركردنی تیرۆرەوە هەیە وەك بزوتنەوەی حەماس، بەڵام لە شوێنی تر قورسە پێناسەی یاسایی تیرۆر بەسەر لقەكانی ئیخواندا بسەپێنرێت". عەبدولڕەحمان یوسف، رۆژنامەنوسی شارەزا لە بزوتنەوە‌و جوڵانەوە ئیسلامییەكانیش دەڵێت: دەرەنجامەكانی ئەو جۆرە بڕیارە لەوانەیە چەند ئەندامێكی رێكخراوەكەش بگرێتەوە كە لێی دووركەوتونەتەوە، چونكە هەندێك دەوڵەتی عەرەبی هێشتا ئەو كەسانە وەك ئەندامی سەر بە ئیخوان هەژماردەكەن". ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژە بەوەشدەكات كە ژمارەیەكی زۆر كەس هەن لەسەر ئیخوان ئەژماردەكرێن‌و لە هەندێك وڵاتی عەرەبیدا لە پۆستی گشتیدان.  


درەو میدیا: چراخان رەفیق هاوسەری پێشوی ئاشتی هەورامی سكاڵای یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان، لە دادگای نێودەوڵەتی لەندەن تۆماركرد و دەڵێت " هەر لایەنێك و حزبێك و حكومەتێك توهمەتێك یان رێگیریم لێ بكەن ئەوە ئەوانیش شەریكە دزی ئاشتی هەورامین و دەیانەوێ بەردەوام بن لە دزێتی" لە نوسێنێكدا كە لە پەیجی رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویكردۆتەوە چراخان رەفیق دەڵێت" من وەك و چراخان رەفیق عومەر سكاڵای رەسمیم تۆمار كرد لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتێكانی هەرێم لە دادگای نێودەوڵەتی لەندەن( tribunal of the London Court of International Arbitration )هەمان ئەو دادگایەی كە جاری پێشۆ دانا غاز وزارەتەكەی روبەروو بوەوە ..وەسەجەم بەڵگەو موستەمسەكاتی گەندەڵێكانی ئاشتی هەورامی تەسلیمی دادگای نێو دەوڵەتی لەندەن كران بۆ لێكۆڵینەوە وە دەیسەلمێنم بۆ دونیاو هەرێمیش كە كێ ئەو هەموو گەندەڵی و دزێتیەی كردوە لە مەلەفی نەوتی هەرێم" چارخان رفیق  رونیدەكاتەوە كە ئاشتی هەورامی هەمیشە وای پیشانداوە گەر ئەو نەبێت سەرجەم كۆمپانیای بیانیەكانی نەوت لە هەرێم دەكشێنەوە بەڵام " راستیەكەی ئەوەیە ئەو رێككەوتوە بە پارە لەگەڵ چەند بەرێوبەرێكی كۆمپانیاكان وە ئتفاقی شەخسیان هەیە و هیچ پەیوەندی بە مانەوەی كۆمپانیا نێو دەولەتیەكانەوە نیە لە هەرێم دا" دەقی نوسینەكەی چراخان رەفیق من وەك و چراخان رەفیق عومەر سكاڵای رەسمیم تۆمار كرد لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتێكانی هەرێم لە دادگای نێودەوڵەتی لەندەن( tribunal of the London Court of International Arbitration )هەمان ئەو دادگایەی كە جاری پێشۆ دانا غاز وزارەتەكەی روبەروو بوەوە ..وەسەجەم بەڵگەو موستەمسەكاتی گەندەڵێكانی ئاشتی هەورامی تەسلیمی دادگای نێو دەوڵەتی لەندەن كران بۆ لێكۆڵینەوە وە دەیسەلمێنم بۆ دونیاو هەرێمیش كە كێ ئەو هەموو گەندەڵی و دزێتیەی كردوە لە مەلەفی نەوتی هەرێم و ئاشتی هەورامی تا ئێستا هەوڵی داوە گەندەڵێكانی خۆی بەسەر خەڵكانی كەیە ساغ بكاتەوە و كەسانی كە تاوان بار كات و ئێستاش كار بۆ ئەوە دەكات دوبارە لەكابینەی نوێی هەرێم وەك و وەزیر دابمەزرێتەوە و دووبارە خەڵكانێكی كە تاوان باركات بە گەندەڵی بۆ مانەوەی خۆی و هەمیشە وای پیشان داوە گەر ئاشتی هەورامی نەبێ ئەوە سەرجەم كۆمپانیا بیانێكانی نەوت لە هەرێم دەكشێنەوە بەڵام راستێكەی ئەوەیە ئەو رێككەوتوە بە پارە لەگەڵ چەند بەرێوبەرێكی كۆمپانیاكان وە ئتفاقی شەخسیان هەیە و هیچ پەیوەندی بە مانەوەی كۆمپانیا نێو دەولەتێكانەوە نیە لە هەرێم دا . وە چەندین ساڵە بێدەنگ بونی من لەم كەیسەدا ئەوەیە كە كەسانی زۆر بەرێز منیان راگرتوە  وە من بە شەخسی روبەروی ئاشتی هەورامی دەبمەوە لە دادگا وە هەر لایەنێك و حزبێك و حكومەتێك توهمەتێك یان رێگیریم لێ بكەن ئەوە ئەوانیش شەریكە دزی ئاشتی هەورامین و دەیانەوێ بەردەوام بن لە دزێتی وە لەم رۆوە هەر توهمەتێك یان بەربەستێكم بۆ دروست بكرێ لە حكومەت و حزب و لایەنەكانەوە ئە وە دەستی ئاشتی هەورامی لە پشتە و بە پارەی دزینی نەوت چاویان دادەپۆشێ.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand