راپۆرت: درەو میدیا بە واژۆی بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140، لەماوەی سێ مانگدا زیاتر لە (600) خێزانی پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین , دیالە, ئەنبارو بەغداد، دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگای كەركوك، كە ئەمەش شاڵاوێكی رێكخراوی تەعریبە لەو پارێزگایە. بەپێی نوسراوێك كە واژۆی كاكەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی كەركوكی مادەی 140 و هاوكات ئەندامی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لەسەرە، بە شەش لیست ناوی ( 600) خێزانی عەرەبی لە ماوەی تەنها سێ مانگدا ( 11/3 -28/6/2019 ) گەڕێنراونەتەوە بۆ پارێزگای كەركوك. گەڕانەوەی ئەو خێزانە عەرەبانە بۆ كەركوك بەو لێشاوە، گومانی گەورەی دروستكردووە بەوەی لە سەروەختی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە ( 1ی نیسان)ی داهاتوو بەڕێوەبچێت هاوكات بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری بكرێت، كە ئەمەش گۆڕینی دیمۆگرافیای كەركوكەو لایەنە كوردییەكانیش بێدەنگیان هەڵبژاردووە. كورد پێكهاتەی دۆڕاوی كەركوك لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كورد لە پارێزگای كەركوك دەسەڵاتو پێگەی بەتەواوی لاواز بووە، نەبوونی بەرنامەیەكی رون بۆ چارەنوسی ئەو پارێزگایەو ناكۆكی لایەنە كوردییەكان هێندەی تر پێگەی كوردی لاواز كردووە. لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتیو یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019 لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، بەڵام تا ئێستا یەكێتی و پارتی خۆیان نیانتوانیوە ئەندامانی خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رازی بكەن بۆ هەڵبژاردنی كاندیدە هاوبەشەكەیان، بەشێك لە ئەندامانی هەردوو حزب لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕازین بە كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك. لە كۆبونەوەی هەفتەی رابردووی لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە هەولێر بەڕێوەچوو, بەشێك لە ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پارتی و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئەو ئەندامانەی پارتی كە ژمارەیان ( 5 ) ئەندامە لە كۆی ( 12) ئەندامی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایانگەیاندووە " نابێت تەنها یەك كاندید هەبێتو پێویستە 4 كاندید هەبێت و ئەوان یەكێكیان هەڵبژێرن". هەروەها ئاماژەیان بەوەشكردووە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی حیسابیان بۆ نەكردون لە دیاریكردنی ئەو كاندیدەو بۆیە ئامادە نین دەنگ بە كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بدەن. بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت و هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیەیە كە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (1ی نیشانی 2020) پارێزگاری كەركوك هەڵنەبژێردرێت و راكان جبوری لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە لە راكان جبوری نزیك دەبنەوە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، ئێستا لەرووی ئیعلامییەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دژایەتی خۆیانی بۆ رادەگەیەنن، بەڵام لەپشتی پەردەوە مامەڵەی دیكە دەگوزەرێت. بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی كەركوكەوە دەستی كەوتووە، بەهۆی ئەوەی راكان جبوری نزیكەی لە ( 600 ملیار) دیناری لەبەر دەستدایە، بەشێكی زۆری سەركردەكانی یەكێتی لە كەركوك مامەڵەی ژێر بە ژێریان لەگەڵی هەیە ئەویش لە پێناو پێدانی پرۆژەو سود مەندبون لەو پارەیەی لەبەردەستیدایە, بۆ نمونەش شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارە لەلایەن خودی راكانەوە، كە بەشێك لە ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەگەڵ عەرەبەكان 21 واژویان كۆكردەوە بەوەی راكان جبوری خۆی دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلار و بودجەی هەرێمیی هەبێت. هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە تائێستا چەندین كۆبونەوەی نهێنیان لەگەڵ راكان جبوری كردووە، جبوری لەماوەی رابردوودا چەندین جار لە شاری هەولێر كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كردووەو یەكێك لەو كۆبوونەوانە هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر بەڕێوەچووە.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ – محەمەد رەئوف وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی شەممە 21ی ئەیلولی داهاتووی دیاریكرد بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندگەكانو دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020، ئێستا كەرتی پەروەردە لەبەردەم كۆمەڵێك قەیران و ئاڵنگاری گەورەدایە بەو پێیەی ژێرخانی پەروەردە بەشێكی داڕوخاوەو رەنگە چارەسەركردنیان پێویستی بە پلانی درێژخایەن بێت، 60%ی قوتابخانەكان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە 100 قوتابخانە هەر كارەبای نیە، 30 قوتابخانە لە بینای گڵدایە،( هەزارو 785) قوتابخانە دوودەوامیەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامیە. ژینگەی قوتابخانەكان ژینگەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی نالەبارەو گونجاو نیە بۆ خوێندن و لەگەڵ سیستمی نوێی خوێندندا یەكناگرێتەوە, ژمارەیەكی بەرچاوی بینای قوتابخانەكان كۆن و داڕزیون و بەكەڵكی خوێندن نایەنو تەنانەت هەندێكیان مەترسی روخانیان لێدەكرێت. لە ساڵانی رابردوودا ئەمە روویداو خوێندكارو مامۆستا كەوتنە ژێر دارو پەردووی ئەم بینا داڕزیوانە و خوێندكارێكیش گیانی لەدەستدا. بەگوێرەی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لەم سەدەی بیست و یەكەدا، ئێستا(30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، هەروەها 60%ی قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات ( 1785 ) قوتابخانە دوودەوامییەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامییەو ( 5 ) قوتابخانە چوار دەوامییەو ( 194 ) قوتابخانە لە بینای كرێدان و (100) قوتابخانەش كارەبای نیە. - لە ساڵی خوێندین 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە ( 3162 ) قوتابخانەی پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە بەڕێژەی (60%). - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (501) قوتابخانەی شورا( دیوار)ی نیە بەرێژەی ( 9%). - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 6635 )دەوامی قوتابخانە ( 4705) قوتابخانە یەك دەوامیە ( 1785) قوتابخانە دوو دەوامیە( 134) قوتابخانە سێ دەوامیە ( 5) قوتابخانە چوار دەوامی و پێنج دەوامیە - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لە كۆی ( 5234 ) قوتابخانە (194) قوتابخانەی لە بینای كرێدان. - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (1395) قوتابخانەی میوانن. - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (30) قوتابخانەی لە بینای گڵدانو تا هیچ تایبەتمەندییەكی قوتابخانەی تیا نیە. - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 317 هەزارو 619 ) رەحلەی یەك كەسی ( 36 هەزارو 84 ) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیەو ( 30 هەزارو 583) رەحلە خراپە . - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 650 هەزارو 82 ) رەحلەی دوو كەسی (78 هەزارو 86) رەحلە پێویستی بە چاككردن هەیەو ( 53 هەزارو 483) رەحلە خراپە. - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (2411) قوتابخانەی باخچەی نیە بەرێژەی ( 46%) - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (100) قوتابخانەی كارەبای نیە. - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (350) قوتابخانە تەوالێتی مامۆستای نیەو (159) قوتابخانە تەوالێتی قوتابی نیە. - لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 لەكۆی ( 5234 ) قوتابخانە (716) قوتابخانە تۆڕی ئاوی پاكی خواردنەوەی نیە. ژمارەی مامۆستا لەگەڵ میلاكدا یەكناگرێتەوە لە هەرێمی كوردستاندا (128 هەزارو 424) مامۆستا هەیە، كە (54 هەزارو 110 ) مامۆستای لە رەگەزی نێر بەرێژەی ( 42%) و (74 هەزارو 311) مامۆستا لە رەگەزی مێن بە رێژەی ( 58%) لەگەڵ ( 11 هەزارو 136 ) مامۆستای وانەبێژ، لە ساڵی خوێندنی 2017 -2018 ( 11 هەزارو 379) مامۆستا مۆڵەتیان وەرگرتووە. ئەوەش رێژەیەكی كەم نیە ئەگەر زیاد نەبێت, بەڵام هۆكاری ئەوەی كە هەندێك قوتابخانە بەدەست بێ مامۆستایی و كەمی مامۆستاوە دەناڵێََنن ئەوەیە كە ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە، لە هەرێمدا هەر مامۆستایەك 17 خوێندكاری بەردەكەوێت. وازهێنان لە خوێندن دیاردەی وازهێنان لە خوێندن دیاردەیەكی خراپو مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستاندا، بەپێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان واز لە خوێندن دەهێنن، ئەمە جگە لەوانەی كە هەر پەیوەندیان بە خوێندنەوە نەكردووەو ناونوس نەكراون كە ئەمانە هیچیان لەم ئامارانەدا نین ژمارەی ئەو قوتابیانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 لەكۆی ( ملیۆنێك و 741 هەزارو 762 ) قوتابی (34 هەزارو 527) قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان فاكتەری ئابوری كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام بەشێكیشی پەیوەستە بە ژینگەی قوتابخانەوە كە ژینگەیەكی نەگونجاوە لەگەڵ خواست و ویستەكانیانداو زۆرێك لە قوتابخانەكان وەك سەربازگە یاخود زیندانێك وان بۆ قوتابیان، بۆیە هەست بە خۆشی و ئاسودەیی ناكات لە ناو بینای قوتابخانە، كەمی و نەبوونی وانەكانی ( وەرزش، میوزیك، هونەر..هتد) كاریگەری زۆری لەسەر وازهێنانی قوتابی هەیە. چارەسەر وەزیری نوێی پەروەردە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە دەستبەكاربووە، ئەو وەزارەتێكی وەرگرتووە كە بەدەست ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی سەرەوە دەناڵێنێت. لە دەستپێكی كارەكانیدا وەزیری نوێ چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ چارەسەركردنی هەندێك لەو كێشانە كە بریتین لە: * هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی هەردوو بابەتی ( بیركاریو زانست) بە زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە بنەڕەتییەكاندا، كە ئەمە لە رابردوودا كێشەیەكی زۆری بۆ خودی خوێندكارانو كەسوكاریانو تەناتەت مامۆستایانیش دروست كردبوو. * قەدەغەكردنی وتنەوەی وانە لە خوێندنگە ئەهلییەكاندا لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانە حكومییەكانەوە، ئەوەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان كە چەند ساڵێكە دامەزراندن لە كەرتی حكومییدا وەستاوە. *پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ڕێكخستنەوەی میلاكاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەكان بۆ ساڵی خوێندنی (2019- 2020). * ڕێگەنەدان بە كردنەوەی خولی بەهێزكردن و وتنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە. ئەم بڕیارانەی وەزیری پەروەردە ئەگەرچی بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمدا گرنگن، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی كێشە قوڵەو گەورەكانی ئەو پرۆسەیە ناكات، چونكە چارەسەری كێشەكانی پەروەردە پێویستی بە بودجەی باشو پلانی ستراتیژی هەنوكەییو درێژخایەن هەیەۆ بەشێك لەو كێشانە بەمشێوەیە چارەسەر دەبن: * كەرتی پەروەردە بەدەست كەمی بیناو خراپی بیناوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستە حكومەتو وەزارەتی پەروەردە لەم بوارەدا بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكەن بۆ بونیاتنانی خوێندنگەی نوێو نۆژەنكردنەوەو چاككردنی بیناكانو گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمدا. * دابینكردنی كەلوپەلو پێداویستییەكانی تایبەت بە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن كە ئێستا تەكنۆلۆژیای پێشكەتوو رۆڵی بەرچاو دەبینێت لەو پرۆسەیەدا. * رێكخستنەوەی میلاكی خوێندنگەكان لە مامۆستاو فەرمانبەرو كارگوزارو باخەوان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، چونكە كێشە لە كەمی میلاكدا بەو شێوەیە نییە بەڵكو كێشەكە لە رێكخستنی میلاكاتدا هەیەو هەندێك خوێندنگە میلاكی زۆرەو هەندێكیش میلاكی زۆر كەمە. * چاوخشاندنەوە بە بابەتەكانی خوێندنو گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمو دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا. * بایەخدان بە مامۆستایان، كە بڕبڕەی پشتی پرۆسەی پەروەردەو فێركردننو گۆڕانكاریكردن لە دەستەی بەڕێوەبردنی خوێندنگەكاندا بەشێوەیەك كە ئەوانەی خوازیارن لەو بوارەدا خزمەت بكەن بواریان بۆ بڕەخسێتو ئەوانەشی چەندین ساڵە لەو ئەركەدانو ماندووبون پشوو بدەنو بگەڕێنەوەو خوێندكارانو پەروەردەش سود لە ئەزمونیان وەربگرن. وەزارەتی پەروەردە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم لە 1992 دامەزراوەو بە یاسای ژمارە (4) ساڵی (1992) وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، كاری خۆی دەكات. بەپێی ئەو زانیاریانەی كەلە سایتی فەرمی وەزارەتی پەروەردەدا بڵاوكراوەتەوە(https://moe-krg.com) لە دیوانی وەزارەت ( 5 ) راوێژكار هەیە، لەناو دیوانی وەزارەتدا ( 12 ) بەرێوەبەری گشتی هەیە، سەرەڕای بەرێوەبەری گشتی پەروەردەكان، لەگەڵ ( 7) بەرێوەبەرایەتی لەناو دیوانی وەزارەتی پەروەردە. * سود لە راپۆرتی ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان وەرگیراوە
(درەو میدیا): ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل سوریاو عێراقی تێپەڕاندو گەیشتە لوبنان، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی كرد لە ئیسرائیل كە ئەگەر كەشێكی پڕ لە نیگەرانیو ئاڵۆز بخوڵقێنێت، ئایا بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە لە نێوان ئیسرائیل لەلایەكو ئێرانو هاوپەیمانەكانی تری لەلایەكی ترەوە سەردەكێشێت بۆ بەرپابوونی جەنگێكی گشتگیر؟ سێ تەقینەوەی ناوچەی بیقاعی ناوەڕاستیان لە لوبنان هەژاند، دەركەوت كە لەلایەن فڕۆكەكانی ئیسرائیلەوە ناوچەكە بۆردومانكراوە، تەلئەبیب دەڵێت لەو هێرشەدا چەند بنكەیەكی بەرەی میللی رزگاریخوازی فەلەستین سەركردایەتی گشتی كراوەتە ئامانج، پێش ئەم هێرشەش ئیسرائیل بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرشیكردەوە سەر بنكەو بارەگاكانی حزبوڵای لوبنان لە باشووری ئەو وڵاتە كە پێگەی سەرەكی ئەو حزبەیە. ئەم هێرشە حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵای هێنایە قسە، نەسروڵا هەڕەشەی ئەوەیكرد كە باجەكەی هەرچییەك بێت وەڵام دەدەنەوەو هەر فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی ئەگەر لە ئاسمانی لوبناندا بفڕێت دەیخەنە خوارەوە. یەكەم هێرش نیە هێرشەكەی ئەمداوییەی سەر لوبنان، سێیەم هێرشی لەو جۆرەیە كە ئیسرائیل بنكەو پەناگەی ئەو هێزانە دەكاتە ئامانج كە ناڕاستەوخۆ سەربە ئێرانن، لە عێراق ئیسرائیل – بەوتەی رۆژنامەیەكی ئەمریكی- كۆگای چەكو تەقەمەنی تایبەت بە هێزەكانی حەشدی شەعبی كردە ئامانج كە لەلایەن ئێرانەوە هاوكاری دەكرێنن لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریاش وەك خۆی دەڵێت ئیسرائیل بنكەیەكی سەر بە فەیلەقی قودسی ئێرانی بە ئامانج گرتووە. ئیسرائیل دەڵێت لەو هێرشەدا دوو كەس كوژراون كە هەوڵیانداوە كردەوەی تێكدەرانە لەدژی ئەنجامبدەن لە خاكی سوریاوە، ئەفسەرێكی باڵای سوپای ئیسرائیلو ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێن هێزەكانی سەر بە فەیلەقی قودسی ئێران لە ئامادەكاریدا بوون بۆئەوەی لەرێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە هێرشبكەنە سەر باكوری ئیسرائیلو هەر فڕۆكەیەك لەوانە چەندین كیلۆگرام تەقەمەنی هەڵگرتووە، بەڵام ئیسرائیل ئەو پلانەی لەباربرد. بەوتەی ئەدرعی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە لە ئێرانەوە لەگەڵ چەند كەسێكی ئێرانیدا گەیەنراونەتە فڕۆكەخانەی دیمەشق، پاشان گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەك كە فەیلەقی قودس بەڕێوەدەبات. بەڵام موحسن رەزایی فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئێران ئەو گێڕانەوەیەی ئیسرائیل رەتدەكاتەوەو دەڵێت:" ناوەندە راوێژكارییەكەیان هیچ زیانێكی پێ نەگەیشتووە" بۆچی ئێستا؟ لێكدانەوەكان دەربارەی ئامانجی راستەقینەی ئیسرائیل لەم هێرشانەدا جیاوازن، هەندێك لە چاودێرە سیاسییەكان وایدەبینن كە پێویستییەكی كاتییە بە لەبەرچاوگرتنی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل. ئەیاد ئەبو شەقرا، چاودێری سیاسی لوبنانی لەگەڵ ئەم بۆچونەدایەو خاڵێكی تریشی دەخاتەسەر و دەڵێت ململانێی نێوان ئیسرائیلو ئێران ململانێیە لەسەر سنوری هەژمویان لە ناوچەكەداو هێرشەكانی ئیسرائیل هیچ نین جگە لە ئاگاداركردنەوەیەك بۆ ئێران كە سنوری خۆی تێنپەڕێنێت. ئەبو شەقرا لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی " DW" ی ئەڵمانی دەشڵێت:" هەوڵێك هەیە بۆ دیاریكردنی سنوری هێزو هەژمونی نێوان هەردوو وڵات كە لە چوارچێوەی گشتی پێكەوەژیان دەرنەچێت. وادەرناكەوێت كە ئێران هەوڵبدات خۆی لە بیرۆكەی فراوانتركردنی سنوری هەژمونی ئیقلمی بدزێتەوە، بۆیە بە بۆچونی ئەبو شەقرا ئەمە ئیسرائیلی ناچاركردووە دەست بە جوڵە بكات بۆئەوەی جموجوڵی فراوانخوازی ئێران رابگرێت، بەهۆی ئارەزووی ئێرانەوە بۆ پتەوتركردنی هەژمونی خۆی كە وادەردەكەوێت زیاترە لەوەی دەكرێت رێگەی پێ بدرێت، ئاماژەبەوەشدەدات كە رەزامەندییەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ هەژمونی ئێران لە ناوچەكەدا بەڵام لە سنورێكی دیاریكراودان ئەوەش بە روونی دەركەوت كاتێك محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە فەرەنساو لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لوتەكەی گروپی حەوتدا لەگەڵ هەندێك لە سیاسییەكاندا كۆبوەوەو ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە " روخاندنی رژێمی ئێران ئامانجی ئەمریكا نیەو ئەو دەیەوێت ئێران دەوڵەتێی بەهێز بێت، بەڵام رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵیدا رێككەوتنێكی خراپ بوو". لای خۆشیەوە ئیال علیما چاودێری سیاسیو سەربازیی لە رادیۆی ئیسرائیل بەپێویستی دەزانێت بۆ تێگەیشتن لە جموجوڵەكانی ئەمداوییەی ئیسرائیل دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لێدوانی چەند مانگێك لەمەوبەری یەكێك لە گەورە ئەفسەرانی ئیسرائیل لە دەستەی هەواڵگری كە رایگەیاند ئێران كار دەكات بۆئەوەی چەند بنكەو دامەزراوەیەكی ستراتیژی لە سوریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق لەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆسەریان. دەشڵێت سوربووونی جیهانو ئیسرائیل لە رێگەگرتن لە جێگیربوونی ئێران لە سوریاو ناوچەكە لانیكەم بە بۆچونی ئیسرائیل پاساوی ئەوەی پێ دەدەن چالاكییە سەربازییەكانی لە عێراقو سوریاو لوبنان فراوانتر بكات. بەڵام یۆهانسك بێگ مامۆستا لە زانكۆی توێژینەوە یەهودییەكان لە هایدلبێرگ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ DW دەڵێت:" نیگەرانی ئیسرائیل زیاتر بووە لە بڕو قەبارەی جەنگی بەوەكالەت كە لە ناوچەكەدا ئەنجامدەدرێنو ئێرانیان لە پشتەوەیە، ئەوەش وایكرد ئیسرائیل دەست بە جوڵە بكات". هێرشەكان دەبنە جەنگێكی گشتگیر؟ بەشێكی زۆر لە چاودێران ترسی خۆیان ناشارنەوە لە ئەگەری تەشەنەسەندنی رووبەڕوبونەوەكانی ئەمداوییەی نێوان ئێرانو باڵەكانی لە ناوچەكەدا لەگەڵ ئیسرائیل بۆ بەرپابوونی جەنگێكی ئیقلیمی، بە تایبەتیش دوای لێدوانو هەڕەشە راستەوخۆكانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵا. ئەیاد ئەبوشەقرا چاودێری سیاسی لوبنانی لەگەڵ ئەو ترسەدایە، بەڵام باوەڕیشی وایە " ئەگەر جەنگ بەرپا ببێت ئەوا لە سنورێكی دیاریكراودا دەبێت، چونكە چوارچێوەیەكی پێكەوەژیانو رەزامەندیی هەیە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكەدا كە وای لێدەكەن ئامادەیی تێدابێت هێزی ئەتۆمیی ئێران بگۆڕێتەوە بە بوونی هەژموونی لەسەر خاكو زەوی لە ناوچە عەرەبییەكاندا. ئەبو شەقرا لە وتاكانی نەسروڵادا رەهەندێكی مەترسیدار دەبینێتو جەخدەكاتەوە كە هەڵەی زمانەوانی یان خراپ خەمڵاندن نەبوو كاتێك نەسروڵا وتی بەرپەرچدانەوەو وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان دەبێتو نەی وت لە لوبنانەوە دەبێت، كەواتە نەسروڵا چ پلانێكی هەیە بۆئەوەی لەناو لوبناندا جێبەجێی بكات ئەگەر هێرشی ئیسرائیل دووبارە بووەوە؟ كەس نازانێت، ئەمەش مایەی نیگەرانییە، ئاماژە بەوەشدەدات كە هەڵوێستی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران لەگەڵ هەڵوێستی چینو روسیا كە بە تەواوەتی شكاندنی ئێران رەتدەكەنەوە هەموو كارگەلێكن كە ئاماژە بەوەدەدەن رەزامەندییەك هەیە بۆ بوونی هەژموونێكی ئیقلیمی ئێران بەڵام بە شێوەی ناڕاستەوخۆ. بەوتەی ئیال عەلیما چاودێری سیاسی ئیسرائیلی هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل هەڵگیرسانی رووبەڕبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ حزبوڵا یان باڵەكانی تری ئێران لە ناوچەكەدا بە دوو دانانێنو دەڵێت:" هەڵسەنگان بۆ هەڵوێستێك دەكرێت كە باس لە ئەگەری تێكچوونی بارودۆخەكە دەكات یان رووداوێكی لاوەكی كە لەسەر سنور رووەداتو دواتر فراوان دەبێت بۆ شەڕێكی چەند بەرەیی، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە مەترسیی هەیە". بەڵام ئەم چاودێرە ئیسرائیللە رونیشیدەكاتەوە كە ئەگەری تێوەگلانی هەردوو وڵات لە رووبەڕبوونەوەیەكی گشتگیردا بەمزوانە بە ئەگەرێكی دوور دادەنێتو دەڵێت هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەكان پابەندن بە رێگەگرتن لە بەرپابوونی جەنگێك بەڵام هەندێك بەریەككەوتنو ئاڵۆزیی بەردەوام دەبنە هۆی زیاتربوونی دۆخەكەو دیمەنی توندتری ئەم بەریەككەوتنە دەبینین، بە تایبەت لەدوای سوربونی ئیسرائیل لەسەر گەڕانەوەی ئێران بۆ پێگەكانی لە ناوچەكەو لە بەرامبەریشدا ئێران سورە لەسەر بەردەوامیدان بە ستراتیژی فراوانتركردنی هەژمونی لە ناوچەكەدا". هەمان نیگەرانی لای یۆهانس بێگ مامۆستای زانكۆی هایدلبێگر هەیە كە دەڵێت لە جەنگی 2006ەوە حزبوڵاو ئیسرائیل خۆیان بۆ رووبەڕووبونەوەیەكی گشتگیر ئامادەدەكەنو حزبوڵا بوەتە خاوەنی بنكەو سەكۆی تەقاندنی موشەكە مەودا مامناوەند لەناو لوبناندان كە ئەوەش رەنگە پاڵ بنێت بە ئیسرائیلەوە بۆئەوەی توندتر بێتە ناو لبونانەوەو رەنگە ئەمە ببێتە جەنگی سێیەمی لوبنان. یۆهانس بێگ رونیشیدەكاتەوە كە هاتنەدی ئەم سیناریۆیە ئێستا دوورە، بەڵام كێشەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە كە قورسی هەڵسەنگاندنی بە شێوەیەكی سنوردار بۆ بكرێت، لە جەنگە لوبنانی ساڵی 2006ەوە ئاڵۆزییەكان زۆریان نەخایاندووە هەتا گەیاندویانەتە شێوەی جەنگێكی تەواوەتی. ئیسرائیل هێڵی سوری بەزاندووە؟ جوڵەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل بۆ قوڵایی ناو لوبنان مایەی سەرسوڕمان بوو، لەبەرئەوە تەلئەبیب زۆر بەجدیی دەڕوانێتە لێدوانەكانی حەسەن نەسروڵا، ئەمەش بەوتەی ئیال عەلیما چاودێری سیاسیی ئیسرائیلیی. عەلیما دەڵێت رەنگە بەو هەنگاوە ئیسرائیل هێڵی سوری بەزاندبێت، " پێشتر بنەمای گەمەكردن هەبوو لە نێوان حزبوڵاو ئیسرائیل دەربارەی ئەو كۆتو بەندانەی كە دەبێت پابەندی بن، لەبەرئەوە حزبوڵا هیچ وەڵامێكی هێرشەكانی ئیسرائیلی لە ناو خاكی سوریادا نەدایەوە هەرچەندە گۆڕەپانی سوریا بەشێكە لە بەرژەوەندییەكان حزبوڵا، هەتا ئیسرائیلیش لە هیچ ئاماندێكی لەناو خاكی لوبناندا نەداوە، بەڵام هێرشی دوو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە خاڵی وەرچەرخانە و هەموو ئەو بنەمایانەی شكاند كە هەردوو لایەن پەسەندیان كردووەن لەبەرئەوە ئەم رووداوە لەلایی زۆربەی لایەنەكان نیشانەی پرسیارە". لە وتارەكەیدا نەسروڵا جەختیكردەوە كە هێرشەكە "هێرشێكی خۆكوژی پلان بۆداڕێژراو" بووە، بەڵام عەلیما دەڵێت رەنگە كارەكە بەهەڵە ئەنجامدرابێت، چونكە قورسی پێشبیی ئەوەی بكرێت كە ئیسرائیل قوڵایی لوبنان بكاتە ئامانج، مەگەر ئامانجێكی گرنگ هەبێت، بەڵام هیچمان دەربارەی ئەوە نەبیستووە.؟ ئەم پسپۆرە ئیسرائیلییە دەشڵێت:" ئەمە وایكردووە كە ئیسرائیل وەڵامی حزبوڵا بۆ ئەم هێرشە بەدوور نەزانێت، بەڵام كەس كاتو شێوەكەی نازانێت".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت "ئەمریكا زانیاری دڵنیاكەرەوەی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئیسرائیل بەرپرسە لە هەموو ئەو هێرشانە كە ئەمبارەكانی چەكی لە عێراق بەئامانجگرتووە" ئەمە قسەی چەند بەرپرسێكی ئەمریكی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ ئاژانسی "بلۆمبێرگ". ئەم هاوینە وەرزی تەقینەوەی ئەمبارەكانی چەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی بوو، لە مانگی تەموزەوە تائێستا (4) ئەمبار تەقیوەتەوە، هەندێك دەڵێن بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوەیە، هەندێكی تر باس لە هێرشی ئیسرائیل دەكەن. گومانەكانی زیاتر كرد رۆژی 19ی ئەم مانگە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئۆكرانیای كرد، لەوێ رۆژنامەنوسان پرسیاریان لێكرد لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەو راپۆرتانەی راستن كە باسلەوە دەكەن ئیسرائیل لە پشت هێرشەكانی ئەمدواییەی عێراقەوەیە. نەتانیاهۆ حەشدی شەعبی عێراقی بەستەوە بە ئێرانەوەو بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند" ئێران لە هیچ شوێنێك پارێزبەندی نییەو لە هەر كاتو شوێنێك پێویست بكات ئیسرائیل هەنگاوی سەربازی هەڵدەگرێت"، واتە ناتانیاهۆ بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتڕاستیكردەوە ئیسرائیل دەستی هەبووە لە هێرشەكانی ئەمدواییەی عێراق. نەتانیاهۆ باسی لەوەكرد، دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەكەن، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی سەربازی زیاتر دروستدەكات"، وتی:" رێككەوتنی ئەتۆمی كە ساڵی 2015 لەنێوان ئێرانو وڵاتانی زلهێز ئیمزاكرا، هۆكار بوو بۆ بەهێزبووونی سیاسەتی هێرشبەرانەی ئێران لە ناوچەكە، بۆیە لە هەر شوێنێك پێویست بكات ئێمە لەدژی ئێران دەجوڵێینو پێشتریش جوڵاوین". چەند قسەیەكی تر ئەوەی وایكرد هەر لەسەرەتاوە ئاڕاستەی پەنجەكان روو لە ئیسرائیل بكات، پێشینەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بوو لە سوریا. رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكدا دۆخی ئێستای عێراق بەراورد دەكات بە سوریاو نوسیویەتی:" ئامانج لە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئەمبارەكانی چەك لە عێراق بۆ رێگرتنە لە دروستبوونی بنكەی موشەكی، كە لە داهاتوودا زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت". راپۆرتەكە دەڵێ:" ئێران كە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلەوە لە سوریا زیانی زۆری بەركەوت، بۆیە بڕیاریداوە چەقی قورسایی خۆی لە ناوچەكە بگوازێتەوە بۆ عێراق، بەڵام دەركەوت ئیسرائیلیش هەمان كاردەكات" واتە چۆن لە خاكی سوریا، ئێرانی كردە ئامانج، لە عێراقیش هەمان كار دەكاتەوە. ئیدی كۆهین توێژەرو راوێژكاری پێشووی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "الحرە" پشتڕاستیكردەوە ئیسرائیل لە پشت هێرشەكانەوەیە. كۆهین وتی:" بۆردومانەكانی ئیسرائیل لە عێراق بەردەوام دەبێت، بەڵام هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە". ئیسرائیلو وڵاتانی خۆرئاوا هێزەكانی حەشدی شەعبی وەكو هێزێكی سەربازی شاراوەی ئێران لە عێراق ئەژماردەكەن، بەوپێیەی ئەم هێزە بە فەرمانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵا شیعەكان دروستكراوەو زۆرینەی پێكهاتەكەی خەڵكانی سەربە شیعەمەزهەبنو هەندێك لە سەركردەكانی پەیوەندی مێژوییان لەگەڵ سەركردەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە. بەڵام محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ:" ئەوانەی لە عێراق هێرشكراوەتەسەریان بەشێكن لە سوپای عێراقو هیچ پەیوەندییەكیان بە ئێرانەوە نییە". ئەمریكا چی دەڵێ ؟ ولایەتە یەكگرتووەكان ئەمریكا ساڵی 2014و دوای دەركەوتنی "داعش" جارێكی تر بەشێوەی سەربازی گەڕایەوە بۆ عێراق، ئێستا (6 هەزار) سەربازی ئەمریكی لەناو خاكی عێراقدان، بۆیە ئەمریكییەكان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی تەقینەوەی ئەمبارەكانی چەك لە عێراق دەكەن. چەند بەرپرسێكی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بە ئاژانسی"بلۆمبێرگ"یان وتووە:"ئەمریكا زانیاری دڵنیاكەرەوەی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئیسرائیل بەرپرسە لە هەموو ئەو هێرشانە كە ئەمبارەكانی چەكی لە عێراق بەئامانجگرتووە". ئەو سەرچاوانە، ئێران بەبەرپرسی یەكەم دەزانن لە تەقاندنەوەی ئەمبارەكانی چەك لە عێراق، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان "ئێران چەك بۆ گروپە چەكدارەكان دەنێرێتو بەمەش ئاسایشی گشتی دەخاتە مەترسییەوە". لەلایەكی ترەوە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی دەڵێ:" ئیسرائیل تەنیا یەك ئەمباری چەكی لە عێراق كردوەتەئامانج"، واتە لە كۆی (4) ئەمبار كە تەقیوەتەوە، تەنیا یەكێكیان بەر هێرشی ئیسرائیل كەوتووە. باسی لەوەكردووە، ئەو ئەمبارەی كە بووەتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل، سودی لێوەرگیراوە بۆ هەڵگرتنی ئەو موشەكانەی كە ئێران ویستویەتی رەوانەی سوریایان بكات. رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی باڵای بواری هەواڵگری لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نوسیویەتی:" ئیسرائیل لە مانگی تەموزی رابردوودا بنكەیەكی بۆردومان كردووە كە دەكەوێتە باكوری بەغداد"، بەڵام چەند بەرپرسێكی ئەمریكی باسیان لەوەكردووە" لە چەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل ژمارەیەك هێرشی لە عێراق ئەنجامداوە". رۆژی سێ شەممەی رابردوو بنكەی ئاسمانی "بەلەد" لە تكریت تەقیەوە، ئەمە دواین ئەمباری چەك بوو كە لە عێراق لەناوچوو. بەپێی ئەوەی ئاژانسی سپۆتنیكی روسی بڵاویكردوەتەوە، هەندێك لە بەرپرسانی تری ئەمریكی رەتیدەكەنەوە ئیسرائیل هیچ هێرشێكی ئاسمانی لە عێراق جێبەجێ كردبێت، ئەوان هۆكاری تەقینەوەی ئەمبارەكانی چەك "بۆ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لە عێراق دەگێڕنەوە". بەرپرسێكی تری ئەمریكی بەمەرجی ئەوەی ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی وتووە:" ئیسرائیل بەو هێرشانەی كە لە عێراق، هێڵی سوری بەزاندووەو رەنگە ببێتە هۆكاری كردنەدەرەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق". لە چەند مانگی رابردوودا هەڵمەتێكی بەرفراوان لەناو كوتلە پەرلەمانییەكانی سەربە پێكهاتەی شیعە لە پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد، ئەو لایەنانە داوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكایان لە عێراق دەكرد، بەڵام پاش ماوەیەك هەڵمەتەكە راوەستا. پەیوەندییەكانی عێراقو ئیسرائیل عێراقو ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەكی دیپلۆماسی فەرمی لەنێوانیاندا نییە، عێراق لەسەرەتای دروستبوونی ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1948 یەكێك لەو وڵاتانە بووە كە دانی بە ئیسرائیلدا نەناوە، لەوكاتەوە تائێستا پەیوەندی نێوانیان باش نەبووە. لە هەردوو جەنگی 1967و 1973 عێراق بەشداری شەڕی عەرەبی كرد لەدژی ئیسرائیل. جاری یەكەم نییە ئیسرائیل هێرشدەكاتەسەر عێراق، ساڵی 1981 ئیسرائیل وێستگەیەكی ئەتۆمی عێراقی لە باشوری خۆرهەڵاتی شاری بەغداد بۆردومان كرد، بەبەهانەی ئەو وێستگەیە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، عێراق بەهیچ جۆرێك وەڵامی هێرشەكەی نەدایەوە. لەسەردەمی جەنگی كەنداودا كە لە ساڵی 1990 بۆ 1991 بەردەوام بوو، ئەمجارەیان سوپای عێراق دەستپێشخەری شەڕی كردو (39) موشەكی بالستی جۆری سكۆدی ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد، ئیسرائیل لەژێر فشاری ئەمریكادا هیچ وەڵامێكی هێرشەكەی نەدایەوە. بەریتانییەكان لە چلەكانی سەدەی رابردوودا هێڵێكی نەوتیان دروستكردبوو كە لە خۆرئاوای عێراقەوە بەناو ئیمارەتی خۆرهەڵاتی ئوردندا تێدەپەڕی بۆ فەلەستین، بەڵام كاتێك ساڵی 1948 دەوڵەتی ئیسرائیل لەدایكبوو، شەڕی دەستیپێكردو پرۆژەكە راگیرا، ناچار بۆرییەكەی نەوتی عێراق ئاڕاستەی خۆی بەرەو سوریا گۆڕی. بەپێی گێڕانەوەی نایجل ئاشتۆن نوسەری بەریتانی، ساڵی 1995 ئیسحاق رابین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەڕێگەی شا حسێنی پادشای ئوردنەوە نامەیەكی بۆ سەددام سەرۆكی ئەوكاتی عێراق نوسیوەو هیوای خواستووە ئاشتی لەنێوان هەردولا بێتەكایەوە، بۆ ئەمەش باسی لەوەكردووە لەگەڵ ئێرانو سوریا هەمان هەوڵ هەیە. لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا ئیسحاق رابین تیرۆركرا، بەمەش پەیوەندییە نهێنییەكەی نێوان عێراقو ئیسرائیل كۆتایی هات، رابین كە دەستی ئاشتی درێژكردبوو، پێشترو لە ساڵی 1992 سەرپەرەشتی پلانێكی كردبوو بۆ كوشتنی سەددام حسێن، ئەو پلانە ناوی لێنرابوو "درەختی عەوسەج"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. سەددام حسێن تاوەكو كەوتنی رژێمەكەی بەردەوام بە دروشم پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین دەكرد، یارمەتیو كۆمەكی بۆ گروپو رێكخراوە فەلەستینییەكان دەنارد، ئەمە ئاستی جەماوەریی لەناو شەقامی عەرەبیدا بەهێزكردبوو. ساڵی 2003 ئەمریكا بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی رژێمەكەی سەددامی روخاند، ئیسرائیل بەشداری هاوپەیمانێتییەكە نەبوو، بەڵام هەندێك زانیاری هەن كە باسلەوە دەكەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل رۆڵی هەبووە لە هاندانی ئەمریكا بۆ روخاندنی رژێمی سەددامو راپۆرتی هەواڵگری لەبارەی چەكە كۆكوژەكانی عێراقەوە بە ئەمریكا داوە. لەدوای روخانی رژێمی عێراقەوە، میسال ئالوسی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دووجار سەردانی ئیسرائیلی كرد، یەكەمیان لە ساڵی 2004، دووەمیان لە ساڵی 2008، ئەو پەرلەمانتارە بە ئاشكرا داوای ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەكرد، بەڵام ناڕەزایەتی لێكەوتەوەو گروپە چەكدارەكان دوو كوڕیان كوشت. بەمدواییە دەنگۆی سەردانی سێ وەفدی عێراقی بۆ ئیسرائیل لە میدیاكانەوە بڵاوبووەوە، بەڵام پشتڕاست نەكرایەوە.
راپۆرتی: بی بی سی وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ چلوپێنجەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكو سەركردەكانی وڵاتانی گروپی حەوت لە هاوینەهەواری پیاریتز لە فەرەنسا دەستیپێكردو ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت. گروپی حەوت چییە؟ ئەندامەكانی كێن؟ رۆڵی چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری تر لەم راپۆرتەدا دەدرێنەوە. گروپی حەوت گروپی حەوت رێكخراوێكە لە حەوت گەورەترین وڵاتی جیهان لە رووی ئابورییەوە پێكدێت ئەوانیش بریتین لە: كەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیاو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەهاكانی وەك ئازادی، مافەكانی مرۆڤ، دیموكراتیەت، حوكمی یاسا، خۆشگوزەرانیو گەشەپێدانی بەردەوام لە بنەما سەرەكییەكانی ئەم گروپەیە. كارەكانی گروپەكە یەكەمین كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی حەوت ساڵی 1975 بەڕێوەچوو، كاتێك شەش دەوڵەت بۆ " ئاڵوگۆڕكردنی بیروراو چارەسەر" بۆ قەیرانی ئابوری جیهانی كۆبوونەوەو ساڵی داهاتووش كەنەدا چووە ناو گروپەكەوە. لە كۆبوونەوەی لوتكەی رێكخراوەكەدا وەزیرانو فەرمانبەرە مەدەنییەكانی هەر حەوت دەوڵەتەكە كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردنو تاوتوێكردنی كاروباری رێكخراوەكەو بەرژەوەندە هاوبەشەكانیان. رێكخراوەكە هەر ساڵەو لەلایەن دەوڵەتێكی ئەندامەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەو دەوڵەتەی سەرۆكایەتی گروپەكە دەكات میوانداری كۆبوونەوەی لوتكەی ساڵانە دەكات كە دوو رۆژ دەخایەنێت. پرسەكانی وەك سیاسەتەكانی تایبەت بە وزە، گۆڕانكاری كەشوهەوا، نەخۆشی كەمبوونەوەی بەرگری " ئەیدز" و ئاسایشی جیهانی لەو پرسانەن كە لە رێكخراوەكە لە كۆبوونەوەی لوتكەیدا لە پاڵ چەندین پرسی سەرەكییدا بایەخیان پێدەداتو تاوتوێیاندەكاتو لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بەیاننامەی كۆتایی بڵاودەكرێتەوەو تێیدا ئەوەی رێككەوتنی لە بارەیەوە كراوە ئاشكرادەكرێت. ئامادەبووە هەمیشییەكانی كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی حەوت بریتین لە: سەرۆكی حكومەتەكان، سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا كە ئێستا جان كلود یانكەرە و لە كۆبوونەوەی ئەمساڵدا بەشدار نابێت بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ كراوە، هەروەها دۆناڵد تۆسك سەرۆك ئەنجومەنی ئەوروپاش ئامادە دەبێت. هەمیشە ساڵانە نوێنەرانی وڵاتانی ترو نوێنەرانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بانگهێشتدەكرێنو كۆبوونەوەی ئەمساڵ كە لە پیاریتز دەبەسترێت تەوەرەی سەرەكی بریتییە لە " دژایەتیكردنی نایەكسانی". ساڵانە لە كاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی لوتكەی گروپی حەوتدا، چالاكانی چەندین رێكخراو لە چالاكانی مافەكانی ژینگەوە تا چالاكانی دژ بە سەرمایەداری خۆپیشاندان دەكەنو بە زۆریش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شوێنی كۆبوونەوەكە دووردەخرێنەوە. ئایا گروپی حەوت كاریگەرە؟ سەرەڕای ئەو رەخنانەی ئاراستەی گروپی حەوت دەكرێتو وەك" شتێكی دانسقەی هونەریی سەردەمی رابردوو" تەماشادەكرێت، بەڵام رێكخراوەكە چەندین سەركەوتنی گرنگی بەدەستهێناوە دیارترینیان بریتیە لە: دامەزراندنی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی نەخۆشی ئەیدزو سیلو مەلاریا، كە دەڵێت لە ساڵی 2002ەوە 27 ملیۆن كەسی رزگاركردووە. هەروەها گروپی حەوت هێزی سەرەكیو بەگەڕخەری رێككەوتننامەی كەشوهەوا بوو كە ساڵی 2016 لە پاریس ئیمزاكرا، هەرچەندە لەو كاتەدا ئەمریكا داواكاری كشانەوەی لە رێككەوتنكە پێشكەشكرد. بۆچی چین ئەندامی گروپی حەوت نیە؟ هەرچەندە چین گەورەترین دەوڵەتە لە رووی دانیشتوانەوەو دووەم گەورەترین ئابورییە لە جیهاندا، بەڵام سامانەكانی ئەو وڵاتە بە كەمتر لە وڵاتانی ئەندامی گروپی حەوت ئەژماردەكرێت، ئەوەش بە گوێرەی ئەژماری پشكو بەركەوتەی تاك لە سامانەكانی وڵات، لەبەرئەوە چین بەگوێرەی پێوەرەكانی وڵاتانی گروپی حەوت بە وڵاتێكی خاوەن ئابوریی پێشكەوتوو دانانرێت، هەرچەندە ئەندامە لە گروپی بیستداو خاوەنی چەندین شاری نوێو زەبەلاحی وەك شەنگەهایە. روسیا ئەندام بووە لە كۆمەڵەی حەوت؟ روسیا ساڵی 1998 چووە گروپەكەوەو ئەو كات بە گروپی هەشت ناودەبرا، بەڵام ساڵی 2014 ئەندامێتی روسیای هەڵپەسێردرا، ئەوەش دوای ئەوەی روسیا نیمچە دوورگەی كریمیای كۆنترۆڵكردۆ كردی بە بەشێك لەو وڵاتە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا باوەڕی وایە كە پێویستە روسیا بگەڕێنرێتەوە بۆ رێكخراوەو جەختدەكاتەوە " پێویستە روسیا لەسەر مێزی دانوستانەكان ئامادەبێت". ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوی گروپەكە دەبنەوە چەند ناكۆكییەك لە نێوان ئەندامانی وڵاتانی گروپی حەوتدا هەیە، دیارترینیان ناكۆكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە لەگەڵ هەموو ئەندامانی تری رێكخراوەكە دەربارەی باج لەسەر هاوردەو ئەو رێوشوێنانەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گرتویەتیەبەر دەربارەی گۆڕانكاری كەشوهەوا لە كۆبوونەوەی گروپەكە كە ساڵی رابردوو لە كەنەدا بەڕێوچوو. هەروەها گروپەكە رەخنەی ئەوەی ئاراستەدەكرێت كە كارەكانی لەگەڵ دۆخی سیاسیو ئابوری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەكناگرێتەوە، هەروەها هیچ وڵاتێكی كیشوەری ئەفریقا، یان وڵاتانی ئەمریكای لاتین یان هیچ وڵاتێكی باشووری گۆی زەویی ئەندامی رێكخراوەكە نین. هاوكات گروپەكە رووبەڕووی ئاڵنگاری ئابورییە تازەو خێرا گەشەسەندوەكانی وەك هیندستانو بەرازیل دەبێتەوە كە ئەندامی رێكخراوەكە نین هەرچەندە ئەندامی گروپی بیستن، پسپۆرانی ئابوریی پێشبیندەكەن كە ئەو ئابورییە تازە گەشەسەندوانە لەرووی ئابورییەوە پێش وڵاتانی گروپی حەوت بكەون.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ 9ی ئەیلولی داهاتوو دوایین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، بەشێك لە ئەندامانی پارتی و یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كاندیدكردنی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك ناڕازینو لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووشیاندا لە شاری هەولێر ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزایی خۆیان بە لیژنە هاوبەشەكە راگەیاندووە. دانانی پارێزگاری كەركوك بە كوێ گەیشتووە؟ لە دوای راگەیاندنی ناوی ( تەیب جەبار) وەك كاندیدی پارتیو یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك لە 11ی تەموزی 2019 لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا پێكهاتووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك. بە گوێرەی سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بۆ ( درەو میدیا) قسەیكرد: وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی كە پێكهاتوون لە: - یەكێتی: خالید شوانی، ئەحمەد عەسكەری، هۆشیار مەلا عەبدولڕەحان - پارتی: ئومێد سەباح، شاخەوان عەبدوڵا، مەسعود مەلا پەروێز راشیگەیاند وەفدەكە بەجیا لەگەڵ ئەندامانی یەكێتی،پارتی، یەكگرتوو، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوەتەوەو بڕیارە لە هەفتەی داهاتووشدا لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆببێتەوە. ئەندامانی پارتی ناڕازین لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووی لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە لە هەولێر بەڕێوەچوو, بەشێك لە ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پارتی و یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك. بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئەو ئەندامانەی پارتی كە ژمارەیان ( 5 ) ئەندامە لە كۆی ( 12) ئەندامی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایانگەیاندووە " نابێت تەنها یەك كاندید هەبێتو پێویستە 4 كاندید هەبێت و ئەوان یەكێكیان هەڵبژێرن". هەروەها ئاماژەیان بەوەشكردووە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی حیسابیان بۆ نەكردون لە دیاریكردنی ئەو كاندیدەو بۆیە ئامادە نین دەنگ بە كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بدەن. كامەران كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی پارتی، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە"لە هەولێر لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی دا كۆبووینەتەوە، تۆپەكەمان فڕێدایەوە ساحەی مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزب." بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( محەمەد كەمال و كامەران كەركوك)ی دیارترین ناڕازییەكانن، لە رۆژی 11ی تەموزی رابردوو و دوای راگەیاندنی ناوی كاندیدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی ( تەیب جەبار) بۆ پارێزگاری كەركوك ویستویانە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ببەستن و ناڕەزایی دەرببڕن، لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڵام دواتر لە سەركردایەتی پارتیەوە رێگریان لێكراوە. ناڕەزایی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەتایبەت لە گفتوگۆ و دانوستانەكاندا پرسیان پێناكرێت و پارتی كۆمەڵێك گەنجی تری هێناوەتە پێشەوە لە كەركوك و حساب بۆ ئەمان ناكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەندامانە لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا زیانی زۆریان بەركەوتووە، بۆیە ئەوان بە رونی بە وەفدە هاوبەشەكەیان راگەیاندووە كاندید فەرزكردن قبوڵناكەن، بەڵام وەفدی پارتی رایان گەیاندووە ئەوە كێشەی ناوخۆی خۆیانەو چارەسەری دەكەن. لەبەغداد لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆدەبنەوە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتیو پارتی لە بەغداد لەگەڵ وەفدی سیاسیی عەرەب و توركمانەكانی كەركوك كۆببنەوە، چونكە وەفدی پارتی ئامادەنین لە كەركوك كۆبونەوە بكەن بۆیە كۆبونەوەكە دەبرێتە بەغداد، ئەو سەرچاوەیە رەتیكردەوە كۆبونەوەكەی بەغداد لیستی برایەتی بێت، بەڵكو وەفدی لیژنە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتیەو لەگەڵ نوێنەری عەرەب و توركمانەكان كۆدەبێتەوە،ئەگەر بگەنە رێككەوتن ئەوا لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێرن. 45 رۆژ دیاریكراوە بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سەقفی زەمەنی دیاریكراوە بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، پێشتر ئاسۆ مامەند, ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی بە رۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی حزبەكەی راگەیاندبوو" لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەی نێوانماندا كە ئیمزاكراوە، 45 رۆژ وەك سەقفی زەمەنی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دانراوە و هیوادارین رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە" بەڵام بە پێی بەدواداچونەكانی ( درەو میدیا) ئەو 45 رۆژەی كە لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتیدا هاتووە بە رونی دەڵێت: 45 رۆژ لەدوای یەكەم دانیشتنی لیژنە هاوبەشەكەوە), لیژنەكە لە رۆژی 25ی تەموز یەكەم كۆبونەوەی كردووە تا ئەمڕۆ دەكاتە ( 28 ) رۆژ واتا هێشتا ( 17) رۆژی ماوەو تا ( 9ی ئەیلول) دوایین رۆژی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكە.
(درەو میدیا): 10 ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە نوسراوێكدا كە بۆ حاكم قادر بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییان نوسیوەو كۆپییەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، نیگەرانی لە بەڕێوەبەرەكەیان دەردەبڕن. لە نوسراوەكەدا ئەو ئەفسەرانە باس لە گەندەڵیو رۆتینی ئیداریو كێشەو گرفتەكانی ناو بەڕێوەبەرێتی پاسپۆرتی سلێمانی دەكەن. ئەفسەرەكان باسلەوەدەكەن" عەمید سالار بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی هەستاوە بە دروستكردنی دوبەرەكی لەنێوان ئەفسەرو كارمەندان، بەجۆرێك وایكردووە كەسیان متمانەمان بە یەكتریو یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەماوە". لەبەشێكی تردا ئاماژەبەوەدەكەن" بەڕێوەبەر جیاوازی زۆری دروستكردووەو دائیرەی كردووە بە دوو چینەوە، چینە دڵسۆزەكانو چینە سیخوڕە دەسەڵاتدارەكانی خۆی". ئەفسەرە ناڕازییەكان دەڵێن:" عەمید سالار ژوورێكی كردوەتەوە لەلای خۆی بەناوی (VIP)، چەند كەسێكی نزیكی خۆی داناوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو فایلانەی كە مەبەستیەتیو ئارەزوی هەیە بۆ جێبەجێكردنی بەبێ ئەوەی بە كۆنترۆڵ و رێكارە یاساییەكاندا بڕوات، پاش ئەوەی ئاشكرابوو بە تەسكەرەو جنسیەی تەزویر پاسپۆرت بۆ خێزانێكی داعش بەناوی (محەمەد عەلی مستەفا) دروستكراوە، لیژنەی لەسەر گیرا، خۆی گەیاندە وەزارەتی ناوخۆو كێشەكە بە تەوبیخ- سەرزەنشتكردن چارەسەركرا". بەوتەی ئەو ئەفسەرانە، عەمید سالار عەبدوڵا، چەندین كەسی دڵسۆزی گواستوەتەوەو ئەفسەرانی پارتی لە شوێنیان داناوە، ئەفسەری دڵسۆزی لە بەڕێوەبەرایەتی سلێمانییەوە گواستوەتەوە بۆ پاسپۆرتی كەلارو هەڵەبجە، كەسانێكی لە شوێنیان داناوە كە نزیكن لەخۆیەوەو ئەوەش بۆ جێبەجێكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی.. عەمید سالار متمانەی داوە بە نوێنەری پارتی بۆ جێبەجێكردنی كارەكان و دەرگای بۆ ئەفسەرانی پارتی و بەغداد كردوەتەوە بەویستی خۆیان لیژنەمان لەسەر بگرنو محاسەبەمان بكەن بەبێ ئەوەی لەسەر یەكێكیان بێتە جواب". ئەفسەرەكان، بەڕێوەبەرەكەیان تۆمەتباردەكەن بەوەی دەستی خستوەتە كاری "عەریزەنوسەكان"و خۆیان كۆمپانیایەكیان داناوە بەناوی "میوان" بۆ ئەوەی تەنها لەڕێگەی ئەو كۆمپانیایەوە كاری هاوڵاتیان بكرێت، ئەفسەرەكان ئاگادركراونەتەوە جگە لەو كۆمپانیایە كار بە فایلی سكاڵا نوسی تر نەكەن. لە بەشێكی تری نوسراوەكەدا ئەفسەرەكان نوسویانە"ئاگاداری بەشی چاودێری كردووە كە هەر كەسێكی دەوڵەمەند هات، بیبەن بۆلای بەڕێوەبەر بەمەبەستی وەرگرتنی پارە، بۆ نمونە كاتێك شاسوار عەبدولواحید هات بۆ بەڕێوەبەرێتیمان پارەی لێوەرگرتو چەند ئەفسەرو كارمەندێكی نزیكی خۆی پێ نارد بۆ گەشت بۆ توركیا". (درەو میدیا) پەیوەندی بە عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانییەوە كرد، ناوبراو رەتیكردەوە ئاگاداری ئەو نوسراوە بێت كە ئەفسەرەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئاڕاستەی حاكم قادریان كردووە، بەڵام ناوەڕۆكی تۆمەتەكانی رەتكردەوە. عەمید سالار رەتیكردەوە هیچ قسەیەك لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە بكات كە ئاڕاستەی كراوە، بەوپێیەی وەكو خۆی وتی:" ئەوان سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراقنو بەپێی یاسا بۆیان نییە لێدوان بدەن"، ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بابەتە دەبێت لەلایەن داواكاری گشتیو دادگاوە یەكلابكرێتەوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت (878 هەزار) موچەخۆر تائێستا موچەی مانگی ئایاری رابردویان وەرنەگرتووە، پشووی جەژن كێشەی بۆ هاتنی پارەی لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، پەرلەمانی كوردستان كە چاودێرە لەسەر حكومەت ئەم رۆژانە سەرقاڵی دابینكردنی پاسەوانو جێگیركردنی ئیمتیازاتەكانی تری پەرلەمانتارانە، سەرۆكی حكومەت بۆ پشووی جەژن گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردووە، وتەبێژی حكومەتیش وەڵامی تەلەفۆن ناداتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. تەنیا پێنج وەزارەت وەریانگرتووە زیاتر لە (40) رۆژە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، ئەم كابینەیە لەیەكەم ئەزموونی دابەشكردنی موچەدا، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی دوچاری دوودڵی كرد. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئێستا لە كۆی (31) وەزارەتو سەرۆكایەتیو دەستە، تەنیا (5) وەزارەت موچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، واتە لە كۆی (ملیۆنێكو 249 هەزار) موچەخۆر تەنیا (370 هەزار) موچەخۆر، موچەیان وەرگرتووە. (درەو میدیا) لەگەڵ چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی هەرێم لەبارەی دواكەوتنی موچە قسەی كرد، ئەو بەرپرسانە دڵنیاییان دا كە هیچ مەترسییەك لەسەر موچەی فەرمانبەران نییەو هۆكاری دواكەوتنی موچەی هەندێك لە وەزارەتەكان، بۆ رۆتینو پشووی جەژنی قوربان دەگەڕێتەوە. بڕیارە حكومەتی عێراق لە رۆژانی (15 بۆ 17)ی هەموو مانگێك پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام ئەمجارە كاتی ناردنی پارەكە كەوتە رۆژانی جەژنی قوربانەوە، سەرباری پشووی جەژن هەندێك كەمتەرخەمیش لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە هەبووە كە وایكردووە پارەكە لەكاتی خۆیدا نەگات. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەو (5) وەزارەتەی كە موچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، لە پارەی فرۆشی نەوتو داهاتی ناوخۆی هەرێم موچەكانیان بۆ دابینكراوە. سەرۆكی حكومەت لە ماڵ نییە لەكاتێكدا بەشێكی زۆر فەرمانبەران بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە دوچاری نیگەرانیو دوودڵی بوون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەبۆنەی پشووی جەژنی قوربانەوە گەشتی دەرەوە وڵاتی كردووەو بەوهۆیەوە پاش جەژن كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوە. مەسرور بارزانی لە وتاری دەستبەكاربوونیدا وتی:" حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیار دۆلار قەرزارە.. لە دەستپێكدا كابینەكەمان روبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەكاتەوە". ئێستا كە مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، كابینەی نوێ هێشتا ساڵی دارایی راستنەكردووەتەوەو زەمەن كە لە كۆتایی مانگی ئابدایە، بەڵام موچەخۆران موچەی مانگی ئایاری وەردەگرن. وتەبێژ قسە ناكات جوتیار عادل لەجێگەی سەفین دزەیی بووە بە وتەبێژ لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پیاوە كەسێكی نزیكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە. لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێدا، بەرپرسان لە لیستێكدا ژمارە تەلەفۆنی خۆیان بۆ رۆژنامەنوسانو هاوڵاتیان ئاشكراكرد، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەكەی جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتە (07504563485)، لەدوای دەستبەكاربونییەوە (درەو میدیا) چەندینجار بۆ چەندین بابەتی جیاجیا پەیوەندی لەگەڵ كردووە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان ناداتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە وتەبێژ تەنیا یەك ئەركی هەیە، كە ئەویش قسەكردنە بۆ رۆژنامەنوسانو رایگشتی، لەبارەی دواكەوتی موچەی فەرمانبەرانەوە ئەم وتەبێژە هیچ قسەیەكی نەكردووە. تاوانو سزا "كاردەكەین بۆ چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆرو خانەنشینو چارەسەركردنو رێكخستنەوەی دەوام.." ئەمە خاڵی یەكەمی كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. كابینەی نوێ كە ماوەی (42) رۆژە دەستبەكاربووەو تائێستا تەنیا (3) كۆبونەوەی كردووە، لەم ماوەیەدا یەك خاڵی كارنامەكەی جێبەجێكردووە كە ئەویش رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەرانە. حكومەت بڕیاریداوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بكاتەوە، واتە بارودۆخەكە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش قەیرانی داراییو پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران. بەهۆی قەیرانی داراییەوە شوباتی ساڵی 2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی لەنێوان (25% بۆ 75%)ی موچەی موچەخۆرانی بڕی، ئەمە ناوی لێنرا "سیستمی پاشەكەوتی موچە"، شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی موچەخۆرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی فەرمانبەران، وەزارەتەكان فەرمانگەكانیان سەرپشك كرد دەوامی رۆژانە كەمبكەنەوە، بەڵام بەمەرجێك كەمكردنەوەكە كارنەكاتە سەر رایكردنی ئیشوكاری هاوڵاتیان. لەوكاتەوە تاوەكو دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەت، زۆربەی فەرمانگەكان رۆژی پشووەكانیان زیادكردووەو كاتی دەوامی رۆژانەشیان كەمكردوەتەوە، لەم ساڵانەدا دیاردەی "تناوب" واتە جێگرتنەوە دەركەوت، كە ئەمەش كاركردنە بە تیمێكی كەمو فەرمانبەرێك لە شوێنی چەند هاوكارێكی تری كاروبارەكان رادەپەڕێنێت. حكومەت بەدوو قۆناغ لە مانگی ئازاری 2018 و دواجاریش لە مانگی ئازاری 2019 بەیەكجاری پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، بەهانەی فەرمانبەرانی بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام بڕی. مەسرور بارزانی فەرمانیداوە هەموو وەزارەتو فەرمانگەكان لە كاتژمێر (8:00)ی سەرلەبەیانییەوە تاوەكو (3:00)ی پاشنیوەڕۆ دەوام بكەن، یەكەم سزادان لەسەر پەیوەستنەبوون بەم كاتە نوێیەوە لە سلێمانی دەستیپێكرد. بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بەهۆی پابەندنەبوون بە كاتی نوێی دەوامكردنەوە، بەفەرمانێك (27) فەرمانبەری خۆی سزاداو پارەی رۆژێك دەوامكردنی لە موچەكانیان بڕی. هەر لە سلێمانی، (52) فەرمانبەرو موعیدو هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانكۆی سلێمانی سزا دران بەهۆی ئەوەی دژ بە دواكەوتنی موچەكانیان، بایكۆتی دەوامیان كرد. كابینەی نوێی هێشتا بڕیاری كابینەی پێشووی بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران هەڵنەوەشاندوەتەوەو سەرباری ئەمەش كاتی دابەشكردنی موچەی مانگانەی فەرمانگەكانی جێگیرنەكردوەتەوەتەوە، بەڵام سزای لەسەر كارمەندان جێبەجێ دەكات ئەگەر پابەند نەبن بەكاتی نوێی دەوامكردنەوە. پەرلەمان سەرقاڵی خۆیەتی پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی یاسا ئەركی یاسادانانو چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)ە، ئەم رۆژانە سەرقاڵی كاروباری تایبەت بەخۆیەتیو هیچ قسەیەكی ئەوتۆی نییە لەبارەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، ئێستا پرسی گەرمی پەرلەمانی كوردستان بابەتی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پاسەوانی تایبەتی پەرلەمانتارانە. سامی جەلال بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، بۆ بابەتی دامەزراندنی پاسەوان بۆ پەرلەمانتارانی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان، دوو بیرۆكە لە ئارادایە: بیرۆكەی یەكەم: هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاسەوانیان بەشێوەی گرێبەست بۆ دابمەزرێنرێت. بیرۆكەی دووەم: وەكو خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە دامەزراندنی هەمیشەیی بێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، كۆدەنگییەك لەناو پەرلەمانتاران هەیە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی خولەكانی پێشوو هەریەكەیان (3) پاسەوانیان بەشێوەیەكی هەمیشەیی بۆ دابمەزرێنرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ دەیەوێت بەشێوەی گرێبەست پاسەوانیان بۆ دابنرێت، چونكە خول لەدوای خول، پەرلەمانەوە ژمارەیەكی زیاتر پۆلیسیان بۆ زیادەكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسا دوای تەواوبوونی خولەكانیان خانەنشینبونیان، هەر پەرلەمانتارێك پۆلیسێكی پاسەوانی لەگەڵدا دەمێنێتەوە. ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆ تاوتوێی پێشنیازەكانی تایبەت بە پاسەوانی پەرلەمانتاران دەكرێت. بەگوێرەی زانیارییەك كە رۆژنامەنوس سەرتیپ وەیسی كەریم بڵاویكردوەتەوە" بەپێی فەرمانێكی حكومەت، هەفتەی داهاتوو هەر وەزیرێكی كابینەی نوێ ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا لانگلۆزەر (وەنەوشە) وەردەگرێت، لەگەڵ دامەزراندنی هەشت پاسەوان (كە لە ڕابردوودا حەوت پاسەوانیان هەبوو) لەگەڵ پێدانی ڤێلایەك و میوانخانەیەك و شوێنی مانەوەی پاسەوانەكان". سەرتیپ وەیسی كەریم باسلەوەدەكات، ئەمە پەرلەمانتارانی نیگەران كردووەو جۆرێك لە ململانێی لەنێوان پەرلەمانو حكومەت دروستكردووە، چونكە" پەرلەمانتاران پێیانوایە، حكومەت بەبێ رەچاوكردنی یاسا بە ئارەزووی خۆیان ماف و ئیمتیازات بەخۆیان دەبەخشن، لەولاشەوە بەدەر لە یاسا مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتاران دەكەن، نایانەوێ پەرلەمانتار ئەو مافانەی بە یاسایی پێبدرێت". لەم بارودۆخەی نێوان پەرلەمانو حكومەتدا، كەس ئاگای لە دۆخی موچەخۆرانو نیگەرانبوونیان لە دواكەوتنی موچەكانیان نییە.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف قەیوم یاسایەك بۆ دوورخستنەوەی دەستی كورد لە دەسەڵاتە خۆجێییەكان، كورد لە باكوری كوردستان دابەش بووە بەسەر دوو جۆر لە كاری سیاسییدا، جۆری یەكەم خەباتی چەكداری سیاسییە لە چیا، ئەمە كورت بوەتەوە لە گەریلاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان " پەكەكە" لە شاخ، رێككەوتن و دانوستان لەگەڵیان و پرۆسەی ئاشتی بە بنبەست گەیشتووە. جۆری دووەم خەباتی شارە، ئەمەیان كورت دەبێتەوە لە چەند هێزێكی سیاسی كە لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكانی توركیا كاردەكەن، تاكە رێگەی بەردەم خەباتی شار هەڵبژاردنە، دەوڵەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان چۆن دانوستان و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئاراستەی كاری سیاسی شاخ هەڵپەساردووە، پرۆسەی دیموكراسیشی لەبەردەم كاری سیاسیی شاردا بە چەند یاسایەك كۆت و بەندكردووە، یەكێك لەو یاسایانە ( یاسای قەیوم)ە. قەیوم چیە؟ لەدوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی تەموزی ٢٠١٦، پەرلەمانی توركیا دوای یەك مانگ و لە ١٤ی ئابی ٢٠١٦ (پرۆژە یاسای قەیوم)ی پەسەند كرد، لە دەستوری توركیاشدا لە ماددەی 334دا یاسای (قەیوم) رێكخراوە، بەپێی یاسای قەیوم ئەو سەرۆك شارەوانییانەی پشتگیرییان لە "رێكخستنە تیرۆریستییەكان" كردووە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆك شارەوانییەكان لەكار دووربخاتەوە و لە شوێنەكەی ئەوان كەسی دیكە، كە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانكراوە دادەمەزرێنرێت. قەیوم ئەو كەسانەیە كە حكومەتی توركیا لە دەرەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی شارەوانیەكان دایاندەنێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆكە هەڵبژێردراوەكان تۆمەتبار دەكات بە پشتگیری لە" رێكخستنە تیرۆریستییەكان" كە دەوڵەتی توركیا لێرەدا مەبەستی پەكەكەیە. یاسای قەیوم دەتوانێت بە ئاسانی بەبیانوی تیرۆرەوە سەرۆك شارەوانیەكان بگۆڕێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە میانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەرییدا لە شاری (یۆزگات)رۆژی ٢٥ی شوباتی ٢٠١٩ لەبارەی شارەوانییەكانی باكوری كوردستانەوە وتی: "ئەو توانایەی دەوڵەت دەیخاتە بەردەستتان، ئێوە رەوانەی قەندیلی دەكەن، ئێوە دەڵێن ئەو شارەوانییانەی كە لە رێگای قەیوم زەوتكراون و جارێكی دیكە دەیانبەینەوە، ئەگەر هاوڵاتیانم دەرفەت بە بردنەوەتان بدەن، ئەوا ئێمەش یەكسەر بەبێ چاوەڕوانی جارێكی دیكە قەیوم دادەنێینەوە. بەڵێ بەم شێوەیە درێژە بە رێگاكە دەدەین". سەپاندنی قەیوم دوێنێ لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی توركیا یاسای قەیومی بەسەر سەرۆك شارەوانییەكانی (ئامەد، مێردین ، وان)ی جێبەجێكردو لە كارەكانیان دوورخستەوە. وەزارەتی ناوخۆی توركیا هۆكاری دوورخستنەوەی ئەو سەرۆك شارەوانییانەی گەڕاندەوە بۆ"بوونی لێكۆڵینەوە لەسەریان لەبارەی تۆمەتی تیرۆرەوە" لەبری هەریەك لە سەرۆك شارەوانییەكانی گەورە شارەكانی ئامەد، وان و مێردین كەسانی تر دانران لە شوێنیان بەم شێوەیە: - لەبری دكتۆر سەلچوك میرزاكلی، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئامەد، حەسەن باسری گوزەل ئۆغڵو بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی ئامەد. - لەبری ئەحمەد تورك، سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین، مستەفا یامان، بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی مێردین. - لەبری بەدیعە ئۆزگۆكچە، سەرۆكی گەورە شارەوانی وان، محەمەدئەمین بیلمەز بووە سەرۆك شارەوانی قەیومی وان. پێشتریش لە دوای دەرچونی یاسای قەیومەوە لە 2016 لەكۆی ( 102) سەرۆك شارەوانی ناوچەكانی باكوری كوردستان سەربە هەدەپە،(94) سەرۆك شارەوانییان دورخرانەوەو قەیومیان لە جێگە دانرا و سەرۆكەكانیان یان زیندانی كراون یان لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە بە پاساوی جۆراوجۆر كە زۆرترینیان بە تۆمەتی لایەنگری بۆ پەكەكە بووە. لەم خولەشدا كە هەدەپە ( 68) سەرۆكی شارەوانی بەدەستهێنا( 7 شارەوانی گەورە، 50 قەزاو 11 ناحیە)، لەكۆی سەرۆكی (7) گەورە شارەوانی ، ئێستا ( 3 ) سەرۆك شارەوانیان دورخراونەتەوەو تەنها ( 4 ) سەرۆكی گەورە شارەوانی بەدەست هەدەپەوە ماوە. وەزارەتی ناوخۆی توركیا لەگەڵ بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكاندا(ئۆپەراسیۆنی دژ بەتیرۆر)ی لە چەند پارێزگایەكی باكوری كوردستان دەستپێكردووە، بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆی توركیاش لە(29) شار ئۆپەراسیۆنی سڕینەوەی تیرۆر دەستپێكردووە لەو چوارچێوەیەشدا تائێست(418) كەس دەستگیركراون، كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكانی هەدەپەن. بێدەنگی بە واتای قبوڵكردنە! لە راگەیەنراوێكداپارتی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە) داوا دەكات بێدەنگ نەبن و دەڵێت" بێدەنگی بە واتای قبوڵكردنە" بەپێی راگەیەنراوەكەی هەدەپە "هاوسەرۆكانی شارەوانییەكانی لە ئامەد بە ڕێژەی ٦٣%، لە مێردین بە ڕێژەی ٥٦% و لە وانیش بە ڕێژەی ٥٣%ی دەنگەكان هەڵبژێردران" هەدەپە ئەو هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا بە" كودەتایەكی نوێی سیاسیی" لەقەڵەم دەدات و پێی وایە" وەزارەتی ناوخۆ ناوەندی كودەتاكەیەو بڕیارەكانیشی دژ بە دیموكراسییە و ناوەندی چەواشەكاریی و زەوتكردنی ئازادی و مافەكانە" هەدەپە دەلشَێت"هێندەی نوكە دەرزییەك ئەو دەسەڵاتە ڕەوایەتیی دیموكراتیكی نەماوە. ئێستا لە رێگەی زەوتكردنی ئیرادەی گەلەوە ئەوەی لە سەندوقەكان بەدەستیان نەهێنا، دەیانەوێت بە فێل و تەڵەكە و توندوتیژییەكانی دەوڵەت بەدەستیبهێنن و ئەوەش بووەتە شتێكی ئاسایی هاوپەیمانیی ئاكەپە – مەهەپە". گویڵ و داود ئۆغڵۆ دژن عەبدوڵا گویڵ سەرۆك كۆماری پێشوی توركیا دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە بە كارێكی " نادروست" لە قەڵەم دەدات، لە تویتێكدا نوسیویەتی"لابردنی سەرۆك شارەوانییە تازە هەڵبژێردراوەكان بۆ دیموكراسی توركیا كارێكی دروست نییە". ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوی توركیا بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانیەكانی هەدەپە بە " پێشێلكردنی رۆحی دیموكراسی" ناو دەبات داود ئۆغڵۆ لە توێتێكدا نوسیویەتی"لابردنی سەرۆك شارەوانیە هەڵبژێردراوەكانی (مێردین، دیاربەكر، وان)و دانانی قەیوم لە جێگەیان، پێشێلكردنی رۆحی دیموكراسییە، چونكە ئەوەی لەرێگەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵكەوە هات، دەبێت بەهەڵبژاردن بروات".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ ئەنجومەنی خانمان.. پۆستێك لە دەرەوەی دانوستان ماوەی (7) ساڵە ژنێك بە پلەی وەزیرو لەناو ئەنجومەنی وەزیراندایەو لە پۆستەكەی لانەچووە، ئەو ژنە (پەخشان زەنگەنە)یە كە پێشمەرگەیەكی كۆنی حزبی شیوعی كوردستانە، (7) ژنی تریش هەن كە پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیەو بەهەمان شێوە (7) ساڵە لە پۆستەكەیان ماونەتەوە. ماوەی مانگێكە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، گۆڕانكاری لە سەرجەم وەزارەتو دەستە سەربەخۆكانی سەر بە حكومەتدا كراوە، بەڵام ئەم گۆڕانكارییانە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانی نەگرتوەتەوە. ئەنجومەنی باڵای خانمان سەربە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا هیچ دانوستانێكی لەسەر ئەم پۆستە نەكراوەو هیچ لایەنێك داوای نەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت دەیەوێت ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان هەڵوەشێنێتەوە. لەبارەی ئەنجومەنی خانمانەوە ئەنجومەنی باڵای خانمان لە رۆژی 14ی كانونی یەكەمی ساڵی 2009 بڕیاری دامەزراندنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، بەڵام فەرمانی دەستبەكاربوونی ئەندامەكانی لە شوباتی 2012 دەرچووە. بەپێی ئەوەی لە سایتی فەرمی حكومەتی هەرێمدا هاتووە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆكایەتی ئەنجومەنی خانمان دەكات، وەزیرەكانی (ناوخۆ، دارایی، داد، رۆشنبیری، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، پەروەردە) ئەندامن تێیدا. ئەنجومەنی باڵای خانمان سەربە ئەنجومەنی وەزیرانە، سەرەتا كە بڕیاری دروستكردنی درا، هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی كە ئەم ئەنجومەنە سەربە پەرلەمان بێت، بۆئەوەی پەرلەمان بتوانێت هەموو خولێك گۆڕانكاری لە پێكهاتەكەیدا بكات، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبوو. ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، بەپێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران لە تشرینی دووەمی 2010 بەبڕیارێكی سەرۆكایەتی هەرێم بەپلەی تایبەت (پلەی وەزیر) دامەزرێندراوە. (7) ژن كە لە بواری مافەكانی ژناندا چالاكن، بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران وەكو ئەندام لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ ماوەی یەك خولی (4) ساڵی دامەزرێندراون، بەپێی پەیڕەو ئەمانە تەنیا بۆ ماوەی یەك خولی تر دەتوانن بمێننەوە، واتە زۆربەیان بەپێی ئەو پەیڕەوەی كە نوسراوەتەوە بۆیان نییە لەم خولە نوێیەدا لە پۆستەكانیان بمێننەوە. ئەمیندارو ئەندامان كێن ؟ پەخشان زەنگەنە ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، لە دامەزراندنییەوە تاوەكو ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانە بە پلەو موچەی (وەزیر)، واتە ماوەی (7) ساڵە ئەم ژنە لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە. سەرەتای دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، (9) ژن لە ئەنجومەنەكەدا ئەندامبوون، بەڵام ئێستا (7) ژن ماونەتەوە كە پلەو موچەی (بەڕێوەبەری گشتی)یان هەیە. بەپێی ئەو سیستمەی لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، موچەی مانگانەی وەزیر یان ئەو كەسەی كە پلەی وەزیری هەیە (8 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، ئەوانەشی كە پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیە، مانگانە لانی كەم موچەكەیان دەگاتە (3 ملیۆنو 500 هەزار) دینار. لیستی ناوی ئەمیندارو ئەندامانی ئەنجومەنەكە: • پەخشان زەنگەنە: ئەمینداری گشتی • كۆسار كەمال: ئەندامی ئەنجومەن (پارتی) • نازدار عارف: ئەندامی ئەنجومەن (پارتی) • ئەمەل جەلال: ئەندامی ئەنجومەن (یەكێتی) • روناك فەرەج: ئەندامی ئەنجومەن (یەكێتی) • پەروین حەسەن: ئەندامی ئەنجومەن ( بزوتنەوەی گۆڕان) • دڵخواز عەبدولقادر: ئەندامی ئەنجومەن (یەكگرتووی ئیسلامی) • ئەدیبە عەبدول: ئەندامی ئەنجومەن (كۆمەڵی ئیسلامی) ئەمەل جەلال ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" ئەمیندارو ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانەنراوە، ئێمە بە نوێنەرایەتی رێكخراوەكانی ژنان چوینەتە ناو ئەنجومەنەكەو ئەوان ئێمەیان دیاریكردووە". بەڵام لە هەرێمی كوردستان رێكخراوەكانی بواری ژنان زۆرینەیان سەربە حزبە سیاسییەكانن، پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ (درەو میدیا) پشتڕاستیكردەوە كە ئەو لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لەو پۆستە دانراوە. لە كابینەی هەشتەمدا كاتێك نێچیرڤان بارزانی بەبڕیاری حیزبەكەی (پارتی دیموكراتی كوردستان)، وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، پەروین حەسەن كە نوێنەری گۆڕان بوو لە ئەنجومەنی كاروباری خانمان، لە پۆستەكەی مایەوەو دورنەخرایەوە، پەروین حەسەن بەرلەوەی گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، وەكو نوێنەر لە ئەنجومەنەكە دانراوە. حزبی شیوعیو حكومەت حزبی شیوعی كوردستان كە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا یەك كورسی هەیە، بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی نەكردو ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند، بەڵام پەخشان زەنگەكە كە كادیرێكی باڵای حزبی شیوعییە هێشتا لە حكومەت نەكشاوەتەوەو ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، پەخشان زەنگەكە رایگەیاند:" من ئەم پۆستەم لەسەر بنەمای بەشداری حزبی شیوعی لە حكومەت وەرنەگرتووەو نوێنەرایەتی حزبی شیوعی ناكەم لە حكومەت، من خۆم وەكو شەخسی داوام لێكراوە ئەم پۆستە وەربگرمو تائێستاش بەردەوامم". پەخشان زەنگەكە باسی لەوەكرد، تائێستا كە كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاربووە داوای ئەوەی لێنەكراوە دەستبەرداری پۆستەكەی ببێتو لەكاركردنی خۆی بەردەوامە. كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" خاتوو پەخشان وەكو نوێنەری حیزب لە ئەنجومەنەكە نییە، خاتوو پەخشان بەدرێژایی ژیانی كاری سیاسی كردووەو پێشمەرگە بووە، كەسایەتییەكە لە بواری ژناندا كاری كردووەو بە كەفائەتی خۆی لەو پۆستە دانراوە، بەڵام ئێمە شانازی پێوەئەكەین كە كادیرێكی بەرچاوی ئێمەیە". بودجەی ئەنجومەنی خانمان ئەنجومەنی كاروباری خانمان بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا یاسای بۆ دەرنەكراوە، بودجەكەی دیارنییەو دامەزراوەكەش هێشتاو دوای (9) ساڵ لە دروستكردنی یەكەی ژمێریاری تایبەت بەخۆی نییە، ئەنجومەنی وەزیران خەرجییەكانی دابین دەكات. پەروین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری خانمان لەبارەی بودجەی ئەنجومەنەكەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەسەرەتای دروستكردنی ئەنجومەنەكەوە بۆ ماوەیەكی كەم مانگانە بڕی (5 بۆ 6 ملیۆن) دینار وەردەگیرا، دواتر كرا بە (25 ملیۆن) دینار، لە ساڵی 2014و دوای هاتنی قەیرانی دارایی تاوەكو ئێستا بودجەی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان كراوە (6 ملیۆن) دیناری مانگانە. ئەنجومەنێك بەبێ یاسا ماوەی نۆ ساڵە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان دامەزراوە، بەبێ ئەوەی یاسایەكی تایبەتی لە پەرلەمانەوە بۆ دەربكرێت كە ئەنجومەنەكە بەپێی ئەو یاسایە كاروبارەكانی خۆی بەڕێوەببات. ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بەپێی پەیڕەوێك كاروباری خۆی بەڕێوەدەبات، لە پەیڕەوەكەدا ئەركو ئامانجەكانی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دیاریكراوە: • پێشنیازی سیاسەتی گشتی تایبەت بە ژنان بۆ دامەزراوە دەستورییو مەدەنییەكان. • هۆشیاركردنەوەو هاندادنی دامەزراوە حكومییەكان بۆ پاڵپشتیكردنی ژنان تا رۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بگێڕن. • چەسپاندنی چەمكی یەكسانیی نێوان ژنو پیاو لە هەموو بوارەكاندا. • داڕشتنی پلانێكی تۆكمەو واقیعی بۆ پەرەپێدانی ژنان لە بوارەكانی پەروەردەو تەندروستی و كار. • كاراكردنی ئەو ماددە دەستورییانەی كە لە بەرژەوەندی مافەكانی ژناندان. • پێشنیازكردن بۆ دامەزراندنی دامەزراوەو سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ژنان لە بوارەكانی كۆمەڵایەتیو تەندروستیو ئابوریو فێركردندا. • بەشداریكردن لەو دەستەو لیژنانەی حكومەت دایاندەمەزرێنێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پرسو كێشەكانی تایبەت بە ژنانەوە هەیە. • ئەنجامدانی كۆبونەوەی فراوانو سیمینارو كۆنفرانسو وۆرك شۆپ بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنانو پەرەپێدانی وزەو تواناكانیان. • كاركردن بۆئەوەی بڕیارو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان بكرێن بە بەشێك لە یاساكانی هەرێمو چاودێریكردنی جێبەجێكردنیان. • كردنەوەی سەنتەری تایبەت بە ژنان بۆ كۆكردنەوەی داتاو زانیاری دەربارەی دۆخی مافەكانی ژنانو ئامادەكردنی راپۆرتی ساڵانەو وەرزیانە دەربارەی دۆخی ژنان لە هەرێمدا. • پێشكەشكردنی راوێژو راسپاردە بە دامەزراوە حكومییەكان لە پرسەكانی تایبەت بە ژنانن بە تایبەتی لەو یاسایانەی كە پەیوەندییان بە پرسی ژنانەوە هەیە. • هاندانی زانكۆو ناوەندە زانستییەكان بۆئەوەی توێژینەوەی زانستی دەربارەی كێشەو پرسەكانی ژنان پێشكەش بكەن. ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسایەكی بۆ ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ئامادەكردووەو بڕیارە پاش كۆتایهاتنی پشووەی جەژنی قوربان، پرۆژەكە بخرێتە ناو پەرلەمانەوە بەمەبەستی خوێندنەوەو پەسەندكردنی، هەڵبەت ئەگەر لە بنەڕەتەوە ئەم ئەنجومەنە لەكابینەكەی مەسرور بارزانیدا هەڵنەوەشێندرێتەوە.
راپۆرتی: درەو میدیا پێشبینی دەكرێت تەنها لە رۆژانی جەژنی قورباندا زیاتر لە ( 250 هەزار) گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیاریی و شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، خۆ ئەگەر هەر گەشتیارێك تەنها 300 دۆلار خەرجبكات ئەوا تەنها لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلار دێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوەو بەپێی پێشبینیەكانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2019 گەشتیاران زیاتر لە یەك ملیار دۆلار دەهێننەوە ناو بازاڕەكانی هەرێمەوە ژمارەی گەشتیاران بە پێی پێشبینییەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ژمارەی گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا ( 250 هەزار )گەشتیار تێدەپەڕێنێت، ئەویش بەلەبەرچاوگراتی جەژنی رەمەزانی رابردوو كە ژمارەی گەشتیاران ( 250 هەزار) گەشتیاربووە. بەپێی ئاماری فەرمی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ( ملیۆنێك و 750 هەزار) گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە. دەستەی گەشتوگوزار پێشبینی دەكات ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی 2019 دا ( 3 ملیۆن و 500 هەزار) گەشتیار تێپەڕێنێت، بەو پێیەی ژمارەی گەشتیاران لە شەش مانگی یەكەم كەمتر دەبێت لە شەش مانگی دووەم. هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر لە مانگەكانی ( تەموز ، ئاب ، ئەیلول) و لە وەرزی گەرمادا دەبێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت ژمارەی گەشتیاران لە شەش مانگی دووەم زۆر زیاتر بێت. ئەگەر تەنها پێشبینیەكەی دەستەی گەشتوگوزار لەبەرچاوبگیرێت كە ژمارەی گەشتیاران لە 2019 دا ( 3 ملیۆن و 500 هەزار) گەشتیار دەبێت و هەر گەشتیارێك لە ماوەی مانەوەی لە هەرێمی كوردستان تێكڕا(300 )دۆلار خەرج بكات، ئەوا كۆی گشتی ئەو پارەیەی كە گەشتیاران دەیهێننە بازارەكانی هەرێمی كوردستانەوەو خەرجی دەكەن دەگاتە (ملیارێك و 50 ملیۆن) دۆلار. توانای گەشتیاری هەرێم هەرێمی كوردستان سەرەڕای هاوینەهەوارەكانی خاوەنی (4 هەزار و 500 )شوێنی مێژوویی و شوێنەوارییە. لە ڕیزبەندی 30 لە بەناوبانگترین ناشناڵ پاركەكانی جیهانیشدا، ناشناڵ پاركی سەكران لە پلەی هەژدەهەمدایە. نەورۆز مەولود وەزیری پێشووی شارەوانی و گەشتوگوزار ساڵی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان( هەزار و 63 )هۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن كە( 760 )یان خاوەن ئەستێرەی گەشتیارین و ئەوانی دیكە هۆتێلی میللین، بە هەمووشیان( 70 هەزار )سەرینیان هەیە و لەكاتی فشاری زۆری گەشتیاراندا دەتوانرێت زیادبكرێت. بەپێی خشتەیەكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016دا ژمارەی هۆتێل و شوێنی مانەوەی گەشتیاران بەم شێوەیە بووە: - هۆتێل: 430 - مۆتێل: 271 - گوندی گەشتیاری: 91 - ریستۆرانت و كافتریا: 768 - ژمارەی ژوور : 23851 گەشتیاران 900% زیادیانكردووە بەپێی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007 بۆ 2019 ژمارەی گەشتیاران بەرێژەی 900% زیاد دەكات و داهاتەكەشی لە (90 ملیۆن) دۆلارەوە بۆ زیاتر لە (یەك ملیار )دۆلار بەرز بۆتەوە. بەپێی ئامارەكە لە ساڵی 2007 ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان ( 377 هەزارو 397 ) گەشتیار بووە، بەڵام بۆ 2019 دەبێتە ( 3 ملیۆن و 500هەزار) گەشتيار، واتا زیاتر لە ( 3 ملیۆن و 122 هەزار) گەشتیار زیاد دەكات، ئەم زیادبونەش بەرێژەی سەدی دەكاتە ( 900%) هەروەها ئەو پارەیەی كە گەشتیاران لە 2007 لە كاتی مانەوەدا لە هەرێم خەرجیانكردووە ( 90 ملیۆن ) دۆلار بووە، بەڵام لە 2019 دەبێتە ( 1 ملیار و 50 ملیۆن) دۆلار. ژمارەی قەرەوێڵە لە ساڵى 2007 دا ( 10 هەزارو 501 ) بووە بەڵام لە 2019 بۆ زیاتر لە ( 70 هەزار) قەرەوێڵە زیادی كردووە، ئەم زیادبونەش بەرێژەی سەدی دەكاتە (700%) زیادیكردووە. لە ساڵی 2007 داهاتی باج و رسومات (450 ملیۆن) دینار بووە بەڵام لە 2019 دەبێتە زیاتر لە ( 5 ملیار) دینار، ئەم زیادبونەش بەرێژەی سەدی دەكاتە 1000% زیادی كردووە. گەشتیاری بیانی كەمیكردووە بەپێی ئامارە فەرمییەكان زۆرینەی گەشتیارن كە دێنە هەرێمی كوردستانەوە هاوڵاتی پارێزگاكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقن. ساڵی رابردوودا 91% گەشتیاران لە شارەكانی خوارو ناوەراستی عێراق هاتبوونە هەرێمی كوردستان، لەبەرامبەردا گەشتیاری بیانی رێژەی 9%ی پێكدەهێنا كە ئەوانیش هاوڵاتیانی توركیا و ئێران و بیانین. بەڵام لە ساڵی 2017 بەپێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، 70%ی گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتبوون، 30%ی دیكەش لە ئێران و توركیا و وڵاتانی دیكە هاتبوون. ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان لەچاو ساڵانی رابردوو كەمیكردووە، بەتایبەتیش گەشتیاری ئێرانی ئەویش بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەكەیان و ئەو قەیرانە داراییەی رویكردۆتە وڵاتەكەیان. لە ساڵی 2016 لە كۆی ( ملیۆنێك و 603 هەزارو 400) گەشتیاری هەرێمی كوردستان ( 376 هەزارو 111 ) گەشتیاریان بیانی بوون بەتایبەتیش ( ئێران ، توركیا) كە دەكاتە ( 24%) ی كۆی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی گەشتیارانی بیانی كەمیكردووەو گەشتیاری باشور و ناوەڕاستی عێراق زۆر زیادیكردووە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ نێچیرڤان بارزانی چاوی لە گواستنەوەی قوباد تاڵەبانییە لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بۆ جێگیری سەرۆكی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان دوای پشووی جەژن كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلادەكاتەوە، حەمەتۆفیق رەحیم دەڵێ" من معامەلە ناكەم"، جەعفەر شێخ مستەفا بە فەرمی كاندید كراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەڵام هێشتا لە فەرماندەی هێزەكانی 70ی ئۆفێسەكەی چۆڵنەكردووە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا نوێترین زانیارییەكان لەبارەی پرسی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم بڵاودەكاتەوە. ئەمڕۆ ماوەی دوو مانگی تەواوە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، بەڵام دوو جێگرەكەی هێشتا مەرسومی دەستبەكاربونیان بۆ دەرنەچووە. بەپێی ئەو رێككەوتنەی سیاسییەی كە لەنێوان پارتیو یەكێتی لەلایەكو پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تركراوەو لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگیركراوە، سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەی خولەكانی پێشووەوە، لەخولی ئەمجارەدا دوو جێگری دەبێت، یەكێك لە جێگرەكان یەكێتی دەبێتو ئەوی تر كەسێك دەبێت لە بزوتنەوەی گۆڕان. كێشەیەكی یاسایی رۆژی 8ی ئایاری رابردوو پەرلەمانی كوردستان "یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوری"ی پەسەندكرد. لە برگەی (دووەم)ی ماددەی (3)ی یاساكەدا هاتووە:" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، ئەركو دەسەڵاتەكانیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دیاری دەكرێت". لە هەموارە نوێیەكەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەسەڵاتی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم رادەستی سەرۆكی هەرێم كراوە، واتە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵات بە جێگرەكانی دەدات نەك یاسا دەسەڵاتی بۆ دیاریكردبن. هەموارە نوێیەكە هیچ وادەیەكیشی بۆ كاتی دەستبەكاربوونی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دیاری نەكردووە، لەكاتی هەموارەكەدا هەوڵێك لەناو پەرلەمان هەبوو بۆ ئەوەی لەیاساكەدا بچەسپێندرێت سەرۆكی هەرێم دوای (15) رۆژ لە دەستبەكاربوونی دەبێت مەرسومێك بۆ دەستبەكاربووتی جێگرەكانی دەربكات، بەڵام ئەم هەوڵە سەری نەگرتو لەیاساكەدا ماوەكە بەكراوەیی هێڵدراوەتەوە، ئەمە وادەكات ئەگەر بۆ ماوەیەكی زیاتریش جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دەستبەكارنەبن، هیچ بۆشاییەكی یاسایی رونەدات. یەكێتی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتیدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای دانوستانێكی زۆر دواجار پارتی دیموكراتی كوردستانی ناچاركرد لە سەرۆكایەتی هەرێم پۆستێكی باڵای پێبدات. پارتی كە پێشتر هەڕەشەی دەكرد ئەگەر فراكسیۆنی یەكێتی لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدات وەكو سەرۆكی هەرێم، هیچ پۆستێك لە سەرۆكایەتی بە یەكێتی نادات، دواجار لە هەڕەشەكانی پاشەكشێی كرد، یەكێتی دەنگی بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، بەڵام سەرباری ئەوەش پارتی بەناچاری جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادكردو ئەو پۆستەی بە یەكێتی دا. یەكێتی بە فەرمی ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی هێزەكانی (70)ی وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی پارتیو نێچیرڤان بارزانی كردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرباری ئەوەی ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا) ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كراوە، بەڵام ئەگەری گۆڕینی كاندیدەكەی یەكێتی لە (جەعفەر شێخ مستەفا)وە بۆ كەسێكی تر لەئارادایە. (درەو میدیا) زانیویەتی، پێشتر نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی زارەكی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە، كەسێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكەن كە زمانزانو دیپلۆماتكار بێت، بەوپێیەی ئەگەر ئەو بەهەر هۆكارێك لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەمێنێت یاخود گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، جێگرەكانی لە كوردستان لەشوێنی ئەو پۆستی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەدەبەن. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی خوازیارە یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (قوباد تاڵەبانی) یاخود (عومەر فەتاح) كاندید بكات. (عومەر فەتاح) لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا جێگری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، (قوباد تاڵەبانی)ش لەكابینەی هەشتەمدا، واتە هەردووكیان ئەزمونی كاركردنیان وەكو جێگر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هەیە. ئەگەر قوباد تاڵەبانی كە دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانییە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت ببێتو پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، رەنگە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت. رۆژی 7ی تەموز، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەفەرمی لە نوسراوێكدا ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێشتا (جەعفەر شێخ مستەفا) دەستبەرداری پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70)ی یەكێتی نەبووەو ئۆفیسەكەی لە فەرماندەیی رادەست نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 31ی تەموز یەكێتی بەفەرمی (مستەفا چاوڕەش)ی لە شوێنەكەی (جەعفەر شێخ مستەفا) لە پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70) دیاریكرد. بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراوەی سەرۆكایەتیدا بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێكی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، لەناو سێ سەرۆكایەتییەكەدا (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی باڵابوو لەناو پەرلەمان، بەوپێیەی لە خولی پێشوودا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوە بوو، بەڵام پارتی هیچ پۆستێكی لە دەستەی سەرۆكایەتی خولی نوێی پەرلەمان بە گۆڕان نەدا. بزوتنەوەی گۆڕان دواجار لە بری پەرلەمان، قایل بوو بە وەرگرتنی پۆستێك لە سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوكات كە بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی رێككەوتنی سیاسییان كرد، بەپێی یاسای كارپێكراوی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبوو، گۆڕان ئەو تاكە جێگرەی بۆخۆی یەكلاكردبووەوە. بەڵام دواتر پارتی لە دانوستانەكانیدا بۆ قایلكردنی یەكێتی بەڵێنیدا جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكاتو ئەو پۆستە بە یەكێتی بدات، ئەمە بزوتنەوەی گۆڕانی نیگەران كرد. بەپێی یاسا، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، جێگرەكەشی دەبێت بە جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتە سەربازییەكە بدات بە جێگرە یەكێتییەكەی، بەوپێیەی یەكێتی خاوەنی هێزی چەكداری زۆنەكەی خۆیەتی. ئەگەر دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی هەرێم وەكو جێگری فەرماندەی گشتی هێزە پێشمەرگە بدرێت بە كاندیدەكەی یەكێتی، بەپێی یاسا هیچ رۆڵێكی ئەوتۆ بۆ جێگرەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم نامێنێتەوە، بەڵام هەموارە نوێیەكەی یاسای سەرۆكایەتی دەسەڵاتی ئەوە بە نێچیرڤان بارزانی دەدات بە ویستی خۆی دەسەڵات بە جێگرەكانی بداتو رەنگە لەو رێگەیەوە چارەسەری كێشەكە بكرێت. ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا دوو كەس بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدن، ئەوانیش بریتین لەو (محەمەد تۆفیق رەحیم)و (مستەفا سەید قادر)، كۆتایی هەفتەی رابردوو (جەمال حاجی محەمەد) سكرتێری جڤاتی نیشتمانی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە كشایەوە. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، رۆژی 27ی تەموز دەسەڵاتی خۆی بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەخشی بە (عومەر سەید عەلی) رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە. عومەر سەید عەلی رەتیدەكاتەوە هیچ یەكێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە پۆستی حكومی وەرگرن، ئەمە وایكرد هەمان رۆژی كۆبونەوەكەی جڤات، (محەمەد تۆفیق رەحیم) دەستی لە پۆستی ئەندامێتی خانە بكێشێتەوە. نزیكەی (15) رۆژە دەسەڵات بە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان دراوە كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابكاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هێشتا بە فەرمی ناوی كاندیدەكەی یەكلانەكردوەتەوە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، محەمەد تۆفیق رەحیم كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان دوای پشووی جەژنی قوربان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلادەكاتەوە. محەمەد تۆفیق رەحیم وتی: من لە كاندید بونم بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم نەكشاومەتەوەو معامەلە لەسەر ئەو پۆستە ناكەم. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر رێكخەری گشتی دوای جەژن كاندیدەكە یەكلانەكاتەوە، دورنییە جارێكی تر پرسەكە بگەڕێتەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی، واتە جڤانی نیشتمانی بە دەنگدان كاندیدەكە یەكلابكاتەوە. بەپێی پێوەرەكەی نێچیرڤان بارزانی كە داوای كاندیدی زمانزانو دیپلۆماتیی لە یەكێتی كردووە، دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان محەمەد تۆفیق رەحیم كاندید بكات بۆ پۆستەكە، بەڵام ئەمە ئەگەرێكی لاوازە، بەوپێیەی لەلایەك كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی دانانی مستەفا سەید قادر دەكەنو لەلایەكی تریش بەكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، عومەر سەید عەلی دەیەوێت مستەفا سەید قادر لە حیزب دوربخاتەوە، چونكە بەپێی زانیارییەكان ئەگەر بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید نەكرێت، مستەفا سەید قادر لە رۆژی 14ی ئەیلولی داهاتوو خۆی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاندید دەكات. موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكانی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەیو بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • موچەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم (15 ملیۆن) دینارە. • دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی كە دەكاتە (7 ملیۆن 500 هەزار) دینار. • كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم دەگاتە (22 ملیۆنو 500 هەزار) دینار. • سەرۆكی هەرێم لەكاتی خانەنشینبوونیدا موچەی خانەنشینی وەردەگرێت كە 80%ی موچەو دەرماڵًەكەیەتیو دەكاتە (18 ملیۆن) دینار. موچەو دەرماڵەی جێگری سەرۆكی هەرێم: • موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە. • دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن 500 هەزار) دینار. • كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە. • جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار. بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات. بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەو كاتەوە تاوەكو رۆژی 29ی تشرینی یەكەمی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووەو كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستاو دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆنو 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر سەرۆكی حكومەت بووە. بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم بە گوێرەی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013ی هەرێم، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (430) كارمەندی هەیە، بودجەی ئەو ساڵەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (42 ملیار) دینار بووە، كە دەكاتە رێژەی 0,36%ی كۆی گشتی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا. لە ساڵی 2013وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەرێمی كوردستان پرۆژە یاسای بودجەی نەبووە، پەرلەمان پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندنەكردووە، ئەگەر لەمساڵدا پرۆژە یاسای بودجە دابنرێتو پەرلەمان پەسەندیبكاتو جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر دەبێت.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئامادەكردنەوەی یاسای "چاكسازی لە خانەنشینیو موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" یاسایەك كە لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسەندكراو دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵكو ناكۆكی حزبەكانەوە پەسەندكرنەكەی رەتكرایەوە. ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئامادەكردنەوەی یاساكە، بەپێی پێشبینییەكان ئەگەر پرۆژەكە وەكو خۆی پەسەندبكرێت زیاتر لە (100 ملیار) دینار دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی، كێ خاوەنی پرۆژەی چاكسازییە ؟، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی پرۆژەكەوە بڵاودەكاتەوە. كێ خاوەنی پرۆژەی چاكسازییە ؟ رۆژی 14ی تشترینی دووەمی 2017 لە گەرمەی قەیرانی دارایی هەرێمو كاركردن بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق، وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد. وەفدەكەی حكومەت پێكهاتبوو لە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانو (رابەر سدیق) وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئەم دوو كەسە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی ئەوكاتی پەرلەمانو لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبونەوە. ئامانجی سەردانی وەفدەكەی حكومەت بۆ پەرلەمان، گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بە پرسی چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێمو چۆنیەتی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە گێڕانەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2018ی حكومەتی عێراقدا. سۆران عومەر یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی حكومەتو پەرلەمانی كرد، ئەو كە بۆ ئەم خولەش لە پەرلەمان ماوەتەوە، لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بوو. "كاتێك وەفدی حكومەتی هەرێم باسیان لە قەیرانی دارایی كرد، من پێم راگەیاندن بارودۆخی حكومەتی بۆ خراپە، ئەگەر خراپە بۆ چاكسازی ناكەن، بەتایبەت چاكسازی لە خانەنشینی سەربازیدا، كە بارگرانییەكی زۆری خستوەتە سەر حكومەت مانگانە زیاتر لە 100 ملیار دینارە، كێشەكە لەوێوەیە" سۆران عومەر بەمشێوەیە باسی ناوەڕۆكی دیدارەكەی نێوان وەفدی حكومەتو پەرلەمانی بۆ (درەو میدیا) گێڕایەوە، كە دواتر لەو كۆبونەوەیەوە بیرۆكەی پرۆژە یاسای چاكسازی گەڵاڵەكرا. دوای گەڕانەوەی لە كۆبونەوەكەی لەگەڵ پەرلەمان، ئامانج رەحیم پێشنیازی چاكسازییەكە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت باس دەكات، ئەوان رەزامەندی دەردەبڕن لەسەر ئەوەی پرۆژەیەك ئامادە بكرێت سەبارەت بە چاكسازی. سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرن پرۆژەیەك بۆ چاكسازی ئامادەبكات، پرۆژەكە ئامادەكراو دواتر ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 30ی كانونی یەكەمی 2017دا پرۆژەكەی پەسەندكردو رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا. پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 27ی شوباتی 2018 پرۆژەیاساكەی پەسەندكرد، رۆژی 4ی ئازاری 2018 بەبەهانەی ناڕەزایەتی شەقام دژی بە هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوەو چارەنوسی یاساكەی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەجێهێشت. سۆران عومەر بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئەگەر د. ئامانج رەحیم نەبوایە پرۆژە یاسای چاكسازی سەری نەدەگرت". حكومەتی هەرێم دوای (25 ساڵ) بۆیەكەمجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا بڕیاریدا بەشێوەیەكی جددی هەنگاو بە ئاڕاستەی چاكسازیدا هەڵگرێت، ئەوەی حكومەتی ناچاركرد بیر لە چاكسازی بكاتەوە قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوتو بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە عێراقو بارگرانییەكانی شەڕی "داعش"ە بوو، بەڵام لایەنە سیاسییەكان بۆ بانگەشە هەریەكەیان خۆیان بە خاوەنی پرۆژەكە دەزانن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی یەكەمی بیرۆكەی پرۆژەیاساكەیەو ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەكارو خاوەنی پرۆژەیاساكە بووە. بایۆمەتری.. هەنگاوێكی بێكەڵك بەر لە نوسینەوەی پرۆژەیاسایەك بۆ چاكسازی لە بواری موچەو دەرماڵەو ئیمتیازاتەكانی تر، حكومەتی هەرێم رێگەیەكی سیستمی "بایۆمەتری"ی تاقیكردەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو. بایۆمەتری یەكەم هەنگاوی حكومەت بوو لەناو قەیرانی دارایدا بەئاڕاستەی رێكخستنەوەی لیستی موچەخۆرانو بڕینی موچەی ئەو كەسانە بوو كە زیاتر لە موچەیەكیان لە بودجەی هەرێم بەشێوەی "گەندەڵی" وەردەگرت، لە كۆتایشدا زیادكردنی داهات. جێبەجێكردنی ئەم سیستمە سەرباری ئەوەی كاتێكی زۆرو خەرجییەكی تریشی بۆسەر خەرجییەكانی حكومەت زیادكرد، نەك پارەی موچەی كەمنەكردەوە، بەڵكو زیاتری كردو هیچ بڕە پارەیەكی بۆ حكومەت نەگەڕاندەوە. بەر لەوەی سیستمی بایۆمەتری بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم (1 ملیۆنو 378 هەزار) موچەخۆر بوو، ئەم رێژەیە مانگانە پێویستی بە (868 ملیار) دیناری خەرجی موچە هەبوو. دوای جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری، ژمارەی موچەخۆران كەمیكرد بۆ (1 ملیۆنو 249 هەزارو 481) موچەخۆر، واتە نزیكەی (129 هەزار) موچەخۆر كەمكرایەوە، ئەم كەمبونەوەیە لە ژمارەی موچەخۆراندا نەبووە هۆی كەمبونەوەی بڕی ئەو پارەیەی كە دەبوو حكومەت مانگانە بۆ موچەی موچەخۆرانی دابین بكات، چونكە لە سیستمی بایۆمەتریدا (100 هەزار) موچەخۆر ئەژمارنەكرابوون كە ئەوانیش خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان بوونو دەرماڵەی مانگانەی خوێندنیان وەردەگرت. بەر لە جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری ئەو پارەیەی كە دەبوو حكومەت مانگانە بۆ موچە دابینی بكات (868 ملیار) دینار بوو، بەلام دوای جێبەجێكردنی سیستمەكە خەرجی موچە بوو بە (890 ملیار) دینار، واتا بایۆمەتری نەك هەر پارەی نەگەڕاندەوە بەڵكو (22 ملیار) دیناری بۆسەر خەرجی موچە زیادكرد، ئێستا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بەم شێوەیەیە: • خانەنشین: (244 هەزارو 656) موچەخۆر • خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان: (96 هەزارو 53) موچەخۆر • كەمئەندامو چاودێری كۆمەڵایەتی: (159 هەزار) موچەخۆر • كەرتی فەرمانبەرانی شارستانی بە پۆلیسەوە: (483 هەزار) موچەخۆر • پێشمەرگەو ئاسایش (266 هەزارو 465) موچەخۆر رەنگە تاكە سودی جێبەجێكردنی سیستمی بایۆمەتری نەهێشتنی دیاردەی وەرگرتنی چەند موچەیی بێت، نوری عوسمان سەرۆكی پێشووی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون جارێك لە لێدوانێكدا وتی:" 68 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان هەن كە دوو موچەو سێ موچەو چوار موچە وەردەگرن". هەوڵێكی نوێ دوای ئەوەی خولی پێشووی پەرلەمان، پرۆژەیاساكەی رەتكردەوە، پرۆژەكە گەڕایەوە بۆ حكومەت، ئێستای كابینەی نوێی حكومەت دەیەوێت بە هەندێك گۆڕانكارییەوە جارێكی تر پرۆژە یاساكە بنێرێتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی. ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی هەرێم تائێستا تەنیا (4) كۆبونەوەی كردووە، لە كۆبونەوەی دووەمدا گفتوگۆی لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا بریاردرا سەرلەنوێ لیژنەیەك تایبەت بەو پرۆژەیاسایە دروستبكرێت. لیژنە نوێیەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كارەكانی خۆی لەسەر پرۆژەیاساكە دەكات، چونكە حكومەت نایەوێت وەكو خولی پێشوو پەسەندكردنی پرۆژەكە لە پەرلەمان گرێوگۆڵی تێبكەوێت، بۆیە هەر لەئێستاوە پەرلەمان بەشدار دەكات لە ئامادەكردنەوەی پرۆژەكەدا. (درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكەی حكومەتی هەرێم كەمترین دەستكاری پرۆژە یاساكە دەكات، لەبەر ئەوەی پرۆژە یاساكە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی خۆیەتیو پێشتر بە چەندین فلتەردا تێپەڕێوە. پێشبینی دەكرێت پەسەندكردنی پرۆژەیاسای "چاكسازی لە خانەنشینیو موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" یەكەم كاری پەرلەمانی كوردستان بێت دوای كۆتایهاتنی پشووی وەرزی یەكەمی یاسادانان. لەبارەی یاساكەوە پرۆژەی یاسای "چاكسازی لە خانەنشینیو موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق" كە لە (24) ماددە پێكهاتووە، بەپێی وتەی زۆرێك لە پەرلەمانتاران بە پەسەندكردنی ئەم پرۆژە یاسایە، مانگانە زیاتر لە (100 ملیار) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە. ئەم یاسایە كە پێشتر لە پەرلەمان پەسەندكراو دواتر هەڵوەشێندرایەوە، لەكاتی خۆیدا نیگەرانی زۆری دروستكرد، ئەوكات نیگەرانییەكان زیاتر لەسەر چەند خاڵێك چڕبووبونەوە: • یاساكە كەمترین موچە بۆ هەر فەرمانبەرێك بە (300 هەزار) دینار دیاریكردبوو، پەرلەمان داوای دەكرد كەمترین ئاستی موچە (400 هەزار) دینار بێت، حكومەت رەتیدەكردەوە بەوپێیەی لەناو قەیرانی دارایدا بوو. • موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە باڵاكان كە لە یاساكەدا بە زیاتر لە (4 ملیۆن) دینار دیاریكرا بوو، ناڕەزایەتی لە شەقام دروستكرد، بەڵام لایەنی باشی یاساكە ئەوە بوو كە دەرگای بۆ هەموو پلە باڵاكان (وەزیرو پەرلەمانتار) كردبووەوە كە ئەگەر موچەی خانەنشینی رەتبكەنەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەمەش بەهانەی هەموو ئەوانەی دەبڕی كە باسیان لەوەدەكرد موچەی خانەنشینی زۆریان ناوێتو دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشوویان، بەڵام یاسا رێگەیان پێنادات. • حكومەتی هەرێمیش كێشەی لەگەڵ دەرماڵەكاندا هەبوو، دەیویست لە یاساكەدا كەمبكرێنەوە، بەڵام لیژنەكانی پەرلەمان پێیانوابوو ئەگەر لەناو یاساكەدا ڕێكبخرێت زۆربەی دەرماڵەكان نامێنن، بۆیە پەرلەمان دەیوت چۆن پێشتر حكومەت خۆی بە بەڕێنمایی دەرماڵەی ڕێكخستووە، دەبێت هەر بەوشێوەیە خۆی كەمیبكاتەوە، حكومەت دەیویست لیكەوتەكانی بڕیارەكە بخاتە ئەستۆی پەرلەمان، پەرلەمانیش تۆپەكەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی حكومەت. سەرباری ناڕەزایەتیو ناكۆكییەكان، یاساكە خاڵی گرنگی تێدابوو بەئاڕاستەی چاكسازیو بەرژەوەندی گشتی، پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا كە رۆژی دوای پەسەندكردنی یاساكە دەریكرد، لایەنە باشەكانی یاساكەی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە (ئەم رونكردنەوەیە پێش هەڵوەشاندنەوەی پەسەندكردنی یاساكە دەرچووە): * زامنكردنی مافی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەو موچەیەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی پاشەكەوت لێیان بڕدراوە، بەشێوەیەك بخرێتە سەر حیسابی بانكیی فەرمانبەرانو لە داهاتووش بە پەیڕەوێكی تایبەت شێوازی مامەڵەپێكردنی رێكبخرێتو فەرمانبەران بتوانن بەكاری بهێنن. * ئەوە جێگیركراوە كە هیچ خانەنشینێك نابێت لە سێ سەد هەزار دینار كەمتر مووچەی خانەنشینی وەربگریت. * هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پلەباڵاو پلەتایبەتەكان كە رۆژێك لە رۆژان ئەم پۆستانەیان نەبینیوە. * راستكردنەوەی موچەی خانەنشینی یان هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی سەرجەم ئەو كەسانەی كە بەدەر لە یاسا یان بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشینكراون. * یەكخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیو فەرمانگەو یەكە كارگێڕییەكان كە موچەی خانەنشینییان لێ خەرج دەكرێت بە سەربازیو مەدەنی لەناو بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سەر بە وەزارەتی دارایی. * یەكخستنەوەی یەكەكانی ژمێریاریی سەربە یەكەی حەفتاو هەشتا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، كە ئەمە هەنگاوێكی گرنگو پیرۆزە بەرەو یەكخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. * دانانی میكانیزمو كاتی دیاریكراو بۆ پاككردنەوەی لیستی شەهیدانو زیندانیانی سیاسیو كەمئەندامانی سەنگەر، لە رێگای پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند كە ئەمە خواستی خەڵكی كوردستانە. * دەستنیشانكردنی ژمارەی پاسەوانی بارەگاو دامەزراوەو پلەباڵاكانی هەرێم لەچوارچێوەی پەیڕەوێك كە حكومەتو پەرلەمان لەماوەی شەست رۆژ پەسەندی دەكەن. * رێكخستنەوەی دەرماڵەكانو زیاتر لە یەكجار سوودمەندبوون لە بودجەی گشتی بە ئیستسناكردنی كەسوكاری شەهیدانو خاوەن پێداویستیی تایبەت. * دروستكردنی سندوقی خانەنشینیو قەدەغەكردنی خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك لەم سندوقە. * سەبارەت بە خانەنشینیی پلەباڵاكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمو حكومەتو پەرلەمانو وەزیرو پەرلەمانتارو وەكیل وەزیرو راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتیو سەرجەم پلە تایبەتیەكان، میكانزمێك پەسەندكراوە بە بەراورد بە یاسا بەركارەكانی پێشوو كە هەبوون بۆ خانەنشینكردنی ئەمانە رێژەیەكی زۆری خانەنشینییان كەمكراوەتەوەو هەوڵدراوە ساڵانی خزمەتو بڕوانامەو تەمەن لە بەرچاو بگیرێتو لە رێژەی بیستو پێنج لە سەد لە موچەكەیان دەستپێدەكات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە خوار پەنجا ساڵە نابێت لە شەست لەسەدی مووچەكەیان زیاتر بێتو ئەوانەشی لە پەنجا ساڵ زیاترن نابێت لە حەفتا لە سەدی موچەكەیان زیاتر بێت، لە كاتێكدا پێشتر هەمویان بە هەشتا لە سەد خانەنشین دەكران، هەروەها خانەنشین بوون ئارەزوومەندانەیەو هەریەك لەم پلەتایبەتانە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشووی خۆیان. خانەنشینی پلەباڵاكان ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو بەبێ جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارە. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایە، موچەی خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتاران لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی عێراقدا چارەسەری بۆ دیاریكراوە. بەڵام پێشتر پەرلەمانی كوردستان بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكرد كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینیو ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە. پەرلەمانی كوردستان بەر لە هەڵوەشاندنەوەی یاساكە، پرۆژەكەی بەوجۆرە پەسەندكرد " هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك كە تەمەنی لەسەرو 50 ساڵیەوە بێت، بەرێژەیەك خانەنشین دەبێت كە 70%ی موچەكەی زیاتر نەبێت". 70%ی موچە، واتە وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت مانگانە (5 ملیۆنو 740 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت. بەڵام ئەگەر تەمەنی لەخوار 50 ساڵیەوە بێت، بەپێی ئەوەی پەرلەمانی خولی پێشوو پەسەندی كرد، دەبێت پلەباڵاكان بەرێژەیەك خانەنشین بكرێن كە لە 25%ی موچەكانیانەوە دەستپێدەكات بۆ رێژەی 60%. واتە ئەگەر كەسێكی پلەباڵا بەرێژەی 60%ی موچە خانەنشین بكرێت، مانگانە بڕی (4 ملیۆنو 920 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرێت، ئەوانەشی كە هیچ پێوەرێكی خانەنشینبونیان تێدا نییە بەرێژەی 25%ی موچەكانیان خانەنشین بكرێن كە مانگانە دەكاتە (2 ملیۆن) دینار. بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر بۆ (درەو میدیا)، موچەی خانەنشینی بۆ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، بە خانەنشینی وەزیرو پەرلەمانتارانەوە بۆ ساڵێك (75 ملیار) دینارە. روون نییە ئایا خولی نوێی پەرلەمانو كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەسەر چ میكانیزمێك سەبارەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان رێكدەكەون. خانەنشینی سەربازی بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كێشەی سەرەكی ناو پرۆژەیاساكە، پرسی خانەنشینی سەربازییە. لە هەرێمی كوردستان (244 هەزارو 656) خانەنشین هەیە، كە (133 هەزارو 435) خانەنشینی بواری سەربازییە بەرێژەی (54%). خانەنشینی سەربازی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر بودجە هەیە كە بەپێی بەدواداچونەكانی پەرلەمانتار سۆران عومەر، لە مانگی 11ی 2012دا (64 هەزارو 967) خانەنشینی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستاندا هەبووە، بەڵام لە 2013دا ئەم رێژەیە بەرزبوەتەوە بۆ (92 هەزارو 641) خانەنشین، واتا تەنها لە ساڵی 2013دا كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبووە (27 هەزارو 674) كەس زیادیكردووە. بەپێی قسەی پەرلەمانتار سۆران عومەر، موچەی خانەنشینی سەربازی بۆ یەك مانگ (100 ملیار) دینارە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لە پرسی چاكسازیكردن لە لیستی خانەنشینی سەربازیدا، یەكێتی نیشتمانی كورستان زەرەرمەند دەبێت، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووەو لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، سەرباری ئەمە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاساییو خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە.
درەو میدیا: " زیاتر لە 1 ترلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت گەڕێندراوەتەوەو 5 وەزیرو زیاتر لە 100 بەرێوەبەری گشتیان راپێچی دادگاكانی عێراق كردووە، " ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی دەستەی دەستپاكی عێراق. لە راپۆرتی شەش مانگی یەكەمی خۆیدا دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاندوە" دەستەكەیان رێگری كردووە لە بەهەدەردان و گەڕاندوەی یەك تریلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی تەنها لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا" راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە " هەزار و 939 كەس لەنێویاندا پێنج وەزیر هەیە كە بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە. ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەش كە پلەی تایبەتیان هەیە، یان بەڕێوەبەری گشتین 100 تۆمەتبار بووە و 137یان بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە" بەشێوەیەكی گشتی راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە: - یەك تریلیۆن و 312 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی - 857 فەرمانی دەستگیركردن بۆ بەرپرسانی حكومەت دەرچووە، 407 فەرمانیان جێبەجێكراون. - هەزار و 939 كەس لەنێویاندا پێنج وەزیر و ئەوانەی بە پلەی وەزیرن راپێچی دادگاكراون - بەڕێوەبەری گشتی و پلە تایبەتەكان زیاتر لە 100 تۆمەتبار بووە و 137یان بڕیاری راپێچكردنیان بۆ دادگا بۆ دەرچووە - 18 هەزار و 552 فۆرمی ئاشكراكردنی موڵك و ماڵی بەدەستگەیشتووە، - - سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق 100% پابەند بوون بە ئاشكراكردنی موڵك و ماڵیان - وەزیرەكان بەڕێژەی 77 % پابەند بوون بە ئاشكراكردنی موڵك و ماڵیان - پەرلەمانتاران 20%یان موڵك و ماڵیان ئاشكرا كردووە لەكۆی 328 پەرلەمانتار تەنها 67 پەرلەمانتار فۆرمی ئەستۆپاكیان پڕكردۆتەوە
درەو میدیا: یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشێك لە پۆستەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلا نەكردوەتەوەو پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكیشی بە چارەنوسێكی نادیار سپاردووە. تائێستا یەكێتی چارەنوسی سێ سەرۆكی دەستەو ناونیشانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی هەولێر و بەغدا و دانانی پارێزگاری كەركوكی بە هەڵواسراوی هێشتوەتەوە، لە كاتێكدا كاندیدی بۆ تەواوی ئەو پۆستانە پێشكەشكردووە. پۆستە پڕنەكراوەكان نزیكەی مانگێك بەسەر سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، هێشتا بەشێك لە پۆستەكانی یەكێتی یەكلانەكراونەتەوە، رۆژی 6ی تەموزی رابردوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستە وزارییەكان دیاریكران و رۆژی دواتر بە واژووی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ناوەكان ئاراستەی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو كرا، بەڵام تا ئێستا سەرۆكی سێ دەستە كە وەك پشكی یەكێتی دیاریكراون یەكلانەبونەتەوە كە ناویان لە لیستەكەی كۆسرەت رەسوڵدا هەبوو، فەرمانی وزاریش بۆ پۆستەكەی خالید شوانی دەرنەچووە. وەزیری بێناونیشان 10ی مانگی رابردوو خالید شوانی وەك وەزیری هەرێم سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام تا ئێستا فەرمانی وزاری بۆ دەستنیشانكردنی پۆستەكەی دیارینەكراوە، كە پۆستی ( وەزاری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد)ە ، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكی ناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی كەورتووە، پارتی ناونیشانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بدات بە خالید شوانی چونكە پارتی بەڵێنی تەنها وەزیری هەرێمی بە یەكێتی داوە. زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن كە ئەو پۆستە ئیشكالیەتی تێدایە، بەوەی لە كاتی رێككەوتنەكاندا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندیان لەسەر (وەزیرێكی هەرێم)داوە، بەڵام ناونیشانەكەی دیارینەكراوە، تەنانەت لەكاتی بردنەوەی كۆنوسی رێككەوتنەكە لەلایەن ( عیماد ئەحمەد) سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ لای وەفدی پارتی، كاتێك ناونیشانی ( وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد) دیاریكراوە، وەفدی پارتی رایانگەیاندووە دیاریكردنی ناونیشانی ئەو پۆستە لە رێككەوتنەكەدا نەبووە، بۆیە تا ئێستا ناونیشانی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم بەغداد دیارینەكراوە. هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو رۆژی رابردوودا نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە بەغداد كاراكردەوەو بەرپرسێكی نوێی بۆ دیاریكرد بە ناوی (فارس عیسا) كە لە ئێستادا دەستبەكار بووە، كە ئەمەش وەك ئاماژەیەك بە پێیوست نەبوونی ناونیشانی پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد. دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەپێی نوسراوەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ مەسرور بارزانی، ناوی ( رەوەند مەلامەحمود) جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی ( سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) دەستنیشانكراوە، بەڵام تا ئێستا دەستبەكار نەبووە، زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا رەزامەندی تەواوی دەرنەبڕیوە لەسەر دانانی ( رەوەند مەلا مەحمود) و بە ( ئۆكتۆبەرچی) ناوی دەبەن و دەیانەوێت یەكێتی خۆی بیگۆڕێت، بەڵام یەكێتیش نایەوێت گۆڕانكاری لەو كاندیدەدا بكات دەستەی گەشتوگوزار كاندیدی دەستنیشانكراوی یەكێتی بۆ پۆستی دەستەی گەشتوگوزار ( عوسمان شوانی)یە، لە ئێستادا لە وەرگرتنی پۆستەكە كشاوەتەوە، عوسمان شوانی لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پۆستی وەزارەتی پلاندانانی هەبووە، لە ئێستاشدا سكرتێری ئەنجومەنی ئابوری كوردستانە لە ئەنجومەنی وەزیران بە پلەی وەزیر، پێی وایە پۆستەكەی لە ئاستی ئەودا نیە، چونكە پۆستی دەستەی گەشتوگوزار سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی و لە كابینەی نۆیەمدا ( ساسان عەونی ) لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری ئەو وەزارەتەیە. پۆستی دەستەی گەشتوگوزار لە دابەشكاری پۆستەكانی یەكێتیدا وەك پشكی هەولێر دیاریكراوەو لە ئێستادا سێ كەس بۆ ئەو پۆستە كاندیدن. دەستەی گشتی كاروباری مین بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئیسماعیل مەحمود، كە كاندیدی یەكێتیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین بەپلەی وەزیر، لە وەرگرتنی پۆستەكە كشاوەتەوەو پێی وایە پۆستەكە لە ئاستی ئەودا نیە. بەپێی دابەشكاری پۆستەكان ئەو پۆستەی بەر ئیسماعیل مەحمود كەوتووە، وەك پشكی قەزای سۆران لەناو یەكێتی دیاریكراوەو لەدوای كشانەوەشیی، ئەو پۆستە بە كاندیدێكی تری سۆرانی بەناوی ( زەینەدین) پڕدەكرێتەوە. ئیسماعیل مەحمود ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان بووە، لە كاتی دروستكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح ، ئەندامی دامەزرێنەری ئەو هاوپەیمانێتیە بووە. پارێزگاری كەركوك پرسی پەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ماوەی (9) مانگ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی پەكخست، یەكێتی نیشتمانی مەرجی دانابوو دەبێت لەگەڵ سوێندخواردنی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارێزگارێكی یەكێتیش لە كەركوك دەستبەكارببێت. رۆژی 11ی تەمموزی رابردوو یەك رۆژ دوای سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە سلێمانی، لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك ( تەیب جەبار) رێككەوتن بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام دوای 25 رۆژ لەو وادەیە هێشتا كاندیدە دەستنیاشنكراوەكەی پارێزگاری كەركوك نادیارە. ( درەو میدیا) زانیویەتی چەند رۆژێكە لە بەغداد كورد و پێكهاتەكانی دیكە بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبونەوەو گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی رێشەیی بۆ كێشەی كەركوك، بەرپرسێكی ئاگاداری كورد لە كۆبونەوەكان بە ( درەو میدیا) رایگەیاند: بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە بەغداد چەند كۆبونەوەیەكیانكردووە ئەگەرچی بڕیار بوو ئەم هەفتە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شاری بەغداد بەرێوەبچێت و پارێزگاری كەركوكیش دیاری بكرێت، بەڵام بەهۆی فشاری پێكهاتەكان و جدی نەبونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، ئەنجامدانی ئەو كۆبونەوەیە نادیارە. چونكە ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەسەر دەكاتەوە بەر لە دانانی پارێزگاری كەركوك ئاساساییكردنەوەی بارودۆخی ئەمنی كەركوكە، چونكە لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان كە 12 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە هیچ بارەگایەكی لە شاری كەركوكدا نەماوە، بۆیە بەم بارودۆخەوە كە هەموو لایەنەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 1ی نیسانی 2020 بەرێوە بچێت، دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەوشارە ئەستەمە.