Draw Media

ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی گڕ لەكەركوك بەردەدات

ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی گڕ لەكەركوك بەردەدات

2019-05-31 22:54:49


راپۆرتی: محەمەد رەئوف
كەركوك لەناو ئاگرو تەقینەوەدا دەكوڵێت، ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای كەركوك ئاگر لە دەغڵ و دانی جوتیارە كوردەكان بەردراو بە هەزاران دۆنم زەویان سوتا، شەوی رابردوش زنجیرەیەك تەقینەوە ئارامی كەركوكی تێكدا و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەكەركوك و پەیوەندییە شاراوەكانی ئەو دوو هێزە بەجیا لەگەڵ كارەكتەرە سەرەكیەكانی ئێستای پارێزگای كەركوك هەڵگری دەیان پرسیاری جدیە، كە بۆچی لەگەڵ توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، گرژی و كێشەو تەقینەوەكان لەوپارێزگایە زیاد دەبن؟ 

گرژیەكان پرسیار دروستدەكەن
لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەسەر پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك گەیشتە بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڕەشەی بایكۆتی تەواوەتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، گرژیەكان و سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد لە پارێزگای كەركوك زیاتر بوو، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو رۆژ دوای بایكۆتەكەی یەكێتی لە 30/5/2019 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" چیتر سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی كورد و ئەو بارودۆخەی ناوچەكانی مادەی 140 جێگەی قبوڵكردن نیە".
چەند كاتژمێرێك لەدوای بەیاننامەكەی بارزانی زنجیرەیەك تەقینەوە شاری كەركەكیان هەژاند، بەپێی بەیاننامەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی" شەش بۆمبی چێنراو لە شەقامەكانی قودس و پارێزگا و رێگای بەغدا لە كەركوك تەقیونەتەوە، دوو بۆمبی دیكەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پوچەڵكرانەوە، بەهۆیانەوە 3 كوژراو 18 برینداری لێكەوتۆتەوە".
هێشتا ئاگری تەقینەوەكانی ناو شاری كەركوك كپ نەبونەوە، بەیانی رۆژی 31/5/2019 ئاگر لە زۆربەی دەغڵودانی جوتیارانی كورد بەردران، لە رۆژهەڵاتی كەركوك لە گوندی مەنسوری ناوچەی حەوتەغاری سەربەقەزای داقوق، ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوەو وەك جوتیاران ئاماژەی بۆ دەكەن نزیكەی 10 هەزار دۆنم زەوی سوتاون، لە هەمان كاتدا لە رۆژئاوای كەركوك لە گوندی پەڵكانەی سەربە ناحیەی سەرگەرانی قەزای دبس ئاگر لە دەغڵ ودانی جوتیارە كوردەكانی ئەو ناوچەیە كەوتەوە بە هەزار دۆنم سوتان. 
زۆرێك لە جوتیاران لەكاتی سوتانی دەغڵو دانەكەیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوە دەستی داعشی تێدا نیەو لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە ئەو كارانە دەكرێت، تەنانەت تەقینەوەكانی شەوی رابردووش گومانی لای لایەنە ئەمنیەكان دروستكردووە كە شێوازی دانانی بۆمبەكان و تەقینەوەیان جیاوازە لە شێوازی تەقینەوەكانی داعش و گومانی دەستی ناوخۆیی دەكەن لەو كارە. 

ناكۆكیەكان لەسەر چین ؟
لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كورد دەسەڵاتی لەو شارە لێسەنرایەوە، بە جۆرێك تا ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو شارە بە داگیركراو دەزانێت، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش ئەگەرچی خاوەنی ( 6 ) كورسی ئەو شارەیە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی نیە لەو شارە.
بەپێی لێدوانی زۆرێك لەسەركردەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دابنرێت كە بەشداری لە روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەردا كردبێت و دەیەوێت ئەو روداوە وەك" خیانەتێك لەسەر بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیدا بچەسپێنێت" ، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریكرد لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەواو لەگەڵ زۆرێك لەسەركردەكانی حەشدی شەعبی مامەڵەی ئاسایی دەكات، بەڵام كەركوك بە داگیركراو لەقەڵەم دەدات.
 هەرچی یەكێتی نێشتیمانی كوردستانیشە سورە لەسەر ئەوەی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دیاری بكات، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی ئەندامەكانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ببات، یەكێتی لەلایەك پۆستی پارێزگاری كەركوك بە مافی خۆی دەزانێت كە زۆرینەی دەنگەكانی كەركوكی بەدەستهێناوە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2018 لەو پارێزگایە، لەلایەكی تریشەوە دەیەوێت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر وەك روداوێكی ئاسایی تێپەڕێنێت.

گرێكوێرەكەی پارێزگاری كەركوك 
لەدوای ساڵی 2005 ەوە لە پارێزگای كەركوك تەنها یەك هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكراوە تا ئێستاش ئەنجومەنەكە لەكاردایە، ئەو یاسایەش كە ئەنجومەنی پارێزگای ئێستای كەركوكی پێ هەڵبژێردراوە، لە نیسانی 2004 و لەلایەن پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی عێراقەوە دانراوە.
بەپێی ئەو یاسایە پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە متمانەی پێدەدرێت، لە بڕگەی پێنجەمی بەشی دووەمی یاسای ژمارە 71ی ساڵی 2004ی عیراق هاتووە" ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی دیاریكردن و دامەزراندنی پارێزگار و بریكارەكانیانی هەیە و دەتوانێت لەسەر كاریان لاببات، ئەگەر پۆستەكەش‌ چۆڵبوو، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە بە زۆرینەی دەنگ پارێزگارێكی تر بۆ پۆستەكە هەڵبژێرنەوە".
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێكدێت ( 26 ئەندامی لیستی برایەتی، 9 ئەندامی پێكهاتەی توركمان، 6 ئەندام لە پێكهاتەی عەرەب) لە لیستی برایەتی  ( 11 ئەندامی پارتی، 8 ئەندامی یەكێتی، 3 ئەندامی یەكگرتوو، 1 سەربەخۆ، 1 توركمان، 1 عەرەب، 1 مەسیحی)، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەبێ ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێت، رێژەی یاسایی كۆبكەنەوەو پارێزگار هەڵبژێرن، هەربۆیە بەپلەی یەكەم كێشەی پارێزگاری كەركوك پەیوەندی بە ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتیەوە هەیە، بەو پێیەی ئەوان دەتوانن بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی پێكهاتەكانی دیكە رێژەی یاسایی تەواو بكەن و پارێزگار هەڵبژێرن، كە رەنگە بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بەشێك لە ناكۆكیەكان چارەسەر ببێت،  بەتایبەتیش لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە، ئەگەرچی پێكهاتەكانی دیكەش ترسی خۆیان ناشارنەوە لە ئەزمونی 14 ساڵی رابردووی پارێزگاری كورد لەو شارە كە مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ نەكردون و ترسیان هەیە لە دووبارە بوونەوەی ئەو رۆژگارانەی كە پارێزگارە كوردەكان، نەیتوانیوە هاوسەنگی بپارێزن لە نێوان پێكهاتەكاندا، بۆیە كردنەوەی گرێكوێرەی پارێزگاری كەركوك لەدوای توندبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی هێندەی تر قورستربووە.

ناكۆكیەكان بەكوێ دەگەن؟ 
ناكۆكی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی كەركوك گەیشتۆتە ئاستێك كە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستانیش پەكخستووەو دوایین هەڵوێست بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كە پێشتر رێككەوتنیان كردبوو لەسەری، بۆیە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەریەكێكیان بۆخۆی هەوڵی پچڕاندنی پۆست و پشك دەدات لە پارێزگای كەركوك.
-    پارتی دیموكراتی كوردستان جموجوڵی سیاسی لە سەر ئاستی كەركوك و بەغداد دەستپێكردووە، بۆ دەستگەیشتنەوە بەكەركوك، كە لە ئێستادا هیچ بارەگایەكی لەو پارێزگایە نیە،  زانیاریەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە ئێستا پارتی چاوی لە پارێزگاری كەركوكەو بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ئاستی كەركوك و بەغدادیش كاری بۆ كردووە، لەسەر ئاستی كەركوك لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی هۆزە عەرەبیەكان و كوتلە عەرەبیەكانی ئەو پارێزگایە كۆبۆتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك، بەرەزامەندی خۆی، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی پارێزگاری نەینەوا هاوپەیمانی لەگەڵ كوتلە عەرەبیەكان كرد، لەسەر ئاستی بەغداش لەگەل حزبە سیاسیەكان گفتوگۆی كردووە، بەتایبەتیش فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و بەشیكی تر لەلایەن شیعەكان بۆ پرسی كەركوك.
-    یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دوای ئەوەی بەتەواوی لە نیەتی پارتی تێگەیشت كە نایەوێت یەكێتیەك ببێتە پارێزگاری كەركوك، ئەمەش دوای ئەوەی ناوی سێ كەسی دایە خودی مەسعود بارزانی تا رەزامەندی لەسەر یەكێكیان بدات بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام بارزانی رەتیكردنەوە، بۆیە یەكێتی ئێستادا لە هەوڵ و جموجوڵی دیكەدایەو دو سیناریۆی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بەبێ پەنابردن بۆ پارتی:
•    پەنا بردن بۆ كوتلەی عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوای نائومێدبونی تەواوەتی لە ئەندامانی پارتی لەو ئەنجومەنە، هەرچی كوتلەی عەرەبیە ئاسان نیە لەبەر ئەوەی چەند كوتلەو پارتێكن، خاوەنی ئەجێنداو سیاسیەتی خۆیانن، بەڵام بۆ ئەندامە توركمانەكان كە لەكۆی 9 ئەندام 7 یان لەبەرەی توركمانین و لەژێر كاریگەری توركیادان و دەتوانرێت لە رێگەی سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ ئەو مەبەستە كار بكرێت و لە رێگەی توركیاوە فشار بكرێت بۆ ئەوەی دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدەن بۆ پارێزگاری كەركوك.
•    لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە كار بكرێت بۆ سڕكردنی كاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەلایەك گەیشتونەتە بنبەست و ناتوانن كۆببنەوەو لەلایەكیش ماوەی 10 ساڵە تەمەنیان كۆتایی هاتووە، لەدوای سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەو كات دەتوانرێت لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بە هەوڵی سەرۆك كۆمار، پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنرێت، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت. 
ئێستا ناكۆكیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر پارێزگاری كەركوك، گەیشتۆتە بنبەست، هەردولایان بە جیا پەنا بۆ پێكهاتەو كارەكتەرە سیاسیەكانی دیكە دەبەن، كە رەنگە ناكۆكیەكانی ئەو دوو هێزە لەسەر پارێزگاری كەركوك دواجار ئەو پارێزگارە لەدەستی هەردوكیان دەربچێت و بۆ چارەسەری مامناوەند كەسێكی دیكە لە پێكهاتەكانی تری پارێزگاری كەركوك بكرێتە پارێزگار، یاخود تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان، راكان جبوری وەك پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand