سەلاحەدین بەهادین نێوەندگیری دەكات
2019-06-02 17:21:45
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ
یەكێتی نیشتمانی كوردستان تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەی كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان تێی كەوتووە، سەڵاحەدین بەهادین هەوڵی نێودەندگیری دەدات لەنێوان هەردوولادا.
پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ دەقی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی بڵاوكردەوە كە رۆژی 4ی ئازاری ئەمساڵ لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزای كرد.
بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، بەواتای كۆتایهاتنی كاركردن بوو بەو رێككەوتنە، بڕگەی 18ی رێككەوتنەكە هەردوولا وابەستە دەكات بەوەی رێككەوتنەكە بەهەموو بڕگەكانییەوە جێبەجێبكرێت، یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) نەدا، پارتی ئەمە وەكو پێشێلكردنی رێككەوتنەكە لەقەڵەم دەدات.
دوای بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە، ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتیو یەكێتیدا نەماوە، رۆژی 10ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاردەبێتو بەپێی یاسا مەسرور بارزانی ئامۆزای وەكو كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت، لەوكاتەوەش مەسرور بارزانی بەپێی یاسا تەنیا ماوەی (30 رۆژ)ی بەبەردەمدایە پێكهاتەی كابینەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمانی كوردستانەوە بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە.
ئەگەر لەماوەی ئەو مانگەدا پارتیو یەكێتی هەوڵی رێككەوتن بدەن، دەبێت كار لەسەر رەشنوسێكی نوێ بكەن، چونكە رەشنوسی رێككەوتنەكەی ئێستا لەلایەن هەردوولاوە كۆتایی هاتووە، بەتایبەتیش
پاشكۆی رێككەوتنەكە كە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ كەركوك.
پارتی چی دەوێت ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، پارتی بەنیازە كابینەی حكومەت لە وادەی یاسایی خۆیدا رابگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر لەو ماوەیەدا لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن.
پارتی نایەوێت پرسی كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لەگەڵ یەكێتی یەكلابكاتەوەو دەیەوێت كەركوك بكەوێتە دوای پێكهێنانی حكومەتەوە، ئەگەر پارتی تاكۆتایی لەسەر ئەم هەڵوێستەی سوربێت، ئەوا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەبێ بەشداری یەكێتی لەدایك دەبێتو فراكسیۆنی یەكێتی چۆن دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) نەدا، بەوشێوەیەش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی (مەسرور بارزانی) وەكو سەرۆكی حكومەت ناداتو پارتی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تائەوكاتەی كێشەی كەركوك چارەسەر دەكرێتو یەكێتی پەیوەندی بە حكومەتەوە دەكات.
یەكێتی چی دەوێت ؟
بەپێی زانارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی دەیەوێت هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ناوی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەسەندبكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا، دوای زیاتر لە 20 ساڵ، بۆیەكەمجار لە یەكتری جیادەبنەوە.
پارتی تا ئەم ساتە سورە لەسەر ئەوەی هیچ كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەسەندناكات كە لەرووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا تێوەگلابن، پارتی ناوی "ئۆكتۆبەرچی" لەو كەسانە ناوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، یەكێتی ناوی (39) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتیو هەموو ناوەكان رەتكراوەتەوە، تاكە كاندیدێك كە پارتی پەسەندی كرد (فەرەیدون عەبدولقادر) بوو، ئەویش كێشەی تێكەوت.
نێوەندگیرییەكی نوێ
لەئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئێستا تاوتوێی چەند بژاردەیەك دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ پارتی یان جیابونەوە:
بژاردەی یەكەم:
دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نوێ لەگەڵ پارتی بە نێوەندگیری (سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی)، یەكێتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هەوڵەوە پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵبژێرێت كە پارێزگارەكە كاندیدی یەكێتی بێتو پارتیش رەزامەندی بدات لەسەری، لەم حاڵەتەدا یەكێتی بەشداری كابینەی نوێی حكومەت دەكاتو دەنگ بە مەسرور بارزانی دەدات.
ئەمڕۆ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەبۆنەی نزیكبونەوەی كۆتایی مانگی رەمەزان راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەوەو تێیدا بەناڕاستەوخۆ ئاماژە بە رۆڵی نێوەندگیری خۆی دەكاتو چوار خاڵی پێشنیاز دەخاتە بەردەم پارتیو یەكێتی كە ئەمانەن:
1- بارودۆخی هەستیارو ئاڵۆزی ناوچەكەو عێراقو مەترسیو هەرەشەكانمان هەمیشە لەبیر بێ.
2- راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرەكانی گرژیو شەڕی راگەیاندن.
3- رێگرتن لە لێدوانی دژ بە یەكی سەركردەكانی هەردوولا.
4- كۆبونەوەیەكی خێرای لوتكەی هەردوولا بە گیانێكی لێ بوردەییو بە ئیرادەی چارەسەر.
بژاردەی دووەم:
پۆستەكان بە بەتاڵی بەجێبهێڵدرێت تا ئەوكاتەی كێشەیی پارێزگاری كەركوك چارەسەر دەكرێت، رەنگە ئەمەش ئەگەری جیابونەوەی پارتیو یەكێتی دوربخاتەوە لەم قۆناغەدا.
بژاردەی سێیەم:
یەكێتی بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوەو مومارەسەی كاری ئۆپۆزسیۆنی بكات، ئەمە بژاردەیەكی لاوازەو یەكێتی كە ناوچەیەكی قەڵەمڕەویی بەدەستەوەیە، ناتوانێت دەسەڵات رادەستی ئەوانە بكات كە لەناو حكومەتدان.
بژاردەی چوارەم:
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەپاڵ تاوتوێكردنی بژاردەكانی تردا، ئێستا لەناو یەكێتی گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی ئەگەری جیابونەوە لەگەڵ پارتی، ئەگەر هەردوولا لە كۆتایدا نەگەیشتنە رێككەوتن.
گفتوگۆكان لەسەر ئەوە چڕبونەتەوە یەكێتی چۆن دەتوانێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە ئیدارەی خۆی لە پارتی جیابكاتەوە، عێراقو وڵاتانی ناوچەكە قایل بكات، هەندێك لە یاساناسانی یەكێتی لەمبارەیەوە گفتوگۆو راوێژیان لەگەڵدا كراوە.