Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی لەڕێگەی پۆستێكەوە خستوەتە نێوان بەرداشی یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەگەر كێشەی ئەو پۆستە چارەسەر نەكرێت، رەنگە پرۆسەكەی بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. پارتی لەم خولەدا دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ خەڵكی سلێمانی ئاشتبكاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی كردنەوەی نوسینگەیەكەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی دواین پەرەسەندنەكان بڵاودەكاتەوە. كێشەیەكی نوێ رۆژی 6ی ئەم مانگە، وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر سەردانی شاری سلێمانی كرد. وەفدەكەی پارتی لەم سەردانەدا، تەنیا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە. لەو كۆبونەوەیەدا، وەفدی پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تریان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەیە، پێشتر پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو پۆستەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلاكردەوە. بەمدواییە، پارتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی رێككەوتنێكی نوێی كرد، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بەڵێنی بە یەكێتیدا، جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و ئەو پۆستە بە یەكێتی بدرێت. لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیازی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، جێگیركرا‌و بڕیارە لە خوێندنەوەی سێیەمی كۆتایی پرۆژە یاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكدا، پەسەندبكرێت. ئەو پۆستەی كە بەیەكێتی دەدرێت لە سەرۆكایەتی هەرێم ناوی "جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی"ە، ئەمە بزوتنەوەی گۆڕانی نیگەران كردووە، چونكە ئەگەر كاروباری سەربازی لای جێگرەكەی یەكێتی بێت، جێگرەكەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نامێنێت.  ئەمە هۆكارەكە بوو، كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازی پارتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم رەتكردەوە. گۆڕان مەرجی هەیە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەكەی رۆژی 6ی مانگدا، لەبەرامبەر قایلبوون بە زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان مەرجی هەبووە، مەرجەكەشی ئەوە بوو، پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، چونكە پێشتر گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت یاخود جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە‌و هیچ یەكێك لەو دوو پۆستەی پێنەدراوە، سەرباری ئەوەش بەپێی رێككەوتنی نێوانیان، بڕیاربووە سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبێت‌و ئەو پۆستەش لای گۆڕان بێت. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەمەرجێك رازییە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی بدرێت‌و دەستبەرداری پۆستەكەی خۆی ببێت لە سەرۆكایەتی، كە وەزارەتی پێشمەرگە لای گۆڕان بێت، بەڵام یەكێتی ئامادەنییە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گۆڕان بەجێبهێڵێت. چارەسەری كۆتایی ئێستا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دوا راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكردووە‌و لە پرسی جێگری سەرۆكی هەرێمدا تەنیا یەك پێشنیاز هەیە كە پێشنیازەكەی یەكێتییە بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و ئەو پێشنیازەش جێگیركراوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر تاوەكو سبەینێ، پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان رازی نەكات لەسەر زیادكردنی ئەو جێگرە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، رۆژی چوارشەممە كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدانی كۆتایی لەسەر پرۆژەیاساكە‌و پێشنیازەكەی یەكێتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر پەسەند دەكرێت، چونكە یەكێتی بە پارتی راگەیاندووە، ئەو حەقی بە نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە‌و چاوەڕێی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكات كە پارتی لەگەڵیدا كردووە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەحاڵی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، وەرگرتنی پۆستەی لە سەرۆكایەتی هەرێم رەتبكاتەوە یاخود بیگۆڕێتەوە بە پۆستێكی تر، لە پرۆژەیاساكەی پەرلەماندا دەنگ لەسەر یەك جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەدرێت‌و ئەو پۆستەش لای یەكێتی دەبێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بە فەرمی پارتی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی "ئەگەر ئەمجارە هەر كێشەیەك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان دروستبكرێت، یەكێتی رێككەوتنەكەی بەتەواوەتی هەڵدەوەشێنێتەوە‌و چیتر رێككەوتن لەگەڵ پارتیدا ناكات".   گۆڕان گومانی هەیە ! هەر لەو كۆبونەوەیەدا كە رۆژی 6ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان داوایان لە وەفدی پارتی كردووە، بەر لە دانانی وەزیرەكان، دەبێت پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان رادەستی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێن كە رێككەوتنیان لەسەركراوە، بەڵام وەفدی پارتی رەتیانكردوەتەوە‌و پێیان راگەیاندوون، سەرەتا وەزیرەكان دادەنرێن دواتر بەرێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان. پاساوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەم داواكارییە لە پارتی ئەوەبوو، لە كابینەی پێشوودا پارتی بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكردووە كە رێككەوتنی لەسەر كردووە. رەنگە بەشێكی تری بێمتمانەیی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی، بۆ ئەو رێككەوتنە بگەڕێتەوە كە پارتی لەگەڵ یەكێتیدا كردویەتی لەسەر حسابی پۆستەكەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم. نوسینگەیەك لە سلێمانی ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتنە بەتامی "دوو ئیدارەیی"، بەوپێیەی پارتی لە نیازی یەكێتی تێگەیشتووە كە ویستێكی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ زەمەنی "دوو ئیدارەیی" یاخود لانی كەم "لامەركەزی ئیداریی"، بۆیە لە تەواوی جومگەكاندا پۆستی جێگری بەهەموو دەسەڵاتەكانییەوە بە یەكێتی بەخشیووە.  (درەو میدیا) زانیویەتی، لەم خولەدا، نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سلێمانی دەكرێتەوە‌و جێگری سەرۆكی هەرێم لەو نوسینگەیەوە كاروباری خۆی بەڕێوەدەبات. كردنەوەی نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سلێمانی، هەوڵێكی نوێی پارتییە بۆ ئاشتكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ خەڵكی سلێمانیدا، كە لە قۆناغی رابردوودا هەموو نیگەرانییەكان لەو دامەزراوەیە، لە سلێمانییەوە سەرچاوەیان دەگرت.


( درەو میدیا): بەشداری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لەئودن، بەبێ هیچ پۆستێكی فەرمی، سەرۆكایەتی وەفدی هەرێمی كوردستانی كردووەو لەگەڵ خۆی چوار وەزیری حكومەتی هەرێم و چەندین راوێژكار یاوەری دەكەن، سەرۆكایەتی وەفدی باڵای هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، ئەوە دەخاتە روو كە هێشتا بارزانی هەیمەنەی بەسەر دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستانەوەماوە، لەلایەكی تر ئوردن دەیەوێت لەرێگەی مەسعود بارزانیەوە پرۆژە ئابورییەكانی لە هەرێمدا پەرەپێبدات.   دوو وەفدی هەرێم بەشداربوون رۆژی شەممە لە ناوچەی دەریای مردوو لە ئوردن، كارەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقا بەرێوەچوو بەبەشداری چەندین سەركردەو گەورە بەرپرسانی جیهانی دەستی پێكرد. مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان بە یاوەری وەفدێكی حزبی و حكومیی رۆژی هەینی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن‌و دواتر بەشداری كارەكانی كۆنگرەكەی كرد. وەفدەكەی بارزانی پێكهاتوو لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم. هاوكات لەگەڵ وەفدەكەی بارزانیدا، وەفدێكی حكومەتی هەرێمیش كە لە رێباز حەملان وەزیری دارایی‌و  دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوە‌و  عەلی سندی وەزیری پلاندانی حكومەتی هەرێم پێكهاتبوو بەشداری كۆڕبەندەكەیان كرد. كێ‌ سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم دەكات؟ رێباز حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پۆستێكیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" ئەمڕۆ 6/4/2019 لە وڵاتی ئوردن وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئەندامێتی بەرێزان فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و دەرباز كۆسرەت، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەروەر پێداوی و د.ئومێد صباح راوێژكارانی سەرۆك بارزانی بەشداری لە كۆربەندی ئابوری دەریای مردوو (world economic forum)كرا لەژێر ناوی "بونیادنانی پلاتفۆرمی نوێی پێكەوە كاركردن". بەوتەی وەزیری دارایی وەفدەكەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆڕبەندی ئابوری دەریای مردوو لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە سەرۆكایەتی كراوە، ئەوەش لە كاتێكدایە بارزانی تەنها سەرۆكی حزبێكی هەرێمی كوردستانە‌و هیچ پۆستێكی فەرمیی لە حكومەت فەرمانگە باڵاكانی تری حكومەتدا نەماوە. ئوردن بۆچی بانگهێشتی بارزانی كردووە؟ ساڵانە كە ئەو كۆڕبەندە بەڕێوەدەچێت، ئوردن بە فەرمی مەسعود بارزانی بانگهێشتی ئەو كۆڕەندە ئابورییە دەكات، دەربارەی هۆكاری ئەوە غالب محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:" وڵاتی ئوردن دوو پرۆژەی گەورەی هەیە لە عێراقدا بەم بانگهێشتكردنەی مەسعود بارزانی ئەیەوێت پشتگیری بەدەستبهێنێت، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری ئەندام پەرلەمان و لایەنە عێراقیەكان دژی ئەو دوو پرۆژەیەن، چونكە هیچ سودێكی بۆ عێراق نیەو بەهەدەردانی سامانی عێراقە". پرۆژەكان چین؟ بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان كە لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رونیكردوەتەوە دوو پرۆژەكەی ئوردن ئەمانەن: یەكەم: حكومەتی عێراق دەیەوێت بەڕێككەوتنی وەزیری نەوتی عێراق كە دانیشتوی ئوردن بووە پێش ئەوەی ببێت بە وەزیر، ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە بەنرخێكی زۆر هەرزان هەناردەی ئوردن بكات، ئەم كارەش لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی نیگەران كردووە، بەم بانگهێشتكردنە ئەیەوێت پشتگیری هەرێم بەدەست بێنێت. دوەم: ئوردن بەڕێككەوتن لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق دەیەوێت پرۆژەیەكی ستراتیجی گەورە ئەنجامبدات، ئەویش ڕاكێشانی بۆریەكە لە(بەسرە)وە بۆ (عەقەبە) كە(18) ملیار دۆلاری تێدەچێت، ئەو پارەش لەئەستۆی عێراقدایەو ئوردن سودی لێدەبینێت، لەبەرئەوەی بەشێكی بەنرخێكی هەرزان پێدەفرۆشرێت. پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكراشیدەكات كە لەسەر ئەو دوو بابەتە داوایكردوە وەزیری نەوتی عێراق بانگهێشتبكرێت بۆ پەرلەمان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.. لە كۆتاییشدا پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە بێ هەڵوێستی دەربارەی سەرۆكایەتیكردنی وەفدی هەرێم لەلایەن بارزانییەوە كە هیچ پۆستێكی حكومی نییە و دەڵێت:" پێویستە بپرسین و بزانین ئەو لایانانەی كە دەچنە حكومەت ئەوانەی لە حكومەت بون، ئەوەی ئۆپۆزسیۆنە، ئەوەی لەبەیندایە، بۆچی بێدەنگن؟ كاتی خۆی كە بەناشەرعی سەرۆكی هەرێم بوو هاوارمان دەكرد ئەو كارانەی ئەنجامیاندەدات نایاسایین، بەڵام ئێستا هەمومان ماوین و حیزبی تریش زیادیكردوە وە ئەو پۆستە نەماوە ئێستا، ئەی بۆ بێدەنگن". كۆڕبەندەكەی ئوردن   لە كۆڕبەندەكەی ئەمساڵدا كە بۆ دەیەمین جارە لە ئوردن بەڕێوەدەچێت‌و دوو رۆژ دەخایەنێت، عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن‌و مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی‌و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و سەدان وەفدی حكومیی و بزنسمان‌و رابەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان ئامادەبوون. بەوتەی رێكخەرانی لە كۆڕبەندەكەی ئوردندا رۆشنایی دەخرێتە سەر چوار تەوەری سەرەكی كە بریتین لە: * بونیادنانی نمونەیەكی نوێی ئابوری‌و كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا. * داهاتووی بەڕێوەبردنی ژینگە لە جیهانی عەرەبیدا. *گەیشتن بە زەمینەیەكی هاوبەش لە جیهانێكی فرە چەمكدا. * شۆڕشی پیشەسازی چوارەم لە جیهانی عەرەبیدا.


راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت  لەیەكەم هەنگاودا پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان جێدەهێڵیت‌و لەنێوان داواكاری یەكێتی‌و رەتكردنەوەی گۆڕاندا بۆ زیادكردنی پۆستێكی نوێ، یەكێتی هەڵدەبژێرێت. ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، كۆبونەوەكە لە ماڵی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. پێشنیازێكی پارتی بۆ گۆڕان لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی) خستە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازەكەی پارتی بۆ زیادكردنی ئەو پۆستە رەتكردوەتەوە. پێشتر پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنیدا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیدا بە گۆڕان، بەمدواییەش كە لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی كرد، بڕیاریداوە جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكات‌و ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی. گۆڕان بۆ پێشنیازەكەی پارتی رەتكردەوە ؟ لەبارەی هۆكاری رەتكردنەوەی پێشنیازەكەی پارتی، سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەپێی یاسای  سەرۆكایەتی هەرێم، ژمارە (1)ی ساڵی 2005، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیە‌و ئەركی ئەو جێگرەش تایبەتە بە كاروباری سەربازی، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بدرێت بە یەكێتی، جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی نابێت، واتە ئەو جێگرەی كە لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت.   بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا بەشێوەی زارەكی پێشنیازەكەی پارتی رەتكردوەتەوە‌و لەبنەڕەتەوە چارەسەری دەوێت، پارتیش بەدوای دەرەچەیەك تردا دەگەڕێت بۆ قەرەبووكردنەوەی گۆڕان.  هێزی هەرێم یان هێزی حزب ؟ بڕگەی دووەم لە مادەی (13)ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێ" سەرۆكی هەرێم جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان- عێراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەرك‌و فرمانەكانیدا لەمڕووەوە یاریدەی بداو لە دیارنەبونیدا جێگای بگرێتەوە". جگە لەو هێزەی پێشمەرگە كە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكخراون، پارتی‌و یەكێتی هێشتا هێزی چەكداری تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێتی هێزێكی هەیە بەناوی هێزەكانی (70)، پارتیش هێزەكانی (80)ی هەیە، سەرباری ئەمە ئەو دوو حزبە بەتەواوەتی بڕیاری پێشمەرگەی زۆری خۆیان بەدەستەوەیە. ئەمە هۆكارەكەیە كە پارتی دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی بدات، چونكە ئەگەر ئەو پۆستە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندا بێت، بەرپرسەكە نە لە زۆنی زەرد، نە لە زۆنی سەوز فەرمانەكانی جێبەجێ ناكرێت‌و رەنگە لە كۆتایشدا كێشەی بۆ سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دروستبكات. پارتی لەیەكەم تاقیكردنەوەی گۆڕاندا ! سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، وەفدی دانوستانكاری پارتی دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بە یەكێتییان راگەیاندووە" جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی دەدرێت". پارتی بەم بڕیارە لەیەكەم هەنگاوی دوای رێككەوتندا، بزوتنەوەی گۆڕانی پشتگوێ خست، ئەوكات كە پارتی رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كرد، بڕیاربوو سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبێت. رەنگە پارتی چیتر هیچ ترسێكی لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا زیاتر لەنیوەی رێگاكەی بە بزوتنەوەی گۆڕان بڕیوە‌و دڵنیایە لەوەی گۆڕان توانای پاشەكشێی لە رێككەوتنەكە نەماوە. پارتی ئێستا چاوی لە راكێشانی یەكێتییە بۆ ناو پرۆسەكەی خۆی، بەدیاریكراویش پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، لەوپێناوەشدا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ قایلكردنی یەكێتی. هەوڵی پێشوەختە ! بەرلەوەی پارتی بۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، یەكێتی لەناو پەرلەمانەوە كاری لەسەر جێبەجێكردنی خواستەكەی كردووە، هەڵبەت ئەوەش دوای هەڵكردنی گلۆپی سەوزی پارتی. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەكاتی بەشداریكردنی لە دانیشتنی پەرلەمان لەكاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی یاسای تایبەت بە  كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆك، پێشنیازی كردووە بڕگەی دووەم لە مادەی 13ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوەو بەمشێوەیە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە ناونیشان‌و دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بەپێی پەیڕەوێك كە لەماوەی 15 رۆژ لە بەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاری دەكرێت". ئەم پێشنیازەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی خرایەڕوو، پێشنیازی بەدیلی نەبوو، بۆیە لە خوێندنەوەی سێیەمیدا تەنها دەخرێتە دەنگدانەوە، بە (بەڵی) یان (نەخێر)، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە خوێندنەوەی سێیەمیدا ناتوانرێت هیچ بڕگەیەك زیادبكرێت، بەڵكو تەنها دەخرێتە دەنگدانەوەو هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر ناكرێت.    بەپێی ئەو بەڵێنەی كە ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی بە یەكێتی داوە، هەردوولا پێكەوە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەچەسپێنن‌و دەنگی بۆ دەدەن. ئەمە لەكاتێكدایە، پرۆژەیاساكە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی هاوبەشی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتییە. بەپێی زانیارییەكان، ئەو پۆستەی لە سەرۆكایەتی هەرێم لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ناوی لێدەنرێت "پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئیداری‌و سیاسی"، پۆستەكەی یەكێتیش دەبێت بە "پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی".  


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە، خەلیفە حەفتەر كەسایەتییەكی دیاری گۆڕەپانی سیاسی لیبیایە، هەرچەندە پێگەكەی لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. حەفتەر یەكێك بوو لەو چەندان ئەفسەرەی كە ساڵی 1969 هاوكاری موعەممەر قەزافیان كردو لە كودەتایەكی سەربازیدا دژی شا ئیدریس سەنوسی پادشای لیبیان قەزاقیان گەیاندە دەسەڵات. درەوشانەوەی ئەستێرەی حەفتەر دوای كودەتاكەن قەزافی حەفتەری پاداشتكردو كردیە فەرماندەی گشتی ئەو هێزانەی كە شەڕیان لەدژی وڵاتی چاد بەرپاكرد، ئەو هەنگاوەش سەرەتای كەوتنی حەفتەر بوو، چونكە لەو جەنگەدا هێزەكانی لیبیا زۆر بە سەختی لەلایەن هێزەكانی چادەوە تێكشكێنران‌و حەفتەر و 300 لە سەربازەكانی ساڵی 1987 بەدیلگیران. قەزافی دەستبەرداری حەفتەر بوو، سەرەتا نكوڵی كرد لەوەی كە هیچ هێزێكی لیبیا لە چاد بێت، ئەو هەڵوێستەش حەفتەری وابێكرد ژیانی خۆی بۆ رووخاندنی قەزافی تەرخان بكات، لە كۆتایی هەشتاكاندا حەفتەر لە رژێمەكەی قەزافی جیابوەوە‌و بەرەو ئەمریكا كۆچی كردو چەند راپۆرتێكیش باسیان لە نزیكی لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە دەكرد. گەڕانەوە لە تاراوگە ساڵی 2011 لەگەڵ راپەڕینی گەلی لیبیا دژ بە رژێمەكەی قەزافی، حەفتەر گەڕایەوە وڵات‌و هەرزوو بوو بە یەكێك لە سەركردە سەرەكییەكانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرهەڵاتی وڵات. حەفتەر لە راپەڕینی گەلی لیبیا لەدژی قەزافی شان بەشانی گروپە ئیسلامییەكان جەنگا، بەڵام دواتر بووە دوژمنێكی سەرسەختیان. دوای ماوەیەك دیارنەمان لە شانۆی سیاسی‌و سەربازی لیبیا، حەفتەر شوباتی 2014 دەركەوتەوە، كاتێك لەرێگەی تەلەفزیۆنەوەو لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا پلانی خۆی بۆ " رزگاركردنی وڵات" راگەیاندو داوای لە هاوڵاتیانی لیبیا كرد روبەڕووی كۆنگرەی نیشتمانی گشتی ببنەوە، ئەم كۆنگرەیە ئەو پەرلەمانە بوو كە دوای شۆڕش هەڵبژێردرابوو،  لەو كاتەدا  گروپی ئەنسار شەریعەی سەر بە رێكخراوی قاعیدە و چەند گروپێكی تر كۆنترۆڵكردنی شاری بەنغازیان راگەیاند كە دووەم گەورەترین شاری لیبیایە. لە ئایاری 2014 حەفتەر ئۆپەراسیۆنی " كەرامە"ی لە بەنغازی لە خۆرهەڵاتی لیبیا لەدژی گروپە ئیسلامییە چەكدارەكان راگەیاند، كە لە نێویشیاندا گروپێكی نزیك لە رێكخراوی ئیخوان موسلمین هەبوو، بەوەش حەفتەر سەركەوتوو بوو لەوەی لە گۆڕەپانی دەرەوەدا وەك نەیارێكی ئیسلامییەكان خۆی نمایشبكات، بەوەش پشتیوانی هەردوو وڵاتی میسر‌و ئیماراتی بەدەستهێنا. هەروەها هێرشیكردە سەر تەلاری پەرلەمان لە تەرابلوسی پایتەخت و ئەو ئۆپەراسیۆنەشی بە راپەڕینێك وەسفكرد دژ بەو حكومەتەی كە ئیسلامییەكان كۆنترۆڵیان كردووە. لە ئازاردی 2015 ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی لیبیا كە جێگەی كۆنگرەی نیشتمانی گشتی گرتەوە، حەفتەری وەك فەرماندەی گشتی " سوپای نیشتمانی لیبیا" دیاریكرد كە توانی دوای نزیكەی ساڵێك گروپە ئیسلامییە چەكدارەكان لە بەنغازی‌و دەوروبەری دووربخاتەوە. خواستە سیاسییەكانی لە ئەیلولی 2016 حەفتەر ئۆپەراسیۆنی " هەورە بروسكەی رفێنەر"ی دەستپێكرد بۆ كۆنترۆڵكردنی دامەزراوەو كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی هیلالی نەوت، بەوەش كلیلی گرنگترین هەناردەی وڵاتی رادەستی هاوپەیمانەكەی كرد كە پەرلەمانی توبرقە. حەفتەر دان بە حكومەتی ویفاقی نیشتمانیدا نانێت كە فایز سەراج سەرۆكایەتی دەكات‌و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە رەسمی ناسێنراوە، سەراج جەختدەكاتەوە لەسەرئەوەی فەرماندەیی سوپا لەژێر چاودێری حكومەتەكەیدا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا سەراج ئایاری 2017 لەگەڵ حەفتەردا رێككەوت و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند بەیەكەوە كاردەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی وڵات، بەڵام هیچ بڕگەیەكی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكرا. هاوینی 2017 دەنگۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستی حەفتەر بڵاوكرایەوە كە برایە نەخۆشخانەیەكی فەرەنساو ئەوكات وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا رایگەیاند دۆخی تەندروستی حەفتەر جێگیرە‌و لە نەخۆشخانەیەكی سەربازی چارەسەر دەكرێت و هیچ وردەكارییەكی دەربارەی نەخۆشییەكەی ئاشكرانەكرد. حەفتەر‌و سەددام حسێن حەفتەر یەكێك لەو فەرماندە سەربازییانەی كە رەنگە بە سەددام حسێن سەرسام بێت، بۆیە كوڕێكی ناوناوە سەددام و كوڕێكی تریشی ناوی خالیدە‌و هەردووكیان ئەفسەرن لە سوپای نیشتمانی لیبیادا. چەند رۆژێكە حەفتەر ئۆپەراسیۆنێكی بۆ كۆنترۆڵكردنی تەرابلوسی پایتەخت‌و ناوچەكانی خۆرئاوای لیبیا دەستپێكردووە هێزەكانی لە پایتەخت نزیكبوونەتەوەو سەرەڕای بانگەوازی وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمریكا‌و روسیا‌و یەكێتی ئەوروپا‌و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، حەفتەر ئامادەنیە هێرشەكەی رابگرێت. سەرچاوە: بی بی سی   


راپۆرتی: بی بی سی  وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ساڵی 2011 خەڵكی لیبیا‌و گروپە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە بە هاوكاری پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" كۆتاییان بە دەسەڵاتی رژێمەكەی موعەممەر قەزافی هێنا، بەڵام ئەو شۆرشە سەقامگیری ئەو وڵاتەی لێ نەكەوتەوەو زۆری نەخایاند گروپ و میلیشیاكان بەهۆی دەستوەردانی دەرەكییەوە شەڕی ناوخۆیان بەرپاكرد،  ئێستا ئەو وڵاتە لەلایەن میلیشیاكانەوە بەڕێوەدەبرێت كە هەریەكەیان ئەجێندای وڵاتێكی ئیقلیمی یان دەرەكی جێبەجێ دەكات و لە چەند رۆژی رابردووشدا شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە پێی نایە قۆناغێكی مەترسیدارەوەو هێزەكانی سەربە " خەلیفە حەفتەر" كە كۆنترۆڵی خۆرهەڵاتی لیبیایان كردووە ئۆپەراسیۆنیان بۆ كۆنترۆڵكردنی تەرابلوسی پایتەخت‌و ناوچەكانی خۆرئاوای لیبیا دەستپێكرد. میلیشیاكانی تەرابلوس بەرگری دەكەن میلیشیاكانی سەربە حكومەتی لیبیا كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە، بەڵێنیانداوە بەرگری لە تەرابلوسی پایتەخت‌و ناوچەكانی تری خۆرئاوای لیبیا بكەن، دژی ئەو هێرشەی كە هێزەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەركردایەتی " خەلیفە حەفتەر" لە رۆژهەڵاتەوە دەستیانپێكردووە. ئەوەش دوای ئەوەی حەفتەر رۆژی 4ی نیسان رایگەیاند فەرمانی بە هێزەكانی داوە بەرەو خۆرئاوای لیبیا دەست بە جوڵە بكەن‌و تەرابلوسی پایتەخت كۆنترۆڵبكەن، كە بارەگای سەرەكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانییەو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پشتیوانی لێدەكرێت. حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا كە ئازاری 2016 راگەیەندراو فایز سەراج سەرۆكایەتی دەكات، بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایش‌و سەقامگیری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پشت بە ژمارەیەك میلیشیا دەبەستێت، ئەم میلیشیایانە چەند چالاكییەكی هاوشێوەی هێزەكانی ئاسایش‌و پاسەوانی دامەزراوەكان ئەنجامدەدەن, هەندێكجار دەگاتە ئاستی دیپۆرتكردنەوەی ئەو كەسانەی كە ناوچەكانیان كۆنترۆڵدەكرێت‌و گوشاریش دەخەنە سەر دامەزراوە داراییەكان و ژمارەیەكی زۆر لەو میلیشیایانە بەهۆی بەناوبانگی فەرماندەكانیانەوە دەناسرێن، هەتا چەند میلیشیایەكیان ناوی فەرماندەكانیان هەڵگرتووە. دیارترین ئەو میلیشیایانەی بەرگری لە تەرابلوسی پایتەخت دەكەن ئەمانەن: هێزەكانی پاراستنی لیبیا: هاوپەیمانێتییەكە زۆرینەی ئەو میلیشیایانەی لەخۆگرتووە كە لە پایتەخت جێگیربوون و كانونی یەكەنی 2018 پێكهێنراوەو دیارترین ئەو میلیشیایانەی لەخۆگرتووە كە سەربە حكومەتی ویفاقی نیشتمانیین وەك شۆڕشگێڕانی لیبیا، لیوای نەواسی ، هێزە بەپەرچدانەوە‌و هێزی فریاكەوتنی هاوبەشی میحوەری ئەبوسلیم، میلیشیاكانی باب تاجورا. ئەم میلیشیایانە لە كانونی یەكەمی رابردوو بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكەیان ئیمزاكردو رایانگەیاند ئەم هاوپەیمانێتییە لەژێر چاودێری حكومەتی ویفاقی نیشتمانیدا دەبێت‌و پاراستی ئاسایشی تەرابلوس‌و نێردراوە دیپلۆماتییەكان لەئەستۆدەگرێت‌و هاوكاری دەسەڵاتی دادوەریش دەكات بۆ دەستگیركردنی هەركەسێك كە تۆمەتباربێت لە گەندەڵییدا. ئەم هاوپەیمانێتییە لەدوای هەوڵێكی زۆری حكومەت هاتە ئاراوە بۆ زامنكردنی ئاسایشی پایتەخت، دوای پێكدادانی خوێناوی میلیشیاكان كە لە ئاب‌و ئەیلولی ساڵی رابردوو روویدا. شۆڕشگێڕانی لیبیا: هەیسەم تاجوری سەرۆكایەتی دەكات، رووبەرێكی بەرفراوانی تەرابلوسی پایتەختی كۆنترۆڵكردووە كە لەژێر دەستی حكومەتی ویفاقی نیشتمانیدایەو لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا ئەم میلیشیایە ناوچەی وەرشڤانەی لە باشووری تەرابلوس كۆنترۆڵكرد دوای شەڕو پێكدادانی لەگەڵ میلیشایەكی تردا، ئەو جموجوڵەش بە دەستكەوتێكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی حكومەتی ویفاق ئەژماركرا. تەمموزی رابردوو ئەم میلیشیایە فەتحی میجباری ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی دەستگیركرد، بە گومانی لایەنگیری بۆ هێزەكانی خۆرهەڵاتی لیبیا، میلیشیای شۆڕشگێڕانی لیبیا ساڵی رابردوو چەندین شەڕی بەرپاكردووە بۆئەوەی میلیشیاكانی تر لە ناوەندی پایتەخت دووربخاتە وەك شەڕی دژی هەر چوار لیوا سەرەكییەكەی تەرابلوس‌و هێزی نیشتمانی میسراتە كە زۆرینەیان ئەمازیغین. هێزی بەرپەرچدانەوەو فریاكەوتنی هاوبەشی میحوەری ئەبوسلیم: ئەم هێزە لەلایەن عەبدولغەنی كیكلیەوە سەركردایەتی دەكرێت كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی تەرابلوس و بە ناوی " غنیوە" ناسراوە. ئەم میلیشیایە چەند ناوێك بەكاردەهێنێت، وەك لیوای ئەبوسلیم ( كە لە ناو تەرابولسدا جێگیرە)، یان هێزەكانی غنیوە، ئەو ناوەی كە زۆر بەكەمی بەكاردەهێنرێت بریتیە لە هێزی بەرپەرچدانەوە‌و فریاكەوتنی هاوبەش. ئەم میلیشیایەش سەربە حكومەتی ویفاقی نیشمانییەو یەكێكە لەو چوار میلیشایەی كە تەرابلوسی پایتەختیان كۆنترۆڵكردووە، سەرەڕای چوونە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە، بەڵام لە ململانێ‌‌و ناكۆكیدایە لەگەڵ لیوای نەواسی‌و بەهۆی ناكۆكی نێوخۆییەوە تەمموزی رابردوو یەكێك لە فەرماندەكانی لیوای ئەبوسلیم كوژراو ئابی رابردووش هێرشی كردە سەر كەمپی ئاوارەكان لە شاری تاورغا. لیوای نەواسی: هەروەها بە هێزی هەشتەمیش دەناسرێت، یەكێك لە هێزەكانی سەربە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی، باوەڕ وایە كە ئەم هێزە لە پشت رفاندنی بەڕێوەبەری دارایی دەستەی وەبەرهێنانی لیبیاوەیە لە كۆتایی تەمموزی رابردوودا، لەماوەی رابردوودا ئەم لیوایە لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی معێتیقیە جێگیربوون، دوای گومانبردن بەوەی كە گروپێكی نەیار هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە دەدەن. ئایاری 2017 هێزەكانی لیوای نەواسی تانكیان لە شەقامەکانی تەرابلوسدا بڵاوكردەوەو وەك بۆ ناڕەزایەتیی نیشاندان بەرامبەر بە "محەمەد سیالە" وەزیری دەرەوەی حكومەتی ویفاق كە خەلیفە حەفتەری وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی لیبیا ناساند. هێزەكانی بەرپەچدانەوەی تایبەت: ئەم هێزانە سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ویفاقن، یەكێك لەو میلیشیایانەی كە زۆترین مشتومڕی لەسەرە، لە تەمموزی رابردوودا هێزەكە دوو رۆژنامەنوسی بیانی ئازادكرد، دوای دوو مانگ دەستگیركردن لە بنكەی ئاسمانی معێتیقیە بە پاساوی لێكۆڵینەوە لێیان، چەند مانگێكیش پێش ئەوە هێزەكە تۆمەتەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی تایبەت بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤی رەتكردەوە. ئەم هێزانە یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی تەرابلوس بەناوی "عەبدولڕەئوف كارە" سەرۆكایەتیان دەكات، ئەركی سەرەكیان بریتیە لە روبەڕوبونەوەی تاوان‌و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان، دواتریش ئەركی دەستگیركردنی ئەوانەی گومان دەكرێت سەر بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش" بن لەئەستۆگرت. ئایاری رابردوو ئەنجومەنی سەرۆكایەتی فەرمانیدا بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی تایبەت‌و تێكەڵاوكردنیان لەگەڵ دەزگای نەهێشتنی تاوانی نارێكخراو‌و تیرۆر، بەڵام تائێستا ئەو هێزانە ئامادەنین ئەو بڕیارە جێبەجێ بكەن‌و بەردەوامن لە دەستگیركردنی گومانلێكراوان‌و بڵاوكردنەوەی چالاكییەكانیان لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك. میلیشاكانی تری تەرابلوس: * لیوای ( البقرە): ناوی ئەم هێزە لە فەرماندەكەیەوە " بەشیر خەلەف ئەڵا"ەوە وەرگیراوە كە بە " بەشیرە بەقەرە" ناسراوە، یەكێك بوو لەو میلیشیانەی كە بەشداری شەڕۆ پێكدادانەكانی دەوروبەری فڕۆكەخانەو بنكەی ئاسمانی معێتیقییەی كردوووە. دوای شەڕێكی خوێناوی لەگەڵ هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، وەزیری ناوخۆی حكومەتی ویفاق فایز سەراج، بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی ئەم لیوایە، بەڵام تائێستا بەردەوامە لە كارەكانی. * فەیلەقی سەلاح بەركی: پشتیوانی لە كۆنگرەی گشتی نیشتمانی دەكات، ئەو پەرلەمانەی كە ئیسلامییەكان تێیدا زۆرینەن، هەروەها پشتیوانی لە حكومەتی رزگاری نیشتمانی دەكات كە رەتیدەكاتەوە دانبنێت بەو دامەزراوانەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانیان لێدەكات. هەروەها ئەم فەیلەقە پەیوەندی بە هێزەكانی " فەجری لیبیا" ەوە هەیە كە سەربە كۆنگری گشتی نیشتمانی‌و سەربە ئەندامی پێشووی كۆنگرەكە سەلاح بادییە كە دوای شەڕ‌و پێكدادانی ئەمدواییە بڕیاریدا هێزەكانی لە دەرەوەی لیبیاوە رەوانەی وڵات بكاتەوە. بادی ساڵی 2014 سەركردایەتی هێزەكانی فەجری لیبیای كرد بۆ بەرگریكردن لە دەسەڵاتەكانی كۆنگرەی فەجری لیبیا لە تەرابلوس، ئەوەش بووە هۆی وێرانبوونی فڕۆكەخانەی تەرابلوسی نێودەوڵەتی. * لیوای حەوت لە تەرهونە ( كانیات): شەڕوپێكدانانەكانی 26‌و 27ی ئابی رابردوو دەگەڕێتەوە بۆ لیوای حەوت لە تەرهونە، كە بە كانیات دەناسرێت، بەهۆی فەرماندەكەیەوە كە ناوی (محەمەد كانی) یە. بنكەی سەرەكی ئەم هێزە شاری تەرهونەیە كە دەكەوێتە 60 كیلۆمەتری باشوری خۆرهەڵاتی تەرابلوسی پایتەخت. میلیشیاكانی شۆڕشگێڕانی لیبیا، هێزەكانی ئەبوسلیم، لیوای نەواسی، لەماوەی رابردوودا رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ لەدژی لیوای تەرهونە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو هێزە بەڵێنیدا لە  پێگەكانی لە ناوەڕاستی تەرابلوس بكشێتەوە. ئەنجومەنی نیشتمانی خۆی لە لیوای تەرهونە بەدووردەگرێت، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی بەو قەوارەوە هەیە كە نەتەوە یەكگرتوەكان پشتگیری لێدەكات، لە ساڵی 2017دا دەنگۆ ئەوە بڵاوبوەوە كە لیواكە لە هێرشێكدا لە تەرهونە هەشت ئەندامی خێزانێكی كوشتووە. لیوای حەلبوس: بنكەی سەرەكی شاری میسراتەیە، حوزەیرانی 2017 فایز سەراج سەرۆكی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی، فەرماندەی ئەو لیوایەی كردە فەرماندەی گشتی هێزەكانی لە ناوچەی ناوەندیی سەربازیی. ئەم لیوایە سەر بە قەوارەیەكی بچوترە كە بە فەیلەقی 310 ناودەبرێتو سەربە ئەنجومەنی سەرۆكایەتی بوو، بەڵام ئێستا ئەمیش وەك لوای تەرهونە نازانرێت سەربە كێیە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دوای زیاتر لە شەش مانگ دانوستان، دواجار وادەی سەرەتاكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەركەوتن، لەو دانوستانە تاقەتپڕوكێنەدا هەندێك لایەن بە سود‌و هەندێكی تر بە زیانەوە لێی دەرچوون. (درەو میدیا) لەم راپۆرتە شیكارییەدا لایەنی براوە‌و دۆڕاوی دانوستان دیاری دەكات. پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو لە 30 ئەیلولی 2017، لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان، (45) كورسی بەدەستهێنا. پارتی بەوپێیەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، جڵەوی دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەدەستەوە بوو، بەڵام هەندێك هۆكار وایانكرد، وەكو پێویست سود لەو كارتە بەهێزە وەرنەگرێت. پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، تاڕادەیەك كارتە بەهێزەكەی دەستی پارتییان لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا لاوازكرد. وەفدی دانوستانكاری پارتی، لەپێناو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، باجیان بە هەندێك لە پشكەكانی خۆیاندا لە كابینەی نوێدا. پارتی بۆ زامنكردنی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕانی گەڕاندەوە بۆ ناو دەسەڵات، ئەمە لەكاتێكدابوو پێشتر‌و بەهۆی ناكۆكییەكانی چوار ساڵی رابردووەوە، هێڵی سوری لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دانا بوو، ئەمەش جۆرێك بوو لە پاشەكشێی سیاسی پارتی لەبەردەم دەنگدەرەكانیدا لەپێناو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم. سەرباری ئەمانەش، شكستی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ ماوەی زیاتر لە (6) مانگ، بەپلەی یەكەم بەرپرسیارێتییەكەی كەوتە ئەستۆی پارتییەوە. بەڵام لەبەرامبەردا، وەفدی دانوستانكاری پارتی سەركەوتوو بوو لەوەی جارێكی تر، هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێم لای پارتی‌و بەدیاریكراویش ئەندامانی خانەوادەی بارزانی بهێڵێتەوە. پارتی لەم خولەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، بەشێوەیەكی زیرەكانە لەكاتی خۆیدا كارتەكانی بەكارهێنا، توانی دوای مشتومڕێكی زۆر یەكێتی راكێشێتە ناو حكومەتەوە، لەمەشدا سودی لە رێككەوتنە پێشوەختەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا بینی، سەرباری ئەو زۆرینەیەی كە لەم خولەدا خۆی لە پەرلەمان هەیەتی. یەكێكی تر لە خاڵە بەهێزەكانی پارتی لەم خولەدا، كۆتایهێنان بوو بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، كە لە چوار ساڵی رابردوودا كێشەی گەورەیان بۆ دروستكرد، بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕان. یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرباری گومانەكان لە ساختەكردنی ئەنجامی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن، دواجار یەكێتی بوو بە براوەی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و لەكۆی (111) كورسی پەرلەمان، (21) كورسی بردەوە. یەكێتی كە بەهۆی گومانی ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، زیانێكی گەورە بەر ناوبانگە سیاسییەكەی كەوت لەناو دەنگدەرانی هەرێمدا، نەیتوانی لە دانوستانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا هەندێك لەو وێنا شێواوە، بسڕێتەوە. ئەم حزبە كە رۆژگارێك بە سەرۆكایەتی جەلال تاڵەبانی شاسواری مەیدانی دانوستان بوو، ئەمجارەو لە دانوستانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا وەكو حیزبێكی بێ دیدگا دەركەوت. وەفدی دانوستكاری یەكێتی، هیچ تێڕوانینێكی روونی بۆ بەرنامە‌و ئەجێنداكانی حزبەكەی نەبوو، ئەوەی زیاتر دانوستانی لەسەركرد، وەرگرتنی ژمارەیەكی زیاتری پۆست بوو، بۆ رازیكردنی جەمسەرە جیاوازە‌و ناكۆكەكانی ناو حیزب. یەكێتی لە وەرگرتنی پشكەكانیدا تاڕادەیەك سەركەوتوو بوو، بەڵام لە زاڵكردنی گوتاری سیاسی خۆیدا شكستی هێنا، وەفدی دانوستكاری یەكێتی لەسەرەتاوە دەیویست وەكو "شەریكی راستەقینە" بچێتە حكومەتەوە، بەڵام دواجار وەكو "بەشدار"ێك چووە ناو حكومەتەوە، تەنانەت كەوتە بەردەم هەڕەشەی پەراوێزخستن لە كابینەی نوێدا‌و دیمەنەكانی پەراوێزخستنیشی بەتەواوەتی نیشان درا. یەكێتی زوو لە نیازی پارتی بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پێویستی پارتی بەو پۆستە گرنگە تێگەیشت، بەڵام نەیتوانی وەكو پێویست سود لەو كارتە بەهێزە وەرگرێت، لەمەشدا دوركەوتنەوە یەكێتی لە بزوتنەوەی گۆڕان كاریگەری هەبوو، پارتی بەر لە یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ خزمەتی خوستە سیاسییەكەی خۆی زامن كرد‌و كارتی دەستی یەكێتی سوتاند. یەكێتی كە حوكمڕانی زۆنێكی گەورەی هەرێمی كوردستانە، دەبوو لەگەڵ پارتیدا بڕیار بدات لەسەر بەرنامەی حكومەت‌و بەشداری لایەنەكانی تر، بەڵام سودی لە خاڵی هێزی خۆی وەرنەگرت‌و جڵەوی دەستپێشخەری سیاسی لەدەستدا. یەكێتی ئەمجارەش ئەو وێنایەی لای دەنگدەرانی خۆی‌و دەرەوەی خۆشی تۆخكردەوە كە حزبێكە هیچ روئیایەكی بۆ پرۆسەی سیاسی بەگشتی‌و بەتایبەتیش سیستمی ئیداری‌و حوكمڕانی هەرێم‌و زۆنەكەی ژێر دەستی خۆشی نییە، جگە لە زامنكردنی پۆست بۆ دەستڕۆشتووەكانی. لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا یەكێتی روبەڕووی تۆمەتی "خیانەت" كرایەوە لە كەركوك، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی هەلێكی گەورەی لەبەردەمدا بوو لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێدا، هەندێك لەو وێنایە كاڵبكاتەوە كە لەبارەی كەركوكەوە لەسەر حزبەكەی دروستكراوە، بەڵام نەیتوانی گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بكات بۆ كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێدا‌و قایل بوو بەوەی چارەنوسی كەركوك بداتەدەست بارزانی لە داهاتوودا. تاكە خاڵی سەركەوتنی یەكێتی لە دانوستانی ئەمجارەدا تەنیا ئەوەبوو، لەسەرەتاوە تاڕادەیەك توانی ستۆپ بە پارتی بكات‌و ناچاری بكات بەبێ یەكێتی كابینەی نوێ پێكنەهێنێت، ئەمە تاڕادەیەك گڕوتینی بە یەكێتییەكان بەخشی، بەڵام دواجار بە رۆشتنی بۆ ناو حكومەت بەشێوەیەكی پەلەپروزە‌و دوای هەڕەشەكەی بارزانی، بەهای ئەو خۆڕاگرییەشی سڕییەوە. وەفدی دانوستانكاری یەكێتی كە چەندجارێك گۆڕانكاری بەسەردا هات، لەسەرەتاوە سەقفێكی بەرزی بۆ خواستەكانی لە كابینەی نوێ دانا، بەڵام دواجار بە بڕێكی زۆر كەمتر لە خواستەكانی قایل بوو، ئەمە وایكرد دیمەنەكە وا دەربكەوێت یەكێتی داواكارییەكانی لە كابینەی نوێدا جێبەجێ نەكراوە. بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا گورزێكی گەورەی بەركەوت‌و رێژەی 50%ی كورسییەكانی لەدەستدا. ئەم بزوتنەوەیە لەسەرەتاوە بانگەشەی ساختەكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی كرد، بەڵام دواجار ئەنجامەكانی قبوڵ كرد، ئەمە لەناو دەنگدەرانی هەرێم بەشێوەیەكی گشتی، بەزیان بۆ ناوبانگی بزوتنەوە شكایەوە. بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی دۆڕاند، بەڵام دانوستانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بردەوە، بە (12) كورسییەوە دەستكەوتی زۆری كۆكردەوە‌و وەكو یەكەمین لایەن لەدوای پارتییەوە سواری شەمەندەفەری دەسەڵات بوو. سەركەوتنی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆكردنەوەی پۆستی زیاتر بەبەراورد بە كورسییەكانی لە پەرلەمان، بەواتای سەركەوتنی نییە لەناو پرۆسەی سیاسیدا بەگشتی. وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بە 12%ی كورسی پەرلەمانەوە 20%ی كێكی دەسەڵاتی بڕی، بەڵام بەمە گورزێكی گەورەی دا لە وێنای بزوتنەوەكە لای دەنگدەران، بەتایبەتیش دوای چوار ساڵ ناكۆكی سیاسی لەگەڵ پارتی، جارێكی تر‌و بە لاوازی گەڕایەوە بۆ لای ئەو حزبە. تاكە خاڵی سەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە دانوستانی كابینەی نوێی حكومەتدا ئەوە بوو، توانی هێڵی سوری پارتی لەسەر خۆی هەڵگرێت، گۆڕان وایكرد پارتی ناچاربێت جارێكی تر بیباتەوە ناو مەتبەخی پێكهێنانی حكومەت‌و پرۆسەی سیاسی، لەمەشدا باجی بە هەندێك لە بنەما سیاسییەكانی خۆیدا، بەتایبەتیش لە پرسی سیستمی حوكمڕانی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم. بەشێوەیەكی گشتی، بزوتنەوەی گۆڕان براوەی یەكەمی دانوستان‌و دۆڕاوی یەكەمی هەڵبژاردن‌و ئەو گوتارە سیاسیانە بوو كە پێشتر خۆی بانگەشەی بۆ دەكردن. بزوتنەوەی گۆڕان كە باجی دا بە تەواوی گوتارە سیاسییەكەی خۆی لەپێناو بەشداریكردن لە حكومەت، وەكو پێویستیش نەیتوانی سود لە ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی وەرگرێت بۆ پچڕینی ژمارەیەكی زیاتری پۆست‌و چەسپاندنی بەرنامە سیاسییەكانی، ئەمە بەپێچەوانەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەوە كە بەشێوەیەكی شارەزایانە سودی لە ناكۆكییەكانی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە دەبینی بۆ چەسپاندنی خواستە سیاسییەكانی.  بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ بەشداربوون لە حكومەت، گورزێكی گەورەشی لەبەری ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان دا، كە رۆژگارێك خۆی سەرۆكایەتی ئەو بەرەیەی دەكرد. كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی، براوەی سێیەمی هەڵبژاردن بوو، براوە بەو واتایەی ژمارەی كورسییەكانی لەناو پەرلەمان یەك كورسی زیادی كرد. كۆمەڵی ئیسلامی كە بوو بە خاوەنی (7) كورسی، گوتاری سیاسی خۆی كە گوتارێكی ئۆپۆزسیۆن بوو، كردە قوربانی بەشداربوونی لە كابینەی نوێی حكومەت.  لەسەرەتاوە پارتی وەكو لایەنی دەستپێشخەر بۆ پێكهێنانی كابیەی نوێی حكومەت، كۆمەڵی ئیسلامی نادیدە گرت، بەڵام كۆمەڵ پەیامەكەی بەجددی وەرنەگرت‌و هەر گرەوی لەسەر بەشداربوون لە حكومەت دەكرد. تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، كە نەخشەی پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەت لە كۆتاییدایە، كۆمەڵ ئیسلامی وا دەردەكەوێت هەر چاوەڕوانە بەشداری پێبكرێت، چونكە هێشتا بە فەرمی راینەگەیاندووە، دەبێت بۆ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بۆ چوار ساڵی داهاتوو. ئەم چاوەڕوانییە، لە دوو سەرەوە زیانی بە ناوبانگی سیاسی كۆمەڵ گەیاندووە، لەلایەك پێگەی كۆمەڵی لای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەم خولە بەتایبەتی (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی) لاوازكردووە، لەلایەكی تر، سەنگی سیاسی حزبەكەی لەلای دوو هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكە (پارتی‌و یەكێتی) لاواز كرد. یەكێتی نیشتمانی بەمدواییە هەوڵیدا كۆمەڵی ئیسلامی وەكو كارتێك بەدەستی خۆیەوە لەبەرامبەر پارتی بەكاربهێنێت، ئەمەش نەك هێزی بە كۆمەڵ نەبەخشی، هەندێكیش زیانی بە ناوبانگە سیاسییەكەی گەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ دەستكەوتێكی سیاسی لێ بچنێتەوە.  بەگشتی كۆمەڵ بەم فۆرمە لە دانوستان، هەم حكومەتی لەدەستدا‌و هەم جەماوەرەكەی، هەڵبژاردنی بردەوە‌و دانوستانی دۆڕاند. كۆمەڵی ئیسلامی سەرباری مانەوەی لە دەرەوەی دەسەڵات، بەڵام پێناچێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو بتوانێت سەركردایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بكات لە كوردستان، ئەمەش رەنگە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو زیان لە دەنگەكانی بدات. یەكگرتووی ئیسلامی ئەم حزبە دۆڕاوی گەورەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان 50%ی كورسییەكانی لە پەرلەمان لەدەستدا. دوای شكستی هەڵبژاردن، یەكگرتوو خۆڕێكخستنەوەی ناوخۆیی بەلاوە گرنگتر بوو لە بەشداری لە حكومەت، ئەم حزبە سەركەوتوو بوو لەوەی خۆی لە تانەی شەقام پاراست، بڕیارە بەپەلەكەی بۆ هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن تا چوار ساڵی داهاتوو، تاڕادەیەك حزبەكەی لەو نیگەرانییە ناوخۆییانە پاراست كە لەدوای شكستی هەڵبژاردنەوە دروستبوو. بە پێچەوانەی كۆمەڵی ئیسلامی، پارتی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، چەندینجار داوای لە یەكگرتوو كرد بەشداری حكومەت بكات، بەڵام رەتیكردەوە، یەكگرتوو بەم هەنگاوە زیانە جەماوەرییەكانی خۆی لە ئاستێكدا راگرت، نەیهێشت لەوە زیاتر تەشەنەبكات. ئێستا یەكگرتوو هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنبوونەكەی شێوازە نەریتییەكەی پێشتری خۆی تێنەپەڕاندووە، وا دەردەكەوێت ئەم حزبە لە سوڕی متبوونی تەواوەتیدا بێت. جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەتوانرێت وەكو هێزێكی براوە ئەژماربكرێت، لەیەكەمین ئەزمونی بەشداریكردندا لە هەڵبژاردن، (8) كورسی پەرلەمانی بردەوە. هەرچەندە لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بانگەشەی گەیشتنی بە "ترۆپكی دەسەڵات" دەكرد، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هەرزوو بەبێ دوودڵی ریزی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد. جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لە ئۆپۆزسیۆنبوون هیچ بژاردەیەكی سەلامەتتری لەبەردەستدا نەبوو، چونكە لەلایەك پارتی ئامادە نەبوو بەشداری پێبكات، لەلایەكی تر بەشداربوونی لە حكومەت بە قەبارەی ئێستایەوە، وەكو خۆكوشتنێكی سیاسی دەبوو، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی بانگەشە سیاسییەكانی ئەو جوڵانەوەیە لەدژی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە لەلایەك‌و لەبەرامبەر بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تر. ئەم جوڵانەوەیە هەر لەسەرەتای دەستوپەنجە نەرمكردنەوە لەگەڵ سیاسەت لە هەرێم، كەوتە ناو هەڵەیەكی سیاسییەوە، كە ئەوەش تاڕادەیەك بە زیان بۆ ناوبانگی جوڵانەوەكە شكایەوە، ئەم جوڵانەوەیە لەسەرەتاوە بڕیاریدا پەرلەمان بایكۆت بكات، بەڵام دواجار پاشگەزبووەوە پەرلەمانتارە دەرچووەكانی ناردە ناو پەرلەمانەوە. سەرباری بەشداریكردنی، ئەندامانی ئەم جوڵانەوەیە لە پەرلەمان تائێستا جوڵەیەكی سیاسی ئەوتۆیان نەكردووە كە رایگشتی دروستبكات، گوتارو جوڵە سیاسییەكانیان لەناو پەرلەمان هێشتا گوتارەكەی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆنبووندا تێنەپەڕاندووە. ئێستا جوڵانەوەی نوێ بووە بە هێزێكی پەرلەمانی، بەڵام هێشتا فراكسیۆنەكەی پەرلەمان نەبووە بە روخساری جوڵانەوە سیاسییەكە‌و زیاتر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە گوزارشت جوڵانەوەكە دەكات. شاسوار عەبدولواحید ئێستا لەلایەك بیر لە كۆكردنەوەی شەقامی ناڕازی‌و بەتایبەتی نارازییەكانی ناو گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو دەكاتەوە، لەلایەكی تریش بیر لە هێزە دەسەڵاتدارەكان‌و فەرمانڕەوایی دەكاتەوە‌و گوتارە سیاسییەكەی لە خاڵێكدا چڕنەكردوەتەوە. سەرباری ئەوەی هێزێكی نوێیە، بەڵام بەپێی قەبارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان‌و ئەو دامەزراوە میدیاییەی كە لە پشتیەوەیە، پێدەچێت نەوەی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆكایەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن‌و دەنگی ناڕازی بكات لە كوردستان. پێكهاتەكان كەمینەكان یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "پێكهاتەكان"‌و بە سیستمی "كۆتا" لە پەرلەمانی كوردستان (11) كورسییان بۆ تەرخانكراوە، بەبێ هیچ دانوستانێكی ئەوتۆ، بوون بە براوەی كابینەی نوێی حكومەت. پێكهاتەكان كە بریتین لە (توركمان- مەسیحی)، پۆستی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانیان (كە دواتر دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) برد، ئەم پۆستە لەم خولەدا دوو ساڵ لای توركمان‌و دوو ساڵەكەی تری لای مەسیحییەكان دەبێت، پێدەچێت لە حكومەتیش پۆست وەرگرن. واتا پێكهاتەكان براوەیەكی گەرەنتیكراوی هەڵبژاردن‌و براوەی كابینەی نوێی حكومەتیش بوون. ئەوانی تر حزبی شیوعی لە هەڵبژاردندا دەنگەكانی كەمی كرد، هەرزوو بڕیاری خۆی یەكلاكردەوە‌و بۆ چوار ساڵی داهاتوو بوو بە ئۆپۆزسیۆن، حزبی سۆسیالیس دیموكراتی كوردستان بەمایەی خۆیەوە لە هەڵبژاردن دەرچوو، لە پەرلەمانی تاكە كورسییەكەی خۆی خستە پاڵ پارتی‌و فراكسیۆنی هاوبەشی دروستكرد، پێدەچێت لە حكومەتیش پۆستێك وەرگرێت، بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست لەگەڵ یەكگرتوو بەشداری هەڵبژاردنی كرد "لیستی بەرەو ئیصلاح"، هەڵبژاردنی دۆڕاند‌و تاكە كورسییەكەشی لە پەرلەمان لەدەستدا، ئەم حزبە هێشتا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە‌و پێدەچێت بەبێ كورسیش لە پەرلەمان، پۆستێكی لە حكومەت پێبدرێت.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت زیاتر لە 24 كاتژمێر تێپەڕیوە بەسەر هەواڵی راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام تائێستا رایگشتی لە وردەكاری رێككەوتنەكە ئاگادارنییە‌و سەرچاوە ئاگادارەكانیش زانیاری جیاواز بە میدیاكان دەدەن، رەنگە ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە رێككەوتنەكە هێشتا زارەكییە‌و نەخراوەتەسەر كاغەز. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو حزب، هەندێك زانیاری نوێی لەسەر پشكەكانی یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەت‌و كاندیدەكان ئەو حزبە بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان دەستكەوتووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی ئەو رێككەوتنە زارەكییەی كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كراوە، یەكێتی ئەم پۆستانە وەردەگرێت: •    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان  •    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (سەرۆكی حكومەت یەك جێگری دەبێت) •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی خوێندنی باڵا •    وەزارەتی كشتوكاڵ •    وەزارەتی رۆشنبیری •    وەزارەتی پێشمەرگە •    وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد •    پۆستی جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان •     پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ  •    جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە •    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش‌و سێ بەرپرسی تر لەو ئەنجومەنەدا •    دەستەكانی (دەزگای گشتی كاروباری مین- گەشتوگوزار- دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) •    60 پۆست لە (بەرپرس- بەڕێوەبەر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار)، بەشێكی زۆری ئەو پۆستانە ئێستاش لای یەكێتین دابەشكردنی پۆستەكان لەناو یەكێتیدا  یەكێتی كۆتایی بە ناكۆكییەكانی هێنا لەگەڵ پارتی لەسەر پشك‌و پۆستەكانی لە حكومەت، بەڵام پێی نایە قۆناغێكی نوێی ململانێیوە، كە ئەویش چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانە لەناو حزبدا. یەكێتی نیشتمانی بەشێوەیەكی گشتی دابەشبووە بەسەر چەند جەمسەرێكدا كە بریتین لەمانە: •    كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكێری گشتی‌و گروپی پێشووی ناسراو بە "ناوەندی بڕیار" •    ماڵباتی تاڵەبانی •    گروپێك لە مەكتەبی سیاسی دابەشكردنی ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر یەكێتی نیشتمانی كەوتوون، بە تەوافوق دەبێت لەنێوان ئەو جەمسەرانەی ناو حزبدا. •    پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەم پۆستە بەتەوافوق لەنێوان (قوباد تاڵەبانی)‌و (حاكم قادر حەمەجان)دا كەسێكیان دادەنرێت، بەڵام چانسی قوباد تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە بەهێزترە. •    پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، دوو ژن ركابەری لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە دەكەن (بێگەرد تاڵەبانی- رێواز فایەق)، چارەنوسی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان شێوازی دابەشكردنی پۆستەكانی تر لەنێوان باڵەكاندا یەكلای دەكاتەوە، بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە باڵەكانی یەكێتی گرەویان لەسەر ئەم پۆستە نەكردووە، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە:. هۆكاری یەكەم: هیچ یەكێك لە دوو كاندیدەكەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كارەكتەری ژمارەیەك نین لەناو ئاڕاستەكانی یەكێتیدا.  هۆكاری دووەم: زۆربەی باڵەكان پێیانوایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئیمتیازی گەورەی بۆ باڵەكان تێدا نییە. هەرچەندە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) یەكێتی ئەم رۆژانەی دوایی هەستی بە بایەخی وەرگرتنی ئەو پۆستە كردووەتەوە، بەتایبەتیش كاتێك پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كرد لەناو پەرلەماندا بەبێ یەكێتی. •    پۆستی وەزیری پلاندانان، ئەم پۆستە بۆ (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) دەبێت، وەزیری پلاندانان دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت‌و غاز كە (سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و وەزیری دارایی‌و سامانە سروشتییەكان) ئەندامن تێیدا، واتە بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتی لە ئەنجومەنی نەوت‌و غازدا دوو نوێنەری دەبێت، جێگری سەرۆكی حكومەت‌و وەزیری پلاندانان. •    پۆستی وەزیری پێشمەرگە، تائێستا (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی هێزەكانی یەكەی (70) چانسی گەورەی هەیە پۆستەكە وەرگرێت، بەڵام دوو كەسی تریش ناویان دێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە، ئەو دوو كەسەش بریتین لە (شۆڕش ئیسماعیل)‌و (مستەفا چاوڕەش). •    پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، هەریەكە لە (عومەر فەتاح- عیماد ئەحمەد- ئەرسەلان بایز) چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تائێستا چانسی (عیماد ئەحمەد) لە هەمویان بەهێزترە. پۆستی پارێزگاری كەركوك بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، چارەنوسی پارێزگاری نوێی كەركوك كە یەكێتی خۆی بە خاوەنی ئەو پۆستە دەزانێ، رادەستی كۆسرەت رەسوڵ‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كراوە لە داهاتوودا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كۆسرەت رەسوڵ كەسێكی نزیك لەخۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندیدكردووە‌و رەزامەندی مەسعود بارزانیشی بۆ وەرگرتووە.   گرفتێكی یاسایی ! ئەو پۆستەی كە لە سەرۆكایەتی هەرێمدا بە یەكێتی دراوە، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازی، ئەم پۆستە لەڕووی یاساییەوە بونی نییە‌و دروستكراوی نوێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتییە. بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە یاساییە، هەردوو حزب لەسەر ئەوە رێككەوتوون، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیازی هەمواری برگەی (دووەم) لە ماددەی (13)ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكات، كە بڕگەكە دەڵێ "سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت"، بەپێی هەموارە پێشنیازكراوەكەی یەكێتی، یاساكە بەوشێوەیە هەموار دەكرێتەوە كە "سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت". فراكسیۆنی یەكێتی دوێنێ لەكاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، پێشنیازی زیادكردنی جێگری دووەمیان كرد بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، چاوەڕوان دەكرێت لە خوێندنەوەی سێیەمی پرۆژەیاسا هاوبەشەكەی پارتی‌و گۆڕاندا، داواكەی یەكێتی جێگیر بكرێت. ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوە رێككەوتوون پۆستی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت‌و جێگرەكەش لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت.  پارتی لەبارەی زیادكردنی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، دڵنیایی بە یەكێتی داوە كە خۆی بزوتنەوەی گۆڕان قایل دەكات‌و زیادكردنی ئەو پۆستە كێشە دروستناكات. ناڕەزایەتی هەیە هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی ناڕازین لە رێككەوتنەكەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان لەگەڵ پارتی. بڕیارە رۆژی شەممە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێَتەوە، ئەوانەی ناڕازین لە رێككەوتنەكە، بۆچونی خۆیان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا رابگەیەنن. ئەوانەی نیگەرانن لە رێككەوتنەكە دەڵێن، رێككەوتنەكە ئاڵۆزە‌و گرەنتی تەواوەتی پشكەكانی یەكێتی نەكراوە، بەتایبەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و هەندێك لە داواكارییەكانی تر كە پێشتر یەكێتی لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنیان دەكردەوە.    


راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت یەكێتی لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی نەگەیشتە رێككەوتن، بەڵام بە تەلەفۆن رێككەوتنی كرد، رێككەوتنەكە هێشتا زارەكییە‌و نەچوەتە سەر كاغەز، (درەو میدیا) زانیاری ورد لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنە زارەكییەكە بڵاودەكاتەوە. بەیانی ئەمڕۆ لە پەراوێزی كردنەوەی پێشەنگایەكی كتێب لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دواین كاری فشاری لەدژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرزكردەوە.  بارزانی وتی:" زۆر ئاراممان گرت‌و دەرفەتی زۆرماندا بە هەموو لایەنەكان، ئیتر بۆ یەك چركەش چاوەڕێی هیچ لایەنێك ناكەین". دوای قسەكانی بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووە، كۆبونەوەكە لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو. بە تەلەفۆن رێككەوتن ! بەدرێژایی كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ یەكتر.  دواجار مەسعود بارزانیش دەستی بۆ تەلەفۆنەكەی بردو لە یەكەم رستەدا بەكۆسرەت رەسوڵی وت:" ئێمە گەیشتوینەتە ئەو باوەڕەی ئێوەی دەستی دەستیمان پێدەكەن، هەر    چییەكتان پێبدەین ئێوە هەر رازی نابن..". دواتر بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی قسەی كردووە، مەكتەب سیاسییەكەی یەكێتی بە بارزانی وتووە:" ئێوە تائێستا بە بەشێوەی فەرمی بە نوسراو هیچ شتێكتان بەیەكێتی لەبارەی پۆستەكانەوە نەداوە، چۆن بە نوسراو پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕانتان یەكلاكردوەتەوە، دەبێت بەو جۆرەش لەگەڵ یەكێتی مامەڵە بكەن"، بارزانی دڵنیایی پێداون بە نوسراو پۆستەكانیان بۆ جێگیر دەكەن. بەڵام رێككەوتنەكە تائێستا بەشێوەی زارەكی‌و لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوەیە‌و هیچ نوسراوێك لەنێوان هەردوولا ئیمزا نەكراوە. لەسەر چی رێككەوتن ؟ بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو پارتی‌و یەكێتی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەگوێرەی رێككەوتنە زارەكییەكە یەكێتی ئەم پۆستانە لە كابینەی نوێ وەردەگرێت: •    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان •    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (رێككەوتنەكە بەو جۆرەیە سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەبێت‌و جێگرەكە لای یەكێتی بێت، واتە جێگری تر زیاد ناكرێت) •    وەزارەتی تەندروستی •    وەزارەتی خوێندنی باڵا •    وەزارەتی كشتوكاڵ •    وەزارەتی رۆشنبیری •    وەزارەتی پێشمەرگە •    وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد •    پۆستی جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان (ئەم پۆستە پێشتریش هەر لای یەكێتی بووە) •    پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ (پێشتر پۆستی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لای یەكێتی بوو، ئێستا كراوە بە پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ) •    پۆستی بریكاری وەزیری دارایی بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە (ئەم بریكارە كاروباری زۆنی سەوزی لادەبێت‌و یەكێتی لە زۆنی خۆی لەڕێگەی ئەم پۆستەوە دەتوانێت نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر) •    سێ پۆست لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (یەكێكیان پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێمە كە پێشتریش لای یەكێتی بووە) •    سێ دەستە كە بەرپرسەكانیان پلەی وەزیریان هەیە (یەكیكیان دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمەو یەكێكی تریان دەستەی وەبەرهێنانە) •    ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە •    ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار وەزارەتی شارەوانی كە یەكێتی پێشتر جەختی لەسەر وەرگرتنی دەكرد، بەپێی رێككەوتنە زارەكییەكە بە یەكێتی نەدراوە، هەروەها وەزارەتی پلاندانانیش كە وەزیرەكەی ئەندامی ئەنجومەنی نەوت‌و غازە‌و پێشتر یەكێتی داوای دەكرد. بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، ئەو پۆستانەی كە ئەمڕۆ رێككەوتنیان لەسەر كراوە، زۆرینەی داواكارییەكانی پێشتری یەكێتی تێدا جێبەجێ نەكراوە، چوار پۆستە باڵاكە كە یەكێتی داوای دوانیان دەكرد، هیچ یەكێكیان بە یەكێتی نەدراوە (وەزارەتی ناوخۆ- راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یەكێتی براوەی دووەمی هەڵبژاردنە. لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە هاوكات لەگەڵ رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكەمجار بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەمان كرد سەبارەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە كاراكرانەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆك. بەشداری ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە كۆبونەوەی پەرلەمان لەكاتێكدا بوو، هێشتا حزبەكەیان بە فەرمی هیچ رێككەوتنێكی لەبارەی پشكەكانی لە كابینەی نوێ لەگەڵ پارتی ئیمزا نەكردووە. بەپێی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی، یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم یەك پۆست وەردەگرێت كە پۆستی "یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازی"، بەڵام یەكێتی داوا دەكات ئەو پۆستە بكرێت بە پۆستی "جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی"، پارتی ئامادەیی نیشانداوە پشتیوانی یەكێتی بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو داوایە، بەڵام داوایكردووە، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان داوا بكات پۆستەكە لە یاساكەدا بكرێت بە "جێگری سەرۆكی هەرێم" لەبری "یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم"، پارتی بەم هەنگاوە خۆی لە نیگەرانكردنی بزوتنەوەی گۆڕان پاراست كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بەركەوتووە. بەشێك لە یەكێتی نیگەرانن ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی نیگەرانن لە رێككەوتنەكە. ئەوانەی ناڕازین بریتین لە (عومەر فەتاح- مەحمود سەنگاوی- عەدنانی حەمەی مینا- لاهور شێخ جەنگی)، ئەمانە پێیانوایە رێككەوتنەكە زامنكراو نییە، چونكە بە نوسراو ئیمزا نەكراوە، سەرباری ئەوەش پارتی هیچ گرەنتییەكی ئەوتۆی نەداوە لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك‌و پۆستی وەزارەتی دادی عێراق كە یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت. دوای چەند مانگێك لە گفتوگۆ‌و دانوستان‌و هەندێكجار رێككەوتن‌و پاشان پاشگەزبوونەوە، دواجار پارتی‌و یەكێتی گەیشتنە رێككەوتن‌و یەكێتی بە دوا پاكێجی پارتی بۆ پۆستەكان قایل بوو، هەرچەندە پاكێجی كۆتایی جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ پاكێجەكانی پێشوودا نەبوو.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بە بڕیارێكی بارەگای بارزانی لە پیرمام، پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆی بۆ سبەینێ دواخست، یەكێتی گۆڕانكاری لە لیستی داواكارییەكانیدا كردووە، بارزانیش بە نوسراو وەڵامی داواكارییەكانی یەكێتی دەداتەوە. بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە‌و خوێندنەوەی دووەم بكات بۆ پرۆژەیاسای "كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تاوەكو پەسەندكردنی دەستور". بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمانی كۆبونەوەكەی بۆ سبەینێ دواخست، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، دواخستی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان لەسەر داوای بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. بۆچی كۆبونەوەكە دواخرا ؟ (درەو میدیا) زانیویەتی، بەپلەی یەكەم دواخستی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، بەهۆی پێشنیازی نێچیرڤان بارزانییەوە بووە، كە چووەتە بارەگای بارزانی لە پیرمام‌و نیگەرانی خۆی بە مەسعود بارزانی مامی راگەیاندووە  لەبارەی ئەوەی" ئەگەر سەرۆكی هەرێم بەبێ بەشداری یەكێتی‌و لایەنەكانی تر هەڵبژێردرێت، تەنیا سەرۆكی زۆرنی زەرد دەبێت‌و مۆركی دووئیدارەیش لە هەرێم تۆختر دەكاتەوە". سەرباری پشنیازەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لەگەڵ یەكێتی، ژمارەیەك لە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەڕوونی بە سەركردەكانی پارتییان راگەیاندووە" پشتگوێخستی یەكێتی لەم بارودۆخەدا، ئاكامی باشی نابێت‌و لەگەڵ ئەوەدا بوون دەرفەتێكی تر بە یەكێتی بدرێت". ئەمانە وایكرد، بارزانی دەرفەتێكی تر بدات بە یەكێتی بەر لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم. بڕیاری بارەگای بارزانی بۆ دواخستی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، بۆ یەكێتی دڵخۆشكەر بوو، بەڵام سوپڕایزێكی چاوەڕواننەكراو بوو بۆ پەرلەمانتارانی پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كە لەناو پەرلەماندا ئامادەكارییان دەكرد بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساكە. یەكێتی سود لە دەرفەتەكە دەبینێ ؟ سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە، یەكێتی چاوەڕوانی سەردانی وەفدی پارتی دەكات بۆ سلێمانی لە چەند رۆژی داهاتوودا، بڕیارە وەفدی ئەمجارەی پارتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی بكات. پێدەچێت كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دوابخرێت بۆ كاتێكی تر، بەوپێەی پەرەسەندنی نوێ لەدوای نامەكەی بارزانییەوە رویداوە. یەكێتی ئێستا لە هەندێك لە داواكارییەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت هاتووەتە خوارەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی ئێستا قایل بووە بەوەی سەرۆكایەتی چوار پۆستە باڵاكە وەرنەگرێت كە بریتین لە پۆستەكانی (وەزارەتی ناوخۆ- ئەنجومەنی ئاسایش- سامانە سروشتییەكان- فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، بەڵام داوا دەكات جێگری ئەو چوار پۆستە بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە بدرێت بە یەكێتی. سەرباری چوار پۆستە باڵاكە، یەكێتی داوای (6) وەزارەت دەكات لەگەڵ پۆستی بریكاری وەزارەتی دارایی بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە، یەكێك لەو وەزارەتانەی كە یەكێتی جەخت لەسەر وەرگرتنی دەكات وەزارەتی شارەوانییە، ئەگەر ئەو وەزارەتە بە یەكێتی نەدرێت، داوا دەكات بریكاری وەزارەتەكەی بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە پێبدرێت. یەكێتی هاوكات داوای بەرپرسی (4) دەستە دەكات لەگەڵ (3) بەڕێوەبەرایەتی لەكۆی (11) بەڕێوەبەرایەتی ناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.    بارزانی وەڵامی یەكێتی دایەوە (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بە نوسراوێك وەڵامی داواكارییەكانی یەكێتی داوەتەوە. لە وەڵامەكەیدا بارزانی رازیبووە لەسەر ئەوەی یەكێتی (6) وەزارەت‌و (3) دەستە‌و (3) پۆستی جێگری وەزیرو یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی وەربگرێت.   یەكێتی دەنگ بۆ یاسای سەرۆكایەتی دەدات ! لە هەموو حاڵەتێكدا دەبێت یەكێتی نیشتمانی هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرۆژەیاساكەی پەرلەمانتارانی پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم رابگەیەنێت. لە حاڵی رێككەوتندا لەگەڵ پارتی لەبارەی پۆستەكانەوە، ئێستا لەناو یەكێتیدا لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆچونی جیاواز هەن. هەندێك لە یەكێتییەكان لەگەڵ ئەوەدان لەحاڵی رێككەوتندا لەسەر پۆستەكان لەگەڵ پارتی، فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكات لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا تێبینییەكانی خۆیان لەسەر پرۆژەیاساكە بخەنەڕوو. بۆچونێكی تر لەناو یەكێتیدا هەیە كە داوا دەكات لە هەموو حاڵێكدا یەكێتی خۆی لە بەشداریكردن لە پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بپارێزرێت‌و داوا بكات ئەو پرسە بۆ وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان دوابخرێت، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە زیاتر مەبەستیانە بەر لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، گرەنتی تەواوەتی لەسەر پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت وەربگیرێت. تێبینییەكانی یەكێتی لەسەر پرۆژەیاساكە یەكێتی تائێستا بەڕوونی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایەوە رانەگەیاندووە كە پەرلەمانتارانی پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانیان كردووە‌و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەناو یەكێتیدا هەندێك تێبینی لەسەر پرۆژەیاساكە هەن كە ئەمانەن: •    دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم زۆرن‌و دەبێت هەندێكیان بگوازرێنەوە بۆ سەرۆكی حكومەت •    نابێت چارەنوسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بسپێردرێت بە دەستور، كە لە پرۆژەكەی پارتی‌و گۆڕاندا چەسپێندراوە •    هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە دەنگدانی ئاشكرا لەناو پەرلەمان كێشەی یاسایی هەیە‌و دەبێت ئەو پرۆسەیە بە دەنگدانی نهێنی بەڕێوەبچێت


( درەو میدیا): دەوترێت:" ئەو حزبەی ئیستانبوڵ بباتەوە، هەموو توركیا دەباتەوە"، بەردەوام ئەم وتەیە لەگەڵ ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەدا هاتوەتەوە كە لە توركیا ئەنجامدراون، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەكان جەختیكردەوە ئەوەی ئیستانبوڵ لەدەست بدات، هەموو توركیا لەدەست دەدات، ئەو لێدوانەی ئەردۆغانیش بەشێكی سەرەكی هاتەدی دی و پارتەكەی لە هەڵبژاردنی شاروەوانیەكاندا دوای 25 ساڵ هەردوو سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرەی پایتەختی ئیداری‌و ئیستانبوڵی پایتەختی ئابوری‌و رۆشنبیری لەدەستدا. بە گوێرەی ئەنجامە رەسمییەكان، مەنسور یاڤاش، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە" لە ئەنكەرەی پایتەخت سەركەوتنی بەدەستهێناوە‌و محەمەد ئۆزحەسكی،  كاندیدی پارتی داد‌و گەشەپێدان " ئاكەپە" لەو شارەدا لە پلەی دووەمدایە. لە وتەیەكیدا بەبۆنەی بردنەوەی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرەی پایتەختەوە مەنسور یاڤاش رایگەیاند:" بەڵێ‌ هەریەك لە ئۆزحەسكی‌و سیاسەتە پیسەكانی دۆڕان". ساڵی 1994 مەلیح جۆكشاك كە پەرلەمانتاری پارتی رەفای ئیسلامی بوو، بە جیاوازی 6 هەزار 500 دەنگ بە سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرە هەڵبژێدرا، ساڵی 1999 جۆكشام جارێكی تر بە سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرە هەڵبژێدرایەوە و لە ساڵی 2001یشدا چووە ریزی پارتی داد‌وگەشەپێدان و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە ساڵەكانی 2004‌و 2009‌و 2011 بە سەرۆكی شارەوانی ئەنكەر هەڵبژێدرایەوە، بەڵام رۆژی 28ی تشرینی یەكەمی 2017 بە داوای رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە و پۆستی سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرە رادەستی مستەفا تونە سەرۆكی شاروانی سنجان كرا. لە هەڵبژاردنی 31ی ئازاردا محەمەد ئۆزحەسكی كاندیدەی ئاكەپە بوو بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنكەرە، بەڵام بەرامبەر مەنسور یاڤاش كاندیدی جەهەپە شكستیهێناو جەهەپ  دوای 25 ساڵ توانی سەرۆكایەتی شارەوانی پایتەخت بەدەستبهێنێتەوە. شارەوانی ئیستانبوڵ پێش راگەیاندنی ئەنجامی رەسمی هەڵبژاردنەكان، بن عەلی یەڵدرم كاندیدی ئاكەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ سەركەوتنی خۆی راگەیاند، بەڵام جەهەپە رەتیكردەوە‌و جەختیكردەوە كە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ كاندیدی جەهەپە سەركەوتنی بەدەستهێناوە. پاشان سەعدی گوڤەن، سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كۆتایی بە مشتومڕی ئاكەپە‌و جەهەپە هێناو رایگەیاند كاندیدی جەهەپە زۆرینەی دەنگەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵی بەدەستهێناوە. بە گوێرەی ئاستی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ 48.80%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە‌و كاندیدی ئاكەپە 48.48%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. پێشتریش و چەند هەفتەیەك پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، زۆرینەی ئەنجامی راپرسییەكان پێشبینی ئەوەیان كردبوو كە ئاكەپە سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ‌و ئەنكەرە لەدەستدەدات.  


راپۆرت: BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەرفعەت            سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی زۆری خێزانەكان لە هیندستان تائێستا منداڵی كوڕ بە باشتر دەزانن، دایك‌و باوكی (هینا) بەبۆنەی لەدایكبوونی كچەكەیانەوە ئاهەنگیان گێڕا، بەڵام ئاهەنگەكەیان بۆ شتێكی هەڵە بوو. (هینا) لە هۆزی باكشارای هیندی لەدایكبووە، كە كەسوكارەكەی كچە گەورەكانیان هاندەدەن بۆ كاری لەشفرۆشی، لەكاتێكدا تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 12 ساڵیدایە، ئەمە نەریتێكە كە چەندین سەدەیە لەناویاندا پەیڕەو دەكرێ. كاتێك (هینا) گەورە دەبێت، لەكاركردندا خوشكە بچوكەكەی شوێنی دەگرێتەوە، ئیتر بەوشێوەیە. ئەم نەریتە لە نەوەیەكەوە گواستراوەتەوە بۆ نەوەیەكی تر‌و بووە بە "نەریتێكی بۆماوەیی قبوڵكراو"، كوڕەكان لەناو ئەو خێزانانەدا لەسەر ئەو پارەیە دەژین كە كچە بچوكەكان لە كاری لەشفرۆشیدا كۆی دەكەنەوە. لە هەندێك حاڵەتدا باوك یاخود برا رۆڵی "گەواد" دەبینن. تەنانەت ئاهەنگەكانی هاوسەرگیریش لەناو ئەم هۆزە هیندییەدا جیاوازە، خێزانی بوك داوای مارەییەكی زۆر دەكەن بۆ كچەكانیان كە پێی دەوترێت "مارەیی پێچەوانە". (هینا) ئێستا گەورە بووە‌و بەچاوی خۆی دەبینێت كچانی شارۆچكەكەی چ كارێك دەكەن ئایا بژاردەیەكی تر هەیە ؟ (هینا) لە منداڵییەوە لەسەر ئەم شێوازە لە ژیان راهاتووە، لە منداڵییەوە ناچار كراوە كاری لەشفرۆشی بكات، (هینا) بە (BBC)ی وت:" كاتێك ناچاركرام بۆ ئەوە، ناچاربووم وازم لە خوێندن هێنا، بۆ ئەوەی هەمان ئەو رێبازە بگرمەبەر كە دایكم‌و نەنكم لەسەری رۆشتوون، ئەوكات تەمەنم تەنیا 15 ساڵ بوو". (هینا) هەموو رۆژێك سێكسی لەگەڵ چەندین كڕیاردا كردووە، كڕیارەكانیشی جۆراوجۆر بوون لە كەسانی دەوڵەمەندی ناوچە گوندنشینەكانەوە بۆ شۆفێری بارهەڵگرە گەورەكان. (هینا) كاتێك تەمەنی گەیشتوەتە (18 ساڵ)، هەستی بەو شتانە كردووە كە لە دەوروبەری رودەدەن:" دركم بەوە كرد من هەڵەم‌و هەستم بە توڕەیی كرد، بەڵام ئایا بژاردەی ترم هەیە، خێزانەكەم چۆن دەژین ئەگەر من لەو رێگەیەوە پارە پەیدا نەكەم". هۆزی باكشارا لەناوچەیەكی دوورەدەستی هەژار دەژین لە هیندستان، خەڵكەكەی بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، پشت بە كچان دەبەستن بۆ باشكردنی بارودۆخی بژێوی خێزان. سێ لەسەریەكی كچان لە باكشارا لەشفرۆشی دەكەن ئەكاش چۆهان رێكخەری یەكێك لە رێكخراوە لۆكاڵییە قازانج نەویستەكان دەڵێ:" رێژەی ئەو كچانەی كە تەمەنیان لە خوار تەمەنی یاساییەوەیە‌و لەشفرۆشی دەكەن، دەگاتە نزیكەی یەك لەسەر سێ". خەڵكی سەربەم هۆزە، كە لە هۆزە كۆچەرییەكانن، لە سێ ناوچەی ویلایەتی مادیا برادیش لە ناوەڕاستی هیندستان بڵاوبونەتەوە، زۆربەیان لە ناوچە گوندنشینەكاندا دەژین لە هەردوو بەری رێگای خێرادا، كە تێیاندا شۆفێری بارهەڵگرەكان بۆ پشوودان رادەوەستن. نهێنییەكانی پیشەكە زۆرجار ئەو كچە بچوكانە كە بە "خلاوئەدیس" ناسراون، واتە "كچی عەیار" لە جێگایەكی دروستكراو لە گوریس‌و پەت بە كۆمەڵ یاخود بەتاك دادەنیشن بۆ راكێشانی سەرەنجی كڕیاران. زۆرجاریش كۆشكی بچوك لەسەر كەناری رێگاكان هەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەرپرسی سەرەكی كچەكان، كە بەزۆری كەسێك دەبێت لە ئەندامانی خێزانەكە‌و مامەڵە لەگەڵ كڕیارەكان دەبڕێنێتەوە بە (100) بۆ (200) روپیەی هیندی كە دەكاتە (دۆلارێك‌و 45 سەنت) بۆ (2 دۆلارۆ 80 سەنت) بۆ هەر كڕیارێك. هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە دەڵێن نرخی كچی پاكیزە بەرزترین نرخە، كە دەگاتە (5 هەزار) روپیەی هیندی، واتە نزیكەی (75 دۆلار). (هینا) بە (BBC)ی وت:" رۆژانە نزیكەی 4 بۆ 5 پیاو دێن، بەڵام لە شەودا دەڕۆین بۆ هۆتێلەكان یاخود ناوچە نزیكەكان. بەردەوام لەو شوێنانەدا مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی هەیە بۆمان". رۆژنامەیەكی لۆكاڵی مەترسی پشتگوێخستنی تەندروستی نیشاندا‌و ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ئەو ئامارانەی كە بڵاویكردونەتەوە، 15%ی ئەو سامپڵانەی خوێن كە لە نزیكەی (5 هەزارو 500) كەس لە دانیشتوانی ناوچەكە وەرگیراون، دەركەوتووە ڤایرۆسی كەمی بەرگری لەشیان هەڵگرتووە (ئایدز). هەندێك لە كچانیش دووگیان دەبن‌و منداڵیان دەبێت، ئەمە بەسەر (هینا)دا هاتووە كە كچێكی بووە‌و ناچاریش بووە بەردەوامی بە كاركردن بدات بەشێوەیەكی زیاتر لە بواری لەشفرۆشیدا، ئەو دەڵێ:" زۆرێك لە كچان سكپڕ دەبن، ئەوەش وایان لێدەكات زیاتر كاری لەشفرۆشی بكەن لەپێناو بەدەستهێنانی پارە بۆ پەروەردەكردنی مناڵەكانیان". سەرباری ناچاركردنیان بۆ ئەو پیشەیە، ئەو كچانە بێبەش دەكرێن لە هاوسەرگیریكردن لەگەڵ كەسانی سەربە هۆزەكەی خۆیان یان خەڵكانی ئەو ناوچانەی كە تێیدا پەروەردە بوون‌و گەورە بوون. بەڵام (هینا) دواجار توانیویەتی لەو سیستمە دەربچێت، ئەوەش بە یارمەتی رێكخراوێكی خۆجێی قازانج نەویست، ئەو باس لەوەدەكات تەنیا ئەو كچانە لە قەبارەی ئەو ئازارانە تێدەگەن كە بەو جۆرە ئەزمونە قێزەونەدا تێپەڕیبن، وتی:" ئەو هەستە دەزانم كە هەیەتی، بۆیە دەمەوێت هاوكاری بكەم بۆ كۆتایهاتنی". چەندین تیۆری هەن تایبەت بە سەرچاوەی ئەم نەریتە پەیڕەوكراوە، یەكێكیان خۆی دەبینێتەوە لە ئازاری هۆزە كۆچەرییەكان لەپێناو بەدەستهێنانی پارە، بەتایبەتیش كە ئەوان لە دەرەوەی ئەو سیستمەن كە بۆ خەڵكانی تر بەركارە، ئەمەیان بە تاكە رێگا بینیوە بۆ دابینكردنی بژێوی‌و زاڵبوون بەسەر هەژاریدا. كچەكان لە كەنار رێگاكان رادەوەستن بۆ دۆزینەوەی كڕیارەكانیان یاسا چی دەڵێ ؟ پەسەندكردنی نێرینە بەسەر مێینەدا لەناو خێزانی هیندیدا، واتە كوڕەكان بەسەر كچەكاندا، رێژەی كوڕی لەبەرامبەر كچدا بەشێوەیەكی مەترسیدار گۆڕیوە، بەڵام لێرەدا كێشەكە سەروژوور بووەتەوە. چەندین هۆكار هەیە بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو كچانە، كە ئەویش بەكارهێنانی ئەو كچە بچوكانەیە لەو ناوچانەدا وەكو لەشفرۆش بەشیوەیەكی نایاسایی، چونكە ئەوان هێشتا نەگەیشتونەتە تەمەنی یاسایی. مانوج كۆمار سینگ پشكنەر لە پۆلیسی هیندستان بە (BBC)ی راگەیاند:" لە چەند مانگی رابردوودا 50 كچی بچوكمان رزگاركردووە.. لە دواین هەڵمەتماندا كچێكی تەمەن دوو ساڵمان دۆزییەوە، ئێستا لەرێگادایە بەرەو خانەیەك لە خانەكانی چاودێری منداڵان". لەم ناوچانەدا كچان منداڵی ناشەرعییان دەبێت‌و بۆ بەخێوكردنیان ناچارن بەردەوام بن لە كاری لەشفرۆشی سەرەڕای هەڵمەتە بەردەوامەكانی پۆلیس، ناكرێت بەسەر ئەو نەریتەدا بۆماوەییەدا زاڵ ببین، ئەگەر بە زیادكردنی ئاستی هۆشیاری كۆمەڵگە نەبێت، وەكو ئەوەی ئەو بەرپرسەی پۆلیس دەڵێت. ویلایەتی مادهیا برادیش كە هۆزی باكشارای تێدا دەژی یاسایەكی دەركرد، بەپێی یاساكەی هەركەسێك دەستدرێژی بكاتەسەر منداڵێكی خوار تەمەن 12 ساڵان، لەسێدارە دەدرێت، هەروەها ماوەی زیندانیكردنی ئەو كەسانەشی درێژكردوەتەوە كە سێكس لەگەڵ كچانی خوارو تەمەن 18 ساڵیدا دەكەن، كە ئەوە تەمەنی یاساییە لە هیندستان. رێگەكە بەرەو پێشەوە ساڵی 1993 پلانێك خرایەڕوو بۆ روبەڕووبونەوەی ئەو نەریتە بۆماوەییە لە كاری لەشفرۆشیدا لای خەڵكی باكشارا، بەڵام پلانەكە بەشێوەیەكی تەواوەتی جێبەجێ نەكرا. خاتوو راجێندرا ماهاجان بەرپرس لە بەشی چاودێری كۆمەڵایەتی ژنان‌و منداڵان دەڵێ:"  هەموو ساڵێك، رایدەگەیەنین كە پێویستمان بە دەستە قەزانج نەویستەكان هەیە بۆ یارمەتیدانمان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە، بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە پلانەكان بەپێی ئەو پێوەرانەی كە دامانناون، سەركەوتوو نەبوون". ئەم پلانە جەخت لەسەر دووبارە راهێنانەوەی ئەو ژنانە دەكات كە بەو ئەزمونانەدا تێپەڕیوون، ئەوەش لەڕێگەی فێركردن‌و تەندروستی‌و بەرزكردنەوەی ئاشتی هۆشیارییان. هینا دەڵێ خوێندن دەكرێت یارمەتیدەری كچان بێت بۆ دوركەوتنەوە لە كاری لەشفرۆشی بەڵام بە یارمەتی حكومەت بێت یاخود نا، گۆڕانكاری بەشێوەیەكی هیواش رودەدات. هەندێك لە كچانی منداڵ لەو هۆزە، ئێستا روبەڕووی ئەو خوو نەریتانە دەبنەوە‌و لە شوێنەكانی تردا بەدوای كاردا دەگەڕێن، هەندێكی تر بەردەوامی بە خوێندن دەدەن، هەروەك دەستپێشخەریش هەیە لەلایەن رێكخراوە لۆكاڵییەكانەوە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە. (هینا) ئێستا بەشێكە لەو دەستپێشخەرییانە، تەنانەت ئەو لە دەستەیەكی قازانج نەویست كاردەكات كە ساڵی 2016 رزگاریان كردووە، ئەو دەڵێ:" یارمەتی كچانی تر دەدەم بۆ ئەوەی بزانن لە توانایاندا هەیە پاڵپشتی بەدەستبهێنن‌و دەست لەو پیشەیە هەڵگرن، ئەوپەڕی توانام دەخەمەگەڕ بۆ یارمەتیدان". دەستەیەكی قازانج نەویست ناوەندێكی راهێنان بەڕێوەدەبات كە دەرفەتی خوێندنی خۆڕایی بۆ كچانی خوار تەمەنی یاسایی رەخساندووە، بەپێی قسەی (هینا) كچان ناچاردەكرێن كاری لەشفرۆشی بكەن، چونكە هیچ رێگایەكی تر یان كارێكیان نییە بۆ بژێوییان، خوێندن دەكرێت یارمەتیدەریان بێت لە هەنگاونانیان بۆ پێشەوە.


راپۆرتی: نامیق رەسول ڤۆلۆدیمێر زلینسكی، ئەكتەری كۆمیدی لە ئۆكرانیا رۆڵبینینی لە زنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنیدا دەكاتە راستی‌و نزیكە لەوەی كورسی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە هەژارەی ئەوروپا بەدەستبهێنێت كە بووەتە سەرچاوەی ململانێی نێوان روسیا‌و خۆرئاوا. زلینسكی لەو زنجیرە درامایەدا رۆڵی مامۆستایەكی مێژوو دەبینێت كە كتوپڕدەبێت بە سەرۆكی وڵات. زلیسنكی‌و كورسی سەرۆكایەتی رۆژی یەكشەممە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئۆكرانیا بەڕێوەچوو، بە گوێرەی ئەو راپرسیانەی لە نزیك بنكەكانی دەنگدان كراون، ڤۆلۆدیمێر زلینسكی، ئەكتەری كۆمیدی زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێناوە‌و پێدەچێت لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكاندا زلینسكی ركابەری پترۆ بۆرۆشینكۆ سەرۆكی ئێستا ئۆكرانیا بكات، كە 21ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. سەرەڕای ئەوەی رەخنەگرانی تێبینیان لەسەر تواناكانی بۆ حكومدار‌و ناڕوونی بەرنامەی هەڵبژاردنی، بەڵام زلینسكی ئەكتەری كۆمیدی سودی لە ئاراستە جیهانییە وەرگرتووە كە تێیدا دەنگدەران دەستبەژێری سیاسی رەتدەكەنەوەو ئەو ئاراستەیەش لە ئۆكرانیا كە چەند ساڵێكە بەدەست كێشەی ئابوری‌و سكانداڵی گەندەڵییەوە زۆر بەبەهێزی ئامادەیە. شارەزایی زلیسنكی تەمەن 41 ساڵ لە حكومداریدا تەنها لەوەدایە كەلە ئەڵقەیەكی تەلەفزیۆنیدا رۆڵی مامۆستایەكی مێژووی گێڕاوە كە بەشێوەیەكی كتوپڕ دەبێتە سەرۆكی وڵات. بە گوێرەی ئەو راپرسیانەی كە لە كاتی هاتنە دەرەوەی دەنگدەران لە بنكەكانی دەنگدان ئەنجامدراون، زلیسنكی زیاتر 30%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە 18%ی بۆ پترۆ بۆرشینكۆی سەرۆكی ئێستای ئۆكرانیا‌و یولیا تیمۆچینكۆی سەرۆك وەزیرانی پێشووتریش بە كۆكردنەوەی 14%ی دەنگەكان لە پلەی سێیەمدا دێت. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەنجامی ئەو راپرسیانە زیلنسكی رایگەیاند ئەوە هەنگاوێكە بەرەو سەركەوتنێكی گەورە، بۆرۆشینكۆش بەدەستهێنانی پلەی دووەمی بە وانەیەكی قورس وەسفكرد، تیمۆچینكۆش ئەنجامەكانی رەتكردەوەو رایگەیاند ئەوەندەی دەنگ هێناوە كە بتوانێت لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكەدا كێبركێ بكات. پێشبیندەكرێت لیژنەی هەڵبژاردنەكانی ئۆكرانیا ئەمشەو بەشێك لە ئەنجامەكان رابگەیەنێت كە ئاشكرایكرد رێژەی بەشداریكردن تا كاتژمێر 12 بەكاتی گرینیچ گەیشتوەتە 45%و ئەوەش رێژەیەكی زیاتری بەشدارییە بەبەراورد بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2014. ئۆكرانیا ئەو وڵاتەی كە كەوتوەتە دەروازەی یەكێتی ئەوروپاوە‌و ژمارەی دانیشتوانەكەی 45 ملیۆن كەسە، هەژارترین وڵاتی ئەوروپایە و سەرەڕای دووركەوتنەوەی لە روسیا و رووكردنە رۆژئاوا، ئێستا لە بە خراپترین قەیراندا گوزەر دەكات لە ساڵی 1991ەوە كە سەربەخۆیی بەدەستهێناوە. ساڵی 2014 لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئۆكرانیادا، لایەنگرانی خۆرئاوا دەسەڵاتیان گرتە دەست، پاشان روسیا نیچمە دوورگەی كریمیای ئۆكرانیای داگیركرد‌و شەڕ‌و ململانێ لە خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە لەگەڵ جوداخوازەكاندا دەستیپێكرد كە هەتا ئێستا 13 هەزار كوژراوەی لێكەوتوەتەوە. سەركەوتنی ئەكتەرێكی كۆمیدیی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئۆكرانیادا، بە واتای ئەوەدێت كە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە چینی سیاسی ئێستا كە نغرۆی گەندەڵین، نیگەرانن، هەروەها ئاماژەیەكیشە كە هاوڵاتیانی ئۆكرانیا دوای پێنج ساڵ لە جموجوڵی لایەنگرانی خۆرئاوا لە گۆڕەپانی سیاسیدا نائومێدبوون.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2005 بەردەوام سەرچاوەی قەیران‌و ناكۆكی بووە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، وەك لەوەی سەرچاوەی ئارامی‌و سەقامگیری سیاسی بێت. لە 2005وە سەرۆكایەتی هەرێم وەكو خۆی ماوەتەوە، بەڵام ریزی نەیارەكانی سەرۆكایەتی گۆڕانی بەسەردا هاتووە.  سەرۆكایەتی هەرێم‌و كێشەكانی ! ساڵی 2005 كاتێك سەرۆكایەتی هەرێم دروستكرا، سەرەتای كاریگەرییەكانی ئەو دامەزراوەیە لەسەر پۆستە باڵاكانی تری هەرێم دەركەوت. ئەوكات پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتن لەسەر ئەوەی، پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بێت، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا پارتی (مەسعود بارزانی) پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرت‌و یەكێتیش (جەلال تاڵەبانی) پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، ئەم رێككەوتە بە زیان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم‌و سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی هات، پارتی‌و یەكێتی ئەو پۆستەیان بەشێوەی "دوو ساڵ بە دوو ساڵ" لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد. لە ساڵی 2005 بۆ ساڵی 2009 پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەدەست پارتییەوە بوو (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكی پەرلەمانیش بەدەست یەكێتییەوە بوو (عەدنان موفتی)، بەپێی رێككەوتنەكەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی كۆمار، دەبوو ساڵی 2007 نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەت رادەستی یەكێتی بكات، بەڵام ئەوكات لەچوارچێوەی نیشاندانی نیازپاكیدا، جەلال تاڵەبانی لە دوو ساڵەكەی یەكێتی خۆش بوو، پارتیش دوو ساڵەكەی خۆی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ یەكێتی جێهێشت، بەوشێوەیە پارتی بۆ چوار ساڵ هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە بوو لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا. ساڵی 2005 بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەبوو سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو ساڵەدا چوار هەڵبژاردن كرابوو، پارتی‌و یەكێتی فریانەكەوتن هەڵبژاردنێكی تر بكەن، بۆیە بڕگەیەكیان بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم زیادكرد‌و لەو بڕگەیەدا چەسپاندیان كە بۆ ئەو خولە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت. ساڵی 2005 بەهۆی ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، زیاتر لە شەش مانگ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی حكومەت دواكەوت. بارزانی وەكو تاڵەبانی نەكرد ! ساڵی 2009 جارێكی تر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هاتەوە گۆڕێ، بەڵام ئەمجارە پارتی‌و یەكێتی گەڕانەوە سەر بڕگە سەرەكییەكەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرا. ئەوكات پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژییان هەبوو، لەوچوارچێوەیەدا هەردوولا یەك كاندیدیان هەبوو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كە مەسعود بارزانی بوو، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ مەسعود بارزانی دەكرد، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەدا بوو، ساڵێك دواتر پارتی پشتیوانی لە هەڵبژاردنەوەی جەلال تاڵەبانی بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كە كردی. پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم جارێكی تر بەهۆی پۆستی سەرۆكی هەرێمەوە كەوتەوە بەردەم ئەگەری دابەشكاریی، ساڵی 2010 بۆ ساڵی 2012 پۆستی سەرۆكی حكومەت بەدەست بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتییەوە بوو، ساڵی 2012 یەكێتی پۆستەكەی رادەستی پارتی كرد‌و نیچیرڤان بارزانی لە 2012وە بۆ 2014 سەرۆكایەتی حكومەتی كرد، مەسعود بارزانی وەك جەلال تاڵەبانی نەكرد، كاتێك وادەی دەستبەكاربوونی پارتی لە سەرۆكایەتی حكومەت هات، یەكسەر پۆستەكەی لە یەكێتی وەرگرتەوە. یەكێتی دوو ساڵی بۆ بارزانی درێژكردەوە ساڵی 2013 وادەی یاسایی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، بەڵام ئەوكات خولی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی نەهاتبوو، لە رۆژی 30 حوزەیرانی 2013دا یەكێتی لەچوارچێوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەی لەگەڵ پارتی، لەناو پەرلەمانەوە دوو ساڵ تەمەنی سەرۆكی هەرێمی درێژكردەوە، ئەوكات هەڵایەكی گەورە لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم دروستبوو، بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی هەڵمەتی ناڕەزایەتییەكانی دەكرد، بەڵام یەكێتی بە یاسا لەناو پەرلەمان چەسپاندنی دوو ساڵە زیادكراوەكەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم "یارای درێژكردنەوەی نییە". یەكێتی هاتە ریزی نەیارەكانەوە ! ساڵی 2015 جارێكی تر كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم سەریهەڵدایەوە، تەمەنی یاسایی سەرۆكی هەرێم بە دوو ساڵە زیادكراوەكەشەوە تەواو بوو، یەكێتی ئەمجارە ئەمادە نەبوو تەمەنی سەرۆكی هەرێم درێژبكاتەوە، بەتایبەتیش كە پێشتر بە یاسا چەسپاندبووی لەو دوو ساڵە زیاتر تەمەنی سەرۆكی هەرێم درێژناكرێتەوە. مشتومڕ لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم گەرمتر بوو، دەبوو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە، بۆئەوەی كێشەكە چارەسەر بكرێت، پارتی هیچ پرۆژەیەكی بۆ چارەسەری كێشەكە نەبوو، بارزانی چاوەڕوان بوو، لایەنەكان خۆیان داوای لێبكەن لە پۆستەكەی بەردەوام بێت بەهۆی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"ەوە، بەڵام لایەنەكان وایان نەكرد. یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی وەك چوار لایەنی سەرەكی لە پەرلەمان، پرۆژەیاسای خۆیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد. پرۆژەی هەرچوار لایەنەكە لە دوو خاڵدا هاوبەشبوون: خاڵی یەكەم: سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت خاڵی دووەم: دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەمبكرێتەوە‌و هاوشێوەی سەرۆك كۆماری عێراقی لێبكرێت سەرۆكایەتی هەرێم سەری پەرلەمانی خوارد رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە، پرۆژەی چوار لایەنەكە كرا بەیەك پرۆژە‌و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا. 19ی ئابی هەمان ساڵ، پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری سەرۆكایەتی هەرێم بكات‌و بیخاتە دەنگدانەوە، پارتی داوای دەكرد پەرلەمان پەلە نەكات لە پرۆسەكە، بەوپێیەی رەهەندی نیشتمانی هەیە، بەڵام لایەنەكان سوربوون لەسەر ئەوەی پرۆسەكە بەردەوام بێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرۆكایەتی پەرلەمان بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە بوو (یوسف محەمەد)، یەكێك لە هۆكارەكانی تری بۆ سوربوونی چوارلایەنەكە لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی ئەوەبوو، ئەو لایەنانە لەناو لیژنەی یاسایی پەرلەماندا دەنگی زۆرینە بوون. ئەمریكا نێوەندگیری دەكات شەوی 18 لەسەر 19ی ئاب، لایەنەكان لە هەولێر لەگەڵ پارتی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كۆبونەوە، ئەمریكییەكان نێوەندگیرییان دەكرد‌و برێت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژ بە "داعش" بەشداری لە كۆبونەوەكەدا كرد. كۆبونەوەكە تا بەرەبەیانی خایاند، چوار لایەنەكە‌و پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن، بەڵام لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا كۆبونەوەكەی پەرلەمان دوابخرێت تائەوكاتەی كێشەكە چارەسەر دەكرێت لەنێوان لایەنەكاندا. رۆژی 19ی مانگ هیچ فراكسیۆنێك ئامادە نەبوو بەفەرمی داوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بكات لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان‌و فەخردەین قادر كە سكرتێری پەرلەمان بوو، چوونە ناو هۆڵی كۆبونەوەكەوە بەمەبەستی دەستپێكردنی دانیشتنەكە، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تەواو نەبوو، فراكسیۆنی یەكگرتوو نیسابی یاسایی تێكدا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارەكانی پارێزگای دهۆكی ئەو حزبە ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون. بەهۆی سوربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، رۆژی دوو شەممە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 لە بازگەی (پردێ)، ئاسایشی پارتی رێگرییان كرد لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر. چەند رۆژێك دواتر، پارتی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد‌و بەهۆیەوە پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوت، ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی هاوبەشیان هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بە دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەت، نەكشانەوە‌و گۆڕانیان بەتەنیا جێهێشت، تەنیا فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمان لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی كشایەوە، بەڵام وەزیرەكانی كۆمەڵیش لە حكومەت مانەوە‌و لەدوا ساتەكانی تەمەنی كابینەی پێشوودا یەكگرتوو و كۆمەڵ كشانەوە. بارزانی بە بڕیاری شورا مایەوە  مەسعود بارزانی بە بڕیارێكی ئەنجومەنی شورا لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا مایەوە تاوەكو رۆژی 29ی ئۆكتۆبەری 2017، لەو رۆژەدا بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كشایەوە، ئەوەش دوای شكستهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم‌و لەدەستچوونی روبەرێكی فراوانی خاكی ناوچە جێناكۆكەكان. سەردەمێكی نوێ لەدوای وازهێنانی بارزانی، پۆستی سەرۆكی هەرێم بەبەتاڵی مایەوە، رۆژی 11ی تەموزی ساڵی رابردوو، بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی لەسەر پرۆژەیاسایەك رێككەوتن بۆ هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەدەنگی هەردوولا پرۆژەكە لە پەرلەمان پەسەندكرا، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێی پەیوەندی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لەگەڵ پارتی. زیندوكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم رۆژی 30 ئەیلولی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا، پارتی بەهۆی ئەوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەی لەگەڵ یەكێتی لاواز بووبوو، ئەمجارەیان ئامادە نەبوو، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراو كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم بە چارەسەرنەكراوی مایەوە، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی بەستەوە بە حكومەتەوە، پارتی تاكلایەنە‌و بەبێ گفتوگۆی پێشوەخت لەگەڵ هەموو لایەنەكان، كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم راگەیاند، كە (نێچیرڤان بارزانی)یە. گۆڕانی هاوكێشەكە ! لە ساڵی 2015 كە ناكۆكی لەسەر پرسی سەرۆكی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی دروستبوو، نەیارانی پارتی زۆرینە بوون لەناو پەرلەمانی كوردستان، ئەوكات:  •    بزوتنەوەی گۆڕان 24 كورسی هەبوو •     یەكێتی 18 كورسی هەبوو •    یەكگرتوو 10 كورسی هەبوو •    كۆمەڵ 6 كورسی هەبوو •    بزوتنەوەی ئیسلامی 1 كورسی هەبوو •    حزبی شیوعی 1 كورسی هەبوو ئەم لایەنانە پێكەوە (60) كورسی پەرلەمانیان هەبوو، لەبەرامبەردا پارتی لەگەڵ كورسی كۆتاكانیشدا (48) كورسی هەبوو. ئێستا‌و دوای چوار ساڵ، هاوكێشەكە گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتوو، هەم ریزی نەیارانی یاسای سەرۆكایەتی تێكچووە، هەم ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش. بزوتنەوەی گۆڕان كە 2015 سەرۆكایەتی هەوڵەكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی‌و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەكرد، ئێستا قایلە بەوەی هەموو دەسەڵاتەكانییەوە سەرۆك بمێنێتەوە‌و چارەسەری ئەو پرسەی رادەستی دەستوری هەرێم كردووە. یەكێتی نیشتیمانیش هەڵوێستی خۆی تائێستا یەكلانەكردوەتەوە، ئێستا نەیارانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ئەگەر یەكێتشیان لەگەڵدا بێت، ژمارەیان بەمشێوەیەیە:  •    یەكێتی 21 كورسی هەیە •    یەكگرتوو 5 كورسی هەیە •     كۆمەڵ 7 كورسی هەیە •     نەوەی نوێ 8 كورسی واتە بەهەمویانەوە (41) كورسییان هەیە لەناو پەرلەماندا، ئەمە لەكاتێكدایە بەرەی بەرامبەر كە پێكهاتووە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كەمینەكان، بە (68) ئیمزاوە داوای هێشتنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیان كردووە وەكو خۆی.    نەگۆڕو گۆڕاوەكان ! لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هەندێك بابەت هەن كە بە تێپەڕینی كات گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە‌و هەندێك بابەتی تر هەن بە نەگۆڕی ماونەتەوە: •    ئەوەی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا لەسەرەتا دروستكردنی ئەو پۆستەوە بە نەگۆڕی ماوەتەوە، ئەوەیە پارتی پێویستییەكی گەورەی بەو پۆستە هەیە، چونكە پۆستەكە پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی رادەگرێت لەنێوان مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی برازای، بۆ ئێستاش لەنێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانیدا. •    پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێم كە پارسەنگی بنەماڵەی بارزانییە، دەسەڵاتی هەبێت، چ ئەوەی سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یان لەناو خەڵكەوە، ئەمەش یەكێكە لە بابەتە نەگۆڕەكان. •    بەتێپەڕینی كات پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بكات بە دامەزراوەیەك تایبەت بەخۆی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەم خولەشدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارتی بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی هەموو لایەنەكان پۆستی سەرۆكی هەرێمی بۆ خۆی یەكلاكردەوە، ئێستا بووەتە بابەتێكی نەگۆڕ پارتی دەبێت سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەتیشی لەیەككاتدا بەدەستەوە بێت، پێشتر پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوو ساڵ بە دوو ساڵ بوو، لەدروستبوونی ئەم هاوكێشەیەدا حەزی جەلال تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رۆڵی گەورەی گێڕا.  •    یەكێك لەو بابەتە سەرەكییانەی كە لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەرەی نەیارانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمە، 2015 بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی هەوڵەكانی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەكرد، بەڵام ئێستا گۆڕان پشتیوانی هێشتنەوەی دەسەڵاتەكانی دەكات، ریزی نەیارانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی هێزێكی لێ دەچێتە دەرەوە‌و هێزێكی نوێی بۆ زیاد دەبێت، واتە ئەوەی بە نەگۆڕی ماوەتەوە سەرۆكایەتی هەرێمە‌و ئەوەشی بەردەوام لە گۆڕاندایە نەیارانی سەرۆكایەتی هەرێمن.  


نوسینی: سمایلی ماملێ‌ سەرنج و روونكردنەوەیەك سەبارەت بە وێنەیەكی مێژوویی بە دەم گەڕان‌و پشكنینی ماڵپەڕو سایتەكان ، لە ناكاو لە سایتی " پارسیان " دا چاوم بە وێنەیەك كەوت كە نەك تەنیا باس‌و لێدوانەكەی ناتەواو و شپرزە بوو, سەرباقی ئەوەش بەوپەڕی قەباحەتەوە مۆری خۆی بە نێوی " پارسیان " یشی پێوە نوساندوە و شەكری شكاندوە و نوسیوێتی: " عكس دیدە نشدە از دیدار محمد رضا شاە پهلوی با قاضی محمد " بەراستی " از بی خبران كشك صلوات". ئەو بەرەڵایی و پاوانخوازیە نە یەكەم جارە و نە ئاخر جاریش دەبێ چونكە خۆنیشاندان و خۆبەزلزانین‌و بە پێخواسی وەنێوكەوتن ناهێڵێ وەك مرۆڤێك پاكانە‌و بێگەردانە و سادقانە بەرامبەر بە رەنج و تێكۆشانی كەسانی تر هەڵسوكەوت بكەن‌و لە لایەكیش خەریكن هەر بە جارێكی مێژووی راستەقینەش لە خشتە بەرن. كەسانێك دەتوانن مۆركی خۆیانی لێبدەن كە بە تەواوی موڵكی خۆیان بێ . وێنەی مێژووی ئارشیوی میللەتەو هەموو كەس بۆی هەیە كەڵكی لێوەربگرێ و سەرچاوەكەشی بنوسێ . چەند جاران باسم كردوە‌و دیسان وێنەیەكی بەرچاو دەخەمەروو:  برای بەڕێزم كاك حەسەنی قازی لە ماڵپەری روانگە كە بەشێكی تایبەتی سەبارەت بە كۆماری كوردستانە دەیان وێنەی لەوبارەوە كۆكردوەتەوە‌و بۆیان ناردوە و كەڵكی لێوەرگرتوە كە نەتەنیا یەك دانەش نابینی كە نێوی روانگەی لەسەر بێ ، من و دەیانی وەك من كەڵكی لێوەرگرتوە و ئەوەی پاوانخوازی بێ لە حەوت كێوان ئاوا بووە، كە چی هێندێك كە خوێنی پاوانخوازیان تێدایە لەوپەڕی بێ موبالاتی و بێ مشووری دەست بە سەر وێنەكانی مێژوویی دادگرن و خۆیانی لێدەكەنە ساحەب بەبێ ئەوەی تۆزخاڵێك لە مێژوو یان ناوەرۆكی ئەو شەخسیەتە بگەن، وە بەڵام سەبارەت بەو وێنەی بەردەست كە حەزرەتی پێشەوا قازی محەمەد لە گەڵ محەمەد رەزا شای پەهلەوی نیشان دەدا. دەبێ عەرزتان بكەم كە: ئەو وێنەیە بۆ یەكەمجار لە ساڵی ٢٠٠٥ كە ئەو كاتە خەریكی ئامادەكردنی پێشانگای كۆمارو هەروەها فیلمی دێكۆمێنتاری بووم دەستم كەوت، ئەویش چۆن؟ " عیسا پەژمان " سەرهەنگێكی ساواكی و خەڵكی سنەی بوو كە لە پاریسێ دەژیا، دەمێك بوو دەمهەویست سەبارەت بە خەیانەتەكان و سیخۆڕیەكانی كە لە شۆڕشی ئەیلولدا كردبووی وتوێژی لەگەڵ بكەم, كە پاش ماوەیەك بە هۆی ئەم‌و ئەو (اعتماد)م جەلبكرد, چونكە ( یەكجار زۆر لە خۆی دەترسا). ( ئەگەر هەڵەشم نەكردبێ ، حكومەتی هەرێم یان نوێنەرایەتی پارتی دیمۆكرات لە دادگای فەرانسە شكایەتیان لە عیسای كردبوو كە بەداخەوە هیچیان بۆ نەچوە سەرێ )، بەرادەیەك خۆم لێ نیزیك كردەوە كە هەفتەی سێ چوار جارم دەدیت. وتووێژەكانم لە گەڵی تەواو بوو ، تا وای لێهات رۆژێكی ئەمنی بردە ماڵە خۆی. بەدەم قسەكردن ، نازانم لە چی را هات ، عیسای پەژمان گوتی ئەمن عەكسێكی شام لە گەڵ قازی محەمەدی لە ماڵە ئەشرەفی پەهلەوی دیوە ، هەر پێم سەیر بوو ، چونكە تا ئەو كاتە لە كەسم نەبیستبوو كە قازی محەمەد شای دیبێ ، بە هەستی ( كنجكاوی ) بە عیسام كووت:" ئای پەژمان ئیمكانی ئەوە هەیە خانم ( ئەشرف پەهلوی ) ببینم؟ "، گوتی بۆ چی دەتهەوێ بیبینی؟ گوتم دەمهەوێ سەبارەت بە مەسەلەی قازی محەمەد پرسیارێكی لێبكەم ، كوتی لە نێوان نیس‌و پاریس لە هاتوچۆدایە, باشە پێی دەڵیم ، " باشە پێی دەڵێم بوو بە مانگێك " ، رۆژێك تەلێفونی بۆ كردم و گوتی سەعات ٣ وەرە فلان جێگای، چووم و ئەمنی بردە ماڵە ئەشرەفی پەهلەوی. لە ساڵۆنی ئینتیزار و چاوەڕوانی ئیشارەی بە كورسی یەك كرد و گوتی لێرە دانیشی ، لە گەڵ دوو پێش خزمەتان دانیشتم، عیسا چوە ژوورێ و پاش ١٠ دەقیقە بۆ خۆی هاتەوە ئەمنی بردە ژوورێ  كە چاوم بە ئەشرف كەوت سەرم سوڕما ، لە هەموو عومرمدا كەسم وا نەدیبوو كەوا بە ناحەزی پیر ببێ ، باوەر بفەرموون دەڵێی دراكۆلا بوو ، زۆر زۆر تێكچوو و ناحەز  كە مرۆڤ لە دیتنی دەترسا، بەڵام خودا هەڵناگرێ زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی كردم‌و گوتی : " بیا جلو پسرم ".  چوومە پێش دەستم لە دەستی داوە و بەرامبەر بە خۆی دانیشتم و عیسای پەژمانیش هەر وەك سەردەمی شا بێ ، لەبەرامبەری راوەستابوو و متەقی لێنەدەهات, چاو شیرینیان هێنا و ئەشرف بە منی گوت: " خوب پسرم عیسا گفت كاری داری بگو",  گوتم " خانم پەهلەوی ئەمن كوردم و حەتمەن ئای پەژمان پێشوو عەرزی كردوون"؟, گوتی " بلی پسرم " ، گوتم: " دەمهەوێ بزانم كە ئێوە بە تایبەتی محەمەد رچا شای براتان بۆ چی " قازی محەمەد " تان لەسێدارەدا ، پێتان وا نەبوو بەو كارە هەرگیز نەتانتوانی كورد بۆ لای خۆتان راكێشن؟ " . لە وڵامدا گوتی : " تا اون اندازە كە من اطلاع دارم این پفیوز پدر سگ رزم ارا اعدامش كرد ". هەر كتوپڕ دەستم بۆ دووربینەكەم برد‌و گوتم: " دەتوانم ئەوەی دەفەرموی بە فیلم بیگرم ؟" ، بە داخەوە گوتی : " نخیر ابدا ", گوتم " ئاخر بەبێ تەسویر بۆم من نابێتە سەنەدێك، بەداخەوە نەیهێشت, لە كاتی رۆیشتن گوتم " ببەخشن ئای پەژمان ، ناكرێ نوسخەیەكم لەو وێنەیەی كە باست كرد بۆ وەربگری ؟ عیسای پەژمان چوە ژوورێ و پێم وایە ٢٠ دەقیقەی زیاتر پێچوو، لەناكاو بە ئەو عەكسە هاتە دەرێ، گوتی وەرم گرتوەو نوسخەیەك بۆ تۆ چاپ بكەم‌و بیگەڕێنمەوە ", گوتم " مەمنوون ئای پەژمان "، هەتا خودا هەڵدەگرێ كەیفم سازبوو، چونكە كەس لە سەردەمە لەو دیدارە ئاگادارنەبوو، پەژمان پاش ٢ رۆژ ئەو وێنەیەی دامێ.  لە بیرمە ماوەیەكی كە تێپەڕیبوو یەكەم كەس تەلێفونم لێكرد كاك حەسەنی قازی بوو، ئەگەر هەڵەم نەكردبێ لە ساڵی ٢٠٠٨ كە بەرە بەرە سایتی روانگەو كۆماری كوردستان لە لایەن كاك حەسەنی قازی دامەزرا بە تەلێفون باسی ئەو وێنەیەم بۆ كرد و پێشم وایە ناردمە خزمەتی ، هیوادارم راستی بۆ چووبێم ، چونكە من زۆرم سوود لە كاك حەسەنی بەڕێز كەڵك وەرگرتوە.  ئەمن ئەو وێنەیەم لە پێشانگاكەم لە سلێمانێ ، رانیە ، هەولێر هەروەها دەرەوەی وڵات ( سەرجەم ١١جار پێشانگا‌و فیلم ) هەروەها لە كتێبەكەی كۆمار دا نیشان داوە و هیچ وێنەیەك لە پێشانگای من دا نە نێوی منی لەسەر بووەو نەقەدەغە بووە كە خەڵك فیلم و وێنە بگرێ ، بە سەدان وێنە و فیلم بە هۆی دامودەزگاو مێدیاكان و هەروەها رۆژنامەنوسان و خەڵكی ئاسایی لە پێشانگاكانم گیراوەو كەس بەرگری لێنەكردوون كە كاكەم خوشكە ئەو كارە مەكە ، هەموویان ئازادبوون ، ئەمن تەواوی سەرچاوەكانم دەست نیشانكردوە ، بەڵام هەرگیز بەرگریم نەكردوە لە خەڵك ، چونكە موڵكی خەڵكە و خۆی خاوەنیەت, ئەگەر هەتا ئێستا لە پێشانگاو كتێبەكەم سەبارەت بە كۆماری كوردستان ئەو باسەم نەكردوە, چونكە بەڵگەم نەبوو، و بە داخەوە نەیهێشت فیلمی بگرم ، ئەگەر لێرەش مەجبوور بووم باسی بكەم تەنیا بۆ ئەوەمە كە بە سایتی ( اشك تمساح ) واتە " پارسیان " بڵێم ، " ئەو خورمایەی ئێوە دەیخون ، دەنكەكەی دەمێكە لە گیرفانی من دایە ". كە وایە ناماقوڵیت كردوە نێوی خۆت لە سەر وێنەیەك داوە كە تەنانەت نازانی كەنگێ‌و بۆچی ئەو وێنەیە گیراوە؟. ئەو شپرزەیە وایلێكردووم لە داهاتوودا سەبارەت بە كتێبی " شەهیدانی حیزبی دیمۆكرات "روونكردەوە‌و شیكردنەوەیەكی مێژوویی بدەم تا هێندێك كەس پێیان وا نەبێ، زۆر جار بێ دەنگی نیشانەی تەئید نییە، بەڵام لێی گەرٍێ‌و قەیدی ناكا زۆری رەنج بە خەسار كردووم ، كاتی هاتوە بەرە بەرە زۆر شتان لە بنی كولەكە بدەم. ئەو وێنەیە كۆتایی ساڵی ١٣٢٤ كە تازە كۆمەڵەی ( ژێ كاف) ببوو بە حیزبی دیمۆكرات، پێشەوا قازی محەمەد پاش وتوێژ لەگەڵ مەزەفەر فیروز جێگری سەرۆك وەزیر ( قوام السلگنە)و هەروەها رەزم ئارا سەرۆكی ستادی ئەرتەش لە كاخی سەعدئاباد دیدارێكی لە گەڵ محەمەد رەزا شا هەبوە:  لە راستەوە: محەمەد رەزا شای پەهلەوی ، رەزم ئارا ( رەئیسی ستادی ئەرتەش) ، سەدری قازی ، قازی محەمەد ، مام ئەحمەدی ئیلاهی.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكبوەتەوە، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەكە نین و هۆشدارییان بە مەكتەبی سیاسی داوە ، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی بڵاودەكاتەوە. مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرەشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێر، لە هەولێر كۆبوەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی سەركردایەتی یەكێتی پەیامی هۆشدارییان بۆ كۆبونەوەكەی ئەمشەوی هەولێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووەو ئاگاداریان كردونەتەوە لەوەی بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی بەوشێوەیە پەسەندناكەن كە ئێستا مەكتەبی سیاسی دەیەوێت تێی پەرێنێت. بەو هۆیەوە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تێكچووەو و بە بێ رێكەوتن كۆتایی هاتووە  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەكتەبی سیاسی یەكێتی قایلە بە پێشنیازەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت. رۆژی چوارشەممەی رابردوو، وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی لە سلێمانی كۆبونەوە، ئەو كۆبونەوەیە بەبێ گەیشتن بە رێككەوتن كۆتایی هات، بەڵام تاڕادەیەك هەردوولا لە رێككەوتن نزیكبونەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە دوێنێوە بەبەردەوامی بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە پەیوەندیكردندا بوون لەگەڵ یەكتر، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری حزبەكەیان هانداوە بەئاڕاستەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی، بەرهەمی ئەم جموجوڵانە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لێكەوتەوە لەنێوان كۆسرەت رەسوڵ‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی. لەسەر چی رێككەوتن ؟ بڕیارە سبەینێ وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی جارێكی تر كۆببنەوە( بەپێی وتەی حاكم قادر) ، پێشبینی دەكرێت رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت ئیمزا بكرێت. یەكێتی كە پێشتر لە دانوستانەكانی لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنی دوو پۆستی باڵا دەكرد لە كۆی چوار پۆست (وەزارەتی ناوخۆ- ئەنجومەی ئاسایش- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان- فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، ئێستا بەبێ وەرگرتنی هیچ یەكێك لەو پۆستانە قایل بووە، بەڵام پارتی لەبری ئەوە ژمارەی وەزارەتەكانی یەكێتی لە كابینەی نویدا لە (5) وەزارەتەوە بۆ (6) وەزارەت زیادكردووە. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە بری وەزارەتی ناوخۆ كە یەكێتی زۆر جەختی لەسەر وەرگرتنی دەكرد، پارتی وەزارەتی پلاندانانی بە یەكێتی داوە. بڕیارە وەزارەتی پلاندانان بدرێت بە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)، ئەم وەزارەتە بایەخەكەی لەوەدایە وەزیرەكەی ئەندام دەبێت لە ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستاندا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە سەرەكییەكە بێت كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە وەرگرتنی ئەو پۆستە قایل بووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە لە ئەنجومەنی نەوت‌و غازدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ هاوشانی نێچیرڤان بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی دادەنیشێت (ئەنجومەنی نەوت‌و غاز لە پێنج ئەندام پێكدێت كە بریتین لە سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری سامانە سروشتییەكان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان). بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە هەیە‌و بڕیارە یەكێتی پەسەندی بكات، پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بریتی دەبێت لەم پۆستانە: •    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان •    جێگری سەرۆكی هەرێم  •    جێگری سەرۆكی حكومەت •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی تەندروستی •    وەزارەتی كشتوكاڵ •   وەزارەتی خوێندنی باڵا •    وەزارەتی شەهیدان •    وەزارەتی پێشمەرگە •    دەستەی وەبەرهێنان •    بریكاری وەزارەتی ناوخۆ •    بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان •    جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە یەكێتی پێشتر دووجار رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كرد لەسەر بەشداریكردنی لە حكومەت، جاری یەكەمیان لە رۆژی 5ی شوباتی رابردوو بوو كە تێیدا هەردوولا لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك‌و وەزیری دادی عێراق‌و دیاریكردنی رۆژی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتن، جاری دووەمیش ئیمزاكردنی رێككەوتن بوو لە مەراسیمێكدا لە رۆژی 4ی ئەم مانگەدا، كە رێككەوتن بوو لەسەر بەرنامەی حكومەت. پرسی سەرۆكایەتی هەرێم پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم یەكێك لەو كارتە بەهێزانە بوو كە لەسەرەتای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە، بەدەست یەكێتییەوە بوو. یەكێتی زوو هەستی بە بایەخی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كرد بۆ پارتی (بەوپێیەی ئەو پۆستە پارسەنگی ناكۆكییەكانی بنەماڵەی بارزانی راگرتووە)، بەڵام دوو هۆكار وایانكرد یەكێتی ئەو كارتە بەهێزە لەدەستبدات، هۆكاری یەكەم، زۆری ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە پەرلەمان، هۆكاری دووەم، رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی. ئەو دوو هۆكارە كارتەكەی دەستی یەكێتییان سوتاند، ئێستا یەكێتی لەنێوان دوو بەرداشدایە، هەندێك پێیانوایە یەكێتی نابێت بەشداری پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، تا لەو رێگەیەوە تۆڵەیەكی مێژوویی لە بزوتنەوەی گۆڕان بكرێتەوە، كە پێشتر یەكێتی تۆمەتباردەكرد بە پشتیوانیكردنی پارتی لە پرسی سەرۆكایەتی‌و هەرێم‌و ئێستا خۆی بەهەمان رێگادا دەڕواتەوە، هەندێكی تر لە یەكێتییەكان دەڵێن، یەكێتی بەشداری لە پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، چونكە چیتر بەرپرسیارێتی مێژوویی لە ئەستۆدا نەماوە‌و پرۆژەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئامادەكراوە. بۆچونە جیاوازەكانی یەكێتی لەبارەی پرسی سەرۆكایەتییەوە روبەڕووی مەرجی پارتی دەبێتەوە، چونكە پارتی بەمەرجێك پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بە یەكێتی دەدات، یەكێتی دەنگ بە پرۆژەیاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.  دۆسیەی كەركوك چی لێهات ؟ پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، یەكێك لەو پرسانە بوو كە لەسەرەتاوە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی توشی ئیفلیجی كرد. یەكێتی لە سەرەتاوە سوربوو لەسەر ئەوەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك ببەستێتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە، یەكێتی كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە چاوی لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو، دەیویست گرەنتی لە پارتی وەرگرێت كە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كەسێك دەبێت لە یەكێتی، دوای چەندین كۆبونەوە پارتی ملی بۆ خواستەكەی یەكێتی نەدا، دواجار یەكێتی قایل بوو بەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك رادەستی كۆسرەت رەسوڵ‌و مەسعود بارزانی بكرێت لە داهاتوودا، واتە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. وەزارەتی دادی عێراق ! پۆستی وەزارەتی دادی عێراقیش كە پشكی كوردە‌و بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە تائێستا ئەو وەزارەتە پڕنەكراوەتەوە، یەكێكی تر لەو بابەتانە بوو كە لەسەرەتاوە كێشەی بۆ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروستكردبوو. هاوشێوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی دەیویست گرەنتی لە پارتی وەرگرێت پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بۆ ئەو دەبێت، یەكێتی ئەمەی كردبوو بەمەرج بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت، بەڵام دواجار هاوشێوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی چارەنوسی پۆستی وەزارەتی دادیشی رادەستی قۆناغی دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كرد.  پارتی بەزارەكی بەڵێنی داوە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت، بئەو پۆستە بە كێ دەدرێن لەناو یەكێتی، پارتی دواجار قسەی یەكلاكەرەوەی دەبێت، بەڵام پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بۆ یەكێتی یەكلابووەتەوە. رێككەوتنەكە نەیاری زۆرە ! (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو یەكێتی زانیویەتی، بەرهەم ساڵح‌و بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ رێككەوتنەكەدا نین. لە كۆبونەوەی ئەمشەوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هیچ یەكێك لەو سێ كەسایەتییە بەشدارییان نەكرد. رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی بە پلەی یەكەم بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، لە ماڵباتی تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكات، قوباد تاڵەبانی بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمشەوی هەولێری كرد. بەگوێرەی زانیارییەكان، زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەكە نین بەوشێوەیە، چونكە پێیانوایە ئەم رێككەوتنە زامنی "بەشداری راستەقینەی یەكێتی لە دەسەڵات" نەكردووە، بەڵام زۆرینەی مەكتەبی سیاسی پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكەن. یەكێتی كە پێویستی بە ژمارەیەكی زۆر پۆست هەیە بۆ قایلكردنی باڵە جیاوازەكانی، بەم رێككەوتنە تاڕادەیەك پێداویستی باڵەكانی بۆ پۆست چارەسەر دەكات: •    پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی) •    پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (حاكم قادر یاخود عیماد ئەحمەد) •    وەزیری پلاندانان (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand