Draw Media

ڕاستی ڕووداوه‌كان به‌ دیوێكی دیكه‌

ڕاستی ڕووداوه‌كان به‌ دیوێكی دیكه‌

2019-06-07 21:16:01


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم

به‌شێكی زۆری ئه‌و زانیاری و هه‌واڵانه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری ڕابردوو، له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتیی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ڕاست نین، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌.
له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مه‌سعود بارزانی ته‌له‌فۆنی بۆ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌باره‌ی پرسی كه‌ركوك به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی كردووه‌و بارزانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، جارێكی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتووگۆ ناكات، یه‌كێتیی ده‌توانێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و نێچیرڤان بارزانی گفتووگۆبكات.
ئه‌م وه‌ڵامه‌ی بارزانی بۆ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ناڕوونه‌، چونكه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی بارزانی ئاماژه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ی، كه‌ ناوبراو له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و مه‌كته‌بی سیاسی تووڕه‌یه‌ و پێیوایه‌ ئه‌وان له‌ به‌ڵێنه‌كه‌یان له‌باره‌ی دانانی "فه‌ره‌یدوون عبدالقادر" بۆ پارێزگاری كه‌ركوك پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌.
به‌شێكی دیكه‌ خوێندنه‌وه‌ی دیكه‌ی بۆده‌كه‌ن و به‌شێوه‌یه‌ك پێیانوایه‌: بارزانی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ پۆسته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێـت و كێشه‌ی نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌، كێشه‌ی كه‌ركوكی خستۆته‌ به‌رده‌م نێچیرڤان بارزانی و مه‌كته‌ب سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردن، تاوه‌كو خۆی له‌م دۆخه‌ ده‌رباز بكات، كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا پێداگری زۆری له‌سه‌ر كردوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی پارێزگار.
شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوو، به‌ په‌له‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌وه‌ هاتنه‌ هه‌ولێر، به‌ڵام ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ هیچ وه‌ڵامێكیان له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌و تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، شه‌ممه‌،8ی ئایار، چاوه‌ڕێده‌كه‌ن و له‌ هه‌وڵێر ده‌مێننه‌وه‌.
تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك له‌ پارتیه‌وه‌ نییه‌، بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك، پارتی قسه‌كردنی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ خسۆته‌ دوای مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم.
نێچیرڤان بارزانیش به‌هۆی سه‌رقاڵی به‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنه‌كه‌ی و خۆ دوورگرتن له‌وه‌ی هیچ ڕێككه‌وتنێك به‌ر له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی بكات، له‌ ئێستادا هیچ ئاماده‌ییه‌كی نیشان نه‌داوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی.
به‌رهه‌م ساڵحیش وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق، داوای مه‌ڕاسیمێكی شایسته‌ی پێشوازی كردووه‌و پارتیش ڕازیبووه‌، تاوه‌كو ئێستاش بڕیار ئه‌وه‌یه‌ ناوبراو به‌شداربێت له‌ مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی.
به‌رهه‌م ساڵح و نزیكه‌كانی بۆ خۆده‌ربازكردن له‌ ئیحراجبوونیان له‌ كاتی به‌شداریكردن مه‌رٍاسیمی سوێندخواردن، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ده‌ره‌چه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی شكلی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی به‌ر له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌، ئه‌م هه‌وڵه‌ش بۆئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح به‌شداربێت و هێرشی میدیایی نه‌كرێته‌ سه‌رو ئیحراج نه‌بێت.
بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو چاوه‌ڕێكردنی پارتیه‌ له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك، هه‌رچه‌نده‌ به‌ فه‌رمی هه‌موویان بانگهێشتكراون.
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نییه‌ هیچ كه‌سێكی یه‌كێتیی به‌بێ پرس به‌شداری ئه‌و مه‌ڕاسیمه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌وكات ده‌بێته‌ نوێنه‌ری یه‌كێتیی، ئه‌گه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌ش كه‌سێك بیه‌وێ به‌شداربێت، بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیش له‌ په‌رله‌مان به‌شداریبكات.
فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مان هیچ بڕیارێكیان بۆ به‌شداریكردن نه‌داوه‌، ئه‌گه‌ر تاوه‌كو ڕۆژێك به‌ر له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ مه‌كته‌بی سیاسی بڕیارنه‌دات، ئه‌وكات خۆیان بڕیارده‌ن.
كه‌واته‌... تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی دوو ڕۆژی داهاتووی پارتی و یه‌كێتیی و پرسی رێككه‌وتن له‌سه‌ر پارێزگاری كه‌ركوك له‌ ئارادا نییه‌، ئه‌و ناوانه‌ی باسیشده‌كرێن ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی گفتووگۆ نێوخۆییه‌كان و قسه‌ی و باسی شه‌خسی و هه‌واڵی میدیاین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand