Draw Media

كەركوك, پارتی‌و یەكێتی لێكترازاند

كەركوك, پارتی‌و یەكێتی لێكترازاند

2019-05-28 14:08:40


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسوڵ
یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان دوای چوار رێككەوتن‌و دواخستنی پێكهێنانی حكومەت بۆ ماوەی (8 مانگ)، جارێكی تر گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر، (درەو میدیا) وردەكاری ئاڵۆزبونەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی لەم راپۆرتەدا بڵاودەكاتەوە. 
پەرلەمانی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان هەڵبژارد، ئەوەی پێشبینی دەكرا، روینەدا، نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی (68) پەرلەمانتار هەڵبژێردرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو پێشتر بەرپرسانی پارتی باسیان لەوەدەكرد، لەكۆی 111 پەرلەمانتار 91 ئەندام دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی دەدەن.
یەكێتی نیشتمانی، كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزاكرد، ئەمڕۆ دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا.
پارتی‌و یەكێتی كە پێشتر چارەنوسی كەركوكیان وەكو دۆسیەیەكی كێشەلەسەر دایە دەست كۆسرەت رەسوڵ عەلی‌و مەسعود بارزانی، ئەو دوو كەسەش چارەنوسی كەركوك‌و پەیوەندییەكانی هەردوو حزبیان دایە دەست نادیار. 
بۆچی یەكێتی دەنگی بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەدا ؟ ئایا یەكێتی دەنگ بە بە هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی دەدات وەكو كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ؟ پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی بەكوێ دەگات ؟ ئەمانە پرسیاری سەرەكی ئەم رۆژانەی چاودێرانی سیاسی دۆخی هەرێمن.

چی رویدا ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی‌و پارتی دەستیكەوتووە، دوێنێ شەو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەخەوتوون‌و لە كۆبونەوەی چڕدا بوون.
گروپی كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی، فشاری توندیان خستەسەر حزبەكەیان بۆ ئەوەی یەكێك لە گروپەكەی ئەوان بكرێت بە پارێزگاری كەركوك، ئەمانە تاوەكو ئاستی دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ هەڕەشە‌و فشاریان كرد.
( درەو میدیا) لە چەند سەرچاویەكی جیاوازە زانیویەتی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە هاوكات جێگری دوەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەو ئێستا بەرسەردانێك لە توركیایە پێی وابووە" كە پێویستە رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و هەموو دۆسیەكانی كەركوك و هەرێم و بەغداد یەك پاكێج بێت ، بەبێ ئەوە خراپە بەشداریكردن" هەرچی قوباد تاڵەبانیە "نیگەران" بوە لەو هەڵوێستەی یەكێتی و هەرزو نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ زۆر توند بونە كە بەبێ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكرێت، كۆسرەت رەسوڵ ئەگەرچی لەگەڵ بەشداریكردن و پەیوەست بون بوە بە رێككەوتنەكانەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام لەدوای رەتكردنەوەی تەواوی ئەو كاندیدانەی كە یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك پێشكەشی بارزانی كردوە، ئەویش لەگەڵ بەشداریكردن نەبوە. 
لە كۆتایدا لەناو مەكتەبی سیاسی كۆدەنگییەك دروستبوو لەسەر ئەوەی، یەكێتی بەبێ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات‌و دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نادات، بەیانی ئەمڕۆ ئەو بیرۆكەیە بوو بە بڕیارو فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی نەكرد. 

39 كاندید بۆ یەك پۆست !
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی لیستێكی نوێی ناوی كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم پارتی‌و بەدیاریكراوی مەسعود بارزانی.
یەكێتی سێ ناوی خستەبەردەم بارزانی بۆ ئەوەی یەكێكیان هەڵبژێرێت وەكو پارێزگاری نوێی كەركوك، ناوەكان ئەمانەبوون:
•    رەوەند مەلا مەحمود (جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك)
•    ئەحمەد عەسكەری (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی)
•    بابەكر سدیق (كاكەڕەش سدیق)، (ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی)
بارزانی هەرسێ كاندیدەكەی یەكێتی رەتكردەوە، بەبیانوی ئەوەی هەرسێكیان "ئۆكتۆبەرچین"، بەواتای ئەوەی لەو یەكێتییانەن كە پشتیوانیان لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كردووە لە كەركوك.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تاوەكو دوێنێ، یەكێتی لەكات‌و ساتی جیاوازدا ناوی (39) كاندیدی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتە بەردەم بارزانی‌و هەموو ئەو ناوانە رەتكراونەتەوە.
یەكێتی بۆ رایگشتی تەنیا یەك كاندیدی هەیە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، كاندیدەكەش (رزگار عەلی)یە، بەڵام لە پشتی پەرەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی بەردەوام ناوی كاندیدی تری پێشكەشی بارزانی كردووە.
بارزانی تەنیا كەسێكی لەناو یەكێتی بەدڵە ببێت بە پارێزگاری كەركوك، ئەو كەسەش (فەرەیدون عەبدولقادر)ە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە فەرەیدون عەبدولقادر لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەو پۆستە كاندید نەكراوە.
سەرچاوەیەك لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەهیچ جۆرێك لە هەڵوێستی خۆی پاشەكشێی ناكات‌و هیچ كەسێك لەوانەی پشتیوانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردووە، وەكو كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات.

نێچیرڤان بارزانی چی وت ؟
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەدواین ساتەكان‌و بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە نێچیرڤان بارزانییەوە كردووە‌و نیگەرانی خۆیان پێگەیاندووە سەبارەت بەوەی پارتی پابەند نییە بە رێككەوتنی نێوانیانەوە، بەدیاریكراوە لە پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكدا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی بە دێڕێك‌و بە كورتی وەڵامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوەتەوە‌و وتویەتی:" داوای دەنگتان لێ ناكەم"، نێچیرڤان بارزانی بێئومێدبووە لەوەی بتوانێت چارەسەرێك لەنێوان مەسعود بارزانی مامی‌و یەكێتیدا بدۆزێتەوە لەبارەی پرسی كەركوكەوە، بۆیە بەمجۆرە وەڵامی یەكێتی داوەتەوە‌و دەستبەرداری دەنگی فراكسیۆنی یەكێتی بووە لەناو پەرلەمان.

پەیوەندی پارتی‌و یەكێتی بەرەو كوێ ؟
لە یەكەم كاردانەوەدا دژ بە دەنگنەدانی یەكێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم، پارتی لەسەر زاری ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان وتی:" بە رێككەوتنەكەماندا دەچینەوە لەگەڵ یەكێتی"، ئەمە قسەی پارتییە لەبەردەم رایگشتیدا، بەڵام لە پشتی پەردە پارتی بە پێچەوانەوە بە ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكەدا دەكات‌و دەیەوێت بگاتە چارەسەر.
سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی، یەكێتی لەبەیاننامەی فەرمی خۆیدا ئەمڕۆ رایگەیاند، پارتی پابەند نییە بە رێككەوتنەكەوە‌و كێشە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك دروستدەكات، ئێستا هەموو باڵەكانی یەكێتی كۆدەنگن لەسەر ئەوەی دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدا پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت، بەڵام دیارنییە ئاخۆ یەكێتییەكان تا دواین سات بە یەكگرتووی دەمێننەوە یاخود لەبەرامبەر ئۆفەری تری پارتیدا دەستبەرداری بۆچونی خۆیان دەبین لەبارەی كەركوكەوە.
ئێستا دوو پۆست هەن كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا جێناكۆكن‌و یەكلانەبونەتەوە، ئەو دوو پۆستەش بریتین:
•    پۆستی پارێزگاری كەركوك
•    پۆستی وەزارەتی دادی عێراق 

پێشتر پارتی ئەم دوو پۆستەی لەچوارچێوەی رێككەوتندا بۆ یەكێتی یەكلاكردەوە، بەڵام ئێستا چاوی لە یەكێك لەو دوو پۆستەیە. 
یەكێتی‌و پارتی دوای هەشت مانگ دانوستان‌و دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمڕۆ گەیشتنەوە خاڵی سفر، یەكێتی جارێكی تر پرسی كەركوكی خستنەوە سەر مێزی گفتوگۆكان، ئەو پرسەی لەسەرەتاوە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی ئیفلیج كرد.
ئەگەر نەگەنە رێككەوتنێك، پێدەچێت یەكێتی خۆی لە دەنگدان بۆ راسپاردنی مەسرور بارزانی وەكو كاندیدەی سەرۆكی حكومەت بەدوربگرێت، ئەمەش ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە.
دیار نییە یەكێتی لەسەر پرسی كەركوك تا چ ئاستێك بەرگە دەگرێت، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی هەڕەشەی ئەوە دەكەن تا حاڵەتی دەستبەرداربوون لە بەشداریكردن لە حكومەت ئامادەنین دەستبەرداری كەركوك ببن.
لەبەرامبەردا لای پارتیشەوە ئەوە روون نییە ئاخۆ ئەو سەرچڵییەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی بە پێگەی نێچیرڤان بارزانی برازایەوە كردی لەبەرامبەر یەكێتی، بۆ مەسرور بارزانی كوڕیشی هەمان سەرچڵی دەكات‌و ئامادەیە دەستبەرداری پشتیوانی یەكێتی ببێت بۆ ئەو حكومەتەوە كە لە داهاتوودا كوڕەكەی سەرۆكایەتی دەكات؟ 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand