خانەی راپەڕاندن كۆتایی بە ناڕەزایەتییەكان دەهێنێت
2019-05-27 19:24:47
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسوڵ
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە بەخشی ناڕازییەكان لە بزوتنەوەكە دەربكات، رێكخەری گشتی هەڕەشە دەكاتو دەڵێ "حكومەت دەڵەمەیەو نابێ رەخنەی لێبگرێت".
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبووەوە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی، ئەم جڤاتە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.
كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، دوای كۆبونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتی بزوتنەوەكە دێت، كە ئەو، بەپێچەوانەی جڤاتی نیشتمانییەوە، ئەنجومەنێكی راوێژكارییەو دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە.
گۆڕانو شەڕی ئەمریكاو ئێران !
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو جڤاتەكە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەفەرمی كۆبونەوەكانی دوێنێیو ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر دوو تەوەری سەرەكی بووە:
• ئەگەری رودانی شەڕ لەنێوان ئەمریكاو ئێران لەناوچەكەو دۆخی كورد لەو ململانێیانەدا
• بارودۆخی ناوچە كوردستانییە كێشەلەسەرەكان
لەبارەی ئەم دوو تەوەرەوە بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوەو تێیدا داوای سازدانی كۆبونەوەیەكی "لوتكە"دەكات لەنێوان سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخەكە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، هەڵبژاردنی ئەم دوو تەوەرە بۆ گفتوگۆكردن لە هەردوو جڤاتی گشتیو نیشتمانیدا گرفتی دروستكردووەو زۆرێك لە ئەندامان ئامانجی كۆبونەوەكەیان لا روون نەبووە، هەندێكیش پێیانوا بووە، بزوتنەوەی گۆڕان ئەو هێزە گەورە نییە قسە لەسەر ناكۆكییەكانی ئەمریكاو ئێران بكات لە ناوچەكەدا.
خانە ناڕازییەكان دەردەكات
بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ جۆرێك باسی لە تەوەرەكانی تری كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەی راپەڕاندن بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، گرنگترین بڕیاری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ، ئەوە بووە "جڤاتی نیشتمانی دەسەڵاتی بە خانەی راپەڕاندن داوە، ئەوانەی لە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكە ناڕازین، دوربخاتەوە".
رێكخەر هەڕەشە دەكات
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی دوێنێی جڤاتی گشتیو كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی كردووە" هەر كەسێك لە سیاسەتو هێڵی كاركردنی ئێستای بزوتنەوەكەو دیسپلینی حیزبی دەربچێت، لە بزوتنەوەكە دەردەكرێت".
ئەم هەڕەشەیەی رێكخەر لە كۆبونەوەی هەردوو جڤاتدا كاردانەوەی لێكەوتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا هەندێك لە ئەندامان داوایان كردووە شێوازی سزادان رێكبخرێتو پلەبەند بكرێت بە چەند قۆناغێك، نەك دەركردنی راستەوخۆ.
هەڕەشەكانی رێكخەری گشتی هاوكاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی كە لەناو بەشێكی زۆری "هەڵسوڕاوەكانی" ئەو بزوتنەوەیە سەبارەت بە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتیو كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە دروستبووە.
حكومەتی دەڵەمە !
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جڤاتی نیشتمانی باسی لە قسەو لێدوانە توندەكانی (غالب محەمەد) پەرلەمانتاری بزوتنەوەكە كردوە لە پەرلەمانی عێراق دژ بە سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە وتویەتی "نابێت بە هیچ جۆرێك رەخنە لە حكومەت بگیرێت، چونكە حكومەتەكە دەڵەمەیەو هێشتا پێنەگەیشتووە".
كۆنفرانسو هەڵبژاردنی ناوخۆیی
بزوتنەوەی گۆڕان كە هێزێكی نوێیە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، ئێستا دامەزراوە ناوخۆییەكان وادەیان بەسەرچووە، هەردوو جڤاتی گشتیو نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2016وە وادەی یاساییان تەواوبووە، خانەی راپەڕاندنیش كە دەسەڵاتی جێبەجێكاری بزوتنەوەكەیە رۆژی 25ی تەموزی داهاتوو تەمەنی یاسایی كۆتایی دێت، كە بۆ ماوەی دوو ساڵە.
ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا مشتومڕی كۆنفرانسو هەڵبژاردنی ناوخۆیی گەرمە، لە كۆبونەوەی دوێنێیو ئەمڕۆی هەردوو جڤاتەكەدا باسی خۆرێكخستنەوە كراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بڕیاربەدەستانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان نایانەوێت بەمزوانە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێت.
سەرچاوەیەك لە جڤاتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، خانەی راپەڕاندن نایەوێت هەڵبژاردنی ناوخۆیی بكرێتو دەڵێ ئێستا گۆڕان بەرگەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی ناگرێتو دەبێت ئەو پرسە دوابخرێت بۆ دوای پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتو كۆتایهێنان بە دۆسییەی ناڕەزاییەكان لەناوخۆی بزوتنەوەكەدا.
وتەبێژی حیزب
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی دانانی وتەبێژێكی فەرمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆكرا، هەندێك ناوی (وشیار عەلی عومەر)یان هێنا، بەڵام جڤات دەنگی لەسەر نەداو پرسی وتەبێژ یەكلانەكرایەوە.
تاوەكو هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن لە 27ی تەموزی 2017 شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان بو، بەڵام دوای هەڵبژاردنی وەكو ئەندامی خانە، لەو پۆستەدا نەماو لەوكاتەوە گۆڕان وتەبێژی فەرمی نییە.
پەنجەكان یەكتری دەشكێنن ؟
دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانییەوە پێی نایە قۆناغێكی نوێوە، كە دەتوانرێت ناوی كتێبە بەناوبانگەكەی نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی لێبنرێت، قۆناغی "پەنجەكان یەكتری دەشكێنن".
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، لەناو ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا كۆدەنگییەك دروستبووە لەسەر ئەوەی "بزوتنەوەی گۆڕان لە ناڕەزایەتی پاكبكرێتەوە".
ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا خانەی راپەڕاندن ئەو دەسەڵاتەی پێدرا پەنجەی هەموو ئەوانە بشكێنێت كە ناویان لێنراوە "ناڕازییەكان"، پێشبینی دەكرێت بەر لە هەر جوڵەیەكی سیاسی ناڕازییەكان، باڵی رازییو بەدیاریكراوی خانەی راپەڕاندن دەستی خۆی بوەشێنێتو بە فەرمی كۆتایی بە ئەندامێتی ئەوانە لەناو بزوتنەوەكەدا بهێنێت كە دژی سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكە قسە دەكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە ئەوانەی ناویان لێنراوە "ناڕازیی" لەبنەڕەتەوە بەشێك لە كەسایەتییە كاریگەرەكانیان پێشوەختە دەستیان لە كاركردن لە بزوتنەوەكە كێشاوەتەوەو ئامادەی گەڕانەوە نین چ بۆ ناو بزوتنەوەكە چ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەر بزوتنەوەكە كەوتوونو خۆیان بە گۆڕان نازانن.
لەبەرامبەر توندكردنەوەی رێوشوێنەكان لەناو گردی زەرگەتەوە، لە دەرەوەی گردەكەش ناڕازییەكان خەریكی خۆكۆكردنەوەی بۆ گەڕێكی نوێی روبەڕووبونەوە، ئێستا ئاڕاستەیەك لەناو ناڕازییەكان دروستبووە كە داوای هەڵوێستی جدیو یەكلاكەرەوە دەكات بەر لەوەی نەیارەكانیان بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر بدەن.
كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، ناڕازییەكان بەسەر سێ گروپدا دابەشكردووە:
گروپی یەكەم: پرۆگۆڕان، كە لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە لە وڵاتانی ئەوروپا پێكدێت، باسی لەوەكراوە ئەم گروپە وەكو حزبێك مامەڵە دەكات، هەندێك داوایان كردووە لە گۆڕان دەربكرێن.
گروپی دووەم: ئەو هەڵسوڕاوانەی دژی بزوتنەوەكە قسە دەكەن، بڕیاردراوە ئەمانە بەفەرمی لە بزوتنەوەكە دەربكرێن.
گروپی سێیەم: ئەوانەی ناڕازینو دانیشتوون، بەڵام قسە لەسەر بزوتنەوەكە ناكەن، ئەمانە هیچ رێوشوێنێكیان لەدژ ناگیرێتەبەر.
لیژنەی كاندیدەكان
بڕیاربوو ئەمڕۆ لیژنەی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە حكومییەكان كۆببێتەوەو دواین لیستی كوتكراوەی كاندیدی پۆستەكان رادەستی جڤاتی نیشتمانی بكات، بەڵام لیژنەكە كۆنەبووەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دژی ئەوەبوون كۆنە وەزیرو پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكانو ئەندامانی خانە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید بكرێن.
ئێستا لەبارەی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكانەوە بیروڕای جیاواز لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دابەشبوون بەسەر دوو بۆچوندا:
• بۆچونی یەكەم: ئەو ئەندامانەی خانە كە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان كاندید كردووە، داوا دەكەن یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان نەخرێتە ناو جڤاتی نیشتمانییەوە، واتە جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە دەنگیان لەسەر نەدات.
• بۆچونی دووەم: چەند كەسێكی تر لەناو خانە كە كاندید نین، دەیانەوێت جڤات بە دەنگدان كاندیدەكان یەكلابكاتەوە.
لەنێوان هەردوو بۆچونەكەدا، كوڕەكان نەوشیروان مستەفا كە دەوترێت بڕیاری كۆتایی لای ئەوانە، لەگەڵ ئەوەدان لە دەرەوەی جڤات كاندیدی پۆستەكان یەكلابكرێتەوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە لیژنەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، خانەی راپەڕاندن دەیەوێت كارەكانی لیژنەكە پەكبخات تا دواین ساتەكانو وادەی نزیكبونەوەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە مەسرور بارزانی، ئەوكاتە بەبەهانەی نەبوونی كاتی گونجاوەوە خۆی بڕیاری كۆتایی لەسەر ناوی كاندیدەكان بدات.