Draw Media

 (درەو):  دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی دەستپاكی كە دوو دامەزراوەی هەرێمی كوردستانن بۆ چاودێریكردنی پرسی دەستپاكی‌و كۆنترۆڵكردنی گەندەڵیی، خۆشیان لەژێر وردبینی یاسای چاكسازیی بە سەلامەت رزگاریان نەبووە، لە دیوانی چاودێری دارایی (39) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا پلەی وەزیفییان پێدراوە، لە دەستەی دەستپاكیش (11) فەرمانبەر كە پێشتر لە 2014 لە  رێكخراوەكانەوە بۆ ئەو دوو دامەزراوەیە گواستراونەتەوە. دیوانی چاودێری دارایی لە راپۆرتی چاكسازیدا بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە:  •    دیوانی چاودێری دارایی كە دامەزراوەیەكی سەربە پەرلەمانی كوردستانە (389) فەرمانبەری هەیە، وردبینی لەدۆسیەی هەموو فەرمانبەرەكانی ئەم دامەزراوەیە كۆتایی هاتووە‌و دەركەوتووە (39) فەرمانبەر بەشێوەی نایاسایی پلەی وەزیفییان پێدراوە‌و (31) فەرمانبەریش بەدەر لەیاسا سەرەموچەی زیادەیان بۆ بەستراوە. راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەو چاكسازییەی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێری دارایدا كراوە بڕی (13 ملیۆن‌و 907 هەزار) دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی.  تەنیا خەرجی موچەی دیوانی چاودێری دارایی مانگانە بڕەكەی (749ملیۆن) دینارە. دەستەی نەزاهە لە راپۆرتی چاكسازیدا بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی لیژنەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی: •    دەستەی دەستپاكی كە دەستەیەكی سەربە پەرلەمانی كوردستانە (202)  فەرمانبەری هەیە، وردبینی بە دۆسیەی هەموو فەرمانبەرانی ئەم دەستەیەدا كۆتایی هاتووە‌و دەركەوتووە (11) فەرمانبەر بەدەر لە یاسا پلەی وەزیفییان  پێدراوە‌و (7) فەرمانبەر بەدەر لەیاسا سەرەموچەیان بۆ بەستراوە.  راپۆرتەكە باسلەوە دەكات، بەهۆی ئەو چاكسازییانەی لەدۆسیەی فەرمانبەرانی دەستەی دەستپاكیدا كراوە بڕی (3 ملیۆن‌و 137 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی.  تەنیا خەرجی موچەی فەرمانبەران لە دەستەی دەستپاكی مانگانە بڕەكەی (267 ملیۆن) دینارە.  بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەو فەرمانبەرانەی بەدەر لە یاسا پلەی وەزیفیان پێدراوە پێشتر لە 2014 لە رێكخراوەكان بوون و لەوێ گواستراونەتەوە بۆ ئەو دوو دامەزراوەیە.  دەرەنجام:  بەهۆی ئەو وردبینییەی لە دۆسیەی فەرمانبەرانی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی نەزاهەدا كراوە، بڕی (17 ملیۆن‌و 44 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی. 


درەو: ئامادەكردنی: ئیسماعیل عەبدوڵا   لە دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا لە ٨ی ٤ی ٢٠٢٢دا پێنج پاکێجی سزادانی بەسەر رووسیادا سەپاند. لەوکاتەوەی کە جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە یەکێتی ئەوروپا کۆمەڵێك سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە کە سنوورداری گواستنەوە و هاتووچۆی پارەکانی رووسیا لە بانکەکانی ئەوروپا و گواستنەوەی کاڵاکانی رووسیا دەکەن، سزایەکان بانکەکان، کۆمپانیایەکان، کەسایەتییە دیارەکان، وەرزشوانان، فیلم سازان و بازرگانەکانی رووسیاشی گرتەوە. وە یەکێتی ئەوروپا لە ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ پاکێجی شەشەمی سزایەکانی بەسەر رووسیادا سەپاند، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی پاکێجی شەشەمی سزایەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا درەنگ کەوتن، تەنانەت بەر لە پاکێجی شەشەمی سزایەکان گواستنەوەی وزە بە ڕێگەی ئۆکرانیاوە هیچ گۆڕانکاریێکی بەرچاوی بە خۆیەوە نەبینی و گواستنەوەی گاز وەکو ڕۆژانی بەر لە جەنگ ئاسایی بوو؟ "ڕێوشوێن و سزایەکان دەبێت لە داهاتوودا نەوت و تەنانەت گازی سرووشتیش بگرنەوە، جا چ زووتر بێت وە یانیش درەنگتر!" چارلس میشێڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا وێنەی یەکەم: هێڵی بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە و غازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا بەپێی ئامارێکی یۆرۆستات لە ساڵی ٢٠٢٠دا یەکێتی ئەوروپا ٢٤٪، واتا نزیکەی چارەگێکی وزەکەی لە گاز بەرهەم دەهێنێت، وە بە نزیکەیی نیوەی بڕی گازەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکات، کە رووسیا گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری گازە لە جیهاندا، وە ئەو گواستنەوەی گازە لە ڕێگەی شەش بۆڕی هێڵی سەرەکی گواستنەوەی وزەیە لە رووسیا بۆ ئەوروپا، کە چوار بۆڕیان بە خاکی ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبن کە یەکێك لەو بۆڕیانە بەسەر خاکی کازاخستانیشدا تێپەڕ دەبێت، وە بۆڕیێكی تر بە دەریای ڕەش و بۆڕیێکی تریش بە دەریای بەلتیقدا. ئەڵمانیا وەکو خاوەن بەهێزترین ئابووری ئەوروپا زۆرترین پشکی ئەو هاوردەکردنەی بەردەکەوێت، لەوکاتەوەی کە جەنگی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە ئەڵمانیا بە نزیکەیی ڕۆژانە ٢٢٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە رووسیا لە بەرامبەر هەناردەکردنی گاز بۆ ئەڵمانیا. ئەڵمانیا ئەو ڕێژە زۆرەی گاز بۆچی بەکاردەهێنێت؟ ئەڵمانیا گاز بۆ گەرم کردنەوەی نزیکەی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن ماڵ بەکاردەهێنێت، وە بۆ بەگەڕخستنی بەشێکی گەورەی پیشەسازی وڵاتەکەی وە حکومەتەکەی بەرلین تاوەکو پاکێجی شەشەمی سزایەکانی لە دژی هەر سزایێك وەستاوەتەوە کە گواستنەوەی گاز بۆ ئەوروپا لە نێوانیاندا بە تایبەتی ئەڵمانیا سنووردار بکات. "ناکرێت، کە سەرچاوەکانی گواستنەوەی گاز سنووردار بکرێن." کریستیان لیندەر، وەزیری دارایی ئەڵمانیا بێ گومانە ئەمانە گشتی لە بەرژەوەندی رووسیا و کۆمپانیایەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی رووسیا بوون، وە بە هەمان شێوە لە بەرژەوەندی هێرشی رووسیا بوون بۆ سەر ئۆکرانیا. بۆچی ئەڵمانیا زۆر پشتی بەستووە بە گازی رووسیا وەکو سەرچاوەیێکی گرینگ لە کاتێکدا ئەڵمانیا لە ماوەی ڕابردوودا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا بووە، کە سوودی لە سەرچاوە نوێیەکانی وزە وەردەگرت؟ بۆچی ئەڵمانیا ناتوانێت دەستبەرداری گازی رووسیا ببێت؟ باکگراوندێکی مێژوویی ئەڵمانیا ڕاستەخۆ کەوتبوویە نێوەندی جەنگی ساردەوە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم سنوورێکی پتەو ئەڵمانیای ڕۆژئاوای لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و وڵاتەکانی تری پەیوەست بە یەکێتی سۆڤیەتەوە جیاکردەوە. جەنگی جیهانی دووەم وێرانکاریێکی گەورەی دووچاری ئەڵمانیا کردەوە، بەڵام لە پەنجایەکانی سەدەی ڕابردوو ئەڵمانیای ڕۆژئاوا خاڵێکی وەرچەرخانی گرینگی لە گەشەسەندنی ئابووری بە خۆیەوە بینی، پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا وەکو پیشەسازی ئاسن بە شێوەیێکی بەرچاو گەشەیسەند، بەڵام پیشەسازییەکانیان پێویستی بە وزەی زیاتر بوو بۆ وەگەڕخستنیان، ئەو گەشەسەندنە ئابوورییەی ئەڵمانیا هاوکات بوو لەگەڵ دۆزینەوەی یەدەگێکی گەورەی گازی سرووشتی لە ڕۆژئاوای سیبیریا لە لایەن یەکێتی سۆڤییەت، یەکێتی سۆڤییەت کۆمەڵێك هێڵی بۆڕی دامەزراند بۆ دابینکردنی وزە بۆ شارە گەورەکانی، بەڵام لە هەمان کاتدا درێژکردنەوەی ئەو بۆڕیانە بۆ پڕکردنەوەی وزەی وڵاتانی ئەوروپا کاریگەریێکی گەورەی دەکردە سەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری یەکێتی سۆڤییەت. لە ساڵی ١٩٦٩ کاتێك ئەڵمانیای ڕۆژئاوا ڕاوێژکارێکی نوێی بە ناوی ویڵی برادنت هەڵبژارد کە سیاسەتێکی نوێی بە ناوی ئۆستپۆلیتیك پەیڕەو کرد، کە جەختی لەسەر نزیك کردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا دەکردەوە لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێککەوتنەوە. بواری وزە هەلێکی گەورەی رەخساند کە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و یەکێتی سۆڤییەت بگەن بە ڕێککەوتنێك، بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان یەکێتی سۆڤییەت پێداویستی وزەی ئەڵمانیای ڕۆژئاوای پڕدەکردەوە، وە لە بەرامبەردا ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بۆڕیە لوولەی ئاسنی کوالێتی بەرزی بۆ یەکێتی سۆڤییەت بەرهەم دەهێنا، هەتاوەکو بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە درێژ بکاتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی تر، ئەو ڕێککەوتنەی نێوانیان نزیکەی ٢٠ ساڵی خایاند. بۆ تێگەییشتن لەوەی کە چۆن ئەڵمانیا ناچاری ئەو ڕێککەوتنە بوو، پێویستە لەوە تێبگەین کە چی وادەکات گازی سرووشتی گوازراوە لە ڕێگەی بۆڕییەوە جیاواز بێت لە سەرچاوەکانی تری وزە بۆ ئەڵمانیا؟ گازی سرووشتی لەگەڵ نەوت و خەڵووز سێ لە سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوەی بەبەردبوو)ە سەرەکییەکانن کە لە جیهاندا بەکاردەهێندرێن، بەڵام بە پێچەوانەی خەڵووز و نەوتەوە کە دەکرێن لە ڕێگەی کەشتیەوە وە یانیش لە ڕێگەی ترەوە بگوازرێنەوە، گازی سرووشتی لە ڕێگەی بۆڕییەوە سەرچاوەیێکی وزەیە کە بەستراوە بە نزیکی جوگرافییەوە، بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی کۆمپانیایەکانی وەبەرهێنان بە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکەن بۆ درووستکردنی بۆڕی گواستنەوە لە نێوان کڕیار و فرۆشیارەکانیانەوە، چونکە ئەو هێڵە بۆڕیانە بۆ ماوەیێکی زۆر دەمێننەوە و ڕێگایێکی پارێزراون بۆ گواستنەوەی وزە کە دەتوانن بۆ چەندین دەیە بمێننەوە. لە هەشتایەکانی سەدەی ڕابڕدوودا یەکێتی سۆڤییەت ئەو هێڵە بۆڕییانەی گواستنەوەی وزەی بۆ ئەوروپا درێژ کردەوە، وە لە دەیەی کۆتایی سەدەی بیستدا ڕێژەی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە یەکێتی سۆڤییەتەوە بۆ رووسیا گەییشتە ٤٢٪، وە لە دوای ئەوەش یەکێتی سۆڤییەت ڕووخا و رووسیا شوێنی گرتەوە. وێنەی دووەم: هێڵی بۆڕییەکانی گواستنەوەی وزە و گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا، کە بە خاکی ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبن سەرچاوەی ئینفۆگرافیکەکە: پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ توێژینەوەکانی وزە کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی، کە حکومەتەکەی مۆسکۆ خاوەنداریەتی دەکات دەستی بەسەر هێڵە بۆڕییە گازییەکانی سۆڤییەتی پێشوودا گرت، بەڵام نەخشەی رووسیا جارێکی تر گۆڕانکاری بەسەردا هاتەوە، کاتێك ئۆکرانیا سەربەخۆیی خۆی لە رووسیا ڕاگەیاند، لەوکاتەوە وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکرد چوار هێڵی سەرەکی بۆڕی گواستنەوەی وزە لە رووسیاوە بۆ ئەوروپا بە ئۆکرانیاوە تێپەڕ دەبن، بەمەش بەشێکی سەرەکی سەرچاوەی ئابووری گازی رووسیا بەستراوە بە ڕێگای ئۆکرانیا، کە چیتر لە ژێر دەسەڵاتی مۆسکۆدا نییە، بۆیە لە ئەنجامدا لە پێناوی زیادکردنی ڕێگایەکانی گواستنەوەی گاز بۆ ئەڵمانیا، رووسیا دەستی بە بونیادنانی هێڵی بۆڕیێکی نوێ کرد، لەو پرۆسەیەدا و لە ساڵی ١٩٩٩ پڕۆژەی هێڵی بۆڕیێکی نوێ کە بە خاکی بێلارووسیادا تێپەڕ دەبوو کۆتایی هات، وە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستیان بە پڕۆژەی بونیادنانی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم کرد، کە لە پێشتردا ئاماژەم پێکرد بە دەریای بەلتیقدا تێپەڕ دەبێت لە پێناو گەییشتن بە ئەڵمانیا ڕاستەخۆ، نەوەك یەکەم جار بە خاکی وڵاتانی تردا تێپەڕ ببێت، وە جیا لەمەش هێڵی بۆڕی گواستنەوەی وزەیان لە نێوخۆی ئەڵمانیادا بونیادنا وەکو ڕێگایێك بۆ ڕێگا خۆشکردن بۆ گواستنەوەی وزەی گوازراوە لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا و ڕێگایەکانی پاشەکەوتکردنی وزە و گازی سرووشتی، کە لە نێویاندا کۆگای گازی سرووشتی ئاستۆرا لە شاری رێهدنی باکووری ئەڵمانیا کە یەکێکە لە گەورەترین کۆگایەکانی گازی سرووشتی لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بە توانای کارکردنی نزیکەی چوار ملیار سێ جا لەسەر ڕووبەرێك بە قووڵایی ٨ کیلۆمەتر چوار گۆشە، بەمەش لەوکاتەدا رووسیا بە ڕێگای ئۆکرانیاشەوە سێ هێڵی بۆڕی گواستنەوەی وزەی بۆ ئەڵمانیا هەبوو. پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتەکانی تری ئەوروپا بازرگانی گازی سرووشتی لە نێوان ئەڵمانیا و رووسیا بەهێز بوو، بەڵام ئەمە تەنها کاریگەری نەکردە سەر لایەنی ئابووری، بەڵکو لە هەمان کاتدا گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەوروپاشدا هێنا. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٨،  ڕێککەوتنەکان سەبارەت بە نرخی غاز لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا تەگەرەی تێکەوت، بەمەش تەنها لە چەند ڕۆژی دواتردا رووسیا هەناردەکردنی غازی لە ڕێگەی هێڵە بۆڕییەکانی خاکی ئۆکرانیاوە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بڕی، وە بە هۆی ئەوەی هێڵی بۆڕییەکانی خاکی ئۆکرانیا گوێزەرەوەی سەرەکی گواستنەوەی وزە بوون بۆ ئەوروپا، ئەو بڕینە بۆشایێکی گەورەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی گازی سرووشتی زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا درووست کرد. بە دەیان هەزار ماڵ گازی سرووشتیان بۆ گەرم کردنەوەی خانووەکانیان لە دەستدا، بەپێی راپۆرتێکی ڕاگەیاندنی گاردیانی بەریتانی لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ بەهۆی خۆدزینەوە لە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی هاوردەکردنی گاز لەگەڵ رووسیا ١١ کەس بەهۆی رەق بوونەوە لە سەرما لە پۆڵەندا مردن. هەموو ئەمانە ئەوروپای خستە ئامادە باشییەوە. ڕوون بوو کە رووسیا لە ڕێگەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا هێز و کاریگەریێکی گەورەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپادا هەبوو، بەڵام هەر لەوکاتەدا پڕۆژەیێکی تری هێڵی گواستنەوەی وزە ڕاگەیاندرا بە ناوی نۆرد ستریم ٢ بە گوژمەی ١١ ملیار دۆلار و بە درێژایی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ١، لە پێناوی دوو هێندە کردنی گواستنەوەی غاز بۆ ئەڵمانیا. لە دواتردا و لە ساڵی ٢٠١٤ رووسیا نیمچە دوورگەی کریمیای بە سنوورەکانی لکاند و خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاشی داگیر کرد. لە وەڵامی فراوانخوازی و داگیرکارییەکانی رووسیا یەکێتی ئەوروپا زنجیرەیێك لە سزای بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، کە کار گەییشتە ئەوەی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا بیر لە بنەبڕکردنی هەناردەکردنی گاز لە رووسیاوە بۆ وڵاتەکانیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو سزا و هەوڵانە نەبوونە هۆی نەهێشتن وە یانیش کەم کردنەوەی هەناردەکردنی گاز لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەڵمانیا بەردەوام بوو لە هاوردەکردنی گاز تەنانەت ڕێژەکەی لە جاران بەرەو زیاتر بوون دەچوو. لەم ڕۆژانەی ئەمڕۆدا و لە کاتی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەو کارەساتانەی کە سوپای رووسیا لەوێ دەیخوڵقێنێت و هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، فشارەکانی سەر ئەڵمانیا لە زیادبووندان بۆ کەم کردنەوەی بڕی هاوردەکراوی غازی سرووشتی لە رووسیا، بەڵام بەپێی ئامارێکی (ئەوەر وێرلد ئین دەیتا)، کە بڵاوکراوەیێکی زانستییە تایبەت بە توێژینەوە و داتا، لە ساڵی ٢٠٢٠ بڕی خەملێندراوی بەکاربردنی گازی هاوردەکراوی رووسیا لە لایەن ئەڵمانیاوە بە ٢٦٪ دەخەملێنێت، بەمەش شوێنگرەوەی گازی رووسیا ئاسان نابێت چ بۆ ئەڵمانیا و چ بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا، چونکە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە کە هێڵی بۆڕییەکانی رووسیا بەستراون بە ماڵ و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا، بەمەش بەبێ گۆڕانکاریێکی گەورە لە ژێرخانی ئابووری ئەوروپا، پێداویستییەکانی گازی سرووشتی ئەوروپا تەنها دەبێت لە ڕێگەی گازی سرووشتی وڵاتانی تری دەرەوەی ئەوروپاوە شوێنی بگیرێتەوە، وە هەڵبژاردەکانی بەردەم ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا سنووردارن، ئەمە لە کاتێکدایە کە گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتی ئەوروپا لە هۆڵەندایە. لە کاتی گەڕان بۆ شوێنگرەوەی گازی سرووشتی رووسیا، هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە جەزائیر و لیبیا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە ڕووی لە زیادبوونە کە پشکێکی زۆری ئەو هاوردەکردنەش بەر هەر دوو وڵاتی ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەکەوێت، وە هێڵی بۆڕی ڕێڕەوی گازی باشوور، کە ئازەربایجان بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و بەسەر خاکی هەر یەکێك لە وڵاتانی جیۆرجیا، تورکیا، یۆنان ئەلبانیا و ئیتاڵیادا تێپەڕ دەبێت. ڕێڕەوی هێڵی بۆڕی گازی باشوور پڕۆژەیێکی کۆمسیۆنی ئەوروپا بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پێشنیار کرا بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەرچاوەی گازی سرووشتی لە وڵاتانی سەر دەریای قەزوین و ناوچەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوروپا، کە ئامانجی سەرەکی ئەو پڕۆژەیە کەم کردنەوەی پشتبەستنی وڵاتانی ئەوروپا بوو بە گازی رووسیا و هەمە جۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، بەڵام ئەو هێڵی بۆڕییەش لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوو. گشت ئەو ڕێگایانەی، کە وڵاتانی ئەوروپا گرتیانە بەر بۆ کەم کردنەوەی پشتبەستن بە گازی سرووشتی رووسیا کاریگەریێکی دیار و بەرچاوی نەکردە سەر سەرچاوەکانی وزەی ئەوروپا و لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوون. بژاردەیێکی تری بەردەم ئەوروپا (گازی سرووشتی شلەکراو) بوو، کە هەمان گازی سرووشتییە بەڵام گەرم دەکرێت هەتاوەکو دەچێتە دۆخی شلی، بەڵام هەندێك جار ‌گازەكە خۆی لەدۆخی شلی دایه ‌و بە تەنها كەمێك پەستان دەبێت بە ‌گازی شل، هەر وەكو (غازی پێترۆلیۆمی شلەکراو)، کە ئەویش پێی دەوترێت گازی شل كە پێكهاتەكەی لە پرۆپان و بیوتان پێكدێت، زیاتر لە ‌غازی ماڵان و ئۆتۆمبێل بەكار دێت، وە هەر دوو جۆر لە گازە شلەکراوەکە لە دواییدا لە رێگەی ئاوی و کەشتی گەورەی تایبەتەوە دەگوازرێنەوە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا، ئەو وڵاتانەی لەو شێوەیەی گاز زیاتر سوود وەردەگرن بریتین لە وڵاتانی سەر دەریا، هەر وەكو وڵاتانی باشوری ئەوروپا و باشووری ئاسیا، بەڵام لە دەرئەنجامدا ئەم ڕێگایەش ڕێگایێکی شوێنگرەوەی درێژ خایەن و  تێچوویێکی زۆری گواستنەوەی گازە شلەکراوەکەیە لە ڕێگەی دەریاوە و کەشتییە گەورە و تایبەتەکانەوە، پێویستی بە زۆرێك لە ژێرخانی ئابووری، تەکنەلۆژی، تەکنیکی و کارگێڕی نوێ هەیە. لەم دوو دەیەی ڕابردوودا وڵاتانی ئەوروپا کۆمەڵێك وێستگەی گازی شلیان بە درێژایی کەناراوەکانیان بونیادنا، ئەڵمانیا پلانی وایە کە لە ٥ ساڵی داهاتوودا سێ وێستگەی بکاتەوە، بەڵام هەتاوەکو ئەم ڕۆژانەی ئەمڕۆ ئەڵمانیا هیچ وێستگەیێکی گازی شلی لە کەناراوەکانیدا نییە. شوێنگرتنەوەی گازی سرووشتی و سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوە بەبەردبووەکان)ی تر بە سەرچاوە نوێیەکانی وزە ئامانجی کۆتایی ئەڵمانیایە. بەپێی پڕۆژەیێکی وەزارەتی ئابووری و کەشوهەوای حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا، ئەڵمانیا لە پلانی دایە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٥ گشت سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی وزەی کارەبا لە سووتەمەنییە فۆسل(پاشماوەی بەبەردبووەکان)ی وەکو گازی سرووشتی و نەوت و خەڵووز بگۆڕێت بۆ سەرچاوە نوێیەکانی وزە وەکو تیشکی خۆر، با، باران، هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی دەریا، شەپۆڵەکانی دەریا و گەرمی ناخی زەوی، بەڵام بێ گومان ئەمە گۆڕانکارێکی گەورە دەبێت بە تێچوونێکی دارایی زۆرەوە، کە ئەستەمە هەتاوەکو ساڵی ٢٠٣٥ تەواو ببێت. لە هەمان ئەوکاتانەدا ئەڵمانەکان لە ماڵەکانیاندا هەڵوێست دەنوێنن و داوای دەستبەجێ کاردانەوەی ئەڵمانیا دەکەن لە بەرامبەر فراوانخوازی و داگیرکارییەکانی رووسیا، بەپێی سەرژمێریێکی (زێد دی ئێف)، زۆرینەی ئەڵمانەکان کە ٥٥٪ی سەرژمێرییکە پێکدەهێنن پاڵپشتی لە بایکۆتی غازی رووسیا لە لایەن وڵاتەکەیان دەکەن، ٣٩٪ لە دژی بایکۆتن و لە ٦٪یش هیچ هەبژاردەیێکیان هەڵنەبژاردووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەپێی پێشبینی ئابووریناسان بڕینی هاوردەکردنی گازی سرووشتی لە رووسیاوە کۆمەڵێك دەرئەنجامی خراپی ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەپێی پێشبینی فیلیپ ئۆڵتێرمان لە ڕاگەیاندنی گاردیانی بەریتانی قەدەغەکردنی گازی رووسیا لە لایەن ئەڵمانیاوە دەبێتە هۆکاری پووکانەوەی ئابووری ئەڵمانیا کە بوندسبانك(بانکی فیدراڵی ئەڵمانی) هۆشداری پێش وەختەی داوە، وە کریستۆفەر ف. شوتزێ لە ڕاگەیاندنی نیویۆرك تایمس ئاماژە بەوە دەکات، کە بەرپرسەکانی ئەڵمانیا بەردەوام هۆشداری دەدەن لەوەی هەر جۆرە بایکۆتێك بۆ سەر وزە هاوردەکراوەکانی رووسیا ’بە سەدان هەزار هەلی کار دەخاتە مەترسییەوە.‘ بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەڵمانیا هەندێك هەنگاوی ناوە بۆ کەم کردنەوەی هاوردەکردنەکە. "هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ٢ ناکرێت لە ئێستادا مۆڵەتی پێبدرێت، وە بەبێ ئەو مۆڵەت پێدانە ناکرێت لە ئێستادا بخرێتە کار." ئۆلاف شۆلتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پڕۆژەی هێڵی بۆڕی نۆرد ستریم ٢ وەستێندرا، وە لە هەمان کاتدا نزیکەی ١٥٪ی پشتبەستن بە گازی رووسیا کەم کرایەوە، وە دەستیان بەسەر سەرپەرشتی لقێکی کۆمپانیای گازپرۆمی  رووسی داگرت، کە سەرپەرشتی گواستنەوەی غازی سرووشتی لە ئەڵمانیا دەکرد، بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانەش بەرپرسەکانی حکومەتی ئەڵمانی و بازرگانەکان بەردەوام بوون لە وەستانەوە لە دژی هەر سزایێك، کە هاوردەکردنی گازی سرووشی لە رووسیاوە بە تەواوی قەدەغە بکەن. پاکێجی شەشەمی سزایەکان لووتکەی یەکێتی ئەوروپا لە ٣١ی ٥ی ٢٠٢٢ بڕیاریدا، کە لە پاکێجی شەشەمی سزایەکانیدا گەمارۆ بخاتە سەر وزە و گازی سرووشتی و نەوتی رووسیا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی هەندێک لە وڵاتانی ئەندام سزایەکان بۆ ماوەیێکی کاتی نەوتی خاو ناگرنەوە، کە هەموو ئەمانەش بوونە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. ڕەشنووسی پاکێجەکە بە گوێرەی ڕەشنووسەکە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا نەیانتوانیوە بە زۆرینەی دەنگ لەسەر تەواوی وردەکارییەکان سەبارەت بە سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا بەسەر وزە و گازی سرووشتی و نەوتی رووسیا هاوڕابن. بەپێی ڕەشنووسەکە "ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا هاوڕایە، کە پاکێجی شەشەمی سزاکان لە دژی رووسیا نەوتی خاو و بەرهەمە پێترۆلیۆمەکانی تر، کە لە رووسیاوە هەناردەی وڵاتانی ئەندام دەکرێت دەگرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی ئەو نەوتە خاوەی کە لە ڕێگەی هێڵی بۆڕییەکانەوە هاوردە دەکرێت ناگرێتەوە." هەر بەپێی ڕەشنووسەکە "ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا داوا لە ئەنجوومەن دەکات کە پاکێجی سزایەکە بەبێ دواخستن جێبەجێ بکرێت، وە بە دڵنیاییشەوە زەمینە بۆ کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و گۆڕەپانێکی هاو ئاست لە ئاستی بازاڕی یەکێتی ئەوروپا برەخسێندرێت و هاوسۆزیش لە نێو وڵاتانی ئەندامدا هەبێت بۆ دۆخێك کە پچڕانی لە ناکاوی خستنەڕوو ڕووبدات." وە لە ڕەشنووسەکەشدا هاتووە، کە ئەو جیاکارییەی کە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هێڵی بۆڕییەوە هەژمار کراوە پێویستە، کە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. وڵاتانی ئەوروپا ڕێککەوتوون، کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بە ڕێژەی ٩٠٪ نەوتی هاوردەکراوی رووسیا کەم بکەنەوە، کە ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا و بەرزبوونەوەی ڕێژەیێکی بەرچاوی نرخی نەوتی لە جیهاندا. سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەندێك لە شیککەرەوانی بواری نەوت پێشبینیان کردووە، کە لە ماوەیێکی کورتدا نرخەکانی نەوت هێندە بە خێرایی بەرز نابنەوە. ستێڤن ئێنەس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێس پی ئای ئەسێت دەڵێت، کە بازاڕی نەوت پێش وەختە پێشبینی رێککەوتنی سەرکردەکانی ئەوروپای سەبارەت کەم کردنەوەی ڕێژەی هاوردەکراوی نەوتی رووسیا کردووە و نرخەکانیش لە پێشینەدا کاردانەوەیان هەبووە و بەرز بوونەتەوە، بۆیە لە ماوەیێکی کورتدا نرخەکان بە شێوەیێکی بەرچاو بەرز نابنەوە. سەرچاوەکان German-Russian Gas Relations: A Special Relationship in Troubled Waters, Aurélie Bros, Tatiana Mitrova, and Kirsten Westphal, SWP Research Paper Stiftung Wissenschaft und Politik German Institute for International  and Security Affairs, December 2017, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www.swp-berlin.org/publications/products/research_papers/2017RP13_wep_EtAl.pdf. The Russo-Ukrainian gas dispute of a comprehensive assessment, Simon Pirani, Jonathan Stern and Katja Yafimava, Oxford Institute for Energy Studies, February 2009, chrome-extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://www.oxfordenergy.org/wpcms/wp-content/uploads/2010/11/NG27-TheRussoUkrainianGasDisputeofJanuary2009AComprehensiveAssessment-JonathanSternSimonPiraniKatjaYafimava-2009.pdf. Sanctions adopted following Russia’s military aggression against Ukraine, Timeline: measures adopted in 2022, European Commision: An official European Union website, https://ec.europa.eu/info/business-economy-euro/banking-and-finance/international-relations/restrictive-measures-sanctions/sanctions-adopted-following-russias-military-aggression-against-ukraine_en. Reliance on Russian Fossil Fuels Data Explorer, IEA (2022), Paris, https://www.iea.org/reports/reliance-on-russian-fossil-fuels-data-explorer. Europe Beyond Coal, Eu member state spending on Russian fossil fuels, How many millions (M) of euros from the EU has been spent on Russian coal, oil, and gas since the war on Ukraine began on 24 February?, According to UN Comtrade trade data (2019 data is shown when 2021 is not yet available. Data for 2020 is not representative due to the impact of COVID-19), https://beyond-coal.eu/russian-fossil-fuel-tracker/. Why pipelines persist amid geopolitical turmoil, In a new book, Thane Gustafson analyses the Russia–Europe gas trade, By Andrew Moravcsik, Science in culture, Books & arts,  02 December 2019, Correction 27 January 2020, https://www.nature.com/articles/d41586-019-03694-y. Russian Energy Chains: The Remaking of Technopolitics From Siberia to Ukraine to the European Union, By Margarita M. Balmaceda, Columbia University Press, 2021, 440 pp, Reviewed by Maria Lipman, November 2021, https://www.foreignaffairs.com/reviews/capsule-review/2021-10-19/russian-energy-chains-remaking-technopolitics-siberia-ukraine. Why Germany is hooked on Russian gas: How Germany got stuck paying for Russia’s war, By Christina Thornell, Vox.com news website, May 18, 2022, 5:20pm EDT, https://www.vox.com/2022/5/18/23125845/germany-eu-natural-gas-russia-dependency. Red Gas: Russia and the Origins of European Energy Dependence(Transnational History Series), by Per Högselius, Palgrave Macmillan, Palgrave Macmillan, 2013th edition (December 28, 2012), https://www.amazon.com/Red-Gas-Dependence-Macmillan-Transnational/dp/1137293713. The Gas Pipelines Linking Russia and Europe, by  Katharina Buchholz, Statista – Energy - Russian natural gas industry, Feb 3, 2022, https://www.statista.com/chart/amp/26769/russian-european-gas-pipelines-map/. From Pipelines to Ports, These Are Ukraine’s Key Commodity Sites, ByAine Quinn, Elena Mazneva, and Megan Durisin, Bloomberg – Middle East Edition, The Oxford Institute for Energy Studies, February 24, 2022, 9:55 AM GMT+3Updated onFebruary 25, 2022, 4:57 PM GMT+3, https://www.bloomberg.com/news/articles/2022-02-24/from-pipelines-to-ports-these-are-ukraine-s-key-commodity-sites. EXCLUSIVE Germany begins filling Rehden gas storage site, By Vera Eckert, Christoph Steitz and Tom Käckenhoff, Reuters, May 12, 2022, 1:43 PM GMT+3, https://www.reuters.com/business/energy/exclusive-gazprom-germania-trustee-says-rehden-gas-storage-unit-is-being-filled-2022-05-05/. Ban on Russian oil and gas imports will be needed at some point-EU's Michel, Reporting by Jan Strupczewski and Benoit Van Overstraeten, Reuters, April 6, 2022, 10:26 AM GMT+3, https://www.reuters.com/world/europe/ban-russian-oil-gas-imports-will-be-needed-some-point-eus-michel-2022-04-06/. The eighth Ministerial Meeting of the Southern Gas Corridor Advisory Council, Energy, Baku, European Commision: An official European Union website, 4 February 2022, https://ec.europa.eu/info/news/eighth-ministerial-meeting-southern-gas-corridor-advisory-council-2022-feb-04_en. Liquefied Natural Gas, The Editors of Encyclopaedia Britannica, 11 Aug. 2021, https://www.britannica.com/science/liquefied-natural-gas. Accessed 17 June 2022. EU sanctions against Russia explained, European Commision: An official European Union website, Policies, How and when the EU adopts sanctions, EU restrictive mesures against Russia over Ukraine,  8 June 2022, https://www.consilium.europa.eu/en/policies/sanctions/restrictive-measures-against-russia-over-ukraine/sanctions-against-russia-explained/.    


درەو: عەدنان ئەحمەد/ لە ژمارە (8)ی گۆڤاری ئاییندەناسی-یەوە وەرگیراوە     بەرایی جیهان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا هەنگاوێکی گەورەی نا، ئەویش پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو. هەر چەندە درۆنەکان مێژوویەکی کۆنتریان هەیە، بەڵام هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی بیست سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە جیهانی درۆنەکاندا، ئیتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوون بە چەکی یەکلاکردنەوەی جەنگ و پێکدادانە گەورەکان، سوپاکان بەبێ ئەوەی سەربازەکانیان بنێرنە بەرەکانی جەنگ، توانییان جەنگەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن. جیهانی هەنووکە لە قۆناغی چوارەمی شۆڕشی پیشەسازیدایە، پێشکەوتنەکان لە هەر کاتێک خێراترن و گۆڕانکارییەکانیش وردترن. پیشەسازیی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان یەکێکن لە پێشکەوتنەکانی ئەم قۆناغە. تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە لە پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان قۆناغی گەورە و وردی بڕیوە، لەم بوارەشدا هەوڵی داوە لە ئاستی جیهاندا کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان بکات و دەرەئەنجامەکانیش دەریدەخەن کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا پێش دراوسێکانی کەوتووە، بەتایبەت ئێران و لە ئێستاشدا دەیەوێت شان لە شانی ئیسرائیل بدات، لە کاتێکدا تا ١٥ ساڵ لەمەوپێش پشتی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەم وڵاتە دەبەست. تورکیا کە ئامانجی ئەوەیە پارێزگاری لە هەژموون و پێگە سەربازییەکەی بکات و ببێت بە هێزی تاک و تەنیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە لە پێشخستنی درۆنەکانی و جگە لەوەی بووە بە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات، پێگەکەی بەهێزتر و تواناکانی فراوانتر کردووە. بەپێی دەرئەنجامەکان، تورکیا (جگە لە ئیسرائیل) لە هەموو وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە زیاتر توانیویەتی لەگەڵ شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا هەنگاو بنێت و دوا نەکەوێت. ئەگەر هیچ ڕێگرییەکی گەورە و گەمارۆیەکی قورس ڕووبەڕووی ئەنقەرە نەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت تا چەند ساڵی داهاتوو تورکیا وەک پێشەنگی بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بمێنێتەوە. سەرهەڵدانی درۆنەکان یەکەم هێرشی درۆن كە لە جیهاندا تۆمار کرابێت ساڵی ١٨٤٩ بووە، لەم ساڵەدا ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا تەقەمەنیی لە باڵۆنە هەواییەکان دەبەست و بەسەر شاری ڤینیسیادا بەری دەدانەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە و باڵۆن بەکار هێنراوە، بەڵام بە یەکەم هێرشی درۆن دادەنرێت لە مێژوودا. بە هۆی ئەوەی باڵۆنەکان کۆنترۆڵنەکراو بوون و وزەی با کاریگەریی لەسەر ئاراستەکەیان هەبووە، ژمارەیەکی زۆریان ئامانجەکانیان نەدەپێکا. لە ساڵی ١٨٩٩دا لە “کۆنفڕانسی ئاشتیی لاهای”، بۆردوومانکردن بە باڵۆن بە نایاسایی دانرا، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا بە ڕێگای دیکە بۆردوومان بەردەوامیی پێ درا کە بەشێکە لە مێژووی درۆنەکان. لە ساڵانی دواتردا ئەمەریکا بە هەلیکۆپتەر مووشەکی ئاراستەی کەشتییەکانی سوپای ڕووسیا دەکرد و دواتریش و لە جەنگی ڤێتنامدا دەست كرا بە تاقیکردنەوەی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٠)شەوە قۆناغێکی نوێ لە جیهانی درۆنەکاندا دەستی پێ کرد و پێشکەوتنێکی تەکنۆلۆجیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی(1). یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی درۆنەکان و گەشەپێدانیان، ئەوە بوو کە سوپاکانی جیهان لە شەڕەکاندا و بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیانەوە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەوانیان لەدەست دەدا، ئەم مەترسییە بە هۆی دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە ڕەوییەوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن کەسێکەوە و لە شوێنێکی پارێزراوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ژیانی فڕۆکەوان لە مەترسیدا نییە، هەر کەوتنەخوارەوەیەکی فڕۆکەکەش هیچ زیانێک بە کەسی کۆنترۆڵکار ناگەیەنێت. مانەوەی درۆنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسماندا، یەکێکی دیکەیە لە سوودە هەرە گەورە و بەرچاوەکان، چونکە فڕۆکە ئاساییەکان ناتوانن ماوەیەکی درێژ لە ئاسماندا بمێننەوە. بەشێک لە درۆنە زۆر پێشکەوتووەکان دەتوانن خۆیان بفڕن و بشگەڕێنەوە فڕۆکەخانە و بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ بنیشنەوە، بۆیە لە کاتی پچڕانی پەیوەندیی ناوەندی کۆنترۆڵکردن لەگەڵ درۆنەکەدا، هیچ مەترسییەک لەسەر کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە دروست نابێت(2). دوو جۆری سەرەکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە: فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئاساییەکان: کە لە چەندین بواری وەک چاودێریکردن، دۆزینەوە و ئاشکراکردن، گواستنەوەی تایبەت، ڤیدیۆ، دەرمانکردنی کشتوکاڵی و چەندین بواری دیکەی مەدەنی. فڕۆکە شەڕکەرە بێفڕۆکەوانەکان: لە جەنگەکان و بۆ هێرش و پێکانی ئامانجەکان بەکار دەهێنرێن(3). لە بارووتەوە بۆ درۆن ئەو کاتەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی ڕووخا و دەوڵەتی کۆماریی تورکیا دروست بوو، وڵاتێکی تێكشكاو بوو كە پێویست بوو سەرلەنوێ خۆی بونیاد بنێتەوە. سەرجەم كەرتەكانی وڵات لە قەیراندا بوو و لە بواری پیشەسازیی جەنگی و چەک بەخاوی هەنگاوی دەنا. کۆماری تورکیا تاکوو کۆتایی سەدەی بیستەم پشتی بە وڵاتانی دیکە دەبەست، بەڵام لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، تورکیا دەستی بە پێشخستنی بواری چەک کرد و بناغەکانی پیشەسازیی چەکی ناوخۆیی دانا. یەکەم هەنگاوی تورکیا بۆ پێشخستنی بواری چەک، گرنگیدان بوو بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەبەر ئەوەی سەرەتا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکڕی؛ هەنگاوەکانی خاو بوون، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکان لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە، ئیتر تورکیا هەنگاوەکانی خێراتر و هەوڵەکانی فراوانتر کرد. لەگەڵ ئەوەی  گەشەدان بە درۆنی ناوخۆیی لەلایەن تورکیاوە لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە هەنگاوی باشی نا، بەڵام دەرگای سەرەکیی ئەم پێشکەوتنە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠دا کرایەوە، بەتایبەت کاتێک داواکارییەکانی ئەنقەرە بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Predator” لە ئەمەریکا ئەنجامی دڵخۆشکەریان نەبوو، ئەو درۆنانەشی لە ئیسرائیلەوە دەهاتن بەمەبەست دوا دەخران، ئەمەش هێندەی دیکە تورکیای خستە سەر ڕێگای بەرهەمهێنانی درۆنە ناوخۆییەکانی(4). بەدیاریکراوی یەکەم گرووپی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان لە ئەڵمانیا و دواتر لە ئەمەریکاوە هێنرا، بەڵام هەندێکیان بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە بەکارهێنانیان ڕاگیرا، یەکەم فڕۆکەش خرابێتە ناو سیستمی بەرگریی تورکی لە ساڵی ١٩٩٣دا بوو. لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تورکیا دەستی بە هەوڵەکانی بەرهەمهێنانی درۆنی ناوخۆیی کرد، بەڵام ئەنجامەکەی تاکوو دوای ٢٠١٠ دوا کەوت. تورکیا ساڵی ٢٠٠٥ یەک درۆنی “Heron”ی بە بەهای چوار ملیۆن دۆلار لە ئیسرائیل کڕی، بەڵام دوای سێ ساڵ لە بەکارهێنان؛ گەڕاندیەوە بۆ ئیسرائیل. دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٧، سێ درۆنی لە ئیسرائیلەوە بە کرێی ١٥ ملیۆن دۆلار هێنا کە لە جۆری هێرۆن بوون، کە دەیانتوانی ٦ بۆ ٨ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێننەوە، بەڵام بە شێوەیەکی چالاک بەکار نەهێنران و هەمووشیان کەوتنە خوارەوە. ساڵانی دواتر تورکیا بە بەهای ١٨٨ ملیۆن دۆلار، ١٠ درۆنی دیکەی لە جۆری هێرۆن لە ئیسرائیل کڕی. یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوە بوو کە کۆنترۆڵی فڕین و نیشتنەوەی هێرۆنەکان لەدەستی ئیسرائیلدا بوو، هەموو ئەو وێنانەشی کە درۆنەکان لە هێزەكانی پەكەكە (گەریلا) دەیگرت؛ دەگەیشتنەوە ئیسرائیلیش، ئەمەش سەرەتای دوورکەوتنەوەی تورکیا بوو لە ئیسرائیل و درۆنەکانی(5). تورکیا پێشتر و ساڵانی ١٩٩٠، درۆنی هێرۆنی لە ئیسرائیل و “GNAT” لە ئەمەریکا کڕی. دوای ساڵی ٢٠٠٠، کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕێگای نەدا ڤێرژنە نوێیەکانی “GNAT” بە تورکیا بفرۆشرێت کە بریتی بوون لە “Predator” و “Repaer”، ئەمەش هانی تورکیای دا دەست بە دروستکردن و گەشەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ناوخۆیی بکاتەوە، تاکوو گەیشت بە بەرهەمهێنانی “Bayraktar TB2” و “Anka” کە دوو درۆنی زۆر پەسەندکراو و پێشکەوتووی تورکیان(6). هۆکاری سەرەکی كە وای کرد تورکیا پەرە بە پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدات، ئەو گەمارۆ ئابوورییە بوو کە لە ساڵی (١٩٧٥)ەوە لەلایەن ئەمەریکاوە خرابووە سەری، جگە لەوەی ئەمەریکا فرۆشتنی فڕۆکەکانی جۆری “Predator” و “Reaper”ی بە تورکیا سنووردار کرد. تورکیا لە ساڵانی ١٩٤٠دا وەک بەرهەمهێنەرێکی چالاکی فڕۆکەی مەدەنی چووە ناو ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی و ساڵانی دواتر پاشەکشەی کرد، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەهێزەکانی، توانیی سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت .گێتینگەر پسپۆڕی بواری درۆنەکان دەڵێت: لەنێو نەوەی نوێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا تورکیا پێگەی خۆی هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستادا ٩٥ وڵاتی جیهان دەستیان بە دروستکردن و گەشەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ٦٠ وڵاتیش نزیکەی ٢٦٧ جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرهەم هێناوە. گوینتای شیمشەک پسپۆڕی بواری فڕۆکەوانی دەڵێت: لە ڕووی پڕۆگرام و مۆدێلی بەکارهێنانەوە، تورکیا لە لیستی پێنج وڵاتی پێشکەوتووی بەرهەمهێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندایە. بەپێی توێژینەوەکانی دامەزراوەی “Drone Wars” کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە، تورکیا لەو وڵاتانەیە کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە ئاستێکی زۆردا پشت بە خۆی دەبەستێت. پێگەی “The Intercept” لە بابەتێکیدا بە ناوی “سەردەمی دووەمی درۆن، تورکیا چۆن لەبەردەم ئەمەریکادا وەستا و بوو بە هێزێکی بکوژ و شەڕکەری درۆن”، باسی ئەوە دەکات تورکیا لە ئاستی جیهاندا لە بەکارهێنانی درۆنە هێرشبەرەکانیدا ڕکابەریی ئەمەریکا و بەریتانیا دەکات(7). کۆمپانیای بایراکتار ساڵی ٢٠١٥ لە بارەی فڕۆکەی “Bayraktar TB2” ڕایگەیاند، ئەم فڕۆکەیە توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی ٢٥٠ کیلۆگرام کەلوپەل و مووشەکی هەیە. ساڵی ٢٠١٦، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Anka” توانای گواستنەوەی شمەک و مووشەکی نەبوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ و لە ڤێرژنە نوێیەکەدا توانرا مووشەکی لێ ببەسترێت و توانای هەڵگرتنی چەکی بگەیەنرێتە ٢٠٠ کیلۆگرام. هەردوو درۆنەکەی تورکیا مووشەکی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای “Roketsan” بەکار دەهێنن و دەتوانرێت لە هەر ناوچەیەکدا بەکار بهێنرێت کە مانگە دەستکردەکانی “TÜRKSAT”  پێی بگەن .سەرەڕای ئەوەی درۆنەکانی تورکیا دروستکراوی ناوخۆیین، بەڵام هەندێک پارچەی بەشە گرنگ و ئاڵۆزەکانی، بۆ نموونە ماتۆڕەکەی، لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێت، بۆیە کەرتی پیشەسازیی تورکی لە هەوڵی بەردەوامدایە تاکوو خۆیان ئەم ماتۆڕانە بەرهەم بهێنن. خاوەن پشکەکانی پیشەسازیی ئاسمانیی تورکیا بریتین لە وەقفی بەهێزکردنی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا، ڕاوێژکاریەتیی پیشەسازیی بەرگری و دەزگای ئاسمانیی تورکی. ساڵی ٢٠١٧، کۆمپانیای ڤێستڵی تورکی مۆدێلێکی درۆنی بە ناوی “Karayel” پێشکەش کرد، کە  توانای هەڵگرتنی ١٢٠ کیلۆگرام چەک و شمەکی هەبوو(8). پێگەی “Army Technology”، پۆلێنی ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەهێزی لە جیهاندا کردووە، لە ڕیزبەندیی دەیەمدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئانکای تورکی دانراوە، کە بەرهەمی پیشەسازیی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی تورکیایە و دەتوانێت زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و خێراییەکەی ٢١٧ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا(9). درۆنە تورکییەکان لە چاوی فۆکویاماوە فرانسیس فۆکویاما لە وتارێکیدا باس لە کاریگەرییە گەورە و بەهێزەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ڕۆڵیان لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئایندە لە جیهاندا دەکات و بەوردییش تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنەکانی تورکیا لەم بوارەدا و بە باسکردنی هێرشەکانی تورکیا لە سووریا و لیبیا، ئاماژە بە بەهێزی، پێشکەوتن و توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەکات و ئەوە دەخاتە ڕوو تورکیا لە ڕێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە توانیویەتی هێز و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت و کاریگەریی لەسەر یەکلاکردنەوەی جەنگە گەورەکان هەبێت، ئەمەش کردوویەتی بە هێزێکی دیاری ناوچەکە. فۆکویاما دەڵێت یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئەم پێشکەوتنەی لە بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەیە لە جیهاندا، تورکیایە لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری وڵات. فوکویاما لە وتارەکەیدا دەڵێت: من ١٠ ساڵ پێشتر لە ڕۆژنامەی “Financial Times” وتم: “ئەگەر من توانام هەبێت ببمە خاوەن درۆن، ئەوا هەر کەسێکی دیکە دەتوانێت، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتی جیهانی دەبێت.” ئەو سەردەمە وڵاتانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی فراوان کۆنترۆڵی تەواوەتیی تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردبوو، هەر ئەو کاتە باسم لەوە کرد ئەم جۆرە تەکنۆلۆجیایە لە ئایندەدا لە ئاستێکی فراواندا بڵاو دەبێتەوە و تەواوی سروشتی ململانێی نێوان دەوڵەتەکانی جیهان دەگۆڕێت. بەر لە پێشکەوتنی درۆنەکان، فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە نەیاندەتوانی ئامانجەکانیان بپێکن و جەنگەکان یەکلا بکەنەوە. بۆ نموونە؛ لە جەنگی ١٩٦٧دا تەنها دوو تانکی میسری لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە تێک شکێنران، چونکە فڕۆکەکان نەیاندەتوانی لە ئاسمانەوە و بەوردی ئامانجەکانیان بپێکن و زۆربەی هێرشەکان هەڕەمەکی بوون(10). پشتبەخۆبەستن و هەناردە بەپێی زانیارییەکانی گرووپی شیکاری و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی “Blue Melange”، تاکوو سەرەتای ٢٠٢١ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ڕادەستی هێزەکانی تورکیا کراون گەیشتوونەتە ١٧٤، ئەمە لە کاتێکدا ساڵێک پێش ئەم ڕێکەوتە ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ١٤٠ دانە بوو، ئەمەش زیادبوونێکی خێرایە. لەم ژمارەیەش ١٢٤ دانەیان لە جۆری “Bayraktar TB2″، ٤٠ دانەیان لە  جۆری “Anka”یە و ١٠ دانەشیان لە جۆری “Heron”ی ئیسرائیلییە. بایراکتار و ئانکای دروستکراوی ناوخۆ لە ئەنجامدانی هێرش و چاودێرییشدا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هێرۆنی ئیسرائیلی تەنها بۆ چاودێریکردن بەکار دەهێنرێت. ئیسماعیل ئۆزدەمیر سەرۆکی پیشەسازیی بازرگانیی تورکیا، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا ڕایگەیاند سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی “Bayraktar TB2” ڕادەستی فەرماندەیی گشتیی جەندرمە کراوە، بەم جۆرەش ژمارەی بایراکتارە بەکارهێنراوەکان گەیشتە  ١٠٧(11). هەناردەی کەرتی فڕۆکەوانی و بەرگریی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ لەچاو ساڵی پێشووتر ٦,٣٤٪ بەرز بووەوە و گەیشتە دوو ملیار و ٧٤ ملیۆن دۆلار و ئامانجی تورکیاش ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەهای هەناردەی چەک بگەیەنێتە ١٠ ملیار دۆلار. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگای ستۆکهۆڵم، لەگەڵ ئەوەی هەناردەی چەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩؛ ٤٨٪ کەمی کردبوو، بەڵام بەراورد بە ساڵانی نێوان ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣، هەناردەی چەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، نزیکەی ١٧٠٪ بەرز بووەتەوە. هۆکاری کەمبوونەوەی هەناردە لەنێوان ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩، بە هۆی ئەوەوە بووە کە تورکیا لەو ماوەیەدا هەوڵی داوە گرنگی بە پێشخستنی تەکنۆلۆجیای چەکی تایبەت بە خۆی بدات و هاوردەی چەکەکانیشی لە وڵاتانی دەرەوە دوا کەوتبوو. گێتینگەر پێی وایە هۆکاری ئەوەی وڵاتان ڕوو لە کڕینی درۆنی “Bayraktar TB2” دەکەن، ئەوەیە کە لە درۆنی وڵاتانی دیکە هەرزانتر دەکەوێت، ئەمەش بۆ ئەو وڵاتانەی باری داراییان زۆر باش نییە زۆر گرنگە. یەکێک لەو خاڵانەی بەردەوام بەرپرسانی تورکیا وەک شانازی باسی دەکەن ئەوەیە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان، بەتایبەتی “Bayraktar TB2″، بەتەواوی دروستکراوی ناوخۆیین، بەڵام دانیەڵ گاتینگەر دەڵێت بەشی هەستەوەریی فڕۆکەکە لە کەنەدا و تەکنۆلۆجیای ئامانجپێکانی مووشەکەکانی فڕۆکەکە لە ئەڵمانیاوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئەمە خاڵی لاواز نییە، چونکە تەنانەت ئەمەریکاش بەشێک لە تەکنۆلۆجیاکانی لە دەرەوە دەهێنێت، بەڵام پێبەستراوەیی تورکیا بە دەرەوە خاڵی لاوازە. سامیۆل براونسوۆرد کە یەکێکە لە توێژەرانی دامەزراوەی کۆمەڵگای مەدەنی “Drone Wars”ی بەریتانی، پێی وایە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Akıncı” پێگەی تورکیای وەک بەرهەمهێنەرێکی درۆنەکان بەهێز کرد و ئاستی هەناردەکردنی چەکی تورکییشی بەرز کردەوە (12). سەلچوک بایراکتاری لە ئێستادا کەسی یەکەم و دیاری ناو پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە تورکیا و ڕۆڵی گەورە و دیاری بەرهەمەکەشی کە “Bayraktar TB2” لە جەنگەکانی سووریا، لیبیا و ئازەربایجان هێندەی دیکە ناوبانگەکەی گەورەتر کردووە. بایراکتار دەیەوێت خەونی خەزووری بەدی بهێنێت کە تورکیایەکی خاوەن چەکی درۆنی پێشکەوتووە و پێویستی بە هیچ وڵاتێک نییە، بەتایبەت ئەمەریکا، هەر هەنگاوێکی تورکیاش لەم مەیدانەدا کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەبێت کە خۆیان بە ڕکابەری تورکیا دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگا بۆ ئەنقەرە دەکاتەوە کە بە فرۆشتنی درۆنەکانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ چەند وڵاتێکدا دابمەزرێنێت. تورکیا وەک چۆن لەبەردەم سەردەمێکی نوێدایە، بە هەمان شێوە لەبەردەم ئەگەری تەنیاکەوتن و گۆشەگیرکردندایە. رالوکا سێرناتۆنی لە دامەزراوەی هزریی “Crnegie Europe”دا دەڵێت: تورکیا لە بازاڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بەخێرایی ڕێگا دەبڕێت و بەردەوام بەهێزتر دەبێت، ئەمەش بەشێکە لە ئامانجی ئەردۆغان کە دەیەوێت وڵاتەکەی بە وڵاتانی دیکەوە پەیوەست نەبێت و خاوەن چەکی خۆیان بن، بەتایبەت کە هەناردەی چەک لە ٢٠٢٠دا گەیشتە دوو ملیار دۆلار، بەڵام ئەم ڕێگایە ئاسان نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەنەدا ڕایگەیاند بە هۆی ئەگەری بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەکنۆلۆجیای کەنەدیی تێدا بەکار هێنراوە، هەناردەی پارچەکانی ئەم فڕۆکانەی بۆ تورکیا هەڵپەسارد و دواتریش بەتەواوی ڕایگرت(13). یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “Bayraktar Mini” لە مانگی تەممووزی ٢٠١٢ بە قەتەر فرۆشرا. گەشەدان بە بایراکتار بەردەوامیی هەبوو، لە هەر ڤێرژنێکی نوێدا ئاستی مانەوەی لە ئاسمان زیاتر و کاریگەرییەکەی بەهێزتر و توانای هەڵگرتنی مووشەک و شمەکی زیاتر دەکرا، تاکوو ساڵی ٢٠١٩ گەیشتە ئەو ئاستەی بتوانێت ٢٧ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە. بایراکتار تیبی ٢ لە ساڵی ٢٠١٩ بە ئۆکرانیا و قەتەریش فرۆشرا(14). تورکیا ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی ناوە، دوای سەرکەوتنەکانی لە لیبیا و کاراباخ، سەرنجی ھەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە ڕێککەوتن لەگەڵ پۆڵۆنیای ئەندامی ناتۆش؛ قۆناغێلی گەورەی بڕی. لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١، بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ئاندرزێژ سێباستیان دودا؛ سەرۆکی پۆڵۆنیا، واژۆ لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵات لە بارەی کڕین و فرۆشتنی درۆنەکانی تورکیا کرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، تورکیا ٢٤ دانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری جۆری “Bayraktar TB2” بە پۆڵۆنیا دەفرۆشێت، بەم جۆرەش پۆڵۆنیا بوو بە یەکەم ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا کە درۆن لە تورکیا بکڕێت. بەم جۆرە لەدوای ئۆکرانیا، قەتەر و ئازەربایجان، پۆڵۆنیا بوو بە چوارەم وڵات کە تورکیا تەکنۆلۆجیای زۆر بەرزی سەربازیی “درۆن” واتە جۆری “Bayraktar TB2″ی پێ بفرۆشێت، ئەگەرنا جۆری دیکە بە تونسیش فرۆشراوە. ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩، تورکیا لە ئاسمانە وشک، گەرم و تەپوتۆزاوییەکەی کوێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Bayraktar TB2″ی تاقی کردەوە، فڕۆکەکە توانیی بەبێ پچڕان ٢٧ کاتژمێر و سێ چرکە لە ئاسماندا بفڕێت. لە ئێستادا ١٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “Bayraktar TB2″ی تورکی لە ئاسمانەکانی ئۆکرانیا، قەتەر و ئازەربایجاندان، دوای چەند مانگێکی دیکەش ٢٤ فڕۆکەی دیکەش دەچنە ئاسمانی پۆڵۆنیا(15). بەپێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵگری و ڕۆژنامەوانی، ئۆکرانیا بەشێک لەو بایراکتارانەی لە تورکیای کڕیوە؛ لە شەڕ و ناکۆکییەکانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی “Donetsk” لەگەڵ ڕووسیا بەکاری هێناوە(16). بەپێی هەندێک زانیاری کە لەلایەن هیچ کام لەم دوو وڵاتەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، سعودیە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە تورکیا کڕیوە و چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن بۆ کڕینی درۆنە تورکییەکان داواکاریی پێشکەشی ئەنقەرە کردووە(17). بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان باس لەوە دەکەن تورکیا چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بایراکتار تیبی ٢ی بە سعودیە فرۆشتووە تاکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکاندا بەکاری بهێنێت، ئەم هەواڵانەش دوای ئەوە هات لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ هەردوو وڵات لە یەکتر نزیک بوونەوە و تا ئاستێکی سنووردار کۆتاییان بە جەنگی ساردی نێوانیان هێنا، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن ئەوەی تورکیا بە سعودیەی داوە؛ “VestelKarayel-SU”ە(18). بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن چەند وڵاتێکی ئەورووپی بیریان لە کڕینی بایراکتار لە تورکیا کردووەتەوە و تەنانەت بەریتانیا داوای کڕینی کردووە. بەریتانیا بیری لەوە کردووتەوە لەبریی درۆنە ئەمەریکییەکان کە پارەیەکی زۆریان دەوێت، هەر بایراکتارێک بە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار یۆرۆ بکڕێت(19).   ترسی ئەمەریکا و درۆنی گرووپەکان لە عێراق دەستڕاگەیشتنی گرووپە چەکدارەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نیگەرانیی قووڵی لای ئەمەریکییەکان و سەرجەم ئەو وڵاتانە دروست کردووە کە هێزەکانیان لە ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، چونکە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێکی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، وەک ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگای درۆنەوە چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر هێزە بیانییەکان و حوسییەکانیش لە یەمەن بەردەوام لە ڕێگای درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە نەوتی و ئەمنییەکانی سعودیە. دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەریان لە عێراق، کینس ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هۆشداریی لە بەهێزبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان دا و ئاماژەی بەوە کرد گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەستیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ئەم دەستڕاگەیستنەی گرووپە چەکدارەکانیش مەترسیی لەسەر ئاسایشی ئایندەی جیهان هەیە(20). بەرپرسە حکومی و سەربازییەکانی عێراقیش لە زیادبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان نیگەرانن و دەڵێن کێشەی گەورە ئەوەیە نازانن سروشتی ئەم درۆنانە چۆنە ئەم گرووپە چەکدارانە بەکاریان دەهێنن و ناشزانن کێ کاریان پێ دەکات. زانیارییە بەردەستەکان جۆربەجۆرن، بەڵام ئەوەی لای ئەوان ڕوونە ئەوەیە کە لایەنی دەرەکی لەپشت ئەم بابەتەوەیە. بەشێک لە سەرچاوە عێراقییەکانیش دەڵێن ئەو درۆنانەی گرووپە چەکدارەکان بەکاریان دەهێنن؛ دروستکراوی ئێرانن و بەشێکیشیان جۆری سەرەتایی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانن. ئەوەی نیگەرانییەکانی زۆرتر کردووە بچووکیی ئەم درۆنانە وای کردووە بەئاسانی لەلایەن سیستمی بەرگری و ڕادارەوە نەناسرێنەوە و نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن(21). کاراباخ، لیبیا و سووریا؛ هەلی دەرکەوتن سەرهەڵدانی شەڕی کاراباخ لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، هەلێکی گەورە بوو بۆ تورکیا تاکوو هێز و کاریگەریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ هەموو جیهان بسەلمێنێت. هەموو زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکەدا(22). ئیلهام ئالیەڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “France 24″، لە ١٥ی تەممووزی ساڵی ڕابردوو، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری تورکیتان هەیە؟” وتی: “بەشی پێویستمان هەیە. بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانمان بگەین، دەبێت ئەو زانیارییە پارێزراو بێت کە چەند دانەمان هەیە و پێمان باش نییە ئاشکرای بکەین.” لە بارەی ئەوەشی درۆنە تورکییەکان چ گۆڕانکارییەکیان بەسەر شەڕەکاندا هێناوە، ئالیەڤ وتی: “بێگومان ئەم فڕۆکانە چەکی زۆر مۆدێرن و پێشکەوتوون، بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە تورکیامان کڕیوە، بایی یەک ملیار دۆلار چەکی ئەرمەنستانمان وێران کردووە.” تورکیا یەکێک بوو لە لایەنە سەرەکییەکانی شەڕی لیبیا، ڕاپۆرتە هەواڵگری و ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرەکانی تورکیا ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرکەوتنەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دژی خەلیفە حەفتەر بینیوە و هەر ئەم بەشدارییەی تورکیاش هێرشەکانی حەفتەری بۆ سەر ناوچەکانی لیبیا ڕاگرت. مارک گارنو وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەیان لەلایەن تورکیاوە ئامادە کراوە، دەریدەخات تورکیا لە جەنگە ناوچەییەکاندا سوودی خراپی لە فڕۆکەکانیان وەرگرتووە، بۆیە هەناردەی ئەو فڕۆکەیە بۆ تورکیا ڕاگیراوە. مارک گارنو باسی لەوەش کردبوو پێشتر پەیوەندییان بە مەولوود چاوشئۆغلۆ؛ وەزیری دەرەوەی تورکیاوە کردووە و نیگەرانیی قووڵیان نیشان داوە لە بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە لە شەڕەکانیدا لە قەیرانی قەرەباغ کە لەلایەن تورکیاوە پێیان دراوە، ئەم هەنگاوەش ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیان. پێشتر بەشێک لە هەناردە سەربازییەکانی کەنەدا بۆ تورکیا لە پاییزی ساڵی ڕابردوو هەڵپەسێردرابوو، بەڵام ئێستا بەتەواوی فرۆشی ئەو جۆرە فڕۆکە بە تورکیا هەڵوەشاوەتەوە. ئارۆن شتاین بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکان لە پەیمانگای لێکۆڵینەوە دەرەکییەکان کە بارەگاکەی لە فیلادلفیایە، دەڵێت ڕێککەوتنی کەنەدا و تورکیا بەو جۆرە بووە کە نابێت ئەو چەکانە بە لایەنی سێیەم بدرێن. ئەوەی کەنەدییەکانی نیگەران کرد ئەوە بوو کە هەناردەی کەلوپەلی سەربازیی تورکیا بۆ ئازەربایجان لە ساڵی ڕابردوودا شەش هێندە زیادی کرد و تەنها لە مانگی ئەیلوولدا واتە پێش شەڕی کاراباخ، تورکیا بە بڕی ٧٧ ملیۆن دۆلار چەکی بە ئازەربایجان فرۆشت(23). تورکیا لە سووریاش بەچڕی درۆنەکانی بەکار هێنا، دوای ئەوەی ٣٤ سەربازی تورکیا لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە کوژران، وای کرد تورکیا ئاراستەی درۆنەکانی بکاتە سووریا. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئاسمانی ناوچەکە لەلایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام درۆنە تورکییەکان توانیویانە کەلەبەری سیستمی بەرگریی ڕووسیاش تێبپەڕێنن و گورزی کوشندە لە هێزەکانی دیمەشق بوەشێنن. ئەوەی مایەی سەرنجە، درۆنە تورکییەکان لە شەڕی سووریا، کاراباخ و لیبیاشدا لەو شوێنانەیان داوە کە سیستمی بەرگریی ڕووسیی لێ بووە، ئەمەش وەهای کردووە ڕووسەکان بە چاوێکی دیکەوە لە هێزی ئاسمانی و توانای درۆنەکانی ئەنقەرە بڕوانن(24). لە جەنگی کاراباخیش لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، تورکیا دەستوەردانی سەربازیی کرد. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر سوپای ئەرمینیا، نزیکەی ٢٠٠ تانک، نۆ زرێپۆش و ١٨٢ یەکەی بەرگرییان تێک شکاند، ئەمەش سوپای ئەرمینیای ناچار کرد لە بەشێکی گەورەی بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە و تا ئاستێکی زۆر جەنگەکە لە بەرژەوەندیی ئازەربایجانی هاوپەیمانی یەکلا بکاتەوە(25). کورد لەژێر درۆنەکانی تورکیادا تورکیا لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەچڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەکار هێناوە. بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا و میدیای تورکییش ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری درۆنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا دەکەن، ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی جووڵە و چالاکییەکانی گەریلا لە دژی هێزە ئەمنییەکان و سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان، هەر چەند پارتی کرێکارانی کوردستان باس لەوە دەکات لە ناوخۆی تورکیادا چەند جارێک بە درۆن هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگا ئەمنی و سەربازییەکان. هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) و هەرێمی کوردستان، دژی گەریلاکانی پەکەکە؛ بایراکتار تیبی ٢ و ئانکای بەکار هێناوە(26). بەپێی لێدوانی ئیسماعل دەمیر؛ ڕاوێژکاری پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، تاکوو مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون لە کوشتنی سێ هەزار گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستاندا(27). تورکیا بە بیانووی لێدان لە گەریلاکانی پەکەکە، لەناو خاکی خۆیدا درۆنەکانی بەکار دەهێنێت، ئەمەش کردوویەتی بە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە درۆنەکانی لەناو سنوورەکانی خۆیدا بەکار دەهێنێت و هاوڵاتییەکانی خۆی پێ دەکوژێت، بەڵام تورکیا تاکە وڵات نییە ئەم کارە دەکات و یەکەم وڵات کە بە درۆنەکانی هاوڵاتیی خۆی کوشتبێت، ئەمەریکایە. ئەمەریکا لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١١، لە یەمەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەمیر خانی کوشت کە هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز ئەمەریکی و لەدایکبوونی سعودیە بوو(28). پسپۆڕانی بواری چەکی تورکیا دەڵێن یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی تورکیا لە بواری درۆنەکان ئەوەیە کە ئەم وڵاتە لەناو خاکی خۆیدا و دژ بە پەکەکە بەکاری هێناوە و ئەمەش کردوویەتی بە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە درۆنەکانی دژ بە هاوڵاتیانی خۆی بەکار هێناوە و تەنانەت سامیۆل براونسوۆرد دەڵێت تورکیا یەکەم وڵاتە کە درۆنەکانی لەناو خاکی خۆیدا بەکار هێناوە، ئەم هەنگاوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی کردووەتەوە. زۆر جار لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت پەرلەمانتارە بەرهەڵستکارەکانی ناو تورکیاشەوە ڕەخنەی ئەوە گیراوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خەڵکی مەدەنییان کردووەتەوە ئامانج، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان(29). فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام داون، بە شێوەیەکی چڕ و کاریگەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تێدا بەکار هێناوە. چەند ساڵێکە تورکیا بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە، درۆنەکانی تورکیا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا چەند بەرپرس و کەسێکی دیاری پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە ئامانج، چەند جارێکیش هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کەوتوون، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەوردی ئامانجەکان لە هەرێمی کوردستان دەپێکن و تەنانەت دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێلە مەدەنییانەش بپێکن کە گەریلایان تێدایە، ئەمەش جگە لە بەهێزیی توانای هەواڵگریی تورکیا لە هەرێم؛ بۆ وردیی درۆنەکان دەگەڕێتەوە. سیناریۆکان یەکەم: ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل هۆکاری سەرەکی بوون، وایان لە تورکیا کرد ڕوو لە بەرەوپێشبردنی درۆن بکات، ئەم ناکۆکییانە بەردەوامییان هەیە و تورکیا ناتوانێت پشتیان پێ ببەستێت، ئەمەش وەها دەکات لە هەر کاتێک زیاتر سوور بێت لەسەر بەرەوپێشبردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و تەنانەت ڕکابەریکردنیان. دووەم: ساڵ لەدوای ساڵ داهاتی فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ تورکیا زیاتر دەبێت، ئەگەر تورکیا ڕووبەڕووی سزا و گەمارۆ نەکرێتەوە، لە ساڵانی ئایندەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەبن بە یەکێک لە دەروازە گەورەکانی داهات بۆ تورکیا. سێیەم: ئاستی درۆنەکانی تورکیا، وردی و پێشکەوتنیان بەردەوام زیاتر دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ساڵێكی دیکەدا درۆنەکانی تورکیا ببنە ڕکابەری سەرەکیی درۆنە پێشکەوتووەکان، بە مەرجێک ئەم هەوڵانە بە سزا و گەمارۆ خاو نەکرێنەوە. چوارەم: ڕۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکانی لیبیا، کاراباخ و سووریا، پێگە و هەژموونی تورکیای لە ناوچەکەدا بەهێز کردووە، ئەمەش وەها دەکات لە ساڵانی ئایندەدا لە ناکۆکی و یەکلاکردنەوەی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکەدا پێگەی بەهێزتر و دەستڕۆیشتووتری بکات. پێنجەم: پشتبەخۆبەستنی تورکیا بە درۆنەکانی کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی پەیوەستییەکانی بە ئەمەریکا و هێزە گەورەکان و سەربەخۆیی لە بڕیارەکانیدا، ئەمەش بۆ دەستوەردان لە جەنگ و ململانێ هەرێمییەکان بۆ تورکیا گرنگ و بۆ وڵاتانی دیکە مایەی نیگەرانییە. شەشەم: درۆنەکان پێگە و هێزی تورکیایان بەرامبەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان چەند هێندەی جاران زیاتر و کاریگەرتر کردووە، تورکیا لە ئێستا و ئایندەدا ئاسانتر، وردتر، بەهێزتر و خێراتر بنکەی گەریلا و بەرپرسەکانی پەکەکە دەكاتە ئامانج، ئەمەش پەکەکە ناچار بە گۆڕینی ستراتیژ، تەکتیک، شوێن، شێواز و تەنانەت ئاراستەی ململانێ و شەڕەکانی لەگەڵ تورکیا دەکات. حەوتەم: لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر هەیە تورکیا کەمتر هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و زیاتر بە درۆنەکان و بەبێ ئامادەبوونی سەرباز شەڕ لە دژی پەکەکە درێژە پێ بدات، بەم جۆرە هەم ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی کەم دەکاتەوە، هەم ئامانجی زیاتر دەپێکێت و هەم کەمتر خۆی تووشی ناکۆکی دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق. سەرچاوەكان: (1) SİHA nedir? Nasılortayaçıktı?sonerişim tarihi-9-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor1 (2)  SİHA’larnedentercihediliyor? Nasılkullanılıyor?sonerişim tarihi-10-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor2 (3) SİHA nedir? SİHA ve İHA arasındakifarknedir?TürkSİHA’larınınözellikleri- son erişim tarihi-8-6-2021 https://www.ensonhaber.com/gundem/siha-nedir-siha-ve-iha-arasindaki-fark-nedir-turk-sihalarinin-ozellikleri?fbclid=IwAR2tJiretHoKB3spKapqZRItwr8A5pE5l6mezRcCGbULJ_55hvPv21POc70 (4) (Harp tarihivegüçdengesindedeğişiminaktörü: TürkSİHA’ları) son erişim tarihi-14-6-2021 https://www.aa.com.tr/tr/analiz/harp-tarihi-ve-guc-dengesinde-degisimin-aktoru-turk-siha-lari/2209876?fbclid=IwAR21pxLG4VZq7YjkB7Dn9MkSxkkXZ6-3SiUUDhYF660YdlqpxJowz6MRpz4 (5) Türkiye’ningökyüzündekibaşarıimzası: Yerli İHA veSİHA’lar son erişim tarihi-7-6-2021 https://www.trthaber.com/haber/gundem/turkiyenin-gokyuzundeki-basari-imzasi-yerli-iha-ve-sihalar-464449.html?fbclid=IwAR3ZvdsLuprGYaoz_2BtqOSN_-IcgvifeF0PhMNAEkuzAEgaHIwwLceZ3iw (6) Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişim tarihi-14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (7) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü?sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (8) Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişimtarihi- 14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (9) Dünyanıneniyi 10 savaşçıİHA’larıhangileri? sonerişimtarihi- 5-6-2021- 17-6-2021 https://tr.euronews.com/2020/07/04/dunyanin-en-iyi-10-savasci-ihalari-hangileri-ukrayna-siha-bayraktar-akinci-turk-savunma?fbclid=IwAR0wz76Prb5KT6ws3mdfR9JSaFkJd9O8F9h3dsPxUO9ilFdINmZojh3vjaY (10) Droning On in the Middle East 1-6-2021 https://www.americanpurpose.com/blog/fukuyama/droning-on/ (11) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda   (12)  İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (13) Bloomberg: Erdoğan’ın SİHA üreticisi, Türkiye’ninmüttefiklerinirahatsızediyor. sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-56649615?fbclid=IwAR1nei-0k5ww1gD4CroI_nV_hKBJ-WPh3zSDBXrrY1JjO01rEn1U5Fr7sD8 (14) Türkiye’ningökyüzündekibaşarıimzası: Yerli İHA veSİHA’lar. sonerişimtarihi- 16-6-2021 https://www.trthaber.com/haber/gundem/turkiyenin-gokyuzundeki-basari-imzasi-yerli-iha-ve-sihalar-464449.html?fbclid=IwAR3ZvdsLuprGYaoz_2BtqOSN_-IcgvifeF0PhMNAEkuzAEgaHIwwLceZ3iw (15) Polonyaile SİHA imzalarıatıldı: Türkiyetarihinde ilk. sonerişimtarihi- 12-6-2021   https://www.indyturk.com/node/364166/haber/polonya-ile-si%CC%87ha-imzalar%C4%B1-at%C4%B1ld%C4%B1-t%C3%BCrkiye-tarihinde-ilk (16) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda (17) Bloomberg: Erdoğan’ın SİHA üreticisi, Türkiye’ninmüttefiklerinirahatsızediyor. sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-56649615?fbclid=IwAR1nei-0k5ww1gD4CroI_nV_hKBJ-WPh3zSDBXrrY1JjO01rEn1U5Fr7sD8 (18) مصدران تركيان يوضحان لـ”الحرة” حقيقة مشاركة مسيرات “بيرقدار” في حرب اليمن،  ١٩/٦/٢٠٢١.   https://www.alhurra.com/turkey/2021/03/09/%D9%85%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D9%88%D8%B6%D8%AD%D8%A7%D9%86-%D9%84%D9%80%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A9-%D8%AD%D9%82%D9%8A%D9%82%D8%A9-%D9%85%D8%B4%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D9%85%D8%B3%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A8%D9%8A%D8%B1%D9%82%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%85%D9%86%C2%A0 (19) Dünyatersinedöndü… AvrupaTürkSİHA’larıiçinsırayagirdi.sonerişim tarihi-5-6-2021 https://www.sozcu.com.tr/2021/dunya/dunya-tersine-dondu-avrupa-turk-sihalari-icin-siraya-girdi-6195879/?fbclid=IwAR2yD5cuz9hooIj_qvDoZAdk2xVSar6wimN5oJSn9TLkMryWWtlFizvMavY (20)  حرب بلا جنود.. الأمن العالمي في خطر بسبب “الدرونز”، ١٥/٦/٢٠٢١. https://www.skynewsarabia.com/world/1441085-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A8%D9%84%D8%A7-%D8%AC%D9%86%D9%88%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%8A-%D8%AE%D8%B7%D8%B1-%D8%A8%D8%B3%D8%A8%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%B2?fbclid=IwAR3y6OHcWyfTkYdJspgSMXZtzUMsJB9iZVRBM4-85LEFzfNQ7E6Y696yiwY “جهات خارجية” وبحث عن أدلة.. خطر الدرونز يتصاعد في العراق، ١٣/٦/٢٠٢١. (21) https://www.alhurra.com/iraq/2021/06/08/%D8%AC%D9%87%D8%A7%D8%AA-%D8%AE%D8%A7%D8%B1%D8%AC%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A8%D8%AD%D8%AB-%D8%A3%D8%AF%D9%84%D8%A9-%D8%AE%D8%B7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%B2-%D9%8A%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82 (22) Wall Street Journal: DüşükmaliyetliTürkSİHA’larıçatışmabölgelerinivejeopolitiğiyenidenşekillendiriyor. sonerişim tarihi-19-6-2021 https://tr.sputniknews.com/abd/202106041044655740-Wall-street-journal-dusuk-maliyetli-turk-sihalari-catisma-bolgelerini-ve-jeopolitigi-yeniden/ (23) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (24) Harp tarihivegüçdengesindedeğişiminaktörü: TürkSİHA’ları. sonerişim tarihi-14-6-2021 https://www.aa.com.tr/tr/analiz/harp-tarihi-ve-guc-dengesinde-degisimin-aktoru-turk-siha-lari/2209876?fbclid=IwAR21pxLG4VZq7YjkB7Dn9MkSxkkXZ6-3SiUUDhYF660YdlqpxJowz6MRpz4 (25) Droning On in the Middle East. 1-6-2021 https://www.americanpurpose.com/blog/fukuyama/droning-on/ (26) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda (27)Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişim tarihi-14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (28) Dünyadahangiülkelerkullanıyor? sonerişim tarihi-20-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor4 (29) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc   بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (8)ی ته‌مووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی


درەو: ئەو شوێنەی ئەمڕۆ توركیا لە رێگەی درۆنەوە لە كەلار ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و چوار كەسی تێدا كوژرا، (379) كیلۆمەتر لە سنوری توركیاوە دوورە، سەرباری ئەوەی حكومەتی عێراق رەتی دەكاتەوە كە هیچ رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ توركیا هەبێت، بۆ هاتنە ناوەوەی بۆ ناو خاكی عێراق و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بەڵام ئەگەر ئەو قسەیەش راست بێت كە باس لە رێككەوتنێكی نێوان عێراق و توركیا دەكەن بۆ هاتنەوەی ناوەوەی توركیا بە (5) كیلۆمەتر، هێشتا (374) كیلۆمەتر زیاتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە.  عێراق‌و توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن (20 كیلۆمەتر) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، كە ئەوكاتیش ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لێدانی (پەكەكە) بوو. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراق‌و توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 رێككەوتنەكەی ساڵی 1982 نوێكرایەوە، بەڵام بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرد بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. مانگی نیسانی ئەمساڵ توركیا هێرشێكی نوێی بۆسەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان لەژێر ناوی "ئۆپراسیۆنی چنگی قوفڵ" دەستپێكرد، ئەوكات لەبارەی ئەم هێرشەی توركیاوە پەرلەمانی عێراق میوانداری فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقی كرد.  فوئاد حسێن وەكو كوردێك لەبەردەم پەرلەمانی عێراقدا وتی: ئەوەی دەوترێت لەبارەی ئەوەی گوایە رێككەوتنێك هەیە كە رێگە بە توركیا دەدات بێتە ناو خاكی عێراقەوە ناڕاستە، ئەوەی هەیە تەنیا كۆنوسێكە كە لەنێوان بەغدادو ئەنكەرەدا هەبووە بەر لە ساڵی 2003، كە بەگوێرەی ئەم كۆنوسە عێراق رێگە بە توركیا دەدات تەنیا بە قوڵایی (5 كیلۆمەتر) بێتە ناو خاكی عێراقەوە، ئەمەش تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێكی دیاریكراو و بە هەماهەنگیی  لەگەڵ عێراق. بەپێی قسەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، توركیا بەردەوام بەبەهانەی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و مافی بەرگریكردن لەخۆی سەروەری عێراق پێشێل دەكات، ئەم ماددەیەش بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی فەرمی عێراق ناكرێت جێبەجێ بكرێت.  وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەر بەمدواییە قسەیەكی تریشی لەمبارەیەوە كرد، كاتێك وتی: ئەوەی روودەدات رێككەوتنی حكومەتی توركیا‌و پەكەكەیە لەسەر ئەوەی شەڕەكەیان بهێننە ناو خاكی عێراقەوە نەك رێككەوتنی عێراق‌و توركیا.  سەرباری ئەوەی هەموو جارێك ناڕەزایەتی دژی هێرشی دژی هێرشەكانی توركیا دەردەبڕێت‌و باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات، بەڵام هێشتا وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەیتوانیوە لەڕووی دیپلۆماسییەوە توركیا قایل بكات بە راگرتنی هێرشەكانی.  مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی توركیا مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان سەرەتاكەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا دەرەوەی سنور لەدژی پەكەكە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو. توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری وڵاتەكەی‌و لە دەرەوەی سنوریش ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان: •    لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەو ئۆپراسیۆنەدا هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان كرد. •    لە تشرینی یەكەمی 1984و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری ئەنجامدا، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكاران. •    دوای ماوەیەك بێدەنگی، توركیا ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگا‌و بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد. •    لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا (تورگوت ئۆزال) نامەیەكی بۆ (عەبدوڵا ئۆجەلان) رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار. •    لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كرد‌و (15 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانك‌و تۆپهاوێژی قورس‌و فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای (20 رۆژ) لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە. •    دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان (30 هەزار) سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی (45 رۆژ)ی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی "حەفتانین"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگ‌و نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە. •    لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە (24 ئۆپراسیۆن)، لە ساڵەكانی 2000و 2007و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد.


درەو: دوو بەرپرسی باڵای نزیك لە پەكەكە لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدابوون كە لەلایەن درۆنەكانی توركیاوە لە نزیك كەلار  كرانە ئامانج ئەوانیش هەریەكە لە (فەرهاد دێرك و هەڤاڵ راپەڕین)ن. ئەمڕۆ لە نزیك كەلار فڕۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكیان كردە ئامانج كە (5) كەسی تێدابوو، (3) ژن و (2) پیاو، چواریان كوژران و یەكێكیشیان بە سەختی  بریندارە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەناو كوژراوەكاندا هەریەك لە : •    خاتوو هەڤاڵ راپەڕین ئەندامی كۆنگرەی گەلی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان •    فەرهاد دێرك ئەندامی سەركردایەتی تەڤدەمی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان لەگەڵ دوو خاتوونی تر كە هاورێیەتی خاتو (هەڤاڵ راپەڕین)یان كردووە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە لە ئێستادا بەسەختی بریندارەو لە نەخۆشخانەیە، درۆنەكەی توركیا سێ جار بۆردومانی ئۆتۆمبێلەكەی كردووە، تاوەكو بەتەواوی  ئامانجەكەی پێكاوە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەو كەسانە  چەند رۆژێكە لە رۆژئاوای كوردستانەوە هاتونەتە هەرێمی كوردستان و ماوەی دوو رۆژە لە شاری كەلارن.    


شیكاری: درەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر بە ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم بكرێت، بۆ هەولێر و دهۆك (4) كورسی زیاتر دەبێت و بۆ سلێمانی و هەڵەبجە (4) كورسی كەمتر دەبێت، پارتی پشتیوانی دەكات، ئەگەر بە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق پرۆسەكە بەڕێوە بچێت ئەوا (4) كورسی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت و (4) كورسی بۆ هەولێر و دهۆك كەمتر دەبێت بۆیە لایەنەكانی دیكە پشتیوانی دەكەن. واتا ئەگەر هەڵبژاردن بە ئاماری هەرێم بكرێت، هەولێر و دهۆك (63) كورسی سلێمانی و هەڵەبجە (37) كورسیان بەردەكەوێت، بەپێی سەرژمێری پلاندانانی عێراق بەرێوەبچێت هەولێر و دهۆك (59) كورسی و سلێمانی و هەڵەبجە (41) كورسی بەردەكەوێت، جیاوازیەكەش (4) كورسیە.  بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم، پارێزگای هەولێر (36) کورسی و دهۆک (27) کورسی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە (37) کورسیان بەردەکەوێت. بەڵام بەپێی سەرژمێرییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک (4) کورسی کەمتریان بەردەکەوێت، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر (35) کورسی و دهۆک (24) کورسی و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە (41) کورسیان بەردەکەوێت. وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا... دەستپێک  لایەنەکان ناکۆکن لە سەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وەک یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دابەشکردنی کەمینەکان، ناخاوێنی تۆماری دەنگدەران و دیاریکردنی سیستمی هەرڵبژاردن... لە نێو ئەو گرفتانەشدا گۆڕینی کوردستان لە بازنەیەکەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکان کە  کێشەی میکانزمی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکان دێنێتە ئاراوە.   لەم بارەیەوە سێ میکانیزم لە ئارادایە کە یەکێکیان تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگری لێ دەکات کە پشت بەستنە بە (ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی هەرێم). میکانیزمی دووەمیان (ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی عێراق) کە سەرجەم لایەنەکان بەرگری لێدەکەن جگە لە پارتی، لەم ڕاپۆرتەدا جیاوازی هەردوو ئامارەکەو لێکەوتەکانی لەسەر پشکی پارێزگاکان لە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕووندەکەینەوە. دواینیان کە لە منداڵدانی میکانزمی دووەمدایە، ئەویش بە پێوەر گرتنی دابەشکردنی کوردسییەکانە، پاڵپشت بە بەرکەوتی پارێزگاکانی هەرێم لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021. یەکەم: ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی هەرێمی کوردستان لەمانگی کۆتایی ساڵی (2020) وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان پێشبینی بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم لە ساڵی (2020) بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکە کۆی ژمارەی دانیشتوان گەیشتبووە (6 ملیۆن و 171 هەزار و 83) کەس. بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێم زۆرترین ژمارەی دانیشتوان دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێروە کە ژمارەیان بە (2 ملیۆن و 254 هەزار و 422) کەس خەمڵێندرابوو. لە دوای پارێزگای هەولێرەوە پارێزگای سلێمانی دێت لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە،  کە بە (2 ملیۆن و 152 هەزار و 595) کەس خەمڵیندرابوو. پارێزگای دهۆکیش ژمارەی دانیشتوانی گەیشتبووە (1 ملیۆن و 648 هەزار و 611) کەس. پارێزگای هەڵەبجە، لە ریزبەندی چوارەمی پارێزگاکانی هەرێمدابوو بە (115 هەزار و 455) دانیشتوو. هەر بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری هەرێم پشت بەست بەو داتایانە، پارێزگای هەولێر زیاتر لە (36%) ، پارێزگای سلێمانی نزیک لە (35%)، پارێزگای دهۆک زیاتر لە (26%) و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2%)ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. بەم پێیەش ئەگەر لایەنەکان لە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن و پشت بەم ئامارە ببەستن ئەوا؛ پارێزگای هەولێر (36) کورسی، پارێزگای سلێمانی (35) کورسی، پارێزگای دهۆک (27) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2) کورسی بەردەکەوێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1))   نەخشەی خەمڵێندراوی دانیشوانی هەرێم   دووەم: ئاماری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی وەزارەت پلاندانانی عێراق پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەت بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی بۆ ژمارەی دانیشتوانی عێراق و لە نێویشیاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2021) هاتووە، کۆی ژمارەی دانیشتوان گەیشتووە بە (5 ملیۆن و 736 هەزار و 634) کەس. بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق کە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی پێکەوە هەژمار کردووەو زۆرترین ژمارەی دانیشتوان لەخۆ دەگرێت  لەسەر ئاستی هەرێم و ژمارەیان بە (2 ملیۆن و 336 هەزار و191) کەس خەمڵێندرابوو. لە دوای ئەویشەوە پارێزگای هەولێر دێت لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە لەسەر ئاستی هەرێم،  کە بە (2 ملیۆن و 3 هەزار و 963) کەس خەمڵیندراوە. پارێزگای دهۆکیش ژمارەی دانیشتوانی بە (1 ملیۆن و 396 هەزار و 480) کەس خەمڵێندراوە. بەپێی ئەم داتایانە، پارێزگای سلێمانی هەڵەبجە لە (41%) ، پارێزگای هەولێر (35%) و پارێزگای دهۆکیش لە (24%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. بەم پێیەش ئەگەر لایەنەکان لە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن و پشت بەم ئامارە ببەستن ئەوا؛ پارێزگای هەولێر (35) کورسی، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (41) کورسی و پارێزگای دهۆک (24) کورسی کورسی بەردەکەوێت. بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2)) سێیەم؛ بە پێوەرگرتنی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرکارە، بەپێی ماددەی (9)ی یاساکە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. بەڵام لە حاڵەتی هەموار کردنی یاساکە، هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یەکەی کارگێڕی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بە پشت بەستن بەو پێوەرەی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگاکان کوردسییان بۆ تەرخان کرابوو، بە شێوەیەک؛ بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی، بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (44) کورسی تەرخان کرابوو، بە جۆرێک پارێزگای هەولێر کە لە (4) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (15) کورسی و پارێزگای "سلێمانی و هەڵەبجە" لە (5) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (18) کورسی و پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو (11) کورسی بۆ تەرخان کرابوو. بەڵام ئەگەر ڕکابەرییەکە لەسەر (100) کورسی پەرلەمانی کوردستان بێت لە بری (44) کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا پشکی پارێزگاکانی هەرێم بۆ ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)). -    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر؛ (15) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. -    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای سلێمانی؛  لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگا سلێمانی بە بازنەیەکی هەڵبژاردن هەژمار کرابوو، بەڵام پارێزگای سلێمانی جگە لە بازنەکەی پارێزگای هەڵەبجە، (15) کوردسی بۆ تەرخان کرابوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (34) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. -    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دهۆک؛ (11) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (25) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. -    ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە؛ (3) کوردسی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دابەشی (44) کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم، لێکدانی (100) ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەکاتە (7) کورسی بۆ بازنەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ کاریگەری ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی (هەرێم و عێراق) و لێکەوتەکانی لەسەر بەرکەوتی کورسی پارێزگان بۆ پەرلەمانی کوردستان پاڵپشت بەو ئامارانەی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و عێراق لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە لێکەوتەی جیاوازی دەبێت لەسەر پشکی کورسی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەجۆرێک؛ پارێزگای هەولێر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (36) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (35) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (37) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (41) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. پارێزگای دهۆک بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم (27) کورسی و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق (24) کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەردەکەوێت. بەڵام ئەگەر پشت بە میکانیزمی سێهەم ببەسترێت کە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 ئەنجامدراوە، ئەوا پارێزگای هەولێر (34) کورسی و پارێزگای سلێمانی (34) کورسی و پارێزگای دهۆک (25) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە (7) کورسی پەرلەمانییان لە پەرلەمانی کوردستان بەردەکەێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) خشتەی ژمارە (4)) سەرچاوەکان -    وزارة التخطیط، الجهاز المرکزي للاحصاء، تقديرات سكان العراق  حسب المحافظات  والبيئة والجنس لسنة 2021؛  https://cosit.gov.iq/ar/?option=com_content&view=article&layout=edit&id=174&jsn_setmobile=no -    وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی شیكاریی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان – عێراق؛  https://krso.gov.krd/content/upload/1/root/kurdistan-population-analysis-report-kurdish-v6-final-corrected-29052022.pdf -    وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، نەخشەی دانیشتوان؛ https://krso.gov.krd/ku/map/%DA%BE%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/%DA%86%DB%8C%D9%86%DB%95%D9%83%D8%A7%D9%86/%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4%D8%AA%D9%88%D8%A7%D9%86-1 -    درەو میدیا،  پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10435


 درەو: راپۆرتی:BBC چۆن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی توانای راگرتنی بڕیاری راگواستنی پەنابەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا هەبوو؟ دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوا ساتەکاندا توانی گواستنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بوەستێنێت، پەرلەمانتارەکانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە توندی نیگەرانبوون کە دادگایەک بارەگاکەی لە دەرەوەی ولاتەکەیدا بێت بتوانێت گەشتێکی ئاسمانی بەریتانیا بوەستێنێت، بە تایبەت لە دوای ئەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هاتۆتە دەرەوە، ئەمە یەکەم جاریش نییە ئەو دادگایە لە لایەن بەرپرس و سیاسییەکانی بەریتانیاوە هێرشی دەکرێتە سەر، کەواتە چیرۆکەکە چۆنە؟ دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی چییە؟ دادگایەکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی (1959) دامەزراوە، بارەگاکەیە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسایە، دادگاکە سەر بە یەکێتی ئەوروپا نییە، لە ژمارەیەک دادوەر پێکدێت کە یەکسانن بە ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی ئەندامن لە ئەنجومەنی ئەوروپی،جارنامەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان ناسراو بە (میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ)یان پەسەندکردووە، دادوەرەکان بە سیفەتی کەسی ئەندامن لە دادگاکەو نوێنەرایەتی ولاتەکانیان ناکەن. ئەنجومەنی ئەورپی چییە؟ ئەنجومەنی ئەوروپی گەورەترین رێکخراوی مافی مرۆڤە لە ئەوروپا، ژمارەی ئەندامەکانی (46) دەوڵەتە، لە ناویاندا (27) دەوڵەتیان ئەندامی یەکێتی ئەوروپان، ساڵی (1949) بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی ئەوروپا و جەختکردنەوە لە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، تەنانەت لە ساڵی (1943) پێش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم،وینستۆن چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا پێشنیاری دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ئەوروپی کرد تا زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەو وێرانکارییانەی حکومەتی نازی بکەن کە کۆنترۆڵی ئەڵمانیای کردبوو، هەوڵی فراوانبوون و بڵاو کردنەوەی فاشییەتی دەدا لە هەمو کیشوەری ئەوروپادا، ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتی دەرکردنی یاسای نییە، بەڵام توانای فشارکردنی لە پێناو جێبەجێکردنی هەندێک لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان هەیە کە ئەندامانی ئەنجومەنەکە لەسەر هەندێک پرسی دیاریکراو پێیگەیشتوون. میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ چییە؟ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە کە تەنیا ئەندامانی ئەنجومەنی ئەوروپا مافی بەشداریکردنیان هەیە. ئەم میساقە دادگای دامەزراند، بەو پێیەی شێوازی کارکردنی ڕێکدەخات و لیستی ماف و زەمانەتەکان لەخۆدەگرێت کە وڵاتانی ئەندام بەڵێنیان داوە پابەندبن پێیەوەی. تایبەتمەندییەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای چییە؟ ئەم دادگایە هەوڵی جێبەجێکردنی میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەدات، ئەرکە سەرەکییەکەی دڵنیابوونە لە لەوەی دەوڵەتەکانی ئەندام رێزدەگرن لە ماف و زەمانەتەکانی لە میساقەکەدا هاتووە. ئەم کارەش لە رێگەی ئەو سکاڵایانەی (پێی دەوترێت "داواکاری") لە لایەن تاکەکانەوە پێشکەشیان کراوە ئەنجام دەدات، یان هەندێک جار دەوڵەتێکی ئەندام یان زیاتر پێشێلکاریان بەرامبەر ماف و زەمانەتەکان کردووە. بڕیارەکانی دادگاکە پابەندکەرن واتە دەبێت دەوڵەتاکانی ئەندام پابەند بن پێیانەوە، دادگاکە سەدان داواکاری سەیرکردووە لە رۆژی دامەزراندنییەوە،هەندێک جار بڕیارەکانی یاساو رێکارە کارگێرییەکانی لە هەندێک وڵات گۆڕیوە. ئەو مافانە چین میساقی ئەوروپی دەیانپارێزێت؟ میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەم مافانە دەپارێزێت: •  مافی ژیانکردن •  مافی دادگایەکی دادپەروەرانە لە پرسە مەدەنی و تاوانکارییەکاندا •  مافی رێزگرتن لە ژیانی تایبەت و خێزانی •  مافی رادەربڕین •  مافی بیرو ویژدان و ئایین •  مافی چارەسەری کاریگەر •  مافی بەهرەمەندبوون لە موڵکوماڵی تایبەت بەشێوەیەکی پارێزراو میساقی ئەوروپی چی قەدەغە دەکات؟ •  ئەشکەنجەو مامەڵەو سزای نامرۆڤانەو سوکایەتی پێکردن •  زیندانیکردنی نایاسایی •  جیاکاری نێوان خەڵک لەبەهرەمەند بوون بە ماف و ئازادییەکان کە لە میساقەکەدا هاتووە •  دەرکردنی هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەندام یان رێگەگرتن لە هاتنەناوەوە •  سزای سێدارە •  دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەوانەی هاونیشتمانی نین کێ مافی پێشکەشکردنی داوای هەیە بۆ دادگا؟ پێویست ناکات ئەو کەسەی داوایەک پێشکەشی دادگاکە دەکات هاوڵاتی یەکێک لە وڵاتانی ئەندام بێت، بەڵام دەبیت پێشێلکارییەکە لە لایەن یەکێ لە وڵاتانی ئەندامەوە لە دژی کەسێک لەسەر خاکەکەی ئەنجامدرابێت، ئەوەی داواکە پێشکەش دەکات دەبێت تاکێک یان پێکهاتەیەک، کۆمپانیایەک یان دامەزراوەیەک بێت،پێویستە قوربانی راستەوخۆی ئەو پێشێلکارییە بێت،سکاڵاکە نابێت گشتی بێت، لە دژی یاسایەک یان جێبەجێکردنی بێت، سکاڵاکە دەبێت لە دژی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک بێت کە میساقەکەیان ئیمزا کردووە، (نابێت لە دژی کەسێک یان دەستەیەکی تایبەت بێت). دادگاکە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی دادوەری کە دەوڵەتێکی ئەندام دەریکردووە یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کارپێکراوەکانی وڵاتێکی ئەندامی نییە. بۆچی دادگاکە لە بەریتانیا مشتومڕی دروستکردووە؟ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە بۆتە هۆی توڕەی حکومەتی بەریتانیا، بۆ نمونە ساڵی (2012) دادگاکە رایگەیاند ناکرێت ئەبو قەتادە، دەستەراستی ئوسامە بن لادن رێبەری تەنزیمی قاعدە رادەستی ئوردن بکرێتەوە بە تۆمەتی تیرۆر،چونکە لەوێ ناتوانرێت دادپەروەرانە حوکمی لەسەر بدرێت، بە پێی رای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی.  لە هەمان ساڵدا، دادگا هەڕەشەی لە بەریتانیا کرد، بەهۆی پابەند نەبوون بە بڕیاری دادوەر سەبارەت بە پێدانی مافی دەنگدانی زیندانییان. لەم دواییەشدا، دادگا بڕیاری راگرتنی گواستنەوەی هاوڵاتییەکی عێراقی بۆ رواندا بۆ سێ حەفتە راگرت، لە دوای بڕیاری کۆتایی دادگاکانی بەریتانیا لە تانەکەی بۆ بڕیاری گواستنەوەی، ئەمە لە کاتێکدا بوو دادگای باڵای لەندەن بڕیاریدا کە دەکرێت لە روانداوە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا ئەگەر تانەکەی سەرکەوتوو بوو، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی رایگەیاند، میکانیزمیكی یاسایی نییە تا جێبەجێی بکەین و زامنی گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە بکات لە وڵاتێکی ئەفریقییەوە. لەم ماوەیەی دواییدا، پەرلەمانتاران و ئەندامانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، داوای کشانەوەی شانشینی یەکگرتوو دەکەن لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی و میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ. سەرۆکوەزیرانی پێشوو (دەیڤید کامیرۆن) دژی داوای ئەندامانی حزبەکەی بۆ هاتنەوە دەرەوە لە ئەنجومەنی ئەوروپی وەستایەوە، بەڵام پێیوابوو کە پێویستە گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردنی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ئەنجامبدرێت، چونکە بە پێی بۆچوونی ئەو هەڵەیە دادگاکە پێچەوانەی دەسەڵاتی پەرلەمانی بەریتانیا بێت. بەڵام بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەرگای بە کراوەیی بەجێهێشت بۆ گریمانەی کشانەوەی لە میساقەکە تا ئاسانکاری بکرێت بۆ گواستنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە. هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیا دەربارەی میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ؟ بەریتانیا یەکەم دەوڵەت بوو لە ساڵی (1951) میساقەکەی پەسەندکرد، لە چوارچێوەی یاساکانی بەریتانیا پارێزگاری لێدەکرا بە پێی یاسای مافەکانی مرۆڤی ساڵی (1998) کە رێگەی دەدا لە دادگاکانی بەریتانیا ئەو مافانەی لە میساقەکەدا هاتووە جێبەجێبکرێت. بەڵام حکومەت بەڵێنیدا دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی مافی مرۆڤ و گۆڕینی بە یاسایەکی تر، ئەمەش دوای بەڵێنی پارتی پارێزگاران بەچاکسازی یاساکانی مافی مرۆڤ دێت لە بەرنامەی هەڵبژاردنیاندا بۆ ساڵی (2019). حکومەت دەڵێت، گۆڕانکارییە پێشنیارکراوەکان ئازادی رادەربڕین بەهێزدەکات، رۆڵی پەرلەمان دەخاتەوە پێگەی باڵای بڕیاردان، بەڵام ئۆپسزیۆن وایدەبینن کە چوارچێوە بۆ تایبەتمەندی و ئازادییەکان دروستدەکات و بوارێکی زیاتر دەدات بە حکومەت بۆ چاودێری هاوڵاتیان.  لە بی بی سی وەرگیراوە.


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   شوناس پەیوەندییەکی قووڵی بە دانپێدانانەوە هەیە. هیچ گەلێک کێشەی شوناسی لەگەڵ خۆیدا نییە گەر کێشەی دانپێدانانی لەلایەن حوکمرانێتییەکەوە نەبێت. هەموو کۆمەڵگایەک کێشەی شوناسی کۆمەڵایەتی و ئایینیی و کولتووریی لەناو خۆیدا هەیە، بەڵام هەموو کۆمەڵگایەک کێشەی شوناسی لەگەڵ خۆیدا نییە. تەنها ئەو گەلانە کێشەی شوناسیان لەگەڵ خۆیاندا هەیە کە بە هەر هۆیەک بێت دەسەڵاتێکی بیانیی دانیان پێدانەنێت و وەک پێکهاتێکی کۆمەڵایەتیی یان ئەتنی یاخود ئایینیی نامۆ و مەترسییدار بۆ شوناسیی نەتەوەیی دەوڵەتی نەتەوەییەکەی نماییشیدەکات. بۆ نموونە کوردبوون لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردی تێدا دەژیی، کێشەیە. کوردبوون هەم کێشەیە بۆ دەوڵەتە مەرکەزییەکان و هەم کێشەیە بۆ کورد خۆی. کوردبوون کێشەیە بۆ دەوڵەتە مەرکەزییەکان، چونکە قەیرانی بۆ چەمکی ناسیۆنالیزمی ئەو ئەتنییانە دروستکردووە کە لەسەر پرنسیپی یەک خاک، یەک نەتەوە دامەزراوە. بە بوونی شوناسی کوریی لەناو جەستەی دەوڵەتی نەتەوەیی شتێک نامێنێتەوە ناوی دەوڵەتی نەتەوەیی پاکژ بێت. بەم چەشنە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردی تێدادەژی لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئەتنی و کولتووریی و زمانییە دەوڵەتی هۆمۆجێن و شێلگیری نەتەوەیی نین. هەر ئەم خاڵەشە بووە بە برینێکی نەتەوەیی ناو جەستەی ناسیۆنالیزمی تورکیی و فارسیی و عەرەبیی. لەلایەکی ترەوە کوردبوون کێشەی بۆ کورد خۆشی بەرهەمهێناوە، چونکە هیچ تاکێکی کورد وەک کەسێکی هەمان خاوەن ماف و خاوەن دەسەڵات و سەروەریی تەماشاناکرێت وەک تاکێکی تورکیی یان عەرەبیی یاخود فارسیی هاوماف و ئازاد نییە. بێگومان قەیرانی شوناس لە ناوخۆی هەموو کۆمەڵگاکاندا بە شێواز و مۆدێلی جیاواز بوونی هەیە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا لە نێوان خۆرهەڵات و بەشە خۆرئاواکەی ئەو دەوڵەتە تاوەکو ئەم چرکەساتەش کێشەی شوناس و  ئابووریی و کولتووریی بوونی هەیە. لە ئەمریکا لە نێوان ئەفرۆئەمریکانەکانەکان و سپی پێستەکاندا بوونی هەیە. لە ئیسپانیا کێشەی شوناسی ئەتنیی نێوان دەوڵەتی مەرکەزیی و کاتالانییەکانمان هەیە، کێشەی ئیرلەندای باکوور و شانشینی یەکگرتووی بریتانیای مەزن هەم رەهەندێکی سیاسیی و هەم رەهەندێکی ئایینی هەیە. لە نوێترین نموونەشدا داننەنانی روسیای پوتین بە شوناسی نوێی ئۆکرانیا یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەم جەنگە مەترسییدارەی نێوان هەردوو دەوڵەتەکە.  لە هەرێمی کوردستانی دوای بەعسیزم جگە لە کێشە هەڵپەسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کێشەی ناوچەیی و ناوخۆیی قوڵمان لە نێوان یەکێتیی و پارتییدا هەیە کە جیاوازیی لە داهات و خزمەتگوزاریی و گوتارە سیاسییەکاندا بەرهەمدەهێنێت. بەبۆچوونی من، لە مێژووی نوێی کوردییدا هیچ کاتێک هێندەی ئەم قۆناغە شوناسی کوردبوون لە قەیراندا نەبووە. کوردبوون نەک بە مانای شەڕواڵ و جامانێ، بەڵکو بەمانای خۆپێناسکردنی تاکێک یان گروپێک بە شوناشێکی کۆمەڵایەتیی ئەنترۆپۆلۆژیی کە رەهەندێکی سیاسیی، کولتووریی و مێژوویی هەیە. کوردبوون ئەمڕۆ لەنێوان چەندین ئاراستەی جیاواز و ناکۆکدا دابەشبووە، پارتی مۆدێلێکی کوردبوونی بەرهەمهێناوە کە چەقی وەلائەت تیایدا بۆ نیشتیمان نییە، بەڵکو بۆ بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی دیاریکراوە. بۆیە کوردبوون لای پارتی کاتێک دەبێت بە مەزایا و ئیمتیازێکی کۆمەڵایەتیی کە موریدێکی گوێڕایەڵی شێخانی ئەو خێلە سیاسییە بیت. لای یەکێتیش شوناسی کوردبوون بە یەکێتییبوونەوە تێکهەکێشکراوە و یەکێتییبونیش بە بنەماڵەی تاڵەبانیی. یەکێتییبون جگە لەوەی وەک پارتییبوون لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوچە و جوگرافیایەکی دیارییکراودا قەتیسماوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پرنسیپە بنەماڵەییەکانی پارتیی بۆ کوردبوونیش نەماوە. لای هێزە ئیسلامییەکانیش بە میانڕەو و توندڕە و ئیخوانیی و سەلەفییەکانەوە ئیسلامییبوون چەندین رەهەندی جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەکی هەیە، بەڵام خاڵی بنەڕەتی نێوانیان قورئانە کە سەرچاوەی شەرع و یاسایە. کۆمەڵگای کوردیی لەمڕۆدا کێشەی شوناسی نوێی هەیە کە پارتی و یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی تر نە لێیتێدەگەن و نە دەشیانەوێت کاری تێدابکەن، بۆ نموونە پرسی سوناس و ئینتیما لای نەوەی نوێ و پرسی جێندەر و ژینگە کە بوونەتە بەشێک لە وشیاری نەوەی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان. گەر شوناسی کوردیی لە دەسەڵاتدارێتی بەعسیزمدا لەژێر مەترسییەکی گەورەدا بووبێت، ئەوا شوناسی کوردیی لەژێر دەسەڵاتدارێتی کوردییدا لە قەیرانێکی گەورەدایە. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا کۆمەڵگای کوردیی بە قۆناغی زۆر مەترسییداردا تێپەڕی و دەسەڵاتی مەرکەزیی بەردەوام کاری لەسەر دەستکارییکردن و سڕینەوە و گۆڕانی شوناسی کورد دەکرد. دوای قۆناغی دورستکردنی ناوچەی قەدەغەکراو و ڕاپێچکردنی دانیشتوانی گوندەکان بۆ ناو ئۆردوگاکان شتێک نەما بەناوی جوتیاری کورد بێت. ستراتیژی بەعسیزم زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو، کورد تەنها کاتێک مافی مانەوەی هەیە کە نەبێت بە پێکهاتێکی سیاسیی. بۆ ئەم مەبەستەش بەعس دەستکارییەکی قووڵی شوناسە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردیی دەکرد و هیچ گروپێکی کۆمەڵایەتی نەما کە بەعس دەستکاری شوناسە چینایەتییەکەی نەکردبێت. لە سەردەمی بەعسەوە تادەگاتە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیی سیاسەتی شوناس بە دوو قۆناغی جیاوادا تێدەپەڕەت. لە کاتێکدا بەعس شوناسی جوتیاری کوردی نەهێشت و زۆرینەیانی کرد بە جاش و قاچاخچیی و بێکاری ناو ئۆردوگاکان، دەسەڵاتی کوردییش بە کردنی زۆرینەیان بە پۆلیس و پێشمەرگە و ئاساییش، رێگر بوو لە دروستکردنەوەی ئەو شوناسە کۆمەڵایتییە سروشتییە. هەردوو پرۆسەکە کوشتنی شوناسی کۆمەڵایەتیی جوتیاری کورد بوو بە مۆدێل و فۆرمی جیاواز. گەر سەردەمانێکی دوورودرێژ مرۆڤ لەڕێگای ئایینەکەی یان مەزهەبەکەیەوە پەیوەندارێتیی (ئینتیما) بۆ گروپەکەی هەبووبێت و شانازیی پێوەکردبێت، و ئەوا لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم لەڕێگای ئایدیۆلۆژیاوە شوناسی کۆمەڵایەتیی بۆ خۆی دروستدەکرد. لەمڕۆشدا زاراوەی شوناس یان سیاسەتی شوناسسازیی دابەشبووە بۆ چەندین پارچەو کەرتی جیاجیا، چونکە کۆمەڵگا خۆی دابەشبووە بەسەر چەندین کوانو و گەردیلەی کۆمەڵایەتیی.  هەموو ئەو ئایین و ئایدیۆلۆژیا عەلمانییانەی کە هەوڵدەدەن کۆمەڵگایەکی پاکژ دروستبکەن، لەهەناوی خۆیاندا سڕینەوەی هەموو شوناسەکانی تریان هەڵگرتووە کە بە نەیار یان دوژمن یاخود نامۆ بە شوناسە پێناسکراوەکەی خۆیان دەیبینن.  نە کوردبوون لەخودی خۆیدا شەرمە و نە عێراقییبونیش، ئەوەی وامان لێدەکات ئەم شوناسانە بە نەنگیی یان پیرۆز بزانین ئەو دیدگا ئایدیۆلۆژییانەیە کە بڕوای بە فرەیی کۆمەڵگا نییە. هەم کۆمەڵگای عێراقیی کۆمەڵگایەکی مۆزاییک ئاسایە و هەم کۆمەڵگای کوردییش فرەشوناسە. بەعسیزمیش تاکە پرۆژەیەکی سیاسیی تۆتالیتێر بوو کە هەموو شوناسە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیی و کوردیی لەناو پرۆسەی بەعسییبووندا سڕییەوە. زۆرینەی ئەو کێشانەی کە ئێستا کورد لەناو عێراقدا هەیەتی و عێراقیش لەگەڵ خۆیدا هەیەتی، چەندە بەرئەنجامی هێزگەلێکی نادیموکراسی و دژەفرەیی ناو جیهانی عەرەبیی و عێراقیین، ئەوەندەش بەرهەمی سیاسەتی بێشوناسی پارتیی و یەکێتیین.  


درەو: راپۆرتی: روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ  خوێندكارێكی زانكۆ  دەڵێت " مامۆستاكەم نمرەی وانەكەمی كەمكردەوە لەبەر ئەوەی رازی نەبووم خواستە سێكسیەكانی جێبەجێبكەم" كچێك دەڵێت: لەبەرامبەر پێدانی دەرمان بۆ دایكە نەخۆشەكەم كارمەندی نەخۆشخانەكە داوای سێكسی لێكردم"  مامۆستایەك دەڵێت بەرێوەبەری قوتابخانەكەم داوای سێكسی لێكردم" ئەمانە بەشێكن لە راپۆرتێكی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە شایەتحاڵەكان خۆیان قسەیان كردووە.  روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی لە زۆربەی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان و تەنانەت لە ماڵەکانیشدا  لە زیادبووندایە بە پێی قسەی شایەتحاڵ و قوربانییەکان. روانگەی عێراقی، گوێبیستی شایەتحاڵەکان بووەو چەندین چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، ژن، پیاو، هەروەها کارمەندانی ئاسایش و ڕۆژنامەنوس و مامۆستا قسەیانکردووە، وردەکاری رووداوەکانی هەراسانی سێکسیان خستۆتەروو کە لە نەخۆشخانەو زانکۆکان و قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان و کەرتی تایبەت و هەروەها دەزگاکانی راگەیاندن روویانداوە. هەموو قسەکەرەکان داوایانکردووە کە ناویان نەهێنرێت و زانیارییەکانیان بەجۆرێک ئاشکرا نەکرێت، ببێتە هۆی ناسینەوەیان یان ناسینەوەی ئەنجامدەرانی حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی، لەترسی کۆمەڵگەو و بەدواداچوونی خێڵەکی.  "چارەسەر لە بەرامبەر سێکسدا" ژنێک کە داوای کرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە روانگەی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ دایکە تووشبووەکەی بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی  (اڵامل) لە بەغداد، لە لایەن کارمەندێکی نەخۆشخانەکەوە داوای سێکسی لێکراوە بەرامبەر پێدانی دەرمان و چارەسەر بە دایکی، هەروەها دەڵێت: " چارەسەری دایکم لەسەر ئیمزایەکی ئەو وەستابوو، بیرم لە چارەسەری کێشەکە دەکردەوە،بە باوکیشم نەوت تا کێشەکە گەورەتر نەبێت،ترساشم زەرەر لە دۆخی تەندروستی دایکم بەم ئەگەر بە فەرمی شکات بکەم، چونکە بەرپرسان لەگەڵ هاوڵاتیاندا نین، بۆیە بێدەنگبووم." دوای رۆژێک لە رووداوەکە دایکی کۆچی دوایی کرد. هەروەها وتی:" دوو جاری تریش حاڵەتی هەرسانکردنی سێکسیم بەسەرداهاتووە، یەکەمیان، لە لایەن مامۆستایەکی زانکۆوە بوو، نمرەی زانستی وانەکەی کەمکردبووەوە، چونکە رازی نەبووم هەراسانم بکات، هەرچەندە لە پلەی دووەمدا بووم لە هەردوو قۆناغی بەکالریۆس و ماستەریشدا." لەگەڵ ئەوەشدا ئەم (سزادانەم) کەمتر بوو لەوەی هاوڕێیەکم سزا درا "مامۆستاکەی هەراسانی کردبوو، ئەویش وەڵامی نەدابووەوە بۆیە لە وانەکەیدا دەرینەچاند" حاڵەتی دووەم کە تیایدا رووبەرووی هەراسانکردن بۆتەوە کاتێک بووە کە داوای کاری پەیامنێری پێشکەش بە یەکێک لە کەناڵە ئاسامانییەکان کردووە: "لە لایەن سەرۆکی پەیامنێرەکانەوە هەرسانکرام، سەرەڕای تواناکەم بە ناچاری لە کارەکە کشامەوە." رۆژنامەنووسێک قسەی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد، داوای کرد ناوی خۆیی و ئەو دامەزراوەیەی کاری بۆ دەکات نەهێنرێت، پەیامێکی دەنگی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ناردووە: "بەڕێوەبەرێک لە دامەزراوەکەمان هاوڕێیەکمانی هەراسان کرد لە ناو شوێنی کارکردنماندا، هاوڕێکەمان دەستی بە لێدانی بەڕێوەبەرەکە کرد، بۆیە لە کارەکەی دەرکراو تۆمەتبارکرا بە درۆو دزینی پارە لە جانتای کچە هاوڕێکانی." "مامۆستایەکی زانکۆ بەزۆر دەست بۆ سنگی کچە خوێندکارێک دەبات" لە زانکۆی بەغداد، خوێندکار (ز.خ) لە ژووری یەکێک لە مامۆستاکاندا رووبەرووی هەراسانکردنی سێکسی بووەوە، هاوڕێیەکی چیرۆکەکە دەگیڕێتەوە:"چووە ژورەکەی تا پرسیارێکی لە بارەی وانەکانییەوە لێبکات، مامۆستاکە دەستی بۆ سنگی برد، لای سەرۆکی زانکۆ شکاتی لێکراو بۆ ماوەی ساڵێک لە وانەوتنەوە دورخرایەوە." هاوڕێکەی کە خەریکی خوێندنی ماستەرە و داوای کرد ناوی نەهێنرێت تا لە کێشە دوربێت، دەڵێت:"مامۆستایەک لە هەمان کۆلێج شەوێکی درەنگ پەیوەندی بە هاوڕێیەکمەوە دەکات و داوای لێدەکات کە سنگی بە روتی و شوێنە هەستیارەکانی تری جەستەی پیشان بدات، پاشان بیانوی بۆ ئەم پەیوەندییە ئەوە بو کە دەرمانێک وەردەگرێت کاریگەری لەسەر هۆشی دەکات." ئەم حاڵەتە "بە راگرایەتی کۆلێج و سەرۆکایەتی زانکۆ رانەگەیەنرا، چونکە یەکەم حاڵەتێکی نامۆ نەبوو وەک ئاسایی لێهاتبوو،هەموو دەیانزانی، وە جگە لە کێشە و ناوبانگی خراپ هیچی بۆ خوێندکارەکە نەدەهێنا سەرەڕای ئەوەی کە قوربانی بوون، بۆیە زۆرینە وای بە باش دەزانن کە بێدەنگی هەڵبژێرن، وە کەمن ئەوانەی کە بوێری دەکەن و بە فەرمی شکات دەکەن، ئەمانیش لای کەس باسی ناکەن ئەوانە نەبێت کە متمانەیان پێیانە تا ئامۆژگاریان بکەن و هاوکاریان بن." بە پێی وتەی خوێندکارێکی شایەتحاڵی رووداوی هەراسانی سێکسی. بە پێی ئەو شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ کردووە و ئەو چاوپێکەوتنانەی ئەنجامدراوە، قوتابخانەکانیش حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسیان تیادا روودەدات،مامۆستایان و خوێندکارانیش وەک یەک روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە. لە بەغداد، مامۆستایەک بە روانگەی عێراقی وت:"بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان داوای لە مامۆستایەکی هاوڕێیان کردووە کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێ، بەڵام رەتیکردۆتەوە بۆیە تەنگی پێهەڵچنیوە تا بێزار بووەو داوای گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی تر کردووە، ئەو مامۆستایە لە ناو خوێندکارەکاندا بە (مامۆستا سێکسییەکە) ناسراوە، چونکە داوی لێکردوون کە گرتەی سێکسی بۆ تەلەفۆنەکەی بنێرن." روانگە گوێی لە تۆمارێکی دەنگی گرت، دەیسەلمێنێت کە مامۆستایەک لە پارێزگای دیوانیە داوا لە یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی دەکات پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکهێنرا، رۆژنامەنوسێک هەموو بەڵگەکانی گەیاندە نوسینگەی وەزیری پەروەردە. خوێندکارێکی قوتابخانەیەکی ئێواران دەڵێت، هاوڕێکانم کە تەمەنیان لە خوێندکارانی بەیانیان گەورەترە " واز لە هەراسانکردنی مامۆستایەک ناهێنن کە خۆبەخشانە وانەمان پێدەڵێت، بێ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە گرنگی بەم بابەتە بدەن." بەلسەم مستەفا، توێژەر لە زانکۆی واروکی بەریتانی و چالاکوانی بواری ژنان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:" لێکۆڵینەوەکانی زانستی دەروونناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە رەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز چواردەوری هەراسانکردنی سێکسی بە هەموو شێوەکانییەوە داوە، بۆیە کچان و ژنان لە کاتی روبەروبوونەوەیان بە هەراسانی سێکسی بێدەنگی هەڵدەبژێرن و بە هیچ کەسی راناگەیەنن کە توشی هەرەسانکردنی سێکسی بوونەتەوە." هەروەها دەڵێت: "بە کەم سەیرکردنی ژنان بەهۆی کلتورێکی پیاوسالاری باڵادەستەوە، قوربانییەکە تاوانبار دەکات، ئەمەش بڕوابەخۆبوون و هەستکردن بە ئارامی نامێنێت، ترسی ئەوەی دەبێت کە سەرزەنشت بکرێت و سزابدرێت، هەمو ئەمانە پێویستی بە دانانی یاسای بەهێز هەیە هاوشانی هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەیی بۆ گۆڕینی چەمکە باوەکان و بەهێزکردنی ڕۆحی پشتیوانی لەگەڵ ژنانی عێراق."   "کارمەندەکانی پۆلیس مامەڵە دەکەن" لە هەمان چوارچێوەدا پۆلیسێک بە ناوی (ع.م) رووداوێکی مامەڵەی گێڕایەوە: ژنە سوڵکەرێکی عەرەب لە لایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسەوە دەستگیرکرا، هیچ پەڕاوێکی فەرمی و نیشتەجێبوونی پێ نەبوو "پیش ئەوەی سەروو خۆمانی لێئاگادار بکەینەوە و حاڵەتەکەیان پێرابگەیەنین، ژنەکە بە دەموچاوییەوە ترسێکی زۆر دیار بوو، بەرپرسەکە داوای کرد کە سێکسی لەگەڵ بکات لە بەرامبەردا ئازادی دەکەن، لە راستیشداهەر ئەو روویدا." بە پێی شایەتی پۆلیسەکە "ئارامی لە ناو ماڵەکانیشدا نیە" لە چێشتخانەو بازاڕەکان، باخچە گشتییەکان، شەقام و ئۆتۆمبیلی کرێ، هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، تەنانەت لە هەندێک شوێن کە سروشتی ئاینیییان هەیە، هەندێک کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ و لە تەمەنە جیاوازەکاندا بە روانگەی عێراقی بۆ مەفەکانی مرۆڤ دەڵێن: " لە لایەن کرێکار،پیادە، شۆفێرەکان، پیاوە بە تەمەنەکان، روبەڕووی حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی وگوفتاری بوونەتەوە،  لەگەڵ ئەوەی قوربانییەکان بەتەنهاش نەبوون لە کاتی روودانی هەراسانکردنەکەدا و جلەکانیشیان فراوان  بووە." "باوک و براکان هەراسانکەرن" بوونی کچ و ژنەکان لە ماڵەوە مانای ئەوە نییە پارێزراون لە هەراسانکردن، هەندێک جار لە لایەن باوک و براو خزمەکانیانەوە روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە تا دەگاتە ئاستی پەلاماری سێکسی و ئەنجامدانی سێک لە ژێر فشار و هەڕەشەدا." لەسەر بنەمای ئەوشایەتی و وتانەی کە روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ گوێبیستی بووە، زۆربەی قوربانییەکان وای بە باش دەزانن بێدەنگ بن بۆ دورکەوتنەوە لە (کێشە و ناوبانگی خراپ و رەتکردنەوەیان لە لایەن کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا نەبوونی بڕوا بە دادگاکان و بنکەی پۆلیس و سەختی سەلماندنی رووداوەکان لە بەردەمیاندا، چونکە ئەم سەلماندنە شەرمەزاریی دەهێنێت و ئەمەش درێژدەبێتەوە بۆ خێزانی قوربانییەکە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپەرستدا کە چەمکی پیاوسالاری و داب و نەریتی توندی خێڵەکان زاڵن لە کەیسەکانی شەرەفدا." "خێڵ لە بری دادگاکان کێشەکان کۆتایی پێدێنێ" ماددەی (396)لە یاسای سزادانی عێراقی، (7)ساڵ زیندانی داناوە بۆ ئەو کەسەی کە بە تۆمەتی هەرسانکردنی سێکسی بە هێز یان هەڕەشە یان هەڵخەڵەتاندن تاوانبار دەکرێت،سزاکە توندتر دەبێت بۆ (10)ساڵ ئەگەر ستەملێکراو خوار تەمەنی (18) ساڵ بوو، لە کاتێکدا ماددەی (402) لە هەمان یاسادەلێت کە "هەراسانکردن بە داواکاری" سزاکەی (3)مانگە یان غەرامە، وە ئەگەر داواکەی دووبارە کردەوە سزاکە زیاد دەبێت بۆ(6) مانگ، شارەزایان وایدەبینن ئەمە بەس نییە تا وەک پێویست رێگری بکەین لە هەراسانکردن.   ماڵپەری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە راپۆرتێکی (15 ئەیلول 2019) لەزاری دادوەر سیما‌و نەعیم هوەیم  لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی بەغداد ، دەڵێت:"دادگاکان کەیس و شکاتی زۆرمان لەسەر حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی بۆ دێت، بەڵام زۆرینەی کەیسەکان بە سوڵحی عەشایری کۆتایی پێدێت، موحافیزکاری کۆمەڵگەی عێراقی هۆکاری گەڕانەوەیە بۆ سوڵحی عەشایەری." "یاسایەکی تازە زۆر پێویستە" عەلی تەمیمی پسپۆری بواری یاسا، لە وتەیەکیدا بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:"  پێویستییەکی بەپەلە هەیە یاسایەكی نوێ دەربكرێت، كە ماددە یاساییە پەرش و بڵاوەكان كۆبكاتەوە، بۆ رێگریكردن لە هەراسانكردن، كە بووەتە دیاردەیەكی باو لە عێراق، بە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە هەروەها پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان حاڵەتەکانی هەراسانکردنی زیاترکردووە." روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە دەسەڵاتی باڵای عێراق دەکات بەدواداچوون بکات و چالاککردنی رێکارە یاساییەکان دژی هەراسانکاران و تەرخانکردنی خەڵکانی راهێنراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی هەراسانکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی تاوانباران لە سزا رزگاریان نابێت، هەروەها پاراستنی نهێنی ناسنامەی ئەو راپۆرتی تاوانی هەرسانکردنی داوە.  هەروەها روانگە داوا لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكات كە هاوكار بن لە دانانی یاسای توندتر بۆ رێگریكردن لە هەراسانكاران و رێگەنەدان بە دەربازبوون لە سزا تەنها لەبەر "سوڵحی عەشایەری"، بەتایبەتی ئەگەر كارمەندی حكومەت بن، روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ دووپاتی كردەوە كە ئەم پرسانە بە توندی كاریگەری لەسەر دەروونی قوربانیان هەیە و كاریگەری لەسەر داهاتووی خوێندن و كاركردنیان هەیە تا دەگاتە ئاستی كۆچكردن و خۆكوشتن.


 درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق لیژنەیەكی باڵای درووستكردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم و داوا لە كۆمپانیا نەوتیەكان دەكات لە هەرێم كارنەكەن: 🔹ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم كاردەكەن دەبێت  بەڵێننامەیەك پڕبكەنەوە كە نابێت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كاربكەن چونكە پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیە.  🔹 ئەگەر ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێم كاردەكەن و لە ئێستادا پرۆژەیان هەیە، دەبێت لەماوەی سێ مانگدا كارەكانیان تەواو بكەن. 🔹 ئەگەر ئەو كۆمپانیانەی لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم كاردەكەن پابەند نەبن بە خاڵی یەكەم و دووەم، ئەوا لەلایەن بەغداوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوەو نابێت كاریان لەگەڵدا بكرێت .  


راپۆرت: درەو-ئالان بەرزنجی دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، عێراق لە بنبەستی سیاسی دەرباز دەبێت یان دەكەوێتە ناو بنبەستێكی ترەوە بە روخسارێكی نوێوە ؟ سەدر لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بەڵام لە حكومەتی كازمیدا هێشتا باڵادەستە، ئەو بەر لە كشانەوە لە پەرلەمان بودجەیەكی بۆ حكومەتی كازمیی پەسەندكردووە، هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی) بۆچونیان جیاوازە، حەلبوسی كە خەونە گەورەكەی بەدیهاتووە هەرزوو ماڵئاوایی لە سەدر كرد، بەڵام بارزانی هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا لەگەڵ مالیكی جارێكی تر دەچێتەوە ناو هاوپەیمانێتیی یاخود نا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  حكومەتی هەیە؛ پەرلەمانی بۆچییە ! دوای زیاتر لە (8) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن (سەدر) نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت دروست بكات‌و دواجار (75) پەرلەمانتاری خۆی لە پەرلەمان كشاندەوە.   بڕیاری سەدر بۆ كشانەوە لە پەرلەمان دوای پەسەندكردنی یاسای (پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراك) هات لە پەرلەمانی عێراق، یاسایەك كە وەكو  بودجە بۆ حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی تەماشا دەكرێت.  هەوڵی سەدرییەكان بۆ پەسەندكردنی ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە وا لێكدرایەوە سەدر بەنیاز نییە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست بكات‌و رێگاش نادات نەیارەكانی لەناو ماڵی شیعە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی) حكومەت دروست بكەن، واتا سەدر دەیەوێت حكومەتی (مستەفا كازمی) وەكو خۆی بەردەوام بێت، حكومەتێك كە خۆی دەستی باڵای تێدا هەیە، ئەمە وەكو تۆڵەیەك بۆ مالیكی‌و دۆستەكانی كە لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە (یەك لەسەر سێی) پەكخەریان لەناو پەرلەمانی عێراق كرد‌و خەونەكەی سەدریان كرد بە سەراب.  فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری پێشوو كە یەكێك لە سیاسییە دیارەكانی عێراق لە تویتێكدا دەڵێ"  گرنگترین شت كە سەدر ویستی لەرێگەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانییەوە بیڵێ‌و تائێستا بەشاراوەیی ماوەتەوە‌و كەس باسی نەكردووە ئەوەیە: سەدر دەڵێ من پێویستم بە پەرلەمانەكەتان نییە، كازمیم بەسەو حكومەتیش حكومەتی خۆمە..". سەدر لەكاتێكدا لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بەڵام هێشتا لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەردەوامە‌و بەشدارە لە حكومەتی كاربەڕێكەردا، واتا دیمەنەكە بەوشێوەیە نییە سەدر بەتەواوەتی دەستی لە گۆڕەپانە سیاسییەكە هەڵگرتبێت بۆ نەیارەكانی.   هەوڵی گەڕانەوەی سەدر بۆ پەرلەمان جموجوڵەكان لە بەغدادەوە ئاماژە بەوە دەكەن لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەروەها لەلایەن بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارو فایەق زێدانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە هەوڵێك هەیە بۆ قایلكردنی سەدرو پاشگەزكردنەوەی لە بڕیاری كشانەوە لە پەرلەمان.  ئەوانەی هەوڵی گەڕانەوەی سەدر دەدەن بۆ پەرلەمان پێیانوایە بەبێ ئەو حكومەتی نوێ لە عێراق پێكنایەت، ئەگەر حكومەتیش دروست بكرێت بەهۆی فشارەكانی سەدرەوە ناتوانێ بەردەوام بێت. ئەمە رەهەندی سیاسی بڕیارەكەی سەدرە، بەڵام لە رەهەندی یاساییەوە گەڕانەوەی ئەندامانی سەدر بۆ ناو پەرلەمان كارێكی ئەستەمە، چونكە بەگوێرەی ماددەی 12ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا بە (دەستلەكاركێشانەوە) پەرلەمانتار ئەندامێتییەكەی لەدەستدەدات، پەرلەمانتارانی سەدر دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان كرد‌و ئەویش ئیمزای لەسەر كرد، حەلبوسی دوای ئیمزاكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان وتی" تەنیا بە دەستلەكاركێشانەوە پەرلەمانتار ئەندامێتی لەدەستدەدات، ئیتر پێویست بەوە ناكات پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات".  لەحاڵی دەستبەكاربوونی ئەو كاندیدانەی كە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر دەگرنەوە، ئەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ ناو پەرلەمان لەڕووی یاساییەوە لاوازتریش دەبێت، چونكە لە ئەگەری پاشگەزبونەوەی لە بڕیارەكەی‌و گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، پەرلەمانتارە نوێیەكان دەتوانن سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی پێشكەش بكەن، بەوپێیەی دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان لەڕووی یاساییەوە قۆناغی كۆتایی خۆی بڕیوە‌و توانای گەڕاندنەوەی نییە. لیستی بەرایی ناوی ئەو كاندیدانەی كە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر دەگرنەوە دەریدەخات، رێژەی 60%ی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پڕدەكرێنەوە كە نەیاری سەرسەختی سەدرن، ئەمانە كە هەر لە بنەڕەتەوە لە دەرەنجامی هەڵبژاردن ناڕازی بوون، ئێستا دەرفەتیان بۆ هاتوەتە پێش باری لاری ئەنجامەكانیان راست بكەنەوە‌و قایل نابن بە گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ پەرلەمان.  ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات چارەسەری بنبەستی سیاسیی نییە، بنبەستێكی ترە بە روخسارێكی نوێیوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) كە لەهەشت مانگی رابردوودا لەرێگەی دروستكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ەوە لەناو پەرلەمان رێگرییان كرد لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن سەدرو هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی)، ئێستا دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە خۆیان حكومەت دروست بكەن، بەڵام هێشتا مەترسییەكانیان لە كاریگەریی سەدر لەسەر پرۆسەكە نەڕەویوەتەوە.  سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە باسلەوە دەكەن، دوو ئاڕاستەی بیركردنەوە لەناو چوارچێوەدا هەیە، ئاڕاستەیەك داوا دەكات دۆخەكە لەگەڵ سەدر ئارامبكرێتەوە‌و لەرێگەی دەستپێشخەرییەكەوە قایل بكرێت بەوەی چاو بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە، ئەمە بۆ ئەوەی رێگەخۆش بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە تێكەڵەیەك بێت لە حكومەتی "زۆرینە"‌و حكومەتی "تەوافوتی" كە خاڵی سەرەكی ناكۆكیی هەردوو بەرە نەیارەكەی ناو ماڵی شیعەیە، ئاڕاستەیەكی تر لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی هەیە كە توندڕەو ترەو داوا دەكات، تاوەكو دواین سات بەردەوام بن لە روبەڕووبونەوەی سەدر‌و بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ كشانەوەی لە پەرلەمان بكەن‌و كورسییە بەتاڵەكانی پڕبكەنەوە. سەرباری بەربەستە یاسایی‌و سیاسییەكان، هێشتا هەندێك چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەدرییەكان دەكەن بۆ پەرلەمان، ئەمەش لە وڵاتێكدا كە تەنیا لەپێناو سازانی سیاسیدا بەردەوام دەستورو یاسا كارپێكراوەكان پێشێل دەكرێت.  ناسەقامگیریی سیاسیی سەدریش هۆكارە بۆ ئەوەی پێشبینی گەڕانەوەی بۆ ناو پەرلەمان بكرێت، ئاخر ئەو بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 وتی هەڵبژاردن بایكۆت دەكات‌و بەشداری ناكات، بەڵام دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا گەڕایەوە بۆ ناو پرۆسەی هەڵبژاردن‌و زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بردەوە.  خەونی گەورەی سەدر ئەوەیە دەستی بە "مەرجەعیەتی باڵای ئاینی شیعەكان" بگات، رێگای سیاسەتی گرتوەتە بەر بۆ گەیشتن بەم خەونە، بۆیە هەمیشە لای ئەو سیاسەت قوربانی دەدات لەپێناو دیدە ئاینییەكەدا.   بارزانی‌و حەلبوسی چی دەكەن ؟  سەرباری ئەوەی هاوپەیمانەكانی سەدر واتا (بارزانی‌و حەلبوسی) قایل بوون بە كشانەوەكەی سەدر لە پەرلەمان، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی بڕیاری خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دەچنە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یاخود نا، بڕیارە بارزانی‌و حەلبوسی دیدارێكی تر بكەن‌و قسەی خۆیان یەكلابكەنەوە.   حەلبوسی براوەی یەكەمی ململانێ سیاسییەكانی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بوو، ئەو خەونی گەورەی ئەوە بوو جارێكی تر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە، هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدرو بارزانی ئەم خەونەی بۆ بەدیهێنا،  لەڕاستیدا هاوپەیمانی سێقۆڵی تەنیا ئەم پۆستەی پێ پڕكرایەوە، پۆستی سەرۆك كۆمار كە بۆ پارتی بوو، هیچی لێ سەوز نەبوو، سەرۆكایەتی حكومەتیش كە دەبوو لای سەدر بێت، لەلایەن سەدرەوە خۆیەوە كرا بە قوربانی مانەوەو بەردەوامبوونی حكومەتی مستەفا كازمیی‌و شكاندنی نەیارەكانی  لە شەقامی شیعەدا. پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەناو  پێكهاتەی سوننەدا واتە رێبەری سیاسیی ژمارە (1)ی پێكهاتەكە، حەلبوسی نایەوێت ئەم خەونە بەدیهاتووە بخاتە ناو گرەوێكی ترەوە، بۆیە پێش بارزانی قسەی خۆی كرد‌و وتی: كورسییەكانی سەدر لە پەرلەمان پڕدەكرێتەوە‌و پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە‌و كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ دەكەن.   بەڵام بارزانی هێشتا قسەی كۆتایی خۆی نەكردووە، ئەو تەنیا بەوەوە راوەستا كە لە تویتێكدا بڵێ" رێز لە بڕیارەكەی سەماحەتی سەید موقتەدا دەگرین". بارزانی لە هەشت مانگی رابردوودا بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەیەوە لەگەڵ سەدر، هەم حزبەكەی (پارتی دیموكراتی كوردستان)‌و هەم هەرێمی كوردستانیشی روبەڕووی چەندین فشاری ناوخۆیی‌و دەرەكی كردەوە، سەرەكیترینیشیان بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان. ئێستا بارزانی لەبەردەم دوو بژاردەدایە، گفتوگۆ لەگەڵ نەیارەكانی دوێنێ (چوارچێوەی هەماهەنگیی بە سەرۆكایەتی مالیكی)‌و  پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ یاخود بەردەوامبوون لەگەڵ سەدرو هەوڵدان بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و درێژەدان بە تەمەنی حكومەتی كازمیی كە دڵخوازی خۆیەتی‌و ئەم هەنگاوە رەنگە فشارەكانی بەغداد بۆ ماوەیەك لەسەر هەرێمی كوردستان لاوازتر بكات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە وەزارەتی نەوت‌و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی.  سەرباری ئەوەی حەلبوسی هەرزوو رەتیكردەوە بژاردەی هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان‌و سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لەئارادا بێت، بەڵام ئەم بژاردەیە هێشتا پەردەی بەسەردا نەدراوە‌و دەكرێت لە هەر كاتێكدا كارا بكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تەبەنی بكەن‌و لەم رێگەیەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو جڵەوەی شەقامی ناڕازیی شیعە لەدەستی سەدر وەربگرنەوە.     


   شیكاری: درەو ئەگەر ڕۆژی 23ی 9ی 2019، هاوڵاتییەک (ملیۆنێک) دیناری بۆ کڕینی سەرجەم شمەک و پێداویستییەکانی مانگێکی خێزانەکەی خەرجکردبێت. ئەوا ئەمڕۆ هەمان هاوڵاتی بۆ هەمان ئەو شمەکانەی لە ساڵی (2019) کڕیویەتی، بچێت بۆ بازاڕ پێویستە (ملیۆنێک و 440 هەزار) دیناری پێبێت. ئەمە کاتێدایە داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان بەراود بە (10) ساڵی ڕابردووە (52%) کەمی کردووە. خەرجی و داهاتی مانگانەی تاک و خێزان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی (2/10/2021) دکتۆر هەڤاڵ ئەبو بەکر پارێزگاری سلێمانی زینجیرەیەک ئاماری لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند؛ "پارێزگای سلێمانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بە پشتبەستن بە ئامارو کێوماڵە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتەکانی پلاندانان لە حکومەتی ئیتحادیی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لێکۆڵینەوەیەکی ئاماریی بەراوردکاریی لەنێوان ساڵانی (١٩٩١ بۆ ٢٠٢١)، واتە ماوەی (30) سی ساڵی ڕابردوودا کردووەو تەواوی سێکتەرە جیاجیاکانی تێدا ئاماژە پێکراوە. لە بەشێکی ئامارەکانیدا ئاماژە دراوە بە "داهات و خەرجی تاک" لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2021) تێكڕای خەرجی مانگێکی خێزان (ملیۆنێک و 123 هەزار) دینارە، تێكڕای خەرجی مانگێکی تاكەکەس (234 هەزار) دینارە.  تێكڕای داهاتی مانگێکی خێزان (842 هەزار و 400) دینارە، تێكڕای داهاتی مانگێکی تاكەکەس (187 هەزار و200) دینارە. بەم پێیەش داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک بڕی (280 هەزار و 600) دیناری کەمترە لە خەرجییەکانی، وەک چۆن خەرجی هەر تاکێکیش بڕی (46 هەزار و 800) دیناری زۆرترە لە داهاتی مانگێکی. ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی (2012) لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم (عەلی سندی -وەزیری پلاندانانی هەرێم) ڕایگەیاند داهاتی ساڵانەی تاک لە هەرێمی کوردستان (4 هەزار) دۆلاری تێپەڕاندووە، واتە مانگانە (333) دۆلاری مانگانە، لەو کاتەدا بەهای (1) دۆلاری ئەمریکی (هەزار و 166) دینار بووە، واتە داهاتی مانگانەی تاک بە دینار بریتی بووە لە (388 هەزار و 666) دینار بووە. بەم پێیەش داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان لەساڵی (2021) بەراورد بە ساڵی (2012) بڕی (201 هەزار و 466) دینار و بەڕێژەی (52%) کەمی کردووە. (بڕوانە خشەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی هێزی کڕین پاڵپشت بەو داتاو زانیارییانەی بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی/ سلێمانی، ڕۆژانە نرخی دراوو خۆراک لەبازاڕەکانی سلێمانی تۆمار دەکات، درەو دوو تۆمارەی جیاوازی بەڕێوەبەرایتییەکەی بەراورد کردووە کە لە (23/9/2029)ەو (13/6/2022) تۆماری کردوون (بڕوانە (هاوپێچی یەکەم و دووەم))، بەپێی ئامارەکە؛ نرخی سەرجەم کەل و پەل و دراوەکان بەڕێژەی جیاواز بەرز بوونەتەوە. ئامارەکان بە جۆرێکە بە تێکڕای ئەو نمونانەی درەو وەریگرتوون بە ڕێژەی (44%) بەزبوونەتەوە. بە واتایەکی تر ئەگەر ڕۆژی 23ی 9ی 2019، هاوڵاتییەک (ملیۆنێک) دیناری بۆ کڕینی سەرجەم شمەک و پێداویستییەکانی مانگێکی خێزانەکەی خەرجکردبێت. ئەوا ئەمڕۆ هەمان هاوڵاتی بۆ هەمان ئەو شمەکانەی لە ساڵی (2019) کڕیویەتی، بچێت بۆ بازاڕ پێویستە (ملیۆنێک و 440 هەزار) دیناری پێبێت. بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) نرخی شمەک و دراو لە نێوان (23/9/2019) (13/6/2022) هاوپێچی یەکەم هاوپێچی دووەم  


درەو: پ.ی.د. كارزان محەمەد، مامۆستای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی/ گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی هاتنەئارای قۆناغی گڵۆباڵیزم و گەشەكردنی ئامرازەكانی پەیوەندی، وێرای لایەنە ئەرێنییەكانی كە خێراتركردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی داتا و بیروبۆچوونە، جیهانی بەرەو ئەو گوندە ئەلیكترۆنییە ئاڕاستە کرد كە “مارشاڵ مەك لۆهان” Marshal Macluhan)) ((1911-1980 پێشبینیی بۆ كردبوو، كۆمەڵێك دیاردەی مەترسیداریشی لەگەڵ خۆیدا هێنا كە دیارترینیان سایبەر تیرۆریزمە و بووەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی. دۆسیەی تیرۆریزم یەكێكە لەو تاوانانەی لەگەڵ هەر پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیدا فۆرمی خۆی گۆڕیوە. لە هەر قۆناغ و پێشهاتێكی نوێدا ڕێوشوێنی جیاواز بۆ هەڕەشە و كردە تیرۆریستییەكان بەكارهێنراوە و بەردەوام لە پڕۆسەی خۆبەرهەمهێنانەوەدایە، ئێستاش نوێترین شێوازی كە سایبەرتیرۆریزمە، بە سوودبینین لە نوێترین تەكنەلۆژیای پەیوەندی، هەوڵ بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە دەدات كە بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە پێشێلی پرەنسیپەكانی ئاسایشی كۆمەڵگای مرۆیی دادەنرێت. هەر چەندە لێكۆڵینەوە لە تیرۆریزم بە پێی مۆدێل ‌و خەسڵەتەكانی دەگۆڕێت، بەڵام دیاردەی سایبەرتیرۆزم كە لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی داعش، بە شێوەیەكی ئۆرگانیزەكراو و ئاڕاستەكراو، وەك شەپۆلێكی نوێی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكەدا هاتووەتە ئارا، پێویستی بە توێژینەوە لە فاكتەر و ڕەهەندەكانی سەرهەڵدان، تیشكخستنەسەر ئەنجامدانی تاوانەكە هەیە، تا بتوانرێ بە شێوەیەكی دروست چەندین مۆدیلی بەگژداچوونەوە گەڵاڵە بكرێت تا ئەم تاوانە مۆدێرنە كەمترین كاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئارامیی كۆمەڵگای كوردەواری جێ بهێڵێت. سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ڕێگەی سایبەرتیرۆریزمەوە لەژێر كاریگەریی هەلومەرجی هەرێمی كوردستاندایە، تا ئەندازەیەكی زۆریش وابەستەیە بەو پێشهاتە نوێیانەی لە سیستمی سیاسەتی جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ڕوو دەدەن، بەڵام لە ئێستادا هەست بەو مەترسییە دەكرێت كە ئاڕاستەكەی لە ناوچەكەدا ڕووی لە كوردستانە، ئەمەش بایەخی لێتوێژینەوەی بۆ كۆمەڵگای كوردی هەیە و پێویستە لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمییەوە شەنوكەوی بكرێت. چەمك و خەسڵەتەكانی سایبەرتیرۆریزم و هاتنەئارای لە كوردستان سایبەرتیرۆریزم وەك فۆرمێكی نوێی جەنگی ئەلیكترۆنی، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو دەوڵەتانەش هەیە كە سەرقاڵی چەسپاندنی ئاشتی و ئارامیی وڵاتەكانیانن. لەم ڕوانگەیەوە ئەم چەمكە لەدوای هاتنەئارای، تا ئێستا لە چەندین ڕەهەندەوە پێناس و تایبەتمەندییەكانی تاوتوێ كراوە. ئەم شێوازە نوێیەی تیرۆریزم، بۆ یەكەمین جار لە ساڵی (1980) لەلایەن “باری کۆلین” (Barry Collin)ی پسپۆڕی بواری ئاسایش بەكار هێنرا، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە شاری كالیفۆڕنیای ئەمەریكا خستیە ڕوو، شەنوكەوی ئەم چەمكە نوێیەی تیرۆیزمی كرد و توێژینەوەیەكی لە بارەی كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگای مرۆیی  خستە ڕوو[1]. مارك پۆليت (Mark Pollitt) لە پێناسەیەكدا لەو باوەڕەدایە سایبەرتیرۆریزم واتە: پەلاماردان و هێرشێكی ئەنقەستە بە ئامانجێكی سیاسی ئەنجام دەدرێت كە دژ بە سیستمی بەڕێوەبردنی دامەزراوە زانیارییەكانە، دەرەنجامی كاریگەریشی لێ دەكەوێتەوە[2]. دامەزراوەی “CRS” بەم چەشنە پێناسەی “سایبەر تیرۆریزم” دەكات: هەڕەشە یاخود پەلاماردانێكی نایاساییە بۆ سەر كۆمپیوتەر، تۆڕ و داتا ئەنباركراوەكانی ناو كۆمپیوتەر، بە مەبەستی ترساندن یان ناچاركردنی حكومەت یاخود جەماوەرەكەی بۆ دووركەوتنەوە لە ئامانجە سیاسی یاخود كۆمەڵایەتییەكانیان[3]. بە بڕوای “دورۆتی دەنینگ”، تیرۆریزمی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی میدیاوە واتە: بەكارهێنانی ژینگەی میدیا و بواری ئەلیكترۆنی بە ئامانجی تیرۆر، پەلاماردان و هەڕەشەی نایاسایی لە ڕێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی زانیاری و بڵاوكردنەوە، ئەویش بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ یان ناچاركردنی دەوڵەت یان جەماوەر لە پێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی تایبەت[4]. لە كۆی ئەم پێناسانەدا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە گەشەسەندنی تەكنەلۆژیا و كاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی، ئاسانكاریی بۆ بەرەی تیرۆریزمیش كردووە تا پیلان و كرداری تیرۆریستی لەو ڕێگەیەوە ئەنجام بدەن. پسپۆڕانی بواری تیرۆریزمناسی، هاوساتی گەشەسەندنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی، بایەخی زیاتریان بە مەترسییەكانی سایبەرتیرۆریزم داوە، چونكە لەو باوەڕەدان: تایبەتمەندییەكانی ئینتەرنێت و بەئاسان دەستڕاگەیشتنی تیرۆریستان بە چەكە سایبەرییەكان (واتە كۆمپیوتەر و هێڵی ئینتەرنێت)، بووەتە مایەی ئاڵۆزی و مەترسیداربوونی ئەم جۆرە تیرۆریزمە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ جۆرەكانی تری تیرۆردا[5]. لە ڕووی ئامانجەوە، سایبەرتیرۆریزم بە پێی ئاڕاستەكەیان لە یەكتر جیاوازن، بەگشتی نەخشەڕێژی بۆ پەلامارە سایبەرتیرۆریستییەكان كە لەلایەن كەس و گرووپ و لایەنە جۆراوجۆرەكانەوە ئەنجام دەدرێت، هەر چەندە شێوازی ئەنجامدانیان جیاواز بێت، بۆ دوو جۆر پۆلێن دەكرێت: ا. سایبەرتیرۆریزمی ئاڕاستەكراو: ئەم شێوازە تاوان بە پێی پیلان ‌و نەخشە ئەنجام دەدات، ئامانجەكەشی دروستكردنی فشارە بۆ بەرامبەرەكەی تا لەژێر كاریگەریی تیرۆر و هەڕەشەدا داواكاریی تیرۆریستان بهێنێتە دی. لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات، بریتین لەو گرووپ‌ و ڕێكخراوە سیاسی ‌و ئایدیۆلۆژییە توندڕەوانەی دژ بە دەسەڵات كار دەكەن، هەندێكیان لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە  هان دەدرێن بە ئامانجی كاریگەری خستنەسەر دەسەڵات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، ئاڕاستەكردنی سایبەرتیرۆریزمە لەلایەن ڕێكخراو و گرووپ و تەنانەت دەوڵەتێكی بیانییەوە دژ بە دەوڵەتێكی تر. ئێستا هەردوو شێوازەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا هەن، لەسەر ئاستی ناوخۆ بەئاشكرا گرووپە تیرۆرستییەكان سوود لە جۆرەها تۆڕی كۆمەڵایەتی وەردەگرن بۆ بڵاوكردنەوەی واتەوات و هەڕەشە و بانگەوازی توندوتیژانە بە شێوەیەكی ئاڕاستەكراو. ب. ئاژاوەگێڕی‌ و پەشێوی (ئانارشیستی): ئەم مۆدێلەی تیرۆریزم، پتر بە شێوەی ناوبەناو ئەنجام دەدرێت. ستراتیژی كاری ڕێبازی ئانارشیزم لەسەر فەلسەفەیەكە كە هەر دەسەڵاتێكی سیاسی بە هەر شێوەیەك بێت، بە خراپی دەزانێت[6]. ئامانجەكانی سایبەرتیرۆریزم لەم مۆدێلەدا، زۆر جار تەنها شڵەژاندنی دۆخی كۆمەڵایەتییە، بەڵام لێكەوتەی لەسەر هەلومەرجی بەڕێوەبردن و حكومڕانییش هەیە، چونكە بە هۆی ئەم ئانارشیزمەوە ڕێژەی جۆرەها تاوانی وەك دزی و كوشتن و تاڵانی پەرە دەستێنێ. لە ڕووی تەمەنەوە، كورتترین جۆری تیرۆریزمە و بەردەوام شێوەی خۆی دەگۆڕێت. تا ئێستا شرۆڤەی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە بۆ ناسینەوەی هەر جووڵە و ڕەفتارێكی نایاسایی كە لە بواری میدیادا ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی ئەو ڤیدیۆ و وێنە و دەنگ و پەیامانەی هاندانیان بۆ توندوتیژیی جەستەیی یاخود سایكۆلۆژی تێدایە، هەندێكیشیان بە ئامانجی پەكخستنی پڕۆگرام و دزینی داتا و تاوانە هەواڵگرییەكان ئەنجام دەدرێن، ئایا تا چەند دەچنە خانەی سایبەرتیرۆریزمەوە؟ ئایا هۆكاری پەنابردنی تیرۆرستان بۆ میدیا و پەرەسەندنی خێرای تاوانی سایبەرتیرۆریزم لەسەر ئاستی جیهان، فاكتەرەكەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ بەرەی تیرۆريزم لەم ڕوانگەیەوە واتە ئەو كەس و لایەن و گرووپانەی سایبەرتیرۆریزم ئەنجام دەدەن، لەبەر ئەم فاكتەرانەی خوارەوە، لە ڕێگەی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای ئەلیكترۆنی بەگشتی، پەنا بۆ سایبەرتیرۆریزم دەبەن: بێسنووری لە سایبەرسپەیسدا: داهێنانی سایبەرسپەیس بە هۆی هاتنەئارای ئینتەرنێتەوە، بووە مایەی پێكەوەبەستنی تۆڕێكی جیهانی كە بە شێوەیەكی جاڵجاڵۆكەیی، بە كەمترین كاتيش زانیاریی تیادا ئاڵوگۆڕ دەكرێت. بە مانایەكی تر: ئینتەرنێت توانیی جۆرەها سێرڤسی وەك: پەیوەندیی خێرا، توانای ناردنی پەیام، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندی، ئاڵوگۆڕی داتا بە مۆدێلی جۆراوجۆر لە ڕێگەی تۆڕە ئینتەرنێتییەكەیەوە لەخۆ گرتووە[7]. تیرۆر لە ڕێگای میدیاكانەوە دەتوانێ سنووری وڵاتان ببڕێت، واتە ناردنی پەیام بۆ دروستكردن و ئاڵوگۆڕی پەیوەندی لەگەڵ هاوسۆزەكانیان، یاخود بە مەبەستی پڕوپاگەندە و دنەدان بۆ توندوتیژی، ڕووبەڕووی لەمپەرێكی ئەوتۆ نابێتەوە. ئەگەرچی هەندێ وڵات لە ڕێگەی فلتەركردنی سایت و پەیج و سانسۆری ئەلیكترۆنییەوە توانیویەتی ڕووبەڕووی سایبەرتیرۆریزم ببێتەوە، بەڵام هێشتا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت. كەمیی بودجەی تێچوو: لە سایبەرتیرۆریزمدا، بە بودجەیەكی كەم بۆ ئامێرێكی كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و پڕۆگرامی مۆنتاژ، دەتوانرێ زۆرترین پەیامی تیرۆرستانە بەرهەم بهێنرێت بە مەبەستی پەخش و بڵاوكردنەوەی. پەلاماردان بەبێ زیانی جەستەیی: لە پڕۆسەی سایبەرتیرۆریزمدا بە پێچەوانەی جۆرەكانی تری تیرۆرەوە كە زۆر جار بە ئامانجی پەلاماردان یان زیانگەیاندن بە شوێنێك یان دامەزراوەیەك، پێویستی بە خۆتەقاندنەوە هەبووە یان تیرۆریستەكە گیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە، لەم مۆدێلەدا تیرۆرست دەتوانێ گەورەترین زیانی سایكۆلۆژی بە جەماوەر بگەیەنێ یاخود زیان بە دامەزراوەیەك بگەیەنێ لە ڕووی هاككردنی ژمێرەی بانكی و داتاكانیان، بەبێ ئەوەی زیان بەر خۆی بكەوێت. ئازادی لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت، ئاسانكاریی زۆریشی بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیكترۆنی ڕەخساندووە، لەم ڕوانگەیەوە وڵاتانی پێشكەوتوو هەمیشە سەرقاڵی چاودێریی ئینتەرنێتن. تیمی ئەلیكترۆنی: تیرۆرستان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی پەیوەندیی ئەلیكترۆنییەوە هەماهەنگی لە كاری تیرۆردا بكەن، واتە ببنە تیمی ئەلیكترۆنی، ئەمەش فاكتەری سەرەكییە بۆ خێرا ئەنجامدانی تاوانەكە بە هۆی ئاسانكاری لە پڕۆسەی پەیوەندی و هاریكاریی تیرۆریستان لەگەڵ یەكتردا. پەیداكردنی سەرچاوەی بژێوی و ئاڵوگۆڕی دراو: سوودوەرگرتنی تیرۆریزم لە پڕۆسەی پەیوەندی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و پەیداكردنی سەرچاوەی بژێوی بۆ دابینكردنی بودجەی چالاكییەكانیان، فاكتەرێكی تری پەنابردنی گرووپە تیرۆریستییەكانە بۆ میدیای ئەلیكترۆنی. بەگشتی خەسڵەتەكانی سایبەرتیرۆریزم بریتین لە: خێرایی لە پڕۆسەی تاواندا: فاكتەرەكانی كات و شوێن لە سایبەرتیرۆریزمدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە دنیای ئەلیكترۆنیدا بە هۆی نزیكایەتیی (تاوانبار، ئامانجی تاوان، شوێنی تاوان) ئەنجامدانی تاوانی ئاسان كردووە. نادیاریی ناسنامەی تیرۆرست. قەبارەی تاوان: لە سایبەرتیرۆریزمدا، ژمارەی تاوانبار و قەبارەی تاوان و ئاستی كاریگەرییەكانی ناڕوونە. كەمیی بودجە: ئەنجامدانی تاوان لە دنیای ئەلیكترۆنیدا، پێویستی بە چەند ئامێرێكە و بڕی تیچووی كەمە. نائامادەگی لە شوێنی تاوان: لە تاوانی ئاساییدا بەبێ ئامادەبوونی تاوانبار ئاستەمە تاوان ئەنجام بدرێت، بەڵام كردەی تاوان لە دنیای ئەلیكترۆنیدا بەبێ ئامادەگی لە شوێنەكەدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی ونبوونی سەرەداوەكان. نێودەوڵەتیبوونی تاوان: لە تیرۆریزمی میدیای ئەلیكترۆنیدا سنوورەكان تێدەپەڕێنرێت و دەشێ تیرۆرست لە وڵاتێك بێت و تاوان لە وڵاتێكی تردا ئەنجام بدات. هەڵكشانی ژمارەی ڕەش: واتە ئاستی زیانەكانی تاوان بەتەواوەتی نادركێنرێت. ئۆتۆماتیكبوونی تاوان[8]. مێژووی سایبەرتیرۆریزم سەرهەڵدانی سایبەرتیرۆریزم هاوساتی داهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتە، بە مانایەكی تر: لەگەڵ هەر داهێنانێكی تەكنەلۆژیدا، چەندین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی مرۆیی دێتە ئارا كە زۆربەیان پێشبینیكراون یاخود گوماناوین. لە ماوەی هەردوو دەیەی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوودا، بەتایبەتی هەڵشكانی ڕێژەی ململانێ نێودەوڵەتییەكان لە سایەی جەنگی ساردی بلۆكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، گەرمبوونی ڕكابەریی پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیای پەیوەندی لەنێوان زلهێزەكانی جەنگی سارد و هەم وڵاتانی تری وەك ژاپۆن و چین و ئیسرائیل، مەترسیی تیرۆریزم بە شێوەی ئۆرگانیزەكراو بە دنەدان و پشتیوانیی دەوڵەتە گەورەكان، بە جۆرێكی مەترسیدارتر هەڕەشەی لە پڕۆسەی ئاشتی و ئارامیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد. چەند فاكتەرێك لەسەر ئاستی جیهان بوونە مایەی تەشەنەسەندنی سایبەرتیرۆریزم: یەكەمیان: دامەزراندنی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لە گەرمەی ململانێی جەنگی سارد لەنێوان یەكێتیی سۆڤیەت ‌و ئەمەریكادا، وەك گەورەترین ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لەسەر ئاستی جیهان، زەمینەی زیاتری بۆ سایبەرتیرۆریزم ڕەخساند. قۆناغی كۆرپەلەییەكەی ئەلقاعیدە لە سووداندا بوو، دوای یەكگرتنی لەگەڵ عەرەبە ئەفغانەكان ‌و كۆچكردنیان بۆ ئەفغانستان، دەوڵەتی تاڵبانیان دامەزراند. دووەمیان: لە (11)ی سێپتەمبەردا كاتێك گەورەترین پێكدادانی بەرەی تیرۆر لەگەڵ شارستانیەتی خۆرئاوادا ڕووی دا، درێژەكێشانی جەنگەكە بە شێوەیەكی بەربڵاو جیهانی ئەلیكترۆنیشی گرتەوە و بووەتە مایەی گەورەترین فاكتەر بۆ دنەدانی سایبەرتیرۆریزم بە مۆدێلی جۆراوجۆر. لەسەر ئاستی عێراقیش، دامەزراندنی “داعش” (ISIS) وەك لقێكی ئەلقاعیدە لە عێراق، شەپۆلێكی تری سایبەرتیرۆریزمی لە وڵاتەكەدا ئاڕاستە كرد كە مەترسییەكانی بووە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش. یەكەمین هەنگاوی “داعش” لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێی میدیا بوو بۆ هاندان بۆ توندوتیژی و تیرۆر، لەبەر ئەم فاكتەرەش ناوەندی میدیایی “الفرقان”ی لە مانگی تشرینی دووەمی 2006دا دامەزراند بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی (دیڤیدی، سیدی، پامفێلت، پۆستەر…)، لە پێناو نیشاندانی توانای سەربازیی داعش و بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی لە تۆڕە میدیاییەكاندا[9]. هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی دانەبڕاو لەو وڵاتانەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دووچاری پەلاماری تیرۆرستی بووەتەوە، هاوساتی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و بەرەی تیرۆریزم بە سەركردایەتی داعش، سایبەرتیرۆریزم وەك ئامرازێك لەلایەن داعشەوە دژ بە هەرێمی كوردستان خرایە گەڕ، ئەمەش بە گرنگترین فاكتەری دەرەكیی پەلامارەكانی سایبەرتیرۆریزم دژ بە گەلی كورد دادەنرێت. لە ڕووی فاكتەرە ناوخۆییەكانیش كە زەمینەساز بوون بۆ پەرەسەندنی مەترسییەكانی سایبەرتیرۆریزم، بەگشتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە: – لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەسەڵات: سیستمی دەسەڵاتدارێتی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی كوردستان  ئامادەباشییەكی ئەوتۆیان بۆ ئەو ڕەهەندە هەستیارەی جەنگ دژ بە بەرەی تیرۆریزم نەكردبوو، هەر بۆیە هیچ جۆرە سیستمێكی بەرگریی ئەلیكترۆنی بۆ پەلامارەكانی سایبەرتیرۆریزم و تویت و پەیامەكانیان نەخستە گەڕ، ئەمەش بووە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە. – سایكۆلۆژیای جەماوەر: فاكتەرێكی تر پەیوەندیدار بوو بە دۆخی دەروونیی خەڵك كە بە هۆی ئاڵۆزی و گرنگیی جەنگی دژ بە داعشەوە، زۆر جار زەمینەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و واتەوات دەڕەخسا بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، ئەمەش بە قازانجی تیرۆیستانی داعش بوو. – هاوسۆزی و ناهۆشیاری: لە ماوەی جەنگی پێشمەرگە و داعشدا، چەندین هاوڵاتی لە ڕووی هاوسۆزییەوە بێ یاخود ناهۆشیاریی نەتەوەیی، ببوونە زەمینەسازێك بۆ پڕوپاگەندە بۆ داعش و بڵاوكردنەوەی پەیامەكانیان. هەروەها چەندین میدیاكاریش، بە پاساوی گواستنەوەی هەواڵەكانی جەنگ، ببوونە سەكۆی سایبەرتیرۆریزم لە كوردستان. – نەبوونی سانسۆری یاسایی: لە كاتێكدا زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان كە لە قاڕەكانی تری جیهانیش بوون، وەك سیستمێكی بەرگریی ئەلیكترۆنی لە ئاسایشی وڵاتەكانیان، سانسۆری یاساییان بۆ سەرجەم ئامرازە ئەلیكترۆنییەكان پیادە دەكرد، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی لە گەرمەی شەڕی هێزەكانی پێشمەرگە و بەرەی تیرۆیزم، لە كاتێكدا دەبووایە لەو هەلومەرجە نائاساییانەدا فلتەر بۆ ئەو سایتانە دابنرێ كە دەچنە خانەی سایبەرتیرۆریزم، دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە پلانێكی ئەكتیڤیان بۆ ڕێگەگرتن لەو پەلامارە ئەلیكترۆنییانە پیادە نەكرد، ئەمەش پتر یارمەتیدەری هەڵكشانی هەڕەشەكانی سایبەرتیرۆریزم بوو بۆ سەر ئاسایشی جەماوەر. – داواكاری گشتی: سستی لە بەدواداچوونی یاسایی بۆ سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان، ڕێژەی پەلامارە تیرۆریستییە ئەلیكترۆنییەكان و پڕوپاگەندە بۆ هێزەكانی داعشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زیاتر كردبوو، لە كاتێكدا بە پێی چەندین یاسا لە هەرێمی كوردستان پڕوپاگەندە بۆ تیرۆر بە تاوان دادەنرێت كە دواتر ئاماژەیان پێ دەدەین. جۆرەكانی تاوانی سایبەرتیرۆریزم و ڕێكارەكانی بەگژداچوونەوەی سایبەر تیرۆریزم بۆ خۆگونجاندنی لەگەڵ ئەو هەلومەرجەی دێتە پێش، شێوازی جۆراوجۆر بە مەبەستی بەئەنجامگەیاندنی ئەركەكانی خۆی دەگرێتە بەر، بە مانایەكی تر: شێوە و فۆرمی سایبەرتیرۆریزم بە پێی دەرفەتەكانی بەردەمی، گۆڕانی بەسەردا دێت. لەم ڕوانگەیەوە هەر پەلامار و هەوڵێكی تێكدانی ئاسایش و ئارامی لە هەرێمی كوردستان، دەچێتە خانەی ئەم تاوانە تیرۆریستییەوە. دیارترین جۆرەكانی سایبەرتیرۆریزم بریتین لە: جەنگی سایكۆلۆژی: بڵاوكردنەوەی واتەوات و پڕوپاگەندە كه ئامرازێكی دێرینی جەنگی سایكۆلۆژین، هەمیشە بە شێوازی جۆراوجۆر بە ئامانجی تێكدانی ئارامی و ڕەوشی ژیانی كۆمەڵگای مرۆیی بەكار دەهێنرێت. بە بڕوای پسپۆڕێكی بوارەكە، ئێستا واتەوات بە “سۆفت پاوەر” (Soft Power) دادەنرێت كە كاریگەریی لەسەر سیستم و پێداویستییە ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسییەكانی هەر وڵاتێك هەیە. چەمكی “واتەوات” لە زمانی كوردیدا، كۆمەڵێك دەستەواژەی بۆ بەكار هێنراوە كە هەر كامیان گوزارشتن لە شێوەزاری دەڤەرێكی كوردستان. ئەم دەستەواژەیە بە شێوازی فرەچەشن وشە و زاراوەی بۆ بەكار هێنراوە. لە ڕووی زمانەوانیيەوە، زاراوەی “واتەوات” لە زمانی كوردیدا بە پێی دیالێكت و شێوەزارە جیاجیاكانی كوردستان چەندین دەستەواژەی تری بۆ بەكار دەهێنرێت، وەك: “وتووات، قاو، مقۆمقۆ، دەبدەبە، تەحاتەحا، بەندوباو، قاوەقاو، دەنگۆ[10]“. لە سەردەمە دێرینەكاندا مەیدانی بڵاوبوونەوەی واتەوات بریتی بوو لە كۆڕ و كۆبوونەوە جەماوەری و بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەكان كە مامەڵەی كۆمەڵایەتیی تێدا ئەنجام دراوە، بەڵام دوای داهێنان و گەشەسەندنی ئامرازەكانی میدیا، هەر كام لەو دەوڵەت و دامەزراوە و كەس و لایەنانەی دەیانویست واتەوات بڵاو بكەنەوە، هەوڵیان داوە میدیا وەك چەكێكی كاریگەر بۆ ئەو مەبەستە بخەنە گەڕ. بڵاوبوونەوەی واتەوات لە ڕێی میدیاكانەوە، بە پێی پێوەرەكەی هەردوو پسپۆڕ “ئەلپۆرت و پۆستمان” (Alport & postman) دەخەمڵێنرێت كە پێیان وایە هەردوو مەرجی “بایەخ” و “ئاڵۆزی” كاریگەرییان لەسەر خێرایی لە بڵاوبوونەوەی واتەواتدا هەیە، ئەم هاوكێشەیەش بەم چەشنەیە: R = I × A واتە: واتەوات (Rumer) یەكسانە بە لێكدانی بایەخ و گرنگی (Importance) و ئاڵۆزی (Ambiguity)، هەتا گرنگی و بایەخی زانیارییەك لەناو كۆمەڵگادا زۆر بێ و ناڕوونی و ئاڵۆزییشی زیاتر بێ، ئەوا واتەواتیش بە شێوەیەكی خێراتر پەرە دەستێنێ. ئەگەر زانیارییەك بایەخی هەبێ و ئاڵۆزییشی تێدا نەبێ، كەواتە واتەوات نایەتە ئارا، یاخود ئەگەر زانیارییەكە جێی بایەخ نەبێ، ئەوا واتەوات هەر دروست نابێ[11]. لە ماوەی جەنگی داعشدا جۆرەها واتەوات دەربارەی قارەمانێتیی تیرۆریستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییە كوردییەكاندا بڵاو دەكرایەوە، زۆر جار وشەی قەناسبەدەستەكانی داعشیش بۆ چەكدارەكانیان بەكار دەهێنرا، هەروەها جۆرەها پڕوپاگەندە دەربارەی گرفتەكانی هێزی پێشمەرگە بڵاو دەكرایەوە كە دەچوونە خانەی سایبەرتیرۆریزم. لە جەنگی داعشدا بڵاوكردنەوەی چەندین بابەت و زانیاریی ناڕۆشن بە ناوی هەواڵ و وێنەی تازەوە لە میدیا كوردییەكاندا دەبینرێت كە پێشێلی یاساكانی میدیایە، چونكە دەچنە چوارچێوەی پڕوپاگەندە بۆ هێز و توانای ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، تەنانەت پڕوپاگەندەی زیادەڕۆیی لە باسوخواسی تواناكانی “داعش” لەهەمبەر هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا كراوە، بۆ نموونە بڵاوكردنەوەی هەندێ هەواڵی وەك: – داعش سەربازە عێراقییەكانی‌ بردووە بە ئاسماندا[12]. – داعش عێراق بۆمبڕێژ دەكات[13]. هەروەها میدیای ئەلیكترۆنیی كوردی لە ماوەی جەنگی دژ بە “داعش”، كۆمەڵێك دۆسیەی گرنگ و هەستیاری وروژاندووە كە هەندێكیان دەچنە خانەی خزمەت بە سایبەرتیرۆریزم و پێشێلی بەرپرسیارێتیی میدیایی، وەك: – دركاندنی مامەڵەی چەك[14] – دركاندنی تاكتیكی سەربازی[15] – دركاندنی لێپێچینەوەی سەربازی[16] هاوشێوەی ئەم نموونانە كە دەچنە خانەی واتەواتەوە، میدیای ناوخۆی كوردی یاخود میدیای داعش ئەنجامی بدات، خزمەتە بە ئامانجەكانی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستاندا. ب. تۆڕیی پەیوەندیی تیرۆیزم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەم لە چوارچێوەی سنووری دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی دووچاری پەلامارەكانی تیرۆریزم بوونەتەوە، ڕێوشوێنی توند پیادە دەكرێت. ستراتیژەی دژەتیرۆریزمیش بووەتە مایەی بەرتەسكبوونەوەی سنووری چالاكی و شێوازی پەیوەندیی نێوان تۆڕەكانی بەرەی تیرۆریزم، بەڵام نەیتوانیوە بەتەواوەتی هەڕەشەكانیان بنەبڕ بكات، بەڵكوو شێوازەكانی تاوانەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە لە ڕووی پەیوەندییەوە، ئەویش بە پەنابردنیان بۆ بەكارهێنانی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیای پەیوەندی بە ئامانجی ڕاكێشانی ئەندام و لایەنگر و بڵاوكردنەوەی پەیام و ئاڕاستەكردنیان بۆ كاری تیرۆرستی. تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان چەندین كەس و گرووپ بە پێی یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2006، یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تۆقاندن (تیرۆر) له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق ڕووبەڕووی سزای یاسایی كراونەتەوە، خاڵی سەرنجڕاكێش لەوەدایە زۆربەی ئەو تاوانبارانە سەردانی بارەگاكانی داعشیان لە ناوەراستی عێراق و دەرەوەی وڵات نەكردووە، بەڵكوو لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بوونەتە هاوسۆزی داعش و گرووپە توندڕەوە تیرۆریستییەكانی تر. ج. زیانگەیاندن بە سیستمی داتا و پڕۆگرامی ئەلیكترۆنی ئامانجێكی ستراتیژی سایبەرتیرۆریزم، سوودوەرگرتنە لە تۆڕە ئەلیكترۆنییەكان بە ئامانجی تێكدان و لەكارخستن یان دزینی داتای دیجیتاڵی و پەكخستنی پڕۆگرامەكانی داتاكانی تایبەت بە كۆمەڵگایەك یاخود دامەزراوەیەكی سەربازی. فاكتەرێكی گرنگ كە سایبەرتیرۆریزمی كردووە بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر دامەزراوەكانی هەر وڵاتێك، لە پڕۆسەی ئەنجامدانەكەیدایە كە دەتوانێ بە كەمترین بودجە، كردەی مەترسیدار لە ماوەیەكی كەم و بە خێراییەكی زۆرەوە ئەنجام بدات. بێگومان ئەنجامدانی هەر پەلامارێكی سایبەر هەتا ئاڵۆزتر و چڕوپڕتر بێت، پێویستی بە بودجە و توانستی زیاترە بۆ خۆپارێزی لە زیانەكانی. سایبەرتیرۆریزم بە چەند شێوازێك ئەنجام دەدرێت: – پەلاماردانی داتاكان یاخود لەناوبردنی ناوەڕۆكی فایلە ئەلیكترۆنییەكان، تۆڕە كۆمپیوتەرییەکان یاخود سۆفتوێرە جۆراوجۆرەكانی. – هێرش بۆ سەر بونیادی دامەزراوەكان (بۆ نموونە بە هۆی تێكدان و هاككردنی سیستمێكی ئەلیكترۆنییەوە، كارە بنەڕەتییەكانی دامەزراوەیەك ڕابوەستێت). – سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان بۆ ناردنی نەخشە و پلان، بە ئامانجی پەلاماردانی تیرۆرستی یاخود دنەدان بۆ ئەنجامدانی یان زەمینەسازی. – زیادكردن یاخود بەرزكردنەوەی ئاستی سەرچاوە داراییەكانی تیرۆرستان، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی سیستمی بانكی ئەلیكترۆنییان هەیە، بۆ نموونە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لەژێر ناوی دامەزراوەیەكی خێرخوازی، پارە كۆ بكەنەوە. كاریگەرییە مەترسیدارەكانی سایبەرتیرۆریزم بۆ سەر ئاسایشی دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەكانی كۆمەڵگە، دەگەڕێتەوە بۆ چەند فاكتەرێك: – بە پێی پلان و بەرنامە جێبەجێ دەكرێت، واتە ئامانجی دیاریكراوی هەیە. – پشتبەستن بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو لە سایبەرتیرۆریزمدا، بووەتە مایەی هەڕەشەی بەردەوام بۆ سیستمی بەرگریی كەس و گرووپ و  دامەزراوەكان، واتە دەبێ هەمیشە لە دۆخی ئامادەباشیدا بن. – هەر دامەزراوەیەكی فەرمی و نافەرمی كە پێویستیان بە خۆپارێزییە، بەناچارییەوە بودجەیەكی گەورە بۆ سیستمی بەرگریی خۆیان تەرخان دەكەن، ئەم بودجەیەش بارگرانییە بۆ هەلومەرجی دارایی. – نادیاریی لایەنی دەستدرێژیكار بووەتە مایەی ونبوونی ناسنامەی تاوانبار، لەم ڕوانگەیەوە دۆزینەوەی كەس و لایەنی تاوانبار بە ئاستەم دادەنرێت. هەر چەندە سایبەرتیرۆریزم بە پێی هەلومەرجی دەركەوتنی، جۆر و ئامانجەكەشی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام ئەم سێ شێوازەی سەرەوە بە دیارترین جۆرەكانی سایبەرتیرۆریزم دادەنرێن كە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. گرتنەبەری هەر ڕێكارێكیش بۆ بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، بە مانای پاراستنی ئاسایشی دامەزراوە یاساییەكان و دابینكردنی ئارامی بۆ جەماوەریش دێت كە لە تەوەرەی دواتردا شەنوكەوی دەكەین. ڕێكارەكانی بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان تاوانی سایبەرتیرۆریزم و مەترسییەكانی بۆ ئاسایشی وڵاتان، تا ئێستا دۆسیەیەكی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییە و نەتوانراوە لە یەك ڕەهەندەوە كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵكوو هەر وڵاتێك لەسەر بنەمای جۆر و ئاستی سایبەرتیرۆریزم پێویستی بەوە هەیە كە كۆمەڵێك ڕێكاری جۆراوجۆر بگرێتە بەر، چونكە سروشتی تاوانەكە بە پێی دۆخی هەر وڵاتێكیش گۆڕانی بەسەردا دێت. لێرەدا بە پشتبەستن بە دۆخی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك ڕێكار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەخەینە ڕوو كە سەرجەمیان بە تەواوكەری یەكتر دادەنرێن. لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ا. ڕێكاری یاسایی: بۆ سوودوەرگرتن لە ڕێوشوێنە یاساییەكان لە پێناو بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، پێویستمان بە گەڵاڵەكردنی یاسای سایبەرتیرۆریزم هەیە، چونكە ئەم بەگژداچوونەوەیە ئامانجی کۆمەڵگەی کوردستان و ئامانجێكیشی كۆمەڵگای جیهانییە[17]. لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی كوردستان چەند یاسایەك هەن كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەتوانرێ بكرێتە ئامرازێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، ئەوانیش بریتین لە: – یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)، ژمارە (3)ی ساڵی (2006): لەم یاسایەدا تەنها مادەی چوارەم پەیوەستە بە بواری ڕاگەیاندنەوە، بەم چەشنە: “مادەی چوارەم: ئەم كارانەی خوارەوە بە تاوانی تۆقاندن (تیرۆر) دادەنرێن و سزا دەدرێت بە زیندانی لە (15) ساڵ تێپەڕ نەكات، هەر كەسێك: نووسراو، چاپەمەنی، كاسێتی تۆماركراو یان هاوشێوەی، وێنەی وای لەلا بێت یان بەدەست بێنێت كە هاندان، بە چاك زانین، یان پڕوپاگەندە لەخۆ بگرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاری، بە مەبەستی دابەشكردنی یان بڵاوكردنەوەی. ٣. بەئەنقەست هەواڵ، ڕوونكردنەوە یاخود پڕوپاگەندەیەكی تۆقێنەر بڵاو بكاتەوە، هۆیەكانی ڕاگەیاندنی بینراو، بیستراو، خوێندراو یان ئەلیكترۆنی بە هەل وەربگرێت یان بەكاریان بێنێت، لە ئینتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاو بكاتەوە ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاریی وەها كە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە و ترس بخاتە نێو هاوڵاتییان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسیی هەرێم بكات”. لەبەر ڕۆشنایی ئەم یاسایەدا، هەر جۆرە پڕوپاگەندە و دنەدان بۆ تیرۆر، تا نزیكەی (15) ساڵ سزای زیندانی لەگەڵدایە، دامەزراوە فەرمییەكان و لەسەروو هەموویانەوە داواكاری گشتی دەتوانێ سكاڵا لەسەر ئەو كەس و لایەنانە تۆمار بكات. كەواتە ئەم یاسایە ڕێكارێكی گرنگە بۆ هۆشداریدان بە هەر كەس و لایەنێك كە هەوڵ بۆ تاوانی سایبەرتیرۆریزم بدات. – یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان: لە مادەی (9)ی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان، تاوانی زیانگەیاندن بە ئاشتەوایی كۆمەڵگا (وەك لێترازاندنی پێكهاتەكانی كۆمەڵ) و هەڕەشە بۆ سەر ئایین و بیروباوەڕ و ژیانی تایبەت و چەند بوارێكی تری دیاری كردووە كە ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. لەم ڕوانگەیەوە تاوانی سایبەرتیرۆریزمیش كە زۆر جار دژی تەبایی كۆمەڵگایە یاخود زۆر جار دژ بە ژیانی تایبەت و ئایین و بیروباوەڕە پیرۆزەكانیان بەكار دەهێنرێت، بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری بە تاوان دادەنرێت و سزای لەگەڵدایە. پێشنیازێكی گرنگیش لێرەدا دەخەینە ڕوو، بەئومێدین پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە سایبەرتیرۆریزم و تاوانە ئەلیكترۆنییەكان پەسەند بكات لە پێناو ڕێكارێكی یاسایی گرنگ بۆ كۆنترۆڵكردنی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان. ب. ڕێكاری تەكنیكی: حكومەتی هەرێم بە مەبەستی ڕێگری لە شەپۆلی تیرۆری ئەلیكترۆنی، پێویستە تیمێكی شارەزا بۆ دەستنیشانكردنی سایت و پەیجە تیرۆریستییەكان دەستنیشان بكات، پاشان لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت فلتەریان بكات. ج. ڕێكاری مرۆیی: هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جەماوەر بەتایبەتی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ خۆپارێزی لە وەرگرتنی پەیامی تیرۆریستان و دووركەوتنەوەش لە هەر جۆرە هاریكارییەكی ماددی و مەعنەوی، چونكە بە پێی یاسای تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. بۆ ئەو مەبەستەش دامەزراوە فەرمی و ناوەند و ڕێكخراوە خەمخۆرەكانی كۆمەڵگای كوردی، دەبێ ئەم ڕێكارانە بگرنە بەر: – بایەخدان بە خۆشگوزەرانیی خەڵك، تا دەرفەت نەدرێت بە هیچ هاوڵاتییەك بە پاساوی كەموكوڕی لە ژیانیدا، هاوسۆزیی بۆ گرووپە توندئاژۆكان هەبێت. – هاندانی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت بۆ ڕیپۆرتكردنی سایت و پەیجەكانی سایبەرتیرۆریزم. – كولتووریزەكردنی دیالۆگ، واتە پەنابردنە بەر دیالۆگ ‌و گفتوگۆ‌ و ڕەخساندنی ئازادیی ڕادەربڕین بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا، ئەمەش ڕێگەیەكە بۆ دووركەوتنەوە لە هەر جۆرە توندوتیژی و سەرکوتکردنێکی ئایدۆلۆژی. لەسەر ئاستی جیهان هەرێمی كوردستان وەك هاوپەیمانێتییەكی كارای بەرەی بەگژداچوونەوەی تیرۆریزم، پێویستە سوود لە ڕای گشتیی جیهانی دژ بە تیرۆر وەربگرێت بۆ پەیداكردنی هاوسۆزی لەگەڵ گەلی كورد، واتە پردێكی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم ئەو دامەزراوە فەرمی و نافەرمییانەی جیهاندا دروست بكات كە دژ بە تیرۆرن، تا لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنان بە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانەوە فێری نوێترین تەكنیكی بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم ببن. هەروەها لایەنێكی تری ئەم پەیوەندییە، هاندانی وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە تیرۆر بێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر تیرۆرستان، تا هیچ تیرۆرستێك نەتوانێ شوێنگەیەكی ئارامی بۆ خۆهەڵبواردن لە سزای یاسایی هەبێت. باشترین ڕێگەچارەش، كردنەوەی دۆسیەی هاوبەشە لەنێوان وڵاتان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر تیرۆرستانی ئەلیكترۆنی، بە ئامانجی سزادان و كۆنترۆڵكردنیان.  سەرچاوە و پەراوێزەكان [1]– بنۆڕە: Barry C,Colin (1997), The Future of CyberTerrorism, Where the Physical and Vritual Worlds Cnverge, 11th Annual International Symposium on Criminal Justice Issuesm 15-18, [2]– Foggetti, Nadia (2009), “Cyber-terrorism and the Right to Privacy in the Third Pillar Perspective”, Masaryk University Journal of Law and Technology, Vol 3, P 366. [3]– Congressional Research Service (CRS) (2008), Botnets Cybercrime and Cyberterorrism, P 4. [4]– Hancock, B (2001), “Cyber-Tracking, Cyber-terrorism Computers and Security“, Vol.20,No7, P 553. [5]– Brenner, Susan &Marc Goodman (2002), “In Defense of Cyberterrorism: An Argument for Anticipating Cyber Attacks”, Journal of Law, Technology and Policy, P 12-13. [6]– یحیی صلاحی، ملك (1381)، اندیشەهای سیاسی غرب در قرن بیستم. نشر قومس. چاپ اول 1381، ص151. [7]– Mutula, Stephen M (2007), Web Information Management, UK: Cahndos Publication, 2007, P 15. [8]– بۆ زانیاریی زیاتر: جعفری، عبدالرضا جوان (1389)، “جرایم سایبر و رویكرد افتراقی حقوق كیفری، مجلە دانش و توسعە”، سال هفدهم، شمارە 34، صص 176-180.   [9]– Mohammad Husni Abumelhim (2022), Sociology of Terrorism: A Brief History and Overview of the Islamic State of Iraq and Syria’s (ISIS) Propaganda Wing from a Socio-Educational Perspective, Journal of Educational and Social Research, Vol 12 No 2, P 404. -[10] قەرەداغی، ڕەشید (2006)، فەرهەنگی ئازادی (كوردی-ئینگلیزی)، چاپی یەكەم، سلێمانی، ل847. [11] – ا‌ل پُورت، گُردِن و پستمن، لئو (1374)، روان شناسی شایعه، ترجمه: ساعد دبستانی با همکاری مرکز تحقیقات مطالعه و سنجش برنامه ای صدا و سیما، تهران: سروش، ص45. [12]– لڤین پرێس (3/10/2014)، “داعش سەربازە عێراقییەكانی‌ بردووە بە ئاسماندا”، https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=11335&Jor=2 [13]– لڤین پرێس (12/10/2014)، “داعش عێراق بۆمبرێژ دەكات”، https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=11652&Jor=1 [14]– لڤین پرێس (1/8/2014)، “ڕۆیتەرز: كورد داوای ئەم چەكانەی لە ئەمەریكا كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”، https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=8229&Jor=1 [15]– ڕۆژنامەی هاوڵاتی (3/8/2004)، “لە زومار شەڕ گەرمە، كشانەوەی پێشمەرگە  تاكتیك بووە”، ژمارە 1358، ل2. [16]– ڕۆژنامەی هاوڵاتی (14/11/2004)، “لە شەنگالەوە تا جەلەولا سزای نزیكەی (15) فەرماندە دەدرێت”، ژمارە ،1405، ل1. [17]– Cohen, Aviv (2010), “Cyberterrorism: Are We Legally Ready?, The Journal of International Business & Law, p. 7   ژمارە سیانزە (13) ساڵی سێیەم – حوزەیرانی 2022 گۆڤاری ئایندەناسی


(درەو): لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم کە مستەفا سەید قادر سەرۆکایەتی دەکات، سبەینێ یەکەم کۆبونەوەی خۆی لەگەڵ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم ئەنجام دەدات. سبەینێ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی چارەنوسی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە سەرۆکایەتی ھەرێم کۆدەبنەوە. رۆژی ٩ی ئەم مانگە، بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لایەنە سیاسییەکانی لە بارەگای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر کۆبونەوە، لەم کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەک دروست بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی و کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کوردستان. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم (مستەفا سەید قادر) جێگری سەرۆکی ھەرێم لە پشکی گۆڕان سەرۆکایەتی دەکات و دوو ئەندامی لیژنەکە سەربە پارتین کە بریتین لە (جەعفەر ئیمینیکی و دڵشاد شەھاب) وەکو راوێژکاری سەرۆکی ھەرێم، بەشی ھەڵبژاردنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەشدارە لە لیژنەکەدا. لە کۆبونەوەی رۆژی ٩ی مانگدا بڕیاردراوە ئەگەر لایەنەکانی تریش داوای نوێنەرایەتییان کرد لەناو لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمدا، ئەندامانی لیژنەکە زیاد بکرێت. لیژنەکەی مستەفای سەید قادر دەبێت رۆژی ١ی تەموز راپۆرتی خۆی لەبارەی بۆجونی حزبەکان لەبارەی ھەڵبژاردنەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ھەرێم بکات. پرسی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەھۆی ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و چارەنوسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەرانەوە ئاستەنگی بۆ دروستبووە. سەرۆکایەتی ھەرێم دەیەوێت لەڕێگەی ئەو لیژنەی دروستیکردووە، لایەنە سیاسییەکان لەسەر ناکۆکییەکان بگەیەنێت بە رێککەوتن. کۆبونەوەی سبەینێ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێم، یەکەمین کۆبونەوەی لیژنەکەی مستەفای سەید قادرە، دیار نییە ئەم لیژنەیە دواجار دەتوانێت بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردن چارەسەر بکات یاخود نا. پارتی و یەکێتی بەنیازن ھەڵبژاردن بۆ بەھاری داھاتوو دوابخەن، بەڵام نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات ھەڵبژاردن زۆر لە وادەی خۆی دوانەکەوێت. ناکۆکی سەرەکی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی پەیوەندی بە شێوازی نەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەوە ھەیە، یەکێتی و نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی داوا دەکەن ھاوشێوەی دواین ھەڵبژاردنی عێراق، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت، لەبەرامبەدا پارتی و حزبی شیوعی و حزبی سۆسیال دیموکرات و زەحمەتکێشان داوا دەکەن ھەڵبژاردن وەکو پێشتر بەشێوەی (یەک بازنە) بەڕێوەبچێت. بەمداوییە ھەندێک لەبەرپرسانی پارتی باسیان لەوە کرد پارتی کێشەی نابێت ئەگەر ھەڵبژاردن بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان (درەو)، ئێستا پارتی سەرلەنوێ پاشگەزبوەتەوەو لە کۆبونەوەی رۆژی ٩ی ئەم مانگەی سەرۆکایەتی ھەرێمدا جارێکی تر جەختیان کردوەتەوە لەوەی دەبێت ئەم ھەڵبژاردنە بەشێوەی (یەک بازنە) بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو کێشەیان نییە شێوازەکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.


شیكاری: درەو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی بە (178) پرۆژەی وەبەرهێنان بەخشیوە، بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (11 ملیار) دۆلار، لە سەر ڕوبەری زۆرتر لە (10 هەزار) دۆنم زەوی.  (118) پرۆژەیان دەکەونە زۆنی زەردەوە. بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (9 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (83%)، لەسەر ڕوبەری (7.5 هەزار) دۆنم زەوی. بەڵام تەنها (60) پرۆژە لە کۆی (178) پرۆژەی وەبەرهێنانیان دەکەونە زۆنی سەوزەوە. بە کەمتر لە (2 ملیار) دۆلاری سەرمایەی بەگەڕخراو بە ڕێژەی (16%)، لەسەر ڕوبەری کەمتر لە (3 هەزار) دۆنم زەوی. یەکەم: بڕو قەبارەی وەبەرهێنان لە هەردوو زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان (28/7/2019 – 5/4/2022) بڵاوی کردوونەتەوە. مۆڵەتی بە (178) پرۆژەی وەبەرهێنان بەخشیوە، بە قەبارەی سەرمایەی (11 ملیار و 137 ملیۆن و 300 هەزار و 24) دۆلار، لە سەر ڕوبەری (10 هەزار و 393) دۆنم زەوی. بەپێی لێکدانەوەکانی درەو، لەو پرۆژانەی دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێداون (118) پرۆژەیان دەکەونە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکەوە. کە بڕی (9 ملیار و 335 ملیۆن و 916 هەزار و 730) دۆلاری سەرمایەی تێدا بەگەڕخراوەو دەخرێت بە ڕێژەی (83.83%)، لەسەر ڕوبەری (7 هەزار و 479) دۆنم زەوی. ئەمە لە کاتێکدایە تەنها (60) پرۆژە لە کۆی (178) پرۆژەی وەبەرهێنانیان دەکەونە دەکەونە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە. کە بڕی (1 ملیار و 801 ملیۆن و 383 هەزار و 294) دۆلاری سەرمایەی تێدا بەگەڕخراوەو دەخرێت بە ڕێژەی (16.17%)، لەسەر ڕوبەری (2 هەزار و 914) دۆنم زەوی. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) دووەم: بڕو قەبارەی وەبەرهێنان لە سەر ئاستی پارێزگاو شارەکان 1.    پارێزگای هەولێر؛ (76) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زۆرتر لە (8.7 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (78.7%)، لەسەر ڕوبەری (4.7 هەزار) دۆنم زەوی. 2.    پارێزگای هەڵەبجە؛ (1) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زۆرتر لە (6.8 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (0.06)، لەسەر ڕوبەری (7.2) دۆنم زەوی. 3.    ئیدارەی گەرمیان؛ (9) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زۆرتر لە (331.5 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی (3%)، لەسەر ڕوبەری (935) دۆنم زەوی. 4.    ئیدارەی ڕاپەڕین؛ (4) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (123.3 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (1.11%)، لەسەر ڕوبەری (117.5) دۆنم زەوی. 5.    پارێزگای سلێمانی؛ (46) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زۆرتر لە (1.33 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (12%)، لەسەر ڕوبەری (هەزار و 854) دۆنم زەوی. 6.    پارێزگای دهۆک؛ (42) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی لە (569 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (5.11%)، لەسەر ڕوبەری (2 هەزار و 718) دۆنم زەوی. بڕوانە خشتەی ژمارە (2) خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بڕو قەبارەی وەبەرهێنان بەپێی سێکتەرە جیاوازەکان 1.    سێکتەری بازرگانی؛ (41) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (573 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (5.14%)، لەسەر ڕوبەری زیاتر لە (537) دۆنم زەوی. 2.    سێکتەری بانکەکان؛ (1) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (315) دۆلار بە ڕێژەی (0.14%)، لەسەر ڕوبەری لەمتر لە (1) دۆنم زەوی. 3.    سێکتەری تەندروستی؛ (11) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (89.5 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (0.80%)، لەسەر ڕوبەری (14.6) دۆنم زەوی. 4.    سێکتەری پیشەسازی؛ (49) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (1.620 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (14.55%)، لەسەر ڕوبەری (هەزار و 190) دۆنم زەوی. 5.    سێکتەری خزمەتگوزاری؛ (2) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (57.8 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (0.52%)، لەسەر ڕوبەری (968) دۆنم زەوی. 6.    سێکتەری گەشتیاری؛ (29) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی گەورەتر لە (7 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (64%)، لەسەر ڕوبەری (2 هەزار و 856) دۆنم زەوی. 7.    سێکتەری فێرکردن؛ (18) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (220 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی (2%)، لەسەر ڕوبەری (533) دۆنم زەوی. 8.    سێکتەری کشتوکاڵ؛ (8) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (363.48 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (3.26%)، لەسەر ڕوبەری (3 هەزار) دۆنم زەوی. 9.    سێکتەری نیشتەجێبوون؛ (11) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (1 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (9%)، لەسەر ڕوبەری (هەزار و 256) دۆنم زەوی. 10.    سێکتەری  هونەری؛ (1) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (9 ملیۆن و 234 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (0.08)، لەسەر ڕوبەری (10) دۆنم زەوی. 11.    سێکتەری وەرزشی؛ (7) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (58 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (0.52%)، لەسەر ڕوبەری (25) دۆنم زەوی. بڕوانە خشتەی ژمارە (3) خشتەی ژمارە (3) چوارەم: ڕەگەزنامەو سەرمایەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەکۆی (178) پرۆژە (174) پرۆژەی لەلایەن وەبەرهێنی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێن بە قەبارەی سەرمایەی (6 ملیار و 193 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (55.6%)ی سەرمایەی گشتی وەبەرهێنان لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تاکە کۆمپانیایەکی چینی مۆڵەتی وەبەرهێنانی وەرگرتووە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (5 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (44%)ی سەرمایەی گشتی وەبەرهێنان. (3) پرۆژەش بە هاوبەشی کۆمپانیای عێراقی، چینی، تورکی، مصری و کەنەدی  مۆڵەتیان پێدراوە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (37 ملیۆن و 384 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (0.34%)ی سەرمایەی گشتی وەبەرهێنان. بڕوانە خشتەی ژمارە (4) خشتەی ژمارە (4) چوارەم: وەبەرهێنان ساڵ (28/7/2019 – 5/4/2022) 1.    لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە (28/7/2019) تا (1/1/2020)، مۆڵەت بە (16) پرۆژە دراوە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (485 ملیۆن) دۆلار. 2.    (1/1/2020 بۆ 1/1/2021) ، مۆڵەت بە (77) پرۆژە دراوە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (2 ملیار و 18 ملیۆن) دۆلار. 3.    (1/1/2021 بۆ 1/1/2022)، مۆڵەت بە (69) پرۆژە دراوە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (8 ملیار و 509 ملیۆن) دۆلار. 4.    (1/1/2022 بۆ 5/4/2022) ، مۆڵەت بە (16) پرۆژە دراوە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (124 ملیۆن) دۆلار. بڕوانە خشتەی ژمارە (5) خشتەی ژمارە (5) سەرچاوە؛ ڕاپۆرتی دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی میدیاو زابیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand