درەو: دەستەی وەبەرهێنان، بەرەزامەندی شارەوانی سلێمانی زەویەكی گرانبەها كە لە شوێنێكی ستراتیژی سلێمانیە دەداتە كۆمپانیایەك و لەبری پرۆژەی وەبەرهێنان نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لەسەر درووست دەكات، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە هەوڵی راگرتنی پرۆژەكەدایە. لەنزیك گردی زەرگەتە و لەبەردەم پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی و كۆلیجی سەلاحەدینی ئەهلی موڵكێكی دوو دۆنمی كە بەهاكەی بەزیاتر لە (15 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەلایەن وەبەرهێنانی سلێمانیەوە بەرەزامەندی شارەوانی سلێمانی دەدرێتە كۆمپانیایەك و لە بری وەبەرهێنان نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لەسەر درووست دەكات. پرۆژەكە پەرژینی بۆكراوەو لە ئێستادا شۆفل و حەفارە كاری تێدا دەكات، لەبەردەمی پرۆژەكە بە تابلۆیەك نوسراوە: حكومەتی هەرێمی كوردستان ، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ، دەستەی وەبەرهێنان. ناوی پرۆژەكە: پرۆِژەی نەخۆشخانەی ئەهلی باشوور كۆمپانیای جێبەجێكار: سەنگی سیا ماوەی پرۆژە: 3 ساڵ ژمارەی مۆڵەت: 1097 بە پێی بەدواداچوونی (درەو) پرۆژەكە بە پارەیەكی رەمزی دراوە بە چەند كەسێك و دواتر فرۆشراوەتەوەو ئێستا پرۆژەی نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لەسەر جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی زۆر لەسەر ئەو پرۆژەیە شارەوانی سلێمانی لە هەوڵی راگرتنی پرۆژەكەدایە. \
راپۆرت: درەو رۆژی 1ی ئابی ئەمساڵ دادگای كەرخ لە بەغداد بڕیاری كۆتایی خۆی لەسەر سكاڵایەكی یاسایی دەدات كە لاهور شێخ جەنگیی لەدژی بافڵ تاڵەبانیی تۆماریكردووە، سكاڵایەك كە لەڕووی یاساییەوە حجزی لەسەر هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لەناو یەكێتیی دروستكردووەو بەبێ سازدانی كۆنگرە كێشە بۆ "سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانیی" دروست دەكات، لە فەرمانگەی حزب و رێكخراوە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا هێشتا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. سەرۆكایەتییەكەی بافڵ تاڵەبانیی لەبەردەم یاسادا ماوەی سێ رۆژە میدیاكانی یەكێتیی بەفەرمی (بافڵ تاڵەبانیی)یان وەكو (سەرۆك)ی یەكێتیی ناساندووە، ئەمە دانانێكی رەمزییە، چونكە دۆسیەی یەكێتیی لە دادگای بەرایی كەرخ لە بەغداد، بەهۆی سكاڵایەكی (لاهور شێخ جەنگی)یەوە حجزی خراوەتەسەر. واتە بەگوێرەی فەرمانی دادگای عێراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاوەكو دوای یەكلابونەوەی كێشەی بافڵ تاڵەبانییو لاهور شێخ جەنگیی ناتوانێت هیچ گۆڕانكارییەكی حزبی خۆی بەشێوەیەكی یاسایی بچەسپێنێتو لە فەرمانگەی كاروباری پارتو رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماری بكات، بەتایبەتیش دانانی بافڵ تاڵەبانیی وەكو سەرۆكی حزب. كێشەی یەكێتی لە دادگاكاندا رۆژی 8ی تەموزی ساڵی رابردوو، ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتیی (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، بافڵ تاڵەبانیی لە بەیانی ئەو رۆژەدا (دەزگای زانیاریو دژەتیرۆر)ی كۆنترۆڵ كرد، دوای ئەم رووداوە بەفەرمی (لاهور شێخ جەنگیی) تۆمەتبار كرد بەوەی (ژەهرخوارد)ی كردووەو هەوڵی تیرۆركردنی داوە، بەهۆی ئەم تۆمەتەوەن لاهور شێخ جەنگیی بە مەرجی ئەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە دروست بكرێت، دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكایەتی خۆی رادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد، بەڵام لیژنە دروست نەكراو ئەنجامەكانیش رانەگەیەندرا، ئەمە وایكرد لاهور شێخ جەنگیی سەرلەنوێ داوای دەسەڵاتەكانی بكاتەوە. رۆژی 2ی تشرینی دووەمی 2021 دوای نزیكەی چوار مانگ لە رووداوەكانی 8ی تەموزو جموجوڵی سەربازیی لەلایەن هەردوو جەمسەری كێشەكەوە، بافڵ تاڵەبانیی بە نوسراوێك لاهور شێخ جەنگیی هاوسەرۆكی یەكێتی لە ئەندامێتی یەكێتی دورخستەوە، واتە یەكێك لە هاوسەرۆكەكان ئەوی تری لە حزب دەركرد. بەگوێرەی یاسای بەركار، هەر گۆڕانكارییەك كە لەناوخۆی حزبە سیاسییەكاندا روودەدات، دەبێت لەماوەی مانگێكدا بە نوسراوی فەرمی (فەرمانگەی حزبو رێكخراوە سیاسییەكان)ی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی لێ ئاگاداربكرێتەوە، بەڵام بافڵ تاڵەبانیی دوای تێپەڕینی شەش مانگ هێشتا بڕیارەكەی خۆی بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی لە یەكێتی رەوانەی فەرمانگەی حزبو رێكخراوە سیاسییەكان نەكردووە، بەوهۆیەوە ئێستا لاهور شێخ جەنگیی لەڕووی یاساییەوە هێشتا هاوسەرۆكی یەكێتییەو دادگای بەغداد حجزی لەسەر هەر گۆڕانكارییەك لەناو یەكێتی داناوە. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگیی مانگی ئازاری ئەمساڵ لەدادگای سلێمانی سكاڵای یاسایی دژی بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە. رۆژی 28ی ئازاری ئەمساڵ فەرمانگەی كاروباری حزبو رێكخراوە سیاسییەكان نوسراوێكی ئاڕاستەی (دادگای لێكۆڵینەوە یەك-ی سلێمانی) كردووە، تێیدا لاهور شێخ جەنگی وەكو (ئەندامێكی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی)و (هاوسەرۆك)ی یەكێتی دەناسێنێت، واتە تا ئەوكاتەش كە نزیكەی (5) مانگ بەسەر بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ دەركردنى لاهور شێخ جەنگی تێپەڕیوە ، هێشتا بافڵ تاڵەبانیی فەرمانەكەی خۆی بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی رەوانەی فەرمانگەی حزبو رێكخراوە سیاسییەكان نەكردووەو دورخستنەوەكەی لاهور شێخ جەنگیی لەڕووی یاساییەوە نەچەسپاندووە. دوای تەماشاكردنی دۆسیەكە، دادگای سلێمانی لاهور شێخ جەنگیی ئاگاداركردووە لەوەی سكاڵا یاساییەكەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، چونكە دۆسیەی كاروباری حزبەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، بەوهۆیەوە هەر لە مانگی ئازاردا دۆسیەكەی بردوەتە دادگای بەرایی (كەرخ) لە بەغداد. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، رۆژی 11ی ئەیلولی ئەمساڵ دادگای كەرخ ئاگادارینامەی بۆ دادگای بەرایی سلێمانی ناردووە بۆ ئەوەی بۆ بافڵ تاڵەبانیی ئاگادار بكات لەوەی رۆژی 25ی ئەیلول بەردەم دادگا ئامادە بێت لەسەر بنەمای ئەو سكاڵا یاساییەی كە لاهور شێخ جەنگیی لەسەری تۆماركردووە. بافڵ تاڵەبانیی ئاگادارینامەكەی دادگای كەرخی وەرنەگرتووە، رۆژی 25ی ئایار بەبێ ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانیی یاخود پارێزەرە یاساییەكەی، دادگای كەرخ لەسەر سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیی دانیشت، لەم دانیشتنەدا بڕیاریدا رۆژی 1ی ئابی داهاتوو حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی سكاڵا یاساییەكە یەكلابكاتەوە، ئەمجارە لەبری دادگای بەرایی سلێمانی، لەرێگەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە ئاگاداركردنەوە بۆ بافڵ تاڵەبانیی نێردراوە، ئەگەر ئەمجارەش ئاگادارینامەكە وەرنەگرێتو نەچێتە بەردەم دادگا، رۆژی 1ی ئابی داهاتوو بەبێ ئامادەبوونی خۆی، دادگای كەرخ بڕیار لەسەر ئەو سكاڵا یاساییە دەردەكات كە لاهور شێخ جەنگیی لەسەری تۆماركردووە. ئەگەر لەم دۆسیە یاساییەدا لاهور شێخ جەنگیی لە بافڵ تاڵەبانیی بباتەوە، كێشەی یاسایی بۆ یەكێتیی لە بەغداد دروست دەكات، كێشەیەك كە رەنگە تەنیا سازدانی كۆنگرەیەكی نوێ لەناو یەكێتیدا چارەسەری بكات. سەرباری ئەو كێشە یاساییەی كە لەسەر پرسی سەرۆكایەتیكردنی یەكێتی لە دادگای كەرخ هەیە، رۆژی 22ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكدا لە قەڵاچوالان بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیی وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناساند، رۆژی 28ی ئەم مانگەش لەبەردەم لایەنگرانی یەكێتی كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقیش ئامادەی بوو، سەرلەنوێ بافڵ تاڵەبانی وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناسێندرایەوەو چەند سەركردەیەكی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەسەر ئاستی عێراق پیرۆزباییان لە بافڵ تاڵەبانیی كرد. كرۆكی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیی بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی لەبەردەستی (درەو)دایە، لەو سكاڵا یاساییەدا كە لاهور شێخ جەنگیی لەرێگەی پارێزەرەكەیەوە (سەیوان سیروان جاسم) لە دادگای (كەرخ) تۆماریكردووە، باس لەوە دەكات، بافڵ تاڵەبانیی پێشتر چەند بڕیارێكی لەدژی ئەو دەركردووە بۆ لەكارخستنو دورخستنەوەی لە حزب، بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی، پەیڕەوێك كە لە كۆنگرەی یەكێتیدا پەسەندكراوەو لەلایەن فەرمانگەی حزبەكانی عێراقەوە پشتڕاستكراوەتەوە. لە سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیدا ئاماژە بەوەكراوە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرچاوەی بڕیار لەدەستی (ئەنجومەنی سەركردایەتی)دایەو ئەو بەرزترین دەسەڵاتە لەناو حزبدا. بەشێكی تری سكاڵا یاساییەكەی لاهور شێخ جەنگیی دەڵێ" بافڵ تاڵەبانیی هەندێك تۆمەتی نادروستی بۆ لاهور شێخ جەنگیی دروستكردووەو رێگری لێدەكات دەسەڵاتەكانی خۆی پەیڕەو بكاتو ئەمەش پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە، بۆیە داوا دەكەین دادگا كەسی سكاڵا لەسەركراو بانگهێشت بكاتو بڕیار بدات لەسەر نایاسایبوونی ئەو بڕیارانەی دەریكردووەو سنورێك بۆ رێگیركردن لە پەیڕەوكردنی دەسەڵاتەكانی لاهور شێخ جەنگیی وەكو هاوسەرۆك دابنرێت".
شیكاری: درەو لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (68.5 ترلیۆن) دینار، کە (95%)ی داهاتی نەوت و(5%)ی داهاتی نانەوتی بووە. لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (43 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (95.4%)ی خەرجییەکانی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها (2.1 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (4.6%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی، بەڕێژەی (35%) و نزیکەی (23.5 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. یەکەم: داهاتی گشتی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاوی کردوونەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (68 ترلیۆن و 572 ملیار و 522 ملیۆن و 428 هەزار و 437) دینار، بەجۆرێک بڕی (65 ترلیۆن و 340 ملیار و 20 ملیۆن و 628 هەزار و 667) دیناری بەڕێژەی (95%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (3 ترلیۆن و 232 ملیار و 501 ملیۆن و 799 هەزار و 770) دینار، بەڕێژەی (5%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری سێ مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (1)). دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2022 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) ، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (45 ترلیۆن و 125 ملیار و 566 ملیۆن و 397 هەزار و 805) دینار، بەجۆرێک بڕی (43 ترلیۆن و 7 ملیار و 195 ملیۆن و 592 هەزار و 339) دیناری بەڕێژەی (95.4%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (2 ترلیۆن و 118 ملیار و 370 ملیۆن و 805 هەزار و 446) دیناری بەڕێژەی (4.6%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. سەبارەت بە وردەکاری سێ مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (2)). سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە چارەکی یەکەمی 2022 خەرجییە گشتییەکانی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (2 ترلیۆن و 118 ملیار و 370 ملیۆن و 805 هەزار و 446) دیناری بەڕێژەی (4.6%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (14 ملیار و 907 ملیۆن و 493 هەزار و 577) دیناری بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (482 ملیار و 685 ملیۆن و 23 هەزار و 336) دیناری بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (627 ملیار و 841 ملیۆن و 994 هەزار و 58) دیناری بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی بڕی (846 ملیار و 194 ملیۆن و 499 هەزار و 215) دیناری بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (146 ملیار و 741 ملیۆن و 795 هەزار و 280) دیناری بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (3)). چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2022 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (45 ترلیۆن و 125 ملیار و 566 ملیۆن و 397 هەزار و 805) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (68 ترلیۆن و 572 ملیار و 522 ملیۆن و 428 هەزار و 437) دینار. واتە بڕی (23 ترلیۆن و 446 ملیار و 956 ملیۆن و 30 هەزار و 632) دیناری بەڕێژەی (35%) لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (2 ترلیۆن و 118 ملیار و 370 ملیۆن و 805 هەزار و 446) دیناری لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری سێ مانگی یەکەمی ساڵەکە بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (4)). چوارەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە چارەکی یەکەمی 2022 لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بڕی بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (3 ترلیۆن و 420 ملیار و 115 ملیۆن و 22 هەزار و 876) دینار بووە. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (238 ملیار و 422 ملیۆن و 921 هەزار و 123) دیناری خەرجکردووە، بە جۆرێک تەنها (5) هەزار دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (21 ملیار و 122 ملیۆن و 833 هەزار و 927) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (3 ترلیۆن و 160 ملیار و 569 ملیۆن و 267 هەزار و 826) دیناری خەرجکردووە، بڕی (2 ترلیۆن و 959 ملیار و 139 ملیۆن و 195 هەزار و 162) دیناری لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (201 ملیار و 430 ملیۆن و 72 هەزار و 664) دیناری بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (5)). سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق حساب الدولة لغایة کانون الثاني 2022 للموازنە الاتحادیة حساب الدولة لغایة شباط 2022 للموازنە الاتحادیة حساب الدولة لغایة اذار 2022 للموازنە الاتحادیة
درەو: سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرو ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بەشداری دیداری یەكێتی نەبوون. لە دیداری ئەمڕۆی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی وەكو سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناسێندرا، سەرباری ئەوەی لە دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لە كۆكردنەوەی هەموو ئەو كەسانەكرد كە نیگەرانبوون، بەڵام بەشێك لە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتییەكانی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد. ، بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) لەلایەن رێكخەرانی دیدارەكەوە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتی بانگهێشتی فەرمی كرابوون و لە شاری سلێمانیش بوون بەڵام بەشداری دیداری یەكێتیان نەكرد. كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەن و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بەهۆی نەخۆشیەوە نەیانتوانی بەشداربن. بەڵام سەرجەم ئەندامانی تری ئەنجومەنی باڵا سەرەرای بانگشهێتكردن بەشدار نەبوون: • جەعفەر شێخ مستەفا • حاكم قادر حەمەجان • عومەر فەتاح • ئەرسەلان باییز • عەدنان موفتی • مەلا بەختیار • دلێر سەید مەجید ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی بەشدارنەبوون: * د. فوئاد مەعسوم * د. عومەر شێخ موس * هەریەك لە رەفعەت عەبدوڵا، مەحمود سەنگاوی، حامید حاجی غالی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، یەكێتی بەشداری دیداری یەكێتی نەبوون. * رەهبەر سەید برایم، سەردار هەركی، ئاراس شێخ جەنگی (وادەی سڕكردنەكەی كۆتاییهاتووە)، رێواز فایەق ( بەهۆی پرسەوە) بەشداری دیداری یەكێتی نەبوون.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە دەرکەوتە ھەرە سەرەکییەکانی گوتاری سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی بەشێکی گەورەی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و چالاکەوانە دینییەکان، بریتییە لە بەکەم تەمشاکردنی ژنان و وێناکردنیان وەک بوونەوەرێکی نووقسان. لە ڕێگای ئەم وێناکردنە تایبەتەشەوە گەشە بە ویستێکی بەھێزی باڵادەستبوون و کۆنترۆڵکردنێکی تەواوەتی ژیانی ژنان، دەدەن. ئەم کۆنترۆڵکردنە دەتوانێت تا ئاستی لەدایکبوونی ویستی ئازاردنی مێینە، ویستی شاردنەوە و داپۆشینی، ویستی بێدەنگکردن و سەندنەوەی زمان لێی، ویستی سنووردارکردنی جوڵە و ھەڵسوکەوتەکانی، ویستی ڕێگرتن لە خوێندن و فێربوون و ئیشکردنیان، بڕوات. سەد ساڵێک لەمەوبەر حەسەن بەنا، دامەزرێنەری بزاوتی ئیخوانی موسلیمین، بڕێکی بەرچاوی ئەم ویستانەی لەناو ئەو پارتە سیاسیی و ئەو ئایدیۆلۆژیا دینییەدا بەرجەستەکرد کە لە میسردا دروستیکردن. ڕێکخراوەکەی حەسەن بەنا بونیادێکی پاتریاریکی پیاوسالارانەی ھەبوو، بە دەگمەن نەبێت ژنێک ڕێی نەکەوتۆتە ناو پێگە گرنگەکانی ڕێکخراوەکەوە. حەسەن بەنا باوەڕیشی وابوو کچان دەتوانن بخوێنن، بەڵام بۆیان نییە یاسا، زمانە بیانییەکان و بەشە تەکنۆلۆژییەکان بخوێنن. ھەروەھا باوەڕی تەواوی بە فرەژنیی و باڵادەستی پیاو بەسەر ژندا ھەبوو، تەنھا پیاویشی بە خاوەنی مافی جیابوونەوە و تەڵاقدان، دەزانیی. لە دابەشکردنی ویراسەتیشدا بەرگریی لە نایەکسانییانە دەکرد، کە شەریعەت بەسەر ژناندا سەپاندویەتی. بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو ئیسلامییەکان بە دەگمەن نەبێت شتێکی ئەوتۆیان لەم گوتارە دژە ژن و لەم وێناکردنە کەمنرخێنەرەی ژنان، نەگۆڕیوە. لە ئێستاشدا و لەگەڵ بەھێزبوونی بزاوتە سەلەفییەکاندا، بەشێکی گەورەی دین و دینداریی بەسەلەفی بووە و بەشێکی گەورەی باڵەکانی ئیسلامی سیاسیش ڕوویان لە بەسەلەفیبوونە. لەم دۆخە تازەیەدا گوتاری دژە ژن بەھێزتر و ھەمەلایەنتر و پەڕگیرتربووە. لەشی ژنان خۆیشیان، بە لەشی کچانی کەم تەمەن و منداڵیشەوە، بووە بە سەرزەمینی ڕەمزیی ئیشکردن و ململانێی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی. لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەبەردەمی کامێراکانەوە، بە تەکنیکێکی خۆنمایشکەری شانۆییەوە، لەناو چەندان ھۆڵی گەورەدا، وەک ”زەی موەحد“ی سیستمە تۆتالیتارەکان، ”حیجابی موەحەد“یان کردۆتە سەری ھەزارەھا منداڵ. ئەم کارەشیان بەناوی ”ھەڵبژاردنی ئازادیی“ ئەو منداڵانەوە بە کۆمەڵگا و بەڕەخنەگرەکانیان، فرۆشتوە. دەرکەوتێکی ئەم دۆخە تازەیەی بەسەلەفیبوونی دین و دینداریی، لە قسە و باسی ئەو گوتاربێژ و بانگخوازە دینییانەدا بەرجەستەیە، کە ئامادەگییەکی بەرچاویان لەناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگاکەدا ھەیە، لەوانەش، بۆ نموونە، قسەکانی دکتۆر عەبدولواحید سەبارەت بە ناردنەوەی ژنانی ئیشکەر بۆ ماڵەوە و دانانی گەنجان لە شوێنەکانیان، بێگومان دانانی گەنجانی کوڕ لە شوێنیان. بەر لە ھەمووشتێک دکتۆر عەبدولواحید خاوەنی جورئەت و خاوەنی عەقڵیەتێکە ژنان وەک بوونەوەری بێبڕیار و بێخواست و بێئیرادە وێنادەکات، کەی پیاوێکی وەک ئەو ویستی، بێگومان بە ھاریکاریی چەندان پیاوی تری ھاوشێوەی خۆی، بڕیاری ئەوەبدەن ژنان وەک ڕانەمەڕ و بە کۆمەڵ بنێرنەوە ماڵەکانی خۆیان. با واز لەم لایەنە ناشیرین و پیاوسالارە بیمارەی مەسەلەکە بھێنین و سەیری ئەو تێگەیشتنە بۆ دین بکەین، کە لەپشتی ئەم جۆرە مامەڵەکردنەی ژنانەوەیە وەک ئاژەڵێکی بێئیرادە کە پیاوان چۆنیان ویست بەوجۆرە ئاراستەیان، بکەن. لەم ڕوانینەدا دین بەر لە ھەموو شتێک لەوە کەوتوە ھێزی دەوڵەمەندکردنی ژیانی باوەڕداران و ھێزی کرانەوەیان بێت بەسەر جیاوازیی و ئاڵۆزییەکانی جیھاندا، لەوە کەوتوە باوەشکردنێکی بەڕەحمانەبێت بەیەکتردا، یاخود ھێزێک بێت بە مرۆڤی باوەڕدار ڕەھەندێکی ڕۆحی ببەخشێت و بیکاتە بوونەوەرێکی ناسک و خاوەن ویژدان. لەم دۆخەدا دین گۆڕاوە بۆ ئیرادەیەکی سادیستیی ئازاربەخش کە لەسەر ئازاردانی ئەو ژینگەیە کاردەکات کە لەناویدا ئامادەیە. دیندارەکانیش دەگۆڕێت بۆ کەسایەتییەکی سادیستی کە چێژ لە ئازاردانی کەسانی دەوروبەریان ببینن. ئەم ئیرادە دینییە تازەیە، کە ئیرادەیەکە ڕەگەکانی لەناو سەلەفیەتی وەھابیدایە، بە زمانی ئیھانەکردنێکی ڕۆژانە و بەردەوامی ژنانەوە ئەدوێت. زمانێکی دینیی کە ھێرشبردنە سەر ئافرەت و تەوھین پێکردن و ئازاردانیان، بەشێکە لە ڕێزمان و جەبرەکانی ئیشکردن و دەرکەوتنی ئەو زمانە. بێگومان ڕقبوونەوە لە ژن و ویستی ئازاردانی مێینە، ئاکارێکی سایکۆلۆژیی سروشتی نییە لەناو پیاودا ئامادەبێت، جەوھەرێک نییە بەدرێژایی مێژوو لەگەڵمانادا ھاتبێت، شتێکیش نییە بە جەوھەری گریمانکراوی پیاوبوونەوە گرێبدرێت، بەڵکو بەرەمێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگییە و بەخواست و ئیرادەی کۆمەڵێک ھێزی کۆمەڵایەتییە گرێدراوە. بە بۆچوونی من ئەم ڕق و ترسە بەربڵاوەی ئەمڕۆکە لە ژنان ئامادەیە، ئەم فۆبیایە لە ئامادەگیی ژن لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا، دیاردەیەکی تازەیە، بەشێک نییە لە پەیوەندییەکی کولتوریی و مێژوویی کۆن. لە پەنجاکان و شەستەکان و ھەفتاکان و ھەشتاکاندا ئەمجۆرە پەلاماردانەی ژن و ئەم مۆدێلە لە گوتاربێژ و بانگخوازیی دینیی بوونیان نەبوو، ھەشیانبووبێت بوونێکی تەواو سنووردار و پەراوێزیان ھەبووە. ئەوەی ئەمڕۆ ئامادەیە دیاردەیەکی تازەیە و پەیوەندیی بە دیاردەی بەسەلەفیبوونی دینەوە ھەیە لەناوچەکەدا. سەلەفیبوونێک لە پشتییەوە پیترۆ دۆلاری سعودیی و وڵاتانی خەلیج لە شەست ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکیی و بنەڕەتیان تێدابینیوە. بە کەمتر سەیرکردن و نرخاندنی ژنان، وێناکردنیان وەک بوونەوەری کەمتر و نزمتر لە پیاو، دیاردەیەکە ئەمڕۆکە بەرگریلێکەرانی چیتر نایشارنەوە، بۆ بەڵگە و سەلماندانی ئەو بەکەم زانینە بۆ کتێبە پیرۆزەکان دەگەڕێنەوە و خودا خۆیشی دەکەن بە دروستکەری ئەم ناھەقیی و ناماقوڵییە گەورەیە. دانانی سەرچاوەکانی ئەم ڕقە بەرامبەر بە ژن لەناو ئیرادەی خودا و کتێبە پیرۆزەکانیدا، ئەو دۆخەی خولقاندوە ڕقی ئەم پیاوانە لە ژن چیتر دیاردەیەکی شاراوە و ژێربەژێر نەبێت، بەڵکو دیاردەی ناو سێنتەری بیرکردنەوەی دینیی خۆی و ناو سێنتەری چالاکیی چەندان بانگخواز و گوتاربێژ و خوێندەواریی دینیی و نیمچەدینیی، بێت. وەک بەشێکی سەرەکیش لە گوتاری ئیسلامی سیاسیی ئامادەبێت و کاربکات. ئەم بەکەمتر سەیرکردن و نرخاندنەی ژنان بەناو شادەدەماری زیاد لە ھێزکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیدا دەگەڕێت و ڕۆژانە بەشێوازی جیاواز کۆمەڵگای ئێمە، بە تایبەتی ژنان، بە تایبەتیتریش ژنانی ئیشکەر و چالاک و خاوەن زمان، ڕوویان بە ڕوویدا دەتەقێتەوە. ئەم لەشکرە لە بانگخواز و وتاربێژی سەلەفیی دینیی، باوەڕیان وایە ئیشی سەرەکیی یاسا و بەھا و نۆرمە کولتورییەکان ئەوەیە پێگەی ژنان بەنزمی بھێڵنەوە و وا لەژنان بکەن بڕیارە سەرەکییەکانی ژیانی خۆیان لە دەستی خۆیاندا نەبێت، نەتوانن بەشداربن لەو بڕیارانەدا کە بێدەربەستانە کەسانی وەک دکتۆر عەبدولواحید دەربارەی ژیان و بوونی ئەوان، ئەیدەن. ئەم لەشکرە سەلەفییە دەیانەوێت ژنان گوێگرێکی ئیفلیجیی ئەو بڕیارانە بن کە ئەوان وەک پیاو، پیاوی دینیی سەلەفیی، دەریدەکەن. دەیانەوێت ژنان ھێز و توانا و ئیرادەی وەڵامدانەوە و بەگژاچوونەوەیان نەبێت. ژنان قوڕێکبن ئەوان چۆنیان بوێت بەوشێوەیە بیشێلن. ئەم مۆدێلە لە پیاوی دینیی سەلەفیی کە خۆیان بە نوێنەر و قسەکەری ژمارە یەکی خودا دەزانن، کەس بۆ نییە قسە لە قسەیاندا بکات، چجای ژن کە لای ئەوان بوونەوەرێکی کەمنرخ و نووقسان و گەمژەیە. ئەم جۆرە لە دینداریی و ئەم مۆدێلە لە بانگخوازیی دینیی نەک تەنھا خەریکی دروستکردنی ئێستایەکی نائیسنانی ناشیرین و تەواو دواکەوتون، بەڵکو دەیانەوێت ئەو دەسکەوتانەش بسڕنەوە کە لە قۆناغەکانی پێشتردا بەدەستھێنراون. ژنان کە ساڵانێکی درێژە مافی ئیشکردنیان بەدەستھێناوە، ئێستا دکتۆر عەبدولواحید و ھاوشێوەکانی دەیانەوێت ئەو مافەیان لێبسێننەوە. ئەمانە تەنھا ئەمڕۆ و سبەینێ وێران ناکەن، بەڵام ڕابردووش وێراندەکەن.
(درەو): (دیدار) شوێنی (کۆنگرە) دەگرێتەوەو بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی لە "ھاوسەرۆک"ەوە دەکات بە "سەرۆک"ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. سبەینێ (دیداری یەکێتی) لە ھۆڵی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات، ئەم دیدارە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، دوایین رۆژی ئەم دیدارە دەکەوێتە ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی. ئەم دیدارە کە کۆتا بەشی زنجیرەیەک دیداری تری یەکێتییە لە ناوچە جیاجیاکان، لەسەر پێشنیازی قوباد تاڵەبانی رێکخراوەو بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لە سبەینێوەو لەگەڵ دەستپێكی دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی لە "ھاوسەرۆک"ەوە دەکرێت بە " سەرۆک"ی یەکێتی نیشتمانی و میدیای فەرمی یەکێتی لێرە بەدواوە لەپاڵ ناوی بافڵ تاڵەبانیدا وشەی سەرۆک دەنوسێت. لەدوای رووداوەکانی ٨ی تەموزی رابردووی یەکێتییەوە کە ناکۆکیی نێوان ھەردوو ھاوسەرۆکەکە (بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگیی) تەقییەوە، یەکێتی لەڕووی فەرمییەوە سەری نەماوە، ھەرچەند بافڵ تاڵەبانی جڵەوەی حزبەکەی لەدەستی خۆیدا توند کردووە، بەڵام بە فەرمی ھیچ ناونیشانێکی حزبی لەگەڵ ناوی خۆیدا بەکارناھێنێت و ناونیشانی "ھاوسەرۆک"شی لەخۆی کردوەتەوە. سیستمی ھاوسەرۆکایەتی، لەناو سەرکردایەتی ھەڵبژێرداوی دوای کۆنگرەی چواری یەکێتیدا بڕیاری لەسەر درا، بۆیە ئێستا ماڵباتی تاڵەبانی دەیانەوێت لە دەرەوەی کۆنگرەو لەچوارچێوەی دیدارێکدا ھەڵیوەشێننەوە. بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان لەناو یەکێتییەوە باسی دەکەن، لە دیداری یەکێتیدا نزیکەی (٤ ھەزار) ئەندام بەشداری دەکەن، کۆکردنەوەی ئەم خەڵکە زۆرە رەنگە بۆ نیشاندانی ئەوە بێت بڕیارەکانی ناو دیداری یەکێتی قورسایی بڕیاری کۆنگرەیان ھەیەو دەبێت ھەمووان پێوەی پابەند بن. قوباد تاڵەبانیی کە خاوەنی بیرۆکەی (دیداری یەکێتی)یە، لەسەرەتاوە باسی لەوە دەکرد ئەم دیدارە بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەو سیاسەتی گشتیی یەکێتییە، بەڵام ئێستا دیدارەکە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری ئیداریی لەناوخۆی حزبەکەدا دەڕوات، لەسەروو ھەمووشیانەوە جێگیرکردنی بافڵ تاڵەبانیی وەکو سەرۆکی یەکێتی. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دیداری یەکێتیدا بافڵ تاڵەبانی وتارێک دەخوێنێتەوەو دەیەوێت لەم وتارەدا بە وردی باسی کێشەکانی یەکێتی و دەرەنجامەکانی بکات.
ئەردەڵان عەبدوڵڵا سێ مانگ زیاترە جەنگێکی گەورە لە نێوان ئۆکرانیا و روسیا هەڵگیرساوە، دەمێکیشە وتراوە، لە جەنگە گەورەکاندا، کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورە سوودمەندی سەرەکین، بەدڵنیاییەوە زەرەرەمەندی سەرەکیش، خەڵکی سیڤیلین. هێنری بیرانجە نوێنەری حکومەتی فەرەنسا لە کۆنگرەی ئاشتی رۆمای ساڵی 1918 وتی: نەوت وەکو خوێن وابوو بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی. هەمیشە نەوت و جەنگ پەیوەندییەکی گەورەیان هەیە، لەم جەنگەشدا دووبارە ئەم پەیوەندییە بە جوانی دەرکەوتووە، زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، سوودمەندی سەرەکی بوون بەتایبەتی 4 کۆمپانیا گەورەکەی خۆرئاوا کە ئەوانیش " ئیکسۆن مۆبیل، تۆتاڵ، شێل، بی پی" بەپێی دوایین راپۆرتی میدیاکانی ئەڵمانیا بێت، بۆ ئەمساڵ ئەم کۆمپانیایانە نزیکەی 200 ملیارد دۆلارقازانج دەکەن. هەربۆیە هەندیک پارتی چەپی ئەوروپی داوای باجی قوورس بەسەر ئەم کۆمپانیایانە دەکەن. ماوەیەکە لەناو میدیاکانی ئەوروپادا بەتایبەتی لەئەڵمانیادا ، قسەوباسی زۆر لەبارەی سوودمەندی سەرەکی ئەم جەنگەوە دەکرێن. ئەمەش وایکردووە کە پارتە چەپەکان بێنە قسەو رەخنە لە حکومەتەکانیان بگرن و داوای راگرتنی ئەم جەنگە بکەن، کە جگە لە ماڵوێرانی بۆ گەلی ئۆکرانیا، گرانیی و نائارامیشی بۆ تەواوی گەلانی ئەوروپا هێناوە. بەپێ راپۆرتە میدیاییەکان بێت کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بڕی 8.83 ملیارد دۆلاری قازانج کردووە لەکاتێکدا ساڵی پار لە چارەکی یەکەمدا تەنها 2.76 ملیارد دۆلاری قازانج کردووە ئەمەش مانای وایە کە بە رێژەی 220% قازانجی زیادی کردووە. کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڕی 10.1 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە لەکاتێکدا ساڵی پار لەچارەکی یەکەمدا تەنها 3.49 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە واتە بەرێژەی 187% قازانجی زیادیکردووە. کۆمپانیای شێلی هۆڵەندی- بەریتانی، بڕی 11.22 ملیارد دۆلاری بۆ چارەکی یەکەمی ساڵ قازانجی کردووە، بەمشێوەیەش لەهەموو کۆمپانیاکانی تر زیاتر قازانجی کردووە، لەکاتێکدا ساڵی پار بۆ چارەکی یەکەم تەنها 4.55 ملیارد دۆلاری قازانجی کردووە واتە بەرێژەی 147% قازانجی زیادیکردووە. کۆمپانیای بی پی بەریتانیاش بڕی 4،54 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە لەکاتێکدا ساڵی پار بۆ چارەکی یەکەم 3.96 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە، بەمشێویەش بەرێژەی 14% قازانجی زیادی کردووە. جگە لەم کۆمپانیا خۆرئاواییانە، کۆمپانیاکانی خۆرهەڵاتیش قازانجی باشیان کردووە بۆ نموونە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییش بە یەکێک لە سوودمەندە سەرەکییەکان دادەنرێت، بەپێی ئامارەکان بێت،بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڕی 39.5 ملیارد دۆلار قازانجی کردووە، بەم شێوەیەش بەرێژەی 82% ی قازانجی زیادیکردووە. جێگەی ئاماژەیە کۆمپانیای ئارامکۆ، کۆمپانییەکی حکومییە و کاری بەرهەمهێنان و گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتی سعودییە دەگرێتە ئەستۆ. جگە لە کۆمپانیاکانی نەوت، کۆمپانیاکانی بواری چەکو تەقەمەنی، کارەبا، گاز، سوودمەندی سەرەکین لەم جەنگەدا کە ماڵوێرانی گەورەی بۆ گەلی ئۆکرانیا هێناوە. ئەمەش لەکاتێکدا رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی قووربانیی و ئاوارە و بریندارەکانی جەنگی ئۆکرانیا زیاتر دەبێت، بەپێی دوایین ئامار بێت ژمارەی ئاوارەکان گەیشتۆتە سەروو 6.5 ملیۆن ئاوارە، ژمارەی کوژراوی خەڵکی سیڤیل گەیشتۆتە نزیکەی 3500 کەس، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتۆتە 4 هەزار کەس، هەرچەندە بە تەواوەتی نازانرێت ژمارەی ئەو سەربازانەش چەندە کە کوژراون یان بریندار بوون، چونکە هیچ کام لە لایەنی جەنگەکە ئامارەی راستی بڵاو ناکەنەوە. بەڵام ئەوەی روون و ئاشكرایە کە گەلی ئۆکرانیا زەرەمەندی سەرەکییە لەم جەنگەدا و کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەتو و گاز و چەکوتەقەمەنی، کە زۆربەیان هی وڵاتانی خۆرئاوان، ئەوان سوودمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن. سەرچاوە: www.linksfraktion.de
(درەو): "تەنیا بەڵێ بەواتای بەڵێ دێت" ئەمە ناونیشانی یاسایەكە كە پەرلەمانی ئیسپانیا بۆ رێگرتن لە توندوتیژی سێكسیی پەسەندی كردووە، بەپێی ئەم یاسایە هەرجۆرە سێكسكردنێك بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی پێشوەختە بە "دەستدرێژیی" ئەژمار دەكرێت، پەرلەمانتارێك كە دژی یاساكەیە دەڵێ" ئەم یاسایە دەبێت بە چەكێك بە دەست ژنانەوە كە دەیانەوێت بە درۆ ژیانی پیاوێك وێران بكەن". "رەزامەندی روون بۆ سێكس" پەرلەمانی ئیسپانیا رەزامەندی لەسەر یاسایەك دەربڕی كە ئاسانكاریی دەكات بۆ ئەوەی قوربانیانی توندوتیژی سێكسیی ئەو كەسانە بدەن بە دادگا كە دەستدرێژییان دەكەنەسەر، ئەمەش لەڕێگەی نیشاندانی رەمەزاندی روونو راشكاو بەرلە ئەنجامدانی سێكس. ئەم دەستپێشخەرییە دوای رووداوێكی دەستدرێژیی بە كۆمەڵ دێت كە بەر لە شەش ساڵ لە ئیسپانیا روویداوەو یەكێكە لە دۆسیە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتە. پەرلەمانی ئیسپانیا بەزۆرینە یاسای "گرەنتی ئازادی سێكسیی"ی پەسەندكرد، یاسایەك كە بە یاسای "تەنیا بەڵێ بەواتای بەڵێ دێت" ناوبانگی دەركردووە. ئێستا كە پەرلەمان یاساكەی پەسەندكردووە، دەبێت ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیاش رەزامەندی لەسەر بدات بۆ ئەوەی یاساكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. خاتوو ئیرین مۆنتیرۆ وەزیری یەكسانیی ئیسپانیا كە رۆڵێكی بنەڕەتیی هەبوو لە دەرچوونی ئەم یاسایە وتی:" دواجار ئازادیی سێكسیی دەبێت بە ماف لە وڵاتەكەماندا.. لەئەمڕۆوە توندوتیژی دەگۆڕین بۆ ئازادیی.. ترس دەگۆڕین بۆ ئارەزوو، ئیسپانیا بووە بە ئازادترینو پارێزراوترین وڵات بۆ سەرجەم ژنان". پەسەندكردنی ئەم یاسایە بەواتای ئەوە دێت لەمەودوا ژنان ناچار نابن بیسەلمێنن دوچاری توندوتیژی یاخود دەستدرێژیی سێكسیی بونەتەوە، چونكە هەر جۆرە كردەوەیەكی سێكسیی ئەگەر رەمەزاندی لەسەر نیشان نەدرابێت، بە دەستدرێژیی ئەژمار دەكرێت. یاساكە دەڵێ" بە رەزامەندی ئەژمار ناكرێت تاوەكو كەسەكە بەروونی ئامادەیی خۆی نیشان نەدات". "گەلە گورگ " پەسەندكردنی ئەم یاسایە كە حكومەتی ئیئتیلافی ئیسپانیا بە رێبەرایەتی (پیدرۆ سانشێز) خستویەتییە بەردەم پەرلەمان، دوای ئەو كەیسە دێت كە بە كەیسی "مانادا" یاخود "گەلە گورگ" ناسراوە، ئەمە بریتییە لە رووداوی دەستدرێژیكردنەسەر كچێكی تەمەن (18 ساڵ) لەلایەن پێنج پیاوەوە، ئەم رووداوە ساڵی 2016 لە شاری (پامپلۆنا) لەكاتی بەڕێوەچونی پێشبڕكێی سواربوونی گاكاندا رویدا. ئەو پیاوانەی لەم رووداوەدا تێوەگلابوون هەموویان تاوانی دەستدرێژیی سێكسییان بەسەردا ساغكرایەوەو دادگا حوكمی (9 ساڵ) زیندانیی بەسەردا سەپاندن، بەڵام دواتر دادگا ئەستۆپاكی بۆ دەركردن لەسەر ئەو بنەمایەی گوایا توندوتیژیو تۆقاندنیان بەكارنەهێناوە. لەم كەیسەدا پرسی دەربڕینی رەزامەندی بابەتی سەرەكیی بوو. لەكاتێكدا تیمی پارێزەری تۆمەتباران سوربوون لەسەر ئەوەی قوربانییەكە هەرگیز نەیوتووە "نا"، بەڵام قوربانییەكەی دەیوت ئەو بەهۆی ترسەوە توشی ئیفلیجی بووە. كاردانەوەیەكی گەورەی بە كۆمەڵ هەبوو دژی حوكمەكەی دادگا، تەنانەت خۆپیشاندان لە شەقامەكاندا كراو هەندێك لە سیاسییەكانیش دژی حوكمەكە بوون، ساڵی 2019 دادگای باڵای ئیسپانیا حوكمی ئەستۆپاكی ئەو پیاوانەی هەڵوەشاندەوەو ئەوەی بۆ دەركەوت ئەو پیێنج پیاوە تاوانی دەستدرێژییان ئەنجامداوە، حوكمی 15 ساڵ زیندانی بۆ دەركردن. ساڵی 2021 لە ئیسپانیا (2 هەزارزز 143) حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسیی تۆماركراوە، بەبەراورد بە ساڵی 2020 حاڵەتەكان بەرێژەی 14%ی زیادی كردووە. لە ساڵی 2018وە حەوت وڵاتی تری ئەوروپا یاسایان بۆ روبەڕووبونەوەی تاوانەكانی دەستدرێژیی سێكسیی دەركردووە كە تایبەتە بە نیشاندانی رەزامەندیی بەر لە ئەنجامدانی كرداری سێكسیی، ئەو وڵاتانەش بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی لێبوردن بریتین لە (دانیمارك، كرواتیا، یۆنان، ماڵتا، سوید، ئایسلەندا، سلۆڤینیا). لەگەڵ ئەمەشدا، پارتی (ڤۆكس)ی راستڕەو كە لەگەڵ پارتی میللی موحافیزكاردا دژی یاساكەیە دەڵێ ئەم یاسایە توانای جێبەجێبوونی نییە. خاتوو كارلا تۆسكانۆ پەرلەمانتاری پارتی ڤۆكس دەڵێ" كاتێك سیستمەكە ناچار دەكەیت بەبێ هیچ بەڵگەیەك باوەڕ بە ژنێك بكات، ئەمە دەبێت بە چەكێكی مەترسیدا كە دەكرێت هەر ژنێك بەدرۆ بۆ تۆڵەكردنەوە یاخود وێرانكردنی ژیانی كەسێكی بێتاوان بەكاری بهێنێت". ئەم پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەدەكات" لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا سەختە پیاو بتوانێت بیسەلمێنێت رەزامەندی وەرگرتووە". لەشفرۆشیو بابەتەكانی پۆرنۆ یاساكە هەوڵ دەدات پاڵپشتییەكی گەورەتر بۆ قوربانییەكانی دەستدرێژیی سێكسیی نیشان بدات، بۆ ئەمەش پێناسەی توندوتیژی سێكسیی فراوانتر كردووە بۆ ئەوەی (هەراسانكردن لە شوێنە گشتییەكان) بگرێتەوە ئەوەش كاتێك كەسێك هەست بەوە دەكات لەرێگەی هەندێك دەربڕینو هەڵسوكەوت یاخود قسەی سێكسییو جیاكاریی لەسەر بنەمای رەگەزیی، روبەڕووی سوكایەتیی بووەتەوە. هەروەك یاساكە ئەو ریكلامانە قەدەغە دەكات كە پەرە بە چەقبەستوویی ڕەگەزیی دەدەن یاخود وەك پەرەپێدانی لەشفرۆشیی هەستیان پێدەكرێت، لە دەقی یاساكەدا هاتووە ئامانجی یاساكە بریتییە لە "رێگریكردن لە داواكاریی بۆ هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكانی پەیوەست بە ئیستغلالكردنی سێكسیو لەشفرۆشیو پۆرنۆگرافی كە توندوتیژی سێكسی ئاسایی دەكەنەوە". یاساكە داوا لە لاوان دەكات ئەوانەی كە تاوانی سێكسییان ئەنجامداوە بچنە ناو پرۆگرامی پەروەردەییەوە لەبارەی هەڵسوكەوتی سێكسییو یەكسانیی رەگەزییەوە. زنجیرەیەك دەستدرێژیی سێكسیی كە بەمدواییە لەلایەن منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ئەنجامیانداوە، مەترسی لەناو كۆمەڵگەی ئیسپانیدا دروستكردووە، لەم مانگەدا پێنج كوڕ دەستگیركران كە تێوەگلابوون لە دەستدرێژی سێكسیی بۆسەر دوو كچ لە ڤالنسیا، بەپێی راپۆرتەكان ئەو كوڕانە لە تەمەنی هەرزەكاریدان. سەرچاوە: BBC
راپۆرت: درەو هەڕەشەی پارچە پارچەكردنی ئەو كەسانەی كرد كە گەندەڵن، بەڵام لەبەردەم سێ ژنی نزیك لە بنەماڵەی بارزانیدا بە چۆكدا هات، ئەو كەمال ئەتروشییە، ئەو پیاوەی وتی "خۆم نەوت دەبەم بۆ گوندەكان" بەلام لەسەردەمی ئەودا خەڵك لەسەرما رەقبووەوە، باسی چارەسەری كێشەی بەنزینی كردو لەسەردەمی ئەودا بەنزین بەرزترین نرخی تۆماركرد، كەمال ئەتروشی بەهۆی نەخۆشییەوە دەستی لەكاركێشایەوە یان نیگەرانە ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. نەخۆشە یان نیگەرانە ؟ راگەیاندراوی نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشی بۆ بارودۆخی تەندروستی وەزیر دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر پەیوەندی بە دەستوەردانی لە كاروباری وەزارەتەكەی هەیە، بەتایبەتیش دەستڕۆیشتوویی دكتۆرە (رانیا مەجید) یاریدەدەری مەسرور بارزانی بۆ كاروباری ئابوری لە كاروباری وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دكتۆرە (رانیا) جگە لەوەی یاریدەدەری مەسرور بارزانییە بۆ كاروباری ئابوری، ماوەی ساڵێكە بەهۆی بلۆككردنی ئاشتی هەورامیی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، كاروبارەكانی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری (وزە)ش بەڕێوە دەبات، واتە لەیەك كاتدا یاریدەدەرە بۆ كاروباری ئابوریو هەم یاریدەدەرە بۆ كاروباری وزە. (درەو) زانیویەتی، بەشێكی تری نیگەرانییەكانی كەمال ئەتروشیو دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پەیوەندی بە دەستوەردانی بێسنوری ژنێكی ترەوە هەیە بەناوی (دكتۆرە غەزالە)، ئەم ژنە بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستو كۆمپانیاكانە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. دكتۆرە رانیاو دكتۆرە غەزالە هەردووكیان دوو كەسی زۆر نزیكن لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە. ئەتروشی كە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی وەرگرت، یەكەم بەڵێنی ئەوە بوو پەیكەری وەزارەتەكە بگۆڕێت، وەكو خۆی دەیوت "دەیەوێت پەیكەرێك بۆ وەزارەتەكەی دروست بكات كە نێودەوڵەتی بێت"، بەڵام نەیتوانی ئەمە بكات، پەیكەرەكەی سەرۆكی حكومەت لەناو وەزارەتدا بەهێزتر بوو. كۆتاییەكانی 2021 كەمال ئەتروشی بۆ ماوەیەك وەزارەتەكەی بەجهێشت، ئەوكاتیش دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوبووەوە، بەڵام دواتر رەتیكردەوەو وتی بۆ وەگرتنی چارەسەر چوەتە دەرەوەی وڵات. نەوتی هەرێم لەدەستی سێ ژندا پێش دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشیو دوای دەستلەكاركێشانەوەشی، دۆسیەی نەوتی هەرێم لەدەستی سێ ژندایە كە هەرسێكیان كەسانی نزیكی بنەماڵەی بارزانین. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كە سێبەری مەسرور بارزانییە لەناو حكومەتدا، بەرپرسی هێنانەوەی پارەی داهاتی نەوتی هەرێمە لە (سیتی بانك)ی ئەمریكاوە بۆ بانكی (میسر) لە دوبەی، دوای هێنانەوەی پارەكە بۆ كوردستان، داهاتی نەوت دەچێتە (RT) بانك، بەڕێوەبەری ئەم بانكە ژنێكە بەناوی (همێلە عەبدولستار گەردی)، لای ئەم ژنەوە پارەی نەوت رەوانەی بانكی (منارە) دەكرێت بۆ خەرجی موچە. (همێلە گەردی) لەگەڵ (دكتۆرە رانیا مەجید)و (دكتۆرە غەزالە) وەكو سێ ژنی نزیك لە بنەماڵەی بارزانی، جڵەوی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانو داهاتەكانیان بەدەستەوەیەو لەسەردەمی مەسرور بارزانیدا هیچ وەزیرێكی نەوت ناتوانێت تەجاوزی دەسەڵاتی ئەم سێ ژنە بكات. هەڕەشەی بەغداو چۆڵبوونی وەزارەت ! دوای نزیكەی ساڵو نیوێك لە دەستبەكاربوونی، كەمال ئەتروشی دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستان دەستی لەكاركێشایەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی نۆیەمدا هەر لەسەرەتاوە بە قەیران دەستیپێكرد، ئەم وەزارەتە دوای ساڵو نیوێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت پڕكرایەوە. بەر لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە تەموزی 2019دا، گۆڕانكارییەك لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، مەسعود بارزانی كە خۆی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵگرتبوو پۆستی سەرۆكی هەرێمی دا بە نێچیرڤان بارزانی برازای، لەبەرامبەر ئەمەدا نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو بۆ مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی مامی، مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربونیدا ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، ئاشتی نزیك بوو لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ماوەی زیاتر لە 14 ساڵ لەگەڵ ئەودا كاری كردبوو، بەمە مەسرور بارزانی ویستی سەرچاوەی دارایی نێچیرڤان بارزانی لە نەوتی هەرێمدا وشك بكاتو خۆی جڵەوی دۆسیەكە بگرێتە دەست. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەكاتێكدا چۆڵ دەبێت لە 15ی شوباتی ئەمساڵدا دوای (10) ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە، دادگای فیدراڵی یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو داوای كرد هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئێستا كە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان چۆڵ بووەو مەسرور بارزانی بە وەكالەت كاروباری وەزارەتەكەی داوەتە دەست (كەمال محەمەد)ی وەزیری كارەبا، وەزارەتی نەوت دوو هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەرێم هەڵگرتووە، لە هەنگاوی یەكەمدا نامەی بۆ كۆمپانیاكانی نەوتو غاز لە هەرێم ناردووەو داوایان لێدەكات بێنە پێشەوە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق، لە هەنگاوی دووەمیشدا باڵیۆزی توركیای بانگهێشت كردووەو داوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی لێكردووە. لە ئاشتی هەورامییەوە بۆ كەمال ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 وەكو دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، كەمال ئەتروشی لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد. بەم سوێندخواردنە، كەمال ئەتروشی كۆتایی بە ماوەی زیاتر لە (14) ساڵ دەستڕۆیشتویی (ئاشتی هەورامی) هێنا بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، وەزیرێك كە وەزارەتی نەبوو، دۆسیەی نەوتو غازی كوردستان لەناو (جانتا)كەیدا هەڵگرتبوو، لە لەندەنەوە مامەڵەی بە سامانی سروشتی كوردستانەوە دەكرد. ئەتروشی كە مەسرور بارزانی كاندیدی كردو مەسعود بارزانی پاڵپشتی لێدەكرد، ساڵی 1955 لەدایكبووە، 1975 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە كۆلیژی زانستەكانی زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، دوای تەواوكردنی خوێندن دەستی بەكاركردن كردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا، تاوەكو 1985 كاری بۆ كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق كردووە. چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، ساڵی 1987 خوێندنی باڵای لەزانكۆی (بۆردۆ)ی فەڕەنسا تەواوكردووەو بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە، لە هەمان زانكۆ ساڵی 1991 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە. دوای تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا، كەمال ئەتروشی لە پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ نەوت دەستی بە كاری توێژینەوە كردووە، شارەزایی (35 ساڵ)ی لە بواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە، لەگەڵ چەندین دامەزراوەو كۆمپانیای گەورەدا كاریكردووە، لەوانە: • كۆمپانیاكانی (Elf)ی فەڕەنسی • ئاژانسی نێودەوڵەتی كەنەدا • توێژەرو وانەبێژ لە زانكۆكانی (مكگیل)و (كارلتۆن)ی كەنەدی • كۆمپانیای نەوتی كوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت • كۆمپانیای (پترۆناس)ی مالیزی • كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسی بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كەمال ئەتروشی دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، رووی لە كوەیت كردووەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە كوەیت دەژی. ئێستا كە ئیتر كەمال ئەتروشی پۆستەكەی بەجێهێشتووە، خەڵكی هەرێمی كوردستان تەنیا دوو یادگاری ئەوی بۆ بەجێماوە، یادگاریی یەكەم كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زۆر بڵاوبووەوە قسەیەكی ئەو بوو كە وتی" ئەوەی گەندەڵی دەكاتن نە شەرەفی هەیە نە ناموسی هەیە نە عەسڵی هەیە نە ئەخلاقی هەیە.. بە حەققی خوای.. رب العالمین.. ئەوەی بگرم موەزەفی من بیتن، بیانی بیتن یان چاوشین بیتن سەد پارچەی دەكەم". قسەیەكی تری كەمال ئەتروشی لەو ماوەی كە وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو جێگای سەرەنجی رایگشتی بوو، ئەویش ئەو قسەیە بوو كە وتی خۆم دەچمە ناو گوندەكان لە ناوچە شاخاوییەكانو نەوتی سپی دابەش دەكەم، بەڵام لەسەردەمی ئەودا خێزانێك لەسەرمادا بەهۆی بەكارهێنانی دار بۆ خۆگەرمكردنەوە، بەهۆی غازەوە گیانیان لەدەستدا. ئەتروشی بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی بەنزینی دا، بەڵام ئەم بەڵێنەشی بەجێ نەگەیاندو نرخی بەنزین لەسەردەمی ئەودا نرخی بەنزین بەرزترین ئاستی تۆماركردو تائێستاش بەردەوامە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە کتێبە هەرە گرنگەکانی ناو فیکری سیاسیی بریتییە لە کتێبەکەی ماکیاڤێلی کە پاش مردنی لە ساڵی ١٥٣٢دا بەناوی (میر)ەوە چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە بە یەکێک لە بچووکترین کتێبە فیکرییەکانی دونیا دەژمێردرێت کە گەورەترین کاریگەریی لەسەر تیۆریی سیاسیی و فەلسەفەی دەوڵەتدارییدا بەجێهێستووە. گرنگیی ئەم کتێبە لە ڕاوێژەکانی ئەم بیرمەندەدایە بۆ میر، لەکاتێکدا ئیتاڵیای ئەو سەردەم دابەشبووی نێوان چەندین ئەمارەت و دەسەڵاتدارێتیی ناوچەیی و لۆکاڵیی بوو و لەناو زۆنی شەڕ و ململانێی چەکداریی و خیانەت و درۆ و فێلی سیاسیی نقوم و نغرۆ بووبوو. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە بریتییە لە تەکنیکی حوکمڕانیکردنی گەلان لەلایەن میرەکانیانەوە. نەخشەی ئەم هەندەسە سیاسییەش لە شیکاری پەیوەندی نێوان ئەخلاق و دین و سیاسەتدا دەبینرێت کە ماکیاڤێلی بۆ کردەی سیاسەتی کێشاوە. ماکیاڤێلی بە دامەزرێنەری فیکری مۆدێرنی سیاسیی و سیاسەت وەک زانست دەژمێردرێت، چونکە بڕوای وایە کە سیاسەت نە پەیوەندی بە دینەوە هەیە و نە بە ئەخلاق، بەڵکو کایەیەکی سەربەخۆیە بۆ خۆی. ئەو دەڵێت کاری میر نییە پەیوەندی خۆی بە گەلەکەیەوە بە پرسی ئەخلاق و زوڵم و خێر و شەر باربکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە میر دەتوانێت لەبری فەزیڵەت زەریڵەت پەیڕەوە بکات و لەبری خۆشەویستیی توندوتیژیی پیادەبکات و هەموو کەرەسەیەکیش بەکاربهێنێت بۆئەوەی پاساو بەو ئامانجە بدات کە پاراستن و بنجبەستکردنی پێگە و دەسەڵاتی میرە. ماکیاڤێلی ڕای وایە باشترین شتێک میر بیکات بریتییە لەوەی وا لە خەڵکی وڵاتەکەی بکات میرەکەیان هەم خۆشبوێت و هەم لێشی بترسن. گەر لە حاڵەتێکیشدا پێوسیتی کرد دەستبەرداری یەکێکیان بێت، باشترە دەستبەرداری خۆشەویستیی بێت. بەمانایەکی تر ماکیاڤێلی بۆچوونی وایە کە رەهەندی ترس کۆڵەکەیەکی گرنگی حوکمڕانییکردنە، نەک خۆشەویستیی. خۆشەویستیی دەڕوا و تێپەڕە، دەسەڵات بۆماوەیە و دەمێنێتەوە. لەدیدی ئەودا نەرمیی و دڵنەرمیی دوو خەسڵەتی مرۆیین کە دەوڵەت بەرەو فەوزا و وونبوونی نیزام دەبات، بەپێچەوانەشەوە دڵڕەقیی و توندیی دەتوانێت نیزام و ئاساییشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بپارێزێت. لە سەدەی شانزەوە ماکیاڤێلی پێماندەڵێت ئیتالیای پارچەپارچەبوو پێوستیی بەوەیە یەکبگرێت و دەوڵەتی سەربەخۆ و سەروەری نەتەوەیی خۆی دروستبکات. بۆ ئەم مەبەستەش بۆچوونی وایە ئەو میرنشینانەی کە بە پشتیوانی چەکداری بەکرێگیراوی بێگانە و مورتەزەقە دەسەڵاتدارێتیی خۆیان دەپارێزن دواڕۆژیان تاریکە. بەپێچەوانەوە ماکیاڤێلی دەڵێت میر پێویستی بە دوو شتە یەکەمیان بە لەشکرێکی نیشتیمانییە، دووەمیشیان بە متمانە و خۆشەویستیی گەلە. گەر هەر میرێک بە پشتیوانی بێگانە تەمەنی سیاسیی خۆی درێژکردەوە، تەمەنی دەسەڵاتدارێتییەکەی درێژ نابێت، چونکە متمانە بە چەکدارگەلکێک ناکرێت وڵاتێک بپارێزێت کە بە هەم بێگانە بن و هەم بە پارە جەنگت بۆ بگێڕن. ماکیاڤێلی ڕاوێژی میر دەکات کە لەپاڵ چەکی باش و قەڵای باش، ئابوورییەکی باشی هەبێت کە بۆ ئەو سەردەم مانای ئەمارکردنی خواردن و دابینکردنی ئاو بووە لە کاتی جەنگ و ئابڵوقەدانی شارەکاندا. هەر بۆیە ئەو میرانە ئەو جەنگانەیان بردۆتەوە کە یەکەم چەکی باش و لەشکری نیشتیمانییان هەبووە کە متمانەیان پێکردوون، دووەم خەڵکەکە پشتیوانی میرەکانیان بوون لەکاتی هەڕەشە و جەنگدا، سێیەمیش ئازوقەی باشیان هەبووبێت، بۆئەوەی تاوەکو ساڵێک برسیی و توێنیی نەبن. بەکورتیی، بە بۆچوونی ماکیاڤێلی میر خۆی لە هەڕەشە دەرەکییەکان بە چەک و لەشکری باش و هاوڕێی دڵسۆز و خۆشەویستیی گەل دەپارێزێت. لە هەرێمی میرە کوردییەکاندا نە چەکی باش و نە لەشکریی نیشتیمانیت هەیە و نە خۆشەویستی گەل بوونی هەیە کە لەکاتی جەنگدا پارێزگاریی لەم میرانە بکات. ئەو هاوڕێ دڵسۆزانەشی کە هەیانە نە گوێ لە ڕاوێژەکانیان دەگرن و نە بەقسەیان دەکەن. ئەم خاڵەی کۆتاییش پەیوەندی بەوەوە نییە کە بە قسەی ماکیاڤێلی دەکەن، چونکە ئەو ڕای وایە کە میر نابێت ڕاوێژی کەسانی تر قبوڵبکات مەگەر خۆی داوای کردبێت ڕاوێژی بکەن. لە واقیعدا هێندەی تورکیا دەسەڵاتی میرانی پارتیی دەپارێزێت و هێندەی ئێرانیش دەسەڵاتی میرانی یەکێتیی دەپارێزێت و هێندەی ئەمریکایش لە هەڕەشەی داعش دەیانپارێزێت، نیوئەوەندە بە پشتوپەنا و خۆشەویستیی هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان ناپارێزرێن. دوای نزیکەی پێنجسەد ساڵ بەسەر کتێبەکەی میر و دوای ساڵێک بەسەر وشیارییدانەکەی جینین پلاسخارت سەبارەت بە مەترسیی بۆسەر ئەزموونی کوردیی، دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر وتارەکەی لە ئەنجومەنی ئاساییشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و مەترسیی دابەشبوونی هەرێم بۆ سەر زۆنی زەرد و سەوز و دوای داواکارییەکەی بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەموو حیزبەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگروەکان لە هەولێر، یەکێتیی و پارتیی کۆتاییان بە جەولەیەکی جەنگی میدیایی پڕوکێنەر و ناشیرینی تری خۆیان هێنا و بە عاقڵی لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە و خەندەی دیپلۆماسییان لەگەڵ یەکدا گۆڕییەوە. هەم نەوەی ململانێی چەکداریی ناوخۆیی شەستەکان و، هەم نەوەی شەڕی هەشتاکان و هەم نەوەی نەوەدەکان و هەم نەوەی سەدەی بیستویەکەمیش بە جەنگی ناوخۆیی و گەمەی خوێناویی و رق و ململانێی شەڕانگیزیی باوان و نەوەی نوێی میرانی هەردوو حیزبەکە ڕاهاتوون. هەم پارتییەکان بە حوکمڕانیی ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان ڕاهاتوون و خەمی بەشەکانی تری کوردستانیان نییە، هەم یەکێتییەکانیش بە ناوچەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ڕاهاتوون و خەمی دهۆک و زاخۆ و ئامێدیییان نییە، بەپێچەوانەی هەردووکیشیانەوە خەڵکی ئێمە پاش ڕاهاتنێکی سی ساڵەیی تاقەتی هیچ یەکێک لەو دەموچاوانەیان نەماوە و لە هەردووکیان بێزارن. یەکێک لە تێزە سەرەکییەکانی کتێبی میر بریتییە لە پەیوەندنیی نێوان کەسەرە و ئامانج، واتە ئەو وتارە بەناوبانگەی کە دەڵێت غایەت پاساوی وەسیلە دەکات. بەم پێیە میر دەتوانێت هەموو کەرەسەیەک بەکاربهێنێت بۆئەوەی بگات بەو ئامانجەی کە مەبەستێتی. دیارە ماکیاڤێلی هەرگیز نەیگوتووە تۆ بڕۆ هێزی دوژمن و دەرەکیی وەک کەرەسە بهێنە سەر نایارەکەت، بۆئەوەی بگەیت بە ئامانجی پاراستنی دەسەڵاتی خێزانی خۆت، بەڵام میرەکانی کورد بەبێئەوەی کتێبی میری ماکیاڤێلی بخوێننەوە هەموو کەرەسەیەک بەکاردەهێنن، بۆئەوەی بگەن بە ئامانجە شەخسیی و خێزانییەکانی خۆیان. مێژووی شەڕ و ناتەبایی و ملشکاندن و هێنانی لەشکری بێگانە بۆ سەر یەکتر، بەهیچ کلۆجێک پاساوی گەیشتن نەبووە بە ئامانجی باڵای نیشتیمانیی، بەڵکو بەتەنها بۆ مانەوەی دەسەڵاتی میرەکان بووە. میرانی پارتی و یەکێتی بەردەوام پێویستیان بە پشتیوانی دەرەکیی هەبووە، بۆئەوەی بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و تەمەنی حوکمڕانیی خۆیان درێژبکەنەوە. ئەم میرانەی ناوچەی بابان و بادینان کە لە فۆرمی دوو حیزبی سیاسیی خۆیان ڕێکخستووە، هەمیشە پێویستیان بە فشار و پارەی دەرەکییە، بۆئەوەی بیر لە یەکگرتوویی و تەبایی بکەنەوە و بەرژەوەندی گەلەکەیان بیربکەوێتەوە.
راپۆرت: درەو ساڵێك لەمەوبەر وتی" پێتان وانەبێ ئۆتۆنۆمییەكەی هەرێمی كوردستان تاسەر بەردەوام دەبێت" لەدوای ئەم قسەیەوە دادگای فیدراڵی عێراق بەبڕیارێك هەرێمی ناچاركردووە نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئێستا قسەیەكی تر دەكاتو دەڵێ"لایەنی جوگرافیی هەمیشە لەبەرژەوەندی هەرێمدا نییە"، ئەو خاتوو جینین پلاسخارتە، ژنێك كە كێشەی (زەردو سەوز)ی گەیاندوەتە ناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. عێراق لەسەردەمی پلاسخارتدا "دۆست ئەو كەسەیە ئەتگرێنێ" جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ساڵێك لەمەوبەر لەبەردەم سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەمشێوەیە قسەی كرد. خاتوو پلاسخارت ئەم قسەیەی كرد بۆ ئەوەی دواتر بە سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بڵێ" پێتان وانەبێت ئەو ئۆتۆنۆمیەی ئێستا هەتانە هەروا بە مسۆگەرییو هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، یەكڕیزیی بۆ مانەوەی ئەو قەوارەیە پێویستە". لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، خاتوو پلاسخارت حەوتەمین نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانە لە عێراق، ئەم ژنە لە ئابی 2018وە لە عێراق دەستبەكاربووە، واتە لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی داعشو ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانەوە، دوو رووداو كە بارودۆخی ئەمنیو سیاسی عێراقیان ئاڵۆز كردبوو. لەدوای دەستبەكاربوونی ئەم ژنەوە، عێراق رووداوێكی سیاسی گەورەی بەخۆوە بینی، ئۆكتۆبەری 2019دا شەپۆلێك خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق دژی خراپی خزمەتگوزاریی دەستیپێكرد، ئەم خۆپیشاندانانە دواتر فراوانتر بوونو داوای لادانی چینی دەسەڵاتداری دوای روخانی سەددامیان دەكرد، خۆپیشاندانەكان (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناچار كرد دەستلەكاربكێشێتەوە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە ئەمە یەكەمجار بوو سەرۆك وەزیرانێك لەژێر فشاری شەقامدا ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە بكرێت. پلاسخارت لەوانە بوو هەرزوو كەوتە بەرەی خۆپیشاندەرانەوە دژی چینی دەستڕۆیشتووی عێراق، ئەو چووە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی لە بەغداد، سواری "توك توك" بوو كە سیمبولی ناڕەزایەتییەكان بوو، بە لەچكەوە سەردانی ئایەتوڵلا عەلی سیستانی كرد لە نەجەفو پاڵپشتی سیستانی بۆ خۆپیشاندەرانو ئەنجامدانی چاكسازی لە عێراق راگەیاند. مەندوبی سامی یان نوێنەری یو ئێن ؟ لەوكاتەوە رۆڵی پلاسخارت لە عێراق زیادی كرد، نەخشەرێگای بۆ دەربازبوون لە بارودۆخەكە ئاڕاستەی حكومەتو پەرلەمان دەكرد، جموجوڵەكانی ئەو هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی نیگەران كرد، هەندێك پێیان دەوت "ئەم ژنە وەكو مەندوبی سامی مامەڵە دەكات نەك وەكو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان" لەمەدا ئەیانویست بڵێن ئەو كارانەی خاتوو پلاسخارت دەیكات لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەیە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆی دیاریكردووە. هەندێك لە عێراقییەكان لەبارەی دەسەڵاتی پلاسخارتەوە زیاتریش دەڕۆشتنو بەراوردیان دەكرد بە خاتوو (گێرترود بێل) راوێژكاری (پێرسی كۆكس) مەندوبی سامی بەریتانیا لە عێراق لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا، ژنێك كە دەوترێت دەسەڵاتێكی رەهای هەبووەو راپۆرتو بیروبۆچونەكانی لای بەریتانییەكان بایەخی گەورەی هەبووەو سەركردە سیاسییەكانو وەزیرو ئەفسەرو پیاوماقوڵانی عێراق پێیان وتووە (خاتوون)و لەخوایان ویستووە جارێك بچنە دیداری، چونكە خاتوون دەسەڵاتی رەهای هەبووەو توانیویەتی ئیشوكارەكانیان رایی بكات. پلاسخارت دووەم هاوڵاتی هۆڵەندییە كە پۆستی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقی دوای روخانی سەددامدا وەردەگرێت، پێش ئەم لە ماوەی 2009 تا 2011 نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (ئاد میلكەرت) بوو كە ئەویش پیاوێكی هۆڵەندی بوو. "وەكو سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن مامەڵە دەكات" پلاسخارت لەوانە بوو كە رۆڵی كاریگەریی هەبوو لە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، لایەنە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن (شیعەكانی دۆستی ئێران) تۆمەتباریان كرد بەوەی رۆڵی هەبووە لە نوسینەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن. كۆتا رۆژەكانی تشرینی دووەمی 2021 هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحو دیارترین دۆڕاوی هەڵبژاردن، جامی توڕەیی خۆی بەسەر خاتوو پلاسخارتدا رشتو وتی:" بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەی كە پلاسخارت دەیكات خەریكە متمانەمان بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەق دەبێت، پلاسخارت وەكو ئەوەی سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بێت دەستوەردان لە هەڵبژاردنو ئەنجامەكانیدا دەكات.. ئێمە مەندوبی سامی قبوڵ ناكەین، دەبێت پلاسخارت پابەندبێت بە ئەركی خۆیەوە". ئەوكات لایەنە شیعە دۆڕاوەكان باسیان لەوە دەكرد، سەدان بەڵگەی ساختەكارییان لە هەڵبژاردن خستوەتە بەردەم خاتوو پلاسخارت، ئەویش بەڵێنی پێداون لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا باس لەو ساختەكارییانە بكات، بەڵام كاتێك لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش قسەی كردووە، رێك بەپێچەوانەی بەڵێنەكەیەوە وتویەتی" هەڵبژاردنەكە خاوێنە". پلاسخارتو پرۆژەی كۆنفیدراڵی ! دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدیو دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق، پلاسخارت كەوتەوە جموجوڵ، ئەمجارەیان پرۆژەیەكی گەورەتری بۆ عێراق ئامادە كردبوو كە پرۆژەی (كۆنفیدراڵی) بوو. لە تەموزی 2020 پلاسخارت جموجوڵو سەردانە سیاسییەكانی زیاتر كرد، ئەوكات سەرچاوە ئاگادارەكان باسیان لەوە دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی عێراق نەخشەرێگایەكی "گشتگیر"ی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان ئامادەكردووە. وەكو باسدەكرا، پرۆژەكە داوای جێبەجێكردنی سیستمی "كۆنفیدراڵی"ی دەكرد لە عێراقدا، بەپێی پرۆژەكە، لەنێوان ئەو حكومەتانەی كە لە عێراقدا هەن هەندێك دەسەڵاتی وەكو ئابوریو داراییو گومرگەكان ئازاد دەكرێنو بڕیار بەكۆی دەنگ دەدرێت، ئەگەر یەكێك لە حكومەتەكان بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ئەو نییە، پابەند نابێت بە جێبەجێكردنییەوە. واتە پلاسخارت هەوڵی دەدات عێراق لە وڵاتێكی (فیدراڵی)یەوە بكات بە وڵاتێكی (كۆنفیدراڵی)، مەسعود بارزانی لەوانە بوو كە پاڵپشتی لە پرۆژەكە دەكرد، بەڵام هەرزوو پرسی كۆنفیدراڵی لەلایەن لایەنە عێراقییەكانەوە رەتكرایەوەو هەوڵەكە بە شكست كۆتایی هات. بۆ دەستپێكردنی ئەم هەوڵە، خاتوو پلاسخارت شكستهێنانی بەردەوامی دانوستانەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستانی كردبوو بە هۆكارو باسی لەوەكردبوو پرۆژەكە لەلایەن وڵاتانی گەورەی جیهان لە پێش هەمویانەوە ئەمریكا، پاڵپشتی دەكرێت. ئێستا پلاسخارت لەبارەی دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادەوە لەبەردەم واقعێكی گەورەتردایە، كە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە بۆ رادەستكردنی نەوتو غاز لەلایەن هەرێمەوە، بڕیارێك كە رۆژ لەدوای رۆژ پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. زەردو سەوز.. جوگرافیای هەرێم رۆژی 17ی ئەم مانگە لەدواین وتاریدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پلاسخارت لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە وتی:" ساڵێك لەمەوبەر لەزانكۆی كوردستان جەختم لەسەر دوركەوتنەوە لە دووبەرەكیی نێوان (زەردو سەوز) كرد واتە پارتیو یەكێتی، بەڵام دوای ساڵێك دووبەرەكی قوڵتربوەتەوە، ئەمەش بەخراپی كاریگەریی لەسەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە". پلاسخارت ئاماژەی بەوەكرد، هەرێمی كوردستان بژاردەی لەبەردەمدایە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، بۆ ئەمەش داوایكرد كەشوهەوای هەڵبژاردن فەراهەم بكرێتو دەرفەتی یەكسان بەهەموو لایەنەكان بە گەورەو بچوكەوە بدرێت، دواین بڕیاری پەرلەمانی كوردستان پێچەوانەی خواستی پلاسخارتە، پەرلەمان پرسی هەڵبژاردنی داوەتە دەست حزبەكان، ئەمەش ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن زیاتر دەكات. پلاسخارت جارێكی تر هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دایەوە، وتی:" لایەنی جوگرافی هەمیشە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە، دەبێت بارودۆخی ناوازەی جیۆپۆلەتیكی كوردستان هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی سەركردە سیاسییەكانی هەرێم بەوردی بیربكەنەوە". "پیرەژنەكە" سەرباری ئەوەی لەناو ململانێی توندی پیاوە سیاسییەكانی عێراقدا كاردەكات، بەڵام هێشتا پلاسخارت وەكو هەر ژنێكی ئاسایی پێی ناخۆشە پێی بوترێت پیر بووە. تشرینی دووەمی 2021 لە كۆنفرانسێكی جێندەریدا خاتوو پلاسخارت گلەیی لە حاڵی خۆی كردو وتی: منیش توندوتیژیم بەرامبەر كراوە، پێم دەڵێن پیرەژن.. پیاوێك لە تەمەنی مندا پێی دەوترێت گەنج یان پێی دەوترێت عاقڵو بهئەزمون، ئەوانەی دەیانەوێت سوكایەتی بكەن دەبێت پێیان ناخۆش نەبێت ئەو پیاوانەی كە هاوتاو هاوكاری منن بەلایەنی كەمەوە دەیەیەك لە من گەورەترن". پلاسخارت نیسانی 1973 لە هۆڵەندا لەدایكبووە، ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزمونی كاری سیاسی هەیە، یەكەم ژن بووە لەماوەی ساڵانی (2012 بۆ 2017) وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە، ئەمەش ئەو ماوەیە بووە كە رێكخراوی "داعش" تێیدا سەریهەڵداوە. بەهۆی پۆستەكەیەوە وەكو وەزیری بەرگریی، پلاسخارت بەرپرسی ئەركانی هێزی چەكدارو هێزی پاڵپشتیو هێزی شاهانەی هۆڵەندا بووە كە ئەمانەش بەگشتی چوار جۆر هێز بوون (زەمینی، دەریایی، پۆلیسی سەربازیی، هێزی پاسەوانی سنور)، لەو ماوەیەدا سەرپەرەشتی بەشداری هۆڵەندای كردووە لە جەنگی (مالی) لە كیشوەری ئەفریقا، ئەفغانستانو عێراق، بەرپرسی هەماهەنگیی بووە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپاو ناتۆو نەتەوە یەكگرتووەكان. پلاسخارت لە ماوەی ساڵانی 2010 بۆ 2012 ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا بووە، لە 2004 بۆ 2010 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووەن وەكو نێردەی كۆمسیۆنی ئەوروپا لە ئەمیستەردامو لاتیڤیا كاریكردووە.
درەو: ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە رێگەی نوێنەرەكەیەوە كاری لیژنەی خەمڵاندن و فرۆشتنی موڵكە دەستبەسەركراوەكانی كۆمپانیای نالیای راگرت، لەبەر ئەوەی نرخی خەمڵێندراویان لە نرخی ئێستای بازار زۆر زیاتر دیاریكردووە. سەرچاوەیەك لە لیژنەی خەمڵاندنەكە بە (درەو)ی راگەیاند، وەزیری دارایی تانەی داوە لە كاری لیژنەكەو پێی وایە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە (تاپۆ) نرخی ئەو موڵكانەی لە نرخی ئێستای بازاڕ زۆر زیاتر دیاریكردووەو وەزیری دارایی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە بۆ دووبارە خەمڵاندنەوەی. ئەو لیژنەیەی كە پێكهاتووە بۆ خەمڵاندن و فرۆشتنی ئەو زەویانەی لە بری بارمتەی قەرزی كۆمپانیاكان، لە بەڕێوەبەری تاپۆی سلێمانی و نوێنەری بانكەكان و وەزارەتی دارایی و چەند شارەزایەك پێكهاتووە، ئەمڕۆ وادەی فرۆشتنی چوار پارچە زەوی ناو پرۆژەی چاڤیلاندبوو كە لەبری قەرزەكانی كۆمپانیای (نالیا) خرابوە زیادكردنی ئاشكراوە بۆ فرۆشتن. بەڵام ئەمڕۆ وەزیری دارایی لە رێگەی نوێنەرەكەیەوە كاری لیژنەكەی راگرت چونكە كەس بارمتەی یاسایی دانەنا ئەویش بەهۆی ئەوەی: • نرخی زەویەكان زۆر بەرز دیاری كراون و لە نرخی ئێستای بازاڕ زۆر زیاتر دانراون. • زەویەكان كێشەیان لەسەرەو لەبری قەرزەو هیچ سەرمایەدارێك ئامادەنەبوو ئەو زەویانە بكرێت ئەو سەرچاوەیەی لیژنەی خەمڵاندنەكەی ئەوەی بۆ (درەو) باسكرد، بۆ هەر دۆنمێك زیاتر لە (3 ملیار) دینار دیاریكراوە كە نرخەكە زۆر بەرز دیاریكراوە، ئەو چوار پارچە زەویەی ناو چاڤیلاند بە زیاتر لە (155 ملیار) دینار خەمڵندراوە لەكاتێكدا لە ئێستادا ئەو چوار پارچە زەویە نزیكەی (100) ملیار دینار نرخی راستەقینەیەتی، واتا لیژنەكە بە نزیكەی (50) ملیار دینار زیاتر خەمڵاندوویانە، بۆیە هیچ سەرمایەدارێك ئامادەنەبوو ئەو سێ پارچە زەویە بكرێت. لە كاتێكدا ئەگەر كەس ئامادە نەبێت ئەو پارچە زەویانە بكرێتەوە ئەوا دەبێت وەزارەتی دارایی خۆی هەڵیبگرێتەوە كە زیانێكی دارایی زۆر دەكات بە پێی نرخی رۆژ بە كەمتر لە 20%ی نرخی ئێستای بازاڕ. ئەو چوار پارچە موڵكەی ناو پرۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند كە كۆمپانیای نالیا وەكو بارمتە دایناوە بریتین لە: • موڵكی ژمارە (311/139) كەرتی (1 مەڵكەندی و دەباشان) كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی چاڤیلاندەوە (6) دۆنم و نرخەكەی (21) ملیار دینارە. • موڵكی ژمارە (299/139) كەرتی (1 مەڵكەندی و دەباشان) كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی چاڤیلاندەوە (9) دۆنم و نرخەكەی (36) ملیار دینارە. • موڵكی ژمارە (300/139) كەرتی (1 مەڵكەندی و دەباشان) كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی چاڤیلاندەوە (26) دۆنم و نرخەكەی (67) ملیار دینارە. • موڵكی ژمارە (298/139) كەرتی (1 مەڵكەندی و دەباشان) كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی چاڤیلاندەوە (8) دۆنم و نرخەكەی (30) ملیار دینارە. • كۆی گشتی نرخی ئەو چوار پارچە زەویە زیاتر لە (155 ملیار) دینارە
راپۆرت: درەو ژمارەیەك لە كوڕو كەسی نزیكی بەرپرسانی حزبی و سەربازی و وەزیر و پەرلەمانتارانی یەكێتی لە خولی دەرچوانی كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالاندا بینران، 12 پاسەوانی وەزیری پێشمەرگە و تەنانەت كوڕی وەزیری رۆشنبیریش لەم كۆلێژەدا پلەی ملازمی دوویان وەرگرت، ئەوانەی دوو ساڵ خوێندیان و ئەوانەش تەنیا خولێكی كەمتر لە (8) مانگیان بینی هەردووكیان یەك جۆر پلەی سەربازیان وەرگرت. دەرچوانی قەڵاچوالان لە خولی دەرچوانی كۆلێژی قەڵاچوالاندا كە رۆژی 22ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وێنەی كوڕو كەسە نزیكەكانی بەرپرسە حزبی و وەزیر و پەرلەمانتاران دەركەوتن، رۆژی 22ی ئەم مانگە مەراسیمی دەرچوانی خولی (16)ی كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەشداری لەم مەراسیمەدا كرد. لەكاتێكدا باس لە دورخستنەوەی دەستی حزب دەكرێت لەناو هێزی پێشمەرگە، رۆژێك بەر لە مەراسیمی دەرچونی خوێندكاران، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ هەر دەرچوویەكی كۆلیژی سەربازیی (دەمانچە)یەكی پێشكەش كردن. لە خولی (16)ی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالاندا (503) خوێندكار لە هەردوو رەگەزیی (كچو كوڕ) دەرچوون، (350) كەس لە دەرچووەكان ماوەی دوو ساڵی خوێندنی كۆلیژەكەیان تەواو كردو بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)ی سەربازییان وەرگرتو پلەی (ملازمی دوو)یان پێدرا. (153) كەسی تریان تەنیا خولێكی كەمتر (8) مانگییان خوێندو هاوشێوەی ئەوانەی دوو ساڵ خوێندیان، پلەی (ملازمی دوو)یان خرایەسەر شان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەرەتا بەرپرسانی یەكێتی تەنیا (350) كەسیان لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان داخڵ كردووە، بەڵام دواتر كە زانیویانە لە سنوری پارتی (500) كەس داخڵی خولەكە كراوە، ئەوانیش ناوی (153) كەسی تریان بە پەلە داخڵ كردووە، ئەمە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا رویداوە، ئەو (153) كەسەی كە ناویان داخڵ كراوە ئەوانەن كە خولە (8) مانگییەكەیان خوێندووە. كوڕو كەسوكاری بەرپرسان لە كۆلیژی سەربازیی لەم خولەدا ژمارەیەك لە ئامر لیواو ئامر فەوجەكانی یەكێتی كوڕو خوشكەزارو برازای خۆیان داخڵ كردووە، بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، جگە لە وەزیری پێشمەرگە كە (12) كەسی لە سریەی پاسەوانەكانی خۆی داخڵ كردووە، لە لیستی ناو و وێنەی دەرچواندا كوڕی وەزیری رۆشنبیریو وەزیری دارایی بینران و پلەی (ملازمی دوو)یان وەرگرتووە. چەندین بەرپرسی باڵای حزبی كوڕو كەسە نزیكەكانیان داخڵكردووە (درەو) زانیویەتی، پەرلەمانتارێكی یەكێتی (2) كوڕو (2) برازای لە كۆلیژەكە داخڵ كراوە. پێوەرەكان چین ؟ سەرەتای كە دەست بە ناونوسین كراوە بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان، باسلەوە كراوە ئەوانەی وەردەگیرێن دەبێت بڕوانامەی (بەكالۆریۆس) یان (دیپلۆم) كەمتریان نەبێت، بەڵام دواتر پلەی بڕوانامە بۆ خوێندنی ناوەندی دابەزێندراوە. لە وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆوە قوتابی بۆ ئەم كۆلێژە نێردراوە، كەسانێكی تریش كە هێشتا لە هیچ یەكێك لەو دوو وەزارەتە دانەمەزراون لە كۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان وەرگیراون، بەڵام ئەولەویەت دراوە بەوانەی لە بەرپرسانی حزبو حكومەتەوە نزیكن. لەبارەی كۆلیژی سەربازیی قەڵاچوالانەوە كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان لە ساڵی 1992 لەلایەن جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی دروستكراوە، لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، ئەم كۆلیژە خرایە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
شیكاری: درەو داهاتی گشتی نەوتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بەڕێژەی لە (45%) زیادی کردووە بەراورد بە چوار مانگی یەکەمی (2021). بەجۆرێک داهاتەکە زیاتر بووە لە (21 ملیار و 114 ملیۆن) دۆلار، بەڵام لە چوار مانگی دووەمی (2022) بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە (38 ملیار و 595 ملیۆن) دۆلار. هاوکات بەڕێژەی نزیکەی (11%) توانای هەناردەکردنی نەوتی بەرزکردووەتەوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. یەکەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2021 بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردووەتەوە (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (351 ملیۆن و 510 هەزار و 702) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 930 هەزار و 138) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە زیاتر لە (53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (21 ملیار و 114 ملیۆن و 66 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2021 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2021) بڕی (88 ملیۆن و 922 هەزار و 697) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 868 هەزار و 474) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (53.59) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (54.77) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (1.18) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (4 ملیار و 765 ملیۆن) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2021 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2021) بڕی (82 ملیۆن و 877 هەزار و 757) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 959 هەزار و 920) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (60.49) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (62.28) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (1.78) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 13 ملیۆن و 13 هەزار) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2021 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (91 ملیۆن و 311 هەزار و 929) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 945 هەزار و 546) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (63.37) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (65.41) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.4) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 786 ملیۆن و 536 هەزار) دۆلار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2021 پاڵپشت ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2021) بڕی (88 ملیۆن و 398 هەزار و 319) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (2 ملیۆن و 946 هەزار و 611) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (62.78) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (64.81) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.3) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (5 ملیار و 549 ملیۆن و 517 هەزار) دۆلار. دووەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی ساڵی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (394 ملیۆن و 46 هەزار و 525) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 285 هەزار و 226) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە نزیکەی (98) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (38 ملیار و 595 ملیۆن و 38 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2022) بڕی (99 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 202 هەزار و 777) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (83.83) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (86.51) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.69) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 322 ملیۆن 679 هەزار) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2022 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2022) بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 313 هەزار و 935) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (94.94) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (97.13) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.19) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 809 ملیۆن و 162 هەزار) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (100 ملیۆن و 579 هەزار و 612) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 244 هەزار و 504) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (108.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (117.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (9) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 913 ملیۆن و 197 هەزار) دۆلار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2022 پاڵپشت ئامارەکانی سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 390 هەزار و 662) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 379 هەزار و 689) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (104.09) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (104.58) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (0.49) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 550 ملیۆن) دۆلار. سێیەم: بەراوردکردنی داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە (1ی کانونی دووەم بۆ 1ی نیسان)ی لە ساڵانی 2021 و 2022 1. بەراوردی بڕی نەوتی هەناردەکراو وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بڕی (3514 ملیۆن و 510 هەزار و 702) بەرمیل نەوتی عێراق لە ڕێگەی کۆمۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەکە بەرزبووتەوە بۆ (394 ملیۆن و 46 هەزار و 525) بەرمیل نەوتی فرۆشراو. واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی عێراق بڕی (42 ملیۆن 535 هەزار و 823) بەرمیل و بەڕێژەی (11%) زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (1)). 2. بەراوردی نرخی نەوتی فرۆشراوی عێراق وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (60.06) دۆلار فرۆشتووە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (97.84) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش هەر بەرملێکی نەوتی عێراق بڕی (37.78) دۆلار و بەنزیکەی (38%) بەهاکەی زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) 3. بەراوردی داهاتی گشتی نەوتی فرۆشراوی عێراق وەک لە هەردوو خشتەی ژمارە (1 و 2) دا هاتبوو، حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2021) بە بەهای (21 ملیار و 114 ملیۆن و 66 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. بەڵام لە چوار مانگی یەکەمی (2022) بڕەی داهاتەکە بەڕێژەی (45.3%)بەرزبۆتەوە، بەجۆرێک کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو گەیشتووە بە (38 ملیار و 595 ملیۆن و 38 هەزار) دۆلار. واتە هەناردەی نەوتی فرۆشراوی عێراق بەبەهای (17 ملیار و 480 ملیۆن و 972 هەزار) دۆلار زیادی کردووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (چارتی ژمارە (3)). چارتی ژمارە (3) سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2021، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=198 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=272 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=375 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=403 ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=909 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=951 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1003 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1018
درەو: هونەر حاجی جاسم/ ئەلمانیا دوای پێشکەشکردنی داواکاری ئەم دوو دەولەتە بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ، تورکیا ڕاستەوخۆ ناڕازی بوونی خۆی ڕاگەیاند. پرسیارەکە لێرەدایە کە ئایە بۆچی تورکیا نایەوێت ئەم دوو ولاتە ببنە ئەندامی ناتۆ؟. ئایە بۆ تورکیا چ سوودی هەیە کە ڕێگری لە وەها کارێکدا بکات؟. ئایە لەم بابەتەدا تورکەکان ستراتیژیکی بیر دەکەنەوە یان کاردانەوەیە بەرامبەر PKK لەم دوو ولاتەدا؟. دوای هەلوەشانەوەی "دەولەتی عوسمانی" لە کۆتایی "جەنگی یەکەمی جیهانی"، تورکەکان پێیان وایە کە ڕۆژئاوا بە تایبەتیش "ئەوڕوپیەکان" هۆکاری سەرەکی بوون، لە وەدەرنانی ئەوان، لە گۆڕەپانی سیاسی و عەسکەری "جوگرافیەی سیاسی ئۆڕاسیا"!. ئەمەش لای تورکەکان بیرەوەریێکی تالە لەسەد سالی ڕابردوودا، کە بەردەوام ئاخی بۆ هەلدەکێشن. دوای دامەزراندنی "دەولەتی تورکیش لە سالی 1923" تاکو جەنگی دووەمی جیهانی "ستراتیژی دەولەتی تورک" بە ئاڕاستەی ناوەوە بووکە بریتی بوو لە سەرکوتکردنی هێزە کوردیەکان و هەموو ئەو هێزانە بوو کە ناڕازی بوون لە "سیستەمی سیاسی کەمالیزم"!. دوای دروستبوونی بڵۆکی ڕۆژهەلاتیش بە سەرکردایەتی "یەکێتی سۆڤیەت" و بلۆکی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی "ئەمریکا"، تورکەکان خۆیان بەلای ڕۆژئاوا ساغ کردەوە، چونکە ئەلتەرناتیڤی تریان نەبوو لەوکاتەدا. بەلام بەهۆی گرینگی پێگەی "جیۆپۆلۆتیکی تورکیا"، ئەوروپا و ئەمریکا نزیک بە چل سال دەبێت کە چاوپۆشی، لە خراپیەکانی دەولەتی تورک دەکەن بۆ ئەوەی نەخزێت بەلای "ڕوسەکان"!. هەروەها "تورکەکان" هیچ کات ناخوازن ولاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتیش "ئەمریکا و بەریتانیا" کۆنتڕۆل و کاریگەری لەسەر نفوزی تورکیا بکەن، چ لە "دەریای ڕەش" بێت یانیش "دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست"، تەنانەت "ڕۆژهەلاتی ئەوروپاش". بۆیە هەمیشە ستراتیژی تورکیا بە ئاڕاستەی ئەوەیە کە نابێت ناتۆ زیاد لە خۆی بەهێزتر بێت و نفوزی مەعسکەری ولاتانی ئەسەکەندەنافیش زیاد ببێت و فشارەکان لەسەر ڕوسیا لە دەریای بەلقان زیاد بکەن!. دوای یازدەی سێپتێمبەری سالی 2001 و هاتنی ئەمریکا بە کرداری بۆ "ناوەڕاستی ئاسیا" و "ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراق،" لە نیسانی سالی 2003 تورکەکان بە ترسەوە مامەلەیان دەکرد و خۆیان دوور دەگرت لە بەشداریکردنیان وەک هێزێکی ناتۆ. کاتێکیش "قەیرانی دارایی" سالی 2008 لە ئەوروپا بووە هۆی پاشەکشەی ئەوروپیەکان، تورکەکان لەوپەڕی خۆشحالی دابوون، چونکە پێیان وابوو، کە ئەوان بێ هێز بن، واتە بەهێز بوونی تورکیا لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە!. لەگەل دەرکەوتنی بەهاری عەرەبی و دەرکەوتنی داعشیش لە نیسانی 2014. تورکەکان سنووری سوریایان کردووە بۆ ئەوەی هەرچی گروپی نوستوی ڕادیکالی ئەوڕوپی هەیە ئازادانە بچن و بێن، ستراتیژیشیان لەم کارەدا لاوازکردن و دروستبوونی کێشەی ئەمنی بوو لە ئەوروپا!. ئەمەش وایکرد چەندین تەقینەوە لە شارە گەورەکانی ئەوروپا لە لایان داعشەوە ئەنجام بدرێت. خولاسە تورکەکان هیچ کاتێک نایەنەوێت ئەوڕوپایێکی بەهێز هەبێت کە لەبەرامبەر تورکیا ڕێگربێت و پێی بلێت دەبێت ئەم بکەیت و ئەمە نەکەیت!. لە ئێستاشدا ستراتیژی تورک لە ڕێگری کردنەکە، بریتین لەم خالە ستراتیژیانەی خوارەوە: + یەک. ڕێگریکردن لە بالادەستی ئەوڕوپیەکان و ئەمریکا بە تەواوی لە ناوچەکە، کە بە لای تورکەکان جێگای قەبول نیە!. چونکە تورکان لەوە تێگەیشتون کە ئەوان زۆر بە هێز بن، ڕێگری دەکەن لە ڕەفتارەکانی دەولەتی تورک و هەژمونەکەی بۆیە هەتا بۆیان دەکرێت بە ناڕاستەوخۆ ڕێگری دەکەن!. + دوو. هێشتنەوەی بالانسێکی جیۆستراتیژی لە نێوان ڕوس و ناتۆ، لە ناوچەکەدا!. تورکەکان پێیان وایە کە بەهێزبوونی یەکێک لەم هێزانە بەسەر ئەوەی تردا، واتە لاوازبوونی هەژمونی جیۆستراتیژی تورکی لە ناوچەکەدا. بۆیە بە لایەنەوە گرینگە بالانسێک هەبێت لە ڕووی سیاسی، عەسکەری و ئابووریدا!. + سێ. ڕاگرتنی دلی ڕوسەکان، چونکە تورکەکان نایانەوێت بچنە بەرەی دژایەتی ڕوسیا بە دلی ئەمریکاو ئەوروپا!. چونکە ڕوسەکان بۆ تورکەکان لە چەند ڕوێکەوە بۆ تورکیا گرینگن، بە تایبەتیش لەوەی کە ڕوسەکان هەمیش ئەتوانن ترس بەسەر کیشوەری ئەوروپا دروست بکەن! + چوار. قەبولکردنی داوکاریەکانی تورکیا، ڵە هێرش کردنە سەر بەشەکانی کوردستانی ڕۆژئاڤا و هەرێمی کوردستانی عێراق!. ئەمە یەکێک لە داواکاریەکانی تورکیایە کە ئێستا ریکلامی بۆ دەکات گوایە لۆزان کۆتایی دێت لە سالی داهاتوو، ئەمە ڕێگە بە تورک ئەدات خاکە داگیر کراوەکانی بگەڕێنتەوە بۆ سەر خاکی خۆی!. ئەمەشیان بۆ کورد لە ناوچەکە پڕ مەترسیە!. + پێنج. خالی پێنجەم و کۆتایی هەبوونی چالاکی هێزە کوردیەکانە لە سوێد و فیلەندا، بە بڕوای ستراتیژی ناسەکان ،ئەمە پاساوێکی لاوازە لە ڕێگریکردنی ئەم دوو ولاتە بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ!. دەکرێت یەکێک ڕێگریەکانی دەولەتی تورک لە بە ئەندام بوونی سوێد وفینلەند، ببێتە هۆی قەدەغەکردنی چالاکیەکانی پەکەکە و هێزە نزیکەکانی پەکەکە لەم دوو ولاتە!. ئەنجام: تورکەکان هەموو ستراتیژیێک دەخەنەگەڕ بۆ دووبارە هاتنەوەیان بۆ گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەولەتی و نەخشەی جیۆپۆلۆتیکی نوێ. تورکەکان نایانەوێت نە بە تەواوی ڕوسیا زال بێت بەسەر ڕۆژهەلاتی ئەوروپا. نە دەشایانەوێت ناتۆ بە تایبەتیش ئەمریکا زال ببێت بەسەر هەژمونی تورک لە ناوچەکەدا. زیاد لە شەست سال دەبێت تورکەکان سیستەمە سیاسیەکان بە ناتۆ دەپارێزن و زۆرترین پێشلی ماف مرۆڤ و پێشلی دیموکراسی لە پشت ناتۆوە دەکەن!. تورکەکان سود لە بێ هێزبوونی جیۆئیکۆنۆمیکی ئەوروپا دەبینن!. ستراتیژی تورکیا لە ناتۆ بۆ لێدانە لە کوردەکانی باکوری کوردستان و ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستانە!. سەرچاوەکان: 1.https://theconversation.com 2. http://www.washingtoninstitute.org. 3.http://www.politico.eu 4. http://ecfr.eu 5.https://www.jstor.org