سودانى: لەگەڵ هەرێم لەبارەی ئیدارەدانی نەوت ڕێككەوتوین.
2023-02-09 08:52:43
درەو:
چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط):
🔹سودانی: دەستمانكرد بەدانانی نەخشەڕێگایەك بۆ چارسەری كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر, بەڵام دووچاری بەركەوتنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بوین, ڕومانكردووەتە ڕێوشوێنێكی تر لەچوارچێوەی یاساو دەسەڵاتەكانمان.
🔹"لەگەڵ هەرێم گەیشتوینەتە ڕێككەوتن لەبارەی شێوازی ئیدارەی نەوت و دابینكردنی تەرخانكراوە داراییەكان لەپرۆژە یاسای بودجەدا, دوای پەسەندكردنی بودجە, یاسای نەوت و غاز پەسەند دەكەین".
🔹"یاسای نەوت و غاز یەكێكە لەگرنگترین شایستەكان لەساتەوەختی نوسینی دەستورەوە, چونكە نەوت و غاز تەنها هەرێم چاوەڕوانی ناكات, بەڵكو تەواوی پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت چاوەڕێی دەكەن, دەیانەوێت بزانن دەسەڵاتەكان چین و چییان بۆ دەگەڕێتەوە".
🔹"یاسای نەوت و غاز داواكارییەكی عێراقییە, بەڵام بەهۆی كێشەی نەوت پرسەكە وادەردەكەوێت كە تەنها كێشەی هەرێم چارەسەر دەكات لەگەڵ ناوەند, ئێمە بەرەو جێبەجێكردنی ئەو سیناریۆیە هەنگاودەنێین".
🔹"بڕوامان وایە بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەموو هاوڵاتیان لە ڕوبەڕی جوگرافی عێراق دەگرێتەوە, جا هاوڵاتی هەرێمبێت لەهەولێرو سلێمانی یان لەئەنبار یاخود لەنەخەف, ئەوە دۆخی یاسایی و ئەخلاقییە, ئێمە پەرۆشین بۆ چاودێریكردنی هەموو گەل بەوشێوازەی بنەمای دادپەروەری و یەكسانی دەپارێزێت, ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتییەی كۆماندەكاتەوە دەستورە".
🔹"بەقاچاغبردنی دراو لەتەواوی وڵاتانی جیهان ڕودەدات, عێراقیش دۆخی هاوشێوەی ئەو وڵاتانەیە, كۆمەڵێك وڵاتی ناوچەكە دراوە فەرمییەكەی ڕوبەڕوی داڕمان بووەتەوەو, بەدڵنیایی پێویستیان بەدۆلارە, بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەعێراق تێوەگلاون لەوكارەو قازانجێكی زۆریان دەستدەكەوێت".
🔹"بانكەكان دۆلار حەواڵە دەكەن بۆ دەرەوە لەژێر ناونشیانی هاوردەكردن, ڕێی تێناچێت وڵاتێك هەبێت لەڕۆژێكدا بەبەهای 300 ملیۆن دۆلار هاوردەبكات, مەگەر هەوا هاوردەبكات و بەهاوڵاتیانی بفرۆشێتەوە".
🔹"ئەو ڕێگایە بۆ هەموان ئاشكرابوو, بۆ وەزارەتی گەنجینەو بانكی فیدراڵی و غەیری ئەوانیش, كەس جورئەتی ئەوەی نەبووە ڕوبەڕوی ئەو پرۆسەیە ببێتەوە, تا ئەوكاتەی وەزارەتی گەنجینە هات و ڕێوشوێنەكانی توندكرد بۆ ڕێگەگرتن لە بەقاچاغبردن و سپیكردنەوەی پارەو, كۆمەڵێك بڕیاری تری ئەمریكا بەرامبەر هەندێ وڵات".
🔹"كاتێك پەرلەمانتار بووم بەداواچونم بۆ دزی ئەماناتی باجەكان دەكرد, دوای ئەوەی بۆ سەرۆكایەتی وەزیران كاندیدكرام, ماوەی كاندیدییەكەم درێژەی كێشا بەهۆی دۆخی جەنججاڵی سیاسی, تەمەننام دەكرد ئەوە یەكەم دۆسییەبێت كە دەست بەئەنجامدانی ڕێوشوێنەكانی بكەم, بەڵام مانگێگ پێش ئەوەی دەستەبەكاربم دۆسییەكە كرایەوە, زۆرینەی تۆمەتبارە سەرەكییەكان هەڵهاتن, ئەوانەی بەشدارییان كرد لەبردنە دەرەوەی پارەكان بۆ دەرەوەی وڵات".
🔹"ڕەوتی سەدر ڕەوتێكی سیاسی فراوانەو ڕابەڕێكی ناسراوی هەیە, ڕۆلێكی چالاكی هەیە لەپرۆسەی سیاسی, جا لەپەرلەمان بوونی هەبێت یان لەدەرەوەی پەرلەمان و حكومەت بێت, ڕێز لەبڕیاری كشانەوەی دەگرین لەپەرلەمان, بەلامانەوە گرنگە بوونی هەبێت لەپرۆسی سیاسی و, ڕۆڵی هەبێت لەڕەخنەو ئاماژەدان بەهەر حاڵەتێكی نەرێنی لەچوارچێوەی یاساو دەستوردا".
🔹"هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كە ئەم حكومەتەی پێكهێناوەو (280) پەرلەمانتار لەخۆ دەگرێت لەپێكهاتە جیاوازەكان, بەرپرسە لەم قۆناغە بەهەموو باشی و خراپییەكانیەوە, دۆخەكە شكست هەڵناگرێت و هیچ پاساوێكیان نییە بەلایەنەكانی تری بلێن, جا ڕەوتی سەدربێت یان گەنجەكان, یان زۆرینەی گەلی عێراق كە زیاتر 60% یان بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە".
🔹"نامانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تەنها لەلایەنی ئەمنیدا كورتبكرێتەوە, سەرەڕای گرنگییەكەی, دەمانەوێت ڕێككەوتنی "چوارچێوەی ستراتیجی" چالاكبكرێت, ئەوە سەرۆك بایدنیش باسیكرد, دەمانەوێت پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمریكا بگوازرێتەوە بۆ بوارەكانی ئابوری و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و فێركاری, ئەمە ڕێككەوتنێكی ڕوونەو پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردووە".
🔹"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوبەشێكی ستراتیجی عێراقەو, دەكرێت سود لەهاوبەشییەكەی و شارەزاییەكەی وەربگرین لەپێشخستنی دۆخی ئابوری عێراق و تەواوی بوارەكانی تر".
🔹"نامانەویێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ پاكتاوكردنی ململانێكان و لایەنگری لایەنێكیش نین دژی لایەنێكی تر, بەقەد ئەوەی دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان بەهێز بكەین لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش و دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆ".
🔹"ئیدارەدانی دەزگا ئەمنییەكان لەحكومەتی سودانیدا تەنها لەڕێی ئەو كەسانەوە دەبێت كە خۆیان كوڕی دامەزراوە ئەمنییەكان, نوقتە سەری دێڕ, دامەزراوەی دارایش تەنها لەڕێی كەسانی پیشەیی لە كارمەندانی ئەو دامەزراوەیە بەڕێوەدەبرێن, دەمەوێت ئەوەش بلێم كە هیچكام لەهێزە سیاسییەكان داوای پێگەی ئەمنیی نەكردووە".
🔹"ئەمڕۆ بڕیارێكم دەركرد بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی خۆم بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی ئەمنیی لەدامەزراوە ئەمنییەكان, یەكێك لە گرنگترین كارە لەپێشینەكانمان كۆنتڕۆڵكردنی چەكە لەچوارچێوەی دامەزراوە ئەمنییەكان, ئەمە بەڕێككەوتنە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و نابێت هیچ چەكێك لەدەرەوەی دامەزراوەكان هەبێت".
🔹"لایەن هەیە پێیوایە هێزی بیانی بوونی هەیە, ڕای وایە كە نابێت ڕێگەبدرێت هیچ بوونێكی بیانی لەدەرەوەی یاساو دەستور هەبێت, ئەم بۆچونەش زۆرێك لەخەڵكی عێراق پشتیوانی دەكەن, ئەگەر ئەو بوونەنمان لەچوارچێوەی دەستورو یاسادا ڕێكخست, ئیتر ئەوانە هیچ پاساوێكیان بۆ نامێنێتەوە".
🔹"پێكهێنانی حكومەت 100% بڕیارێكی عێراقی بوو, نە باڵیۆزی ئەمریكاو نە ئێران دەستوەردانیان نەكرد, ملكەچی هیچ كاریگەری و دەستوەردانێكی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ نەبووم".
🔹"هیچ وەزیرێكم بەسەردا نەسەپێنراوەو بەپرسیارێتی دەستنیشانكردنی تەواوی كابینەی حكومەتەكەم لەئەستۆ دەگرم, هەندێ لەكوتلە سیاسییەكان تەنانەت 6 كاندیدیان پێشكەشكردوم, چەندین كاندیدم ڕەتكردووەتەوە تا گەیشتومە دەستنیشانكردنی ئەو كاندیدەی خۆم بڕوای پێیبووە".
🔹"وەزیرەكانمان سەردانی سعودییەیان كردووە, كۆبونەوەكان بەردەوامن بۆ ئامادەكاری بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی هەماهەنگی عێراقی-سعودی, لەئەنجومەنی هەماهەنگی خشتەی ئەرك و پرۆژەكان بۆ ماوەی سێ ساڵ دەخەینەڕوو, لەگەڵ دیاریكردنی كاتەكانیان, لەگەڵ شازادەی جێنیشن لەڕیاز لەسەر ئەمە ڕێككەوتوین.
🔹"لەماوەی هەفتەیەك یان زیاتر كۆبونەوەی وەفدی ئێران و سعودییە لەبەغداد دەستپێدەكاتەوە, ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییانە بەردەوامبێت, چونكە تا بۆچونە جیاوازەكان لەناوچەكە لەیەكتر نزیك ببنەوە, ڕەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیری دەبێت".
🔹"ئەو دەستدرێژییانەی لەسنورەكانی عێراق- ئێران ڕویاندا, هەروەها عێراق-توركیاش, یەكێك بوو لەو كێشانەی ڕوبەڕوی حكومەت بووەوە لەم ماوەیەدا, گفتوگۆمان لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە, كۆنوسێكی هاوبەش لەنێوان لیژنەی ئەمنیی هاوبەش ئیمزاكراوە كە هەرێم و دەزگا فیدراڵییەكان لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجامیانداوە, بۆ ئەوەی (3) ئەرك جێبەجێبكەین".
یەكەمیان: كۆنتڕۆڵكردنی سنور لەلایەن هێزە فەرمییەكانی حكومەتی فیدراڵ.
دووەمیان: ڕادەستكردنی داواكراوان بەپێی فەرمانە یاساییەكان.
سێیەم: ڕێگەنەدان بەهیچ لایەنێك بەدانانی سەربازگەو هەڵگرتنی چەك.
🔹"لەگەڵ هەرێم سەرقاڵی ڕێككەوتنین لەوبارەیەوەو, وەفدێكی ئێران بەنیازن سەردانی عێراق بكەن بۆ ئیمزاكردنی ئەو ڕێككەوتنە لەبەغداد".