Draw Media

درەو: نوسینی: د. مەهدی ئەبوبەكر پێشەكیی هەرچەندە ئۆكراین و روسیا هەزاران كیلۆمەتر لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە دورن، هیچ هاوبەشییەكی مێژویی، كەلتوریی و زمان بە یەكتریانەوە نابەستێت، بەڵام ئەو جەنگەی فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا لە دژی ئۆكراین هەڵیگیرساندوە، ئەگەری ئەوە دێنێتە ئاراوە كە كاریگەریی و لێكەوتەی سیاسیی و ئابوریی بەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانەوە جێبهێڵێت.  بەو پێیەی هێشتا لەسەرەتاكانی جەنگەكەداین، بۆیە ئەنجام و لێكەوتە سیاسییەكانی سەبارەت بە خودی روسیاو ئۆكراین دیار نییە، بۆیە ئەنجام لێكەوتە سیاسییەكانی سەبارەت بە عێراق و هەرێمی كوردستان، زۆر نا رونترو تەمومژاوییە، لەبەر ئەوە هەر بۆچون و لێكدانەوەیەك لەو بارەیەوە؛ دەچێتە چوارچێوەی ئەگەر، گریمانەو پێشبینیی سیاسییەوە، نەك ئەنجامگیریی دڵنیاكەرەوەو كۆنكرێتیی.  ئەوەی ئاشكرایە، عێراق و هەرێمی كوردستان؛ پەیوەندیی سیاسیی باشیان لە تەك روسیادا هەیە، بەرژەوەندی ئابوریی زۆروزەوەند پێكیانەوە گرێ دەدات. لە هەمانكاتدا عێراق، پەیوەندی سیاسیی دۆستانەی لە تەك ئۆكراینیش هەیە، لە بوارێكی بەرتەسكیشدا هەندێك بەرژوەندی ئابوریی لە نێوان هەردو وڵاتدا هەیە، بەڵام هەمو ئەو پەیوەندیانە، ناتوانن بەرچاوڕونی تەواومان لە بارەی لێكەوتە سیاسییەكانی جەنگی نێوان ئەو دو دەوڵەتە لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ فەراهم بكەن.  لەم سەروەختەدا؛ دەتوانین لە رێگەی دو سیناریۆی جیاوازەوە، گریمانەو پێشبینی بۆ كاریگەریی و لێكەوتە سیاسییەكانی جەنگی روسیاو ئۆكراین لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان بكەین، هەر یەكێك لەو دو سیناریۆیە پەیوەستە بە ئارستە، كات و بەردەوامبونی جەنگەكەوە، بە جۆرێك ئەگەر ئاراستەی جەنگەكە بۆ جەنگێكی درێژخایەن سەربكێشێت، ئەوا سەرجەم خاكی ئۆكراین دەگرێتەوەو ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت، لەو حاڵەیشدا؛ كاریگەریی و لێكەوتە سیاسییەكانی جەنگەكە هەم بۆ لایەنە شەڕكەرەكان، هەم بۆ جیهان لە ناویشیدا عێراق و هەرێمی كوردستان جیاواز دەبێت لەوەی شەڕەكە، كورت مەودا بێت و لە چەند رۆژێكدا كۆتایی پێبێت.  لێرەوە هەوڵدەدەین؛ لێكەوتەو كاریگەرییە سیاسییەكانی هەردو سیناریۆكە كە خۆی لە جەنگی درێژخایەن و كورتخایەندا دەبینیتەوە، لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان وەكو ئەگەر، پێشبینیی و گریمانە بخەینەڕو. سیناریۆی یەكەم، جەنگی كورتخایەن: مەبەستی سەرەكیمان لە شەڕی كورتخایەن ئەوەیە؛ ماوەی ئەو شەڕەی لە نێوان روسیاو ئۆكراین سەرهەڵداوە زۆر نەخایەنێت، لە ماوەی هەفتەیەك یان دو هەفتەدا، بە گشتیی كەمتر لە مانگێك كۆتایی پێبێت. جا ئەوەیش بە هۆی؛ ناچاركردنی روسیا بە وەستاندنی شەڕ لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتییدا یان بە هۆی بە دەستهێنانی ئامانجە سیاسیی و سەربازییە راگەیەندراوەكانی شەڕەكەوە بێت كە روسیا ئاشكرای كردوەو بریتییە لە؛ "بەرگریكردن" لە هەردو ناوچەی جودایخوازیی (دۆنیستك و لۆگانسك) و دەركردنی سوپای ئۆكراین لە تەواوی هەرێمی دونباس. واتە؛ ئەو ناوچانەی هەرێمی دونباس كە لە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی ئۆكرایندا ماون و كەوتونەتە دەرەوەی قەڵمەڕەوی جودایخوازەكانی (دۆنیستك و لۆگانسك) -ەوە.  لە ئەگەری سیناریۆی شەڕی كورتخایەندا، بە هۆی ئەوەی؛ سیستمی سیاسیی جیهانیی، سیاسەتی نێو دەوڵەتان و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەكان كە خۆی لە هاوپەیمانێتییە سیاسیی و سەربازییەكاندا دەبینێتەوە، گۆڕانكاریی گەورەیان بەسەردا نایات، بۆیە كاریگەرییە سیاسییەكانی جەنگەكە بە شێوەیەكی راستەخۆو ئاشكرا بە عێراق و هەرێمی كوردستان دیار نابێت.  سەرەڕای ئەوەیش دەتوانین بێژین؛ ئەگەری ئەوە لە ئارادایە؛ ئەو شەڕە بە نا راستەخۆ جۆرێك كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق بە تایبەتیی لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی تازە جێبهێڵێت. دەپرسین چۆن؟  رەنگە بە هۆی سەرقاڵیی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بە شەڕی ئۆكراین و روسیاوە، رۆڵی ئێران لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق فراوانتربێت، هێزە سیاسییەكانی ناو هاپەیمانێتی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) بە هۆی پاڵپشتیی ئێرانەوە، لە روی سیاسییەوە بە هێزتربن. بەو هۆیەوە؛ ئەگەری ئەوەیش دێتە ئاراوە، چەند هێزێكی سیاسیی تر لە ژێر گوشاری ئێراندا بەشداریی لە هاوپەیمانیتی چوارچێوەی هەماهەنگییدا بكەن. بەو جۆرە هاوپەیمانێتیی سێ قۆڵی (سەدر، پارتیی و سەروەریی) روبەڕوی پەراوێزخستن و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەیش دەبێتەوە. دواجار هەلی پێكهێنانی حكومەتی تازە دەكەوێتەوە دەستی هێزەكانی هاوپەیمانێتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی و گرەوەی سیاسیی لە موقتەدا سەدرو هاوپەیمانەكانی دەبەنەوە.  بە دڵنیاییەوە؛ لە ئەگەری رودانی ئەو سیناریۆیەدا، كاریگەریی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش دەبێت، هاوكێشە سیاسییەكە لە بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكلایی دەبێتەوە، چونكە یەكێتیی لە بازنەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە نزیكەو لەفەلەكی سیاسەتی ئێراندا دەخولێتەوە. دواجار رەنگە ئەو داخرانە سیاسییەی لە دوای هەڵبژاردنی رۆژی 10/ تشرینی دوەمی 2021 دروست بوە، بە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگ لە لایەن سەرۆكی روسیاوە لە دژی ئۆكراین، لە بەرژەوەندیی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بكرێتەوەو دەرگای وەرگرتنی دەسەڵاتیان بۆ ئاواڵا بكات.       سیناریۆی دوەم، جەنگی درێژخایەن: مەبەست لە جەنگی درێژخایەن ئەوەیە؛ ماوەی شەڕی نێوان روسیاو ئۆكراین لە چەند مانگێك زیاتر بخایەنیت. ئامانجی شەڕەكە، لە "پاراستنی هەردو كۆمارەكەی دۆنێستك و لۆگانسك" و "یەكخستنی هەرێمی دۆنباس" -ەوە بگۆڕێت بۆ داگیركردنی تەواوەتی ئۆكراین و روخاندنی رژێمی سیاسیی لەو دەوڵەتەدا.  ئەو ئاماژانەی لە لێدوانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی روسیاوە دێن، ئامانجی رانەگەیەندراوی شەڕەكە داگیركردنی تەواوی ئۆكراین و روخانی رژێمی سیاسیی ئەو دەوڵەتەیە نەك "پاراستنی جودایخوازەكانی دۆنباس". بەو جۆرە، روسیاو ئۆكراین، لە تەك ئەوانیشدا؛ هەمو جیهان بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە دەرگیریی سیناریۆی شەڕێكی درێژخایەن دەبین.  لە ئەگەری رودانی سیناریۆی شەڕی درێژخایەندا؛ پێدەچێت پەیمانی ناتۆ بە سەرۆكایەتی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بگلێنە شەڕەكەوە، بەو جۆرە سیستمی سیاسیی جیهان دەڕوخێت و سیاسەتی نێو دەوڵەتان و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەكان گۆڕانكاریی ریشەییان بەسەردا دێت، بە جۆرێك سیستمی سیاسیی جیهانی دوچاری فەوزایەكی گەورە دەبێت و هەر دەوڵەتە بە گوێرەی تواناكانی هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەدات.  لەو فەوزایەشدا؛ بە هۆی ئەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان، خاوەنی دەسەڵاتێكی سیاسیی جێگیر، كاراو نیشتیمانیی نیین، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە؛ دوچاری دەیان گیروگرفتی سیاسیی و سەربازیی گەورە ببنەوە كە دەتوانین لە چەند گریمانەیەكدا ئاماژەیان بۆ بكەین. گریمانەی یەكەم: لەو روانگەیەی توركیا ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، هەروەها كێشەی مێژویی لە تەك روسیادا هەیە، بۆیە دەبێت بە لایەنگریی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی. لە بەرانبەردا ئێران، بەو پێیەی كێشەی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی قوڵی لە تەك ئەمریكادا هەیە دەبێت بە هاوپەیمانیی روسیا. بەو پێیەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ناوچەیەكی جیۆپۆلۆتیكی گرنگن بۆ هەردو دەوڵەت و قوڵایی ستراتیژیی هەردو دەوڵەتەكە پێكدەهێنن، بۆیە ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە؛ توركیاو ئێران، خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەن بە مەیدانی یەكلاكردنەوەی كێشمەكێشە سیاسیی، ئابوریی و سەربازییەكانیان. گریمانەی دوەم: رەنگە دەوڵەتی ئێران، لە ژێرناوی پاراستنی شیعەدا هێزی سەربازیی رەوانەی عێراق بكات و ناوچەكانی باشورو خۆرهەڵاتی عێراق بە بەشێكی هەرێمی كوردستانەوە بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە. لە بەرانبەردا، ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە؛ توركیا لە روی سەربازییەوە پەلكێشیی بۆ باكورو خۆرئاوای عێراق بكات و لە تەكیدا بەشەكەی تری هەرێمی كوردستان بخاتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیەوە. گریمانەی سێیەم: رەنگە هێزە پەڕگیرە ئیسلامییەكانی هاوشێوەی (داعش) پەرەبستێننەوەو هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی لە عێراق بدەن. ئەو سیناریۆیە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەگەری ئەوەی هەیە لە هەرێمی كوردستانیشدا روبدات.  گریمانەی چوارەم: رەنگە ئەو فەوزایە؛ دەرفەت لە بەردەم ئێران و توركیادا خۆش بكات، پێكەوە هەوڵی لە ناوبردنی هەرێمی كوردستان بدەن، ئەویش لە رێگەی هاوكاریكردنی یەكتر بۆ بە هێزكردنی هێزە سیاسییە شۆڤینییەكانی دژ بە كورد لە بەغدا، بە جۆرێك بەغدا بە هێز بكرێت تا بتوانێت لە روی سەربازییەوە پەلاماری هەرێمی كوردستان بدات و كوردستان بگێڕنەوە بۆ دۆخی پێش راپەڕینی ساڵی 1991.  گریمانەی پێنجەم: رەنگە هەردو حزبی فەرمانڕەوا (پارتیی و یەكێتیی) هەر لایەكیان گەرەكی بێت ئەو دەرفەتە بۆ لەناوبردنی ئەوی تر بقۆزێتەوە، بەو جۆرە جەنگێكی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستاندا بەرپا بێت، بە جۆرێك لە جۆرەكان توركیاو ئێرانیش دەستوردانی تێدا بكەن و دواجار هەرێمی كوردستان ببێت بە مەیدانی ململانێ و سەرەنجام هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبێت.  گریمانەی شەشەم: مامەڵەكردنی عاقڵانەی سیاسەتمەدارانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تەك بارودۆخەكەدا. واتە؛ حزب و هێزە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەو فەوزایەدا وڵاتەكەیان بپارێزن، بەشداریی و لایەنگریی سیاسیی و سەربازیی هیچ هێزێكی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیی لە شەڕو كێشمە كێشە سیاسیی و سەربازییەكاندا نەكەن.                              كۆتایی جەنگی نێوان روسیاو ئۆكراین، دەرگای هەمو گریمانەو ئەگەرەكانی لەبەردەم گۆڕانكاریی سیاسیی و سەربازیی گەورەو ریشەی لە جیهاندا كردۆتەوە. بەو پێیەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش كەوتونەتە ناوچەیەكی جیۆپۆلۆتیكی گرنگیی جیهانەوە كە لێوانلێوە لە كێشەی سیاسیی، ئابوریی، نەتەوەیی، ئاینیی و مەزهەبیی، بۆیە پیشبینیی دەكرێت لێكەوتە سیاسیی و سەربازییەكانی ئەو شەڕە بە شێوەی راستەخۆو نا راستەوخۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا دەربكەویت و ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە ببێت بە جێگەی یەكلاییكردنەوەی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتانی دراوسێ كە ئەگەری ئەوە هەیە، هەر یەكەیان خۆیان بەسەر یەكێك لە لایەنەكانی جەنگەكەدا ساغبكەنەوە.  ئەوەی لەم راپۆرتەدا ئاماژەمان پێداوە؛ سەرلەبەری گریمانەی سیاسیین، پێدەچێت هەندێكیان بەدیبێن، ئەگەری ئەوەیش هەیە هەمویان بەدیبێن. لە هەمانكاتدا؛ ئەگەری ئەوەیش هەیە هیچیان بەدینەیەن و سیاسەتمەدارانی عێراق و كوردستان، بە شێوەیەكی عەقڵمەندانە مامەڵە لە تەك رەوشەكەدا بكەن و وڵاتەكەیان لە جەنگ و ماڵوێرانی بپاریزن.    


ئامادەکردنی ؛ ئەنوەر کەریم   لەڕۆژی 15-2- 2022دادگای فیدڕاڵی عێراق کە بریاری نا دەستوری یاسای نەوت و غازی هەرێمی  دەرکردو داوای هەڵوەشانەوەی یاساکەی کرد . لەو کاتەوە حکومەتی عێراق کۆمەڵێ هەنگاوی ناوە بۆ  جێبەجێکردنی یاساکەی دادگای فیدڕاڵی  دژی نەوت لە هەرێمی کوردستان . یاسای نەوت و گازی هەرێم ژمارە 22 کە لەساڵی 2007 لە پەڕلەمانی کوردستان  دەرچووە،  ڕێگای خۆشکرد  بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی  هەرێم   کە دەستکراوەبێت بۆ  بە بەستنی کۆنتراکت بە شێوەی ( PSC)لە گەڵ کۆمپانیا نەوتیەکانی جیهاندا .   یاساکەی داداگای فیدڕاڵی عێراق   وەزارەتی نەوتی عێراقی   بەرپرسکرد  بۆ  پیا چونەوە و  بژارکردنی  کۆنتراکەتاکان  هەر لە گەڕان و  دەرهینان و هەناردەو  فرۆشتنی  نەوتی هەرێم .    حکومەتی هەرێم  کاردانەوەی بەرامبەر یاساکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق  ئەوەیە کە ئەمان واز لە  مافەکانی خۆیان ناهێنن  . وە لە  30-5 – 2022   ئەنجومەنی دادوەری کوردستان    دژی بڕیارەکەی دادگاوەستایەوە وە هەروەها   گومانی خستە سەر  کارامەیی و  ڕەوایەتی دادگای  فیدڕاڵی عێراق.   هەرچەندە   تا ئیستا    یاساکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق  داوای وەستانی(Terminate) نەوتی  هەرێـمی کوردستانی نەکردوە،لە گەڵ کۆمپانیا وە بەر‌هینەرە بیانیەکاندا ، تەنها دەیەوێت  ئەو کۆنتراکتانە  کانسڵ بکرێنەوە  لە گەڵ وەزارەتی نەوتی  عێراقدا ، واتە  پێدا چونەوە  و بژارکردنی  کۆنتراکتەکە (  review and revise) کۆنتراکتێکی تازەدابڕژرێنەوە  (Modifying the contract ( ئەوەی کە  عێراق دەیەوێت  بیکات لە گەڵ کۆمپانیا بیانیەکاندا ، وا دەکات  کە  وەزارەتی نەوتی  عیڕاق بەرەو دادگای ناو بژیوانی لەندەن ببەن   . کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێم داوای قەرەبووی ملیاران دۆلار لە وەزارەتی نەوتی عێراق بکەن  ئەگەر بێتو کێشەکە بەزوی چارەسەر نەکرێت.  وە بەرهێنەرە بیانیەکان  چاوەڕێی   ئەوە دەکەن  کە کێشەکانیان  بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان چارەسەربکرێت  وە بەتایبەتی یاسای ناوبژیوانی کە پەیوەندی بە کۆنتاراکتی ( PSC) وە هەیە  کە ڕێکەوتنی نیودەوڵەتی   لەسەر وە بەرهینانی هەیە ،     1-      حکومەتەکان و  و  (Production Sharing Contract ).  عێراق بەرپرسیار ئەبێت لە شکاندنی  ڕیکەوتنی (PSC) چونکە هەر لایەنێک  بیەوێت  ئەو کۆنتراکتە بشكێنێت   دەبێت لە لەندەن  بچێتە دادگاوە .   وە هەروەها  دەتوانرێت  بەرپرسیاربکرێت  بە شکاندنی یاساکانی هەرێم   چونکە کاتێک  کە ئەبێتە هۆی دروستکردنی کێشەی ئابوری  بۆخەڵکی کوردستان،    حکومەتی هەرێم   ڕێكەوتنی لە گەڵ کۆمپانیا بیانیەکانی نەوتدا کردوە بەپێی بڕگەی 42 لە ڕێکەوتنەکاندا . 42-1- 1هەر لایەنێک  ببێتە هۆی دروسبوونی ناکۆکی  لە ڕێگای گۆڕینی  دەستورو  یاساوە  وە یان مشتومرێک لەسەر چۆنیەتی کارکردن  ببیتە هۆی زیانگەیاندن بە کۆمپانیاکان  و کۆنتراکتەکە   .  42-1-2 ئەبێت ئەو کێشە یە لەدادگای  ناوبژیوانی لە لەندەن( LCIA)یەکلابکرێتەوە  وە  بە ( 3) دانیشتن بگەنە ئەنجام . کۆنتراکتی ( PSC) زۆر بە باشی  شیکراوەتەو پێناسەی بۆ کراوە بۆیە هەر ناکۆکیەک  بەرامبەر بەو  کۆنتراکتە  دادگا بەئاسانی  یەکلای دەکاتەوە .  وە بابەتی گرنگتر ئەوەیە  کە (The OIC Investment Agreement )بەردەوام پشتیوانی  لەو ووڵاتانە دەکات کە   سامانە سروشتیەکەی تیا دەردەهێنرێت  بۆ پاراستنی خەڵکەکەی و دژی هەر  شەرەنخوازیەک و دەستبەسەراگرتنێک.     ئەنجام .   هەر  چەندە عێراق  داوای  لە کۆمپانیا  وەبەرهینەرەکانی بیانی  نەوت  لە هەرێمی کوردستان  نەکردوە کە کارەکانیان (ڕابگرن ) .  بە ڵام لە کاتی داواکردنی  وەستانی کارکردن  ئەو کاتە کۆمپانیا بیانیەکان دەچنە   شاری لەندەن  لەدادگای (LCIA)  داوای ملیاران دۆلارقەرەبوو لە وازارەتی نەوتی عێراق ئەکەن  . ئەو کاتەش بڕیاری سیاسی ئەوێت  بۆ جێبەجێکردنی ئەو  قەرەبووکردنەوە  ئایا قەرەبووی کۆمپانیاکان دەکەن و   بۆ ئەوەی پڕۆسەی نەوت و گازی کوردستان کۆتایی پێبهینن .  یان دەست لەدواکەیان هەڵدەگرن .      .  https://www.gibsondunn.com/recent-iraqi-supreme-court-decision-likely-to-trigger-investment-arbitration-claims/


 ئاریان رەئوف  لێکەوتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراینا  تا دێت گاریگەریان زۆرتر دەبێت لەسەر زۆر رەهەندی جیهانی  و لەوانەش کاریگەری ئابوری و سیاسی و ئەمنی، ئەگەر چی هێشا کاریگەریە گەورەکانی بە دەر نەکەوتون بەڵام قەیرانی گەورەی جیهانی  لە بواری وزەو بەرزبونەوەی نرخی خۆراک خوڵقاندوە کە رەنگە سەرئەنجام سەر بکێشێت بۆ تێچوونی ئارامی و سەقامیگری نێوخۆی زۆرێک لە وڵاتان و بشێوی لێ بکەوێتەوە وەک ئەوەی لەسریلانکا بینیمان. لەم باسەدا تیشک دەخەینە سەر گۆرانکاریە نوێیەکان لە سیستەمی سیاسی جیهانی کە سەر ئەنجام ئەوەش لێکەوتەی ئەبێت لەسەر پێگەی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کە دەرهاوێشتەکەی بریتیە  لەگۆرانکاری لە  ستراکچەری هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراست  و بەتایبەت لەوناوچەی کە کوردی لیێە. گریمانەی باسەکەش بریتیە لەوەی هەر گۆرانێک لە سیستەمی جیهانی روبدات کاریگەری نەرێی دەبێت لە سەر پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.  یەکەم - گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی و ستراکچەری رۆژهەڵاتی ناوەراست سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بە هۆی لێکەوتەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراینا بوو، کە سەردانەکە بە ئامانجی دروستکردنی ستراکچەرێک بۆ پشت بەیەکبەست وهەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە بە بەشداری ئیسرائیل دژ بە ئێران،  لە لایەکی تر جەختکردنەوە لەوەی ئەم ناوچەیە لەژێر هەژمونی ئەمریکادایە  رێگە نادات بە چین بۆشایەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە کە ئەمەش دەرئەنجامی ئەو پاشەکشەی ئەمریکا بوو کە لەماوەی  رابردوودا لە ناوچەکەدا کردبووی وەک چۆن بایدن دانی بەوە دانا ئەمریکا هەڵەبوو لە پاشەکشە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. دەرهاوێشتەکانی هاتنی جۆ بایدن بۆ ناوچەکە بەو شێوەی لێ نەکەوتەوە وەک ئەوەی لە رابردودا سەرۆکەکانی ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بە دەستیان ئەهێنا، چونکە لە ئێستادا وڵاتانی ناوچەکە لە دۆخی ئەمریکا تێگەیشتونن کە ئەو پێگەو هێزەی جارانی نیە و رکابەی بەهێزی بۆ دروست بووە  لە ئاستی نێودەوڵەتی لە لایەکی تریشەوە وڵاتانی ناوچەکە لە هەوڵێ دروستکردنی ستراکچەرێکی هەرێمین بۆخۆیان کە بتوانن لە ململانێ نوێیەکەدا خاوەن بریاری خۆیان بن تا ئەو کاتەی بۆیان روندەبێتەوە  گۆرانکاری لەسیستەمە جیهانیەکە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت، هەر ئەمەش وای کردوە کە جۆرێک لێک نزیکبونەوە و نەرمی نواندن لە نێوان نەیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست روبدات ، بۆ نمونە نەرمی نواندنی لە نێوان ئێران و سعودیە لەلایەک  وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و بەتایبەت پەیوەندیەکانی سعودیە و ئیسرائیل  لە لایەکی تر کە (ئەگەر چی هێشتا لە قۆناغی پەیوەندی ژێربەژێری دایە) دەرخەری ئەم راستیەن. وەک چۆن ئەمریکا لە هەوڵی پێداچونەوەیە بە پەیوەندیەکنی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست روسیاش لە هەوڵی ئەوەدایە کە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت نەیارەکانی ئەمریکا بۆ خۆی کیش بکات، لە هەمانکاتدا ئەوانەشی کە نەیاری ئەمریکا نین وایان لێبکات کە پاڵشتی  ئەمریکا نەکەن لەم ململانێیەدا، هەر لەو سۆنگەیەوە ڤلادیمر پۆتینی سەرۆکی روسیا ١٩ی تەمموز سەردانی تاران ئەکات و  رۆژی دواتر دیداری لوتکە لەگەڵ ئیبراهیم رەئسی سەرۆک کۆماری ئێران و ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجام بدات، وابریارە لە دیداری لوتکەدا کێشەکانی سوریا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بە پیێ راگەیاندێکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە دیدارەکەدا "پرسی پەیوەندیەکانی نێوانیان و  بارودۆخی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی تاوتۆێ دەکەن لەنێویشیاندا دۆسیەی سوریا و شەر لەگەڵ گروپە تیرۆریستیەکان لە سوریا " کە ئامانج لەم پرسەش رۆژئاوایە (کورستانی سوریا)، کە ئەگەرێکی زۆر هەیە چ روسیا و ئێرانیش رەزامەند بن و هاورابن لەگەڵ تورکیا بۆ بەرەنگاری بونەوەی هێزەکانی سوریایی دیموکرات. بە روانین لە دۆخی نێودەوڵەتی هەرێمی ئەوە رون دەبێتەوە گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی  و گۆرین لە ستراکچەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ئارادایە یان ئەتوانین بڵێین دەستی پێکردوە. لە ئاستی نێو دەوڵەتی ئەمریکا رکابەری بەهێزی بۆ دروست بووە، ئەگەر چی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەوڵی ئەوەدەدات کە پارێزگاری لە دۆخی ئێستا (حمایە الوچع الراهن)  سیستەمە جیهانەکە بکات کە خۆی تیایدا باڵادەست بوە لەسالێ ١٩٩٠ وە و  رێگری بکات لە ناسەقامگیری سیستەمی جیهانی بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات لە جیهان، بەڵام شارەزایان ئەوە دەخەنە روو ئەمریکا دواکەوتوە لە پارێزگاریکردن لە دۆخی سیستەمی سیاسی جیهانی. دووەم -  پێگەی کورد لە گۆرینی سیستەمی سیاسی جیهانی  بە روانین لە باردۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی ئەوەمان بۆ رون دەبێتەوە گۆرانکاری نوێ سەرهەڵدەدات لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و سیستەمی سیاسەتی جیهانی بەروە گۆرانکاری دەروات، ئەگەر چی رووی (ملامح) گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی لە میژە بە دەر کەوتون بەڵام جەنگی روسیا و ئۆکراینا خێراتریکرد، و ئەمریکاش ئەو باڵا دەستەیەی بەسەر سیستەمەکەدا نامێنێت. وەک رونیشە ئەوەی لە سالێ ١٩٩١ ەوە تاکو ئێستا بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای سوریاشدا بەدەستی هاتوە لە دەرئەنجامی گۆران بووە لە سیستەمی سیاسی جیهانی لە دوو جەمسەریەوە بۆ تاک جەمسەری بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٠ کە بە سیستەمی نوێی جیهانی ناسرا، لەو قۆناغەی کە ئەمریکا باڵادەست بوو بەسەر سیستەمەکەدا هەلێک بۆ کورد هاتەبون دەرئەنجامیش کورد لەهەرێمی کوردستان بو بە خاوەنی کیانی خۆی لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەگەر چی  هەر لەسەرەتاوە تاکو ئێستا ململانێکان لە ناوخۆی هەریمی کوردستان وبەهەدەردانی سامانی سروشتی هەرێمی کوردستانیان لاوازکرد ونەیانتوانی بیکەنە نمونەیەکی باش لە حوکمرانی لە ناوچەکەدا.   سەرباری نارەزای وڵاتانی ناوچەکە (تورکیاو ئێران و عێراق) بەڵام لەترسی ئەمریکا کە خاوەن بریار بوو و هەژموونی تەواوی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەبوو رێگریان لە گەشانەوەی هەرێمی کوردستان نەگرت و بە پێجەوانەوە مامەڵەی جیاوازیان  لەگەڵدا دەکرد  بە تایبەت ئێران و تورکیا بە دەر لە دەوڵەتی عێراق وەک کیانێکی سەربەخۆ پەیوەندیان لەگەڵ بەست، ئەم مامەڵە کردنەیان لە دەرئەنجامی تێگەیشتنیان نەبوو بۆ رەوایەتی مافی کورد وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەی  لە ناوچەکە بەڵکو دەرئەنجامی فشاری سیستەمە جیهانیەکە بوو بە رابەرایەتی ئەمریکا، هەربۆێەش تێفکرینی رەگەزپەرستانەیان دژ بە کورد دانەمرکابویەوە مامەڵەکردنیان لە گەڵ کورد لە ناوخۆی وڵاتەکانیان ئەم قسەیە دەسەلمێنیت، بەڵام هەر گۆرانێک لە سیستەمە جیهانیەکە دەستی تورکیا و ئێران واڵادەکات بۆ لاوازکردنی کورد لە هەرێمی کورستان، کە دواتر ئاماژە بۆ هەوڵەکانیان دەکەین. سەبارەت بە رۆژئاواش  دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی (داعش) کورد لە  رۆژئاوا (کوردستانی سوریا ) ئەو هەلەی بۆ رەخسا کە ببێتە خاوەنی کیانێک لە ناو سوریا، سەرەرای دژایەتی کردنی لەلایەن تورکیاوە بەڵام تاکو ئێستا توانیویانە بەردەوام بن، ئەمریکاش هاوکاری سەربازی زۆری پێشکەش بە هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کرد کە ‌هێزی باڵا دەستە لە رۆژ ئاوا، لە هەمانکاتدا ئەمریکا چەند جارێک روبەروی تورکیا وەستایەوە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیەکانی لە هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە ئەنجام نەدات، ئەگەر چی لە هەندێک ناوچەی تر چاوپۆشی لێکرد، ئەمە مانای ئەوەنیە هەرەشەکانی تورکیا بەردەوام نین لە سەر رۆژئاوا بەڵام باڵادەستی ئەمریکا هەندێک لەو هەرەشانەی کەمتر کردەوە.  سێیەم -دەرهاوێشتەکان گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی جیهانی لەسەر پیگەی کورد  وەک پێشتر ئاماژەمان پیکرد بە لاواز بونی ئەمریکاش گۆرین لە سیستەمە جیهانیەکە رودەدات کە سەرئەنجام کاریگەری لە ستراکچەری هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێت. بە هۆی ئەم گۆرانکاریە نوێیانە و لاوازبونی رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە، هێزە هەرێمیەکان لە نێویشیاندا ئێران و تورکیا ئەم گۆرانکاریانە بە هەلدەزانن و دەیانەوێت وەک هێزی ریڤژنست ( القوە التعدیلیە) گۆرانکاری لە ستراکچەری هەرێمەکەدا بکەن  (لە ئێستادا ئەمە بەرونی دەبینین) ئەگەر چی لە رابردوشدا هەمیشە ئەو دۆخە سەپینراوەیان پێ قەبوڵ نەبوە بەڵام وەک ئێستا دەرفەتەکە لەباردا نەبو بۆیان.  ئەمەش روونە زەرەرمەندی یەکەم لەگۆرینی ستراکچەری هەرێمەکەدا کوردە، نەک تەنها رۆڵ و پیگەی لاواز دەبێت بەڵکو هەرەشەی گەورەی روبەر دەبێتەوە لە خوارەوە باس لە هەندێک لەو هەرەشانە دەکەین کە لە ئێستادا بەرۆکی کوردی گرتوە:.   ١-هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستان لە ئیستادا کیانەکەی لە بەردەم هەرەشەی گەورەدایە، لە لایەک ئێران لە رێگەی درۆن و موشەکە دوور هاوێژەکانی بە بەردەوامی هەرەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات، دەیەوێت لە ژێر فشاری ئەو هەرەشانەدا هەرێمی کوردستان ناچار بکات بە ئەجێندای ئێرانی رازی بێت، هەروەها تورکیاش بە پاساوی پ.ک.ک چ بە درۆن یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەرەشە لە سەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات. تەنانەت لە ئاستی نێوخۆی عێراقیش ئەم هەرەشانە بۆ کورد هەن بۆ نمونە عێراق لە ئێستادا لە خراپترین دۆخی سیاسیدایە و حکومەتەکەشی کار بەرێکەرە کەچی بەوپەری توانایەوە لە هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، زۆر بە شلێگیریانە دەیەوێت پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بگەرێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ ئەم مەبەستەش رێگای یاسای توندی گرتوتە بەر چ لە ئاستی نێوخۆی عێراق بێت یان لە دەرەوەی عێراق، سەرکەوتنی ئەم هەنگاوەش پیگەی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی لاواز دەکات. ٢- رۆژئاوا (کوردستانی سوریا):  تورکیا هەمیشە دەسەڵاتی کوردی لە رۆژئاوا بە هەرەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی زانیوە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابووە ئەو کیانە نەبێتە ئەمری واقع، هەربۆیە چ لەرێگەی هێزە چەکدارە لایەنگرەکانی بێت لە سوریا یان راستەوخۆ لە لایەن سوپای تورکیا هەرەشە لەسەر رۆژئاوا  دروست کردوە، بە پاساوی دروستکردنی ناوچەی ئارام هەمیشە هەوڵی داوە فشار لەسەر زلهێزە خاوەن بەرژەوەندیەکان لە سوریاد دروست بکات، لەئێستاشدا بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی کەلەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریایی دیموکرات  و  یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) تیاندا باڵا دەستە لەناوچانەش ( تل رفعت وکوبانی وعین عیسی ومنبج) بخاتە چوارچێوەی فراوانکردنی ناوچەی ئارام. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش ئێستا باشترین هەلە بۆ تورکیا چونکە لە لایەک روسیا بۆ ئەوەی تورکیا نەبێتە هاوپەیمانی ئەمریکا ئامەدەیە سازشی بۆ بکات لە سوریا ناوچەی ئارامی فراوان بکات ولە هەمانکاتدا ئێرانیش بۆ ئەوەی لە ململانێ هەرێمیەکەیدا تورکیا و هەروەها لە پرسی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانیش  دژی نەوەستیتەوە رەزامەند بێت بە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کە ماوەیەکە تورکیا نیازی ئەنجامدانی هەیە، سەبارەت هەڵوێستی ئەمریکاش بۆ ئەوەی تورکیا بە بێ لایەنی لە ململانێ نێودەوڵەتیەکەدا بمێنێتەوە رەنگە بێ دەنگ بێت لەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات لە سنورێکی دیاریکراو، لە کاتێکدا لەرابردودا رێگری لە تورکیا دەکرد لە ئەنجامدانی.  ٣-دۆخی پ.ک.ک: پەکەکە ئەگەر لە رابردودا دەیتوانی جولەکانی لە ناو شارەکانی کوردستان ئەنجام بدات و بە ئاسانی هاتوچۆی نێوان رۆژئاوا و قەندیل بکات ئەوا لە ئێستادا درۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی سەرکردە سەربازیەکانیان ئەکەنە ئامانج، لە لایەکی تریشەوە ئۆپەراسیۆن بەردەوامەکانی سوپای تورکیا کە هێرشی بەردەوام دەکەنە سەر حەشارگەو شوێنی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، کە هەموو ئەمانەش دەرئەنجامی خراپیان لە سەر جوڵە و چالاکیەکانیان دەبێت و سەرئەنجام رۆڵی چالاکیە سەربازیەکانی پەکەکە لاواز دەکەن. ئەم هەرەشانە کە ئاماژەمان پێکردن، لە ئایندەدا زیاتر دەبن، کە یەکێک لە سیناریۆکان رەنگە ئەوەبێت کورد لە رۆژ ئاوا و هەرێمی کوردستان ئەگەر بەرگری بکات سەرئەنجام لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە هیزە ئیقلیمیەکان کردەی جینۆساید لە هەندێک ناوچەدا و لە سنورێکی دیاریکراو ئەنجام بدرێت ، چونکە هێزە ئیقلیمیەکان ئەوە دەزانن  گۆرانکاری لە سیستەمە جیهانیەکە ئۆرگانە نیودەوڵەتیەکانیشی لاواز کردوە بە حوکمی پێکهاتەی بریاردان لە ناو ئۆرگانە جهیانیەکان و بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایش  کە دەتوانێت بریا لە دەستیوەردان بدات لە بونی حاڵەتی جینۆساید.  چوارەم – کورد دەبێت چی بکات دۆخی کورد لە ناوچەکەدا زۆر بەروە ئاڵەنگاری گەورە دەچێت، و لەمپەرەکانی بەردەمی زۆرن، بە حوکمی سەرقاڵبونی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا بە جەنگی روسیا و ئۆکراینا مەحالە بایەخ بە هەرەشەکان سەر کورد بدەن، هۆیەکی تریش سەرەرای ئەوەی لە رابردودا پاڵپشتی سەربازی زۆری هەرێمی کوردستانیان کردوە بۆ یەکخستنی هێزی پیشمەرگە و دروستکردنی هێزی نیشتمانی، بۆ ئەوەی لە دۆخێکی وەهادا بەرگری لەخۆی بکات و رێگری بکات لەوەی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان جرێکی تر روبەروی جینۆساید نەبنەوە، بەڵام  هەوڵەکانیان بی سود بووە سەرئەنجام هیزەکانی پێشمەرگە سەر بە پارتە دەسەڵاتدارەکان مانەوە. وەک رونە لە ئێستاشدا پارتە دەسەڵاتدارەکان هیچ ئامادەگیەکیان نیە بۆ یەکخستنی هێزی پیشمەرگە، هەربۆیە هەرەشەکان بەجدی دەمێننەوە. تەنها رێگەیەک لە بەردەم کورد ئەوەیە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی پێش وەختە لە هەرەشەی جینۆسایدکردنی گەلی کورد ئاگاداربکاتەوە (الانژار المبكر) و رای گشتی جیهانی بوروژێنێت، کە ئەمەش رێکارێکی زۆر لاوازە بەڵام جگە لەمە دەرچەیەکی تر لە بەردەمیدا نیە. دەرئەنجام  بە هۆی کاریگەری  جەنگی روسیا وئۆکراینا کۆمەڵێک  گۆرانکاری خێرا و قەیرانی گەورە رویان لە جیهان کردوە کە سەرئەنجام پرۆسەی گۆرینی سیستەمی سیاسەتی جیهانی خێراتر کردوە دەرهاوێشتەی ئەمەش لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرونی بە دی دەکرێت، چونکە پیگەی دەسەڵاتی ئەمریکا لە هەرێمەکەدا لاواز بوە ئەمەش هەلی بۆ هێزە هەرێمیەکانی وەک ئێران و تورکیا و عێراق رەخساندوە   کە رۆڵ و پێگەی کورد بگەرێننەوە بۆ دۆخی پێش سیستەمی نوێی جیهانی بەرابەرایەتی ئەمریکا  لە ساڵی ١٩٩٠ ، دەرئەنجام هەر گۆرانکاریەک لە سیستەمی سیاسی جیهانی لێکەوتەی نەرێنی لەسەر پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دروست دەکات.    


شیكاری: درەو بەپێی داتاکانی دیلۆیت لە چارەکی یەکەمی (2022)دا، کۆی نەوتی فرۆشراوی هەرێم (لەناوخۆ و هەناردەکردنی بە بۆری)، زیاتر لە (39 ملیۆن) بەرمیل بووەو کۆی داهاتەکەی زیاتر لە (3 ملیار و 63 ملیۆن) دۆلار بووە. تەنها تەنها بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن) دۆلاری بە ڕێژەی (43.9%)ی داهاتی گشتی نەوت گەڕاوتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. واتە جگە لەوەی نەوتی هەرێم بە نزیکەی (14) دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی لەو ماوەیەدا فرۆشراوە، (56.1%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو کرێی بەرهەمهێنان، کرێی گواستنەوە، گۆڕانکاری حسابی کڕیاریان، سوود و رسومات... ئامارەکانی دیلۆیت  و داهات و خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم (لە ڕێگەی بۆرییەوە) لە چارەکی یەکەمی (2022) ڕۆژی (18/7/2022) کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڵاو کردەوە، ئەمە لە کاتێکیدا نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) تێپەڕیووە. بەپێی ئەو ئامارو وردبینیانەی کۆمپانیای دیلۆت بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان لە (1ی کانونی دووەم بۆ 31ی ئازاری 2022) بڵاوی کردووتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەوای ئەو سێ مانگەدا بڕی (36 ملیۆن و 453 هەزار و 590) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکی کردووە، لەو بڕەش دوای بەکۆگاکردن و پاکردنەوەی لە پێکهاتەی ئاو تەنها (34 ملیۆن و 923 هەزار و 168) بەرمیلی ڕادەستی کڕیاران کراوە،  بە تێکڕا بەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (86.73) دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) تێبینی/ ئەگەر تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی سێ مانگی یەکەمی (2022) وەربگرین، وەک لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ئاماژەی پێدراوە ئەوا نرخی هەر بەرمیلێک بریتی دەبێت لە (87.2) دۆلار نەک (86.73) دۆلار، کۆی داهاتەکەشی (3 ملیار و 45 ملیۆن و 311 هەزار و 891) دۆلار دەبێت نەک (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلار، بەڵام لە خشتەکەدا هەمان ئەو ئەنجامەمان داناوە کە دیلۆیت ئاماژەی پێداوە، چونکە وەک ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ئاماژەی پێداوە بەشێک لە نەوتەکە لە کارگۆی نەوتی بێ مواسەفات و ئاو بە هەرزانتر فرۆشراوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەردەوام پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرجی و تێچووەکانی گەورە ترە لەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت کۆی نەوتی خاوی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022)دا بە هەردوو شێوەی (بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ) کە بڕی (39 ملیۆن و 88 هەزار و 710) بەرمیل بووە، بەهاکەی بریتی بووە لە (3 ملیارو 63 ملیۆن و 356 هەزار و 891) دۆلاری ئەمریکی، لەو بڕەش (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلاری بە ڕێژەی (56.1%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە، بەجۆرێک؛ -    بڕی (1 ملیار و 22 ملیۆن و 935 هەزار) دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانی نەوت ڕۆشتووە کە دەکاتە ڕێژەی (33.4%). -    بڕی (127 ملیۆن و 455 هەزار) دۆلار بۆ تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی (کرێی بۆری ناو تورکیا) کە دەکاتە ڕێژەی (4.2%)ی داهات. -    کرێی بۆری کوردستان بریتی بووە لە (122 ملیۆن و 165 هەزار) دۆلار کە دەکاتە (4%) . -    بڕی (125 ملیۆن) دۆلار بۆ قەرزی کۆمپانیای وزەی تورکی و کۆمپانیای پێترۆڵی تورکی نێو دەوڵەتی ڕۆشتووە کە دەکاتە ڕێژەی (4%) داهاتی گشتی.  -    گۆڕانکاری حسابی کڕیاریان، سوود و رسومات و قەرزی لایەنی سێیەم بریتی بووە لە (321 ملیۆن و 960 هەزار) دۆلار کە دەکاتە ڕێژەی (10.5%)ی داهات.  تەنها بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلاری بە ڕێژەی (43.9%)ی داهاتی (نەوتی فرۆشراو لە ڕێگەی بۆری و فرۆشەکانی ناوخۆوە) گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (34.34) دۆلاری چووتە سەر بودجەی گشتی هەرێم، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) کرێی بۆری نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2022) بەپێی وردبینیەکانی کۆمپانیای دیلۆت، لە ڕابردوودا کرێی بۆری و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، یەکێك بووە لەو خەرجیە گەورانەی سەرنجی چاودێرانی بوارەکەی ڕاکێشابوو، چونکە بە تێکڕا لە لە ساڵی (2021)دا نزیکەی (10%)ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ کرێی گواستنەوەی بۆری خەرج کرابوو. بەڵام کرێی بۆری نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2022)، تاڕادەیەک گۆڕانکاری بەخۆوە بینیوە، بەجۆرێک ئەو (36 ملیۆن و 453 هەزار و 590) بەرمیل نەوتەی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوەو بڕی (34 ملیۆن و 923 هەزار و 168) بەرمیلی ڕادەستی کڕیاران کراوە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (3 ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497) دۆلاری ئەمریکی تەنها (4%)ی ئەو داهاتە بە بڕی (122 ملیۆن و 165 هەزار و 292) دۆلار دراوە بە خاوەن پشکەکانی بۆری نەوتی کوردستان واتە هەر بەرمیلێک لە نێوان (3.35 – 3.5) دۆلار کرێی گواستنەوەکەی بووە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا. بڕی (127 ملیۆن و 455 هەزار) دۆلار بۆ تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی (کرێی بۆری ناو تورکیا) کە دەکاتە ڕێژەی (4.16)ی داهات ڕۆشتووە بۆ کرێی بۆری لە خاکی تورکیادا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) هەزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێم  بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت هەرزان فرۆشتن و هەڕاجکردنی نەوتی هەرێم بەردەوامی هەیە و بەپێی داتاکان نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی (2022)دا، نەوتی هەرێم (13.72) دۆلار لە خوار نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان فرۆشراوە (خشتەی ژمارە (4)) ئەو ڕاستییە ڕووندەکاتەوە. خشتەی ژمارە (4) نەوتی هەرێم و فرۆشتن بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان (4) پاڵاوگەی فەرمییە، پێکەوە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی (256 هەزار) بەرمیل نەوتی خاویان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی سوتەمەنی و وزە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێویستیان بۆ دابین ناکات. بەپێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو دەدات بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان و لە بەرامبەردا حکومەت بڕێک پارە دەدات بە پاڵاوگەکان بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆ، بەڵام بڕەکە زۆر لەوە کەمترە کە پێداویستیی پاڵاوگەکان پڕ بکاتەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)) کە بڕی ئەو نەوتە خاوە نیشان دەدات کە پاڵاوگەکان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ پێیان دراوە. واتە بە جۆرێک ئەو ماوەیە کە دەکاتە (90) ڕۆژ و ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی پێیان دراوە دابەشی ڕۆژەکان بکەین دەکاتە (24 هەزار و 734) بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە. خشتەی ژمارە (5) جگە لەوەی پاڵاوگەکان ڕۆژانە بڕێک نەوتی خاو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەپاڵێون (وەک لە پێشتر ئاماژەی پێکراوە)، ڕۆژانە بڕێکیش نەوتیان پێ دەفرۆشێت، بەپێی ڕاپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی(409 هەزار و 37) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای نرخی (84.23) دۆلار بە پاڵاوگەکان فرۆشتووە، کە بۆ هەر ڕۆژێک (4 هەزار و 544) بەرمیل بووە. کۆی داهاتەکەی دەکاتە (34 ملیۆن و 453 هەزار و 394) دۆلار، بۆ بەرچاو ڕونی زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (6)) خشتەی ژمارە (6) سەرچاوە -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/RCOG%20Q1%202022%20Report%20on%20Oil%20and%20Gas%20review.pdf  


د.سەلام عەبدولكەریم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا 2023 بڕیارە لەهاوینی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بەڕێوەبچێت‌و تیایدا سەرۆكی سیازدەیەمینی ئەو وڵاتە لەكۆشكی چانكایا ماوەی پێنج ساڵ فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە بكات. رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی كۆماری ئێستای توركیا پاش گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی توانی سەركەوتوو بێت‌و دواتریش لەكێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2018 دیسان سەركەوتنی بەسەر ركابەرە سیاسییەكانی تۆمار كرد‌و ئەمجارەش خۆی بۆ كێبڕكێیەكی گەرمو گوڕتر ئامادە دەكات، بەتایبەت لەئێستادا شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، كەپێكهاتوون لە لە(پارتی گەلی كۆماریی)‌و (پارتی چاكە)‌و (پارتی ئاشتی‌و پێشكەوتن)‌و پارتی (سەعادەت)‌و پارتی (دیموكراسیی) سەرقاڵی كۆبوونەوەی بەردەوامن بەمەبەستی داڕشتنی ستراتیژی كاری سیاسیی بەرەیی بۆ وەستانەوە بەڕووی هاوپەیمانییەكەی ئاكپارتی‌و پارتی مەهەپەی نەتەوەپەرست، كەكرۆكی پرۆژەی سیاسیی ئەو شەش پارتە گەڕانەوەی سیستەمی سیاسی توركیایە بۆ سیستەمی پەرلەمانی‌و رێكەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ ركابەریكردنی رەجەب تەیب ئەردۆگان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیای 2023دا. هەرچی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)شە تائێستا لەدەرەوەی پرۆژەی كاری سیاسیی هەردوو بەرەی دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆنە‌و بەتەنها ماوەتەوە‌و نیازیان هەیە بەتەنها خۆیان بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكەن‌و دیاریش نییە ئاخۆ كاندیدیان دەبێت یان نا؟ بەپێی پێوەرە سیاسییەكانی هەڵبژاردن‌و دۆخی نێوخۆیی توركیا ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەردوو بەرەی دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن‌و بۆ هەدەپە‌و كوردیش وەك گەردەلول‌و زریان‌و باوبۆرانی سیاسییە، چونكە هەر لایەك لەو دوو بەرەیەی دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن هەڵبژاردنەكە بباتەوە، ئەوا زریانی توڕەیی خۆی‌و بەرنامە‌و ئەجێندای سیاسیی خۆی بەسەر ئەویتر‌و پێنج ساڵی داهاتووی توركیاشدا دەسەپێنێت. بۆیە گەر بۆ بەرەی شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن جارێك مەترسیدار‌و هەستیار بێت، ئەوا بۆ هەدەپە دووجار، چونكە ئەگەر هەدەپەش كاندیدی هەبێت، ئەوا پێناچێت ئەندام‌و لایەنگرانی هیچ كام لەو شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنە دەنگ بەكاندیدەكەی هەدەپە بدات، چونكە جگەلەوەی هەر لەدەسپێكی كۆبوونەوەكانی لوتكەی شەش پارتەكەوە هەدەپە بەشداری پێنەكراوە، هاوكات خۆشیان رایانگەیاندووە، كەبێشك كاندیدیان بۆ ركابەریكردنی رەجەب تەیب ئەردۆگان دەبێت، هەروەك لەبەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی شەشەمی لوتكەی نێوانیان رۆژی (4)ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بەجۆرێك تیایدا هاتبوو:"سەرۆكی سیازدەیەمینی توركیا كاندیدی خۆشەویستانی دیموكراسی‌و لەپشتیوانانی سیستەمی پەرلەمانی دەبێت". بێئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكەن. كۆنگرەی پێنجەمی هەدەپە..بەگژاچوونەوەی كەنارخستن لەبری بەخۆداچوونەوەی سیاسیی لەرۆژی (3)ی ئەم مانگە لەئەنكەرەی پایتەختی توركیا هەدەپە كۆنگرەی پێنجەمی خۆی گرێدا‌و تیایدا جارێكیتر هەریەكە لە(پەروین بوڵدان‌و مەدحەت سنجار) بەهاوسەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرانەوە‌و لەگەڵیشیدا (100) ئەندام وەك ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و (50)ی دیكەش وەك یەدەگ بۆسەركردایەتی هەدەپە هەڵبژێردران سەرباری هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەی دیسپلینی ناوەندی‌و لیژنەی ئاشتی. ئەم كۆنگرەیە لەبری ئەوەی كۆنگرەی بەخۆداچوونەوەی بەشداری سیاسیی‌و لانیكەم موراجەعاتی بەشێك لەو هەڵە سیاسی‌و ستراتیژییانە بێت، كەهەدەپە لەماوەی بەشداری سیاسیی لەپرۆسەی سیاسیی‌و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی‌و سەرۆكایەتی‌و شارەوانی توركیادا كردوونی، بەپێچەوانەوە زیاتر كۆنگرەیەك بوو بۆ بەگژاچوونەوەی ئەو كەنارگیری‌و پەراوێزخستنەی، كەماوەیەكە تووشی بووە. سەرباری ئەوەی پەیامێك بوو بۆ شەش پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكەی توركیا، كەماوەیەكە بێ هەدەپە سەرقاڵی ئامادەكاری‌و رەنگڕێژكردنی ستراتیژی كاری سیاسیی لەمەڕ ئایندەی سیاسی توركیا‌و پرۆسەی هەڵبژاردنس سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا لەساڵی 2023. هەروەك (پەروین بوڵدان)ی هاوسەرۆكی نوێی هەڵبژێردراوی هەدەپە رایگەیاند:"چیتر رێگە نادەین كەس وەك پرد بەكارمان بهێنێت‌و بەسەرماندا بپەڕێتەوە". بەڵام بەبۆچوونی ئێمە ئەم قسەیەی بوڵدان درەنگ وەخت بوو، چونكە دەمێكە ئەوان لەلایەن جەهەپە‌و كەمال كڵیچدار ئۆغلوی سەرۆكی پارتەكەوە وەك پرد بەكارهێنراون بۆ مەرام‌و ئامانجە سیاسییەكانی خۆیان دژ بەئەردۆگان‌و ئاكپارتی‌و هاوپەیمانی گەلی لەگەڵ مەهەپە بەدیاریكراویش گەورەترین بەكارهێنان وەك پرد بریتی بوو لەبەركارهێنانی هەدەپە‌و دەنگدەر‌و لایەنگرانیان لەدووبارە هەڵبژاردنی گەورە شارەوانی ئەستەمبوڵ، كاتێك لەگەڕی یەكەم نەتوانرا ئەنجامەكە یەكلاییبكرێتەوە، بەڵام لەگەڕی دووەم‌و كۆتایی بەهۆی پشتیوانی هەدەپە لەئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندیدی جەهەپە كێبڕكێكە لەدژی بن عەلی یەڵدرمی كاندیدی ئاكپارتی كۆتایی هات. ئایا نەدەبوو لەو دۆخە هەستیارەدا هەدەپە هۆشی بەلای بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆی‌و پرسی كورد لەتوركیا هەبووایە‌و نەكەوتایەتە ئەو هەڵە زەقە سیاسییەوە؟! بۆیە ئەوەی دەبوو هەدەپە لەكۆنگرەی پێنجەمی پارتەكەی ئەنجامی بدات پێداچوونەوە‌و بەخۆداچوونەوەی سیاسیی ورد بوو لەگەڵ هەڵسەنگاندی بەشداری سیاسیی‌و ستراتیژی كاركردنی لەگۆڕەپانی سیاسیی توركیادا‌و دانانی نەخشە‌و كارنامەی داهاتووی سیاسی لەململانێ سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەت، كەگۆڕانكاری گەورە لەنەخشەی سیاسی‌و هێزە سیاسییەكانی توركیادا هاتۆتە ئاراوە‌و پارتی رێكخراوی سیاسی نوێ لەنموونەی پارتە سیاسییەكان (عەلی باباجان‌و ئەحمەد داود ئۆغلو) دروستبوون، ئەمە جگە لەگۆڕانی دیزاینی‌و پێكهاتەی هاوپەیمانی‌و بەرە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكان، كەلەئێستادا لەشەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنی مۆزایكی ئایدۆلۆجیا‌و هزر ئیسلامی‌و كەمالی‌و لیبرال دیموراتدا بەرجەستە بووە بەبێ حسابكردن بۆ هەدەپە.  هەدەپە لەم دۆخە سیاسییە‌و تا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2023 بچین زیتر دەكەوێتە نێوان بەرداشی گوشاركردنی زیاتری ئەردۆگان‌و ئاكپارتی‌و لەم لاشەوە فەرامۆشكردن‌و پەراوێزخستنی شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكەی توركیاوە، بەدیاریكراوی ئەگەر لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ئەو شەش پارتە رێكبكەون، ئەوكاتە دیسان كار لەسەر بەكارهێنانی كاتی هەدەپە دەكەن بۆسوود وەرگرتن لەدەنگدەرەكانیان‌و دووریش نییە وەك جەهەپە‌و كاتی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا جارێكیتر هەدەپە لەگۆڕەپانی سیاسی توركیادا فریو بدرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەجۆر‌و شێوازێكی دیكە. دەمیرتاش‌و تێنگەیشتن لەرۆڵی نوێی جیهانی‌و هەرێمی توركیا سەلاحەدین دەمیرتاشی یەكێك لەسەركردە سیاسییە باڵاكانی هەدەپە‌و كورد لەتوركیا لەزیندانەوە لەپەیامێكدا رایگەیاندبوو، كەلەدوای ساڵی 2023 پارتێكی سیاسی بەناوی ئاكپارتی نامێنێت، ئەوەش وەك ئاماژەكردن بووە بۆ ئەگەری شكستی ئەردۆگان‌و ئاكپارتی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا 2023‌و بەمەش ناكۆكی‌و دووبەرەكی زیاتر لەنێو ئەو پارتدا دروستدەبێت‌و بەنەمای لەدەسەڵاتی سیاسی توركیادا كۆتایی پێدێت‌و هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام بەوردبوونەوە لەم وتەیەی دەمیرتاش تێدەگەین، كەجۆرێك لەتێنەگەیشتن‌و لێكدانەوەی وردی سیاسیی هەیە لەمەڕ ئەو رۆڵە نوێیانەی، كەتوركیا بەخۆوەی بینیوە لەچەند ساڵی رابردوودا‌و لەئێستا‌و ئاییندەشدا، كەدەیگێڕێت. هاوكات دەبوو دەمیرتاش پەیامی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە هەبووایە لەكۆنگرەی پێنجەمی پارتەكە لانیكەم كۆنگرەی بەخۆداچوونەوەو موراجەعاتی كاری سیاسی پارتەكەی بەگشتی و كورد بووایە بەتایبەت راوەستان لەسەر هەڵە كوشندەكانی هەدەپە لەكاتی هێنانی نزیكەی 80 كورسی كەدەرفەت بوو لەگەڵ ئاكپارتی لێكتێگەیشتنی نوێی سیاسی تا ئاستی هاوپەیمانی لەسەر چارەسەری پرسی ئاشتیانەی كێشەی كوردو پێكهێنانی حكومەتی  ئئتلافی ئەوكات مەهەپە دووربوو لەئاكپارتی. هەڵەی دووەم دوای هەوڵی كودەتای 15ی تەمموزی 2016 بوو، كەئاكپارتی لەگەڵ هەموو پارتەكان‌و هەدەپەش كۆبووەوە بەڵام هەدەپە ئەویشی رەتكردەوە. هەڵەی سێیەم پێداچوونەوەی پاڵپشتی بێسودی هەدەپە لەجەهەپە و ئەكرەم ئیمام ئۆغلوی كاندیدی شارەوانی ئەستەمبوڵی ئەو پارتەو وەستانەوە لەدژی بن عەلی یەڵدرمی كاندیدی ئاكپارتی.  ئێستاش كە شەش پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكە رێك لەتەوقیتی نزیكی رۆژی كۆنفرانسی هەدەپە كۆبوونەوەو پێشتریش چەند كۆبوونەوەیەكی تریان ئەنجامداوەو لەم كۆبوونەوەیەدا زیاتر لەسەر پرسی كاندیدی هاوبەشی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن وتووێژیان كردووە بەبێ هەدەپەو لەكۆبوونەوەكانی تریش هەدەپە پشتوێ خراوەو كراوەتە دەرەوەی ئامادەكارییەكانی كێبڕكێكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، كەبڕیارە لەهاوینی 2023 ئەنجام بدرێت، بەم پێیە بێت هەدەپە وەك دەستبەتاڵ لەپرۆسەی داهاتووی توركیا دەكرێتە دەرەوە، چونكە دەمیرتاش خۆشی كاندید بكاتەوە جگە لەئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە خۆیان، ئەوا ئەندام و لایەنگری هیچ كام لەشەش پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەكان و تەنانەت ئەندامان و لایەنگرانی جەهەپەش، كەبەحسابی هەدەپە هاوپەیمان و نزیكی سیاسیانە پێناچێت دەنگ بەدەمیرتاش و هیچ كاندیدێكی دیكەی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی توركیا بدەن. ئایا ئیتر كاتی موراجەعات و پێداچوونەوەی هەڵە سیاسییەكان و كاری سیاسی چەند ساڵەی هەدەپە نییە، كەلەكۆنگرە نوێیەكەیاندا وەك بڵێی ئەو چەند ساڵەی بەشداری سیاسیان نەبایان دیبێ و نەبۆران، كەفەرامۆشكردنی باوو بۆران و زریانی سیاسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بێڕەحمە سەبارەت بەهەدەپە و كوردیش.  ئەو بۆچوونانەش كەدەمیرتاش كەلێن و درزی خستۆتە ناو ئاكپارتی، نەك واقیعی نییە، تەنانەن عەبدوڵا گویل و عەلی باباجان و ئەحمەد داود ئۆغلوی دامەزرێنەرانی پێشووی ئاكپارتی نەیانتوانیوەو پێناچێت بشتوانن ئەو دووبەرەكییە لەنێو ریزەكانی ئاكپارتی لەم قۆناغەدا دروست بكەن. نەخوێندنەوەی پێگەو رۆڵی مێژووی توركیا و ئەندامی بەهێزی ناتۆو هاوپەیمانی سەرەكی ئەمەریكاو ئیسرائیل و هاوپەیمانی توركیا لەگەڵ روسیا و ئێران لەرابردووی نزیك  ئێستاشدا و هاوپەیمانی و پەیوەندی و كۆمەكییە داراییەكانی قەتەرو كۆمەكییە لۆجستی و ئیدارییەكانی ئیخوان موسلیمین و ئاوڕدانەوەو ئاشتبوونەوەی توركیا لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیەو ئیمارات و دەستپێشخەرییەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ میسرو سعودیە‌و بەهێزبوونەوەی پێگە رۆڵی توركیا پاش سەرهەڵدانی جەنگی روسیاو ئۆكرانیا لەسەردەمی ئاكپارتی و ئەردۆگاندا كورتبینییەكی سیاسی دەمیرتاش و سەركردایەتی سیاسی هەدەپەبووە لەرابردوو ئێستا و داهاتووشدا، گەر بەم تێڕوانینە بەردەوام بن.


(درەو):  بەهۆی ناڕەزایەتی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە پارتی دیموكرانی كوردستانە، دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دواخرا، پێنج شەممە كۆبونەوەیەكی تر دەكرێت‌و بڕیاری سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەكو وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت.  دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی كۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زۆرینەی فراكسیۆنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن سەرۆك كۆمار بەڕێوەبچێت، بەڵام شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پشكی پارتی ناڕازیی بووە لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە لە هەفتەی داهاتوودا، بەتایبەت كە هێشتا پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار نەگەیشتونەتە رێككەوتن.  كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی رۆژی پێنج  شەممەی ئەم هەفتەیە جارێكی تر كۆببنەوە‌و بڕیار لەسەر وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بدەن.  كاروان یاروەیس وتی: سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەدەچێت، بۆیە لایەنە كوردییەكان‌و لایەنە شیعەكان چەند رۆژێك  دەرفەتیان لەبەردەمدایە لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران‌و سەرۆك كۆمار لەنێوان خۆیاندا رێكبكەون.  بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دانیشتنی پەرلەمان، بەرەزامەندی دوو كەس لە كۆی سێ كەسی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت واتە (سەرۆكی پەرلەمان‌و یەكێك لە جێگرەكانی)، بەهۆی كشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمان، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان (شوێنەكەی حاكم زاملی) بەبەتاڵی ماوەتەوە، بۆیە دەنگی شاخەوان عەبدوڵا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كاریگەرە تا ئەوكاتەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەنگە رێككەوتن لەسەر پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكە.  كاروان یاروەیس بە (درەو)ی وت: تاوەكو وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بڕیارە لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەناو خۆیاندا لەسەر كاندیدی شوێنگرەوەی حاكم زاملی بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بگەنە رێككەوتن.  پارتی‌و یەكێتی هەریەكەیان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوا دەكەن لەسەر یەك كاندید رێكبكەون، ئەگەر ئەم رێككەوتنە نەكرێت، سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ساڵی 2018 دووبارە دەبێتەوە، لەم دۆخەشدا سەرباری ناڕەزایەتی لایەنە شیعەكان لە بەرهەم ساڵحی كاندیدی یەكێتی‌و داواكاری بۆ گۆڕینی، رەنگە چانسی بەرهەم ساڵح زیاتر بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەوپێیەی لەسەرەتای قەیرانی بنبەستی سیاسی عێراقەوە لەماوەی (8) مانگی رابردوودا، یەكێتی بەشێك بووە لە بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام كاندیدبوونی (لەتیف رەشید) رەنگە چانسی بەرهەم ساڵح لای شیعەكان لاواز بكات، بەتایبەتیش ئەگەر پارتی‌و بارزانی پشتیوانی لێ بكەن.       


درەو: 🔻 حكومەتی هەرێم (34) ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بۆریەوە فرۆشتووە. 🔻 نرخی بەرمیلێك نەوتی بە (86.7) فرۆشتووە. 🔻 كۆی داهاتی سێ مانگی یەكەمی 2022ی نەوتی هەرێم ( ملیارێك و 343 ملیۆن) دۆلار بووە. درەو:     كۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی خۆی له‌باره‌ی وردبینی كەرتی نەوت و گازی ھەرێم بۆ چاره‌گی یه‌كه‌می 2022 بڵاوكرده‌وه‌: 🔹 هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی 3 مانگدا نزیكه‌ی 36.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاوی له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ ره‌وانه‌ی بازاڕه‌ جیهانییه‌كان كردووه‌. 🔹 نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌كراو به‌ بۆری 36 ملیۆن و 453 هه‌زار و 590 به‌رمیل بووه‌، فرۆشتن بۆ پاڵاوگه‌كان 284 هه‌زار و 436 به‌رمیل بووه‌ و كۆی هه‌نارده‌ و به‌كاربردنیش 39 ملیۆن و 88 هه‌زار و 710به‌رمیل بووه‌. 🔹شیكاری بۆ فرۆشتنی نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌كراو به‌ بۆری كردووه‌، 34 ملیۆن و 923 هه‌زار و 168 به‌رمیل نه‌وتی خاو ‌بۆ كڕیاران گواستراوه، تێكڕای نرخی به‌ده‌ستهاتووش بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی فرۆشراوو، 86.730 دۆلار بووه‌. 🔹له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، قەرزدانەوەی کۆمپانیای وزەی توركی (TEC) و کۆمپانیای پێترۆلی تورکیی نێودەوڵەتی (TPIC) 125 ملیۆن دۆلار بووه‌ و سافى باڵانسی کاشی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەى فرۆشتنى نەوت و چالاكییە پەیوەندیدارەكاندا یه‌ك ملیار و 343 ملیۆنو 481 هه‌زار و 232 دۆلار بووه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و 3 مانگه‌دا.   هه‌نارده‌كردن و به‌كاربردنی نه‌وت 🔹نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌كراو به‌ بۆڕی: 36,453,590 به‌رمیل بووه‌ 🔹نه‌وتی خاوی راستكراو بۆ پاڵاوتنی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان: 2,226,083 به‌رمیل بووه‌ 🔹فرۆشتن بۆ پاڵاوگه‌كان: 284،436 به‌رمیل بووه‌ 🔹فرۆشتنی ناوخۆ: 124،436 به‌رمیل بووه‌ 🔹كۆی هه‌نارده‌ و به‌كاربردن 39،088،710 به‌رمیل بووه‌   شیكاری فرۆشتنی نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌كراو به‌ بۆڕی 🔹سافی نه‌وتی خاوی گواستراوه‌ بۆ كڕیاران: 34،923،168 به‌رمیل 🔹كۆی به‌های نه‌وتی خاوی فرۆشراو: 3،0228،903،497 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی 🔹تێكڕای نرخی به‌ده‌ستهاتوو بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی فرۆشراو: 86.730 دۆلار 🔹کۆی بەهای نەوتی خاو و كۆندێنسەیتی فرۆشراو (هەناردەکراو لەڕێی بۆری و فرۆشتنی ناوخۆ: 3,063,356,891 دۆلاری ئەمه‌ریكی 🔹گۆڕانکاری لە رەسیدی حیساباتی كڕیارەكان: 175,114,220 دۆلاری ئەمه‌ریكی 🔹سوود و رسووماتی دیكە و سپاردنەکان: 58,300,940 دۆلاری ئەمه‌ریكی 🔹پارەدان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت: 1,022,935,075 دۆلاری ئەمه‌ریكی 🔹پارەدان لە بەرامبەر تاریفی کۆمپانیای وزەی توركی: 127,455,135 دۆلاری ئەمه‌ریكی 🔹بڕی پارەی دراو بۆ كۆمپانیای بۆریی كوردستان (KPC) بەگوێرەی رێككەوتنی ئیمتیازی هێڵی بۆرییەكان: 122,165,292 دۆلاری ئەمه‌ریكی   🔹قەرزدانەوەی کۆمپانیای وزەی توركی (TEC) و کۆمپانیای پێترۆلی تورکیی نێودەوڵەتی (TPIC) : 125,000,000 دۆلاری ئەمه‌ریكی 🔹پارەدان بۆ لایەنی سێیەم کە لەلایەن یان لە بری حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوه: 88,544,997 دۆلاری ئەمه‌ریكی 🔹سافى باڵانسی کاشی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەى فرۆشتنى نەوت و چالاكییە پەیوەندیدارەكاندا: 1,343,841,232 دۆلاری ئەمه‌ریكی   دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە تەواوی ڕاپۆرتەکە ببین: Kurdistan Regional Government of Iraq (b-cdn.net)  


  عەبدوڵای مەلا نوری کارەسات ئەوە نییە فێڵێکی گەورە کراوە، بەڵکو ئەوەیە هێشتا زۆرێک نازانن چی و چۆن رویدا، وا لێرەدا بە وردی  دیوی پشتەوەی باسی دەکەین!   رۆژی ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی ئەنجامداو تێیدا هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی پەسەند کرد؛ بە تایبەت ماددەی (٤) هەموارکرایەوە، کە پەیوەندی بەپێکهاتەی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و گازەوە هەیە. لەو کاتەدا بەهۆی هەڵبژاردنی جۆرێک لەبێدەنگی لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی ڕۆژێک پێش ئەوەی هەمواری ئەم یاسایە لە هۆڵی پەرلەماندا پەسەند بکرێ، دوو مامۆستاکەی زانکۆی هەولێر لەلایەن خوێندکارێکەوە کوژران، ئەم روداوەش مێدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ چەند رۆژێک سەرقاڵ کرد، ئەمانە بونە هۆی ئەوەی پەردە بەسەر ئەم پرسە هەستیارەدا بدرێ و بابەتی هەمواری یاسای نەوت و گاز، نەبێتە جێگای سەرنج و بایەخی رای گشتی. لە کاتێکدا ئەم هەموارە تاوانێکی تری گەورەیە بە ئاڕاستەی زیاتر حیزباندنی پرۆسەی نەوت و پشتیوانیکردن لەو سیاسەتە شکستخواردووەی کە ساڵانێکە خەڵکی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوریەوە بە قورسی باجەکەی دەدەن؛ هەروەک پرۆسەی پەسەندکردنی پرۆژەکە لە وێستگەی یەکەمدا لە ئەنجومەنی وەزیرانداو دواتریش بە خێرایی پەسەندکردنی لەناو لیژنەکان و هۆڵی پەرلەمانداو ئاسانکاری و رۆڵی راستەوخۆی بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، لە ژێر پرسیاردایەو، وا لە خوارەوە بە بەڵگەوە دەیخەینە روو! ئەنجومەنی هەرێمی دەسەڵاتی چییەو ئەندامەکانی کێن؟ بە پێی مادەی (٥)ی یاسای نەوت و گاز، ئەم ئەنجومەنە سێ دەسەڵاتی ستراتیجی فراوانی هەیە: یەکەم: دانانی پلان و پرنسیپەکانی گشتی بۆ سیاسەتەکانی نەوت و غازو بەدواداگەڕان و پەرەپێدانی. دووەم: پێدانی رەزامەندی لەسەر گرێبەستەکان. سێیەم: دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز. ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنە پێش هەمواری یاسای نەوت و گاز پێکدەهات لە (٥) کەس، کە بریتیبوون لە: سەرۆکی حکومەت ــ پارتی، جێگری سەرۆکی حکومەت ــ یەکێتی، وەزیری سامانە سروشتیەکان - پارتی، وەزیری دارایی ــ گۆڕان، وەزیری پلاندانان ــ یەکێتی. واتە دوو پارتی، دوو یەکێتی، یەک گۆڕان. بەڵام نوسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، کە رێکەوتی ١٥ی ٦ی ٢٠٢٢ و واژۆی مەسرور بارزانی لە سەرە، ئاماژە بەوە دەکات لە ئەنجومەنی وەزیراندا پرۆژە یاسایەک پەسەند کراوە، کە مەبەست لێی هەموارکردنەوەی مادەی (٤)ی یاسای نەوت و گازە، بە جۆرێک ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی لە پێنج کەسەوە بکرێن بە شەش، ئەمەش بە زیادکردنی (سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران) بۆ ئەنجومەنی هەرێمییەکە. داواکاری هەمواری مادەی (٤)ی یاسای نەوت و گاز، وەک ئەوەی لە پرۆژە هەموارەکەی حکومەتدا هاتووە، دوو گۆڕانکاری ریشەیی و کاریگەر، بەڵام مەترسیدار لە یاساکەو پرۆسەکانی بڕیارو بەڕێوەبردنی نەوت و غازی هەرێمدا دەهێنێتە کایەوە، کە ئەمانەن: یەک: سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کە زیاد دەکرێ بۆ ئەنجومەنی هەرێمی، لە ئێستادا (ئومێد سەباح)ە کە پارتییە، بەم هەموارە ژمارەی ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنەکەدا لە دوو کەسەوە دەبن بە سێ، بەمەش نیوەی تەواوی ئەنجومەنەکە دەبنە نوێنەرانی پارتی، نیوەکەی تریشی گۆڕان و یەکێتی. دوو: لە پرۆژە پێشنیازکراوەکەی حکومەتدا هاتووە: ئەگەر لەناو ئەنجومەنی هەرێمیدا لەسەر هەر پرسێک دەنگدان کرا، وە ژمارەی دەنگەکان بەرامبەرو یەکسان بوون، ئەوا دەنگی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ هەر گروپێکدابێت، ئەو گروپە براوەیە، واتە دەنگی سەرۆکی حکومەت هەمیشە بە (دوو دەنگ) ئەژمار دەکرێ. بەم شێوە لێرە بەدوا هەر لەرێگەوە هەمو کاتێک پارتی نیوەی دەنگەکانی ئەنجومەنەکەی هەیە، خۆ سەرۆکی ئەنجومەنەکەش هەر پارتیەو دەنگی ئەم یەکلاییکەرەوە دەبێت، کەواتە هەمو کات بڕیاری ئەو ئەنجومەنە بەو شێوە دەڕوات، کە سیاسەتی پارتی رەنگڕێژی دەکات! پرۆژەکە لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا چۆن تێپەڕی؟ بیرمانە ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لێداونێکیدا گوتی: "مەگەر بۆری غاز بەسەر لاشەی مندا رابکێشن"، بەڵام زانیاری دروست هەیە، کە لە کۆبونەوەکەی هەولێری ١١ی ٦ی ٢٠٢٢ی نێوان مەسرور بارزانی و باڤڵ تاڵەبانیدا، کە تێیدا باسی کێشەکانی دەزگای زانیاری یەکێتی و غازو پەیوەندییە حیزبییەکانیان کراوە، بە هەر نرخ و گوشارێکبێت سەرۆکی حکومەت توانیویەتی سەرۆکی یەکێتی بەوە رازی بکات، کە کادرێکی تری پارتی بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوت وگاز زیاد بکرێ! ئەوەش رونە کە دەمێکە قوباد تاڵەبانی پشتیوانی پرۆسەی نەوتییەو بەهەموو شت رازییەو بە پێی زانیاریەکانیش هەر ئەم یەکەم کەس بووە لە تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیراندا دەستی رەزامەندی بۆ پرۆژەکە بەرزکردوەتەوە. (دواتر هەر لە ڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە رێنمایی بە فرکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەگات و پێیان رادەگەیەنرێ گرفت دروست نەکەن و دەنگ بە پرۆژەکەی حکومەت بدەن) سەبارەت بەهەڵوێستی وەزیرەکانی گۆڕانیش، بە پێی زانیاریەکان (بەتەواوی لە ژێر کاریگەری خودی مەسرور بارزانیدان)، ئەمانیش لە ئەنجومەنی وەزیراندا هیچ رەخنەو سەرنجێکیان نەبووە، جگە لە بەرزکردنەوەی دەستی رەزامەندی  نەبێت. ئەمە لەکاتێکدا بەپێی رێکەوتنی گۆڕان-پارتی بڕیاربوو ئەم کابینەیە، کابینەی بچوککردنەوەی حکومەت و چاکسازی و دروستکردنی سندوقی داهاتی نەوتی و بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان و پرۆسەی نەوت بێت، نەک زیاتر حیزباندنی!  ئابەم شێوەیە لەسایەی بێهەڵوێستی تیمی گۆڕان و یەکێتیدا پرۆژە یاساکە بەکۆی دەنگ لە ئەنجومەنی وەزیراندا (وەک خۆی) پەسەند دەکرێت و ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێت بۆ شەرعاندنی. کە گومانی تێدا نییە هەمیشە پارتی بایی ئەوە سەخاوەتی تێدا بووە، لەبەرامبەر ئەم جۆرە سەفەقات و چاکانەی کە ژێربەژێر لە لایەن کەسان و لایەنی خۆفرۆشەوە بۆیان دەکرێ شیرینی دەبەخشن! ئەم پرۆژە یاسایە لە دوای ئەوەی بە پێی نوسراوی ژمارە (٨٩٤٦)، رێکەوتی ٢٠ی ٦ی ٢٠٢٢، کە ئیمزای ڤالا فەرەیدون (وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان)ی لەسەرە، ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێ. دو رۆژ دواتر، واتە لە ٢٢ی ٦ی ٢٠٢٢، لە پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێ و لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی (لیژنەی یاسایی) و (لیژنەی پێشەسازی و وزەو سامانە سروشتیەکان) دەکرێ، بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیانی لە سەر بنوسن. راپۆرتی لیژنەی سامانە سروشتیەکان: لە کاتێکدا لیژنەکانی پەرلەمان تەنانەت لە (باری خێراشدا) بە پێی بڕگەی (٢) لە مادەی (٨٤)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەرفەتی ئەوەیان هەیە لەماوەی (٧) رۆژدا بەبێ پەلەکردن و بە ئارامی راوێژو دراسەی پرۆژە یاساکان بکەن و کۆببنەوەو راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن، هەروەها بە پێی بڕگەی (٢) لە مادەی (٣٠) بۆ ئەوەی لیژنەکانی پەرلەمان کۆببنەوە پێویستە (٢٤) کاتژمێر پێشتر لەلایەن بڕیاردەر (مقرر)ی لیژنەکەوە ئەندامەکان ئاگاداربکرێنەوە بۆ کۆبونەوەکە، بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەم دوو ماددەیەی پەیڕەویی ناوخۆوە، هەر هەمان ئەو رۆژەی کە لەهۆڵی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە دەکرێ، کاتژمێر (١٠:٣٦ خولەکی سەرلەبەیانی) سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە گروپی وەتسئەپی لیژنەکەیاندا بە نامەیەک ئەندامەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە کاتژمێر (١)ی پاش نێوەڕۆ کۆدەبنەوە بۆ نوسینی راپۆرت لەسەر پرۆژەکەی حکومەت. ئەمە دەقی نامەکەیە وەک خۆی: (سەعات یەک کۆدەبینەوە بۆ ئەو پرۆژە...دە خولەکی دەوێت). بەم چەشنە لە کاتێکدا هێشتا کۆبونەوەی ناو هۆڵی پەرلەمان تەواو نەبووە، لەملاوە لیژنەی سامانە سروشتییەکان کۆدەبێتەوەو بە خێرایی و پەلەپروزێ لەماوەی کەمتر لە (٢٠) خولەکدا راپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن! بەم شێوەیە لیژنەی سامانە سروشتییەکان کارێک کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەرفەتیان هەیە لە ماوەی ٨ رۆژدا ئەنجامی بدەن، بەڵام ئەمان بە ٢٠ خولەک تەواوی دەکەن! لە لایەکی ترەوە، لە کاتێکدا ئەم لیژنەیە (تایبەتمەند)ە بە پرسی سامانی سروشتی و ئەولەویەتی هەیە لە بابەتی بەشداریکردن لە گفتوگۆو دەرکردنی ئەو یاسایانەدا، کە پەیوەندی بە پرۆسەی نەوتەوە هەیەو لەم روەوە بەرپرسیارێتی تایبەتی لە سەرە، هەروەها بە پێی مادەکانی (٤٠  و ٨٤)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەسەڵات و مافی ئەوەشی هەیە بەنوسراوی فەرمی و لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە داوا بکات سەرۆکی حکومەت، کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمیشە بۆ نەوت و گاز، یان جێگری سەرۆکی حکومەت، یان یەکێک لە سێ وەزیرە ئەندامەکانی تری ئەنجومەنەکە، یان ئەگەر هەر کەس نەبێت بەرپرسی کاروباری یاسایی ئەنجومەنی وەزیران بانگهێشتی لیژنەکەیان بکەن، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارو سەرنج و گومانەکانی ئەندامەکان لەسەر هۆکاری هەمواری یاساکە، بەڵام ئەم مادەیەش پەراوێز دەخەن و ئەم دەسەڵاتەش بەکارناهێنن! کە دەکرا ئەمە بکەن و بە رون و راشکاوی بە نوێنەری حکومەت بڵێن: هەمواری ئەم یاسایە لانی کەم لەم کاتەدا پێویست نییە. ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئایا راپۆرتەکەی لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمان کە بەو خێراییە ئامادە کرا چی تێدایە؟ ئایا دەشێت ئەمان بەپێچەوانەی بێهەڵوێستی وەزیرەکانی گۆڕان و یەکێتیەوە هەموارەکەی حکومەتیان رەت کردبێتەوە؟ یان داوای چ گۆڕانکارییەکیان کردووە؟ یان چ پێشنیازو زیادەو کەمێکیان بۆ پرۆژەکەی حکومەت کردووە؟ وەڵامی پرسیارەکان لێرەیە؛ بە پێی نوسراوی ژمارە (٢٠) کە رێکەوتی ٢٢ی ٦ی ٢٠٢٢ و واژۆی سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان (عەلی حەمە ساڵح)ی لە سەرەو ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە؛ لەم نوسراوەدا کە تەنها یەک پەڕەیە و هەم نوسراوی فەرمی سەرۆکی لیژنەکەیە و هەم دەقی راپۆرتەکەشە، تێیدا هاتووە: مادەی چوارەم (وەک خۆی)!، واتە پرۆژەکەی حکومەت کتومت وەک ئەوەی بۆ پەرلەمانیان ناردبوو لە لیژنەی سامانە سروشتیەکاندا پەسەند دەکرێت! رونتر کۆی راپۆرتەکەی ئەم لیژنەیە لە (دوو وشە) پێکدێت، کە بریتین لە (وەک خۆی)! لە سەر کۆنوسی کۆبونەوەی لیژنەکەیان، کە هیچ کاریگەری و نرخێکی یاسایی نییە ناو و واژۆی (٩) پەرلەمانتار هەیە، سێ پەرلەمانتاریان کە بریتین لە: سەرۆکی لیژنەکە لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری یەکێتی (سەرکۆ ئازاد و کاروان گەزنەیی) تەنها نوسیویانە (تێبینی یاسایی و ئیداریم هەیە)!، پەرلەمانتارێکی یەکگرتوش کە (د.شێرکۆ جەودەت)ە و ئەندامی ئەم لیژنەیەیە، ناو و واژۆی لە سەر کۆنوسەکە نییە! لێرەدا دەبێ هەندێک زانیاری تری یاسایی و پرسیار هەیە بخرێنە روو، ئێمە لە سەرەوە وتمان لیژنەکە هەمان رۆژی کۆبونەوەی پەرلەمان و لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا راپۆرتەکەیان ئامادە کرد و بانگهێشتی نوێنەری حکومەتیشیان نەکرد و کۆی راپۆرتەکەشیان بریتییە لە دوو وشە، تەنها دەقێکیش کە گوزارشت بێت لەبونی بۆچونی جیاواز، تێبینی ئەو سێ پەرلەمانتارە بوو، کە لە سەر کۆنوسەکە تۆماریان کردبوو! لە کاتێکدا بە پێی مادەکانی (٨١ و ٨٤ و ٨٥ و بە تایبەتتریش مادەی ٨٧) ی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە پێکەوە یان بەشێکیان مافی ئەوەیان هەیە لە راپۆرتەکەیاندا، (داوای) رەتکردنەوەی پرۆژەهەموارەکەی حکومەت بکەن، (بۆ نمونە دەکرا بنوسن بەهۆکاری ئەوەی کە دادگای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی هەڵوەشاندوەتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدادا قوڵتر نەکرێنەوە پێشنیازەکەی حکومەت رەت دەکەینەوە)، یان دەکرا پێشنیازو داڕشتنێکی تر بۆ پرۆژەکەی حکومەت بکەن، یان هاوتەریب لەگەڵ پرۆژەکەی حکومەتدا ئەمانیش دەیانتوانی پێشنیازی بەدیلی لیژنەکە یان بەشێک لە ئەندامانی لیژنەکە لەراپۆرتەکەیاندا بچەسپێنن، بەڵام هیچکام لەمانە ناکەن، لە کاتێکدا ئەمانە کەسانێکی نەشارەزاو بێئاگا نەبون! خۆ رەنگە لێرەدا یەکێک بڵێت: ئاخر ئەندامانی لیژنەکە زۆرینەیان پارتین بەدەنگدانی ناو لیژنەکە ڕیگەنادەن هیچ پێشنیازێکی تر لەراپۆرتەکدا جێگیر بکرێ، لە وەڵامدا دەڵێین: ئەمە وا نییە بەڵکو بە پێی پەیڕەو و ئسوڵی کاری لیژنەکان دەکرا سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان تێبینییە یاسایی و ئیدارییەکانی خۆی و ئەو پەرلەمانتارانەی تریش لە شێوەی دەقێکی یاساییدا دابڕێژن و هاوتەریب لەگەڵ پێشنیازەکەی حکومەتدا لەناو راپۆرتەکەدا جێگیری بکەن. ئەو کات لە راپۆرتەکەدا دەنوسرا: لە سەر هەمواری ماددەی (٤) دوو پێشنیاز هەیە، کە یەکێکیان ئەوەی حکومەتە کۆمەڵێک پەرلەمانتار (وەک خۆی) پشتیوانی دەکەن، رای دووەمیش هەیە کە ڕایەکی جیاوازە، دوو یان سێ یان چوار پەرلەمانتاری ئەندامی لیژنەکە پشتیوانی دەکەن. (لەم بارەوە دکتۆر شێرکۆ جەودەت ئەوەی بۆ باسکردین کە خۆی پێشنیازو رای جیاوازی هەبووەو داوای کردووە لە راپۆرتی لیژنەکەیاندا جێگیر بکرێ، بەڵام پشتگیری نەکراوەو پێشنیازەکانی پشتگوێ خراوە، بۆیە دواتر لەهۆڵی پەرلەماندا جەختی لەسەر پێشنیازو قسەکانی خۆی کردەوەتەوە)  یەکێک لە گرنگی و تایبەتمەندییەکانی راپۆرتی (لیژنەی تایبەتمەند) ئەوەیە، کاتێک پێشنیازو بۆچونە جیاوازکان لە راپۆرتەکەیاندا جێگیر دەکەن، پاشان دەبرێتە هۆڵی پەرلەمان و دەخوێنرێتەوە، ئەمە بەرچاوڕونی و دەرفەتی تەواو دەدات بە کۆی پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی لەناو هۆڵی پەرلەماندا چ بە پشتیوانیکردن یان بە رەتکردنەوەی گفتوگۆی لە بارەوە بکەن و پاشان دەنگی لە سەر بدرێت. بێگومان ئەمەش هەم لەناو هۆڵی پەرلەماندا هۆشیاری و گوشارێکی گەورە دروست دەکات، هەم لە ناو مێدیاو شەقامدا دەبێتە جێگای باس و خواس و پرسیاری هاووڵاتیان. رەنگە ئا لێرەشدا کەسێکی تر بڵێ: ئینجا گریمان ئەو چەند پەرلەمانتارە پێشنیازێکی جیاوازیشیان لە راپۆرتەکەدا جێگیر کردو برایە ناو هۆڵی پەرلەمانیش بۆ گفتوگۆ و دەنگدان، بەڵام خۆ لەو سەرەوە سەرئەنجام هەر پێشنیازەکەی پارتی-حکومەت سەرکەوتو دەبوو چونکە زۆرینەن، کەواتە هیچ سودی نەدەبوو! لە وەڵامدا دەڵێین: ئاخر خۆ یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی هێزی سیاسی و پەرلەمانتار ئەوەیە روئیای جیاوازو بەدیلی بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێ، ئەم روئیایەش هەر نابێت قسەی سەرپێی و لێدوانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەر شاشەکان بێت، بەڵکو دەبێت وەک پێشنیازی دەقی یاسایی گەڵاڵە بکرێت و لە ڕاپۆرتی لیژنەدا جێگیر بکرێ، خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێ ئیدی چۆن بزانین بۆچونی جیاواز هەیە؟ چۆن بزانین ئەو لایەنانەی کە خۆیان لە بەرامبەر بیرو پرۆژەی دەسەڵاتدا بە جیاواز دەزانن بە کردار جیاوازن نەک بە قسە؟ خۆ ئەگەر ئەم بۆچونە جیاوازانە لەناو ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا جێگەیان بۆ نەکرێتەوەو نەبنە بابەتی گفتوگۆی ناو هۆڵی پەرلەمان ئیدی گرنگی و حیکمەتی گفتوگۆی ناو لیژنەکان و نوسینی راپۆرت و پرۆسەی یاسا دەرکردن کامەیەو چییە؟ ئایا کە پەرلەمانتاران بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەسەڵاتی ئەوەیان هەبێت تێبینییە یاسایی و ئیداری و بۆچونە سیاسیەکانی خۆیان وەک دەقی یاسایی گەڵاڵە بکەن و لە راپۆرتی فەرمیدا جێگیر بکرێ، بۆ ئەمە ناکەن بەڵام لە کۆنوسێکدا کە هیچ بەهایەکی نییە بە دێڕێک تێبینی تۆمار دەکەن؟!  هەر پەیوەست بەمە، ئێمە بیرمانە لە ساڵی ٢٠١٥ دا، کاتێک کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتو و یەکێتی پرۆژەیان پێشکەش کرد بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ئا لەو کاتەدا سەرۆکی لیژنەی یاسایی، کە پەرلەمانتارێکی پارتی بوو، بایکۆتی تەواوی کارەکانی لیژنەکەی خۆی کردو، بەهەمو شێوەیەک رەتیکردەوە کە سەرۆکایەتی هیچ کۆبونەوەیەکی لیژنەکەی بۆ نوسینی راپۆرت بکات، بێگومان هەمواری یاسای نەوت و گاز زیاتر لەو پێداگری و هەڵوێستەی دەخواست. راپۆرتی لیژنەی یاسایی: پاش ئەوەی راپۆرتەکەی لیژنەی سامانە سروشتیەکان، کە پرۆژەکەی حکومەتی وەک خۆی پەسەند کردبوو، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێ، سەرۆکایەتیش هەر ئەو رۆژە یەکسەر بە نوسراو و واژۆی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان راپۆرتەکە ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی دەکات، ئەم لیژنەیەش کە سەرۆکەکەی پەرلەمانتارێکی پارتییە، هەمان رۆژ کاتژمێر (٤)ی پاش نیوەڕۆ کۆدەبنەوەو بە پێی مادەی (٨٥) لە پەیڕەوی ناوخۆ راپۆرتەکەی لیژنەی سامانە سروشتیەکان بە بێدەستکاری، وەک خۆی راستاندن (تەسدیق)ی بۆ دەکەن. لە ناو ئەندامانی لیژنەی یاساییشدا دو پەرلەمانتاری یەکێتی (عەباس فەتاح و رۆژان محەمەد) لە گەڵ پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی دادوەری (روپاک ئەحمەد) واژۆی دەکەن و دەنوسن تێبینیمان هەیە، کاوە عەبدولقادری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێش، کە ئەندامی ئەم لیژنەیەیە دەنوسێ: تێبینیم هەیەو واژۆی ناکەم. ئەم کەینوبەینەی لیژنەی یاساییش هەر کەمتر لە ٤٠ خولەکێکی پێچووبوو، دوای کۆبونەوەکەیان سەرۆکی لیژنەکە راستەوخۆ بە نوسراوی ژمارە (٢٧)ی رێکەوتی ٢٢ی ٦ی ٢٠٢٢، راپۆرتە راستێندراوەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکاتەوە. خوێندنەوەی دووەم بۆ راپۆرتەکە (گفتوگۆی کۆتایی ناو هۆڵی پەرلەمان): سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راپۆرتی لیژنەی سامانە سروشتیەکان، لەکارنامەی دانیشتنی ژمارە (٩)ی وەرزی بەهارە-رۆژی ٢٧ی ٦ی ٢٠٢٢ دا دادەنێت، بەمەبەستی گفتوگۆکردنی کۆتایی لەهۆڵی پەرلەماندا. کە وەک لەسەرەوە رونمان کردەوە ئەم راپۆرتە هەر پرۆژەکەی حکومەت بوو، کە بەبێ دەستکاری و زیادو کەم، بە فلتەری هەردو لیژنەی سامانە سروشتەیەکان و یاساییدا تێپەڕێنرابوو. لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا سەرۆکی پەرلەمان بە پێی مادەی (٨٧)ی پەیڕەوی ناوخۆ، رووی لە پەرلەمانتارەکان کردوو پرسی: کێ لەگەڵ ئەوەیە راپۆرتی لیژنەی تایبەتمەند (لیژنەی سامانە سروشتییەکان) بکرێتە بنەمای گفتوگۆکانمان؟ لە وەڵامدا زۆرینەی پەرلەمانتاران بە بەرزکردنەوەی دەستەکانیان رەزامەندییان پیشاندا. ناونوسین بۆ قسەکردن دەستی پێکرد؛ سەرەتا لەسەر (ناونیشان)ی هەمواری یاساکە قسەکرا، لەم بەشەدا بەڵێن ئیسماعیل کە پەرلەمانتارێکی گۆڕانە، وتی: "...لە کابینەی نۆدا، ئەمە سێ ساڵە ئەم ئەنجومەنە کۆنەبووەتەوە...، ئەگەر بڕیارە ئەم یاسایە هەموار بکرێ ئەوا ماددەی گرنگتر هەیە نەک زیادکردنی کەسێک بۆ ئەنجومەنەکە، بە تایبەت ئەو مادانەی کە پەیوەندی بە خەرجیەکانی گەڕاوەی بواری نەوتەوە هەیە هەموار بکرێ...، نەتوانراوە کۆمپانیا نیشتیمانیەکانی بواری نەوت دروست بکرێ، نەک ئەوەی خۆمان بەم هەموارەوە سەرقاڵ بکەین". پاشان پەرلەمانتار شێرکۆ جەودەت دەستی بە قسەکردن کردو گوتی: "ئەم هەموارە دابەشکاری حیزبی دەکات بە یاسا، لە بەرامبەر ئەوەی لە ئێستادا یەکێتی و گۆڕان پێکەوە لەم ئەنجومەنەدا سێ ئەندامیان هەیە، بەم هەموارە پارتی دەیەوێ ئەندامەکانی لە دوو کەسەوە بکات بە سێ...، دەبو لەبری ئەمە هەمواری مادەکانی پەیوەست بە گرێبەستە نەوتییەکان بکرێ، لەم بارەوە ئێمە دەمانەوێ پێشنیازەکانمان داخلی ئەم هەموارە بکەین...، ئەوەی گرنگە یاسای سندوقی داهاتە نەوتیەکانە کە لەم پەرلەمانەدا پەسەندمان کرد تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە...، مانای چییە دابەشکردنی حیزبی بکەین بە یاسا بەڵام یاسای سندوقی داهاتە نەوتیەکان جێبەجێ ناکرێ؟! ئەمانە پەیوەندیان بە شەفافیەت و کێشەو گەندەڵیەکانی نەوت و گازەوە هەیە...، کیشەی نەبونی بەنزین و سوتەمەنی وەلا بخەیەن کەچی خەریکی دابەشکاری حیزبی بین! بۆیە داواکارم ئەوانەی کە باسم کردن لە هەموارەکەدا جێگەیان بکرێتەوە". ئینجا عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری ئاوا دوا: "لە مادەی (١٠ تا ١٩)ی ئەم یاسایە سڕکراوەو لەلایەن حکومەت و ئەنجومەنی هەرێمی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە کاریان پێناکرێ، ئێستا فەلسەفەی ئەم هەموارە چییە کە کەسێکی بۆ زیاد دەکرێ؟ بۆ کۆمپانیای کوردستان بۆ پاڵاوتنی نەوت دروست ناکەن لە کاتێکدا لە ٢٠٠٧ وە لە یاساکەدا جێگەی کراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەم هەموو کێشەی گرانی و خراپی سوتەمەنیمان هەیە؟ ئەبو سەرۆکی حکومەت یان ئەندامێکی ئەم ئەنجومەنی هەرێمییە بێتە پەرلەمان و پێمان بڵێ حیکمەتی هەمواری ئەم یاسایە چییە، لە کاتێکدا ئەم یاسایە لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە هەڵوەشاوەتەوە؟ ئایا ئێمە دەمانەوێ دژایەتی بڕیاری ئەو دادگایە بکەین؟ لە کاتێکدا بە پێی دەستور ئێمە بەشێکین لەم عێراقە و دوو نوێنەری کوردستانیش لە دادگای فێدراڵیدایە؟ ئەگەر دان بەو دادگایەدا نانێن بۆ نوێنەری کوردی تێدایە، ئەم ئینکاری و تەحدایە خراپە، نەدەبو ئەم هەموارە بێتە پەرلەمانی کوردستان، دەبو بەبێدەنگی لە گەڵ بەغدا لە سەر دۆسیەی نەوت رێکبکەوین". لە هەمان کۆبونەوەدا روپاک ئەحمەد جەخت لەسەر قسەکانی ئەم پەرلەمانتارەی فراکسیۆنەکەیان دەکاتەوە. پاشان ئەبوبەکر هەڵەدنی دەستی بە قسە کردو وتی: "دەبو لە جیاتی تەحدای بەغداو هەمواری ئەم یاسایە بڕۆشتینایە لە بەغدا گوشارمان دروست بکردایە بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گازی عێراق دەربچێت، بۆ ئەوەی لە رێگەی دەستورەوە کێشەکانمان لەوێوە چارەسەر بکەین...، پێمان بڵێن جەدوای هەمواری ئەم مادەیەو زیادکردنی کەسێک بۆ ئەم ئەنجومەنە بۆ خەڵکی کوردستان چییە جگە لە ئاڵۆزکردنی کێشەکانمان لە گەڵ بەغدادا؟ کە زەرەرمەندی یەکەم خەڵک دەبێت...، بۆیە دەبو ئەم هەموارە رابگیرایە تا ئەو کاتەی کێشەکانمان لە گەڵ بەغدا چارەسەر دەکرا".  گفتوگۆی مادەی (٤):  ئینجا بە دیاریکراوی گفتوگۆ لە سەر مادەی (٤) دەستی پێکرد، واتە ئەو مادەیەی کە حکومەت داوای هەموارکردن و زیادکردنی کەسێکی کردبوو، لەم بەشەدا سەرەتا پەرلەمانتار مەم بورهان قانع قسەی کردوو وتی: "من لە لیژنەی سامانە سروشتیەکان دەپرسم ئایا بەم هەموارە کێشەکانی گرانی و خراپی بەنزین و جۆرەکانی تری سوتەمەنی چارەسەر دەبن؟! ئایا بەم هەموارە کێشەکانمان لە سەر پرسی نەوت لە گەڵ بەغدا چارەسەر دەبن؟! پێموایە کۆی ئەم هەموارە دوو شتە: یەک: کەسێکی (حیزبی) بۆ ئەنجومەنەکە زیاد دەکرێ. دوو: لێرە بە دوا هەر بڕیارێک لە ناو ئەم ئەنجومەنەدا سەرۆکی حکومەتی لە گەڵدابێت ئەوا ئەو بڕیارە تێدەپەڕێ و پەسەند دەکرێ...، ئەمەش دابەشکاری حیزبییە...، بۆیە ئەم هەموارە هیچ پێویست نییە...، لە راستیدا لەم پرسەدا "ئەرکی پەرلەمان وەک ئەوەی لێهاتووە شتێکی بدەیتێ تەنها خومی بکات"! دواتر سەرەی عەباس فەتاح پەرلەمانتاری یەکێتی هات، کە جێگری سەرۆکی لیژنەی یاساییەو لە قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد: "لە ڕووی عورفی یاساییەوە ژمارەی ئەندامانی ئەم جۆرە ئەنجومەنانە تاک بووە، واتە جوت نەبووە ئەمەش بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی دەنگدان، زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەنجومەنی هەرێمی بەهۆکارێکی سیاسی دەزانم نەک قانونی، چونکە ئەم کەسە کاروباری کارگێڕی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، وە کاتەکەشی کە کیشەمان لە گەڵ عێراق هەیە گونجاو نییە...، هەروەها هۆکارەکانی دەرچواندنی ئەم هەموارە، کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە دەیسەلمێنی بۆ خەڵک هیچ گرنگیەکی تێدا نییە، وە کە لە هەموارەکەدا ئەو دەسەڵاتە دراوە کە سەرۆکی حکومەت لە کاتی دەنگداندا (دوو دەنگ)ی هەبێت، ئەمەش دەیسلمێنی ئەم هەموارە سیاسیە...، وە ئەنجومەنی هەرێمیەکە بەبێ ئەم هەموارەش هەر دەیتوانی کۆببێتەوەو کاری خۆی بکات!". (بە پێی زانیاریەکان کاروان گەزنەیی و سەرکۆ ئازاد بۆ خۆبەدورگرتن لە پاڵپشتی هەموارەکە لە رۆژانی گفتوگۆو دەنگدان، بەشداری دانیشتنی پەرلەمانیان نەکردووە) پاشان سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان، بە وەڵامدانەوەی پەرلەمانتار مەم بورهان دەستی بە قسەکردن کردو وتی: "ئەم پرۆژە هاتووە لە گەڵ هیچ لایەنێکی فەرمی کۆبونەوەمان نەکردووە یەعنی، پرۆژەکە هی ئەنجومەنی وەزیرانەو بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لیژنە راپۆرتی لەسەر بکات، جا هەیە تێبینی هەیە لەسەری هەیە نیەتی، من خۆم هەم تێبینی یاساییم هەیە، یەعنی مولا پرسیارم هەیە کەس نەبووە لێبکەم جوابم، هەم لەروی ئیداریشەوە پرسیارمان هەیە، من بەردەوام ێم موتابەعەی دۆسیەی نەوتم دەکرد، تەنانەت یەکەم گرافت هات ئەوکاتە پێشنیاری ئەوە هەبو وەزیری کارەبا ئەندام بێت تیایا، چونکە تەقریبەن ٩٠% کارەبای کوردستان پشت بە نەوت و غاز ئەبەسێ یەعنی، بۆ وەزیری کارەبا نییە بۆ، لە روی یاساییشەوە پرسیارمان هەبووە ئێستاش پرسیارمان هەیەو لە هینەکەش نوسیوومە، بریا ئیسە بەرپرسێکی حکومەت لێرەبوایە جوابمان باتەوە، ئەوەی کردومانە تەلەفۆن ئەمە چییە، ئەڵێن ئەنجومەنی هەرێمی کۆنەبوەتەوە، قەرارە دوای ئەم هەموارە کۆبێتەوە، ئەگەر کۆبێتەوە وەڵامی هەمو ئەو پرس، ئێمە تەقریبەن وابزانم لیژنە دە جار داوای کۆبونەوەمان لە گەڵ ئەنجومەنی هەرێمی کردووە نەکراوە، لە بەر ئەوەی ئەنجومەنەکە خۆی کۆنەبوەتەوە، بۆ پرسی بەنزین بۆ پرسی گاز کورە بۆ پرسی ئەو دۆخەی ئیستا هەیە، قەرارە لە هەفتەی ئایندەوە ئەگەر ئەم یاسا دەرچێ ئەنجومەنەکە خۆیان کۆبونەوە بکەن، بۆیە لە راستی ئێستاش وەکو خۆم پرسیاری ئیداری و یاساییم هەیە، بەڵام هەیە تێبینی هەیە یان تێبینی نیە لە کاتی ئیمزاکردنەکە ئەوەشمان تۆمار کردووە". ئەمەی سەرەوە قسەکانی سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان بوو وەک خۆی، لە سەر مادەی (٤)، لێرەدا بە لای ئەوەدا ناچێ ئەوە لیژنەکەی خۆیان بوو لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا پرۆژەکەی حکومەتیان وەک خۆی تێپەڕاند، هەر خۆشیان داوایان نەکردبوو نوێنەری حکومەت بێتە ناو لیژنەکەیان بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە.  (ئێمە لە سەرەوە باسی ئەوەمان کرد لیژنەی سامانە سروشتیەکان، لیژنەی تایبەتمەندەو لەدەرکردنی ئەو یاسایەنەی کە پەیوەندی بە کۆی پرۆسەکانی نەوت و گازەوە هەیە رۆڵی بەرچاو دەگێڕێ، بە تایبەت لە بابەتی هەمواری یاسای نەوت و گازدا، ئا لەم سۆنگەیەوە دەبێ تەرکیز لەسەر بەرپرسیارێتی ئەم لیژنەیە بکەین). هەروەها لەقسەکانی سەرۆکی لیژنەکەدا ئەوەش دەبینرێ وەک چۆن لەناو لیژنەکەیاندا پێداگری و قسەیەکی رون و راشکاوی نەبووەو هیچ پێشنیازێکی خۆیان یان پەرلەمانتارەکانی تریان لە راپۆرتەکەدا جێگیر نەکردووە، بەهەمان شێوە لەناو هۆڵی پەرلەمانیشدا بە بەراورد بە قسەی چەند پەرلەمانتارەکەی تر، ئەم بەلای سەرچاوەی کێشەکان و پرسە جدییەکاندا ناڕوات، کە پەیوەندی بە زیاتر حیزباندنی ئەنجومەنەکەوە هەیە، تەنانەت بە وشەیەکیش دژایەتی خۆی بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەرنابڕێت و بە لای ئەو هەمو قەیرانانەشاندا ناڕوات کە بە هۆی خراپی ئیدارەدانی نەوتەوە روبەڕوی میللەتەکەمان بووەتەوە، وەکو کێشەکانمان لە گەڵ بەغدا، بڕیاری دادگای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گاز، گرێبەستی ٥٠ ساڵە لە گەڵ تورکیا، دانەمەزراندنی پاڵاوگە، دانەمەزراندنی سندوقی داهاتی نەوت، ٣٠ ملیار دۆلار قەرزارکردنی خەڵک...هتد، کە هەمو ئەمانە پەیوەندی بە شکستی ئەنجومەنی هەرێمی و تاکڕەوی و زاڵبونی عەقڵیەتی حیزب بەسەر پرۆسەی نەوتەوە هەیە! سەرۆکی لیژنەکە لە قسەکانیدا دەڵێت: بە پێی پەیڕەو دەبێت راپۆرت لەسەر پرۆژەکەی حکومەت ئامادەبکرێ، ئەم قسەیە راستە؛ بەڵام لەراستیدا ئەم لیژنەیە راپۆرتی ئامادەنەکردبوو، بەڵکو هەر بە (دوو وشە) پرۆژەکەی حکومەتی پەسەند کردبوو! کامە راپۆرت کە یەک دێڕ پێشنیازو بۆچونی جیاوازی تێدا جێگیر نەکرابێ؟! لەلایەکی ترەوە پرسیار ئەوەیە: بۆ تا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لەخزمەتی ئەجێندای حکومەت و خێراتێپەڕاندنی پڕۆژەکەدایە جێبەجێکردنی باسکردنی پەیڕەوی ناوخۆ لە گۆڕێدایە، وەلێ لەو شوێنەی کە پەیڕەو ماف و دەسەڵات دەدات بە لیژنەکەو ئەندامەکانی کەچی مادەکان پەراوێز دەخرێن و ئەم ماف و دەسەڵاتە مومارەسە ناکەن و لەناو لیژنەکەو لەهۆڵی پەرلەمانیشدا پێداگرانە بەرهەڵستی ئەم هەموارە ناکرێ؟! سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت: "ئەوەی لە تەلەفۆن پرسیومانە ئەمە چییە، ئەڵێن ئەنجومەنی هەرێمی کۆنەبووەتەوە، قەرارە دوای ئەم هەموارە کۆبێتەوە...، قەرارە لە هەفتەی ئایندەوە ئەگەر ئەم یاسایە دەرچێ ئەنجومەنەکە کۆبونەوە بکەن ". لەم قسەیەدا بە رونی دیارە کە لەگەڵ لایەنی پارتیدا قسەی کردووەو پێیان راگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە کۆببێتەوە ئەوا دەبێت کەسێکی تری پارتی (ئومێد سەباح) بۆ ئەنجومەنەکە زیاد بکرێ، بەبێ ئەوەی لە لیژنەکەو لەهۆڵی پەرلەمانیشدا بپرسێت: ئەرێ خۆ ئەم ئەنجومەنی هەرێمییە لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا هەر بە پێنج کەسەوە کۆ دەبونەوە، ئەی ئێستا بۆ ناتوانن؟! بەبێ ئەوەی بڵێت: ئێوە بە چ حەقێک سێ ساڵە ئەم ئەنجومەنەتان سڕکردووە ئێستاش هاتووەن زیادکردنی کادرێکی تری پارتی بۆ ئەنجومەنەکە دەکەنە مەرجی کۆبونەوەو چالاکبونی؟ بە بێ ئەوەی لە لیژنەکەو هۆڵی پەرلەماندا بڵێت: تا کەی نەوت لە ژێر چەپۆکی حیزبدا بێت؟!  لە شوێنێکی تردا دیسان سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان قسە دەکات و دەڵێت: "پێشتریش تێبینیم هەبووە ئەگەر ئەکرێ بە پێشنیارێک بێت، ئەم ئەنجومەنە بەرزترین دەسەڵاتی نەوتی و غازییە لە هەرێمی کوردستان، هیچ گرێبەستێک بەبێ پەسەندکردنی ئەم ئەنجومەنە تێناپەڕێ، ئایا کارەکانی ئەم ئەنجومەنە گرنگتر نییە لە کارەکانی شەریکاتی نەوت؟ ئایا ئەم ئەنجومەنە هەر بدرێ بە پێڕەوێ خۆی دروستی بکا یان ئەکرێ بە بڕگەیەک بەمادەیەک جێبەجێبکرێ کە قانونێکی تایبەت بە کاری ئەم ئەنجومەنە دروستکرێ لەوێ، چونکە ئەم ئەنجومەنە چەند ساڵە پەیڕەوی نییە، حەزم کرد لە روی قانونیەوە ئەمە جێگیر بکرێ زۆر باشە". لەم قسانەشدا دیسان خۆی بەدور دەگرێت لەوەی پەنجە بخاتە سەر جەوهەری کێشەکان و هۆکاری سەرەکی هەمواری یاساکە، کە بریتییە لە بە یاساییکردنی بەپارتیبونی تەواوەتی دەسەڵات و بڕیار لە ئەنجومەنی هەرێمییەکەدا، لە لایەکی تریشەوە باشە ئەگەر پێشنیازت هەیەو دەتەوێ جێگە بکرێتەوە ئەی بۆ لەراپۆرتی لیژنەکەی خۆتاندا، کە کرا بە بنەمای سەرەکی گفتوگۆی ناو هۆڵی پەرلەمان جێگیرتان نەکرد؟!  ئێمە لە سەرەوە باسی ئەوەشمان کرد کە سەرۆکی لیژنەکە لە ڕێگەی دانانی ئەم نامەیەوە: (سەعات یەک کۆدەبینەوە بۆ ئەو پرۆژە...دە خولەکی دەوێت)، لە گروپی وەتسئەپەکەیاندا، خۆی ئەندامانی لیژنەکەی ئاگادار کردەوە لە کات و ساتی کۆبونەوەکە، نەک بڕیاردەری لیژنەکە! دەقی ئەم نامەیە بەڵگەی تەواوە لەسەر ئەوەی هەر پێشوەختە سەرۆکی لیژنە زانیاری و بەرچاوڕۆشنی و بڕیارو پلانی ئەوەی هەبووە کە پرۆژەکەی حکومەت بە (دە خولەک) لە لیژنەکەیدا تێدەپەڕێنێت، بەبێ حسابکردن بۆ ڕێکاریەکانی پەیڕەوی ناوخۆو بەبێ بانگکردنی بەرپرسێکی حکومەت و گفتوگۆو بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەمو ئەو قەیرانانەی کە بەهۆی پرۆسەی نەوتەوە توشی هەرێم هاتووە، تەنات بەبێ ئەوەی هەڵوەستەیەک لە سەر ئەوە بکرێت کە ئەم هەموارە یەک ئامانجی هەیە کە بریتیە لە کۆنترۆڵکردنی کۆی پرۆسەی نەوت لە لایەن پارتیەوە بە یاسا، بە بێ ئەوەی بیرێک لەوە بکرێتەوە ئەرێ ئەم حیزبە لە رابردودا زۆر باش هەڵسوکەوتی لەگەڵ کەیسی نەوت کردووە تا ئەمە وامان لێبکات قەدەری داهاتوشمانی پێبسپێرین؟! لە راستیدا مە‌غزای نامەی دەسپێکی سەرۆکی لیژنەکە بەڵگەو پیشاندەری ئەوەیە هەر لەسەرەتاوە بڕیاری ئەوەی هەبووە بە خێرایی وبێچەندوچون هەموارەکە تێپەڕێنێت.  بۆچی نەوەی نوێ دەنگەدەنگی نەبوو؟ نەوەی نوێ هیچ ئەندامێکی لە لیژنەی سامانە سروشتیەکاندا نییە، بەڵام وەک لە سەرەوەش وتمان سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان، کاوە عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی یاساییە، ئەم ئەندامەیان لەسەر راپۆرتەکەی لیژنەی یاسایی نوسیویەتی تێبینیم هەیەو ئیمزای نەکردووە، بەڵام ئەم پەرلەمانتارەش کە نوێنەرایەتی هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەکات، تەنها لە سەر راپۆرتەکە نوسیویەتی تێبینیم هەیە، بەبێ ئەوەی بزانرێت تێبینیەکان چین و چی نین، هەروەها لە ناو هۆڵی پەرلەمانیشدا لەو بەشەی کە پەیوەندی بە (گفتوگۆ لە سەر هەمواری یاساکە) هەیە قسەی نەکردووە تا لە قسەکانی ئەوێیدا تێبگەین تێبینیەکانی چیبون و چەند پێداگر دەبوو؟! تەنها یەک پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، کە مژدە مەحمودە لە هۆڵی پەرلەماندا دەپرسێ: "ئەم بڕیارە لە دادگای فیدراڵی دراوە دوو ئەندامی کوردی تێدایەو واژویان هەیە، ئیدی نازانم ئەوە چۆن معالەجە دەکرێ؟" ئەم چەند وشەیەی ئەم خانمە پەرلەمانتارە هەمو قسەکانی نەوەی نوێیە لەسەر ئەم پرسە هەرە گەورەو چارەنوسسازە! خوێندنەوەی سێیەم (پەسەندکردنی هەموارەکە): دوای گفتوگۆی ناو هۆڵی پەرلەمان جارێکی تر هەردوو لیژنەی یاسایی و سامانەسروشتییەکان بەهاوبەشی کۆدەبنەوە بۆ داڕشتنەوەی ئەو پێشنیازو قسانەی کە لەناو هۆڵی پەرلەماندا کراون، لەم کۆبونەوەیەشدا دو پێشنیاز بۆ  مادەی (٤) گەڵاڵە دەبێت. یەکەم: لابردنی ماددەکە. دووەم: هەموارەکەی مادەی (٤) وەک خۆی پەسەند بکرێ.  سەرئەنجام لە دانیشتنی ژمارە (١٠)ی رۆژی ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٢ ، پرۆژەکەی حکومەت خرایە دەنگدانەوە، دوای ژماردن دەنگەکان بڕیاردەرو سەرۆکی پەرلەمان وتیان: پرۆژەکە بە دەنگی ٧٩ پەرلەمانتار پەسەند کرا. لە راستیدا ئەمەش وا نەبوو، چونکە زانیاری دەقیق هەیە پرۆژەکە بە دەنگی ٦٨ پەرلەمانتار پەسەند کراوە؛ لێرەشدا بڕیاردرا (هەر لەگەڵ پەسەندکردنیدا یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو پاشان لە وقایعی کوردستان بڵاوبکرێتەوە، لە کاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا یاسا ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا ئەو کاتەی لە وقایع بڵاو دەکرێتەوە). لەم کۆبونەوەیەدا ئەوانەی لە لیژنەکان و هۆڵی پەرلەماندا قسەو پێشنیازی جدییان نەبوو دەنگیان بە یاساکە نەدا، بەڵام وەک وتمان دژیشی نەبون، (تەنانەت دەنگیان بەو مادەیەش نەدا کە داوای لابردنی مادەی ٤ی دەکرد!) لە رۆژی پەسەندکردنی یاساکەدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە لێدوانێکدا بۆ nrt کە یەک خولەک و نیوی قسەکانی پەیوەندی بەهەمواری یاساکەوە هەیە (ئەوی تری باسی کێشەی کەم ئاوییە لە هەولێر)، دەڵێت: "ئێمە دژی یاساکە بوین و دەنگمان پێنەدا، لە لیژنەش ئیمزامان نەکرد، ئەم یاسایە لە دوای بریارەکەی دادگای فیدراڵی رای جیاوازی لە سەرە، هەموارەکە زیادکردنی کەسێک بوو، لە بەرژەوەندی حکومەت بوو". هەمو دەزانین یەکێک لە سەرچاوە زەبەلاحەکانی فەسادو راگرتنی کۆڵەکەی دەسەڵات و حکومڕانی پارتی و یەکێتی، هەروەها یەکێک لەهۆکارە هەرە سەرەکییەکانی نەمانی دڵنیایی لەسەر چارەنوس و ئایندەی هەرێم و کۆی کێشە سیاسی و ئابوریەکانمان چ لە ئاستی ناوخۆو چ لە ئاستی عێراق و ناوچەکەشدا بە پلەی یەکەم لێکەوتەکانی پرسی نەوت و بەناو ئابوری سەربەخۆییە، کەچی لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتاران و موعارەزەوە نە لەناو لیژنەکان و نە لەهۆڵی پەرلەماندا بەرهەڵستی و هەوڵێکی پێداگرانە نەدرا بۆ راگرتنی و رای گشتی لێئاگادار نەکرایەوە، لە کاتێکدا لەسەر زۆر بابەتی سادەو ئاسایی دەنگەدەنگ و هەرا دەکرێ و کۆنگرەی رۆژنامەنوسی و بەرنامەی تەلەفزوێنی بۆ رێکدەخرێ! راستە لە شوێن و کاتی تردا لە سەر داهاتی نەوت و موچەو زۆر بابەتی تریش قسە دەکرێ، بەڵام دەبێ بزانین کێشەکانی تر لە چاو ئەمەدا وردەواڵەو لێکەوتەی پرۆسەی بەڕێوەبردنی نەوتن، کە ئەم یاسا و ئەنجومەنە گوزارشتی لێدەکەن. بە مانایەکی تر هەمواری یاسای نەوت و غاز و بەیاساییکردنی زاڵبونی پارتی بە سەر کۆی پرۆسەی نەوت و غازدا روداوێکی ئاوا سەرپێی و ئاسایی نەبوو تا بەچەند قسەیەکی ناڕۆشنی بێکردار تێپەڕێت. ئێمە دەزانین دوو یاسا ساڵانێکە هەرێمی کوردستانی توشی هەزارو یەک کێشەو دەردەسەری کردووە، یەکەم: یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، کە هەر لە بنەچەوە لە پەرلەماندا پڕ بە باڵای بارزانی بڕاو پەسەندکرا. دووەم: یاسای نەوت و گاز کە لە روی سیاسی و ئابوری و فەسادەوە گەورترین گورزی لە پێگەی هەرێم و ژیان و گوزەرانی خەڵک دا و نەوەکانی داهاتوشمان باجەکەی دەدەن، کە بۆ پەسەندکردنی ئەم یاسایەش لە ساڵی ٢٠٠٧ ، دیسان خودی مەسعود بارزانی لە گەڵ خوالێخۆشبو جەلال تاڵەبانی هاتە سەرخەت بۆ ئەوەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەماندا ناچار بکات دەنگی پێبدەن؛ (کە من ئەو کات رۆژنامەنوسبوم و بابەتێکی تێروتەسەلی رۆژنامەوانیم لە سەر بڵاو کردەوە)؛ بۆیە ئەگەر ئاوا بە ئاسانی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە رێگەخۆشکردن و بێدەنگی نەبێ لە ئاستی پرۆژەو هەنگاوی سەرانی ستەمکارو فەساددا، بۆ زیاتر قورخکردنی دەسەڵات و پرۆسەی بڕیارو بەڕێوەبردنی سەرچاوی ژیانی خەڵک ئەدی چییە؟!  خاڵێک هەیە دەبێ ئاماژەی پێبدەین: بابەتی بەکارهێنانی دەستەواژەی (تێبینیم هەیە) لە سەر کۆنوس، دەمێکە هەم لە پەرلەمانی کوردستان و هەم لە پەرلەمانی عێراقیشدا بۆ چەواشەکردنی رای گشتی (ماء الوجه ، ئاوی روو) بەکار دەهێنرێ، رەنگە کەسێک بپرسێ چۆن؟ وەڵامەکە ئەمەیە: بۆ نمونە هێزێکی دیاریکراو داوا لە پەرلەمانتارێکی دەرەوەی فراکسیۆنەکەی خۆی دەکات لەسەر فڵان پرۆژە یاسا یان فیسار دۆسییە لەناو لیژنەو هۆڵی پەرلەمان و لە مێدیادا نەیکاتە هەراو بەرهەڵستی نەکات، بەڵام وەک (ئحتیاتێک) لە سەر کۆنوس بنوسێت تێبینیم هەیە، ئەمەش بۆ ئەو کاتەی ئەگەر خەڵک پرسییان فڵان پەرلەمانتار بۆ لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستی نەبوو؟! ئا لەم کاتەدا پەرلەمانتارەکە وێنەی کۆنوسەکە بڵاو دەکاتەوە دەڵێ: ئەوە نییە تێبینیم هەبووە، ئیدی ئا لەم رێگەیەوە دەتوانرێ زۆرینەی ئەو خەڵکەی هوشیاریان نییە بە وردەکاری کاری پەرلەمانی چەواشە بکرێن. لەراستیدا تێبینی نوسین لەسەر کۆنوس تەنها کاتێک مانادارەو بەڵگەی بونی هەڵوێستە، کە خاوەنی تێبینیەکە لەهەنگاوی یەکەمدا لەناو لیژنەکەیدا هەوڵی تەواوی دابێت بۆ چەسپاندنی ئەو دەق و پێشنیازو ئامانجەی کە هەیەتی، پاشان لە هۆڵی پەرلەمانیشدا بە رون و راشکاوی داکۆکی لە دەق و پێشنیازەکەی خۆی کردبێت و دواتریش هەر خۆی رای گشتی ئاگادار کردبێتەوە، بەبێ ئەمە هەر تێبینییەک دەبێتە بەڵگەو دەرخەری دوڕویی و دەبڵ مۆراڵی لە سەر خاوەنەکەی!  ئێمە لەوە تێدەگەین یەکێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی وەزیراندا بونەتە دەستباری پارتی، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەوە چ جۆرە ئامادەسازیەک بوو، کە بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایە کرابوو، کە وەک رۆکێت و بەبێ هیچ بەربەستێک و بەو تیژییە بەناو پەرلەمان و لیژنەی سامانە سروشتیەکان و لیژنەی یاسایی و بەشێک لە هێزو پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکاندا تێپەڕی؟!  وەڵامەکە ئەمەیە: بە پێی زانیاریەکان مەسرور بارزانی بۆ خۆی لە ئاستی سیاسیدا زەمینەی بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەکە سازکردبوو، هەروەها خودی ئومێد سەباحیش لەنزیکەوە لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارەکان قسەو دیداری ئەنجامدابوو، ئەمەش بۆ ئەوەی هەمواری یاساکە بەبێ هەراوهۆسە تێپەڕێ و هەرواش کرا. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئەگەر سەرکزی و بێهەڵوێستی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا وەک خزمەتکردن بە ئەجێندای پارتی تەماشا بکرێ، ئەی ئایا ئەوەی لە ناو پەرلەماندا رویدا چییە؟!    سەرئەنجام؛ وەک وتمان یاساکە لە ٢٩ی ٦ی ٢٠٢٢ لە هۆڵی پەرلەماندا پەسەند کرا، رێک یەک رۆژ دواتر، واتە ٣٠ی ٦ی ٢٠٢٢ ، دوای ٣ ساڵ بۆ یەکەمین جار لە سەردەمی کابینەی نۆدا ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گاز بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەیی ئومێد سەباح کۆبویەوە، بەم هەنگاوەش ئەگەر تا دوێنێ پارتی تەنها بەرێگاو ئامرازی خۆسەپاندن پرۆسەی نەوتی کۆنترۆڵکردبێت، ئەوا لێرەبەدوا لەپرۆسەیەکی یاسایی و دیموکراتیانەدا شەرعییەتی خۆی بەسەر پرۆسەکەدا بەرجەستە دەکات. ئا لەم نمونەیەوە ئیدی دەبێ خوێنەری بەڕێز بپرسێت و تێبگات بۆ دەسەڵات بێمنەتەو لاواز نابێت؟! بۆ هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی تۆکمەی یەکگرتو دروست نابێت؟! بۆ هەر هێزێک دروست دەبێت لەو سەرەوە لە ناو خۆیدا پارچە پارچەو داغان دەکرێ؟! گومانم نییە ئەم سەرکێشی و هەموارە لە داهاتودا چ لە ئاستی هەرێمی کوردستان و چ لە ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەشدا لێکەوتەی خراپی دەبێ، بۆیە ئەرکی منە بەم نوسینە کە پشتئەستورە بە بەڵگەو پرسیاری رەوا دیوی پشتەوەی پرۆسەکە وەک خۆی تۆمار بکەم، لە هەمان کاتدا هیوادارم کۆی ئەو لایەن و کەسانەی کە ناویان هاتووە ئەگەر پێیان وایە غەدریان لێکراوە، بە بەڵگەوە پێچەوانەی ناوەڕۆکی ئەم نوسینە بۆ رای گشتی بسلمێنن.  


درەو: شۆڕشنامە    لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی یەكەمین‌و دووەمین سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كوردستان (فوئاد مەعسوم‌و كۆسرەت رەسوڵ)، مام جەلال لە كتێبی (دیداری تەمەن)دا دەڵێ:  لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەت، سەرۆكایەتی ئەنجومەن بە ئێمە درا، من پێشنیازەكەم ئەوە بوو كە كاك  نەوشیروان سەرۆكایەتی وەزارەت بگرێتە  ئەستۆ،كاك  نەوشیروان پێی خۆش نەبوو ئەو كارە بكات، ئەگەرچی زۆریشمان هەوڵدا لەگەڵیدا، بەڵام نەیویست، كە ئەو رەتیكردەوە، ئێمە دكتۆر فوئادمان هەڵبژارد، دكتۆر فوئاد وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەست بەكاربوو.  دوای ماوەیەك گلەیی پەیدا بوو، هەم لەناو یەكێتی‌و هەم لەناو پارتیدا لە دكتۆر فوئاد، یەكێتییەكان دەیانوت ئەو نەرمونیانە‌و زۆر یەكێتییانە كارناكات، چونكە بەڕاستی تەبیعەتی دكتۆر فوئاد پیاوێكی هێمن‌و لەسەرخۆیە‌و لایەنگری ئەو هەموو داخوازیانە نەبوو كە كادیرەكانی یەكێتی پێشكەشیان دەكرد‌و هەندێكیان بەسەردا دەسەپاند. بۆ نمونە، كۆمەڵێك لە پۆلیسەكانی یەكێتی‌و پارتی چون لەناو خۆیاندا رێكەوتن كە هەرچی عەریف‌و رەئیسی عورەفا‌و خەڵكانی لەوجۆرەبوون، هەمووی بوون بە لیوا‌و عەقید‌و عەمید كە ئەوە مخالیفی هەموو یاسایەكی سەربازییە لە دنیادا، بەبێ كولیە‌و بەبێ دەورەو بەبێ زانیاری، بەوشێوەیە هیچ كەسێك ناچێتە پێشەوە.  دكتۆر فوئاد یەكێك بوو لەوكەسانەی ئەو جۆرە كارانەی زۆر لا پەسەند نەبوو، لەبەر ئەوە هەندێك لە كادیرەكانی ناو یەكێتی كەوتبونە پرتەوبۆڵە كە دكتۆر فوئاد زۆر بۆ یەكێتی كارناكات، هەروەها ئەندامانی پارتیش گلەییان لەو هەبوو. من خۆشم لەو كەسانە نەبووم كە گلەییم هەبێت، بەڵام لەو كەسانە بووم باوەڕم بەوە هەبوو كە ئێمە لەو ماوەیەی دەسەڵاتی كوردستان دەكەین، پێویستە كۆمەڵێك سەرۆك وەزیرو وەزیر پەروەردە بكەین.  من خۆم لایەنگری ئەوە بووم، جارێكیش پێشنیازم كرد بۆ سەركردایەتی، هەر سەرۆك وەزیرو وەزیری ئێمە، تەنیا یەكساڵ بمێنێتەوە‌و پاش ئەو ساڵە بیانگۆڕین، تا كۆمەڵێك كادیر رادەهێنین‌و پەروەردەیان دەكەین، لە ئەنجامدا بۆمان دەردەكەوێت كە هەریەك لەو برادەرانە توانایان چەندە‌و بەكەڵكی كام كار دێن‌و لە داهاتوودا ئەتوانین كابینە لەسەر بناغەی (الرجل المناسب فی المكان المناسب) دابنێین.  من خۆم بەو نیازە دەنگمدا كە دكتۆر فوئاد لابچێت، كە ئەو لاچو دیسانەوە هەتینەوە سەر ئەوەی كێ بكەین بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. من‌و نەوشیروان رامان وابوو، لەنێوان دكتۆر كەمال فوئاد‌و كۆسرەت یەكێكیان تەكلیف بكەین بۆ سەرۆكایەتی وەزیران، بەشی زۆری برادەران دەنگیان بۆ كۆسرەتدا، گوتیان:"كۆسرەت چالاكە‌و مەشاعیری زۆر یەكێتیانەیە‌و خەڵكی هەولێریشە"‌و ئێمەش ئەوكاتە لە هەولێر بوین‌و ئەو دەتوانێت كاربكاتەسەر خەڵكی هەولێرو هەولێرییەكان، بەوجۆرە دەنگ بۆ كۆسرەت درا.  هۆیەكی تری هەڵبژاردنی كۆسرەت ئەوەبوو كە مەسعود بارزانی بەلایەوە زۆر باش بوو ئەو هەڵببژێرێت، كۆسرەت خۆی چوو بوو بۆلای مەسعود بارزانی‌و گوتبووی:" تەكلیفێكی وام لێكراوە، بەڵام ئەگەر تۆ بەتەواوی پشتیوانیم نەكەی نایكەم"، ئەویش زۆری پێخۆش بوو، گوتبووی:" من بەتەواوەی پشتیوانیت دەكەم‌و بڕۆ بیكە". سەرچاوە: كتێبی ( مام جەلال - دیداری تەمەن)، سەڵاح رەشید، بەشی دووەم، چاپی یەكەم 2017، لاپەڕە ( 236-237)    


(درەو): بەھۆی بەشدارنەبوونی لە دوانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکان لە نیویۆرک، ئاوات حوسامەدین نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ھەرێم کەوتوەتە کێشە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆنگرەکە، اوسەرۆكی بۆردی دوانزەیەمینی كۆنگرەی زەردەشتیەكانی جیهانى دەڵێت لە کۆنگرەی پێشوودا خاتوو ئاوات باسی لەوە کردووە ئەو پلەی (ئەسرەوان)ی هەبووە، بەڵام لە کۆنگرەکەدا دوو پلە بەرزکراوەتەوە و پلەی (مۆبێد)ی پێدراوە، بۆردی کۆنگرەکە دەڵێ " ئەمە درۆیەکی شاخدارە کە خاتوو ئاوات کردویەتی". دەقی راگەیەندراوی هاوسەرۆكی بۆردی دوانزەیەمینی كۆنگرەی زەردەشتیەكانی جیهان  دوانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان نیو یۆڕک، ١ تا ٤ی تەممووزی ٢٠٢٢ بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی ٦ی تەممووزی ٢٠٢٢ بانگەشەی ناڕاست کوردە زەردەشتییەکان بە لاڕێدا دەبات کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی زەردەشتییەکانی لە سەرانسەری جیهان. هەموو چوار ساڵ جارێک دەبەسترێت و یەکەم جاریش لە ساڵی ١٩٦٠دا بەستراوە. کۆنگرەی ئەمساڵ لە ١ تا ٤ی تەممووزی ٢٠٢٢ لە شاری نیو یۆڕک بەسترا، بە نزیکی ١٢٠٠ کەس تیایدا ئامادە بوون. ئامادەبووەکان لە ١٦ وڵاتی جیهانەوە هاتبوون. دوابەدوای کۆنگرەکە، لەلایەن چەند ڕێکخراو و کەسانێک هەواڵ و ڕاپۆرتی چەواشەو دوور لەڕاستی لە هەندێک مێدیای کوردیدا لە بارەی هەندێک چالاکیی ناو کۆنگرەکەوە بڵاو کردووەتەوە. بۆیە ئێمەش ئەم بەیاننامە ڕۆژنامەوانییە دەردەکەین تا ڕاستییەکان بخەینە ڕوو و زانیارییە ڕاستەکان بۆ ڕای گشتی بەردەست بخەین. کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان هەموو چوار ساڵ جارێک دەنگی جیاوازی زەردەشتییەکانی جیهان دەخاتە ڕوو. کۆنگرەکە هەوڵ دەدات تاکی چالاکی جۆراوجۆر و فرەچەشن لە خۆ بگرێت. چوار ساڵ لەمەوبەر، لە یانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهاندا کە لە حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە شاری پێرث لە ئوستورالیا بەسترا، خاتوو ئاوات دەریا قسەکەرێکی بانگهێشتکراو بوو (خاتوو ئاوات ئەم نازناو و ڕێنووسە جیاوازانەشی بە کار هێناوە: ئاوات حوسامەددین/ حسام الدین/ تەیب/ طیب/ دەریا). بۆ ئەوەی هەلی بیسترانی دەنگی جۆربەجۆر بە ئامادەبووانی کۆنگرەکە بدرێت، بڕیار درا کە لە کۆنگرەکەی ئەمساڵدا کوردێکی زەردەشتیی تر دەستنیشان بکرێت (کە لە ئایندەشدا  کەسی تر دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی ببیسترێت). بۆیە قسەکەری هەڵبژێرراوی ئەمساڵ خاتوو فائیزە فوئاد بوو، کە لە لاپەڕە ١٧١ی پەڕتووکی (کوردستانێک بۆ هەمووان: لەئامێزگرتنی باوەڕ و فرەچەشنی)دا باسی لێوە کرابوو، پەڕتووکەکە بڵاوکراوەیەکی ڕەسمییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی ٢٠٢١دا بڵاوی کردووەتەوە. زانیاریی دەربارەی بڕگە جۆراوجۆرەکانی کۆنگرەکە و بڕگەکەی خاتوو فائیزە فوئادی ڕێکەوتی ٤ی تەممووزی ٢٠٢٢ بە ناونیشانی «لە بارەی زەردەشتەوە، زۆرێک لە زەردەشتییە کوردەکانی عێڕاق چاندی خۆیان دەدۆزنەوە» لە ماڵپەڕی کۆنگرەکەدا بەردەستە. https://wzc2022.nyc/program/speakers/ چەند مانگێک بەر لە کۆنفڕانسەکە هۆکارەکانی پشت هەڵبژاردنی قسەکەری کوردی زەردەشتیی  بۆ کۆنگرەکەی ئەمساڵ بە خاتوو ئاوات ڕاگەیەنراوە. کەچی کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا بانگهێشتنامەکەی خاتوو فائیزە فوئاد بڵاو کرایەوە، خاتوو ئاوات دەستی کرد بە هەڵمەتێکی نامەناردن بۆ بەڕێوەبەرانی کۆنگرەکە و ژمارەیەک لە کەسایەتییە زەردەشتییە ئەمەریکییەکان، لەم نامانەدا ناڕەزایەتیی خۆی لە هەڵبژاردنی خاتوو فائیزەدا دەربڕیبوو و لەسەر ئەوە پێداگری دەکرد کە ئەو تاکە نوێنەری کوردە زەردەشتییەکانە. هاوسەرۆکەکانی بۆردی کۆنگرەکە لە نامەیەکدا، کە لە ٤ی ئاداری ٢٠٢٢دا نووسراوە، وەڵامی نامەکانی خاتوو ئاواتیان دایەوە. نامەکە ئاماژەی بەوە دەدا کە لە یانزەیەمین کۆنگرەدا، کە لە ئوستورالیا بەسترا، خاتوو ئاوات هەڵبژێررابوو، بەڵام ئەم جارە نۆرە بە کەسێکی تر دراوە ببێتە قسەکەر، هەروەها لە ئایندەشدا نۆرە بە کەسانی تر دەدرێت. نامەکە جەختی لەوەش کردبووەوە کە هەڵبژاردنی قسەکەرانی کۆنگرەکە تەنها لەسەر ئەو بنەمایە نییە کە ئایا قسەکەری هەڵبژێردراو نوێنەری ڕەسمییە یان نا. هەر بەم پێیەش، لە کۆنگرەکەی ئەمساڵدا لە هیچ کاتێکدا و بە هیچ شێوەیەک خاتوو فائیزە فوئاد وەک نوێنەری ڕەسمیی کوردە زەردەشتییەکان نەناسێنراوە و ناوزەد نەکراوە. بەڵکو وەک کەسێکی چالاکی ناو کوردە زەردەشتییەکان ناسێنراوە، هەر بۆیە خاتوو فائیزە دەنگێکی شیاو بوو کە گۆشەنیگا و ئەزموونی ئەو دەیتوانی پەیوەندیی نێوان زەردەشتییەکانی جیهان و کۆمەڵەی کوردە زەردەشتییەکان دەوڵەمەندتر بکات. خاتوو ئاوات لەسەر ئەرکی خۆی و  بە پێدانی تێجووی بەشداریکردنی وەک هەر یەک لە١٢٠٠ ئامادەبووەکەی تردا لە کۆنگرەکەدا ئامادە بوو. ئەو وەک ئامادەبوویەک پێشوازیی لێ کرابوو، نەک وەک میوانێکی ڕەسمی تا لە هیچ چالاکییەک و کۆی بۆنەکەدا قسە بکات و بەشداری بکات. لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەکەدا، کاروانی نزیکەی ٤٠ مۆبد و مۆبدیار (پلەی ئاینی)، کە لە وڵاتی جیاجیای جیهانەوە بانگهێشت کرابوون و پێشتر هەڵبژێررابوون، بە ڕیز بەرەو سەر سەکۆکە ڕۆیشتن تا نزا بخوێنن و چاکە بکەن. ئاوات دەریا بانگهێشت نەکرابوو بەشداری بکات، چونکە ئەو نە مۆبد بوو، نە مۆبدیاریش بوو. کەچی خاتوو ئاوات بێ هیچ بانگهێشت و ڕێپێدانێکی ڕێکخەران چاوقایمانە خۆی کرد بە ناو کاروانەکەدا و لەگەڵ مۆبدەکاندا چووە سەر سەکۆکە. ئەمە سووکایەتی بوو و بێڕێزییەکی گەورەش بوو بە مۆبدە ڕاهێنراوەکانی جیهان. ئاوات لە کاتی خوێندنی نزاکەدا شەرمەزارانە بێدەنگ ڕاوەستابوو، چونکە بە نزاکان ئاشنا نەبوو و نەیدەتوانی بیانخوێنێت. تۆڕی میدیایی ڕووداو بانگەشەکانی ئاواتیان بەم شێوەیە بڵاو کردبووەوە: «ئاوات پێشتر پلەی ئەسرەوانی هەبووە، بەڵام لەم کۆنگرەیەدا دوو پلە بەرزکراوەتەوە و پلەی مۆبێدی پێدراوە. بەگوتەی ئاوات دەریا، ئەمە یەکەمینجارە کوردێک ئەو پلەیە وەربگرێت.» ئەم وتەیەی خاتوو ئاوات درۆیەکی شاخدارە. هیچ شتێکی وا هەرگیز پێشتر ڕووی نەداوە و هەرگیزیش ڕوو نادات، چونکە کۆنگرەکە دەسەڵاتی پێدانی پلەی مۆبد و هیچ پلە و ناونیشانێکی تری ئاینیی نییە. دوای ڕێوڕەسمی نزا و کردنەوەی بۆنەکە، ڕێوڕەسمی نوانڕۆی گەلان بە ڕێوە چوو. یەک کەسی ئامادەبووی هەر وڵاتێک، کە پێشتر دەستنیشان کرابوو کێیە، لە لایەن ڕێکخەرانی کۆنگرەکەوە ئاڵایەکی وڵاتی خۆی پێ درابوو و بانگهێشت کرابوو کە لە کاروانێکدا لە لای ڕاستی سەکۆکەوە ئاڵای نەتەوەکەی هەڵبگرێت و بچێتە سەر سەکۆکە. خاتوو فائیزە فوئادیش وەک میوانی تایبەتی ئەمساڵ هەڵبژێررابوو کە هەردوو ئاڵای عێڕاق و کوردستانیش هەڵبگرێت. کە ڕیزیان گرتبوو بۆ ئەوەی بچنە سەر سەکۆکە، ناوی هەر یەکێک لە کەسە هەڵبژێرراوەکان و وڵاتەکەشیان دەخوێنرایەوە و بانگ دەکران تا سەربکەونە سەر سەکۆکە. دوای ئەوەی هەموو ئاڵاهەڵگران هاتنە سەر سەکۆکە، خاتوو ئاوات دەریا لە لای چەپی سەکۆکەوە ئاڵایەکی هەڵگرتبوو، کە خۆی لەگەڵ خۆیدا هێنابووی، چووە سەر سەکۆکە و خۆی خستە پشت بێژەرەکەوە بۆ ئەوەی هەلی وێنەگیرانی هەبێت. وێنەگرەکەی خۆی بە دوایدا هات و وێنەی ئەوی گرت. هەرگیز ناوی ئاوات نەخوێنراوەتەوە و بانگهێشتیش نەکراوە کە بێتە سەر سەکۆ. بەڵام بۆ ئەوەی بۆنەکە تێکنەدرێت، ڕێکخەرەکان ڕێیان دا لەوێدا بمێنێتەوە. ئەم کارەی ئاوات بێڕێزیەکی زۆر بوو، کۆنگرەکەش بەم کار و هەڵسوکەوتانەی خاتوو ئاوات دەریا گەلێک خەمگین بوو. ئەم جۆرە کارانە بێڕێزیی تەواو بەرانبەر بە کۆنگرەکە و ئەو کەسایەتییانە پیشان دەدات کە کۆنگرە بۆ بەشداریکردن لە بۆنەی ئەمساڵدا هەڵیبژاردوون. ئەم جۆرە کارانە ڕەوایەتی بە خراپ بەکارهێنانی کۆنگرەکە دەدات بەوەی کە هەلی گرتنی وێنەی چەواشەکارانە دەڕەخسێنێت. دوای ئەم دیمەنە شەرمەزارکەرە، چەند بەڕێوەبەرێکی کۆنگرەکە لە هەمان بەیانیدا چوونە نزیک خاتوو ئاوات و ڕووبەڕووی ڕەفتارەکانی بوونەوە. پێی وترا کە ئەو بۆ چوونە سەر سەکۆ و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی هەڵگرتنی ئاڵادا بانگهێشت نەکراوە، ئەوەش کارێکی نەشیاو بوو کە وەک مۆبدێکی ڕاهێنراو خۆی خستە ناو مۆبدەکانەوە. داوای لێ کرا کە خۆی بە دوور بگرێت لە هەر جۆرە تێکدانێکی تری کۆنگرەکە. کەچی سەرەڕای ئەم سەرکۆنەیەش، ڕێکخراوی یەسنا لە کۆتایی هەمان ڕۆژدا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی پۆست و ئەو وێنە فریودەرانەی بە کار هێنا کە خاتوو ئاوات بە دەستی هێنابوون. ئەم پۆستانە بانگەشەی درۆیان بڵاو کردەوە و وایان پیشان دا کە گوایە خاتوو ئاوات بانگهێشت کراوە لە بۆنەکەدا بەشداری بکات. کۆنگرە سوپاسی خاتوو فائیزە فوئادی قسەکەری بانگهێشتکراو دەکات بۆ ئەو پێشکەشکارییە نایابە یەک سەعاتییەی لەسەر سەکۆکە پێشکەشی کرد، کە تیایدا وەڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانیشی دایەوە. باسی بووژاندنەوەی ئاینی زەردەشتیی کرد لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا. باسی ئەو کارانەی کرد کە ڕێکخراوی جۆراوجۆری زەردەشتی ئەنجامیان داون و ئەو سەدان کەسانەی گوێیان لە وتەکانی ئەو گرت ئێستا لە بارەی گەشە و بڵاوکردنەوەی ئاینەکەوە لەو دەڤەرەی جیهاندا زیاتر دەزانن. چیرۆکی ژیانی فائیزە کاریگەریی زۆری لەسەر ئەو ژمارە بەرچاوەی ئامادەبووان دانا و بوو بە یەکێک لەو قسەکەرە کەمانەی کە چەپڵەڕێزان و لەبەرهەڵستانی ئامادەبووانی بە دەست هێنا. لە کۆتاییدا، پێمان وایە کە بەرپرسیارین لە خستنەڕووی ڕاستییەکان، وەک ئەوەی کە ڕوویان داوە، هەروەها دەبێت بڵاوکردنەوەی زانیاریی ئەنقەستی ناڕاستی جیهانی و لێدووانی خۆپەرستانە بوەستێنین. پێمان وایە کە ڕەفتارەکانی خاتوو ئاوات لە کۆنگرەکەدا بوونەتە هۆی نانەوەی مشتومڕی ناپێویست، بەداخیشەوە کە بە هۆی وتە و کارەکانی خاتوو ئاواتەوە ناوبانگی کوردە زەردەشتییەکان تووشی نزمبوونەوە بووە. ئەوەش ئێجگار مایەی دڵتەنگیمانە کە دەبینین خاتوو ئاوات دەریا، پشتیوانێکی پێشەنگی زەردەشتی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، ڕووقایمانە درۆی کرد و تەواو پێچەوانەی بنەمای ئەشا – ڕاستیی زەردەشتی ڕەفتاری نوواند. داواش لە خاتوو ئاوات دەریا و ڕێکخراوی یەسنا دەکەین کە ئەو بانگەشە ناڕاستانەیان لاببەن کە زەردەشتییەکانی کوردستانی بە لاڕێدا بردووە. لەگەڵ ڕێزدا. ئەستاد ج کلەبوالا هاوسەرۆکی بۆردی دوانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان و ئارزان سام وادیا هاوسەرۆکی بۆردی دوانزەیەمین کۆنگرەی زەردەشتییەکانی جیهان و سەرۆکی ڕێکخراوی AFEZAN


د.خالید هاشم: ڕاپۆرتی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوە پلاندانان لە عەرەبییەوە: درەو میدیا سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا "جۆ بایدن" بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی (13 – 16 ی تەموزی 2022)، دەکرێت خاڵی وەرچەرخان سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بێت بەرامبەر ناوچەکە. جارێکی تر ناوچەکە ببێتەوە جێی بایەخی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،  بەتایبەت دەربارەی کۆمەڵێک کەیسی گرنگی پشتگوێخراو کە بوماوەیەکی درێژە ئەمریکییەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان پێی نەدەدا بەدیاریکراویش لە سەردەمی "باراک ئۆباما" و ساڵی (2008)ەوە بەدواوە. لەلایەکی ترەوە ئامادەگی عێراق بەنوێنەرایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ئاماژەیە بە وەرچەرخانی گرنگ لەپەیوەندی عێراق و ئەمریکا لەلایەک و وڵاتانی عەرەبیش لەلایەکی ترەوە، چونکە عێراق ماوەیەکی دورودرێژە بەشداری لە لووتکەیەکی وەهادا نەکردووە، ماوەیەکی زۆرە عێراق لەپەراوێزدایەو نەیتوانیوە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت کە لەگەڵ توانا ئابووریی و سیاسیە مەزنەکەی هەیەتی بگونجێت. ئەمە جگە لەوەی "جۆ بایدن" لە دوایین بانگەشەی هەڵبژاردنەوە خۆی لە قسەکردن لەسەر پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور گرتووە، جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت، وەک دۆسیەی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆکی پێشوو لە ساڵی (2018) لێی کشایەوە و ئەم هەڵوێستەی بایدن تا ئەم دواییانە بەردەوام بوو . هه‌روه‌ها لە هەمان ئه‌م چوارچێوه‌یه‌دا، عێراق چیتر له‌ ئه‌جێندای ئه‌مریكادا ئامادەییەکی ئەوتۆی نەمابوو، ئەگەر پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا بکەین، کە هەر چوار ساڵ جارێک بۆ دیاریکردنی ئەولەویەت و ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهانی دەردەچێت، بۆمان دەردەکەوێت کە عێراق لەو بەڵگەنامەیەدا ئامادە نییە. لە بەڵگەنامەکانی ئاسایشی نیشتمانی 2010 و 2014 و پاشان 2018 و 2022، خوێنەری ئەو بەڵگەنامەیە بوونی عێراق بە پەراوێز دەبینێت لە پرسە تایبەتەکانی پەیوەست بە تیرۆر، یان ئەوەی عێراق سەرچاوەی مەترسی نییە، هەر بۆیەش عێراق ماوەیەکی زۆرە لە ئەولەویەتەکانی ئەمریکادا ئامادەنەبووە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو خواست و مەیلە ئەمریکییە بوو کە گرنگی بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی نەدات، ئەم قەناعەتەش لە نێو ژمارەیەک بازنەی بڕیاردانی ئەمریکی ڕەنگیدابوویەوە، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا کەمتر گرنگ هەیە، و چیتر ئەو گرنگییە ڕێژەییەی نییە کە پێشتر بۆ سیاسەتی ئەمریکا هەیبوو، تێڕوانینەشیان کۆمەڵێک هۆکاری لە پشتەوەبوو ئەوانیش؛ 1.    كەمبوونەوەی پێویستی ئەمریكا بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەم بەهۆی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەی هاوردەكردنی نەوتەوە، هەمیش بەهۆی پشتبەستنی زۆری بە سەرچاوەكانی دەرەوەی ناوچەی كەنداوی عەرەبی. وەک کەنەدا و مەکسیک و نەیجیریا، هەروەها دۆزینەوە زەبەلاحەکانی ئەو وزەیەی کە پێی دەوترێت  نەوتی بەردین (زەیتی سەخەری) لە ئەمریکا، و دەستپێکردنی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی بە ستانداردی ئابووری، (ئەمریکا ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا بە تێکڕای 18 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا)، ئەمەش وایکرد ئەمریکا بگاتە حاڵەتێکی خۆبژێوی وزە، بەپێی خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەدرێت کە ئەمریکا دەبێتە هەناردەکاری نەوت لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٥ تا ٢٠٣٠، پاشان پێویست بە هاوردەکردنی نەوت لە دەرەوە ناکات، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. 2.    پاشەکشەکردن لە بایەخە زۆرەکانی ئەمریکا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەتەوە بە ئاراستەکانی ڕای گشتی ئەمریکاوە کە چیتر وەک جاران پەرۆشیان نییە سەبارەت بە دەستێوەردانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا یان چالاکیەکی زۆر تێیدا، بەهۆی ئەو تێچووە ئابووری و مرۆییەی کە ئەمریکا لە لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی بۆ سەر عێراق دای،  ئەمەش بە ڕوونی لە ڕۆڵ و کاریگەریی سنوورداری ئەمریکا لە سەردەمی دوای بەهاری عەرەبیدا دیار بوو سەرباری ئەوەی بەشێکی بەرفراوانی ڕای گشتی لە وڵاتانی عەرەبی و هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکان هەر ڕۆڵێکیان بۆ ئەمریکا ڕەتکردەوە و بە بێمتمانە و گوماناوی لە نیەتەکانی وەسفیان دەکرد. واتە: تێگەیشتنێکی ئەمریکی هەیە بۆ ئەو ڕۆڵە سنووردارەی کە دەتوانێت لە ناوچەکەدا بیگێڕێت، سەرباری و پێشوازی لێنەکردنی. پاشان هەندێک بازنەی حکومەتی ئەمریکا، لە نمونەی ئەوانەش وەزارەتی دەرەوە، گەیشتوونەتە قەناعەتێکی لەو جۆرەی کە پێویست ناکات ڕۆڵی زیاتر لەوە بگێڕن کە هەیە. 3.    کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان. بێگومان ئاستی بەرزی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا و ئەو فشارانەی کە ئیدارە جیاوازەکانی پێشوو ڕووبەڕوویان بووەتەوە، وایکردووە کە بەشداریکردن لە شەڕە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان بەردەوامبوون لە دۆخی لەتبوونی ئەمریکادا قورس بێت. جگە لەوەش، زیادبوونی ڕێژەی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئامانجە ستراتیژییەکانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لە جیاتی ئەو ئامانجە تەقلیدیانەی پەیوەستن بە پاراستنی ڕۆیشتنی نەوت، ئاسایشی ئیسرائیل، پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی ڕووسیای میراتگری یەکێتی سۆڤیەت، زیاتر گرنگی بە چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەقامگیری لەم ناوچەیەدا بووە، بە پشتیوانیکردن وڵاتانی دۆست لە بەرامبەر سەرهەڵدانی بزووتنەوە تیرۆریستییە توندڕەوەکان بەبێ ئەوەی هێزی بەرن و تێوەبگلێن. سەرەتا بە بەردەوامی پابەندبوون بە بژاردەی بەشدارینەکردن لە ڕووی سەربازییەوە لە ناوچەکەدا، دواتریش گرنگیدان بە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو، نەگرتنەبەری ستراتیژییەکی گشتگیر، پاشان گرنگیدان بەو وڵاتانەی لە ناوچەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرس و قەیرانەکانی ناوچەکە ڕاستەوخۆ، ئه‌مه‌ش بووە هۆی گۆڕانی ژینگه‌ی ستراتیجی ناوچه‌كه‌، بۆ نموونه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا، له‌ حاڵه‌تی دوژمنایه‌تییه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تی هاوكاری، و دواتریش گواستنه‌وه‌ بۆ ئاستێكی جیاواز كه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ئاساییه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ. 4.    کەمبوونەوەی توندی هەڕەشە تیرۆریستییەکان کە لەم دواییانەدا لە ناوچەکەوە سەرچاوە دەگرن، و سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی تیرۆر کە لە ناوخۆی ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت، پەیوەستە بە مەیلی ڕەگەزپەرستیەوە، ئەمانە پاڵنەربوونە لە کشانەوەکە. جگە لەوەش ئیسرائیل چیتر پێویستی بە ئامادەبوونی راستەوخۆی ئەمریکا نییە لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی، چونکە هەست بە دۆخێکی ئاسایشی بێ وێنە دەکات کە لە پێشهاتەکانی ناوچەکە لە ساڵانی ڕابردوودا سەرچاوەی گرتووە. 5.    ناتوانرێت ئەو تێڕوانینەی بۆ ئاسیا هەیە جیا بکرێتەوە بەتایبەت مەترسی ئەمریکا لە پەرەسەندنی کاریگەریی چین لەو کیشوەرە، کە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەسەر کیشوەرەکە، یان دوورخستنەوەی لە هاوکێشە سیاسییەکان و جێهێشتنی سەرکردایەتییەکەی بۆ چین، ئەمەش بۆ ئەمریکا جێی مەترسییەو پێویستی بە دووبارە دابەشکردنەوەی پلەی بەرژەوەندی و توانا ستراتیژییەکانی ئەمریکا هەیە، بەشیوەی دووربوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک بوون ئاسیا. لێرەوە، بایەخپێدانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاشەکشەکی ڕونی پێوەدیاربوو، لە بەرامبەریشدا، گرنگیپێدانی بۆ كیشوەری ئاسیا زیادی كرد، جا چ بەشداریكردن لە بەرهەمی گەشەكردنی ئابوری بەم كیشوەرە، یان وەستانەوە بەڕووی بەرزبوونەوەی ئاستی كاریگەریە ستراتیژیەکانی چین لەم ناوچەیە، کە هەڕەشە لە بوونی ئەمریکا دەکات لە کیشوەری ئاسیا، بووەتە سەرچاوەی سەرەکی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا. بۆیە ئێمە ڕووبەڕووی ئەو شتە دەبینەوە کە بە ستراتیژی "هاوسەنگکردنەوە بەرەو ئاسیا و بانسفیک" ناسراوە. هەر ئەو هۆکارانەو دەکرێت هۆکاری دیکەش هەبن کە ئەمریکا بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردار بکات. بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئه‌وه‌یه‌، بۆچی ئیدارەی بایدن بڕیاریدا بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانی ناوچەکە بکات؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ دەتوانرێت بڵێین کۆمه‌ڵێک دۆسییه‌ی گەورە هەن کە پاڵ به‌ گەڕانەوەی ئەمریکاوه‌ ده‌نێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگە دیارترینیان ئه‌و دۆسییانه‌ بریتی بن لە: 1.    سەرهەڵدانی وزە لە جیهان: هەروەک پێشتر ئاماژه‌ی بۆکرا کەمبوونەوەی پێویستی ئەمریکا بە نەوتی ناوچەکەو نزیکبوونه‌وه‌ی بە خۆبژێوی پاڵنه‌ربوو بۆ جۆرێک له‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ به‌ڵام له‌ ئێستادا ئەمەریکا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا درکی بەوە کردووە کە هێشتا پێویستی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی دۆخی خستنه‌ڕوو و خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جیهانی و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌کاندا، به‌هۆی ئەو سزایانەی کە بەسەر رووسیادا سەپێندران، کاریگه‌ر‌ی گه‌وره‌یان لەسه‌ر بەرزبوونەوەی خواستی نه‌وت له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا به‌جێهێشت و ده‌ره‌ئه‌نجامه‌که‌شی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی لێکه‌وته‌وه‌ بۆ ئاستێکی پێوانه‌یی، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وانه‌ ڕەنگدانەوەی هەبوو له‌سه‌ر گۆڕانکاری دیدی ئەمریکا، چونکه‌ بووە هۆی شەپۆلێکی بێ وێنەی هەڵاوسان کە بەکارهێنەری ئەمریکی ڕۆژانە پارەی زیاتری بۆ به‌خه‌رج ده‌دات. بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ و  زیاتر له‌وه‌ش چانسی پارتی دیموكرات و "جۆ بایدن"ه‌ بۆ مانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی پارته‌که‌ له‌ كۆنگرێس كه‌ بڕیاره هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌ تشرینی دووه‌می 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌که‌ی بێت. پێشتر لەم جۆرە حاڵەتانەدا ئەمریکا داوای لە دۆستەکانی لە ناوچەکە دەکرد نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە لە پێناو پڕکردنەوەی خواست، دواتریش نرخەکەی کەم بکەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە لە پێشوو، ئیدارەی بایدن بۆی دەرکەوتووە  سەرکردەکانی ناوچەکە (دەرکەوتنی سەرکردەی نوێی وەک شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان) ئەمجارەیان پێویستیان بە جۆرێک لە هاوسەنگی هەیە ، و قەناعەتێک لەنێو ئەم سەرکردە نوێیانەدا هەیە، کە دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بێت، چونکە پێویستی ئەمریکا بە وڵاتانی ناوچەکە کەمتر نییە لە پێویستی وڵاتانی ناوچەکە بە ئەمریکا، بۆیە پێویست بوو بۆ بایدن سەردانی ناوچەکە بکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا بکات، هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە کە شانشینی سعودیە سەرۆکایەتی دەکات، ئەمجارەیان جیاوازە، و پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ناوچەکە. لێرەوە گەڕانەوەی بەرژەوەندی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامێک بوو بۆ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، کە خەریکە خۆیان بەسەر گۆڕەپانەکەدا دەسەپێنن. ئەوەشی سەبارەت بە عێراقە، کە وڵاتێکە خاوەنی توانایەکی گەورەی نەوتە، لە بازاڕەکانی وزەدا لە ئاستی جیهانیدا کێبڕکێ کارێکی گەورەیە، بۆیە دەکرێت عێراق بەشداری بکات لە بەدەستهێنانی سەقامگیری نەوت لەسەر ئاستی جیهان، ئەگەری ئەوە هەیە کە عێراق هاوبەشێکی بەهێز بێت لەم پرسەدا؛ چونکە ئابوورییەکەی وابەستەی نەوتە. مەلەفی نەوتی عێراق لەو بیرۆكە بنەڕەتی و بەپەلەیە كەمتر نییە كە سەردانەكەی بایدن بۆ سعودیە بڕیاری لەسەر درا. بەڵام رەنگە تایبەتمەندی عێراق زۆر جیاواز بێت لە لایەنەكانی دیكەی كۆبوونەوەكە، بەو پێیەی هێشتا ئەمریكا وەك مەرجەكانی رێككەوتننامەی ئاسایشی ئەمریكا و عێراقی ساڵی (2008) لە عێراق دەڕوانێت، کە ڕێککەوتنەکان وێنەی عێراق بەرتەسک دەکەنەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیداو لە قاڵبی دەدەن، جا چ ڕێککەوتنی ئەمنی بێت، چ ئابووری بێت یان ستراتیژی، بەتایبەت ئەو گرێبەستانەی کە حکومەتی عێراق لەگەڵ چین لە بواری وەبەرهێنانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئابووریدا واژۆیان کردووە، خواستی ئەمریکای لەسەر نەبووە. هەر بۆیە بینیمان ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێنەپڕی بە "عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق" لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لێرەدا مەلەفی وزە و وەبەرهێنان و ئابووری ئامادەیە لە بازنەی گرنگیدانی ئەمریکا بە سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە و یەکێک لە ئامانجەکانی کۆبوونەوەکە. لێرەدا دۆسییەی وزە و وەبەرهێنان و ئابوری لە چوارچێوەی پرسە جێبایەخەکانی ئەمریکاو سەردانەکەی بایدن بوو بۆ ناوچەکە و یەکێک لە ئامانجەکانی چاوپێککەوتنەکانی بووە. 2.    پرسی ئێران: پێدەچێت دانوستانەکانی ڤییەننا کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەستی پێکرد، گەیشتبێتە بنبەست و لایەنە جۆربەجۆرەکانیش دەستیان کردووە بە گەڕان بە دوای شوێنێکی بەدیلدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە دۆحەی پایتەختی قەتەر شوێنی بەدیل دەبێت بۆ کۆبوونەوە ناڕاستەوخۆکان، لە نێوان واشنتۆن و تاران، کە جارێکی دیکە هیوای بەبەر ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێوانیان کردەوە. لەم کەش و هەوایەدا، سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی دۆستەکانی ئەمریکا دێت، کە لەوانەیە ئیحتیفازیان هەبێت سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەری، کە ئەنجامەکەی بەکارهێنانی داهاتی نەوتی ئێرانە بۆ زیادکردنی چالاکییەکانی و ئەوانیش بە مەترسی لەسەر سەقامگیری وڵاتانی خۆیان و ناوچەکەی دەزانن. لەنێو ئەو پەیامانەی کە بایدن لەگەڵ خۆیدا هێنابووی ئەوەیە ئەوە هەبوو کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، دۆستەکانی ئەمریکا دڵنیا دەکاتەوە، کۆمەڵێک بەدیل تاوتوێ دەکرێت، وەک مانەوەی گەمارۆکانی سەپێنراوەکانی سەر ئێران، زیادکردنی هاریکاری سەربازی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی ئێران بۆ سەریان، وەک دامەزراندنی سیستەمێکی ئاسمانی. یەکگرتوو لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا؛ بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەڕەشەکانی تر، و دامەزراندنی تۆڕێکی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە. سەبارەت بە عێراقیش، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمجارەیان بە بەهێزی ئامادە بێت لە کۆبوونەوەکانی لوتکەدا کە بە ئامادەبوونی بایدن بەڕێوەدەچێت، بە مومارەسەکردنی ڕۆڵی نێوەندگیری؛ بەمەبەستی هێنانەدی بۆچوونی نزیکتر لەسەر دۆسیە مشتومڕئامێزەکانی نێوان سعودیە، کە نوێنەرایەتی وڵاتانی کەنداو دەکات، لە لایەکەوە، وڵاتی ئێران لە لایەکی ترەوە. ئەمەش بە ڕوونی لە هەردوو سەردانە یەک لە دوای یەکەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە و ئێران دەرکەوت. لەناو هەواڵەکاندا ئەوە هەبوو کە کازمی لە سەردانەکەیدا تاوتوێی ئەجێندای لوتکەی داهاتووی ڕیازی کردووە، واتە عێراق لەگەڵ میحوەرێک یان میحوەرێکی تردا نابێت، هەروەها خاڵێکی بەهێز و سەرنجڕاکێشە بۆ عێراق کە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە چەندین ساڵە نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵەی نێودەوڵەتییەی هەبێت، ئەمەش عێراق دەپارێزێت لە هەر کاردانەوەیەک، ئەگەر ململانێ یان ناکۆکییەکی ناوچەیی لە داهاتوودا ڕووبدات. 3.    گەڕانەوەی ئەمریکاو سەرلەنوێ بایەخدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بنەمایەک بۆ هاریکاریی ناوچەیی: لە ئەنجامی پاشەکشەی ڕۆڵی ناوچەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بۆشایییەک کە هەردوو وڵاتی چین و ڕووسیا بەدوای پڕکردنەوەیدا دەگەڕێن، بۆیە ئەمریکا هەوڵدەدات هاوپەیمانی وڵاتە دۆستەکانی بکات لە ناوچەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی سەرهەڵداوە و ئەمەش دوای زیادبوونی هەژموونی وڵاتانی ئێران و تورکیا لە ناوچەکەدا لە ساڵانی ڕابردوودا، و گۆڕینی پێکهاتەیی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی؛ بەهۆی ڕێککەوتنی ئاشتی ئیبراهیمی. بۆیە بیرۆکەی سەرلەنوێ بەیەخدانەوەی ئەمریکا بە ناوچەکە _لە نێویشیاندا ئیسرائیل_ دەستی پێکردەوە، ئەم ئاراستەیەش وا سەرهەڵداوە جارێک ئیسرائیل بخرێتە نێو سیستمێکی پارێزگاری ئەمریکاوە لە دەرەوە، جارێکیش ببێتە هۆی زیادکردنی هاوکاری نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە لە پرۆژە دوو قۆڵییەکاندا.  ئیدارەی بایدن کار بۆ تەسککردنەوەی بۆشای و  ناکۆکەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات سەبارەت بە دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوانیان؛ بۆ ئاسانکاری لە گەڕان بەدوای غازدا لە ناوچەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەروەها ئەمریکا پشتگیری لە پلانەکانی هاریکاری نێوان میسر و ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا دەکات؛ بۆ هەناردەکردنی غاز بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا. سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ سعودیه‌ش شاهیدی به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه‌دا ده‌بێت كه‌ شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز بانگهێشتی كردووه‌، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاوكاری كه‌نداو و شای ئوردن و سه‌رۆكی كۆماری عه‌ره‌بی میسر و سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق وەزیر. سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ سعودیه‌ش لە‌ سەر بانگهێشتی شا سه‌لمان بن عەبدولعەزیز ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لوتکە به‌ ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاوكاری كه‌نداو و شای ئوردن و سه‌رۆكی كۆماری عه‌ره‌بی میسر و سه‌رۆك وەزیرانی حكومه‌تی عێراق گەواهی ئەو ڕاستییەن. سەبارەت بە پێگەی عێراق له نێو ئەو هاریكارییه ناوچەییەی كه لەلایەن ئەمریكاوه دادەمەزرێنرێت، ئەمریكا تا ئێستاش له كۆمەڵێك بنكەی سەربازی لە عێراق هەیە و پارێزگاری لێ دەكات، كه توانای كاریگەری راستەوخۆیان له سەر هاوسەنگی هاوكێشە ئەمنیەكان له ناوچەكەدا هەیه، کە شەرعیەت دروست دەکات بۆ بوونی ڕێککەوتنی ئەمنیی ئەمریکا و عێراقی لە هەمان کاتدا خزانی عێراق بۆ نێو ڕێککەوتنێکی گەورەتر لەسەر ئاستی ناوچەکە. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا لەدەرەوەی ئەو پاڵنەردانە نەبوو کە بووە هۆی لێکنزیکبوونەوەو ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی عێراق و میسر و ئوردن لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی چوار لوتکەی هاوبەشەوە کە لە قاهیرەی ٢٠١٩ دەستی پێکرد و بووە هۆی پێکهێنانی ئەنجومەنێکی هاوبەشی ئەو سێ وڵاتە، دووەمیان لە ئەمریکا لە ئەیلوولی 2019، سێیەمیان لە عەمان 2020، چوارەمیان لە بەغدا 2021، وزە و بازرگانی و وەبەرهێنان بووە ناونیشانیانی لێکنزیکبوونەوەکان، کە ناوی "شامی نوێ"ی لێنرا. بۆیە دەتوانرێت بوترێت ڕەنگە ئەو نەزمە نوێیەی جیهانی کە ئەمریکا دەیەوێت سەرکردایەتی بکات. دانانی هێڵ بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز لە عێراقەوە بۆ ناوچەی کەنداوی عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور، و لەوێشەوە بۆ میسر، پاشان بۆ بازاڕە جیهانییەکان لەگەڵ هاوبەشی ئەمریکی بەدواداچوونی بۆرییەکانی نەوت و گاز بێت.  


راپۆرت: درەو باسی حكومەتی ئەلیكترۆنی‌و دیجیتاڵی كرد، بەڵام خۆی بوارد لە باسی (قەیرانی دواكەوتنی موچە، راوەستانی نزیكەی 900 پرۆژە، كۆبونەوەی زبڵ‌و خاشاك، فشار بۆسەر سەرمایەداران، بڵاوبونەوەی كولێرا، تێكدانی ژینگە‌و داگیركردنی زەوی، نەبوونی هەلی كار، قاچاخچێتی سنورەكان، ناشەفافی دۆسیەی نەوت، نادیاری داهاتی ناوخۆ)، ئەم مانگەش موچەی ژمارەیەك لە وەزارەتەكان لە سنوری سلێمانی دواكەوت، دۆخی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی لەسەردەمی دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانی لەم راپۆرتەدا.    قوباد تاڵەبانیش قسەی كرد ! بۆ یادی سێ ساڵەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە، چەند رۆژێكە هەڵمەتێكی میدیایی دەستپێكردووە، حكومەت باسی دەستكەوتەكانی خۆی دەكات. فەرمانگەی میدیاو زانیاریی ئیدارەی ئەم هەڵمەتە میدیاییە دەدات، هەرجارێك وەزیرو بەرپرسێك دەخاتە سەر شاشە‌و باسی دەستكەوتەكانی دەكات.  فەرمانگەی میدیاو زانیاری، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیشی ناچار كرد لەم یادەدا قسە بكات، قوباد تاڵەبانی قسەی كرد، بەڵام بە نابەدڵی، هێندە نابەدڵ بوو تەنانەت ڤیدیۆی قسەكانی لە ئەژمارەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاونەكردەوە.  ئەو جگە لە باسی "حكومەتی دیجیتاڵی"‌و "حكومەتی ئەلیكترۆنی"‌و "روبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان"، قسەیەكی تری نەبوو بۆ وتن لەبارەی خزمەتگوزارییەكانەوە لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیدا.  لەسێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا، دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی، روبەڕووی زۆرترین ناڕەزایەتی بوەتەوە لەبارەی (خراپی خزمەتگوزارییەكان، كێشەی موچە، خۆڵَ‌و خاشاك، راوەستانی پرۆژەكان، هێرشەكانی توركیا‌و ئێران.. هتد)ەوە.  قوباد تاڵەبانی لە حكومەت  قوباد تاڵەبانی كوڕی بچوكی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئەو بۆ جاری دووەم لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتەوە‌و هاوكات سەرۆكی تیمی یەكێتییە لە حكومەت. تاڵەبانی كوڕ لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان براوەی ژمارەی یەك بوو لەسەر ئاستی هەرێم، ئەو كە سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو، بەتەنیا خۆی (182 هەزارو 551) دەنگی هێنا، بەڵام زۆر دڵخۆش نەبوو بەم سەركەوتنە، چونكە هەرزوو بۆی دەركەوت هاوڕێ نزیكەكەی (نێچیرڤان بارزانی) چیتر لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا نامێنێتەوە. قوباد لەسەرەتای پرۆسەی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هێشتا دڵی لای نێچیرڤان بارزانی هاوڕێی بوو، حەزی لێبوو ئەمجارەیان لە سەرۆكایەتی هەرێم ببێت بە جێگری ئەو، بەڵام دواجار قایل بوو بەوەی جارێكی تر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە‌و ئەمجارەیان لەبری نێچیرڤان بارزانی ببێت بە جێگری مەسرور بارزانی.  سەرەتای كاركردنی قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نۆیەمدا بە نیگەرانی دەستی پێكرد، ئەو ناڕازیی بوو لەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتەكانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ دیاری نەكردووە، ئاخر لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانی هاوڕێیدا وەكو سەرۆك وەزیرانی ناوچەی سەوز مامەڵەی دەكرد، بەڵام مەسرور بارزانی ئەم شێوازی دابەشكردنەی دەسەڵاتی رەتدەكردەوە، ئەمەی بە تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی ناودەبرد.  بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێك لە سەركردەكانی حزبەكەی (یەكێتی) تۆمەتباریان دەكرد بەوەی كە "تەنیا جانتا بۆ نێچیرڤان بارزانی هەڵدەگرێت"، قوباد تاڵەبانی لەكابینەی هەشتەمدا سودی لە پەیوەندییە دۆستانەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بینی بۆ جڵەوكردنی دەسەڵات لە زۆرنی سەوز، بەڵام لەسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانیدا دۆخەكە گۆڕا، تا ئەو رادەیەی قوباد تاڵەبانی ناڕەزایەتی خۆی دژی مەسرور بارزانی گەیاندە مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و داوای دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆك وەزیرانی دەكرد، دواتر‌و لەچوارچێوەی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ مەسرور بارزانی ئاشتەوایی كرد پێكهاتن، بەڵام هێشتاش دەسەڵاتەكانی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی هەر وەرنەگرتەوە.  دوو ساڵی یەكەمی تەمەنی كابینەی نۆیەم بۆ قوباد تاڵەبانی باش نەبوو، هەم بەكاركردنی لەگەڵ مەسرور بارزانی خۆشحاڵ نەبوو، هەم سەركردایەتی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی-ش فشاریان بۆ هێنابوو، فشارێك كە لەدواین قۆناغی خۆیدا گەیشتە سزادانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و سەریكێشا بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانیشی لێوەبگیرێتەوە.  بەڵام ماوەی ساڵێكە لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزو دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیی‌و لەكارخستنی سەركردایەتییەوە، قوباد تاڵەبانی هەناسەیەكی هەڵمژیوە‌و ئێستا ئیتر ئەو هەمەكارەی یەكێتی‌و زۆنی دەسەڵاتدارێتی یەكێتییە، بەتایبەتیش كە مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی پرۆژەی لامەركەزیەیی دا، دەسەڵاتی كارگێڕی‌و دارایی بۆ پارێزگاكان شۆڕكردوەتەوە.  پێشتر یەكێتییەكان رەخنەیان لێدەگرت بەوەی چوەتە هەولێرو ناگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام لەدوای 8ی تەموزەوە قوباد تاڵەبانی زیاتر لە سلێمانی دەبینرێت، دەركەوت ئامادەگیی قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، كاریگەریی ئەوتۆی نەبووە لەسەر كەمكردنەوەی كێشەكانی زۆنی سەوز، لەماوەی ساڵی رابردوودا هەڵمەتی دابەشكردن‌و دەستبەسەرداگرتنی زەوی لە سلێمانی‌و تێكدانی ژینگە‌و كێشەی موچەی فەرمانبەران‌و نەمانی نەختینە لە بانكەكاندا زیاتر بووە. لەدوای 8ی تەموزەوە قسەوباسەكان لەبارەی نەگەڕانەوەی تەواوەتی داهاتی زۆنی سەوز بۆ خەزێنەی حكومەت زیاتر بووە، بەجۆرێك ئەم دۆخە وایكرد ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بڕواتە ماڵەوە‌و وەزارەتەكەی بەجێبهێڵێت.  لەماوەی یەكساڵی رابردوودا، قوباد تاڵەبانی هەوڵیداوە هەندێك گۆڕانكاریی ئیداری لە سنوری سلێمانیدا بكات، بەڵام گۆڕانكارییەكان بەباشی بەڕێوەنەچوون، كێشەی رۆتین‌و خراپی بەڕێوەبردن هێشتا وەكو خۆیان‌و لە هەندێك باردا زیاتریش بوون.  قوباد تاڵەبانی لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا هێندەی سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی جومگەكانی ناوخۆی یەكێتی بووە، هێندە وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت دەرنەكەوتووە، تەنیا ئەوكاتانەی ویستویەتی بەرگێكی یاسایی بكات بەبەری گۆڕانكارییە حزبییەكاندا، سودی لە پۆستە حكومییەكەی وەرگرتووە، لیژنەیەكی بۆ گۆڕانكاریی ئیداری لە سنوری سلێمانی دروستكردووە، ئەم لیژنەیە هێشتا نەیتوانیوە دەست بۆ گۆڕانكاریی لە پۆستە گەورەكاندا ببات، بەجۆرێك كاریگەریی لەسەر باشكردنی شێوازی بەڕێوەبردن لە زۆنەكە دروست بكات. گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزاریی قوباد تاڵەبانی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە بۆیاخكردنی شۆستەی شەقامەكانی سلێمانی بوو، ئەویش بەنیوەناچڵی، گەورەترین شانازی ئەمدواییەی ئەو، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بوو، ئەویش لەسەر ئەركی كۆمپانیای (قەیوان). لەدوای 8ی تەموزەوە قوباد تاڵەبانی یەكجار هەوڵی روبەرووبونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی داوە، ئەویش كاتێك بوو لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، ئەمە وایكرد بۆ ماوەی چەند كۆبونەوەیەك قوباد تاڵەبانی خۆی لە دانیشتنەكانی حكومەت بەدووربگرێت.  لە پرسی پەیوەندی لەگەڵ بەغداد، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بوو، بەڵام قسەی كۆتایی لای مەسرور بارزانی بوو، ئێستاش كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندوەتەوە‌و داوا دەكات هەرێم نەوت‌و غاز رادەستی بەغداد بكات، قوباد تاڵەبانی بۆچونی جیاوازی هەیە لە مەسرور بارزانی، بەپێچەوانەی مەسرور بارزانییەوە كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی رەتدەكاتەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێ دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بكرێت بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێم‌و بەغداد بەشێوەیەكی ریشەیی، سەرباری ئەم بۆچونەی، قوباد تاڵەبانی بێدەنگە لەوەی مەسرور بارزانی بەناوی حكومەتەوە بەیاننامە دەردەكات‌و بڕیاری دادگا رەتدەكاتەوە. شكستی تیمی یەكێتی لە حكومەت ! بەپێی ئامارەكان، دۆخی سلێمانی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بووە بەمشێوەیە: •    قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەكان زیادی كردووە، ئەمە بووەتە هۆی كەمبونەوەی داهاتی گشتی ناوچەكە، بڕیاری سەرۆكی حكومەت بۆ لامەركەزیی دارایی كێشەو گرفتەكانی بەڕێوەبردن‌و ناشەفافیەتی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی زیاتر دەرخست.  •    تێكڕای داهاتی مانگانەی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی (بەپێی لێدوانی عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری كوردستان) بڕەكەی (120 ملیار) دینارە، یەكێتی لەم داهاتە دەبێت بڕی (51 ملیار)ی بۆ تەواوكاریی موچەی فەرمانبەران‌و بڕی (43 ملیار) دیناریش بۆ خەرجی بەكاربردن دابین بكات، واتە لە تێكڕای بڕی (120 ملیار) دینار، یەكێتی بڕی (94 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت‌و بەمەشەوە هێشتا كێشەی نەبوونی نەختینە لە بانكەكانی سنورەكەدا هەیە‌و مانگانە كێشە بۆ موچەخۆران دروست دەكات.   •    لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیدا  873 پرۆژە كاركردن تێیاندا راوەستاوە، ئێستا گەورەترین پرۆژەی سنورەكە، پرۆژەی شەقامی (100 مەتری)یە، كە ئەویش ئێستا كاركردن تێیدا بەتەواوەتی خاوبووەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە شەقامی (150 مەتریی) لە هەولێر لە قۆناغی تەواوبوندایە‌و كاركردن تێیدا بەردەوامە.   •    بۆ بۆری ئاوی چەمچەماڵ– گۆپتەپە مانگی نیسانی ئەمساڵ سەرۆكی حكومەت بڕی (70 ملیۆن‌و 45 هەزار) دۆلاری تەرخانكرد، ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەكراوە، تیمی یەكێتی لە حكومەت بێدەنگە.   •    حوزەیرانی ئەمساڵ حكومەت بڕی (60 ملیار) دینار تەرخانكرد بۆ تەواوكردنی رێگای كەلار- دەربەندیخان، ئەم پرۆژەیە كە پرۆژەی كابینەی پێشووە، هێشتا كابینەی نۆیەم تەواوی نەكردووە، تیمی یەكێتی بێدەنگە.  •    رێگای دوو سایدی دوكان- رانیە، پرۆژەی كابینەی پێشووە‌و لە سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا تەواو نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە رێگای هەولێر- دهۆك‌و رێگای زاخۆ- دهۆك لەم كابینەیەدا تەواو كران.  •    ئاوی دەربەندیخان (10 ملیار) دیناری بۆ تەرخانكراوە‌و جێبەجێ نەكراوە.   •    كۆمپانیاكانی پاككردنەی خۆڵَ‌و خاشاك لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی لەماوەی سێ ساڵی تەمەنی ئەم كابینەیەدا زیاتر لە سێجار مانگرتنیان راگەیاندووە بەهۆی ئەوەی حكومەت پارەیان بۆ خەرج ناكات، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمپانیاكان لە هەولێر ئەم كێشەیان نییە.  •    بەپێی وتەی بەرپرسانی كۆمپانیاكانی دەرمان لە سنوری سلێمانی، ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرج نەكراوە، ئەمە قەیرانی دەرمانی لە نەخۆشخانە گشتییەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا دروستكردووە‌و تەنیا پشت بەو بڕە دەرمانە دەبەسترێت كە لە عێراقەوە دەنێردرێت، بڵاوبونەوەی نەخۆشی (كۆلێرا) دواین پەرەسەندنی تەندروستییە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا.  •    پارەی موچەی خانەنشینانی سلێمانی‌و بەشێك لە وەزارەتەكان بەردەوام دوادەكەوێت، خانەنشین لەسەرەی موچەدا دەمرێت، سەرۆكی حكومەت لەبارەی ئەم كێشەیەوە یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی داهات وەكو پێویست ناگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت،  تیمی یەكێتی لەمبارەیەوە وەڵامێكی قایلكەریان بۆ رایگشتی نەبووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەم كێشەیە لە سنوری پارتیدا بەدی ناكرێت. •    لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی (سلێمانی- هەڵەبجە- ئیدارەكانی گەرمیان‌و راپەڕین) دەرماڵەی سێ مانگی خوێندكاران (مانگەكانی 4-5-6) نەدراوە، ئەمە لەكاتێدایە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی دەرماڵەی مانگی (4-5) دراوە. •    كابینەی نۆیەم لەماوەی سێ ساڵی تەمەنی خۆیدا مۆڵەتی بە (201) پرۆژەی وەبەرهێنان داوە، لەم رێژەیە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی (69) مۆڵەت وەرگرتووە‌و ئەویش جێبەجێ نەكراوە.  •    لەسەر ئاستی گشتیش، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە سەربە یەكێتییە زیاد لە جارێك باسی لەوەكردووە ئاگاداری داهاتی نەوت نین، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەمبارەیەوە هیچ قسەیەكی نەكردووە.  •    پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان زۆرینەی جومگەكانی لەدەستی پارتیدایە‌و یەكێتی ناڕازییە لەوەی هێشتا هەندێك لە پۆستەكانی وەرنەگرتووە، ئەم بابەتە هێشتا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە. •    زیادبوونی فشارەكان بۆسەر سەرمایەدارو بازرگانەكان لە سلێمانی‌و كۆچكردنیان بۆ هەولێرو دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەهۆی ململانێی ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە.   •    بەڵێنی سەرەكی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی قوباد تاڵەبانی رەخساندنی هەلی كاربوو، لەماوەی سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا بەهۆی نەبوونی هەلی كارەوە، ناوچەی دەسەڵاتدارێتی یەكێتی روبەڕووی چەند شەپۆلێكی كۆچ بەرەو هەندەران بووەوە‌و ژمارەیەكی زۆر قوربانیدا لە ئاوی ئیجەدا. 


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   دونیای ئێمە دونیایەکە پڕە لە ”ھەقیقەت“، ”ھەقیقەت“ی سیاسیی و دینیی و ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەمنیی. ئەوەی بەشی ھەرەزۆری ئەم ”ھەقیقەت“انە بەیەکتریەوە گرێئەدات خوێناویبوونیی ھەریەکێکیانە. زۆرینەی ئەو ھەقیقەتانە ”ھەقیقەت“ی خوێناویین. لە بواری دین و دینداریدا، لە بواری سیاسەت و دەسەڵاتدارێتیدا، لە بواری کولتور و فەرھەنگدا، لە بواری ئەخلاق و دەشێ و ناشێی کۆمەڵایەتیدا، لەبواری ئایدیۆلۆژیدا، ئەم تۆڕە لە ھەقیقەتی خوێناوی ئامادەیە و کاردەکات. مەبەست لە ”ھەقیقەت“ی خوێنیاوی ئەو ”ھەقیقەت“ ەیە کە بە زمانی خوێن قسەدەکات، کە تەنھا پەلاماری بۆچون و ڕا و دیدی بەرامبەرەکەی نادات، تەنھا ڕەخنە لەم یان لەو ئاستی بەکارھێنانی زمان و تەعبیرکردن ناگرێت، بەڵکو پەلاماری مرۆڤبوونی ئەو کەسە ئەدات و ئەو مرۆڤبوونەوە وەک مرۆڤبوونێکی ھەڵە و ناپاک و ھەڕەشەکەر مامەڵەدەکات، لانیکەم لە ئاستی زمان و تەعبیرکردندا حوکمی لەناوبردنی ئەدات. ئەم لە ئینسانخستنەی ئینسان، ئەم بێبەھا و بێنرخ و بێکەرامەتکردنە، ناوەرۆکێکی خوێناوی بەو ”ھەقیقەت“انە دەبەخشن.  ”ھەقیقەت“ی خوێناوی ”ھەقیقەت“ێکە بە زمانی خوێنڕشتن قسەدەکات.  کاتێک کەسێکی ئاسایی، یاخود ئەندامی ئەم یان ئەو پارتی سیاسیی، زۆر  بە ئاسانی بە کەسێکی تر ئەڵێت ”مولحید“، یان ”دوژمنی ئیسلام“، یان ”کافر و بێدین“، ئەو کەسە بەناوی ”ھەقیقەت“ێکی دینییەوە قسە دەکات، کە ”ھەقیقەت“ێکی خوێناوییە. چونکە لە پشتی ناونانەکەوە، نەک تەنھا بڕێکی گەورە لە توندوتیژیی ڕەمزیی ئامادەیە، بەڵکو ئەو جۆرە زمانە خۆی، بەشێکی سەرەکییە لە پرۆژەی لە ئینسانخستنی ئینسان بەناوی دینەوە. بۆ نموونە، بە مولحید ناونوسکردنی ئەوانەی لە ماوەی پێشودا بەرگرییان لە ئاژەڵان دەکرد و پێیانوابوو بە قوربانیکردنی  ئەو ئاژەڵەنە، کوشتنێکی بێڕەحمانە و نائینسانیانەی ئەو ئاژەڵانەیە. ئەم بە مولحید ناونوسکردنە ھەنگاوی یەکەمی ئیشکردنی ئەو ”ھەقیقەت“ە دینییە خوێناویەیە، کە ئەگەری ئەوەی بە کوشتن و لەناوبردن کۆتاییبێت، ئەگەرێکی گەورە و پێشتریش تاقیکراوەیە.  یان کاتێک ئەندامێک، یان ھەواداری ھێزێکی سیاسیی، بەکەسێک یان ھێزێکی تری وەک خۆی دەڵێت خائین، نیشتیمانفرۆش، نۆکەری بێگانە، جاش، بەبێئەوەی ئەو کەس و ھێزە شتێکی کردبێت خۆی نەیکردبێت، ھەمان لۆژیکی ئیشکردنی ”ھەقیقەت“ کاردەکات. لێرەدا ”ھەقیقەتێکی سیاسیی“ ئامادەیە کە بە زمانی خوێن دەدوێت. لێرەشدا ھەقیقەتێکی خوێناویی لە ئارادایە، کە ناوەرۆکی زمانە سیاسییەکە و فۆرمەکانی ئیشکردنی ھەڵگری ھەمان ستراتیژیەتی بەناپاک و خائینکردنی مرۆڤەکانی ھەڵگرتوە. لێرەشدا بڕێکی گەورە لە توندوتیژیی ڕەمزیی ئامادەیە، کە مەسەلەی گۆڕانی بۆ توندوتیژیی فیزیایی، تەنھا مەسەلەی کات و ڕەخسانی ھەلومەرجی گونجاوە. یان کاتێک درۆنەکانی ئەردۆگان لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە لە خاکی تورکیا، لە شوێنێکی وەک کەلاردا،  بەناوی پاراستنی ئاسایشی تورکیاوە ،پەلاماری خەڵک ئەدەن و دەیانکوژن، لێرەشدا ”ھەقیقەت“ێکی ئایدیۆلۆژیی ئامادەیە، کە لەپێناوی پاراستنی وێنەیەک لە وێنەکانی خاکی تورکیا و لە پێناوی پاراستنی پێناسێک لە پێناسەکانی نەتەوەی تورکدا، ئامادەیە ھەزاران مرۆڤی تر لە ھەرکوێیەک بۆیانکرا، بکوژن و لەناوببەن. درۆن ئەو ئامرازیە کە ئەگەری گواستنەوەی ”توندوتیژیی ڕەمزیی“ بۆ توندوتیژیی فیزیایی بە ئاسانیی خولقاندوە. کاتێکیش کەسێک بە کەسێکی تر دەڵێت ”پیاوی خۆرئاوا“، یان ”خۆفرش بە خۆرئاوا“، یان ”قورمیشکراو لە لایەن خۆرئاواوە“، لەسەر کردنی قسەیەک جیاواز لە قسەکانی ئەو، لێرەشدا بە ھەمانشێوە دۆخێک لەئارادایە، کەسێک بەناوی ”ھەقیقەت“ێکی کولتوریی و فەرھەنگیی و دینییەوە قسەدەکات، کە دیسانەوە ئەمیش ھەقیقەتێکی خوێناوییە و ھەڵگری ھەمان ئەو ئاکارانەی سەرەوەیە. لە ھەموو ئەم دۆخانە و زۆر دۆخی دیکەدا، ئێمە لەبەردەم ڕستێک لە ”ھەقیقەت“ی ترسناکداین، کە خوێن ژێرخانە ئەخلاقیی و تەعبیرییەکەی دەستنیشان دەکات و خوێنیش لە شێوازی ئیشکردن و دابەزاندنیەوە بۆ ناو واقیع، دەچۆڕێت. زۆربەی جار توندوتیژیی ھاوڕێ و ھاوزمانی ئەو جۆرەیە لە تێگەیشتن و لە ڕوانین بۆ ”ھەقیقەت“.   بۆ ئەوەی لەم دۆخی توندوتیژیی و سوکایەتپێکردن و ئیھانەکردنە بەردەوامانە ڕزگارمانبێت، ھەنگاوی یەکەممان بە ھەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لەو تێگەیشتنە ترسناکانە بۆ ”ھەقیقەت“ و لە جۆرە تایبەت و شەڕانگێزەی وێناکردنی ”ھەقیقەت“ دەستپێدەکات، ئەو ”ھەقیقەت“ە زۆرانەی کە لە دونیای ئێمەدا یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دروستکردنی ئەو جۆرە زمانە شەڕانگێز و پڕ توندوتیژییە کە لەمڕۆدا ئامادەیە. بێگومان مەسەلەکە مەسەلەی خواستی دەمکوتکردن و بێدەنگکردنی ئەو دەنگانە نییە، تەنانەت خواستی داخستنی ئەو بازاڕە ناھەموارەی بازرگانیکردن بە ”ھەقیقەت“ەوە نییە. بەڵکو ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی قەناعەتێکی تازە لای ئەو کەسانە، کە ئەوەی ئەوان دەیڵێن و دەیبینن، جگە لە تەفسیر و لێکدانەوەیەک بۆ دیاردەکان، جگە لە ئەگەرێک لە ئەگەرەکانی دروستکردنی ”ھەقیقەت“، شتێکی دیکە نییە، ئەوەی پێویستە ئەوەیە ئەم فۆرمە لە عەقڵانیەت بێتەکایەوە کە وابکات، ھەقیقەتەکان وەک ڕێگایەک لە ڕێگاکانی بیبینین و وێناکردنی ”واقیع“ ببینرێن، نەک وەک تاقانە ڕێگا. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە ھەم جۆرێکە لە دینداریی و ھەم جۆرێکە لە تێگەیشتن لە سیاسەت و ھەم جۆرێکە لە ڕوانین بۆ ئەخلاق و  ھەم تێگەیشتنێکی تایبەتە لە ئایدیۆلۆژیا، کە ھەمویان تەپڵی جەنگ و پێکدادانی خوێناوی لێئەدەن، تەپڵی لە ئینسانخستنی ئەو ئینسانەی لە خۆیان ناچن و وەک ئەوان قسەناکەن و بەشێوەیەکی جیاواز بیردەکەنەوە. ترسناکترین پرۆژەیەک مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیبێتی، پرۆژەی کۆپیکردن و ئیستینساخکردنی مرۆڤەکانی ترە، لەسەر بنەمای مۆدێلێکی دینیی و سیاسیی و ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیی تایبەت. دروستکردنی مرۆڤی کۆپیکراو گەورەترین تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤ و بە مرۆڤبوون ئەنجامبدرێت.  پێموایە کاتی ئەوە ھاتووە ھەموومان ئەو وانە نیتشەییە سادەیە فێرببین کە پێ لەسەر فرەپێناسیی و فرەڕوانین و فرەڕاڤەکردنی واقیع، دادەگرێت. ئەو وانەیە کە تێگەیشتن لە واقیع بۆ یەکێک لە تێگەیشتنەکان کورتناکاتەوە. گومانی تێدانییە ھەموو واقیعێک بوونێکی مادیی دیاریکراوی ھەیە و ھەندێک چوارچێوەی گشتیی تایبەتیشی ھەیە، بەڵام ئەوەی واقیع لای کەسەکان دەکات بە واقیع، ئەوەی بەکەسێک نیشانئەدرێت لە چ واقیعێکدا دەژیی و ئەو واقیعە چ ”ھەقیقەت“ێکی ھەڵگرتوە، تەئویل و لێکدانەوەکانی ئەو واقیعەیە. ئەوەی ”ھەقیقەت“ و ”واقیع“ێک دەکات بە ھەقیقەت و واقعێکی ھەستپێکراو، تەئویلە، ڕاڤەکردنەکانی ئەو واقیعەیە. بۆیە ھەرچی شتێک دەبارەی جیھان بیڵێین، کۆمەڵێک ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی ئەو دونیایە، نەک ھەقیقەتێکی سەخت و گەورەی ئەو جیھانە کە کەس نەتوانێت لێیلابدات. بێگومان ئەمە مانای ڕێژگەرایی نییە بە مانا سەتحیی و ڕۆژانەییەکەی. چونکە ھەمیشە ڕاڤەکردنێک لە ڕاڤەکردنەکان ”ڕاستتر“ و ”باشتر“ و ”ئینسانییتر“ە لەوانیتریان. پێوەری سەرەکیش لەمەدا ئەوەیە ئایا ئەو ڕاڤەکردنەکەی دەتوانێت چی لەناو مرۆڤەکاندا درووستبکات؟ ئایا ھێزی ژیان و چالاکبوونی مرۆڤەکان لەناو جیھاندا دروست و بەھێزدەکات؟  ئایا وامان لێدەکات باوەش بە ژیاندا بکەین، ریسک بکەین، شتە گەورە و مەزنەکانی ناومان بخەینەکار؟  یاخود وامان لێدەکات بگۆڕێين بۆ بوونەوەری تەمبەڵ و بێپرسیار و چاوەڕێکەری نابەرپرسیار؟  ئایا ئەو ڕاڤەکردنانە وامان لێدەکەن چاوەڕوانی گەورەمان لە خۆمان و لە کۆمەڵگاکەمان ھەبێت، یان بە پێچەوانەوە، بەرەو پاشەکشێ و مردن و بوغز و ڕق و حیقدمان دەبات؟ پێوەری جیاکردنەوەی ھەقیقەتەکان لەیەکتری ئەم شتانەن، بە تایبەتی ئەو کاتەی ئەو ھەقیقەتانە دادەبەزنە ناو ژیانی گشتیی و ناو پەیوەندیی مرۆڤەکانەوە لەگەڵیەکدا.  خاڵێکی دیکە کە بە ھەمان ڕادەی ئەو خاڵەی سەرەوە گرنگە و پێویستە بەردەوام لێی بەئاگابین، ئەو گریمانە تیورییە گرنگەیە کە پێیوایە دۆخی ئاسایی و سەرەتایی مرۆڤەکان دۆخی لەیەکتری تێنەگەیشتن و دۆخی حاڵی نەبووە لەیەکتری. یاخود خراپتر: دۆخی بە ھەڵە لەیەکتری تێگەیشتنە. ئەمە وادەکات ئەوەی پێویستبێت دروستکردنی زمانێکە درز و کەلێنە گەورەکانی ئەو لێکتێنەگیشتنانە، بچووک و بچووکتر بکاتەوە، گەر نەشیتوانی بیانسڕێتەوە.  لەیەکدانی ئەم ڕوانینانە بەیەکەوە دەشێت دۆخێک دروستبکەن خاڵیبێت لەبەشێکی زۆری ئەو زمانە ترسناک و توندوتیژییە ڕەمزیانەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەن. ئاخر ئەو زمانە ھێرشبەر و پڕتوندوتیژییەی ئەمڕۆکە سەروەرکراوە، جگە لە جەنگ و پێکدادانی ئایندەیی، جگە لە ڕژانی خوێنی زیاتر و زیاتر، ھیچیتری لێ سەوزنابێت.


وەرگێڕانی: ئەنوەر کەریم    بەهای یۆرۆ  لەدابەزیندایە  لە چەند مانگی ڕابردوودا  وە ئیستا بەهاکەی هاوتا بوە لە گەڵ دۆلاری ئەمریکیدا.  شارەزایانی ئابوری  دوو هۆکاری سەرەکیان دەستنیشان کردوە  بۆ لەدەستدانی بەهای یۆرۆ وە کاریگەری  چیە  لەسەر  یەکێتی ئەوروپا .   هۆکارەکان  1-    بەرزی ڕیژەی  هەڵئاوسان  لە ناوچەی یۆرۆدا    . (    سوشانتا مالیک )   پڕۆفیسۆر لە بواری دارایی جیهاندا  لە زانکۆی ( کویین ماری ) لە لەندەن ووتی  تەنها ( پێنج )   ووڵاتی ناوچەی یۆرۆ   لە ژێر هیڵی تێکڕایدان بۆ هەڵئاوسان . ئەم هەلئاوسانەش بە هۆی بەرزبونەوەی نرخی ووزەیە ، بە هۆی کاریگەری شەڕی  رووسیاو ئۆکرانیاوە.  بە ڵام ئابوری ئەمریکا  کاریگەری ئەو شەڕەی زۆر کەمە لەسەری .بەهۆی بەرزبونەوەی زۆری نرخی ووزە وایکرد کە ئەمریکا دەستببات بۆ یەدەکی  نەوتیان . وە سەر چاوەی تری ووزە بەکار بهێنن .  هەر لەم ماوەیەدا یۆرۆ  زیاتر لە10  % لە بە هاکەی لەدسەتداوە .  2-      هۆکاری بەرزبونەوەی دۆلار  بەرامبەر بەیۆرۆ (  دۆلار وەک بەهەشتیكی سەلامەتی لێهاتوە بۆ وەبەرهێنەر) بە پێچەوانەی ئەوروپا  سودی بانکی لە ئەمریکا بۆ چەند مانگێکە  بەرزدەکرێتەوە  ئەمەش وادەکات کە دۆلاری ئەمەریکی زیاتر سەرنجی وەبەرهێنەر رابکێشێت  ( لوسیۆ سارنۆ ) پڕۆفیسۆر لە دارایی جیهاندا  لە (زانکۆی کامبرج ) ووتی  زیادکردنی  سودی بانکی  وادەکات خواست  لەسەر دۆلار زیاتربێت  وەک  رەمزێکی سەلامەتی  بۆ کاتی شەڕ .  بە کە ناڵی جزیرەی ئینگلیزی ووت .  هەر لەسەرەتای مانگی کانونی  دووهەمی ئەمساڵەوە  بەڕێوبەری بانکی یەدەکی  ئەمریکا  ئەڵێت  ئیمە بەبەردەوامی  سودی بانکی بەرزدەکەینەوە  ئەم بەرکردنەوەیەش بوە هۆی ئەوەی بەهای دۆلار لە هەڵکشاندا بێت ، بانکی ناوەندی  ئەوروپا  لەوە ئەچیت   ئەم مانگە  ڕێژەی سودی بانکی بەرزبکەنەوە تەنها بە  ڕێژەی 0.25%. بەڵام  بانکی  ناوەندی ئەمریکا  تەنها لە مانگی  حوزایراندا  سودی بانکی بەڕیژەی  0.75% بەرزکردۆتەوە  ئەمە ش لە 30 ساڵی رابردوودا لە ئەمریکا ئاوا  ڕێژەی سوودی بانکی بەرزنەکردۆتەوە .  وە ئەمریکا ریژەی سوودی بانکی لە ئیستاو داهاتوودا  زۆر زیاتر لە  لە یەکیتی ئەوروپا بەرزدەکاتەوە .    یەکێتی ئەوروپا بەبەرزکردنەوەی ڕێژەی سودی بانکی زیاتر وادەکات  کە بەهای  یۆرۆ  بەرەو بەرزبونەوە بڕوات .   دابەزینی بەهای زیاتری یۆرۆ وادەکات ڕیژەی  هە لئاوسان  لە ئەوروپادا زیاتر بەرزببیتەوە ، ئەمەش  بەهۆی ئەوەی نیوەی زیاتری هاوردەی ئەوروپا  بەدۆلار ئەکڕێت . بەکاربەران   ئەبێت چاوەڕێی   بەرزی نرخی زیاتر ببن  بەهۆی زیاتر بەرزبونەوەی نرخی ووزە و  کەرەسە سەرەتایەکان  هەتا   دۆخەکە  ئاسایی ئەبێتەوە .  .  یەکێتی ئەوروپا گەشەکردنی ئابوری پێویستە بۆ ئەوەی  کاریگەری   تێچووی ژیان  کەمبیتەوە  وە هێزی کڕیین  لاواز نەبێت  بۆ  تاک و خێزانەکان .  https://www.aljazeera.com/news/2022/7/13/what-prompted-euros-parity-with-us-dollar-and-whats-its-impact


درەو:  شۆڕشنامە  مەسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد دەڵێت سامی عەبدولڕەحمان دەیویست پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی: لەماوەی نێوان (11 تا 16ی ئابی 1976) لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا، كۆنفرانسی پارتی بە بەشداریی حەفتا بۆ هەشتا هەڤاڵ لە ئەندامانی پێشووی پارتی وەك سامی عەبدولڕەحمان، نووری شاوەیس‌و چەندین كادیری پێشكەوتووی پارتی بەسترا. لە كۆنفرانسەكەدا، سامی عەبدولڕەحمان هەریەكە لە: دڵشاد میران، وریا ساعاتی، ئازاد خەفاف، عەبدولڕەحمان پێداوی‌و فازڵ جەلال)ی بۆ ئەندامانی سەركردایەتی زیادكرد... كاك سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ چەند كەسێكی تر هەوڵیاندا سوود لە كۆنفرانسەكە وەربگرن بەمەبەستی قایمتركرددنی شوێنپێی خۆیان‌و دەستەبەركردنی ناوەندێكی بەهێز بۆ خۆیان لەناو حزبدا، بۆ ئەوەی بتوانن لە كۆنفرانسەكەدا سەركردایەتیی پارتی بگرنە دەست. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین هەڤاڵیان بۆ سەركردایەتی زیادكرد كە بە هیچ شێوەیەك نە مافیان بوو، نەشایانی ئەو پلەیەش بوون‌و نە لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەشدا بوون، بەڵام بۆ رێگەگرتن لە هەر جۆرە ناكۆكی‌و دووبەرەكییەك، چاوپۆشیمان لەو كارانە كرد. لە كۆنفرانسەكەدا، سامی عەبدولڕەحمان بەخۆی هەموو شتەكانی نووسی‌و لە لە كۆنفرانسدا رایگەیاند"ئێمە شتێكمان ئامادەكردووەو دەیخوێنینەوە". هەرچەندە هەڤاڵان ناڕەزایەتییەكی زۆریان نیشاندا، كەئەمە كۆنفرانسی لقە، نەك حزب... سامی عەبدولڕەحمان سوور بوو لەسەر هەڵوێستەكەی بۆ تەواوكردنی خوێندنەوەی بابەتەكەی. لە قسەكانیدا ئاماژەی بە بارەگای بارزانی كردو رەخنەی لێ گرت، بەڵام زۆرینەی بەشداربوانی كۆنفرانس بایەخ‌و گرنگییان پێنەداو وەك پێویست گوێی لێ‌ رانەگیراو ژمارەیەكی زۆری هەڤاڵان هەستانەوەو بابەتەكەیان رەتكردەوە‌و ناڕەزایەتییەكی توندیان نیشان دا. ئەو گۆڕانكاری‌و دەستكارییانەی سامی عەبدولڕەحمان لە پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆی پارتیدا كردی، وێنەو روخسارێكی تەواو ماركسی بە پارتی بەخشی. لەلایەك زیانێكی گەورەی لە پارتی دا، لەلایەكی ترەوە بووە هۆی نانەوەی دووبەرەكی‌و ناكۆكی لەناو پارتیدا. ئەوان وا تێگەیشتبوون كە ئەگەر سیمایەكی ماركسی بە پارتی ببەخشن، دەبێتە هۆی پشتگیری‌و یارمەتیدانی جەمسەری رۆژهەڵات‌و وڵاتە سۆشیالیستەكان، ئەمەش تەنیا خەیاڵ بوو هیچ بنەمایەكی نەبوو. دوای گرتنی كۆنفرانس، بە هەڤاڵانی سەركردایەتی كاتیم راگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك ئەم دەستكارییە قبووڵ ناكرێت. دووپاتم كردەوە كە راستە ئێمە دۆستی ماركسییەكانین، بەڵام ئێمە ماركسی نین. ئەوەی بەنیاز بێت روخسارێكی ماركسی بە پارتی ببەخشێت، یان پارتی بكاتە حزبێكی ماركسی، باشتروایە بچێتە ناو حزبێكی ماركسی، چونكە قاعیدەو بنكەی پارتی رێگە بەم كارە نادات. پارتی حزبێكی نەتەوەیی‌و دیموكراتییە، ئەمەیە پێناسەی پارتی. سەرچاوە: مەسعود بارزانی: بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم (1975 - 1990)، شۆڕشی گوڵان، بەشی یەكەم، لاپەڕەكانی (54، 55، 56، 57).    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand